ئارامتر بخوێنەوە

وەهمی ڕەسەنایەتی

ڕامانێک سەبارەت بە بیری کوردایەتیی ڕەخنەگرانە

سارۆ ئەردەڵان


کوردایەتی یا هەمان ناسیۆنالیزمی کورد بەرنامەیەکی سیاسییە بە مەبەستی سازکردنی دەوڵەت نەتەوە لەسەر خاکی کوردستان. ئەو بیرۆکانەی کە دەیانهەوێ ماکێکی ڕەسەن بۆ کولتووری کوردی بدۆزنەوە و بیپارێزن، هەندێکجار لەگەڵ کێشەی نەگونجان لەگەڵ بەها مۆدێڕنەکان بەرەوڕوو دەبنەوە. هەروەها بەکولتووریکردنی کوردایەتی ئەم ئەنجامەی لێ دەکەوێتەوە کە ئامانجی سیاسی بزر دەبێ و وا نیشان دەدرێ چالاکیی کولتووری دەتوانێ جێی شۆڕش بگرێتەوە. بیری کوردایەتیی ڕەخنەگرانە لە هەمان کاتدا گرنگی بە کولتوورێکی نەتەوەیی دەدا، باس لەوەش دەکا کە بۆ مەبەستی سڕینەوەی پەیوەندییەکانی سوڵتە، پێویستە هەموو ستەملێکراوەکان لە کوردستان پێکەوە تێبکۆشن. چونکە وشیاریی نەتەوەیی  بێ وشیاریی کۆمەڵایەتی  ناتوانێ بە ئامانجی کۆتایی کە هەمان ڕزگاری و کوردستانێکی سەربەخۆیە بگات.”



کولتووری نەتەوەیی نە فولکلۆرە و نە پۆپولیزمێکی ڕەها کە وای دادەنێ

دەکرێ سروشتی ڕاستەقینەی خەڵک بدۆزرێتەوە.

فرانتز فانۆن[1]

سازکردنی پەرستشگەیەک ئاسانترە لەوەی

بتهەوێ خوداکەی بڕووخێنی و دەستی بەسەردا بگریت.

ساموێل بێکێت[2]

 

دەستپێک

بیرۆکەی ڕەسەنایەتیی کولتووری لە ماوەی زیاتر لە یەک سەدە کوردایەتی (ناسیۆنالیزمی کورد) هەم بەردەوام بووەتە جێی مشتومڕ و هەم بە شێوەی جۆراوجۆر لە بەستێنی کولتووری کوردیدا بەرهەم هاتووەتەوە. هەر بۆیە لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێ باس لەو کێشانە بکرێ کە لە کاتی دژایەتی کردنی سیستەمی کۆلۆنیالیستیی دوژمن، بەرەوڕووی بیری کوردایەتی دەبێتەوە. واتە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان هاوکات لەگەڵ ئەوەی کولتووری کۆلۆنیالیست ڕەت دەکاتەوە، بەرەو شێوەیەک پێناسەکردنی ڕەسەنبوونی کولتووری کوردی مەیلان دەکا. ئەگەرچی بۆ سازکردنی هەستێکی گرێدراوەیی لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگا و سازکردنی ناسنامە، شێوەیەک لە کولتووری هاوبەش لە هەر کۆمەڵگایەکدا پێویستە،  بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خواست بۆ کولتوورێکی ڕەسەن لە کوردستان، سێ دەرەنجامی نەرێنیی لێ دەکەوێتەوە:

(١) لە ڕێگەی گوشاری دوژمن بۆ سەر ناسنامەی کوردی، هەوڵ دەدرێ بەرەو کەلەپوورێک (میراتی کولتووری) لە کوردستان بگەڕێینەوە کە لەگەڵ بەها مۆدێڕنەکان ناکۆکە.

 (٢) لە ڕوانگەی ڕەسەنایەتیی کولتووری کوردییەوە کە لە نێوان فۆلکلۆریستەکان و هەندێک لە لایەنگرانی بیرۆکەی دژەکۆلۆنیالیستی هاوبەشە، گەڕانەوە بۆ ڕابردوویەکی زێڕین گرنگە.

 (٣) هەر بۆیە کوردایەتییەک کە لەسەر بنەمای ڕوانگەی ڕەسەنایەتی ساز دەبێ، ناتوانێ لە وشیاریی نەتەوەیییەوە بەرەو سازکردنی وشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەنگاو بنێت.

بە ناسینی ئەم کێشانە و ئاوڕدانەوە لە وەهمی ڕەسەنایەتی، دەکرێ باس لەوە بکەین کە کوردایەتی بۆ ئەوەی ئەزموونی شکەستخواردووی ناسیۆنالیزمی نەتەوە کۆلۆنیالیستەکانی کوردستان دووپات نەکاتەوە، پێویستە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە پێناسە بکرێ هەتا بتوانێ لە پاش قۆناغی کۆلۆنیالیزم، ئەو پێکهاتانە بەرهەم نەهێنێتەوە کە تیایدا ئەگەرچی ستەمی نەتەوەیی ڕەنگە سڕدرابێتەوە، بەڵام دیسان ستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە شێوازی نوێدا بەرهەم هاتوونەتەوە. کەواتە کوردایەتی دەبێ ئەو ماکە کولتوورییانە وەلا بنێ کە پاشڤەڕۆیانەن و لە هەمان کاتدا بزوێنەری شۆڕشێک بێ کە تیایدا پێکهاتە کۆنە ناکارامەکان لەپێناو داهاتووی کوردستان هەم هەڵدەوەشێندراونەوە و هەم هەوڵ بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بەها مۆدێڕنەکان دەدرێت.

 
کولتووری ڕەسەن وەک وەهمێک دژ بە مۆدێرنیتە

بە بۆچوونی من کوردایەتی بیرۆکەیەکی مۆدێڕنی دژ بە کۆلۆنیالیزمە. واتە لە زیاتر لە یەک سەدەی ڕابردوودا کورد ویستوویەتی کیانێکی سەربەخۆ لەسەر خاکی کوردستان دابمەزرێنێ. ئەم ویستە هەندێک جار لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی دژەستەمکاریدا جومگەبەندی کراوە و، بە درێژایی ئەم سەدەیە هەوراز و نشیوی بەخۆیەوە بینیوە.[3] بەمگوێرەیە، گرنگە ئیلیتی کورد بتوانێ خوێندەوەیەکی نەتەوەییی بۆ ڕابردووی کوردستان هەبێ و لە ڕێگەیەوە بەرنامەیەک بۆ داهاتوو پێشنیار بکا. بەڵام دەستەبژێرەکان زۆربەی کات لە جیاتی ئەوەی سەرقاڵی نووسینەوەی مێژوویەکی نەتەوەیی بن، یا خۆیان بە تۆمارکردنی ڕووداوەکانەوە سەرقاڵ کردووە یا لە ڕێڕەوەی مەعریفەی کۆلۆنیالیستیدا زانینێکی چەوتیان بەرهەم هێناوە. بە ئاوڕدانەوە لەوەیکە جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان ڕابردوو و مێژوودا هەیە،[4] دەبێ ئاگاداری ئەوە بین کە کوردایەتی وەک ئایدیۆلۆژییەکی ڕزگاریخواز بۆ شۆڕش دەیهەوێ خۆی لە کۆت و بەندی کولتوورێکی پاشڤەڕۆیانەی بەجێماو لە ڕابردوویەکی تەماوییەوە ڕزگار بکا. بە وتەی مارکس:

شۆڕشی کۆمەڵایەتی… ناتوانێ هەڵبەستی خۆی لە ڕابردوودا بهۆنێتەوە، بەڵکوو تەنیا لە هەناوی داهاتوودا دەتوانێ [هەڵبەستی خۆی] ساز بکا. ئەم شۆڕشە هەتا هەموو خورافاتی ڕابردووە نەسڕێتەوە، ناتوانێ بە کاری خۆیەوە سەرقاڵ بێ. بۆ ئەوەی ئەم شۆڕشە… ئاوڕ لە ناوەڕۆکی خۆی بداتەوە پێویستی بەم بیرەوەرییانە نییە و دەبێ بهێڵێ مردووەکان سەرقاڵی کفن و دفنی خۆیان بن.[5]

لە ناو ئیلیتی کوردیدا پێناسەیەکی باو سەبارەت بە ئەرکی مێژوونووسی کورد هەیە کە مێژوونووس وەک شوێنەوارناسێک دەناسێ کە دەیهەوێ بۆ چاخەکانی ڕابردوو بگەڕێتەوە و لە ئەشکەوتەتاریکەکاندا ئاسەواری کوردستان بدۆزێتەوە، تاکوو بە ئیستامان بیانناسێنێت.[6] ئەم کردەوەیە دژ بە داگیرکەر پێناسە دەکرێ، چونکە لەم بیرۆکەیەدا وا دادەندرێ کە دوژمنانی کوردستان مێژووی کوردستانیان سڕیوەتەوە، بەڵاڕێیاندا بردووە و ناهێڵن “ڕاستییەکان” وەک خۆیان دەرکەون؛ هەر بۆیە بە دروستی بەو ئەنجامە دەگەن کە دوژمن  لە ڕێگەی دەزگای ناسینی خۆیەوە دەیهەوێ هەقیقەت پێناسە بکا. هەروەها نائاگایی لە ئاست ڕابردوو بەشێکی بۆ کەمتەرخەمیی ئیلیتی کورد دەگەڕێندرێتەوە کە ئەرکی ڕۆشنبیری و مێژووییی خۆی بەجێ نەهێناوە. ئەم مێژوونووسانە زۆربەی کات ئەم ئەرکە لە جیاتی ئەوەی لە گوتارێکی ناسیۆنالیستیدا سەرقاڵی نووسینەوەی مێژووی نەتەوەیی بێ، بەرەو کۆکردنەوەی ڕووداوەکان هەنگاو دەنێ. واتە بەشێوەیەکی پۆزیتیڤیستی گیرۆدەی “فیتیشیزمی بەڵگە”[7] دەبنەوە، بێ ئەوەی بتوانن ئەم فەکت/بەڵگانە لەناو گوتارێکی کوردستانیدا جێگیر بکەن.

ئەم گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو، بێ ئەوەی لە گوتاریکی مێژووییی دیاریکراودا بخوێندرێتەوە، بە شوێن جەوهەرێکی نەگۆڕ لە ڕابردوودا دەگەڕێت تا بتوانێ وەک میراتی کورد و کوردستان لە ئیستادا بەکاری بێنێت. لە کاتێکدا بەشێکی بەرچاو لەوەی وەک میراتی کولتووری لە ناو هەر نەتەوەیەکدا سەیر دەکرێ، پێویستە دیسان سەر لە نوێ پێداچونەوەی بۆ بکرێ و لەگەڵ بەها کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکانی ئیستادا لێک بدرێتەوە. ناکرێ هەر شتێک لە ڕابردوودا لە کوردستان و بە زمانی کوردی بەرهەم هاتووە وەک خۆی پەسەند بکرێ. گەڕانەوە بۆ کولتوورێکی بێخەوش، پارێزراو و ڕەسەن لە کوردستان بەرەوڕووی چەند کێشەی سەرەکی دەبێتەوە. سەرەتا وا گریمانە دەگیرێ کە کولتووری ئێمە لە ڕابردوودا بێ گرێوگۆڵ و یەکدەست بووە، کەواتە دەتوانین بەدۆزینەوە و پاراستنی،  بیکەینە هەوێنێکی هاوبەش بۆ ناسنامەی کوردستانی/کوردی. لە کاتێکدا لە ڕابردووا ئەم جەوهەرە هارمۆنیکە نەگۆڕە نەیدەتوانی هەبێ، چونکە لە بنەڕەتدا حکوومەت، پەروەردە و سیاسەتێکی کولتووریی کوردی نەبووە تا کولتوورێکی وەها بەرهەم بهێنێت. ئەم شێواز مێژووڕوانینە (کە مێژووی سیاسی، ئایینی و کولتووری لەخۆ دەگرێ) لە ناو نووسەرانی کورددا زۆر باوە کە ئەرکی سازکردنەوەی مێژووی کورد بۆ خۆیان پێناسە دەکەن و پێیان وایە دەکرێ شکۆی ڕابردوو وێنا بکەنەوە. بۆ نموونە جەمال نەبەز دەنووسێت: “کورد، هەرچەند مێژوویەکی زۆر کەڤنار و دەوڵەمەندی هەیە، لێ ئەم مێژووە، ناچڕوپڕ و کون و کەلەبەردار و لەیەکهەڵوەشاوەیە. ئەز بۆخۆم کاتێک سەرنج دەدەمە مێژووی کورد، وەک کۆشکێکی زۆر گەورەی داڕووخاو دێتە بەرچاوم کە ژوورەکانی لەئەژمار نایەن و هەزاران کەلوپەلی جۆربەجۆری تێدایە.”[8]

دواتر لەبەر ئەوەیکە زۆربەی ئەو شتانەی کە لە ڕابردوودا، بەتایبەت پێش لە سەردەمی میرنشینەکان، تاکوو ئیستا لە کوردستان ماونەتەوە تەواو ڕوون نین، دەبنە هۆی ئەوەی کە لەگەڵ بەشێکی گرنگ لە کولتووری کۆلۆنیالیزمی ئێرانی تێکەڵ ببن. من ئەم تێکەڵییەم وەک کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر[9] پێناسە کردووە کە تیایدا ناسیۆنالیزمی ئێرانی کولتووری کوردی وەخۆ دەگرێ و وەک بەشێکی جیانەکراوە هەم خاوەنداریەتیی لێ دەکا و هەم پەراوێزی دەخا. بۆ نموونە زۆربەی جار کورد وەکوو خەڵکێکی ئێرانی پێناسە دەکرێ و لە ڕووی نەژادییەوە وەک ئێرانییەکی ڕەسەن دەناسێندرێ.[10] زمانی کوردی دەبێتە بەشیک لە زمانە ئێرانییەکان[11] و بەگشتی هێژموونی ڕەچەڵەکی ئێرانی هەموو ڕەهەندەکانی زمان، ئایین، ژیان و دابونەریت لە کوردستان وەخۆ دەگرێ. هەر بۆیە کاتێک تەنانەت توێژەرانی کورد دەیانهەوێ توخمێکی جیاواز لە ناسنامەی کۆلۆنیالیستی بۆ کورد دەستنیشان بکەن، لە ئاکامدا دەکەونە داوی کۆلۆنیالیزمی وەخۆگرەوە. لە نموونەیەکی گرنگدا دەکرێ ئاماژە بە هەوڵی جەلادەت و کامەران بەدرخان بدەین کە لە نێوان ساڵەکانی ١٩٣٠-١٩٤٠دا باسیان لەوە دەکرد کە ئایینی ڕاستەقینەی کورد ئایینی ئیزدییە. ئەوان کە ئەویتری خۆیان تورک و عەرەب لە سێ وڵاتی نوێی تورکیا و سوریادا دەبینییەوە پێیان وا بوو بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ئایینی ئیسلام (وەکوو ئایینێکی سامی کە ناکۆکە لەگەڵ نەژادی کورد) پێویستە ئایینێکی ڕەسەن بۆ ناسنامەی کوردی پێناسە بکەن. کێشە کاتێک زەقتر دەبێتەوە کە ئەوان وایان دادەنا ئایینی ئیزدی شێوازێک لە ئایینی زەردەشتییە کە لە کولتووری ئێرانیدا باو بووە.[12] لە کۆتاییەکانی ١٩٧٠  و دەیەی ١٩٨٠، ئۆجالان داخوازی ئەوەی دەکرد کە ئایینی زەردەشتی ئایینی ڕەسەنی کوردە. ئۆجالان، زەردەشتیگەریی وەک هێزێکی ڕزگاریکەر پێناسە دەکرد کە دەتوانێ کورد لە ئایینی دواکەوتووی ئیسلام ڕزگار بکات.[13]

بەرەبەرە ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە لەگەڵ بەشێک لە بۆچوونی کوردایەتی تێکەڵ بوو و لە ئیستادا تەنانەت هەندێک لە پەیڕەوانی ئایینی زەردەشتی لە نێو کوردانی دیاسپۆرا و دانیشتووی باشووری کوردستان ساز بوون. هەڵبەت لەم ساڵانەدا هەندێک لە نووسەران لەوە تێگەیشتن کە بەزەردەشتیگەری کردنی کورد، کێشەی تێکەڵی لەگەڵ کولتووری ئێرانی لێ دەکەوێتەوە، بیریان لەوە کردووەتەوە کە بۆ گەیشتن بە ڕەسەنایەتی و هەروەها ڕەچەڵەکی ئایینەکانی یاری و ئیزدی، بیر لە میترائیزم بکەنەوە و وای دانێن تەنانەت میترائیزم دژ بە زەردەشتگەری بووە و هەر لە قۆناغی سەرەتای مێژوو تاکوو ئیستا فارسی زەردەشتی دژ بە کوردی میترایی بووە.[14]

سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی ئەم مێژوونووسیانە بەپێوەری ئاکادێمیا زانستی و ورد نین، هەروەها بۆ داخوازی نەتەوەیی ناپێویستن. گریمان مێژووی کورد و کوردستان لێوانڕێژە لە شارستانییەت و کولتوورێکی واڵا. ئەمە خۆی لە خۆیدا ناتوانێ بۆ ڕزگاری لە دۆخی کۆلۆنیالیزمی ئیستا بەهێزمان بکا. ڕاستە بۆ سازبوونی ناسنامەی کوردی پێویستە ئێمە کولتوورێکی نەتەوەییمان هەبێ، بەڵام ئەوەیکە دەکرێ ئەم کولتوورە لە بەستێنێکی ناڕوون و تێکەڵاو بە کولتووری وڵاتە کۆلۆنیالیستەکانی کوردستان چێ ببێ، جێی گومانە. هەر وەک چۆن فانۆن بەوردی ئاماژە بە دۆخی کۆیلایەتیی ڕەشپێستەکان دەکا:

تێگەیشتن لەوەیکە لە سەدەی پازدەیەمدا ڕەشپێستەکان شارستانییەتێکیان هەبووە مافی مرۆڤبوون بە من نابەخشێ… من هێندەش ساویلکە نیم کە باوەرم بەم داخوازییە هەبێ کە پەنابردن بۆ عەقڵ یا ڕێزگرتن لە شەرافەتی ئینسانی دەتوانێ جێی ڕاستییەکان بگرێتەوە. بۆ مرۆڤێکی ڕەشپێست[نێگرۆ] کە لە کێڵگەی بەرهەمهێنانی شەکری لێ ڕۆبێرت کار دەکا تەنیا یەک چارەسەر لەئارادایە: خەبات. ئەو بەرەوپیری ئەم خەباتە دێ و هەتا سەر درێژەی پێ دەدا؛ هەڵبەت ئەم خەباتە لە ئەنجامی شیکارییەکی مارکسیستی یا ئایدیالیستیدا نییە بەڵکوو زۆر بە سادەیی خەبات بۆ ئەو، ئەم مانایەی هەیە کە ژیان جگە لە شێوازێک لە شەڕی دژە ستەم و چەوساندنەوە، هەژاری و برسیەتی مانایەکی دیکەی نییە.[15]

مانەوە لە ڕابردوودا، تەنانەت ئەگەر پێمان وا بێ ڕابردوویەکی زێڕین و پڕ دەستکەوت بووە (کە نەبووە)، ناتوانێ هیچ لە دۆخی کۆلۆنیالیزمی ئیستامان چارەسەر بکا. سەرەڕای ئەوەیکە ڕوانگەی ماکخوازی،[16] بە مانای گرنگیدان بە هەندێک ماکی کولتووری لە پێش قۆناغی کۆلۆنیالیزم، ڕەنگە بتوانێ بەرگری لە هێژمونیی کولتووری کۆلۆنیالیستی بکا، بەڵام کێشەکانی تێکەڵاوی بەها پێش مۆدێڕنەکان لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردایەتی وامان لێ دەکا بە گومانەوە سەیری بکەین. ئەگەرچی کەسانێک وەک سپیڤاک هەوڵ دەدەن ئەم گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو وەک جەوهەرباوەڕییەکی ستراتێژیک پێناسە بکەن،[17] بەڵام هەر جۆرە خەباتێکی دژەکۆلۆنیالیستی کە بە شێوەیەکی ساویلکانە بیهەوێ لەسەر بنەمای کولتوورێکی هاوبەش لە ڕابردوودا بەرگرییەک ساز بکا، خۆی بەرەوڕووی گەلێک کێشە لە ئاست مافی ژنان، منداڵان، کەمینە پەراوێزخراوەکان دەبێتەوە. دەبینین بە ناوی فۆلکۆر و پاراستنی کەلتووری کوردەواری هەندێک گۆرانی، شێعر، پەندی پێشینییان، جلوبەرگ، دابونەریت وەک میرات دەمێنێتەوە و ئیستا دیسان بەرهەم دێتەوە کە خۆیان پێکهاتەکانی سوڵتە بەرهەم دەهێننەوە و لەگەڵ بەها مۆدێڕنەکانی کوردایەتیدا ناکۆکن. بۆ نموونە لە گۆرانیی فولکلۆری کەژاوە بێنن، باس لە منداڵبوونی خۆشەویستی پیاوێک دەکرێ: “هەی بێنن بێنن کەژاوە بێنن، یارم [ئەو کچە] منداڵە دڵی مەشکێنن.” ئەم گۆرانییە ئەگەر لە ڕابردوودا و لە سەردەمێکی پێشووتردا مانایەکی هەبووبێ، ئیستاکە دەبێتە هۆی ئاسایی پیشاندانی پەیوەندیی منداڵی کچ لەگەڵ پیاو. کێشەیەک کە هەنووکە لە ژمارەی بەرچاوی هاوسەرگیری کچی منداڵ لەگەڵ پیاو لە کوردستان دەبیندرێ. ئەم گۆرانییە فۆلکلۆرە تەنانەت لە لایەن گرنگترین مامۆستایانی ئاوازی کوردییەوە وتراوەتەوە: مامۆستایان خالقی؛ شڤان پەروەر، بیژەن کامکار؛ عەباس کەمەندی. یا لە نموونەیەکی ناوداری گۆرانی “ئەڕۆی بۆ مەکتەب” ناوچەی گەرمیان و خانقیندا (وتنەوەی مامۆستایان حسێن عەلی و حێشمەت لۆڕنەژاد) دیسان ئەم دیاردە پێش مۆدێڕنە دووپات دەبێتەوە.

نموونەی بێڕێزی کردن بە ژن لە گۆرانی قیزەونی “بێوەژنە بە دڵی منە” کە کەمتر گەعدە و زەماوەندێک هەیە تیایدا نەوترێتەوە، ژن بە ئۆبژەیەکی سێکسی بۆ ناشیاوترین وشەگەلی مومکین لە ئاستی مرۆڤبوون دادەبەزێنرێ تا چێژی پیاوانە دابمرکێ. ئێمە ناتوانین هەڵگری بیرۆکەی مۆدێڕنی کوردایەتی بین و گوێ لە چەوساندنەوەی ژنان لە کۆمەڵگای کوردی بخەوێنین. ئەگەر وشیاریی نەتەوەیی  بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە بیر لە میراتی نەتەوەیی بکاتەوە، بەشێکی گرنگ لە فۆلکلۆر یا دەبێ بسڕێتەوە یا لەگەڵ بەها مۆدێڕنەکان بیگونجێنێ. لە نموونەیەکی سەرنجڕاکێشدا دەبینین گۆرانیی “لانکۆڵێ” فۆڕمی دڵڕفێنی خۆی دەهێنێتە دنیای مۆدێڕن بەڵام شوێنە ناتەباکان گۆڕانکارییان بە سەردا دێ. “لانکۆڵێ هەی لانکۆڵێ/ لانک لە دار هەنارێ/ وەستا بێ لە تارانێ/ لانکێ درووست کا بۆ چاو جوانێ… دەڵێ لە لانکەیدا نانووم با بۆی ساز کەین جۆلانێ/ ئەی ڕؤلە سەر دڵ خڕ بی، باب مردوو بی/ شەو درەنگە بۆ جێژوانێ/ تاوە و ڕۆژی ڕووناکە هەموو عالەم دەزانێ.” [بە دەنگی مامۆستایان خەلیل سدیقی، و ناسر ڕەزازی؛ دیسان وتنەوەی لە لایەن دینا؛ ئاوات بۆکانی و ئاشتی عەزیز؛ حەمە شەیدا؛ جەلال سەعید و نوری گەرمیانی] هەروەها بە ناوەڕۆکێکی دیکەوە لە لایەن مامۆستا حەسەن زیرەک بەم شێوەیە وتراوەتەوە: “لەبەر ئەو ژنە ڕەشتاڵە، قەدی دەڵێی شمشاڵە/ سەر کەمە سەر ڕانت، پێم دادە ئەو دەستماڵە/ گەر گولە پرسی کێیە، ڕامژێنە بڵێ منداڵە/ گەر بۆ یەک جار چەقەی کرد، بمشێل بڵێ بێحاڵە.”

ڕەنگە ئەم گۆرانییە بۆ فۆلکلۆریستێک گرنگ بێ کە لە توێژینەوەیەکدا تۆماری بکا، یا بۆ توێژەرێکی کۆمەڵناسی بۆ ئەوەی لەوە تێبگا کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕابردوودا چۆن بووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە مژاری خیانەت بە هاوسەر و ئارەزووی مردن بۆ کۆرپەی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە دڵدارێکی پیاو ناتوانێ وەک بەهایەکی مۆدێڕن سەیر بکرێ. گروپی کامکارەکان هەوڵیداوە هەندێک لە وشەکان دەستکاری بکا و گۆرانییەکە ڕزگار بکا: “لانک لانک لانکۆڵە/ لانک لەو دار هەنارێ/ وەستا بێ لەو تارانێ/ لانکی درووست کرد بۆ چاو جوانێ… ئەی ڕۆڵە سەرکەوتوو بی باب زیندوو بی/ خۆش بنووە تا بەیانی/ کاتی ڕۆژی ڕووناک هات/ گورزێ بکە لە مەیدانێ .” هەڵەیەک ئیستا لە میدیاکانی کوردستان دەکرێ کە بێ هەستیاریی پێویست و هەندێکجار بە پاساوی دواکەوتوویی هونەری میللی، ڕێگە بۆ بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندی و پێکهاتە پێش مۆدێڕنەکان خۆش دەکەن. بەدڵنیاییەوە بۆ سازکردنی ژیانێکی بەرانبەر و بێ چەوساندنەوە، بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا لە کوردستان، دەبێ واز لە بەشێک لەو بابەتانە بێنین کە وەکوو بابەتێکی ڕەسەن لە کۆنەوە هەوڵ دەدرێ بۆ داهاتوو بگوازرێنەوە. ئەگەر هەندێک لە شێعرەکانی شێخ ڕەزا تاڵەبانی و بەشێکی بەرچاو لە چیرۆک، نەزیلە و قسەی نەستەقی ڕشتەی مرواری (کۆکردنەوەی مامۆستا عەلائەدین سەجادی) لە ڕابردوودا دەیانتوانی بزە بخنە سەر لێوی خەڵک، بەدڵنیاییەوە بۆ ئیستای ئێمە ناتوانن بایەخێکی ئەوتۆیان هەبێ.

سەرەڕای مژاری سەرەوە، سیستەمی کۆلۆنیالیستی هەوڵ دەدا هاوکات لەگەڵ ئەوەی بەردەوام پرسیارمان لێ بکا کە ئێوە چیتان هەیە؟ هەندێک لە تایبەتمەندییە نامۆدێڕنەکانی ڕابردوومان بکا بە تایبەتمەندیی کوردانە و لە ڕێگەیانەوە وێنای کوردێکی ئایدیال بە شێوەیەکی نەریتی دووپات بکاتەوە. لە پەروەردە، میدیاکان و سینەمای کۆلۆنیالیستی دوژمندا، کورد دەبێتە پیاوێکی سمێڵبابڕی دەنگ زل کە وەک وەحشییەک تەنیا پشت بە هێزی جەستە دەبەستێ و نازانێ/ناتوانێ لە هێزی عەقڵ کەڵک وەرگرێ. ژنی کورد دەبێتە مرۆڤێکی نەخوێندەوار کە هێزی منداڵ لێکەوتنەوەکەی ستایش دەکرێ و گێلییەکەی دەیکاتە بووکەڵەیەک بۆ سەماکردن. ئیلیتی کورد هەوڵ دەدا ببێتە فۆلکلۆریست و مردووکان بە دەستی خۆی زیندوو بکاتەوە. فانۆن وتەنی”ئەگەر لەگەڵ خۆمان ڕاستگۆ بین، مرۆڤی ڕەش‌پێست [نێگرۆ] کۆیلەی ڕابردووە.”[18]

 
کوردایەتی و ڕەسەنایەتی

ئەگەر کوردایەتی وەکوو شۆڕشێکی دژەکۆلۆنیالیستی سەیر بکەین، خۆی لە چەندین شێوازی دژەستەمکاریدا دەبینێتەوە کە لە ڕێگەیەوە جۆرەکانی بەرگری دژ بە کۆلۆنیالیسم لە دامەزراوە سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکانیدا جومگەبەندی دەکرێ. کوردایەتی وەکوو ناسیۆنالیزمێکی دژەکۆلۆنیال بانگەوازی سەربەخۆیی و سازکردنی دەوڵەت نەتەوە لەسەر خاکی کوردستان دەکا. واتە ئەگەر دالی سەرەکی لە ئایدیۆلۆژیی کوردایەتییە بریتییە لە ڕزگاریی نەتەوەیی، هەروەها لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکی هاونرخ جۆرەکانی دیکەی چەوساندنەوە وەک ستەمی چینایەتی، جێندەری و ژینگەیی لەگەڵیدا جومگەبەندی دەکرێن. بەم واتایە کوردایەتی دەبێتە چەترێک بۆ ئەو بیرۆکانەی کە پێیان وایە لە ژێر سیستەمێکی کۆلۆنیالیستیدا دەچەوسێنەوە. یەکێک لەو مژارانەی هەندێک جار گرنگیی پێ دەدرێ ئەوەیە کە لە قۆناغی کۆلۆنیالیستیدا کولتووری کوردستان بەرەبەرە دەفەوتێ و پێویستە بۆ سازکردنی ناسنامە لە ئیستادا بۆ قۆناغی زێڕینی کولتووریی پێش کۆلۆنیالیزم بگەڕێینەوە. تەنانەت لە مۆدێلی هەرێمی کوردستان لە باشوور، بە سازبوونی دامەزراوە کولتوورییەکان، گەڕانەوە بۆ ڕابردوو یا پێداگری لەسەر هێشتنەوەی پەیوەندییە نەریتییەکان دەبێتە بەشێک لە پڕۆژەی سازکردنی دەوڵەت نەتەوە. دەکرێ بگوترێ تەنانەت لە هەندێک شێوازدا دیسانەوە هەندێک پێکهاتەی پێش مۆدێڕنی وەکوو عەشیرەگەری لە هەندێک ناوچە دیسانەوە بەرهەم دێتەوە کە بەرەبەرە ڕوو لە لاوازی بوون. شێوازی گشتیی ئەو بیرۆکە دژەکۆلۆنیالیستییانەی کە من لێردا ڕەخنەیان لێ دەگرم و وەک ماکخواز ناویان لێ دەبەم بەم شێوەیە قۆناغبەندی دەکرێ: (١) قۆناغی پێش – کۆلۆنیالیزم ( کۆمەڵگا هارمۆنیک و جێگیر بووە)؛ (٢) قۆناغی کۆلۆنیالیزم (دەستێوەردانی کارەساتباری کۆلۆنیالیستەکان) و (٣) قۆناغی پاش – کۆلۆنیالیزم (هەوڵ بۆ دەستخستنەوەی هارمۆنی لە ڕێگەی ئەو پاشماوانەی کە دوای کۆلۆنیالیزمەوە بەجێ ماون).[19] وادەردەکەوێ ڕۆشنبیرانی نەتەوەی کورد کاتێک دۆخی بندەستی و شکەستخواردووی ئیستا دەبینن، بەرەو ئەوە دەڕۆن کە وێنایەکی سەرکەتوو لە ڕابردوویەکی دوورتردا بۆ کورد و کوردستان وێنا بکەن. کیانێکی پڕ لە سەرەوەری لە سەردەمی ماد، سەلاحەدین ئەییووبییەکی قارەمان، میرنشینێکی ئاوەدان کە گرنگی بە زمانی کوردی دەدا، جەنگاوەرانی قەڵای دمدم، هەندێکجار یەکسانیی ژن و پیاوی کورد و تەنانەت دایکسالاری لە سەردەمانی ئەوپەڕ مێژووییدا، دەبنە هەوێنی مێژوونووسیی کوردی کە لە بەرانبەر مێژووی ساختەی ئێران و تورکیای کۆلۆنیالیستدا، پەنا بۆ ساختەکارییەکی دیکە دەبەن.

بەگوێرەی پێشینەی مێژوویی و بیروڕای ڕۆژهەڵاتناسەکان، ئاشکرایە کە کورد و فارس هەر دووکیان ئاری نژادن و لەگەڵ یەک بران و لە یەک باوکن… [کوردەکان] یەکێک لە پاکترین نژادەکانی ئێرانن و ئەم خاکە پاکە لانکەی باو و باپیرانی ئەوانە، ئێران نیشتمان و زێدی ئازیز و ستایشکراوی ئەوانە. کوردەکان ئێرانیان لە هەزاران ساڵ لەمەوپێشەوە لە دەستدرێژیی داگیرکەران و سنووربەزێنەکان پاراستووە و لە ڕێگەی سەربەستی و یەکپارچەییی خاکی ئێران، بە گیان بەخت کردنەوە، فیداکاریمان کردووە و خوێنمان ڕشتووە و وەکوو شێرێکی سامناک و نەترس جەستەی خۆمان وەبەر فیشەکی دوژمن داوە و نەمانهێڵاوە بێگانە پێی بخاتە سەر ئەم خاکە پیرۆزە و تاکوو زیندووین دەشیپارێزین. ئێران و سەڵتەنەتەکەی بە هی خۆمان دەزانین و خۆشمان بە هی ئەو دادەنێین، چونکە یەکەم خاندانی شاکانی ئێران “ماد” یان “کورد” بوون.”[20]

بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش و لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا کە ئیلیتی نەتەوە کۆلۆنیالیستەکانی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکاری بۆ سازبوونی دەوڵەت نەتەوەکانی خۆیان بوون، ئەم پڕۆژەی ئایدیۆلۆژیکی بەئاریایی کردنی نەژادی کورد دەبێتە هۆی ئەوەی کورد و فارس وەک برا نیشان بدرێن و بەم شێوەیە پێگەیەکی مەعریفیی چەوت بۆ کوردبوون ساز دەکرێ. تەنانەت زێدەڕۆییی ئیلیتی کورد تا ئەو شوێنە دەرەنجامی گاڵتەجاڕانەی لێ دەکەوێتەوە کە بەڵگە دەهێندرێتەوە چونکە زمانی کوردی و ئاڵمانی ئاریایین، کوردەکان دەتوانن تەنێ بە دوو مانگ فێری زمانی ئاڵمانی ببن!

کورد بەر لە نەبووەت هەبوون و مەوجود بوون، کورد لە ئەقوامی ئارییەنن، لە پاش بیعسەت، قسمێ لە ئەوان وەکوو ئێمە، وەکوو ئەفغان، وەکوو ئێران، دینی ئیسلامیان قەبوڵ کرد و ئەلحەمدولیللا بووینە ئیسلام. قسمێ لە ئەوان وەکوو ڕۆم، وەکوو ئەرمەن، وەکوو ئەڵمان لەسەر ڕێگەی جەهالەتا مانەوە. چ ڕۆم، چ ئەڕمەنی، چ ئاڵمان، چ پۆرتکیز، ئەمانە هەموو لە عرقی کوردن. دیقەت فەرموون، لیباسمان، عەنعەناتمان وەکوو عەجەمە، لەبەر ئیختیلات لەگەڵ بەغدا جوزئێ فەرقمان هەیە. فەقەت ئەگەر تەعمیق بکرێت عەینی عەجەم حائز حەرەکات و سەکەناتین… ئەڵمان و زبانی ئەڵمانی زۆر موشابەهەتی بە کوردی هەیە، ئەمڕۆ ئەگەر کوردێ بچێ بۆ ئەڵمان بە زەرفی دوو مانگ فێری زبانی ئەڵمانی دەبێ، فەقەت ئەگەر تورکێ، یا عەڕەبێ بچێ بۆ فێربوونی زبانی ئەڵمانی متەوەفیقەتە سەر ساڵێک، چونکە زبانی ئەڵمانی وەک زبانی کوردی گرانە.”[21]

ئەگەرچی پێناسەی ڕەسەنایەتی ناڕوونە، بەڵام هێندە سەرنجڕاکێشە کە نووسەرانی مێژوو لە کوردستان هان دەدا بۆ سازکردنی شانازیی بە ڕابردووی کوردستانەوە، لە بەرنامەی دەرسیی خوێندندا بیگونجێنن. لە پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو گرنگی بە ڕەسەنبوونی کورد و کولتووری کوردی دەدرێ. بۆ نموونە کوردستان دەبێتە لانکەی شارستانییەت و یەکەم شوێنی لە جیهاندا کە کۆمەڵگای مرۆییی تێدا چێ بووە. لە کتێبی پۆلی یانزەی وێژەییدا بۆ مێژووی شارستانییەتەکان نووسراوە: “کوردستان لانکەی یەکەمی پەیدابوونی شارستانییەت بووە و مرۆڤ لەم پێگە جوگرافییەدا کشتوکاڵی دۆزییەوە کە بووە هۆی وەچەرخانێک لە ژیانی مرۆڤایەتیدا و وای لێ کرد کە کۆ ببنەوە و پێکەوە بژین.”[22]

لە ڕەهەندێکی دیکەوە، بەتایبەت لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوانگەی ڕەسەنایەتیی کولتووری کوردی بووەتە بەشێک لە ئەجێندای سیاسی و بە بانگەشەی ئەوەی کوردستان لە سەردەمانی کۆنەوە شوێنێک بووە بۆ پێکەوە ژیان کە تیایدا هەموو ئایین و پێکهاتەکان بێ کێشە و ناکۆکی پێکەوە ژیاون، جەوهەرێکی نەگۆڕی یەکدەست لە کۆمەڵگای کوردی نیشان دەدرێ. پێکەوەژیانی ئایینی و ئیتنیکی، بەرهەمی مۆدێڕنیتەیە و پێش لەوە لە هیچ کوێیەک وا نەبووە کە لایەنگرانی ئایینەکان بەر یەک نەکەون. لە بنەڕەتدا دوای شەڕی سی ساڵەی ئایینی لە ئەورووپایە (١٦١٨-١٦٤٨) کە بەرەبەرە مژاری پێکەوەژیانی ئایینی و پێکەوە هەڵکردن دێتە ناو فەلسەفە و لە حوکمڕانیدا کەڵکی لێ وەردەگیرێت. بەم پێیە قۆناغی زێڕینی پێکەوەژیان لە ڕووی کاتشوێنەوە ئیمکانی سازبوونی لە کوردستاندا نەبووە. لە گوتاری سیاسیی بەرپرسانی هەرێمدا، ئەم جۆرە ڕوانگەیە بەردەوام دووپات دەبێتەوە. بۆ نموونە لە کۆنفڕانسی لێبوردەیی و ژیان کە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستانەوە لە هەولێر، لە ساڵی ٢٠١٦ بەڕێوە چوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان کە ئەوکات سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بوو، باس لەوە دەکات کە “کوردستان لە کۆندا زێدی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایین و ئاینزا و لێبوردەیی بووە و سەرەڕای ھەموو ئەو شەڕ و ماڵوێرانی و داگیرکارییانەی بە درێژاییی مێژوو بە سەر‌یدا سەپێنراون، ئەم خەسڵەتە جوانەی خۆی لە دەست نەداوە و وەک وڵاتی ھەموو ئایین و نەتەوەکان ماوەتەوە و بووەتە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی کولتووری و نموونەیەکی کەم وێنە لە جیھاندا”.[23]

ڕەنگە بگوترێ ئەم جۆرە ڕوانینە ئەگەر لەسەر بنەمای راستیش نەبێ هیچ کێشەیەک ساز ناکا (چونکە مێژوو هەر دەستکردە) و تەنانەت هەستێکی پڕ لە شانازی بۆ مرۆڤی کورد بەدی دێنێ و یارمەتیدەری ئاشتەوایی و پێکەوەژیان لە ئیستادا دەبێ. بەڵام دەبینین لە واقیعدا نەک یارمەتیدەر نەبووە بەڵکوو بە شێوەیەکی ڕووکەشیانەوە ناکۆکییەکان دەشارێتەوە و بەشێوەی کاتی دڵخۆشییەک بۆ چارەسەربوونی کێشەکان ساز دەکا. نموونەی هەرە بەرچاوی بەرگری نەکردنی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە کوردە ئیزدییەکانی شەنگال بوو. لایەنی بەرچاوی باسەکە ڕەنگە بۆ باس و خواستێکی سیاسی بگەڕێندرێتەوە، بەڵام لایەنی قووڵی باسەکە ئاماژە بۆ بەریەک کەوتنی دوو ئایینی ئیسلام و ئیزدی دەکا. واتە ئەگەرچی هەندێک لە لایەنگرانی کوردایەتی دەیانهەوێ وا نیشانی بدەن کە لە ڕابردوودا کوردەکان نەک تەنیا لەگەڵ خۆیان بەڵکوو لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەش هەڵیان کردووە و بەبێ کێشە پێکەوە ژیاون و لایەنگرانی ئایینەکان لە کوردستان پێکەوە کێشەیان نەبووە. ئەم شێوە بیرکردنەوەیە کە نە لە ئاڕشیڤەکانی ڕابردوودا بەڵگەی بۆ دەبیندرێتەوە و نەک لە ئیستادا کارامەیە، باس لە کوردستانێکی ئایدیال بەپێی تێگەیشتنێکی لیبراڵی دەکا.

دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێ کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی، تورکی و عەڕەبی بەردەوام بۆ شێوازێک لە ڕەسەنایەتیی کولتووری دەگەڕێنەوە و لە ڕێگەیەوە مەشروعیەت بە زمانی فارسی، تورکی و عەڕەبی دەدەن و تەنیا لەسەر بنەمای قەومی فارس، تورک و عەڕەب کولتوورێکی نامێژوویی و سروشتی ساز دەکەن. بۆ نموونە، لەم دیمەنی ناسیۆنالیزمی ئێرانییەوە کولتووری ئێرانی/فارسی تەنانەت جێی قەومی فارس دەگرێتەوە و بە شێوەیەک ڕەگەزپەرەستی (ڕاسیزم) لە هەناوی ئەم بەکولتووریکردنەوەیەدا بەرهەم دێتەوە.[24] وەزیری، ناسیۆنالیزمی ئێرانی وەک “شیزۆفێرنیایەکی کولتووری” دەناسێنێت کە تیایدا بەریەک کەوتنی باوەڕی ئایینی و سۆزی نەتەوەیی، تێهەڵکێشێکی سەیر و سەمەرەی ساز کردووە.[25] دووپات کردنەوەی شێوازەکانی ناسیۆنالیزمی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکانی کوردستان لە لایەن نیشتمانپەروەرانی کوردەوە کە خۆی لە هەندێک ماکی وەکوو سازکردنی نەتەوە لەسەر بنەمای سڕینەوەی نەتەوە/قەومەکانی دیکە، سەپاندنی گوتارێکی پیاوسالارانە، گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتیی کولتووری ڕابردوو دەبینێتەوە، سەڕەڕای ناکۆکی هەندێک لە ماکە ڕەسەنەکان لەگەڵ بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییە مۆدێڕنەکان، دوو مەترسیی سەرەکی بۆ بیری کوردایەتی ساز دەکەن: بەکولتووریکردنی شۆڕشی ڕزگاریخواز لە کوردستان و لەبیرکردنی وشیاریی کۆمەڵایەتی  کە چەوساندنەوەی تێدا بەرهەم دێتەوە.


بەکولتووریکردنی شۆڕش

لە کاتێکدا بیرۆکەی ڕەگەزپەرەستانەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی دەبێتە هۆی پەراوێزخستن، بێدەنگ کردن و سڕینەوەی هەر زمان و کولتوورێک جگە لە زمان و کولتووری فارسی،[26] بەشێک لە کوردەکان کە دەیانهەوێ لەم دۆخە ڕزگاریان بێ، بەرەو بەکولتووریکردنی کوردایەتی هەنگاو دەنێن. مەبەستی من لە بەکولتووریکردنی کوردایەتی ئەوەیە کە لە کاتێکدا کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام کوردایەتی لایەنێکی سیاسیی هەبووە و لەگەڵ شەڕی چەکداری لێک تەندراوە، کاتێک ئیلیتی کورد بەرەوڕووی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی، تورکی یا عەرەبی دەبێتەوە کە دەیانهەوێ کولتووری کوردستان بتوێننەوە و ناسنامەی کوردی ئاسیمیلە بکەن، بڕیار دەدەن چالاکیی کولتووری بکەنە تەنیا ڕێی ڕزگاری. لە کاتێکدا کۆلۆنیالیزم باس لەوە دەکا کە کوردستان لە مێژوودا نەبووە و کورد خاوەنی ژیانی عەشیرەیین و لە شارستانییەت بێبەشن، ڕۆشنبیری کورد بە ئەرکی خۆی دەزانێ کە بە دڵی مێژوودا ڕۆ بچێ و ماکەکانی ژیاری کوردی بدۆزێتەوە. کۆلۆنیالیزم کە مەبەستی سەرەکیی خۆی لە دوورکردنەوەی کورد لە داواکاریی سەربەخۆیی و ڕزگاری پێکاوە، کەمتاکورت ڕێگە بۆ ئەم چالاکییە کولتوورییانە دەکاتەوە. ڕۆشنبیری کوردیش سەرخۆش لەم دەستکەوتە هەم هەوڵ دەدا بە پێوەری ناسیۆنالیزمی ئێرانی و تورکی ماکەکانی شارستانیەت لە ڕابردووی دووردا بدۆزێتەوە و غافڵ لەوەی هەر ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە ڕەگەزپەرەستانەیە، بووەتە هۆی تەریکخستن و لەناوبردنی سیستەماتیکی کورد. گرنگیدان بە کۆکردنەوەی پەندەکان، بەیت و بالۆرەکان، جلوبەرگ و خواردنی ڕەسەن و گەڕان بە شوێن ئاسەواری کۆن بەشێکن لەو مێکانیزمانەی کە ئیلیتی کورد وەک ئەرکێکی نەتەوەیی بۆخۆی پێناسەی کردووە تا دژ بە سیاسەتی بەناوچەیی کردنی کولتووری کوردی لە لایەن حکومەتە داگیرکەری کوردستان بێ، کە زمان و کولتووری ناوەند وەکوو بابەتی ڕەسمی نیشان دەدا.[27]

یەکێک لە نموونە هەرە بەرچاوەکانی ئەم ڕەوتە لە سازبوونی گۆڤاری سروە لە گەرمەی شۆڕشی کوردایەتی لە ڕۆژهەڵاتدا بەرچاو دەکەوێ کە پاش ماوەیەک، سازبوونی ئەنجومەنە ئەدەبییەکانی لێ کەوتەوە. هەرچەند ناکرێ نکۆڵی لە گرنگیدان بە زمان و ئەدەبی کوردی لەم گۆڤارە و ئەنجومەنانەدا بکرێ، بەڵام بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە چۆن سیستەمی کۆلۆنیال خوازیاری ئەوەیە خواستی سیاسیی کوردایەتی بۆ ڕزگاری بەرەو داواکارییەکی کولتووری ڕاکێش بکات. فارووق کەیخوسرەوی، یەکێک لە هاوکارانی ناوەندی چاپ و کولتووری سەلاحەدین لە ورمێ کە گۆڤاری سروە لەوێڕا بڵاو دەکرایەوە، باس لەوە دەکا کە گۆڤاری سروە “تەنیا بەرهەمی کلاسیکی ئەدەبی و فولکلۆری کوردیی چاپ دەکرد و تەنانەت یەک وتاری سیاسیشی تیایدا بڵاو نەدەکرایەوە.”[28] گۆڤاری سروە کە لە ژێر بەرپرسیارەتیی ئیسفەندیار ڕەحیم مەشاییدا چاپ دەبوو، ڕاستەوخۆ لە ژێر چاوەدێریی سوپادا هەوڵی دەدا کوردستانێکی کولتووری بەجێی کوردستانێکی سیاسی جێگیر بکا. ئەوان بەباشی لەوە تێدەگەیشتن کە گەڕانەوە بۆ کولتوور، سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سیاسەت دوور دەکاتەوە، هەروەها عەوداڵ بوون بە شوێن ڕەسەنایەتیدا دەبێتە هۆی ئەوەی کولتووری کوردی لەگەڵ کولتووری ئێرانی تێکەڵ ببێ. واتە لە ڕ‌ێگەی میکانیزمەکانی کۆلۆنیالیزمی وەخۆگرەوە، بەکولتووریکردنی خەبات دەبووە هۆی ئەوەی هەم ناسنامەی کوردی/کوردستانی لەگەڵ ناسنامەی ئێرانی تێکەڵ بکەن و هەم بتوانن کولتووری کوردی وەک کولتوورێکی شوانکارەیی، پێش مۆدێرن و دواکەوتوو نیشان بدەن کە هێماکانی لە شوانی فەرەنجیپۆش و ژیان لە شاخە سروشتییەکان بەرەو ژنکوژی و کۆڵبەری لە مەیلاندایە. لایەنی وەخۆگرانەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی دەبێتە زڕدایکێکی خەمخۆر کە هەوڵ دەدا فولکلۆری کوردستان لەناو نەچێ، کڵاشی هەورامان نەفەوتێ و ڕەسەنایەتیی کولتووری ببێتە ڕێگر لە سازبوونی کولتوورێکی مۆدێڕنی کوردستانی.

لەم شێوازەدا ئەگەر تەنانەت باس لە داگیرکاری و دوژمن بکرێ، وا گریمانە دەگیرێ کە خاکی کوردستان بە شێوازێکی لەمێژینە هی کورد بووە و هەر دەمێنێتەوە، کەواتە دەکرێ لە ڕێگەی چالاکیی کولتوورییەوە سیستەمی کۆلۆنیالیزم بە چۆکدا بێنیت. لە کاتێکدا دەزانین سیستەمی کۆلۆنیال بە شێوەیەکی سیستەماتیک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبێ، دێمۆگرافیی کوردستان دەگۆڕێ، پەروەردەی نەتەوەیی خۆی بە سەر هەست و نەستی کورددا دەسەپێنێت، ئابووریی کوردستان لەناو دەبا، سەرچاوەکان تاڵان دەکا و کوردستان لە دۆخی گەشەنەکراوەییدا دەهێڵێتەوە. هەر بۆیە ئەم چالاکییە کولتوورییە نیوەچڵە کە پێیەکی لە چیرۆکی تیتیلە و بیبیلەدایە و پێیەکی لە سازکردنی ترخێنە و دۆینە، لە لایەکەوە خەون بە ژیانی ساکاری گوندەوە دەبینێ و لە لایەکیترەوە خەمی فەوتانی وشەدانی تایبەت بە کشتوکاڵی قۆناغی گاسن خەوی لێ دەزڕێنێ، دیار نییە چۆن دەتوانێ بە ڕزگاریی کوردستان بگات. بۆ وێنە لەم شێعرەی ڕەحیم لوقمانیدا سەرەڕای ماکخوازی و گەڕانەوە بۆ ڕەسانەیەتی، تایبەتمەندییەکانی ژیانی گوندی بەرهەم دێتەوە و دیار نییە کەی و چۆن کورد لمۆزی داگیرکەری لە بەرد داوە؟ باشە ئەگەر بەپێی ئەم شێوەی گێڕانەوانە، کورد قارەمانێکی هێندە نەبەز بووە بۆ لە دۆخی بندەستیدا سەرمان نەوییە؟

“یەکەم بەردی شارستانیی و/ قەڵای مێژووی پاک و ڕەسەن/ هەر بەم جلی شوانییەوە،/ بە خوێناوی من نەخشاوە!

لەسەر سینگی پڕ ئەوینی ئەم/ بەهەشتەم/ لە بەرمدا، ڕەنگی فەرهەنگ/ لە سەرمدا، خولیای هەڵۆ/ لە خوێنمدا، تاقەتی شێر/ لە ناخمدا، ورەی شاخم پێ دراوە.

هەر بەم بەرگی شوانییەوە/ پڕ بە یادی تاڵی مێژووم،/ هەر لمۆزی ئاژەڵانی داگیرکەرم لە بەرد داوە.”

 
لە وشیاریی نەتەوەیییەوە بەرەو  وشیاریی کۆمەڵایەتی

لە دوای بەرگریی قارەمانانەی کورد لە کۆبانێ لە بەرانبەر داعشی تاریکپەرەست، یەکێک لە هونەرمەندە دیارەکانی ڕۆژهەڵات، هادی زیائەدینی، پەیکەرێکی بۆ ڕێزگرتن لەو حەماسەتە ساز کرد. زۆر کەس ئاگادارە کە زیائەدینی هەستی بێگەردی خۆی بۆ کوردستان ناشارێتەوە، لێ ئەگەر بەرهەمە هونەرییەکەی سەیر بکەین کە بریتییە لە کچە گەریلای کورد کە لەسەر پشتی شێرێک دانیشتووە، هێمای پیاوانە بۆ ئازایەتی کە بریتییە لە نێرەشێرێک لە هونەرەکەیدا بەرهەم دێتەوە. پرسیار لێرەدا ئەمەیە ئایا وشیاریی نەتەوەیی  بە تەنیا دەتوانێ پێکهێنەری فەلسەفەی کوردایەتی بۆ ڕزگاری بێ؟ کوردایەتی کە داخوازی لە سڕینەوەی پەیوەندییەکانی سوڵتە دەکا، تەنیا ناتوانێ لە ڕێگەی سازکردنی وشیاریی نەتەوەیییەوە ئامانجی کۆتاییی ڕزگاری بگا. بەتایبەت کە دەبیندرێ کۆمەڵگای کوردی لە قۆناغی گۆڕانکاری لە دامەزراوە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی خۆیدا بەرەبەرە لە نەریتەوە بەرەو جۆرێک لە نوێبوونەوە هەنگاو دەنێت.

پێکهاتەی گوندیی کوردستان لە پێش نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم جێی خۆی بە پێکهاتەیەکی شاری داوە و تیایدا سێ لەسەر چواری دانیشتووانی کوردستان لە شارەکان دەژین. ئاستی خوێندەواریی خەڵک و ڕێژەی بەشداریی ژنان لە کۆمەڵگادا بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ نیو سەدە لەمەوپێش بەراورد ناکرێ. کەواتە کوردایەتی دەبێ بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە بیر لە ڕابردووی بزووتنەوەیەک بکاتەوە کە جووڵەی لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا ساز کردووە. واتە تەنیا سازکردنی وشیاریی نەتەوەیی  ناتوانێ هەوڵ بۆ لابردنی هەموو ئەو ستەمانە بدا کە لە کۆمەڵگادا دەبیندرێ. ئەگەر کوردایەتی نەتوانێ وشیاریی نەتەوەیی  بەرەو سازکردنی وشیارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ببا، ناتوانێ تەنیا بە هەندێک باسی مافخوازانە و نیشاندانی ڕەسەنبوونی کولتووری کوردی، ئامانجی خۆی بەدی بهێنێت. کوردایەتی لە ڕاستیدا تێگەیشتنێکی سیاسییە بە مەبەستی سازکردنی دەوڵەت نەتەوە و ئەگەر ئیلیتی کورد ئەو دوورەمەودایە لەبەر چاو نەگرێ، هەوڵەکانی بۆ زیندووکردنەوە، دۆزینەوە، پاراستن و نیشاندانەوەی کولتووری کوردی بەفیڕۆ دەچێت. واتە ئەگەرچی ئیلیتی کورد ئەرکی بەرگری لە کولتووری کوردی بەئەستۆ گرتووە و “کاتێک کە بابەتێکی وەک ناسنامە دێتە گۆڕێ، سەرلێشێواویی خەڵکی ئاسایی بە ڕادەیەکە کە ڕووناکبیر ناچارە بۆ ڕێبەڕایەتیی هزری بزووتنەوەی ڕزگاریخواز، خۆی ئەرکی  دیاریکردنی ماکەکانی ناسنامە لە ئەستۆ بگرێت. ئەم ئەرکە قورسە زۆرتر بە ڕێگەی زیندووکردنەوەی زمان، وێژە، مێژوو و فۆلکلۆر دەکرێت، بەڵام ئەگەر نەخرێتە چوارچێوەیەکی سیاسییەوە، تەنیا جۆرێک جیاوازیی کولتووری بەرهەم دەهێنێت کە لە ڕووی ستراتیژیکەوە نەزۆکە.”[29]

بۆ بەسیاسیکردنی کوردایەتی پێویستە هەموو ڕەهەندەکانی ستەم و پەیوەندییەکانی سوڵتە لە کوردستان دەستنیشان بکرێ. هەنووکە پێویستە کوردایەتی نوێنەرایەتی هەموو ئەو چین و توێژانەی کۆمەڵگای کوردستان بکا کە ستەمیان لێ دەکرێ. دەکرێ ئەم روانگەیە وەک بیری کوردایەتیی ڕەخنەگرانە پێناسە بکەین. ئێدوارد سەعید کاتێک دەیهەوێ بۆچوونەکانی فانۆن سەبارەت بە ناسیۆنالیزم و کولتووری نەتەوەیی لە کتیبی نەگبەتەکانی سەر زەوی هەڵبسەنگێنێت، تێڕوانینی فانۆن وەک “ناسیۆنالیزمی ڕەخنەگرانە” پێناسە دەکا کە تیایدا “تا ئەو کاتەی وشیاریی نەتەوەیی  بۆ وشیاریی کۆمەڵایەتی  نەگۆڕدرێ داهاتوو ئازاد نابێ.”[30] بەم پێیە، ناکرێ چیتر پێمان وابێ تەنیا پێشمەرگە دەتوانێ ئەرکی ڕزگاریی کوردستان بەئەنجام بگەیەنێ و پێویستە لە ژنانەوە بگرە تا ژینگەدۆستان، لە کرێکارانەوە بگرە تا هاوسێکسخوازەکان، لە لایەنگرانی پێکەوەهەڵکردنی ئایینییەوە تا سێکۆلارەکان، بە ئامانجی سازبوونی دەوڵەت نەتەوەیەک لە کوردستان تێبکۆشن کە پشتگیری لە سڕینەوەی ستەم لەسەر هەموو ئاستەکان بکا. واتە بە شێوازێکی هاونرخ، هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی داخوازیی هەموو ئەو گرووپانە بکرێ کە لە کوردستان ستەمیان لێ دەکرێ.[31]



دەرەنجام

دیارە لێرەدا من نەمویستووە دژ بە کولتووری کوردی هەڵوێست بگرم. دەوری کولتوورێکی هاوبەش بۆ یەکڕیزی و هەستی گرێدراویەتی بۆ هەر کۆمەڵگایەک پێویستە. ئەوەی من ویستوومە نیشانی بدەم ئەمەیە کە کولتووری نەتەوەیی ناتوانێ لەسەر بنەمای هەموو ئەو ماکانە ساز بکرێتەوە کە لە ڕابردوودا هەبوون. بیرکردنەوە لە ڕەسەنایەتیی کولتووری کوردی و دۆزینەوەی کوردی ڕەسەن، تریفەیەکی پیرۆز (ئائۆرا)[32] بە دەوری کولتوورێکدا ساز دەکا کە هەندێک لە بەشەکانی دژ بە مۆدێڕنیتەن و ڕێگرن لەوەی کە بیری کوردایەتی بتوانێ ئامانجی ڕزگاری بپێکێ. کولتووری نەتەوەیی بە مانا کوردستانییەکەی دەبێ گرنگی بە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای کوردستان بدا و لە پەڕاوێزخستن خۆی بەدوور بگرێ. هەروەها ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو تەنیا بۆ سازکردنی شکۆیەک بۆ ئیستا کەڵکی هەیە، ئەگەرنا لاسایی کردنەوەی بزووتنەوەکانی ڕابردوو، گیرۆدەی نۆستالۆژیایەکمان دەکا کە دەربازبوون لێی ئەستەمە. ئەگەر لە ڕابردوودا سەرکەوتوو بووینایە، کار نەدەگەیشتە ئیستایەک کە لە بندەستیدا بژین. واتە کوردایەتی خوازیاری شۆڕشێکە کە چاوی لە داهاتووە. ئەم بیرۆکەیە ئەو ئیمکانەمان بۆ دەڕەخسێنێ کە ماکە پاشڤەڕۆکانی کولتووری کوردی ئاسانتر وەلا بنێین. چونکە کاتێک داخوازی ئەوەمان هەیە کوردایەتی فەلسەفەیەکی دژەستەمە، دەبێ لەوپەڕی پێشکەوتووخوازیدا دەستبەرداری مۆتەکەی پاشڤەڕۆیانەی ڕابردوو بین. ئەم شێوازە بەسیاسیکردنەی کوردایەتی لەو ئاکامە نەخوازراوەی بەکولتووریکردنی خەباتی کوردایەتی ڕزگارمان دەکا کە دەیهەوێ بە بیانووی پاراستنی کەلەپووری کوردی، مردووەکان زیندوو بکاتەوە.

نەریتی هەموو نەوەکانی ڕابردوو وەکوو مۆتەیەک لەسەر مێشکی زیندووەکان قورسایی دەکا… کەواتە زیندووکردنەوەی مردووەکان لە شۆڕشەکاندا بە مەبەستی شکۆدارکردنی خەباتە نوێیەکان بووە، نەک بۆ ئەوەی لاسایی خەباتەکانی ڕابردوو بکرێتەوە… بۆ سەرلەنوێ دۆزینەوەی ڕۆحی شۆڕش بووە نەک بۆ وەجووڵەخستنی ڕۆحی شۆڕش.[33]

بەکورتی، ئەگەرچی کولتووری هاوبەش دەتوانێ پێکەوە گرێمان بدا و لە بەرانبەر کولتووری کۆلۆنیالدا یارمەتیدەری سازبوونی ناسنامەی کوردی/کوردستانی بێ، بەڵام ئەم کولتوورە نەتەوەیییە ناتوانێ لە زەلکاوی ئەو بەها دژەمۆدێڕنانەدا جێ پێ خۆش بکا کە بە بیانووی ڕەسەنایەتی خۆیان خزاندووەتە ئیستاوە. واتە، شکۆی ڕابردوو، نابێ لەگەڵ داهاتووی سەربەخۆمان لە ناکۆکیدا بێ.

 

 

سەرچاوەکان

[1] Fanon, Frantz (1963), The Wretched of the Earth, tr. Constance Farrington (New York: Grove Press), 233

[2] Beckett, Samuel (2009), “The Unnamable,” in Three Novels: Molloy, Malone Dies, The Unnamable (New York: Grove Press), 337.

[3]  ئەردەڵان، سارۆ (٢٠١٩) “کۆردایەتی دژ بەکۆلۆنیالیزمی نێوخۆییە.” گۆڤاری تیشک ٥١:

[4] The past and History; See Jenkins, Keith (2003) Re-thinking History (London: Routledge).

[5] Marx, Karl (1972), The Eighteenth Brumaire of Louis Bonaparte (Moscow: Progress Publishers), 12-13.

[6]  بۆ ڕەخنەیەکی سەرنجڕاکێش سەبارەت بە مێژووڕوانی لە کوردستان بڕوانە:

کاوە، شەماڵ (٢٠٢١) “تارمایی مێژوو و هەقیقەت: چەند پەراوێزێک لەمەڕ مێژووڕوانی لە نووسینی کوردیدا،” پولیتیا ٣ (١): ٤-١٥.

[7] “Fetishism of the document”; See Jenkins, Re-thinking History, 3.

[8] نەبەز، جەمال (٢٠٠٨)، فەلسەفە و ڕامانی یارسانی لە فەرهەنگ و کۆمەڵگەی کوردەواریدا (دەقی سمینار لە یوتیبوری سوید)، ٨.

[9]  ئەردەڵان، سارۆ (٢٠١٩)، “کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر: چۆن ئێران توانیویەتی لە کوردستان هێژمونیی کولتووری ساز بکا؟” گۆڤاری تیشک ٥٢: ٢٤-٤٥.

[10] Limbert, John (1968), “The Origins and Appearance of the Kurds in Pre-Islamic Iran,” Iranian Studies 1 (2): 41-51.

[11] Paul, Ludwig (2008) “Kurdish Language i. History of the Kurdish Language,” Encyclopedia Iranica, Online accessed by https://iranicaonline.org/articles/kurdish-language-i

[12] Allison, Christine (2009), “Representations of Yezidism and Zoroastrianism in the Kurdish newspapers Hawar and Roja Nû.” in From Daena  to Dın: Religion, Kultur und Sprache der iranischen Welt, eds. C. Allison, A. Joisten-Pruschke and A. Wendtland (Wiesbaden: Harrassowitz), 285-9o.

[13] Szanto, Edith (2018) “Zoroaster was a Kurd: Neo-Zoroastrianism among the Iraqi Kurds,” Iran and the Caucasus 22: 98.

[14]  قادری، زەکەریا (٢٠١٨) عقل سیاسی ایرانی و هویت‌خواهی کردها (استکهلم: کتاب ارزان).

[15] Fanon, Frantz (1986), Black Skin, White Masks, tr. Charles Lam Markmann (London: Pluto Press, 1986), 224.

[16] Nativism

[17] Spivak, Gayatri Chakravorty (1988), “Can the Subaltern Speak?” In Colonial Discourse and Post-colonial Theory: A Reader, ed. Patrick Williams and Laura Chrisman (New York: Routledge), 66-111,

[18] Fanon, Black Skin, White Masks, 225.

[19] Williams, Patrick (1993), “Problems of post-colonialism,” Paragraph 16 (1): 101.

[20]  م. ح. [سەید محەمەد حەمیدی] (١٩٤٥)، “نویسندگان فارسی بخوانند،” هاواری کورد ١، ١٨-٢٣. هەروەها بڕوانە ئەردەڵان، “کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر،” ٣٤-٣٥.

[21]  کوردی [عەبدولکەریم سلێمانی] (١٩١٣)، “ئەسڵ و نەسەبی کورد” ڕۆژی کورد ٤ (گۆڤاری جڤاتی “هێڤی”ی قوتابیانی کورد)، ١٨. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە ئەردەڵان، کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر، ٣٤.

[22] پشدری، قادر محەمەد و ئەوانیتر (٢٠١٥)، مێژووی شارستانییەکان: پۆلی دەیەمی ئامادەیی وێژەیی (هەولێر: وەزارەتی پەروەردە)، ٢٣.

 [23] بڕوانە: shorturl.at/uGIZ9

[24] بۆ ڕوانگەیەکی نوێ سەبارەت بەوەی چۆن بەکولتووریکردن (culturalisation) دەتوانێ شێوازێکی ڕاسیستی بەرهەم بهێنێت، بڕوانە:

Ahmed, Saladdin (2015), “Culture as ‘Ways of Life’ or a Mask of Racism? Culturalisation and the Decline of Universalist Views,” Critical Race and Whiteness Studies 11 (1): 1-17.

[25] Vaziri, Mostafa (1993), Iran as Imagined Nation: The construction of national identity (New York: Paragon House), 207-12.

[26] سلێمانی، کەمال و ئەحمەد محەمەدپور (٢٠١٩)، “ئایا غەیرە فارسەکان دەتوانن قسە بکەن؟ گێڕانەوەی حاکمییەت لە ناسنامەی ئێرانی،” تیشک ٥٢: ٢٧٦-٣٠١.

[27] Cabi, Marouf (2021), “The duality of ‘official’ and ‘local’ in modern Iran: historical and intellectual foundations,” Middle Eastern Studies 57 (5). https://doi.org/10.1080/00263206.2021.1891892

[28] کیخسروی، فاروق (١٣٨٤)، “نظری به نقد پژوهشگر پرتلاش آقای خالد توكلی بر چشم انداز ايران،” چشم انداز ایران (دومین ویژەنامە کردستان). از طریق لینک: http://www.meisami.net/cheshm/Special/Kordestan02/13.htm#_ftnref12

[29] کەریمی، ئەییووب (٢٧١٨) “فەلسەفەی سیاسیی ناسنامە،” پولیتیا ١: ١٣.

[30] Said, Edward (1994), Culture and Imperialism (New York: Vintage Books), 267-78.

[31]  بڕوانە: ئەردەڵان، سارۆ (٢٠٢٠)، “دێموکراسیی ڕادیکاڵ و کوردایەتی: بەرەو خەباتێکی هێژمونیک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان،” تیشک ٥٥: ١٢٤-١٤٣.

[32] Benjamin, Walter (2005), “The work of Art in the Age of Mechanical Reproduction,” tr. Harry Zohn. http://pixels.filmtv.ucla.edu/gallery/web/julian_scaff/benjamin/

[33] Marx, The Eighteenth Brumaire of Louis Bonaparte, 10-12.

داگرتنی بابەت