ئارامتر بخوێنەوە
وتووێژ لەگەڵ
سەرۆ قادر
ساڵی 1960 لە شاری ڕانیە لەدایک بووە. باوکی، قادری مام عەلی، جووتیار بووە. دایکی، مریەم مەلا ئەسعەد لە خێزانێکی ئایینی گەورە بووە. ئەوکات هەردووکیان نەخوێندەوار بوون، بەڵام لە تەمەنی چل ساڵییاندا هەردووکیان لە ئاوارەییدا خۆیان فێری خوێندنەوە و نووسین کردووە.
باوکی لە ساڵی 1961ەوە بووە بە پێشمەرگە و ماڵی گواستووەتەوە دەشتی بیتوێن و، لە گوندی میراوا نیشتەجێ بووە.
لە تەمەنێکی بچووکدا نێردراوەتە حوجرە و، دوو ساڵان سوختە بووە. دوایی لە قوتابخانەی سەروچاوە ناوی خۆی تۆمار کردووە. خوێندنی بە پچڕپچڕی تەواو کردووە.
ساڵی 1974 ئاوارەی ئێران بوونە و، ساڵی 1991 لە ڕاپەڕیندا گەڕاوەتەوە کوردستان.
لە ساڵی 1981 لە ئێران بووە بە ئەندامی حیزبی شوعیی عێڕاق و، سەرپەرەشتی ڕێکخراوی ئەم حیزبە لەناو کوردە ئاوارەکان بووە. ساڵی 1984 بووەتە پێشمەرگە و، لە ڕاگەیاندنی ناوەندیی هەمان حیزب دەستبەکار بووە.
هەر لە شاخ ئەندامی کۆمەڵەی نووسەرانی کوردستان و، یەکێتیی نووسەرانی کورد بووە.
ساڵی 1991 وازی لە حیزبی شیوعی هێناوە و، ساڵی 1993 چووەتە ناو پارتی دیموکراتی کوردستانەوە. ساڵی 1994 دەزگای ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی (گوڵان)ی دامەزراندووە. ساڵی 2004 بەرپرسیاریەتیی مەکتەبی ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی گرتووەتە ئەستۆ. دوایین بەرپرسیاریەتیشی، سەرۆکایەتیی ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان- کوردستان IRDK ە.
ئەم کاتەتان باش کاک سەرۆ قادر، سپاس بۆ ئەوەی کاتتان تەرخان کرد کە لە نزیکەوە تاوتوێی هێندێک پرس و بابەت بکەین کە بۆ ئێمە و خوێنەرانی گۆڤارەکە جێگای پرسیار و سەرنجن. دەستپێکی گفتوگۆکە بەم پرسیارەوە دەست پێ دەکەین، پاش ڕاپەرینی ١٩٩١ لە بڕیارێکی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستاندا، داوای فێدرالیزم بۆ ئێراق دەکرێت، هۆکاری ئەو ئاڵوگۆڕە لە ئۆتۆنۆمییەوە بۆ فێدرالیزم چ بووە؟!
تەبعەن مەسەلەی موناقشەکردن لەسەر ئۆتۆنۆمیی ڕاستەقینە کە لە کاتی تێکۆشانی شاخ یان پێش ڕاپەرین، دروشمی سەرەکیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە باشوری کوردستان بوو، هەر لە دوای ساڵی ١٩٨٤ ەوە موناقشەی تێکەوت لەپێش بەرەی کوردستانی و دواتر لەناو بەرەی کوردستانیشدا، کە ئەو کات بارودۆخی دنیا و ئەو ئایەندەیەی کە بۆ عێراق پێشبینی دەکرا، کاتی ئەوە هاتبوو کە چاوێک بە دروشمی سەرەکیی بزووتنەوەکەدا بخشێندرێ. بەڵام ئەو کاتە یەکلا بووەوە کە بەرەی کوردستانی بە یەکدەستی لە ساڵی ١٩٩٢دا بڕیاری دا، پاش ئەوەی کە ساڵێک و شتێک بەسەر ڕاپەڕیندا تێپەڕی و بەرەی کوردستانی ئیدارەی کوردستانی بەڕێوە دەبرد، بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان لە سەرکردایەتیی سیاسیی بەرەی کوردستانی هەنگاوێکی زۆر ئاقڵانەیان هاویشت و ئەویش ئەوە بوو کە لە حاڵەتی شۆڕشگێڕی دەرچن و، ئەو حکومەتەی لە هەرێمی کوردستان دادەمەزرێت، حکومەت یان ئەوەی ئیدارە بەڕێوە دەبات، ناوەرۆکێکی قانوونی هەبێت و ناوێکی قانوونی بێت کە جێی بێتەوە، ئەوە بوو کە بڕیار درا هەڵبژاردن بکرێ. هەڵبژرادن کرا و پەرلەمان دروست کرا، پەرلەمان لە یاساکانی یەکەمی خۆیدا بڕیاری دا کە ئەوەی لە هەرێـمی کوردستان دەبێت، حکوومەت دەبێ، نەک بەڕێوبەرایەتیی ئۆتۆنۆمی کە لە زەمانی حیزبی بەعس هەبوو، لە هەمان کاتیشدا یەکلایییان کردەوە کە مەسەلەی ئۆتۆنۆمی قۆناغی تێپەڕیوە و دەبێ تێکڕای سیستەمی عێراق بگۆڕدرێت و، ببێت بە سیستەمێکی فێدڕاڵی و لە کوردستانیش دەبێتە حکومەتێکی فێدڕاڵی کە دەسەڵاتی بەسەر هەموو دامودەزگا و سنووری جوغڕافیاییی کوردستاندا دەڕوا.
بەم هەنگاوە، کوردستان عێراقی داخیلی قۆناغێکی نوێ کرد. لە زەمانی پێش ١٩٩٢ دا، ئێمە داوای ئۆتۆنۆمیمان دەکرد و، ئەو ئۆتۆنۆمییە چەندی دەسەڵاتیشی هەبووایە، عێراق هەر مەرکەزی بوو، کە لە یاسای بنەڕەتیی عێراقدا، عێراق دەوڵەتێکی مەرکەزی بوو و هێدنێک مافی نەتەوەیی و خۆبەڕێوەبردن دەدا بە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی کە پێی دەگوترا کوردستان. بەڵام کاتێک کە دەبێت بە فێدڕاڵێ، فێدڕاڵیزم خودی سیستەم بە گشتی تەعریفێکی دیکە وەردەگرێ و تەقسیمی دەسەڵاتی ناوخۆیی دەکرێ و، هێندێک دەسەڵاتی دەرەکیش دەدرێ بە ژمارەیەک لە حکومەتەکانی فێدڕاڵی، ئەگەر زۆر بن، بەڵام تەبیعەتی عێراق وایکرد کە ئەو ڕاگەیاندنە یەک لایانە بوو جاری یەکەم، ئەویش هەرێمی کوردستان ١٩٩٢ تا ٢٠٠٤ ئەو کاتەی کە مەجلیسی حوکم یاسای عێراقی دانا و تا ئەو کاتی کوردستان یەک لایەنە فێدڕاڵی خۆی ڕاگەیاند و عێراقیکی مەرکەزی ئێعترافی بە هەرێمی کوردستان نەدەکرد، بەڵکوو ئەوە دەستێوەردان یا تەداخولێکی نێودەوڵەتی بوو بۆ پاراستنی کوردستان و چیرۆکەکە لە بێ قانوونییان بوو، ئەوەش دیارە، وایکرد کە عێراق بوو بە دوو حکومەت، حکومەتێک لە هەرێمی کوردستان کە ناوی لە خۆی نابوو قانوونی و، پەرلەمانی هەبوو و بەشێکی زۆر لە یاساکانی عێراقی هەڵپەسارد و یاسا و ڕێڕەوی نوێی گرتەبەر کە لە ڕاستیدا پێی دەڵێن دەوڵەتێکی دیفاکتۆ، بەڵام ئەم دەوڵەتە حەقی سەروەریی پێ نەدراوە لەو کاتەدا.
تەنانەت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوکات سوپا و ئیدارەی خۆی هەبوو و، هیچ پێوەندیی لەگەڵ عێراق نەمابوو و تەنانەت دراوی کوردستانیش شێوەکەی لە دراوی عێراقی جیاواز بوو. ئێمە لێرە پابەند بووین بە دراوی سویسریی کۆن، بەڵام وەکوو بەشێک لە عێراق کە لەژێر حیمایەی نێودەوڵەتیدا بوو تا ٢٠٠٣ لە پارێزگاریی نێودەوڵەتیدا بوو و لە دوای ٢٠٠٣ ەوە هەر ئەو حکومەتە بوو بە هاوکاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی بەعس لە عێراق، داخیلی قۆناغێکی نوێ بووین.
ئاخیر قسەم لەسەر ئەو مەوزووعە، هەرێمی کوردستان تەعریفی ناوەرۆکەکەی زۆر زیاترە لەو پێستە قانوونی و ڕەواڵەتەی کە هەیەتی و، پێی دەوترێ هەرێمێکی فێدڕاڵی و دواتر دەگەینە سەر ئەو باسەش.
پرسیار
لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ڕەنگە ئەوە یەکەم حکومەت بێ کە بە شێوەی فێدڕاڵی بەڕێوە دەچێت، ئایا پێتان وایە کە ئەم ئەزموونە سەرکەوتوو بووە؟
ئەگەر داینێین وەکوو هەنگاوێک کە کوردستان بەسەر عێراقیدا سەپاند و، مێژووی عێراق مێژوویەکە کە لە سەرەتاوە پڕە لە دژبەری کە لەنێوان کورد و عەڕەب دروست بووە، دژبەری بە مانای دژایەتیی دوو میللەت نا، بەڵکوو میللەتی عەڕەب وەکوو ئێمەی کورد زۆر بەرینە و زۆر بێقسوورن لەوەی کە کورد بە عێراقەوە لکێندراوە و ئەوان نە داوایان کردووە و، نە ڕۆژێکیش لە مێژووی سەد ساڵەی عێراقدا گەلی عەڕەب لە عێراق سەرباری هەموو ئەو ڕێژیمانەی کە بەسەریاندا هاتوون و دوایینیان کە ڕێژیمێکی زۆر توندوتیژ بوو و ڕێژیمێکی فاشیستی بوو بە مانای نیزام لە عێراقدا، گەلی عێراق بە دژی کورد نەوەستاوەتەوە، ئەوەی دەوەستا، دەوڵەتی عێراق و سوپای عێراقی بوو، بۆیە کاتێک کە کوردستان لە لای خۆیەوە بڕیاری فێدڕاڵیزمی دا، نیزامی عێراقی داخیلی قۆناغێکی نوێ کرد، وەکوو ئاماژەمان پێ کرد. هیچ کاردانەوەیەکی نەرێنی لە لایەن بزووتنەوەی سیاسیی عێراقی بەو شێوەیە نەبوو، ڕەنگە هێندێک موناقشە هەبووبێ تا تێدەگەن ئەو نیزامە نوێیە لە عێراق چییە، ماوەیەکی ویستبێ، بەڵام دوایی پێش ئەوەی عێراق بڕووخێت، قەبوڵیان کرد. دواییش کە ڕێژیمی بەعس ڕووخا، بینیمان میللەتی عێراق بە چاوێکی زۆر ئەرێنییەوە تەماشای هەرێمی کوردستانیان کرد. ئەزموونەکە لەم ڕووەوە سەرکەوتووە، لە ڕوویەکی دیکەشەوە پێشەنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای نەتەوەییی توندڕۆ و ئایینیی توندڕۆ دامەزراوە، کوردستان ئەو کلیشە یان ئەو قاڵبە سەختە بۆ ئەو کات نیزیک بە هەشتا ساڵەیەی شکاند و ناچاری کردن کە داخیلی نیزامێکی نەرمتر و کاراتر و پەسەندتر بن. لەم ڕووەوە بەڵێ سەرکەوتنێکی زۆرە بۆ عێراق و بۆ کوردستان و هیز و توانایییەکەی یەکەم جار ئی ڕوانگەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانە کە لە واقعبینیدایە. دووەم، حەقانییەتی کێشەی کورد و ئەو پاشخانە نێودەوڵەتییە بەهێزەیە کە پشتیوانیەتی، هێزی ئەوی نیشان دا کە لەگەڵ کورد، عێراقیان داخیلی قۆناغێکی نوێ کرد. تەبعەن عێراقی سەدام حوسێن داخیل نەبوو، بەڵکوو کورد بوو بە بەشێکی کاریگەر بۆ لەناوبردنی سەدام. کە واتا جێبەجێ کردنی بۆ کورد کارێکی ئاسان نەبوو، ماوەیەک ماندوو بوو تا بزووتنەوەی سیاسی و ئۆپۆزیسۆنی عێراقی باوەڕیان بە فێدڕاڵیزم هێنا و دوایی کوردستان ناچار بوو لە ماوەی یازدە ساڵدا بە شێوەی زۆر سەخت بە هاوکاریی نێودەوڵەتی خۆی لە دەست عێراق بپارێزێت و لە ٢٠٠٣ دا کە پێوەندیی نێوان عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا گەیشتە ئەوەی کە شەڕ ڕوو بدات، کوردستان و هەرێمی کوردستان بڕیارێکی زۆر جەسوورانە و ئازایانەی دا، ئەویش ئەوەیە کە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کەوتە لەناوبردنی ئەو ڕێژیمەی عێراق، کە ئەوکات ئەگەر و نەگەر زۆر بوو، کە ئەگەر نەڕووخا و مایەوە وەکوو جاری یەکەم کە لێی درا و وەستێندرا و دواتر لە ١٩٩١، ئەو دۆخە هاتە گۆڕێ، یان ئەگەری ئەوە کە وڵاتانی دیکە لەسەری وەجواب بێن یان چەکی کیمیایی بەکار بێنێت و هەموو ئەو ئەگەرانە هەبوون، سەرباری ئەوەش بڕیارێکی زۆر واقعییانە و بەجورئەتەوە بوو کە گەلی کوردستان جێبەجێی کرد و، بووە هۆی ئەوەی کە عێراق تێک شکێندرا. ئەگەر عێراق نەڕووخابا، فێدڕاڵیزمی وەکوو نیزام قەبووڵ نەبوو، کە حکوومەتی عێراق ڕووخا، بەشێکی زۆر لە پایەکانی دەوڵەتی عێراقیش ڕووخان، لە فەرهەنگی سیاسیی فارسی یا ئێرانیدا حکومەت و دەوڵەت جێگۆڕکێیان پێ دەکرێ، ئەوەی کە لێرە پێی ئەوترێ دەوڵەت، لای ئێوە حکومەتە و هتد… ، ئەوە بوو کە بەشێک لە پایەکانی دەوڵەتی عێراقی وەکوو سوپا، پەرلەمان و قانوونەکانی و… هەمووی داڕمان و هەمووی هەڵوەشێندرانەوە و، تەقریبەن شتێک نەمابوو کە پێی بوترێ عێراق و تەنیا ئەو سنوورە جوغڕافیایییە نەبێ کە ئەمریکا سەرپەرەشتی دەکرد و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بە ناوی حکومەتی کاتیی عێراقی کە پۆل بریمەر بەڕێوەی دەبرد و، مەجلسێکی بۆ دروست کرد بە ناوی مەجلیسی حوکم یا فەرمانڕەوایی کە لە لایەنە ئێتنیکی و سیاسی و شۆڕشگێڕەکانی عێراقی پێک هاتبوو و یاسایەکیان داهێنا بە ناوی یاسای بنەڕەتیی کاتی کە هەموو ئەو خواستانەی ئێستای کورد هەیەتی و هێندێکی جێبەجێ نەکراوە، لە یاسای کاتیدا عێراقی نوێ دانی پێدا نابوو. چیرۆکی فێدڕاڵیزم، چیرۆکێکی ئەوایە لای ئێمە، کە بەئاسانی نەکرا، بە شەڕ کرا، بە مەنتق کرا و بە لێوردبوونەوە و قانوونی کرا، چونکە کارێکی زەحمەتە، میللەتێک کە ژێردەستە و دوایی حکومەتێکی هەرێمی پێک دێنێت کە بەشێک لە نیزامێکی فاشیست بووە، هەڵبەت ئێمە بەشێک نەبووین لە نیزام، بەشێك بووین لە دەوڵەتی عێراقی و، ئەو دەوڵەتە دژی هەرێمی کوردستان دەبێت، کە ئەو یارییە نێودەوڵەتی و ناوخۆیییە یارییەکی ئاڵۆز، بەڵام بەدیقەت بوو کە سەرەنجام کوردستان تێیدا سەرکەوت و دەوڵەتی عێراقی تێیدا ڕووخا و، پاشان ئەو قۆناغە نوێیە دەستی پێکرد کە هەرێمی کوردستان وەکوو هەرێمێکی فێدڕاڵییە، بەڵام بەو تەعریفەی کە بۆی دەکەین و دنیا و عێراقیش قەبووڵی کردووە و لە یاسای بنەڕەتی عێراقیشدا هەیە.
دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکوو حکومەتێکی فێدڕاڵی-ناوچەیی لەنێو پێستی فێدڕاڵیزمدا ناگونجێت، هەر بۆیەش کێشەمان لەگەڵ عێراق زیاترە، بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکانی، دەسەڵاتی حکومەتی کۆنفێدڕاڵین، کە دوو حکومەتی بەرابەر، بەیەکەوە دەوڵەتێک بەڕێوە دەبەن کە حەق و حقوقیان دیاریکراو و جیاوازن، ئەو بەرەنگارییە کە نزیکەی حەڤدە تا هەژدە ساڵ لە بەینی هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەبووە، عێرقی داخیلی قۆناغێکی نوێ کرد و، بە واقع دنیا هەمووی وا دەڵێت کە عێراقێک هەیە و دوو حکومەت و دوو پایتەختی هەیە، کە پایتەختێکیان هەولێرە و، پایتەختەکەی دیکەی کە بەغدایە، حکومەتێکە کە تێک چنراوە و دەگەڵ شەڕی مەزهەبی و تایفی و لە هێندێک شوێن شەڕی نەتەوەیی لە دژی نەتەوەی کورد و تەنانەت شەڕی دینیش لە دژی دینە بچووکەکان بەرەوڕوویە، لە ڕووی تێئۆریشەوە ئەم حکوومەتەی کە ئەم حیزبانە پێکی دێنن، بەشێکی زۆریان لە لیستی تێرۆردان و، بەشەکەی دیکەی هەر هەموویان سەر بە ئێرانن و، ئێران لە بەرەنگارییەکی بەردەوامدایە لەگەڵ ڕۆژئاڤا و بەتایبەتی لەگەڵ ئەمریکا. دیسان وەزعێکی ئاڵۆز لە حکوومەتی بەغدادا هەیە کە بەشی عەرەبی عێراق بەڕێوە دەبات و حکومەتێکە زۆر پاک نییە، لەبەر ئەوەی بەشێک لە حیزبەکان و سەرکردەکانی لەنێو تیرۆر و لیستی تیرۆردان، دەبن بە وەزیر یان ئەندام پەرلەمان و… و ئەمە دەبێت یەکلا بێتەوە.
هەرێمی کوردستان سەرباری هەموو کەموکووڕییەکان کە لە کەمتەجرووبەیی لە بەڕێوەبردنی ناوخۆییدا هەیبێت، لە بەردەوام بوون لەو هەنگاوە واقعبینانەی خۆیدا سەرکەوتوو بووە. ئێمە دەبێ کێشەکانی هەرێمی کوردستان لێک جیا بکەینەوە، ڕوانگەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە هەرێمی کوردستان، ڕوانگەیەکی واقعبینانەیە و، لەسەر ئەساسی تێکەڵبوونە لەگەڵ ڕۆژئاڤا، هەرێمی کوردستان زۆر بە فراوانی لەگەڵ کارشناس و یاساناس و سیاسەتمەدار و ئەو ناوەندانەی کە بیر دەکەنەوە و نیزیکن لە بەڕێوربردنی دەوڵەتانی ڕۆژئاڤا لە ئەمریکا و فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و بە گشتی ئەورووپا، تێکەڵە. ئەوەش گرینگە و وای کردووە کە لینکی جیاجیا لە بەینی بیرکردنەوەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕۆژئاڤا هەبێت، بۆیە هیچ هەنگاوێک یەکلایەنە نەهاویشتراوە کە گفتگۆ یان دیبەیتێکی زۆری لەسەر نەکرێ، جا چ بە شێوەی شاراوە و چ بە شێوەی ئاشکرا بێ. ئێستا گەیشتووەتە بواری کۆمەڵگای مەدەنی لە بەینی هەرێمی کوردستان و ئەو دەوڵەتانەدا، ئەوان نوێنەرایەتییان هەیە لە خوێندنی بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و لە دەوڵەتانی ڕۆژئاڤایی و ئەوە وای کردووە کە ئێمە زۆر واقعبین بین.
تەقریبەن ڕوانگەی ئێمە یەکلایی بووەتەوە کە ڕوانگەیەکی سێکۆلاری هێمنە و، ڕوانگەیەکی دینی نییە و ڕوانگەیەکی نەتەوەییی زۆر توندیش نییە و هەر ئەوەش پەسەندی جیهانی وەرگرتووە، ئەمن پێم وایە تەبیعەتی هەرێمی کوردستان هەمووی باشە، چونکە تەنیا کورد لە کوردستان ناژیت، ئەوە وایکردووە کە حکومەتی هەولێر بە پێچەوانەی حکومەتی بەغدا، حکومەتێکی جێی متمانە و هاوپەیمانی بەردەوامی ڕۆژئاڤا بێت. ئەو هاوپەیمانییە لە دوای ٢٠٠٣ خێری بۆ دنیا هەبوو، سەیر کەن عێراق زۆر زوو کەوتە بەرەنگاربوونەوەی هاوپەیمانان و دەستیان کرد بە کوشت و کوشتاری یەکتر، بەڵام کوردستان لەو بەینەدا بە پشتیوانیی ڕۆژئاڤا مایەوە. هێز و دیپڵۆمات و هاوڵاتییانی ڕۆژئاڤایی کە سەردانی عێراق و کوردستانیان دەکرد، کە دەهاتنە کوردستان، وڵاتێکی ئارام و ئازاد و بێکێشەیان دەبینی. ڕاستە هێندێک کێشەی سونەتیمان هەیە، بەڵام کێشەی سیاسی و ڕوانگە و دژایەتی کردنی ڕۆژئاڤا و کێشەی دینی و کێشەی خەڵکی بیانی و ئەوەمان نەبوو. سەرباز و ژەنەڕاڵی ئەمریکی بۆ ئەوەی ئیستڕاحەت بکەن لە شەڕ لەگەڵ عێراقی بەغدا، دەهاتن بۆ کوردستان و دەچوون بۆ چیای هەڵگورد، کۆڕەک، مەتین و دەهاتنە شەقڵاوە و مێرگەپان و….. لەگەڵ پێشمەرگە و لێپرسراوانی هەرێمی کوردستان کاتی ئیستراحەتی خۆیان دەبردە سەر. ئەوەش دەبوو بە دەرفەتێک لە نێوانیاندا بۆ باس و دیبەیت. بەشێک لەوانە کە گەڕاونەتەوە بۆ ئەمریکا، ئێستا سێناتۆر یان وەزیر یان سەرمایەداری زۆر گەورەن، هێندێکیان ڕاستە سەرباز نەبوون، بەڵام دەهاتنە ئێرە دەمانەوە، و دۆستی زۆر نزیک و واقعبینی کورد بوون، وەکوو “جۆو بایدن”، بە دڵنیایییەوە سەفەرەکانی جۆو بایدنتان بینیوە کە سەردانی پەرلەمانی کوردستان و کۆمەڵگای مەدەنی دەکا کە وەکوو سێناتۆرێک ئەوکات دەهات.
ئەوە وایکرد کە دۆستایەتییەکە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا لە لایەک و، لە لایەکی ترەوە لۆبییەکی موننەزەمی ئەمریکا و ئەورووپا بۆ دۆستایەتیی ئەو میللەتەی کە ناسییان، دروست ببێت. ئەگەر جاران سەرۆکی ئەمریکا بە دەستپێشخەریی فڕانسوا میتران یان ڕۆشەنبیرانی کاریگەری ناو فەڕەنسا، دەوڵەتی فەڕانسەیان هان دەدا بۆ ئەوەی کە ساڵی ١٩٩١ قەراری ٦ -٨- ٨ دەر بکرێ بۆ پاراستنی کوردستان و دەستێوەردانی مرۆیی، ئێستا گەلێک فراوان بوو، لەنێو ئەمریکا ئەو سەربازانە ئەوەندە زۆر بوون، هەموویان ئێستا بوونەتە دۆستی کورد و، هەمووی ئەوانە وایانکردووە کە ئێستا حکومەتی ئەمریکا بەئاسانی نەتوانێ سیاسەتی خۆی لە کوردستان بگۆڕی.
ئێمە لە کاتی سەرۆکایەتیی تڕامپدا بینیمان کە دەیویست هێندێک پاشەکشە لە کوردستان بکات کە ئەمریکییەکان خۆیان پێشیان پێ گرت. ئەگەر من زۆر موبالغە نەکەم، کاتێک کە تڕامپ لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەوە، سەنای ئەمریکا ئەو باوەڕەیان پێ نەدا بەتەنیا لەگەڵ ئەردۆغان دابنیشێت، نەکا بڕیاری خراپ بدات. ژمارەیەک سێناتۆری دۆستی کوردیان لەگەڵ دانان و قسەکان و دەربڕینەکانیش سێناتۆرەکانی دۆستی کورد بەرانبەر بە تورکیا و ئێران تەقریبەن لەجیاتیی سەرۆککۆمار بە توندی قسەیان کرد کە بوو بە مایەی ئیخلال لەناو کۆشکی سپی و هێندێک لەوانە وەکوو وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوە و جان بۆڵتۆنی ڕاوێژکار، هەمووی ئەوانە لە دوای ٢٠٠٣ ەوە دروست بوو، کاتێک بینییان میللەتێک کە غەدری لێ کراوە و غەدرێکی هێندە قورس کە بە قانوونی نێودەوڵەتییەوە بەستراوەتەوە کە بەئاسانی گۆڕانی بەسەردا نایەت. بۆ ئەوەی لەنێوان پاراستنی قانوونی نێودەوڵەتی و ئەو ئەسارەتەی کە تووشی کورد بووە، باڵانسێک دروست کەن، ئەم حاڵەتەی ئێستایان دروست کردووە.
ببوورە کە زۆرم درێژ کردەوە، بەڵام عێراق داخیلی ئەم دوو حکومەتە بوو کە زۆر لێک جیاوازن، حکومەتێکی بەغدا، کە پڕە لە کێشەی ئیقلیمی و جیهانی و ڕوانگەی دینی و نیشتمانی، ئەگەر نموونە بێنمەوە، لە بەغدا هەموو باڕ و هۆتێلەکانی توریستییان داخست، خەڵکی دنیا دەیانبینی کە جەماعەتی سەدر و جەماعەتی مالیکی چۆن هێندێ لە شەقامەکانی بەغدا لێشاوی مەشڕووباتی ئەلکۆڵیان لێ شکاندن و، هۆتێلەکانیان مەحدوود کردن. ژن نابێ بە ئازادی بێتە دەرەوە، شوێنەکانی کافە و باڕ و نادییەکانی شەوانە کە خەڵک لەوێدا ڕەقس و شاییان دەکرد، داخران و، هەروەها کەوتنە کوشتنی ژنان، گۆرانیبێژەکان و ئەو گەنجانەی کە وا مۆدی نوێ دەبەر دەکەن، دواتر کوشتنی ئەو کەسانەی بە ژن و پیاوەوە کە ناسنامەی جیاوازیان هەیە.
لە کوردستان بە پێچەوانەی ئەوە بوو، ڕێگە بە هەموو ئەوانە لە چوارچێوەی قانوون و کۆمەڵگای مەدەنی درا، نەک بۆ تجارەت و….، ڕاستە تەواومان نەکردووە، لەبەر ئەوەی کە نیزامی ئێمە ئەگەر بیهەوێ لە سونەتەوە بەرەو مۆدێرنیتە پێش بکەوێ، ئەوە کارێکی قورسە و کەموکووڕیشمان هەیە. نامهەوێ پاساوی بۆ بێنمەوە، بەڵام هەنگاوەکان بەردەوامن و یاساکانی هەرێمی کوردستان ماویەتی کە کامڵ بێت، بەڵام یاساکان زۆر مەدەنین. لە مەسەلەی ژنان، بەرابەریی دینەکان، پێکهاتەکانی کوردستان، لە مافەکانی مرۆڤ و هتد…. خۆی ئەوەی کە مافی مرۆڤ بەشێک لە ژیانی ئێمەیە، ئەوە زۆر ئومێدبەخشە و کەم نییە. بۆ نموونە دوای ئیسڕاییل تاکە پایتەختی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوروبەریشی، کە کۆنسوڵەکان بەتایبەتی کۆنسوڵی ئەمریکا و یەکیەتیی ئەورووپا ساڵانە لە ڕۆژی دیفاع کردن لە هێمۆسێکسواڵەکان(هاوجنسخوازەکان) ئاڵاکەیان هەڵدەدەن و دێن لەبەردەمی ڕاگەیاندن قسە دەکەن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەعامولیان لەگەڵ دەکا کە وەکوو ئینسان دیفاع بکەن. ئەوە نموونەیەکە لە بەرەوپێشچوونی ئینسانییەت لە هەرێمی کوردستاندا، لە حاڵێکدا لە بەغدا خەریکە دەیانکوژن، ئەوەیە کە ئێستا عێراق لەو حاڵەتەدایە.
پرسیار
لە کۆبەندی قسەکانتاندا فەرمووتان کە لە ئەساسدا ئەزموونێکی سەرکەوتوو بووە و ئێستاش هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر جار سەرنجمان داوە کە لە ئەدەبییاتی سیاسیی باشووردا، زۆر جار باس لە چەمکی عێراقی نوێ دەکەن. عێراقی نوێ بۆ ئێوە دنیایەکی جیاواز و دڵخۆشکەرە یان هەر وەکوو چاوەڕوانی لێی دەڕوانن؟ ئەوەی کە باستان کرد ئەزموونێکی سەرکەوتوو بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا دوو حکومەت و دوو پایتەختی لێک جیاوازن، ئەگەر سەرکەوتوو بووە، بۆچی لەگەڵ بەغدا ناحاوێنەوە و، بۆچی بەرەو ڕێفڕاندۆم چوون ؟
سەرکەوتوو بووە لەوەی کە ئێمە لە عێراقێکی مەرکەزی و فاشیستی کە لە دوای ساڵێ ١٩٠٨ کە ئینگلیسەکان، عوسمانییەکانیان لە عێراق شکاند و لە کۆتاییی ١٩١٨ داخیلی سلێمانی بوون و هەموو هەرێـمی کوردستانی ئێستایان کەوتە بەردەست. کارشناسەکانی سیاسی-نیزامیی ئینگلیس و بەتۆبزی گەلی کوردیان بە عێراقێکەوە لکاند و لە کوردیشیان نەپرسی، ئەم عێراقە بە پێی مێژووی خۆی بە شێوەیەکی مەرکەزیی زاڵمانە، مەرکەزییەتەکەی وا تەرجومە دەکرد کە دەبێ هەموو پێکهاتەکانی عێراقی و هەموو دانیشتووانی عێراق بتوێنەوە لە عێراقێکی عەرەبیدا، چونکە کۆلۆنیالیزمی ئینگلیس کە عیراقیان دروست کرد، عێراقێکی عەڕەبییان دروست کرد، ناویان لێ نا و بەردەوام تا ساڵێ ١٩٩١ پشتیوانییان کرد.
ئێستا بەو چیرۆکەی کە من بۆم باس کردن، ئەمە عاقیبەتی عەداڵەتی دۆزی کوردستان بوو و هەروەها مەنتقی واقعبینانەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان، بە هەموو کێشە و کەموکووڕییەکانییەوە، بەڵام دەبێ ئێمە شتەکان لە یەک جیا بکەینەوە و، ئەو گۆڕانکارییانە بوون کە لە نەتیجەی سیاسەتی دەوڵەتێکی مەرکەزی-فاشیستی لە عێراقدا شەڕی تووشی ناوچەکە کرد. شەڕەکان دیارن کە لە نەهایەتدا بوون بە عاملی یارمەتیدەر بۆ ئەوەی کە دەوری کورد لە عێراق و ناوچەکە بەهێزتر بێت و فایلێکی نوێ بێتە سەر مێز. کە میللەتێک هەیە کە خەڵکانێک ئیشیان بۆ کردووە و دەبێ لە مێژووی خۆماندا قەت بزریان نەکەین. کە وایانکرد لە ئەورووپا و لە ئەمریکا فایلێک یان دۆسیەیەک بێتەوە سەر مێزی سەرۆکەکان کە دوای کێشەی یەهوود کە تا دوای شەڕی دووهەمی جیهانی لەکەیێکی نەنگ بوو بە نێوچاوانی ڕۆژئاڤاوە، لە کوشتنی میللەتێک لەبەر دینەکەی(مەبەستم یەهوود)، کێشەی دووهەم کە تا ئێستا بەردەوامە، میللەتێک هەیە کە دانیشتووانی زیاتر لە پەنجا میلیۆن کەس تێدەپەڕێ و دابەش بووە بەسەر چوار وڵاتدا کە وەکوو ئانتی سمیتیزم یا ئیبادەکردنی یەهوود و، بگرە خەراپتریش، کە دنیا لێی بێدەنگە و خۆیان ئەم چارەنووسەیان هەڵنەبژاردووە، ئەوە کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیا و فەڕەنسا بوو، کاتێک عوسمانییەکانیان لەناو برد، ئەم چارەنووسەیان لە نەتیجەی ڕوانگەی ئەوکاتیان بۆ میللەتی کورد، تووشی میللەتی کوردیان کرد. کە ئەمەش بۆخۆی باسێکی دیکەیە کە بۆچی فەڕەنسا و بەریتانیا ئەم میللەتەیان سزا دا و، ئەوە سزایەکی زۆر نائینسانی بوو کە ئێمەیان دە کۆیلەتیدا هێشتەوە.
ژمارەیەک لە ڕۆشەنبیری گەلی ئەورووپی دەوریان هەبوو کە دوای ئەوەی سەدام شەڕی ٨ ساڵەی دەست پێکرد و، دوای شەڕی کەنداو کە سەر و سیمای عێراق دەرکەوت کە دەوڵەتێکی فاشیستییە لەناو دەوڵەتێکی ئیسلامی-عەرەبیدا، و مەسەلەی ئەنفال لە کوردستاندا کە ژینۆسایدە و لە دنیادا بڵاو بووەوە، ئەوجار ئەم واقعبینییە کە لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستاندا هەبوو، بە شێوەیەک کە دایمە باوەشی کردبووەوە کە گوێمان لێ بگرن کە قەزیەیەکی عادل هەیە تا بۆتان باس کەین، ئێستا لە ١٩٩١ بۆ ئەولاوە ئەو گوێ ناشنەوایەی ڕۆژئاڤا کەمێک کرایەوە کە گوێ لە کورد بگرن لە نەتیجەی کاریگەریی ئەو ڕۆشەنبیرە ناسراوانە کە لە دەوری سەرۆک و حیزبە کەریگەرکانی ناو ئەورووپا بوون.
ئێمە دەبووایە زۆر واقعبین بین، ئەگەر لە ماوەی ١٩٩١ بۆ ٢٠٠٣ یەکلایەنە لە عێراق جیا بباینەوە، تێک دەشکاین. چونکە نەک هەر پشتیوانی نەدەکراین، بەڵکوو لەم دوازدە ساڵەدا بەردەوام لەژێر گەمارۆی نێودەوڵەتیدا دەبووین، وەکوو عێراق ئێمەشیان گەمارۆ دەدا. بۆ نموونە تەنانەت پاسپۆرتیشمان نەبوو و کورد بۆی نەبوو بەئاسانی سەفەر بکات و، پێداویستییەکانی ڕۆژانە تەنیا لە چوارچێوەی کاری نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوو و مەعامەلە یا دانوستانی نەوت بەرانبەر بە خۆراک بۆ کوردستان دەهات، و هێندێک جار حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هۆی دۆستایەتی و فشاری ئەو دۆخە تایبەتە کە زۆر سەخت بوو، هێندێک کاڵای تایبەتیی داخیلی کوردستان دەکرا. هەندێک جار لە سنووری ئیبڕاهیم خەلیل حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو دۆستایەتی و فشار و بەو وەزعییەتە تایبەتییەی کە هەبوو، هەندێ کاڵای تایبەتی داخل ئەکات، بەڵام بۆ نموونە بە درێژاییی ١٢ ساڵ تورکیە نەیهێشت یەک سێری کۆمپیۆتەر داخیلی کوردستان بێت تا کۆمپیۆتەرێک ئەهات بە ڕێی قاچاخ و بەرتیل و… بۆیە خۆ تا ٢٠٠٣ لە کوردستان سیستمی کۆمپیۆتەر، سیستمێکی کامڵ نەبوو، دەبوو یەکیەک و دوودوو لە ئێران و تورکیەوە بیهێنن، دەرمان هەر دەبووایە نەتەوە یەکگرتووەکان بیهێنن، لەژێر گەمارۆدا بووین، باشە ئەگەر دەوڵەتمان ئیعلام کردبایە چ دەبوو؟ کەی گەمارۆ لەسەر ئێمە لاچوو؟، لە ٢٠٠٣ کە لەسەر عێراق لاچوو، ئەو کاتەی دەوڵەتی فاشیستی بەعس ڕووخا، ئەو کاتەیە کە گەشانەوە لە کوردستان دەستی پێکرد و بەو چڕوپڕییەی کە من بۆم باس کردی لەگەڵ ڕۆژئاڤا، گەشانەوە دەستی پێکرد و کوردستان بە شێوەیەکی سەربەخۆ بیری لە گەشەپێدانی خۆی کردەوە، لە لایەکەوە گەشەیەکی سەریعی کرد و بۆ یەکەمین جار سەروەتی کوردستان بۆ کوردستان گەڕایەوە، ژیانی خەڵک بووژایەوە و خەڵک داخیلی قۆناغێکی نوێ بوون، ئەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ ڕۆژئاڤا هەبوو، دەرگای خۆیان کردەوە کە بۆ عێراقیشیان کردبووەوە، بەس عێراق بۆخۆیان لە بیری مەزهەبی و ئێران و سوریە و ئەو شتانەدا بوون، پەیوەندییان بە داعشەوە هەبوو کە دوایی لە گیانی خۆیان بەربوو، کورد زۆر سادقانە هەم دژی تیرۆر بوو، هەم دەیهەویست دەسەڵاتەکەی خۆی بپارێزێ، کۆمەڵگای نێودەولەتی بڕیاریان دا کەمێک شلی بکەن بۆ هەرێمی کوردستان، وەک شاندی سیاسی دەهاتنە هەرێمی کوردستان، بەبێ ئیزنی عێراق، بەبێ ئەوەی سەردانی عێراق بکەن. دوایی وای لێهات هەر سەرۆک و وەزیرێکی بێتە عێراق، دەبێ بچێتە هەر دوو پایتەختەکە، ناکرێ بۆ یەکیان بێت. هەندێک جار لە کاتی شەڕی دژی تیرۆر و داعشدا کە کوردستان لە دوو پارچەی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستاندا بە هەموو جیاوازییەکانیان، قارەمانانە داعشیان تێک شکاند، هەر وەکوو ئەوانەی کە لە زمانی ئەمریکییەکانەوە ڕۆژانە لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن دەڵێن کە ئێمە قەرزداری ئەو قارەمانەتییە و پابەندییەی کوردین بەرانبەر پاراستنی ئینسان، بەتایبەتی کە ئەگەر بەراورد بکەین ئەمریکا ئەو هەموو کوشتارەی لە ئەفغانستان دا و ئەو هەموو پارەیەی سەرف کرد و، ئاخری دەوڵەتەکە شکا و ئەمریکاش ناچار بوو پاشەکشە بکات، لە بەرانبەر کێ؟ لە بەرانبەر حیزبێکی تیرۆریستدا، ڕاستە ئەمەش جێی باسی ئێمە نییە. ئەوەی بەسەر تاڵبان هات مەوزووعێکی ترە، بە پێچەوانەوە لە کوردستان بە درێژاییی ٣١ ساڵ هیچ پارەیەکی ئەمریکا و غەرب لەوێ سەرف نەکراوە، تەنیا ئەگەر ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئەوانەی کە خێرخوازن، هاتوون لە گوندەکان و قوتابخانەکان کاریان کردووە، کە لە هەموو دنیا ئەو کارە دەکەن، میللەتێک کە هێندە دۆستی ئەوان بێت، هەندێ زیاتریشیان بۆ کردووین، دەستیان خۆش بێت، بەڵام پارەیەکی تایبەتی لە ئەورووپاوە هەبووبێت، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پێی بەڕێوە بچێت نا، هەرێمی کوردستان پارەی خۆی هەبووە، ئەو کاتەش کە پارە نەبوو لەسەر بەرهەمی داخیلی و تڕانزیت دەژیا، بەوپەڕی سەرفەجویی و پشتیوانیی خۆ قایمکردن و تەحەمولی جۆرێک لە مەحڕوومییەتیش، ١٢ ساڵمان تێپەڕاند و گلەییمان لە دونیا نەکرد.
کە تیرۆر یەخەی هەموو دۆستەکانی ئێمەی لە ڕۆژئاڤا گرت، هەموو عێراقیشی تەنییەوە و کوردستانیشی گرتەوە. کورد زۆر قارەمانانە ئەو بەرە سەرکەوتووانەی ڕێبەری کرد کە نەک هەر هەرێمی کوردستان، بەڵکوو پێشمەرگە و تێکۆشەران و شەڕوانەکانی ڕۆژئاوا قارەمانانە شەڕیان کرد، هەموو تێکۆشەرانی کورد لە دوو پارچەکەی ڕۆژهەڵات و باکوور ئەگەر داوایان لێ بکرابایە، بە سەدان و هەزاران شەڕیان دەکرد، ئەوە ئیسباتی کرد، ئەگەر کورد چوار پارچەیە، بەڵام لە بەها ئینسانییەکانیدا یەکگرتووە، ئەگەر ئیختلافی سیاسیی هەیە، ئیختلافی چارەنووس، ڕوانگەی زۆر لە یەک جیاواز نییە. ئەوە کوردی لەبەردەمی دنیا زۆر شیرین کرد، جا ئەمە وایکرد کە لە شەڕی دژی تیرۆردا، کوردستان و هەروەها هەولێر ببێتە پایتەختی گفتوگۆ و تەوازون و تەفاهومی ناوخۆ و دەرەوە و هەرێمایەتیش، بۆ ئەوەی ئەو شتە لە کۆڵ بێتەوە، بۆ ئەوەی تیرۆر، ئەو بەڵا جیهانییە لەسەر دەستی کورد لابرا. غەیری کورد کەسی تری تیا نەبوو، کورد بوو کۆبانێیان ئازاد کرد، ئەوە هەموو دونیا دەزانێ، بەس نەچوونە ناوی، کورد تەقریبەن یەک لەسەر پێنجی سوریەشیان ئازاد کرد، دوایی بە تەوافقی نیوان ڕووسیا و ئەمریکا حەدیان بۆ داندرا، لەوانە بوو هەتاکوو دیمەشقیش بڕۆن.
ئەو قارەمانەتییە دنیا لەبیری ناکات، ئەم گەشەسەندنەی ئێمە، – با من لێرەوە ڕوویە باشەکەت بۆ باس کەم- ( دوایی تووشی سیستەمی ئیداریی خراپ و گەندەڵی بوو) وایکرد کە کۆمەڵگای ئێمە زۆر ئازاد بێ، ئێستا ئازاد نین، باسێکی دیکەیە کە ئیستا مەوزووعەکە گران ناکەمەوە، چونکە ئەوە باسێکی تایبەتییە و پاساوی بۆ ناهێنمەوە، ئەگەر ویستتان دواتر باسی دەکەم. ئەوەم بۆیە هێنا بۆ ئەوەی دنیا ناوی لێ نا ڕووەکەی تری عێراق، هەرێمی کوردستان، یەعنی ئەو حکومەتەی کە لە کوردستانە و پێیتەختەکەی هەولێرە، ئومێدبەخشە و پێش دەکەوێ، بەڵام ئەوەکەی تر کە لە بەغدایە، هیچ ئومێدێکی نییە جگە لە ڕووخان نەبێت، بۆیە پێی دەڵێن ڕووەکەی دیکەی عێراق یان ڕووە گەشەکەی عێراقێک کە دنیا تەئیدی دەکات، ئێمە زۆر حەساس نین بەوەی کە پێمان بڵێن ڕووە گەشەکەی عێراق، چونکە عێراق ئێمە هەڵمان نەبژاردووە و، بە ئیرادەی خۆیشمان نەماوینەوە لەوێ، دەبێ زۆر واقعبین بین. جاری وایە یەک کۆریدۆر هەیە ئەبێ پێیدا بڕۆی. ئەتەوێ بیگۆڕی، ئەبێ تەحەمول بکەی، هەتا دەرگاکە ئەکەیتەوە، دەنا ئینسان سەری خۆی لە دیوار نادات.
ئەو گەشەسەندنەی ئیستا ئەیبینین ئەگەرکەموکووڕییەکانی لە فایلێکدا بنێین، وای لێهاتووە کە هەموو دنیا ئەڵێ کاکە گەشەتان سەند، لێی ئەزانن، بەس ئەبێ خاوێنی بکەنەوە. ئەبێ ڕێکوپێکی بکەن، ئەبێ هەمواری بکەن، ئەبێ گەندەڵی تیا نەبێ، دەبێ دێمۆکراتتری بکەن، دەبێ مەجالی بەشداریکردنی هاوڵاتییانی خۆتان بدەن، دەبێ مافەکانی مرۆڤ بە هیچ شێوەیەک سنووری تێدا نەبێ، ئەبێ یەکگرتووتر بن لەناو خۆتاندا، ئیستا لە بەشەکەی دیکەی عێراق وازیان هێناوە. ئەڵێن کوردستانێکی بەهێز لەنێو عێراقدا، کوردستانی بەهێز لە حەقیقەتدا تەعریفەکەی ئەوەیە کە تۆ ئەتوانی وەکوو تایوان بیت، لە هەرێمی کوردستان بە کورد وا ئەڵێن، ئەتوانی وەکوو سەنگاپوور وا بێت، هەرچەند سەنگاپوور ئیستا سەربەخۆیە، بەس فەترەیەک سەربەخۆیی نەبوو، بەڵام زۆر بەهێز بوو.
یاساکانی عێراق هەندێکی کاری پێ ناکرێ، هەندێکی لەبۆ ئێمەیش کاری پێ ناکرێ، بۆ نموونە پەرلەمانی عێراق، سەرۆک وەزیری عێراق بۆی نییە بە فەڕەنسا بڵێ کاکە عێراق یەک پایتەختی هەیە، ئێوە خێرە ٣ سەعات لە بەغدا بن و نزیکەی ٢٤ سەعات لە هەولێر بن .
یان کاتێک کە پاپ هاتە کوردستان، ڕاستە یەکەم جار لە بەغدا دابەزی، بەڵام وازحە قورسایییەکەی لێرە بوو، ئەمە ئەو سەپاندنەیە کە دنیا بەسەر عێراقیدا سەپاندووە، عێراق لە ساڵی ١٩٩١ بە شیوەی سەپاندنی نێودەوڵەتی بەڕیوە چووە، نەک بە ئیرادەی ناوخۆیی، چونکە ئیرادەی ناوخۆیی نییە، فەترەیەک فاشیست بوو، ئێستا شەڕی مەزهەبی و تایفی و ڕوانگەیەکی کورتی دینی کە بەرچاوی خۆی نابینێ و کۆتایییەکەی ڕووخانە، هیچی دیکە نییە.
هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەی ئەوانە، تەنانەت لە تەعریف کردنەوەی قەزییەکەدا، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە سەرکردەکانیدا، با ئەو قسەیە لە زاری جەنابی کاک مەسعود سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئەوکات و ڕابەری ئێستای ئێمە بگێڕمەوە، زیاتر لە جارێک لە خۆیم بیستووە کە دەیگوت هەموو حیزبەکانی کوردستانی چوارپارچە بە نەوعێک تەفاهوم بکەین و کۆ بکەینەوە و دوایە کۆنگرەیەکی جیهانی ببەستین، جیهانی بەو ناوەی کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتووەکان و دەوڵەتانی دۆستمان لە دنیا، ئەوانەی کە پێشکەوتنیان دەوێ، هەمووان دەعوەت بکەین بێن، چاودێر بن، هەموو ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، ئەوانەی کە بیر دەکەنەوە دەتوانن کاریگەر بن، دەعوەتیان بکەن، هەموویان چاودێر بن، ئێمە کۆنگرەیەک دەبەستین و تەعریفێکی نوێ بۆ کێشەی کورد ئەکەین، تەعریفێک دەیخەینە بەردەمی دنیا با لەگەڵمان شەریک بن. ئەو کێشەیە ئێستا چۆن هەموومان بەیەکەوە چارەسەری بکەین، یەعنی دەیویست بیخاتە چوارچێوەی کارێک کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاری خۆیدا گرووپێک بکاتەوە بۆ کێشەیەکی ئیستسنایی کە لە قانوونە ڕەقوتەقەکانی ئەواندا زوڵمی لێ کراوە، وەکوو چۆن بۆ مەسەلەی فەلەستین، نەتەوە یەکگرتووەکان قەبوڵیان کرد، نوێنەریان هەبێت، قەبوڵیان کرد جۆرێک لە شێوە دەوڵەتیان دا بە فەلەستینییەکان، حەقیان دا بە فەلەستینییەکان، کێشەیان ماوە. بەڵام فەلەستینییەکان داخیلی قۆناغێکی نوێ بوون، فەلەستینییەکان خۆیان تێ ناگەن، ئەگینا ئەتوانن خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی پێشکەوتووی خۆیان بن، بە گەیشتن بە تەفاهوم لەگەڵ ئیسرائیڵ، ئێمە لەوان جیاوازین، ئێمە ئامادەی تەفاهومین لەگەڵ ئێران، عێراق، تورکیە، سوریە. ئەم ڕوانگەیە ئیمتدادی ئەو ڕوانگە واقعبینییەی نێو بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانە کە ئێمە خۆمان لەگەڵ دنیادا دەگونجێنین. کورد کاتێک کە سەرکردەکانی لە ئەمریکا لە هۆڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئیتحادییەی ئەوڕووپی، لە ڕۆشەنبیرە کاریگەرەکانی دنیا دێن بۆ ئەوەی قسەمان بۆ بکەن و دەڵێن کە گوێتان لێ دەگرین، دەڵێن لەگەڵتان بیر دەکەینەوە، بۆ نموونە لەوانە هاتنە بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش.
سەرکردەکانی ئێوە هەموویان دەعوەتی ئەمریکا و فەڕەنسا دەکران و لە هەموو دنیادا بۆیان هەیە هاتوچۆ بکەن، ئەوەش دەزانن کە چەکدارن و شەڕ ئەکەن، بەڵام کەس ئەو کارە بە تیرۆر نازانێ، قەزییەکە داخیلی قۆناغێکی زۆر نوێ بووە، ئەم ڕوانگەیە بەداخەوە لەبەر کێشەکانی پەکەکە لەگەڵ هەموو پارچەکانی کوردستان سەری نەگرت. ئەو کاتە وای دەکرد کە کێشەی کورد تەعریفێکی جیهانی وەربگرێت، ئەها ئێستا لەناو هەرێمی کوردستان تەعریفێکی ناو نەتەوە یەکگرتووەکانی وەرگرتووە، ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەریان لە بەغدا هەیە، دێتە هەولێر و دەچێتە بەغداش، کاتێک کە ڕاپۆرت لە مەجلیسی ئەمن، لە ئەنجومەنی ئاسایش ئەدات، بەشێکی پێوەندی بە کوردستانەوە هەیە و پێشنیار دەکات بۆ کوردستان چی بکرێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشدا ڕاپۆرتی ئەوا تەئید دەکات، یەعنی ئیلتیزامێک یان پابەندییەکی نێودەوڵەتی بۆ کێشەکە پەیدا دەکات کە کێشەکە بە نێودەوڵەتی بووە. بۆیەش ئەڵێین زەمانەتی مانەوەی ئێمە زۆر زیاد بووە، ئێستا لەوە دەرچووە کە وەکوو دەوڵەتێکی لێ هاتووە، دەوڵەت نییە، بەڵام وەک دەوڵەت ڕەفتار دەکات.
ئەمە پڕۆسەیەکە و بەردەوام دەبێت و کۆتایییەکەی بە سەربەخۆییی کوردستان دەگات. بەس دەبێ ئێمە زیاتر لێی بزانین، دەبێ واقعبینتر بین، دەبێ زاناتر بین لە یاسا و بەرژەوەندییەکانی نێودەوڵەتی، یارییەکی زۆر ئاڵۆزە تێگەیشتن لە یاساکانی نێودەوڵەتی و کارپێکردنیان و جاری وا هەیە، پوانێکت پێیە، کە دەبێ کەلێنێکی تێ بخەی زۆر زۆر زانایی و تەحەمول و تەفسیری قانوونی دەوێت.
ئەوە دەبێ بیزانین، دەبێ بیکەین، بۆیە ئەوە قۆناغی ئەوەیە کە ڕۆشەنبیرانی زانا بە مانای ئەکادێمی دەبێ بێنە سەرکردایەتیی حیزبەکان لە هەر چوارپارچەی کوردستان و لە هەرێمی کوردستانیش و لە کاروباری دەوڵەتیش، زەمانێک نییە غەیرە ڕۆشەنبیری ئەکاێمیک، سەری لەم شتانە دەربچێت. ڕۆشەنبیری خودساختە یان بڵێین ئاماتۆر کتێبێک لەوێ دەخوێنێتەوە، گفتوگۆیەک لەوێ، گوێگرتنێک لەوێ، دوایی بۆخۆی مۆدێلێکی بیرکردنەوە دروست دەکات، کە ئەوەیە هەموو ڕۆشەنبیرانی ئاماتۆڕ ئەگەر لە حیزبێکیشدا کۆ ببنەوە، ڕوانگەیان زۆر لە یەک جیاوازە، زوو مناقشەیان دەبێتە ئینشقاق، دەبێتە ئینشعاب، لە یەکتری جیا دەبنەوە، بۆیە بەشی زۆری حیزبەکان جیا لە یەکتر حیزب دروست دەکەن، وەکوو ئەوەی ئێوە بە مێژووی هاوبەشەوە کە پێشەوا قازی ئی هەموومانە، کەچی بوونەتە سێ چوار حیزب، ناوی حیزبی دێموکراتە، بەڵام بوونەتە چەند حیزب، دەی کاکە ئەگەر ئی هەمووتانە بۆ دەبنە دوو و سێ؟ ئەمە ڕۆشەنبیری ئاماتۆڕ زەمانی بەسەرچوو و باسێکی دیکەیە، بەڵام ئێستا ئەم ئاڵۆزی و بۆغڕەنجییە نێودەوڵەتییە کە ئێمە دەبێ تێیدا بژین، تەجرووبەمان تێیدا نییە، پێویستیشمان بە ئیعتمادی سەرەکی لەسەر خەباتی چەکداری نییە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەبێ سوپامان هەبێ. لە بەشەکانی دیکەی کوردستان باسێکی دیکەیە، دەکرێ بە بێشەڕیش ئەم دەوڵەتە تەنگاو بکرێت و ئیستا ئەوە تەجرووبەی ئەکەین. لە لای ئێوە لە ڕۆژهەڵات کێشەی کورد کێشەیەکی مەتروحە، لە مەجلیس و لە ڕێبەری ئێرانەوە سیاسەتیان لە دەرەوە ڕاستە، لە دەوڵەتێک کە دەسەڵاتی زۆرە و غەدرتان لێ دەکات، لە سیاسەت و وجودی ئیقلیمی یان ئەو وجودییەی کە لە هەرێم هەیەتی، مەبەستم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، بەڵام کێشەی کوردستانی ڕۆژهەڵات وەکوو ساڵی ١٩٧٩ نییە، کوردستانی باکوور لە هەڵبژاردنێک بەشدار بوون، دووهەمین حیزب بوون. دووهەمین هێزی تورکیا کوردەکان بوون، دەوڵەتی تورکیا کە ئێستا لە کورد دەدات، ئەوکات بەرژەوەندیشی هەبوو، دنیاش فشاری بۆ هێنابوو، ئامادە بوون دەوڵەتێکی کوردی، تورکی لە ئانکاڕا دروست بێ. لەوانەیە سەرۆک وەزیر کورد بووبا، لەوانەبوو وەزیر حەتمەن کورد بێ، لەوانەیە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کورد بووایە، وەکوو چۆن لە عێراق کوردیان سەرپشک کرد، وتیان لە بەینی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆککۆمار کامتان دەوێ؟ کاتێک کورد نەیکرد و نەیزانی ئەم یارییە لە باکوور بکات، نەتیجەکە ئەوە بوو و، بە زەرەری کورد تەواو بوو، ئەم یارییە یاریی زانایانەیە، زانا لەو زەمانەدا ئەوانەن کە لە ناوەندە زانستییەکان گەورە دەبن و دەخوێنن، قسەکەم بۆ ئەوە بوو کە لە هەرێمی کوردستان عێراقێکی تر دەبێ، ئەم بەو لایەدا بڕوا، بە لای گەشەسەندنی بەردەوام، پێشکەوتنی ئابووریی بەردەوام، کۆمەڵگایەکی ڕزگاربووی بەخێرایی لە سوننەت، ئینجا پێمان دەڵێن کوردستانێکی بەهێزتان هەبێ، ئەم ناوەیان پاشی ڕێفڕاندۆم بۆ هەڵبژاردووین، چونکە ئێمە بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیمان وت ئێمە ڕێفڕاندۆمی خۆمان کرد، ئەوانیش وتیان لێتان قەبوڵ ناکەین و ئاخرییەکەیش ئێمە زەرەرمان کرد، لە ڕووی دەسەڵات و عەرزەوە، بەڵام ئیرادەیەکی گەورەی میللەتی کوردیشمان بە دنیا گەیاند کە ئێمە ئەوەمان دەوێ و جا فەرموو چۆن معامەلەی لەگەڵ دەکەن، هیوادارم ڕۆژگارێک ئەوە کاریگەریی خۆی هەبێت.
ئەم هەرێمی کوردستانەی ئێستا پێی دەڵێن هەرێمێکی بەهێز، کوردستانێکی بەهێز بێ، ئەو کوردستانە بەهێزە تەعریفی ڕۆژئاڤایی هەیە کە بە خێرایی لە کۆمەڵگای سوننەتییەوە دەربازی بێت، خەڵکی شارەزا دەوڵەتەکەی بەڕێوە ببات، سیاسەتەکەی بەڕێوە ببات، خێرا کۆت و زنجیری کۆمەڵگای سوننەتی، نەزانی، خوڕافاتی دینی دەبێ بەجێ بێڵین، ئەو قسانە بۆ ئەوە ناکەم کە سووکایەتی بێت، بەڵام سوننەت بە کەڵکی دنیا نایەت، بە کەڵکی ژیان نایەت. ئێمە لەژێر ئەو فشارە داین و لە بەرانبەردا هەروا دێین و دەچین و حیزبەکانمان لە تەنگوچەڵەمەدان، تەنگوچەڵەمەیەکی ئەرێنییە، لەسەر چی لە تەنگوچەڵەمەداین؟ بۆ ئەوەی گەندەڵی نەمێنێت، گەندەڵی چۆن نامێنێت؟ دەبێ کارشناسەکانی ئابووریی خۆمان، ئەوانەی کە زانان نەک ئاماتۆڕ، ئەوان بەشی ئابووریی وڵاتی ئێمە ڕێک بخەن.
بازاڕی خۆمان ڕێک بخەین، بازاڕێکی گەرمی پڕ لە مونافسە، ئەو بازاڕەیە کە پشتیوانی ئازادییەکان و پشتیوانی پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردستان دەبێ. نابێ پێکهاتەکان چی دیکە ڕوحمیان پێ نەکەین، بڵێین لەگەڵ ئێمە بەرابەر نین، نا ئەبێ لە کۆمەڵگای مەدەنیدا بەرابەر بن، سبەینێ ئەگەر مەسیحییەک و یەزیدییەک و تورکمانێک بوو بە سەرۆککۆماری کوردستان دەبێ ئێمە قەبوڵی بکەین و شانازیشی پێوە بکەین، کەواتە بۆ ئەوەی ئێمە بگەینە ئەو قۆناغە دەبێ هێندێک ڕیککەوتنیشمان هەبێ، ئەمە لە ناسنامەی کوردستانی کەم ناکاتەوە، بە هیچ شێوەیەک.
پرسیار
لە قسەکانتاندا بە تێروتەسەلی باسی زۆر شت کرا، بۆ نموونە ئەوەی بۆ ڕێکخستنەوەی لایەنی ئیداری و سیاسی، باستان لە کێشەی سیاسی و ئابووریی و هەندێک ڕۆتیناتی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیش کرد، لێرە دوای ئەو ماوەیەی شۆڕشێک کراوە و، شۆڕشەکەیش مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە بە قەولی باشوور، ئیستا لە قۆناغێکدان و بۆخۆتان حکومەتتان هەیە، شانبەشانی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ڕووی ڕەهەندی ئیداری و سیاسی و بەڕێوەبەرییەوە هاتووە، حیزبەکان بەڕێوەیان بردووە، ئایا بیری نەتەوەیی گەشەی کردووە؟ پاشەکشەی کردووە؟ تۆراوە؟ تۆخ بووەتەوە؟
بیری نەتەوەیی لە کوردستاندا زۆر پێشکەوتووە لە چاو جاران، ئێمە جاران هەتا ساڵی ١٩٩١ کە بیری نەتەوەیی بریتی بوو لە تەعریفێکی زۆر سادە، ئێمە کوردین، زمانێکی هاوبەشمان هەیە، خاکمان موشتەڕەکە، لێمان دەستێنن، زمانەکەمان دەستێننەوە و لەسەر زەمینی خۆشمان ڕامان دەگوێزن. ئێمە مقاومەت دەکەین بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزین، لێمان گەڕێن هەر ببینەوە بە ئینسان و بە حەقێکی ئیداری بەسیتیش بێ جارێ ڕازین، بەڵام لە داهاتوودا ئێمە زیاترمان دەوێ، زیاترەکەمان تەعریف نەدەکرد کە چییە و جێی باسیش نەبوو، ئێستا لەم ٣٠ ساڵەدا ئەوەی کە پێی دەوترێ پڕۆسەی میللەتسازی، زۆر هاتووەتە پێشەوە، ئەوە کە زمانی کوردی یەکلایی بووەتەوە، زمانی کوردی، زمانی خوێندن و زمانی بیرکردنەوە و زمانی هەبوونی ئەوانەیە کە وا کوردن، لێرە و بە شێوەیەکی زۆر دێمۆکڕاتییانەش هەموو ئەو میللەتانەی کە لەگەڵمان دەژین، لەگەڵ پاراستنی زمانی خۆیان لە کاروباری ڕەسمی بەوپەڕی ئازادییەوە، وەکوو زەروورەتێک بە زمانی کوردی بەکاری دێنن، ئەوە قۆناغی سەرکەوتنە و شانازییەکی زۆرە، بەڵام میللەتسازی پڕۆسەیەکی بەردەوامە و دەوڵەت دروستی دەکات. دەوڵەت پێویستە سەربەخۆیییەکی تەواوی هەبێت، تا ئەو کاتەی ئێمە ئەو سەروەرییەی کە دەوڵەتی عێراق لێی غەسب کردووین، ئەبێ ئەوان مەوافقەت بکەن، ئەگینا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناماندەنێ. تا ئەو کاتەی ئێمە ئەو سەروەرییە بەدەست دێنین، ئێمە کەمێک کەموکووڕی لەم پڕۆسەیەماندا دەبێت، چونکە هەموو کەموکووڕییەکانی عێراقیش دەشکێتەوە بەسەر ئێمەدا و، هەر نەبێ عێراق جاری وا هەیە بودجەی کوردستان دەبڕێ بۆ ئەوەی کە نان نەبێ بیخۆین، داعش هاتبوو بودجەی بڕیبوو، چەکمان بۆ دەهات دەیانگێڕایەوە.
ئەوی تریان دەبێ بە چاوێکی ڕەخنەگرانەی بنیاتنەرانەوە تەماشای بزووتنەوەی سیاسی و تەماشای جووڵانەوەی کۆمەڵایەتیی ناو هەرێمی کوردستان بکەین. بزووتنەوەی سیاسی تاکوو ئیستاش تەقریبەن حاکمە لە کوردستاندا، لەنێو حیزبەکاندا پۆستە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوان بەڕێوەی دەبەن.
بزووتنەوەی سیاسیی شۆڕشگێڕ بەو فیکرە سادە شۆڕشگێڕییەوە، شۆڕشگێڕەکان دەدۆزێتەوە و، لە دنیاشدا شۆڕشگێڕەکان بریتین لە خەڵکانی فیداکار کە لە پێناوی ئازادیدا گیانی خۆیان دەخەنە سەر دەست، شەڕی تەن بە تەن دەکەن، بۆیە مەجالی پێشکەوتنی شۆڕشگێڕان زۆر کەمە، ئینجا ئایدۆلۆژیا، پەروردە و بیر و باوەڕێکی دیاریکراو بۆ شۆڕشگێڕانی دنیا نییە، تەنیا فشارێکی موشتەڕەک هەیە کە تەنگمان پێ هەڵدەچنێ، ژیان نامێنێ، هەموومان کۆ ئەبینەوە، لە حیزبێکدا لە بەرەیەکدا، دوای ئەوە، پڕۆسەی ئایدۆلۆژیا کە ئەو کات هەبوو، لای ئێوەش تەقریبەن ماوە، ڕیزبەندی لە بەینی ئەوانەی مقاومەت دەکەن بەناوی شۆڕشگێڕەوە لە حیزبێکدا بەشێوەی سەربەخۆ هەندێک جار خاوەنی بیروڕای خۆیانن و کاری خۆیان دەکەن.
ئەو شۆڕشگێڕەی هەموو ژیانی خۆی تەرخان دەکات، ناتوانێ بخوێنێت، بەتایبەتی لەو سەردەمەی ئێمەدا ناتوانێ دنیا بە باشی ببینێ و، ناتوانێ لە بەشێکی زۆری کێشەکانی دنیا بزانێ، هەر نایبیستێ هەتاکوو لێی بزانێت، گوناحی نییە لەوەدا، شۆڕشگێڕییەتی ڕێز و هەڵوێستێکی گەورەیە کە ئینسانێک هەیبێت، فیداکارن، بەڵام دوای ئەوەی کە ئازادی ئەبێ لە ڕاستیدا ئەبێ پڕۆسەی گواستنەوە لە شۆڕشگێڕانەوە بۆ جیلی بەڕێوەبردنی حکومەتن کە ئەزانێ بەڕێوەی بەرێ و، جێی متمانەن کە ئەو پڕۆسە بە ئیرادەیەکی ئازادی شۆڕشگێڕانەوە دەست پێ بکات، لە هەرێمی کوردستان ئەوە لە بەرەی کوردستانییەوە بۆ پەرلەمان، دوایی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە باشی کرا، بەڵام دوایی حیزبەکانی شۆڕشگێڕی ئێمە هاتنە ناو حکومەت و پەرلەمان و، هەموو پۆستەکانیان داگیر کرد. شۆڕشگێڕەکان هەتاکوو ئێستاش پۆستە سەرەکییەکانیان لەدەستدایە. ئێستا جیلی دووەم کوڕی شۆڕشگێڕەکانن، ئیمتدادی ئەوان بە هەمان بیر و باوەڕ، بە هەمان پەروەردە، بۆیە هیچ نەگۆڕدراوە، ئەمە وایکردووە کە لێزانین لە دروستکردنی دامودەزگای با من بڵێم دەوڵەتی، چونکە ئێمە وەکوو عێراق دەزگاکانمان بنیات نانێینەوە، دەمانەوێ لەوان باشتر بین.
ئەو ئەرکەی کە عێراق بۆمان دادەنێ لەناوبردنی ئێمەیە، بۆیە ئێمە لەجێی عێراق بە سەربەخۆیی بیر دەکەینەوە. لە پەروەردە، لە تەندروستی، تەنیا ناهێڵن سیستمی لەچاپدانی دراومان هەبێ، ئەگینا ئەمانتوانی ئیستا بانکی زۆر بەهێزمان هەبن، لەوانەیە بتوانین دراوی کوردستانیشمان هەبێ، وەکوو چۆن لە هەندێ وڵات هەیە.
ئەمانتوانی ئیقتسادێکی بەهێزمان هەبێت، ڕاستە ئەو ئیقتسادە چەندە بەهێز بێ. بە لای عێراقەوە زەبری پێ دەکەوێ، چونکە بەشێکین لەو سیستمە، بەڵام دەمانتوانی چەپەرێکی وای بۆ دابنێین، ناوەندێکی وای بۆ دابنێین، ئەگەر ئاو دزەش بکات. هەمووی نەڕوات. دەمانتوانی ئێستا بواری تەکنۆلۆژی یان سەنعەتی و ئابووریی کوردستان خەریکی بووژاندنەوە بێت، دەمانتوانی تەفاهومی سیاسی لە بەینی حیزبەکان پێک بێنین کە ئەوا بیر بکەنەوە بە فراوانی، نەک بە ئایدۆلۆژی و مێژووی شەخسی، ئەو بەرەنگارییەی کە ئەوکات و فەترەیەک تا ئیستاش پاشماوە لە بەینی یەکیەتی و پارتی و ئیسلامی و عەلمانییەکان، گۆڕان و یەکیەتی، یان لە بەینی پەکەکە و حیزبەکانی کوردستاندا هەیە و، ڕێگەی گرتووە لەوەی نیزامی سیاسی ئێمە کامڵ بێت و ڕێی گرتووە لەوەی کە شۆڕشگێڕان پاشەکشەی بکەن، تا ئەو مل و قۆڵ بادانی یەکترە هەبێ، شۆڕشگێڕان هەر لە مەیدان دەبن.
بۆیە هەبوونی ئەو کێشانە، یانی زوو پاشەکشە کردن و تەفاهوم نەکردنی نوخبەی سیاسیی کوردستان لەسەر ئەوەی کە مەسیرێک یان کاروانێکی باشمان دەست پێکردووە، داهاتوویەکی باشی بۆ دیاری بکەین، ئەوەی کە ئیسرائیلییەکان کردیان، وایکرد کە (جا ئیستا حیزبی من و سەرۆکی من و شەخسی من لە کوردستان گرینگتر بێ، ئەو کێشانەی لێ دەکەوێتەوە کە ئیستا هەیە)، نیزامەکەمان زۆر پێش نەکەوێت، پێشکەوتووە، بەڵام زۆر پێش نەکەوتووە، وایکرد کە سیستمی پەروەردەی ئێمە (ئەوەی کە وڵات دروست دەکات پەروەردەیە، ئەوەی کە ئینسان دەگۆڕێت، پەروەردەیە، ئەوەی کە ئینسانی عالمی، زانای شارەزا دروست دەکات. پەروەردەیە. لە هیچ جێگەی دیکە دروست نابێ، بەدیلی نییە، ئەلتەرناتیڤی نییە و لە هەموو دنیا وایە) بۆیە سیستمی پەروەردەی ئیمە پێش کەوت، بەڵام زۆر نا، لەبەر ئەوەی هەر یەکە و قسەیەکی تیا کرد.
پرسیار
کاتێک خوێندنەوەی حیزبی و بەرژەوەندیی حیزبی باڵادەستە، ئایا شتێک بە ناوی بەرژەوەندیی گشتی مسۆگەر دەبێت؟
کامڵ نابێ، بەڵام مسۆگەر دەبێ، ئەوە ئیستا من قسەی لەسەر دەکەم، هەموو لەسەر مانەوەی کوردستان کۆکن، بەڵام کە دێتە سەر ئەوەی ئەو مانەوەیە چۆن پێش بخەین، تەقسیمی دەکەن، کە تەقسیمیان کرد، شۆڕشگێڕان دەمێننەوە بەو قسوری نەزەرییەی کە هەیانە لە ڕوانگەدا و ئەوەش شتێکی تەبیعییە، هەندێک لە شۆڕشگێڕان، تەمەن ڕێگەی پێدان بخوێنن، لەوانەیە پێش کەوتبن، بەڵام زۆر کەم، ئەوانی دیکە هەموویان ئیعتمادیان لەسەر ئەوەیە من شۆڕشگێڕ بووم و فیداکار بوومە و خزم و عایلە و کەسی خۆمم بە کوشت داوە و ئیستا پیاو نییە بە لامدا بێت، ئەوە نیزامەکەی ئێمە لە ڕووی پێشکەوتنەوە و لە دەوڵەت دروست کردندا و لە گواستنەوە لە دەوڵەتەوە بۆ مۆدڕنیزم بۆ دەوڵەتێکی نوێ، بۆ دەوڵەتێک لەسەر ئەساسی عیلم و تێکنۆلۆژی، بۆ دەوڵەتێک لەسەر ئەساسی فەرهەنگێکی واقعبینانەی نوێ بە پاشخانی عیلمییەوە، ئینسان بە ڕوانگەی نوێ بژیت، ئینسان بە ڕوانگەی نوێ ڕەهاترە ،ئازادترە، تواناترە، مێشکی باشتر کار دەکات، پتر هاوکاریی یەکتر دەکەن، پتریش بەرژەوەندیی خۆی دابین دەکات، ئێمە لەوەدا ئیستا چەقیوین و تێدا ماوین، بۆیە ئەو موناقشەیە دروست بووە، ئەڵێن میللەت دروست نەبووە، هەر میللەتێک لە هەر قۆناغێک بوەستێت، تەنگوچەڵەمەی بۆ دروست بێ، جیلی نوێ بەتایبەتی قسەی خۆی دەکات، قسەکانی لەوانەیە کامڵیش نەبن، زۆریش ڕاست نەبن، بەڵام لە جەوهەری ناڕازی بوونەکەی حەقیقەت دەر ئەکەوێ، ئەویش ئەوەیە کە دەوڵەت موقەسیرە، بۆ نموونە ئەگەر گەنجێک دژی یەکیەتی یان دژی پارتی بێ، دژی گۆڕان یان دژی حیزبێکی ئیسلامی بێ، دژی کوردستانیش دەڵێ ئەم وڵاتەم ناوێ، ئەمە دەربڕینە، یان کۆچ ئەکەن بۆ دەرەوە. کاتێک کە ئازادی لە دەرەوە هەیە و کار پترە، دەبێ ئێمە ئەمە بە ئاسایی وەربگرین کە گەنجانمان ئەچن ئەوێ تاقی ئەکەنەوە، بۆچی؟ بۆ ئەوەی تێکەڵ بێ لەگەڵ فەرهەنگی جیهانی، لەگەڵ فەرهەنگی گڵۆباڵ، فەرهەنگی گڵۆباڵ چییە؟ فەرهەنگی گڵۆباڵ ئەوەیە کە هەموومان وەکوو یەکین و بۆت هەیە بۆ هەموو جێیەک سەفەر بکەیت، فەرهەنگی گڵۆباڵ ئەوەیە تۆ ئەتوانی توریستێکی بە کەیفی خۆت بیت، تۆ ئەتوانی ناسنامەی شەخسیی خۆت، هین جنسی خۆت، دینی خۆت، هین میللەتی خۆت تەعریف بکەیت، ناسنامەی عەشیرەتی خۆت بە شەرتێک نەبێتە مایەی پاشکەوتن، ئەگەر مەنگوڕێک بێت لە کوردستاندا باسی مێژووی عەشیرەتی مەنگوڕ بکات، لە دابونەریت و کەسایەتییەکانیان شتێکی خۆشە من گوێی بۆ دەگرم. بەڵام نەک بمانگێڕێتەوە بۆ زەمانی عەلی ئاغای مەنگوڕ، ئاوا نا.
کەواتە فەرهەنگی گڵۆباڵ ئەو فەرهەنگەیە کە تۆ لەگەڵ دنیا بە هەموو ڕەنگە جیاوازەکانییەوە تێکەڵ دەکات، ئەتخاتە ناو شاڕێیەکی بەتەوژم بەرەو پێشەوە کە ئینسان ئینسانە و هەموو مافێکی هەیە کە یاسای مەدەنی تەعریفی کردووە. ئەگەر ئەوە لە کوردستان کەمی هێنا، گەنجەکان و ژنەکانی کوردستان دەنگیان لێ بەرز دەبێتەوە و ئەڕۆن بۆ دەرەوە، من لەم ڕووەوە پشتیان دەگرم، پشتی ناڕەزایەتییەکەیان دەگرم، ناتوانم بڵێم بڕۆ یان مەڕۆ، من بۆخۆم ناڕۆم. ئەو قسەیەی بڕۆ یان مەڕۆ شتێکی ئیرادەگەرایانەیە و پەیوەندیی بە واقیعەوە نییە، ژنێک هاوار دەکات دەڵێ لێرە قانوونی باش هەیە و جێبەجێ ناکرێت، دەڵێ لێرە پۆلیس لە پەناگاکانی ژناندا پاسەوانە، بەڵام هەمان بیر و باوەڕی دژە ژنی هەیە و، هەزار کێشەی تر هەیە. ئەمانە هەموو گرفتەکانی گەشەسەندنن، گرفتی تەوسعەی پێ دەڵێن بە فارسی و بەردەوامن.
ئینسان دەبێ لە تار و پوودی عەقڵیدا بگۆڕێ، کە توانایییەکانی زیاد بن، ئێمە لێرەوە وەستاوین، بۆیەش قڕەقڕی لەگەڵ خۆمان زۆرە، گەندەڵی زۆرە و دەبێ سەرەنجام ئەم حیزبە شۆڕشگێڕانە ببنە حیزبی مەدەنی، حیزبی کۆمەڵگای مەدەنی، نابێ لە هیچ سیاسی و سەرکردەیەکمان گوێ لێ بێ بڵێ، ئەگەر یەک کورسیش بێنین، ئێمە هەر ئەوەین کەوا هەین، ئەوە ئیتر تێکشکاندنی هەرچی قانوون و بەهایە، جا با کۆی کەمەوە بۆ وڵامی پرسیارەکەت، بەڵێ میللەتسازی هەنگاوێکی زۆری بڕیوە، بەڵام ئیستا ئێمە میللەتێکین کە بزووتنەوەی سیاسیمان لە نەتیجەی ئەو هۆکارانەی کەوا وتم، مەسیر یان کاروانی پێشکەوتنی بەردەوامی پێ کامڵ نابێ و، ئێمە داخیلی تەنگوچەڵەمەیەکی تر بووین، داخیلی قەیرانێکی کردووین کە سەرەنجام لێی دەردەچین، ئەویش ئەوەیە، ئەبێ جیلی شۆڕشگێڕ پاشەکشە بکات، لێی نازانێ، لەم قۆناغە نازانێ، جێی شانازین بەڵێ، تاجی سەرن بەڵێ، ئەبێ وێنەیان لەسەر دراوی داهاتووی کوردستان هەبێ بەڵێ، پەیکەریان لێ دروست بکرێ، بەڵێ هەرچی ئیمتیازی ژیانە ببێ، چونکە جیلی شۆڕشگێڕ ڕۆژگارێک کۆتایی دێ، ئەکرێ ناسنامەی کۆتایییان بێ، بەڵام ئەبێ پاشەکشە بکەن.
دەبێ جیلی دوای ئەوان کە خوێندەوارە، کە توانای ململانێی سەلیم و ئاشتییانەی هەیە، کێ زۆر زانایە لە فڵان جێگادا پتر کار بکات، حیزبەکان لەسەر ئەساسی کۆمەڵگای مەدەنی خۆیان تەنزیم بکەنەوە و مەسەلەی تەئسیری دین و سوننەتی کە بە کەڵکی خەڵک نایە زۆر بە جورئەتەوە پشتی تێ بکرێ، وەکوو ئەوەی کە ماکرۆن هات لێرە و، لە بەغداش وتی دژی دین نین، بەڵام دژی ڕەفتارێکین بە ناوی دینەوە ئینسان ئازار بدات.
پرسیار
پەیوندیتان لەگەڵ نوخبە و دیدی ڕەخنەگرانەی ئیلیتی کوردی چۆنە، کە بە دیدی ڕەخنەیییەوە سەیری ئێستای ئەزموون و دەسەڵاتی حیزبەکان دەکەن؟ چون لە دەرەوە هەست بە بۆشایی و کەلێنێک لەنێوان دەسەڵات و ئەم نوخبانەوە دەکرێ، بەتایبەت ئەوانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حیزبەکانن.
هەیە بەڵام پێوەندییەکی زۆر باش نییە، چونکە ئەم حکومەتەی ئێمە دەبێ گەشەسەندنێکی تێدا بێت، گەشەسەندن بریتییە لە بواری پەروەردەوە بۆ خوێندنی منداڵانی کوردستان تا دەبن بە گەنج و خوێندنی باڵا کە گەنجەکانمان بۆ دەکەن بە زانا ….. ئینجا دوای ئەوە تەندروستیی وڵاتەکە، ئەم زانایانە تەندروستییەکی نوێمان بۆ دروست دەکەن، سەلامەتیی کۆمەڵگاکەمان دەپارێزن، کۆمەڵگا کە سەلامەت نەبێت، کاری پێ ناکرێت و لەناو ئەچێت. ئینجا هەر ئەوانە دەبێ بێن ئابووریی وڵاتەکەمان بۆ ڕێک بخەن، داخیلی ئابووریی وڵاتەکەمان بن، لەنێو حکومەت و دامودەزگاکانی ئێمە بن، ئەوان تێوە بخزێنن و ڕێگایان بۆ بکرێتەوە و بوارەکانی دیکەش هەروا، ئەوە نوێکردنەوەیەکی بەردەواممان بۆ دروست ئەکات.
لەوێ گرفتمان هەیە، ئەوەی کە تۆ دەتەوێ بڵێی لەگەڵ نوخبەی نوێی زانا کە لە وەسەتەکانی ئەکادیمییەوە دێتە ناو سیاسەت و ژیاندا، پێوەندیی حیزبەکان لەگەڵیان زۆر باش نییە، باش نییە بەو مانایەی کە بە شەرتێک ڕێگەیان دەدەن کە ببنە حیزبەکە، کە بوونە حیزبەکە دەبێ لە مەقتەعی عیلمی لادەن و دەبێ داخیلی ئەو ململانییە بن کە ئیستا هیچ بنەمایەکی نییە، نە واقعبینانەیە نە عیلمییانەیە، ئەوە وایکردووە کە حکومەتەکە خۆی لەم پڕۆسەیەدا کە من زۆر شاهیدیم بۆی دا، هەنگاوی زۆر هاتە پێشێ، ئیستا بوەستێت، کە وەستاوە، کێ نوخبە دروست دەکات؟ حکومەت دروستی دەکات یانی دامودەزگای عیلمی خەلکت بۆ دروست دەکات و ئەوانەش کە ئەیاننێریت بۆ دەرەوە و دێنەوە جیایان دەکاتەوە، شتێکمان نییە بە ناوی نوخبەی ڕۆشەنبیری بەدەسەڵات، جا سیاسی بێ یا کاری برۆکراسی بێ یان نا، بەشەکانی دیکە بێ یان ناو کۆمەڵگا بێت، شتێکمان نییە بۆخۆی خۆی پێ بگەیەنێت، ناوەندێکی دیکەشمان نییە لە دنیادا کە ئەوانە پێ بگەیەنێت، تاقە یەک ناوەند هەیە، دەوڵەت کاری گەشەسەندن و پێشخستنی کۆمەڵگای لە ملە، کاتێک دەوڵەت خۆی تووشی کێشە ئەبێت، لە پێگەیاندنی نوخبەشدا تووشی کێشە ئەبێ، ئەم کێشەیە ڕەنگە ڕەنگ بداتەوە بەسەر تواناییی نوخبەی زانادا، بۆیە ئیستا ئەبینین بڕێک بەناو دوکتۆرا و فەوقە دوکتۆرا و پڕۆفیسۆر هەنە کاتێ لێیان نزیک دەکەوینەوە، ئەویە کە دەسەڵاتیان زۆرە لەناو حکومەت و دامودەزگاکانی کۆمەڵگادا. هەموویان حیزبیان لەپشتە کە هەڵیان دەسەنگێنی، قسوور و کەموکووڕییان یەکجار زۆر پێوە دیارە، یەعنی نوخبەی حەقیقی نین، بەشێکیش لەوانە لە زانکۆکان مانەوە یانی لە جۆلانەدان لە بەینی پاراستنی خۆیان و خۆگونجاندنیان لەگەڵ نیزامی حیزبی کە ئیستا هەمانە، کارێکی خراپە ئەوە. بۆیە سیستمەکەمان بەرەو نوخبەکوژی ئەڕوات، بەرەو کڕکردن و بڕانەوەی نوخبە، ئەوە یەعنی بەرەو پاشکەوتن، یەعنی توندترکردنی تەنگوچەڵەمەکە کە تەبعەن هێزێکی بەهێزی ناو کۆمەڵگا و ناو بزووتنەوەی سیاسیی دەوێ کە ئەبێ ئەوە ڕوو نەدات، ئەبێ پێشکەوتن بەردەوام بێت و من گەشبینم، سەرەنجام سەر دەکەوین. ئەم وەزعە وایکردووە کە نوخبەی سیاسیی ئێمە کە هاتوونەتە پێشێ، گەنج کەفائەتی زۆر جێی شانازی نەبینی، تۆ لە کوردستان چاو ئەگێڕی، دەبینی تەقسیم لە بەینی حیزبەکان و شەڕەقسە هەیە، بەڵام تۆ شتێک بە ناوی نوخبەیەک کە وەکوو عەرەب دەڵێ ساعدە، واتە بالندەیە و دەیهەوێ وڵات بەرەو پێشکەوتن ببات، هەیە، بەڵام زۆر کەمە و بێکەسیشە.
بەڵام چارەنووسی دەنگی ئەو نوخبانەی کە لە دەرەوەی دەسەڵاتن، چۆن دەڵێن دەنگێکی زۆر ڕەسایان هەیە؟ ئایا مەودایەکتان هێشتووەتەوە تا ئەم نزیکبوونەوەیە ڕوو بدات؟
ئێمە وەک هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی نێودەوڵەتی و ئەو چیرۆکەی باسم کرد، هەین. تەنیا بە قارەمانەتی خۆمان نییە، بەڵێ پێشمەرگە دیارە قارەمانن، بەڵام دوژمنەکانمان زۆر لە ئێمە بەهێزترن، لە ماوەیەکی کەمدا تێکمان دەڕووخێنن. ئەگەر دنیا لەپشتمان نەبێت، دنیا چۆن لەپشتی کوەیتە، لەپشتی ئیسڕائیلە، لەپشتی ئێمەشە، دروستمان ناکات بۆ ئەوەی ببینە دەوڵەتێکی دینی، عەشیرەیی، یان دەوڵەتێکی ئایدۆلۆژی تێکشکێنەری بەربڵاو وەک ئەوەی کە بەعس کردی، وەک ئەوەی لە سوریە هەیە، وەک ئەوەی لە ئێران هەیە، وەکوو ئەوەی لە تورکیە هەیە، بریا ئەوانە هیچی نەدەبوون.
لە ئێمەی دەوێ کە زۆر مەدەنییانە زۆر بەکراوەیی لە پڕۆسەی پێشکەوتنی بەردەوام، خۆمان خۆش کەین و بەردەوام بین تێیدا، ئەوەی پێی دەگوترێ گەشەسەندنی بەردەوام، دیتووتانە کاتێک کە ناڕەزاییی کونسوڵی دەوڵەتان لە هەرێمی کوردستان دەبێتە ئاشی کەشک، لە ژێرەوە زۆرە، کە واتە وجودی هەرێمی کوردستان بە پێشکەوتنەوە بەسراوە، ئەو واقیعەی کە من باسم کرد لە خۆگران کردن و بارگران کردنی جیلی شۆڕشگێڕ، دەوڵەتی ئێمە دەبێ ڕۆژێک چارەسەر بکرێ، پاشەکشە بکات و ئایندە بۆ نوخبەی زانا و توانا و شارەزای تازە پێشکەوتووی ناو کۆمەڵگای ئێمەیە، دنیا لەگەڵ ئەواندایە .
چۆن ئەم پڕۆسەیە بەرەو پێشەوە ئەچێ، هەر ئیستا ململانێیە، لەنێو حیزبەکان ململانێیە، یانی لەنێو حیزبەکاندا ئەوەی کە من دەڵێم ئەو باسە لەنێو هەموواندا، لەوانەیە لەنێو ئیسلامییەکاندا کەمتر بێ، کەواتە ئومێدبەخشە، دیبەیت یان کەلیمەی گفتوگۆ موقەسیرە، دیبەیت ئەوەیە تۆ قسەی خۆت دەکەیت و منیش قسەی خۆم دەکەم. هەردووکمان گوێ لە یەکتر دەگرین، گفتوگۆ ئەوەیە کە من شتێک و تۆ شتێک، لەوانەیە لێک وەرنەگرین، بەڵام کار لەسەر یەک بکەین، ئەوەیان کە دوایی ئیعلامی لێ دروست ئەبێ.
دیبەیت لەنێو حیزبەکاندا هەیە، لەنێو کۆمەڵگاشدا هەیە، ئینجا لە کوردستاندا ئازادی حیمایەتی نێودەولەتی هەیە، کەس ناتوانێ ئازادی لە کوردستان سنووردار بکات، ئیلا بە یاسا نەبێت، ئەوانە هەموویان دەروازەی پڕشنگدار و ڕووناکین کە ئێمە داخیلیان بووین و لێی تێ ئەپەڕین بە بەرژەوەندی بۆیە… من گەشبینم و گەشبینییەکەشم لەسەر ئەساسی ئەوەیە کە باسم کرد.
پرسیار
دەسەڵات بە گوێرەی پێویست و لەسەر چ مەبنایەک سیستمی فێدڕاڵی بەسەر هەرێمدا دابەش کردووە؟ ئەی چارەنووسی سەروەریی هەرێم چی لێ بەسەر دێت؟
دەسەڵات ئەوەی کە پێی دەوترێ فێدڕاڵی، بە پێی یاسا یان دەستووری عێراق، یاساکە خۆی جێبەجێ نەکراوە، بۆیە بەشێکی زۆری کێشەی ئێمە لەگەڵ عێراق بە هەڵپەساردراوەیی ماوەتەوە، لە هەرە گرینگترینیان، ناوچە کێشەلەسەرەکان یان ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان بە لای عێراقەوە، ئەوە ماف و ئیستحقاقی هەرێمی کوردستانە لە ڕووی ماڵییەوە، لە دەوڵەتی فێدڕاڵ لە بەغدا، لە لایەکیش بەشداریی کوردیش لە دەوڵەتی فێدڕاڵدا بەشدارییەکی جیددی نییە، چونکە بەشێکی زۆری پۆستەکانی هەریمی کوردستان نەبێت، کوردی شارەزا شەڕکەر بە مانای عیلمی، بەجورئەت، کە فیداکار بن نەک لە بەرانبەر پارە و دوژمنان لە بەغدا سەری خۆیان نەوێ بکەن، ئەوانەمان نین لە بەغدا، بۆیە بەشێکی زۆری ئەو کێشانەمان بۆ حەل نابێت، لەبەر ئەوەی پۆستەکانمان چۆل کردووە، دەنا پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار لە عێراق گرینگە، ئەتوانێ ببێتە پۆستێکی تەشریفاتی وەکوو ئەوەی کە لە زەمانی بەڕێز فواد مەعسوومدا بینیمان، ئیستا لە زەمانی بەرهەمدا ئەیبینین، ئەتوانێ پۆستێکی کاریگەر بێت بە نیسبەتێکی زۆر کە لە زەمانی جەلال تاڵەبانیدا بوو، ئەتوانێ لەمەی جەلال تاڵەبانی پێشتری بخات، بیکاتە پۆستێک کە بە پێی دەستووری عێراق دەتوانێ پێش بە هەموو نایاسایییەکانی عێراق بگرێت و بە یەک ئەندازە دیفاع لە کورد و لە سوننە و لە شیعە بکات، بە شەرتێک سەرۆککۆمار دەستی خۆی پان نەکاتەوە بۆ پارە و بەرژەوەندیی دیکە و تێکەڵی قەلەودەلە نەبێ.
بۆیە ئەم هۆکارانە هەموویانن، کە ئەڵێین سەرۆککۆمار بەتەنیا نا، وەزیرەکانیشمان، موتڵەق نییە ئەم قسەیە، بە عام ئیتر دیارە سابقەیەکی ١٧ ساڵەمان هەیە، شانازی زۆر پێوە ناکرێت، ئیستا پەرش و بڵاویمان هەیە، وەزیرەکانمان هەر یەکە بۆخۆی خەریکی سازشە، ئەوە دەبێ چارەسەر بکرێ، بەڵام ئەوەی دیکەیان کە عێراق دەستوور جێبەجێ ناکات یان یاسای بنەرەتی جێبەجێ ناکات، ئەمە کێشەیەکە ئێمە لەگەڵ عیراق ماومانە.
چەندی ئێمە لێرە بەهێز بین، کوردستان بەهێزترە، کوردستان بەرەو پێشەوە بۆ ئابوورییەکی بەهێز، کوردستانی بەهێز بە ئابووریی بەهێزەوەیە، ئابووریی ئێمە یەکجار زۆرە، بەڵام حکومەتێک کە پارە تەخشان ئەکات، هەموو کەس بۆی هەیە کەمێ دەسەڵاتی هەبێ لە سامانی گشتی بەرێت، کۆنتڕۆڵێک نییە، سامان کۆ ناکرێتەوە، هێزێ ئابووریی بە باشی ڕوو نادات، کاتێک بەهێزی کە ئابوورییەکی بەهێزت هەبێت، کە ئابووریی بەهێز بوو، پێشمەرگە دەبێت بە سوپایەکی بەهێز، دامودەزگای حکومەتی بەهێزی گەشاوە دەبێ.
لە هەبوونیدایە کە یاسا جێبەجێ دەکرێت، لە هەبوونیدایە کە پەروەردە پێش دەکەوێت، لە پێشکەوتنی پەروەردەدایە کە مێشک دەکرێتەوە و شتی تازە وەردەگرێ، ئەمانە پێوەندییان بەیەکەوە هەیە، دەبێ ئەمانە ئەنجام بدرێ.
پرسیار
بە باوەڕی من خوێندنەوەکەتان زۆر بەربڵاو بوو، ئایا ئەم خوێندنەوەیە لە هەرێم و لە ئاستی دسەڵات بووەتە عەقڵییەت؟ یان دەنگێکی پەرتەوازە و بێپشتیوانە؟
تەقریبەن زاڵە، هەر بۆیەش ناڕەزایی زۆرە، یەعنی نەبووەتە پرۆگرامی حکومەت و حیزبەکان، نەخێر، مقاومەتی لەگەڵدا دەکەن، چونکە ئەوە کۆتایی بە هەبوونی سامانی ناشەرعی دێنێ، کۆتایی بەوە دێنێ کە سامانی وڵات بە فیڕۆ بڕوات، کۆتایی بەوە دێنێ کە مەسئولییەت لەسەر حیزبەکان ئەوەی کە من کوڕی کێم و کێ نیمە، کۆتایی دێنێ، کۆتایی بەوە دێنێ کە ئابووریی ئێمە دامودەزگای بەناوەوە هەبن، کە سەد دەستاودەست دەکەن بۆ پارەیەکی دیاریکراو کە سەرەنجام وڵاتەکە دەخاتە فەقیری و نزیکی دەخاتەوە لە خەتی هەژاری، کۆتایی ئەوە کە دنیاش دایمە لەسەر سەرمانە و ئەوەمان پێ دەڵێن و موناقشەیەکی زۆر لە بەینی کوردستان و دنیادا هەیە، چون دەڵێ خاڵی خۆتان چارەسەر کەن، ئەوە ئومیدبەخشە، ئێمە تێکەڵ بووین لەگەڵ کۆمەڵگای مۆدێڕنی ڕۆژئاڤایی و ئەوانیش لە ئێمەیان دەوێ کە لە ئاستی ئەوان بین.
بۆچی قسەی ئیسڕائیلەکان هێندە سوارە؟ چونکە زۆر کێشەیان لە ناوخۆیان حەل کرد. میللەتێکن ٩ میلیۆن کەسن و دەبینین خاکیان چەندە کەمە، بەڵام هەموو دنیا ئێحتڕامیان دەگرێ، چونکە بەشدارێکی عیلمی و ئابووریی و تەکنیکی هێندە بەهێزیان هەیە لە دنیادا، بێجگە لەو یەکگرتووییەی یەهوودییەکان لە دنیادا هەیانە، وایکردووە هەموو دنیا حیسابیان بۆ بکات، ئەوەیە کە عەدالەتی قەزییەکەیانی بردۆتە سەرێ. ئەگەر ئێمە بەراوردێک بەو عەدالەتە بکەین کە قەزییەی یەهوودی ئەوا پێش خست، چونکە ئەوان بە باشی وڵاتی خۆیانیان بەڕێوە برد، بونیادنەری جومهوورییەکەیان لە شووقەیەکی بەسیتدا سەری نایەوە و مرد.
لە مێژوودا هیچ وڵاتێک بە قەدەر ئیسڕائیل سەرۆککۆمار و وەزیر و سەرۆک وەزیرانی خۆی لە نەتیجەی خیلافاتی قانوونی دەسبەسەر نەکردووە و حوکمی زیندانی بەسەردا نەسەپاندوون. لەوێ کەس لە بەرابەر قانووندا پارێزراو نییە، ئەو ناتانیاهویەی وا بەهێز بوو، کەسێک بە شانازییەوە وێنەی بڵاو کردبووەوە کە لە سڕەی فرۆکەخانەدا ڕاوەستاوە و سەفەری ئەمریکا دەکات و جانتاکەی خۆی لەپێشە و ….. کابرای گەنجی ئیسڕائیلی دەڵێت ئەمەیە نیزامی ئێمە، ئەم پیاوە بەهێزەی دوێنێ، ئەمڕۆ دەبێ لە سڕە بوەستێت.
ئەوە وایکردوە جیاوازییەک لە بەینی درەوشانەوەی قەزییەی یەهوود لە دنیادا دەگەڵ درەوشانەوەی کێشەی کورد و ئەرمەنی لە دنیادا هەبێت. هەرسێکمان زووڵممان لێ کراوە و ژینۆساید کراوین، ئەرمەنییەکان پێشکەوتوو نین، چونکە ساڵانێکی زۆر ئەسیری کۆمۆنیزم بوون و ئەو سی ساڵەی دواییش ئەوە حاڵیانە و زۆر پێشکەوتوو نین، کوردیش کە سی ساڵە بەو شێوەیە خەریکی خولانەوەیە، ئەوە وایکردووە کە چەندی پێش بکەوی، قەزییەکەت زیاتر دەدرەوشێتەوە.
ئێستاش ساڵانە یەهوودییەکان لە دنیادا کۆبوونەوەیان هەیە و کۆنگرەی گەورە دەبەستن و ئەڵێن بە دوای هەر کەسێک دەکەوین کە ئانتی سیمیتیزم بێت، ترس لە ئانتی سیمیتیزم بووە بە ترسێکی جیهانی و تەنیا توندڕۆی ئیسلامی کە خەریکی کوشت و کوشتارن، دژی ئەو دەتوانن قسە بکەن، بەڵام لە دنیادا ناتوانن.
قەزییەی یەهوود بووە بە کێشەی هەموو دنیا و هەموو ڕۆژێ ئەم چیرۆکە بۆ دنیا لێ دەدەنەوە، بەڵام ئەوان عالیمی گەورە و سەروەتی زۆر و عەقڵێکی کراوەیان هەیە، ئازادیی زۆر و بەرابەریی نێوان ژن و پیاو لەوپەڕی خۆیدایە، کەوابوو دنیا مەجبوورە ئێحتڕامیان بگریت و، تەکنەلۆژیاشیان هەیە کە بۆ پاراستنی خۆیان بەباشی بەکاری دێنن، بینیمان کاتێک ئێران و حیزبوڵڵا هێرشیان کردە سەریان، ئەم هەموو مووشەک و ڕاکێتەیان لێ دا، هەر هەموویانیان بەرلەوەی بگەن بە عەرز، لەناو بردن.
ڕاستە هاوکاریش دەکرێن بەڵام، هێز هاوکاریی هێز ئەکات، هین ئێمە هێز خێرمان پێ ئەکات، ئەبێ ئێمە پێشکەوتنی بەردەواممان لەبیر بێ، ئێمە هەموو کێشەیەکمان لە پێشکەوتندا چارەسەر ئەبێ.
کاکە جامعەی سوننەتی بەڵایە، بە هەموو باوەڕ و داب و نەریتەکانییەوە، حیزبت لێ ئەکات بە دین، دینت لێ دەکات بە …. کەسایەتییەکانی ناو حیزبت لێ دەکەن بە هەدەف و گەورەتر لە وڵات، عەقڵی وڵاتەکەت لێ چووکە دەکەنەوە، لە شتی زۆر بەسیتدا و سەرەنجام تووشی تەنگوچەڵەمەی گەورە ئەبین کە پێمان چارەسەر ناکرێ، دەبێ لەوە دەرچین.
پرسیار
بەو چیرۆکەی خۆتان باستان کرد و پێیدا هاتین، لە مەسایلی بەغدا و هەرێم و ناوچە، ئیستا دوای ئەوەی کە مەسەلەی ڕێفڕاندۆم بەڕێوە چوو، ڕاتانگەیاند کە سڕتان کردووە، ئیستا بەدیلەکەتان دیسان هەر ڕێفڕاندۆمە یان فێدڕالیزمە؟
ئەڵتڕناتیڤەکەمان دەبێ هەر فێدڕالیزم بێ، چونکە پاراستنی ئەو سیستەمە بوو کە ڕێفراندۆم ئەیویست هەنگاوێک بەرەو پێشەوەتری بەرێ. ئامانجی ڕێفڕاندۆم ئامانجێکی تەواو واقعبینانە و عادڵانەیە بۆ پێشخستنی میللەتەکەمان، بەڵام بارودۆخی سەربازی و ناتەباییی ناو بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و ناهەماهەنگیی سەرکردایەتیی ئێمە لەگەڵ دۆستەکانمان لە دنیادا وایکرد کە سەرەنجام ئێمە شکست بێنین. ئێمە لە ڕێفڕاندۆم شکستمان هێنا، شکستی پڕۆسەکە بە مەعنای ناواقعبینییە لە بەکارهێنان و ئەنجامدانی، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بەو مانایە نییە کە ئەنجامدانی ڕێفڕاندۆم و ئەم شێوازە هەڵە بووبێ یان ڕۆژێ لە ڕۆژان لە خێری بگوزەرین، بۆیە کاتێ کە سڕ کرا، ئێمە لە نەتیجەی ڕێفڕاندۆمدا کەوتینە ژێر هێرشی ئێران، عێراق، تورکیە و چاوپۆشیمان لێ کرد.
بەڵێ پێشمەرگە مقاومەتی قارەمانانەی کرد، بەڵام لە دوو حیزبە سەرەکییەکەی کوردستان یەکیەتیی نیشتمانی کەوتە هاوکاری کردن لەگەڵ دوژمن و لەگەڵ عێراق، خۆ بە نیاز بوون دهۆک و هەولێریش بگرن، ئەوکات سلێمانیشیان دەگرت، بەس قارەمانەتیی پێشمەرگە، خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و هاوکاریی دۆستە ئیستراتیژییەکان کە لە نەتیجەی خیلاف لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد بڕیاری لە ناوچوونی سەرکردایەتیی کوردستانیان نەدا، ئەوانیش دەوری زۆر بەهێزیان هەبوو بۆ ئەوەی کە دەبابەکانی عێراق بسووتێن، بۆیە ئێمە ڕێفڕاندۆممان سڕ کردووە بەو مانایەی کە لە ئامانجەکانی پاشەکشە نەکەین، هەڵماننەوەشاندووەتەوە، تەجویل کراوە، یەعنی هەڵپەسێردراوە و لەناو نەچووە.
ئامانجەکان ماون، بە ئاواتەکانی پابەندین و شانازیشی پێوە ئەکەین، بەڵام لە نەتیجەی تەوازونی هێز خەریک بوو تێکمان بشکێنن، ناچار بووین وەکوو دەوڵەتێکی شکستخواردوو بچین هێندێک بەندی ڕێککەوتن قەبوڵ بکەین کە لە سەروەریی ئێمە کەم دەکاتەوە، ئەوە کارێکی زۆر واقعبینانەیە و زۆر ڕاستیش بوو.
ئەم داهێنان و ئیبداعەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ئەوکاتی هەرێم کردی، لە جۆری خۆگونجاندن لەگەڵ دوای شکست بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بمێنێ، پێم وایە لە مێژووی میلەتەکەماندا ڕۆژگارێک بە دیپلۆماسییەکی نەرم و نیشتمانپەروەرانە و زانایانە حیساب ئەکرێ و، سەرەنجام سەرنج و هاوکاریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشی بە خێرایی گێڕایەوە بۆ ناو هەرێمی کوردستان، کە ئێستا تەقریبەن گەیشتووینەوە پێوەندییەکانی پێشی ڕێفڕاندۆم کە دنیا کورد ناخاتەوە بەردەمی هەڕەشە بە ئاسانی، دنیای مەدەنی، کورد لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا، بۆیە دوو پارچەکەی تریش ئەگەر بە زانایانە و درایەتەوە هاوکاری هەبێت، ئیستا دێنە پێشەوە و مەرحەلەی جێی سەرنجی دەبێ.
ئێوە یەکێک لە خوێنەرانی گۆڤاری تیشکن، بۆچوونتان دەربارەی گۆڤارەکە و، پەیامتان بۆ خوێنەرانی گۆڤارەکە چییە؟
زۆر بە ڕێز و میهرەبانییەوە سەیری ئەدەبییاتی شۆڕشگێڕانەی ئێوە و شۆڕشگێڕانی دیکەی کوردستان ئەکەم، چونکە خۆم لەو مەسیرەدا دیومە و لەوێدا کاری نووسین و ڕۆژنامەنووسیم دەست پێکردووە، زۆر لە گەنجییەوە لە تەمەنی 20 ساڵییەوە، بۆیە ئەزانم بارودۆخی ئێوە لە بارودۆخی ئێمەی شاخ باشترە، لەبەر ئەوەی لە بەشێکی ڕزگاربووی نیشتمانی خۆتاندا ئەژین کە هەرێمی کوردستانە و، دەرفەتی چاک بۆ خوێندن و گەڕان بە دونیاتان هەیە، ئێمە ئەمەمان نەبوو، هەر لەو خواکورک و قەندیلەدا قەتیس مابووین. چۆن گۆڤار و ڕۆژنامەمان دەرئەکرد، چۆن ڕادیۆمان بەڕێوە ئەبرد، لە گەمارۆیەکی کوشەندەدا، بۆیە من وەکوو یەکێک لە جیلی شۆڕشگێڕی وڵاتەکەم زۆر بە سۆز و عاتفەوە تماشای ئەو مێژوویە ئەکەم، چونکە مێژووی عاتفی و شەخسیی منیش لەوێ بووە، بۆیە دەستتان خۆش بێ، بە ڕێزەوە سەیری کارەکەتان ئەکەم.
گۆڤارەکەم پێ دەگات زۆرجار، گۆڤارێکی ڕۆشەنبیرانەیە، ڕاستە هەمووی ناخوێنمەوە. هەموو جار ئەمسەر تا ئەوسەر، چونکە ئینسان ئەو شتانەی کە بەلایەوە گرینگە دەیانخوێنێتەوە، جێ پەنجەی کاری ڕۆشەنبیرانەی باشی پێوە دیارە، هیوادارم ئەوە زیاتر بێ. هیوادارم ببێتە(مادام گۆڤاری حیزبێکی شۆڕشگێڕە) هؤی ئەوە کە شۆڕشگێڕانی غەیری حیزبیی ئێوەش بیخوێننەوە، زۆر گرینگ دەبێ شۆڕشگێڕەکان ئەگەر بە قسەی گۆڤارەکانی یەکتر بکەن، ئیستا وەسیلەی تریشمان هەیە کە هەزاران کەس پێکەوە تێکەڵ و موناقشە ئەکەن، گۆڤارەکەتان و ئەوانەی کە ڕۆشەنبیری باشن، سیاسییەکان و پێشمەرگەکان و لایەنگرانتان لەسەر ئەوە ڕابێنن، کە هەموو پێکەوە ئەبێ لە زۆر مەیدان بە شێوەی عەمەلی گفتوگۆ بکەین و ڕا بگۆڕینەوە، لە کوێ مخالفین، لەوێ هەزار جار گوێ لە یەکتر بگرین، بەڵکوو بەهەڵە چووبین، بەڵکوو ڕێگایەک ببێ کە ئەو خیلافە کەم بکاتەوە و سەرەنجام ئیرادەی میللەتەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکگرتووتر و بەهێزتر بن، هیوایان زیاتر بێ، من ئەو پەیامە و ئەو ئەرکە لە گۆڤارەکەتان و ڕۆژنامەکەتان و سایتەکەتان یان لە وێبسایت و کاری تەلەڤیزۆنیشتان دەبینم، ئێوە تۆمەتبارن بە پاشکەوتن، ئەگەر وەکوو هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو کاری ڕاگەیاندنی حیزبی بکەن لە حیزبێکی شۆڕشگێڕدا کە ئازاد نییە، چونکە ئیستا دەرفەتی زانایی و دەنگ بە دنیادا گەیشتن دەزانین و لە دەسەڵاتی هەمووتان دەرچووە، لە شۆڕشگێڕەکانیش یەک کەس ئەتوانێ سەرنجی دنیا بۆ لای خۆی ڕاکێشێ، بە شەرتێک دۆزێکی پێ بێ کە عادڵ بێ و بە زانایانە بتوانێ بازاڕیابی بکات.
جا من پێم وایە ئەوەی کە گۆڤارەکەتان دەردەچێ، ئەو موزووعانە باس دەکا، ئەو ئەرکە بێنە و حیزبی دیموکراتی کوردستان بە هەر دوو جناحەکەیەوە تایبەتمەندییەکی وای لە کوردستان بووە کە ڕۆشەنبیری زۆر گەورە لە تاریخی ئەم حیزبەدا، تاریخی ڕۆشنبیریی کوردستان لەم 70 ساڵی ڕابردووەدا شتێک کەمتر دروست بووە، ئەدیبی گەورە دروست بوونە و جێ پەنجەیان دیارە لە هەست و نەستی میللەتەکەماندا، بۆیە ئێوە خەزێنەیەکی دەوڵەمەندتان هەیە لە مێژووی خۆتاندا، گرینگ ئەوەیە کە خیتابتان، ئەوەی کە پێی دەوترێ ئەو گوفتارە، کە نەقدی دەکەن بۆ میللەتی خۆتان بۆ خوێنەری خۆتان، پەیامێک بێ کە حەلی کێشەکانی تێدا بێ، کێشەی سەرەکیی کورد دوای داگیرکردن ئەوەیە کە تەفاهومی ناوخۆیی، لەسەر ئەساسی واقعبینی نییە، ئەساسی واقعبینی ئەوەیە کە زۆر زانای واقیعەکە وەکوو خۆی دەبینی، بۆیە ڕایەکانیشت هەموو قەبووڵە، هەموو قەبووڵن، ئەوە وات لێ ئەکات، هاوکاری و تەفاهوم یەکجار زۆر بێ لەگەڵ ئەوپەڕی تەفاوت و جیاوازی، جیاوازی لەگەڵ تەبیعەتی ئینسانە، بەڵام ناکۆکی و دژایەتی نیشانەی نەزانیی ئینسانە لە هەر پڕۆسەیەکدا.
هیوادارم ئێوە لەوەدا چی باشە بە نەسیبتان بێ، سەرکەوتوو بن. وەکوو شۆڕشگێڕێکی دوێنێ، دایمە من بە عاتفەوە سەیری ئێوەم کردووە.
داگرتنی بابەت



