ئارامتر بخوێنەوە

وتووێژ لەگەڵ
عومەر ئێلخانیزادە


عومەر ئێلخانیزادە، کوڕی ئیسماعیل ئێلخانیزادەیە کە لە کابینەی کۆماری کوردستاندا وەزیر بووە. بنەماڵەیەکی بەناوبانگ و بەنفوز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. زۆر کەسی ئەو بنەماڵەیە سیاسی بوون و، دژ بە ڕژێمی شا و کۆماری ئیسلامی لە شۆڕشدا بەشدار بوون.

  عومەر ئێلخانیزادە ساڵی ١٩٥٢ لەدایک بووە. لەبەر ئەوەی لە بنەماڵەیەکی سیاسی بووە، هەر لە تەمەنی ١٥ و ١٦ ساڵیدا ڕووی کردووەتە سیاسەت و بۆ چالاکیی کاری ڕێکخراوەیی لە ساڵی ١٩٧٠ پێوەندی بە کۆمەڵەوە گرتووە و، بووەتە ئەندامی کۆمەڵە. خوێندنی دواناوەندیی لە تاران تەواو کردووە و دواتر لە زانکۆی تەورێز موهەندیسیی جیۆلۆجی یان زەویناسی تەواو کردووە. لە کادرە سەرەکییەکانی کۆمەڵە بووە و لە ڕاپەڕینی گەڵانی ئێران لە کوردستاندا دەوری بەرچاوی بینیوە. لە کۆنگرەی دووهەمی کۆمەڵە لە ساڵی ١٩٨١ بووەتە ئەندامی کومیتەی ناوەندی و، بەرپرسی ڕێکخستنی نهێنی بووە، تەنانەت دەورەیەک بۆ سازدانەوەی ڕێکخستن دوای ھاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی بە نهێنی لە تاران و تەورێز ماوەتەوە. بەرپرسی یەکەم بنکەی ئاشکرا و، فێرگەی سیاسی نیزامیی کادیرانی کۆمەڵە بووە و یەکەم دەورەی ڕاهێنانی فەرماندەییی نیزامی و ڕابەرە سیاسییەکانی کۆمەڵەی لەئەستۆ بووە. لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی کوردستانی ئێران لە کومیتەی ناوەندیدا پۆستی جۆراوجۆری وەک بەرپرسی کومیتەی کارگێڕی، سکرتێری نێوخۆییی کۆمەڵە، بەرپرسی ڕێکخستن و بەرپرسی ڕادیۆ و ڕاگەیاندن و، لە دەورە سەختەکاندا تەنانەت بەرپرسی مەیدانیی هەموو هێزی پێشمەرگەش بووە. یەکێک بووە لە ڕابەرانی کۆمەڵە کە دەربارەی ھێزە سیاسییەکانی ھەموو بەشەکانی کوردستان دەوری بەرچاوی گێڕاوە و پێوەندیی نزیکی لەگەڵیان هەبووە. تەنانەت سەبارەت بە وڵاتانی ناوچە و پێوەندییە نێونەتەوەیی‌یەکان لە لایەن کۆمەڵەوە بەشدار بووە و ناسراوە. کە حیزبی کۆمۆنیست دامەزراوە، ئەندامی کومیتەی ناوەندی بووە. زوو لەگەڵ بیرۆکەی حیزبی کۆمۆنیست کەوتووەتە کێشە و بۆ ساغکردنەوەی کۆمەڵە و خەتێکی چەپی- نەتەوەیی لە کوردستاندا حەولی داوە. لە نێوەڕاستی ساڵانی دەیەی نەوەدی زایینی زۆرتر کەوتووەتە حەولی ئەوە کە کۆمەڵە لە حیزبی کۆمۆنیست بێتە دەرێ تا سەرئەنجام لە ساڵی ٢٠٠٠ لەگەڵ ژمارەیەک لە کادرەکان و ڕابەرانی کۆمەڵە وەک عەبدوڵڵای موهتەدی، بوونەتە ئاڵاهەڵگری ساغکردنەوە و سەربەخۆکردنی کۆمەڵە. لە ساڵی ٢٠٠٥ بەولاوە کێشەی نێوخۆیی لەنێو کۆمەڵەدا پەرەی ئەستاند و، کۆمەڵە بوو بە دوو باڵ و سەرئەنجام ساڵی ٢٠٠٧ جیا بوونەوە. لەو کاتەوە وەک سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کاری کردووە و حەولی زۆری داوە ھەم بۆ یەکگرتنەوەی کۆمەڵە و، ھەم بۆ پێکهێنانی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە ئێستا ئەو ناوەندە لە چوار حیزبی سەرەکی پێک ھاتووە

پرسیار: وا دەردەکەوێت کۆنگرەی دەیەمی کۆمەڵە لە ساڵی 2002ەوە وەکوو وەرچەرخانێکی گرینگ لە ئایدیۆلۆژیای حیزبی سەیر بکرێت، بەتایبەت ڕوانگەی حیزبی کۆمەڵە لەئاست پرسی نەتەوەییی کورد لە ئێران بووەتە بەشێکی گرینگ لە ستراتێژیی حیزب، ڕوانگەی ئێستای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەربارەی پرسی کورد چ جیاوازییەکی لەگەڵ حیزبی دێموکڕات هەیە؟

وڵام: یەکەم دەبێ ئاماژە بەوە بدەم کە سەرەتا کۆنگرەی 10 نییە کە گوتاری نەتەوەییی کۆمەڵە تێیدا هاتووەتە ئاراوە، کۆمەڵە لە دامەزرانییەوە گوتارەکەی نەتەوەیی و کوردستانی بووە. ئێمە ئەوکاتەش بە بزووتنەوەی کوردمان گوتووە: بزووتنەوەی میللی دیمۆکراتیکی خەڵکی کورستان، پێمان وابووە کۆمەڵە لەسەر دوو قاچ ڕاوەستاوە، خەباتی نەتەوەیی و خەبات بۆ عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی. ئامادەش بووین لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت حیزبی کوردستان، بەرەی کوردستانی پێک بێنین، چونکە لامان وابوو ئەوە پێویستییە بۆ خەباتی ڕزگاریخوازیی کوردستان. دوای چوونە ناو حیزبی کۆمۆنیست وردەوردە ئەو گوتارە گۆڕانی بەسەردا هات. دوای ماوەیەک تۆ نابینی لە دروشم و لە گۆڤارەکانی ئەوکاتدا ئیدی بزووتنەوەی کوردستان بە بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی پێناسە بکرێت، بەڵکوو باس لە “بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە”ی کوردستان دەکرێت، بەو مانایە کە ئەو بەشەی شۆڕشگێرە، لەژێر ڕێبەریی چەپدایە، ئەو گۆڕانە کە بەسەر گوتاری پێشوودا هاتووە(هەرچەند بەخشکەیی کرابێ، بەڵام هەبووە)، بەڵێ بزووتنەوەی کوردستان شۆڕشگێڕانەیە، بەڵام ئەوە پێناسەی تەواو نییە، پێناسەی بزووتنەوەی کوردستان خەباتێکی گشتگیرە بۆ نەمانی ستەم و ژێردەستەییی نەتەوەیی کە بەتایبەت دوای گۆڕانی کۆمەڵایەتی و هەوڵی کۆمەڵە ناوەرۆکی عەداڵەتخوازی تێیدا پڕڕەنگ بووەتەوە. کارێک کە ئێمە لە کۆنگرەی ١٠  کردوومانە، ئەوەیە گوتارەکەمان رێک کردووەتەوە و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم گونجاندوومانە و بردوومانەتەوە سەر هێڵی پێشووی خۆی، ئەویش کوردستانی بوونە. ئێمە لە کۆنگرەی 10 هاتینەوە سەر ئەساسی ئەم گوتارە، بەڵام پێم خۆشە ئەوەش بڵێـم: چ دوای جیابوونەوە و چ لەوکاتەی کە پێکەوە بووین لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، هەر ئەو گوتارە بوو، بەڵام ژەنگ و تۆزوخۆڵی حیزبی کۆمۆنیستی هەر بەسەرمانەوە مابوو. وردەوردە ئەو ژەنگ و تۆزەشی لێ داتەکا، چ ئەوکاتەی بەیەکەوە بووین لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێر و چ دواتریش هەرتک لامان زۆرتر و ڕوونتر بەرژەوەندیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستانمان زۆرتر هێناوەتە ناو کارمان و کردوومانەتە بنەما. دەورەیەک باسمان لەوە دەکرد کە تێدەکۆشین بۆ یەکگرتوویەکی ئۆپۆزیسیۆنی دێمۆکراسیخوازیی ئێرانی، کە ئەوە قسەیەکی خراپ نییە، بەڵام پێش ئەوە دەبێ کورد یەکگرتوو بێ، جا بچێتە مەیدانی سەراسەری لە ئێرانیش. مەنزوورم ئەوەیە ئێستا بەرچاوڕوونتر و بەرژەوەندیی کوردستان و بزاوتەکەی لامان ڕێنوێنە بۆ داڕشتنی سیاسەت لە ئێرانیش. هەر ئەوەی کە دەڵێن: ئێمە ناچینە هیچ هاوپەیمانییەک کە هاوپەیمانی سەراسەرییە و مەسەلەی کوردی وەکوو پرسی نەتەوەیەک قبوڵ نەکردبێت، پێم وایە ئەوە خاڵیکی وەرچەرخانی باش بوو. نەچوونە نێو هاوپەیمانی بە مانای نەبوونی دیالۆگ، هاوئاهەنگی و هاوکاری نییە لەگەڵ ڕەوتی دێمۆکراتی ئێرانی و خوازیاری نەمانی کۆماری ئیسلامی. ئەوە پەیامێکی ڕوونە کە وەک هێزی کوردی دەبێ یەکگرتوو بین تا نوێنەری داخوازیی هەموو گەل و نەتەوەکە بین. ئێمە بۆیە ئەوە کارە دەکەین کە بەربگرین لەوە کە هەر ڕەوت و حیزب و لایەنێک بۆخۆی لەناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا پارتنێری هەبێ و، لە ڕاستیدا کێشە و ململانێی ئەوانیش بکەینە سەرباری دیکەی جیاوازییەکانی ناوخۆمان. ئەوە گۆڕانێکی جیددییە لە دیاریکردنی سیاست و ستراتێژی لە بزوتنەوەی کوردستاندا. پێم وایە گوتاری نەتەوەیی دەبێ پاراوی و ڕۆشنی زۆرتری پێوە دیار بێ و، دەرس لە ڕابردووی بزووتنەوە و حیزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان وەربگرین و بە ستراتێژییەکی ڕۆشنتر کار بکەین.

 ئێمە ئێستا بەسەر پڕۆگرامی پێشووی کۆمەڵەدا دەچێنەوە، یەکیان ئەوەیە کە دەبێت زۆر ڕوونتر لە پێناسەی کۆمەڵەدا بڵێین: کۆمەڵە حیزب یا ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە کە ئاڵاهەڵگری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستانە و بۆ بەرژەوەندییە نەتەوەیی‌یەکانی خەڵکی کوردستان کار دەکات. جا ئەوجار بڵێین: کۆمەڵە حیزبێکی چەپە کە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی دەوێت ،دادپەروەری دەوێت، هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی بزووتنەوی کوردستان ناوەرۆکی پێشکەوتنخوازانەی لە بەرژەوەندیی چین و توێژەکان تێیدا زۆر و دیار بێ تا زۆرترین هێزی مرۆیی بۆ گۆڕان و ڕزگاری لە خۆی کۆ بکاتەوە. واتە هەم کوردبوون و هەم چەپبوونەکەمان باشتر مانا بکەینەوە.

  ئێمەی کورد دەبێ دوور کەوینەوە لەو بێ‌هیوایی‌یەی کە لە دەورانێکدا بۆ هەموو بزووتنەوەی کورد هاتە ئاراوە، ئەویش ئەوە بوو، کورد بە کۆمەڵەی ژێکافیشەوە سەربەخۆیی دەویست، دوایی وردەوردە دوای ١٩١٨  و شەڕی گەردوونیی یەکەم کە بە پلانێکی زلهێزە ئەمپریالیستەکان، کوردستان دابەش کرا و بزووتنەوەی کورد تووشی خەیبەت ئەمەل و بێ‌هیوایی‌یەک هات کە ئەوەی دەیهەوێ بۆی ناگونجێ. کورد بەتەواوی چووە سەر ئەو هێڵە کە لەگەڵ ئێرانی یەکگرتوو بێت، لە ئێراق لەگەڵ عێراقی، لە تورکیا لەگەڵ تورک و لە سوریاش هەروا و ئەوەی دروشمی دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری یان حوکمی زاتی بۆ کورد، هەر لەوەڕا دێت. تۆ چاو لێ دەکەیت کۆماری کوردستان تەنانەت نێوەکەشی جۆرێک سەربەخۆییی سیاسی تێدا بوو و نێوی خۆی دانابوو “دەوڵەتی کۆماری کوردستان” ئەوە مانای جیاوازە، تەنانەت گەر بمانهەوێ لەگەڵ هەرێمی کورستان لە باشوور هەڵیسەنگێنین. بۆیە ئێمە هاتووینە سەر ئەوە کە بەڵێ لە هەموو شتێکدا ئێمە نوێنەری خەڵکی کوردین و لەگەڵ هەموو کەسیشدا وتووێژ و بەپێی هاوسەنگی ئامادەین لەئاستی سیاسیی ئێراندا هاوکاری بکەین، دژی هاوکاری و چالاکی لە سەحنەی سیاسی ئێران نین، بەڵام نایشارینەوە ئێمە لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانەوە دەڕوانینە سیاسەتکردن لە ئێران و بەو پێوەرەش لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران هەڵسوکەوت دەکەین. هەموو پرسەکە ئەوەیە کە کورد نەک بە تاک تاک و هەر حیزبە بە جیا، بە پێکەوەبوون دەبێ بچێتە ئەو مەیدانە. بەڕاستی زۆر بۆم گرینگ نییە حکومەتی داهاتوی ئێران پادشایی دەبێت یان کۆماری. گرینگ ئەوەیە چی دەدا بە کورد و کورد چ بەدەست دێنێت، گرینگە چۆن ئیرادەی خەڵک لە ئۆرگانیسمێکی هەڵبژێردراو لە ئێرانی داهاتوودا سەروەر دەبێ. پێم وایە ئەوانەی کە سەربەخۆیی لە سیاسەتکردندا بۆ کوردستان دێنن، دەبێ زۆر زەق بکرێنەوە. ناڵێم ئەو ڕوانگەیە لە سیاسەتی تا ئێستای کوردیدا بێ شوێنەوارە، بەڵام زۆر ڕۆشن و سەرڕاست نەبووین تێیدا.  کاتێک حیزبە سیاسییەکان لەگەڵ ئێرانییەکان تووشی کێشە دەبن، ئێمە دەڵێین چی؟ بە ئێمە دەڵێن ئێوە بۆ دانوستان لەگەڵ دەوڵەتی ئێران دەکەن و قبوڵتانە کە دەوڵەتێکی جەنایەتکارە و کۆماری ئیسلامی دەبێ بڕووخێت. وڵامی کورد زۆر سادەیە، ئێمە بزووتنەوەیەکی جیاوازمان هەیە کە تایبەتمەندی و دینامیسم و پوتانسیەلی خۆی هەیە و داخوازییەکانمان لە بواری مافی نەتەوەیی جیاوازە و دژی داخوازییە دێمۆکراتییەکانی ئێوەش نییە. هەرچی لەدەستمان بێت، بۆی لە هەوڵدا دەبین. داخوازیی دێمۆکراتیکمان بۆ ئێرانیش هەیە و بۆیە ئەو بزووتنەوەیە مافی خۆیەتی وتووێژ لەسەر داخوازیی خۆی بکات. هەر لایەنێک بزووتنەوەی کورد بە فەرمی بناسێ و باسی داخوازییەکانی بکات، لەگەڵی دانوستان دەکەین، لەگەڵ شەیتانیش وتووێژ دەکەین و هیچ کێشەیەکمان نییە و دانوستان بە مانای دان پێدانانە بە کورد و پرسەکەی. خۆی ئەوە نیشان دەدات جۆرێک سەربەخۆیی هەیە کە لە تایبەتمەندی ئەو بزووتنەوەیەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەوەی دەمهەوێ بیڵێم ئەوەیە کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان هەوڵ دەدا کە ئەو ڕەوتە فیکرییە پاراوتر و هەمەلایەنەتر بێتە مەیدانەوە. بەخۆشییەوە ئێمە ئێستا لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەوەمان قبوڵ کردووە کە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ئێرانی بەبێ جیاوازیی فیکری ئامادەین دیالۆگ بکەین و ئەوەی ئێمە دەگەیێنێ بە هاوپەیمانی و هاوکاری، پێوەندی بەوەوە هەیە کە ئەوان بزووتنەوەی کورد چەندە بە فەرمی دەناسن و چەندە دان بە مافی کورد دادەنێن. پێم وایە ئەوە پێشوەچوونێکی زۆرە و هەوڵ دەدەین لە هەموو بوارەکاندا  ئەو ڕوونبێژییەمان لە گوتاری سیاسیدا بەرانبەر بە مەسەلەی نەتەوەیی هەبێت. لە وڵامی ئەوەی کە جیاوازیی ئێمە و حیزبی دێمۆکرات چییە؟ ئەوەی کە ئێستا هەردووک لامان دەڵێین فێدڕالیسم، ئەوەی کە هەرتک لامان دەڵێین لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانەوە سیاسەت دیاری دەکەین، کە وابێ لەسەر پرسی نەتەوەیی جیاوازییەک نابینم و ئەوە جێگەی خۆشحاڵییە. جیاوازییەکان لەسەر مەسەلەی کۆمەڵایەتی، مەسەلەی سیاسەتی ناوخۆیی یان مەسەلەی ناوەرۆکی بزووتنەوەکەیە.

پرسیار: ئێران بۆ ئێوە ناسنامەیە یان تەنیا ئاماژەیەکی سیاسییە وەکوو پانتاییی کار و چالاکیتان؟

وڵام: پێم وایە دەبێت پانتایی‌یەک بێت بۆ کار و چالاکیی سیاسی، ناسنامەی ئێمە ئەوەیە کە کوردین و بە بزووتنەوەی کوردەوە گرێ دراوین و، نوێنەری داخوازیی ئەو بزاوتەین. ئێران وڵاتێکە کە کورد تێیدا نیشتەجێیە و ستەمی بەسەردا سەپاوە، ناسنامەی سیاسیی من دژایەتیی ئەو ستەمەیە و ناکرێ ئەو خۆسەپاندنە مێژوویی و داگیرکارییە بە ناسنامە ببینم.

پرسیار: هەروەک ئاگادارن چەپی جیهانی لەو بیرۆکەیە تێپەر بووە کە چینی کرێکار دەتوانێ بەتەنیا شۆڕش لەئەستۆ بگرێ، لە ئێستادا گرینگییەکی زیاتر بەو گرووپانە دەدرێ کە خۆیان وەکوو ستەملێکراو پێناسە دەکەن، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان چۆن جومگەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکەوە گرێ دەداتەوە؟

وڵام: لام وایە بەداخەوە ئێستاش بەشێک لە چەپی جیهانی لەوە تێپەر نەبووە، ئەوە بەو مانا نییە کە بەشێکیان زیاتر لایەنگری کرێکارن و بەشێکیان نین، نا، بەڵکوو چاو لە چین، کۆرەی باکوور یان کوبا بکە، تا ئێستاش هەر بەو وشە و قەوارەوە دیکتاتۆری و زۆریی خۆی دەسەپێنێت، زۆرترین دژایەتی و چەوسانەوەی کرێکاریشیان تێدایە، بۆیە ئێستاشی لەگەڵ بێ زۆربەی خەڵکی جیهان کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەو بیروڕایەدان بە دەسەڵاتدارەکان و زڵهیزەکانیشەوە، کەڵک لەو وشەیە وەردەگرن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن. خاڵی دووهەم ئەوەیە کە بەشێکی بزووتنەوەی چەپ ڕەنگە دەستی لەوە هەڵگرتبێت کە دەبێت حکومەتێکی چینایەتی دروست بکرێ و ناوەرۆکێکی عەداڵەتخوازانە و پێشکەوتنخوازانە بدرێ بە بزووتنەوەکەی، بەڵام لەنێو بەشێک لەو چەپەشدا لەجیاتیی ئەوەی بۆ دەسەڵات هەوڵ بدات، لە وڵاتی خۆی کاری بووە بەوە کە هەموو شتێک لە ڕوانگەی دژە ئەمپریالیستی لێک بداتەوە و، لە ڕووی ئەوەوە سیاسەت دیاری بکات، بۆیە سەرەڕای ئەوەی کە ناوەرۆکێکی پێشکەوتنخوازانەی دەوێ، کەچی لەگەڵ ڕەوتی کۆنەپەرەستانە و دواکەوتوودا بە دژی ئەمپریالیسم هاوتەریب و هاوئاهەنگ دەبێ. زۆرکات هاوپەیمانیەتیی کردەیی لەئاستی جیهانیدا لەگەڵ ئەوانە دەکات. ئەوە گرفتێکی گەورەی دروست کردووە لەناو چەپدا و، تەنانەت لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بووەتە هۆکارێک بۆ گەشەی ڕەوتی فاشیستی و ڕاست. ئێمە بیروڕامان سۆسیال دێمۆکراتییە، بەڵام سیاسەتی سۆسیال دێمۆکراتیم لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە قبوڵە، نەک لە بواری سیاسییەوە. بۆ نموونە سۆسیال دێمۆکراسی لە هەموو جیهاندا دژی هەر بزووتنەوەیەکی جیاوازیخوازە وەکوو سەربەخۆیی، دژی شەڕی چەکدارییە، چونکە خۆیان پێ جیهان نیشتمانە. لە هەمان حاڵدا خۆیان لە وڵاتێکی وەک سوئید بەرگری لە هەموو بەرژەوەندییەکانی نەتەوەییی سوئید دەکەن، کەچی بۆ تۆی نەتەوەی ژێردەست نایسەلمێنن. ئێمەش وەکوو چەپی کورد دەبێت تایبەتمەندیی خۆمان هەبێت، نە سۆسیال دێمۆکراتی سوئێدی، نە حیزبی کرێکاری ئینگلیسی، نە حیزبی سۆسیالیستی فەڕانسەوی، نە سۆسیال دێمۆکراتی ئەمریکای لاتین لە یەک ناچن و هەر کامەیان تایبەتمەندیی خۆی هەیە و یەک سیاسەتیان نییە. ڕاستە جیهەتی گشتی کە عەداڵەتی کۆمەڵایەتیمان دەوێ، چەوسانەوە نەمێنێ، کەلەبەری چینایەتی کەم بێتەوە و ئەوانەش لە پڕۆسەیەکەوە تێپەر دەبێت وەک پڕۆسەیەکی ئیسلاح و چاکسازی، ئەی بۆ دەبێ ئێمە لە هەر پرسێکدا بە شوێن ئەواندا برۆین!؟ چەپی کوردی دەبێت بە جۆرێک سەربەخۆییی لە سیاسەتدا هەبێت. بەڵێ لەو مەیلە گشتییە جیهانییەداین بە قبوڵی بەرژەوەندی و تایبەتمەندیی خۆمانەوە. پێم وایە کۆمەڵە و چەپی کورد ئەوەندەی ئاسەوار داناوە کە دەنگ هەڵبڕین و بڵێین: بەڵێ ڕێگە و خەتی خۆی هەیە و دەبێ بیبێ. جیهان نیشتمانی و هاوپێوەندیی جیهانی و خەڵک و نەتەوەکان زۆر باشە و پشتی بگرین و، لە هەمان کاتدا بە ئاشکرا بڵێین کە ڕزگاریی نەتەوەیی و دروستکردنی نیشتمان، مافی گەلی کوردە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئێمەی کۆمەڵە بۆ نیشتمانی خۆمان هەوڵ دەدەین، چالاکی و کار و هەڵسووڕانمان بۆ ئەم کوردستانەیە. ئەوەش تایبەتمەندییەکمان دەداتێ، نابێ هیچ چەپێکی تری جیهانی دژ بەوە ڕابوەستێ، چونکە ئەویش لە عەمەلدا هەر ئەوە دەکات. زۆر بە هیوام کە جیهان وای لێ بێت کە نیشتمانی هەموومان بێت و بۆ هەموو نەتەوەیەک، ئایینێک، بنەچەک و ئایدیۆلۆژیایەک بێت، بەداخەوە وا نییە، کەوایە قبوڵی بکەین بەڵێ ئێمە تایبەتمەندیی خۆمان لە کوردستان هەیە. ئەگەر تایبەتمەندیمان لە بزووتنەوەکەدا هەیە، دەی ئێمەش هەڵقوڵاوی ئەم بزووتنەوەین و دەمانهەوێت ئەو بزووتنەوەیە بەپێی دۆخی واقیعی و هاوسەنگیی ئابووری و ئەو هێزەی کە لە کوردستان هەیە، ناوەرۆکێکی پێشکەوتنخوازانەی هەبێت.

پرسیار: بەو ڕوانگەی کە باستان کرد بەتایبەت سەبارەت بە چەپی کوردی، ئێستە ئێوە لە چاوگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە چۆن دەتانهەوێ جۆرەکانی ئەو بزووتنەوەیە کە ئێستا بزووتنەوەیەکی فرە ڕەهەندە، بەتایبەتی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات، جومگەکانی لە یەک گرێ بدەنەوە؟

وڵام: لەو باوەڕەدام کە ڕەوتی چەپ و هەموو کەسێک کە بۆ بزووتنەوەی کورد کار دەکات و تێدەکۆشێ، یەکەم ئەرکی ئەوەیە هەوڵ بدات گوتارێکی گشتگیری نەتەوەیی بچەسپێنێ. کاتێک دەڵێم گوتاری گشتگیر یانی لە بەرژەوەندیی هەموو گەلی کورد واتە هەموو چین و توێژێک لە بواری ڕزگاریی نەتەوەیی بێ. ئەوە هیچ پێوەندیی بەوەوە نییە کە چەندە سۆسیالیست نین یا چەندە ناسۆسیالیستن، بەڵکوو چی دەبێتە کۆکەرەوەی زۆربەی خەڵکی کورد لە دەوری ئەو بزاوتە. ئەگەر ئەوە بە یەکگرتوویی وەدی بێ، جا ئەوجار دەکرێ بڵێین چەندە ماڵیات لەسەر داهات دابندرێ و پێ بە پێی داهات، ڕادەی ماڵیات و پیتاک زیاد بکرێ، لەسەر کەلوپەلی لوکس و شیک ماڵیاتی زۆرتر دابندرێ و پیتاکی خەڵکی هەژار کەمتر بێت، دەبێ بڵێین خوێندن بۆ هەمووان لە منداڵییەوە تا زانکۆ یەکسانە، دەرمان و بەشی تەندروستی بۆ هەمووان هەبێ، مافی هەر تاکێکە کە سەرپەنا بۆ حەوانەوە و پۆشاکی بۆ خۆپاراستن لە سەرما و گەرما هەبێ. ئەوانەن کە بەستێن دەڕەخسێنن تا کەلەبەری چینایەتی و جیاوازییەکان کەم بکرێنەوە. بۆیە چەپی کوردستان بەرلە هەموو لایەنێک پێویستە هەم پاڵپشت و هاندەری یەکێتیی نەتەوەیی بێ تا قسە حیسابییەکانی دیکەی ئاسانتر بۆ بچێتە سەرێ، تۆ دەبێ خاوەنداریی بزووتنەوە و ڕەوتە گشتییەکە بی تا لەسەر ناوەرۆکەکەی کاریگەریت هەبێ. بۆیە یەکەمین کاری چەپ و هەموو مەیڵێک کە بیهەوێ لە بزووتنەوەی کوردیدا دەوری هەبێت ئەوەیە کە هەوڵ بدات ئەو بزووتنەوەیە گشتگیر بێت و هەموو کەس پێی سەر و دڵخۆش بێ و لێی تێ بگات و خۆی تێدا ببینێتەوە.

پرسیار: لە ئاستی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئایا پێتان وایە کە چەندحیزبی هەڕەشەیە یا دەرفەتە، خودی مەسەلەی چەندحیزبی و جیابوونەوە لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک وەدیهاتی هەیە، گرفتیشی هەیە.

وڵام: وا دەفکرم کە ئەو جیابوونەوانە باش نین و باشیش نەبوونە، سەبارەت بە خۆمان کە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێر جیا بووینەوە، هیچ کات نەمانگوتووە کە پێویست بووە یا بێ‌زەرەر بووە و باشە، بەڵام کاتێک کە لە حیزبی کۆمۆنیست جیا بووینەوە، وتومانە کە باش بووە و دەبوو بیکەین و بە قازانجە و ئێستاش هەر ئەو بڕوایەم هەیە. ئەوەی کە لە کۆمەڵگادا دیاردەی چەندحیزبی هەیە، بەدەستی ئێمە نییە کە بڵێین باشە یان خراپە، کۆمەڵگا گۆڕانکاریی تێدا پێک هاتووە و مەیل و ڕەوتی فیکریی جیاواز هەیە و کەس ناتوانێ پێش بەو مەسەلەیە بگرێ، لە هیچ کۆمەڵگایەکی ئەوڕۆی جیهانی ئەوە نییە کە تەنیا یەک حیزب هەبێت، لە کاتێکدا باس لە بیروڕای ئازاد دەکەین، بۆیە مەیدان ئاواڵە بێ کە بەپێی گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگا مەیلی جیاواز بۆی هەبێ بێ‌مەترسی و ڕاوەدونان خۆی بنوێنێ. ئێمە هەر لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران یەکێک لە خاڵەکانی هێڵە گشتییەکانمان ئەوەیە، بیروڕا ئازادە و هەر حیزبێک دەتوانێ ئازادانە چالاکی ببێت، یەکێتییە پێشەیی‌یەکان ئازادن، ڕۆژنامە ئازادە و….کەوایە بیروڕای جیاواز دێتە ئاراوە، ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەو جیابوونەوانە لەسەر جیاوازیی بیروڕا و باش بوونە، ئەو جیابوونەوانەی دواییی کۆمەڵە و دێمۆکرات بە بڕوای من هی ئەوە نەبووە کە گوتاری زۆر جیاوازیان لە بزووتنەوەدا بووە، ئێستاش لە ناوەند دەیبینین هەردووک لایەنی کۆمەڵە و دێمۆکرات لەو بابەتەوە جیاوازییەکی ئەوتۆمان لەسەر گوتاری نەتەوەیی نییە و لە دیالۆگداین بۆ تەواو لێک تێگەیشتن، من نەمبینیوە کەسێک بەربەرەکانیی توندی ئەو گوتارە بکات کە لە پێشوودا باسم کرد. زۆرتری ئەم جیابوونەوانە هی کەموکووڕیی حیزبی و ڕێکخراوەیی، هەندێک وردە تاکتیک و کەمتەحەمولی لە دیالۆگی ناو حیزبی و دەردی تاراوگەنشینی بووە.

پرسیار: باسی ناوەندی هاوکاری کرا، لە ناوەندی هاوکاریدا هیچ هەوڵ یان مکانیزمێک بۆ لێک نزیکبوونەوەی ڕوانگە و ئایدیۆلۆژیی ئەم حیزبانە لە یەکتر هەیە؟

وڵام: نزیکبوونەوە بەوە دەزانم کە ڕوانگە و بیر و باوەرمان لە بزووتنەوەی ئەمڕۆی کوردستان چۆن بێ و چەند لێک نزیکین؟ بە گشتی بزووتنەوەی کورد چۆن دەبینین؟ کە دێتە سەر کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبێ چی بکرێ؟ داهاتووی کوردستان و ئیدارەی کاتی چۆن دەبێ تا هەڵبژاردنێکی ئازاد کە خەڵک دەنگی خۆی دەدات؟ پێوەندیی نێونەتەوەییمان چۆن بە یەکگرتویی بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات وەگەڕ دەخەین؟ لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چی بکەین و ڕادەی هاوکاریمان چۆن دیاری بکەین؟ خەریکین بە چڕی قسەیان لەسەر دەکەین و پێشم وایە لێک نزیک بووینەتەوە و دەبێ لەسەری ڕێک کەوین و کورد یەک گوتار بێ. بەخۆشییەوە زۆر کات لە زۆر بواردا نزیک بووینەتەوە. بەڵام کێشەی ئەوە ناکەین کە سۆسیالیست بین یان ناسۆسیالیست، شەڕی ئیدئۆلۆژیک نییە، پرسی کۆنکرێت لەسەر کوردستان دێنینە ئاراوە و ناشمانهەوێ لە باری ئیدئۆلۆژیکەوە ڕێک نەکەوین. لە هەمان کاتدا ئەوە کێشەیەکە و ئێستاش تۆ هەوڵ دەدەی گفتوگۆی لەسەر بکەی، کاتێک سێکۆلاریزمت قبوڵ کرد، کاتێک بەرابەریی ژن و پیاوت قەبوڵ کرد، هەنگاوێکی گەورەت ناوە، کاتێک دەڵێی هەوڵ دەدەین بۆ عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و هەموو ئازادییە سیاسییەکان، بە بەرینی قەبوڵ دەکەی و جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ بناخەیە بۆ کارەکانمان و هەنگاوێکی گەورەیە، لە ئەسڵیشدا لە زۆربەیان نزیک بووینەتەوە.

پرسیار: ئەو ناوەندەی کە ئێستا باسی دەکەن، ئایا ناوەندێکە تەنیا بۆ هاوکاری؟ ئایا ناوەندی هاوکاری ناوەکەی بە خۆیەوەیە؟ بۆچی تا ئێستا نەیتوانیوە ببێتە ناوەندێکی بڕیار؟ ئەگەر بڕیارێکی وای هەبووبێت بۆ هیچ زەمانەتێکی ئیجرایی نییە و هەر حیزبە و بە قامووسی خۆی دەڕوا؟

وڵام: پرسیارێکی بەجێیە، ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ناوەندی هاوکاری لە ئەسڵدا پێکهاتەیەکە و حیزبەکان لە یەک نزیک دەکاتەوە تا باشتر بتوانن هاوکاری بکەن، هێشتا نەبووەتە پێکهاتەیەک بۆ ئەوەی هاوکاریی کردەیی دەست پێ بکات و بەداخەوە هاوکارییەکانی سنووردار و سەرەتایین. هەموو کەس پێی وایە ئەو ناوەندە بەس نییە و نابێت هەر لێرەدا بوەستێ و، پێویستە بچێتە پێشەوە و ببێتە ناوەندێک بۆ بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات. ئێمە چەند گەڵاڵەمان لەبەردەستە، یەکیان، بەڕێوەبردنی کاتیی کوردستانە، دووهەمیان، هێزی پێشمەرگەیە، سێیەم، پێوەندیی نێونەتەوەیی‌یە، چوارەم، پێوەندیی ئێمەیە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، پێنجەم، پێوەندیی نیشتمانییە لەگەڵ کورد، پێم وایە لەم مەسەلانەدا بەرەوپێش چووینە و، دەکرێ بگەینە ڕێککەوتن. دوای ئەوانە دەبێ لە ئاستی گەڵاڵەدا باسی میکانیزمی ئەو گەڵاڵانە بکەین کە چۆنن و دەبێ چۆن بن و مێکانیزمی بۆ دیاریی بکەین. ئەگەر وا بڕۆینە پێشێ، ناوی ناوەند دەتوانین بگۆڕین. ئەوجار دەبێ دەرگای ناوەند بکرێتەوە و خەڵکانی تریش ببن. هەر کەس ئەو بنەمایانەی ناوەندی لا پەسەند بوو، مافی هەیە و هیچ ترسێکمان لەوە نییە و ئەو کاتە ئێمە دەبێ بەرەیەکی نیشتمانی دروست بکەین، ئەگەر ئەو ناوەندە کار نەکات بۆ بەرەیەکی نیشتمانی، سەرکەوتوو نابێ و ناوەند هەر وەک پێکهاتەیەک دەمێنێتەوە، نەک وەکوو ڕێکخەرێکی بزووتنەوەی کوردستان. ئێستا ڕێکخەری بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات نییە و ناشتوانێ ئەوە بڵێت و هەر حیزبەی ڕەنگە بۆخۆی هەوڵی ئەوە بدات. ئێمە دەبێت کارێک بکەین کە ئەوە ببێتە پێکهاتەیەکی ڕێکخراو بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوە.

پرسیار: بیرتان لەوە کردووەتەوە کە ناوەندی هاوکاری زیاتر لەوەی کە نوێنەرایەتی یا کۆبەندێک بێت لە بۆچوونی بەرژەوەندیی مەوزوعی حیزبەکان، نوێنەرایەتییەکی نەتەوەیی بێت لە ڕۆژهەڵاتدا؟چیتان بۆ کردووە؟

وڵام: لە قسەکانی پێشوومدا بە ڕوونی باسم کرد، ئەگەر ئاوا نەبێت، ئێمە لە کوردستانی ڕۆژهەلاث لە دواڕۆژدا تووشی کارەسات دەبین. یەکێک لە کارەکانمان ئەوەیە کە بەیەکەوە بەو ئاکامە بگەین کە هێزێکی نیشتمانی، ئیدارە و ئەمنییەتی کوردستان بەڕێوە ببات، هێزی حیزبی نەبێت و ئەو هێزە پەسەندی هەموو خەڵک بێت. ئێمە ناتوانین ئەگەر چووینەوە، هەر حیزبێک لە هەر کوێ دەسەڵاتی هەبوو، ئیدارە و ئەمنییەت و پارێزگاریی ئەو شوێنەی بەدەستەوە بێت، ئەوە خراپە و کێشەی گەورە دروست دەکات. لەو دەورە کاتییەدا دەبێت قەوارە و پێکهاتە و پێویستیی ئەو ئیدارانەی کە لە کوردستان هەیە، بیپارێزین. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ڕێککەوتنمان لەسەر یاسای بەڕێوەبردن یا کۆمەڵێک مەسەلە تا هەڵبژاردن هەبێت و پەرلەمانی کوردستان یاسای خۆی بە ئازادی پەسەند بکات، لانیکەم لەسەر بنەمای یاسایەکی کاتی هاوڕا بین. پێویستە.

پرسیار: لە قسەکانتان وا تێگەیشتم کە کۆمەڵێک پلانتان وەکوو پلاتفۆڕمی هاوبەش هەیە، یەکێک لەوانە مەسەلەی ئیدارەدانی دواڕۆژی ڕۆژهەڵاتە، بەڵام لەم نێوانەدا کۆمەڵێک پرسی ڕێکارانە و دڕێژخایەن هەیە کە وەکوو قەیران، کۆمەڵگاشی گرتووەتەوە، بۆ نموونە یەکێک لەوانە مەسەلەی ژینگەیە و ئەم پرسەش قەیرانێکی جیهانییە، ئایا هیچ گرینگیتان بەم پرسانە داوە؟ وێدەچێ زۆرتر چاوی تەماحتان لەسەر ئەوە بێ کە پشت بە سیاسەتی چاوەڕوانی ببەستن، بە هیوان لە دواڕۆژدا کوردستان ئیدارە بکەن و دەسەڵات بگرنە دەست، بەڵام وەکوو بنەمای مەعریفی، چیتان هەیە بۆ ئەو پرسانە، بۆ نموونە سیاسەتی ژینگەیی و زمانی؟ هیچ نیگایەکی درێژخایەنتان هەیە یان ئەوەی کە لە هەوڵدان تەنیا بۆشایییەک یان فەوزایەک دروست بێت و ئێوە بەپەلە بچنەوە و، فەزایەک دروست بێت و ئیدارەی بکەن؟ 

وڵام: لەو پرۆژەیەی کە هەیە و ئێستا لەگەڵ حیزبەکانی دیکە لێی دەکۆڵینەوە، هەر ناومان ناوە ئیدارەی (بەڕیوەبردنی داهاتووی کوردستان)، بەوردی باسی ژینگە، تەندروستی، گومرک و هەموو چوارچێوەکانی ژیانی تێدایە، بەتایبەت مەسەلەیەکی زۆر گرینگتری ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوەیە کە چۆن لەگەڵ نەتەوەکانی تر ڕێک بکەوین، چ سیاسەتێکمان هەبێت، بەتایبەت لەگەڵ ئازەرییەکان. ئێمە هەم پێشینەی ڕابردوومان هەیە و هەم پێشینەی نوێتریشمان هەیە کە بەخۆشییەوە شتی خۆش و باشی تێدایە و هەم شتی خراپی تێدایە، لە دنیای ئەوڕۆشدا کە دەستێوەردان هەیە، لە هەموو بزووتنەوەکان تەنیا کوردە کە هیچ پاڵپشتییەکی دەرەکیی ڕۆشنی نییە. لە کاتێکدا ئازەری، تورکیەی هەیە، عەڕەب، پاڵپشتیی عەڕەبەکانی تری هەیە، بەلووچ، پاڵپشتیی ئەفغانستان و پاکستانیان هەیە. ئێمەی کورد نیمانە، بۆیە دەبێت بیرمان لەوانە کردبیتەوە کە ئێمە بۆ پێوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی تر چی بکەین کە بە نێوێکی دۆستانە و دێمۆکراتیک و ڕێزی دوولایەنە بتوانین بەیەکەوە قۆناغی قەیران بەڕێ کەین و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانیش بپارێزین، ئەوەش یەکێک لە مەسەلە گرینگەکانە بەڵام کە باسم لە ئیدارە کرد، ئەوەیە ئیمە دەبێ خۆمان ئامادە بکەین کە ژیانی خەڵک بێ‌بەرق و ڕۆشنایی نەبێ، بێ‌ئاوی نەبێت، تەندروستی و دەرمان هەبێ، بەڕێوەبردن و پاک و خاوێنیی شارەکان چی لێ بەسەر دێت؟ هێزی پێشمەرگە یەکێک لەوانەیە کە پێشتر باسم کرد، بەڵێ لە هەموو چوارچێوەکاندا پێویستە پلان و پڕۆژەمان هەبێ کە چی دەکەین.

پرسیار: جیا لە مەسەلەی بایکۆتی هەڵبژاردن یان وەکوو ئەوەی هێندێک بانگەواز دراوە کە ئێوە چاوەڕوانیتان لە خەڵک بووە تا بە هانای ئێوەوە بێن، تا ئێستا بیر لەوە کراوەتەوە کە لە گۆشەیەک یا خاڵێکدا لە پانتاییی کار و چاڵاکیی خۆتان کە هەمان ڕۆژهەڵاتە و، ژینگەی سیاسیی ئێوەیە، لەوێ کارێکی  هاوبەش بکەن؟ جیا لە ئیدارەکردن لەو قۆناغەدا تا ئەو ڕۆژە دێت.

وڵام: بەڕێوەبردن و ئیدارەی کاتیی کوردستان ڕێک بۆ ئەوەیە و ئەگەر لە ئێستاوە پلان و پڕۆژەکان تەوافوقی لەسەر نەکەین و هێزی پێشمەرگەی هاوبەشی کوردستان دروست و دیاریی نەکەین، ئەوەی ئەمنییەتی کوردستان لە دەورەی کاتی تا هەڵبژاردن بەڕێوە دەبات و دەیپارێزێ، کێ و چۆن دەبێت، دەی هیچمان نەکردووە و هەر لایەنە بۆخۆی دەبێ و ئەمە کارێکی خراپە. بۆیە دەبێ هەوڵ بدەین لە ئێستاوە و پێش ئازاد بوون و کرانەوەی کەشی سیاسیی بەرین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەندێ ڕێکەوتنمان هەبێ و هەم ئۆرگانیسممان بۆ دروست کردبێت.

پ: پرسیارەکەم ڕوونتر دەکەمەوە، ئێوە، ئەو حیزبانە بیرتان لەوە کردووەتەوە کە ئامادەبوونێکی مەیدانیتان لە ڕۆژهەڵات هەبێت ؟

وڵام: بەڵێ هەم لە دیوی ڕۆژهەڵات دەبێت ئامادەبوونی مەیدانیمان هەبێت، هەم پێش ئەوەی کوردستان بەدەست بێنینەوە. لێرەش دەبێ ئامادەبوونی مەیدانیمان هەبێت، لێرەش دەتوانین لە دیپلۆماسیی نێونەتەوەییدا یەک شاندمان هەبێت، لە پێوەندی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان یەک شاند و یەک سیاسەتمان هەبێت، لە کاری نیزامیدا دەتوانین یەک جۆر بارهێنان و پڵانی شەڕ (تاکتیک)مان هەبێت و بەیەکەوە هێزێکی هاوبەش ڕابگرین. ناکرێ دەست ڕاگرین، ئەگەر چووینەوە ڕۆژهەڵات قسەی لەسەر بکەین و هەر کەسە بە هێزی خۆی بچێتەوە، ئەوکاتە چاوەڕوانیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان وەدی نەهێناوە و بێ‌هیوایان دەکەین و وڵاتیشمان گەر دەست بکەوێ، ناتوانین ڕایبگرین و بیپارێزین و بەرەوپێشی بەرین. ئێستا لەگەڵ بزووتنەوەیەک لە ڕۆژهەڵات ڕووبەڕووین کە خەڵک پشتیان گرتووین، ئەوە ئاواتی ئەوانمان نەهێناوەتە دی. دەبێ گوێ لە دەنگی خەڵکی کوردستان و شارەزایان و چاڵاکانی کورد بگرین کە لەو حوکمی دیکتاتۆری و تاریکییەدا، ئەوان کۆڵەکەی ڕاگرتنی هیوا و ئۆمێدەکان بوون. ئەگەر ئەوە نەکەین، زەربەی زۆر گەورە لە خۆمان و لە بزووتنەوەکەشمان دەدەین.

پرسیار : ڕۆژهەڵات هەروەک خودی ئێران کۆمەڵگایەکی ڕەنگاڵەیە، بەتایبەت کە باسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم، لە ڕووی کۆمەڵگای شیعە و سوننە و جیاوازیی زاراوەوە، پێم خۆشە ئەو پرسیارە بکەم کە سیاسەتی ناسنامەییی ئێوە وەکوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەرانبەر ئەو ڕەنگاڵەیی‌یە چییە؟ سیاسەتتان بەرانبەر ئەو جیاوازییانەی کە لە رۆژهەڵاتدایە، چۆنە؟

وڵام : لە ڕوانگەی ئێمەوە سۆرانی و کەڵهووڕ، ئەردەڵان و هەورامی هەر یەکن و، کوردن. نابێ جیاوازییەک هەبێ، هەروەها شیعە و سوننی، یەزیدی و یارسان، هەر یەکن و دەبێ ئەو کەلتوورە بڵاو کەینەوە کە ئەوانە سەرەڕای جیاوازییان لە ئاییندا یان لە کۆمەڵێک بواردا، کوردن و، ئێمە دەبێت کاری تایبەتی لەو بابەتەوە بکەین. بۆ ئەوەی هەوڵ بدەین و ئەو کەلەبەرانە یان ئەو شتانەی کە دوژمن دەیهەوێ کەڵکی لێ وەربگرێ، پڕیان کەینەوە و مەجالی ئەوە نەدەین. بۆ ئەوەش هەوڵ دەدەین و پێمان وایە ناوەند و بەرەی کوردستانی دواڕۆژیش دەبێ هەموو کارەکەی ئەوە بێت، ئەگەر چاو لە هێڵە گشتییەکانی ناوەند بکەی کە بە ڕێککەوتن هەموو لایەنەکان واژۆیان کردووە، هەر ئەو بابەتەی لەبەر چاو گرتووە. ئێمە خوازیاری جیاییی دین لە دەوڵەتین بۆ کوردستان. لە زاراوەشدا ئێمە ناتوانین چەند کتێبمان بێت و دەبێت بیدەین بە کەسانی لە خۆمان زمانزانتر کە فەرموو کتێبەکان لە ساڵی سەرەتایی‌یەوە دەست پێ بکەن و کاری لەسەر بکەن. نموونەی باشووریش هەیە لە بواری زماندا کە دەکرێ کارمان بۆ ئاسان بکاتەوە، ئەوەش ناکرێ مەگەر لە کەسی غەیرە حیزبی و پسپۆران کەڵک وەربگرین. لە بواری ئابووریی، خوێندن و پەروەردە، ژینگە و هەر بوارێکی پێویستدا دەبێت کەڵکیان لێ وەرگرین. ئەگەر دەڵێم دەبێ ببین بە پێکهاتەیەکی نیشتمانی و گوتارێکی نەتەوەییمان هەبێ، نابێ چاومان لەوە بێت کە تەنیا ئەو چوار حیزبە یا باقیی حیزبەکانی کوردستان بگرێتەوە، بەپێچەوانە هەموو خەڵکی زانا و لێهاتووی گەلی کورد بگرێتەوە و، هەموو ئەوانەی کە دڵسۆزن و بڕوایان بەوەیە کە کوردستان و کورد مافی هەیە و دەبێت مافەکانی پێ بدرێت، بۆی وەگەڕ کەون.

پرسیار: لە ئاستی دروشمدا بەردەوام حیزبەکان دروشمی یەکگرتوویی و یەکڕیزی دەدەن بەڵام لە کردەوەدا پێچەوانەکەیەتی، ئایا بەتایبەتی لە ناوەندی هاوکاری بنەمایەک هەیە کە هەموو حیزبەکان بە هێڵی سووری بزانن و پارێزراو بێت؟

وڵام: بەڵی هەر لەو گەڵاڵانەی کە ئاماژەم پێ دا، هەموو حیزبەکان ئەرکی سەرشانیانە و دەبێ بەپێی ئەو گەڵاڵانە هەڵسوکەوت بکەن و بۆیان هەوڵ بدەین. ڕاستە، نابێت ئێمە لە ناوەند قسەیەکمان هەبێت و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە دەرێ و لەگەڵ ئێرانییەکان قسەیەکی تری ببێت. نابێ ئێمە لە پێوەندیی نێونەتەوەیی لەناو ناوەند بە جۆرێک ڕێککەوتنمان بێت کە چووینە دەرەوە جۆرێ تر هەڵسوکەوتمان بێ. بەدڵنیایی‌یەوە هێندێک هێڵی سوور بۆ ئەندامانی ناوەند دەبێ هەبێت.

پرسیار: بگەڕێینەوە سەر ئەو پرسیارە کە پێگەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵە زیاتر ڕووی لە بیری چەپ کردووە، بەڵام حیزبەکەی ئێوە دروشمی نەتەوایەتی هەڵگرتووە، ئەوەی کە خۆتان ڕوونکردنەوەتان دا، ئێوە مەسەلەی چەپ و نەتەوەیی چۆن لێک گرێ دەدەنەوە و پێناسەی دەکەن؟ لە بنەڕەتەوە ڕوانگەی ئێوە بۆ مەسەلەی نەتەوەیی چییە؟

وڵام: باسی ڕوانگەی خۆمانم بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کرد، پێم وانییە بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئەوەی دواڕۆژ چ ناوەرۆکێکی هەبێت، چەپ بێت یا لیبڕاڵ، دەبێ ببێتە هۆی ناکۆکی، چەپ و لیبڕاڵ بۆ وەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی دەتوانن هاوکار و تەواوکەری یەک بن. با ئەوەشت عەرز بکەم کە ئێمە دەستمان لە ڕوانگەی عەداڵەتخوازی و چەپ و یەکسانی هەڵنەگرتووە و لەسەریان سوورین. لەو بڕوایەداین کاتێک ئەوە باشتر دەکرێت کە کەلەبەری نێو بزووتنەوەی نەتەوەیی نەهێڵین و یەک‌گوتاری زاڵ بکەین، بەڵێ ئەوکاتەیە کە سیاسەتی پێشکەوتنخوازانەش بەرەوپێش دەچێت، بەو مانایەی کە تۆ گشت کوردستان و گشت مەیل و ڕەوتێک و گشت چین و توێژێک ببینی، ئێمە بەتەمای ئەوە نین کە حکومەتێکی چینایەتی لە کوردستان دابمەزرێنین ولە ئێستادا هەوڵیشی بۆ نادەین، ئێمە حکومەتێکی نیشتمانیمان دەوێت کە ناوەرۆکێکی پێشکەوتنخوازانە، دێمۆکراتیک و عەداڵەتخوازانەی هەبێ. هەروەها لە حکومەتی داهاتووی کوردستاندا ئەو ناوەرۆکە چەندە بەرەوپێش دەچێت، پێوەندیی بەوەوە هەیە کە چەندە لە بزووتنەوەی نەتەوەییدا سەرکەوتوو بووینە و هێزمان کۆ کردبێتەوە بۆ ئەو بیروڕایە. ناتوانین بڵێین ئەگەر حکومەتی کوردستان هەموو ئەوانەی کە ئێمە وەک ناوەرۆک دەیڵێین، قبوڵی نەکرد ئێمە نابین. نا، شتی وا لە ڕیاڵپۆلیتیکدا دروست نییە. ئێمەش هەوڵ دەدەین لەو حکومەتەدا قورسایی و دەوری خۆمان هەبێ، ئەوە هاوتەرازی و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان و بەرنامەی کۆنکرێتی واقیعییە دەوری سەرەکی دەگێڕێ، نەک بایکۆتی حیزبی. بەدڵنیایی‌یەوە حکومەتی داهاتووی کوردستان لە ڕۆژهەڵات ئەوە نابێت کە سیاسەتی حەزف و هەڵاواردن ڕەچاو بکات و یەک حیزب بەڕێوەی ببات، ناشکرێ، لە ئێستادا و هەر لایەنێک بۆ ئەوە هەوڵ بدات کە بۆخۆی هەموو شت ببڕێتەوە، تێک شکاوە و زەربەی لە بزووتنەوەکە و لە خۆشی داوە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە پێشکەوتنی زەینی و تەرازووی هێز لە بواری ئابووریی و کۆمەڵایەتی چۆناوچۆنە و پێشکەوتنەکان چەندەن، بۆ نموونە ئابووریی ئێمە چەندە هەڵدەگرێت، مەسەلەن چەپ ناتوانێ بڵێت لە کوردستان هەموو کەس دەتوانێت ماڵی باش و سەیارەی خۆی هەبێت، سەیران و گەڕانی خۆی هەبێت و بیمەی بێکاریشیان پێ دەدەین و ئەگەر کاریشمان بۆ نەدۆزرایەوە، هەر ئەو ژیانەی پێ دەدەین. بەڵام ئێمە دەتوانین بڵێین دەمانهەوێ خەتی هەژاری نەمێنێت، هەموو کوردێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرپەنای بێت کە تێیدا بحاوێتەوە، لە سەرما و گەرمادا پارێزراو بێ، ئێمە دەتوانین بڵێین کە پارێزگاری لە بەتەمەنەکان دەکەین، دەتوانین بڵێین کە ئەوەندە تەرخان دەکەین بۆ تێچووی ژینگەی کوردستان و، کوردستان پێویستیی بەوە هەیە کە کار بخوڵقێنین و بەرەوپێش بچێت و حکومەتی داهاتووی کوردستان لە ڕۆژهەڵات ئەرکە لەسەر شانی کە کۆی داهات و خەرجەکانی ئاشکرا و ڕوون بێت. تەرخانی بودجە چۆن دەبێ؟ بەشێکی کاری کارشناسییە و، ناتوانی لە منی ببیستی، چونکە نایزانم، ئێمە چۆن ئەو داهات و خەرجییانە دادەڕێژین، بەڵام دەتوانم بڵیم حیزبەکەی من پێی خۆشە ئێوە کارێک بکەن کە بەشیک لە داهاتی کوردستان خەرجی بەرەوپێشچوونی کوردستان و پیشەسازیی کوردستان بکرێت، بۆ ئەوەی کە بەڕێوە بچین و هێڵی هەژاری نەمێنێت. هەموو کەس لە سەرووی ئەو هێڵە بێت، لە سەتا چەند دەتوانین ئێمە بۆ ئەوە دانێین؟ کاتێک ئەوەمان کرد و خەڵکی ئێمە بەوە گەیشتن کە ئەو حکومەتە لە بەرژەوەندیی ئەوانە، دەتوانین ئەوکاتە داوا لە خەڵک بکەین کە زەحمەتی زیاتر بکێشن و دڵسۆزییان زیاتر بێت. بۆ نموونە لە شووڕەویی ئەوکات لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیست تا سەدەکانی چل و پەنجا گەشەی گەورەی ئابووریی هەبوو و هەموو شتێک بەرەوپێش چوو، بەڵام بەزۆر کاریان بە خەڵک دەکرد، دەتوانی بەزۆر خەڵک ببەی بۆ کارخانە، دەتوانی گوشاریان بخەیە سەر، بەڵام ناتوانی بەزۆر نوێکاری بخەیە ناو مێشکیان و بە دڵسۆزی کار بکەن. هەربۆیە ئەو ئابوورییە گەورەیە لە دوای دەیەی شەستی زایینی بەرەو داڕمان و تێکشکان چوو و، قەت خۆی نەگرتەوە. کەواتە ئێمە دەبێت هاندەری خەڵک بین بۆ دروستکردن و سیاسەت داڕشتنی ژیانێکی باشتر و هانیان بدەین هەمووان بە دڵخواز بیر و توانایان بخەنە گەڕ بۆ گەشەی کوردستان.

پرسیار : دوای زیاتر لە چل ساڵ، ئێوە پێناسەتان بۆ چەپی کوردی چییە، ئایا باوەڕتان بە چەمکێکی وەها هەیە؟

وڵام: بەڵێ من پێم وایە چەپی کوردی تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لەگەڵ چەپی تر جیاوازە و، نابێ تەواو وەک چەپی دیکە بێت، چۆن چەپی سوئیدی یان یونانی تایبەتمەندیی خۆی هەیە، تایبەتمەندیی چەپی کوردیش بەوە دەبینم کە دێمۆکرات بێت و پلۆرالیزمی قبوڵ بێت، هەڵگری بزاوتە گشتییە ڕزگاریخوازەکەی کورد بێ، بە پێشکەوتنخوازی ئەوەی دەبێ بکرێت خەڵکی لە دەوری کۆ بکاتەوە، کار بکا بۆ ئەوەی کەلەبەری چینایەتی لە کوردستان کەم بێتەوە، لە بەرژەوەندیی بزووتنەوەی کورددا تا ئەو جێگەی مەسەلەی نەتەوەیی‌یە بروات تا قسەی بڕوات بۆ وەی ناوەرۆکێکی عەداڵەتخوازانە و پێشکەوتووانەتر بدات بە بزووتنەوەکە. دەتوانم بڵێم کە پێشکەوتنخوازی و پێشڕەوی، دڵسۆزی و کارامەیی لە ئیدارەدان و لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، پلاندانان بۆ گەشەی ئابووریی و ژیانی باشتر پێویستە ئەرک و پێناسەی چەپی کوردی بێت.

پرسیار: نێوانتان لەگەڵ بیری ڕەخنەیی چۆنە؟ بەو مانایەی کە بیری ڕەخنەیی و بەرەی ڕەخنەگەر چۆنە؟

وڵام: ئێمە خۆمان بە ڕەخنەوە هاتووین و هەر ئێستاش خەریکی ڕەخنەگرتنین چ لە خۆمان، چ لە بزووتنەوەی کوردی و چ لە مێژووەکەی، پێمان وایە غەیری ئەوە پێشکەوتنێک نابێت، ڕەخنەی بنیاتنەر لە نەزم و سیستەمی هەبوو، بە قازانجە و بێ‌ئەوە پێشکەوتن نابێ. پێم وایە کاتێک دەڵێین ئازادیی بیروڕا و ئازادی ڕەخنە لە کوردستان هەیە، ئەگەر ئەوە بەڕێوە نەبەین، کەموکووڕییەکی گەورەیە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورددا.

پرسیار: لە ڕابروودا و بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەرەیەکی ئەکادێمیی کورد لە دەرەوە و ناوەوە کۆمەڵێک کار و چالاکیی بەناوەرۆک و شوێندانەریان هەبووە، نێوانتان لەگەڵ بەرەی ئەکادێمیی کورد چۆنە؟

وڵام: لام وایە زۆر کارێکی باشە و کەم بایخمان پێداوە و، دەبێ هەوڵ بدەین (لە قسەکانی پێشووشمدا ئاماژەم دا) لە بەڕێوەبردن و داهاتووی کوردستانیشدا ئەوانە دەور و ڕۆڵیان هەبێ، بۆ نموونە کەس هەیە لە کوردستان لەسەر ژینگە کار دەکات کە دەبێت لێی فێر بین، ئێمە هەقە لە داڕشتنی سیاسەتی گشتیدا دەخالەت بکەین، نابێ ئێمەی چالاک و بەڕێوەبەری حیزب ببین بە کۆمەڵناس یان فیزیکدان و دوکتۆر و ژینگەپارێز. هەموو حیزبێکی سیاسی دەبێت ڕێگە بدات و کارئاسانی بکات تا هەموو سەرمایەی نەتەوەیی کۆ بکەنەوە و ڕێکی بخەن، ڕێک ئەو کەسە ئەکادیمیانەی کە باسیان دەکەی لە قووڵاییی دڵیانەوە بڕوایان هەیە بە بزووتنەوەی کوردی و هەر کەسە لە بواری خۆیدا زەحمەت دەکێشێت. زۆر جار گوێم لێ بووە کە کەس هەیە لەسەر مەسەلەی کۆڵبەران خەریکی توێژینەوەیە، زۆری لێ فێر بووم. بۆیە دەبێ ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات هەم کەڵکی لێ وەرگرین، هەم ئاشتی کەینەوە و نزیکیان کەینەوە و نابێ هەر ئەوانەی کە حیزبین لەبەر چاومان بن، ئەوانە سەرمایەی نەتەویین. ناتوانین لە چالاکان و زانایانی تاراوگە بەباشی کەڵک وەرنەگرین و ڕوومان لێیان نەبێت و بەستێنیان بۆ نەڕەخسێنین، دڵنیام کوردستان قازانجی گەورەی تێدا دەکات.

پرسیار: فێدارالیزم لای ئێوە پڕۆژەیە یان ئامانج؟ مەسەلەکە ئەوەیە کە ئایا ئێوە پێتان وایە کە سەروەری تەنیا لەنێو سەربەخۆییدا پوختە دەبێتەوە یان شێوازی تریشی هەیە؟ بیرتان لە دابەشکردنی سەروەری کردووەتەوە؟

وڵام: سیاسەتمان وایە کە مافی دیاریکردنی چارەنووس دەبێت مافی ڕەوای خەڵکی کوردستانە و هەوڵی بۆ بدەین، ئەو مافە لە هەر قۆناغێکدا چۆن و چەندەی دابین دەکرێ بۆ ئەوە هەوڵ دەدەین، لە قۆناغی ئێستادا من فێدرالیزم بە دروشمێکی گونجاو دەزانم و لە ئێستادا و بە پێی تەرازووی هێزی ناوخۆیی و هەلومەرجی نێونەتەوەیی ئەوەمان بۆ هەڵسووڕێ، باشە. لە بزووتنەوەی کوردیدا جەنجاڵ کردنی ئەوەی کە کورد دەبێت سەربەخۆ بێت لە ئێستادا ژیرانە نییە و لێک نەدانەوەی تەرازووی هێز بە زەرەری بزووتنەوەی کوردە، دروست نییە کورد دابەش بکەینە سەر دوو بەرەی سەربەخۆییخواز و فێدرالیست، واقیعی نییە، نامەسئولانەیە، نانەوەی دووبەرەکییەکی ناوەختە لە بزووتنەوەکەدا. کەس نییە لەنێو کورددا سەربەخۆیی پێ خۆش نەبێ، بەوەشەوە بزووتنەوەیەکی جەماوەریی سەربەخۆییخواز لە کوردستانی ڕۆژهەڵات نابینم، مەیلی کەسانێکی دەگمەن و نوخبە ناکرێ بەسەر گەلێکدا بسەپێنین کە ئامرازی تەواوی لەبەردەست نییە. سەربەخۆییی سیاسی بۆ کورد بەو مانایە کە چۆن سیاسەتی خۆی دابڕێژێت و هەڵسوکەوت بکات، دروستە و دەبێ کاری بۆ بکەین. ئێستاشی لەگەڵ بێ هێشتا داڕشتنی سیاسەتی سەربەخۆیی لە بەرژەوەندیی کورد تەواو جێی خۆی نەکردووەتەوە، تەنانەت لەنێو حیزبەکانیش. ئێمە سوورین لەسەر سەربەخۆییی سیاسی و دەمانهەوێ ببێت بە کولتوور، پێویستە بڕوا بەخۆییش بدات بە خەڵک و چالاکان، دەکرێت شەڕ نەکەی لەگەڵ ئێران، جیا نەبییەوە و مانۆڕەکانمان بە پێی بەرژەوەندی و تەرازووی هێز بێ، هێشتا بەشێک لەوانەی خوازیاری دروشمی سەربەخۆیین، لە داخی شۆڤێنیزمی فارس و هەڵسوکەوتیان نەک بە لێکدانەوەی زانستیی هەلومەرجەکە سیاسەت دادەڕێژن، دەی ئەوەش ناسەربەخۆیی‌یە لە سیاستی کوردیدا. کاتێک ئەوە دەڵێین کە کورد یەکگرتوو بێت، ئەگەر لەسەر ستراتێژییەکی نەتەوەیی و هەر لایەنە بۆخۆی پارتنێر نەبینێتەوە لەو وڵاتانەی کوردی تێدایە، بۆ ئەوەی کورد گوتاری بێت کە هەڵقوڵاوی بزووتنەوەکە و لە بەرژەوەندیی کورد داڕێژرا بێ، ئەوەیە سەربەخۆیی لە سیاستدا دەخوڵقێنێ. ئەگەر یەکگرتوو و یەک گوتاریش بین، پێویستە بزانین بە پێی تەرازووی هێز و دۆخی سیاسیی ناوچەیی و نێونەتەوەیی دەتوانین مافی خۆمان بچەسپێنین. بە بڕوای ئێمە لە ئێستادا فێدرالیزم دروشمێکی بەجێیە. هەر لە فێدرالیزمی باشووردا چاو لێ بکەین، ئەوە نیوە سەربەخۆیی‌یە و ئەگەر بتوانن لە ناوەوە یەکگرتوو بن زۆر ئیمکانی گەورە لەبەر دەمیانە بۆ ئەوەی کوردستان ئاوەدان بکەنەوە و بەستێنی گەورە بۆ سەربەخۆیی بڕەخسێنن. 

پرسیار: جیا لە کۆلۆنیالیزمی کلاسیک، وەک ئەوەی بۆ نموونە وڵاتێک، وڵاتێکی تر داگیر بکات، ئەم چەند ساڵە باسێکی گەرم هەیە لە ئاستی ڕۆشنبیر و ئەکادیمیای کوردی کە کوردستان وەکوو کۆڵۆنییەکی- ناوخۆیی پێناسە دەکەن تا چەند لەگەڵ ئەو بابەتەی؟

وڵام: لە ڕاستیدا ئەوە جێگای باسە و بۆ دەبێت ئەوە بڵێین؟ لەو قسەیە چ نەتیجەیەک وەردەگیرێ بۆ سیاسەت لە بزووتنەوەی کوردیدا و داهاتووەکەی؟ ئێمە لە ئەسڵی کۆلۆنیالیزمەوە بە ئێران، عێراق و سوریەوە نەلکاوین، بە سیاسەتێکی ئەمپریالیستی، عێراق و سوریە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی دروست بوون. ئێرانیش لە کۆنی کۆنەوە و لە دەورەی ناکۆلۆنیالیزمدا، کوردستانی داگیر کردووە. نازانم بۆ و چۆن ئەو تێزە بە زانستی بزانین؟ لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی سیاسەتێکی نێونەتەوەیی کە عەڕەب و تورک بۆیان گرینگ بوو و لەگەڵ ڕۆژئاوا سازان و بە پێی سیاسەتی هەڵەی خودی بزووتنەوەی کوردیش ئێمە سەرنەکەوتین. سیاسەتی کۆلۆنیالیستی ئەوەیە کە وڵاتانی ئورووپایی، ئافریقا و زۆر شوێنی دیکەیان هێنا ژێر حوکمی خۆیان و کردیانن بە کۆڵۆنی. کوردستان داگیر کراوە و قبوڵمە، بەڵام بەڕاستی لەم بابەتەوە من قسەوباس و ئیستیدلالی زانستیی زۆرم پێویستە تا تێئۆریی کۆلۆنی قبوڵ بکەم.

پرسیار: ئایا پێوەندیی داگیرکاری لەنێوان کوردستان و ناوەندی تاران هەیە؟

وڵام: هەموو هێزەکانی وڵاتان لەسەر خاکی کوردستان بە داگیرکەر دەزانم، ئەو داگیرکارییە با زۆری لێ تێپەر بووبێت، بەڵام هەموو جارێ داگیریان کردووین، ئێمە کاتیش بووە کە لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی بووینە، خاکی ئێمەیان فاشیستی تورک و ئێرانی داگیر کرد و، ئەردەڵان و بابانیان دروست کرد لەبەر چی؟ بەڵێ کوردستان لە مێژوودا لکێندراوە بە وڵاتانی تر و داگیر کراوە و مافی سەربەخۆیی‌یان لێ ستاندووەتەوە. لە مێژوودا دایم خاکی کوردستان چووەتە ژێر سەیتەرەی داگیرکەران و ئێمە نیشتمانێک بووین کە هێرش و خۆسپاندنی زڵهێزەکان سنووری پێ گۆڕیوین و خەڵکی لێ دابڕیوین و لە دژی بەربەرەکانییان کردووە.

پ:  بۆچوونتان لەسەر ئەم گۆڤارە و، دوا وتەتان بۆ خوێنەران چییە؟

وڵام: لە ڕاستیدا زۆرێک لە بابەتەکانیم نەخوێندووەتەوە، گوڵبژێرم کردووە و هۆکارەکەشی ئەوەیە زۆر پڕ بارستە(حەجم) و لام وایە دەبێت قەبارەی کەم بکرێتەوە. بە گشتی بڵاوکردنەوەی ئەو گۆڤارە باشە و قازانجی بە بزووتنەوەی ئێمە گەیاندووە و هێندێکیش هەناسەکرانەوەی تێدایە و باشە. هیوادارم سینگ فراوانتر بێت و نموونەی زۆر بێت، چونکە ئێمە پێویستیمان بەو چەشنە گۆڤارانەیە کە هەموو بیروڕایەکی تێدا بێت و باس لە هەموو پرسێک بکات، پێم وایە دەستکەوتی هەبووە و دەستخۆشیتان لێ دەکەم.

داگرتنی بابەت