ئارامتر بخوێنەوە
راستگەرای نوێی کورد
موژگە کووچووک کەلەش ـ سەلیم کۆرو
و: هێرۆ شیخە
سەرهەڵدانی شێوازێکی نوێ لە سیاسەتی باڵی ڕاستی کوردانی تورکیا کە خۆی وەک دژبەری حکوومەت و ئەفسانەی ئازادیی پەکەکەی چەپ پێناسە دەکات، دەکرێ ببێتە وەرچەرخانێک لە سیاسەتی ئەو وڵاتەدا.
نوێترین تێکهەڵچوون لە تورکیا لە نێوان دەسەڵاتی ئەو وڵاتەو هێزی ئۆپۆزیسیۆن، گرژییەکانی زانکۆی بۆغازیچی بوو کە یەکێکە لە ناسراوترین زانکۆکانی ئەو وڵاتە لە ئیستانبوڵ. حکوومەت بە پێچەوانەی ویستی کارگێڕان و خوێندکارانی زانکۆ، سەرۆکی بۆ دەستنیشان کردوون کە ئەوەش لە چەند مانگی ڕابردوودا ناڕەزایەتیی لێ کەوتووەتەوە. پارتی دێموکڕاتی گەلان (هە دە پە)، پێشکەوتنخوازترین حیزب و لایەنگری کوردانی ئەو وڵاتە، بەهێزترین پشتیوانی ئەو نارەزایەتییانەیە.
هەندێ کورد ئەمەیان بە دڵ نیە و پێیان وایە نابێ وا بێت. سدقی زیلان، پارێزەر و شرۆڤەکاری سیاسی لە تویتێکدا نووسیویەتی:” کوردینە و گەنجانی کورد، خۆتان لەو شەڕە بەدوور بگرن؛ زانکۆ هی ئێوە نییە، نە سەرۆکی زانکۆ باوکی ئێوەیە، نە وڵات و نە حکوومەتەکەی … بۆ پەروەردەی کوردی ئارەقە بڕێژن، بۆ ئازادیی گەلی خۆتان. بەدەرلەمانەش شپرزەیی و دەستێوەردانێکی سیاسی هەیە. ئێوە کەسانێک نین بتوانن حکوومەت بەدەستەوە بگرن.”
ئەم شێوازی بیرکردنەوەیە تا ڕادەیەک لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زەق بووە کە چەپترین شوێنکەوتووانی بزووتنەوەی کورد هەستیان کرد پێویستە کاردانەوەیان هەبێت. سەبیحە تەمیزکان، ڕۆژنامەنووس و کچی پارڵمانتاری بەندکراوی هەدەپە، لەیلا گۆڤەن، لە توویتێکدا نوسیویەتی: “هەندێ کەس دەڵێن کورد نابێ پشتگیریی بۆگازیچی بکات. دەڵێن ئەوان (ئۆپۆزیسیۆنی تورک) بێدەنگییان هەڵبژارد کاتێک سەرۆکایەتیی شارەوانییە کوردەکان لەسەر کارلادران و لایەنگرانی حکوومەت لە شوێنیان دانران. ئەمە جاری یەکەم نییە تووشی ئەم جۆرە بۆچوونانە دەبین. ئێمە داکۆکی لە مافی گرووپێکی دیاریکراو ناکەین. داکۆکی لە ڕاستی دەکەین. لێرەش دووبەرەکی مەنێنەوە.”
بۆگازیچی نوێترین کێشەی لەم جۆرەیە – کوردانی سەر بە بیروبۆچوونی هەدەپە ناچارن زیاتر و زیاتر ڕوونکردنەوە بدەن، کاتێک تێکەڵ بە کێشەیەکی پەیوەندیدار بە خەڵکی غەیری کورد دەبن. کاتێک پەرلەمانتارانی هەدەپە لە دژی هەڵکەندنی کانگایەکی زێڕ کە دەبووە هۆی پیس کردنی ژینگە وەستانەوە، ژمارەیەکی زۆر کورد سەرکۆنەیان کردن بەوەی تووشی سەرلێشێواوی بوونە. هاوپەیمانە تورکەکانیان لەکۆێ بوون ئەو کاتەی بەنداو و پرۆژەکانی وەبەرهێنان، جوانیی مێژوویی و سروشتیی ناوچەی کوردستانیان تێکدەدا؟ ئەمە ڕەنگدانەوەی ڕەوتێکی بەربڵاوترە لە سیاسەتی کوردانی تورکیەدا. ڕەوتێک سیاسەتی کوردان بەرەو ڕاستگەری هان دەدات.
بۆ تێگەیشتن لە گرینگیی ئەم گۆڕانکارییە، سەرەتا پێویستە لە ڕادەی سەروەریی سیاسەتی باڵی چەپ لەناو کوردی تورکیا تێبگەین. لە ماوەی شەڕی سارددا کورد بە نەریتی مارکسیستییەوە دەناسرانەوە، لەبەر ئەوەی گەورەترین کەمینەی نژادیی ئەو وڵاتە بوون، لە هەندێک لە هەژارترین ناوچەکان دەژیان، هەروەها مافەکانیان لەلایەن حکوومەتێکی هاوپەیمانی ناتۆوە زەوت دەکران.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کۆتاییەکانی 1970 دامەزرا و بە مەبەستی دروستکردنی کوردستانێکی سەربەخۆ، دەستی بە شەڕ لە دژی حکوومەتی تورکیا کرد. لە ناو تورکیا بە خێرایی لە هەموو گرووپە کوردییەکانی دیکە باڵادەستتر بوو و بووەتە دەنگی سەرەکی لە گۆڕەپانی سیاسەتی کوردی لەو وڵاتە لە ماوەی چەند دەیەی دواییدا. یەکەم حیزبە یاساییەکان لە 1990 ەکان سەریان هەڵدا، کاتێک هۆگرانی بیری پەکەکە بۆ یەکەمجار وەک سەرۆک شارەوانی لە بەشی باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و هەروەها ئەندامی جڤاتی نەتەوەیی لە ئەنکارا هەڵبژێردران. پلە و پێگەی بەڕیوەبەری بۆ سیاسەتوانانی کورد تا ئەم ڕۆژەش بیانوەیەک بووە بۆ قەدەغە کردن یان بەند کردنیان. لە 1999 دەسەڵات ،عەبدوللە ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکەی دەستگیر کرد. ئەمە چەخماخەی وەرچەرخانێک لە ڕێوشوێنی پەکەکە لە مارکسیستیی نەریتییەوە بۆ کۆمۆنیستێکی پێشکەوتنخوازتر بوو. لە 2000ەکان سیاسەتەکەی لە جیابوونەوە لە تورکیا بۆ وەدەستخستنی ئۆتۆنۆمیی ناوچەیی یان “ئۆتۆنۆمیی دێموکڕاتی” لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا گۆڕا.
لە هەمان کاتدا، کوردە ڕاستگەراکان کە لە سەرۆک عەشیرە، مامۆستایانی ئایینی و کۆنەپارێزەکان پێکدێن، بەشیوەیەکی نەریتی پشتگیریی حیزبە ڕاستە ناوەندگەرا تورکەکان دەکەن. ڕیشەی ئەم پشتگیرییەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڕەشەی پەکەکە لە توێژی خاوەن زەوی لە ناوچەی کوردستاندا. ڕاستگەرای کورد لە نەوەدەکانەوە پشتگیرییەکەی بۆ حیزبە ئیسلامییە تورکەکان گۆڕی. لێرەدا ئەمان دەیانتوانی خۆیان بە بەشێک لە “ئۆمەتی” ئیسلامی ببینن و بەرەنگاریی کەمالیستە سیکۆلارەکان و نەتەوەخوازیی زۆرەملێی ببنەوە.
” کوردی ڕاستگەرا دەیانهەویست بە نکۆڵیکردن لە شوناسی کوردی، پشتگیریی حکوومەت وەدەست بخەن.”
لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی حیزبی داد و گەشەپێدان لە 2000ەکان، کوردی ڕاستگەرا بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لە بەرانبەر ئیسلامیزمی تورکیدا چۆکی دادا و لە بنکەکانی هەڵبژاردنی ئەردۆغاندا بێدەنگیی هەڵبژارد. ئەگەرچی ئەمە ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی دەستیان بە سەرچاوەی زۆر گەورە ڕابگات، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبووە هۆی ئەوەی ئەو دۆخە گرنگە لە دەست بدەن کە لە 1990ەکان وەدەستیان خستبوو. هەموو کات کێشە و ناکۆکی لە نێوان ڕێبەرانی کوردی کۆنەپارێز و سەرکردەکانی ئاک پارتیدا هەبووە. لە کۆبوونەوەیەکی گەورەدا لە سەرەتاکانی 2010 کاتێک پەرلەمانتارانی ئاک پارتی داوایان کرد ڕاپرسی لە سەر زمانی کوردی بکرێ، یەکێک لە نووسەرانی ئەم وتارە بە چاوی خۆی دیتی کە یەکێک لە سەرکردە تورکەکانی ئاک پارتی، دڵنیایی پێدان کە “کەس نایهەوێت ئەوە هەڵبژێرێت و هەموو خەڵکی ئێمە دەیانهەوێت منداڵەکانیان فێری تورکی ببن و بچنە زانکۆ گەورەکان”. ترس لە چەپەکان، ڕاستگەرای کوردی بە شێوەک شڵەژاندبوو کە دەیانهەویست بە نکۆڵی لە شوناسی کوردی پشتگیریی حکوومەت وەدەست بخەن.
لەهەمان کاتدا چەپی کورد بەردەوام لە بەروپێشچووندا بوون. لە سەرەتاکانی 2010 دوو ڕووداوی سەرەکی، پێناسەی سیاسەتەکەیانی دەکرد. یەکەم، ئاک پارتی دەستی بە پڕۆژەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە کرد. دووەم، هەدەپە گیانێکی نوێی وەبەر بزووتنەوەی کوردی نابۆوە. ئەگەرچی دڵنیایی لێی ئەستەمە بەڵام نزیکەی نیوەی کوردی تورکیا دەنگیان دا بە هەدەپە، لە حاڵێکدا نیوەی نیوەکەی دیکە کە زۆرینەیان کۆنەپارێز بوون، دەنگیان دا بە ئاک پارتی. بەراورد لەگەل حیزبەکانی بەر لە خۆی، هەدەپە زیاتر لە هەموویان خۆی وەک حیزبێکی “خەڵکی وڵاتی توکیا” ناساندووە نەک وەک حیزبێکی “تورک”. ئەمە پێکەوەبەسترانەوەی سیاسەتە پیشکەوتنخوازەکان و دۆزی کورد پێشان دەدات. شوناسێكی نوێ دەرفەتی بۆ بزووتنەوەی کوردی ڕەخساند تا ئاستی سێهەمین حیزبی گەورەی پەرلەمان لە ساڵی 2015 دا گەشە بکات. ئەمە هەروەها هەدەپەی کردە بەربەستی سەرەکیی ڕوانگەی نەتەوەپەرەستانەی حکوومەتی ئەردۆغان.
لە 2015ەوە حکوومەت وازی لە پڕۆسەی ئاشتی هێناوە و شەڕێکی بێ ئەمانی لە چەندین بەرەوە لە دژی پەکەکە دەست پێکردووە. پارێزگاکانی باشووری ڕۆژهەڵات ئازاری شەڕی درێژماوە و وێرانبوونی شارەکانیان لە لایەن سوپای تورکیاوە چێشتووە. شەڕ بە خێرایی بۆ بەشی باکووری سوریا پەرەی سەند، واتە ئەو شوێنەی کە لقەکانی پەکەکە ڕێگەیان نەدابوو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) داگیری بکات. پاش ئەوە شەڕ بۆ ناو خاکی عێراق کێشرا، واتە ئەو شوێنەی پەکەکە ماوەیەکی زۆرە بنکەی لێ داناوە. ئامانج لەوەش، وەک لە میدیای تورکیا بە بەردەوامی ئاماژەی پێ کراوە، دڵنیابووەنەوەیە لەوەی کورد خاوەنی هیچ ناوچەیەکی سەربەخۆ نەبێت کە بتوانێت پەرەی پێ بدات و بیکاتە وڵاتێک لە دراوسێتیی تورکیادا.
لە ناوخۆی تورکیا، حکوومەت پارێزبەندیی لە پەرلەمانتارانی هەدەپە سەندەوە. ڕێبەر و سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی زیندانی کرد و چالاکانی سیاسی و جەماوەریی لایەنگری هەدەپەی بە توندی سەرکوت کرد. ڕێبەری کاریزماتیکی هەدەپە، سەلاحەدین دەمیرتاش لە نۆڤەمبەری ساڵی 2016 ەوە دەستبەسەرە و تەنیا دەتوانێت جاروبارە نامەیەک بنێرێت و تویتێك بۆ میلۆنان لایەنگری بکات. سەرەڕای هەموو ئەو تاکتیکە سەرکوتکارانەیە، هەدەپە دەیان کورسیی شارەوانیی لە هەڵبژاردنە ناوچەییەکانی ساڵی 2019 بردەوە. بەڵام حکوومەت، بە سانایی دەستی بەسەر زۆربەیاندا گرت و چەند دانەیەکی بۆ هێشتنەوە. لە هەمان کاتدا، میدیای سەرەکیی تورکی، مۆرکی تیرۆریست بوونی لە هەدەپە و هەموو ئەو حیزبە ئۆپۆزیسیۆنانە داوە کە هاوکاریی ئەو حیزبە دەکەن. لە گوتاری حکوومەتدا وا دەردەکەوێت کە “هەدەپە بەم ڕێوشوێنانە وەتەنگهاتووە”. ئەگەرچی کوردی تورکیا لە بەرپەرچدانەوەدا شێلگیرن، بەڵام ئەو زنجیرە پەلامارانە بوونەتە هۆی ئەوەی هەستی تێکشکان لە ناو کوردی تورکیادا سەرهەڵبدات.
لە چەقی ئەو قەیرانە لە سیاسەتی کوردیدا، گوتارێکی نوێ لە باڵی ڕاستدا سەری هەڵدا کە چیدیکە بەوە قایل نەبوو هاوبەشێکی بێدەنگی باڵی ڕاستی دەستەڵاتداری تورک بێت. ڕاستگەرای نوێی کورد خۆی وەک دژبەری حکوومەتی تورکیا و ئەفسانەی ئازادیخوازانەی چەپی پەکەکە پێناسە دەکات. بە پێچەوانەی ڕاستگەرای نەریتیی کورد، ئەم ڕەوتە نوێیە بەلای سیاسەتەکانی ئانکارادا ناشکێتەوە. ئەمەیان گوتارێکی کولتوورییە کە بە مەوداگرتن لە ئەنکارا، هەوڵ دەدات جۆرێک ئۆتۆنۆمی بەدەست بێنێت. ئەم ڕەوتە ئامانجی بەهێزکردنی وشیاریی نەتەوەیی کورد و ساڕێژکردنی ئەو هەستی بڕوابەخۆبوونەیە کە لەم کۆتاییانەدا بریندار کراوە. ئەم ڕەوتە پێکهاتووە لەو ئیسلامگەرایانەی کە لە ئاک پارتی بێهیوابوون، لە کوردانی نەتەوەخواز و هەروەها کوردە مەزهەبییە کۆنەپارێزە لیبراڵەکان. بەڵام زیاتر لەم بازنەیە و تەنانەت بۆ نێو هەدەپەش دزەی کرووە.
بۆ کورد کە هیلاکی دەستی ئایدیۆلۆژیا جیهانییەکانە، ئەمە بانگەوازێکە بۆ ئەوەی ڕوو لە ناوخۆ بکەنەوە. ئەمانە وەک جۆرەکانی دیکەی نەتەوەخوازی، زۆر تامەزرۆی ڕەسەنایەتین وهەروەها جەخت لەسەر بەها دێرینەکان، نەژاد، نەتەوە، ئایین و بە هەند وەرگرتنی وڵات وەک سەرچاوەی هێز دەکەنەوە. ئەم جۆرەی نەتەوەخوازیی بە پێچەوانەی زۆربەی نەتەوەخوازییەکانی دیکە لەم قۆناغەدا لە بیرۆکە دوژمنکارانەکانیدا زێدەڕۆیی ناکات.
بە پێی ئەوەی باس کرا، بێ دەوڵەت بوونی کوردان سەرچاوەی هەموو کێشەکانیانە و بوونی دەوڵەتێکی کوردی دەسپێکی چارەسەریی هەموو کێشەکانیانە. ئەوەی ڕوونە تورکەکان دەوڵەت و سوپا، پەروەردە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکەیان هەیە. بەڵام کورد لە ئاستێکی نزمتردا لە ناو ئەو پێکهاتەیەدا دەژین و ناچارن چاویان لە مەیل و بەزەیی نەتەوەیەکی دیکە بێت بۆ وەرگرتنی مافەکانیان. باسکردن لە “برایەتی”ی نێوان تورک و کورد یان شوناسی هاوبەشیان وەک مسوڵمان، تەنیا بۆ داپۆشینی بە کەمزانینی زاتیی کوردانە. کەواتە دادپەروەری و یەکسانی لە نێوان کورد و تورکدا بەدی نایەت، لەبەر ئەوەی پێگەی سیاسیی یەکسانیان نییە. تەنیا کاتێک کورد خاوەنی دەوڵەت بن، ئەو یەکسانییە وەدی دێت و ئەگەری هەیە پەیوەندییەکی ئاسایی لە نێوانیاندا دروست بێت. ئەوەندەی کورد داوای یەکسانی لە چوارچێوەی ئەو وڵات و دەوڵەتەدا دەکەن، ئەوەندە داوای بوونی دەوڵەت و کیانێکی کوردی ناکەن.
بە پێی ئەم بۆچوونانە، هەدەپە زیاتر و زیاتر وەک کولتوورێکی خۆ- ڕەتکردنەوە لێی دەڕوانرێت (واتە ناکۆکییە هزرییەکانی زیاتر دەردەکەوێت). زۆربەی دەنگدەرانی ئەم حیزبە کوردن، بەڵام ڕەتی دەکاتەوە خۆی وەک نوێنەری کوردانی تورکیە دەربخات. ڕوانگەی چەپ و دنیابینیی ئەو حیزبە وای کردووە ئاستی داواکارییەکان و پێویستیی دەوڵەتێک بۆ کوردان زیاتر خۆی بنوێنێ. ئەوان هەوڵ بۆ حکوومەتێکی دێموکڕاتیک و یاسایی بۆ هەموو خەڵکی تورکیا دەدەن، کەچی بە پارێزەوە دەستەواژەی نەتەوە بەکاردێنن. ئەو حیزبە هەردەم هاوسەرۆکی ژن و پیاوی لە پلەی بەڕیوەبەرایەتی (سەرۆکانی حیزب، سەرۆکی شارەوانییەکان و هتد)دا هەیە و دوایین هاوسەرۆکەکانی پیاوی کورد نەبوون.
بۆچوونی گەنجانی ڕاستگەرای کورد دژی ئەوەیە. ئەوان دەپرسن بۆچی کورد دەبێ شان بداتە بەر قورسایی خەباتی دێموکڕاتیکی تورکیا؟، بۆچی ئەندامانی کوردی هەدەپە لە بەندیخانەدا بچەوسێنرێنەوە لەکاتێکدا ئەندامانی تورکی ئەو حیزبە بە ئازادی دەگەڕێن؟، بۆچی کاتێک جوتیارە تورکەکان لە پارێزگای ساکاریا هێرش دەکەنە سەر کرێکارە کوردەکان، چەپترین تورکەکان لە جیاتی ناوی ئەم هەڵسوکەوتە بنێن نژادپەرستی، پێی دەڵێن تێکهەڵچوونی چینایەتی؟، ئەوان سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەکان، لە ڕێی پەرەدان بە شوناسی کوردییەوە، بەرپەرچیان دەدەنەوە. لەنێو کوردەکاندا ئێستا زیاتر ئەوە باوە خۆیان بسەلمێنن و بناسێنن و، هەروەها هان دەدرێن هەوڵ بۆ پێشخستنی خۆیان بدەن، وەبەرهێنان بکەن، خۆیان پەروەردە بکەن، زمانی کوردی فێر بن (کە بە هۆی چەندین دەیە سەرکووت، زۆربەری لاوانی کورد لە تورکیا ناتوانن بە کوردیەکی ڕەوان قسە بکەن)، لە کۆتاییدا جیهانبینیی خۆیان پەرەپێبدەن.
” لە حاڵێکدا کولتوری پەکەکە شەهید بوون وەک بەرزترین پلەی قوربانیدان بە پیرۆز دەزانێت، ڕاستگەراکان پرسێکی ئەم دنیاییتریان هەیە.”
لە حاڵێکدا کولتووری پەکەکە شەهیدبوون وەک بەرزترین پلەی قوربانیدان بە پیرۆز دەزانێت، ڕاستگەراکان پرسێکی ئەم دنیاییتریان هەیە. ئەمان وشیارن لەوەی بایەخی خەباتی چەکداریی پەکەکە کەم نەکەنەوە، بەڵام بە شێوەیەکی هێمادار و شاراوە، ناڕەزایەتییان بە گیان لەدەستدانی خەڵکی کورد دەردەبڕن. لە ئەنجامی ئەمەدا ڕاستگەراکان دووبەرەکییان خستووەتە ناو توێژی مامناوەندی کورد، توێژێک کە لە ناو هەدەپەدا خەریکە پەرە دەستێنێ و لە سیاسەتی ڕادیکاڵی چەپ دووری کردوونەتەوە. پیاوێک کە لە تەمەنی سییەکانیدایە و لە دیاربەکر دەژیت و لە ڕابردوودا چالاکڤانی هەدەپە بووە دەڵێت: “ناکرێت چاوەڕوانی لە خەڵک بکەی بەردوام قوربانی بدەن. ئەم نەوەیە نایەوێت شەڕ بکات. بە دوای شتە جوانەکان و خۆشییەوەیە.” لاوێکی دیکەی دیاربەکری دەڵێت: “ماندووم لە باسوخواسی بەردەوامی مەرگ. ئەگەر بڕیارە بمرین دەبێ لە پێناو کوردستاندا بمرین. من نامهەوێ لە پێناو دیمۆکراتیزەبوونی تورکیادا بمرم.” لێرە مەبەست لە وشەی “ئێمە” ژیانی کورد بەگشتییە، کە بە هۆی ئەوەی ئاستی ژیانیان بۆ توێژی مامناوەند بەرزبووەتەوە و ژیانێکی ئاسوودەتریان هەیە، شتێکیان بۆ لەدەست دان هەیە.
ئەم هەست و بۆچوونانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی کۆمپانیای (Rawest Research)ە، کە سەرنجی داوەتە ڕەوتی “ناڕادیکاڵکردن” لە نێو لاوانی کورد لە تورکیا. ئەمە واتا ئەم لاوانە نایانهەوێت بەشداری لە خەباتی چەکداریدا بکەن. بە پێی لێکۆڵینەوەکە، ئەم پرۆسەیە لەگەڵ مەیلی پتەوکردنەوەی شوناسی کولتووری هاوتەریبە. بۆ نموونە، کاتێک شارەوانیی ئیستانبوڵ کە لە دەستی ئۆپۆزسیۆندا بوو، کۆرسێکی زمانی کوردیی کردەوە، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا پڕ بووەوە.
هەندێک لە دیارترین دەنگەکانی ئەم گوتارە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکن. گەنجان پێیان وایە ئەوانەی ژیانیان تەرخان کردووە بۆ ئەوەی لاوان وشیار بکەنەوە و لە پەیوەندی لەگەڵ بیرۆکە شۆڕشگێڕانە و یونیڤێرسالیسیتییەکان (جیهانییەکان) بەرچاوڕوونیان پێ بدەن، لە حیزبەکان کاریگەرترن. لەوانەیە ئیبراهیم خەلیل باران، سەرۆکی پارتی کوردستانی (PAKURD)، دانیشتووی هەوڵێر، ناودارترین شرۆڤەکار لەم بوارەدا بێت. ئەم شروڤەکارە کە پارتە بچووکەکەی لە تورکیا تۆمار کراوە، هەروەها پێشکەشکاری ناسراوی پۆدکەستێکیشە لە داخۆیانییەکەیدا دەڵێت: “ئەگەر زمانی من بناخەی دەوڵەتی تۆ دەهەژێنێت، مانای وایە تۆ دەوڵەتت لەسەر خاکی من دروست کردووە.” ئەمە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوبووەتەوە، هەندێ جاردەگوترێت گوتەی کەسایەتیی مێژوویی و ناودار ئاپێ موسا (موسا عەنتەر)، نووسەری بەوەجی کوردە، کە ژاندارمە تورکەکانی لقی زانیاری و ئۆپەراسیۆنی تایبەت، ساڵی 1992 کوشتیان. باران ئاخری لەمە ماندوو بوو و لە توێتێکدا گوتی: “وشەکانم وەک دیارییەک پێشکەش بە ئاپێ موسا دەکەم.”
داخۆیانییەکەی باران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگی داوەتەوە؛ وەک گوتەیەکی ڕەسەنی ئەفسانەیی کە لە ناخی ئەو بەرخودانە سیاسییەی بەرسەریدا سەپێنراوە، هەڵقوڵاوە. باسی “برایەتیی گەلان” کە هەدەپە داوای دەکرد، شکست دێنێی.
کوردی ڕاستگەرا دەیهەوێت هەدەپە بگۆڕێت، نەک لە سندووقی دەنگداندا بەرەنگاری ببێتەوە. لە دوای ئەوە، هەنگاوێک لە خەبات کردن بۆ گۆڕانی سیاسیی کتوپڕ لە تورکیا بکشێتەوە و ڕوو لە ناوخۆ بکات. ئەمە بە واتای کشانەوەیە لە بابەتە سەرەکیەکانی وەک خەبات لە پێناو دێمۆکراسی لە تورکیا، وەک ئازادیی ڕاگەیاندن، سەربەخۆییی زانکۆ، پاراستنی ژینگە و گەڕانەوە بەرەو چوارچێوەی کوردستان.
خاڵی هەرە لاوازی هەدەپە کە لە هەموو کێشەکانی گەورەترە، پەرەپێدانی زمانی کوردییە. ئەگەرچی ئەم حیزبە، پشتگیری لە پەروەردە بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکان دەکات، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە بیکاتە کاری لەپێشینەی خۆی. زۆرینەی نەوەی نوێی دانیشتووی شارە کوردییەکان بە کوردی نادوێن کە ئەمە ترسێکی خستووەتە نێو ڕووناکبیرانی کورد سەبارەت بە مەرگی زمانی کوردی بە هۆی ئەو ئاسمیلەبوونە بەربڵاوەی لەئارادایە. ئەمە بووەتە هۆکاری وەڕێخستنی چەندین کەمپەیەنی پەیوەندیدار بە وێژە و پەروەردە بە زمانی کوردی و هەروەها دروست کردنی هەزاران ماڵپەڕ، بەرهەم و گۆڤار کە ئامانجیان گەشاندنەوەی کولتوور و مێژووی کوردە. ڕێکخراوی ناحکوومیی بزووتنەوەی زمانی کوردی (HEZKURD) لە دیاربەکر، یەکێک لەو دامەزراوانەیە بە ئاشکرا ڕەخنە لە هەدەپە دەگرێت و دەڵێت: “دەتوانێت سەدان هەزار کەس لە گۆڕەپانی گشتی کۆبکاتەوە بۆ ڕۆژی مەی (May Day) بەڵام داواکاریی زۆری کوردان بۆ مافەکانیان سەبارەت بە زمان نابیسێت”. هەدەپە کە لە هەوڵی وەڵامدانەوەی ڕەخنەکاندایە، ئاخرسەر کۆمیسیۆنێکی لە پەرلەمان بۆ پێشخستنی پەروەردە بە زمانی کوردی ڕێکخست و وانەی زمانی کوردیی بۆ ئەندامانی باڵای دانا.
گوشار بۆ سەر هەدەپە تەنیا لە لایەن لاوانی ڕاستگەراوە نییە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، زۆربەی ڕووناکبیرانی باڵی چەپی کورد، ڕەخنەیان لەو حیزبە گرتووە. ئەمانە کە بنەمای فکریان لە بۆچوونەکانی بیرمەندانی پۆستکۆلۆنیاڵ وەک فرانز فانێن (Franz Fanon) و ئاشیلێ بێمبێ (Achille Mbembe) پێکهاتووە، پێیان وایە خەباتی کورد هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستێک بتوانێت ئاوێتەی بیرۆکە جیهانییەکانی وەک ئۆتۆنۆمیی دیمۆکراتیک بێت. سەبارەت بە پێکەوە ژیانی ئاشتییانە لەگەڵ تورک لە سەر ئەو بڕوایەن ئەمە بۆیە کەڵکی لێ وەردەگیرێت بۆ ئەوەی هەوڵی بەردەوامی تورکی پێ داپۆشن کە دەیەوێ کوردستان هەمیشە ژێردەستە بێت. ئەمەیان ژینگەیەکی جیاواز لەوەی سەرەوەیە. ئەوان کەسانێکن زیاتر بە بنچینەکانی هەدەپەوە دەناسرێنەوە و خۆیان بە خاوەنی ئەو حیزبە دەزانن. ئەو خاڵەی کوردی ڕاستگەرا و چەپگەرا لەسەری کۆکن ئەوەیە پێویستە لە ڕووی سیاسییەوە سەبارەت بە شوناسی کورد هەستیارتر بن و کەمتر ئانکاراگەرا بن.
“بە ڕای لاوانی ڕاستگەرای کورد، هەدەپە میراتی ڕابردوویەکی ساویلکانەیە.”
بۆچوونیان سەبارەت بە هەدەپە جیاوازییان پێشان دەدات. بە ڕای لاوانی ڕاستگەرای کورد، هەدەپە میراتی ڕابردوویەکی ساویلکانەیە، ئەو کاتەی کورد پێیان وابوو دەتوانن دەسەڵات لەگەڵ تورکەکان بەش بکەن. بە بۆچوونی چەپگەراکانیش، هەدەپە ئاشکراکردنی ناوادەی ئاواتەکانیان بۆ داهاتوویەک بوو کە تێیدا خەباتی سیاسیی کورد گەیشتبێتە ئاستێک کە بتوانێت هەوڵی جیهانیبوون بدات.
ئەگەر هەدەپە بەرگەی سەرکوتکارییەکانی حکوومەت بگرێت، لە ئەنجامدا گۆڕانکاری لە پێکهاتە و ئاراستەی سیاسەتی کوردیدا ڕوودەدات. ئەو گۆڕانکارییە، هەروەها لەوانەیە تورکی چەپ ناچار بکات بەرەو پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی گەشە بکات. ئەحمەد شک، یەکێک لە چەپتیرین تورکە ناسراوەکان، کە لە سەر لیستی هەدەپە هەڵبژێردرا، ئەو حیزبەی بەجێهێشت لەبەر ئەوەی ناکۆکی لە نێوان لایەنە چەپەکانی ناو حزبەکە و لایەنگرانی پێداگری لەسەر شوناسی کورددا هەبوو. ئەو کە ئیستا ئەندام پەرلەمانێکی سەربەخۆیە، لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی: “تورکیە پێویستی بە حیزبێکە لە نێوان جەهەپە ( گەلی کۆماری تورکیا، سەرەکیترین بەرهەڵستکاری ئاک پارتی) و هەدەپەدا.” واتا حیزبێک تورکە پێشکەوتنخوازەکان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ هەدەپە دامەزرێنێت کە ئەو کات ئازادە کارەکتەرێكی کوردانەتری هەبێت.
ئەم بیرۆکەیە لە ناو گرووپە دژبەرەکاندا هەرای زۆری نایەوە، بەڵام هێشتا ئەنجامێکی سەرنجڕاکێشی نەبووە. لەم ساتەوەختەدا پێشکەوتنخوازانی تورکیا هێشتاش خۆیان بە بزووتنەوەی کوردییەوە دەبەستنەوە، هەرچەند وێناچێت بزووتنەوەی کوردی مەیلی بێت لەمە زیاتر لەگەڵ خۆی بیانبات.
ئەمە لە حاڵێکدایە حزبە کوردییەکان لە هەوڵدان باڵی ڕاست دامەزرێنن، بەڵام ئەستەمە بە فەرمی بناسرێن. لە دانیشتنێکی پارتی دێموکراتی کوردستان ( کەدەپە)دا، سەرۆکی ئەم حیزبە، ڕەشید ئاکجی، پێویستیی بوونی حیزبی سەر بە باڵی ڕاست ئاوا شی دەکاتەوە: “دەنگدەران گوتیان ئەوان کۆنەپارێزن بەڵام هیچ حیزبێکیان نییە بتوانن دەنگی بدەنێ. ئێمە ئەم حیزبەمان دامەزراند بۆ ئەوەی بژاردەیەکی سێیەم بدەین بەو دەنگدەرانە، بژاردەیەکی سەربەخۆ لە ئاک پارتی و هەدەپە. ئامانجی ئێمە فیدراڵییە، فیدراڵی بۆ کوردستان.” تا ئێستا کەدەپە لە تورکیا لە کۆتاییی ڕیزبەندی ئەو حیزبانەدایە کە بە هاوکاریی پارتی دێموکڕاتی کوردستان دامەزراوە. ئەو حزبە هاوشێوەی نموونەکانی پێشترە، گروپێکی بچووکە بە بێ پشتگیرییەکی جەماوەریی بەرچاو.
پارتی کوردی- ئیسلامی ئینسان و ئازادی (PIA) ڕێکخراوێکی دیکەیە گرینگی بە دەرکەوتنی ڕاستگەرای کورد دەدات. ئەو حیزبە داکۆکی لە مافە کولتوورییەکانی کورد دەکات و باوەڕی بە “دەستپێشخەری لە یەکگرتوویی” لەگەڵ تورک هەیە، بەو مانایەی مافی ئۆتۆنۆمی، فیدراڵی و سەربەخۆیی بۆ کوردان پارێزراو دەبێت. ئەمەشیان گرووپێکی بچووکە کە مەبەستی، گەشەکردن لە ڕێکخراوێکی کۆمەڵگای مەدەنییەوە بەرەو بوون بە ئەکتەرێکی سیاسییە. بە پێی ڕاپۆرتەکان کەدەپە لە فێبریوێری 2020 داواکاریی پێشکەشی وەزیری ناوخۆ کردووە، لە کاتێکدا PIA سێ ساڵ پێش داواکاریی پێشکەش کردووە بەڵام هیچیان وڵامیان نەدراوەتەوە. ئەگەر وڵامیشیان بدرێتەوە ئاستەمە وڵامێکی ئەرێنی بێت.
زۆربەی کورد لە داهاتوویەکی نزیکدا ناوبانگی هەدەپە بەم جێگرەوانە ناگۆڕنەوە. ئەگەر حیزبی کوردستانی لەم چەشنە دامەزرابان و گەشەیان کردبا، لەوانەبوو هەندێک لە دەنگەکانی هەدەپە بۆلای خۆیان ڕابکێشن، بەڵام زیاتر وێدەچێت دەنگەکانی ئاک پارتی کە دەنگی کوردانی کۆنەپارێزی هەیە، بۆخۆیان ببەن. لەوانەیە هەر ئەمەش هۆکار بێت حکوومەت ئیزن بە بوونی بچووکترین ئەکتەری لەم چەشنە نادات. لەوانەیە وا بیربکاتەوە ئەگەر بڕیار بێت دەنگی کوردەکان لە ئاک پارتی و ئەردۆغان بسەندرێنەوە، دەبێ لە بری حیزبە کوردییەکان، بدرێنە حیزبە کۆنەپارێزە تورکەکانی ئۆپۆزیسیۆن. ئەگەر وانەبێت، حیزبە کوردییەکان بە باڵی ڕاست و چەپەوە دەبنە مەڵبەندێکی نوێی سیاسی و دەتوانن ڕێڕەوی نوێ بۆ زیاتر لێک جیاکردنەوەی کولتووری کورد و تورک بکەنەوە.
ئاک پارتی لە کۆنەوە گوتوویەتی نوێنەرایەتیی “کوردی ڕاستەقینە” لە تورکیا دەکات، لە کاتێکدا ئەوانەی سەر بە نەریتی پەکەکەن، بەرهەڵستکارانی خودانەناسن کە هزری شارۆمەندانیان ژەهراوی دەکرد. لەوانەیە بەرەوام بوون لەسەر ئەم گوتارە، هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنی بەردەوامی کوردی ڕاستگەرا ئاستەم بێت.
داگرتنی بابەت



