ئارامتر بخوێنەوە

سنە و والییەکەی

ڕۆبەرت کێر پۆرتەر
و: نزار سابیر



ساڵی ٢٠١٣ بەسەر گەشتنامەی دیپلۆماتکارێکی بەریتانیدا بە ناوی ڕۆبەرت کێر پۆرتەر (١٧٧٧ – ١٨٤٢) کەوتم، کە لەنێوان ساڵانی ١٨١٧ و ١٨٢٠دا لە چوارچێوەی گەشتێکی فراوانیدا بە کوردستانیشدا گەڕاوە و باسێکی سەرنجڕاکێشیشی لەسەر سنە نووسیوە. کاتێک بۆ سۆراخی پەیوەندییەکی موحتەمەلی نێوان نالی و مەستوورە کەوتمە خوێندنەوەی کتێبە مێژوویییەکان لەسەر وڵاتی ئەردەڵان و پاشان لە ٢٠١٦دا بۆ ئەو مەبەستە چووم سەردانی سنەم کرد و چەند ڕۆژێک لەوێ مامەوە، بەداخەوە، بەسەر هیچ داوێکی پتەودا نەکەوتم پەیوەندیی ئەو دووانە، ئەگەر هەبووبێ، ڕوون بکاتەوە. بەڵام ئەو کەمە زانیارییەی لەو گەشتنامەیەدا لەسەر سنە هەیە لە لام بەنرختر دەرکەوت، چونکە لە هیج سەرچاوەیەکی دیکەدا نەمبینیبوو. کە باسی ئەوەم لای چەند ڕۆشنبیرێکی خۆشەویستی سنە کرد، بە تایبەتی کاک جەمالی ئەحمەدی ئایین، تکای کرد، ئەگەر هەر بەشەکەی سنەش بێ، وەریبگێڕم بۆ کوردی. منیش بەڵێنم پێی دا لە دەرفەتێکدا ئەوە بکەم. بە داخەوە ئەو دەرفەتە، بە هۆی بار و گوزەرانی شەخسییەوە، دوا کەوت تا ئەمڕۆ. هەرچەندە نازانم لەم ماوەیەدا کەسی دیکە ئەو باسەی وەرگێڕابێ یان نا، بەڵام من لێرەدا بە کوردی دایدەنێمەوە؛ ماڵی زیادەی ئەدەبی و مێژوویی سەری سەرلێخوراو ناشکێنێ. هیواداریشم ڕۆشنبیرە شیرین و ئەرشیفپەرست و مێژوومەبەستەکەی سنە، کاک جەمال، لە دواکەوتنەکەم ببورێ.

گەشتنامەکە بە ناوی (گەشتگەلێک لە گورجستان و ئێران و ئەرمەنستان و بابلی کۆندا) لە ساڵی ١٨٢٢دا لە لەندەن بە چاپ گەیێنراوە. لە شارەکانی کوردستان، کەمێک کرماشانی لێ دەرچێ، لەسەر هیچ شارێک بە ورد و درێژی نەوەستاوە و زانیارییەکانی سەرپێیین. بۆ نموونە، لە دیسەمبەری ١٨١٨دا دەگاتە سلێمانی؛ بەڵام چونکە مەحموود پاشا لە ڕاو دەبێ، نامێنێتەوە و درێژە بە ڕێ دەدا بەرەو ئێران، هەر بۆیە بە ٥ دێڕێک دوایی بە باسی شارەکە دێنێ. کە دەپەڕێتەوە بۆ قەڵەمڕەوی مەملەکەتی قاجارییەکان بۆی ڕێناکەوێ بچێ سەر لە سنە بدا. بەڵام بۆ ئەوەی کتێبەکەی باسی ئەو شارە گرنگەی تێدا نوقسان نەبێ، گەشتنامە و ئاگاداریی دۆستێکی خۆی سەبارەت بە سنە دەخاتە کتێبەکەیەوە. ڕەنگە ئەمە بۆ خۆشبەختیی مێژوونووسی بێ، چونکە دۆستەکەی بۆ ماوەیەک، کە نازانرێ چەندە، وەک دکتۆری والی، ئەمانوڵڵا خانی گەورە، لە سنە ماوەتەوە و زانیاریی نەبیستراوی لەسەر شەخسی والی نووسیوەتەوە. نازانم، ڕەنگە ئەگەر ڕۆبەرت پۆرتەر بۆی هەڵکەوتایە بچێ بۆ سنە، لەوانەیە خۆی لە هەندێک ڕووەوە بابەتیانەتر لەسەری بنووسییایە، بەڵام دڵنیام هیچی لەسەر دنیای ژیانی شەخسیی ئەمانوڵڵای پێ هەڵنەدەکڕرا، مەگەر وەک دۆستەکەی وەک دکتۆرێک ئیجازەی چوونە ناو ئەو دنیایەی پێ بدرایە.

سەیر ئەوەیە، سەربردەی ئەو دکتۆرەش زۆری لەسەر نەنووسراوە و ئەو دەقەشی کە دەبێ پۆرتەر لە ڕۆژانەنامەکەی ئەوەوە خواستبێتی، بەر چاوی من نەکەوتووە. تەنیا لەڕێی ژیاننامەی کوڕەکەیەوە (William Cormick)، کە لە ئێران لەدایک بووە و دواتر ئەویش وەک دکتۆر ناو و ناوبانگێکی لەوەی باوکی گەورەتری لە ئێران و دنیادا پێ بڕاوە، لینکێکم[1] بۆسەر ژیانی ئەو پیاوە دەست کەوت. لەوێشدا ساڵی لەدایکبوونی نەنووسراوە.

جۆن کۆرمیک (John Cormick) وەک یەکەم دکتۆری برینسازی بەریتانی لە ساڵی ١٨١٠دا ئیجازەی کاری لە شانشینی قاجاریدا پێ دەدرێ و پاش ماوەیەیک دەبێتە دکتۆری تایبەتی عەباس میرزای کوڕەجێنشینی فەتح عەلی شا. ڕێی تێدەچێ، هەر ئەو پەیوەندییە نزیکەیشی لەگەڵ ماڵی شادا بووبێ، کە بە ئەمانوڵڵاخانی ئەردەڵانیان گەیاندبێ؛ چونکە جگە لە پەیوەندیی ئیداری و سیاسی، ئەمانوڵڵاخان پەیوەندیی شەخسیشی بە فەتح عەلی شاوە، گەیشت بەوەی شا کچەکەی خۆی (حوسن جیهان خانم)، لە کوڕی ئەمانوڵڵاخان، خەسرەوخان مارە بکا؛ ئەوەی کە دواتر بووە مێردی مەستوورە خانمی ئەردەڵانیش. دکتۆر کرۆمیک کچێکی ئەرمەنی لە تەورێز مارە دەکا و وەک سەردکتۆر (حەکیم باشی)ی عەباس میرزا سەروەت و سامانێکی گەورە پێکەوە دەنێ. ناوی لە زۆربەی کتێبە مێژوویییە-پزیشکییەکانی ئێراندا هاتووە و لە یەکەمەکان بووە لە هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی کوتان دژ بە ئاوڵە و دڕکەومێکوتەدا. ١٨٣٣ خۆیشی بە پەتای تیفۆس لە سەفەرێکیدا لەنزیک نەیشاپوورەوە ناوەخت و بێکەس مردووە.

دکتۆر کرۆمیک پێدەچێ لە بەهاری ١٨١٨دا لە سنە بووبێ، چونکە ڕۆبەرت پۆرتەر لە ٣١ی ئۆگستی ١٨١٩دا دەنووسێ کە کرۆمیک چوار مانگ بەر لەدەرچوونی ئەو لەو ناوچەیە بووە. ئەگەر مەبەستی پۆرتەر دەرچوونەکەی دوایەمینی بێ لە تەورێزەوە، کە هەر لە مانگی ئۆگستی ئەو ساڵەدا بووە، ئەوا ئەو تەقدیرە راستە. ئەوەش زۆرتر ڕێی تێدەچێ، جونکە دکتۆر کرۆمیک دانیشتووی تەورێز بووە و هەڵبەت لەوێش بینیوێتی، بۆیە لە هەندێک جێدا دەڵێ “دکتۆر کرۆمیک بۆی گێڕامەوە و هتد”.

 نووسین و سەرنجەکانی کرۆمیک لەسەر سنە، دەبێ وەک سەرنجی زۆربەی زۆری گەڕیدە بیانییەکان بە سڵەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ، چونکە بە تەبیعەت گەلێک ئینتیباعی شەخسی لەخۆدەگرن و زۆر جار بە ڕاپۆرتی گەڕیدەگەلی پێشینان و حوکمە پێشوەختە باوەکان لەسەر ناوچەکان موتەئەسسیر بوون. بێ لەمە، سەدەی نۆزدەیەم ئیدی ڕۆژگاری شۆڕشی پیشەسازی و بازە گەورەکانی ئەوروپایە لە بوارەکانی زانست و کلتوور و خۆداڕشتنەوەی سیاسیدا و هاوکات دەستلێبوونەوەی یەکجارەکییەتی لە میراتی زانستی و کلتووریی دنیای ئیسلام، کە تەئسیرەکەی لە سەدەکانی ناوڕاستدا بەسەر نوخبەی خێندەوارانی ئەوروپاوە لە لوتکەیدا بوو و هەتا دوایییەکانی سەدەی هەژدەیەمیش، هیچ نەبێ بە سیحری ئەدەبیات و مۆسیقایەوە لە شیعری گۆتە و مۆسیقای بیتهۆڤندا، نووزەی هێشتا مابوو. گەڕیدە ئەوروپییەکانی ئەو سەدەیە، کە هاوکات گەرمەی کۆلۆنیالیزەکردنی دنیایە، بە گشتی دیپلۆماتکاری خۆبەزلترزان و بە چاوی سووک تەماشاکەری ئەو ناوچانەن، کە ڕاپۆرتەکانیان لەبارەیانەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ ڕێخۆشکردنی کۆلۆنیالیزەکردنێکی موحتەمەلە بۆ ئەم وڵاتانە.

جگە لەوە، لایەنی خوێندەواری و ئەدەب بە دەگمەن نەبێ سەرنجی گەڕیدە بیانییەکانیان ڕانەکێشاوە، بە حوکمی ئەوەی ئەمان خۆیان مەسیحی بوون و خوێندەواری و ئەدەبیش لە هەناوی مزگەوت و دامودەزگا ئیسلامییەکاندا بوون و توخنیان نەکەوتوون. لە دەورانی ئەمانوڵڵا خاندا، کە دکتۆر کرۆمیک، سنە بە مەڵبەندی بەرهەڵدایی دادەنێ لە ناوچەکەدا، مزگەوتی دارولئیحسان و شاری سنە بە گشتی مەکۆی کۆبوونەوەی گەورەترین زانا ئیسلامییە گەورەکانی وەک شێخ محەمەد قەسیمی سنەیی و عبدولقادری موهاجیر و ئەوانە بووە، کە خەڵکانی وەک مەولانا خالید و نالی و مەولەوی دەرسیان لا خوێندوون و ئیجازەیان لێ وەرگرتوون. ئەو فەزا کراوە نیسبییەی کچان و ژنانی سنەی تێدا ژیاون و کرۆمیک ئاماژەی پێ دەدا، مەستوورە خانمی تێدا هەڵکەوتووە، کە ئەو کاتەی ئەو وەک شاعیر ناوی ڕۆیشتبوو و ڕەنگە وەک تاکە ژنێکی سەدەی نۆزەدەیەم کتێبی مێژوویی و شەرعی دەنووسی، لە بەریتانیا جەین ئۆستن نەیدەوێرا وەک ژن ڕۆمانەکانی بەناوی خۆیەوە بڵاوبکاتەوە و هیچ دەزگایەکی ئەکادیمیش بۆ مێژوونووسی مێیینەی وەرنەدەگرت، بۆیە هیچ مێژوونووسێکی ژن لەو سەدەیەدا نییە. سەردەمی ئەمانوڵڵاخانیش هەر سەردەمی پیاوێکی خوێنڕێژی زۆردار نییە بەس. سەردەمی ئەو، وەک سەردەمی هەموو فەرماڕەوا بەهێز و زۆردارەکان، بایی ئەوەندە ئارامیی سیاسی و ئەمنیی بۆ سنە ڕەخساندبوو، بە جۆرێک زۆربەی میراتە شارستانی و میعمارییە سەرنجڕاکێشەکانی ئەو شارە دەگەڕێنەوە بۆ دەورانی ئەو.

بە کورتی، مانەوەی کورتی ئەو گەڕیدانە و مەبەستی گەشتەکانیان بەشی ئەوەی نەکردووە بتوانن وێنەیەکی مەوزووعی لەسەر ئەو جێگایانە دروست بکەن، کە باسیان کردوون. لەگەڵ ئەوەشدا گەشتنامەکانیان سەرچاوەی مێژووییی یەکجار گرنگ و دەستلێهەڵنەگیراون، بە تایبەتی کە هاودەمانی ئەوان لە خەڵکی ئەو ناوچانە میراتێکی مێژووییی ئەوتۆیان بۆ بەجێ نەهێشتووین، ئەگەر کردبێتیشیان، ئەوا بە حوکمی دواکەوتووییی زانستی مێژوونووسی، بە هەمان شێوە تەواو مەوزووعی نین و ڕووناکی ناخەنە سەر هەموو لایەنەکانی ژیان لەو سەردەمانەدا. بۆیە ئەم دەقە نووسراوەی دکتۆر کرۆمیک لەڕێی ڕۆبەرت پۆرتەرەوە بەنرخە.

لەبەر ئەوەی من یەکەم جار کتێبەکەی پۆرتەرم بە ئەڵمانی هاتە بەردەست، ئەو بەشە کەمەی لە بارەی سنەوەیە لە ئەڵەمانییەکەوە، کە لە ١٨٣٣دا لە ڤایمار بڵاوبۆتەوە، کردمە کوردی. پاشان کە لە ئینتەرنێتدا چاپە بەدیجیتاڵکراوە ئینگلیزییەکەشم دۆزییەوە، لەگەڵ ئەڵمانی و کوردییەکەدا بەراوردم کردەوە و دیسان دامڕشتەوە، بە تایبەتی کە هەندێک دێڕ لە ئەڵمانییەکەدا نەبوون.

دەقە ورگێڕراوەکە لە چاپە ئینگلیزییەکەدا دەکاتە لاپەڕەکانی نێوان ٥٦٤ تا ٥٧٠ی بەرگی دووەم و لە ئەڵمانییەکەشدا دەکەوێتە نێوان (٥٠٦ و ٥١٣)ی بەرگی دووەمەوە. بەڵام پەرەگرافی یەکەم لە لاپەڕەی ٥٦٣ ئینگلیزییەکە و ٥٠٤ی ئەڵمانییەکەدایە. ئەو جەند پەرەگرافە کەمەم وەرنەگێڕاوە، کە دەکەوێتە نێوان ئەو پەرەگرافە و باقیی تێکستە وەرگێڕراوەکەوە، چونکە تەنیا وەسفێکی کەنگێتی و چۆنێتیی ئەو کەمە ڕێیەیە، کە دکتۆڕ بڕیوێتی پێش ئەوەی بگاتە سنە.

هەموو ئەو دێڕ و پەرەگرافانەی بە جووتچوکڵەی (“) دەستپێدەکەن، هی کرۆمیکن و ئەوانەشی بێ ئەو دەستپێدەکەن هی پۆرتەر خۆین. ئەو ناوانەی بە شێوە لاتینییەکەی چاپە ئینگلیزییەکە نووسیمنەتەوە، بۆ ئەوەیە خەڵکی ئاگادار، ئەگەر چاویان بە تێکستەکە بکەوێ، بۆ سەر ناوە کوردییە بیستراوەکان، ئەگەر مابن، ساغیان بکەنەوە.

ڕۆژانەنامەکەی دکتۆر کرۆمیک

دوکتۆر کرۆمیکی دۆستم، کە نووسینەکەی لەسەر ئەشکەوتی کەرەفتۆ (Kerefto) بڕیاری پێ دام ئەم گەشتەم بکەم، نزیکەی چوار مانگ پێش ئەوەی من دەربچم بە هەموو ئەو ڕێیەی مندا سەفەری کردبوو، و بەردەوام بووبوو بۆ سنە، بۆ سەردان لە والی، کە ئەو کات زۆر نەخۆش بووە. لەبەر ئەوەی بۆم ڕێناکەوێ لە ئێستادا گەشتەکەم درێژبکەمەوە تا ئەو پایتەختە، تۆپۆگرافیای ئەم بەشانەی مەملەکەتەکە بە ڕۆژانەنامەکانی ئەو دۆستەمەوە گرێ دەدەم.

………..

“لەم دێیەوە (دیوان-دەرە) ئەمڕۆ دریژەمان بە ڕێگەکەمان دا، هەر بەرەو باشوور. ناوچەکە گەلێک شاخاویتر بوو؛ و دوای بڕینی زیاتر لە فەرسەخ (farsang)ێک لە قزڵ-ئۆزان (Kizzil – ouzan) پەڕینەوە. ئەم ئاستە نزیکەی سێ کاروان (٢١ فەرسەخ) بەلای ڕۆژئاوای پردەکەی لای کۆفڵانکو (Koflan-kou)ەیە، نزیک لە میانا (Mianna). دوای نزیکەی شەش میلێک بە دێی زەغە (یان زەگە Zagha)دا تێپەڕین و هەشت میلیش لە پشتی ئەوەوە بە کەلهوڕ-ئاباد (Kelhoor-abad) و کەمێکیش دوای ئەوە بە مەگا (Magah)دا تێپەڕین. لێرە بۆ یەکەم جار باخێکم دی لەگەڵ هەندێک داردا بەدەوری کوختەکاندا. هۆی ئەوەی کە لە دێیەکانی ئەم دەوروبەردا شتی وەها بە دەگمەن دەبینی ئەوەیە، ئەمانەی ئەخیر تەنیا لە مانگەکانی زستاندا ئاوەدانن، هەر ئەوەندەی هاوین هات ئیدی هەموو خەڵکەکە کوختەکانیان چوڵ دەکەن و دەچنە ژێر ئەو ڕەشماڵانەوە کە لەبەر سێبەری کەژوکێوەکاندا هەڵیانداون. ئەوەی بۆ غەریبان زۆر جێی سەرنجە نەریت و عاداتی ژنەکانن. چەند مێیینەکانی ئەورپا ئازادانە و بێ ڕووپۆش دەگەڕێن، ئافرەتانی ئەم بەشەی کوردستانیش هەر وا. لە ڕاستیدا، لەنێو بەشەکانی لەشدا ئەوەی ئەمانە گوێ بە شاردنەوەی نەدەن دەموچاویانە، کەچی لە وڵاتی فارس ئەوەی زۆر خەمیانە دایپۆشن، ئەوەیە. جلوبەرگی ژنە فارسەکان بە شێوەیەکی سروشتی لەشیان لە گەردنەوە تا سمت دەردەپەڕێنێ. بە پێچەوانەی ئەوەوە دەسماڵێکی گەورە و فش یان هەر کەوایەک بەشە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم کیژۆڵە چیایییانە لە گەردنیانەوە تا پاژنەی پێیان دادەپۆشێ. لەژێر ئەم کەوا بەرینانەوە هەندێکیان ئاوەڵکراسێکی بەرینیش لەبەردەکەن. بە گشتی، قوماشی جلوبەرگی خەڵکی سینفە خوارووترەکان لێرە، لەچاو هاوسینفە فارسەکانیاندا، زبر و درشتترە، بە تایبەتی هی پیاوانیان. هەڵسوکەوت و عاداتی ئەم چیانشینانە زۆر ئازادانەتر و زبرتر و ناشارستانەترن، ئەوەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئازادییە بێسنوورەی ئەمانەی تێدا دەژین لە باوەشی ئەو چیایانەدا. لە ڕاستیدا لەو باوەڕەدام هیچ کام لە خەڵکە کێوییەکانی دنیا هێندەی ئەمان مەیلی ڕاووڕووت و تاڵانی لە ڕەگیاندا نییە. ئەوەشی ئەم تەبیعەتەیان ئەوەندەی دیکە هان دەدا ئەو نەدارییەیە کە بەهۆی دڕندەیی و دادۆشینکاری و دڵڕەقیی والییەکەیانەوە تێی کەوتوون.

“بەرەو باشوور بە ناوچەیەکی شاخاویدا تێپەڕین، تاکوتەرا ئاوەدانیی تێدا بوو. هیچ نەبێ تەواوی ئەو ڕێیەی پێیدا ڕۆیشتین تا نەزیر (Nazir) وا هاتە بەر چاوم، کە ٧ فەرسەخ لە جێحەوانەوەی دوێشەومانەوە دوور بوو. ئەو شوێنە زۆر لە سنە (Senna)وە دوور نییە و منیش دەبوو لەوێ بمێنمەوە، چونکە قاسیدێکیان بەرەو پیرم ناردبوو، کە بۆم نییە تا ٤ ڕۆژی دیکە بچمە ئەو پایتەختەوە، چونکە گوایە دەرکەوتووە ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە پێوقەدەمم خێر دەبێ تێیدا.

“ڕەنگە هیچ نەتەوەیەکی ئاسیا شان لە شانی فارسەکان نەدا لە خورافاتی فەلەکناسانەدا. دێن قورئان، یا شیعرەکانی حافیز، یا هەر کتێبێکی دیکە، کە بە ڕێکەوت لەبەر دەستدا بێ، خۆوبەختانە دەکەنەوە و لە یەکەم دێڕدا کە دێتە بەرچاویان بۆ بڕیارە دڵخوازەکەی خۆیان دەگەڕێن و دەیدۆزنەوە (فاڵ Fall). لە دەرباری شاکان و کوڕەکانیشیاندا هەمیشە کەسانێکی زۆر هەن ئیدیعای شارەزایییەکی گەورە دەکەن لە فەلەکناسیدا و کاریان ئەوەیە سەعات و دەققەی بەخت بۆ ڕووداوێک، نەک هەر لە کاروبارە سیاسییە گرنگەکاندا، بەڵکو هەروەها بۆ شتی تووڕەهاتی ناو خێزانیش بگرنەوە. ئەم تەئسیرەی گوایە ئەستێرەکانی ئاسمان لەسەر کاروباری بەشەر دایدەنێن، لە ڕاستیدا تەئسیرەکەی ئەوەیە، فارسەکان بە دیار پڕوپووچترین حوکمە پێشوەختەکانەوە بمێننەوە و زۆرجار خۆدژوازترین (contradiction) کرداریان لێ بێتەوە.

سنە و والیی ئەم شارە

“سنە (Senna) پایتەختی بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە بە ویلایەتی ئەردەڵان ناوی ڕۆیشتووە. لە باکوورەوە سنووری ها بە ئازەربایجانەوە. شارەکە کەوتۆتە دۆڵێکی هەتا بڵێی تێر و پڕ لە باخ و دەغڵ، کە بڕێکی زۆر لە میوەی جۆراوجۆر و هەروابێتەوە تووتن و بڕێکی موعتەبەر دانەوێڵەش دەدا بە دەستەوە. کەوتۆتە ژێر خەتی 35° 12‘ی پانییەوە. والی یان سەرۆک، پشتاوپشت فەرمانڕەوایی دەکا و، وەک دەگوترێ، چەندان وەچەیە دەسەڵات لە دەستی ئەم بنەماڵەیەدایە. ئەم میرە لە قەسرێکی جوانی ناوەڕاستی شاردا دادەنیشێ و شاریش بەجێ ناهێڵێ مەگەر بۆ ڕاو یان سەردانی شا نەبێ. باجێکی ساڵانە بە شا دەدا، کە بڕەکەی ئەوەندە زۆر نییە و هیچ هەوڵێکیش نەدراوە زیاد بکرێ. تەندروستیی والی حاڵی حازر زۆر تێکچووە بەهۆی ئەوەی شتێک بەسەر کۆئەندامی دەماریدا هاتووە. نەخۆشییەکەشی بە دیاریکراوی ئەوەیە خەیاڵێک کەوتۆتە سەرییەوە کە گوایە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەکوژرێ. ئەم نهێنییەیشی، جگە لە هەموو دەردەکانی دیکەی، لەو زنجیرە کردارە توندوتیژانەوە سەری هەڵداوە، کە ساڵانێکی زۆرە خەریکی پیادەکردنیان بووە: کوشتن و ژەهرخواردکردنی بە هەموو لایەکدا بڵاو کردۆتەوە و ئێستا لەوە دەترسێ کەسانێکی زۆر لە قەڵەمڕەوەکەی خۆیدا یاخۆ بگرە هەندێک کەس لە دەوروبەری شەخسی خۆی هەبن، حەز بکەن بە هەمان شت چاکەی بدەنەوە. لە ڕاستیدا ئەوەندە بە گومانە، تەنانەت متمانەی بە ژنەکانیشی نییە خواردنی بۆ ئامادە بکەن یان دەرمانەکانی بۆ بگرنەوە بە بێ ئەوەی زۆر وریایان بێ. چێشتەکانی دەهێنرێنە ژێر مۆری یەکێک لەو ژنانەیەوە، کە پێی وایە دەتوانێ زۆرترین متمانەی پێی بێ. ئەمجا ژنەکە و هەروەها براکەی و سەروەزیر ناچار دەکا بەشێک لە چێشتەکە بخۆن؛ بێ لەوە دەبێ ٥ یان ٦ لە کەسوکاری نزیکی خۆی هەمان شت بکەن، بۆ ئەوەی ئەگەر هات و ژەهر لە خواردنەکەدا هەبوو، هەموو بە هەمان دەردی ئەو بچن. خۆ ئەگەر نەخۆشییەکەی بگاتە ئەوەی شرینقە (لاڤاژ)ی پێ هەڵبگیرێ، ئەوا دەبێ دوو یان سێ لە ژنەکانی، کە شرینقەکە ئامادە دەکەن و لێدەدەن، لە حوزووری خۆیدا هەندێکی لە خۆیاندا بەکار بهێنن، و ئەگەر کاریگەریی خراپیان لێ دەرنەکەوت، ئەمجا ئیدی لێ دەگەڕێ بۆ خۆیشی بەکاری بهێنن. کاتێک دکتۆرە فارسەکانی دەرمانی پێ دەدەن، ناچاریان دەکا لە پێشدا خۆیان بەشێک لە هەر جوڕعەیەکی لێ قووت بدەن. ئەمجا سەری دەنێتەوە و جوان لە مەحرەمەکەی خۆیدا هەڵی دەگرێ و دەوەستێ تا بزانێ چ کارێک لە ڕەچەتەکارەکانی دەکا؛ کە زانی هەموو شتێک باش دەردەکەوێ، ئەمجا خۆی باقییەکەی قووت دەدا. نانی بەیانیانی عادەتەن مەنجەڵێکی پڕ شۆربایە. دوای ئەوەی خۆی تێری لێ خوارد، باقییەکەی دەدا بە نزیکترین کەسی ئەو ژنەی نۆرەی بووە شۆرباکە لێ بنێ و ئەویش دەبێ هەمووی چۆڕبڕ بکا. لە کاتی نانی نیوەڕواندا دەبێ هەمیشە وەزیرەکەی شەربەتی بۆ بگرێتەوە و لەگەڵ جامێکی بەتاڵدا بیداتە دەستی. ئەمیش دەستبەجێ جامەکە پڕ دەکا و بە یەکێک لە وەزیرەکانی دەخواتەوە پێش ئەوەی خۆی لێو بە جامەکەوە بنێ.”

لەو ساتانەدا کە والی وا هەست دەکا چاک دەبێتەوە، هەروەک دکتۆر کۆرمیک (Dr. Cormick) بۆی گێڕامەوە، دەبێتە هاودەمێکی زۆر مەجلیسخۆش؛ مەعریفەت و وئاگاداریی گشتییشی زۆر لە ژوور ئەو ئاستەوەیە کە عادەتەن لای پیاوانی گەورەی ئەم گۆشەیەی دنیا دەیبینیت. لە کاتی وەهادا گیانی سوحبەتچێتی و گاڵتەدۆستیی ئەو بە تەواوی سەرت دەسوڕمێنن. [2]ڕۆژێکیان موناقەشەی بابەتی کریستیانێتی و موسوڵمانێتیی دەکرد و جوویەکی ئەسفەهانیش، کە ناوبەناو وەک حەکیم (یان دکتۆر) دێتە لای، لەوێ حازر بوو. “باشە!”، خاوەن شکۆ بە دکتۆر کۆرمیکی گوتبوو، “بە دڵنیایی زۆر داخراوییە لە ئێوەی کریستیاناندا کە دان بەوەدا نانێن پێغەمبەری ئێمە وەحیی لە خوداوە بۆ هاتبێ، چونکە ئێمە ئەو ڕێزە لە داهێنەری دینەکەی ئێوە دەنێین! بەڵام لاسارێک لێرەیە،” بە دەنگی بەرزەوە ڕووی کردبووە کابرای جوو، “گاڵتەی بە هەردووکیان دێ، چونکە دان بە هیچیاندا نانێ!”

بەڵام ئەو ساتانەی ئاوا تێیاندا بەکەیفە دەگمەنن. دەتوانیت بڵێیت، “تاوانەکانی، ئارامیی ناو گیانیان کوشتووە و خەندەیان لە دەروونی تاراندووە!” نەخۆشی و دڵگوشراوی و سەرلێتێکچوون، هەروەک دۆستەکەم وەسفیان دەکا، وەختە بڵێی هەمیشە هەوریان لە گوتار و ڕوخساری نیشاندووە. ڕابواردنی لەدەرەوەی ماڵ، بۆ زاڵبوون بەسەر شەیتانەکانی ناو خۆیدا، ئەسپسوارییە؛ لە ماڵیشەوە بیر و غایەڵەی ناو مێشکی بە هەرا و بەزموڕەزمی لەدوایینەهاتووی ناو حەرەمەکەی دەڕەوێنێتەوە. یەکێک لە ڕابوێرییە دڵخوازەکانی لەوێ گۆرانی و سەمای دەستەیەک خەڵکە، پێیان دەگوترێ لەزموونییان (Luzmoonies)، کە لە پیاو و ژنان پێکدێن و ئەمانەی دوایی بە گشتی هەتا بڵێی جوان و کێشکەرن. بەڵام شوێنی خۆنواندنی ئەمانە هەر قەسر نییە. چەندان دەستەی جۆراوجۆر لەمانە لە هەموو جێیەکی ئەم شارەدا دەبینرێن و چونکەش خوار و ژووری خەڵکەکە، هەر وەک ئاغاکەیان، زۆر حەزیان بەم نماییشانەیە، بڵاوبوونەوەی ئەم دابونەریتە، ئەم پایتەختە بچووکەی وەرگێڕاوە بۆ یەکێک لە بەرهەڵداترین مەڵبەندەکانی ڕۆژهەڵات. هەرچی ژنان و کچانی سنەشن، ئەوەندە کراوانە کەڵک لە ئازادیی ڕوو و خوویان وەردەگرن، هەروەک زانیاریبەخشەکەم پێی گوتم، “لەوە دەچێ نە لە خودا بترسن و نە لە مێردەکانیان.[3]

حەرەمی پیاوانی دەوڵەمەندی ئەم شارە، جگە لەو چوار ژنەی قورئان ڕێی پێ داوە، یەک تەن ژنی دیکەش لەخۆدەگرێ. بەڵام ئەوانەی لە هەمووان ڕەواجیان زیاترە عادەتەن لەزموونییەکانن. هەر بۆیەش پێت سەیر نەبێ، کە ئەو ڕەوشت و عادەتەی ئەمانە وەک ئاو ڕشتوویانە، وردە وردە هەموو باقیی خەڵکەکە پێیان تێ خستووە.  لە جەرگەی ئەم نوقمبوونەدا لەناو چێژ و لەزەتی ماڵی دنیادا “هەموو مەخلووقێک وەها هەڵلەرزیوانە بە قووڵی لە خودای هەموو ئەمە دەپاڕێتەوە”[4]، بە جۆرێک هەموو بەردەوام لەو ترسەدا دەژین، کە بەهۆی تەماع و گومڕایی و دڵڕەقییەوە بەڵایەکیان بەسەردا ببارێ و هەموو ئەم خۆشییەیان لێ بستێنێتەوە. لە تاو ئەم ترسە زۆرێک خۆیان هەژار پێشان دەدەن؛ هەندێکیش ئەم ڕۆحچوونە تاویان دەدا بۆ شوێنێک، کە سامانەکانیان تەنیا بە خاک ڕەوا ببینن. لە ڕاستیدا ئەمە زۆر دەمێکە لە وڵاتی فارس و دەرودەرهاوسێکانیدا بووە بە نەریت. هیچ نموونەیەکیشم گونجاوتر لەوەی ئەحمەد خان، زۆردارە ترسناکەکەی مەرەگە (Maraga)، پێ ناهێنرێتەوە، کە سەروەت و سامانەکەی بە لەبننەهاتوو دادەنرا. دوای مردنی، زۆرێکی لە هەزار شوێنی چەپەکدا بە نێژراوی دۆزرانەوە، بەڵام بەشە هەرە زۆرەکەی، وەک خەڵک بۆی دەچن، دەبێ خۆ و بەختی هەڵبدرێنەوە؛ چونکە ئەو چرووکە جیڕە، باش مشووری ئەوەی خواردبوو، هەموو ئەوانەی جێمتمانەی بوون و لە ناشتنی شتە بەهادارەکانیدا هاریکارییان کردبوو خۆشیان هەر زوو لە تەنیشتیانەوە بنێژرێن. بە کورتی، چۆن ئەم تینوێتییە گشتییەی خەڵک بۆ زێڕ لە هەموو لایەکی “مەملەکەتە گەورەکە”دا هێشتا نەشکاوە، ئاوەهاش ئەو ترس و لەرزە لە دەماری ئەوانەدا هێشتا دەزرنگێتەوە، کە تەماع و زەبروزەنگی ئاغا مەحەمەد خان و نێرراوەکانیان لە بیرە لە کۆکردنەوەیدا، بە جۆرێک ناتوانم وەسفی بیرکردنەوەی فارس و هەستکردنی بە ئەمین نەبوونی ماڵوموڵکەکەی لەوە باشتر بکەم، کە قسەی یەکێک لە خانەدانەکان دووبارە بکەمەوە، کاتێک گوێی لە هەندێک سەرنج بوو لەسەر دڵنیابوونی ئینسان لە ماڵوموڵکی تایبەتی خۆی لە ئەوروپا. “لە هەموو وڵاتێکی دنیا بەو جۆرە نییە”، گوتی. “هەندێک وڵات هەن، دار ئەوەندە بە ئەمینی لە دەستی خاوەنەکەیدا دەمێنێتەوە، کە وابزانرێ ئەو دەستە بەهێزترینە. بەڵام با دەستی لەو بەهێزتر بێن، ئەمجا بزانە چۆن دارەکەی لە دەست دەپچڕێنن و ڕەنگە خوێنیشی لێ بهێنن. لە ڕاستیدا”، لەسەری ڕۆیشت، “ئەوەتا لێرە، بە داخەوە کە وا دەڵێم، دەبینی لەناو ئێمەدا هیچ نەکراوە بۆ سبەی! ئێمە، بۆ ئەمڕۆ نەبێ، هیچ بینا ناکەین و ناچێنین. ئاخر کێ کۆشک هەڵدەچنێ، کاتێک بزانێ لەوانەیە لێی ببرێ؟ کێ سەروەت و سامان پێکەوە دەنێ، کاتێک نەوێرێ خاوەنی بێ؟ یا پاشەکەوت بۆ منداڵەکانی بخاتە لاوە، کاتێک ژیانیان ڕێک بە هۆی ئەوەوە بکەوێتە مەترسییەوە؟”

[1]  http://www.iranicaonline.org/articles/cormick-john

[2]  ئەم چیرۆکی کریستیان و موسوڵمان و جووە لە تەرجومە ئەڵمانيیەکەدا نوقسانە.

[3]  ئەم ڕستەیەی دوایي لە “هەرچي ژنان و ..هتد”ەوە لە وەرگێڕانە ئەڵمانيیەکەدا بە کورتکراوي و گشتي داڕێژراوەتەوە.

[4]  مانای ئەم ڕستەیەم نە لە ئینگلیزيیەکە نە لە ئەڵمانيیەکەدا بۆ ساخ نەبۆوە.

داگرتنی بابەت