ئارامتر بخوێنەوە
بەکەمینەکردنی ئەوانی دیکە: ستراتێژییە یەکدەستکردنەکانی دەوڵەتی ئێتنۆتێۆکڕاتیکی ئێران
ئەحمەد محەمەدپور و کەماڵ سلێمانی
و: ڕێبوار ڕۆژهەڵات
پوختە
هەرلە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، لەکاتی دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەی- مۆدێڕن لە ئێراندا، دەوڵەت، کورد و خەباتە سیاسییەکەیانی بۆ مانەوەی خۆیان وەکوو هەڕەشەیەکی وجوودی لەسەر یەکپارچەییی خۆی لەقەڵەم داوە. پاش شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ – هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیی – دەوڵەتی ئێران سیاسەتی ئەمنییەتیکردنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی (کە ڕۆژهەڵاتیشی پێ دەگوترێ) چڕ و بەربڵاوتر کرد. بەم پێیە، ئەم وتارە ستراتێژیی دژەکوردی کۆماری ئیسلامی تاوتوێ دەکات کە دەستبەجێ پاش شۆڕش دەست پێ دەکرێن. باشترین سیاسەتەکان دەکرێ وەکوو بابەتێکی دەگمەن و ئاوارتە وەسف بکرێن. لەم پانتایییە سیاسییە بەینابەینییەدا، کورد ڕۆژانە بۆ پاراستنی شوناسی خۆیان خەبات دەکەن. ئەم وتارە تیشک دەخاتە سەر بنەمای ستراتێژیی یەکدەستکردنی دەوڵەتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە لە ڕێگەی میلیتاریزەکردن، بەکەمینە لەقەڵەمدان، زاڵکردنی فەرهەنگی و گۆڕینی دێمۆگڕافیای ناوچەکەوە بنیات نراوە.
وشە سەرەکییەکان
ڕۆژهەڵات؛ بەکەمینەکردن، میلیتاریزەکردن؛ کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی؛ گۆڕینی فەرهەنگی؛ گەشەبڕی؛ ئێران
پێشەکی
بە ئیلهام وەرگرتن لە ئەزموونی ژیانی خۆمان لەژێر فەرمانڕەواییی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، (لەمەودوا IRI) و خستنەڕووی زانیاریی دەستە یەک و بەربڵاو لەبارەی ئێتنۆگرافییەوە، کە لە ڕێگەی تەکنیکی بینینی بەشداربووان، چاوپێکەوتنەکان و ئارشیڤەوە پێکهاتووە، ئەم لێکۆڵینەوەیە فۆڕمە جیاوازەکانی توندوتیژی نواندن و بە زەبر ئاسیمیلەکردن(توانەوە)ی کورد بە دەستی دەزگا دەوڵەتییەکانی ئێران تاوتوێ دەکات. ئێمە هیوادارین بە ناساندنی ڕاستەخۆی ئەم پڕۆسانە، کارتێکەرییەکان و، هەروەها ئەو ڕێگایانەی کورد وەکوو هەوڵێک بۆ بەرگریکردن لە بەرانبەر ئەواندا لە خۆی نیشان داوە، بخەینە ڕوو.
ئێمە لەم وتارەدا، کورد وەکوو کۆمەڵگەیەکی کۆلۆنیکراوی ناوخۆیی و ژێردەستە لە لایەن دەوڵەتی فەرمانڕەوای فارسی شیعەوە پێناسە دەکەین.١ لێکۆڵینەوەکەی ئێمە، سوودی لەو بەرهەم و لێکۆڵینەوانە وەرگرتووە کە لەلایەن بیرمەندانی زانستی کۆمەڵایەتی و ئەنترۆپۆلۆژییەوە سەرلەنوێ سەرنجیان خستووەتەوە سەر چەمکی حاکمییەت.٢ کەواتە، لە لێکۆڵینەوەکەی ئێمەدا، حوکمڕانیی ئێرانییەکان کۆمەڵگەکەکانی دابەش کردووە بە سەر سەردەستە و ژێردەستەدا، کە کوردەکان لە دەستەبەندیی دووهەمدا جێ دەگرن. ئێمە لەسەر کەیسی ڕۆژهەڵات، ٣ بە هۆکاری ناوەرۆکی هاوبەش، بەڵگە دەخەینەڕوو، کە ڕەهەندێکی نوێ لە بارودۆخێکی ئاوارتە و دەگمەن نیشان دەدات کە لەودا یاساکان، ٤ زۆربەی هەرە زۆریان بە هەڵواسراوی ماونەتەوە لەبەر ئەوەی کوردەکان لە ڕووی ئێتنیکی و (بەشێکی زۆریشیان لە ڕووی) ئایینییەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی فەرمانڕەواییی فارسی- شیعیدا، جیاوازن. لە چوار دەیەی ڕابردوودا، ژیان لە ژێر دۆخێکی ئاوارتەی کۆمەڵایەتی- سیاسی و ئابووریی لە ڕۆژهەڵاتدا ماوەتەوە، شوێنێک کە ڕێژیمی ئیسلامی، کردوویەتە ناوچە و زۆنێکی ئەمنییەتی. ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوێنگەی هەوڵی بێوچان بووە بۆ سەربەخۆییی سیاسی لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا.٥ بەم پێیە، بە هۆکاری جۆراوجۆر، مێژووی سیاسیی ڕۆژهەڵات لە بواری لێکۆڵینەوە لە ئێراندا بە شێوەیەکی مەبەستدار پشتگوێ خراوە. گرینگترین هۆکار، سیاسەتی چاوەدێریکردنی دەوڵەتە لەسەر هەر چەشنە لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی کۆمەڵگەی کوردی و، سزادانی ئەو لێکۆڵەرانەیە کە لەسەر ئەم بابەتە دەنووسن. ڕەنگە هەر لەبەر ئەم هۆکارە بێ کە لێکۆڵینەوە ئەکادێمیکەکانی فارسەکان لەسەر کورد لە ڕووی ئامارییەوە لە رۆژهەڵات لە لایەن کارمەندانی پێشووی ئەمنیەتییەوە بەرهەم دێن کە ئەمەش بە باشی دەرخەری ڕوانگەیەکی ئەمنیەتییە.
سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران لە هەمبەر کورد- بە بەراورد لەگەڵ سووریە و تورکییە- بە باشترین شێوە لە ستراتێژییەکی ناڕووندا خۆ دەنوێنێ و، لە هەمان کاتدا بوونی کورد بە ڕواڵەت دەسەلمێنێ، ئینکاریان دەکا و سیاسەتی ئاسیمیله کردنیش پەیڕەو دەکا. لەم پلانە تۆکمە زیرەکانەیەدا، کوردەکان به ئێرانی لەقەڵەم دراون و لە هەمان کاتدا شوناسی جیاوازیان ڕەت دەکرێتەوە: لە ڕووی یاسای بنەڕەتییەوە لە دەسەڵاتی سیاسی بێبەش کراون، مافی پشتگوێخراویان لە دەسەڵات، لەنێو ئێتنیک- نەتەوەی سەردەستدایە و کراونەتە یەکەم قوربانیی پەرەپێدانی دەوڵەتێکی تاکلایەنەی ئێتنیکی – مەزهەبییەوە. ستراتێژیی دەوڵەت بۆ ئاسیمیلەکردنی ڕۆژهەڵات، هاوشێوەی سیاسەتی کۆلۆنیی وڵاتە ڕۆژئاوایییەکانە، کە بە درێژاییی سەپاندنی کۆلۆنیی ڕۆژئاوایی لەسەر کۆمەڵگای دەوروبەر وەکوو خەڵکی خۆجێیی لە ئەفریقا و ئەمریکای لاتین پەیڕەو کراوە. سیاسەتی ستەمکاری و ئاسیمیلەکردنی دەوڵەتی ئێران لە هەمبەر غەیرەفارسەکان، یەکەمجار لە لایەن خانەدانی پەهلەوی لە ساڵانی (١٩٢٥- ١٩٧٩) پەسەند کراوە. بەڵام لێرەدا، بە دیاریکراوی تیشک دەخەینە سەر قۆناخی پاش شۆڕشی ئێران، جێگایەک کە تێڕوانینی ناسیۆنالیستیی پەهلەوی، لە شیعەی ئیمامی زەمانیدا گونجێندراوە و، شێوەیەکی نوێی تێگەیشتن و پابەندبوون بە “میللەت”ی لێ کەوتووەتەوە. لەم ڕووەوە، پاش چاوپێداخشاندنەوەیەکی گشتیی مێژوویی لەسەر ڕەوتە بنەڕەتییە کۆمەڵایەتی- سیاسییەکان لە سەردەمی خانەدانی پەهلەویدا، ئێمە تیشک دەخەینە سەر سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران لە پاش شۆڕش و چۆنیەتیی کارتێکەریی سیاسەتگەلێکی وەها لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی- فەرهەنگی لە ڕۆژهەڵاتدا. لەم وتارەدا شیکاریی مێلیتاریزەکردنی کوردستان لە ڕێگەی دروستکردنی جاش و ئەو کەلێن و خەسارە قەرەبوونەکراوە بەکۆمەڵانە دەکەین کە دەوڵەت لە کوردستاندا پێکی هێناوە.٦
هەر وەکوو لەم وتارەدا دێتە بەرباس، دەوڵەتی ئێران و چینی ڕووناکبیری فارس، دیسکۆرسی هێژمونیک لەسەر بنەمای بەهەڕەشە زانینی ئیتنیک -نەتەوە ژێردەستەکانی دیکە وەکوو کورد، پەرەپێدەدەن. ڕاسموس کریستین ئەڵینگ، نووسەری کەمینەکان لە ئێراندا، ئەو هەقیقەتەی خستووەتە ڕوو کە دەڵێ “لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بانگەشەی پەیوەندیدار بە شوناسی ئێتنیکی و داخوازیی مافی کەمینەکان، ڕۆشنبیرانی ئەکادێمیک، ئێلیت و بژاردەی سەردەست لە ئێران بە ترس و دڵەراوکێوە دژکردەوەیان دەبێ”.٧ بیروبۆچوونی ئەڵینگ لە لایەن کەمینەیەک لە لێکۆڵەرانی فارسەوە وەکوو مستەفا وەزیری٨، مێهرداد برووجێردی، ٩ عەلیڕەزا ئەسغەرزادە، ١٠ ڕەزا زیا- ئیبراهیمی، ١١ و ئەفشین مەتین عەسگەری پشتڕاست کراوەتەوە.١٢ مێهرداد برووجێردی، ڕەخنە لە ڕێڕەوی بنەڕەتیی دیسکۆرسی ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەگرێ و بانگەشە دەکات کە بژاردە و ئێلیتی فکری و سیاسیی ئێران بوونەتەوە قوربانیی پێناسەیەکی مێژوویی لە شوناسی بڕواپێکراوی ئێرانیدا.١٣ بەداخەوە، خودی برووجێردیش بووەتە قوربانیی پێناسەکردنی شوناسی فارسی وەکوو شوناسێکی گشتگیر و لەقەڵەمدانی شوناسە غەیرەفارسەکان وەکوو ” تایبەتمەندیی خێڵەکی”. برووجێردی ناڕاستەخو داکۆکی لە سیاسەتی ڕەزاشا بۆ لەناوبردنی ئەو بەناو “تایبەتمەندییە خێڵەکییانە” دەکات. ناوبراو لەناوبردنێکی وەها بە مەرجی پێویست بۆ “چەسپاندنی یاسا و نەزم” دەزانێت یان ئەوەی کە غەیرەفارسەکان وەکوو دەسەڵاتی کۆلۆنیاڵی فارس لەقەڵەمی دەدەن.١٤
لەدایکبوونی ناسیۆنالیزمی فارس و ئەوانی دیکە
بۆ باشتر تێگەیشتن لە بنەما و دینامیکی ستراتێژیی دەوڵەت بۆ ئاسیمیلەکردنی ڕۆژهەڵات، پێویستە بە کورتی ئاوڕێک لەوەی کە لە ئێران پێی دەگوترێ “سیاسەتی مۆدێڕن” بدەینەوە، کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە لە لایەن دەوڵەتی پەهلەوییەوە دامەزرا و سەپێندرا.
لە ڕاستییدا سەرچاوەی فکریی سیاسەتی مۆدێڕن لە قۆناخی گفتوگۆی ڕۆشنبیرانە لەناو ڕۆشنبیرانی فارسدا، بە ئیلهام وەرگرتن لە مەعریفە و مۆدێلی ئورووپا-مەرکەزی و هەروەها بیرۆکەی سازکردنی نەتەوە هاتە کایەوە. ئامانجی ڕۆشنبیرانی ئێرانی، گێڕانەوەیەکی خەیاڵییە لە “شکۆمەندیی ڕابردووی ئێران” کە لە ڕواڵەتدا پاش چەند سەدە زاڵبوونی عەڕەب/ئیسلام لەکەدار ببوو و هەروەها یەکخستنەوەی وڵاتێکی دەستکرد کە پێشتر بوونی نەبووە. ڕۆشنبیرانی ئێرانی بە وەرگرتنی مۆدێڕنیتەی کاپیتالیزم، دەستیان دایە داڕشتنی سیاسەتێک بۆ سیمبۆلیزەکردنی زمانی فارسی و بە لانیکەم گەیاندنی کاریگەریی ئیسلامی شیعی. گەیشتنی ڕەزاشا بە دەسەڵات بە دروشمی، ” یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک وڵات”، بواری سیاسیی بۆ وەدەستهێنانی ئەو شتانە خۆش کرد کە ڕۆشنبیرانی ئێرانی چەندین دەیە خەونیان پێوە دەبینی. ئاخێوی شارستانییەتی ڕەزاشا قۆناغێکی ڕیشەکێشکردنی شێوازی ژیانی سوننەتی و ئاسیمیلەکردنی ئێتنیک/ئاینەکانی دیکەی لەقەڵەم دا. ڕەزاشا بۆ پیادەکردنی نەزم و سیاسەتە مۆدێڕنەکانی خۆی، پەرەی بە ئەڕتەشێکی نوێ دا و بروکراسییەکی بەربڵاوی لە سەرتاسەری ئێراندا، دامەزراند. ڕەزاشا بێبەزەیییانە لە ڕێی کەمپەینی نیزامی و سیاسییەوە بە زۆرداری “خێڵەکانی” لەناوبرد، زمانی فارسیی کردە زمانی ڕەسمی، پۆشینی جلوبەرگی سەپاند، حیجابی هەڵگرت و هەرچەشنە بەرگرییەکیشی لە هەمبەر فەرمانڕەوایییەکەیدا سەرکوت کرد. ئەو لە ماوەی کەمتر لە دەیەیەکدا توانی دەسەڵاتی خۆی بچەسپێنێ و دەسەڵاتی دادوەری و هێندێک لە دامەزراوە پەروەردەیییەکان لە دەستی ڕۆحانییەت دەربێنێ.
پڕۆژەی ناسیۆنالیستیی پەهلەوی کە لە بازنەی ستاندارسازیی فەرهەنگ و مێژوودا دەخولایەوە، ئامانجەکەی ئەوە بوو کە بەتەواوی شوناسە غەیرەفارسەکان بسڕێتەوە، یان سەرلەنوێ بە شێوەیەک پێناسەیان بکاتەوە کە لەگەڵ فارستەوەربوون و “شوناسی میللی”دا یەک بگرێتەوە. بەم حاڵەشەوە، لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠ تاکوو ١٩٤٠ ئەم سیاسەتگەلە، ڕووبەڕووی بەرگریی سیاسییانە لە کوردستان بووەوە، بۆ وێنە شۆڕشی سیاسیی سمایل ئاغای سمکۆ لە (١٩٣٠– ١٩١٨)، مەلا خەلیل١٥ (١٩٢٨) ئەمەر حەمە سوور١٦ (١٩٣٩) کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد(١٩٤٢). پاش ئەم شۆڕشانە، کۆمارە کەمتەمەنەکەی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٥ بە هۆی لاوازیی لەڕادەبەدەری دەسەڵاتی تاران لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانیدا، دامەزرا.١٧ هێندێک لەم شۆڕشانە بە مەبەستی بەربەرەکانی لەگەڵ زاڵبوونی ئاخێوی ناسیۆنالیستیی فارسی و لە پێناو سەرخۆبوونی کوردستان و زیندوو ڕاگرتنی فەرهەنگ و شوناسی کورد، بەڕێوە چوون. هەروەها پێویستە ئاماژەی پێ بکرێ کە ئازربایجان و خوزستانیش شێوەیەک لە خۆبەڕێوەبەریی دڵخوازی خۆیان وەکوو هێزێکی مێژوویی لە خۆ نیشان داوە.
سیاسەتە مودێڕنەکانی دەوڵەتی ئێران لە سەردەمی محەممەدڕەزاشا (١٩٤١- ١٩٧٩) کە پێشتر داڕێژرابوو، بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی ناسیۆنالیزمی پاوانخوازانەی فارس بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی ناوەندگەرای بەهێز لەسەر ڕێڕەوی بابی بەردەوام بوو. لووتکەی سیاسەتەکانی محەممەدڕەزاشا لە شۆڕشی سپی لە ساڵی (١٩٦٣) دەرکەوت کە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە سەرەوە بۆ خوارەوە پێکهێنا، لە هەمووان گرینگتر ڕیفۆرمی زەوی و مافی دەنگدانی ژنان بوو. ڕیفۆرمی زەوی لە ساڵی ١٩٦٣دەستی پێکرد و تاکوو ساڵی ١٩٧٨ درێژەی کێشا، کە لە ڕواڵەتدا بە مەبەستی مایەپووچ کردنی ئەو گرووپانەی کە دەوڵەت پێی وا بوو بەربەستن لەبەردەم گۆڕانکاری لە ئێراندا، بەرێوە چوو.١٨سەرەڕای کەموکووڕیی جۆراوجۆر لە ڕیفۆرمی زەویدا، لە هێندێک ناوچەدا گۆڕانکارییان بە سەر پەیوەندیی کۆمەڵایەتی- ئابووریی پێشوو لەنێوان توێژی خاوەن موڵکە گەورەکان و وەرزێڕاندا هێنا ئاراوە. ڕیفۆرمی زەوی تا ڕادەیەک ڕەوتی درێژخایەنی چەوسێنەرانەی بەرهەمهێنانی، لە ڕێگەی دووبارە دابەشکردنەوەی زەوی لەناو وەرزێڕاندا، تا رادەیەک دابەزاند. بەڵام، دەسکەوتی بنەڕەتیی دەوڵەت لە ڕیفۆرم، زاڵکردنی هێژمۆنیی دەوڵەتی ئێران لە جێگای هێژمۆنیی زەمیندارە گەورەگان و چوونەسەری شارنشینیی بێجڵەو و بێبەرنامە بوو.١٩
لە سەردەمی پەهلەویدا مۆدێڕنیزەکردن لە سەرەوە بۆ خوارەوە، ناوچە گوندییەکانی کوردستانی لە ڕووی ئابوورییەوە لە پێشکەوتن دوور خستەوە، لە کاتێکدا ژیانی شار بەخێرایی گەشەی دەکرد. لە کاتێکدا دەوڵەتی ئێران خەریک بوو دەسەڵاتی خۆی لە کوردستاندا دەچەسپاند، بەرگریی سیاسیی کورد بووە بیانوویەک بە دەستی دەوڵەتەوە، بۆ بێبەشکردنی ناوچەکە و بەڕێوەبردنی سیاسەتی گەشەبڕی. سەردەمانێک کە پێکهاتەی ئابووریی کوردستان لە ڕێگەی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە لەسەر پێی خۆی بوو، بەڵام ئابووریی شار لە ئاستێکی چووکەتردا جێگەی گرتەوە و خەڵکی لادێکانیش بە ڕادەیەکی بەرچاو وابەستەی بوون. بە تێکچوونی دوو بنەمای سەرەکیی پێکهاتەی ئابووریی، واتە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و نەبوونی هیچ ئەڵترناتیڤێک وەکوو بازرگانی و پیشەسازی، ئابووریی کوردستان زیاتر گرێدراوی بەشی خزمەتگوزاری (خەدەمات) و ئیداری بوو. بە درێژاییی فەرمانڕەواییی پەهلەوی، خەباتی کوردان بۆ مافی فەرهەنگی و سیاسیی خۆیان، بە توندی لەگەڵ دژکردەوی نیزامی، گۆڕینی فەرهەنگی و دوور لە گەشەبڕیی ئابووریی، بەرەوڕوو بووەوە، پڕۆسەیەک کە عەباس وەلی وەکو” دیالیکتیکی نکۆڵیکردن و بەربەرەکانێ” ناوی دەبات.٢٠ ئەو ناسیۆنالیزمەی دەوڵەتی ئێران پشتیوانیی دەکرد، بە پشتیوانیی ڕۆشنبیرانی ئێران، ئاخێوی ناوەندگەرایانەی دامەزراند و هەرچەشنە تێگەیشتنێکی نافارسی لە شوناسی وەکوو هەڕەشەیەکی بەربڵاو لەسەر یەکپارچەییی “میللیی ئێران” لەقەڵەم دەدا. پلەبەندییەکی وەها، لەسەر بنەمای فارستەوەری بۆ بەرەوپێشچوون، پێگەیەکی بنەڕەتیی لە بارەی بابەتی مۆدێڕنیزە کردن و گەشەوە لەخۆ گرتبوو و بە بەربڵاوی لە پاش شۆڕشی ١٩٧٩ درێژەی هەبووە.
بەپێچەوانەی خانەدانی پەهلەوی لە بەرەوپێشبردنی پاڕادایمی ناسیۆنالیستی دژی ڕۆحانییەت، کۆماری ئیسلامی فۆڕمێکی ناسیۆنالیستیی مەزهەبیی تێکتەنراو لەگەڵ شیعیزمی کە لەگەڵ میراتی دەوڵەتی سەفەویدا یەک دەگرێتەوە، پەیڕەو کرد. لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەم بەملاوە، مۆدێڕنیتە ناکۆکیی نێوان ناسیۆنالیزمی مەزهەبی و ناسیۆنالیزمێکی فارسی (کە تا ڕادەیەک سێکۆلار بوو)ی خستە ڕوو. هەر دوو لا هەوڵیان دا کە بە “شوناسی نەتەوەیی”ی مۆدێڕن بناسرێن.
ئاخێوی پاش شۆڕش، بەرنامەی مۆدێڕنیزەکردنی پەهلەویی بە گشتی وەکوو بەشێک یان هێرشێکی فەرهەنگی و هێژمونیی ڕۆژئاوایی لەقەڵەم دەدات، کە لەمێژبوو بڕەوی بە شێوازی ژیانی ڕۆژئاوایی وەکوو پەروەردەی سیکۆلار، لایەنگری لە خۆشی و سەرگەرمی، خواردنەوە، تێکەڵاویی ڕەگەزەکان و گرینگتر لە هەمووی بێ حیجابیی ژنان داوە.٢١ لە دەیەی ١٩٦٠، کۆمەڵێک ڕۆشنبیر وەک “جەلال ئالی ئەحمەد” لە لێکدانەوە ڕەخنەیییەکانی خۆی لەسەر دژەڕۆژئاوایی بووندا، بنەمای تێڕوانینێکی بەرچاوتەنگانە و پیلانگێڕیی وەهای لەبارەی ڕۆژئاوایی بوونەوە، خستووەتە ڕوو. دەستەواژەی بریقەداری وەکوو “ئیستکباری جیهانی” و جیهانخۆر، بووە موتیڤێکی دووبارە بەکارهێنراو لە لایەن ئایەتوڵڵا خومەینییەوە. دەستەواژەیەکی دیکە وەکوو، دەسەڵاتی تاغووت یان بتپەرەستی لە نووسینی عەلی شەریعەتی، ئیدئۆلۆگی شۆڕشی ئیسلامی، بوو بە هاوارێک بۆ ناڕەزایەتی و دەنگ هەڵبڕین. ناوبراو ڕیشەکێشکردنی تاغووت، لەناوبردنی زوڵم و زۆر و کۆتایی هێنان بە خۆڕێکخستنی لەگەڵ بایەخ و بەها ڕۆژئاوایییەکان، ڕێکخستەوە.
خومەینی بە پاڵپشتیی میراتی هەزارەگەرایی شیعەی ئێرانی، خۆی وەکوو ئیمام (ڕێبەری ئایینی) لەقەڵەم دا. ناوبراو، شای وەکوو دەسەڵاتێکی فیرعەونی و ئێلیتی کۆنی وەکوو بتپەرەست و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشی وەکوو شەیتانی گەورە، وەک گەورەترین دوژمنی ئایدۆلۆژیی خۆی ناساند.٢٢ ناوبراو ئیلهامبەخشی نەسلێک لە ناسیۆنالیزمی مەزهەبی بوو کە شای بە هۆکاری سیاسەتی فەرهەنگیی خۆی لە ڕاستای ناسیۆنالیزمی ئێرانی و خۆشخزمەتی بە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و کاریگەریی سیاسی و فەرهەنگییان لە وڵاتدا، بردە ژێر پرسیارەوە.٢٣ لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە، ئێران پاش شۆڕش نیشانەی گۆڕینی پاڕادایمی لە کورشی کەبیرەوە ( ٥٣٠ پێش زایین)، واتە دالی سەرەکیی ئێرانی باستان، بۆ ئیمام حوسین ( ٦٢٦- ٦٨٠ زایینی) ئیمامی سێهەمی شیعەکان، بەتایبەتی بە هەوڵی ئیدۆلۆگەکانی وەکوو شەریعەتی گۆڕی و، بوو بە سیمبول و هێمای هاوچەرخی شیعەکان. بەم حاڵەشەوە، ئەم گۆڕانکارییە تێڕوانینی ناسیۆنالیستانە و کەڵک وەرگرتنی دینی لە خزمەتی دەوڵەت- نەتەوەدا، پاراست.٢٤ کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دامەزراندنی دامەزراوە نوێیەکانەوە، ئیسلامی بە نەتەوەیی کرد و ئایەتوڵڵا خومەینی پێگەی نوێی ویلایەتی فەقیهی بەدەستەوە گرت. خومەینیش وەکوو پێشینە سێکۆلارە نیزامییەکانی خۆی، جەختی لەسەر پێویستیی هاوپەیمانیی دەوڵەت- نەتەوە کردەوە، ئەگەر لە ڕێگەی توندوتیژی و بەکارهێنانی هێزیشەوە بێ.
پاش شۆڕش، ئێران شاهیدی گۆڕینی پاڕادایمی ناسیۆنالیزمی ئاراستەکراوی سێکۆلار بەرەو مەزهەبی بوو. نوخبە و ئێلیتە نوێیە سیاسییەکان، دەستیان دایە لەنێوبردنی هەموو جۆرە جووڵانەوەیەک و، ئەو ڕەخنەگرە سیاسییانەی کە بۆ دابینبوونی مافی ئێتنیکی- فەرهەنگیی غەیرەفارسەکان تێدەکوشان. ئەو کوردانەی بە شێوەیەکی چالاکانە لە شۆڕشدا بەشدار بوون، لە بەرئەنجامدا لە مافی زمانی، شوناس و ئایینیی خۆیان(کوردە سوننەکان) بێبەش کران. پارتە سیاسییە چەپەکان کە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە خەباتی سیاسی و نیزامیی دژی پەهلەوی گێڕا، بە شێوەیەکی دڕندانە لە بیاڤی کۆمەڵایەتی- سیاسی حەزف کران. دامەزراوەی نوێی دامەزراو بە ڕێبەریی مەلاکان، دەستیان دایە پاکسازیی ئەو شتانەی کە پێشتر وەکوو مانەوەی تاغووت وێنا دەکران. دروشمی “نە غەربی و نە شەرقی” کە لە لایەن مەزهەبی و “شۆڕشییەکانەوە” دەگوترایەوە، لە سەرتاسەری وڵاتی ئێراندا بڵاو بووەوە.
ڕێژیمی نوێ و ڕۆژهەڵاتی پاش شۆڕش
لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ١٩٧٩، کوردان و هەر دوو پارتە سەرەکییە سیاسییەکەیان: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران(KDPI)٢٦ و سازمانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران (کە وەکوو سازمانی کۆمەڵەش دەناسرێ) هەوڵیان دا لە ڕێگەی هەیئەتی نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردەوە لەگەڵ دەوڵەتی کاتیدا وتووێژ بکەن. بە ڕێبەریی شێخ عێزەددین حوسەینی٢٧ نوێنەرانی کورد پێکهاتبوون لە فیدایییانی خەڵق لقی کوردستان، ئەحمەد موفتیزادە (ئاییندارێکی ناسراوی سوننەی کورد) وێڕای چەندین کەسایەتیی ناسراوی دیکە بۆ وتووێژ لەگەڵ دەوڵەت بەشدار بوون.٢٨ شکستی وتووێژ لەنێوان دەوڵەتی کاتی و گرووپی نوێنەرانی کورددا، بووە هۆی دەستپێکردنی یەک دەیە نائارامیی کۆمەڵایەتی- سیاسی و شەڕی پارتیزانی لە کوردستان لە دژی ڕێژیمی ئیسلامی کە زیاتر لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە و بڕێک لە گرووپە بچووکەکانی دیکەی کوردەوە بەڕێوەچوو. شیاوی ئاماژەیە کە لە سەرەتاوە، موجاهیدینی خەڵق و بەشێکی بەرچاو لە چەپی ئێران پشتیوانییان لە خەباتی کورد کرد.٢٩ ڕەنگە بۆ هێندێکیان تەنیا ڕوانینێکی تاکتیکی بێ کە سەرچاوەکەی بۆ دوژمنایەتیی دوولایەنە لەگەڵ دەوڵەتی نوێ بگەڕێتەوە. لەوانەیە بەشێکی دیکەیان ڕاستگۆیانە باوەڕیان بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد یان لانیکەم شێوەیەک لە خۆبەڕێوەبەری و فیدراڵی هەبووبێ.
کەمپەینی نیزامیگەری لە دژی کورد لە شەڕی سنە، ناسراو بە ” نەورۆزی خوێناوی” لە سەری ساڵی نوێی ١٣٥٨ (خاکەلێوە، ئاوریلی ١٩٧٩) لەنێوان هێزەکانی دەوڵەت لە لایەک و خەڵکی مەدەنیی کورد لە لایەکی دیکەوە دەستی پێ کرد. لە ٢٣ی مارسی ١٩٧٩، شێخ عێزەدین، ئاییندارێکی ناسراوی کورد، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە لەوێدا ڕایگەیاند نوێنەرانی خەڵکی کورد لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت بە ڕێبەریی ئایەتوڵڵا تاڵەقانی لەبارەی ئاگربەس بۆ کۆتاییهێنان بە “شەڕی ناوخۆیی” ڕێک کەوتوون. لە ٢١ی جوولای تاکوو ٤ی ئاگۆستی ساڵی ١٩٧٩، کۆڕەوی(کۆچی) مێژووییی مەریوان ڕوویدا. خەڵکی مەریوان بە ڕێبەریی شوورای شار، خۆپیشاندانێکیان لە دژی شەڕ وەڕێخست و، لەناو شار مانیان گرت. ئەم کەمپەینە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە لە شارەکانی وەکوو سنە، سەقز، بۆکان، بانە و مەهەباد، پشتیوانیی لێ کرا و خەڵک بە نیشاندانی هاوخەمی و یەکگرتن بەرەو مەریوان ڕێپێوانیان کرد.٣٠
لە ١٩ی ئاگۆستی ساڵی ١٩٧٩ خومەینی فەتوایەکی دا (لە رۆژنامەی کەیهاندا بڵاو کرایەوە) کە سەرکوتکردنی هەمەلایەنەی کوردانی ئێرانی لەخۆ گرت، فەرمانێک کە کوردانی ڕۆژهەڵات بە “جیهاد لە دژی کوردان” ناوی دەبەن. خومەینی مانەوەی ئەڕتەشی شای مسۆگەر کرد و سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، وێڕای گرووپی مەرگ بە ڕێبەریی خەڵخاڵی (مەلای جەللاد، کە وەکوو دادوەری لەسێدارەدانەکانیش دەناسرێ) ڕەوانەی کوردستان کرد.٣١ خومەینی بە مەحکومکردنی هەموو پارتە سیاسییەکان، بە شایستەی “لەداردانی” لەقەڵەم دان و بۆ شوێنکەوتووانی خۆی – کە لە حەوتووەکانی پێشتر لە تاران، هێرشیان کردبووە سەر گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان- جارێکی دیکە دروشمی “تەنیا یەک پارت هەیە، ئەویش پارتی خودایە”ی، دووپات کردەوە. لە پاش ڕاگەیاندنی فەرمانی جیهادی خومەینی لە دژی کوردان، سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، هێرشێکی بەربڵاوی بۆ سەر کوردستان دەست پێ کرد و ئەو لەشکرکێشییە سێ مانگەیە بە مەبەستی پاکسازیی دژبەرانی کورد، بەتایبەتی لە سەقز و مەهاباد و دواتریش پاوە، بانە و سەردەشتیشی لەخۆ گرت.٣٢ داگیرکردنی مەهاباد لە ئاگۆستی ١٩٧٩ نوێنگەی بەربڵاوی ئەو تەوەحوش و کۆمەڵکوژییە بوو، کاتێک ئەڕتەش شاری گەمارۆ دا و، فڕۆکەی شەڕکەری F-4 و تانک و تۆپخانەی بەکارهێنا. لە بەهاری ١٩٨٠، ئەبولحسەن بەنیسەدر، سەرۆککۆماری پێشوو و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی بە ئەڕتەش دا تا پاکسازیی کوردستان، پۆتینەکانیان لە پێ دانەکەنن. پاش “فەتحی کوردستان” شەڕی چەکداری پەرەی ستاند و، کوردستان لە ساڵی ١٩٨٠ تاکوو ١٩٨٩ وەکوو تاقە ناوچەیەک لە حاڵەتی بەرگریی چالاکانەی پارتیزانیدا، مایەوە. هێرش بۆ سەر کوردستان بە کۆمەڵکوژیی قاڕنێ لە ٢ی سبتامبری ١٩٧٩ و قەڵاتان لە ٢٦ی مارسی ١٩٨٠دا دەستی پێ کرد. ئەم کۆمەڵکوژییانە هەر بەو شێوەیە کە لە ڕاپۆرتی بەرپرسانی ڕەسمیی دەوڵەت بۆ خومەینیدا، ئاماژەی پێ کراوە، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێتنیکی لەنێوان کوردە سوننەکان و تورکە شیعەکان لە پارێزگای ورمێدا ئەنجام دراوە.٣٤
شەڕی ئێران و ئێراق کە لە ساڵی ١٩٨٠ دەستی پێ کرد و تاکوو ١٩٨٨درێژەی کێشا، کوردستانی کردە یەکێک لە هێڵەکانی پێشەوەی ئەو شەڕە. پاش شەڕی ئێران و ئێراق، گرووپە کوردە دژبەرەکان، بە ناچاری پەڕیوەی کوردستانی ئێراق بوون. بوونی دژبەرانی کورد لە سنوورەکانی نێوان ئێران و ئێراق، وێڕای عەمەلیاتی نیزامیی جۆراوجۆریان، بووە پاساوێک بۆ ڕێژیم کە کوردستان زیاتر مێلیتاریزە بکا و هەموو لایەنەکانی ژیان بخاتە ژێر چاوەدێرییەوە. زۆربەی چالاکییە مەدەنییەکانی کورد وەکوو بابەتێکی ئەمنییەتی سەیر دەکرا و، هەروەها سزادانی دەوڵەتی بەدواوە بوو. داخرانی فەزای کۆمەڵایەتی- سیاسی لەنێوان ساڵانی ١٩٨٠ تاکوو سەرەتا یان کۆتاییی ١٩٩٧ ڕێژەی ئەو کوردانەی بە دڵخواز یان لە ڕووی ناچارییەوە پەیوەست بوون بە دامودەزگاکانی ڕێژیم لەم ناوچەیەدا، بەزر کردەوە.
لە چوار دەیەی ڕابردوودا، هەوڵە سیستەماتیکەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی کوردان، هەڵگری هەندێک تایبەتمەندییە کە پێوندیدارە بە لایەنی سیاسییەوە. قۆناخی پەیوەندیی کوردەکان و دەوڵەت، کە لە ساڵی ١٩٧٩ تاکوو کۆتاییی شەڕی ئێران و ئێراق (لە جوڵای ١٩٨٨) دریژەی کێشا، دەکرێ وەکوو فەزایەکی داخراوی سیاسی و ستەمکاری بە مەبەستی لەنێوبردنی ” دوژمنانی شۆڕش” ببیندرێ.٣٥ پاش مەرگی ئایەتوڵڵا خومەینی لە ژوئەنی ١٩٨٩، خامەنەیی وەکوو وەلیی فەقیه دیاری کرا و عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسنجانی، بووە سەرۆککۆماری ئێران و ئەمەش وەکوو کۆماری دووهەم هاتە بەرچاو. لە ماوەی سەرۆککۆماریی ناوبراودا، دەوڵەت ناوی نا دەورەی “بنیاتنانەوە و عەمەلگەرایی”، ڕەفسنجانی فۆکووسی خستە سەر پەرەپێدانی ئابووریی تاکلایەنەی ئێتنیکی- ئایینی و بنیاتنانەوە لە پاش شەڕ. کۆمەڵگەی مەدەنی و گەشەی کۆمەڵایەتی- سیاسی خەسارێکی لەڕادەبەدەری بەرکەوتبوو. بەپێچەوانە، سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و بەسیجی موستەزعەفان، دوو هێزی سەرکوتکەری نیزامی، بوونە بەرێوەبەرانی بنیاتنانەوەی ئابووریی و، دەستیان بەسەر هەر دوو بەشی ئابووریی دەوڵەتی و کەرتی تایبەتیدا گرت و دەسەڵاتی خۆیان لە ئێراندا چەسپاند. سیاسەتی ڕێژیم لەهەمبەر کوردان وەکوو خۆی مایەوە. لە ڕاستیدا سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و بەسیجی موستەزعەفان بوونە هێزی حوکمڕان و ڕێکخستنەوەی تێڕوانینی دەوڵەتی ئێران لە کوردستاندا.
هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری بەڕۆاڵەت ڕیفۆرمیست، محەممەد خاتەمی و، ناکۆکیی ئاشکرا لەناو باڵەکانی دەسەڵاتدا، بووە هۆکاری ئەوەی سانسۆڕی دەوڵەتی تاڕادەیەک هەڵگیرێ و فەزایەکی نیمچە کراوە بۆ ڕاگەیەنە گشتییەکان و هەروەها بۆ سەرهەڵدانی کۆمەڵگە و بەکەمینەکراوە فەرهەنگی و زمانییەکان و، تەنانەت ئەدەبییاتی سیاسیش، بڕەخسێ. هەڵبەت، ئەم فەزا نیمچە کراوەیە، لە بەرئەنجامی نەخوازراوی دابەشبوونی ناوخۆیی لە پێکهاتەی دەوڵەتدا هاتە کایەوە. ئەگەرچی سیاسەتی دەوڵەت لە هەمبەر ئێتنیک- نەتەوە غەیرەفارسەکان بە نەگۆڕی مایەوە. خاتەمی بە دروشمی “دیالۆگی نێوان شارستانییەتەکان” گەیشتە دەسەڵات، کە لە بنەڕەتدا ئەم دروشمە بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە تەریک کەوتنەوەی سیاسیی ئێران هاتە ئاراوە. بەم حاڵەوە، ڕێژیمەکەی ناوبراو، قەت پابەندی دیالۆگ لەگەڵ بەکەمینەکراوە ئێتنیک- نەتەوەیییەکانی ناوخۆی ئێران نەبوو. بەم شێوەیە جەختکردن لەسەر دیالۆگ لەگەڵ جیهاندا، بە شێوەیەکی نەخوازراو فەزایەکی نیمچە کراوەی بۆ بووژانەوەی فەرهەنگە ژێردەستەکانی وەکوو کورد، ڕەخساند. قۆناخی چوارەمی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٠٥ لەگەڵ گەیشتنە دەسەڵاتی ئەحمەدینژاد، دەستی پێ کرد.٣٦ دروشمی ئەحمەدینژاد لە کاتی پێکهێنانی ” دەوڵەتی خەمخۆر” لە ڕواڵەتدا لەسەر بنەمای عەداڵەت، یەکسانی و خۆشەویستی بوو. لە ماوەی دەوڵەتەکەی ئەحمەدینژاددا، ژێرخانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی کوردستان کەوتە ژێر هەڕەشەی دەوڵەتەوە، لەبەر ئەوەی کە حکومەتێکی ڕەوای نیمچە سەربەخۆ لە باشووری کوردستان بووە ئەمرێکی واقع و بە فەرمی ناسێندرا. پێوەر و ڕێوشوێنی نوێی ئەمنییەتی دیاری کرا و سیاسەتە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی دەوڵەتەکانی پێشوو بە گوڕوتینێکی زیاترەوە بەڕێوە برا. لە ماوەی سەرۆککۆماریی ئەحمەدینژاددا سیاسەتی گەشەبڕی بە شێوەیەکی سیستەماتیک پەرەی پێ درا، ڕێژەی بێکاری بەرز بووەوە و خەڵک ناچار بوون لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان بە دوای کاردا بگەڕێن یان کاری وەرزانەی وەکوو کۆڵبەری (کارکردن لەسەر سنوور) بکەن یان لە کوورەخانەکانی خشتبڕین لە شارە ناوەندییەکانی غەیرەکورددا، کار بکەن. لە ڕاستیدا، کۆڵبەری لە کوردستاندا کە جیاوازیی هەیە لەگەڵ قاچاخچیەتیی کلاسیکدا، بەرهەمی قۆناغی ئەحمەدینژادە.
قۆناخی پێنجەمی کۆماری بە هەڵبژاردنی حەسەن ڕۆحانی٣٧ سەرۆککۆماری ئێستای ئێران لە ساڵی ٢٠١٣ دەستی پێ کرد. ڕۆحانی زۆرتر بە هۆکاری ئەوە براوە بوو کە لە سەرەتاوە وەکوو کەسێکی میانەڕەو ناسرا. بەم پێیە، دەوڵەتەکەی ڕۆحانی واتە “دەوڵەتی تەدبیر و ئومێد”، فۆکووسی خستبووە سەر چارەسەرکردنی بنبەستی ناوکی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و، بەرژەوەندیی ناوچەییی ئەو وڵاتەی پەیڕەو دەکرد. ڕۆحانیش وەکوو ئەحمەدینژاد، پشتیوانیی لە ئێراقی یەکگرتوو و یەکپارچە کرد و لە کاتی ڕێفراندۆمی کوردەکان لە پاییزی ٢٠١٧دا، فەزایەکی سیاسیی دژە کوردی وەڕێخست. ڕۆحانی نیزامییەکانی ئێرانی ڕەوانەی ئێراق کرد و ملیشیا شیعەکانی بۆ هێرش کردنە سەر شارە کوردییەکانی وەکوو کەرکووک و دوزخورماتوو، ئاراستە و پۆشتەوپەرداخ کرد.
دروستکردنی جاش وەکوو ستراتێژییەکی کۆلۆنیالیستانە “حوکمڕانی و پارچەپارچەکردن”
لە کاتی هاتنە ئارای شۆڕشی ١٩٧٩، ڕێژیمی ئایینیی ئێران، وەکوو وڵاتانی دراوسێی، سیاسەتێکی دەوڵەتیی لە سەرتاسەری کوردستاندا بۆ چەکدارکردنی کوردەکان بە زۆرەملی، پەیڕەو کرد. بەم پێیەش بۆ زاڵبوون بەسەر ناڕەزایەتییەکانی خۆیان لە هەمبەر دابەشکردنی زەوییەکانیان بەسەر وەرزێڕەکاندا، لەو کاتەدا توێژە خاوەنموڵکە گەورەکان ترسێکی زیاتریان بۆ لەداوکەوتن و پەیوەستبوون بە دامەزراوە نیزامییەکانی دەوڵەت وەکوو سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، بەسیجی موستەزعەفان و دەزگا سیخوڕییەکان، نیشان دا. سیاسەتی مێلیتاریزەکردنی ڕێژیم، بە مەبەستی جەمسەربەندیی ستراتێژیی بارودۆخی سیاسیی کوردستان و ڕەوایی دان بە داگیرکاریی نیزامیی ڕێژیم بوو، لە ڕێگەی وەرگرتنی هاودەستی خۆجێیی و سیخوڕەوە کە لە کوردیدا بە جاش ناسراون.
ئامانج لە وەرگرتنی کوردەکان لە لایەن ڕێژیمەوە بۆ پارچەپارچەکردنی کۆمەڵگەی کوردی و دووبارە ڕێکخستنەوەیان و سەرلەنوێ پێناسە کردنەوەی کورد وەکوو خێڵ، لە لایەن دەوڵەتەوە هاتە ئاراوە. پارچەپارچەکردنی کورد بۆ ڕێژیم دەتوانێ لە خزمەتی ئامانجێکی سیاسیی گرینگ و ستراتێژییەکدا بێ کە لەو ڕێگەیەوە کوردەکان بکرێنە خێڵ و قەبووڵکردنی ئەم نەزمە خێڵەکییە لە لایەن کوردەکانەوە سەرلەنوێ بە شێوەیەکی سروشتی لە شوێنێکدا بەیان بکرێتەوە کە ناوچە کوردییەکان پێشتر بە هۆی سیاسەتی گەشەبڕی ئەم وڵاتەوە، چەرمەسەرییان بینیوە. گرینگتر لە هەمووی، بەرگری کردنی نەتەوەییی کوردەکان بە هۆکاری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەخۆ لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکان و بە یارمەتیی خۆفرۆشە خۆجێییەکان، زەربەیەکی سیاسیی گەورەی لێ دان. دەوڵەتی ئێران بەئەنقەست بەرگریی کوردەکانی وەکوو گرێدروایی دەرەکی لەقەڵەم دەدا، کە لەگەڵ “کوردە نیشتمانپەروەرەکان” وێڕای هێزەکانی ڕێژیم لە شەڕدان. لە حاڵێکدا کە ڕێژیم ناسیۆنالیزمی کوردی وەکوو دیاردەی خێڵەکی دەناساند، دەیانهەویست دەستەواژەی خێڵ سەرلەنوێ بە قازانجی خۆیان پێناسە بکەنەوە و، “رۆڵی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەری” پێ ببەخشن.٣٩ دەربڕینێکی وەها بە باشترین شێوە لەگەڵ وتە ناسراوەکەی خومەینی لەبارەی “ذخایر انقلاب” (پاشەکەوتی شۆڕش)، “خێڵەکان پاشەکەوتی شۆڕشن” ٤٠بۆ ئاماژەکردن بە کۆمەڵگە غەیرەفارسەکان بەکارهاتووە. ئەم دەستەواژەیە سەرەڕای ئاماژەکردن بە “دواکەوتوویی” و “خێڵەکی”بوون، هەروەها دەریدەخات ئەوەی دەوڵەتی ئێران وەکوو خێڵ دیاریی کردووە، جۆرێک سەرمایەگوزارییە کە دەبێ بۆ خزمەتکردنی دەوڵەت بە کار بهێنرێت. بەتایبەتی لە موکریان (باشووری پارێزگای ورمێ) تایفە و خزم و قەوم لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەتی و سیخوڕییەکانی ڕێژیمی ئیسلامییەوە خرانە داوی دوژمنایەتیی بەکۆمەڵەوە. هەر بەم شێوەیەش، ڕووبەڕووبوونەوەی بەکۆمەڵ، پەیوەندیی بەربڵاوی کۆمەڵایەتیی لە ناوچەی هەورامان و دەوروبەری شارە کوردییەکانی مەریوان و سنەشی، خستە مەترسییەوە.
ڕێژیم بە قووڵکردنەوەی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان، کە زۆرتر لەسەر زەوی و سەرچاوەی ماددی بوو، بە سەرکەوتوویی توانی تۆوی بێمتمانەیی لەنێوان گرووپە جیاوازەکانی وەکوو وەرزێڕان و کۆنە خاوەنزەوییەکاندا بچێنێ. بەم شێوەیە ئەوان بۆ سەلماندنی وەفاداریی خۆیان بە دەوڵەت و وەدەستهێنانی دەسەڵاتێکی زیاتر لە حکومەتدا، دەستیان کرد بە کێبەرکێ لەگەڵ یەکتردا.٤١ ڕێژیم سیاسەتێکی وەهای لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا پەیڕەو کرد. ئەم جۆرە کێبەرکێی دەستەجەمعییانە کارتێکەریی لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کوردی دانا، ئەوانی بەسەر گرووپی بنەماڵەییی جیاوازدا دابەش کرد و بەشێک لەوان بە شێوەیەکی یەکلایەنە لەگەڵ دامەزراوە جیاوازە ئەمنییەتی و سیخوڕییەکان کەوتن. بۆ وێنە، دوو گرووپی گەورەی خزم و قەوم لە سەردەشت دابەش بوون بەسەر ژمارەیەک بنەماڵەی لێک هەڵبڕاودا کە هەر کامیان هەوڵیان دا تاکوو زۆرترین ڕۆڵ و پشکی دەسەڵاتی بەسەر بنەماڵەکانی دیکەوە وەدەست بێنن. دوای تێپەڕینی چەندین ساڵ، ئەم کێبەرکێ بەردەوامانە بوونەتە هۆی ئەوە کە خەڵک زۆرجار ئەو چەکانە بەکار بهێنن کە لە لایەن ڕێژیمەوە دابین کراوە. دژکردەوەی ڕێژیم لە هەمبەر ئەم ڕووداوانەدا کەڵکئاژۆی لەڕادەبەدر بووە لە کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەوەی متمانەیەکی زیاتر بۆ دەزگا دەوڵەتییەکان دەستەبەر بکات. بۆ وێنە، فەرماندەکانی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، وەکوو حاجی هادیفەر و حاجی نەوشاد کە ئێستاش پلەی باڵای نیزامییان هەیە، وەکوو نێوبژیوان لە ناوچە گوندییەکانی گەورکایەتیی ناوچەی سەردەشتدا ڕەفتاریان کردووە. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانەی بەشێک لەو کەسە نیزامییانەی دەوڵەت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکی بەهێز و دروستکردنی هاوبەندییەکی تایبەتی لەگەڵ خەڵکی گوندەکان بوو.
لە دەیەی ١٩٨٠ تاکوو ١٩٩٠ بەشێک لە خاوەنزەوییە گەورەکانی پێشوو، لە ڕێگەی ڕێککەوتنی سیاسی و ئەمنییەتییەوە، لەگەڵ دامەزراوە مەزهەبییە دەوڵەتییەکاندا، بڕێک لە پرستیژ و دەسەڵاتی لەدەستچوویان، وەدەست هێنایەوە. سەرەڕای دەسکەوتی ماددی کە سەرچاوەکەی بۆ ڕۆڵی ئەوان لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان دەگەڕێتەوە، هەروەها لە بەڕێوەبردنی لادێ و شاردا وەکوو پرۆکسیی ڕێژیم هەڵسوکەوتیان کردووە. ڕێژیم بۆ چەسپاندنی سیاسەتی جاشایەتیکردن، دەستی دایە سەرمایەدانان لەسەر جیاوازیی نەریتی و زاراوەیی لەناو هەورامی و سۆرانییەکان لە جنووبدا. لە ڕێگەی دامەزراندنی خەڵک لە ناوچەیەکی کوردنشین بە زاراوەی جیاواز لە دەزگا سیخوڕی و ئیدارییەکاندا و بە کەڵک وەرگرتن لە هاوکارییەکانیان لە ناوچەیەکی دیکە بە زاراوەیەکی جیاوازتر، دەوڵەت هەوڵی دا کە تۆوی دووبەرەکایەتی و دوژمنایەتی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بچێنێ. لەم ڕێگەیەوە دەوڵەت لە هەموو ناوچەکاندا تێکۆشا کە خەڵک وا بیر بکەنەوە کە هەموو کۆمەڵەکانی دیکەش بەتەواوی لەگەڵ دەوڵەتن.
پڕۆسەی بەجاشکردن، بە مەبەستی دابەشکردنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی- سیاسی بە سەر بەشی دژبەیەکی جاش و باشدا(کوردە نیشتمانپەروەرەکانی دژی ڕێژیم) لێکەوتەی بەرفراوانی بۆ کوردستان بەدواوە بوو.٤٢ ئەم دەستەبەندییە، تەنیا کۆمەڵگەی کوردیی دابەش نەکرد، بەڵکوو بنەماڵەکان و پەیوەندیی خزمایەتییشی پارچەپارچە کرد. ئەندامانی ژمارەیەکی بەرچاو لە بنەماڵەکان پەیوەست بوون بە ڕێژیم یان شۆڕشی بەرگریی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتەوە. هاوکاریکردنی دەوڵەت هەمیشە لەسەر خواستی تاکەکەسی نەبووە. ئەم کردەوەیە زۆرجار لە ژێر سیاسەتی زۆرەملیی دەوڵەتدا بەڕێوە دەچوو. ئەمە زۆرجار وەکوو قەڵغانێک بۆ خۆپاراستنی بنەماڵەکان لە هەمبەری ئازار و ئەزیەتی دەوڵەتدا بوو، بەتایبەتی ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکە لە بەرگریی کورددا بەشدار بووایە. هەروەها لە باشووری کوردستان(ئێراق) لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی سەدام حوسێنیشدا بەم شێوەیە بوو. هەڵبەت، نموونەگەلێکیش لە هاوکاریکردنی دەوڵەت تەنیا بۆ قازانجی ماددی هەبووە کە تێیدا هاودەستەکان بۆ ئەوەی وەفاداریی خۆیان بە دەوڵەت نیشان بدەن، ناچار دەبوون پەیوەندیی ئەندامانی بنەماڵەکەی خۆیان سەبارەت بە خۆڕاگریی کورد بدرکێنن.
دابینکردنی لایەنی ماڵی بۆ جاشەکان، هێندێک خەڵکی هان دا، ئەمەش سیاسەتی کۆلۆنیالیستیی ڕێژیمی ئیسلامی لە کوردستاندا پشتڕاست دەکاتەوە. بەڵێن بە جاشەکان درا کە مووچەی مانگانە، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، کۆپین و خاروباریان بۆ دابین بکرێ و، مافی هەبوونی چەکی سووکیان هەبێ. هەروەها تاڕادەیەکیش پارێزراو بن لە بەدواداچوونی یاسای هەڕەمەکیی دەوڵەتدا. سەرەڕای ئەم قازانجانە، جاشەکان دەتوانن لە دەرفەتی سیاسی، دامەزراندن و بارودۆخی دابینکراوی خوێندن لە لایەن دەوڵەتەوە، سوودمەند بن. بۆ وێنە، منداڵەکانیان دەتوانن بۆ خزمەتی سەربازی شوێنی لەدایکبوونیان یان ناوچەیەک لە نزیکی خۆیان هەڵبژێرن، کاری دایمییان لە بەشە دەوڵەتییەکاندا هەبێ و، لە پشکی تایبەتیی خوێندن بۆ چوونە زانکۆ سوودمەند بن. جگە لەمانە، ئەگەر ئەوان چل مانگ لە هێزی نیزامیدا خزمەتیان کردبێ، یەکێک لە منداڵەکانیان لە سەربازیی زۆرەملێ مەعاف دەبێ. ئەم سیاسەتانەی دەوڵەتی تئیۆ- ئێتنۆکڕاتی ئێران بە نۆرەی خۆی ڕۆژهەڵاتی کردە “لابراتوارێک ” بۆ تاقیکاریی سیاسی و نیزامی. بە وتەی ڕێژیم زۆربەی فەرماندەرە پلەبەرزە نیزامییەکانی ئەمڕۆ؛ تەنانەت مامۆستای زانستگەش کە لایەنگری دەوڵەتن، ” ئیمتیازی” خزمەتکردن بە ڕێژیم لە کوردستان و کوشتاری “دوژمنانی ڕێژیم”یان هەیە.
بە شێوەیەک، پاساوهێنانەوە بۆ جاشایەتی، ڕێی بۆ هەبوونی ڕێژیم لە کوردستاندا خۆش کردووە. جاشەکان وەکوو سیخوڕانی خۆجێیی لە خەتی پێشەوەی کەمپەینی نیزامیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا بە کارهێنراون و زانیاریی وردیان دەربارەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی- سیاسیی ناوچەکە لەبەر دەست نراوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هەقیقەتە، وەرزێڕێکی کورد پێی گوتین: “ئەگەر جاشە کوردەکان ڕێگایان پێ نیشان نەدەن، هێزەکانی ڕێژێم چۆن دەتوانن وەسەر بەرزترین شاخەکانی کوردستان بکەون؟” جاشەکان ئیزنی بەشداربوون لە بواری کۆمەڵایەتی- فەرهەنگی و سیستەمی خوێندن، شووڕای شار و ناوەندەکانی تەندروستییان، بۆ ڕەخساوە. بۆ وێنە، لە سیستەمی خوێندندا، لە ڕێکخستنی ڕووداوە سیاسییەکانی وەکوو “ساڵڕۆژی شۆڕشی ئیسلامی” و هاندانی لاوان و خوێندکاران بۆ پەیوەست بوون بە بەسیجی موستەزعەفان، هاوکاریی ڕێژیم دەکەن. ئەمڕۆ جاش بوون (بەزمانی کوردی: جاشایەتی) ڕێک ئاماژەیە بۆ هەر چەشنە هاوکارییەک لەگەڵ ڕێژیمدا. جاشقەڵەم (جاشێک کە خاوەن قەڵەم بێ)٤٣ دەستەواژەیەکی ناسراوە لە کوردستاندا کە پاش شۆڕشی١٩٧٩ داهێنرا و بۆ ئەو کەسانە بەکار دەبرێ کە بە قازانجی ڕێژیم دەنووسن یان لێدوان دەدەن.٤٤
بەسیجی موستەزعەفان، لقێکی دیکەی نیزامیی دەوڵەتە کە ڕێکخستن و چاوەدێریی ڕێژیمی لە ناوچەکەدا بەرەوپێش بردووە. بەسیجی موستەزعەفان، “یەکێک لە پێنج هێزەکەی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە.٤٥ بەسیجی موستەزعەفان لە ساڵی ١٩٧٩، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا خومەینی دامەزرا، کە لە بنەڕەتدا لە خەڵکی خۆبەخشی غەیرەنیزامی پێکهاتبوو و پاشان لە لایەن خومەینییەوە داوایان لێ کرا بەشداریی شەڕی ئێران و ئێراق بکەن. بە وتەی خومەینی، ئەندامێکی بەسیجی موستەزعەفان دەبێ بزانێ کە سەربازێکی خودایە و، دەرئەنجامی ئەم شەڕانەیان بۆ گرینگ نییە، بەڵکوو بۆ دەستەبەرکردنی سەربەرزی و ڕەزامەندی، بەبێ چاوەڕوانی تێیدا بەشدار دەبێ.٤٦ ماوەیەکی کورت پاش دامەزراندنی بەسیجی موستەزعەفان، لقیان لە سەرتاسەری ئێران و کوردستانیشدا کرایەوە. هەر بەو شێوەیەی کە ڕێژیم چاوەڕوانیی هەبوو خەڵک ببێتە جاش، ئەوانیش ناچاربوون ناوی خۆیان لە لقەکانی بەسیجی موستەزعەفاندا تۆمار بکەن. ئەگەرچی بەسیجی موستەزعەفان پشتیوانیی ماڵیی دابین نەدەکرد، بەڵام ئەندامەتی تێیدا، ڕێگەیەک بوو بۆ دەستەبەرکردنی ئەمنییەتی کار لە دەوڵەتدا، بەرەوپێشچوون لە کار و، تەنانەت پێدانی مۆڵەتی بازرگانیکردنیشی بەدواوە بوو. بەسیجی موستەزعەفان بە گشتی زۆرتر سەرقاڵی چالاکیی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لە سیستەمی پەروەردە لە خوێندنگەکان (بەسیجی قوتابییان) یان لە زانستگەکاندایە(بەسیجی خوێندکاران). ئەمە لاوەکان و بەتایبەتی خوێندکاران لە هەمبەر کار و قەبووڵکردن بۆ زانستگە فریو دەدات، کە بچن لە نزیکترین بنکەی بەسیجی موستەزعەفان، ناوی خۆیان تۆمار بکەن. ئەو خوێندکارانەی ڕابردوویەکی بەرچاویان لە بەسیجی موستەزعەفاندا هەبووبێ، بە تەواوی یان لە بەشێک لە سەربازیی زۆرەملێ مەعاف دەکرێن یان لە ڕێگەی پشکی تایبەتییەوە دەتوانن لە خوێندنی باڵادا بخوێنن.٤٧
سازوکاری ڕێژیم دەربارەی ژیانی ڕۆژانەی کوردەکان، تەنیا لە بەناچاری ڕووکردنە بەسیجی موستەزعەفان و جاشایەتیکردن نییە، بەڵکوو ژمارەیەکی بەرچاوی پایەگای نیزامییان لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و، بەشێکی زۆریان لەسەر ئەو تەپۆڵکانە داناوە کە بە سەر ناوچەکە لە لادێیەکاندا زاڵن. ئەم پایەگایانە –وەکوو ئەو شتەی میشێل فووکۆ( فەیلەسووفی فەڕەنسی) ناوی دەنێ پانوپتیکۆن– بۆ چاوەدێریکردنی خەڵکی گوند و لادێ، ڕێبواران، هاتوچۆی ڕۆژانە و، وەبیرهێنانەوەی کوردان لە بوون و ئامادەییی بەردەوامی دەوڵەتی ئێران، دروست کراون. زۆربەی ئەم پایەگایانە، دەوروبەریان کراوەتە مەیدانی مین، بە مەزرای لادێکانەوە دەبەسترێنەوە و، ئەمەش مەترسیی لەسەر بەشێک لەو زەوییانە دروست کردووە کە کشتوکاڵیان تێدا دەکرێ. سەرەڕای ئەوەی کە قەت ئەم مەیدانی مینانە پاک نەکرانەوە، هەنووکەش هەڕەشەن لەسەر ئەو خەڵکە خۆجێییە کە بەشێکی زۆریان بەم هۆیەوە، لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، گیانیان لەدەستداوە یان بە توندی بریندار بوون.
جێگۆڕکێ پێ کردن و نیشتەجێکردن
دەوڵەتی ئێتنۆ-تێئۆکراتیکی ئێران بە شێوەیەکی سیستەماتیک و مهەندیسیکراو، درێژەی بە گۆڕینی دیمۆگڕافیا داوە تاکوو تایبەتمەندییە ئێتنیکییەکانی کوردستان لاواز بکات. مهەندیسیکردنی دیمۆگڕافیا پێویستی بە نیشتەجێکردنی خەڵکی سەر بە حاکمییەتە لە ناوچەی دەرەوەی خۆی و، لە جێگای ئەو خەڵکانەی کە سەر بە ئێتنیک/نەتەوەیەکی دیکەن. کەواتە، جێگۆڕکێی ئێتنیک/نەتەوەی سەردەست لە چوارچێوەی قەڵەمڕەوی ئێستای ئێراندا، بۆ ئاسیمیلەکردن و زاڵبوون بە سەر گۆمەڵکەکانی دیکەدایە. تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی ئەم چەشنە سیاسەتە لەگەڵ “سیستەمی کۆچ پێکردنی کۆڵۆنیاڵ”دا ئاوێتە بوون. ئەو دەستەواژەیەی شارەزایانی بواری مرۆڤناسی(ئەنترۆپۆلۆژی) دەکاری دەکەن، بۆ شیکردنەوەی کارتێکەریی کۆمەڵایەتیی کۆلۆنیالیزمی کۆچ پێکردن لەسەر خەڵکی خۆجێیی خراوەتە ڕوو.٤٨ بە مەبەستی وەدەستهێنانی خاک و سەرچاوەکانیان بۆ هەتاهەتایە. سیستەمی کۆلۆنیالیزمی کۆچ پێکردن تێدەکۆشێ شێوەژیانی خەڵکی خۆجێیی بسڕێتەوە یان سەرلەنوێ دایڕێژێتەوە.٤٩
لە بارەی کوردستانەوە، مهەندیسیکردنی دیمۆگرافیا، هاوکات بوو لەگەڵ بوارخۆشکردنێکی بەرچاو لە پێکهاتەی نیزامی و نیشتەجێکردنی ئەندامانی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و بەسیجی موستەزعەفان. لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا، دەوڵەتی ئێران، بوونی کۆڵۆنیاڵیی خۆی لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی زەوی بۆ شوێنی نیزامی، دروستکردنی دامەزراوەی دەوڵەتی و هێنانی بەلێشاوی خەڵکی ناخۆجێیی، پەرە پێ داوە. ئێستاکە نزیکەی ٧- ١٠ لەسەد لە شارە کورییەکان، بۆ شوێنە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی دەوڵەتی ئێران، بەتایبەتی بۆ نیشتەجێکردنی هێزەکانیان، تەرخان کراوە. لە شارە کوردییەکانی وەکوو بانە، سەردەشت، مەریوان و مەهاباد، ئیتلاعات و پێکهاتە نیزامییەکان بەشێکی بەرچاویان لە فەزای شارەکە داگیر کردووە. بۆ وێنە لە سەردەشت، پایەگا نیزامییەکانی جوندوڵڵا (عەرەبی: سەربازانی خودا)، پادگانی نیزامیی سپا (سپای پاسداران شۆڕشی ئیسلامیی ئێران)، بەسیجی موستەزعەفان و ئیتلاعات (دەزگای ئیتلاعاتی دەوڵەتی)، لە نێوەڕاستی شاردا هەڵکەوتوون. لە بەرئەنجامدا، تاکە نەخۆشخانەی ئەم شارە گوازراوەتەوە و نزیکەی هەشت کیلۆمیتر لە ناوەندی شارەوە دوورە. پاش ماوەیەک، ڕێژیم سیاسەتێکی تۆکمەتری بۆ ڕێکخستنی دێمۆگرافیای شار و شارۆچکەکانی کوردستان گرتەبەر و خەڵکی غەیرە کوردی شیعەی لە شوێنی خەڵکی خۆجێیی نیشتەجێ کرد. بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتێکی وەها بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە، دەوڵەت چەندین ستراتێژیی پەیڕەو کرد. یەکەم، پڕۆژەی خانووبەرەی دەوڵەت لە ڕێگەی ناردن و نیشتەجێکردنی بەرپرسان، بەڕێوەبەران، هێزی نیزامی و پێرسۆنێلی ئەمنییەتییەوە، بە خێرایی دەستیان بەسەر بەشێکی بەرچاو لە شارە کوردییەکانیدا گرت و لەژێر ئەم ناونیشانەدا، بە فەرمی نیشتەجێبوونی دانیشتووانیان بەرێوە برد. پارێزگای سنە لەو پەیوەندییەدا نموونەیەکی بەرچاوە. سنە وەکوو شارێک کە لە ساڵی ١٩٧٩ەوە ڕۆڵێکی گرینگی لە بەرگریی کورداندا گێڕاوە، کرایە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پلانی دیمۆگرافیی دەوڵەت: لەم ناوچەیەدا چەندین بەش و ئاپارتمان بۆ نیشتەجێبوونی بەرپرسانی شیعەی غەیرە کورد، دروست کراوە. سەرەڕای ئەمانە، دام ودەزگا دەوڵەتییەکان بە ئەرخەیانییەوە ناوچەی وایان دروست کردووە کە تایبەت بە غەیرەکوردکانە. هاوشێوەی ئەمە لە هەموو شارە کوردییەکاندا ناوچەی وا هەیە (کە بە خانەی سازمانی ناسراون) و، بەتایبەتی لە لایەن تازەهاتووانی شیعەی غەیرە کوردەوە داگیر کراوە.
ستراتێژیی دووهەم دروست کردنی دامەزراوەی پەروەردەیی و مەزهەبی بە مەبەستی دژایەتیکردنی کورد و سوننە لە کوردستاندا بوو. دامەزراندنی لقی زانستگەی ئازادی ئیسلامی و زانستگەی پەیامی نوور، دوو سیستەمی زانستگەییی نیوەدەوڵەتی لە ئێرانن و، تاڕادەیەک لە هەر شارێکی کوردستاندا، ئەندامانی دەستەی زانستی و خوێندکاران لە ستافی ناخۆجێیی پێکهاتوون. ئەم کارە نەک هەر بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی حەشیمەتی ناخۆجێیی لە شارەکانی کوردستاندا، بەڵکوو لە ڕێی وەڕێخستنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی زانستگەوە، پەیوەندیی بنەڕەتیی کۆمەڵگە سەرەکییەکەشی تێکداوە. ناوچەکانی وەکوو “شەهرەکی فەرهەنگییان” و “موجتەمەعی ئەساتید” لە شارەکاندا، دروستکراون کە هەنووکە لەم ڕێگەیەوە، ناخۆجێییەکان لە ناوچەکەدا خاوەنی موڵکی تایبەتیی خۆیانن (بڕوانە وێنەی یەک و دوو؛ وێنەکان لەو گەڕەکانە گیراون).
لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، یەکێکی دیکە لە توخمە بەردەوامەکانی مهەندیسیکردنی دیمۆگرافیا، گۆڕینی فەزای مێژوویی-ئایینیی کوردستانە. دەوڵەت بە شێوەیەکی جیددی کاری بۆ جێگۆڕکێ و بڵاوەپێکردنی شیعەکان لەنێو کوردانی سوننەدا کردووە و، ئەمەش بووەتە هۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای بەشێک لە ناوچەکان (گەڕەکەکان) و، بەتەواوی بووەتە ناوچەیەکی شیعەنشین. بەپێچەوانەی دەوڵەتی پەهلەوی، ستراتێژیی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆییی ڕێژیمی ئیسلامی لە کوردستان، لە ڕێگەی ناسیۆنالیزمی دینییەوە ئاراستە دەکرێ. لەم ڕووەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی دەستکاریکردنی تایبەتمەندیی مەزهەبی و ئیدارەدانی دابونەریتی دینی، کۆمەڵێک دامەزراوەی هاوشێوەی مەزهەبیی دامەزراندووە. بەڕواڵەت بەرنامەی کاری ڕێژیم بۆ دەستێوەردانی مەزهەبی لە کوردستان، لە ڕێی دامەزراندنی دامەزراوە مەزهەبییەکانەوە، بۆ هەماهەنگی و ئاسانکاریی ئیدارەدانی سوننە مەزهەبەکان لێک دەدرێتەوە. لقەکانی ” مەرکەزی بزۆرگی ئیسلامی”٥٠ لە ساڵی ١٩٨١ لە زۆربەی شارە گەورەکانی کوردستاندا دامەزران، کە ئەرکی ئامادەکردن و ڕێکخستنی ڕووداوە مەزهەبییەکان، ڕێکخستنی خوێندکارانی سوننە مەزهەب، (بەخشینی ئیعتبار و بڕوانامە لە بواری لێکۆڵینەوەی دینیدا) و چاوەدێریکردن بەسەر مەوقوفاتە مەزهەبییەکانی لەئەستۆیە.
وێنەی ژمارە ١. کۆمەڵگەی ئاپاڕتمانی ( زیاتر لە ١٠٠٠ یەکەیە) و سەر بە ئیتلاعات(دەزگای ئیتلاعات)ە و لە شەقامی بلواری سنەیە. Courtesy: B. B.
وێنەی ژمارە ٢. ئاپاڕتمانەکانی ویلاشار- سنە؛ (زیاتر لە ١٠٠٠ یەکەیە) سەر بە ئاگاهییە(آگاهی) کە لقێکی دەزگای ئیتلاعاتی ئێرانە. Courtesy: B. B.
بەرپرسی هەر مەرکەزێک لە لایەن نوێنەری وەلیی فەقیهـ لە پارێزگاکانی کوردستاندا دیاری دەکرێ. بە گشتی مەئموورییەتی دیاریکراوی ئەم مەرکەزانە تیشک دەخاتە سەر ئیدارەدانی کاروباری مەزهەبییەوە. سەرەڕای ئەمە، وەکوو دەزگا ئەمنییەتییەکانی دیکەی ڕێژیم کار دەکەن. ئەوان دژبەرانی مەزهەبی و مەلا سەربەخۆکان دەخەنە ژێر چاوەدێری و بێدەنگیان دەکەن.
سەرەڕای ئەمانە، ئەم مەرکەزانە نفوز و هێزی خۆیان بۆ گۆڕین و دەستێوەردان لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی-سیاسیی سوننە مەزهەبەکان وەگەڕخستووە و، بەم شێوەیە ئیزن بە خەڵکی خۆجێیی نادەن کە مەلای مزگەوتەکانیش دەستنیشان بکەن یان وەلایان بنێن. لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا بەشدار دەبن و، لە نزیکەوە هاوکاریی دەزگای ئیتلاعات دەکەن. مامۆستا کوردە سوننەکان لە شار و گوندەکان بە شێوەی یەکسان ڕێنمایی پەیوەندیدار بە خوتبەکانی خۆیان وەردەگرن (لە بنەڕەتدا ئەم سیاسەتە کەماڵیستییە و بۆ یەکەم جار لە لایەن دەوڵەتی کەماڵیستیی تورکیەوە بە موسوڵمانانی ڕۆژهەڵاتی ناوین ناسێندرا). مەلا سوننە مەزهەبەکان، بە تەواوی ئەرکدار کراون کە لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە لە هەموو ئاستەکاندا هاوکاری و هاوفکریی بەرپرسانی ئەمنییەتی بکەن. سەرەڕای ئەمانە، دەبێ ئیمامە سوننەکان پەیوەست بن بە مەرکەزی بزۆرگی ئیسلامی (کە زۆرتر شیعەکان – ڕێبەریی دەکەن) و ئەو کەسانەش کە گوێی نادەنێ و ئەم کارە ناکەن بە ” دژە شۆڕش، مەکتەبی٥١ یان وەهابی تاوانبار دەکرێن.٥٢
لە دەیەی ١٩٩٠، دەوڵەت ژمارەیەک دامەزراوەی بەتەواوی شیعەی لە ناوچە سوننەنشینەکانی کوردستان وەکوو “حەوزەی عیلمییە”٥٣ “حسێنییە”(مزگەوتی جەماعەتی شیعە)٥٤ و هەیئەتی محەللی٥٥، دامەزراند. لە ڕواڵەتدا ئەم ناوەندانە بۆ کۆنترۆڵی کاروباری مەزهەبی و ڕێکخستنی ڕووداوەکان بۆ دانیشتووانی شیعە دامەزراوە، وەکوو تاسوعا و عاشوورا (کە لە ڕۆژانی نۆیەم و دەیەمی مانگی موحەڕڕەم لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ئیمامی سێهەمی شیعەکان: حسین)دا بەڕێوە دەچێ. بەم حاڵەوە، لە چل ساڵی ڕابردوودا، ڕێژیم سوننە مەزهەبەکانی لە بوونی تاکە مزگەوتێک لە ناوچە شیعەنشینەکان ( وەکوو تاران) بێبەش کردووە.
وێنەی ژمارە ٣. ئیمامزادەی هاجەرە خاتوون- سنە( کۆن: چەپ و نوێ: ڕاست)؛ بە وتەی خەڵکی خۆجێیی، ئەم شوێنە شەخسێکی سوننەتیی سوننەمەزهەب بووە (کەسایەتییەکی پیرۆز) کە ئێستا دەوڵەت وەکوو خوشکی ئیمامی هەشتەمی شیعەکان: عەلی ئیبن مووسا ئەلڕەزا ناساندوویەتی.
ڕەهەندێکی دیکەی پڕۆژەکانی دەوڵەت بۆ بەشیعەکردنی فەزای کوردە سوننەمەزهەبەکان لە ڕێگەی گۆڕینی ئاسەوارە پیرۆزەکان بۆ شوێنی شیعەکان بەرێوە چووە. چەندین گۆڕ و شوێنی پیرۆز (کە لە ناو کورداندا بە شەخس ناسراون) لە کوردستان هەیە، کە وێدەچێ پاشماوەی سەردەمی بەر لە ئیسلام بن. سەرەڕای ئەمە، لە ماوەی چەندین سەدەدا ئەم شوێنە پیرۆزانە لە کوردستان بەئیسلامی ( یان بڵیین بەسوننە) کراون. ڕێژیمی ئیسلامی زۆری هەوڵ داوە شوێنە پیرۆزەکانی سوننەمەزهەبەکان وەکوو هاجەرە خاتوون لە سنە بکاتە شیعی (بڕوانە وێنەی ژمارە ٣). کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی بەشیعەکردنی فەزای سوننەمەزهەبەکانەوە، دەیهەوێ بە دوو ئامانجی سەرەکی بگات: (a) جێگۆڕکێی دانیشتووانی دەوروبەری سوننەمەزهەبەکان و ئامادەکردنی ناوچەیەک بۆ نیشتەجێکردنی شیعەکان لە جێگەیان (b) پێدانی ڕەواییی دینی بە پڕۆژەی کۆلۆنیالیستیی خۆی کە بە جۆرێک هاوشێوەی سیاسەتی نیشتەجێکردنی ئیسڕائیلییەکان لە قەڵەمڕەوی داگیرکراوی فەلەستینییەکاندایە. چونکە هەر دوو پڕۆژەی سیاسیی دەوڵەت، کەڵکئاژۆ لە مەزهەب وەردەگرێت بۆ ئیدیعاکردنی خاوەنداریەتیی خاک.
لەئاکامدا، دەوڵەت بە بەردەوامی سیاسەتی بیۆدەرمانیی بۆ کاریگەریدانان لەسەر گەشەی حەشیمەتی سوننەکان لەو ناوچانە بەرێوە دەبات کە تێکەڵاوێکن لە شیعە و سوننە. بە پێی ڕاپۆرتە نهێنییەکان، ڕێژیم بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژەی زاوزێ لەنێو ژنانی سوننەدا – لەو ناوچانەی کە سوننەکان تێیدا زاڵن – بۆ وێنە لە قوروە ]شارێکە لە پارێزگای سنە (کوردستان) کە دانیشتووانەکەی لە سوننە و شیعە پێکهاتوون[، پلانگەلێکی بەڕێوە بردووە. ڕاپۆرتێک ئاشکرای کردووە کە زۆربەی ژنانی کوردی سوننە لە کاتی سەردانیان بۆلای پزیشکەکانیان، بە مەبەستی کەمکردنەوەی حەشیمەتی سوننەمەزهەبەکان نەزۆک(عقیم) کراون.٥٦
نابەرانبەریی پێکهاتەی کۆلۆنیاڵی ناوخۆیی
چەمکی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی، دەرخەری نابەرانبەری لە پێکهاتەی ئابووری و سیاسی لە ناوچە جیاوازەکان، لەنێو سنورێکی ناسراوی سیاسیدایە. هەروەها ئەم دەستەواژەیە کە وەکوو” گەشەی ناهاوسان”یش ناوی دەبرێ، هەڵاواردن و کەڵکئاژۆ لە بەکەمینەکراوەکانی ئێتنیک-مەزهەبیی لە کۆمەڵگەیەکی بەربڵاوتر دەخاتە ڕوو.٥٧
کورد لە ئێراندا وەکوو نەتەوەیەک کە کەوتوونە ژێر سیاسەتی ئاسیمیلەکردن و بەکەمینەکردنی دەوڵەتەوە، نموونەیەکی بەرچاوی کۆلۆنیی ناوخۆیین. لە سەردەمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا، کورد وەکوو هێزێک لە دەرەوەی ناوەند لەقەڵەم دراون کە یەکێتیی سیاسی و قەڵەمڕەوی “میللەت”یان خستووەتە مەترسییەوە. سەرەڕای گۆڕانگاری لە وێژمان(دیسکۆرس)ی ناوخۆیی و نێونەتەوەییی ڕێژیمی نوێی ئێران، سیاسەتی گەشەبڕیی کوردستان، لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە زۆر خراپتر بووە لە ڕێژیمی پێشوو. بە درێژاییی شەڕی ئێران و ئێراق (١٩٨٠- ١٩٨٨)، شارەکانی کورد بوونە یەکێک لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ و، ئەمەش ئابووریی ناوچەکەی، بەتایبەتی ئاژەڵداریی وەکوو کۆڵەکەیەکی سەرەکی بەرەو لاوازی برد.٥٨ هاوکات، کشتوکاڵیش وەکوو چالاکییەکی سەرەکیی ئابووریی لادێ، بە ڕادەیەکی بەرچاو دابەزی. دەوڵەت شەڕەکەی وەکوو بیانوویەک بۆ قایمترکردنی لایەنی نیزامیی خۆی لە کوردستاندا بەکارهێنا و، لە هەموو گوندەکاندا پایەگایەکی نیزامیی دروست کرد. سەرەڕای ئەمانە، زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی وەکوو لێڕەوار، باخ و باخات و بەرزایییەکان کردنە مەیدانی مین.٥٩ پایەگا نیزامییەکان لە ناوخۆ و نزیکی لادێکان دروست کران و، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خەڵکی لادێکان بە هاسانی بکەونە بەر هێرشی ئێراقییەکانەوە. دابەزینی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بووە هۆی ئەوەی خەڵکی خۆجێیی ڕێگەچارەیەکیان جگە لە پەیوەستبوون بە دامەزراوە دەوڵەتییەکان، بەتایبەتی بەسیجی موستەزعەفان و سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی، لە بەردەمدا نەمێنێ.
لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ تاکو ٢٠٠٥، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیزنی دا کاری بازرگانی لەسەر سنوورەکانی کوردستان بکرێ. شارە کانی وەکوو بانە، سەردەشت و مەریوان بوونە ناوەندی بازرگانیکردن. بە خێرایی، ژمارەی بازاڕەکان زیادی کرد. وێڕای سیاسەتی گەشەبڕی، دەوڵەت ڕێگر بووە لەبەردەم هەر چەشنە پلانێکی گەشەی ئابووریی بەخێرایی. زیادبوونی ئەم بازاڕە کاتییانە گۆڕانکارییەکی قووڵی بەسەر لایەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا هێنا و، بووە هۆی زیاتر وێران کردنی ئابوورییە خۆجێییەکەی. ڕێژەی خوێندن و خوێندنی باڵای بە ڕادەیەکی بەرچاو دابەزاند و، ژمارەیەکی بەرچاو لە مندالانی سەرقاڵی بازاڕی کار یان تەنانەت کۆڵبەری لەسەر سنوورەکان کرد. هەربۆیە وتەی ئەو لاوانە کە لە درێژەدا دەیبیستن، سەرسوڕهێنەر نییە: “من ئێسترەکەم بە بڕوانامەی کارناسی لە باشترین زانستگەکانی ئێران ناگۆڕمەوە، چونکە ئەم ئێسترە دەتوانێ یارمەتیدەری مانەوەم بێ، کەچی بە بڕوانامەی دوکتۆراش من بە برسییەتی دەمێنمەوە”. کەسێکی دیکە نەیتوانی شەوق و هەقیقەتی خۆی بشارێتەوە لەبەر ئەوەی “کوڕەکەی نیوەشەو هەڵدەستێ تا بتوانێ شوێنک بۆخۆی دەستەبەر بکات تاکوو کەلوپەلەکانی لەوێ بفرۆشێ”. باوبوونی ئەم بازاڕە سنوورییانە، بەشێک لە ئابووریی سیاسیی دەوڵەتە لە ڕووی ستراتێژییەوە بۆ گەشەبڕیی کوردستان و، نابەرانبەریی ئابووریی لەنێوان ناوچە شارنشین و لادێکاندا خراپتر دەکات. هاوکات ئەم سیاسەتە، هاندەرێک بووە کە خەڵکەکە خێراتر لادێکان بۆ گەڕان بە دوای ژیانێکی باشتر لە شارەکاندا، بەجێ بێڵن.
هەر وەکوو باس کرا، سیاسەتی پەرەپێدان بە بازاڕەکانی “سەر سنوور” لە ڕووی ستراتێژییەوە پلانێک بوو بۆ چۆڵ کردنی لادێکانی کوردستان و، بە شێوەیەکی لەناکاو لاوانی کورد و کۆمەڵگە لە سیاسەت دوور بخەنەوە و زەربەی لێ بدەن. محەممەدڕەزا ڕەحیمی، “پارێزگاری” سنە بەبێ هیچ شەرمێک دەڵێ “ئێمە لەجیاتیی پەروەردە، لاوانمان بەرەو مەسیری مادەی هۆشبەر پاڵ پێوەنا”. هەروەها دەڵێ: “من یەکێک لەو کەسانە بووم کە بۆ کارکردن لەسەر سنوور فریوم دان… توانیم قوتابخانەیان لە لا بێنرخ بکەم. کێی [دیکە] دەتوانێ کارێکی وەها گەورە بکا؟٦٠
سیاسەتی گەشەبڕیی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە، دوو بەشی ئابووری وەرزانەی دیکەی لێ کەوتەوە: کوورەخانە (کارگەی خشتبڕین) و کۆڵبەری. ٦١ کارکردن لە کوورەخانە یان کارگەی خشتبڕین، لە ناوەندێکی بەرهەمهێنانی تاقەتپڕووکێنی پێداویستیی سەرەتاییی بیناسازی جۆرە کارێکی سوننەتییە. زۆربەی خاوەن کوورەخانەکان غەیرەکورد و، زۆربەی کرێکارەکانیش کوردن. زۆربەی کوورەخانەکان لە شارە ناوەندییەکانی ئێران وەکوو پارێزگاکانی ئەراک، ئیسفەهان، شیراز و کرمانن. لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٨٠، لە ماوەی شەڕی نێوان ئێران و ئێراق، کارکردن لە کارگەکانی خشتبڕیندا ڕووی لە هەڵکشان کرد، جێگایەک کە کرێکارانی ئاوارە شەش بۆ نۆ مانگ لە بارودۆخێکی نالەباری تەندروستی و نائینسانیدا، کاریان دەکرد. بەشێکی بەرچاوی هێزی کاری ئەم کارگانە لە شارەکانی کورد وەکوو سەردەشت، پیرانشار، مەهاباد، شنۆ و بۆکان (لە پارێزگای ورمێ) دابین دەکرا.
لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، سیاسەتی گەشەبڕی و ئەمنییەتیکردنی ڕۆژهەڵات لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، دیاردەی کۆڵبەریی لێ کەوتووەتەوە. لە ساڵی ٢٠١٥وە تاکو ئێستا، زیاتر لە هەزار کۆڵبەر لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە، کوژراون یان بریندا بوون (بڕوانە خشتەی یەک). ٦٢
| خشتەی 1 کۆڵبەرەکان (دەربازبوون، کرێکارانی سەرسنوور)
کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران (2020 – 2015) |
ساڵ | کۆ | |||||||
| 2015 | 2016 | 2017 | 2018 | 2019 | 2020 | ||||
| ڕووداو | بریندار | ژمارە | 19 | 49 | 148 | 226 | 178 | 16 | 636 |
| % ڕێژەی ڕووداو | 3.0% | 7.7% | 23.3% | 35.5% | 28.0% | 2.5% | 100.0% | ||
| % ڕێژەی ساڵانە | 27.1% | 52.7% | 62.7% | 64.2% | 70.1% | 80.0% | 62.0% | ||
| % لە کۆ | 1.9% | 4.8% | 14.4% | 22.0% | 17.4% | 1.6% | 62.0% | ||
| کوژراو | ژمارە | 51 | 44 | 88 | 126 | 76 | 4 | 389 | |
| % ڕێژەی ڕووداو | 13.1% | 11.3% | 22.6% | 32.4% | 19.5% | 1.0% | 100.0% | ||
| % ڕێژەی ساڵانە | 72.9% | 47.3% | 37.3% | 35.8% | 29.9% | 20.0% | 38.0% | ||
| % لە کۆ | 5.0% | 4.3% | 8.6% | 12.3% | 7.4% | 0.4% | 38.0% | ||
| کۆ | ژمارە | 70 | 93 | 236 | 352 | 254 | 20 | 1025 | |
| % ڕێژەی ڕووداو | 6.8% | 9.1% | 23.0% | 34.3% | 24.8% | 2.0% | 100.0% | ||
| % ڕێژەی ساڵانە | 100.0% | 100.0% | 100.0% | 100.0% | 100.0% | 100.0% | 100.0% | ||
| % لە کۆ | 6.8% | 9.1% | 23.0% | 34.3% | 24.8% | 2.0% | 100.0% | ||
بەرخۆدان لە هەمبەر کردەوەکانی کۆڵۆنیالیستیدا
لە پەڕاوێزخستن و نکۆڵی لێکردنی فەرهەنگ، شوناس و زمانی کوردی لە سەردەمی پەهلەویدا، لەژێر فەرمانڕەواییی دەوڵەتی تێئۆ-ئێتنۆکراتیکی ئێستای فارسدا، تەنانەت ئاڵۆزتر و گشتگیرتر بوو. بە پەیڕەوکردنی هێندێک سیاسەتی نوێی سەرکوتکەرانە و هەڵاواردن لە ڕووی ئێتنیک-مەزهەبییەوە، دەوڵەتی ناسیۆنالیستی مەزهەبیی ئێستا، پلانی هەڵاواردنی پێکهاتەیی و دامەزراوەیی (ئێتنیکی، زمانی و فەرهەنگی)ی زاڵ کرد کە لە دەرئەنجامدا بە شێوەی سیستەماتیک و یاسایی، کوردانی ڕۆژهەڵاتی خستە پەڕاوێزەوە. بەم حاڵەشەوە، سەرەڕای هەوڵە بەردەوام و سیستەماتیکەکانی دەوڵەت، کوردەکانیش بە بەردەوامی لە ڕێگەی خەباتی سیاسی-فەرهەنگیی خۆیانەوە، ڕووبەڕووی سیاسەتەکانی ڕێژیم بوونەتەوە. جگە لە چالاکیی ئاشکرای سیاسی، بەرگریی کوردان بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ڕێگەی کەڵک وەرگرتنی هونەر، ئەدەبیات، شێعر و ڕووداوە فەرهەنگییەکانەوە خۆ دەنوێنێ: ئەوان، لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا، لە قەڵەمڕەوێکی نایاساییدا، فەزای فەرهەنگی و سیاسی بەرەو پێشەوە دەبەن.
کورد لە ڕۆژهەڵات بە شێوەی جۆراوجۆر دژکردەوەی لەهەمبەر سیاسەتی نکۆڵی لێکردن و ئاسمیلەکردنی دەوڵەتی ئێران هەبووە و، بەرەوڕووی بوونەتەوە. ڕەنگە بەرچاوترین ئەکتی بەرگریکردن لە ڕۆژهەڵات خۆی لەو جۆشوخرۆشە بەربڵاوەدا، کە لە دیاریکردنی ناوە کوردییەکان بۆ منداڵەکانیان و ئەو شتانەی بە هی خۆیانی دەزانن، ببینێتەوە . ئەم ڕێژیمە بەربەستگەلی جۆراوجۆری ئیداریی بۆ کەڵک وەرگرتن لە ناوە کوردییەکان داناوە. ئیدارەی سەرژمێریی ئێران لیستێکی لەو ناوانە ئامادە کردووە کە جێی پەسەندن و، زۆرتر ناوی مەزهەبی، شیعی و فارسین و خەڵک دەبێ لەو ناوانە هەڵبژێرێ. زۆرجاران دایک و بابەکان لە کاتی تۆمارکردنی ناوی منداڵە ساواکانی خۆیان لەگەڵ ئەو ناوانەی کە ڕێژیم بە ناپەسەندیان لەقەڵەم دەدات، تووشی کێشە دەبن. خوێندکارانی کورد بە ڕاشکاوی و ناراستەوخۆ بە نیسبەت ناوەکانی خۆیانەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن. بۆ ئەوەی بتوانن دوور لە کێشە و بەربەستە ڕەسمییەکان درێژە بە خوێندن بدەن یان ئەمنییەتێکی کارییان بۆ دابین ببێ، دەبێ ناوی خۆیان بۆ ناوێکی فارسی بگۆڕن. بەم حاڵەشەوە، زۆربەی کوردەکان گوێ نادەنە ئەم بابەتە و، کۆمەڵێک ناو هەڵدەبژێرن کە ئاماژە بە شوناسی کوردبوونی خۆیان بکات. بەتایبەتی بەرگری کردنێکی وەها لە فەزای مەجازیدا بە ڕوونی دەبینرێ: فەیسبووک، تێلێگڕام، ئێنستاگڕام و تۆڕەکانی دیکە، ئەو شوێنەی کەسەکان دەتوانن چێژ لە هەرێمی تایبەتی و پێگەی تاکەکەسیی خۆیان وەرگرن.
پاش هەڵبژاردنی خاتەمی لە ساڵی ١٩٩٧، دەرفەتێکی کورتخایەن هاتە ئاراوە کە کرانەوەیەکی ڕێژەییی نەخوازراوی کۆمەڵایەتی-سیاسیی لێ کەوتەوە و، بە شێوەیەکی کتوپڕ چەندین ڕێکخراوی ناحکومی و چالاکیی سیاسیی سەریان هەڵدا. هەڵچوونی وزەیەکی سیاسی بەم شێوەیە ڕۆڵیکی بەرچاوی لە بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی گشتیدا و، ئازادبوونی وزەی لاوانی کورد بۆ مۆبیلیزەکردنی سەرچاوە خۆجێیییەکان لە کوردستاندا گێڕا. بەشداربوون لە چالاکییە ژینگەپارێزییەکان، بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناوچەیی، دامەزراندنی کتێبخانە لە گوندەکان و دانانی کلاسی زمانی کوردی لە ناوچە لادێییەکاندا پەرەی ئەستاند. کەمتر لە دەیەیەک، بە دەیان گۆڤار، ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی کوردی بڵاوبوونەوە ( بڕوانە خشتەی ژمارە ٢). هێندێک لەم گۆڤار و بڵاوکراوە وەرزییانە (بڕوانە خشتەی ژمارە ٢) دەکرێ گرێدراوی دەزگا دەوڵەتییەکان بن، چونکە دەوڵەت هەوڵی دا چاوی بەسەر ئەو زانیارییانەوە بێت کە دەربارەی کوردستانەوە بەرهەم دێن.٦٣ بەم پێیە، لێکۆڵەرە کوردەکان لەم جۆرە پلاتفۆڕمانە بۆ بەرەوپێشبردنی فەرهەنگ، مێژوو و شوناسی کوردی کەڵک وەردەگرن.
خشتەی ژمارە ٢. ژمارەیەک لەو گۆڤار و بڵاوکراوە / دەورەیییانە کە لە کوردستاندا بڵاو دەکرانەوە.
گۆڤار دەستپێک کۆتایی شار
هەنار ٢٠١٧ سەقز
دەنگی کوردستان ٢٠١٥ سنە
چیا ٢٠١٤ مەریوان
ئاگرین ڕۆژ ٢٠١١ سنە
دیار کهن ٢٠٠٩ سنە
ژیوار ٢٠٠٨
شار ٢٠٠٨ سنە
سۆران ٢٠٠٨ سنە
ئارشیە ٢٠٠٨
نیشتمان ٢٠٠٨
رووبار ٢٠٠٧
دیدگا ٢٠٠٦ ٢٠٠٩ سنە
کاردئاک ٢٠٠٦ سنە
ڕاسان ٢٠٠٥ ٢٠٠٨ سەقز
هاوار ٢٠٠٥ ٢٠٠٧ سنە
کورمانج ٢٠٠٤ خوراسانی باکوور
ئاوای کوردستان ٢٠٠٣ سەقز
ئاشتی ٢٠٠٣ ٢٠٠٨ سنە – تاران
ڕۆژهەلات ٢٠٠٣ ٢٠٠٨ تاران – سنە
کەرەفتوو ٢٠٠٣ ٢٠٠٧ سنە
گفتار سبز ٢٠٠٣ سنە
بدر ٢٠٠٣ ٢٠٠٩ قوروە
ئاسۆ ٢٠٠٢ ٢٠٠٢ سنە
ڕاڤە ٢٠٠٢ تاران
ئارارات ٢٠٠١ چوار ژمارە سنە
مەهاباد ٢٠٠١ مەهاباد
ژیار ٢٠٠٠ ٢٠٠٨ سنە
وەرزانەی کوردستان ١٩٩٩ ٢٠٠٧ سنە
تیشک ١٩٩٨ ٢٠٠٢ مەریوان
سیروان ١٩٩٨ بەردەوامە سنە
زرێبار ١٩٩٧ ٢٠١٤ مەریوان
ئاویەر ١٩٩٦ ٢٠٠٤ سنە
ئاوێنە ١٩٩٤ ١٩٩٨ تاران
ڕۆژ ١٩٨٧ مەهاباد
سروە ١٩٨٥ ٢٠٠٨ ورمێ
ڕێگای یەکیەتی ١٩٧١ مەهاباد
ژین ١٩٦٧ ١٩٧٠
ئارێن ١٩٥٢ ١٩٥٥ سنە – تاران
سەدەی کورد ١٩٥٢ کرماشان
ئارێز ١٩٥١ ١٩٥٢ سنە
ئینقلابی کاوە ١٩٥١ سنە
خۆرنشین ١٩٥١ ١٩٥٣ تاران
ڕابەری کورد ١٩٥١ ١٩٥٢ کرماشان
پیکار ١٩٥٠ ١٩٥١ سنە
سەدەی کوردستان ١٩٤٦ ١٩٥٣ سنە
ئاوات ١٩٤٥ سێ ژمارە مەهاباد
کوردستان ١٩٤٥ مەهاباد
پەیکی کورد ١٩٤١ ١٩٧٢
ڕۆژی کورد ١٩٢٢ ورمێ
ڕوانگە ١٦ ژمارە زانکۆی تەورێز
ئاریا ….. ….. کرماشان
ئاوای غەرب پاش ١٩٧٩ کرماشان
ئەخبار کوردستان سنە- سەقز
ئامانج تاران
پەیکی ئیلام پاش ١٩٧٩ ئیلام
پەیکی شار پاش ١٩٧٩ کرماشان
تریفە زانکۆی مەهاباد
چاوان کرماشان
ڕۆژنامە زانکۆی تاران
زاگرۆس زانکۆی عیلم و سەنعەت – تاران
کرماشان زانکۆی ڕازی – کرماشان
ڕۆژنە سنە
ندای زاگرۆس تاران
بڵاوکراوە کوردییەکان زۆرتر بۆ بابەتە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتدا تەرخان کراون. ئەنجومەنە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی ڕۆنان، ڤەژین، ڕۆژیار لە شاری مەریوان، ژینکۆ، بیری زێڕین، ئاسۆ، جووتیاران لە شاری شنۆ، نۆژین و ڤەژین لە شاری بانە، چەند نموونەیەکن کە ڕیوایەتێکی قووڵ و مامۆستایانە لە بواری ژیانی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتی و سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵات نیشان دەدەن. بەشێک لەو ئەنجومەنانەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا، توانیویانە بە شێوەیەکی نافەرمی و دڵخوازانە، ببنە قوتابخانەیەک کە زمانی کوردی فێری لاوان بکەن. تاکو ئەم دوایییانەش، ئەنجومەنی ڕۆنان، گۆڤارێکی وەرزانەی بە ناوی زرێبار بڵاو دەکردەوە، کە بۆ لێکدانەوە و ئانالیزکردنی بابەتە جۆراوجۆرەکان لەسەر کوردستانی گەورە تەرخان کرابوو. گۆڤارە و مانگانەی ناسراو و حەفتانەی وەکوو ژیلوان، هەنار، ئاشتی، ڕووبەر، ڕاسان، شار، کاردۆک، ئاگرین، ژیوار، چرۆ و هایا و چەندانی دیکەش لە لایەن گرووپ و چالاکانی کوردەوە، بڵاو دەکرێنەوە. لە هەمووی گرینگتر، ئەم بڵاوکراوانە لە ڕووی مادییەوە لە لایەن ئەکادیمسیەنەکانی کورد و خێرخوازە خۆجێییەکانەوە پشتیوانی دەکرێن.٦٤
هەروەها کوردەکان لەهەمبەر کەمپەینی دەوڵەت بۆ لەناوبردنی دارستان و سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان، بەربەرکانێ دەکەن. دەوڵەت بەئانقەست دارستانەکان لە شارەکانی وەکوو بانە، سەردەشت، پیرانشار، مەریوان و سەوڵاوا بە مەبەستی لەناوبردنی حەشارگە سرووشتییەکانی جووڵانەوەی کورد دەسووتێنێ. هەموو ساڵێ، هاوکات چەندین شوێن بەیەکەوە دەسووتێنن تا کوژانەوەی ئاگرەکان بۆ چالاکانی ژینگەپارێز ئاستەم و دژوار بکەن. ساڵی ٢٠١٨، تەنیا لە ڕووداوێکی ئاگرکوژاندنەوەدا چوار کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزی لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگر گیانیان لەدەست دا. ئەم کارە بووە هۆی خۆپیشاندانێکی بەربڵاو لە شاری مەریوان و کوردەکان بە گشتی، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە تاوانباری گیانلەدەستدانیان دەزانن.٦٥ (ئێستا کوردانی ڕۆژهەڵات وەکوو قارەمان و شەهید یادی ئەو چالاکانە دەکەنەوە). خەڵکی خۆجێیی کورد بە شێوەیەکی ڕێکوپێک تیم بۆ خاوێنکردنەوەی پاشماوەکان لە شوێنە گشتییەکانی شار، دەوروبەری شار و هەروەها ئەو ڕێگا کوێستانییانەی کە شەوانە لێی دەمێننەوە، پێک دێنن و ڕێکیان دەخەن.
لە ئاکامدا کوردەکان بەرەنگاری سیاسەتی دەوڵەتی ئێران بۆ تەفریس و بەفارسکردن دەبنەوە. لە کاتێکدا هەموو هەوڵ و سەرمایەیەکی دەوڵەتی ئێران بۆ پەروەردە و فێرکردن لە کوردستاندا، جگە لە تەفریس، کۆلۆنیالیزمی زمان و شوناسی کوردی شتێکی دیکە نەبووە و، ئاکامێکی نەخوازراوی لێ کەوتووەتەوە: ئەمە جموجۆڵێکی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی و جوگرافیی لەنێو کورددا وەڕێخستووە و، بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاری و هەستی ئێتنیک/نەتەوەییی ئەوانی بەدواوە بووە. سیستەمی مۆدێڕنی پەروەردەی دەوڵەتی ئێران، بۆ یەکدەستکردن و بەفارسکردنی غەیرەفارسەکان، بە شێوەیەکی نەخوازراوانە بووە هۆی بەزربوونەوەی ئاستی وشیاریی گشتی لەبارەی ستراتێژیی ئاسیمیلەکردنی دەوڵەتەوە. خوێندکارانی کورد کە لە شارە ناوەندییەکان ئێراندا بە دوای وەرگرتنی بڕوانامەی زانستگەوەن، لە لایەن ئیلیتی سەردەست و دەزگاکانی دەوڵەتەوە زیاتر ڕووبەرووی گوشار و بێبەشی دەبنەوە.
ئێستا، زۆربەی بنەماڵەکانی کورد، پێیان وایە خوێندن کەرەستەیەکی بەهێز بۆ ڕزگاری و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانە. بۆ وێنە، کاتێک بەرێوەبەرێک پرسیار لە یەکێک لە کرێکارەکانی ناوچەی هەورامان دەکات، لەبریی ئەو خزمەتە باشانەی کردوویەتی پاداشێک بۆخۆی هەڵبژێرێ، ناوبراو خوازیاری قوتابخانەیەک بوو بۆ گوندەکەی خۆی و ئەو قوتابخانەیەش لەبەر داخوازیی ئەو دروست کرا. هەنووکە گوندێکی بچووکی دوورەدەست (نزیک ٤٠ بنەماڵەیی) لە ناوچەی شاخاویی هەورامان نموونەیەکە لە تێڕوانینی کورد بۆ پەروەردە و فێرکاری وەکوو کەرەستەیەک بۆ ڕزگاربوون. لە ساڵی ٢٠١١، لە یەکێک لەو گوندانەدا، خەڵک بۆ خوێندکارەکانی خۆیان فێستیڤاڵێکی کۆتاییی خوێندن (دەرچوون)یان بەرێوە برد کە ١٣ کەسیان بەربژێری پلەی دوکتۆرا بوون.
سەرەڕای هەوڵە بەردەوام و سیستەماتیکەکانی دەوڵەت بۆ بێبەشکردنی خوێندکارانی کورد، ڕێژەی خوێندکارانی کورد لە زانستگەکاندا زیادی کردووە. ئێستا بەشێکی بەرچاوی خوێندکاران لە هێندێک لە زانستگە باشەکانی وەکوو هەمەدان، کەرەج، تاران و تەورێز، کوردن. لە کاتێکدا سەرقاڵی خوێندنی فەرمیی خۆیانن، ژمارەیەکی بەرچاوی ئەم خوێندکارانە بە شێوەی غەیرە ڕەسمی خەریکی کارکردنن لەسەر زمانی کوردی، ئەدەبیات، وەرگێڕان بۆ کوردی و، هەروەها پێویست بە ئاماژکردن ناکات کە بەشێکی بەرچاویان شێوەزاری دووهەمی کوردیش فێر بوون کە ئەمەش بەتەواوی گەشە و بەرەوپێشچوونێکی نوێیە.٦٦
کۆبەند
ئەم لێکۆڵینەوەیە تاوتوێ و شیکاریی ستراتێژیی دەوڵەتی ئێران بۆ ئاسیمیلەکردن و زاڵبوون بەسەر کورد لە پاش شۆڕشی ئێراندا دەکات. ئەم وتارە بەڵگە دێنێتەوە کە ئامانجی ئەم ستراتێژییانە بۆ ئەبەدی کردنی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆییی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرگۆڕینی تایبەتمەندیی دیاریکراوی ئێتنیک-مەزهەبیی و بەشیعەکردن و فارساندنی خەڵک و فەزای کوردستان دامەزراون. دەوڵەتی ئێران تێدەکۆشێ تاکوو فەرهەنگ و زمانی فارسی لە ڕێگەی توندوتیژییەوە گشتگیر بکات و، ئێرانیبوون هاوواتای فارس بوون لەقەڵەم بدات. ئەم شێوە سیاسەت/تێڕوانینە بواری قسەکردنی بۆ غەیرە فارسەکان نەهیشتووەتەوە.٦٧ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵی داوە بە کەڵکوەرگرتن لە هێزی نیزامی، پشتیوانیی ئیلیتی فارس و هەروەها بەرێوەبردنی سیاسەتی پەروەردەیی و دینی بۆ سڕینەوەی هەرچەشنە جیاوازییەک، دەسەڵاتی ڕەها و “شوناسی تایبەت بە ئێرانیبوون” پەرە پێ بدات. کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمەی دووهەمی بە بەردەوامی و بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە کوردستاندا پەیڕەو کردووە.
ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ نیشاندانی پڕۆسەی بەشیعەکردن و فارساندنی بەردەوام و بەهێزکردنی سیاسەتێکی وەها لە سەردەمی فەتحی کوردستانەوە، واتە لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٨٠دا. لەم دوایییانەدا، وەزارەتی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی، بەخشنامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ئەگەر منداڵانی غەیرە فارس (لەنێوان ٤- ٦ ساڵان) لە تاقیکاریی شارەزاییی زمانی فارسیدا سەرکەتوو نەبن، دەبێ وەکوو ئەو منداڵانەی لە ڕووی زەینییەوە دواکەوتوون، مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ. ئەمە نیشانی دەدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ناشارەزایی لە بەکارهێنانی زمانی فارسی بە توانای بایۆلۆژیکیی مرۆڤەکانەوە دەبەستێتەوە. ئەم سیاسەتە، لە ڕووی بایۆلۆژیکییەوە نەسلێک لە غەیرەفارسەکان بە گەشەنەکردوو لەقەڵەم دەدات، چونکە لە تاقیکاریی شارەزاییی زمانی فارسیدا سەرکەوتوو نەبوون. ئەم سیاسەتە دەبێ وەکوو فۆڕمێک یوژنیک (یان ئیسلاحی) زمانی/نژادی سەیر بکرێ، کە لە بەشی یەکەمی سەدەی بیستەمدا [بە تایبەت لە لای نازیستەکان] باو بووە. سەرەڕای ئەمە، ڕووناکبیرانی فارس لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران چ بە ڕاشکاوی یان بە شاراوەیی، بەڵێنیان داوە لەم بوارەدا پشتیوانیی ئەم سیاسەتەی دەوڵەت بکەن.٦٨
هەروەها لەم وتارەدا بەرگریکردنی کورد وەکوو ئەکتەرێکی نادەوڵەتی لەهەمبەر کۆلۆنیالیزمی ئێرانیدا بەرجەستە کراوەتەوە. ئەو گوشارە لەڕادەبەدەرەی کە ڕێژیمی ئێران بۆ هەرێمی کوردستانی دێنێ تاکو پارتەکانی ڕۆژهەڵات سنوورداربکا، کاریگەریی زۆری هەبووە. بەم حاڵەشەوە، کوردانی ناوخۆی ڕۆژهەڵات لە ڕێگەی بەرگریی فەرهەنگییەوە هەر لە بەرهەمهێنانی هونەری کوردی، ئەدەبییات، شیعر، سینەما، میوزیک، جێژنی ساڵانەی نەورۆز و فۆڕمە جیاوازەکانی دیکەی بەرگریکردنەوە، بە ڕوونی لەهەمبەر سیاسەتی ئاسیمیلەکردنی فەرهەنگی و سیاسیی ڕێژیمی ئێرانیدا، لەخۆبوردووانە ڕاوەستاون.
هەروەها لە کۆتاییدا ئەم وتارە هیواخوازە ئەوە بەرجەستە بکاتەوە کە کورد خۆی وەکوو ئێتنیک-نەتەوەیەکی بێ حاکمییەت لە ئێراندا دەبینێ، بۆیە کراوەتە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سیاسەتی سەرکوت و ئاسیمیلەکردنی دەوڵەتی مۆدێڕن. کوردیش، وەکوو باقیی نەتەوە ژێردەستەکانی دیکە، لەسەر ئەو بڕوایەیە کە بەبێ پێناسەکردنەوەی سەرلەنوێی چەمکی “نەتەوە” لە ئێران، سیستەمی کۆلۆنیالی ناوخۆیی بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە. لە ئێران، کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی و سیستەمی سیاسیی تاکلایەنەی ئێتنیک-مەزهەبی دوو جۆرە جەماوەری خاوەن سەروەیی سیاسی و گەلانی مافی سەروەری لێستێندراوی سازکردوە. ئەم پەیوەندییە دووفاقییە، مەسەلەی مافی حاکمییەتی سیاسیی کردووەتە مەسەلەی سەرەکیی پێکەوەژیانی ئێتنیک-نەتەوەکان لە ئێراندا. لە کاتێکدا ئێلیتی ئێتنیک/نەتەوەی سەردەست (واتا فارسەکان) پێداگری لەسەر سیستەمێکی سێکۆلاری دێمۆکراتیک وەک دەرمانی هەمو دەردان دەکا، کۆمەڵگە ژێردەستەکانن لەسەر ئەو بڕوایەن کە سیستەمی دیمۆکراتیکی سیکۆلار، بە تەنیا ناتوانێ هاوسانیی پێکهاتەیی، دامەزراوەیی، مێژوویی، فەرهەنگی و سیاسی بێنێتە دی. هەربۆیە گرووپی دووهەم سوور و پێداگرن لەسەر زامنکردنی حاکمییەت بۆ هەمووان (یان حاکمییەتێکی ڕاستەقینەی خەڵکی) کە دەبێ نیشانەکانی “دێمۆکراسی” و بنەماکانی پێکهێنانی دەسەڵات لە ئێراندا، سەرلەنوێ پێناسە بکرێنەوە. بەبێ ئەم پێناسە کردنەوەیە، سیستەمی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی درێژەی دەبێ.
سەرەڕای ئەمانە، بەبێ هەڵگرتنی هەنگاوێکی بنەڕەتیی لەم چەشنە، ناهاوسانیی میژوویی دووبارە بەرهەم دێتەوە. لە ئاکامدا، هەموو ئێتنیک-نەتەوە غەیرە فارسەکان لە هەرچەشنە نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە بێبەش دەبن و لە پێکهێنانی نەزم و دانانی یاسای بنەڕەتی، جا سیستەم ناوی چ دەبێ با ببێ، دەنگیان کپ دەکرێ. ئەم بابەتە بۆ سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی حاکمییەت – کە هاوشێوەی بەڵگاندنەکانی ئی.بی.دوبۆیس لە وتاری ڕەنگ و دێموکراسیی ناوبراودا یەک دەگرێتەوە – دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ تێگەیشتن لە هەموو ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر حاکمییەت کراون و، ڕەهەندێکی نوێ بۆ مانای ڕاستەقینەی شارۆمەندێک کە خۆی حاکمە، ساز دەکا.٦٩
تێبینییەکان
١- بڕوانە، کەماڵ سولەیمانی و ئەحمەد موحەممەدپوور، ئایا غەیرە فارسەکان دەتوانن قسە بکەن؟ گێڕانەوەی حاکمییەت لە “ناسنامەی ئێرانی”، ئێتنیکەکان، ٢٠١٩، DOI:10.1177/1468796819853059; کەماڵ سولەیمانی و ئەحمەد موحەممەدپوور، ئەمنییەتیکردنی ژیان: ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر فەرمانڕەواییی دەوڵەتی فارسی- شیعیدا، وەرزنامەی جیهانی سێهەم، ٢٠١٩.DOI:10.1080/
01436597.2019.1695199; کەماڵ سولەیمانی و ئەحمەد موحەممەدپوور، ژیان و کار لەسەر لێواری کۆلۆنیالیزمی ناوخۆییدا: ئابووریی سیاسیی کۆڵبەری لە ڕۆژهەڵاتدا، ژۆڕناڵی کۆمەڵناسیی بریتانیا، ٢٠٢٠، لاپەڕەی ١- ٢٠، DOI:10.1111/1468-4446.12745.
٢- بڕوانە، کارۆلین هامفری، ” حاکمیەت” in D Nugent and J Vincent (eds) وێڕای مرۆڤناسی(ئەنترۆپۆلۆژی) و سیاسەت، ئاکسفۆرد: Blackwell, 2004, pp 418–436; تۆماس بڵوم هانسن و فین ئیستپیوتات، “پێداچوونەوەی حاکمییەت” پێداچوونەوەی ساڵانەی مرۆڤناسی(ئەنترۆپۆلۆژی) ٣٥، ٢٠٠٦، لاپەڕەی ٢٩٥- ٣١؛ DOI:10.1146/annurev.anthro.35.081705.123317; برندا چاڵفین، سنوورەکانی نێئولیبڕاڵ: ئێتنۆگرافیی حاکمییەت لە ئەفریقای ڕۆژئاوا، شیکاگۆ: زانستگەی شیکاگۆ پرس، ٢٠١٠؛ یاریمار بۆنیڵا، ” حاکمییەتی ناسەقامگیر” مرۆڤناسی(ئەنترۆپۆلۆژی)ی فەرهەنگی، ٣٢-٣٣، ٢٠١٧، لاپەڕەی ٣٣٠ تاکوو ٣٣٩، DOI:10.14506/ca32.3.02.
٣- کوردەکان، خۆیان، بەم شێوەیە ئاماژەیە بۆ پارچە جیاجیاکانی کوردستان وەکوو باکوور {باکوور/ لە تورکیە}، باشوور{لە ئێراق}، ڕۆژئاوا {لە سووریە} و ڕۆژهەڵات {لە ئێران} دەکەن. بە مەبەستی پێشگرتن لە لەداوکەوتنی دەوڵەتە ڕەگەزپەرەستە دژەکورەکان و قەڵەمڕەوی کوردان، ئێمە پەیڕەویمان لە جوگرافیای تایبەت بە خۆمان کردووە.
٤- بۆ پێناسەی دەستەواژەی “دەوڵەتی ناوازە” بڕوانە، جۆرجیۆ ئاگامبێن، دەوڵەتی ناوازە، کوین ئاتل (trans)، شیکاگۆ: زانستگەی شیکاگۆ پرس . ٢٠٠٥.
٥- لە مەهاباد، شوێنی یەکەمین کۆماری کوردە لە ١٩٤٦، کە بە کۆماری کوردستان ناسراوە. هەر لەوێش یەکەمین ڕاپەڕینی ناسیۆنالیستیی کورد لە دژی دەوڵەت لە ١٨٨٠دا دەستی پێکرد، بڕوانە کەماڵ سولەیمانی، ئیسلام و کێشمەکێشی ناسیۆنالیستی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ١٨٧٦- ١٩٢٦، نیۆیۆرک، NY: Palgrave, 2016. لەگەڵ پەیدابوونی دەوڵەتی مۆدێڕن لە ئێران وێڕای گەیشتنە دەسەڵاتی محەممەدڕەزا شای پەهلەوی لە {١٩٢٥}دا، ڕۆژهەڵات کۆمەڵێک شۆڕشی سیاسیی لە لایەن کوردانەوە بەخۆوە بینی. بۆ وێنە، شۆڕشێک بە ڕێبەریی سمایل ئاغای سمکۆ {کە یەکەمین ڕۆژنامەی بە زمانی کوردی بڵاو کردەوە {بڕوانە سولەیمانی ٢٠١٧}، مەلا خەلیل {١٩٢٨}، و ئەمیر حەمەسوور {١٩٣٩، هەروەها بە ئەمیرپاشا ناسراوە} کە ڕێگەی بۆ سەرهەڵدانی کۆماری کوردستان بە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان/ ئێران (KDPI)، خۆش کرد.
٦- جاش لە ڕووی ئێتیمۆلۆژی(ڕەچەڵەکی وشە)یەوە بە مانای کوڕی کەر دێ، کوردەکان ئەو ناوە لەو کەسانە دەنێن کە هاوکاریی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم دەکەن.
٧- ڕامۆس کریستیەن ئەلینگ، کەمینەکان لە ئێراندا: ناسیۆنالیزم و ئێتنیستە دوای خومەینی، نیویۆرک: پاڵگریڤ، ٢٠١٣، لاپەرەی ٤ .
٨- مستەفا وەزیری، ئێران وەکوو وڵاتێکی خەیاڵی: دروستکردنی شوناسی نەتەوەیی، نیویۆرک: Paragon House، 1993.
٩- مێهرزاد برووجێردی، پێکهاتە دژبەیەکانی ناسیۆنالیزم و شوناسی ئێرانی، لێکۆڵینەوەی ڕەخنەییی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ٧ {١٢}، ١٩٩٨، لاپەڕەی ٤٣ – ٥٥ ؛ مێهرزاد برووجێردی، “ئێرانی ئیسلامی و چەنەلێدان لەگەڵ مودێڕنیتەی شەیتانی ڕۆژئاوا” ، گۆڤاری لێکۆڵینەوەی ئاشتی ٣٤ { ١}، ١٩٩٧، لاپەڕەی ١- ٥ .
١٠- عەلیڕەزا ئەسغەرزادە، ئێران و کێشە و چالێنجی فرەچەشن: بناژۆخوازی(فێندەمێنتالزیم)ی ئیسلامی، ڕەگەزپەرەستیی ئاریایی و خەباتی دێمۆکراتیک، نیویۆرک، NY: پاڵگریڤ مەک میلان، ٢٠٠٧.
١١- ڕەزا زیا – ئیبڕاهیمی، سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی: ڕەگەز و سیاسەتی جێگۆڕکێ پێکردن، نیویۆرک NY: چاپەمەنیی زانستگەی کوڵۆمبیا، ٢٠١٦.
١٢- ئەفشین مەتین – ئەسغەری، “بازنەی بەرلین: ناسیۆنالیزمی ئێرانی لەگەڵ دژە مودێرنیتەی ئاڵمان کۆ دەبێتەوە” کامران ئاقایی و ئەفشین مەرعەشی A، چاوپێداخشاندنەوە بە ناسیۆنالیزم و مودێرنیتەی ئێراندا، ئاستێن: چاپەمەنیی زانستگەی تێگزاس، ٢٠١٤، لاپەڕەی ٤٩ – ٦٧ ؛ ئەفشین مەتین -ئەسغەری، هەردوو ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی: مێژووی ڕووناکبیریی مودێرنیتەی ئێران، چاپەمەنیی زانستگەی کەمبریج، ٢٠١٨.
١٣- بروجێردی، “پێکهاتە دژبەیەکەکانی ناسیۆنالیزم و شوناسی ئێرانی” ، لاپەڕەی ٤٣ .
١٤- بڕوانە مێهرزاد برووجێردی، “سەرکەوتن و دژوارییەکانی مۆدێرنیزاسیۆنی ئیستبداد لە ئێراندا”، لە ئێستفن کرۆنین(پێداچوونەوە), دروستکردنی ئێرانی مۆدێڕن: دەوڵەت و کۆمەڵگە لەژێر ڕێبەریی ڕەزا شادا، ١٩٢١- ١٩٤١، ٢٠٠٣، لاپەڕەی ١٥٣.
١٥- مەلا خەلیل شارەزایەکی ئایینی و ڕێبەری کۆمەڵگایەک بوو کە بۆ یەکێتیی و یەکبوونی کوردان لە دەوروبەری سەردەشت و پیرانشار لە دژی سیاسەتە داپڵۆسێنەرەکانی ڕەزاشا کە گرینگترینیان جلوبەرگی نوێ وەکوو نیشانەیەک بوو، خەباتی کرد.
١٦- شۆڕشی ئەمەر حەمەسوور لە ساڵی ١٩٣٩، لە گوندی قەلەڕەشی نزیک شاری سەردەشت سەری هەڵدا. شۆڕشەکەی لە دژی سیاسەتی سەربازیی زۆرەمڵیی ڕەزا شا بوو.
١٧- بڕوانە، عەباس وەلی، “ساڵە لەبیرکراوەکانی ناسیۆنالیزمی کورد لە ئێراندا، پاڵگریڤ مەکمیلان، ٢٠١٩.
١٨- بڕوانە، هوما کاتوزیان، “ڕیفۆرمی زەوی لە ئێراندا، کەیسی لێکۆڵینەوە لە ئابووریی سیاسیی ئەندازیاریی کۆمەڵگادا، گۆڤاری لێکۆڵینەوەی وەرزێڕان، ١ { ٢}، ١٩٧٤.
١٩- بڕوانە، موحەممەد جی ماجد، “سیاسەتی ڕیفۆرمی زەوی لە ئێراندا”، گۆڤاری ئەمریکایی ئابووریی کشتوکاڵ ٦٩ {٤}، ١٩٨٧، لاپەڕەی ٨٤٣- ٨٤٨؛ ئێستفن کرۆنین، سەرلەنوێ لێکدانەوەی ئێرانی مۆدێڕن: خێل و دەوڵەت لە سەدەی بیستەمدا”، لێکۆڵینەوەی ئێران ٤٢ {٣}، ٢٠٠٩، لاپەڕەی ٣٥٧- ٣٨٨.
٢٠- وەلی، عەباس، “کوردان و ئەوانی دیکە”: شوناس و سیاسەتی پارچەپارچەکراو” لێکۆڵینەوەی بەراوردکاریی باشووری ئاسیا، ئەفریقا و ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست، ١٩٩٨، دووبارە ولی، لاپەڕەی ٨٣.
٢١- عەباس ئامانات، ئیسلامی ئاخرزەمانی و شیعەی ئێرانی، لەندەن: I.B. Tauris, ٢٠١٥، لاپەڕەی ٢١١.
٢٢- بڕوانە، ئامانات، ئیسلامی ئاخرزەمانی و شیعەی ئێرانی.
٢٣- Juan Cole, “هەزارەکان لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا”، عەباس ئامانات و مەگنووس برناردسون، (ئەو کەسانەی پێێدا چوونەوە)، خەیاڵی کۆتایی: بەرجەوەندە ئاخرزەمانییەکان لە ڕۆژهەڵانی نێوەراستی کەوناراوە تاکو ئەمریکای مۆدێڕن، لەندەن: I.B. تائورێس، ٢٠٢٠، لاپەڕە ٣٢٦.
٢٤- بڕوانە، کەماڵ سولەیمانی، ئیسلام و ناسیۆنالیزمی ڕکابەری لە ڕۆژهەلاتی نێوەڕاستدا، نیویۆرک، پاڵگریڤ مەکلیلان، ٢٠١٦، لاپەڕە ٣٢- ٤١.
٢٥- بڕوانە، نیکی ئاڕ کیدی و مارک جی گاسیورۆفسکی، نە ڕۆژئاوا نە ڕۆژهەڵات: ئێران، یەکیەتیی سوڤێەت و ویلایەتە یەگکرتووەکانی ئەمریکا، چاپەمەنیی زانستگەی یەل، ١٩٩٠.
٢٦- عەبدولڕەحمان قاسملوو، ڕێبەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و، یەکێک لە دانوستانکارەکان بوو. ناوبراو وەکوو نوێنەری کوردان بۆ مەجلیسی شارەزایان هەڵبژێردرا. لە کاتێکدا ناوبراو بەرەو تاران بەڕێوە بوو، خومەینی ڕایگەیاند، ناوبراو موڕتەدە. قاسملوو قەت دەرگای وتووێژی بە ڕووی دەوڵەتدا، دانەخست. لەئاکامدا، لە لایەن دەستەی دانوستانکاری ڕێژیمی مەزهەبییەوە لەسەر مێزی وتووێژ لە ساڵی ١٩٨٩ لە ئوتریش تێرۆر کرا.
٢٧- بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵە لە ١٣ی نۆڤەمبەری ١٩٨٩.
٢٨- زنجیرە دانیشتنێکیان لە سنە و تاران لەگەڵ ڕێژیم هەبوو. ڕێژیم بەڵێنی دابوو خودموختاری بدات بە کوردستان، پەیمانێک کە هەر زۆر زوو لە لایەن ڕێژیمەوە پێشێل کرا.
٢٩- لێکەوتەکانی هێرشی ڕێژیم بۆ سەر ڕۆژهەڵات و پەرەئەستاندنی سیاسی و نیزامیی دوایی، هیچکات لە ڕەوتی میژوونووسیی ئێراندا ئاماژەی پێ نەکراوە. مێژوونووسانی ئێتنیکی سەردەست نایانهەوێ شوێنێک بۆ ئەم جۆرە ڕووداوانە لە نووسینە مێژوویییەکانی خۆیاندا بکەنەوە، هەربۆیە هاودەستی دەوڵەت بوون بۆ لە پەڕاوێزخستن و تاوانکاری لەهەمبەر شوناس و فەرهەنگی کورد. بۆ نموونە، ئەمیر ئەرجومەندی دەڵێ: عەمامە بۆ تاج: شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، چاپەمەنیی زانستگەی ئاکسفۆرد، ١٩٨٩، موحسین میلانی، دروستکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران: لە پاشایەتییەوە تاکو کۆماری ئیسلامی، چاپەمەنیی وێست ویو، ١٩٩٤؛ سەعید ڕەهنما و سۆراب بێهداد، ئێرانی پاش شۆڕش، قەیرانی دەوڵەتێکی ئیسلامی، I.B. Tauris, ١٩٩٦؛ میساق پارسا، سەرچاوە کۆمەڵایەتییەکانی شۆڕشی ئێران، چاپەمەنیی زانستگەی ڕاتگێرس، ١٩٨٩؛ عەلی قەیسەری و وەلی نەسر، دێمۆکراسی لە ئێراندا: مێژوو و تێکۆشان بۆ ئازادی، چاپەمەنیی زانستگەی ئاکسفۆرد، ٢٠٠٦؛ حەمید دەباشی، ئیلاهیات و ناڕەزایەتیی، بنەمای ئیدیۆلۆژیکی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێراندا، Transaction Publishers, 2003; عەلی میرسپاسی، دێمۆکراسی لە ئێرانی مۆدێڕندا، ئیسلام، فەرهەنگ و گۆڕانکاریی سیاسی، چاپەمەنیی NYU، ٢٠١٠؛ عەلی محەممەد ئینساری، سیاسەتی ناسیۆنالیستی لە ئێرانی مۆدێڕندا، چاپەمەنیی زانستگەی کەمبریج، ٢٠١٢؛ عەباس ئامانات، ئێران: مێژوویەکی مۆدێڕن. New Haven, CT: چاپەمەنیی زانستگەی یەل، ٢٠١٧؛ ئەسکەندەر سادقی- برووجێردی، شۆڕش و ناڕەزایەتییەکانی، فیکری، سیاسی و ڕیفۆرم لە ئێراندا، چاپەمەنیی زانستگەی کەیمبریج، ٢٠١٩.
٣٠- بڕوانە، مەعڕووف کەعبی، “لە پەراوێزخستنی مێژووی کوردان”، M. Litt. نامەی کۆتایی دەرچوون(تێز)، زانستگەی ست ئەندروز، نامەی ماستەر کە بڵاو نەکراوەتەوە، ٢٠١٥.
٣١- بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: https://www.nytimes.com/2003/11/29/world/sadegh-khalkhali-77-a-judge-iniran-who-executed-hundreds.html { دەستپێڕاگەیشتن ٥ی ژانویەی ٢٠٢٠}.
٣٢- بڕوانە کەعبی؛ “لە پەراوێزخستنی مێژووی کوردان”، ٢٠١٥.
٣٣- هەروەها چیرۆکی نەوتراوی دیکە لە کوشتار و لەسێدارەدانی بەربڵاو لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشدا هەیە و دەتوانین ئاماژە بە گرینگترینیان وەکوو ئێعدامە بەکۆمەڵەکان لە سنە، پاوە، سەقز، کرماشان و مەریوان لە ساڵی {١٩٧٩} و، هەروەها قەتلوعامەکان لە زۆربەی گوندەکانی کوردستان وەکوو دێمەسوور، جافرئاوا، مەرجان ئاوا و سەوزی {لە دەوروبەری مەهاباد} دیلانچەرخ، هەڵەبی، کۆخان، کەرێزەی شێخان، خەلیفان و گۆڕخانە و وێنسیلان { لە دەوروبەری نەغەدە}، هەڵەقۆشک و گێچە لە ناوچەی سۆما لە ورمێ، چەقەڵمستەفا؛ دژبرێک ئاوا، گوندەوێڵە و دووئاوان، { شنۆ} بکەین.
٣٤- بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: https://www.youtube.com/watch?v=4pGA11WPqkA {دەستپێڕاگەیشتن ٥ی ژانویەی ٢٠٢٠}.
٣٥- بڕوانە، کامرەوا مێهران، ڕۆژهەلاتی نێوەڕاستی مۆدێڕن: مێژووی سیاسی لە سەردەمی شەڕی جیهانیی یەکەمدا، چاپی سێهەم، بێرکڵی: چاپەمەنیی زانستگەی کالیفۆڕنیا، ٢٠١٣.
٣٦- ئەحمەدینژاد گومانی لەسەرە کە لە تێرۆری قاسملوودا بەشدار بووبێ. هەروەها ئەو قۆناغی یەکەمی چالاکییەکانی خۆی لە ناوچەی ئازەری و کوردان وەکوو ئەندامێکی سپا و ئیتلاعات، تێپەڕاند. بڕوانە: https://www.theguardian.com/world/2005/jul/04/iranlukeharding. {دەستپێڕاگەیشتن ٢٥ی فیوریەی ٢٠٢٠}.
٣٧- ڕۆحانی، عەلی یونسیی وەکوو هاریکاری تایبەتیی سەرۆککۆمار بۆ کاروباری کەمینە ئێتنیکی و مەزهەبییەکان، دەستنیشان کرد. هەروەها، لە سەردەمی سەرۆککۆماریی ناوبراودا، زانستگەی کوردستان یەکەمین بەشی زمان و فەرهەنگی کوردی کردەوە. بەهەرحاڵ، ئەم چالاکییەش وەکوو چالاکییە هاوشێوەکانی دیکە بە پشتیوانی و ڕێنوێنیی وێژمان(دیسکۆرس)ی زاڵی فارسی شكڵی گرت و هەر لەو بازنەیەشدا مایەوە، لەجیاتیی ئەوەی بەرگری لە کورد و کوردان بکات.
٣٨- خەڵک کردنە جاش.
٣٩- بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم چەمکە بڕوانە، ئەحمەد محەممەدپوور و کەماڵ سولەیمانی، “بەدواداچوونی خێڵ: ئاپۆڕای “خێڵەکی” لە لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، جوڕناڵی کۆمەڵناسیی بریتانیا، ٢٠١٩، DOI:10.1111/1468-4446.12656 {دەستپێڕاگەیشتن ٢٥ فیوریەی ٢٠٢٠}.
٤٠- خواستەکانی شۆڕش.
٤١- بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە، سولەیمانی و محەممەدپوور، ” ئەمنییەتیکردنی ژیان، لاپەڕەی ٨ – ١٠.
٤٢- لە کوردیدا باش مانای ‘good’ دەدات.
٤٣- دەقاودەق یانی واتە جاشقەڵەم.
٤٤- سولەیمانی و محەممەدپوور، ” ئەمنییەتیکردنی ژیان” لاپەڕەی ١١.
٤٥- بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە، سەعید گوڵکار، کۆمەڵگای ئەسیر: بەسیجی میلیشیا و کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگا، نیویۆرک: چاپەمەنیی زانستگەی کەیمبریج، ٢٠١٥.
٤٦- ڕیچارد ئێڵ ڕۆبنشتاین، جیهاد و جێنۆساید(کۆمەڵکوژی)، ڕۆمەن و چاپەمەنیی لێتڵفیڵد، ٢٠١٠، لاپەڕەی ١٥٣.
٤٧- بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە، سولەیمانی و محەممەدپوور، “ئەمنییەتیکردنی ژیان” لاپەڕەی ٨- ١٢.
٤٨- بڕوانە، پیتر ئاڕ ئێشمیت و تۆماس سی پەترسۆن (ئیدیت.) دروستکردنی ئەڵترناتیڤی مێژوویی: نمایشی شوێنەوارناسی و مێژوو لە ڕێکخستنی غەیرە ڕۆژئاواییدا، Santa Fe, NM: چاپەمەنیی زانستگەی ئەمریکا، ١٩٩٥.
٤٩- بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە، لۆرنزۆ وراسینی، کۆڵۆنیاڵیزمی هاوردەکان: چاوپێداخشاندنەوەیەکی تیۆری، پاڵگریڤ مەکلیلان، ٢٠١٠؛ ئێدوارد کاواناگ و لۆرنز وراسینی، کتێبی ڕاتلێج سەبارەت بە مێژووی کۆڵۆنیاڵیزمی هاوردەکان، ٢٠١٦.
٥٠- بڕوانە وێبسایتەکەیان، http://78.39.231.130/ {دەستپێڕاگەیشتن، ١٥ی مارسی ٢٠٢٠}.
٥١- شوێنکەوتووانی ئەحمەد موفتی زادە، زانایەکی ئایینیی کورد کە دژی ڕێژیم بوو، پاش دە ساڵ بەندکران لە ساڵی ١٩٩٣ لە حەبسی نێوماڵ لە ماڵەکەی خۆیدا مرد. بەشێک لە شوێنکەوتووانی ناسراوی ناوبراو زیندانی درێژماوەیان بۆ بڕایەوە، دوورخرانەوە{ تبعید} و، تێرۆر کران.
٥٢- شوێنکەوتووانی فیرقەی ئورتودۆکسی موسوڵمانی سوننە لە لایەن محەممەد بن عەبدولوەهابەوە لە ساڵی (1703–92) دامەزرا; ئەم فیرقەیە هەنووکەش هێزێکی مەزهەبیی زاڵ لە عەرەبستانی سعودین.
٥٣- http://kurd.ismc.ir/ {دەستپێڕاگەیشتن ١٠ی مارسی ٢٠٢٠}.
٥٤- بۆ وێنە بڕوانە، http://old.ido.ir//n.aspx?n=13910209014{دەستپێڕاگەیشتن ١٠ی مارسی ٢٠٢٠}.
٥٥- http://www.irna.ir/fa/News/82676537 {دەستپێڕاگەیشتن ١٠یمارسی ٢٠٢٠}.
٥٦- xxxxx چاوپێکەوتن لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی شاری بانە – پارێزگای سنە، لە هاوینی ٢٠٠٥ دا.
٥٧- بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە، لیۆ مارگارد، سیاسەتی کۆلۆنیالیستیی ئەفریقای باشوور. ژوهانسبێڕگ: دامەزراوەی پەیوەندیی ڕەگەزی، 1957; پابلۆگونزالێز کاسانۆڤا، “کۆڵۆنیاڵیزمی ناوخۆیی و گەشەی نەتەوەیی”، لێکۆڵینەوەی بەراوردکارانەی پەرەپێدانی نێونەتەوەیی ١ {٤}، ١٩٦٥، لاپەڕەی ٢٧- ٣٧؛ ڕابێرت بڵونێر، “کۆلۆنیاڵیزمی ناوخۆیی و شۆڕشی گتۆ” کێشە کۆمەڵایەتییەکان، ١٦ {٤}، ١٩٦٩، لاپەڕەی ٣٩٣- ٤٠٨؛ مایکڵ هێشتەر، کۆلۆنیاڵیزمی ناوخۆیی: پەراوێزی سێڵتیک لە گەشەی نەتەوەییی بریتانیادا، چاپەمەنیی زانستگەی کالیفۆڕنیا، ١٩٧٥ ڕابێرت پێکهام، “کۆڵۆنیاڵیزمی ناوخۆیی” نەتەوە و هەرێم لە یونانی سەدەی نۆزدەیەمدا، لە M Todorova (پێداچوونەوە)، شوناسەکانی باڵکان: نەتەوە و یادەوەری، نیویۆرک: چاپەمەنیی زانستگەی نیویۆرک، ٢٠٠٤، لاپەڕەی ١٥- ٤٣.
٥٨- ڕێژیم ئاژەڵداریی قەدەخە کرد، چونکە شوانەکان ببوونە ئاڵقەی پێوەندیی نێوان خەڵک و بەرگریکارانی کوردەوە.
٥٩- بڕوانە سولەیمانی و محەممەدپوور، “ئەمنییەتیکردنی ژیان”.
٦٠- لە چاوپێکەوتنەکانی ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٩، لەگەڵ بەرپرسانی پلەباڵای سنە/ پارێزگای سنە وەرگیراوە. هەروەها، بڕوانە، https://www.radiozamaneh.com/262340 { دەستپێڕاگەیشتن ١٥ی مارسی ٢٠٢٠}.
٦١- لە کوردیدا، کۆڵبەری ئاماژەیە بۆ (لاو و پیر) کە کاری سەرسنوور دەکەن، واتا ئەوەی خەڵک پێی دەڵێن کۆڵبەر، کاڵاکان لە پشتی خۆیان دەنێن و لەم دیوی سنوورەوە بۆ ئەو دیوی سنوورەکانی ئێران، ئێراق و تورکیە دەیانگوازنەوە. کۆڵبەری یەکێک لە کارە هەرە مەترسیدارەکانە و، ڕۆژانە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی ئێرانەوە تەقەیان لێ دەکرێ، یان بە هۆی بەربوونەوە لە کوێستان و ڕەوەزەبەردەکان، کەوتنە نێو مەیدانی مین و مانەوە لە کڕێوە و سەرمادا، گیان لەدەست دەدەن.
٦٢- بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە، سولەیمانی و محمەممەدپوور، “ژیان و کار لەسەر لێواری کۆلۆنیالیزمی ناوخۆییدا”.
٦٣- سەرچاوەکان: بەختیار کەریمی، “شیکردنەوەی فاکتەرەکانی پەیوەندیدار بە چاپەمەنییە ناوچەیی و خۆجێییەکان لە ڕوانگەی چالاکان و کارمەندانی چاپەمەنییەکانەوە لە پارێزگای سنە”، زرێبار (83&84), ٢٠١٣، لاثەڕەی ٢٢٢- ٢٢٥ ؛ سەید شەهاب خزری، پێرستی کتێب و گۆڤار لە کوردستاندا، سیمورغ، ٢٠٠٩، [ بە فارسی ].
٦٤- ئێمە لێرەدا تەنیا پشتمان بە ئێتنۆگرافی { شێوە لێکۆڵینەوەی مەیدانی} ی خۆمان و دەیتابەیسەکان لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنەکان، بەستووە.
٦٥- https://www.kurdistan24.net/en/news/0de56fbc-6c68-48d6-b0a1-630362546ecd {دەستپێڕاگەیشتن ١٥ی مارسی ٢٠٢٠}.
٦٦- هەروەها ئێمە، لێرەدا تەنیا پشتمان بە ئێتنۆگرافی {شێوە لێکۆڵینەوەی مەیدانی} ی خۆمان و دەیتابەیسەکان لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنەکان، بەستووە.
٦٧- سولەیمانی و محەممەدپوور، ئایا غەیرەفارسەکان دەتوانن قسە بکەن؟
٦٨- بڕوانە، https://www.isna.ir/news/ورود-تست-بسندگی-زبان-فارسی-به-سنجش-سلامت-نوآموزان-در-دستور/9803080337
٦٩- دەبلیو. ئی. دی بۆیس، ڕەنگ و دێمۆکراسی: کۆلۆنیالیزم و ئاشتی، هارکۆرت: برەیس و کۆ، ١٩٤٥.
سپاس و پێزانین
نووسەران سپاسی ورنرهێرتزۆگ، بنیامین میچڵ، ڕۆتفێرێس ئایند، مەعڕووف کەعبی، ئێلکساندێر گانووت، بۆ خوێندنەوەی بابەتەکەی ئێمە و دەربڕینی بیر و بۆچوونە بەپێزەکانیان و، هەروەها هەمزە محەممەدی بۆ پێدانی زانیاریی بەنرخ، دەکەن. هەروەها سپاسی ڕەخنەگرانی نەناسراو و ئێدیتۆرەکان، شەرارە فروزش و ئالیسۆن کادێک، بۆ فیدبەکە سوودمەندەکانیان دەربارەی ڕەشنووسەکانی ئەم وتار دەکەین.
بەیانی ڕاشکاوانە
هیچ دژوازییەکی هێزەکی(بیلقووە) لە لایەن نووسەرانەوە بەدی نەکراوە.
تێبینی دەربارەی هاوکارەکانەوە
ئەحمەد محەممەدپوور، مرۆڤناسێک(ئەنترۆپۆلۆژیست)ی کۆمەڵایەتییە. ناوبراو دوکتۆرای کۆمەڵناسییەکەی لە زانستگەی شیرازی – ئێران وەرگرتووە. هەروەها بەربژێری دوکتۆرای مرۆڤناسی(ئەنترۆپۆلۆژی) لە زانستگەی ماساچوست- ئەمهێرستە و کۆرسی پێوەندیدار بە ناسیۆنالیزم و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێتنیکی- مەزهەبی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی هاوچەرخدا، دەڵێتەوە. بازنەی لێکۆڵینەوەکانی محەممەدپوور دەربارەی کەمینە ئێتنیکی- مەزهەبییەکان و ئابووریی سیاسیی گەشەبڕی لە ئێراندایە، کە تیشکی خستووەتە سەر کوردانی ڕۆژهەڵات. ناوبراو تاکو ئێستا هەشت لێکۆڵینەوەی دەربارەی بابەتێک نووسیوە و، زیاتر لە ٦٠ وتاری زانستیی بە زمانی ئینگلیسی، کوردی و فارسی بڵاو کردووەتەوە. بەرهەمەکانی محەممەدپوور بە بەربڵاوی دەربارەی کوردستانەوەیە بە لەبەرچاوگرتنی مودێلی ئێتنۆگرافی لەسەر بنەمای گراندێد تیۆری لە ئێراندا. وتارەکانی محەممەدپوور لە جوڕناڵە جۆراوجۆرە نێونەتەوەیییەکانی وەکوو جوڕناڵی کۆمەڵناسیی بریتانیا، وەرزنامەی جیهانی سێهەم، ئێتنیکییەکان و چەندایەتی و چۆنایەتی، جوڕناڵی نێونەتەوەییی مێتۆدناسی(شێوازناسی)، جوڕناڵی ئینگلیسیی لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جوڕناڵی نێونەتەوەییی لێکۆڵینەوەکانی چۆنایەتیی تەندروستی و خۆشبژێوی، بڵاو بووەتەوە.
کەماڵ سولەیمانی شارەزای مێژوو و سیاسەتی ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. سولەیمانی دوکتۆراکەی لە میژووی ئیسلام و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانستگەی کوڵۆمبیا لە نیویۆرک وەرگرتووە و، لە زانستگە جۆراوجۆرەکانی جیهاندا وانەی گوتووەتەوە. سولەیمانی نووسەری چەندین وتاری جۆراوجۆری زانستییە کە لە جورناڵە گرینگەکانی ئەکادێمیدا وەکوو جوڕناڵی کۆمەڵناسیی بریتانیا، وەرزنامەی جیهانی سێهەم، ئێتنیکەکان، لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانی ئیسلامدا، بڵاو بووەتەوە. نووسراوەکانی سولەیمانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمای کوردی { سۆرانی، کورمانجی}، فارسی، عەرەبی و تورکی. سولەیمانی لە کتێبەکەی خۆیدا، ئیسلام و ناسیۆنالیزمی ڕکابەری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا (Palgrave, 2016), بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی بنچینەییی لێک گرێدانی ئیسلام لە سەرهەڵدانی دەوڵەت نەتەوەدا، بنچینەکانی مەعریفەناسیی [epistemologies] دەوڵەت نەتەوە دەباتە ژێر پرسیارەوە. ناوبراو ڕوونی دەکاتەوە کە ململانێ و دژکردەوەکانی ناسیۆنالیزم و بیری ئایینی لە مێژووی مۆدێڕنی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاستدا چۆن لەبەرانبەر یەکتریدا یاری دەکەن.
ئەحمەد محەممەدپوور http://orcid.org/0000-0002-7768-4653
کەماڵ سولەیمانی http://orcid.org/0000-0003-0370-5930
داگرتنی بابەت



