ئارامتر بخوێنەوە
کاریگەریی ناسیۆنالیزم و کوڵۆنیالیزم لە سەر بیری ئیسلامیی هاوچەرخ[1]
کەماڵ سلێمانی
و. ڕێبوار ڕۆژهەڵات
شارستانییەتی ئیسلامیی ئێمە … منداڵێکە، نەرمونیانیی لە دایکە ئاریایییەکەی و، مەزنی و گەورەیییەکەشی لە باوکە سامییەکەی بە میرات بۆ ماوەتەوە، بەبێ فەتحی ئێران، شارستانییەتی ئیسلامی، شارستانییەتێکی یەکلایەنە دەبوو.
–محەممەد ئیقباڵ، تێڕامانە پڕشوبڵاوەکان
شیعە خاڵی بەیەکگەیشتنی ڕۆحی ئاریایی و سامییە.
–عەلی شەریعەتی، دووبارەناسینەوەی شوناسی ئێرانی – ئیسلامی
ڕەگەزپەرەست نیم، بەڵام لە عەڕەبان بێزارم.
— مامۆستایەکی زانستگەی تاران (لە “علم صالح”، 2013 وەرگیراوە)
پێشەکی
لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم کاریگەریی ناسیۆنالیزم و کۆلۆنیالیزم لەسەر هزری ئیسلامیی مۆدێڕن بخەمە ڕوو. مەبەستی من لە هزری ئیسلامیی مۆدێڕن، ئەو فۆڕم و شێوازانەیە کە لە ئاخروئۆخری سەدەی 19دا پەرەی پێ دراوە کە موسوڵمانەکان لەو ڕێیەوە، سەرلەنوێ ئیسلام لێک دەدەنەوە و دایدەڕێژنەوە، داگەڕان و مەیلی گشتیی خەیاڵ و سەرلەنوێ خوێندنەوەیان لە ئیسلام، تاوتوێ دەکەن. بە بۆچوونی من هزری ئیسلامیی مۆدێڕن خاوەنی چەند تایبەتمەندیی بنەڕەتییە کە بەڵگەیە بۆ کاریگەریی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوا لەگەڵ جیهانی ئیسلام. بۆ ئەم کارە، بەبێ سنووردارکردنی بابەتەکەم بۆ کەسایەتییەک یان شوێنێکی تایبەت، کۆمەڵێک نموونەم هێناوەتە بەرباس و کۆمەڵێک حاڵەتی جیاوازیش شەنوکەو دەکەم تا ڕوونی بکەمەوە کە چۆناوچۆن موسوڵمانانی مۆدێڕن، بە گشتی وێژمان(دیسکۆرس)ی کۆلۆنیالیزمیان سەبارەت بە ئایین، نەتەوە و دەوڵەت، دەروونی کردووە. هزری سیاسیی ئیسلامی مۆدێڕن بە شێوەیەکی بەرچاو و توندئاژۆیانە(ڕادیکاڵ) سەرنجی داوەتە کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی دەوڵەت، ئەمە لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتی مۆدێڕن لەبنەڕەتدا ناسیۆنالیستییە و لە ڕێی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی خەیاڵی نەتەوەییی کۆمەڵگەکان مەشرووعییەت بە خۆی دەبەخشێ. مەیل بۆ کۆنتڕۆڵ و دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەت ئەوەمان پێ نیشان دەدات کە ئیسلامیزم چۆن دەڕوانێتە “ئەمری سیاسی”. لە لایەکی دیکەوە ئەم ئەمرە نیشانەی ئەم واقعییەتەشە کە سەرەڕای دوژمنایەتیی ڕواڵەتی لەگەڵ ڕەهەندەکانی مۆدێڕنیتە، لە بنەڕەتدا ئیسلامیزم بەهۆی خودی بەستێن و پێکهاتەکەی، وڵامەکانی بۆ مۆدێڕنیتە و ناوەندخودازیی دەوڵەت – نەتەوە لە ئیسلامیزمدا، خۆیشی دیاردەیەکی مۆدێڕنە.
ئەم وتارە ئاوڕ لە کاریگەریی ناسیۆنالیزم لەسەر هزری ئیسلامیی مۆدێڕن دەداتەوە و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هزری مۆدێڕنی ئیسلامی لانیکەم چەند تایبەتمەندیی بنەڕەتیی هەیە کە لە ئیسلامی پێش مۆدێڕنی جیا دەکاتەوە. موسوڵمانانی مۆدێڕن، وێژمانی کۆلۆنیالیزمیان سەبارەت بە ئایینی خۆیان دەروونی کردووە و هەر بۆیە هزرە ئیسلامییەکەیان بە قووڵی لەژێر کاریگەریی تیۆرییە ڕەگەزپەرستییەکانی کۆلۆنیالیزم و ناسیۆنالیزمی مۆدێڕندایە. هزری ئیسلامیی مۆدێڕن بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ لەگەڵ هزری کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی دەوڵەتی مۆدێڕن – کە بۆخۆی لە بنەڕەتدا دیاردەیەکی ناسیۆنالیستییە – تێکەڵاوە.
سەرەڕای ئەوەی کە ئەم توێژینەوەیە، لەنێوان “ئیسلام” و “ئیسلامیزم”دا، جیاوازی دادەنێت، بەڵام بەپێچەوانەی “بەسام تییبی”[2] لەگەڵ بۆچوونی “ئیسلامیزم، ئیسلام نییە” کۆک نیم.[3] بێگومان ئیسلام بەرفراوانتر و بەربڵاوتر لە ئیسلامیزمە. سەرەڕای ئەمە، ئیسلامیزم یەکێک لە جۆرەکانی ئیسلامە. هەروەها هەڵوێستی “تییبی” لەو شوێنەدا پاساوهەڵگر نییە کە پێی وایە “ئایینی بوونی سیاسەت [یان ئیسلامیزم] بە مانای بڵاوبوونەوەی نەزمێکی سیاسییە کە لەوێدا حاکمییەت و دەسەڵات لەجیاتیی سەرچاوەی خەڵکی و گشتگیربوونی، لە ئیرادەی خوداوە سەرچاوە دەگرێ.”[4] ئەم ئیددیعایەش کە ناوبراو دەڵێ “ئەمە خودی ئیسلام نییە کە ئەم کارە دەکا”[5] هەڵەیە، چونکە لێکدانەوەی ناوبراویش لە ئیسلام دەتوانێ خۆی یەکێک لەو لێکدانەوانە بێت کە لەسەر ئیسلام هەیە. نە هیچ سەرچاوەیەکی قوڕئانی دەربارەی چەمکی مۆدێڕنی حاکمییەتی گشتی هەیە و نە هەموو لێکدانەوەکانی ئیسلامیستەکان بە شێوەی ئاشکرا دژایەتییان لەگەڵ حاکمییەتی خەڵک هەیە. بۆ وێنە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران داکۆکی لە سیستەمێکی نەگونجاو دەکا کە بە شێوەی تیۆری هەم لە ئیرادەی خودا و هەم حاکمییەتی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێ؛ لەو شوێنەدا باس لەوە دەکا کە شۆڕشی ئێران “هەوڵ دەدا لە سیستەمە تۆتالیتێرەکان خۆ بەدوور بگرێ و، چارەنووسی خەڵک بە گوێرەی قوڕئان بداتە دەست خودی خەڵکەوە” (بڕوانە پێشەکیی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەختکردنەوەکان ئی نووسەرن).[6]
ئیسلامیزم فۆڕمێکی نوێی ئەحیاگەریی ئیسلامییە کە وەکوو ناسیۆنالیزمی ئەزەلیخواز بۆ جەعلی “ڕابردوو”یەکی دڵخواز هەوڵ دەدات کە هەم لە خزمەتی ئێستایدا بێ و هەمیش دە هەڵمەتانی بگرێ و تووشی ئالەنگاریی بکات[7]. لەم ڕووەوە لەگەڵ بۆچوونەکانی بابی سەیید[8] هاوڕام کە دەڵێ “ئیسلامیزم وێژمانێکە کە دەیهەوێ ئیسلام لە ناوەندی سیستمی سیاسی دابنێ.”[9] هاوکات لەگەڵ ئەو بۆچوونەشی نیم کە پێی وایە “ئەحیای ئیسلامی ئێستا و دڵەڕاوکێیەکانی سەبارەت بە ئیسلامیزم، دەکرێ نیشانەی دەسەڵات گرتنەوە و گەڕانەوەی سەرکوتکراوان بێت.”[10] وەها هەڵسەنگاندنێک نەتەنیا دەربڕینی جۆرێک هاودڵی و دەربڕینێکی سۆزدارانەیە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ڕیوایەتی مێژوونووسیی موسوڵمانان لە خۆبەقوربانی زانینیانیشە. هیچ شک و گومانێک لەوەدا نییە کە جیهانی ئیسلام یەکێک لە قوربانییانی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوایە. سەرەڕای ئەمە، ئیمپراتۆرییەکان و دەوڵەتە ئیسلامییەکان، بۆخۆشیان لە کۆلۆنیالیزمی ئەوانی تردا بەشدار بوون و تەنانەت کۆمەڵکوژیشیان کردووە.[11] ڕەنگە جێی خۆی بێ وەبیر “سەیید” بێنینەوە کە یەکەمین کۆمەڵکوژیی سەدەی 20 (کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان) خودی موسوڵمانان کردوویانە. کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان یەکێک لەو کارە قێزەون و زاڵمانەکانە کە موسوڵمانان لە دژی کۆمەڵە غەیرە موسوڵمانەکانی دیکە، وەکوو کۆمەڵکوژیی بەرین و بەربڵاوی ئیزەدییەکان کردوویانە و ئەم شێوە کارانە لە کۆتایییەکانی سەردەمی عوسمانیدا کەم نین.[12] جێی وەبیرهێنانەوەیە کە بەشێک لە کار و کردەوە و سیاسەتی سیاسەتمەدارانی موسوڵمانی تورک وەکوو ئاتاتورک، تەنانەت کاریگەریی لەسەر ئادۆڵف هیتلەریش داناوە.[13]
منیش وەکوو “سەیید” خۆ لە بەکارهێنانی وشەی “بناژۆخوازی (بونیادگەرایی)”[14] دەبوێرم، نەک هەر لەبەر ئەوەی ئەم چەمکە زۆر گونجاو نییە، بەڵکوو زیاتر لەبەر ئەوەی کە دەکارکردنی چەمکێکی وەها بەم مانایەیە کە بانگەشەی ئیسلامیستەکانمان سەربارەت بە ئیمکانی گەڕانەوە بۆ “سەدری ئیسلام ” و ڕاڤەی “دروستی بنەماکان”ی بە هێند گرتووە. هەر بۆیە دەکارکردنێکی وەها دەتوانێ ئێمەش وەکوو “تییبی” تووشی هەڵە بکات کە پێی وایە “ئیسلامیزم، ئیسلام نییە.”[15] کە بە هەڵوێستێکی وەها ، ئێمە خۆمان تووشی ڕاڤەیەکی دیکەی بناژۆخوازانە، زاتگەرایانە و لایەنگرانە لە چییەتیی چەمکی “ئیسلامی ڕاستەقینە” دەکەین. هەر وەکوو پێشتر باس کرا، لەسەر ئەو باوەڕە نیم کە ئیسلام و ئیسلامیزم یەک شت بن و هیچ جیاوزییەکیان لەنێودا نەبێ، بەڵام ئیسلامیزم یەکێک لە جیددیترین لێکدانەوەکانی نێو ئیسلامە، ئەگەرچی لەوانەیە –لانیکەم وەکوو بابەتێکی توێژینەوەیی– هیچ لێکدانەوەیەک لەسەر ئیسلام نەبێ کە ئەم ئایینە لە حاڵەتی گشتیدا دووبارە وێنا بکاتەوە. واتا ناتواندرێ لێکدانەوە ئایینییەکان لەگەڵ خودی ئایین وەکوو حاڵەتێکی گشتی بە یەک شت دابندرێن.
سەرەڕای ئەم بۆچوونە، ئیسلام وەکوو ئەمرێک جیا لە لێکدانەوە و باوەڕی موسوڵمانان، دەکرێتە ئایینێکی بێبەستێن و نامێژوویی. ئەمە هەر ئەو هەڵەیەیە کە ئیسلامیستەکان ئەو کاتە دەیکەن کە پێیان وایە “پەیامی خودا” و تێگەیشتنیان لەوبارەیەوە یەکسانە. لێرەدا نامهەوێ باسی ئەوە بکەم کە “ئیسلامی ڕاستەقینە” یان “سەرەکی” لەوانەیە هەبێ یان نەبێ. تەنیا بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی هزری ئیسلامیی مۆدێڕن و ئەحیاگەران لە ڕێگەی نموونە جیاوازەکانەوە تاوتوێ دەکەم، بۆ ئەوەی پێشانی بدەم کە چۆن کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوا کاریگەریی لەسەر ئەحیاگەریی ئیسلامی مۆدێڕن داناوە.
باقی وتارەکە بەم شێوەیە باس دەکەم: لە بەشی دووهەمدا بە کورتی حەولودەولی موسوڵمانان دەربارەی مێژووسڕینەوە لە ئیسلام و مەیل و ئارەزوویان بۆ گونجاندنی ئیسلام لەگەڵ پێویستییەکانی سەردەم لەژێر کاریگەریی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوادا شەنوکەو دەکەم. لە بەشی سێهەمدا وێڕای باسکردنی نموونەی دوو بیرمەندی موسوڵمانی مۆدێڕن، محەممەد عیمارە و عەلی شەریعەتی، هەوڵ دەدەم ڕوانگەی “ڕەگەزپەرەستانە” و ڕەگەزی لە هزری ئیسلامیی مۆدێڕندا بورووژێنم. لە بەشی چوارەمدا، کاریگەریی ناسیۆنالیزم لەسەر هزری ئیسلامیی مۆدێڕن تاوتوێ دەکەم. لەم بەشەدا سووکەئاوڕێک لە سیاسەتی حکومەتە ئیسلامییەکان لە ئێران و تورکیە دەدەمەوە، تا ڕوون بێتەوە کە بەپێچەوانەی بۆچوونی دەوڵەتانی ئیسلامیست، ئەمە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و پێوەندیی نێوخۆییی دەسەڵاتە کە هێڵە گشتییەکانی سیاسەتەکانیان دیاری دەکات.
هزری ئیسلامی و کاریگەریی کۆلۆنیالیزم
“فەیسەڵ دیوجی”[16] زانا و شارەزای بواری ئیسلام، بە ئیلهام وەرگرتن لە بۆچوونی “ویلفرێد کانتوێڵ سمیت”[17] لەسەر ئەو بنەمایە کە “وەکوو ئەوەی کە ئیسلام دەڵێی تەنیا لە دەرەوەی خۆی، خۆی دەبینێ”[18] دوو تێبینیی گرینگ باس دەکات کە هەردووکیان نیشانەی سروشتی پۆستکۆلۆنیالیزمی ئیسلامی مۆدێڕنن: جەخت لەسەر بەکارهێنانی “ڕۆحی ئیسلام” و “ئیسلام” وەکوو ناوێکی تایبەتی دەکاتەوە کە لە ئاخروئۆخری سەدەی 19دا بە شێوەیەکی بەربڵاو جێ کەوتووە. “دیوجی” گرینگییەکی یەکجار زۆر بە کتێبی بیرمەندی شێوە قاڕەی هیند، “سەید ئەمیر عەلی”[19] بە ناوی “ڕۆحی ئیسلام”[20] دەدات کە لە ساڵی 1891 نووسراوە. “دیوجی” تاڕادەیەک ئەم کتێبە بە مزگێنیدەری دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە خۆناسینی بەکۆمەڵی موسوڵمانان و سەرلەنوێ لێکدانەوەیان لەسەر ئیسلام دادەنێ.[21] ئەم ڕوانگە نوێیەی کەسانێکی وەکوو ” ئەمیر عەلی” بووە هۆی ئەوە کە ئیسلام بە شێوەیەکی بەرین و بەربڵاو وەکوو ئیدئۆلۆژییەکی سیاسی دابڕێژرێ و، ڕێ بۆ ڕووناکبیرانی موسوڵمانی غەیرە ئایینی وەکوو ئیدئۆلۆگە ئیسلامییەکان خۆش بکات.
” ئەمیر عەلی” لە کتێبەکەی خۆیدا، چەندین جار چەمکی “ڕۆح” لە بەستێنی جیاوازدا بۆ ناوەندسڕینەوە لە نەریتی بەستێنخوازیی دیرۆکی موسوڵمانان دووپاتە دەکاتەوە. بەکارهێنانی ئەم چەمکە نیشانەی کاریگەریی جۆرێک هێگێلیزم و داگەڕان و مەیلی یەکجار زۆر بۆ گشتیخوازیمان پێشان دەدات. هاوکات، سەلمێنەری سروشتی پۆست کۆلۆنیالیستیی هزری مۆدێڕنی ئیسلامی و کاریگەریی کۆلۆنیالیزم لەسەر گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانیشیەتی. ڕوونکردنەوەی خوارەوەی “ئەمیر عەلی” لەلایەک مانای “ڕۆح” پێشان دەدات و، لەلایەکی دیکەشەوە پێداگریی موسوڵمانانی مۆدێڕن بۆ مێژووسڕینەوە لە ئیسلام بۆ گونجاندنی لەگەڵ “ڕۆحی سەردەم/ڕۆحی زەمانە”[22] وێنا دەکات کە دەڵێ “موسوڵمانانی ئەمڕۆ هەر لە وشە و مانای لەفزیی قوڕئان و ئیسلام فکریون و لە ڕۆحەکە بێئاگان.”[23] هەوڵێکی وەها بۆ بەستێنسڕینەوە لە ڕابردووی ئیسلام یان دابڕانی لە سەرچاوە شەرعییەکان، هەوڵێکی نوێ لە مێژووی ئیسلامدا بوو. لەمەودوا موسوڵمانان خەریکی دۆزینەوەی چوارچێوەی جیهانیی پەیامی خودا، ڕوونکردنەوەی فەلسەفەی وجودییەکەی[24] و، گۆڕینی هەر جۆرە دەقێک بوون کە دەیتوانی جیهانیبوونی ئیسلام بخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەمە بۆخۆی بەتەنیا نیشانەی حزووری ئەویتری غەیرە موسوڵمان و هەوڵی موسوڵمانان بۆ ناساندنی ئیسلام بە ئەویتری ڕۆژئاوایییە. هەر بۆیە ئیسلام دەبێ بە بەردەوامی لەژێر سێبەری حزووری ئەویتری ڕۆژئاواییدا سەرلەنوێ پێیدا بچنەوە.
لەوانەیە بەبێ سڕینەوەی ڕابردوو یان وەپشت گوێخستن و ڕەتکردنەوەی و بەبێ مەعریفەناسیی دەقتەوەر و نەریتێک کە لەگەڵی بگونجێ (ئەو بابەتەی ” ئەمیر عەلی” وەکوو وەرگێڕانی “وشە بە وشە ” ناوی دێنێ)، ئیسلام نەیدەتوانی پڕ بە باڵای ئایین لەگەڵ “ڕۆحی زەمانە” خۆی وێنا بکات. “محەممەد ئیقباڵ”[25] بیرمەندێکی دیکەی شێوە قاڕەی هیند، باس لە ئەرکی گەورە و پڕ لە زەحمەتی گونجاندنی ئیسلام لەگەڵ مۆدێڕنیتە دەکات و دەڵێ: «ئەرکی بەردەم موسوڵمانی مۆدێڕن زۆر گەورەوگرانە. چونکە ناچارە سەرلەنوێ لە تەواوی سیستەمی ئیسلام بفکرێتەوە، بەبێ ئەوەی بەتەواوی لە ڕابردوو دایببڕێ.»[26] لەوانەیە بەبێ دابڕانی ئیسلام لە بەشێکی گەورە لە ڕابردوویەکەی و پێدانی ڕۆحێکی نەرمونیان و گونجاو لەگەڵ ڕۆحی زەمانە، پێشکەشکردنەکەی وەکوو ئایینێکی گونجاو و جیهانی نامومکین بێتە بەرچاو. هەر بۆیە نەوەکانی پێشووی موسوڵمانان دەبوو لەبەر “تەواوی لێکدانەوە و بۆچوونە هەڵەکان دەربارەی ئیسلام” سەرکۆنە کرابان. “ڕوانگەی بەلاڕێدابراوی میتۆدۆلۆژیی” ئیسلام و بێتوانایییان لە جیاوازیی نێوان ڕۆحی ئیسلام لە هەر شتێک کە وەکوو مانای لەفزی یان بەستێنسازیی تایبەت ناوی دەبرێت، دەبێ وەکوو هۆکاری سەرەکیی “پێش نەکەوتنی جیهانی ئیسلام” وەلا بنرێت. بە واتایەکی دیکە، موسوڵمانان بە شێوەیەکی مێژوویی “ئەمری زەمەنتەوەر و کاتییان لەگەڵ ئەمری هەمیشەیی و، ئەمری جیهانی و هەمەکییان لەگەڵ ئەمری تایبەت و هەندەکی تێکەڵ کردووە.”[27] ڕۆح بۆخۆی دیاردەیەکە و قابیلی پێناسەکردن نییە و بووەتە پێوەری دیاریکەر لەبارەی ئەوەدا کە چ شتێک ئیسلامییە و چ شتێک غەیرە ئیسلامییە. بەم حاڵەیشەوە “محەممەد ئیقباڵ” لە هەوڵەکانیدا بۆ مێژووسڕینەوە لە ئیسلام، لەمە زیاتر پێی لێ ڕاکێشاوە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە “ڕۆحی ئیسلام ئەوەندە بەرین و بەربڵاوە کە هیچ سنوورێکی نییە. جیا لە بیرۆکەکانی نکۆڵیی خودا بەتەنیایی، هەموو بیرۆکەکانی کەسانی دەوروبەری وەرگرتووە و بۆ ئامانجی تایبەتیی خۆی پەرەی پێداون.”[28]
گۆڕینی ئیسلام بۆ دالێکی تەواو بەتاڵ، یارمەتیی موسوڵمانانی مۆدێڕنیستی داوە تا لە هەلومەرجێکی بەستەرمەنددا پێناسەی بکەن و نەوەکانی پێشوو بە “ماناکردنەوەی وشە بە وشە، دەق تەوەری و تێکەڵاوکردنی ئەمری کاتی لەگەڵ ئەمری هەمیشەیی” تۆمەتبار بکەن. سست کردنی پێوەندیی موسوڵمانان لەگەڵ ڕابردوو و نەریتە دەقییەکەی، ڕێگای بۆ تێگەیشتنی زیاتری ئیسلام وەکوو ئیدئۆلۆژییەک خۆش کرد کە بابەتە جیهانی و تایبەتییەکانی قابیلی ناسین نین. ئیسلام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر وەکوو کەرەستەی ئیدئۆلۆژیک کار دەکات و موسوڵمانان وەکوو کەسی سێیەمی تاک تێی دەگەن و بۆی دەگەڕێنەوە، سەرەڕای نەبوونی ڕێککەوتنی جیهانی دەربارەی پابەندبوونی سیاسیی ئیسلامی، بەشێوەی دەمارگرژانە و توندوتیژانە بەرگریی لێ دەکەن. لەوانەیە کۆمەڵێک دەستەواژەی وەک “ئیسلام دەڵێ”، “ئیسلام وا دەکات”، “ئیسلام دەبێ”، “ئیسلام نابێ”، “ئێمە ئەمرێکی وەهامان لە ئیسلامدا هەیە یان نا”، قەت لە سەردەمی پێش مۆدێڕن دەربارەی ئیسلام دەکار نەکراون. تێگەیشتنی موسوڵمانان لە ئایینەکەیان وەکوو کەرەستەیەکی سیاسی – ئیدئۆلۆژیک لە هەموو کاتێک زیاتر ئیسلامی وەکوو ئیدئۆلۆژییەکی گوێڕایەڵ و ملکەچی دەوڵەتان و گرووپە سیاسییەکان کردووە. پێداگری لەسەر گۆڕینی ئیسلام بۆ ئیدئۆلۆژییەکی سیاسیی گونجاو لەگەڵ “ڕۆحی زەمانە” زۆر کەسی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕە کە بەبێ دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی، ناتوانن ژیانێکی تەواو ئایینییان هەبێت.[29]
ئەم ئیسلامە مۆدێڕنە لەڕادەبەدەر سیاسی کراوە کە هاوکات کەسانی وەکوو ئایەتوڵڵا خومەینی و مستەفا کەماڵ ئەتاتورکی – لە دوو جەمسەری یەک بەردەوامیدا – هان دا تا دەربارەی پیرۆزیی دەوڵەت و دامەزراندنی وەکوو یەکێک لە پتەوترین پابەندبوونی موسوڵمانان بگەنە ئەنجامێکی هاوشێوە. لە ساڵی 1924دا، کەماڵ ئەتاتورک ڕایگەیاند کە “دەوڵەت بە مانای ڕاستەقینەی ئیسلامی، تەنیا دامەزراوەیەکە کە دامەزراندنی واجبە.”[30] تایبەتمەندیی پۆستکۆلۆنیالیستی و دژواریی هزری مۆدێڕنی ئیسلامی و دابڕانی لە ڕەگ و ڕیشە دەقییەکانی بە باشترین شێوە بە پێی ئەم قسەیەی خومەینی باس کراوە کە دەڵێ دەوڵەت “حوکمی ئەوەلییەی یاسای ئیسلامییە کە ئەولەوییەتی بەسەر تەواوی ئەحکامی سانەوییە(ثانویه) … بەسەر نوێژ، ڕۆژوو و حەجدا هەیە…. قەدەغەبوونی هەموو کاروبارەکان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدایە…. ئەگەر بزانن کە دژایەتییان لەگەڵ بەرژەوەندیی نەتەوەی ئیسلامی هەیە.”[31]
دەبێ ئاماژە بەم خاڵە بکرێت کە ئەحیاگەراییی مۆدێرنی ئیسلامی، سەرەڕای فۆڕمە جۆراوجۆرەکانی، ڕوانگەی دژبەیەکی دەربارەی بەشێکی بەرچاو لە میراتی ئیسلامی و بۆچوون و تێگەیشتنی هاوچەرخ لە ئیسلام هەبووە و ئەوانی وەکوو میراتێکی گەندەڵ سەرکۆنە کردوون. ڕەخنە لە موسوڵمانانی هاوچەرخ لەبەر “مەودا”یان لەگەڵ “پەیامی سەرەکی”[32] یان “ڕۆح”ی ئیسلام، کاکڵی سەرەکیی ئەحیاگەراییی ئیسلامی پێک هێناوە. سەرەڕای ئەمە، ئەم بۆچوونانە ئەم ڕاستییانە دەسەلمێنن کە هەموو ڕاڤە دووبارەکانی ئیسلام، بەستێن تەوەرن و لە بەستێن و سەردەمی ئێمەدا لەژێر کاریگەریی ڕووبەڕووبوونەوەی موسوڵمانان لەگەڵ مۆدێڕنیتەی کۆلۆنیالیستیدان.[33]
هزری ئیسلامیی مۆدێڕن و تایبەتمەندییە ئێتنیکی – ڕەگەزییەکان
دۆزینەوەی ژمارەیەکی زۆر ڕوانگە و بۆچوونی ئێتنیکتەوەر دەربارەی لەسەرتربوونی ئێتنیکی، لە لێکۆڵینەوە کلاسیکییەکانی ئیسلامیدا کارێکی زۆر زەحمەت و گران نییە. سەرچاوە کلاسیکییەکان، لە حەدیسی پێغەمبەری ئیسلامەوە بگرە تاکوو فێقهـ، بە بۆچوونی لەسەرتربوونی گرووپە ئێتنیکییە جیاوازەکان بەسەر موسوڵمانانی دیکەدا ئاخنراوە.[34] لەگەڵ ئەوەیشدا، لە سەردەمی مۆدێڕندا، زانایانی موسوڵمان زۆر جاران ئیسلامی “ڕاستەقینە”یان بە پێشینەکانی ڕەگەزی و ئێتنیکیی “تایبەت و مەزن”ی خۆیان دەبەستنەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی ئێتنیکی – ڕەگەزی کردنی مۆدێڕنی مەعریفەی ئایینی ئیسلامی، کاریگەریی زۆری شێوە زانستی کۆلۆنیالیستی ڕەگەزییە.
وێدەچێ موسوڵمانانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست (واتا بواری لێکۆڵینەوەکەم) ئەفسانەی دابەشکردنی ڕەگەزی “ئاریایی – سامی”یان زیاتر لە هەموو شوێنێکی دیکەی دنیا بە هێند گرتبێ. بە گوێرەی بۆچوونی کۆلین ڕێنفرۆ[35] ئەم “ئەفسانە مۆدێڕنە”[36] ڕەگ و ڕیشەی لەو بۆچوونەدایە کە لە لایەن ویلیام جۆنزەوە[37] (1794-1746) هاتووەتە گۆڕێ. جۆنز لەسەر ئەم باوەڕە بوو کە لاتین، یۆنانی و سانسکریت و “ڕەنگە بتواندرێ فارسیشی پێوە زیاد بکرێ” یەک کۆمەڵەی زمانین.[38] ئەم گێڕانەوە نوێیە لە سەدەی هەژدە لە ئەورووپادا، دەربارەی ئەژداد و تۆرەمەی هاوبەشی ئەورووپایییەکان و شێوازەکانی بەراوردکردنی زمان کە لە کۆتاییدا بووە هۆی لەدایکبوونی زانستی وشەناسی[39]، لەگەڵ هەستی دنەدراوی ناسیۆنالیستی تێکەڵاو بوو و جێ پێی بەم گێڕانەوەیە لێژ کرد کە پێی وابوو زمانی عیبری یەکەمین زمانی مرۆڤە.[40] دۆزینەوەی “هیند و ئەورووپایی” دڵخۆشی و تامەزرۆییەکی نایەوە کە زۆر زیاتر لە …. فەلسەفەی بەراوردکاری بوو. هەموو زانستە مرۆڤایەتییەکان لە میژووەوە بگرە تا دەگاتە ئوستوورەناسی و، زۆر زوو “زانستی ڕەگەزی”شی گرتەوە، کاریگەریی دۆزینەوەی زمانییان بە سەرەوە بوو و، نەتەنیا هیند و ئەورووپایی، بەڵکوو ئاریاییش بوو.”[41] فرێدریش شێلگڵ[42] لە ساڵی 1819 “مانای ئاریایی” لە وەرگێڕانی ئاریاوە بۆ بابەتێکی ڕەگەزیی مۆدێڕن گۆڕی کە دەستبەجێ بۆچوون و سەرنجە هاوچەرخەکانی بۆلای خۆی ڕاکێشا.[43]
ئەم بۆچوونە دەربارەی دابەشکردنی ڕەگەزی “ئاریایی – سامی” ئەوەندە باوە کە تەنانەت “سادق جەلال العظم”[44] فەیلەسووفی چەپی عەڕەب هەر وەکوو واقعییەتێکی سروشتی لێی ڕوانیوە و، دووپاتەی کردووەتەوە. بۆ وێنە “العظم” بۆ ڕوونکردنەوەی چیرۆکی شەیتان لە قوڕئاندا، پێی وایە کە تێگەیشتنی ئێمە لە کەسایەتیی تڕاژیکی شەیتان بۆ هەتاهەتایە بە ناتەواوی دەمێنێتەوە، چونکە “تڕاژێدی بە واتا تەواو و ڕەهاکەی ناتوانێ لە چوارچێوەی سێ ئایینی سامیدا هەبێت.”[45] یان سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامیی ئێران تا قۆناغی پێش زانکۆ زیاتر وەکوو سیستەمێکی ئاریایی سڕینەوە و شوردنەوەی مێشک کار دەکات.[46] خوێندنی باڵا(زانستگە)ی ئێرانیش هەر بەم شێوازە و بە ئاشکرا باسی “ئاریایی بوونی” ئێرانییەکانی کردووە. بە دەگمەن ئەکادێمیسیەن لە ئێراندا هەڵدەکەوێ کە ئەم بۆچوونە دە هەڵمەتان بگرێ کە پێی وایە “زمانی [فارسی] و ڕەگەزی ئاریایی خاڵی هاوبەشی ]ئێرانیانە[“.[47]
لەم توێژینەوەیەدا دەرفەتی تاوتوێ کردنی تێروتەسەلی کاریگەریی بیرۆکەکانی کۆلۆنیالیزمم لەسەر ئیسلامیزم نییە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، تەنیا بەرهەمی دوو کەسایەتیی ئیسلامیست هەڵدەسەنگێنم: یەکیان، عەلی شەریعەتی کە خۆی بە “ئاریایی/ئێرانی” دەزانێ و، محەممەد عیمارە[48]، نووسەری ئیسلامیستی بەناوبانگی میسری. ئەم خاڵەش جێی سەرنجە کە بەرهەمی ئەم نووسەرانە سەرەڕای ناو و ناوبانگیان، دژوازیی جیددییان هەیە. لەوەش خراپتر، شەریعەتی لە زۆربەی بۆچوونەکانیدا پشت بە بەڵگەی بێسەرچاوە دەبەستێ.
شەریعەتی ناسیۆنالیستێکی ئەزەلیخوازە و، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە حکومەتە یەک لە دوای یەکە ئیمپراتۆرییەکانی پێش مۆدێڕن لە بانووی ئێران، دەکرێ وەکوو نەتەوەیەک بە مانای مۆدێڕن لێیان بڕوانین کە خاوەنی یەک شوناس بوون. ناوبراو “ئێرانیبوون” و ئێرانی مۆدێڕن لە بنەڕەتدا بە بەردەوامیی نەتەوەیەک دەزانێ کە “تایبەتمەندیی نەتەوەییی جیاواز”ییەکەی بۆ ماوەی هەزاران ساڵ هەبووە. هەر بۆیە ناوبراو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە زۆربەی ئەو ڕووداوانەی لە سەدەی 8 و 9ی زایینیدا ڕوویان داوە، نیشانەی “کاردانەوەی ناسیۆنالیستانەی ئێرانی” لە بەرانبەر “نکۆڵیی نەتەوەکانی عەرەب” لە “شوناسی ئێرانی” بووە.[49] هەر بۆیە ناوبراو بەبێ سەرنجدان، ڕووداوەکانی پێش مۆدێڕن لەگەڵ بزووتنەوە دژە کۆلۆنیالسیتی ناسیۆنالیستیی مۆدێڕن بەراورد ەکا و پێکیان دەگرێت.[50] شەریعەتی پێی وایە “فەرهەنگی نیشتمانیی ئێرانی” بە شێوەیەکی یەکگرتوو و تاقانە بۆ ماوەی هەزاران ساڵ هەبووە. ناوبراو “ئەحیاگەرییی زەرتەشتیخوازیی ساسانییان (224 تا 651) وەکوو بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستیی ئێرانی بۆ “ئەحیای ڕۆح و فەرهەنگی نیشتمانیی ئێمە” دەناسێنێ.[51]
لە ڕوانگەی شەریعەتییەوە، زنجیرەی موسوڵمانانی عەڕەب نوێنەری ئێمپریالیزمی عەڕەب و عەڕەبگەرایی بوون.[52] ناوبراو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئیسلام دژی هەموو فۆڕمێکی ڕەگەزپەرەستانەیە، بەڵام دژی میللییەت یان نەتەوە نییە. شەریعەتی ئاماژە بە ئایەی بەناوبانگی قوڕئان (49:13 ئێمە، ئێوەمان … وەکوو نەتەوەکان و خێڵەکان دانا، تاکوو یەکتری بناسن.)، پێی وایە ئیسلام، بوونی نەتەوەکان بە “واقعییەتێکی سروشتی” دەزانێ.[53] هەڵبەت پێویستە ئەم خاڵەشتان وەبیر بێنمەوە کە لێکدانەوە کلاسیکییەکانی قوڕئانی ئەوەمان پێ دەڵێن کە چەمکی نەتەوە بە مانا مۆدێڕنەکەی، بۆ موسوڵمانانی پێش مۆدێڕن، چەمکێکی بێ مانا و ناڕوون بووە.
عیمارە لەگەڵ شەریعەتی هاوڕایە کە ئیسلام، بوونی نەتەوە و میللییەتە جیاوازەکان قەبوڵ دەکات، بەڵام بەم حاڵەشەوە ناوبراو لەبنەڕەتدا ئیسلام بە ئایینێکی عەڕەبی دەزانێ. ناوبراو پێی وایە وشەی “العروبە”(عەڕەبیسم) بە مانای ڕەگەزپەرەستی نییە و، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە نە تەنیا ئیسلام، سەرەتا بۆ نەتەوەی عەڕەب هاتووەتە خوارێ و نازڵ بووە و ئایینێکی عەڕەبییە، “العروبەش” بەشێکی دانەبڕاوی ئیسلامە. کەوابوو عەڕەبەکان وەکوو “نەتەوە”یەکی موسوڵمان – لەبەر ڕۆڵی پێشەنگ بوونیان لە قەبوڵ کردنی ئیسلامدا- سەروەرییان بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا هەیە.[54] عیمارە بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەی خۆی پێی وایە کە “محەممەد عەڕەب بوو و پەیامەکەشی عەڕەبی بووە – کە لەبەر سەرتر و خودایی بوونی بەتەواوی بۆ زمانەکانی دیکە وەرناگێڕدرێ.” کەوابوو” تایبەتمەندییە عەڕەبییەکانی ئیسلام حاشایان لێ ناکرێت.”[55] ناوبراو پێی وایە کە “ئیسلام … بەردەنگەکەی هەموو مرۆڤایەتییە”، بەڵام “لەبەر سەروەریی عەڕەبی بوونی پێغەمبەر، پەیامی عەڕەبیی ناوبراو، پێکهاتەی عەڕەبیی وەحی، عەڕەبەکان ڕۆڵی ڕێبەر و پێشەنگیان لە پەرەپێدانەکەیدا گێڕاوە.” کەوابوو “ئیسلام تەنانەت لە چوارچێوەی ئایین(في إطار الدين)یشدا عەڕەبەکانی تاق کردووەتەوە و بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا بە مەزنتری لەقەڵەم داون.”[56]
بۆ سەلماندنی تایبەتمەندیی عەڕەبایەتیی ئیسلام، عیمارە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئیسلام دەتوانێ سێ مانای هەبێت: ئەلف: الدین (ئایین لە ڕێی وەحییەوە هێماسازی کراوە)، ب: الحضارة (شارستانییەت، وێناکردنی عەقڵ(ئاوەز) و ئەزموونی موسوڵمانان لە هەموو جیهاندایە)، پ: التاریخ (مێژوو، تا کاتی وەستانی گەشەکردنی شارستانییەتەکەیان درێژەی هەبوو و داهێنانەکەیان [لەگەڵ] دەرکەوتنی مەمالکی تورک لەنێوان ساڵانی ٨٤٧-٨٦١ زایینی لە دەست دا.)”[57] لە ڕوانگەی عیمارەوە ئیسلامی ڕەسەن[58] لە نێوەڕاستی سەدەی ٩ی زایینی لەبەر هۆکاری لەدەستدانی حاکمییەتی تایبەت بە عەڕەبەکان بەسەر دنیای موسوڵماناندا کۆتایی پێ هات. پاش ئەوە گرووپە ئێتنیکییەکانی دیکە بۆ وەدەستهێنانی دەسەڵات وەخۆ کەوتن و، ئیسلامیان بەرەو شکست و پووکانەوە و گەندەڵی برد.[59] عیمارە پێی وایە کە ئیسلامی شارستانی نەیتوانی لە غیابی حاکمییەت و دەسەڵاتی عەڕەبەکاندا لەسەر حوکم بمێنێتەوە. هەر بۆیە سەرجەم زانایانی فێقهـ، تیۆلۆگەکەکان (متکلمین) و تیۆریسیەنە سیاسییە موسوڵمانەکان، ڕێبەریی عەڕەبەکانیان بە مەرجی پێویستی ئیسلامیمانەوەی حاکمییەت زانیوە.[60] ئەمە بۆمان دەسەلمێنێ کە ئیسلام وەکوو شارستانییەتیش دژی عەجەمی بوون(Ajamization) (غەیرە عەڕەبی بوون)ی دەوڵەت بووە.[61]
عیمارە لەم بۆچوونەیدا کە ئیسلام لەبنەڕەتدا ئایینێکی عەڕەبییە، تەنیا نییە. محەممەد عەبدۆ[62] ئەحیاگەری ناسراوی ئیسلامیی خەڵکی میسر لە بەرهەمی خۆیدا لەژێر ناونیشانی الاسلام و النصرانية[63] (١٩٠٢) لەسەر ئەو باوەڕەیە کە “ئیسلام [لەبنەڕەتدا] ئایینی عەڕەبان بوو.” بەڵام بڕیاری “موعتەسەم باللە” یەکێک لە خەلیفەکانی عەبباسی[64] “بۆ دروست کردنی ئەڕتەشێکی بێگانە (اجنبی) کە لە تورک، دەیلەمیان و کەسانی [غەیرە عەڕەب]ی دیکە پێک هاتبوو … ئیسلامیان بەرەو نامۆبوون برد یان بە واتایەکی دیکە ئیسلامیان کردە ئایینێکی دەرەکی … کردیانە [ئایینێکی] غەیرە عەڕەبی(عەجەمی).[65] بۆچوونی هاوشێوە لە لایەن کەسایەتییەکانی ئەحیاگەری بەناوبانگی دیکە وەکوو عەبدوڕەحمان الکواکبی[66] (١٨٥٥-١٩٠٢) و ڕەشید ڕەزا[67] (١٨٦٥-١٩٣٥)ش باس کراوە.[68]
عەبدۆ لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە لە سەدەی ٩ی زایینی، لەدەستچوونی دەسەڵاتی تایبەتیی عەڕەبەکان بەسەر دەوڵەتدا، بووە هۆی پووکانەوە و شکستی ئیسلام. ئەحیاگەرانی مۆدێڕنی عەڕەب لە زۆربەی بابەتەکاندا لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە موسوڵمانانی غەیرە عەڕەب هۆکاری “شکست و پووکانەوە”ی ئیسلام بوون. پێیان وابوو غەیرە عەڕەبەکان لە ئیسلامدا ڕۆڵێکی نەرێنییان هەبووە. ڕاوێژی ئێتنیکخوازانە و ڕەگەزخوازانەی ئەحیاگەرانی عەڕەب، حەولودەولیان بۆ گرێدانی “تێگەیشتنی ناتەواو”ی[69] موسوڵمانانی غەیرە عەڕەبی لە ئیسلام، دەربارەی تایبەتمەندیی ئێتنیکییان ڕوون و ئاشکرایە.[70] هەروەها عەبدۆ هیچ ترسێکی نییە کە بڵێ: “لەبەر ئەوەی تورکەکان درەنگ ڕوویان لە ئیسلام کرد، نەیانتوانی لە ڕۆحی ئیسلام تێبگەن.[71]” ناوبراو دەنووسێ کە حاکمییەتی تورکانی عوسمانی “پاکی(خلووس)ی زمانی عەڕەبییان تێک داوە و ئەمەش بووە هۆی دروست بوونی ناکۆکی و دووبەرەکی لەنێو موسوڵمانان.[72]
لەم نێوەدا، عیمارە بەبێ ئاماژەدان بە عەبدۆ، ڕوانگەی ناوبراو دەربارەی “پووکانەوە و شکست”ی شارستانییەتی ئیسلامی دووپاتە دەکاتەوە. بە پێی بۆچوونی عیمارە، دەرکەوتنی دەسەڵاتی غەیرە عەڕەبەکان هەر بەتەنیا نەبوو بە هۆکاری لەنێوچوونی پاکی(خلووس)ی ئیسلام، بەڵکوو هاوکات بوو بە هۆکاری “لەنێوچوونی ئیسلام، وەکوو شارستانییەتێک و تایبەتمەندیی ئەقڵانییەت و ئەلعرووبە” هەر بۆیە ئەم توخمانە لە ڕاستیدا بزوێنەری گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی “شارستانییەتی ئیسلامی- عەڕەبی” بوون.[73] بەڵام شەریعەتی، زانای ئیسلامیستی فارس، خوێندنەوەیەکی تەواو جیاوازی ئێتنیکی – ڕەگەزی، لە مێژووی ئیسلام پێشکەش دەکات و، بەم پێیە “پاش دزەکردنی [ئیسلام] لە ڕۆحی ئێران و، وشیاری و هزری شۆڕشگێڕیی ئێرانی، ئیسلامیش گۆڕا و زیاتر تایبەتمەندیی سامی [پێشوو]ی خۆی لە دەست دا.[74] بە بۆچوونی شەریعەتی شیعە– کە هەموو ئیمامەکانی(ڕێبەرە پاکەکانی) عەڕەب بوون- بەرهەمێکی ئاریایییە و، هەر بۆیە “موسوڵمانێکی ئێرانی (کە شیعەیە) نە ئێرانییەکی کۆنە و نە سامییە، بەڵکوو بەرهەمی ڕەوتێکی نوێیە، بەرهەمی لەدایکبوونی دیاردەیەکی مێژوویییە کە پێشتر هیچ کات نەبووە.[75] شەریعەتی ئەم واقعییەتە بەتەواوی لەبیر دەکات کە تا سەدەی ١٦ ، سوننە مەزهەبی زاڵ لە جوگڕافییای ئێران بوو و زۆر لە دانیشتووانی ئێرانی ئەمڕۆکەش سوننەن. هەر بۆیە ناوبراو دەیهەوێ بمانهێنێتە سەر ئەو باوەڕە کە ئیسلام، “ئەم باوەڕ و ئیمانە پتەو و بەشەوق و بەهێزە و، هاوکات نەرمونیان و بەرز و جوان و قووڵەیە کە لە قووڵاییی ویژدانی دێرین و پڕ کارەساتی ئەم ڕەگەزە شیاوە [ئاریایی] … هێلانەی کردووە، … لەگەڵ خوێن و زات و ڕۆحی تێکەڵاو بووە.[76]
بە پێچەوانەی عیمارە کە زمان بە کۆڵەکەی نەتەوە دەزانێ، “ئێرانی بوون/ئاریایی بوون” بۆ شەریعەتی پرسێکی تەواو ڕەگەزییە. لەم ڕووەوە عیمارە بە پێچەوانەی شەریعەتی، باوەڕی بە یەکسانیی عەڕەبفۆنەکان لەگەڵ ڕەگەزی عەڕەبە “ڕاستەقینە”ەکانە.[77] دابەشکاریی “عەڕەب- ئێرانی”ی شەریعەتی لەڕادەبەدەر ڕەگەزییە و بۆچوونەکانی بەتەواوی گرفتخوڵقێنن. گرینگ نییە خوێندنەوەی ئێمە چەندە دڵسۆزانەیە، چونکە شەریعەتی لە تاقیکردنەوەی ڕەگەزپەرەستانە دەرناچێت. بۆ وێنە ناوبراو دەنووسێ کە “هیممەتی [عەڕەبەکان] لە گەردنی وشترەکەیان بڵیندتر نییە و، وەسەرکەوتنیشیان لە پشتی وشترەکەیان تێ ناپەرێ. وا لەگەڵ وشتر خزمایەتییان هەیە و هاوجنسن کە وەکوو مرۆڤ، وەکوو خۆیان پێی دەڵێن نەفەر، نەک سەر. لەبەر ئەوەی “سەر” دەستەواژەیەکی تایبەتیی ئاژەڵانە و وشتر لە بۆچوونی عەڕەباندا، عەڕەبە و ئاژەڵ نییە”.[78] پاشان لە ڕێگەی جۆرێک پرسیاری نکۆڵی کردنەوە دەپرسێ “بەهای ڕوانگە بەرزەکان، ئیمانی ڕەها و حەقیقەتی ئیسلام بۆ تاکێکی قوڕەیشی[عەڕەب] کە – جیا لە خواردنی مارمێلکە و خواردنەوەی شیری وشتر- پێویستییەکی دیکەی نییە– چییە؟ [79]“
شەریعەتی پێی وایە کە عەڕەب تواناییی زەینیی پێویستیان بۆ تێگەیشتنی ئیسلام نییە و هەر لەبەر ئەم هۆکارە بوو کە “عەڕەب قوڕئانیان بە جادوو ناو برد و ئێرانییەکان لەگەڵ مانا و دەربڕین و زەینی دۆزەرەوەی ماناکەی، بە کەلامی وەحی گەیشتن و مەعجیزەکەی نیشان دان.”[80] هەر بۆیە شەریعەتی پێی وایە عەڕەب تواناییی زەینیی پێویستیان بۆ تێگەیشتنی قووڵ لە ئایینێکی وەکوو ئیسلام نەبوو، چونکە “ئیسلام موعجیزەکەی کتێبە و جوانییەکەشی کەلامەکەیەتی، لە حاڵێکدا عەڕەب نە هیچ نەریتێکی نووسین و نە هیچ لاپەڕەیەکی نووسراویان هەبووە.[81] ناوبراو بە تەشەرەوە دەڵێ “عەڕەب چۆن لەمانە دەگات؟ دنیاکەی دنیای شمشێر و بەتاڵان بردن و کۆیلە و وشترە و بوتەکانیان هەویری و خورمایی و بەردینن.[82]
لە ڕوانگەی شەریعەتییەوە، ئیسلام و ئێران یەکتریان خوڵقاندووەتەوە و “گەورەترین کاریگەرییەک کە ئیسلام لەسەر ڕۆحی ئاریاییی دانا، هێنانە خوارەوەی لە ئاسمانەوە بوو. سەیری هیند بکەن کە ئیسلام لەوێدا هیچ ماڵ و پێگەیەکی نییە: ڕۆح و هزرەکەی هێشتاش لە ئاسمانن.”[83] ناوبراو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە تەنانەت ئەگەر عەڕەب توانایی تێگەیشتنی پێویستیان بۆ ئاوێتەکردنی ئیسلام لەگەڵ ڕۆحیان هەبووایە، دیسان ئیسلام وەکوو ئایینێک هەر پێویستی بە “ئێران” هەبوو. “دەکرێ بڵێین ئەگەر عەڕەب لە ئیسلام گەیشتبا و لە دڵەوە ئیمانی پێ هێنابا و لەگەڵ ڕۆح و هەناوی تێکەڵاو بووبا، نە تەنیا باوەڕ و ئیمان، بەڵکوو مەیل و وەرگرتن و تێگەیشتنی ئیسلامی دەبوو، ئێرانی … بە ئی خۆی نەدەزانی و بانگهێشتنی نەدەکرد؟ ئەی بۆچی!؟”[84] ئیسلام لە عەڕەبستان سەری هەڵدا، بەڵام “لە هەر شوێنێک باسی ئیسلامناسی، فەرهەنگە زەنگین و دەوڵەمەندەکەی و شارستانییەتی درەوشاوە لە گۆڕێدایە، قسە لە دەرەوەی عەڕەب ناکرێ.”[85] پاشان ئەم ئالەنگارییە دێنێتە بەرباس “شوێنی شارستانییەت و فەرهەنگی ئیسلام لە مێژوودا کوێیە؟ خوراسان و ڕەی و ئیسفەهان و ماوراءالنهر و نەیشابوورە … نە مەدینە و ڕیاز و مەککە و حەزەریمەوت و نەجد و تەهامە …. کامە زانای ئیسلامی، ئەدیب، حەکیم و زانا و تەبیب و مێژووزان و شاعیر و هونەرمەندی ئیسلامی، عەڕەبن؟ هەموویان [ئەوانە] ئێرانین.”[86] ئیسلام لەنێو عەڕەباندا سەری هەڵدا “بەڵام لەگەڵ ئێران ئاشنا بوو و، لە داوێنی ئێراندا ڕۆحی وەبەر هاتەوە و ناسیاوی و شیاوبوون و شەیدابوون و ئیخلاس و شوناسی خۆی دۆزییەوە.”[87]
هەڵبەت دەبێ جەخت لەوە بکرێتەوە کە شەریعەتی بابەتی زۆری دەربارەی جیاوازیی بنەڕەتیی نێوان بەناو”ڕەگەزەکانی سامی و ئاریایی” هەیە کە ئێمە لە ژێرەوە هەر ئاماژە بە بەشێکی کەمیان دەکەین:
ڕەگەزی سامی، ڕەگەزێکی توندوتیژە و زوو هەڵدەچێ و توند تەبیعات و عەجوولە.[88] جەماڵ
عەبدولناسر لەگەڵ گاندی پێک بگرن و بەراوردیان بکەن.[89] سامی تەنیا دار دەبینێ لەنێو دارەستان، ئاریاییش هەم دار دەبینێ و هەم دارەستان،[90] سامییەک قەت ناتوانێ هەموو ڕەهەندەکانی بابەتێک ببینێ. ئاریایییەک(هیندی) لە بەرانبەر سامییەکدا قەت ئاسایشی نییە، هەمیشە ترس و خورپەیەکی لە دڵیدایە کە لەوانەیە وەکوو پشیلەیەکی کێوی خۆ بە چڕوچاوی دابدا و بیڕنێت.[91] سامی تاک ڕەهەندە، بەڵام ئاریایی فرە ڕەهەندە.[92] سامی دەرەکیخوازە و ئاریاییش ناوەکیخواز.[93] ئەگەر سامییەک لە زیندان بەند بکەن، زوو خۆی دەکووژێ.[94]
سەرەڕای ئەمانە، شەریعەتی و عیمارە هەردووکیان لەسەر ئەو بابەتە کۆک و هاوڕان کە ناسیۆنالیزم لەگەڵ ئیسلام تەبایە، چونکە بکەر و چالاکی ئایینیی نەتەوە، بە دیاردەیەکی ڕوون و ئاشکرا دەزانێ. بەڵام بابەتەکە ڕاست هەر ئەمەیە کە بکەر و چالاکی ئایینی لە چوارچێوەی پاڕادایمی ناسیۆنالیزمدا کار دەکات. هەر بۆیە موسوڵمانان پێیان خۆشە دەربڕینە ئایینییەکەیان لەگەڵ زمانی ناسیۆنالیزم بکەنە یەک. هەر وەکوو بینیمان، هەم شەریعەتی و هەم عیمارە، لە ڕوانگەی ڕەگەزی و ناسیۆنالیستییەوە مێژووی ئیسلام دەخوێننەوە. هەر بۆیە ئیسلامیستەکانیش وەکوو بکەر و هەر مرۆڤێکی سەردەمی مودێڕن، نەتەوە وەکو دیاردەیەکی سروشتی و جێی تێنەفکرین دەبینن. لەبەر ئەوەی چالاکی ئایینی لە چوارچێوەی پاڕادایمی ناسیۆنالیزمدا کار دەکات، پێی خۆشە وشیارییە ئایینییەکەی لەگەڵ وشیاریی ناسیۆنالیستی بکاتە یەک.[95] ڕوانینی ئیسلامیستەکان دەربارەی نەتەوە، لە کەسانی دیکەی مۆدێڕن دەربارەی پرسی نەتەوە جیاوازتر نییە. شوناسی نەتەوەیی شێوازێکی تایبەتی ئاماژەدان یان بۆچوونی نەتەوەیە کە بە پێی بۆچوونی بیلینگ[96] “هەبوونی شوناسی نەتەوەیی بە مانای هەبوونی ڕێگایەک بۆ قسەکردن و تەعبیری نەتەوەیە.[97]” لەبەر ئەوەی پاڕادایمی ناسیۆنالیزم بەستێنێکە ئایین تێیدا سەرلەنوێ ڕاڤە دەکرێتەوە، ئەم پاڕادایمە کاریگەی لەسەر دووبارە لێکدانەوە و خوێندنەوەی ئایینییەکان دادەنێت. بەم شێوەیە پێشینەی ئێتنیکی و بەستێنە ناسیۆنالیستی/ فەرهەنگییەکان، چۆنیەتیی تێگەیشتنی موسوڵمانانی مۆدێڕن لە ئایینەکەیان دەخوڵقێنن.
ئیسلامیزم، دەوڵەت-نەتەوە و ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە[98]
لە زۆر ڕوانگەوە، لێکدانەوەی ئایینیی کۆمەڵەی موسوڵمانان لەگەڵ سنووری نەتەوەییی “وێناکراویان”[99] یەک دەگرێتەوە. هەم موسوڵمانانی نەریتی و هەم ئیسلامیستەکان، دەوڵەت-نەتەوەکانی خۆیان وەکوو ئەمرێکی حاشاهەڵنەگر قەبوڵ کردووە و هەر بۆیە سنوورە ئایینی و مێژووەکەیان لەپێناو گونجانیان لەگەڵ سنوورە نەتەوەیییەکانیان دووبارە داڕشتووەتەوە. هەروەها مەیلی زەینیی ئیسلامیستەکان بۆ دەسەڵاتی دەوڵەتی، دەروونیکردنی سنوورە نەتەوەیییەکان و کاریگەریی بەربڵاوی ناسیۆنالیزم لەسەر هزری سیاسیی مۆدێڕنی موسوڵمانان نیشان دەدات. بە شێوەیەکی دیاریکراو کاتێک ئیسلامیستەکان دەگەنە دەسەڵات ئەم بابەتە ڕوونتر و ئاشکراتر دەبێت، چونکە ناچارن دروشمەکانیان بە گوێرەی بەرپرسیاریەتیی ناسیۆنالیستییان ڕێک بخەن. ئەگەرچی کاتێک ئیسلامیستەکان دەسەڵاتیان هەیە، یاسا و ڕێسای کۆنەپارێزانە ڕەچاو دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا سیاسەتەکانیان لەبنەڕەتدا ناسیۆنالیستی دەمێنێتەوە و قەت سروشت و چییەتیی دەوڵەتی مۆدێڕن نابەنە ژێر پرسیار. ئامادە نین بە پێی داوێنپاکی و پابەندبوون بە بنەما ئایینییەکان، هیچ مافێک بدەنە غەیری هاوڵاتییانی خۆیان.[100] ئەمە حەقیقەتی هەیە کە لە دەوڵەتی ئیسلامیدا، هاوڵاتییان (شارۆمەندان)ی موسوڵمان مافی زیاتریان پێ دەبڕێ. بەم حاڵەشەوە وەکوو هەر دەوڵەتێکی دیکە، سیاسەتی ئیسلامخوازانەش بە پێی جۆرێک بەرژەوەندیی گشتی و مانەوەیان لە دەسەڵات لە سنوورە دیاریکراوە سیاسییەکاندا دادەڕێژرێن. کەوابوو سیاسەتەکانیان وەکوو هەموو دەوڵەت-نەتەوەکانی دیکە سیاسەتی هەڵاواردن و ناوچەیییە و، بە نێوخۆی سنوورە دیاریکراوەکانەوە بەستراوەتەوە.
کار و کردەوەی ئیسلامیستەکان لەنێو سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوەدا و ئامانجە ستراتیژییەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی دەوڵەت ناچاریان دەکات لە ئاستە جۆراوجۆرەکاندا پێوەندییان بە ناسیۆنالیزمەوە هەبێت. لە دەوڵەتی مۆدێڕندا–بەبێ لەبەرچاوگرتنی پانوبەرینی یان شێوازی پێناسەکردنی سنوورەکانی– لە بنەڕەتدا نەتەوە خاوەنی دەوڵەتە و مافی حاکمییەت و مافەکانی دیکە تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە لە نێوخۆی سنوورەکانی نیشتمانی دیاریکراودا دەژین. مافی حاکمییەت کە لە چوارچێوەی یاسای ئامادەکراو دەدرێتە هاوڵاتییانی وڵاتێک، بە تایبەتی مافی هاوڵاتییانی یاسایی “کۆمەڵەیەکی سیاسیی وێناکراو و سنووردار”ە.[101] هەر بۆیەش دەسەڵاتدارانی وڵاتێکی ئیسلامیستی وەکوو ئێران دەتوانن بەبێ گرینگیدان بە دین و تەقوای موسوڵمانی ئەفغانی، چوونی ئەفغانی بۆ نێو پارکی گەورەشارەکانی وەکوو ئیسفەهان قەدەغە بکەن.[102]
هەوڵی ئیسلامیستەکان بۆ کارکردن لە ڕێڕەوی دەوڵەت-نەتەوەدا، بە شێوەی ئۆتوماتیک بەستێنەکانی ئاوێتەبوونی ئایین و سیاسەت ئامادە دەکەن و لە لایەن “بەرژەوەندیی نەتەوەیی” وڵاتەکەیانەوە دادەڕێژرێت. نابێ کاریگەریی پێویستیی پاڕادایمی لەم شێوەیە لەسەر هزری ئایینی بە هێند نەگرین. ئیسلامیستەکانیش وەکوو هەموو هاوڵاتییانی دیکە بەرهەمی ناسیۆنالیزمی ڕۆژانەی نەتەوەی خۆیانن و لە ڕێگەی پەروەردەی ناسیۆنالیستی گەشەیان کردووە. ئەوانیش وەکوو هاوڵاتییانی سیکۆلار تواناییی ئەوەیان نییە کە دووبارە لە دەوڵەت-نەتەوە وەکوو “نموونەیەکی تەواو و ئایدیال”[103]ی سیستەمی حاکمییەتی مۆدێڕن بفکرنەوە.[104]
ئەگەر بەڵگاندنی من ڕاست و دروست بێ، ئیسلامیستەکان ناتوانن لە دنیایەکی جیاوازدا بژین و تواناییی وێناکردن یان لایەنگرییان لە شێوە ژیانێک نییە کە لە دەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێڕن بێت. ئەم واقعییەتە پێمان دەڵێ کە تاکی ئیسلامیستیش وەکوو هەر هاوڵاتییەک دەبێ “سنووری دەرەکیی دەوڵەت” بکاتە “سنووری دەروونی[خۆی]”.[105] ئەم کارە لەبەر واقعییەتی تەواوی ژیان لەژێر دەوڵەت-نەتەوەیەکی دیاریکراودا پێویستە. وێناچێ چەمکی سنوورە نەتەوەیییەکان گرفت و سەرهێشەی بۆ ئیسلامیستەکان هەبێت. هەر بۆیە موسوڵمانانی فارسی-شیعە لە ئێراندا بە شانازییەوە لە یاسای بنەڕەتیدا ئەم مەرجەیان بۆ سەرۆک کۆمارەکەیان بە ڕەوا زانیوە کە سەرۆک کۆماری ئێران دەبێ هاوڵاتییەکی شیعەی نێری لەدایکبووی ئێران (بە ڕەچەڵەک ئێرانی) بێت.[106]
هەر وەکوو باسم کرد، کەسایەتیگەلی گەورەی موسوڵمان وەکوو “عیمارە” و “شەریعەتی”، لانیکەم ناسیۆنالیزمیان لە لایەن ئیسلامەوە قەبوڵە. هەروەها کەسانی دیکە وەکوو محەممەد ئیقباڵیی فەیلەسووف و ئەبوو عەلا مەودوودیی ئیسلامیست – کە “ئەوی دیکەیان” غەیرە موسوڵمان بوون- لە باسی ئیسلام و ناسیۆنالیزمدا باسیان لەمە کردووە کە لە ناسیۆنالیزم بێبەری نین. ئیقباڵ لە یەکێک لە نووسراوەکانیدا باس لەمە دەکات کە “هەستی نیشتمانپەروەری کە بیرۆکە نەتەوەیییەکەی وەگەڕی دەخات، جۆرێک بەخودایی کردنی کەرەستەیەکی مادییە و بەتەواوی دژی بنەماکانی ئیسلامە.”[107] جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ئیقباڵ هەر لە هەمان کۆمەڵە یادداشتدا نووسیویەتی “بێگومان بیری نەتەوایەتی، هۆکارێکی دروستی گەشەکردنی کۆمەڵگاکانە.”[108] زۆر جاران ڕوانگە دژ بەیەکەکانی ئیقباڵ وەکوو نەگونجاوییەکی قووڵ لەگەڵ ناسیۆنالیزم لەقەڵەم دەدرێت.[109]
ڕاستییەکەی دەبێ بە ڕواڵەت دژە ناسیۆنالیستترین ڕوانگەکانی ئیقباڵیش – کە وڵامێکە بۆ غولامحوسێن ئەحمەد مەدەنی- بە دژکردەوەیەکی ئیحساسی بزانین بۆ لەدەستدانی شوناسی ئیسلامیی موسوڵمانانی هیند لە دێمۆکراسییەکدا کە بە گوێرەی زۆرینە، هیندوویە. لەبەر ئەوەی ئیقباڵ لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە “موسوڵمانانی هیندی باوەڕە ئیسلامییەکانی خۆیان وەلا دەنێن و لەنێو نەتەوەی هیندیدا دەتوێنەوە و ئاسمیلە دەبن.”[110] ئیقباڵ پشتی بە بەڵگاندنێکی غەیرە سیکۆلار بەستووە و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە “ئیسلام لەگەڵ هیچ شێوە ژیانێکی دیکە ناگونجێت.” ئیددیعا دەکا کە ئەگەر موسوڵمانان لەنێو هینددا بمێننەوە “لە ئاکامدا باوەڕە ئیسلامییەکانیان بەرەو جۆرێک هزری ئەخلاقی دەڕوا، بێئەوەی گرینگی بە سیستەمی کۆمەڵایەتی و دەرنجامەکەی بدا.”[111] لە حاڵێکدا ئەو بۆچوونەی ئیقباڵ سەربارەت بە سروشتی غەیرە سیکۆلاری ئیسلام سنوورێک لەنێوان ئیسلامیزم و مۆدێرنیزمی ئیسلامی ناهێڵێتەوە، ئەو لە دەرەوەی شێوە قاڕەی هیند پابەندی ئەم بنەما غەیرە سیکۆلاربوونەی ئیسلام نامێنێت. بۆ وێنە، ئیقباڵ بە لەقەڵەمدانی گۆڕانکارییەکانی تورکییەی دەیەی ۱۹۲۰ وەکوو “هەنگاوێکی گرینگ بۆ کەڵک وەرگرتنی ئیجتیهاد لە ئیسلامی مۆدێڕندا” باس لەوە دەکات کە بیرمەندانی حیزبی ناسیۆنالیستی تورک “دژی بیری کۆنی یەکێتیی نێوان دین و دەوڵەتن و لەسەر جیایی نێوان ئەم دوو ناوەندە سوور و پێداگرن. هەڵبەت هیچ شک و گومانێک لەوەدا نییە کە پێکهاتەی ئیسلام وەکوو سیستەمێکی سیاسی مەزهەبی، ڕێگە بە کارێکی وەها دەدات…”[112]
تا ئەو جێیەی پێوەندی بە ئەبوو عەلا مەودوودی،[113] کەسایەتیی ئیسلامیستی پاکستانییەوە هەیە، بۆچوونەکانی دەربارەی ناسیۆنالیزم – کە زیاتر لە کتێبەکەیدا وەکوو بابەتی ئێتنیکی (ناسیۆنالیزم)[114] هاتووەتە بەرباس – بە قووڵی دژ بەیەک و ناسەقامگیرن. یەکەم، مەودوودی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ناسیۆنالیزم پێشینەی هەزاران ساڵەی هەیە، لە کاتێکدا تواناییی جیا کردنەوەی ناسیۆنالیزمی لە ڕەگەزپەرەستی، ئێمپریالیزم، پێوەندیی خێڵەکی و خزمایەتی یان تەنانەت لە پێوەندیی ئابووریی کاپیتالیستیش نییە.[115] دووهەم، بەبێ هێنانە بەرباسی چییەتیی ناسیۆنالیزمی ئیسلامی و چۆنیەتیی بیچم گرتنەکەی، مەودوودی لەسەر ئەو باوەڕەیە “کە ناسیۆنالیزمی ئیسلامی بە پێچەوانەی شێوازەکانی دیکەی ناسیۆنالیزم (وەکوو ئەو کاتەی ئیسلام لە سەرەتاکانی دەرکەوتنیدا بەرەوڕووی بووەوە و، وەلای نا) ناسیۆنالیزمێکی مەنتقییە.”[116]
سێهەم، وێدەچێ مەودوودی کێشەی لەگەڵ ئەوە هەبێ کە پێی دەڵێ “خۆ بەگەورەزانینی نەتەوەکان” تا واقعییەتی بوونی نەتەوە جۆراوجۆرەکان، چونکە ناوبراو تواناییی جیاوازی دانان لەنێوان ناسیۆنالیزم و ڕەگەزپەرەستی و هزرەکانی ئێتنیک-تەوەری نییە.[117] ناوبراو پێی وایە ناسیۆنالیزم دیوارێکی گەورەیە و مرۆڤەکان بۆ وەدەستهێنانی بەرژەوەندیی سنووردار بە دەوری خۆیاندا هەڵیدەچنن و هەر بۆیە دەوڵەتانی ئەورووپایی، ئەمریکا و ژاپۆن دەیانهەوێ لەنێوی بەرن.[118] چوارەم، مەودوودی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ڕەگەزەکان و نەتەوە جۆراوجۆرەکان هیچ جێگە و پێگەیەکیان لەنێو “نەتەوەی ئیسلام”دا نییە؛ ” هەر وەکوو پادشایەتیی جۆراوجۆر لەنێو پادشایەتییەکی یەکگرتوودا شتێکی مەحاڵە.”[119] لەوانەیە ناوبراو لەم ڕێیەوە بیهەوێ بڵێ کە موسوڵمانان ناتوانن هاوکات هەم جەخت لەسەر نەتەوە، ڕەگەز و شوناسی ئێتنیکی و هەمیش شوناسی ئایینیی خۆیان بکەنەوە. بەڵام هیچ کام لەم ڕوانگە ئاماژەپێکراوانە، ڕێ لەم بۆچوونەی مەودوودی ناگرن کە ئیددیعا بکا کە ئیسلام هیچ کێشە و گرفتێکی لەگەڵ پێوەندیی خوێنی، بنەماڵەیی یان مردن لە ڕێی خاک و نیشتمان نییە. بە پێچەوانەوە، مەودوودی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئیسلام ئەولەوییەتێکی تایبەتی بۆ پاراستنی نیشتمان و پێوەندیی خوێنی و بنەماڵەیی هەیە.[120] پێنجەم، لە لایەکەوە مەودوودی پێوەندیی خوێنی و پێوەندییە نەتەوەیییەکان وەکوو هۆکاری هاوپێوەندیی موسوڵمانان ڕەت دەکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا باس لەوە دەکات کە ئیسلام، مەرگ لە ڕێی ئەم شتە مادییانەوە بە شەهیدبوون(شەهادەت) لەقەڵەم دەدات. شەشەم، مەودوودی بە گەڕانەوە و پشتبەستن بە ئایەی 13ی سووڕەی 49ی قوڕئان، پێی وایە ئیسلام بیر لە بوونی نەتەوە جۆراوجۆرەکان بە مەبەستی ناسینی بەرانبەریان دەکات، نەک دوژمنایەتییان.[121] کەوابوو ئاشکرایە کە ڕوانگەکانی مەودوودی نەتەنیا بە قووڵی دژی یەکتر و ناتەبان، بەڵکوو ئەویش وەکوو زۆربەی ئیسلامیستەکان ناتوانێ تەنانەت لە زۆر لایەنی حاکمییەتی ناسیۆنالیستیی مۆدێڕن بفکرێتەوە و بە سروشتییان دەبینێ. لەم سۆنگەیەوە، ،مەودوودی وەکوو ئیسلامیستەکانی دیکە نەک هەر ناتوانێ سیستەمی جێگرەوە بۆ سیستەمە ناسیۆنالیستییەکانی ئێستا پێشکەش بکات، بەڵکوو زۆر لایەنی بە ئاشکرا و حاشاهەڵنەگرن و لەبنەڕەتدا ناسیۆنالیستین.
هەر وەکوو باس کرا، ئیسلامیستەکان سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوەیان قەبووڵە. بە گشتی، سەرەڕای بەشێک لە دەربڕینە ڕیتۆریکەکانیان دەربارەی ڕۆڵی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوا لە سەپاندنی سنوورە جوگڕافیایییەکانی ئێستا، ئەدەبییاتێکی ئیسلامیی بەرچاومان نییە کە پێمان بڵێ دەروونی کردنی سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوە کێشە و گرفتی بۆ پێوەندیی “برایەتی”ی جیهانی ئیسلام دروست کردووە. هەر وەک باس کرا، سیما و کەسایەتییە دیارەکانی ئیسلامی وەکوو عیمارە و شەریعەتی، لانیکەم ناسیۆنالیزم لەگەڵ ئیسلام بە گونجاو دەبینن. بەشێک لە بیرمەندانی موسوڵمان، وەکوو محەممەد ئیقباڵ – کە غەیرە موسوڵمانەکان بۆ ناوبراو، ئەوی دیکە بوون- چەند بابەتیان ورووژاندووە کە هەر وەک باس کرا دەڵێ “هەستی نیشتمانپەروەری”[122] کە بیری نەتەوەیی هان دەدات، جۆرێک بەخوداییکردنی[123] توخمە مادییەکانە)35).” لە ڕوانگەی ناوبراوەوە لەگەڵ کاکڵ و جەوهەری ئیسلام بەتەواوی دژ و ناتەبایە. هەڵبەت ئیقباڵ لە هەمان کۆمەڵە نووسراودا بۆچوونەکانی خۆی ڕەت کردووەتەوە و باس لەوە دەکات کە “بێگومان بیری نەتەوەیی، هۆکارێکی باشی گەشەکردنی کۆمەڵگاکانە”(86). ستایش و پێهەڵگوتنی ئاشکرای سنوورە ئێتنیکی-نەتەوەیییەکانی نێو دنیای ئیسلام و دەربڕینە ناسیۆنالیستییەکانی چەندپاتەی موسوڵمانان، دەرخەری ئەم واقعییەتەیە کە ئیسلامی مۆدێڕن زۆر لەژێر باندۆڕ و کاریگەریی ناسیۆنالیزمدایە. کەوابوو موسوڵمانێک چ نەریتی یان ئیسلامیست بێت، کاتێک سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوەکەی دەروونی دەکات، خۆی وەکوو دژە ئایینێک نابینێت. خۆی وەکوو بەشێک لە کۆمەڵگای ئیمانداران وێنا ناکات کە لە لایەن سنوورە ئێتنیکی-نەتەوەیییەکانەوە لێک هەڵبڕابن.[124]
لە چەند دەیەی ڕابردوودا، ئیسلامیستەکان ئەم دەرفەتەیان هەبووە کە لە چەندین وڵاتدا دەسەڵاتی دەوڵەت بگرنە دەست. ئەم دەرفەتە، بەختی پێشنیاری سیستەمی ئاڵتەرناتیڤی دەوڵەت-نەتەوەی داونێ. بەم حاڵەشەوە، ئەم ئیسلامیستانە نەتەنیا هیچ سیستەمێکی ئاڵتەرناتیڤییان پێشکەش نەکردووە، بەڵکوو بە ئاشکرا سەلماندوویانە کە تەنانەت کەمتر لە گرووپە سیکۆلارەکان – وەکوو کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان(ڕۆژئاوا)- پرسی دەوڵەت-نەتەوەیان پێ پرسێکی پڕگرفت و کێشەیە. ئیسلامیستەکان لە کاتی وەدەستهێنانی دەسەڵاتی دەوڵەتیدا هەوڵیان داوە، یاساوڕێسای نەتەوەکانی خۆیان زیاتر بکەنە مەزهەبی، بەم حاڵەشەوە نەیانتوانیوە بەسەر فەرهەنگ و کلتووری ڕەگەزپەرەستانەی نەتەوەی باڵادەستدا زاڵ بن یان دە هەڵمەتانی بگرن. ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران یان دەوڵەتی ئیسلامیستی تورکییە بە نموونە بێنینەوە، دەزانین نەتەنیا وەکوو وڵاتێکی فارسی یان تورکی مامەڵە دەکەن، بەڵکوو سەلماندوویانە سیاسەتەکانیشیان لەبەرانبەر ئێتنیک-نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتییان توندوتیژتر و زاڵمانەتر لە پێشینیانی سیکۆلاری خۆیانە.
سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبنەڕەتدا فارسیگەرایانەیە و، سیستەمی پەروەردەی ئەم وڵاتە پەرە بە بەرنامەی خوێندنی شیعەی-فارسی-ئاریایی دەدات.[125] ئایەتوڵڵا خومەینی لە ساڵی 1979 و تەنیا چەند مانگ پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران لە ڕێگەی فتوای جیهاد دژی کوردان، هەڵنەکردن و توندوتیژیی لە دژی موسوڵمانی غەیرە فارس وەڕێ خست. ئەو پشتی بەو ئایەتانە بەست کە پێغەمبەری ئیسلام لە ساڵی 631ی زایینی بۆ هاندانی هاوڕێ و یاوەرەکانی بۆ هێرش کردنە سەر کافرانی مەککە بە پێویستی زانی: “اشداء علي الکفار رحماء بينهم: لەبەرانبەر کافراندا توندوتیژن، بەڵام بۆ یەکتری دلۆڤان و مێهرەبانن.”[126] لە ساڵی 2020دا، کاتێک ئەڕتەشی تورکییە هێرشی کردە سەر کوردانی موسوڵمانی ڕۆژئاوای کوردستان، دەوڵەتی تورکییەش دەستووری خوێندنەوەی هەمان ئایەی قوڕئانی لە 90،000 مزگەوتی تورکییەی دا.[127] هەروەها بڕواننە نموونەی یاسای دووڕوویانەی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە زمانێکی کۆلۆنیالیستانە و دژبەیەک ناسیۆنالیزمی فارس یاسایی دەکات و شەرعییەتی دەداتێ. یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مادەی 19دا سەروەریی هەر “زمان، ڕەگەز و ڕەنگێک” ڕەت دەکاتەوە و ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر لە مادەی 15دا بەتەنیا زمانی فارسیی وەکوو زمانی ڕەسمی و سەروەر و زمانی گشتیی هەموو ئێرانییەکان ڕاگەیاندووە.”
کاتێک ئیسلامیستەکان لە دەسەڵاتدان، سەرلەنوێ سیاسەتی کۆنەپارێزانە بەرهەم دێننەوە، دروشمە جیهانییەکانیان ون دەبن و هەڵوێستی سیاسیی ناسیۆنالیستی دەگرنەبەر. “بەرژەوەندیی نەتەوەیی” سیاسەتی دەرەکیی دەوڵەتانی ئیسلامیستیش–وەکوو زۆربەی دەوڵەت-نەتەوەکانی دیکە–دیاری دەکا. بۆ وێنە، سەرەڕای تاوانی شەرمنانەی دەوڵەتی چین لە دژی موسوڵمانان و ناردنی نزیکەی یەک ملیۆن موسوڵمان بۆ ئۆردوگای کاری زۆرەملێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیە، نزیکترین دۆست و شەریکی سیاسی و ئابووریی وڵاتی چینن. ئۆردۆغان ساڵی 2009 سیاسەتەکانی چین لە بەرانبەر موسوڵمانانی بە کۆمەڵکوژی ناوبرد، بەڵام لە ساڵی 2020 ئۆردۆغان پاش وەرچەرخانی سیاسی بەرەو ڕۆژهەڵات، ڕایگەیاند کە “موسوڵمانان لە وڵاتی چین بەختەوەرانە دەژین.”[128] ڕەنج و مەینەتی موسوڵمانانی چینی، لایەنگرانی مەزهەبیی ئۆردۆغانیش ئازار نادات. دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆکاری سەرەکیی کاول و وێران کردنی سوریە و مەرگی زیاتر لە 600،000 هاوڵاتیی موسوڵمان لەو وڵاتەیە. دەوڵەتی ئیسلامیی ئێرانیش لەبەرانبەر تاوانی دەوڵەتی چین بەتەواوی متەقی لە خۆی بڕیوە.[129] تەنانەت ئێران نە دەنگی بە کوشت و کوشتاری موسوڵمانانی ڕوهینگیا دا،[130] و نە لە دەنگدانی کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارنامەی دژی کوشتنی موسوڵمانانی میانماردا بەشدار بوو، چونکە دەیویست زیان بە پێوەندیی دوولایەنەی لەگەڵ میانمار نەگات.[131] خاڵی سەرەکی ئەمەیە کە تێگەیشتنی موسوڵمانان لە ئیسلام بە هەمان ڕادە لە ژێر کاریگەریی ناسیۆنالیزمی مۆدێڕن و مەیلی ئیسلامیستەکان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی دەوڵەتە. ئامانجی من لێرەدا نیشانەی ئەم واقعییەتەیە کە ئیسلامیستەکانیش دەوڵەت-نەتەوەیان وەکوو “نموونەی ئایدیال”ی سیستەمی دەسەڵاتێکی مۆدێڕن دەروونی کردووە. بەم حاڵەشەوە ڕەنگە ئەم پرسیارە بکرێ کە ئایا دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام(داعش) لەم بەڵگاندنە گشتییە هەڵداوێرن؟ یان داعش ناهەنجارییەکە و لە کاریگەریی ناسیۆنالیزم بێبەرییە؟
هۆکاری زۆر هەن کە دەیسەلمێنن داعشیش لەم بۆچوونە گشتییەی من دەربارەی ئیسلامیزم بەدەر نییە. هۆکارەکەشی ئەمەیە کە 1) داعش لەبنەڕەتدا دژکردەوەیەکی سوننە –عەڕەبی (هێڵی مەودا لێرەدا گرینگە)ی بارودۆخی دوو دەیەی ڕابردوو لە عێراق و سوریەیە. گرینگترین شاهیدی ئەم بۆچوونە ئەمەیە کە ئەفسەرانی پێشووی بەعس بڕبڕەی پشتی پێکهاتەی نیزامیی داعش پێک دێنن. 2) ڕیتۆریکی بە ڕواڵەت گەردوونی (جیهانداگر)ی داعشیش زیاتر کەرەستەیەکە بۆ ڕاکێشانی هێزە ئیسلامیستەکانی دنیا؛ کەوابوو دروشمی لەم شێوەیە لەنێو داعشدا، زیاتر لەوەی پێویستییەکی ئیدئۆلۆژیک بێت، جۆرێک تاکتیکە. بەر لە پشتیوانیی ئاسمانیی ئەمریکا لە کوردان لە ساڵی 2014دا، داعش خۆی لە هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێک لە دەرەوەی عێراق و سوریەدا دەبوارد. 3) سەرەڕای ئەوەی گرووپگەلی زۆر لە دەرەوەی عێراق و سوریە پێیان وابوو بەشێک لە داعشن، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هیچ نیشانەیەکی پێوەندیی ڕێکخراوەییان لەگەڵ داعش نەبوو؛ ڕاستییەکەی ئەم گرووپانە زیاتر ئیلهامیان لە کار و کردەوەی داعش وەردەگرت. 4) زمانی عەڕەبی، میدیای ڕەسمیی داعشە و جێگە و پێگەیەکی سەرەکیی لە خۆ-تێگەیشتنی ئەم گرووپەدا هەیە و ئەمەش نیشانەی تایبەتمەندیی ئێتنیکیی داعشە. 5) داعش هیچ کەسێکی غەیرە عەڕەب بە شیاوی گەیشتن بە پلە و پایەی خەیاڵیی خەلیفە نازانێ. هەڵبژاردنی ئەبووبەکر ئەلبەغدادی لەسەر ئەم بنەمایە بوو کە ناوبراو بەغدادی-عەبباسییە؛ بەم مانایە کە ڕەگ و ڕیشە ئێتنیکیی ناوبراو دەگەڕێتەوە سەر عەشیرەتی قوڕەیش. 6) دوژمنایەتیی داعش لەگەڵ کوردان لە ڕێی دەستەواژە ئێتنیکی-ناسیۆنالیستییەوە دێنە بەرباس و دەردەبڕدرێن. ئاوڕدانەوەیەکی خێرا و گشتی لەسەر بۆچوونەکانی داعش و کۆمێنت و تێچن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، نیشانەی ڕوانگەی ناسیۆنالیستی و تەنانەت ڕەگەزپەرەستانەیانە بەرانبەر کوردان. بەشێک لە فەرماندەرانی داعش لە قسەکانیاندا بەبێ نیگەرانی ڕایاندەگەیاند کە سوریە وڵاتی عەڕەبە و کورد لەبەر عەڕەب نەبوونیان بێگانەن.
ئەنجام
ئاکامی باسەکە بەم شێوەیەیە کە کاریگەریی بوارە ئێتنیکی-ڕەگەزییەکان و بەستێنە فەرهەنگییەکان لەسەر تێگەیشتنی مۆدێڕنی موسوڵمانان ڕوون و بەرچاوە. سنووری لێکدانەوەی موسوڵمانانی مۆدێڕن لەگەڵ سنوورە ئێتنیکییەکان یەکن. هەر وەکوو بێنێدیکت ئەندێرسۆن دەڵێ “نەتەوە سنووردارە” و هەر مرۆڤێکی ئەوڕۆیی دەبێ خۆی لەو سنوورداریەتییەدا بگونجێنێ. سنوورە ئاینییەکانیانیش بە پێی ئەو سنوورە نەتەوەیی و ئێتنیکییانە سەرلەنوێ داڕێژراونەوە. بەرهەمی بیرمەندانی موسوڵمانی مۆدێڕن بەڵگەی تەواومان دەربارەی تێگەیشتنی ئێتنیکی و ناسیۆنالیستی و هەروەها “ئەوی تر”ی ئەوانمان لەبەر دەستی دەنێن. ئەمە لە پڕۆبلۆماتیزەکردنی ڕوانگە دوالیستییە نەریتییەکان بۆ تێڕوانینە ئایینییەکانی مسوڵمانان و نکۆڵی لە هەستی ناسیۆنالیستیی دینداران، یارمەتیمان دەدات.
ئەحیاگەرییی ئایینی مۆدێڕنی موسوڵمانان، سروشتی هەڵاواردن و وەلانانی هەیە. موسوڵمان بوون بۆ پێدانی مافی هاووڵاتی لە هیچ وڵاتێکی ئیسلامیدا مەرج نییە و ئەمە بابەتێکە تەنانەت بۆ ئیسلامیستەکانیش ناسروشتی نییە. لە بۆچوونی سیاسیی ئیسلامیستەکان (کە لەدایکبووی دنیای ڕاستەقینەی ناسیۆنالیزمە)، ئۆممەتی ئیسلامی (کۆمەڵگایەک کە لەسەر ئیمان بنیات نراوە) جێگە و پێگەیەکی ئەوتۆی نییە. سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەتی وێناکراویان دەتوانێ جۆرێک دەوڵەتی ئایینی بێت، بەڵام دەوڵەتێکی وەهاش دەبێ لە چوارچێوەی سنوورە نەتەوەیییە سنووردار و تایبەتەکاندا کار بکات. پێوەری ڕێبەری دەوڵەتانی ئیسلامیست بۆ وەدەستهێنانی خۆشبژێویی خەڵک لەجیاتیی ڕەزامەندیی خودا دەبێ بە جۆرێک لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیی نێوخۆیی و بەرژەوەندیی نەتەوەییی وڵاتەکەیان لە ئاستی نێونەتەوەییدا یەک بگرێتەوە.
وەدەستهێنانی دەسەڵاتی دەوڵەت، ئامانجی کۆتاییی ئیسلامیستەکانە و هەروەها دەوڵەتیش بە هۆکاری سەرەکیی گۆڕانکارییەکان دەزانن. کەوابوو باوەڕ بە هەبوونی دەوڵەت سەرەکیترین نیشانەی ئەحیاگەریی ئیسلامی مۆدێڕنە. لە کاتێکدا لەوانەیە دەوڵەتەکەیان ناو بنێن دەوڵەتی ئیسلامی Islamic)) (پاشگری “ی “یان “ic” لە islamicدا هەم دەیکاتە مۆدێڕن و هەمیش ئیدئۆلۆژیک)، بەڵام ئەم [ناولێنانە] سروشتی دەوڵەتەکەیان ناگۆڕێت و دەوڵەتەکەیان هەروا مۆدێڕن دەمێنێتەوە؛ دەوڵەتی مۆدێڕنیش لەبنەڕەتدا ناسیۆنالیستییە. چونکە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئیمان یان پلەی ئیمانداریی مرۆڤەکان، هیچ مافێک بۆ هیچ مرۆڤێک جگە لە هاوڵاتییەکانی خۆی بەڕەوا نازانێت.
ئەم خاڵە شیاوی سەرنجدانە کە ئیسلامیستەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەزموونی “ئیسلامی ڕاستەقینە و واقعی” بەبێ بوونی دەوڵەتێکی ئیسلامی مەحاڵە. هەر بۆیە نەتەنیا دەوڵەتیان وەکوو کەرەستەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ئیسلامی “ڕاستەقینە”ی خۆیان لەبەرچاو گرتووە، بەڵکوو لەسەر ئەم باوەڕەن کە دەوڵەت سیستەمێکە کە بەختی ڕێبەری و ڕێنوێنیی “ژیانی ئیسلامی”یان بە مانای گشتیی وشە دەداتێ. بەم حاڵەیشەوە لە زۆربەی دۆخەکاندا ئیسلامیستەکان تەنیا لە چوارچێوەی سنووردرای سنوورە جوگڕافییایی و نەتەوەییی خۆیاندا بۆ ئەحیا و بڵاوبوونەوەی ئیسلامی “ڕاستەقینە” هەوڵ دەدەن. جەختی ئیسلامیستەکان لەسەر سنووری دەوڵەتە ئیسلامییەکانیان و بە هێندگرتنی ئەو سنوورانە، ئاراستەی نەتەوەیی کردنی ئیسلام و کاریگەریی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوا لەسەر هزری ئایینی ئیسلامی مۆدێڕن نیشان دەدات. جەخت کردنەوەیەکی وەها لەسەر سنوورە ئێتنیکی-نەتەوەیییەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی “وێناکراو”یان، نیشانەی ئەمەیە کە سیاسەتی ئیسلامیستانە چۆناوچۆن ئاشکرا دەبێت و چۆناوچۆن هزری ئایینیی ئیسلامی مۆدێڕن کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ڕووبەڕووبوونەوەی موسوڵمانان لەگەڵ کۆلۆنیالیزم و نەتەوەییبوونی بەردەوامی هزری دینیی ئەمڕۆ.
سەرچاوەکان
ʿAbd al-Rahman al-Kawakibi, Umm Al-Qura. Cairo: al-Azhar, 1931.
ʿAbduh, Muhammad. Al-Islam Wa Al-Nasraniyya/ Islam and Christianity Cairo: al-Manar, 1323/1905.
Enayat, Hamid. Seyri Dar Andishay-E Siyasi-Ye Arab, Tehran: Sherkat-e Sohami-ye Kitabha-ye Jibi, 1356.
Açikyildiz, Birgül. The Yezidis: The History of a Community, Culture and Religion. London: I. B.
Tauris, 2014.
Makdisi, Ussama. The Culture of Sectarianism: Community, History, and Violence in Nineteenth-Century
Ottoman Lebanon. Berkeley, Calif: University of California Press, 2000.
Akçam, Taner. The Young Turks’ crime against humanity: The Armenian genocide and ethnic cleansing in the
Ottoman Empire. Vol. 17. Princeton. Princeton University Press, 2013.
Akyol, Taha. Atatürk’ün İhtilal Hukuku/The Revolutionary justice system of Atatürk . İstanbul: Doğan
Kitap, 2012.
Ali, Syed Ameer. The spirit of Islam; a history of the evolution and ideals of Islam with a life of the Prophet.
London: Methuen,1967.
Amin, Ahmad. Duha al-Islam/the Sunrise of Islam , 3 vols, vol. 1. Al-Qahirah: Jam’iya al-Ri’aya al-
Mutakamilah, 2003.
Balibar, Etienne and Immanuel Maurice Wallerstein, Race, Nation, Class: Ambiguous Identities. London
and New York: Verso, 1991.
Barker, W Philip. Religious Nationalism in Modern Europe: If God Be for Us. London and New York:
Routledge, 2009.
Barlow, T. E.full name needed?. Formations of Colonial Modernity in East Asia, 1st edn, Durham, NC:
Duke University Press, 1997.
Chakrabarty, Dipesh. Provincializing Europe: Postcolonial Thought and Historical Difference, Princeton,
NJ: Princeton University Press, 2000.
Billig, Michael. Banal Nationalism. London; Thousand Oaks, Calif.: Sage, 1995.
Chatterjee, Partha. The Nation and Its Fragments: Colonial and Postcolonial Histories. Delhi and New York: Oxford University Press, 1995.
Chen, K.-H. “America in East Asia”, New Left Review, no. 12 (2001), pp. 73 – 87.
Cleveland, William L. A History of the Modern Middle East 2nd ed. Boulder, Colo.: Westview Press, 2000.
Devji, Faisal. Muslim Zion: Pakistan as a Political Idea. Cambridge: Harvard University Press, 2013.
Ewing, Katherine Pratt. Arguing Sainthood: Modernity, Psychoanalysis, and Islam. Durham and London: Duke University Press, 2006.
Green, Garrett. Theology, Hermeneutics, and Imagination: The Crisis of Interpretation at the End of Modernity. New York: Cambridge University Press, 2000.
Haddad, Mahmoud. “Arab Religious Nationalism in the Colonial Era: Rereading Rashīd Riḍā’s
Ideas on the Caliphate,” Journal of the American Oriental Society 117(2), 1997.
Ihrig, Stefan. Atatürk in the Nazi Imagination. Boston: Harvard University Press, 2014.
ʿImarah, Muhammad. Abd al-Rahaman al-Kawakibi: The Martyr of Islam and Freedom. Cairo: Dar Al Shuruq, 1988.
ʿImarah, Muhammad. Al-Islam wa al-ʿUruba. Cairo: Dar Al Shuruq, 1988.
Iqbal, Muhammad. Armaghan-e Hijaz 1938. http://www.allamaiqbal.com/.
Iqbal, Muhammad. Rumuz-e Bekhudi Translated by Iqbal Academy Pakistan. Iqbal Academy, 1918.
Iqbal, Muhammad. Stray Reflections. 1961. http://www.allamaiqbal.com/poet/prose/english/stray.pdf. Last visited, 04/15/2021.
Iqbal, Muhammad. The Reconstruction of Religious Thought in Islam. Moscow: Dodo Press, 2009.
Miller, R. Owen. “Sasun 1894: Mountains, Missionaries and Massacres at the End of the Ottoman
Empire,” Ph.D. dissertation, Columbia University, 2015.Moftizadeh, Ahmad. Dar Barayeh Kordestan. Tehran: Nur, 1979.
Qutb, Sayyed. Milestones. 1st ed. Karachi: International Islamic Publishers, 1981.
Qutb, Sayyid. The Islamic Concept and Its Characteristics. Indianapolis IN, USA: American Trust
Publications, 1991.
Ram, H. The immemorial Iranian nation? School textbooks and historical memory in post-
revolutionary Iran. Nation and Nationalism, 6 (1) (2000), 67–90.
Rippin, Andrew, and Jan Knappert. Textual Sources for the Study of Islam. Textual Sources for the Study of Religion. Manchester Greater Manchester: Manchester University Press, 1986.
Saleh, Alam. Ethnic identity and the state in Iran. New York: Palgrave, 2013.
Sayyid, Bobby. A Fundamental Fear: Eurocentrism and the Emergence of Islamism. New York: Zed Books,
Year?.
Shariati, Ali. Bazshenasi hoviyat-e Irani-Islami. Bonyad Farhangi Dr. Ali Shariati.2015
Soleimani, Kamal. Islam and Competing Nationalisms in the Middle East, 1876-1926. New York: Palgrave, 2016.
Soleimani K, Osmanzadeh D. “Textualising the ethnoreligious sovereign, history, ethnicity and nationalism in the Perso-Islamic textbooks,” Nations and Nationalism. 2021, 1 (18). https://doi.org/10.1111/nana.
Taves, Ann. Religious Experience Reconsidered: A Building Block Approach to the Study of Religion and Other Special Things. Princeton, N.J.: Princeton University Press, 2009.
The Constitution of the Islamic Republic of Iran,
http://www.roshd.ir/Portals/0/KarAfarini/PDFs/rules/ghanoone_asasy.pdf.
Tibi, Bassam. Islamism and Islam. New Haven: Yale University Press, 2012.
Üngör, Uğur Ümit. The making of modern Turkey: nation and state in Eastern Anatolia, 1913-1950. Oxford.
Oxford University Press, 2012. Stefan Arvidsson, Aryan idols: Indo-European mythology as ideology and science . Chicago: University of Chicago Press, 2006.
Maurice Olender, The languages of paradise: race, religion, and philology in the nineteenth century. Cambridge, MA: Harvard University Press, 1992.
Reza Zia-Ebrahimi, The emergence of Iranian nationalism: Race and the politics of dislocation. New York: Columbia University Press, 2016.
Sadiq Jalal al- ‘Azm, Naqd al-Fikr al-Dini. Beirut: Dar al-Tali‘a, 1970, 111.
Haggay Ram, The immemorial Iranian nation? School textbooks and historical memory in post-revolutionary Iran. Nation and Nationalism, 6 (1) (2000), 67–90.
Majeed, Javed. Muhammad Iqbal: Islam, Aesthetics and Postcolonialism. New Delhi: Routledge, 2009: 70-71; and Rehman, Mohammad A. 2018. “Nation as a Neo-Idol: Muslim Political Theology and the Critique of Secular Nationalism in Modern South Asia” Religions, 9 (11), 1-20.
Iqbal. “Islam and Nationalism” (1937). http://www.koranselskab.dk/profiler/iqbal/nationalism.htm. Last accessed,
Saiyid Abu Aʿla Maududi. Nasiyonalism-e Islam. 2017, 3. http://www.qalamlib.com/, last visited. 05/29/2021
[1] ئەم وتارە، وەرگێڕانی ئەم وتارەی خوارەوەیە:
“Islam moderno y nacionalismo y poscolonialidad” in Miradas múltiples”, Desentrañar la “política. (ed). Saurabh Dube and Ishita Banerjee, Ciudad de Mexico: El Colegio de México. 2021.
[2] Bassam Tibi
[3] [3] Bassam Tibi,. Islamism and Islam. New Haven: Yale University Press, 2012: 3.
[4] هەمان سەرچاوە.
[5] هەمان سەرچاوە.
[6] https://archive.fo/wip/gE8O8
[7] Challenging
[8] Baby Sayyid
[9] Bobby Sayyid. A Fundamental Fear: Eurocentrism and the Emergence of Islamism. New York: Zed Books. 1997: 7.
[10] هەمان سەرچاوە.
[11] بڕوانە:
Akçam, Taner. The Young Turks’ crime against humanity: The Armenian genocide and ethnic cleansing in the Ottoman Empire. Vol. 17. Princeton. Princeton University Press, 2013. Owen Robert Miller, “Sasun 1894:
Mountains, Missionaries and Massacres at the End of the Ottoman Empire,” PhD dissertation, Columbia
University, 2015. Üngör, Ugur Ümit. The making of modern Turkey: nation and state in Eastern Anatolia, 1913-1950. Oxford. Oxford University Press, 2012.
[12] Birgül Açikyildiz, The Yezidis: The History of a Community, Culture and Religion. London: I. B. Tauris, 2014. Also, Ussama Makdisi. The Culture of Sectarianism: Community, History, and Violence in Nineteenth-Century Ottoman Lebanon. Berkeley, Calif: University of California Press, 2000.
[13] Stefan Ihrig Atatürk in the Nazi Imagination. Boston: Harvard University Press. 2014
[14] fundamentalism
[15] Tibi, 2012: 3.
[16] Faisal Devji
[17] Wilfred Cantwell Smith
[18] Devji, Faisal. Muslim Zion: Pakistan as a political idea. London: Hurst Publishers, 2013: 204.
[19] Syed Ameer Ali
[20] The Spirit of Islam
[21] بڕوانە devij, 2013، بەشی 6.
[22] the spirit of the age
[23] [23] Syed Ameer Ali. The spirit of Islam; a history of the evolution and ideals of Islam with a life of the Prophet. London: Methuen,1967: 182.
[24] raison d’être
[25] Mohammad Iqbal
[26] Iqbal, 2009, 190.
[27] Ali. The spirit of Islam:184.
[28] Muhammad Iqbal. Stray Reflections. 1961.
[29] Sayyed Qutb. Milestones. 1st ed. Karachi: International Islamic Publishers, 1981.
[30] Akyol, Taha. 2012. Atatürk’ün İhtilal Hukuku/the Revolutionary justice system of Atatürk. İstanbul: Doğan Kitap: 86. Also, Kamal Soleimani. Islam and Competing Nationalisms in the Middle East. New York: Palgav. 2016: 258
[31] https://archive.fo/wip/Cm2hZ
[32] Cf. Sayyid Qutb, Milestones, 1st ed. (Karachi: International Islamic Publishers, 1981). Also, The Islamic Concept and Its Characteristics (Indianapolis IN, USA: American Trust Publications, 1991).
[33] بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:
Barlow, T.E. 1997a. Formations of Colonial Modernity in East Asia, 1st edn, Durham, NC: Duke University Press. Chakrabarty D. 2000/2007. Provincializing Europe: Postcolonial Thought and Historical Difference, Princeton, NJ: Princeton University Press. Chen, K.-H. 2001 America in East Asia, New Left Review, no. 12, pp. 73 – 87.
[34] بۆ وێنە بڕوانە:
Ahmad Amin. Duha al-Islam/the Sunrise of Islam , 3 vols, vol. 1. Al-Qahirah: Jam’iya al-Ri’aya al-Mutakamilah, 2003: 93–100.
[35] Colin Renfrew
[36] Stefan Arvidsson, Aryan idols: Indo-European mythology as ideology and science. Chicago: University of Chicago Press, 2006, 5.
[37] William Jones
[38] Maurice Olender, The languages of paradise: race, religion, and philology in the nineteenth century. Cambridge, MA: Harvard University Press, 1992, 8.
[39] philology
[40] بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: Oledner, 1992.
[41] Oledner, 1992, 7
[42] Friedrich Schlegel
[43] Reza Zia-Ebrahimi, The emergence of Iranian nationalism: Race and the politics of dislocation. New York: Columbia University Press, 2016, 150.
[44] Sadiq Jalal al-‘Azam
[45] Sadiq Jalal al- ‘Azm, Naqd al-Fikr al-Dini. Beirut: Dar al-Tali‘a, 1970, 111.
[46] Haggay Ram, The immemorial Iranian nation? School textbooks and historical memory in post-revolutionary Iran. Nation and Nationalism, 6 (1) (2000), 67–90. Kamal Soleimani & D. Osmanzadeh, “Textualising the ethno-religious sovereign, history, ethnicity and nationalism in the Perso-Islamic textbooks,” Nations and Nationalism. 2021, 1(18). https://doi.org/10.1111/nana.
[47] quoted in Alam Saleh, Ethnic identity and the state in Iran. New York: Palgrave. 2013: 129.
[48] Muhammad Imarah
[49] Shariati, 2015: 209.
[50] هەمان سەرچاوە.
[51] هەمان سەرچاوە.: 220-229.
[52] هەمان سەرچاوە.: 205-206.
[53] هەمان سەرچاوە.: 205.
[54] Imarah. Al-Islam wa al-‘Uruba: 11.
[55] هەمان سەرچاوە.
[56]هەمان سەرچاوە.: 12.
[57] هەمان سەرچاوە.: ٥-٦.
[58]authentic
[59] هەمان سەرچاوە.: ٢٨.
[60]هەمان سەرچاوە.: ٢٤.
[61] هەمان سەرچاوە.: ٢٥.
[62] Muhammad ‘Abduh
[63] al-Islam wa al-Nasraniyya
[64] al-Mu’tasim
[65] Muhammad ‘Abduh, Al-Islam Wa Al-Nasraniyya/ Islam and Christianity (Cairo: al-Manar, 1323/1905), 123.
[66] Abd al-Rahman al-Kawakibi
[67] Rashid Riḍa
[68] بەراوردی بکەن لەگەڵ:
Mahmoud Haddad, ” Arab Religious Nationalism in the Colonial Era: Rereading Rashīd Riḍā’s Ideas on the Caliphate ” Journal of the American Oriental Society 117, no. 2 (Apr. – Jun., 1997). Also, ‘Abd al-Rahman al-Kawakibi, Umm Al-Qura (Cairo: al-Azhar, 1931).
[69] impure
[70] بڕوانە:
Muhammad Imarah. Abd al-Rahaman al-Kawakibi: The Martyr of Islam and Freedom. Cairo: Dar Al Shuruq, 1988.
[71] Hamid ‘Enayat, Seyri Dar Andishay-E Siyasi-Ye Arab/ A Glimpse at Arabic Political Thought (Tehran: Sherkat-e Sohami-ye Kitabha-ye Jibi, 2536), 149.
[72] هەمان سەرچاوە.
[73] Imarah. Al-Islam wa al-‘Uruba: 6.
[74] Shariati. Bazshenasi hoviyat-e: 387.
[75]هەمان سەرچاوە.
[76]هەمان سەرچاوە.: ٣٨٨.
[77] Imarah. Al-Islam wa al-‘Uruba: 20-21.
[78] Shariati. Bazshenasi hoviyat-e: 392.
[79] هەمان سەرچاوە.
[80] هەمان سەرچاوە.: ٣٩٥.
[81] هەمان سەرچاوە.: ٣٩٤.
[82] هەمان سەرچاوە.
[83] هەمان سەرچاوە.: ٤٠١.
[84] هەمان سەرچاوە. 395.
[85] هەمان سەرچاوە.
[86] هەمان سەرچاوە.: 394-395 نووسەر جەختی کردووەتەوە.
[87] هەمان سەرچاوە. 395.
[88] هەمان سەرچاوە. 364.
[89] هەمان سەرچاوە. 375.
[90] هەمان سەرچاوە. 376.
[91] هەمان سەرچاوە. 375.
[93] هەمان سەرچاوە. 379.
[94] هەمان سەرچاوە. 382.
[95] بڕوانە:
See, Michael Billig, Banal Nationalism. London: Thousand Oaks, Calif.: Sage, 1995.
[96] Billig
[97] Billig, 1995: 8
[98] Everydayness of Nationalism
[99] imagined
[100] non-citizens
[101] Anderson, 2006: 5.
[102] کەناڵی بیبیسیی فارسی، https://archive.fo/wip/ZYOcI.
[103] ideal type
[104] بڕوانە: Billig, 1996.
[105] Etienne Balibar and Immanuel Maurice Wallerstein, Race, Nation, Class : Ambiguous Identities (London England; New York: Verso, 1991), 95.
[106] بڕوانە مادەی 115ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران:
http://www.roshd.ir/Portals/0/KarAfarini/PDFs/rules/ghanoone_asasy.pdf. Last visited: 10/01/2016.
[107] Iqbal, 1961: 35.
[108] هەمان سەرچاوە.: 86
[109] بۆ وێنە: Majeed, Javed. Muhammad Iqbal: Islam, Aesthetics and Postcolonialism. New Delhi: Routledge, 2009: 70-71; and Rehman, Mohammad A. 2018. “Nation as a Neo-Idol: Muslim Political Theology and the Critique of Secular Nationalism in Modern South Asia” Religions, 9 (11), 1-20.
[110] Iqbal. “Islam and Nationalism” (1937). http://www.koranselskab.dk/profiler/iqbal/nationalism.htm. Last accessed, 05/29/2021.
[111] هەمان سەرچاوە.
[112] Iqbal, 2009:180, emphasis added.
[113] Abu Aʿla Maududi
[114] Masala-e-Qaumiyat
[115] هەمان سەرچاوە.
[116] هەمان سەرچاوە، 23.
[117] هەمان سەرچاوە، 13.
[118] هەمان سەرچاوە، 10.
[119] هەمان سەرچاوە، 3-42.
[120] هەمان سەرچاوە، 13.
[121] هەمان سەرچاوە، 13.
[122] patriotism
[123] deification
[124] بۆ باسێکی سەرنجڕاکێش دەربارەی گونجانی سنوورە ئایینی و نەتەوەیییەکان، بڕوانە:
Philip W. Barker, Religious Nationalism in Modern Europe: If God Be for Us, Routledge Studies in Nationalism and Ethnicity (London; New York: Routledge, 2009).
[125]بڕوانە: Soleimani and Osmanzadeh, 2021.
[126] The Qur’an, 48: 29.
[127] https://archive.fo/wip/sb6f3.
[128] https://archive.fo/wip/0h8bc.
[129] لە ساڵی 2009، ئیبڕاهیم نەبەوی، هونەرمەندی بەناوبانگی ئێرانی، دەمامکی لەسەر ڕوخساری سیاسەتەکانی ئێران دەربارەی کاروباری موسوڵمانان لە هەموو دنیادا لابرد. نەبەوی لە یاداشتەکەی دەربارەی بێدەنگیی ڕژیمی ئێران لەبەرانبەر سەرکوتی کەمینەی موسوڵمانی چیندا نووسیی:
بەرگری لە موسوڵمانان لە ئاڵمان، ئیتالیا [و لە بەشەکانی دیکەی ئەورووپای ڕۆژئاوا]دا ئەرکێکی ئایینییە. چونکە ئەم موسوڵمانانە لە ترسی گیان و سەر و ماڵیان لە ئێران، عێراق، تورکیە و سوریە ڕایانکردووە و هەڵاتوون…. موسوڵمانی چین بەشێک لە کاروباری نێوخۆییی وڵاتی چینن. چونکە بۆ هەزار ساڵ، موسوڵمانانی چین، وڵاتی خۆیان بەجێ نەهێشتووە و لەوپەڕی پشوودرێژیدا لە وڵاتی خۆیان قەتڵوعام کراون. هەروەها نابێ دژایەتیی کوشت و کوشتاری موسوڵمانان لە چێچێن بکەین، چونکە نامانهەوێ دەست لە کاروباری نێوخۆییی وڵاتی ڕووسیا وەربدەین. ئەم موسوڵمانانە تەنانە لە ڕووسیەش ناژین؛ لە وڵاتێکی دیکە دەژین… بێئەملاوئەولا بەرگری لە هەموو ئەو موسوڵمانانە دەکەین کە پاش کۆچ کردنیان بەرەو وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژئاوا وەکوو ئاڵمان بێڕێزییان پێ کراوە.
http://www.roozonline.com/persian/tanssatire/tans-satire-article/archive/2016/july/12/article/-bc1127ea53.html.Last visited: 10/01/2016.
داگرتنی بابەت



