ئارامتر بخوێنەوە

حکوومەتمەندیی زمان لە ئیستعماری ناوخۆیی ئێراندا

د. ڕەحیم سورخی

مامۆستای پێوەندیدار بە زانکۆی کارلتن، ئۆتاوا، کانادا


” لە کاتێکدا کە دەوڵەتی ئیستعماریی ئێران لە ڕێگای دابەشکردنی یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکانییەوە پێکهاتەی سیاسی و ئیداریی کوردستان بە دابڕاوی لە یەکتر، ڕاستەوخۆ بە ناوەندی دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران لە ئاستە درشتەکەیدا دەبەستێتەوە، ‘حکوومەتمەندی’ لە ئاستە وردەکەیدا تیشکۆی لەسەر ئەو ستراتیژی و تەکنیکانەیە کە بەهۆیانەوە دەسەڵاتەکانی دەوڵەت بەرنامە و سیاسەتەکان جێبەجێ دەکەن.”


پوختە

ئەم توێژینەوەیە بە پێی ڕێبازی سیاسەتی زمانی کارەکیی ڕەخنەگرانە لە جیاتی ئەوەی لەسەر پێگە مێژوویی و پێکهاتەیییەکانی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ناوەندی چڕ بێتەوە، گرنگی بە ئەو تەکنیکانە دەدات کە تاک و دامەزراوەکانی دەوڵەت ڕەفتار و هەڵسوکەوتی گشتیی خەڵک شێوەپێدەدەن و پلان و بەرنامەکانی دەوڵەت جێبەجێ دەکەن. هەر بۆیە،  بۆ ئەوەی باشتر لە کردە دامەزراوەیییە باوەکانی ئیستعماری شێوە ئێرانی تێبگەین کە لە ڕێگای دامەزراوەکانی (پەرەوردە، میدیا، و فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی)یەوە سیاسەتی زمانی لەسەر پاراستنی سیستەمەکانی قازانجی خۆی داڕشتووە و بەڵگەمەندی کردوون، بە گرتنە بەری ڕێبازی ‘پێنی کوک'(٢٠٠٢، ٢٠٠٦)  لە سەر ‘حکوومەتمەندی’ (governmentality) ‘گوتارەکان، شێوەکانی پەروەردە و فێرکردن و بەکارهێنانی زمان’، واتە پرۆسەکانی پێکهاتنی کولتوور و زانست تاوتوێ دەکرێت. هەروەها بە پێی سکوتنەب کانگاس و بوجاک (١٩٩٥) پێی وایە کە ”دۆخی [زمانی]  کوردی لە هێندێک لایەنەوە لەگەڵ دۆخی زمانی “سامی” (Sámi) و چەندین زمانی سەرەکیی ئەفریقی شیاوی بەراورد کردنە  کە بەسەر چەند دەوڵەتدا بڵاو بوونەتەوە، لەبەر ئەوەی سنووری دەوڵەتەکان بەدەستی هێزە کۆلۆنیالیستەکان (١٨٨٤- ١٨٨٥) کێشراون”. بۆ ڕوونکردنەوەی دۆخی ئیستعماریی زاڵ بەسەر کوردستاندا پشت بە دەقی ئاخاوتنی ڤیدۆیی، بەڵگەی پەروەردەیی و سەردێڕی ڕۆژنامەیی لە شێوەی نووسراودا دەبەسترێت. لە ئەنجامدا، کاریگەرییەکانی حکوومەتەمەندیی زمانی لەسەر گۆڕانی زمانی کوردی و زەینیەتی هێندێک لە ئاخێوەرەکانی دەخرێنە ڕوو. گریمانەی سەرەکی ئەوەیە کە لە بەستێنی ئیستعماری ناوخۆییی ئێرانیدا سیاسەتی ‘چاران'(tolerance) وەک تەکنیکێک بۆ ‘گۆڕینی زمان’ و لە درێژخایەندا زمانکوژی(linguicide) لە چوارچێوەی حکوومەتمەندیی ئیستعماریدا پێڕەودەکرێت.


وشە سەرەکییەکان

حکوومەتمەندی(governmentality)،حکوومەتمەندیی زمان(language governmentality)، ئیستعماری ناوخۆیی(internal colonization)، سیاسەتی زمانیی ڕەخنەگرانە(critical language policy)، زمانکوژی(lingucide)


خستنەڕووی کێشەکە

فۆ کۆ لە ساڵی ١٩٧٨ و ١٩٧٩ دا چەمکی ‘حکوومەتمەندی’ی لە چەند وتاردانێکی لە کۆلێژی دوفرانس لە پاریس خستە ڕوو کە تێیاندا بۆ ئەوەی چۆنێتیی ئەرک نواندنی دەسەڵات ڕوون بکاتەوە، تیشکۆی لەسەر ‘ڕەچەڵەکناسیی دەوڵەتی مۆدێرن’ بوو(Lemke 2001).  بۆ ئەو  “حکوومەت هەر بە واتای پێکهاتە سیاسییەکان یان بەڕێوەبردنی دەوڵەتەکان نییە؛ بەڵکوو ئەو ڕێگایانەش دیاری دەکات کە تێیاندا هەڵسوکەوتی تاکەکان یان تاقمەکان ئاراستە دەکرێن.” (Foucault, 1982) لە درێژی ئەم وتارەدا، بە پێی تێگەیشتنی فۆکۆ لە هونەری حکوومەتکردن و بەتایبەتی حکوومەتمەندیی کولتووری، هەوڵ دەدرێت کە ئەو پرسە ڕوون بکرێتەوە کە چۆن سیاسەتی ئیستعماریی ئێران لە ڕێی سیاسەتی زمانی، میدیایی و کولتوورییەوە، بە بڕەودان بە حکوومەتمەندی کار لەسەر پەرەپێدان و چەسپاندنی پێکهاتە زەینی و دەروونییەکانی خەڵکی کوردستان دەکات. هەروەها، ڕوونی بکاتەوە لێکەوتەکانی گرتنەبەری ئەم سیاسەتە لەسەر زمان، و کولتوور و خۆڕاگریی نەتەوەکەمان لە ڕەوتی خەباتی ڕزگاریی خۆیدا چی دەبێت.

 لە کاتێکدا کە دەوڵەتی ئیستعماریی ئێران لە ڕێگای دابەشکردنی یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکانییەوە پێکهاتەی سیاسی و ئیداریی کوردستان بە دابڕاوی لە یەکتر، ڕاستەوخۆ بە ناوەندی دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران لە ئاستە درشتەکەیدا دەبەستێتەوە، ‘حکوومەتمەندی’ لە ئاستە وردەکەیدا تیشکۆی لەسەر ئەو ستراتیژی و تەکنیکانەیە کە بەهۆیانەوە دەسەڵاتەکانی دەوڵەت بەرنامە و سیاسەتەکان جێبەجێ دەکەن. ”لە بەستێنی  ئیستعماریدا، حکوومەتمەندی کەمتر لەسەر شێوە فەرمییەکانی کۆنتڕۆڵی دەوڵەت و ئیستعمار وەک  چەکداری، قانوون و دەزگا بوروکراتییەکان چڕ دەبێتەوە و زیاتر لەسەر پێکهاتنی ئەو کولتوورەی ئیستعمار بەرهەمی هێناوە کاردەکات” (Pennycook, 2002).  بەڵام، مۆدێلی ئیستعماری ناوخۆیی شێوە ئێرانی ”نە هەرگیز مل دەدا بە پێکەوە ژیانی لەگەڵ ئەوانی تری خۆی و نە تەنانەت واز لە یەکسانسازیی کولتووری و زمانییان دەهێنێت، ئەوی تری نافارسی-ناشیعە نەک هەر دەبێت بتاوێنرێتەوە یان باپتیزە بکرێت(لە زمان و کولتوور داشۆرێت)، بەڵکوو دەبێت بە خڕی بچێتە پاوان و خاوەندارێتیی سووژە یان تاکی فارسی-شیعییەوە”(محەممەد پوور ٢٠٢١). بە کورتی، ئەو دەوڵەتە هەردووک شێوەی توندوتیژیی جەستەیی و مەعریفی هاوکات پەیڕەودەکات. هەر ئەمەش جۆری ئیستعماری ئێرانی لە جۆرەکانی تر جیادەکاتەوە. ئەم وتارە دەیهەوێت ئەو دیوە لە ئیستعماری ناوخۆییی ئێران بخاتە ڕوو کە کار لەسەر لایەنە دەروونی و زەینییەکان دەکات تا بە ناسینی ئەم لایەنەشی، وەک لایەنە سیاسی و ئابوورییەکانی، بەرەنگاری و خۆڕاگریی لەگەڵ بکرێت.

سەرکوتی فیزیکیی دەزگا سەرکوتکەرە چەکداری و ئاسایشییەکانی دەوڵەتی ئیستعماریی ئێران، پانتایەکی پەراوێزیان بۆ دەزگا ئایدۆلۆژییەکانی لە کوردستان دروست کردووە، بە جۆرێک کە ‘توندوتیژیی مەعریفی’ ئەو دەزگایانە وەک پەروەردە، ئیرشاد ومیدیا کە بە کاری ‘حکوومەتمەندی’یەوە خەریکن نەبینرێن و بە زەقی هەست پێ نەکرێن. لەوانە دەکرێت ئاماژە بە زاڵکردنی دەنگ و سیما کولتوورییەکانی ناسیۆنالیزمی فارس بەسەر دەنگ و سیما نەتەوەییەکانی کورددا، بەکارهێنانی میکانیزمەکانی کۆنترۆڵی چالاکییە مەدەنی، کولتووری و ڕۆشنبیرییەکان لە مۆڵەت پێدان، هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەیان و سەپاندنی ئایدۆلۆژیای زمانی زاڵ بەسەر ئاخێوەرانی زمانی کوردی و زمانی نەتەوە نافارسەکانی دیکە بکرێت کە گۆڕانی زمانی کوردی و لە کۆتاییدا کوشتنی زمانەکەمانی لێ دەکەوێتەوە. ئێران هەوڵ دەدات هەم لەباری زەینییەوە و هەم لەباری کردارییەوە نەتەوەکەمان ناچار بە تەمکین و سەردانەواندن بکات. ئەم وتارە گرنگی بە ڕەهەندە زەینییەکانی ئیستعمار دەدات. چونکە  ئیستعمار نەک هەر پەرەدان بە سەرەوری و کۆنتڕۆڵی نەتەوەیەک و دەوڵەتەکەی بەسەر ئەوانی دیکەدایە، بەڵکوو کۆنتڕۆڵی زەین و بیری تاکە داگیرکراوەکانیشە. هەروەها، لەبەر ئەوەی کە ئیستعمار لەبنەڕەتدا دۆخێکی زەینی و هۆشەکییە لە ئیستعمارکەر و ئیستعمارکراودا، ورد بوونەوە لە ڕووە گرنگە ئایدۆلۆژی، گوتاری و کولتوورییەکانی پێویستن. چونکە ئایدۆلۆژییەکان ناکرێت هەر لە ڕوانگەیەکی ئەرکییەوە لێیان بڕوانین و پێمان وابێت بۆ ڕوونکردنەوە و پاساودانی کردە یان ئەرکێکێکی تایبەت لە قۆناغێکدا بەرهەم دێن، و ئەگەر ئەرکەکەیان تەواو بوو لەناو دەچن.  چونکە لە تۆڕێکی ئاڵۆزی ئیمکان/شیانە گوتارییەکانەوە سەر هەڵدەدەن و پاش بەرهەمهاتنیان دەمێننەوە ولەسەر کاریگەرییە کولتووری و دەروونییەکانی ئیستعمار بەردەوام دەبن. هەر بۆیە بەهەمان ڕادەی دیوە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکانی ئیستعمار، ڕووە کولتووری و ئایدۆلۆژییەکانیشان پێویستە ڕوون بکرێنەوە و لەقاو بدرێن (Nandy 1983; Alatas 1977 بڕوانە، پێنی کووک ١٩٩٨). چونکە، گوتارێکی باوی ئیستعمار ئەوەیە کە ئیستعمارکراوەکە وەک وەرگرێکی ئارەزوومەند و دەستەوەستانی حکوومەتی ئیستعماری بنیاد دەنێت، بەرەنگاری وەک هەڵسوکەوتێکی منداڵانە، وەحشییانە، گەمژانە، بێ وەفایی و سپلەیی گوێی پێ نادرێت تا هەموو شت ئاسایی و سروشتی دەنوێنێت(Pennycook 1998). بە بۆچوونی پێنی کووک (٢٠٠٢) سیاسەتی زمانی لە ژینگە ئیستعمارییەکاندا لەسەر سێ کۆڵەکە بەندە: تێگەیشتنی فۆکۆ لە حکوومەتمەندی، دەرکی ئەو لە تاقمە دەستەمۆکراوەکان، سیاسەتی زمانی وەک سیاسەتێکی کولتووری.  بۆیە پێی وایە، سیاسەتی زمانی هەمیشە سەرتر لەوە بووە کە هەڵبژاردنی زمانێک بۆ بەکارهێنانی لە حکوومەت، پەروەردە، یان قانووندا بێت. سەرەڕای ئەمە، بەکارهێنانی زمانەکان بۆ ئامانجی حکوومەتی کولتووری یان حکوومەتمەندییش بووە ( Tollefson 2006). بە تایبەتی، لە مۆدێلیی ئیستعماری ناوخۆییی شێوە ئێرانیدا، لە ژێر دەمامکی ‘چارانێکی کۆنترۆڵکراوی زمان’ (بڕوانە شێخولئیسلامی 2012) و چالاکییە کولتووری و فۆلکلۆرییەکاندا سەرەتا بە شوێنی و ناوچەیی کردنیان هەم پێش بە پەرەسەندن و جیهانی بوونیان دەگرێت، هەم لە ئاست و پێگەیان کەم دەکاتەوە. لە ئاکامدا بە گرتنەبەری سیاستێکی کولتووریی بە پاشکۆکردن، لەتایبەتمەندیی کوردستانییان دادەچۆڕێنێت.

 
حکوومەتمەندی و حکوومەتمەندیی زمان

پاش جەنگی یەکەمی جیهانی بە دەستوەردانی ئیستعماری ڕۆژئاوایی لە ناوچەکە، و دیارکردنی سنوورەکانی ئەو دەوڵەتانەی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە،  لە میراتی بەجێمای دەسەڵاتداریی سەرەڕۆیانەی ئێرانی، مۆدێلێکی نوێ لە دەسەڵات سەری هەڵدا کە سیاسەتی فارساندنی نەتەوەنافارسەکانی لە ڕێگەی پێکهێنان و پەرەپێدانی قوتابخانە نوێیەکان  و چاپەمەنییەوە بە زمانی فارسی گرتەبەر.  یەکێک لە ڕێگاکانی تری دەوڵەتی ئێران(پەهلەوی) بۆ پەرەدان بە ناسیۆنالیزمی ئێرانی و زمانی فارسی، ناردنی گۆڤار و ڕۆژنامەکان بۆ ئەو شوێنانە لە کوردستان بوو کە بە ‘قەرائەتخانە’ ناو دەبران(بڕوانە، رسولی و دیگران٢٠١٢). لە هێندێک حاڵەتی دەگمەندا کە ڕێگە بە خۆێندنێکی سنووردار لە زانکۆ یان بەکارهێنانی لە میدیا درابێت، زمانی کوردی وەک پاشکۆ یان سەرەتایی (بدوی) ڕەفتاری لەگەڵ کراوە و خەڵکی ئیستعمارکراوی کوردستان هەر لەڕێگای جۆری ستانداردی زمانی داگیرکەرەوە بۆی هەبووە دەرگای شارستانیەت و زانستی بەڕوودا بکرێتەوە.  ئامانجی ئەم شێوە فێرکردنە ئیستعمارییە زاڵبوون بەسەر خەڵکی کوردستاندا بوو. ئەم سیاسەتە،  سەرڕای بەرەنگاریی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی کورد لەلایەک و خولەکانی سەرهەڵدان و هەڵوەشانەوەی حکوومەتە سەرەڕۆکان و بەکارهێنانی شێوە توند و نەرمەکانی حکوومەتمەندی لە ئێران، لەلایەکی دیکەوە،  تا ئێستا بۆ ماوەی نزیکەی ١٠٠ ساڵە بە شێوەیەکی بەرفراوانتر لە پشووی بەردەوامە.

 فۆکۆ ئەم دەسەڵاتە نوێیە وەک دەسەڵاتی ئیرادەی بەستراوە بە هێز بە ‘دەسەڵاتی هەموو شوێنێک لە یەک کاتدا ناو دەبات: نەک لەبەر ئەوەی هەموو شتێک لە ژێر ڕکێفی یەکێتی لەشکان نەهاتووی خۆیدا یەکبخات، بەڵکوو لەبەر ئەوەی لە چرکەساتێکەوە بۆ چرکەساتێکی دواتر، یان باشتر وایە بڵێین لە هەر قۆناغێکدا و لە هەرچەشنە پێوەندییەکدا لە خاڵ/قۆناغێکەوە بۆ خاڵ/قۆناغێکی تر، بەرهەم دێتەوە (Foucault 1978). بە کورتی، بە پێکهاتنی دەوڵەتی مۆدێرن، دەسەڵات ئیتر هەر سەرکوتکەر نەبوو، بەڵکوو لە دووی بەرهەمهێنان و دروست کردنی کەسی دڵخوازی شیاوی حکوومەت بەسەرداکردن بوو. ئەم پێکهێنانەوە سەرلەنوێیەی حکوومەتە کە فۆکۆ بە ‘حکوومەتمەندی'(governmentality) ناوی دەبات و بە ‘هونەری حکوومەتکردن’ یان ‘ڕەوشتی حکوومەتکردن’ پێناسەی دەکات (Foucault 1978). لە ڕوانگەی ئەوەوە، حکوومەتمەندی ڕواڵەت بەخشین و پێکهێنانی ژینگەی کردەی ئەوانەی ترە. جۆرێکی تایبەتە لە دەسەڵات کە یەکێک لە سیاسەتە سەرەکییەکانی بەکارهێنانی بەرفراوانیی تەکنیکە نەرمەکانی حکوومەتکردنە لە بریتیی پشتبەستنی بەردەوامیان بە میکانیزمەکانی زاڵبوون  وەک دیسیپلین و زۆر(کە هەموویان لە باشترین حاڵەتدا، تەنیا دەتوانن ببنە ئامرازێکی دەسەڵات) (Foucault, 1982) کە لە سێ چەمکی شیکردنەوەکان، دەسەڵات و حکوومەتمەند بوونی دەسەڵاتدا بەکاری هێناوە:

١.شیکردنەوە: کۆبەندێک لە دامەزراوە، ڕێباز، شیکاری و تێڕامان، هەڵسەنگاندن و تاکتیکان کە دەرفەتی بەکارهێنانی دەسەڵاتێکی زۆر  ورد و تایبەت، بەڵام  ئاڵۆز دەڕخسێنن کە ئاپۆرای جەماوەر ئامانجەکەیەتی، ئابووریی سیاسی فۆرمی سەرەکیی زانستەکەیەتی و، دەزگا ئەمنییەکان ئامرازە تەکنیکییە بنەڕەتییەکانێتی.

٢. دەسەڵات: مەیل و خواستێکە کە لە قۆناغێکی دوور و درێژ و لە سەرانسەری ڕۆژئاوادا بە سەر شێوەکانی دیکەی (سەروەری، دیسیپلین و هیتد) زاڵ بوو. ئەم دەسەڵاتە کە دەکرێت بە ‘حکوومەت’ ناو ببرێت، لەلایەک پێکهاتنی کۆی زنجیرەی دەزگا حکوومەتییە تایبەتەکان، و لەلایەکی دیکەش، پێکهێنانی تەواوی کۆگە ڕزگاریبەخشەکان(فۆرمەکانی زانین)ی لێ کەوتووەتەوە.

٣. حکوومەتمەند بوونی دەوڵەت: پرۆسەیەکە یان باشتر بڵێم ئەنجامی پرۆسەیەکە کە لە ڕێیەوە دەوڵەتی دادی سەدەکانی ناوەڕاست، کە لە سەدەکانی پازدە و شازدەدا بۆ دەوڵەتی ئیداریی سەدەکانی ناوەڕاست گۆڕا، بەرە بەرە ‘حکوومەتمەند بوو’ (Felluga, 2015؛Foucault 1991).

زمان  لە هەڵسوڕاندنی حکوومەتمەندیدا دەورێکی سەرەکی دەگێڕێت. “حکوومەتمەندی خەسڵەتێکی گوتاریی هەیە: بۆ شیکردنەوەی پێکەوەنانی چەمکەکان(مەفهوم سازی)، ڕوونکردنەوە و هەڵسەنگاندنەکان لە بەستێنی حکوومەتدا بایەخدان بە زمان پێویستە”(Miller, & Rose, 2008). هەروەها، پێوەندیی واتاییی فەرمانڕەوایی (‘فەرمانڕەوا’) و شێوەکانی بیرکردنەوە (‘زەینییەت’)  دەریدەخات کە تاوتوێکردنی تەکنۆلۆژیای هێز و دەسەڵات بە بێ شیکردنەوەی ئەو عەقڵانییەتە سیاسییەی لەسەری دامەزراون جێبەجێ نابێت. بە واتایەکی تر حکوومەتمەندی دوو لایەنی هەیە. لەلایەک زاراوەکە ئاماژە بە شێوەیەکی تایبەتی نواندنەوە دەکات؛ حکوومەت ئەو ژینگە گوتارییە پێناسە دەکات کە تێیدا بەکارهێنانی هێز عەقڵانی دەکرێت. ئەمەش لە نێوان شتەکانی دیکەدا، بە شرۆڤە کردنی چەمکەکان، دەستنیشان کردنی بابەتەکان و سنوورەکان، بەڵگاندن و پاساودانەکان و هتد ڕوو دەدات.  بەم شێوەیە حکوومەت دەهێڵێت  کێشەیەک باس بکرێت و ستراتیژییە تایبەتەکانی چارەسەر و پێڕاگەیشتن بە کێشەکەش دیاری دەکات. لە لایەکی دیکەشەوە، شێوە تایبەتەکانی دەستوەردان [لە کێشەکە]یش پێکدەهێنێت(Lemke 2001).

 بە بۆچوونی میلێر و ڕۆز(١٩٩٠) ‘ئەوە لە زماندایە کە پلانەکانی حکوومەتکردن لە ڕێگای پەرەدان بە وشە هاوبەشەکان و تیۆریی ڕوونکردنەوەکانەوە بە لێزانی دروست دەکرێن”. چونکە، ”لایەنێکی بایەخ پێ نەدراو لە هێزی بەرهەمهێنی حکوومەتی کولتووری لە نەسڵی ئەو تاکانەدایە کە خۆیان بە سووژە/تاکێکی ئاخێوەر دەزانن و مەیلیان لێیە هەڵسوکەوتی گەیاندن و پێوەندیکردنی خۆیان  بۆ باشترکردنی ئامانجە سیاسی، ئابووری، کولتووری و پێوەندییە کاریگەرەکانیان لە چوارچێوەی حکوومەتمەندیدا ڕێک بخەن و بگۆڕن” (Walter-Greene and Hicks 2005). ئەو پێگە و پریستیژەی گوتاری ئیستعماری، لە چوارچێوەی حکوومەتمەندیی زمانیدا، بۆ زمانی فارسی وەک زمانی زاڵکراو دەیڕەخسێنێت، دەریدەخات چۆن تاکی کورد دەیهەوێت بچێتە ئەو چوارچێوەیەوە و پێوەندییەکانی  تێدا ڕێک بخات. بە تایبەتی، کاتێک کە دەیانهەوێت لە بەستێنی دەزگا حکوومەتییەکاندا باس لە ڕووداوەکانی ڕۆژ بکەن، گۆڕانی زمانی کوردی بۆ فارسی لە ئاخاوتنی ڕۆژانەی زۆربەیاندا دەردەکەوێت. بۆ نموونە بڕوانە  هەندێک لە  ئەو پارچەدەربڕینانەی خوارەوە کە وەک بڵاوکراوەی ڤیدیۆیی لە میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵآو بوونەتەوە. لەبەر ئەوەی ئەم بابەتە بە دیاردە دەزانم، واتە وا گریمانە دەکەم بەشێکی بەرچاوی هاوزمانەکانم لە توێژ و پیشەی جیاوازدا، بە تایبەتی، خوێندەوارەکان  کە زیاتر لەگەڵ دامەزراوە دەوڵەتییەکان سەروکاریان هەبووە و حکوومەتیان بەسەردا کراوە،  بە ئەو شێوەیە دەدوێن، هەر بە ناوە پیشەییەکەیان دەیانناسێنم:

(١) پزشکێک (بەرپرسی تۆڕی لەشساغی و دەرمانیی بۆکان): ”. بیسمیللاهی ڕەحمانە ڕەحیم. ئیستحزارتان هەیە کە لە وەزعیەتی قرمز و حەساسی مەوجی پێنجومی کۆرۆناداین…

با تەوەجۆهـ بەوەی کە شەرایتێکی باش لە وەزارەتی بێهداشت و دەرمان فەراهەم بووە بۆ واکسیناسیۆنی زۆربەی گروههای هەدەفی جامعە، ئەزجوملە دانش ئاموزانی باڵای ١٥ تا هەژدەساڵ، خواهشم ئەوەیە لە خزمەتتاندا بە هیچ عنوان زەمان لەدەست نەدەین … عەرزم کردن کە مەوجی شەشوم جەوانان زیاتر موردی هەدەف قەرار دەدا”. (Sept. 26, 2021/ لە لاپەڕەی فەیسبووکی زمان و زمانناسیی کوردی)

لە ئەو  پارچە دەقەی سەرەوەدا، دەبینین کە کاریگەرییەکانی زمانی فارسی لەسەر کوردی بە شێوەیەک  قووڵە، کە خەڵک زۆر بە ئاسانی هەست بە ئەو گۆڕانە دەکەن. هەر بۆیە، بێژەری دەقەکە دەدەنە بەر تانە و لۆمەی دەکەن. گۆڕانی زمانی ئاخێوەری ئەم دەقە بە جۆرێکە کە هەموو ئاستەکانی زمانەکەی (دەنگسازی، وشەسازی، ڕێکخستنی کەرەستەکانی ڕستە لە ڕووی ڕێزمانی یان سینتاکسی واتاسازییەوە) گرتووەتەوە. لە ڕووی دەنگییە، ە/ە/ی کوردی لە وشە ژمارەییەکانی پلەبەندیدا(پێنجەم، شەشەم) گۆڕیوە بۆ/و/ وەک ‘پێنجوم’ و ‘شەشوم’. بە خڕی پێکهاتەیەکی ڕێزمانیی فارسی بە هەموو تایبەتمەندییە وشەیی و ڕێزمانییەکانیەوە وەردەگرێت:

 ‘زۆربەی گروههای هەدەفی جامەعە، ئەزجوملە دانش ئاموزانی باڵای ١٥ تا هەژدەساڵ’؛ ‘مەوجی شەشوم جەوانان زیاتر موردی هەدەف قەرار دەدا’.

(٢) کارمەندێک (سەرۆکی ژووری پیشەکانی شاری مەهاباد): ‘ عەرزی سڵاو و ئیحترامم هەیە بۆ هاوشارییە خۆشەویستەکانمان. هەر وەک شارەزان و ئاگادارن، تەی ئاخرین مسەوبەی ستاد[ێ] کرۆنای کیشوەری، وە ستاد[ێ] کرونای شەهرستان مەهاباد موتەئەسیفانە وەزعیەتی ….مەتلوب نییە. مەخسوسەن وەزعیەتی شەهرستان[ێ] مەهاباد وەزعیەتێکی شووری هەیە تا بەرەو تیرە دەڕوات…”(بڕوانە لاپەڕەی فەیسبووکی زمان و زمانناسیی کوردی).

  

لە ئەم نموونەیەشیاندا دەبینین کە ئاخێوەری ئەم دەقە تەنانەت /ی/ خستنەسەر(اضافە)ی کوردیش دەگۆڕێت بۆ /ێ/ی فارسی. واتە، کاریگەرییەکانی زمانی فارسی بەڕادەیەکە، تەنانەت وشە ئەرکییە ڕێزمانییەکانی کوردییشی تووشی گۆڕان کردووە. یان لەباری واتاسازییەوە ‘وەزعیەتی شوور’، گۆڕانێکی هۆشەکیی نیشان دەدات. کورد لەباری زەینییەوە وەک فارسێک پانتای دەوروبەر و شتەکان وەسف دەکات. هەر بۆیە، ئاوەڵناوی ‘شوور’ یان /تیرە/ کە لە فارسییەکەشیدا لە واتای فەرهەنگیی خۆیاندا (سوێر) (تۆخ و تاریک)بەکار نەهاتوون، بەڵکوو واتایەکی خوازراوەیان وەرگرتووە و فرەواتا بوون. ئەمیش لە ڕستەی ‘مەهاباد وەزعیەتێکی شووری هەیە تا بەرەو تیرە دەڕوات’ دا بەکاریان دەهێنێتەوە.

 بەگشتی، هەرچەند کاریگەرییەکانی زمانی فارسی لەسەر ئاخێوەرانی زمانی کوردی، بە پێی ئاستی پێوەندییان بە دامەزراوە حکومییەکان، ئاگایی و هەستیاریی تاکییان بە شوناسی نەتەوەیی و زمانی دایکیان، بەستێنی گەورەبوون و ژینگەی کۆمەڵایەتییان لە شار یان گوند  و خوێندەوارییان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەکرێت جیاواز بێت، بەڵام وەک فیشمەن(٢٠٠٦) دەڵێت: “هەر زمانێکی سروشتی بە شێوەیەکی باو پەیوەستە بە کۆمەڵەی ئاخێوەرەکانییەوە”. هەرتاکێک لەگەڵ کۆمەڵە زمانییەکەی خۆی لە کارلێککردندایە.  بۆیە تا بەستێنێکی لەبار لە ڕووی کۆمەڵایەتی، پیشەیی و دامەزراوەییەوە پێک نەیەت، گۆڕانی زمان بە ئەو ڕادەیە لە ئاستەکانی زماندا، بەتایبەتی لە باری ڕێزمانییەوە، وا  لەناکاو ڕوو نادات. هەر بۆیە دەکرێت، ئەم دوو نموونەیە بە نیشانەی گۆڕانی ئاخاوتنی زۆربەی ئاخێوەرانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لانیکەم لە ناوچە شارستانییەکان دابنێین. هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا، بە پێی سیاسەتی ئیستعماریی ناوخۆییی ئێران، لانیکەم بۆ ماوەی سەدەیەکە دەوڵەت  پێوەندیی زمانیی تاکەکان لە کۆمەڵی کوردستاندا لە چوارچێوەی حکوومەتمەندیدا ڕێکدەخات و کۆنترۆڵ دەکات. تاک و دامەزراوەکانی دەوڵەت، ڕەفتار و هەڵسوکەوتی گشتیی خەڵک شێوەپێدەدەن و پلان و بەرنامەکانی دەوڵەت جێبەجێ دەکەن. بەتایبەتی، دامەزراوەی پەروەردە و فێرکردن، بە وردی ئایدۆلۆژیای زمانیی زاڵ بە هەموو قوژبنێکی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بڵاو دەکاتەوە. “قوتابخانە لەوانەیە تێڕوانینێکی نەرم و چارانخوازانەی لە ئاخاوتن بە زمانی دایک لە ژینگە فێرکارییەکەدا گرتبێتەبەر، بەڵام ‘ئەمەش هەر قۆناغێکی تێپەڕە کە ئامانجەکەی ڕێگە خۆش کردنە بۆ ئەوەی تاک (گەورە/منداڵ) بە ئاسانی تێکەڵ بە ژیانی دامەزراوەیی و گۆڕانی زارەکەی بەرەو فرەچەشنیی دامەزراوەیی بێت” (Fishman 2006).

بەم پێیە، زمان لەو ڕووەوە کە بۆ چوارچێوەبەندیی ئەو شێوەگەلەی خەڵک لەبارەی کێشەکانەوە دەدوێن و ئەوە کە چۆن خەڵک چاوەڕوان دەکەن زمان بەکار بێنن بۆ حکوومەتمەندی بنەڕەتییە. هەربۆیە، حکوومەتمەندیی زمان دەکرێت بە واتای ئەوەی کە چۆن  ”بڕیارەکان لەبارەی زمان و فۆرمە زمانییەکان لە نێوان زنجیرەیەکی جۆراوجۆری دامەزراوەکان(قانوون، پەروەردە و فێرکردن، پزیشکی و چاپ)دا  و لە ڕێگای شەبەنگێکی بەربڵاوی ئامرازەکان(کتێب، ڕێسا، تاقیکردنەوە، وتار و ڕاستکردنەوەکان)ەوە بەکارهێنانی زمان، بیر و کرداری تاکەکان،  تاقم و ڕێکخراوە جیاوازەکان کۆنتڕڵ و سنووردار دەکرێت، دەرک پێ بکرێت (Pennycook, 2006).  لەسەر ئەم بنەمایە، دەوڵەتی ئیستعماری لە سەربنەمای ‘یەک زمان’ کە نوێنەرایەتیی نەژادێک یان ئەتنیکێکی تایبەت دەکات، “چوارچێوەیەکی مەعریفی بۆ خۆی بەرهەم دێنێت کە دەیهەوێت تاکی نیشتمانیی دەستەمۆ دروست بکات  (Gal 2006). هەر بۆیە، ”حکوومەتمەندی دەکرێت وەک ژیرمەندییەکی سیاسی بزانرێت کە لە ڕێگای ژمارەیەکی زۆری دامەزراوەکانەوە وەک بەشێک لە بەرهەمهێنانی سووژە/تاکی شیاوی حکوومەت بەسەردا کردن لە ناو بەستێنێکی تایبەتی مێژوویی-کۆمەڵایەتیدا هەڵدەسووڕێت(Miller & Rose, 1990). بەلای ئەمانەوە، حکوومەتمەندی ”بەستێنێکی گوتارییە کە ‘دەوڵەت’ تێێدا وەک ئامرازێکی زمانیی بگۆڕ بەشێوەیەکی مێژوویی بۆ پێکەوەنانی چەمکەکان (مەفهوومسازی) و دەربڕینی ڕێگاکانی زاڵ بوون خۆی دەردەخات. بە بۆچوونی ڕۆز و میلەر، گرنگیی گوتار هەر لە پێوەندیی بە ‘ئایدۆلۆژیا’ەوە سەر هەڵنادات. چونکە زمان هەر لایەنی تێڕامان و پاساودانی نییە، بەڵکوو ڕاپەڕاندن و جێبەجێکردنە. هەربۆیە، شیکردنەوەی زمان و گوتاری سیاسی، یارمەتیمان دەدات تا نەک هەر ئەو پێڕەوە هزرییانەی کاربەدەستان کێشەکانیان بۆ دەوڵەت تێدا خستووەتە ڕوو و دیارییان کردووە،  بەڵکوو ئەو سیستەمە کردارییانەش کە لە ڕێیانەوە دەیانهەوێت حکوومەت کارا بکەن، ڕوون بکەیەنەوە(Miller & Rose, 2008).

“چەمکی حکوومەتمەندی بۆ ژمارەیەک لەو ئالینگارییانەی کە  بۆ یاسا پەسندکراوەکانی سیاست و پلانی زمانی دروستی دەکات گرنگە:

تێگەیشتنی دەسەڵات  دوور دەخاتەوە لە تەرکیزی لەسەر ستراتیجییە مەبەستدار و ناوەندییەکانی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی و لە جیاتی ئەوە سەرنج دەخاتە سەر چەندین شێوە کە تێیاندا کردارەکانی دەسەڵات دەکرێت تەشخیس بدرێت. بە ئەم کارەی، تیشکۆی سەرنجی ئێمە لە دەوڵەتەوە وەک کارایەکی مەبەستدار کە لە دووی سەپاندنی خواستەکانی بەسەر خەڵکدایە دەترازێنێت و بەرەو کردارە بە شوێنیکراو  و زۆرجار هاودژەکانی دەسەڵات ڕایدەکێشێت. ئەوە هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن ڕێساکانی بوارەکانی ژیان کاریان تێ دەکرێت، پێویست ناکات هێندە چاومان لەسەر یاساکان، ڕێساکان، چاوەدێریکردن، یان ئایدۆلۆژیای زاڵ بێت، چونکە دەبێ زیاتر ئاگامان لە ئەرکی گوتارەکان، کردە فێرکارییەکان، و بەکارهێنانی زمان بێت. سەرەنجام، تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕێگایانەی کە تێیاندا بەڕواڵەت حکوومەتی دەسەڵاتخوازتر(اقتدارگرا) بەرەو حکوومەتی لیبڕاڵتر دەڕوات و لەوانەیە شێوەی ڕوولەزیادەی حکوومەتمەندی، شێوەی جۆراوجۆرتری چاوەدێریی لەگەڵ بێت(Pennycook 2006).

لەوانەیە، قۆناغی بەهێزی حکوومەتمەندیی ئیستعماریی ئێران لە کوردستاندا لە قۆناغی ئیسلاحاتەوە دەست پێ بکات. لەم قۆناغە بەدواوە،  ڕێژیم گەیشتبووە ئاستێک کە بە بەکارهێنانی هەندێک تاکی دەستەمۆ و ڕاهێنراوی خۆی لە ناو کورددا لە لایەک لە ڕێی میدیاوە  پاکانە بۆ ڕەوایەتی دەوڵەتی ئیستعماری بکات، لەلایکی تریشەوە، وەک دەمڕاستی داگیرکەر بەگژ بزوتنەوەی بەرەنگاریخوازی نەتەوەییی کوردیاندا بکاتەوە و هێژێمۆنیی خۆی زیاتر زاڵ بکات. لاوازیی تیۆریی، هزری و دابڕان و لێکترازانی ڕێکخراوەییی ڕێکخراوە سیاسییەکانی کورد کە دەکرێت بڵێین ئێستا تەسکتر بووەتەوە، دەرفەتی زاڵبوونی هێژێمۆنیی ئیستعماری شێوە ئێرانیی زیاتر ڕەخساندووە. هەر بۆیە دەزگا ئایدۆلۆژییەکانی دەوڵەتی داگیرکەر و نوخبە و توێژەرانی سیاسەتی زمانیی نەتەوەی زاڵ هەوڵیان دا و بەردەوامیشن کە بە توێژینەوەکانیان فرەیی و جۆراوجۆریی زمانی لە چوارچێوەی چاران(tolerance)دا ڕێکبخەن. واتە، لە بریتیی پاراستنی مافی ئەرێنیی نەتەوەی کورد لە بڕەودان و پەرەپێدانی زمان و شوناسی خۆی، سیاسەتە زمانییەکەی لە قەدەغەکردنی دەستبەجێ و تەواوەوە بۆ گۆڕانێکی درێژخایەنی نەرم بەڕێت و لە ڕێگای دەزگا ئایدۆلۆژییەکانییەوە و لەچوارچێوەی حکوومەتمەندیدا زمانی کوردی لە ئاخاوتنی ڕۆژانەی گشتیی خەڵکدا بەرەو گۆڕانێکی زۆر بەرێت.  ڕێژیم لە میدیا و پرۆپاگاندای هەڵبژاردنەکانی خۆیدا و هەندێکجار تێخزاندنی لە چالاکییە مەدەنی و سینفییەکانی کورد و خەڵکانی نافارسدا، هەوڵ دەدات ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی بکاتە سنووری کۆتاییی داواکانی خەڵکی کوردستان و نەتەوەکانی دیکە لە حکوومەتی ئیستعماریی خۆیدا. هەندێک جار کەسایەتیی سیاسیی کورد، لێکۆڵەر یان چالاکی سیاسیی سەر بەڕەوتێکی ریفۆرمخوازی ئێران داوای چارەسەری مافی زمانیی نەتەوەکان لە چوارچێوەی ئەو ئەسڵەدا دەکەن. لەم ڕوانگەیەوە دەچنە ژێر باری سەپاندنی سیاسەتی ئیستعماری کە هەمان ڕاهێنان یان ملکەچکردنی ئاخێوەرانی زمانە بەکەمینەکراوەکانە بە پەڕاوێز بوونی خۆیان و زمانەکەیان و ڕازی بوون بە باڵادەستیی زمان و نەتەوەی زاڵ. ڕاستییەکەی، ئەم شێوە ڕوانینە پاساوێک دەبێت بۆ ڕەوایەتیی دەوڵەتی داگیرکەر و سیاسەتی زمانیی بەردوامی لە کوردستان  و نیشتمانی نەتەوە نافارسەکانی دیکە کە ئەولەویەت یان بەراییەکانی داوای کورد وئەو نەتەوانە لە مافە سیاسییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی شێوازی خۆبەڕێوەبردن یان سەروەریی سیاسی، هێز، ئابووری و شوناسی نەتەوایەتییەوە بۆ شوناسی هاووڵاتی بوون یان کۆمەڵە ئەتنیکێک لە چوارچێوەی دەوڵەتی داسەپاودا دەگۆڕێت. لەلایەکی دیکەشەوە، ڕواڵەتی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکی لیبڕاڵ بە ئەو ڕێژیمە سیاسییە سەرکوتکەرانە دەبەخشێت کە لە پاش پێکهاتنی دەوڵەتی نوێ ئیستعماری تا ئێستا بەسەر نەتەوە نافارسەکاندا زاڵبوون. گەیشتن بەم قەناعەتە، دەکرێت زۆر هۆکاری تاکییانە، لاوازیی ڕێکخراوەیی و بەرهەمهێنانی فکری، ڕۆشنبیریی زانستی و سیاسی یان جێگیربوونی چەمکی  ‘حکوومەتمەندی’ بێت کە بتوانێت تاڕادەیەک لەو ئەرکەیدا سەربکەوێت کە کەس/سووژەی شیاوی حکوومەت بەسەرداکردن بۆ خۆی پەروەردە بکات.

 

 

بەکارهێنانی میدیا بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان لە پێوەندیی نایەکسانی هەرێمەکاندا

 زاراوەی ئیستعماری ناوخۆیی لە دەیەی ١٩٦٠ەوە وەک زاراوەیەک بۆ ئەو ناوچانە بەکارهاتووە کە هاوکات هەم لەباری ئابووری و هەم لە بواری کولتووریشەوە لە کولتووری ناوچە ناوەندییەکەی ئەو وڵاتەی تێیدان جیاوازن. ئاماژەیە بۆ دانوستاندنێکی نایەکسان لە نێوان هەرێمەکانی دەوڵەتێکی دیاریکراودا کە بەدوور لە پاراستنی ئەوەی زیاد بوونی پێوەندیی پەراوێز-ناوەند پێکچوونی پێکهاتەیی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە، پێوەندییەکی بەتەواوی جیاوازیش لە نێوان ئەم ناوچانە دەسەپێنێت. ناوەندەکە لە ڕووی سیاسییەوە بەسەر پەراوێزەکەدا زاڵە و لەڕووی ماددیشەوە دەیچەوسێنێتەوە(Hechter 1999) لە پێوەندی لەگەڵ وڵاتێکی وەک ئێراندا، “ئەم نایەکسانییانە لەپاڵ کەلێنە ئەتنۆ زمانی، نەژادی، و ئایینییەکاندا پێکهاتوون”. (Soleimani, & Mohammadpour  2019). هەر بۆیە، هەموو هەوڵی دەوڵەتی زاڵی کۆلۆنیاڵ ئەوەیە کە لەگەڵ داگیرکردنی نیشتمانی کۆمەڵە ئەتنۆزمانییەکان، لە ڕێی دابەشکردنی یەکە کارگێڕییەکانەوە پێوەندییە کولتووری -کۆمەڵایەتییەکانیان لە ناوخۆیاندا هەڵبوەشێنێت و بە ناوندەوە بیانبەستێتەوە. هەرچەندی مامڵەی نێوان کۆمەڵی (زاڵ و ژێردەست) زیاتر بێت، شیمانەی ئەوەی کە زیاتر پێکبچن زیاتر دەبێت، هەربۆیە لە پاش ئەمە،  بە هاندانی هێندێک مامڵەی نێوان کۆمەڵی، لە ڕەوتی مێژووییدا بە پێی میکانیزمەکانی ‘حکوومەتمەندی’، بە پەرەسەندنی دامەزراوەکان لە ناوەندەوە بۆ پەراوێزهەوڵی پڕکردنەوەی کەلێنەکان دەدرێت و بە گۆڕینی کولتووری هەرێمە ئیستعمارکراوەکە هەوڵ دەدرێت هاوسەنگیی کولتووری خوازراوی دەوڵەتی ئیستعماری بەدی بێت.  دیارە چونکە مامەڵە نێوان کۆمەڵییەکە بەتەنیا کارا نییە، بە هاندان لە ڕێی میدیا یان بە هێزی سەرکوت هەوڵ دەدرێت هەم خۆڕاگری و سەربزێویی نەتەوەی ژێردەستکراو بشکێنێت، هەم وای لێ بکات کولتووری نەتەوەی زاڵ بپەژرێنێت و لە زەینیەتێکی ئیستعمارکراوانەدا لە زمان، کولتوور و بەها کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی خۆی بڕوانێت.

نموونەیەک لە زەینییەتی ئیستعمارکراو، ئەم سەردێڕەی هەفتەنامەی “سیروان”ە کە دەڵێت:

[سەر سەردێڕ]: (فعالان سیاسی و مدنی کرد در دیدار با معاون سیاسی وزیر کشور مطرح کردند):

[سەردێڕە سەرەکییەکە]: (احیای اعتماد دوبارە ایران بە کردها) (سیروان، ٢٢، جوونی ٢٠١٩)

بۆ لێکدانەوەی ئەم سەردێڕە هەواڵییە لە بەستێنی بڵاو بوونەوەی خۆیدا ڕوونکردنەوەی چەند خاڵێک پێویستن:

یەکەم، لە ریفراندۆمی هەرێمی کوردستانی باشوردا  ٩٣٪ی خەڵک دەنگی پێ دا، خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات دیمەنێکی کەم وێنەیان لە پشتیوانی لە ریفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستاندا لە سەر شەقامەکانی ڕۆژهەڵات لەخۆیان نیشان دا.  لەپاش ئەوەی ئێران و دەستوپێوەندەکانی لە ئێراق بە زەبری هێزی سەرکوت، ناوچە ئازدکراوەکانی کوردستان، بەتایبەتی، کەرکوکیان داگیرکردەوە، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات ئەمجار هەم بە زمانی لۆمە وەک ‘لێرە کەس نیشتمان نافرۆشێت، لە پێناویدا دەمرێت”، براکانی لۆمە کرد، هەم بە دروشمی ”هەتا کوردێک بمێنێت کەرکووکیش هەر دەمێنێت” بە خۆ نیشاندانی بەربەرینی جەماوەری ئەم گەلە کۆمەکێ داگیراکارانەیان مەحکووم کرد. بەڵام هێڵی چەماوەی ڕووە و ئێران، لە ناو دەسەڵاتی باشووری کوردستاندا، بەناوی دانوسانی کولتوورییەوە بەرەو ئێران داگەڕاوە. هەر بۆیە، دەوڵەتی داگیرکەری ئێران، “کۆنگرەی ناودارانی کورد”ی بەڕێ خست کە بە پێی گوتەی کاربەدەستانی دەوڵەتیی ئێران” یارمەتی سیاسەتی ناوچەیی ئێران بدات.”واتە، سنوورە ئیستعمارییەکانی خۆی پتەو بکاتەوە و بەرهەڵستییە نەتەوەییەکانی کوردیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێک بشکێنێت.

دووەم، ئەوەیە کە ئەم شێوە هەواڵانە لە هەفتەنامەیەکی ناوچەیی(لۆکاڵی)دا بڵاو دەبێتەوە، نەک لە ڕۆژنامە سەرانسەرییەکانی ئێراندا. واتای هاوپێچی ئەم کۆکردنەوەیەی کوردەکان ئەوە بوو، لە لایەک، هەم دڵی خەڵکی باشووریش لە شکست پێهێنانی پرۆسەی ریفراندۆم بداتەوە، هەم وەک پاشکۆیەکی کولتووری ئیستعماری ئێرانی پێناسەی بکات. لەلایەکی دیکەشەوە، کوردستان بەگشتی بەرێتەوە ناو ئەو هەرێمە بچوککراوە کە وەک یەکەیەکی کارگێڕی بە ناوەندێتیی شاری سنە وەک پارێزگا بەکوردستان ناسراوە. لێکەوتە مەبەستناسانەکەی ئەم ڕستەیە، ملکەچکردنی نەتەوەی ژێردەستی کورد بەوەی کە دەسەڵاتی ئیستعماریی ئێران لەسەر خۆی بەئاسایی وەربگرێت،  و لەگەڵ هێژێمۆنییەکەی کە ئامانجی سەرەکیی هەر دەسەڵاتێکی ئیستعمارییە ڕابێت.

 بەگشتی، لەم سەردێڕەی هەفتەنامەی سیرواندا کورد لەجیاتی “زۆرلێکراو” وەک خەتاکارێک ناسێنراوە کە ئێران باوەڕی پێی نەماوە و ئەم کۆمەڵە چالاکە مەدەنی و سیاسییانە چوون تکای لێ بکەن باوەڕی بەکورد بێتەوە. بە گشتی هێنانی ناوی “کورد” وەک نەتەوەیەک(کوردەکان)، لەبەرانبەر “یاریدەدەری سیاسیی وەزیری ناوخۆ”دا، وەک کاربەدەستێکی پلە نزمی دەسەڵاتی داگیرکەر کە لە سیستەمی پێچەڵاوپووچی ئیسلامیی ئێراندا هەر ژمارە نییە، خۆسەپاندنێکی داگیرکەرانەیە کە میدیا ناوچەییەکە بە نواندنەوەی خۆی بەرهەمی هێناوەتەوە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە “… ئەمە بەشێکە لە سیاسەتێکی کولتووریی بەربڵاو کە ئامانجەکەی بەدیهێنانی ئاپۆرایەکی ‘دەستەمۆ’یە کە لە ڕووی سیاسییەوە دەستەوەستان(پاسیڤ) و داگەڕاو بۆ هاوکاریکردن لە چەوساندنەوە(ئیستسمار)ی خۆیدایە(Pennycook, 2002).


لە نایەکسانیی زمانییەوە بۆ زمانکوژی

 ئیستعمار و سیاسەتی زمانکوژی، پێوەندییەکی توندوتۆڵیان بە بەدیهێنانی پلەبەندیی زمانییەوە لە پرۆسەی داگیرکردنی نیشتمانی نەتەوە ژێردەستکراوەکاندا هەیە؛ لە دەست ڕاگەیشتنیان بەسەرچاوەکانی هێزدا، پێگەیەکی زاڵ بە ئاخێوەرانی زمانە زاڵکراوەکە دەبەخشێت. نایەکسانیی زمانی زاراوەیەکە تۆڤە سکوتنەب -کانگاس لە ١٩٨٨ دایهێناوە، ئاماژەیە بۆ ئەو”ئایدۆلۆژی، پێکهاتە، و کردانەی بەکاردێن بۆ ڕەوایەتدان، مسۆگەرکردن و بەرهەمهێنانەنەوەی دابەشکردنێکی نایەکسانی دەسەڵات و سەرچاوەکان لە نێوان گروپەکاندا کە لەسەربنەمای زمان دیاری کراون” ( Skutnabb-Kangas 1996). هەروەها “ئاماژەیە بۆ هەڵاواردنێکی پشتبەستوو بە زمان کە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە لەگەڵ کۆمەڵەی زمانیی دیاریکراو ڕەفتار دەکات، یان زمانێک بە سەرزمانگەلی دیکەدا سەردەخات”. (Galloway and Rose 2015). هەڵبەت ئەم سیاسەتی هەڵاواردن و سەرکوتی زمانی نەتەوەی زۆرلێکراوە لە شێوە توندڕۆیانەکەیدا دەگات بە “زمانکوژی(Linguicide)”. واتە “ئەوکاتەی کە ئاخێوەرانی زمانێک زمانەکەیان دگۆڕێت بۆ زمانێکی دیکە و هی خۆیان لەناودەچێت، خەسارە کۆمەڵناسی، دەروونناسی، پەروەردەیی و زمانییەکەیان دەکرێت وەک زمانکوژی سەیر بکرێت (Skutnabb-Kangas 2016). “کەواتە، یەکێک لە هۆکارەسەرەکییەکانی مردنی زمانەکان زمانکوژییە کە لە پەرەوردەی ڕەسمیدا کە کاتێک منداڵی خەڵکی ڕەسەنی خۆجێیی یان بەکەمینەکراو دەخرێنە بەر خۆێندن بە زمانێکی زاڵکراو، ڕوودەدات.” (Skutnabb-Kangas, 2000) کوشتنی بە ئەنقەستی زمان[ی کورد] سیاسەتی ڕەسمیی سێ وڵاتی ئێران، تورکیا و سووریا بووە کە کوردیان بەسەردا دابەش کراوە(Hssanpour, 2000).

ئەم شێوەیەی زاڵکردنی زمان کە لە کولتووری ئیستعماری ڕۆژئاواییەوە سەرچاوەی گرتووە، لە پێوەندی لەگەڵ زمانی ئینگلیزیدا، بەتایبەتی، بە “ئیمپریالیزمی زمانی” ناو دەبرێت. ئەمە بۆ ڕەفتاری زمانی هەرنەتەوەیەکی فەرمانڕەوا کە دەیهەوێت تواندنەوەی زمانی نەتەوەی زۆرلێکراو بکاتە ئامرازی تواندنەوەی نەتەوەکانی دیکە و کولتوورەکەشیان هەر هەمان شتە.

“زمانێکی ئیمپریالیستی، وەک زمانێک پێناسە دەکرێت کە لە کۆمەڵگایەکی دیاریکراودا ڕۆڵێکی زاڵبووی وەرگرتووە، وەک ئەنجامێکی ڕاستەوخۆی داگیرکاری یان کۆلۆنیزەکردن بە دەسەڵاتێکی دیکە. واتە بێ بوونی زمانی زگماکیی ئەوانەی کەوتوونەتە بەرداگیرکاری یان بە کۆلۆنی بوون.( 2012  Mazrui)”. سیاسەتێکی زمانیی تواندنەوەی ئاوا بوو بە هۆی لەناوچوونی گەلێک زمانی وەک زمانی خەڵکە خۆجێیە ڕەسەنەکانی ئەمریکا، یان بەکارهێنانەکانیان سنووردارکران وەک زمانی “مائۆری”(Māori) لە نیوزیلەند لە لەسەدەی نۆزدە و بیستدا(Tollefson & Tsui, 2018). ئەمە بەتایبەتی، بۆ زمانی کوردی لە تورکیا و ئێستاش لە ئێران لەپارێزگاکانی کرماشان و ئیلام ڕاستە.

 ” تێڕوانینێکی توندڕۆیانە هی ئەڵمانییەکان بوو، کە پێی وابوو هیچ ئەفریقییەک بەڕادەیەکی پێویست باش نییە بۆ ئەوەی بە ئەڵمانی قسەبکات. سیاسەتی ئەڵمانی بەدوای پاراستنی مەودای کولتووریی ئەفریقییەکان و فەرمانڕەواکانیان و نێوان کولتووری ئەڵمانی و ئەفریقییەوە بوو. تێڕوانینێکی توندڕۆیانەی دیکە هی فەرانسییەکان بوو کە لە ڕێگای تواندنەوەی سیاسەتی فەرانسییەوە، حاشای دەکرد لە ڕەوایەت دان بە کولتووری ڕەسەنی خۆجێیی(native) و هاوڕێەتییەکی کولتووریی ڕێگەپێدراو [لەگەڵ کولتووری ئەفریقی] (Mazrui, 2012). هەر بەم پێیە زمانی فارسی دەکرێت وەک زمانێکی ئیمپریالیستی سەیر بکرێت، چونکە ئەم حاشاکردنە لە کولتوور، ئەدەبیات و پریستیژی زمانیی نەتەوەکانی دیکە، زۆر بە زەقی لە گوتاری ئیستعماری ئێرانیدا دەبینرێت. ئەمە کاتێک کە زمانی باڵادەست بۆ ماوەیەکی درێژ خایەن خۆ دەسەپێنێ، و بەدەسەڵات، میدیا و پەروەردە، لەبەرانبەر زمانە خۆجێییەکەدا پشتیوانی دەکرێت، “لەبەر ئەوەی خەڵک عادەت بە بەکارهێنانی زمانەکە دەکەن، (ڕاست وەک ئەو هەوایەی هەڵیدەمژن) پێی نازانن. بۆ زۆربەی خەڵک زمان بە بەراورد لەگەڵ زۆر بابەتی دیکە زۆر سەرنجڕاکێش نییە. سەرەڕای ئەوەی کە “دەزانین”  لە کۆمەڵەی زانیارییەکاندا دەژین و زمان ڕۆڵێکی سەرەکیی لە گەیاندنی زانیارییەکاندا هەیە، لەوانەیە زۆرکەسان هەست بە ڕۆڵی زمان لە پاراستن و بەرهەمهێنانەوەی پێوەندییە “نایەکسان”ەکان و داگیرکردنی ئاگایی خەڵک نەکەن”( Skutnabb-Kangas, 2000).

یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ ئەو مافەیە کە بە ‘مافی ئەرێنی’  ناسراوە، واتە”مافی ڕاگرتن و پەرەپێدانی شوناس لە ڕێگای ئازادیی ڕاهێنان و بەکارهێنانی ئەو لایەنە تایبەت و تاقانانەی پێوەندییان بە ژیانی کەمینەوە هەیە- بە شێوەی ئاسایی لەوانە دەکرێت کولتوور، زمان و ئایین بێت.” ئەمە جگە لەو مافەیە کە بە ‘مافی نەرێنی’ ناسراوە و پێوەندیی بە ”مافی هەڵنەواردران لە هەبوونی مافەکانی مرۆڤ”ەوە هەیە( Van der Stoel 1999). دەوڵەتی ئیستعماریی ئێران بە پێشێلکردنی هەردووکی ئەم مافانە، سیاسەتێکی لەبنەوەبڕانەی سەبارەت بە زمانی کوردی بەکار هێناوە. هەر لەبنەڕەتدا سیاسەتی فێرکردنی زمان بە زمانی دایک کە ئەرکی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنە، وەک ئەرکێکی لاوەکی لە چوارچێوەی چالاکیی ئەنجومەنە ئەدەبی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکاندا بە وەزارەتی ئیرشادی ئیسلامیی سپاردووە. ئەم ئەنجومەنانە بە پێی بەستێنی پارێزگاکان جۆری مۆڵەتەکەیان، ماوەی کارکردن و جۆری چالاکییەکانیان دەکرێت جیاواز بن، کردنەوەی خولی فێرکردن بە زمانی دایک، لەڕووی دڵسۆزی و هۆگریی ئەندامان و بەڕێوەبەرانی ئەنجومەنەکان پێکدێت و لەسەر ویستی خۆیان خولی فێرکردنی زمانی کوردییشیان کردووەتەوە.  ‘ناوەندی هزری ئەحمەدی خانی’ (بە هێزی دەوڵەت و زۆرهێنانی ڕەیسیزمی پانتورکیزم داخراوە)، ‘سۆما'(پاش ١٨ ساڵ چالاکی داخراوە)، ‘نۆژین'(بەڕێوەبەرەکەی بە بێ ڕوونکردنەوەی تاوانەکەی، بەڵام لەبەر بەکارهێنانی مافی ئەرێنیی زمانی بۆ پاراستنی شوناس و برەودان بەزمانی کوردی بە ١٠ ساڵ -کە پاشان بۆ پێنجساڵ کەم کرایەوە- حوکم دراوە)، ‘ڤەژین’ (چەندجار بنکەکەی سوتێنراوە)، ‘زاگرۆس’، ‘بەیان’، ‘مەولەوی’، ‘واران’ بەردەوام لەگەڵ کێشەی ماددی و شوێنی وانەگوتنەوە، بەرەوڕوون و هەموو مامۆستاکان بێ هەقدەست و خۆبەخشانە وانە دەڵێنەوە. ئەم سیاسەتە نایەکسانییەکی قووڵی زمانیی پێکهێناوە.

گایاتری سپیواک، ڕەخنەگری ئەدەبیی پاش ئیستعمار (١٩٨٨) ئەو پرسیارەی هێنا گۆڕێ کە ‘ئایا ژێردەست دەتوانێت قسە بکات؟” و گەیشتە ئەنجام کە نەخێر ناتوانێت. دیارە مەبەستی ئەو واتای دەقاودەق و بێژەیی وشەکە نەبوو. ئەوە دیارە کە هەموو کەسانی پەراوێزخراویش دەتوانن بە شێوەی جەستەیی بدوێن. کێشەکە ئەوەیە ئەوەی دەیڵێن بە ناچاری هەر لە نێو و لە ڕێگای ئەو ڕوانگەیەوە لێکدەدرێتەوە و تەرجەمە دەکرێت کە وەک بەشێک لە ئیستعماری دەوڵەتیی نەتەوەی زاڵ بەرهەم دێت، واتە، “چوارچێوەکانی ئێستای کردارە زمانییەکانیان بەردەوامە لە نواندنەوەی ئاخاوتنەکانیان لە ڕوانگەیەکی ئیستعمارییەوە کە ڕەتی دەکاتەوە گۆڕان ئەزموونەکانیان و بزێویی کردارە زمانییەکانیان لەخۆ بگرێت” (Flores 2013) نموونەیەکی ئەم زمانکوژییە، تاقیکردنەوەی شایستەیی و توانستی زمانیی منداڵانی کورد و نافارسی ئاخێوەکان لە پێش خوێندنی سەرەتاییدا لە لێهاتوویی بیستن، ئاخاوتن، خوێندنەوە و نووسیندایە، کە بەناوی ‘بەستەی گۆڕانی پۆلی پاراویی دەربڕین لە قۆناغی پێش سەرەتاییدا’یە، و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە. هێندێک لە خاڵەکانی ناو ئەم بەستەیە لە لێهاتوویی بیستن و گوتن کە لەژێر ستونی ‘چاوەڕوانییە ئەرکییەکان’دا ڕیزکراون ئەمانەی خوارەوەن:

– گوێگرتن لە چیرۆک و هۆنراوەی فارسیی پێ‌خۆشە [زمانەکەی خۆی لە خوێندن لێ قەدەغەکراوە، لە ڕێی دامەزاروە پەروەردەیی، میدیاییەکانەوە فارسیی بەسەردا سەپاندووە، دەبێ پێشی خۆش بێت!!]

– بە پێی بابەتەکە و ئەو چیرۆکەی دەیبیستێت دەور دەگێڕێت.

– حەزی لە ئاخافتن بە زمانی فارسییە؟ [کاریگەریی پریستیژی زمانی زاڵی فارسی وەکی زمانی فەرمی کە لە ئەنجامی سەرکوتی فیزیکی و دامەزراوەیییەوە بڕەوی پێ دراوە، لەسەر تاقی دەکرێتەوە.]

– وشە فارسییەکان بە دروستی دەبێژێت؟ [دەیهەوێت بزانێت دامەزراوەکانی سەرکوتکردنی زمانی دایک تا چ ڕادەیەکی پێکهاتی وشەسازیی زمانی فارسییان لە منداڵی کورددا دەروونی کردووە]

– جیاوازیی دەنگیی وشە فارسییەکان تێدەگات؟ [لە ڕووی فۆنۆلۆژییەوە فۆنیمەکانی زمانی فارسی تا چ ڕادەیەک هۆشەکی بوون کە منداڵێکی پێش سەرەتایی کورد هەست بە دەوری جیاوازیان لە پێکهاتنی وشەی جیاوازدا بکات]

– لە قسەکردندا زمانی فارسیی پێوەر بەکار دەهێنێت؟ [ تا چ ڕادەیەک زمانی ستانداردی فارسی کە زمانی فەرمیی دەوڵەتی داگیرکەرە لە ئاخاوتندا بە کاردێت. فارسی ستاندارد، لێرەدا، پێوەرێکە بۆ زاڵ بوونی تەواوی ئایدۆلۆژیا و هێژێمۆنیی دەسەڵاتی دەوڵەت تا ڕوون بێتەوە چەندە سەرکەوتووە لەوەی تاکی  حکوومەت بەسەرداکراوی خوازراو بەرهەم بهێنێت.]

( دیسەمبەری ٢٠٢١،   بڕوانە لاپەڕەی فەیسبووکی زمان و زمانناسیی کوردی).

ئەمە خۆی نموونەی زەقی ئەو ‘توندوتیژیی مەعریفی’یەیە کە سپیڤاک ئاماژەی پێ کردووە. لەگەڵ فەرمانی دەوڵەتی داگیرکەردا، زانست و توێژینەوە ئەکادیمییەکان لە ڕووی زمانناسی، دەروونناسی و زانستە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکانیش بە هاوڕێیەتیی خۆیان دەورێکی سەرەکی لە بەردەوامی و چەسپاندنی ئەم سیاسەتە ئیستعمارییەدا دەنوێنن. ئەمە دەریدەخات کە ناسیۆنالیزمی ئەتنیکی فارس بە ڕەچاوکردنی ئایدۆلۆژیای تاکزمانی، ناهاوچەشنیی زمانی، وەک کۆسپێک لەسەر ڕێی چەسپاندنی دەوڵەتی داسەپاوی فارسی بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا دەزانێت. هەستی منداڵی کورد زمان بۆ پێخۆشبوونی فارسی تاقی دەکەنەوە، بە دەرخوارد دانی چیرۆکە فارسییەکان پێیان، لە کردەوەشدا دەوری ئەو کەسایەتییە داڕێژراوە فارسییانەشیان پێ دەگێڕن کە نوێنەرایەتیی ئایدۆلۆژی و شوناسی زاڵ دەکەن. بێ ئەوەی گرنگی بە جیاوازیی زمانی کوردی و فارسی لە ڕووی تایبەتمەندییە دەنگسازی، وشەسازی و ڕێزمانییەکانەوە بدەن کە منداڵێکی کورد لە خێزاندا فێری بووە و پێی ڕاهاتووە، شێوە دەربڕینی زمانی داسەپاوی فارسیش بەسەریاندا تاقی دەکەنەوە و بە پێوەری مێشکی فارسی دەیپاڵێون. لەم بەستێنەدا، حکوومەتمەندی[ی زمانی]، ئایدۆلۆژیا تایبەتە زمانییەکانی وەک بەشێک لە چوارچێوەیەکی مەعریفی بەرهەمهێناوە کە ”وا لە  تاک و جەماوەر دەکات لە پێکهاتەی حاکمییەتدا لە ڕێی پێوەندییەکانی هێز و زانستدا  ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.  ئەم حکوومەتمەندییە وا نییە کە لەسەرەوە بۆ خوارەوە بێت کە تێیدا نوخبە/دەستەبژێرەکان لە لوتکەیدا بن، ئەوانەی تر ناچار بکەن ویستی ئەوان جێبەجێ بکەن. لەبەرانبەردا، بە پێی بەرداشتی فۆکۆ لە هێز کە لە هەمووشوێنێک ئامادەیە، حکوومەتمەندی لە هاوتەریبی/هاوشانی دەزگا ئیدارییەکانی دەوڵەت بە زانستی بەرهەم هاتوو لە دامەزراوەکانی دیکە وەک زانکۆ و خەستەخانەکانەوە سەرهەڵدادات”(Flores 2013).

سیاسەتی زمانی میکانیزمێکە کە گروپی باڵادەست لە بەکارهێنانی زماندا هێژێمۆنیی [خۆی] پێ دەچەسپێنێت”( Tollefson, 1991). ئەنجامی ئەم سەرکوتکردنە زمانییە، لەناوچوونی زمانی نەتەوە زۆرلێکراوەکانی ئێرانە. لێرەدایە کە سیاسەتی زمانی لە چوارچێوی حکوومەتمەندیی زماندا پێوەندییەکانی سەردەست و ژێردەست ڕێکدەخات. هەروەک فۆکۆ (١٩٨٢) ڕوونی دەکاتەوە،” ‘حکوومەت’ هەر بە واتای پێکهاتە سیاسییەکان یان  بەڕێوەبردنی دەوڵەتەکان نییە؛ بەڵکوو ئەو ڕێگایانەش دیاری دەکات کە تێیاندا هەڵسوکەوتی تاکەکان یان تاقمەکان ئاراستە دەکرێت. … حکوومەتکردن ڕواڵەت بەخشین و پێکهێنانی ژینگەی کردەی ئەوانەی ترە کە دەشێت هەبن”(Felluga, 2015).

“توێژینەوە ڕەخنەیییەکان دەریانخستووە کە دامەزراوە پەروەردەیییەکان دەتوانن بۆ پەراوێز خستنی زمانی کەمینەکان و بەکارهێنەکانیان بە پیادەکردنی سیاسەتی زمانیی هێژمۆنیک کارئاسانی بکەن (Tollefson 2013)”. هەروەها، زۆر جار بژاردە و دەسەڵاتی باڵادەست وەک  پاساودانی مانەوە لە ژێر سێبەری زمانی باڵادەست زمانە ژێردەستکراوەکان بە ناکارا لەبواری ئەرکی یان ڕەسمی دادەنێن. دیارە ئەمە بە پێی سیاسەتێکی زمانیی درێژخایەنی دەوڵەت و پاساوهێنانەوەی بژاردەی نەتەوەی فەرمانڕەوا لە دامەزراوە پەروەردەیی، ئەکادیمی و کولتوورییەکاندا کاری بۆ دەکرێت و ڕەوایەتیی پێ دەدرێت.

ئەم پیلانە، بابەتی کۆمەڵاندنی (socialization) منداڵ لە زماندا یان لە ڕێگای زمانەوە لە دوو بواری پێکەوەبەندیی کولتووری و کۆمەڵایەتی لەبەر چاو ناگرێت، تووشی داشکانێکی دەروونی و کۆمەڵاتییان دەکات. واتە” پرۆسەیەک کە خەڵک بە بەکارهێنانی زمانی کۆمەڵەکەیان و بە ئەندام بوون لەو کۆمەڵەیەدا، تێکەڵاوی کۆمەڵەکەیان دەبن. لەم سۆنگەیەوە کە بەکۆمەڵایەتیبوونی منداڵان لە کردە کولتوورییەکانی کۆمەڵەکەیاندا بە هۆی زمانەوەیە، زمان ئامرازێکی سەرەکییە کە ئەندامانی گروپێکی کۆمەڵایەتی بۆ گەیاندنی بەها، باوەڕ و جیهانبینییەکانیان بە منداڵەکانیان، بەکاری دێنن. لەهەمان کاتدا، زمان خۆی زۆربەی پێکهێنە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان دەڕەمزێنێت [واتاداریان دەکات]، وەک پێوەندییە پلەبەندییەکانی نێوان ئەندامانی گروپەکان، پرۆسەکە[بەکۆمەڵایەتی بوون] کۆمەک دەکات بە پێکهێنانی هستی “خود”ی منداڵ لەکاتی دەرکەوتنی ئەو هەستەدا. ئەوە لە ڕێگای ئەم پرۆسەوەیە کە منداڵ فێردەبێت – هاوشان لەگەڵ ڕێساکانی گرووپەکە بە شێوەی شیاو فێر بێت و هەڵسوکەوتیشیان پێ بکات” (Guardado, 2018).



ئەنجام

لە ئەنجامی ئەم شیکردنەوەیەدا دەردەکەوێت کە سیستەمی ئیستعماری ناوخۆیی بە شێوەیەکی سیستیماتیک ئەوی تری زمانیی خۆی(فارسی) ڕەت دەکاتەوە. سیاسەتی زمانیی چاران لە گەڵ زمانی کوردی و زمانە نافارسییەکان، کە لە چوارچێوەی ئەسڵێکی هەڵاوێرانەی یاسا و دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە ناوی ئەسڵی ١٥ هاتووە، لەلایەک تەنیا مافی سەروەرێتیی زمانی فارسی دەپارێزێت، و لەلایەکیشەوە لە ڕێگای تەکنیکەکانی حکوومەتمەندییەوە بۆ داشکاندنی داوا سیاسییەکانی نەتەوەکان ڕواڵەتێکی لێبڕاڵانە بۆ بەرهەمێنانەوی ڕەوایەتیی دەسەڵاتە ئیستعمارییەکە بەکار دێت. لە ژێر چەتری ئەم ئەسڵەدا و بە هونەری حکوومەتکردن، ڕێ بۆ گۆڕینی زمانەکانی دیکە بەرەو فارسی خۆش دەکرێت. بە بەکارهێنانی هێز و هێڵە چەماوەکانی ناو کورد بەرەو ئێران لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و نواندنەوە میدیایییەکانی، لە لایەک، دەیهەوێت ئیرادەی سیاسی و نەتەوەییی کورد تێکبشکێنێت و لە لایەکی تریشەوە، لە چوارچێوەی جوگرافیای ئیستعماریی ئێراندا هەم وەک کارتێک بۆ دیپلۆماسیی ناوچەیی خۆی بەکاری بێنێت، هەم بیکاتە پاشکۆی کولتوور و زمانی فارسی.

 گۆڕانی زمانی کوردی لە ئاخاوتنی ڕۆژانەی زۆربەی ئەو تاکانەدا دەردەکەوێت کە دەیانهەوێت لەچوارچێوە و بەستێنی دەزگا حکوومەتییەکاندا باس لە ڕووداوەکانی ڕۆژ بکەن. بەتاقیکردنەوەی توانستی زمانی و شایستەییی مناڵی کوردی ئاخێو لە لێهاتوویی و شارەزایی لە بەکارهێنانی زمانی فارسیدا، پلانی کوشتنی زمانی کوردی و لەڕاستیدا بەرتەسک کردنی مەیدانی تاقیکردنەوەی چالاکانەی زمانی دایک پەیڕەو دەکرێت. پرش و بڵاویی ڕێکخراوەیی، ناڕێکخراو بوونی هێزی کورد بە بژاردەی ڕۆشنبیری، ئەکادیمیی و حیزبییەکانەوە، هەروەها بەکارهێنانی بژاردەی کوردی دەستەمۆبووی حکوومەتمەندی بە شێوەیەک لە پەراوێزخستنی کورد و زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەوریان هەیە. ئەم هۆکارانە وایان کردووە کە ئەو پەرێزە ئاسایشییەی دەزگا سەرکوتکەرە ئاسایشی و چەکدارییەکانی دەوڵەت لە سەرکوتی سیستەماتیکی فیزیکیی ڕۆژانەی خەڵکی کوردستاندا پەیڕەوی دەکەن، سەرنج لەسەر  دەزگاکانی حکوومەتمەندیی داگیرکەر لابچێت و وەک پێویست نەبینرێت. هەر بۆیە، پرۆسەی تواندنەوەی زمان، کولتوور و ئیرادەی سیاسیی کورد لە پێناو پاراستنی باڵادەستیی ئەتنۆزمانیی فارسی و دەسەڵاتەکەیدا خێراتر و سەرکوتکەرانەتر لە دوو دەیەی یەکەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕایی بێت. کەواتە، نەتەوەکەمان لە هەموو ئاست و بوارەکانی، سیاسی، ئابووری، کارگێڕی، کولتووری و کۆمەڵایەتی، زانستی و ئەکادیمی، پێویستی بە خۆڕێکخستنەوەیەکی نوێیە کە بتوانێت بەرگری لە بوونایەتیی خۆی بکات. ڕێکخستنەوەی سیاسەتێکی زمانیی خێزانی، کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەیی پێویستە بۆ ئەوەی زمان و کولتوورەکەی بپارێزێت و لەهەمان کاتیشدا پلانی زمان و ستراتیژیی سیاسی لە بەستەیەکی پرۆژەییدا بەرەو پێش بەرێت. سیاستێکی میدیاییی بەرپرسیار و نەتەوەیی پێویستە کە بتوانێت نوێنەری چالاکی و بەرەنگاری و خۆڕاگریی نەتەوەکەمان بێت.



سەرچاوەکان

رسولی، ح. دهقانی، ر. کریمی، ع. (١٣٩٥) سیاستهای زبانی پهلوی اول در کردستان و پیامدهای آن (با تأکید بر مدارس). مطالعات تاريخ فرهنگي؛ پژوهشنامەی انجمن ايراني تاريخ. سال هشتم، شمارهي سي ام، صص 76ـ77 .

محمدپور، د. احمد.٢٠٢١.  ناسیونالیسم فارسی-شیعی: ازحلقەی برلین تا مطالعات پارس، گۆڤاری تیشک(ژ.٥٩-٦٠)

Hassanpour, A. (2000). The Politics of A-political Linguistics: Linguists and Linguicide. In Robert Phillipson(ed)  Rights to language equity, Power, and education: Celebrating the 60th birthday of Tove Skutnabb-kangas (pp. 33–40). essay, L. Erlbaum Associates.

Hechter (1999). Internal Colonialism: The Celtic Fringe in British National Development.  Routledge.

Felluga, D. F. (2015). Critical theory: The key concepts. Routledge.

Fishman, J. A. (2006). Language Policy and Language Shift. In T. Ricento (Ed.), An introduction to language policy: Theory and methods (pp. 42–59). Oxford, UK: Blackwell Publishing.

Flores. (2013). Silencing the Subaltern: Nation-State/Colonial Governmentality and Bilingual Education in the United States. Critical Inquiry in Language Studies, 10(4), 263–287. https://doi.o HYPERLINK “https://doi.org/10.1080/15427587.2013.846210″rg/10.1080/15427587.2013.846210

Foucault, M.(1982) The Subject and Power, in H. L. Dreyfus and P. Rabinow (eds), Michel Foucault: Beyond Structuralism and Hermeneutics, 2nd edition. Chicago: University of Chicago Press, pp. 208–26.

Foucault, M. (2007). Security, territory, population: Lectures at the Colle´ge de France 1977 –1978. New York, NY: Picador.

Foucault (1991) “Governmentality,” in G. Burchell, C. Gordon, and P. Miller (eds), The Foucault Effect, pp. 87–104. 

  Guardado. (2018). Discourse, Ideology and Practice: Micro and Macro Perspectives in Language Development and Maintenance (Vol. 104). De Gruyter Mouton.

  Galloway, & Rose, H. (2015). Introducing Global Englishes. Routledge. https://do HYPERLINK “https://doi.org/10.4324/9781315734347″i.org/10.4324/9781315734347

Gal, S. (2006). Contradictions of standard language in Europe: Implications for the study of practices and publics. Social Anthropology, 14, 163 –181.

Gonzales-Casanova, ‘Internal colonialism and national development Studies in Comparative International Development, 1, 4 (1965), pp. 27-37.

https://www.facebook.com/groups/1063659601 HYPERLINK “https://www.facebook.com/groups/106365960189402/%D8%8C”89402/ HYPERLINK “https://www.facebook.com/groups/106365960189402/%D8%8C“، زمان و زمانناسیی کوردی/Kurdish Language and Linguistics.

Lemke. (2001).The birth of bio-politics: Michel Foucault’s lecture at the Collège de France on neo-liberal governmentality. Economy and Society, 30(2), 190–207. https://doi.org/10.1080/03085140120042271

Mazrui, A., (2012). Language and Education in Kenia: between the colonial Legacy and the new Constitutional Order. In J.W. Tollefson.Language Policies in Education: Critical Issue. Routledge.

Miller, P., & Rose, N. (1990). Governing economic life. Economy and Society, 19, 1–31.

Miller, & Rose, N. S. (2008). Governing the present : administering economic, social and personal life. Polity.

Pennycook, A.: 2002, Language policy and docile bodies: Hong Kong and governmentality, in J.W. Tollefson (ed.), Language Policies in Education, Lawrence Erlbaum, Mahwah, NJ.

Pennycook, A. (1998). English and the discourses of colonialism. New York, NY: Routledge. Pennycook, A. (2006). Postmodernism in language policy. In T. Ricento (Ed.), An introduction to language policy: Theory and methods (pp. 60–73). Oxford, UK: Blackwell Publishing.

Soleimani, & Mohammadpour, A. (2019). Can non-Persians speak? The sovereign’s narration of “Iranian identity.” Ethnicities, 19(5), 925–947. https://doi.org/10.1177/1468796819853059

Spivak, G. (1988). Can the subaltern speak? In C. Nelson & L. Grossberg (Eds.), Marxism and the interpretation of culture (pp. 271 –313). Basingstoke, England: Macmillan Education.

 Skutnabb-Kangas, Tove 1995. ‘Review of Bilingualism in a Multilingual Society: Psychosocial and Pedagogical Implications, Ajit K. Mohanty’. TESOL Quarterly, 29:4, 775780.

Skutnabb-Kangas, Tove & Phillipson, Robert (1996). Linguicide and Linguicism. In Goebl, Hans et al. (eds.) Kontakttinguistik/ Contact Linguistics/ Linguistique de contact. Vol. I. Berlin & New York: de Gruyter, 667

 Skutnabb-Kangas, & Phillipson, R. (2000). Rights to language : equity, power, and education : celebrating the 60th birthday of Tove Skutnabb-Kangas. L. Erlbaum Associates.

  Skutnabb-Kangas. (2000). Linguistic genocide in education, or worldwide diversity and human rights?. L. Erlbaum Associates.

  Skutnabb-Kangas, Phillipson, R., & Mohanty, A. K. (2009). Social justice through multilingual education. Multilingual Matters. https://doi.org/10.21832/9781847691910

 Skutnabb-Kangas, Tove (2016). Linguistic Genocide. In The Deaf Studies Encyclopedia, Volume 2. Eds Genie Gertz and Patrick Boudreault. Sage, 594-599

Tollefson, J. (1991). language Planning, Planning Inequality,  Language policy in the community. London: Longman.

Tollefson, J. (2006). Critical theory in language policy. In T. Ricento (Ed.), An introduction to language policy: Theory and methods (pp. 42–59). Oxford, UK: Blackwell Publishing.

Tollefson, J. W. (2013). Language policy and democratic pluralism. In J. W. Tollefson (Ed.), Language policies in education: Critical issues (2nd ed., pp. 301–310). New York, NY: Routledge.

Tollefson, J. & Tsui, a. (2018). Medium of Instruction Policy. In T. James W. Tollefson and Miguel Pérez-Milans  (Ed.),The Oxford Handbook of Language Policy and Planning. Oxford Handbooks Online. DOI: 10.1093/oxfordhb/9780190458898.013.12.

  Greene, & Hicks, D. (2005). Lost convictions: Debating both sides and the ethical self-fashioning of liberal citizens. Cultural Studies (London, England), 19(1), 100–126. https://doi.org/10.1080/09502380500040928

  SHEYHOLISLAMI. (2012). Kurdish in Iran: A case of restricted and controlled tolerance: The Kurdish Linguistic Landscape: Vitality, Lingicide and resistance. International Journal of the Sociology of Language, 217, 19–47.

Schieffelin, Woolard, K. A., & Kroskrity, P. V. (1998). Language ideologies practice and theory. Oxford University Press.

 van der Stoel, Max. 1999. Report on the Linguistic Rights of Persons Belonging to National Minorities in the OSCE area. Plus Annex: Replies from OSCE Participating States. The Hague: OSCE High Commissioner on National Minorities.

Sheyholislami. (2012). Kurdish in Iran: A case of restricted and controlled tolerance. International Journal of the Sociology of Language, 2012(217), 19–47.

داگرتنی بابەت