ئارامتر بخوێنەوە
کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی لە چین و ئێران،
نموونەی مەغۆلستانی نێوخۆیی و کوردستان*
سیاوەش محەممەدی
“دۆزینەوەی پێناسەیەکی یەکدەست و گشتگیری کۆمەڵێک چەمک، لە ناویشیاندا چەمکی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی، بەتایبەت لە زانستە مرۆیی و کۆمەاڵیەتییەکاندا کارێکی زەحمەتە، هەربۆیە لێرەدا زیاتر تێدەکۆشرێت لە ڕوانگەگەلی جیاوازەوە خۆ لە پێناسەیەکی گۆنجاوی ئەم چەمکە نزیک بکەینەوە.”
سەدەی بیستم، سەدەی سەرهەڵدان و دامەزرانی کۆمەڵێک دەوڵەت-نەتەوەی نوێ لە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە چین و ئێران بوو. دوو دەوڵەت-نەتەوەی چین و ئێران، کە لە لایەن ناسیۆنالیزمی نەتەوەکانی هان و فارس دامەزران و بیچمیان گرت، توانییان بەرەبەرە سنووری دەوڵەتەکەی خۆیان لەسەر هەرێم و وڵاتانی نەتەوە غەیرە-هان و غەیرە-فارسەکان هێقم و پتەو بکەن. داگیرکردنی خاک و بەتاڵان بردنی سەرچاوە ژێر و سەرزەوییەکانیان لە ڕێگەی هێزی سەربازی و سەپاندنی حاکمییەتی سیاسییەوە لە لایەک و چەوساندنەوە و تێکۆشان بۆ لەنێوبردنی زمان و کولتوور و مێژووی نەتەوەکانی تر لە ڕێگەی سیاسەتی ئێتنیکی و سیستمی پەروەردە لە لایەکی ترەوە، وای کردووە کە لە ساڵانی ڕابردوودا توێژەران ئەم هەنگاوانەی دەوڵەت-نەتەوەکانی چین و ئێران لە چوارچێوەی چەمکی کۆلۆنیالیزم، بەتایبەت کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییدا زیاتر شی بکەنەوە.
کلیل وشەکان
کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی، کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێکراو، سیاسەتی ئێتنیکی، ئاسمیلاسیۆن، پەروەردە، کوردستان، مەغۆلستانی نێوخۆیی.
پێشەکی
زارا محەممەدی، مامۆستایەکی کورد کە جەخت لەسەر ڕاهێنانی بەشداریی مەدەنی لەتەنیشت ئەدەبییات و زمانی کوردی دەکاتەوە، بە تاوانی “تێکۆشان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” بە دە ساڵ بەندکران حوکم دراوە، ئەمەش لەبەر تێکۆشانەکانی ناوبراو لە دەیەی ڕابردوودا بۆ فێرکردنی منداڵانی کورد بە زمانی دایکییان بووە. (UNPO 2020)[1]
لە سێپتامبری ساڵی ٢٠٢٠ ـی زایینی خۆپێشاندانەکان دژ بە پلانی „ سیاسەتی پەروەردەی دووزمانی“ لە مەغۆلستانی نێوخۆیی کە لەلایەن دەوڵەتی ناوەندی چینەوە بۆ سەپاندنیان هەوڵ دەدرێت، گەرموگوڕتر بوون. بە پێی ڕاپۆرتی لێبوردنی نێودەوڵەتی (٢٠٢٠)[2] لانیکەم لەو خۆپیشاندانانەدا ٢٣ کەس دەستبەسەر کراون.
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سەدەیەک بەسەر دامەزرانی دەوڵەت-نەتەوەکانی ئێران و چین، هێشتاش لەنێو میدیاکاندا، هەواڵی پێشێلکردنی مافی نەتەوە غەیرە-فارس یان غەیرە-هان ــەکان لە نیشتمانی خۆیاندا دەبیسترێ. بەم شێوەیە، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەم دوو دەوڵەتە چۆناوچۆن دژ بە کەمینە ئێتنیکی و نەتەوەیییەکان لەو وڵاتانەدا بەرەوپێش دەچن؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە، ئەم پرسیارەش دێتە گۆڕێ، کە ئایا کردەوەی ئەم دەوڵەتانە لە چوارچێوەی چەمکی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییدا بەراورد دەکرێت؟ یان بەواتایەکی تر ئایا هەنگاوی ئەم دەوڵەتانە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی تیۆریی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی پڕ دەکەنەوە یان نا؟
سەرەڕای ئەوەی کە لەم چوارچێوەدا هێشتا توێژینەوە و کاری زانستی بە شێوەی پێویست نەکراوە، لەم وتارەدا هەوڵ دراوە پەیوەندیی نێوان چەند کردەوەیەکی ئەم دەوڵەتانە و کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی زیاتر شی بکرێنەوە. لەم پەیوەندییەدا، پێشتر تیۆریی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی و تایبەتمەندییەکانی لە ڕوانگەگەلی جیاوازەوە، بەتایبەت لە ڕوانگەی تیۆریسیەنە بەناوبانگەکانی ئەم چەمکە, وەک گۆنزالیز کاسانۆڤا و مایکل هێشتر بە کورتی تیشکیان دەخرێتە سەر و دواتر پشت بە کۆمەڵێک توێژینەوەی تایبەت دەربارەی بنەماکانی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی لە چین و ئێران دەبەسترێ، بەتایبەت بەرهەمی کۆمەڵێک نووسەری وەک ئورادین بولاگ[3] یان عەلیڕەزا ئەسغەرزادە[4] و ئەحمەد محەممەدپوور و کەماڵ سولەیمانی[5] و تێدەکۆشرێت ئەم چەمکە لە بەستێنی ئەم ناوچانەدا زیاتر شەنوکەو بکرێت.
لە بواری مێتۆدی کارییەوە، ئەم لێکۆڵینەوەیە لە ڕێگەی دابەشکارییەکی تایبەتەوە یەکەم جار پشت بە مێتۆدی ئینداکتیڤ[6] دەبەستێ و بابەتی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی و تایبەتمەندییەکانی وێنا دەکات. دواتر ئەم کارە بە ئێلێمنتگەلی شێوازی دابەشکاریی بەراوردکارانە لەسەر بنەمای ئۆبجێکتەکان، کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی لە چین بە نیسبەت مەغۆلستانی نێوخۆیی و لە ئێران بە نیسبەت کوردستانەوە بە پێی سێ فاکتەر هەڵدەسەنگێنێت. لە کۆتاییشدا پشت بە کۆمەڵێک نموونە دەبەسترێ و تێدەکۆشرێ بابەتەکە بەو تیۆرییە ببەسترێتەوە کە باسی لێوە دەکرێت و بگاتە ئەنجام.
لە گۆشەنیگای دابەشکارییەوە یەکەم بەشی ئەم کارە، بەتایبەتی باس لەسەر تیۆریی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی دەکات. دواتر لە بەشی دووهەم و سێهەمدا، بە ئێلێمێنتگەلی کڕۆنۆلۆگیانە تیشک دەخرێتە سەر گۆڕینی دێمۆگرافی، سیاسەتی ئێتنیکی و بەتایبەت سیستمی پەروەردە لەو دوو دەوڵەتەدا، ئەمەش وەک کردەوەیەک (هۆکار) کە دەتوانێت کۆتایییەکەی بەکۆلۆنیکردنی مەغۆلەکان یان کوردەکان لەژێر ناوی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییدا کۆتایی پێ بێت، تاوتوێ دەکات. لە کۆتاییشدا پاش بەراوردکارییەکی کورت و دەرەنجامی وتارەکە، کۆتایی بە لێکۆڵینەوەکە دێت.
کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی وەک تیۆری
دۆزینەوەی پێناسەیەکی یەکدەست و گشتگیری کۆمەڵێک چەمک، لە ناویشیاندا چەمکی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی، بەتایبەت لە زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکاندا کارێکی زەحمەتە، هەربۆیە لێرەدا زیاتر تێدەکۆشرێت لە ڕوانگەگەلی جیاوازەوە خۆ لە پێناسەیەکی گۆنجاوی ئەم چەمکە نزیک بکەینەوە.
کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمدا، دەربارەی کەمینە نەتەوەکان، بوو بە باسێکی جێگای مشتومڕ ( بڕوانە. گلادنی[7] ٢٠٠٤:٣٦١). ئەم چەمکە لە چەندین شوێن و بەتایبەت بۆ چەندین دۆخی جیاواز بەکار هاتووە، لەوانەش بەنیسبەت دۆخی دانیشتووانی ڕەسەن (بومی) لە مکزیکۆ (گۆنزالیز كازانۆبا ١٩٦٥)[8]، گیتۆ[9] ڕەشەکانی ئەمریکا (بلاونەر ١٩٦٩)[10] و هەروەها ناوچەکانی کێلتیک لە بریتانیای مەزن (هێشتەر١٩٧٥)[11]. لە نەوەدەکان بەم لاشەوە چەمکی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی سەبارەت بە دۆخی کەمینە نەتەوەیییەکان لە چین (درو سی. گلادنی ٢٠٠٤) یان لە ئێران (سولەیمانی و ئەحمەدپوور ٢٠١٩) زیاتر شی کراوەتەوە.
کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی لە ڕێگای سیاسەتی دەوڵەتێکی نەتەوەیییەوە پیادە دەکرێت، سیاسەتێک کە زۆر جار حوکمی گرووپێکی ئێتنیکی بەسەر گرووپە ئێتنیکی و دانیشتووانەکانی تر لە چوارچێوەی سنوورە جوغرافییایییەکانی یەک وڵاتدا جێگیر دەکرێت (بڕوانە: گۆنزالیز كازانۆبا ١٩٦٥: ٣٠-٣٢). هەروەک گۆنزالیز کازانۆبا (1965:30) باسی دەکات، قۆرخکاریی ئابووریی و کولتووری لەلایەن سیاسەتی کۆلۆنیالیستییەوە، وەک زاڵبوونی[12] سەربازی، سیاسی و ئیداری بەڕێوە دەبرێت. هەروەها گۆنزالیز کازانۆبا (1965:36) پێی وایە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی هەژموونیی خۆی بە ئامرازەکانی „ ئابووریی، سیاسی و پەروەردەیی“ جێگیر دەکات. لەسەر ئەم ئەساسە بوو کە بلاونەر (١٩٦٧: ٣٩٤) چاوەڕێ ئەوەی دەکرد کە مۆدێلی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی بتوانێت „ تێگەیشتنی ڕەگەزپەرەستی و چینایەتی، ئێتنیکی، کولتووری، و چەوساندنەوەی ئابووریی لە یەک بەستێنی گشتگیردا“ بەیەکەوەیان ببەستێتەوە. چەند ساڵ دواتر مایکل هێشتر چەمکی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی بۆ دۆخی ناوچەکانی کێلتیک (ئیرلەند، واڵس و سکۆتلەند) لە بریتانیای مەزن، بەکار هێنا. لە ڕوانگەی پەیوەندییە سیاسی، کولتووری و ئابوورییەکانی نێوان ناوەند و پەراوێز، هێشتر (١٩٧٥: ٦-٩) مۆدێلی کۆلۆنیالیزمێکی نێوخۆیی وێنا دەکات کە ناوەند بە شێوەی سیاسی و کولتووری حوکم بەسەر پەراوێزدا دەکات و لە بواری ئابووریشدا پەراوێز دەچەوسێنێتەوە[13]. لە سیستمی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییدا، گرووپی باڵادەست (ناوەند) سیستمێکی چینایەتی بنیات دەنێت کە لە ناویدا ئەو گرووپە خۆی وەک پێشڕەو وێنا دەکات و گرووپی ژێردەست ناچار دەکات وەدوای بکەوێت، هێشتر (١٩٧٥: ٩) ئەم سیستمە چینایەتییەی وەک „ دابەشکاریی کولتووری کار“[14] پێناسە کردووە و پێی وایە گرووپی باڵادەست دابەشکردنی ئەرکی کۆمەڵایەتی وا ڕێک دەخات کە ئەو پێگە و ڕۆڵانەی کە گرنگن و پرستیژێکیان هەیە بۆ ئەندامانی گرووپەکەی خۆیان پارێزراو بن.
لە ساڵانی ڕابردووشدا چەمکی کۆلۆنیالیزم لە چەندین ڕەهەندی جیاوازەوە زیاتر شی کراوەتەوە. یەکێک لەو چەمکانە کۆلۆنیالیزمێکە کە لە ڕێگەی نیشتەجێکردن یان لە ڕێگەی پڕۆسەی گواستنەوە[15]وە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تردا، هەوڵ دەدرێت کە باڵادەستیی گرووپ یان با بڵێین نەتەوەیەک و دێمۆگرافییای ناوچەیەک لە بەرژەوەندیی نەتەوەی باڵادەستدا بگۆڕێت، تا بەم شێوەیە وەک پێشتر باس کرا باڵادەستی و زالبوونی نەتەوەی باڵادەست بەسەر نەتەوەی بندەست، یان وەک هێشتر باسی دەکات، ناوەند بەسەر پەراوێزدا جێگیر و هێقم بکرێت. لەم گۆشەنیگایەوە لۆرێنزۆ ڤێراچینی[16] (٢٠١٠: ٦) باس لە کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێکراو[17] دەکات و پێی وایە „کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێکراو دۆخێک پێک دێنێت کە لەو دۆخەدا هەوڵی بەکۆڵۆنیکردن لەنێو سنوورەکانی قەوارەیەکی سیاسیی کۆلۆنیدا پیادە دەکرێت“. ڤێراچینی (٢٠١٠: ٣٢−٥٢) تێدەکۆشێت تا پەیوەندیی نێوان „ گواستنەوە و کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێکراو” ڕوون بکاتەوە و باس لە چەندین شێوازی گواستنەوە دەکات، کە لە چوارچێوەی کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێکراودا لێک دەدرێتەوە و پێی وایە ئەمانە شێوازێکی نەرمونیانتر لە لەنێوبردنن. ئەو ئاماژە بە چەندین ستراتێژیی دژی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەیەک دەکات، کە وەک پڕۆسەیەکی گواستنەوە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر وێنایان دەکات. لێرەدا تەنها وەک نموونە چەند ستراتێژییەک لەو گواستنەوانەدا بە شێوەی کورتکراوە باس دەکرێن:
گواستنەوەی نکرۆ پۆلیتیک (Necropolitical transfer): ئەگەر خەڵکی ناوچەیەک بە شێوەی سەربازی لەنێو ببرێن،
گواستنەوەی ئێتنیکی (Ethnic transfer): ئەگەر خەڵکی ناوچەیەک بەزۆرەملی لەنێو یان بۆ دەرەوەی ناوچەکەیان بگوازرێنەوە،
گواستنەوەی شارستانی (Civilisational transfer): ئەگەر خەڵکی ڕەسەنی ناوچەیەک بە خەڵکی نیشتەجێکراوی هاوردە ئەژمار بکرێن و حیسابی خەڵکی ناوچەکەیان بۆ نەکرێت،
گواستنەوە لە ڕێگەی ئاسیمیلاسیۆن (Transfer by assimilation): کاتێک خەڵکی ڕەسەنی ناوچەیەک لە بوونی خۆیان ‘هەڵدەکەندرێن’. ئەم جۆرەی گواستنەوە بڕیار نییە بە جێگۆڕکێی فیزیکی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە جێبەجێ کرابێت. زمانی ئاسمیلاسیۆن، هەر بۆخۆی ئاماژەیەکە بۆ جووڵە: ئاسمیلاسیۆن خەڵکی ڕەسەن ‘هەڵدەکەنێت’،
گواستنەوەی نیشتەجێکراوان (The transfer of settlers): بە جۆرێک کە لە ناوچە داگیرکراوەکاندا کۆمەڵێک کۆچبەر نیشتەجێ دەکرێن و تێدەکۆشن ئابووریی خەڵکی خۆیان هەبێت و ڕێگە بە بوونی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە نادەن. ئەمە مێژوویەکی دوورودرێژی بەتایبەت لەلای ئێمپراتۆری و دەوڵەتە کۆڵۆنییەکان هەیە کە بەردەوام تێکۆشاون لەنێو شارە گەورەکاندا سنووری خەڵکی ڕەسەن و کۆچبەرانی نیشتەجێکراو [بۆ وێنە لە ڕێگەی هەڵاواردنی نێوان گەڕەکە دەوڵەمەند و هەژارنشینەکانەوە] بە توندی لە یەکتر جیا بکەنەوە (ڤێراچینی ٢٠١٠: ٣٢−٥٢).
بە پێی ئەو پێناسانەی کە لە سەرەوە دەربارەی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی دەکرێن، دەتوانین بە گشتی بەو ئاکامە بگەین کە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی شێوەیەک لە حوکم کردنی گرووپێکی ئێتنیکی یان نەتەوەییی باڵادەست لە چوارچێوەی وڵاتێکدایە کە لە ڕێگەی ئامرازگەلی سەربازی، سیاسی، ئابووریی، کولتووری و لەنێویاندا سیستمی پەروەردە خۆی دەسەپێنێت، لە هەمان کاتیشدا بەشێک لەم ئامرازانە دەتوانن لە چوارچێوەیەکی تایبەتتری وەک کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێکراودا لێک بدرێنەوە.
بەکۆڵۆنیکردنی مەغۆلستان لە چوارچێوەی بنەماکانی تیۆریی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییدا
چین وەک گەورەترین وڵاتی فرەنەتەوە لە جیهاندا نزیکەی ١،٤ ملیارد دانیشتووی هەیە[18] که لە ٥٥ نەتەوەی فەرمیی دانپێدانراودا و لە پێنج هەرێمی ئۆتۆنۆمی و لەوانەش هەرێمی مەغۆلستانی نێوخۆیی پێک هاتووە. هەرچەند کەمینە نەتەوەیییەکان تەنها ٨،٤ لەسەدی کۆی دانیشتووانی چین پێک دێنن، بەڵام ناوچەکانیان نزیکەی دوو لەسەر سێی پانتاییی چینن [زەقکردنەوەکە لە لایەن نووسەری وتارەوە] (بڕوانە: لودویگ[19] ٢٠٠٩: ٨ – ٩ و ٣٩ –٤٠؛ گلادنی ٢٠٠٤: ٦ –٧ و ١٩).
هەرێمی ئۆتۆنۆمیی مەغۆلستانی نێوخۆیی کە یەکێک لە پێنج هەرێمی ئۆتۆنۆمیی چینە، دانیشتووانەکەی نزیکەی ٢٥ ملیۆن کەسە و، لە کەمتر لە ٢٠ لەسەدی نەتەوەی مەغۆل پێک هاتووە ( هێبێرەر[20] ٢٠١٨: ٤٤ و لودویگ ٢٠٠٩: ١٣٢). هەرچەند مەغۆلستانی نێوخۆیی لە مانگی مەی ساڵی ١٩٤٧ ـەوە وەک هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی ناسێندراوە[21]، بەڵام زۆربەی شارەزایان و لەوانەش هێبیرەر (٢٠١٠: ٢) پێیان وایە کە لە کردەوەدا [لە ڕاستیدا] هیچ هەرێمێکی خۆسەرمان نییە.
لە گۆڕینی دێمۆگرافییەوە هەتا سیاسەتی ئێتنیکیی چین
یەکەم جار لە سەدەی هەژدەی زایینیدا، یەکەم هەنگاوەکانی هان-چینییەکان یان بەواتایەکی تر ئیدارەکانی-هان (ناوەند) بۆ نیشتەجێبوون و جێگیربوون لە ناوچەکانی تر و لەوانەش لە مەغۆلستانی نێوخۆیی (پەراوێز)دا دەستی پێ کرد، تا بەم شێوەیە کولتووری خەلکانی غەیرە-هان لەسەر بنەمای کولتووری خۆیان ڕێک بخەنەوە، لەنێویان بەرن و بتوانن کانزا ژێرزەوییەکانیان بەتاڵان بەرن (بڕوانە: هێبرێر ٢٠١٠: ١). لەم کانتێکستەدا کە هێشتر بۆ کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی وێنای کردبوو، ناوەند لەبەردایە کە بە شێوەی سیاسی خۆی بەسەر پەراوێزدا بسەپێنێت، تا بەم شێوەیە بتوانێت پەراوێز لەباری مادییەوە تاڵان بکات (هیشتر ١٩٧٥:٩)، هاوکات وەک ڤێراچینی (٢٠١٠: ٤٩) باسی لێوە کردبوو، لە چوارچێوەی کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێکراودا، زۆربەی ئێمپراتۆری و دەوڵەتە کۆلۆنییەکان خەڵکی خۆیان بە مەبەستی بەرژەوەندیی ئابووریی لە ناوچەکانی تردا نیشتەجێ دەکەن. هەر لەم بارەوە گرۆف[22] (١٩٩٤) ڕای وایە کە: „ لە سەدەی ١٨ بەم لاوە چینیەکان بە شێوەی بەردەوام ڕوویان لە ناوچەکە کرد و مەغۆلەکانیان لەسەر ‘هەرێمە ئۆتۆنۆمییە’ ـکەی خۆیان کردە کەمینەیەکی چکۆلە“. لێشاوی ناردنی خەڵکی هان-چینی بۆ ناوچە غەیرە-هان ـەکان و جێگیرکردنی دەسەڵاتی سیاسیی چینییەکان لە سەدەی نۆزدەش بەردەوام بوو. لە ١٩٠٢ بەم لاوە چینییەکان بەرەبەرە لەوەڕگەکانی مەغۆلەکانیان بە مەبەستی پەرەدان بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی خۆیان داگیر کرد و بەم شێوەیە „ شێوازێکی نوێی کۆلۆنیالیزم“ دەستی پێکرد (بولاگ ٢٠٠٤: ٨٦).
گۆڕینی دێمۆگرافیی ناوچە غەیرە-هان ــەکان و بەچینیکردنی زمان و کولتووری نەتەوە غەیرە-هان ـەکان، لە سەدەی ٢٠ و ٢١ زیاتر لە چوارچێوەی چەمکی بەچینیکردن[23]دا لێک دەدرێتەوە (بڕوانە: چێنگ ٢٠٢١). پڕۆسەی بەچینیکردنی مەغۆلستانی نێوخۆیی لە سەدەی ٢٠ و ٢١ گەیشتە لووتکەی خۆی، بەتایبەت ئەو کاتەی کە چینییەکان بەلێشاو ڕوویان کردە ناوچەی مەغۆلەکان و لەوێ نیشتەجێ بوون، ئەم گۆڕینی دێموگرافییە ئەوەندە خێرا بووە کە لودویگ (٢٠٠٩: ١٣٢) دەڵێت تەنیا لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی هانەکان لە مەغۆلستانی نێوخۆییدا هەشتا بەرابەر زیادی کردووە [زەقکردنەوەکە لە لایەن نووسەری وتارەوە].
بە مەبەستی جێگیرکرانی زیاتری دەسەڵاتی چین لە هەرێمەکانی تردا، فۆڕمێکی تری بەچینیکردن لە ڕێگەی گرتنەبەری سیاسەتێکی ئێتنیکی بەتایبەت لە سەردەمی هاتنە سەرکاری حیزبی کۆمۆنیستی چین لە چلەکان پەرەی سەند. ئەمە بەتایبەتی لە دوای دامەزرانی کۆماری گەلی چینەوە لە ساڵی ١٩٤٩ چووە بواری جێبەجێکردنەوە. لێرەدا گلادنی (٢٠٠٤: ١٣) بە نیسبەت سیاسەتی قەومیی حیزبی کۆمۆنیستی چین دژ بە کەمینە نەتەوەکان دەڵێت: „لە دیدی کۆمۆنیستەکانەوە، هان ـەکان وەک ‘پێشڕەوی’ شۆڕشی گەلان دانراون. کەمینەکان ناچار کران شوێنکەوتووی نموونەی هان ـەکان بن. چەندە کەمینەکان دواکەوتووتر، یان ‘سەرەتاییتر’ مابانەوە، ئەوەندە وەک دەڵێن هان ـەکان پێشکەوتووتر و شارستانیتر دەهاتنە بەرچاو، [بەم شێوەیە] خواست بۆ شوناسێکی نەتەوەییی یەکگرتوو زیاتر دەبوو“[24]. ئەم سیاسەتە دەتوانێت بە جوانی لەگەڵ هەمان چەمکی „ دابەشکاریی کولتووری کار“دا کە پێشتر هیشتر (١٩٧٩:٩) بە نیسبەت بریتانیای مەزن دایڕشتبوو، بەراورد بکرێت (بڕوانە: بولاگ[25] ٢٠٠٣: ٧٥٤).
دۆخی نەتەوە غەیرە-هان ـەکان، بەتایبەت مەغۆلەکان لە مەغۆلستانی نێوخۆیی بەهۆی سیاسەتێک لەژێر ناوی بازدانێکی گەورە بەرەو پێشەوە (١٩٥٨-١٩٦٠)[26] لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمدا خراپتر بوو (بڕوانە: گلادنی ٢٠٠٤: ٨٦؛ کلارکە ٢٠١٣[27]: ١١٩−١٢١ و مەکێرەس [28] ٢٠٠٥: ٢١). لە ١٩٦٦ەوە هەتا ١٩٧٦ بەتایبەت لە کاتی جێبەجێ کردنی پلانەکانی ‘شۆڕشی کولتووری’[29]، گۆشار و هەڵاواردنی نەتەوە غەیرە-هان ـەکان لەو سنوورەی کە وەک وڵاتی چین ناسرابوو، گەیشتە لووتکەی خۆی و „ حیزبی کۆمۆنیستی چینی کردە دامەزراوەی کۆلۆنیالی چینی“ (بولاگ ٢٠٠٤: ٩٨). لەم بازنە زەمەنەییەدا هەرێمە خۆسەرەکان، ڕێکخراوەکان و تەنانەت قوتابخانەکانیش کەوتنە ژێر گۆشار و زمان و نووسین و ڕێوڕەسمی نەتەوە غەیرە-هانەکان قەدەغە کران (بڕوانە: بولاگ ٢٠٠٣: ٧٥٤؛ کلارکە ٢٠١٣: ١٢٠؛ لودویگ ٢٠٠٩: ٤٨ و هێبێرێر ٢٠١٨: ٢٥).
بە نیسبەت سیاسەتی ئێتنیکیی دەوڵەتی چین، کلارکە (٢٠١٣: ١١٦ –١٢١) ئەم سیاسەتە لە چوارچێوەیەکی زەمەنی بەسەر سێ قۆناغدا دەستەبەندی دەکات، لەوانە سەردەمی مائۆ (١٩٤٩-١٩٧٦)، سەردەمی دێنگ (١٩٧٨-١٩٩٧) و سەردەمی دوای دێنگ (١٩٧٩- تا هەنووکە). لە کۆی ئەم قۆناغانەدا مەغۆلستانی نێوخۆیی زیاتر لە هەرێمەکانی تر بەچینی کراوە و ڕەوتی تواندنەوە، کاریگەریی زیاتری بووە. لودویگ (٢٠٠٩: ١٣٢ –١٣٣) هۆکاری ئەمە بۆ دەوڵەمەندیی هەرێمی مەغۆلستانی نێوخۆیی بە کانزا ژێرزەوییەکان و پێگەی ژێئۆگرافیی تایبەتیی ئەو ناوچە دەگەڕینێتەوە.
سیستمی پەروەردەی کۆلۆنیالیستی لە مەغۆلستانی نێوخۆییدا
هەرچەند ئەمڕۆکە پەروەردە لە وڵاتی چین و بە زمانی نەتەوە غەیرە-هانەکان لە هەرێمەکانی خۆیاندا و لەو قۆتابخانانەی کە زۆرینەی خوێندکارەکانی سەر بەو نەتەوانەن، دەبێت بە زمانی دایکی بێت، بەڵام بەکارهێنانی ئەو زمانانە لە سیستمی پەروەردەدا زۆر هەڵبژێردراو و ناکارامەن (بڕوانە: مەکێرەس ٢٠٠٥: ١٣١). سەرەڕای ئەوەی کە گۆیا لە ساڵانی ڕابردوودا لە چین یان بە واتایەکی تر لە مەغۆلستانی نێوخۆیی دەبێت لە هەر دوو زمانی مەغۆلی و زمانی چینی کەڵک وەربگیرێت و بەکار بهێنرێن، بەڵام „ ئەم سیاسەتە دووزمانییە کە بۆ هەرێمە ئۆتۆنۆمییەکان لەبەرچاو گیراوە و بە کردەوە لە ژیانی گشتی و ژیانی بازرگانیدا پەیڕەو ناکرێت“ (لودویگ ٢٠٠٩: ١٣٣). یەکێک لەو هۆکارانەی کە لەو هەرێمانەدا زمانی نەتەوەکان لە ژیانی گشتی و بازرگانی چی تر بەکار نایەن، بۆ دەرەنجامەکانی کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێکراو ــی چین دەگەڕێتەوە [زەقکردنەوەکە لە لایەن نووسەری وتارەوە] (بڕوانە: بولاگ ٢٠٠٣: ٧٥٦).
زمانی مەغۆلی وەک زمانێکی دەوڵەمەند و بەهێز بە درێژاییی مێژووی ناوچەکە، زمانی نووسراو و بەکارهاتوو بووە لە پانتایییەکی بەرینی ناوچەکە و تەنانەت لە وڵاتی ئەمڕۆیی مەغۆلستان هەڵکەوتوو لە باکووری چین، ئێستاش وەک زمانی فەرمیی ئەو وڵاتە بەکار دێت. لە دیوی هەرێمی مەغۆلستانی نێوخۆییشدا کە لەژێر دەسەڵاتداریەتیی چیندایە، لانیکەم تا „ پێش شۆڕشی کولتووری لە ساڵی ١٩٦٦ زمانی مەغۆلی ئامرازی سەرەکیی پەروەردە لە ژمارەیەکی یەکجار زۆری قۆتابخانە مەغۆلییەکان بوو“ (هیتن ١٩٧١: ٢٢). بەڵام لە نێوەدا شۆڕشی کولتووری زۆربەی ئەو قۆتابخانانەی لەکار خست (مەکێرەس ٢٠٠٥:١٢٦). هاوکات لەگەڵ قەدەغەکرانی زمانی مەغۆلی، زمانی چینی لەم لاوە لە ڕێگەی گرتنەبەری سیاسەتێکی قەومیی جن-گیرانە لە هەموو مەغۆلستانی نێوخۆیی پەرەی پێدرا (بولگا ٢٠٠٣: ٧٥٩). سەرەڕای ئەوەی دوای شۆڕشی کولتووری (١٩٧٦) بەشی زۆری قۆتابخانە مەغۆلییەکان دووبارە دامەزرانەوە، [بەڵام بەو حاڵەشەوە] هەتا نێوەڕاستی نەوەدەکان تەنها یەک قۆتابخانەی مەغۆلیزمان لە هۆهوتی پێتەختی هەرێمی مەغۆلستانی نێوخۆیی هەبوو(مەکێرەس ٢٠٠٥: ١٣١).
سەرەڕای خۆتێهەڵقوتاندنی زیاتری حیزبی کۆمۆنیستی چین لەنێو سیستمی پەروەردەدا، بەتایبەت لە نەوەدەکان بەم لاوە، دۆخی سیستمی پەروەردەی نەتەوە غەیرە-هانەکان خراپ و خراپتر بوو، سەرەڕای ئەمەش بەشی زمانە ناوچەیییەکان لە سیستمی پەروەردەی ئەو ناوچانەدا کەمتر بووەوە (بڕوانە: باندێریا [30]٢٠٢٠: ١). ئەم دۆخە لەو کاتەوە خراپتر بوو کە لە مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٩٦ کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی چین بڕیاری لەسەر زیندووکردنەوەی „ ئەخلاقی سوسیالیستی“ لە پەروەردەدا دەرکرد(مەکێرەس ٢٠٠٥: ١١٣). لەم بارەوە و لە ساڵانی دواتردا، بەتایبەت لە ساڵی ٢٠٠٨ کۆمەڵە بڕیارێکی تر بە شێواز و جۆری جیاواز دژ بە کەمینە نەتەوەیییەکان دەرکران:
لە مانگی دێسامبری ٢٠٠٨، وەزارەتی پەروەردە بڕیارێکی دەرکرد کە دەبێت مانای «یەکگرتووییی ئێتنیکی»[31] بە پێی جیاوازیی قۆناغەکانی خوێندن لە قۆتابخانەکاندا، بە هێزێکی زیاترەوە باس بکرێت. دەبێ قوتابییانی سەرەتایی لە بواری مانای یەکگرتووییی ئێتنیکی، پاراستنی یەکگرتوویی نەتەوەیی و بەرخۆدان دژی جیاوازیخوازیی ئێتنیکیدا زانیاریی سەرەتایییان پێ بدرێت. قوتابییانی دواناوەندی پێویستە «باڵادەستیی سیاسەتی ئێتنیکیی حکومەتەکەمان و حیزبی کۆمۆنیست» بناسێنن و بە «ڕوانگەیەکی مارکسیستی»یەوە چاو لە کێشەی ئێتنیکگەرایی[32] بکەن. (لودویگ ٢٠٠٩: ٥١)
لە کاتی هاتنە سەرکاری شی جینپینگ (Xi Jinping) لە ساڵی ٢٠١٣ ـەوە هەتا ئێستا چەندین هەنگاوی کێشەخوڵقێن دژ بە نەتەوەکانی تر و لەوانەش نەتەوەی مەغۆل لە مەغۆلستانی نێوخۆیی هاویشتراون، هەر لەم چوارچێوەیەدا هەوڵ دراوە کە سیستمی پەروەردەی مەغۆلی لەسەر خاکی خۆیان پەراوێز بخرێت. یەکێک لە پڕ کێشەترین و ئاڵۆزترینی ئەم سیاسەتانە پلانی پەروەردەی دووزمانی بوو، لەم پلانەدا تێدەکۆشرێت زۆربەی کتێب و ڕشتە دەرسییەکان بە زمانی چینی بخوێندرێن و زمانی مەغۆلی وەک زمانێکی زێدە، تەنها وەک وانەیەکی دەرسی لە هێندێک قۆتابخانەی مەغۆلی بوێترێتەوە، ئەمەش وەک سەرەتا ئاماژەی پێ کرا، بووەتە هۆی سەرهەڵدان و زنجیرەیەک خۆپیشاندانی[33] سەرتاسەری لە مەغۆلستانی نێوخۆییدا (بڕوانە: باندێریا ٢٠٢٠: ٢و ٥−٦).
بەکۆڵۆنیکردنی کوردستان لە چوارچێوەی بنەماکانی تیۆریی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییدا
ئێران بە حەشیمەتێکی نزیکەی ٨٣ ملیۆن[34] کەسەوە، وڵاتێکی فرە ئێتنیک و فرە نەتەوەیە. لە ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوا کوردەکانن، بەلووچەکان لە ڕۆژهەڵات، تورکەکان لە باکوور و باکووری ڕۆژئاوا، عەرەبەکان لە باشوور و باشووری ڕۆژئاوا و فارسەکانیش لە ناوچەکانی نێوەڕاستی ئەو وڵاتەدان (بڕوانە: ئەسغەرزادە ٢٠٠٧: ١٢). بەپێچەوانەی چین لە ئێران لەنێوئاخنی سەرژمێرە فەرمییەکاندا بەستراوەییی ئێتنیکی و نەتەوەیی تۆمار ناکرێن[35]. بەڵام بە پێی هێندێک سەرچاوەی نافەرمیی نەتەوە غەیرە-فارسەکان لە ئێران ڕێژەیان نزیکەی [لە هێندێک ئاماریشدا زیاتر] ٥٠٪ ــی هەموو دانیشتووانی ئێران بەراورد کراوە (بڕوانە: ئابڕاهامیان ٢٠٠٨[36]: ١٨؛ ئێلینگ ٢٠١٣[37]: ١٨ و سی ئای ئەی ٢٠٠٧[38]). ژمارەی گشتیی کوردەکان لە ئێران مشتومڕی لەسەرە و لە هێندێک بەراورددا ٧ تا ٩ لەسەدی کۆی دانیشتووانی ئێران و لە هێندک بەراوردی تردا سەرووی ١٠ بۆ ١٢ لەسەدی هەموو دانیشتووانی ئێرانیان پێک هێناوە (بڕوانە: ئێلینگ ٢٠١٣: ٣٢ و سی ئای ئەی ٢٠٠٧). جێگای ئاماژەیە کە کوردستان پاش دامەزرانی دەوڵەت-نەتەوەکان لە ناوچەدا بەسەر چەند دەوڵەتێکی نەتەوەیی وەکوو ئێران، تورکیە، ئێراق و سوریەدا دابەش بووە. هەرچەند کە بەشێکی زۆری خاکی کوردستان لەژێر حاکمییەتی ئێراندایە، بەڵام لە ١٩٢٥ و پاش دامەزارنی دەوڵەتی نەتەوەیی [بەناو] مۆدێرنی ئێرانی و داڕشتنەوەی سیستمی پارێزگاکان، تەنها بەشێکی چکۆلە لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئێران لەژێر ناوی پارێزگایەک بە ناوی کوردستان، ناو نراوە. لەم چوارچێوەیەدا ئابڕاهامیان (٢٠٠٨:٧١) لەسەر دابەشکاریی سیستمی پارێزگاکان لەو سەردەمەدا ئاماژە بە دابەشکردنی ئێران بەسەر „ پازدە پارێزگای: تاران، ئازەربایجان […] کرماشان، […]، کوردستان، لوڕستان، بەلووچستان و بەندەرەکانی کەنداو“ دەکات. هەروەک لەم دابەشکارییەدا دیارە، کوردستان بە شێوەی فەرمی بەسەر چەند پارێزگا و لەژێر ناوی جیاواز لە ئێراندا دابەش کراوە و ئەمڕۆکە لە ڕووی ئیدارییەوە دەتوانین بەشی هەرەزۆری خاکی کوردستان لە ئێران لە چوار پارێزگای ئازەربایەجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام پێناسە بکەین (بڕوانە: ئێلینگ ٢٠١٣: ٥٨ و یێڵدز و تایسی ٢٠٠٧[39]: ٣−٤). هەربۆیە لەم کارەدا لە هەر جێگایەک ئاماژە بە کوردستان کرا، مەبەست ئەو چوار پارێزگایەیە.
لە گۆڕینی دێمۆگرافییەوە هەتا سیاسەتی ئێتنیکیی ئێران
سەرەتای گواستنەوەی کوردەکان لە زێدی خۆیان، بۆ سەدەکانی ١٥ ــەی زایینی دەگەڕێتەوە. ئەگەر بتوانین ئەمە لە چوارچێوەی “کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێکراو”ی ڤێراچینیدا هەڵسەنگێنین، دەبێت پشت بەو وتەیە ببەستین کە دەڵێت: „پڕۆژەی کۆلۆنیالی نیشتەجێکراو بەتایبەت حەزی لەوەیە، خەڵکی خۆجێیی بکەنە پەنابەر. پەنابەران، زیاتر ئەو کەسانەی کە چەندین جار ناچار کراون، زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن“ (ڤێراچینی ٢٠١٠: ٣٥). بە پشتبەستن بەم وتەیە دەبینین کە گواستنەوەی کوردەکان بە شێوەی بەکۆمەڵ و ڕێکخراو لانیکەم لە سەردەمی سەفەوییەکاندا دەستی پێکردووە. لە کاتی دەسەڵاتداریی سەفەوییەکان لە ساڵی ١٦٠٠دا نزیکەی ٤٥٠٠٠ بنەماڵەی کورد لە ورمێ ــوە گوازرانەوە بۆ باکووری ناوچەکانی ژێردەسەڵاتداریی سەفەوییەکان لە خوراسان[زەقکردنەوەکە لە لایەن نووسەری وتارەوە](مادح ٢٠٠٧[40]: ١٢−١٤). بە پێی زۆر سەرچاوەی نافەرمی ئەمە بووەتە هۆی ئەوە کە ئەمڕۆکە کوردەکان زۆرینەبوونی خۆیان لە ناوچەی ورمێ (ئازەربایجانی ڕۆژئاوا) لەدەست بدەن[41][42]. ڕەوتی گۆڕینی دێمۆگرافییای کوردستان هەتا سەدەی ١٩ و ٢٠ درێژەی هەبوو، بە جۆرێک کە زۆربەی دەسەڵاتدارانی فارس، کوردەکانیان بە زۆرەملێ و فێڵوتەڵەکە بۆ ناوچەکانی تر وەکوو قەزوین، مازەندەران، گیلان، تاران و هتد گواستووەتەوە (ئۆبرلینگ ٢٠٠٤:–[43]). لەتەنیشت گواستنەوەی زۆرەملێی کوردەکان لە زێدی خۆیان، ڕەوتێکی پێچەوانەی کۆچیش – بەتایبەت لە سەدەی ١٩ و ٢٠ ز.- بە شێوەیەکی سیستماتیک و بە ڕێژەیەکی زۆر دەستی پێکردبوو. ئەمەش دیسانەوە دەکرێت لە چوارچێوەی چەمکی کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێکراو ــی ڤێراچینی و بابەتی گواستنەوە لە ڕێگەی ئاسمیلاسیۆنەوە لێک بدرێتەوە. ڤیراچینی (٢٠١٠: ٣٨) دەربارەی گواستنەوە لە ڕێگەی ئاسمیلاسیۆنەوە مەبەستەکەی زیاتر ڕوون دەکاتەوە و ئاسمیلاسیۆن وەک پڕۆسەیەکی وەرگێڕان و توانەوە لەنێو جەستەی سیاسی[44]ی خەڵکی هاوردەکراودا دەبینێت. واتا پڕۆسەی گواستنەوە، بەو واتایە دێت کە خەلکی ڕەسەنی ناوچەیەک دەبێت خۆیان لەگەڵ ئەو خەڵکەی کە [لە لایەن داگیرکەرانەوە] لە وڵاتەکەی ئەواندا نیشتەجێکراون، خۆ بگونجێنن و لەنێو جەستەی سیاسیی ئەواندا بتوێنەوە.
لە کوردستان، ئەمە لە ڕێگەی نیشتەجێ کردنی کارمەندان و نێردراوانی دەسەڵاتدارانی فارس بۆ کوردستان و کۆچ کردنی بازرگانە فارسەکان بۆ گەورەشارەکانی کوردستان و بەتایبەت گەورەشاری وەکوو کرماشان بەرەوپێش دەچوو[45] (هەروەها بڕوانە: سلطانی ١٣٧٠: ١٦). لەسەر هاتن و نیشتەجێبوونی بازرگانە فارسەکان بۆ کرماشان، سوڵتانی (١٣٧٠: ١٢٢) دەڵێت: „ بازرگانان و تاجران لە شارەکانی یەزد، ئیسفەهان، گوڵپایەگان، هەمەدان و ناوچەکانی ترەوە ڕژانە نێو ئەم شارە و بازاڕێکی سەرەکی و جەمسەری ئابووریی ئەم شارەیان گرتە دەست و بنیاتیان نا“. نیشتەجێبوون و کۆچی فارسەکان بۆ نێو شاری کرماشان بوو بەهۆی باڵادەستیی زمانی فارسی لە ژیانی ڕۆژانەی شار (بڕوانە: اداره کل میراث فرهنگی، صنایع دستی و گردشگری کرمانشاه و [46]ئیسنا ).
زاڵبوونی زمانی نەتەوەی باڵادەست لەسەر خاک و لەنێو جەماوەری نەتەوەی بندەستدا، بەرەبەرە دەبێتە هۆی توانەوە و ئاسمیلەبوونی نەتەوەی بندەست لەسەر خاکی خۆیان، لێرەدایە کە جارێکی تر هێشتر(١٩٧٩:٦٧) دەپەرژێتە سەر پەیوەندیی نێوان کۆلۆنیالیزم و ئاسمیلاسیۆن و دەڵێت، ئەگەر دەوڵەت [ناوەند] دوای خستنە ژێر کۆنتڕۆڵی ناوچەیەکی پەراوێز، نەیتوانی باڵادەستیی کولتووریی خۆی نیشان بدات، ئاسمیلاسیۆن ڕێگایەکی ئاسانترە. هەربۆیە دەربارەی کوردستان فارسیناسیۆن (بەفارسکردن) یان با بڵێین ئاسمیلاسیۆن لە ڕێگەی سیاسەتی ئێتنیکیی حکومەتە ناوەندییەکان لە پاش دامەزرانی دەوڵەتی نەتەوەییی ئێران لە ساڵی ١٩٢٥ دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. سەبارەت بە سیاسەتی ئێتنیکی لە سەردەمی بنەماڵەی پەهلەویدا (١٩٢٥-١٩٧٩)، صالحی امیری (٣٧٧:١٣٨٨−٣٨٢ و ٤١٩−٤٢٠) ئاماژەی بە کۆمەڵێک خاڵی ئەو سیاسەتە کردووە کە لێرەدا بە کورتی تەنها ئاماژە بە سێ خاڵی گرینگ دەکەین، کە ئەوانیش بریتین لە:
- سانتڕاڵیزەکردنێکی نوێ و بەهێزی سیستمی ئابووریی، سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتی،
- بەستراوەیی و تێکەڵاوکردنی[47] سیستمە ئابووریی، کولتووری و کۆمەڵایەتیی ئێتنیکەکان[48] به/لەنێو سیستمی ناوەندیدا،
- چڕکردنەوەی خواست و مەیلی پان-ئێرانیستی لەسەر بنەمای پەرەدان بە زمانی فارسی (فارسیزمی توندئاژۆ[49]).
لە سەردەمی پەهلەوییەکاندا، گۆڕینی دێمۆگرافیی ناوچە غەیرە-فارسەکان زیاتر لە ڕێگەی گۆڕینی بیر و هۆش و زمانی خەڵکی خۆجێیییەوە بەرەوپێش چوو، ئەمەش لە ڕێگەی ئاسمیلاسیۆنەوە ئاسانترین هەنگاوێک بوو کە ڕژیمەکانی پەهلەوی دەیانتوانی دژی نەتەوەکانی تر بیگرنەبەر، هەربۆیە هەم ڕەزاشا و دواتریش حەمەڕەزای کوڕی هەموو سەروەت و سامان و هێزی بەردەستی خۆیان خستە خزمەت سیاسەتی ئێتنیکی و تواندنەوەی نەتەوە غەیرە-فارسەکان. ئەوەی لەو سەردەمەدا دژی نەتەوە غەیرە-فارسەکان کرا، لەم دەقە کورتەدا زیاتر ڕوون دەبێتەوە:
ڕەزا خان، وەک حاکمێکی ڕەهای وڵات، دەستی بە ئەرکێکی ڕەگەزپەرەستانە بۆ “پاکتاوکردنی” نەک تەنها گرووپە جیاوازە نەژادی/ئێتنیکییەکانی ئێران کرد، بەڵکوو بۆ پاککردنەوەی زمان، کولتوور، مێژوو و شوناسیشیان کاری کرد. سەرچاوە ئابوورییەکانی وڵات بە ڕێژەیەکی زۆر بۆ دابینکردنی پێداویستییە دارایییەکانی ئەو کردەوانە کە بۆ لەنێوبردنی کولتوور/زمان بوون، بەکارهێنران، کردەوەگەلێک کە زیاتر لە ڕێگەی قوتابخانەکان، زانکۆکان، چاپخانەکان، ڕۆژنامەکان و میدیاکانەوە جێبەجێ دەکران؛ هاوکات هێزی سەربازیی دەوڵەتیش بۆ چاودێریی بەرەوپێشڤەچوونی سیاسەتگەلێکی جیاوازی ڕەگەزپەرەستانە و ئاسمیلاسیۆنانە بەکارهێنرا. […] حەمەڕەزای کوڕی ڕەزاشایش، ئاگایانە پڕۆسەی گۆڕینی ئێران بۆ وڵاتێکی یەکدەستی یەک زمانی ‘نەتەوەیی’، یەک شوناسی نەتەوەیی، یەک مێژوو و یەک کولتووری بەرەوپێش برد. (ئەسغەرزادە ٢٠٠٧: ١٠٥)
هەروەک لە سەرەوەش ئەسغەرزادە بە جوانی ئاماژەی پێدا، کۆی سەروەتی وڵات خرایە خزمەتی پاککردنەوەی زمان، کولتوور، مێژوو و شوناسی نەتەوە غەیرە-فارسەکان و بەم شێوەیە بە جێی ئەوەی کۆچ بە ملیۆنان نەفەر بکەن، لە ڕێگەی سیستمی پەرروەردە و قۆتابخانە و زانکۆکانەوە، تێکۆشان لە ئامانجەکانیان نزیک ببنەوە.
بەراورد بە سەردەمی پەهلەوی، سیاسەتی ئێتنیکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش دامەزرانی لە ساڵی ١٩٧٩ جگە لەوەی لە سەرەوە باس کرا، ناسیۆنالیزمێکی مەزهەبیشی پێوە زیاد بوو. بە واتایەکی تر، ئەو ڕژیمەی خومەینی دایمەزراند لەسەر کۆمەڵێک بنەمای ناسیۆنالیستیی ئێرانگەرایی بوو کە بە کەرەستەگەلی ئایینی ڕازێندرابوویەوە. لەم پەیوەندییەدا ئێلینگ (٢٠١٣: ٤٥) ئاماژە بەوە دەکات کە خومەینی تێکۆشا، ئایدیا تێئۆکراتیکییەکانی خۆی بە ناسیۆنالیزمی ئێرانی و هاشوهووشی شیعەگەری وەک سەرچاوەیەک بۆ ڕەوایی و مەشروعییەت، بەرەوپێش ببات.
لە ماوەکانی ڕابردوودا توێژەرانی کورد ئەم سیاسەتانەی دەوڵەتی ئیسلامیی ئێرانیان لە ڕەهەندێکی ترەوە وەک “بەکەمینەکردنی خەڵکی کورد” لە توێژینەوەکانیاندا تاوتوێ کردووە. محەممەدپوور و سولەیمانی (٢٠٢٠:٢) ئەمەیان لەگەڵ „ سیاسەتی هێزە کۆلۆنیالییەکانی ڕۆژئاوا“ لە ئەفریقا و ئەمریکای لاتین بەراورد کردووە. ئەوەی ڕاستی بێ ڕژیمی هەنووکەییی ئێران هەر لە سەرەتاکانی شۆڕشی ١٩٧٩ەوە هەزاران „ شیعەی گرێدراوی خۆیان لە قاڵبی کۆمیتەکانی خومەینی و پاسداراندا بە مەبەستی کۆنترۆڵ کردنی کوردستان، ڕەوانەی ئەو ناوچانە کردووە“ (مەکداوڵ ٢٠٠٥[50]: ٢٦٩). ئەمانە دوابەدوای فەتوای جیهادی خومەینی دژی کوردەکان هاتنە ئاراوە و، بوو بە هۆی ئاوارەیی و کوژرانی دەیان هەزار مرۆڤ و وێران بوونی ژمارەیەکی یەکجار زۆر گوندی کوردستان (بڕوانە: ئێلینگ ٢٠١٣: ٤٨؛ مەکداوڵ ٢٠٠٥: ٢٦٢ و ٢٧٦ و یڵدز و ب. تایسی ٢٠٠٧: ٢٦). سەبارەت بە گواستنەوەی ژمارەیەکی یەکجار زۆری هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی ئێران بۆ نێو کوردستان یڵدز و ب. تایسی (٢٠٠٧:٢٦) ئاماژە بەوە دەدەن کە ڕژیم بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی هێزە کوردییەکان لانیکەم تا نێوەڕاستی هەشتاکان „٢٥٠ هەزار سەربازی خۆی ڕەوانەی ناوچەکە کردبوو“ (هەروەها بڕوانە: HRW 1997). جگە لە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هێزە کوردییەکان لە کوردستان، ڕژیم بە گواستنەوەی هێزە چەکدارەکانی خۆی بۆ نێو شارە کوردییەکان تێکۆشاوە کە بتوانێت دێمۆگرافیی ئەو شارانەش بگۆڕێت و کورد لەسەر خاکی خۆی بکاتە کەمینەیەکی نەتەوەیی و ئێتنیکی. لەسەر ئەم ئەساسە محەممەدپوور و سولەیمانی (٢٠٢٠: ١٠) بەوردی هەنگاوەکانی دەوڵەتی ناوەندیی ئێرانیان لە چل ساڵی ڕابردوودا شی کردووەتەوە و وەک „ ئەندازیاری دێمۆگرافی“[51] ناویان لێ ناوە و باسیان لەوە کردووە کە ئێستاکە „ نزیکەی ٧ تا ١٠ لەسەدی شارەکانی کوردستان ئەمڕۆکە تەرخان کراون بۆ بنکە سەربازی و ناوەندە تەناهییەکانی دەوڵەت و لەوانەش خانووبەرەی پڕسناڵەکان“.
سیستمی پەروەردەی کۆلۆنیالیستی لە کوردستان
خوێندن بە زمانی زگماکی لەو جوغرافییایەی کە ئێستا ناو نراوە ئێران، هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و بەتایبەت پاش هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە زیاتر لەژێر کاریگەریی قۆتابخانە و حوجرە ئایینیەکاندا بووە و ئەمەش زیاتر نە وەک سیستمێک، بەڵکوو وەک باس کرا، پەیوەندی بە حوجرە دینییەکانەوە بووە (حسن ملک ١٣٨٨). بە نیسبەت کوردستانیشەوە کەیوان ئازاد (٢٠١٦)[52] پێی وایە خوێندن لە کوردستان لە سەدەی حەوتەمی زایینییەوە لە حوجرەی مزگەوتەکان و لەژێر دەسەڵاتی میرانی کوردستاندا بەڕێوە چووە. هەروەک لە سەرەوەش بە کورتی ئاماژەی پێکرا، سیستمێکی ناوەندی لە بواری پەروەردە لەم جوغرافییایەی کە ئێستا ناو نراوە ئێران، پاش دامەزرانی دەوڵەتی نەتەوەییی ئێران لە ١٩٢٥ و لە لایەن ڕەزاشاوە بەسەر هەموو نەتەوە غەیرە-فارسەکاندا سەپێندرا. ڕژیمی پاشایەتی هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە تێکۆشا کە ناوەندگەراییی خۆی بە مەبەستی ئاسمیلاسیۆنی نەتەوە غەیرە-فارسەکان لە ڕێگەی دامەزرانی سیستمێکی پەروەردەی ناوەندی و دامەزرانی قوتابخانە فارسییە دەوڵەتییەکانەوە بەرەوپێش ببات (بڕوانە: ئەسغەرزادە ٢٠٠٧: ٨٨ و ١٠٥). بە نیسبەت کەڵک وەرگرتن لە سیستمی پەروەردە بۆ چەسپاندنی زیاتری ناوەندگەرایی، قەهاری[53] (٢٠٠١: ٤٢) ئاماژە بەوە دەکات کە پەروەردە بۆ خێرا بەرەوپێشڤەچوونی ناوەندگەراییی دەوڵەتی ناوەندی پەرەی پێدرا (بە هەمان شێوە بڕوانە: ئابراهامیان ٢٠٠٨: ٩٦). لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە ڕەزاشا وەک یەکەم هەنگاوی وانەوتنەوە بە زمانەکانی تر [لە سەرووی هەموویانەوە کوردی] قەدەغە دەکات (بڕوانە: ئەسغەرزادە ٢٠٠٧: ٨٧−٨٨ و ئابڕاهامیان ٢٠٠٨: ٨٥). هەر لەبەر ئەمە بوو کە ئابڕاهامیان ( ٢٠٠٨: ٨٥) ئەم سیاسەتەی وەک „ فارساندنی کەمینە زمانییەکان“ دەدیت و ئەسغەرزادە (٢٠٠٧: ٨٧−٨٨) ئەم هەنگاوانەی وەک „ ڕاسیزمی ڕەزاخان“ پێناسە کرد، ڕاسیسمێک کە بوو بە هۆی ئەوەی کە „ زمانی فارسی وەک زمانی نەتەوەییی ئێران بەرز کرایەوە و جێگای هەموو زمانەکانی تری گرتەوە“.
بەشێک لە کوردەکان تەنها بۆ ماوەیەکی کەم و لە سەردەمی پەهلەویی دووهەمدا توانییان بۆ ماوەیەکی کەم مەجالێک بۆخۆیان بڕەخسێنن کە بە زمانی زگماکیی خۆیان پەروەردە بکرێن. دۆخی سیاسیی ناوچەکە لە کاتی شەڕی دووهەمی جیهانی و خەباتی چڕوپڕی کوردەکان، مەجالێکی هێنایە پێشەوە کە کورد بتوانێت “کۆماری کوردستان” ـی سەربەخۆ (١٩٤٥-١٩٤٦)[54] لە بەشێکی کوردستان ڕابگەیێنێت، کۆمارێک کە لە دێسامبری ساڵی ١٩٤٦ لە لایەن هێزە ئێرانییەکانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکوت کرا و ناوچەکانی ژێردەستی کۆمار داگیر کرانەوە (بڕوانە: ئەسغەرزادە ٢٠٠٧: ٩٤−١٠٢ و یڵدز و ب. تایسی ٢٠٠٧: ٢٠). ئەگەر بمانەوێت بە گشتی ئاوڕێک لە دۆخی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی پاش دامەزرانی دەوڵەتی نەتەوەییی ئێران بدەینەوە، قاسملو[55] (١٩٨٨: ٢٠٢) ئاماژە بەوە دەکات کە „ زمانی کوردی لە کوردستان تەنها لەژێر دەسەڵاتداریەتیی کۆماری کوردستاندا زمانی فەرمیی وانەوتنەوە و زمانی ئیداری“ بووه.
لەگەڵ شۆڕشی ١٩٧٩ دۆخی کوردەکان لە ئێراندا خراپتریش بوو، هەرچەند کوردەکان دیسانەوە توانیبوویان خۆیان ڕێک بخەنەوە و دژی دەسەڵاتی ناوەندی ڕاپەڕن و، لە هێندێک ناوچەی ژێردەسەڵاتیاندا پەروەردەی کوردییان هەبێ، بەڵام تا کۆتایییەکانی ساڵی ١٩٨٤ ڕژیمی تاران توانیبووی زۆربەی هەرە زۆری ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی کوردەکان بگرێتەوە و داگیریان بکاتەوە (بڕوانە: ئێلینگ ٢٠١٣: ٤٧؛ مەک داوڵ ٢٠٠٥: ٢٦٢ و ٢٧٤ ؛ و یڵدز و ب.تایسی ٢٠٠٧: ٢٧). یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان کورد و دەسەڵاتی ناوەندیدا، پێداگریی کورد لەسەر خواستی خوێندن بە زمانی کوردی بوو، بۆ نموونە عەبدولڕەحمانی قاسملوو، یەکێک لە ڕێبەرانی کورد و سکرتێری ئەوکاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، خواستی کوردان بە نیسبەت زمانی کوردی لە چوارچێوەی بەفەرمیکرانی زمانی کوردی وەک زمانی نەتەوەیی، پەروەردە و زمانی ئیداری لە کوردستان گەڵاڵە دەکات (قاسملو ١٩٨٨: ٢٢٥−٢٢٦). ئەمە لەحاڵێکدا بوو کە ڕوحوالله خومەینی هیچ بڕوایەکی بە مافی نەتەوە غەیرە-فارسەکان و بەتایبەت کوردەکان نەبوو و، لە وتارێکی خۆی کە لە مانگی دێسامبری ١٩٧٩ لە ڕادیۆ تارانیش بڵاو کرایەوە، بە فەرمی دژی خواستی نەتەوە غەیرە-فارسەکان [کورد] وەستایەوە و وتی: „ لەنێو ئیسلامدا هیچ جیاوازییەک لەنێوان مۆسڵماناندا نییە. […] هیچ جیاوازییەک لەنێو ئەو موسڵمانانەی کە بە زمانە جۆراوجۆرەکانی وەک فارسی یا عەرەبی قسە دەکەن، نییە […] پیلانی ئەمانه [کوردەکان و ئەو کەسانەی داوای مافە نەتەوەیییەکانیان دەکەن] لەنێوبردنی ئیسلام و فەلسەفەی ئیسلامییە“ (وەرگێڕدراو لە. مەک داوڵ ٢٠٠٥: ٢٧١). یەکێک لە گۆڕانکارییەکانی دوای شۆڕشی ١٩٧٩ بە نیسبەت پەروەردەی نەتەوە غەیرە-فارسەکان کە لەژێر گوشاری کوردەکان و نەتەوە غەیرەفارسەکانی تردا سەپێندرا، تەنها مادەیەکی دەستووری یاسای بنەڕەتیی ئێران بوو، کە ئەویش نەک دان بە خوێندن بە زمانی دایکیی نەتەوە غەیرە-فارسەکاندا نانێت، بەڵکوو تەنها ئاماژە بە „ خوێندنی زمان و ئەدەبییاتی ناوچەیی“ ی ئێتنیکەکانی ئێرانی دەکات[56]. سەرەڕای ئەمەش، هیچ کات ئەم مادەیەی یاسای بنەڕەتیی ئێران نەچووە بواری جێبەجێ کردنەوە (ئێلینگ ٢٠١٣: ٥٢).
یەکێک لە هەنگاوەکانی تری ڕژیمی ئیسلامی دژی نەتەوە غەیرە-فارسەکان ڕاگەیاندنی „ شۆڕشی کولتووری“ (١٩٨٠- ئەمڕۆ)[57] بوو کە دۆخەکەی هێندەی تر بۆ نەتەوە غەیرە-فارسەکان و لەوانەش کورد خراپتر کرد. لەم بارەوە ئێلینگ (٢٠١٣: ٥٢) ئاماژە بەوە دەکات کە، دوکتۆریەنی ئەنجومەنی باڵا [ــی شۆڕشی کولتووری] پتەوکردنی یەکیەتیی نەتەوەیی و ئایینی لە ڕێگەی پەرەپێدان و پشتیوانیی زمانی فارسی بوو. ڕەوتی پەرەدان بە زمانی فارسی و کولتووری فارس وەک زمان و کولتووری نەتەوەیی و سڕینەوەی زمان و کولتووری نەتەوە غەیرە-فارسەکان دوای سەقامگیربوونی ڕژیمی کۆماری ئێسلامیی ئێران لە نەوەدەکاندا زیاتر پەرەی سەند. تەنانەت ڕەفسەنجانی سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئێران، بە داڕشتنی بڕیارێک لەژێر ناوی „ بنەماکانی سیاسەتی کولتووریی وڵات“ لە ئاگۆستی ساڵی ١٩٩٢ و لە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی کولتووری بەڕاشکاوی پێنج مادەی تەنها بۆ دژایەتیی نەتەوە غەیرە-فارسەکان تەرخان کرد و لە بەشی بنەماکانی سیاسەتی کولتووری و لە مادەی حەوتەمدا بەڕاشکاوی باس لە „ گرنگیدانی زمان و ئەدەبییاتی فارسی و بەهێزکردن، باوکردن و پەرەدانی ئەو[زمانە]“[58] دەکات. هەروەکوو لە سەرەوەش شی کرایەوە ڕژیمی ئیسلامیش، وەک ڕژیمی پاشایەتیی ئێران، سیستمی پەروەردەی وەک ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتە کۆلۆنیالیستییەکانی خۆی بەکار هێناوە، لەم بارەوە محەممەدپوور و سولەیمانی (٢٠٢٠: ١٥) وەبەرهێنانی دەوڵەتی لە سیستمی پەروەردەی گشتیدا بە هەوڵی فارساندنی کۆلۆنیالیزمی زمان و شوناسی کوردی وەسف دەکەن.
دەرەنجام
هەروەکوو لە سەرەوە شی کرایەوە، تێگەیشتن لە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی وەکوو زاڵبوونی[59] گرووپێکی باڵادەست (زیاتر نەتەوەیەک) بەسەر گرووپێکی بندەست(نەتەوە یان ئیتنیکێکی تر)دا لە چوارچێوەی سنوورە جوغرافییایییەکانی وڵاتێکدایە، کە لە ڕێگەی کەرەستەگەلی سەربازی، ئابووریی و سیاسی، لەوانەش ڕاگواستن و کۆچ پێکردن یان ئاسمیلاسیۆن لە ڕێگەی سیاسەتی ئێتنیکی و سیستمی پەروەردە بە مەبەستی گۆڕینی دێمۆگرافیی ناوچە بندەستەکان پتەو دەکرێت.
لە چین یەکەم هەنگاوەکان بۆ کۆچ پێکردنی هان-چینییەکان وەک نەتەوەی باڵادەست بۆ نێو مەغۆلستانی نێوخۆیی لە سەدەی هەژدەی زایینیەوە نران، ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی کە هان ـەکان بتوانن مەغۆلەکان لە وڵات و لەسەر خاکی خۆیان بکەن بە کەمینەیەکی چکۆلە، ئەوانەش کە مابوونەوە ئاسیمیلە و بەچینییان[60] بکەن . ئەم ڕەوتەش بەتایبەت دوای دامەزرانی کۆماری گەلی چین لە چلەکان بەتوندی و سیستماتیک پەرەی پێدرا و تا ئەمڕۆکەش بە شێوەی جۆراوجۆر، لەوانەش (وەک ئاماژەیان پێ کرا) لە ڕێگەی سیاسەتی ئێتنیکیی حیزبی کۆمۆنیستی چین و پلانی پەروەردەی دووزمانی درێژەیان هەیە.
بەنیسبەت کوردستانیشەوە، زیاتر شی کرایەوە کە چۆن گۆڕینی دێمۆگرافییای کوردستان ڕیشەی بۆ نێو مێژوو شۆڕ بووەتەوە. ئەم پڕۆسەیە لانیکەم لە کۆتایییەکانی سەدەی ١٩ و ٢٠ زایینی تا هەنووکە بە شێوەی سیستماتیک و مەبەستدار لە لایەن فارسەکان (وەک نەتەوەی باڵادەست) یان با بڵێین حکومەتە ناوەندییەکانەوە دەچێتە پێشەوە و لە ڕێگەی گۆڕینی دێمۆگرافییای شارە کوردییەکانەوە ویستوویانە کورد لەسەر خاکی خۆی بەکەمینە بکەن[61]. جگە لەمەش وەک بە شێوەی کڕۆنۆلۆگی باس کرا، حکومەتە ناوەندییەکان لە ڕێگەی سیاسەتێکی فاشیستییانەوە[62] و دواتر سیاسەتێکی ئێتنیکی کە لەسەر بنەمای مەزهەبی و نەتەوەییی ئەوانە، بنیات نراوە و، لە ڕێگەی کەرەستەگەلێک وەک سیستمی پەروەردە، تێکۆشاون کە ئەو کوردەش کە ماوەتەوە ئاسمیلە یان وەک دەڵێن فارسیزەی بکەن، تا بەم شێوەیە بتوانن باڵادەستیی خۆیان بەسەر کورددا بسەپێنن.
ئەگەر هەنگاوەکانی هەر دوو نەتەوە و دەوڵەتی چینی و ئێرانی دژی نەتەوە غەیرە-هان یان با بڵێین غەیرە-فارسەکان بەراورد بکەین، بەو ئاکامە دەگەین کە لە هەر دووی ئەم دەوڵەت-نەتەوانەدا خاڵی هاوبەش و خاڵی جیاواز هەیە. خاڵە هاوبەشەکانیان ئەوەیە کە هەر دوو دەوڵەت لە ڕێگەی گۆڕینی دێمۆگرافی – ئەوەی لە چوارچێوەی چەمکی „کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێکراو“[63]دا لێک درایەوە – تێکۆشاون مەغۆلەکان یان با بڵێین کوردەکان لە ناوچەکانی خۆیان بەکەمینە بکەن، تا بەم شێوەیە بتوانن وەک هێشتر (١٩٧٥) دەیوت، بە شێوەی سیاسی بەسەریاندا زاڵ بن و بە شێوەی ئابووریی تاڵانیان بکەن. هەنگاوەکانی ئەم دوو وڵاتە دژی نەتەوەکانی تر تەنها لە چۆنایەتی و چەندایەتیدا هێندێک جیاوازییان هەیە، بۆ وێنە لە حاڵێکدا کە بەچینیکردنی مەغۆلستان لە ڕێگەی کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێکراو توانیویەتی تاڕادەیەک بۆ هان ــەکان سەرکەوتوو بێت و ببێتە هۆی ئەوەی کە مەغۆلەکان تەنها ٢٠٪ ــی ڕێژەی کۆی حەشیمەتی مەغۆلستانی نێوخۆیی پێک بێنن، بەفارسکردن یان گۆڕینی دێمۆگرافییای کورد و کوردستان جگە لە هەرێمی ورمێ هێشتا بەو شێوەیە سەرکەوتوو نەبووە و، لە زۆر ناوچەدا هەنگاوە سەرەتایییەکانی دەپێوێ.
جگە لەمانەش سیاسەتی ئێتنیکی و سیستمی پەروەردەی هەردووی ئەم دەوڵەتانە شیاوی لێ وردبوونەوەیە. لە هەردووی ئەم دەوڵەتانەدا، ئێلێمنتی فاشیستی، نەتەوەیی و ئیدیۆلۆژیک دەبینرێن و لە هەردوو دەوڵەتدا پڕۆسەی لێکچوو وەک شۆڕشی کولتووری بەرەوپێش دەچێت. لە لایەکەوە لە ساڵی ١٩٤٩ سیاسەتی ئێتنیکی و سیستمی پەروەردە بەپێی ئیدیۆلۆژیی حیزبی کۆمۆنیستی چین ڕێک خراوەتەوە، ئیدیۆلۆژی و سیاسەتێک کە نەتەوەی هان بە پێشڕەو دادەنێت و وەک پێوەرێک دەبینرێن کە ئەوانی تر دەبێ وەدوای هان ــەکان بکەون. لە لایەکی تریشەوە هەمان شت لە ئێرانیش و بە نیسبەت فارسەکان بەدی دەکرێت، کە پێشتر لە ساڵی ١٩٢٥ بە تایبەتمەندیی فاشیستییانە و نەتەوەپەرەستانە ڕازێندرابوویەوە و لە ١٩٨٠ بەم لایشەوە فاکتەرگەلی مەزهەبیشی پێوە زیاد کرا.
دەربارەی پرسیاری سەرەکیی ئەم لێکۆڵینەوەیە، و پشتبەستن بەو فاکتەرانەی کە لە سەرەوە باسیان لێوە کرا، دەتوانین بە نیسبەت کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی بڵێین کە هەنگاوەکانی هەردوو دەوڵەتی چین و ئێران لانیکەم لە چوارچێوەی ئەو فاکتەرانەی کە لێرەدا تیشکیان خرایە سەر، لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی تیۆریی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی یەک دەگرنەوە. هەربۆیە دەتوانین بەو ئاکامە بگەین کە ئەوەی بە نیسبەت مەغۆلەکان و کوردەکانەوە لە چین و ئێران دەکرێت، کۆلۆنیکردنی ئەوان و وڵاتەکەیانە.
لەبەر ئەوەی لەم کارەدا، تەنیا چەند فاکتەر لە بنەماکانی تیۆریی کۆلۆنیالیزم و بەتایبەت کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێکراو شیکاری و شرۆڤە کراون، دەتوانین ئەمە وەک ڕەخنەیەک بۆ ئەم کارە چاو لێ بکەین و بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە هەڵیسەنگێنین، بەڵام هاوکات دەبێت ئەوەشمان لەبەرچاو بێت کە ئەمە لەوانەیە دەرفەتێکی باش بووبێت تا هەنگاوەکانی دوو دەوڵەتی چین و ئێران دژی نەتەوەکانی تر لە چوارچێوەی کۆلۆنیالیزمدا لێک بدرێنەوە و، یارمەتیمان بدات تاکوو باشتر لەم دۆخە بگەین، بە تایبەت بۆ لێکۆڵینەوەکانی داهاتوومان.
سەرچاوەکان
سلطانی، محمد علی (١٣٧٠): جغرافیای تاریخی و تاریخ مفصل کرمانشاهان (باختران). تهران: شقایق.
صالحی امیری، سید رضا (١٣٨٨): مدیریت منازعات قومی در ایران. تهران: مرکز تحقیقات استراتژیک مجلس تشخیص مصلحت نظام.
ملک، حسن (١٣٨٨): آموزش و پرورش در ایران. تهران: انتشارات بین المللی المهدی.
ABRAHAMIAN, Ervand (2008): A History of Modern Iran. New York [u.a.]: Cambridge University Press.
ASGHARZADEH, Alireza (2007): Iran and the Challenge of Diversity, Islamic Fundamental-ism, Aryanist Racism and Democratic Struggles. New York: Palgrave Macmillan.
BANDERIA, Egas Moniz (2020): Aktuelle Tendenzen der chinesischen Minderheitenpolitik: Zur Reform der zweisprachigen Schulbildung in der Inneren Mongolei. In. https://www.mongolei.org/resources/MNotizen_Nr.28_Moniz_Bandeira_Zur_Reform_Schulbildung_Inneren_Mongolei.pdf (Last Accessed: 29.03.2021).
BLAUNER, Robert (1969): Internal Colonialism and Ghetto Revolt, In. Social Problems. 16(4), pp. 393–408.
BULAG, Uradyn E. (2004): ‘Inner Mongolia: the dialectics of colonization and Ethnicity Building. In: ROSSABI, Morrais (Hg.), Governing China’s Multiethnic Frontiers. University of Washington Press. Electronic resource. https://faculty.washington.edu/stevehar/Bulag.pdf (Last Accessed: 16.03.2021).
BULAG, Uradyn E. (2003): Mongolian Ethnicity and Linguistic Anxiety in China. In. American Anthropologist, 105(4), pp. 753–763.
CLARKE, Michael (2013): Ethnic Separatism in the People’s Republic of China History, Causes and Contemporary Challenges. In: European Journal of East Asian Studies, 12, 1, pp. 109–133.
CHENG, Fangyi (2021), The Evolution of “Sinicisation”. In: Journal of the Royal Asiatic Society, 31(2), pp. 321−342. Electronic resource. https://doi.org/10.1017/S1356186320000681 (Last Accessed: 08.12.2021).
ELLING, Rasmus Christian (2013): Minorities in Iran: Nationalism and Ethnicity after Kho-meini. New York: Palgrave Macmillan.
GHAHARI, Keivandokht (2001): Nationalismus und Modernismus in Iran in der Periode zwischen dem Zerfall der Qāğāren-Dynastie und der Machtfestigung Reżā Schahs. Eine Untersuchung über die intellektuellen Kreise um die Zeitschriften Kāweh, Īrānšahr und Āyandeh. Berlin: Klaus Schwarz Verlag.
GHASEMLOU, Abdul Rahman (1988): Bericht über Iranisch-Kurdistan. In: CHALIAND, Gérard (Hg.): Kurdistan und die Kurden. Bd. 1. Übersetzt aus dem Französischen von Alex Diederich und Hedwig Görgen. Göttingen: Gesellschaft für bedrohte Völker.
GLADNEY, Dru C. (2004): Dislocating China. Reflections on Muslims, Minorities, and Other Subaltern Subjects. London [u.a.]: The University of Chicago Press.
GONZALEZ CASANOVA, Pablo (1965): Internal Colonialism and National Development. National University of Mexico. Electronic resource. https://link.springer.com/content/pdf/10.1007/BF02800542.pdf (Last Accessed: 07.03.2021).
GROFF, Oliver (1994): Die Südliche Mongolei – Autonomes Gebiet Innere Mongolei. In: Pogrom- Gesell-schaft für bedrohte Völker. Electronic resource. http://userpage.fu-berlin.de/~corff/im/Landeskunde/inner_m.html (Last Accessed: 15.03.2021).
HEATON, William (1971): Inner Mongolia: “Local Nationalism” and the Cultural Revolution. In. The Mongolia Society Bulletin, 10(2), pp. 2–34.
HEBERER, Thomas (2010): Nationalitätenprobleme in China. In. Heinrich Böll Stiftung. Electronic resource. https://www.boell.de/de/navigation/asien-nationalitaetenprobleme-china-tibet-11302.html (Last Accessed: 25.03.2021).
HEBERER, Thomas (2018): China and its National Minorities, Autonomy or Assimilation? New York: Taylor & Francis (First edition 1989).
HECHTER, Michael (1975): Internal Colonialism: The Celtic Fringe in British National Development, 1536-1966. Berkeley and Los Angeles: University of California Press.
Human Rights Watch (HRW) (1997): Ethnic Minorities. In. Iran, Religious and Ethnic Minorities, Discrimination in Law and Practice’ from, 8(7), pp. 1–35. Electronic resource. https://www.hrw.org/reports/pdfs/i/iran/iran979.pdf (Last Accessed: 05.12.2021).
LUDWIG, Klemens (2009): Vielvölkerstaat China, Die nationalen Minderheiten im Reich der Mitte. München: Verlag C. H. Beck.
MACKERRAS, Colin (2005): China’s Ethnic Minorities and Globalisation. London [u.a.]: Taylor & Francis. (First edition 2003).
MADIH, ‘Abbas-‘Ali (2007): The Kurds of Khorasan. In. Iran and the Caucasus, 11(1), pp. 11–31. Electronic resource. https://doi.org/10.1163/157338407X224879 (Last Accessed: 02.04.2021).
McDOWALL, David (2005): A Modern History of the Kurd. London [u.a.]: I.B. Tauris & Co Ltd (First edition 1996).
MOHAMMADPOUR, Ahmad und Kamal SOLEIMANI (2020): ‘Minoritisation’ of the other: the Iranian the ethnocratic state’s assimilatory strategies. In. Postcolonial Studies 24(1), pp. 1–23. Electronic resource. https://doi.org/10.1080/13688790.2020.1746157 (Last Accessed: 02.04.2021).
OBERLING, Pierre (2004): Kurdish Tribes. In. Encyclopaedia Iranica. Electronic resource. https://iranicaonline.org/articles/kurdish-tribes (Last Accessed: 31.03.2021).
SOLEIMANI, Kamal und Ahmad MOHAMMADPOUR (2019): Can non-Persians speak? The sovereign’s narration of “Iranian identity”. In. Ethnicities 19(5), pp. 1–23. Electronic resource. https://doi.org/10.1177/1468796819853059 (Last Accessed: 04.04.2021).
VERACINI, Lorenzo (2010): Settler Colonialism, A Theoretical Overview. London [u.a.]: Palgrave Macmillan.
YILDIZ, Kerim und Tanyel B.TAYSI (2007): The Kurd in Iran; The Past, Present and Future. London [u.a.]: Pluto Press.
* وتاری بەردەستتان، ئاکامی کارێکی زانستیی زستان و بەهاری ساڵی٢٠٢٠/٢٠٢١ ــە و، لە زمانی ئاڵمانییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی (کرمانجیی خواروو(بنزاری سۆرانی)) و لە هێندێک جێگادا زیاتر لە بابەتە ئاڵمانییەکەی پێوە زیاد کراوە یان لە ڕووی داڕشتنی زمانەوە بڕووکێک گۆڕاوە.
[1] UNPO (UNREPRESENTED NATIONS AND PEOPLES ORGANIZATION) (2020): Iranian Kurdistan: Kurdish Teacher Sentenced to 10 Years in Jail 2020. https://unpo.org/article/21985 (Last Accessed:: 10.03.2021).
[2] AMNESTY INTERNATIONAL (2020): CHINA: PEACEFUL PROTESTERS TARGETED IN INNER MONGOLIA. https://www.amnesty.org/en/documents/asa17/3086/2020/en/ (Last Accessed:: 10.03.2021).
[3] Inner Mongolia: the dialectics of colonization and Ethnicity Building
[4] Iran and the Challenge of Diversity.
[5] ‘Minoritisation’ of the other: the Iranian the ethnocratic state’s assimilatory strategies
[6] inductive method
[7] GLADNEY 2004
[8] Gonzalez Casanova 1965
[9] the black ghettos in America
[10] BLAUNER 1967
[11] Hechter 1975
[12] Dominance
[13] exploit
[14] cultural division of labor
[15] transfer
[16] Lorenzo Veracini
[17] settler colonialism
[18] WORLD POPULATION REVIEW (2021): China Population 2021 https://worldpopulationreview.com/countries/china-population (Last Accessed: 14.03.2021).
[19] LUDWIG 2009
[20] HEBERER 2018
[21] بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:
MACKERRAS 2003: 21.
[22] GROFF 1994
[23] Sinicisation
[24] بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:
(HEATON 1971:2).
[25] BULAG 2003
[26] Great Leap Forward
[27] CLARKE 2013
[28] MACKERRAS 2005
[29] تایبەت بە شۆڕشی کولتووری و شوێندانەرییەکانی لەسەر کەمینە نەتەوەیییەکان لە چیندا، بڕوانە:
MACKERRAS (2005: 21–24) و HEBERER (2018: 23–25).
[30] BANDERIA 2020
[31] ethnic unity
[32] Ethnizität/ Ethnicity
[33] AMNESTY INTERNATIONAL (2020): CHINA: PEACEFUL PROTESTERS TARGETED IN INNER MONGOLIA. https://www.amnesty.org/en/documents/asa17/3086/2020/en/ (Last Accessed: 10.03.2021).
[34] Population, total – Iran, Islamic Rep. https://data.worldbank.org/indicator/SP.POP.TOTL?locations=IR (Last Accessed:: 30.03.2021).
[35] بڕوانە.
Statistical Center of Iran. https://www.amar.org.ir/english (Last Accessed: 30.03.2021).
[36] ABRAHAMIAN 2008
[37] ELLING 2013
[38] CIA WORLD FACTBOOK (2007): Iran People 2007. https://allcountries.org/wfb2007/iran/iran_pe-ople.html (Last Accessed: 30.03.2021).
[39] YILDIZ and TAYSI 2007
[40] MADIH 2007
[41] Orūmīyeh, Iran. In. Britannica. https://www.britannica.com/place/Orumiyeh (Last Accessed: 04.12.2021).
[42] Orumiyeh. In. Encyclopedia of the Orient. https://i-cias.com/e.o/orumiyeh.htm (Last Accessed: 31.03.2021).
[43] OBERLING 2004
[44] body politic
[45] بە نیسبەت نیشتەجێ کردنی کارمەندان و کۆچ کردنی بازرگانە فارسەکان بڕوانە: اداره کل میراث فرهنگی، صنایع دستی و گردشگری کرمانشاه (٢٠.٠٤.٢٠١٦): زبان و گویش مردم استان کرمانشاه در یک نگاه [ زمان و زاراوەی خەڵکی کرماشان لە یەک نیگادا]. لە: https://web.archive.org/web/20160423144314/http:/kermanshah.ichto.ir/Default.aspx?tabid=1420 (Last Accessed: 04.12.2021).
[46] ایسنا (٢٩.٠٩.٢٠١٢): کرمانشاهان، سرزمین گویشهای اصیل آریایی [کرمانشاهان، زێدی زاراوە ڕەسەنەکانی ئاریایی]. لە.
https://www.isna.ir/news/kermanshah-30831/%DA%A9%D8%B1%D9%85%D8%A7%D9%86%D8%B4%D8%A7%D9%87%D8%A7%D9%86-%D8%B3%D8%B1%D8%B2%D9%85%DB%8C%D9%86-%DA%AF%D9%88%DB%8C%D8%B4-%D9%87%D8%A7%DB%8C-%D8%A7%D8%B5%DB%8C%D9%84-%D8%A2%D8%B1%DB%8C%D8%A7%DB%8C%DB%8C (Last Accessed: 04.12.2021).
[47] Integration
[48] اقوام
[49] بڕوانە:
(ASGHARZADEH 2007: 94).
[50] ; McDOWALL 2005
[51] demographic engineering
[52] کەیوان ئازاد (٢٠١٦): مێژووی دەرکەوتنی خوێندن لە کوردستاندا. لە:
[53] GHAHARI 2001
[54] بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر کۆماری کوردستان بڕوانە.
GASSEMLOU (1988: 202–208)
[55] GHASSEMLOU 1988
[56] مرکز پژوهشهای مجلس شورای اسلامی ایران. قانون اساسی جمهوری اسلامی ایران. اصل پانزدهم:
https://rc.majlis.ir/fa/content/iran_constitution (Last Accessed: 02.12.2021).
[57] Supreme Council of the Cultural Revolution (SCCR). In. https://sccr.ir/pages/10257/2 (Last Accessed: 02.12.2021).
[58] مرکز پژوهشهای مجلس شورای اسلامی: اصول سیاست فرهنگی کشور، جزئیات متن قانون. https://rc.majlis.ir/fa/law/show/100172 (Last Accessed: 02.12.2021).
[59] Dominance
[60] Sinicisation
[61] بڕوانە: محەمەدپوور و سولەیمانی (٢٠٢٠)
[62] بڕوانە: ئەسغەرزادە (٢٠١٠)
[63] VERACINI (2010).
داگرتنی بابەت



