ئارامتر بخوێنەوە
ژنی کورد لە هەمبەر کۆلۆنیالیزمدا
ئاژوان ڕۆژهەڵات
“داگیرکاریی خاک و جوغرافیای نەتەوەیەک لەالیەن دەسەاڵتە بەهێز و سیاسییەکانەوە پێوەندیی بە مێژووەوە هەیە و ئەو دیاردەیە لە هەموو بڕگەیەکی مێژووییدا بەدی ئەکرێ، بەاڵم کۆلۆنیالیزمی نوێ ئەگەر بەپێی »شرۆڤەکارییە سیاسییەکان«، پێوەندی بدرێ بە سەدەی نۆزدەهەمەوە، بەاڵم بۆ کورد مێژوویەکی دووری هەیە”
بێگومان گەورەترین زەبرێک کە کۆمەڵگای کوردستان لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، جوغرافیایی و … هتد بە خۆیەوە بینیوە، لەلایەن نەتەوەی فارسەوە بووە کە لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی مادەکانەوە هەتا ئێستا، بە سیاسەتی “نەرمەبڕ و جەرگەبڕ” درێژەی هەبووە و هەیە. فارسەکان تایبەتمەندیی هاوبەش و خزمایەتیی دێرینیان لەگەڵ کوردەکان هەبووە و هەیە، بەڵام ئەو نەتەوەیە بە درێژاییی مێژوو لەگەڵ دوژمنترین دەوڵەت و لایەنی دەرەکیدا بە هەموو شێوەیەک ڕێک کەوتووە، بەڵام لە ئاست کوردەکاندا قەت ڕاستگۆ نەبووە و بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو بڕگەیەکدا دژایەتیی شکۆمەندیی کوردی کردووە و ئامادە نەبووە کە کورد بۆ خۆی کیانێکی سەربەخۆی هەبێ و ڕووی ئاسایش بە خۆیەوە ببینێ. زۆرترین جوغرافیا و خاکی کوردستان لەلایەن فارسەکانەوە داگیر و بەفارس کراوە.
ژنی کورد لە هەمبەر کۆلۆنیالیزمدا
بێگومان گەورەترین زەبرێک کە کۆمەڵگای کوردستان لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، جوغرافیایی و … هتد بە خۆیەوە بینیوە، لەلایەن نەتەوەی فارسەوە بووە کە لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی مادەکانەوە هەتا ئێستا، بە سیاسەتی “نەرمەبڕ و جەرگەبڕ” درێژەی هەبووە و هەیە. فارسەکان تایبەتمەندیی هاوبەش و خزمایەتیی دێرینیان لەگەڵ کوردەکان هەبووە و هەیە، بەڵام ئەو نەتەوەیە بە درێژاییی مێژوو لەگەڵ دوژمنترین دەوڵەت و لایەنی دەرەکیدا بە هەموو شێوەیەک ڕێک کەوتووە، بەڵام لە ئاست کوردەکاندا قەت ڕاستگۆ نەبووە و بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو بڕگەیەکدا دژایەتیی شکۆمەندیی کوردی کردووە و ئامادە نەبووە کە کورد بۆ خۆی کیانێکی سەربەخۆی هەبێ و ڕووی ئاسایش بە خۆیەوە ببینێ. زۆرترین جوغرافیا و خاکی کوردستان لەلایەن فارسەکانەوە داگیر و بەفارس کراوە. ئەگەر سەردەمێک هەمەدان پێتەختی مادەکان بووە، بێگومان سنووری ئەو دەسەڵاتە کوردییە زۆر لەولاتر بووە. هۆکاری گۆڕینی بەشی هەرەزۆری دێمۆگرافیی کوردستان، پێوەندیی بە هۆکارگەلی وەک “نەبوونی دەسەڵات”، “لەشکرکێشیی بێگانەکان”، “ژیانی خێڵەکی”، “کۆچەریبوون”، “نەبوونی شاری گەورە”، “دەشتاییبوون”، “نەخوێندەواری” و هتدەوە بووە. بچووکبوونەوەی جوگرافیای کوردستان لە بنارەکانی ئەلبورزدا (البرز=هەرە بەرزە، فرهنگ دهخدا) پێوەندیی بە پرۆسەیەکی هەزاران ساڵەوە هەیە کە بێجگە لەوەی قەت بۆ کوردەکان قەرەبوو ناکرێتەوە، ئێستاش سەبارەت بەوەی کە لە دەستی کوردەکاندا ماوە، بەردەوام خەریکی درێژەی هەمان سیاسەتی کۆلۆنیالیستین. ئەوەی لەو وتارەدا مەبەستی سەرەکییە، ئەوەیە کە سەردەمانێک ئەگەر ژنان لە دوای پیاوان تووشی گۆڕانی شوناس و چێیەتیی فەرهەنگی و زمانی بووبن، بەداخەوە ئیستە پرسەکە پێچەوانە بووەتەوە و ژنانی کورد، زیاتر لە پیاوان ڕووبەڕووی خەساری شوناس دەبنەوە. لێرەدا هەوڵ ئەدرێ بە وردی ئاوڕ لە لایەنەکانی خەسارلێکەوتنی ژنان لە هەمبەر داگیرکەردا بدرێتەوە.
زاراوە سەرەکییەکان: ئێرانی سوننە، ئێرانی شیعە، شوناسی ژنانە، زمانی فمینیستی، کۆلۆنیالیزمی نوێ
کوردستان و کۆلۆنیالیزمی نوێ
داگیرکاریی خاک و جوغرافیای نەتەوەیەک لەلایەن دەسەڵاتە بەهێز و سیاسییەکانەوە پێوەندیی بە مێژووەوە هەیە و ئەو دیاردەیە لە هەموو بڕگەیەکی مێژووییدا بەدی ئەکرێ، بەڵام کۆلۆنیالیزمی نوێ ئەگەر بەپێی “شرۆڤەکارییە سیاسییەکان”، پێوەندی بدرێ بە سەدەی نۆزدەهەمەوە [ ۱]، بەڵام بۆ کورد مێژوویەکی دووری هەیە و ئەگەر ڕژێمە سیاسییەکانی باندەشتیی (فلات) ئێران سەردەمانێک بە شێوەی فیزیکی لە خاکی کوردستاندا حوزووریان نەبووبێ، بەڵام کلتووری فارسی لە چوارچێوەی ژانری ئەدەبیاتدا (شیعر و چیرۆک) لە بوارەکانی شانامەکان، پەندنامە و داستانەکانی وەک بووستان و گوڵستان، کیمیای سەعادەت و هەروەها شیعرەکانی حافز، مەولانا و هتد… نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی فارسیان کردووە. کاتێك لە دیوەخانەکاندا بێجگە لە شانامەی کوردی، شانامەی فارسی و هەروەها لە حوجرەکاندا شیعری شاعیرانی فارس لەلایەن مامۆستاکانەوە وتراوەتەوە و خوێندراوەتەوە، بەڕاستی ئیتر دەتوانین باسی کۆلۆنیالیزمی نوێ لە سەردەمی کۆندا بکەین کە لە بوارگەلی فەرهەنگی و زمانیدا بەردەوام حوزووری زیندووی هەبووە و لەناو هەموو جمگەکانی کۆمەڵگادا ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە. کۆلۆنیالیزمی فەرهەنگی لە هەموو شێوازەکانی داگیرکاری گشتگیرترە، چونکە “یارمەتیدەری ئیمپریاڵیزمی سیاسی و ئابوورییە”[۲]، واتە کاتێک نەتەوەیەک لە باری زمانی و کلتوورییەوە سڕایەوە، ئیتر داگیرکەر بە ئاسانی دەتوانێ دەست بەسەر وڵاتەکەشیدا بگرێ.
ئەگەر بگوترێ ئاسیمیلاسیۆنی کورد بەزۆری لە پێدەشتەکاندا بووە! زۆر ڕاستە. ئەو ناوچەگەلەی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی فارسەکانەوە هەم داگیرکراوە و هەم بە هەڕاج و موزایدە پێشکەش بە تورکە کۆچەرییەکان کراوە. بەر لە هاتنی سەلاجقە، ناوچەکانی ئەردەبێڵ، تەورێز، هەمەدان و هتد هەمووی کورد بووە. ئەشعاری بابە تایەری هەمەدانی، شێخ سەفیەدینی ئەردەبێڵی و تەنانەت “فێربوونی زمانی کوردی لەلایەن پزیشکی ناوداری جیهان ئیبن سینا”[۳] بۆ خۆی سەلمێنەری ئەوەیە کە زمانی زاڵ و وێژمانی زاڵ لەو سەردەمانەدا لە ناوچە کوێستانی و پێدەشتییەکانی زاگرۆس و ئەلبورزدا زمانی خەڵکانی زاگرۆس بووە نەک زمانی فارسی. کاتێک خەڵکی ئێران و دەسەڵاتە سیاسییەکانی لە باری مەزهەبییەوە هەتا هاتنی سەفەوییەکان سوننە مەزهەب بوون، ئیتر پیوەندییە نێوخۆییەکانی ئێران وەک پێوەندیی نێوان نەتەوە جیاوازەکان، پێوەندیی دەسەڵاتە فیدراتیوەکان و تەنانەت هەڵوێستی جەماوەری سوننە مەزهەب دەرحەق بە پێکهاتە جیاوازەکانی وەک یارسانەکان، مەسیحییەکان، یەهوودییەکان(جووەکان)ی ئێران و کوردستان بەڕاستی ئینسانی و دیموکراتیک بووە و هەتا سەردەمی سەرهەڵدانی سەفەوییەکان، مێژووی ئێران لە هەموو بڕگەیەکدا پڕە لە زاناگەلێکی وەک “شێخ حەسەن بەسری، شێخ سەعدی، ئیمام موحەممەد غەزاڵی، حەکیم عومەر خەیام، ئیبن سینا، خاجە نەسیرەددین تووسی و …” [۴] کە بە زمانی عەرەبی ئاسەواری جیهانپەسەندیان خوڵقاندووە. سەرهەڵدانی سەفەوییەکان و فەرمی بوونەوەی مەزهەبی شیعە، هەموو باڵانس و هاوکێشەکانی بە زەرەری هەموو کەمینەکان، بەتایبەت کوردەکان تێکداوە. کوردەکان بەهۆی هاوسنووری لەگەڵ دەسەڵاتەکانی سەفەوی و قەجەرەکاندا بەردەوام لە ژێر گوشاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، مەزهەبی و زمانیدا بوون و بێجگە لە گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردنشینەکان، مەزهەبی شیعەشیان لەو ناوچەگەلە فەرمی کردەوە. دەسەڵاتی شیعه لە ئێراندا ئەوەندە گەشەی کردووە کە ئیستەش وەک هزری توندئاژۆیی هەناردەی وڵاتانی دیکە ئەکرێ. لە سەردەمی سەفەوییەکاندا دەزگای دیپلۆماسیی شیعەکان لەگەڵ ئەورووپییەکان (ئانتۆنی شێرڵی، ڕابێرت شێرڵی) کە دژی عوسمانییەکان بوون، پێوەندیی چڕ و پڕیان دامەزراند و لەوە بەدواوە هەتا ئێستەش پێوەندییەکان لە دژی وڵاتانی ناوچەکە درێژەی هەیە. لە دوای سەرهەڵدانی سەفەوییەکان، ستراتێژیی دەوڵەتانی ئێرانی، ستراتێژییەکی شەڕئەنگێزانە، هێرشبەرانە و داپڵۆسێنەرانە بووە و هەر بۆیە لە قۆناخی یەکەمدا ئەو دۆخە ناشارستانییە، مێژوو و شارستانییەتی ئێران و ناوچەکەی سڕییەوە و هەم داهاتوویەکی ناڕوون و پڕ لە دەردیسەری بۆ نەتەوە و تۆرماتی داهاتوو مسۆگەر کرد.
نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران بەهۆی دەسەڵاتی دووقۆڵیی “زمان و مەزهەب”ـەوە لە ژێر تەوژمی لەناوچوون و توانەوەدان. ناسیۆنالیزمی فارسی بێجگە لە بەرنامەی یەکدەستکردن و بەفارسکردنی ئێران، زۆرجار لە گورزی مەزهەب کەڵکی وەرگرتووە و تەنانەت لەلایەن ناوەندەوە ئەو ڕەوایییەیان بە خۆیان داوە کە مەزهەبی تەشەییوع بەسەر پێکهاتە جیاوازەکانی ناوخۆدا بسەپێنن. لە کوردستان یارسانەکان هەرچەند لە باری ئایینییەوە لەگەڵ ئایینی ئیسلام جیاوازییان هەیە، بەڵام “بەهۆی گوشار و تەوژمی سیاسی و فەرهەنگییەوە، لە سەردەمی سەفەوی و قەجەرەکاندا چەمکی ‘عەلی وەلییوڵلایی (علی ولی الله)’ یان قەبووڵ کردووە”[۵] و ئەو ناونیشانە لە ئاستێکی بەربڵاودا لە نێو یارسانەکاندا بووە بە باسێکی باو. کلتووری شەڕخوازانەی شانامەی فارسی و هەروەها فەرهەنگی خوێنڕشتنی عاشورا، پێکەوە دەستیان داوەتە یەک و لە هەوڵی سڕینەوەی شارستانییەتی ئێرانی و کوردستانین بۆ هەمیشە . ستەمی ئێرانی لە ستەمی هیچ وڵاتێک ناچێ چونکە لە پێشێلکرانی کەرامەتی مرۆڤدا تەنانەت سەبارەت بە خەڵک و جەماوەری خۆیشی هەمان یاسا ڕەچاو ئەکا. لە ڕابردووی ئێران و کوردستاندا، باری ژیانی کۆمەڵایەتی واتە خێڵەکیبوونی پێکهاتەی کۆمەڵگا و سیستمی میرنشینی، بەڕاستی هۆکارگەلێک بوون بۆ پچڕپچڕبوونی کۆمەڵگای سیاسیی کوردستان و لە ئاکامدا توانەوە و ئاسیمیلەبوون لە نێو دەسەڵاتی ناوەندیدا.
ڕۆڵی ژنان لە ئاسیمیلەبوونی کۆمەڵگای کوردستاندا، بە درێژایی مێژوو ڕۆڵێکی نەرێنی نەبووە؛ بەڵکوو ژنان بەهۆی ونبوون لە نێو ژیانی خێڵەکیدا هیچ دەورێکی بەرچاویان لە سیاسەت و بەرپرسایەتییەکاندا نەبووە و بگرە دوایین توێژیش بووبن کە لە نێو نەتەوە، زمان و دەسەڵاتی باڵادەستەکاندا تواونەتەوە.
دۆخی ژنانی کورد و پیلانی کۆلۆنیالیزم
شرۆڤەی دۆخی ژنی کورد لە هەموو بوارەکاندا یارمەتیدەرە بۆ هەڵسەنگاندنی پیلانی داگیرکەران و دژبەران. دەرکەوتنی ژنان لە گۆڕەپانەکاندا بەتایبەت لە سەدەی ڕابردوو بەدواوە، هانمان ئەدات کە پرسی ژن وەک کەیسێکی تایبەت و تەنانەت جیاواز و سەربەخۆ لە پیاوان شرۆڤە و شیکاری بکەین. جێگیربوونی کۆلۆنیالیزم لە کوردستان، جیاواز لە ڕابردوو، بە سەرهەڵدانی ئۆرگان و ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان توانی باڵی بەسەر هەموو جمگەکانی کۆمەڵگادا بکێشێ. سەرەکیترین ڕێکخراو و ئۆرگانە دەوڵەتییەکان، دەزگاکانی ڕاهێنان وبارهێنان و هەروەها دەنگ و ڕەنگی (صدا و سیما) داگیرکەران بوون. لە کۆلۆنیالیزمی ئێرانیدا، ژنان یەکەمین و زۆرترین ڕێژەی قوربانین.
بەر لە دەسپێکی باسەکە پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە لە مێژووی هەزار و چوارسەد ساڵەی ئێرانی ئیسلامیدا، هێچ قۆناخێک لە مێژوو بە ئەندازەی سەفەوییەکان بە دواوە(۹۰۵ تا۱۱۴۸ک م )[٦] پلە و پێگە و شکۆی دانەبەزیوە. خوێندنەوەی مەزهەبی سەفەوییەکان سەبارەت بە ژنان، خوێندنەوەیەکی سێکسییانە و جنسی بوو، هەروەها لەو بڕگەیە بەدواوە، ڕێژەی حەرەمسەرا و ژنانی ناو حەرەمسەرا ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووی لە زیادبوون کرد و تەنانەت هاوسەرگیریی کاتی (موتعە) و فەحشای ڕەوا بازاڕی و ئاسایی بوویەوە[۷]. لە کلتووری ئێرانیدا، پیاوان سەرپەرشت و نان دەرهێنەری بنەماڵەن و ژنانیش ماڵداریکەر و مناڵ بەخێوکەر. ئەو فۆرمەی ژیان لە کوردستاندا سەقامگیرتر و نەریتیتر بەدی ئەکرێ. لە ئێران و کوردستاندا هیچ بەرنامەیەکی زانستی چ لە نێو دەزگای ڕاهێنان و بارهێناندا و چ لەدەرەوەی ئەو دەزگایەدا سەبارەت بە باشترکردنی دۆخی ژنان بەدی ناکرێ. بە جورئەتەوە دەبێ بگوترێ کە ژنی کورد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دنیای نوێ و مودێڕن، هیچ ئامادەیییەکی نییە و هەر بەو هۆیەوە هەم لەلایەن دەزگای دەسەڵاتدار و هەم لەلایەن کۆمەڵگاوە بە شێوەی دووقات ئەچەوسێتەوە. کاتێک توێژێک لە کۆمەڵگادا پەروەردە نەکرابن، باڵادەستەکان بە ئاسانی دەتوانن پیلان و بەرنامە و ئاراستەیان بۆ دیاری بکەن. ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵات بەهۆی نەبوونی دەسەڵات و دەزگایەکی سیاسیی کوردییەوە، لە سەرەتادا لە کۆنتڕۆڵی سیستەمی کۆمەڵایەتیی کوردی و بنەماڵە دەرئەچن و دواتر کۆلۆنیالیزم بە چەکی زمان، خۆی دەسەپێنێ و دەبێتە جێگرەوەی زمانە ڕەسەن و دێرینەکەیان. هەندێک هۆکاری ناوخۆیی کە پاڵپێونەرە بۆ لەداوکەوتنی ژنانی کورد لە نێو پیلانی کۆلۆنیالیزمدا، بریتین لە:
زمان
لە کۆمەڵگای شاریدا، پەیکەرەی زمانی کوردی دەتوێتەوە و خانەکانی (سلول) کە هەمان” وشە”، “زاراوە” و “ڕستەگەلی” ڕەسەنن، دەمرن و خانەی دیکە لە زمانێکی دیکە کە زمانی کۆلۆنیالیزمە، جێگایان دەگرێتەوە. ناوەرۆکی زمانی کوردی کە پێوەندیی بە زاراوەگەلی ژینگەیی، جووتیاری، ئاژەڵدارییەوە هەیە و هەروەها وێژمانی ئایین، نەریت و عورفەکانی کۆمەڵگایش تێیدا زاڵە، ئیتر وادیارە کە ژنان لە پێکهاتەی زمانی کوردیدا کەمترین بەشکۆیان (سهم) هەیە. کاتێک زمانێک ئەو تایبەتمەندییە تەنگەژەسازەی پێوە دیار بێ، هەر وەک لودویچ ویتگشتاین کە دەڵێ “لاوازییەکانی زمانەکەم، لاوازییەکانی جیهانمە”[۸] و بەو بۆنەیەوە لە نێو کوردیشدا دوورکەوتنەوە و خۆدەربازکردن لەو زمانە زۆر ئاسانە .لە لایەکی دیکەوە ڕەگەزایەتی بوونی زمانی کوردی بە ڕادەیەک بە قازانجی پیاوان گەشەی کردووە کە لە نێو هەموو جمگەکانی کۆمەڵگادا کاردانەوەی هەبووە. “ڕەنگدانەوەی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕۆڵی ڕەگەزییە و لە بوارەکانی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، دینی، ئابووری، نەریتی، پێوەندیی کۆمەڵایەتی، خێڵەکی و نەتەوەییدا خۆی دەبینێتەوە و هەر وەها لە تانوپۆی ئەدەبی زارەکی و نووسیاریدا، شێوازەکانی بیرکردنەوە، مۆسیقا، هەڵپەڕکێ، ڕەفتار و هەڵسوکەوت و شێوازەکانی جلوبەرگ و … بە شێوەی ڕۆژانە وێنا دەبێ. زاراوەگەلی”زایەفە”ُ، “خۆ ژن نەبووی” نموونەی لەو چەشنەن “[۹] تەوژم و هێرشی زمانی فارسی بۆ سەر کوردستان لەو دوو دەیەی دواییدا کاریگەریی نەرێنیی خۆی داناوە و لە نێو نەوەی نوێدا بەڕاستی هێڵی سووری بەزاندووە. لە شارە گەورەکانی کوردستان، قسەکردن بە زمانی کوردی بەتایبەت لە ناو ژنانی خوێندەوار و خاوەن پیشەی دەوڵەتیدا بووە بە عەیبە و هەمووان شایەدی سەرهەڵدانی ئەو دیاردەیەین و پێویست بە بەڵگەهێنانەوە ناکات. هەرچەند فێربوونی زمانی فارسی سەبارەت بە ژنان هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی و باشی دەرحەق بە ماف و ئازادییە ئینسانی و کۆمەڵایەتییەکانی بەدواوە نییە، بەڵکوو دەروازەیەکە بۆ چوونە نێو دنیایەکی پڕ لە کێشە و چەرمەسەری. لە ڕاستیدا کێشەی ژنانی ئێرانی بەهۆی زاڵبوونی دیاردەی مەزهەبی شیعە، هاوسەرگیریی کاتی، تووشبوون بە ماددە سڕکەرەکان، بێکاری و … چەند بەرابەری کێشەی ژنانی کوردە، هەر بۆیە خۆدزینەوەی ژنانی کورد لە زمانی دایکی و فێربوونی زمانی فارسی هیچ کێشەیەک لە کێشەکانی پێوەندیدار بە کێشەکانی ژنانەوە چارەسەر ناکات. لە نێو بیرۆکەی فێمێنیستیی سەردەمدا تەنانەت باسی “خوڵقاندنی زمانی نوێی ژنانە”[ ۱۰] لە ئارادایە کە هەموو دیاردە پۆرن و توندوتیژییەکانی تێدا سڕابێتەوە کەچی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی ئیستە بە تەمایە لە کاناڵی ژنانەوە خۆی و زمانەکەی بسەپێنێ. زمانی کوردی، توانستی بوون بە زمانێکی زانستی و سەردەمیانەی هەیە بەڵام بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتێکی سیاسی لە پشت ئەو زمانەوە، بەرەبەرە دەبینن کە ئەو زمانە بەرەو لەناوچوون و پەڕاوێزخران دەچێ. کۆلۆنیالیزمی ئێرانی بێجگە لەوەی کە هیچ دەرەتانێک بە کەمینە نەتەوەکانی دیکە نادات، لە دەزگا فەرمییەکانیشدا پیلانی هێورانە و بەردەوامی بۆ سووکایەتی پێ کردن و کەم نرخاندنی هەیە. لە فیلمە سینەماییەکاندا کوردەکانی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کردووە. بەرەی یەکەم، دژەناوەند و بەرەی دووهەم سەر بە ناوەند و سنوورپارێزە. لە بەرنامە کاناڵەکانی پارێزگا کوردنشینەکاندا، زمانی کوردی زمانی دووهەمە، واتە هەر لەوێشدا زمانی فارسی زمانی فەرمییە. دووهەم بابەت ئەوەیە کە ئەو کاناڵگەلە، زمانی کوردییان بە زمانێکی دێهاتی، تەنزی، غەیرە جیددی و … پێناسە کردووە و بێجگە لەوەش، لە فیلمە زنجیرەیییەکانی وەک “نون خ” و “بەرەرە” و هتددا پلە و پێگەی کەمینەکانی بۆ ئاستێکی زۆر نزم دابەزاندووە کە چاولێکردنی ئەو فیلمگەلە دەبێتە هۆی شێواندنی دەروونی تاکی کورد. لەو پرۆسەیەدا کە کۆلۆنیالیزمی فارسی لە ئێران و کوردستاندا گرتوویەتە بەر، بەڕاستی لە باری ڕۆحی و دەروونییەوە زیاترین کاریگەریی لەسەر ژنانی شاریدا دەبێ. لە کوردستانیشدا جووڵانەوەیەکی فێمێنیستیی بەهێز لە ئارادا نییە کە بتوانێ سەرنجی چینی ژنان بە لای خۆیدا ڕاکێشێ. “وێژمانی پیاوسالاری لە نێو بزووتنەوەی ژنانی ڕۆژهەڵاتدا هێشتا قسەی یەکەم دەکات”[۱۱] و بزوتنەوەی فێمێنیستی کە یەدەکی ئەحزابی کوردییە، هێشتا ئەوەندە بەهێز نەبووە کە بتوانێ لە نێو ژنانی خوێندەواری ناوخۆدا ڕێکخستنی هەبێ. ژنی کورد لە ڕۆژهەڵات لە پرسی زماندا ماوەتەوە و هەر بۆیە کاتێ زمانت نەبێ، هزر و بیرۆکەی درێژمەودا و تۆکمەت بۆ کاری گەورە و پڕۆژەی سەردەمیانە نابێ. ئەگەر سەردەمێک زمان لە کەوشەن و کونتڕۆڵی ژنان و دایکاندا بوو و چەمکی “زمانی دایکی” چەمکی سەرەکی بوو، ئێستە بە هۆی سەرهەڵدانی ناوەندگەلی وەک باخچەی ساوایان (مهد کودک)، قوتابخانەکان، ناوەندەکانی فێربوونی زمانی ئینگلیزی، ئامێرگەلی وەک تەبلێت، مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هتد دەبینین پێوەندیی دایک و منداڵ بە تەواوی لاواز بووە و زمان و فەرهەنگی کۆلۆنیالیزم جێگای پڕ کردووەتەوە. زمانی کۆلۆنیالیزم، زمانێکی نەرم و نیان و دیموکراتیک نییە، تەنانەت زمانێک نییە ئەگەر هەرکەسێ یان هەر ژنێک فێری ببێ، ئیتر لەوەبەدوا ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانی بۆ دابین ببێ.
کلتوور
ئەگەر لە ڕابردوودا کلتووری کوردی بەهۆی بارودۆخی ژیانی خێڵەکی و گوندنشینییەوە تا ڕادەیەک داخراو و پێچراوە بووە، ئیتر لەم چاخەدا ئەو تابۆگەلە شکێندراوە و سەردەم، سەردەمی مانۆڕدانی کلتوورەکانە لە ئاستی ناوخۆیی و جیهانیدا. دیسانەوە دەبێ بگوترێ کە بەهۆی نەبوونی دەوڵەت و دەزگای سیاسییەوە، کلتووری کوردی بە هەژاری ماوەتەوە و بەهۆی دەسەڵاتە لاسارەکانەوە سڕ و بێ جووڵە کراوە. کلتووری سیاسیی کوردی کە لەلایەن ئەحزابی کوردییەوە سەرچاوەی گرووە، بەڕاستی کاریگەریی بەرینی لە ئاستی کۆمەڵگادا داناوە و بە جورئەتەوە دەبێ بگوترێ کە کورد لە ناو هەموو نەتەوەکانی ئێراندا دەتوانین وەک سیاسیترین و دیموکراتیکترین نەتەوە پێناسەی بۆ بکەین.لە لایەکی دیکەوە وەک خاڵی لاواز دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کە ئەحزابی کوردی لە ڕۆژهەڵات بەهۆی زاڵبوونی هەستی پیاوسالاریی سیاسی، دووری و دابڕان لە کۆمەڵگای کوردستان، شەڕی چەکداری، نەبوونی دەزگای پڕوپاگەندە و ڕاگەیاندنی بەهێز و … نەیانتوانیوە کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر ژنان دابنێن کە لێرەدا ئاماژەی پێ بکرێ. هەرچەن ئەحزابی کوردی ڕۆژهەڵات، ئەحزابێکی میللی-دیموکراتیک، سیکۆلار و چەپ بوون و تەنانەت سەرکردایەتییەکانیشیان پەروەردەی ئەورووپا بوون، بەڵام دەبینین ژنان دەرەتانی دەرکەوتن و مانۆڕدانیان لە ئاستی ڕێبەرایەتیدا نەبووە. سەرەڕای بەشداریی بەربڵاوی ژنان لە بزووتنەوەی کوردستاندا، بۆچوونەکان لە سەر ئەو ڕایەن کە “بەشداریی ژنان لەدو حیزبی دێموکڕات و کۆمەڵەدا، هیچ ڕەنگ و بۆنێکی فێمێینیستیی پێوە دیار نەبوو”[۱۲] دەرکەوتنی ژنان لە فازی چەکداری و پێشمەرگایەتیدا زۆر ئەستەم نییە و تەنانەت ژنانیش دەتوانن وەک پیاوان پێشمەرگە بن، بەڵام لە دنیای شارژیاری ئیمڕۆدا، ڕوانگەکان بۆ شەڕ لەگەڵ ڕابردوودا جیاوازن. ڕوانگە و بۆچوونەکان سەبارەت بە شەڕ بریتین لە: یەکەم؛شەڕ دیاردەیەکی پیاوسالارییە و بەشداریکردنی ژنان لە شەڕێکدا کە هیچ ڕۆڵێکیان لە هەڵگیرساندنیدا نەبووە، ئەوە دەگەیەنێ کە ژنان بە شێوەی نەخوازراو پاڵپشتی سپای پیاو ڕەهەندین. دوهەم؛ شەڕ دەبێ دیاردەیەکی کاتی بێ، نەک وەکوو هندێک لایەن کە ستراتیژی و سیاسەتێکی ئایدۆلۆژیک و لە ئاکامدا میلیتاری پێرەو دەکەن و بەو بۆنەیەوە ئەرتەشێک لە ژنان بۆ پاڵپشتی لە ئایدۆلۆژییەکەیان پێک دێنن. دیسانەوە دەبێ بگوترێ کە ژنان لەوێدا کۆیلەی مۆدێڕنن و بۆ خۆیان هیچیان پێ ناکرێ.سێهەم؛ ئەو ڕوانگەیە پێوەندیی بە دەروون و زاتی ژنانەوە هەیە، داوێنی ژنان بۆ خوڵقاندن و شیردان و بەزەیی و ڕەحمە نەک خوێن ڕشتن و کوشتار..
بە گشتی فەلسەفەی فێمێنیستی لە کوردستان و تەنانەت ئێرانیشدا زۆر هەژارە و لانیکەم لە ماوەی ساڵانی خەبات و تێکۆشاندا نەیانتوانیوە شوناسێکی ژنانە بە دوور لە ئایدۆلۆژیا و هزری پیاوسالاری بۆ خۆیان ڕێک بخەن”. بۆ نموونە لە بەرنامە و وانەکانی خوێندنگاکاندا دەکرێ بوارێکی تایبەت بە خوێندنەوەی ژنانە لە هەموو ڕەهەندەکانی وەک ئەدەبیاتی ژنان، هونەری ژنان، مێژووی ژنان، ژینگەناسیی ژنانە، زانستە کۆمەڵایەتییەکانی ژنان و … بگرێتە خۆی “[۱۳]. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆلۆنیالیزم ژنانی کورد دەتوانن میکانیزمی گونجاو و سەردەمیانە بگرنە پێش. پرسی ژنان لە جیهاندا یەک پرسە بەڵام لە کوردستان بابەتەکە ئاڵۆزترە و سەرەڕای ئەوەش هێشتا بزاڤی ژنانە لە سەرەتا و دەسپێکدایە. ژنی کورد هێشتا لە سەر بابەتی سیکسی کە هەستیارترین پرسی ڕۆژە، زانیاریی سەرەتاییی نییە. ژنی کورد لە سەر نەخۆشینەکانی تایبەت بە لەش، ڕۆح وسایکۆلۆژیی خۆی کەمترین زانیاریی هەیە. ژنی کورد لە سەر ” دەرمانگەری”، “خۆراک “، ” ئارایشت و جوانکاری”، “گۆزەگەری”، “ڕستن و چنین”[۱۴] و … کە بەرهەمی دەستڕەنگینی و چالاکیی هونەرمەندانەی ئەوانە، دیسانەوە هیچ زانیارییەکیان نییە. ژنی کورد پێویستە سەرەتا ئاستی زانیاریی خۆی بباتە سەرێ. “بەرز بوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی ژنان تەنیا ڕێگای ئازادیی ژنانە چونکە ژنان لەو کاتەدا ئاگاداری ڕاستییەکانی پێوەندیدار بە خۆیانەوەن “[۱٥].
سەرچاوەکان
١: رابرتسون. دیوید. فرهنگ سیاسی معاصر. ترجمە مهندس عزیز کیاوند، نشر البرز.۱۳۷۵
۲: هام، مگی. فرهنگ نظریەهای فمینیستی. ترجمە فیروزە مهاجر، نوشین احمدی خراسانی، فرخ قرەداخی.(امپریالیسم ) اشوری، داریوش.دانشنامە سیاسی.( امپریالیسم)
۳: د اسماعیل شمس. ئەبووعەلی سینا و فەرهەنگ و مێژووی کورد. وەرگێڕان ئیرەج مورادی
۴ :اسلام نیا، فریدون. نگاهی بە تاریخ ایران بعد از اسلام.1382.( ص۱۸۲)
۵ :وتووێژ لە گەل سید …………… یارسانی
٦: منبع شمارە۴
۷: مرنیسی. فاطمە. زنان پردەنشین و نخبگان جوشن پوش. ترجمە ملیحە مغازەای( ص ص ۲۴.۳۵)_ آزاد، حسن. پشت پردەهای حرمسرا. چاپ۱۳٦۲.ص ص۲٦۴- ۲۷۴
۸:رستم پور، سمیە. قومیت، ناسیونالیسم و تاریخ زنان کوردستان. (ص۲۹۲) مجلە زریبار
۹:حسن پور، امیر. بازتولید مرد سالاری در زبان کردی . زریبار.ژمارە ۷۵-۷٦.نشمیل معروف پور
۱۰:هام .مگی.فرهنگ نظریەهای فمینیستی(زبان )
۱۱:.رستم پور، سمیە. قومیت، ناسیونالیسم و تاریخ زنان کوردستان .مجلە زریبار
۱۲:سلیمی، نرمین؛ بررسی مشارکت سیاسی -اجتماعی زنان در کردستان (ص۳۳۴فصلنامە ڕوژەف )شمارە 11.12.1388
۱۳:والاس کلر. پاملاآبوت. جامعە شناسی زنان. ترجمە؛ منیژە نجم عراقی. نشر نی.( ص۲۷٦)
۱۴:رید. اولین. مادرسالاری. ت.افشنگ مقصودی.( ص ص۲۰٦.۲۰۹.۲۱۲)
۱۵:هام. مگی. فرهنگ نظریەهای فمینیستی (آگاهی)
داگرتنی بابەت



