ئارامتر بخوێنەوە

ڕەنگدانەوەی کولتووری ئێرانی لای پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئێران

سارینا برایم



توێژینەوەی ‌”ڕە‌نگدانەوەی کولتووری ئێرانی لای پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئێران- توێژینەوەیەکی مەیدانییە لە پارێزگای هەولێر”، هەوڵدانێکی زانستییە بە ئامانجی شیکردنەوە و دەستنیشانکردنی ڕەنگدانەوەی کولتووری ئێرانی لەسەر ئەو پەنابەرانەی لە ماوەی نێوان 1974-1988 له کوردستانی باشوورەوە پەنایان بۆ وڵاتی ئێران بردووە و لەوێ نیشتەجێ بوون.

مانەوەی ئەم پەنابەرانە بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەک لە ئێران بووەتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە کولتووری ئەواندا و کاتێکیش گەڕانەوە نێو کۆمەڵگەی جارانیان و تێکەڵ بوون بە کولتووری کۆمەڵگەی خۆیان، کاریگەریی کولتووری ئێرانی لەسەر ڕەفتار و هەڵسوکەت، شێوازی ئاخافتن، بیرکردنەوەی تاکەکان تەنانەت شێوازی ڕێکخستنی ناوماڵیشیان به ‌ڕوونی دیارە و دەتوانین بڵێین ئەو کاریگەرییە بەردەوامە. پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە چەندە ئەو پەنابەرانە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی کولتووری ئێرانییەوە؟ بە دەربڕینێکی دیکە؛ دەمانەوێت بزانین ئەو توخمە کولتوورییانە چین کە ئەو پەنابەرانە لە کولتووری ئێرانییەوە وەریانگرتوون و بە ماددی و ڕووحییەکانەوە، لە ژیانی ڕۆژانەیاندا هێشتا بەکاریان دەهێنن. لە کاتێکدا کە زۆربەی هەرە زۆری ئەو پەنابەرانە ئێستا دوو دەیە زیاتر بەسەر گەڕانەوەیان بۆ کوردستانی باشووردا تێپەڕیوە. ئامانجی ئەم توێژینەوەیە تیشک خستنە سەر ئەو کاریگەرییە کولتوورییەیە، کە چۆنە دوای ئەو هەموو ماوەیە هێشتا ڕەنگدانەوەی لەسەر شێوازی ژیانیان هەرماوە؟ بەپێی ساڵەکانی پەنابەربوون و شوێنی نیشتەجێبوونیان لە ئێران، هەروەها بەپێی ماوەی گەڕانەوە و شوێنی نیشتەجێبوون لە کوردستانی باشوور، ڕەنگدانەوەکە زیاتر لەلای کامە گرووپ لەو پەنابەرانە دەردەکەوێت؟

ئەم توێژینەوەیە لە ڕووی میتۆدۆلۆژییەوە توێژینەوەیەکی چۆنایەتییە و تیایدا پشت بە ڕێبازی ئێتنوگرافی بەستراوە. توێژەر وێڕای پشتبەستنی بە تێبینییەکانی کە لەگەڵ پەنابەرە گەڕاوەکان بۆ ماوەیەکی درێژ ژیاوە، ٢٤ چاوپێکەوتنی لەگەڵ پەنابەرە گەڕاوەکان ئەنجامداوە. واتە لە کۆکردنەوەی داتادا جگە لە ئامرازی چاوپێکەوتن، سوود لە تێبینیکردنی بە بەشدارییش وەرگیراوە‌. ئەوانەی چاوپێکەتنیان لەگەڵ کراوە ئەو پەنابەرانە بوون کە ساڵانێکی درێژ لە شارە جیاوازەکانی ئێران وەکوو کاشان، تاران، ئەسفەهان، ساوە، نەغەدە، ورمێ، لوڕستان، شیراز و … ژیاون و ئێستاش ئەو پەنابەرانە لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێم و زۆرتریش لە  پارێزگای هەولێر نیشتەجێن.

پێش ئەوەی بچینە ناو کرۆکیی بابەتەکەمان کە کاریگەریی کولتووری ئێرانی‌ لەسەر پەنابەرانە، پێویست دەکات باس لە پەنابەربووونی کوردستانییان (خەڵکی باشووری کوردستان) بۆ ئێران، هەوروەها مانەوەیان لە ئێران و گەڕانەوەشیان بکەین. هەموو ئەوە بۆ ئەوەیە وێنەکە ڕوونتربێت.


پەنابەربوون

ئەو ڕووداوەی بووە هۆی  کۆچ کردنی ڕێژەیەکی زۆر لە  کوردەکانی عێراق لە 1974 -1975 بۆ وڵاتی ئێران، شەڕو ناکۆکی لەگەڵ ڕژێمی عێراق بوو. دوای ئەوەی پەنابەربوونی کوردان بۆ ئێران لەدوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لە1974  دەستی پێ کرد، دوا هەوڵ و کۆششێک کە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بەعس درا، لە کانوونی دووەمی  1974بوو. سەرەتای ئاداری 1974 لە کۆتایی یەکەمین هەفتەی ئادار، “ئیدریس بارزانی” سەدامی دڵنیا کردەوە کە ئەگەر بەتەواوی ڕێککەوتن ببێ، کوردەکان پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ ئێران دەپچڕێنن. بەڵام لەسەر کەرکووک ڕێککەوتن  مومکین نەبوو (ماکدۆیل،2004: 521-523).

لە مانگی نیسانی 1974 مەلا مستەفا ڕەنگە نزیکەی پەنجا هەزار  (50,000) پێشمەرگەی مەشق پێ کراو و نزیکەی پەنجا هەزار چەکداری دیکەی هەبووبێ، کاتی خۆلادان لە شەڕ لە توانادا نەبوو، ڕاکردووەکانی سوپای عێراقیش، لە ژێر ئاڵایەکدا خڕ بوونەوە. هێزەکانی بۆ شەڕ بە ڕەسمی مەشقیان پێ کرابوو، بەڵام لە چەکی قورس کەم و کورتییان هەبوو. لەبەرانبەر ئەم هێزەدا بەغدا دەیتوانی نزیکەی نەوەد (90) هەزار سەربازی بە پشتیوانیی هەزار و دووسەد (1200) تانک و زرێپۆش و دووسەد (200) فڕۆکە بهێنێتە مەیدان and Alborzi, 2006: 26) (Yildiz, 2007: 2.

لە دوا مۆڵەتی ڕاگەیاندنی یاسای ئۆتۆنۆمیی کوردستان لەسەرەتای مانگی چواری (1974)ەوە، وەزیرەکانی سەر‌بە شۆڕش، ژمارەیەکی زۆر مامۆستا، بەڕێوەبەری خوێندنگە، کارمەندی مەدەنی، پلەداری پۆلیس و سوپای عێراق، پزیشک و بازاڕی، شوێنەکانیان بەجێهێشت و ڕوویان لە ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان کرد، بەشێکی کەم لەو ژمارەیە، جگه ‌لە وەزیرەکان، لە ”ئەیلول “ی ((1974ەوە بۆ پاراستنی خۆیان و ماڵ و منداڵیان لە چنگ بۆمبارانی فڕۆکەکان، ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و چوون بۆ ماڵی خزمان و دۆست و ئاشنایانیان (گەوهەری،2014: 272). هەروەها وڵاتی ئێران کە پەنابەربوونی سەد هەزار کۆچبەری کوردی بۆ وڵاتەکەی بینی و نەیاندەویست هاتنە ژوورەوەی شەپۆلێکی گەورەتری پەنابەر ببینن و باری کێشەکان و لێکەوتەکانی بگرنە ئەستۆ، بە پێی توانا هەوڵی ئەوەیان دەدا ژمارەکە کەمتر بکەنەوە.

 لە وڵاتی ئێران ئەو کۆچبەرانەی کە هاتبوونە نێو وڵاتەکەیانەوە، لەو ئۆردووگایانەی کە بۆ ئەم مەبەستە دروست کرابوون، نیشتەجێ کرابوون. سەرەتا لە دەوروبەری شنۆ و نەغەدە لە 1974 چەند ئۆردووگایەک بۆ نیشتەجێکردنی ئەو پەنابەرانە دروست کران کە دەتوانین ئاماژە بە ئۆردووگای نەڵیوان بکەین. لەگەڵ هاتنی شەپۆلی نوێی پەنابەراندا، چەند ئۆردووگایەکی نوێش، بۆ نیشتەجێ کردنیان دروست کران ( سعیدی،2015: 46).

پەنجا هەزار پەنابەری شەڕی 1975 هێشتا لە ئێران بوون و دوای ئەوەش بەلایەنی کەمەوە پەنجا هەزار کوردی فەیلی‌ لە دەیەی 1970 لە عێراق دەرکرابوون و لە ئێران گیرسابوونەوە. تا 1987 به ‌لایەنی کەمەوە پەنجا هەزار کەسی دیکەش لە سنوور پەڕیبوونەوە و پەنایان بۆ ئێران بردبوو، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال تا ئابی 1988 لەوانەیە سەد هەزاری دیکەش هاتبنە ناو ئێران و ژمارەی پەنابەرانیان گەیاندە دووسەدو پەنجا هەزار کەس. لە ئابی 1975 سەددام حسێن بەبۆنەی بوونی بە سەرۆک کۆمار ( لەڕاستی دا 1979 بوو) لێبوردنێکی گشتیی بۆ چەکدارانی کوردی دەرەوەی عێراق دەر‌کرد و نزیکەی10  هەزار کەس گەڕانەوه (ماکداوڵ،2019: and 566-533 Wahlbeck , 1997: 79).

لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان دەردەکەوێت کە پەنابەربوونی کوردەکانی باشوور بۆ ڕۆژهەڵات دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی 1974 بەهۆی کاریگەریی هێرشە بەربڵاوەکانی سوپای عێراق بۆ سەر ناوچەکانی شۆڕش و بۆردوومانی فڕۆکەکان. ئەوەی ڕوونە حکومەتی ئێران لەوە ئاگاداربوو، بۆیە چەند ئۆردووگایەکیان بە درێژایی سنووری عێراق- ئێران بۆ پەنابەران دروست کردبوون (لە نزیک شارە سنوورییەکان وەکوو شنۆ، سەردەشت، خوڕەم ئاباد و ئەهواز.

ئەو پەنابەرانەی لە 1974 تا 1988 پەنایان بۆ ئێران برد تا ڕاپەڕینی بەهاری 1991 بە ناچاری لە ئێران مانەوە، بەڵام دوای ئەوەی له ‌5 ی ئاداری 1991 چەخماخەی ڕاپەڕین لە شاری ڕانیەوە لێدراو لە ماوەی دوو هەفتەدا تەواوی کوردستانی باشوور ڕزگاری بوو، هیوای گەڕانەوەی ئەو پەنابەرانە چرۆی کرد، بۆیە سەرەتا پیاوەکان یان ڕاستتر پێشمەرگەکان گەڕانەوە.


گەڕانەوە بۆ نیشتیمان لەدوای ڕاپەڕینی 1991

دوای ئەوەی له ‌5 ی ئاداری 1991 چەخماخەی ڕاپەڕین لە شاری ڕانیەوە لێدرا و لە ماوەی دوو هەفتەدا تەواوی کوردستانی باشوور ڕزگاری بوو، هیوای گەڕانەوەی ئەو پەنابەرانە چرۆی کرد، بۆیە سەرەتا پیاوەکان یان ڕاستتر پێشمەرگەکان گەڕانەوە.

هەرچەندە کۆڕەو چەند مانگێک گەڕانەوەی ئەو پەنابەرانەی دواخست، بەڵام بە دەستپێکردنی گفتوگۆ لە نێوان بەرەی کوردستانی و ڕژێمی بەغدا، ژمارەیەکی زۆری ئەو پەنابەرانە‌ خۆیان ئامادەکرد بۆ گەڕانەوە و لەو ساڵەدا ژمارەیەکی زۆری خێزانەکان کە بە زیاتر لە پێنج هەزار خێزان لەقەڵەم دەدرێن وەک لە خشتە و وێنەی1  دیارە، گەڕانەوە زێدی خۆیان. پرۆسەی گەڕانەوەی پەنابەران لەبەر زۆر هۆکار بەرزی و نزمیی تێدەکەوت. وەک لە وێنەکەدا دیارە، سەرەتا ئابلۆقەی ئابووری و دواتریش شەڕی براکوژی، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو کێشانەش، ئەو پڕۆسەیە بەردەوام بوو، بە جۆرێک کە تا 2003 ژمارەیەکی زۆرکەم لە خێزانەکان مابوونەوە. لەگەڵ ئەوەی کە ئەوانەی دوای 2003 گەڕانەوە کەمتر لە 2000 خێزان بوون، واتە کەمتر لە %10ی کۆی پەنابەران، بەڵام بە دڵنیایییەوە هێشتا ژمارەیەکی کەمی ئەو پەنابەرانە لە ئێران ماون و دیاریش نییە دەگەڕێنەوە یان هەرگیز ناگەڕێنەوه.‌

خشتەی 1 ژمارەی خێزان و تاکەکەسە پەنابەرەکان بەپێی ساڵەکانی گەڕانەوە ڕوون دەکاتەوە

کۆی ئەندامانی خێزان کۆی خێزان ساڵی گەڕانەوە
14013 7270 1993-1991
10137 2019 1996-1994
33108 6706 1999-1997
4678 1079 2002-2000
12281 3230 2005-2003
2899 842 2008-2006
1942 584 2011-2009
1586 474 2012-2014
295 89 0152 و دواتر

 

سەرچاوە: وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران بەشی پلان و بەدواداچوون لە ڕێکەوتی 2020\6\14.

 


خستنەڕوو و تاوتوێی زانیارییەکان

لەم پاژەی توێژینەوەدا‌ کە بەسەر چەند تەوەرێکدا دابەش بووه،‌  هەوڵ دەدەین‌ ئەو زانیارییانە بخەینە ڕوو و تاوتوێیان بکەین کە لە ئەنجامی چاوپێکەوتنەکان و تێبینی دەستمان کەوتوون. هەروەها شایانی ئاماژەیە کە تەنیا ئاماژە بە گرنگترین ئەو لایەنانە دەکرێت کە بەڕوونی دیارن و گشتگیرن، چەندین بابەت و لایەنی دیکەی کاریگەری کولتووری ئێرانی لەسەر پەنابەران لەم توێژینەوەیەدا ئاماژەیان پێ نەدراوە، چونکە پێپەڕێکی لەم شێوەیە تەنیا دەتوانێت ئەو چەند لایەنە ڕوون بکاتەوە.


کەلوپەلی ناو ماڵ

یەکێک لەو شتانەی کە بە ئاسانی لە ناو کولتوورەکاندا دەگوازرێتەوە کەلوپەلی ناوماڵە، لە ئێستادا لە هەموو  کاتێک زیاتر کەلوپەلی ناوماڵ لە تیڤی، بەفرگر، مۆبل، کەوەنتەر و … وەک یەک و هاوشێوە بڵاوبووتەوە، بەهۆی ئەو بازرگانییە ئازادەی کە باڵی بەسەر جیهاندا کێشاوە، زۆر ئاسایییە کە کەلوپەلی ناوماڵی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان ببینین، سەرەتا لەبەر ئەوەی هاوسنوورین و بازرگانیمان لەگەڵ ئەوان هەیە. بەڵام ئەوی لێرەدا مەبەستمانە بوونی هەندێک لە کەلوپەکانە کە لە ماڵە پەنابەرەکاندا هەیە و هۆکارەکەی بۆ کاریگەربوونیان بە دیزاین و شێوازی ناوماڵی ئێرانی دەگەڕێتەوە بەر لەوەی بۆ هاوسنووری و بازرگانیی ئازاد بگەڕێتەوە.  پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە: چەندە کەلوپەلی ئێرانی لە ماڵەکانیاندا هەیە و حەزیان لەو جۆرەی دیزاینی ماڵە  (دیزاینی ناوەوە) کە لە ئێران هەیه؟ دەکرێ بڵێین هەموو نموونەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان باسیان لە کاریگەربوونیان کرد بە کەلوپەلی ناوماڵی ئێرانی و دیزاینی ماڵی ئێرانی، بەڵام جیاوازی هەیە لە نێوان چەندییەتیی کاریگەربوون و جۆرەکەی و هەروەها بەردەوامیی ئەو کاریگەرییە. وەک دەردەکەوێت لە بیروڕای نموونەکان ئەوەیە کە کەسیان نەبوو نکۆڵی لەو کاریگەرییه بکات‌، هەروەها زۆرتر جەختیان دەکردەوە لەسەر مافووری ئێرانی، تابڵۆ، گوڵدان و …

زۆربەی نموونەکان باسیان لەوە دەکرد کەوا کاتێک گەڕاونەتەوە، دیاردەیەکیان لێرە بینیوە کە بۆ ئەوان ئاسایی نەبوو، ئەویش هەڵگرتنی ڕایەخ و مافوورەکان بوو لە هاوینان. ئەوان لەوە ڕانەهاتوون و تا ئێستاش هەر بەردەوامن لەسەر ئەو خووەی لە ئێران گرتوویانە، بەوەی هاوینانیش وەک زستانان مافوور و مۆکێت هەڵناگرن؛ وەک ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان بە هاوینان خەڵکی مافوورەکان هەڵدەگرن، کە ڕەنگە هۆکارەکەی ئەو گەرمایە بێت کە لە هاوینان لە هەولێر پلەکەی زۆر بەرزە. پەنابەرە گەڕاوەکان ئەو خووەی خەڵکی پارێزگای هەولێر بە خوویەکی نامۆ دەبینن و باس لەوە دەکەن کە نەیانتوانیوە خۆیان لەگەڵی ڕابهێنن.

لەبارەی کەلوپەلەوە یەکێک لە نموونەکانمان کە کچێکە بە ناوی “فریال” دەڵێت: “ماڵمان لە ڕووی مافووردانان و تابلۆیەکان و جوانکاریی ناوماڵ، زۆر زۆر لە ئێران نزیکە، ئەگەر لێرەش بەدەستمان نەکەوێت، هەوڵ دەدەین ‌هەر هیچ نەبێت مافوورەکانان لە ئێران داوا بکەین و لە ئێران بۆمان بێتەوه”. لەم قسانەدا جگە لەوەی کە نموونەکە باسی ئەوە دەکات ناوماڵیان لە ناوماڵی ئێرانییەکان نزیکە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە نەک تەنیا لە بازاڕەکانی کوردستان بەدوای کەلوپەلی ئێرانیدا دەگەڕێن، بەڵکو دەنێرن لە ئێرانیشەوە بۆیان بێت.

یەکێک لە نموونەکانی دیکەمان بە ناوی “نەوژین”، باس لەوە دەکات کە “هەموو ئەوانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە ٧٠% تا ٨٠% ناوماڵیان ئێرانییە”. نموونەیەکی دیکەمان بە ناوی “دەشتی” زیاتر لەو خاتوونەش دەچێتە پێش و پێی وایە کەلوپەلی ناوماڵی پەنابەرە گەڕاوەکان ٩٩% نزیکە لە کەلوپەلی ناوماڵی ئێرانییەکان، دەڵێت:  “ئەوەی دێتە ماڵەکانمان دەڵێن وەک ئەوە وایە سەردانی ماڵێکی ئێرانیمان کردبێت”. هەردووکیان ئاماژە بەو کەلوپەلانە دەکەن کە لە قاپوقاچاغەوە بگرە تا شێوەی دانانی کەوەنتەر و تا دیزاینی ناوماڵ و دیکۆری خانوو، لە ماڵەکانیان هەیە. مۆبیلیات، مافوور و قاپوقاچاغ زۆربەی ئێرانییە و دانانی ناوماڵەکەش لە سەر شێوازی ئێرانە. “سەنار”  جەخت له ‌هەمان قسەکان دەکاتەوە و دەڵێت: “ئەو کاریگەرییە لە سەر ئێمەمانان ماوە به ‌پێڕەویکردن لە کولتووری ئێرانییەکان ناوماڵەکانمان ڕێکدەخەین، بۆ نموونە دیزاینی ژووری پێشوازی، گوڵخانە و مەتبەخەکانمان.

لەگەڵ هەموو ئەوەی لەسەرەوە باسمان کرد بەڵام بەشێکی بەرچاوی نموونەکان ئاماژە بە گۆڕانکاری لە کەلوپەلی ناوماڵیان دەکەن لە ئێستادا و پێیان وایە کە وەک جاران ئەو کاریگەرییە زۆرە نەماوە. بە هۆی تێکەڵاوبوونیان بە خەڵکی ئێره ‌و کەلوپەلی جیاواز کە لێرە هەیە، گۆڕانکاری دروست بووە و بەشێکی زۆر ئێستا “پوشتی” لە ماڵیان نەماوە، لە جیاتی ئەوە مۆبل و قەنەفە بەکاردەهێنن. خاڵێکی دیکە کە جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ئەو کاریگەرییە لای هەموویان وەک یەک نییە، یەکێک لە نموونەکانمان ئەوە ڕوون دەکاتەوە کاتێک لە ئێران بوون، درواسێکانیان پەنابەری عێراقی بوون، هەروەها لە ناوچە کوردنشینەکان دەژیان و دایکیشی نەخوێندەوار بووە و تێکەڵاوییان لەگەڵ خەڵکی ئێران نەبووە، بۆیە کاریگەرییەکە لەسەر ئەوان زۆر کەمە و زیاتر کەلوپەلیان وەک کەلوپەلی ناوماڵی ئێرەیە.


جلوبەرگ

گۆڕانکاری لە جلوبەرگی هەر نەتەوەیەک زۆر ئاسایییە، بە تایبەتی لەم سەردەمەدا کە خەریکە لە سایەی جیهانگیریدا جلوبەرگی کلاسیکی نەتەوەکان پاشەکشە دەکات و جلوبەرگی مۆدەی ڕۆژئاوایی، تا دێت زۆرتر بڵاودەبێتەوە. ئەو گۆڕانکارییە تەنیا لە کۆمەڵگای ئێمەدا ڕووی نەداوە، بەڵکوو لە ئێرانیش گۆڕانکاریی گەورە لە جلوبەرگدا ڕووی داوە.

پیاوە پەنابەرەکان لە ئێران کێشەیان نەبوو ئەگەر بە جلی کوردییش لەناو شارەکاندا هاتوچۆ بکەن، بەڵام ئەوە بۆ ئافرەت مۆمکین نەبوو، بۆیە ژنانی بەتەمەن عەبا و کەمتەمەنترەکان و کچان مانتۆیان دەپۆشی. بۆیە لێرەشدا کە باسی کاریگەربوون بە جلوبەرگی ئێرانی دەکەین زیاتر تیشک دەخەینە سەر جلوبەرگی ئافرەتان.

پرسیارەکە ئەوەیەکە کە: ئایا ئێستاش جلوبەرگی ئێرانی (مانتۆ ،عەبا و ڕەفتە) لەبەردەکەن یان ئەگەر وازیان لێ هێناوە کەی وازیان لێ هێنا، لەگەڵ گەڕانەوە یان دواتر، ئەگەر دواترە چەند دەبێت؟  دەکرێ بڵێین هەموو نموونەکان، بەجۆرێک لە جۆرەکان، باسی کاریگەربوونیان بە جلوبەرگی ئێرانییان دەکرد.

لەمبارەیەوە یەکێک لە نموونەکانمان کە ئافرەتێکە ‌ بەناوی “فائزە‌” دەڵێت: من هێشتا “وەکوو ئێرانی جلوبەرگ  لەبەر دەکەم و جارێ وازم لێ نەهێناوە”. فائزه،‌‌ باس لەوە دەکات کەوا دایکی هەروەکوو ئێرانییەکان عەبای لەسەرکردووە، هەروەها  جلوبەرگەکەی وەکوو ئێرانییەکان وابوو. ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەویش   “وەکوو ئێرانی جلوبەرگ لەبەر دەکات” و  هێشتا سەلیقەی ئێرەی وەرنەگرتووه. یەکێک لە نموونەکانی دیکەمان  ئافرەتێکی ترە بەناوی “هاوناز”، باس لەوە دەکات کە “من ‌تا ئێستاش مانتۆ لەبەر دەکەم و وازم لە مانتۆ نەهێناوە‌،  تەنیا ئەگەر بچمە بۆنەیەک جلی کوردی لەبەر دەکەم”. هۆکارەکەشی بەوە لێکدەداتەوە کەوا  ئێمە درەنگ لە ئێران گەڕاوینەتەوە . واتا لە ‌ ٢٠١٢ ‌ و لە ئێرانیش لە شاری کەرەج بووین. خاتوونێکی تر بەناوی “ئاشنا” کە لە بنەسڵاوە دادەنیشیت و لە ساڵی ٢٠٠٦‌  لە لوڕستان گەڕاوەتەوە، بەپێچەوانەی نموونەی پێشوو دەڵێت: “٢٠١١ وازم لە مانتۆ  هێنا، بەڵام وازم لە ڕەفتە نەهێناوه”.

ئەوەی لێرەدا دەبێت ئاماژەی پێ بکەین ئەوەیە کە پەنابەرە گەڕاوەکان هەموویان وەک یەک کاریگەرییان لەسەر نەبووە. بەگشتی ڕەگەزی مێ لەڕووی جلوبەرگەوە زۆرتر کاریگەرییان لەسەر بووە. خاڵێکی دیکە کە لە گوتەی نموونەکان بۆمان دەرکەوت، بەشێک لە کچە گەڕاوەکان یان ئەو کچانەی دوای گەڕانەوەش لە دایک بوون، لە ناچاری مانتۆیان لەبەر دەکرد، چونکە خێزان ڕێگەی پێ نەدەدان جلی مۆدە بپۆشن. ئەوانیش لە نێوان جلی حیجابی ئێرە و مانتۆدا، مانتۆیان هەڵبژاردووە، چونکە هەم لەگەڵ زەوقی خێزانەکانیاندا دێتەوە و پێیان جوانترە هەمیش مانتۆی دوای ٢٠٠٠ لەگەڵ مانتۆی جارانی ئێرانی زۆر جیاوازە زیاتر بە چاکەت یان قەمیسێکی درێژ دەچیت تاکو جلێکی حیجاب. هەروەها لە ڕووی ڕەنگیشەوە، جاران پێش ٢٠٠٠ مانتۆی ئێرانی زۆربەی هەرە زۆری ڕەنگی ڕەش بوو، بەڵام دواتر مانتۆ دەکرا وەک جلی مۆدە هەر ڕەنگێک بیت.


خواردن

یەکێک لەو توخمە کولتوورییانەی کە لە نێوان کولتوورەکاندا بڵاو دەبێتەوە خواردنە. ئەگەر تەماشای خواردنی خێزانی کوردی بکەین، ڕۆژانە دەبینین خواردنی نوێ لە ناندێنی ماڵاندا دروست دەبێت کە پێشتر نەبوون، وەک پاستا، پیتزا و دەیان جۆر خواردنی دیکە. خواردن کاریگەریی درێژخایەنی دەمێنێت، چونکە پەیوەندیی بە تام و لێ ڕاهاتنەوە هەیە، بۆیە سەیر نییە ئەگەر ئاوارە لە ئێران گەڕاوەکان، هێشتا بە خواردنی ئێرانی کاریگەر بن، بەتایبەتی کە ئەوان لە لایەک ماوەی زیاتر لە دەیەیەک لەو وڵاتە ژیاون و لە لایەکی دیکەشەوە مەتبەخی ئێرانی دەوڵەمەندە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە لە تام و بۆن.

پرسیارەکە ئەوەبوو: ئایا تا ئێستا لە ماڵەوه خواردنی ئێرانی دروست دەکەن؟‌ چ جۆره ‌خواردنێک دروست دەکەن؟ ڕۆژانە چەند جۆرە خواردنی ئێرانی لەسەر سفرەتان هەیە؟ خواردنی ئێرانیت پێ خۆشترە یاخود خواردنی کوردەواری؟ دەکرێ بڵێین هەموو نموونەکان واتە نموونەکە تێکڕا لەگەڵ ئەوەدان، کاریگەرییەکە هەیە و لەچاو بابەتەکانی دیکە کە لە ئێران لەگەڵ خۆیان هێنابێتیانەوە، کاریگەریی خواردن ‌ لە هەموویان  تۆخترە. واتە کاریگەرییەکەی زیاترە و ‌تا‌ ئێستا لە ماڵی زۆربەی پەنابەرە گەڕاوەکان، بۆ هەموو ژەمەکان زۆرتر خواردنی ئێرانی لێدەنێن. بەتایبەتی  خۆرشت وەکوو قورمەسبزی، خورشت قیمە، قیمە بادامجان، کوکو سبزی، سوپ جۆ و ئاش. نموونەی توێژینەوەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کەوا ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە یەک جۆر خواردنی ئێرانی له هەر یەکێک لەو ‌ماڵانە لێدەنرێت تەنانەت ئەگەر ئۆملێتیش بێت.

“ئاکۆ” کە لە تاران ژیاوە‌ و لە ٢٠٠٥ گەڕاوەتەوە، باس لە کاریگەرییەکە دەکات و دەڵێت: “زۆر زۆر کاریگەریی  هەیە”.ئەو  گوتی  ڕۆژانە واتە بەردەوام خواردنی ئێرانی دەخۆین. “عەباس” کە یەکێکی دیکەیە لە پەنابەرە گەڕاوەکان و لە ئێستادا دانیشتووی بەفرین سیتییه،‌ ئەوە دەگێڕێتەوە: “ئەمڕۆ (ڕۆژی چاوپێکەوتنەکە) چوومە سۆران، سەردانی چەند ماڵێکم کرد کە ئاوارەی ئێران ‌بوون و لە ١٩٩٨ گەڕابوونەوە، هەموویان بەگشتی چای دیشلەمەیان دەخواردەوە تەنیا دووکەسیان نەبێت، ئەوانیش ئەوانە بوون کە ‌نەهاتبوونە ئێران. یەکێک لە نموونەکانمان (عبدالقادر) ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو پەنابەرانەی گەڕاونەتەوە، کاریگەرییان لەسەر خەڵکی ئێرە هەبووە کە حەزیان لە خواردنی ئێرانی بێت، دەڵێت: “ماڵە خەزورانم کە نەهاتوونە ئێران، جاروبار قورمەسبزی یان خورشت دروست دەکەن، بەڵام شێوازی لێنانیان زۆر جیاوازە”.

کاریگەریی کولتووری ئێرانی لەسەر پەنابەرە گەڕاوەکان  لەڕووی  خوارن و خواردنەوەوە زۆرە.‌ زۆر گرنگی دەدەنە خواردنی ئێرانی، چ ئەوانەی زوو گەڕاونەتەوە (سەرەتای دەیەی ١٩٩٠) و‌ چ‌ ئەوانەی درەنگ گەڕاونەتەوە‌ (دوای ٢٠٠٣). بەڵام هەڵبەت کاریگەرییەکە لەسەر هەموویان وەک یەک نییە، بەڵکوو بەپێی شوێنی نیشتەجێ بوونیان دەگۆڕێت چ لە ئێران و چ لێرەش لەدوای گەڕانەوەیان. بۆ  توێژەر، تێبینیکردنی خواردنی پەنابەرە گەڕاوەکان زۆر ئاسان بوو، هەربۆیە  بە باشی و بە فۆکسێکی  قووڵەوە تێبینیمان کردووە لە ماڵە پەنابەرەکان. کە بە بەردەوامی هاتوچۆی ماڵە خزمەکان یان دۆست و ناسیاوەکان دەکەین، دەبینین کە  لەسەر سفرەی نانخواردنیان خواردنی ئێرانی هەیه،‌ ئەگەر تەنانەت زووش گەڕابنەوە یان لە شارە کوردنشینەکانیش بن، خواردنەکانی وەک قورمەسەبزی و خورشت قیمە ،کوکوسەبزی، زرشک پڵاو، ئاش، شەڤید پڵاو و … هەروەها هەموو جۆر سوپێک وەک سوپی جۆ، سوپی قارچ و …. ، زەڵاتەی شیرازی، زەڵاتەی کاهوو و کەلەم…. ، هەروەها دروستکردنی مرەبا و شیرینی لە ماڵەکان.

 ئەوەشمان لە بیر بێت کەوا  ‌لە پیرمام و سۆران، زۆر دووکانی شیرینیمەنی هەیە کە دەتوانین بڵێین شیرینیی ئێرانی دروست دەکەن. تەنانەت لە سۆران و پیرمام  تێبینیمان کردووە کە نانەواخانەی ئێرانی هەیه،‌ ئەوانەی لەسەر نانەواخانەکانیشن یان پەنابەری گەڕاوەن، یاخود کوردی ڕۆژهەڵاتەن. توێژەر بۆی دەرکەوتووە کە پەنابەران بەردەوام لە سایتەکانی ئێنتەرنێت و سوشیال میدیادا بە دوای خواردنی ئێرانیدا دەگەڕێن، هەروەها تەماشای بەرنامەی ئێرانی دەکەن  بۆ چۆنیەتیی دروستکردنی  هەموو جۆرە خواردنێکی ئێرانی‌.


زمان

ئەوەی ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەماندا تێبینیمان کردووە تایبەت بە پەنابەرە گەڕاوەکان، ئەوەیە کە کاریگەریی زمانی فارسی لەسەریان بەردەوامە، چ لە قسەکردنی ڕۆژانە، چ لە خوێندنەوە و چ لە گوێگرتن لە مۆسیقای فارسی و تەماشاکردنی کەناڵه تیڤییە‌ فارسی زمانەکان. بۆ ئەم مەبەستەش یەکێک لە پرسیارەکانی ئەم توێژینەوەیه تایبەت بوو بە کاریگەریی زمانی فارسی و ئەو پرسیارەمان لە چەند وردە پرسیارێکدا‌ ئاراستەی نموونەکان کرد: هێشتا لەماڵەوە بە فارسی قسە دەکەن؟ ئەی له ‌دەرەوەی ماڵ لەگەڵ هاوڕێیەکانت؟ هەروەها سود لە کتێبە فارسییەکان وەردەگری؟ هەست دەکەی زمانە کوردییەکەت پڕە لە وشەی فارسی؟ دەکرێ بڵێین هەموو نموونەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان باسیان لە کاریگەربوونیان بە  زمانی فارسی دەکرد چ بەکارهێنانی لە ماڵەوە و چ لەگەڵ هاوڕێیەکانیاندا، بەڵام جیاوازی هەیە لە نێوان چەندایەتیی کاریگەربوون و چۆنایەتیی ئەو کاریگەرییە، ئەویش بەپێی کات و شوێن کە لە خوارەوە ڕوونی دەکەینەوە:

لەبارەی زمان یەکێک لە نموونەکانمان کە خاتوونێکی تەمەن ٣٠ ساڵە و لە کەرەج ژیاوە و ٢٠١٢ گەڕاونەتەوە بەناوی “هاوناز” دەڵێت: “له ‌ماڵەوە‌ بەفارسی قسە دەکەم و لە دەرەوەش لەگەڵ هاوڕێ فارسیزانەکانم هەر بە فارسی دەدوێم ، نازانم باش بەکوردی قسەبکەم”،   یەکێک لە نموونەکانی دیکەمان‌ بە ناوی “فریال” کە تەمەنی ٢٨ ساڵە لە ٢٠٠٤ گەڕاوەتەوە، باس لەوە دەکات کە لە شارە فارسەکانی ئێران ژیاوە،  بە کوردی قەت قسەی نەکردووە. گوتی: “من بە گەورەیی فێرە کوردی بووم و کوردییەکەم ئێستاشی لەگەڵدا بێت باش نییە”. نموونەیەکی دیکەمان بەناوی “ئاشنا”، کە‌ لە لوڕستان گەڕاوەتەوە‌ دەڵێت: “لە ئێران،‌ دایک و باوکم بە کوردی قسەیان دەکرد، لە لوڕستان بووین، ئێمە نزیکەی ٤٥ خێزانێکی کورد لە شاری خوڕەم ئاباد بووین، خێزانەکان هەوڵیان دەدا لە ماڵەوە بە کوردی قسە بکەن، تەنانەت ئەوانەش کە ژنەکانیان ئێرانی بوو، پیاوەکانیان هەوڵیان دەدا بە کوردی قسە بکەن و منداڵەکانیان فێرە کوردی ببن. ئێستا کە هاتووینەتە‌وە بەڵێ لەماڵەوە بە کوردی قسە دەکەین. بەسەرنجدان لە هەندێک لە وڵامەکانی تاکەکانی نموونەکە دەردەکەوێت کە ئەو خەڵکەی لە ناوچە کوردنیشینەکانی ئێران نیشتەجێ ببوون، بەبەراورد لەگەڵ ئەوانەی لە شارە فارسی زمان یان تورکزمانەکانی ئێران بوون، وەک ئەسفەهان، کاشان، شیراز، کەرەج ، تاران و تەورێز، دوای گەڕانەوەیان له ‌دەرەوە و لەماڵەوە کەمتر بە فارسی قسەدەکەن. نموونەکان باسیان لەوه دەکرد کە زمانی فارسی زمانێکی سادە و شیرینە، قسە پێ کردنی لەسەر زمان خۆشە، ئەو مناڵە ئاوارانەی لەوێ لە دایک بوونە یان لە ئێران گەورە بوونە هەمیشە حەز بەوە دەکەن بە زمانی فارسی قسە لەگەڵ یەکتر بکەن بەتایبەتی کچ و کوڕە گەنجەکان.

ئەگەر بمانەوێ وردتر هەندێک بۆچوونی نموونەکان بخەینەڕوو، دەبێت لەم دەستەواژانەدا کورتیان بکەینەوە: زمانی کوردیمان وشەی فارسیی تێدایە. ‌هەندێک جار هیچ وشەیەکی کوردیمان بۆ نایەت، بۆیە وشەی فارسی بەکاردەهێنن. زمانی فارسی زۆر کاریگەریی لەسەر پەنابەرە گەڕاوەکان هەیە. ئەگەر لەماڵەوەش بەفارسی قسەنەکەین، بەڵام لەناو کوردییەکەماندا وشەی فارسی بەکاردەهێنین، چونکە لێی ڕاهاتووین.


گۆرانی

پەنابەرە گەڕاوەکان لە شوێنەکانی وەک دووکان یان ساڵۆن یان کافتریا میۆزیکی فارسی پێدەکەن؟ هەموویان جەخت لەسەر ئەمه ‌دەکەنەوە کە گورانی و میوزیکی فارسی، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پەنابەرە گەڕاوەکان هەیە‌. وەک  لە بۆچوونەکانی نموونەکاندا دەردەکەوێت، هیچ کەسێکیان نەبوو نکۆلی لەو کاریگەرییە بکات. زۆرتر جەختیان لەوە دەکردەوە کە لە دەرەوە و لە ناو ئوتومبێل زیاتر گوێ لە   گۆڕانییەکانی شەجەریان و موعین و هایدە و سیاوەش قومەیشی و … دەگرن. هەروەها تێبینیمان کردووە لە دووکان و کافتریاکان پەنابەرە گەڕاوەکان موزیکی فارسی پێدەکەن. هەموو یەکەکانی نموونەکە باس لەوە دەکەن کە لەگەڵ‌ گۆرانیی فارسی ڕاهاتوون و بەردەوام، ئەوان ناتوانن گوێ لە گۆڕانی و میوزیکی فارسی نە‌گر‌ن، چونکە بووەتە بەشێک لە زەوقی ئەوان و چێژی لێ وەردەگرن، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو لەسەر خەڵکی دیکەی ئێرەش کە پەنابەر نەبوونە کاریگەرییان هەبووە لە خۆشەویست کردنی میوزیکی فارسی.

عبدالقادر کە لە ئەسفەهان لەدایکبووە (١٩٧٥) دەڵێت: “تا داریوش، موعین، حومەیرا و هایدە هەبن من دەڵێم هەموو ئەوانی تر با بچنەوە‌ ماڵی خۆیان، ‌ بۆ من ئەوانە خۆشترن و تێیان دە‌گەم و چێژیان لێ وەردەگرم. ئافرەتێکی دیکە کە لە شاری ساوە ژیاوە و ئێستا دانیشتووی سۆرانە دەڵێت: “زۆر گوێ لە گۆرانیی فارسی دەگرم”. بۆمان باس دەکا کە خۆی لە هۆڵی لەشجوانی کار دەکا و دەڵێ: “هەمووی گۆڕانیی فارسییه،‌ بەهیچ شێوەیەک گۆڕانیی کوردی پێناکەین”، باسی لە ساڵۆنەکانیش کرد کە هەمووی گۆڕانیی فارسییه.

نموونەیەکی دیکە کە ئەویش ئافرەتێکە لە کەرەج ژیاوە و ئێستا دانیشتووی شارۆچکەی شەقڵاوەیە جەخت لەسەر هەمان قسەکان دەکاتەوە بە پێکەنینەوە دەڵێت: “بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانەم”. “سەنار” و “دەشتی” هەردوو نموونەکە ئاماژە بە یەک شت دەکەن که دەڵێن: “لەو باوەڕەدا نین لەناو هیچ ئوتۆمبێلێکی پەنابەرە گەڕاوەکاندا نەتوانی کاسێت یان سیدی و مێمۆرییەک بدۆزییەوە کە گۆرانی فارسیی تێدا نەبێت، دەڵێن هەر هەموویان گوێ لێ دە‌گرن بەتایبەتیش گوێ لە گۆرانیی گۆرانیبێژەکانی نەوەی ئاڵتوونیی ئێرانی و کلاسیکەکان دەگرن”. ئەوان پێیان وایە کە ئەوانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە‌ دەتوانین بڵێین ١٠٠% لەناو موبایلی ئەواندا گورانیی فارسی خەزن کراوە.

لە کافتریاکان لە سۆران و پیرمام، زیاتر گۆرانیی فارسی پێدەکەن، بۆ نموونه لە سۆران نیوەی کافتریاکان گۆرانیی فارسی لێدەدەن، چونکە ئەوانەی لەسەر کافتریاکانن لە ئێران گەڕاونەتەو‌ە یان خێزانێکی ئێرانی  لەوێ کار دەکەن. کچ و دایک یان باوک و‌ برایەک لەوێ کاردەکەن و ١٠٠% گۆرانییەکان فارسین. هەروەها نموونەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد که لە زۆرێک لە دووکان و مۆڵ و ساڵۆنەکان، گوێیان لە میوزیک و گۆرانیی فارسی دەبێ. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان پێیان وایە کە بەرەبەرە کاریگەرییەکە کەمتر دەبێت، ئێستا کەمترە بەبەراود بە  ١٠ ساڵ پێش یان ٧ ساڵ پێش، (بەحوکمی ئەوەی زۆرتر تێکەڵاوی خەڵکی ئێرە دەبن و دەرکەوتنی چەندین هونەرمەندی کورد)

 


ڕەفتار

ڕەفتار و هەڵسوکەوتی تاکەکان ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوەی بەکۆمەڵی تاکەکانی کۆمەڵگایەکن، هەربۆیە بەشێکن لە کولتوور. کۆمەڵگای ئێرانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان هەندێک ڕەفتار و هەڵسوکەوتیان هەیە کە جیاوازە لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی ئێمە لە هەرێمی کوردستان. ڕەفتارەکان شتێکی نەگۆڕ نین، وەک هەر توخمێکی کولتووریی دیکە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.‌ لەبارەی ڕەفتارەوه پرسیاری ئێمە بۆ ئەندامانی نموونەکە  ئەوە بوو تا ئێستا هەر وەک ئێرانییەکان لەگەڵ خەڵکی و لەماڵەوە ڕەفتار و هەڵسوکەوت دەکەن و ئایا لەکاتی سڵاو کردن و ماڵئاوایی، هەڵسوکەوتتان بە شێوەی ئێرانییەکانە‌؟ هەست دەکەی ڕەفتارتان وەک پەنابەرێکی گەڕاوە جیاوازە لەگەڵ خەڵکی ئێرە؟  

دەکرێ بڵێین هەموو نموونەکانی توێژینەوە بەجۆرێک لە جۆرەکان باسی کاریگەربوونیان کرد لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتیان بە کولتووری ئێرانی، تەنانەت لە سڵاوکردن و خواحافیزی کردنیشدا، بەپێی قسەی نموونەکان دەردەکەوێت بە بەراورد لەگەڵ چەند ساڵ پێش ئێستا و لە ئەنجامی زۆرتر تێکەڵبوونیان لەگەڵ خەڵکانی دیکەی نشتەجێی ئێرە (جگە لە پەنابەرانی گەڕاوە)، ئێستا کاریگەرییەکە کەمتر بووە.

لەمبارەیەوە یەکێک لە نموونەکانمان (عبدالقادر) ‌ دەڵێت: “وەکوو پیاو کاتێک سڵاو دەکەین دەستمان دەخەینە سەر سنگمان”. هەروەها دەڵێ:  “من خوم زۆرجار ئەو جووڵەیە ئەنجام دەدەم”. ناوبراو جەخت لەوه ‌دەکاتەوە کە ئەم جووڵەیە (دەست لەسەر سنگ دانان) بە تەواوەتی  ڕەفتارێکی ئێرانییه.  یەکێک لە نمووونەکانی دیکەمان (فازل) باس لەوەدەکات “ئەگەر سەردانی ماڵێکی پەنابەری گەڕاوەی وەک خومان بکەین، ئەوا وەکوو ئێرانییەکان سڵاو و خواحافیزی دەکەین، ئێرانی کە سەردانی ماڵێک دەکەن شیرینی یان دەستەگوڵێک یان شتێکی دیکەی لەو شێوەیە لەگەڵ خۆیان دەبەن، ئێمەش  بەگشتی بە دەستبەتاڵی ناڕۆین، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە دەبێت هەمیشە شتێک ببەی، ئەو سەردانانە، سەردانی شەوانەن کە پێی دەڵێن ‌ “شەبنشینی” واتە دانیشتنی شەوانە”. “ئاکۆ” پێی وایە کە “ڕەفتارمان هەتا ئێستاش نەگۆڕاوە و وەکوو ئێرانییەکانە و شێوازی هەستان و دانیشتن، سڵاوکردن و ڕێزگرتن، جۆری قسەکردن و جۆری وڵامدانەوەمان ئێستاش هەروەکوو ئێرانییەکانە. دەشڵێ: “ئەگەر لە بازار برۆم، نەفەرێک ببینم بە شێوازی ڕەفتارەکانی دیارە یان بەقسەکردن بە دوو ڕستە دەزانم ئەگەر لە ئێران گەڕابێتەوە، تەنانەت بە دابەزین یان سواربوون لە ئوتۆمبێل دەتوانم بزانم ئەو کەسە لە ئێران ژیاوە یان نەژیاوە”.

ئەگەرچی هەموو یەکەکانی نموونەکە باس لەوە دەکەن کە ڕەفتاری ئێرانی کاریگەریی لەسەر ئەوان و تەنانەت منداڵەکانی ئەوانیش هەیە، (چونکە منداڵەکانیان لەوانەوە فێرە ڕەفتار و هەڵسوکەوت دەبن) هەر هەمووشیان بەجۆرێک لە جۆرەکان ستایشی ئەو ڕەفتار و هەڵسوکەوتانە دەکەن و بەبێ ئەوەی بڵێن بە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی مەدەنیتری دەبینن. هەندێکیان دەڵێن خەڵکی ئێرە هێشتا نازانن کە سڵاوکردن چ مانایەکی هەیە و خوداحافیزیکردن چ مانایەکی هەیە. گلەیی ئەوەشیان دەکرد کاتێک کە لە ناو گروپێکدا دادەنیشن، کەسێک دێت سڵاوێک لە هەموویان دەکات و یەکە یەکە سڵاو ناکات و تۆی لە بیر نیە بە تایبەت سڵاوت لێ بکات،  گرنگی و بایەخت پێ نادەن. دەڵێن زۆرجار کەسێک دێتە ژوورەوە کە نازانێت سڵاویش بکات؛ فێر نەبووە. ئێمە بەلامانەوە شەرمە یان عەیبەیە سڵاو نەکەین یان خواحافیزی نەکەین. ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کەوا جیاوازییەکی زۆر لەنێوان پەنابەرە گەڕاوەکان و خەڵکی پارێزگای هەولێر و ئەوانەی نەچوونەتە ئێران هەیە. پێیان وایە کە ئەوان لە قسەکردندا نەرمونیان و ئارامن و ڕێز لەبەرامبەر دەگرن و دەڵێن: “ئەوانەی نەچوونە ئێران وەک ئێمە بیرناکەنەوە وەک ئێمە ڕەفتار ناکەن، ئەوەی لای ئێمە گرنگە لای ئەوان زۆر شتێکی نۆرماڵ و ئاساییە”.

 

 


دابونەریت

دەتوانم بڵێم دابونەریت یەکێکە‌ لەو شتانەی کە کەمتر کاریگەریی لەسە‌ر پەنابەران ماوە بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی پێشتر باسمان کردووە‌. پرسیارکەمان بۆ نموونەکانی توێژینەوە ئەوه ‌بوو تا ئێستاش دابونەریتە ئێرانییەکان کاریگەرییان لەسەر ئێوە هەیه؟

دەکرێ بڵێین زۆرینەی یەکەکانی توێژینەوە بەجۆرێک لە جۆرەکان باسی کاریگەربوونیان بە دابونەریتی ئێرانییان کرد، بەتایبەتی دابونەریتەکانی وەکوو شەوی یەڵدا و سفرەی حەوت سین … وەک لە وەڵامەکانیان دەردەکەوێت، کاریگەرییەکە جیاواز بوو لەسەر یەکەکانی توێژینەوەکە بەپێی شوێنی جوگرافیای ئێستایان، نموونە هەبوو هیچ کاریگەریی لەسەر نەماوە (بەگوتەی خۆیان)، بەڵام کاریگەرییەکە له سەرئەوانەی درەنگتر گەڕاونەتەوە و لە ئێرانیش نیشتەجێی شارە فارسییەکان بوون زیاتر دیارە.

یەکێک لە نموونەکان کە ئافرەتێکە‌ لە شاری شیراز ژیاوە لەمبارەوە دەڵێت: “هەندێک جار سفرەی‌ حەوت سین دادەنێین، لە شەوی یەڵداش ئاهەنگ دەگێڕین””. پاساوی بەوە هێنایەوە کە ئەو شەوە لە لای کوردانیش هەیە، بەڵام تۆزێک شەوەکه پێش و پاشی هەیه. گوتی پار ساڵ سفرەی حەوت سینمان دانا، بەڵام ئەمساڵ نەخێر، بۆ سفرەی حەوت سین وێنە دەگرین و خواردن دائەنێین، شتێکی جوانه .‌  ‌نموونەیەکی دیکەمان تەمەنی ٤٨ ساڵە و  لە کەرەج ژیاوە‌. باس لە دابونەریتێکی دیکەی جیاواز لە یەکەکانی نموونە دەکات کە ئەویش قورئانە لەکاتی کچ بەشوودان لەسەر مێز دادەنێن یان یەکێک سەفەری دووری هەیە کە  نموونەکە گوتی: “حەز دەکەم هەمیشە بەژێر قورئاندا تێبپەرم”. نموونەیەکی دیکە که ‌لە کرماشان ژیاوە دەڵێت: “من شەخسی خۆم لە ئێرانیش زۆر لەگەڵ سفرەی‌ حەوت سین نەبووم، بەس شەوی یەڵدا دادەنیشتین، دەمگوت سفرەی‌ حەوت سین هی فارسەکانە”.

 


ئەنجامگیری

ڕەنگە گرنگترین ئەنجامگیریی ئەم توێژینەوەیە ئەوە بێت کە لە ئەنجامی گەڕانەوەی پەنابەران لە ئێران لە 1991 بەدواوە، گرووپێکی دیکەی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان زیاد بوو، کە خاوەنی وردە کولتوورێکی تایبەت بە خۆیانن. ئەم گرووپە گرووپێکی یەکدەست و هاوشێوە نین، بە هۆکاری ئەوەی ماوەی مانەوەیان لە ئێران زۆر جیاوازە. خێزان هەیە 30 ساڵ بەسەرەوە لە ئێران بووە، خێزانیش هەیە تەنیا چەند ساڵێک لە ئێران ژیاوە، هەروەها خێزان هەبووە لە باشوور یان ڕۆژهەڵاتی ئێران و دوور لە کوردستان ژیاوە، خێزانیش هەیە لە ڕۆژئاوای ئێران واتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژیاوە و لە زمان و کولتووری کوردی دوورنەبووە. بەڵام ئەوەی وا دەکات ئەوانە یەک وردە کولتووریان هەبێت یان گرووپێکی کۆمەڵایەتیی تایبەت بن، کاریگەربوونیانە بە کولتووری ئێرانی بە هەردوو لایەنە ماددی و ڕووحییەکەی. قسەکردن بە زمانی فارسی، گوێگرتن لە گۆرانیی فارسی، تەماشاکردنی کەناڵە ئێرانییەکان، بەردەوامیی خواردنی ئێرانی لەسەر سفرەکانیان، چای زەرد و دیشلەمە، بوونی مافوور و تابڵۆی ئێرانی لە ماڵەکانیان، دیزاینکردنی خانووەکانیان و ڕازاندنەوەیان بە دیکۆری ئێرانی، هەموو ئەوانە وا دەکەن ئێمە پێمان وابێت ئەمانە خاوەن وردە کولتوورێکی تایبەت بە خۆیانن، کە نە کولتووری ئێرانییە بە تەواوی و نە کولتووری کوردییە، بەڵکوو تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان. بەوەش توانیویانە هەم خۆیان جیابکەنەوە لە گرووپەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و هەمیش خۆیان لە گەڵ ئەو گرووپانەدا بگونجێنن.

دەردەکەوێت بوونی‌ پەیوەندی لەگەڵ ئێرانییەکان و هاتوچۆکردنیان، کاریگەریی زۆرتری لەسەر‌یان داناوە‌،  واتە ئەوانەی لە تاران و کاشان و شیراز و ئەسفەهان و  کەرەج ژیاون، کاریگەرییەکە زیاتر بەسەر ئەوانە‌وە دیاربوو نەوەک ئەوانەی لە ئورمییە و نەغەدە و زێویه ژیاون کە ناوچەی کوردنشینن.  خاڵێکی دیکە ئەوەیە کەوا کاریگەرییەکە ڕۆژبەرۆژ کەمتر دەبێتەوە؛ بەتایبەتیش بە بەراورد لەگەڵ ئەو ساڵانەی کە تازە گەڕابوونەوە. ئەوانەی خزم و ناسیاویان لە ئێران هەیه یان دایکیان ئێرانییە (فارس و تورک) یان کوردی ڕۆژهەڵاتە کاریگەرییەکە ئێستا لەسەریان زیاترە و ئەو کاریگەرییە بەردەوامیش دەبێت.

ئەم گرووپە کۆمەڵایەتییە، بەرەبەرە کاریگەریی کولتووری ئێرانی لەسەریان کەمتر دەبێتەوە، لە لایەکەوە ئێران کاریگەرییە کولتوورییەکەی کەم دەبێتەوە و کاریگەریی کولتووری ڕۆژئاوایی لە کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان زیاد دەکات، لە لایەکی دیکەوە هەرێمی کوردستانیش لە زۆر لایەنەوە پێش دەکەوێت و هەستی خۆبەکەمزانین بەرامبەر کولتووری دراوسێکانی لای تاکەکان کەمتر دەبێتەوە. هۆکارێکی دیکەی لاوازبوونی کاریگەریی کولتووری ئێرانی لەسەریان، مامەڵەی دوژمنکارانەی حکوومەتی ئێرانە لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، کە ئەمە وادەکات خەڵکەکە تا دێت لە ئێران دوورکەونەوە.


سەرچاوەکان

وەزارەتی ناوخۆ، بەرێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران بەشی پلان و بەدواداچوون لە ڕێکەوتی 2020\6\14.

مک داول، دیوید (2004) تاریخ معاصر. مترجم‌: ابراهیم یونسی. چاپ دوم. تهران: چاپ دالاهو.

گەوهەری، حامید (2014) ئیدریس مستەفا بارزانی و بارزانییەکان باشتر بناسین مێژووی زارەکی. هەولێر چاپخانەی شەهاب.

سعیدی، مدرس (2015) بررسی ابعاد و دامنەهاي مهاجرت کردهای عراق به ایران در دهەي 1350 شمسی. خردنامه، شماره )15:( 53-31.

ماکداوڵ، دەیڤد (2019) مێژووی هاوچەرخی کورد. وەرگێڕانی: ئەبوبەکر خۆشناو. چاپی سێیەم. هەولێر: ناوەندی ڕۆشنبیریی ئاوێر.

YILDIZ, KERIM (2007) The kurds in Iraq: Past, Present and Future. London: Pluto press.

WAHLBECK, ÖSTEN RAGNAR (1997) Kurdish refugee communities: The diaspora in Finland and England. A thesis submitted to the University of Warwick for the degree of doctor of philosophy

ALBORZI, M.A (2006) Evaluating the Effectiveness of International Refugee Law: The Protection of Iraqi Refugees. USA: Boston.

داگرتنی بابەت