ئارامتر بخوێنەوە

دەوری میدیای دەوڵەتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە پیشەسازیی کەلتووریی داگیرکەردا:

( صدا و سیمای مرکز سنندج، مهاباد، کرمانشاە و ایلام و لرستان) و کاناڵ و ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بە داگیرکەر


زاکماد ڕۆژهەڵات



پێشەکی

میدیا ئامرازێکی چەندمەبەستەیە و لە لایەن هەر دەسەڵاتێکەوە بۆ ڕاکێشانی ‌تاکی جەماوەر کەڵکی لێ وەردەگیرێت، یان کەڵکاژۆی لێ دەکرێت. کەڵک بەو واتایە کە مەبەستی ڕاکێشەری جەماوەر دەچێتەوە خزمەت جەماوەرەوە. واتە جەماوەر لە ماف و بەرژەوەندییەکانی ئاگادار دەکاتەوە و خەسارەکانی بۆ دەخاتە ڕوو و هەوڵ دەدات کۆمەڵگا بە شێوەی ڕاستەقینە بنوێنێتەوە. لە بەرانبەردا کەڵکاژۆ واتە ڕاکێشانی جەماوەر دەچێتە خزمەت بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتدارەوە. دەسەڵاتدار، ئەگەر لە وڵاتی خۆیدا پاوانخواز بێ، میدیا دەبێتە پاساوی پێشێل کردنی ماف و بەها کۆمەڵایەتییەکان و خەیانەتی دەسەڵاتدار لە کۆمەڵگاکەی دادەپۆشێت. ئەگەر داگیرکەری وڵاتێکی تر بێت، لە میدیاکانیدا دەبێتە ڕزگاریدەری نەتەوەی بندەست. ئەگەر لە چوار پارچەی کوردستان ورد ببینەوە، بۆمان دەردەکەوێ کە داگیرکەرانی کوردستان هەم لە ئاست نەتەوەی خۆیاندا پاوانخوازن، هەم هەوڵ دەدەن کوردستانیش لە خۆیاندا بتوێننەوە. شێوەی هەڵسوکەوتی داگیرکەران نیشانی داوە ئەو تاک و دەستەیەی کەوتووەتە بازنەی داگیرکەرەوە، وەکوو تاکێک لە ئەندامانی کۆمەڵگای داگیرکەر وەرناگیرێت. بەڵکوو دەبێتە پاشکۆی کەلتووری یەکدەستی خەسیوی کۆمەڵگای وڵاتی داگیرکەر.

میدیا بەستێنێکی چەندڕەهەندییە. بازاڕە، ئیدیۆلۆژییە، سیاسەتە، کەلتوورە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە ناوەندەکەی دەبێ لە وڵاتێکی دیاریکراودا بێت، سیاسەتی گشتیی میدیاکە پێملی سیاسەت و بەرژەوەندیی ئەو وڵاتەیە. واتە ئەگەر بانگەشە بۆ ئیدیۆلۆژی، بازاڕ یان پەرەدان بە کەلتوورێک دەکات، لە بەرژەوەندیی وڵاتی خانەخوێدایە، بە لانیکەومەوە نابێ دژی بەرژەوەندیی نەتەوەییی ئەو وڵاتە بێت. ئەم پێناسەیە بۆ میدیایەکە کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و هەندێ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی کە تاڕادەیەک ئازادییان تێدایە و بەردەنگی میدیاکە مەودایەکی چەندنەتەوەیی و بگرە جیهانییە.

میدیای دەسەڵاتی داگیرکەر کە بە میدیای داگیرکەر ناودێری دەکەم، لەم پێناسەیە بەدەرە. ئامرازێکی ئیدیۆلۆژیکە و هەموو شتێک دەخاتە خزمەت تواندنەوەی وڵاتی داگیرکراو لە ناسنامەی خۆیدا. تەنانەت لە بازاڕ و کەلتوور و سیاسەتدا خەسار لە خۆی دەدا بۆ ئەوەی سیاسەتی بارگاوی بە ئیدیۆلۆژییەکەی لە جەماوەری داگیرکراودا پەرە بستێنێ. بۆ ئەوەی لە درێژخایەندا هەموو تێچووەکان بە تواندنەوەی وڵاتی داگیرکراو قەرەبوو بکرێتەوە.

میدیای داگیرکەر لە کۆمەڵگای داگیرکراودا کارگێڕەکانی خۆی پەروەردە دەکات. وەکوو گیانلەبەرێک کە لە جەستەی گیانلەبەرێکی تردا گەرا دادەنێت و بێچووەکانی بۆ گەورەبوون جەستەی خانەخوێ(داگیرکراو) دەخۆن و بە مەرگی ئەو لە جەستەی دێنە دەرەوە. لە ڕاستیدا میدیا و پەروەردەکردنی سووژەی داگیرکەر لە ئەندامانی وڵاتی داگیرکراودا، بەئاکادیمیسیەن و بازاڕی و کارمەند و…. لایەنگەلێکی پیشەسازیی کەلتوورین.

پیشەسازیی کەلتووری لە سەدەی بیستەم بەم لاوە، لە داڕشتنی سیاسەتی وڵاتاندا دەوری بەرچاوی گێڕاوە. وەک چۆن میدیا دیاردەیەکی چەندهۆکارە و چەندڕەهەندییە، کە دەسەڵات وەکوو ئامراز کەڵکی لێ وەردەگرێ، پیشەسازیی کەلتووری میکانیزمی چەندهۆکارە و چەندڕەهەندەی ڕاکێشانی کۆمەڵگایە بۆ ئاراستەیەک لە کەلتوور کە ڕێگە بە سیستەمی سیاسی دەدات بە شێوەی نەرمەبڕانە جوگرافییای ژێر دەسەڵاتی خۆی بحاوێنێتەوە. چ گۆڕانێک ڕوو دەدا؟ پیشەسازیی کەلتووری هەوڵ دەدات سۆنگەی ڕوانین بە ژیان لە کۆمەڵگا بستێنێتەوە و خۆی جێگیر بکات. وێنا و واتای دیاردە و ڕووداوەکان لە بەرژەوەندیی خۆیدا دەگۆڕێت. کە واتاکان گۆڕان، بە تێچووی زۆر کەمەوە تاک و کۆمەڵگا ئەو بەرنامەیە بەڕێوە دەبەن کە دەسەڵات دایڕشتووە. بۆ میناک کاتێ کوردێک شێوەژیان و هەڵسوکەوتی لاسایی کردنەوەی تاران یان بەغدا بێت و هەوڵی ئەوە بێت خۆی وەکوو ئەو لێ بکات، ناتوانێ ڕێچکەیەکی ڕزگاریخوازانە بگرێتەبەر. نێونجیی میدیا لە ئامرازە گرنگەکانی پیشەسازیی کەلتووریی داگیرکەرە.

 بە سەرنجدان بە پێشینەی چالاکیی دەنگوڕەنگی داگیرکەر لە کوردستاندا دەردەکەوێ کە ستراتێژیی تواندنەوە تەواوی ڕەهەندەکانی ناسنامەی کوردستانیی کردووەتە نیشانە.

هەرچەند بۆ بیانووبڕین هەندێ بەرنامەی نەخوازراوی بۆ شەرعییەتدان بە پیلانەکەی بڵاو کردووەتەوە- کە کاریگەریی ئەرێنییان لە ناسنامەی کوردیدا هەبووە-  کە لە زمانەوە هەتا لایەنی سیاسیی ناسنامەی کوردستانی خەسارێکی وەهای لێداوە کە قەرەبووکردنەوەی ئەستەم و درێژخایەنە.

لە درێژەدا بەوردی دەچمە سەر ناوەندەکانی دەنگوڕەنگی ئێران لە سنە، مەهاباد، کرماشان، ئیلام و لوڕستان.

٭٭٭٭٭

دەسەڵاتی ئێرانی بۆ کوردستان، بۆ تواندنەوەی ناسنامەی کوردستانی لە خۆیدا، چەند ستراتێژیی دیاری کردووە.

یەکەم؛ بەرتەسک‌کردنەوەی ناسنامەی کوردستانی لەباری جوگرافییەوە.

دووەم؛ بێ ناوەڕۆک‌کردنی ناسنامەی کوردی و دابەزاندنی تا ئاستی خواردەمەنی و جلوبەرگ.

سێیەم؛ داماڵینی ڕەهەندی سیاسی لە ناسنامەی کوردستانی.

ئەم سێ خاڵە یەکتری بەرهەم‌ دێننەوە و بەهێزتر دەکەن. پاش شرۆڤەی هەر کام لەمانە ڕێکارەکانیان دەخەمەڕوو.

١- بەرتەسک‌کردنەوەی جوگرافییای ناسنامەی کوردستانی بەڕاشکاوی ڕاناگەیەنرێت، بەڵام بە کردەوە داڕشتنی بەرنامەکان ئەو ئاراستەیە ئاشکرا دەکەن. ئەگەر لە سەرەتای دەسەڵاتی پەهلەوییەوە لە پیلانەکانی ئێران بۆ بەپاشکۆکردنی کوردستان بڕوانین لە ساختەکاری و بەڵگەسازیی مێژووەوە بگرە هەتا داڕشتنی نەتەوەییی ئێرانی بۆ هونەر و مۆسیقا، دەردەکەوێ کە حکومەتی ئێران وێنایەکی بەرتەسک و بێ ناوەڕۆک و خێڵەکی لە ناسنامەی کوردی نیشان دەدات و بە گۆڕینی ناوی ناوچەکان وەک “باختەران” هەوڵی ئەوەی داوە لە لایەکەوە وێنای ئێران وکوو وڵات لە زەینی جەماوەری ئەو جوگرافییایەدا جێگیر بکات و لە لایەکی ترەوە نای جوگرافییای کۆمەڵایەتیی کەلتووریی نەتەوەکانی تر بەرتەسک بکاتەوە. ئەم سیاسەتە لە بەلووچستانی ئێرانیشدا بەڕێوە دەچێت.

سەپاندنی ناوی (کردستان) وەکوو پارێزگا بەسەر ناسنامەی کوردی و “بلوچستان” بۆ کەمتر لە نیوەی جوگرافییای بەلووچستان هێمای ئەو سیاسەتەن.

 هونەرمەندان و نووسەرانی پارێزگاکانی خوارەوەی کوردستان بەچڕی بانگهێشتی ناوەندی سنە دەکرێن. هاوئاست لەگەڵ ئەم پیلانە هەوڵ دەدرێت (دانشگاە کردستان) بکرێتە ناوەند و ستانداردی ئەکادێمییانەی ناسنامەی کوردستانی. هونەرمەندەکانی پارێزگای کرماشان بۆ ناوەندی سنە بانگهێشت دەکرێن (ئەوانیش بە سۆز و حیماسەوە دێن).

لەگەڵ ئەوەدا کە هەوڵی بەرتەسک کردنەوەی مەودای ناسنامەی کوردستان دەدات، سیاسەتێکی گشتیی دەنگو‌ڕەنگی ئێرانیش بۆ گەڕاندنی نەتەوە ژێردەستەکان بۆ لای یەکترین( کە وێناکەیشیان بەرتەسک کراوە) بە نێونجیی زمان و کەلتووری فارسی(ئێرانی) بەڕێوە دەبات. ئەگەر گۆرانیبێژێکی کرماشانی دەچێت بۆ ناوەندی سنە گۆرانی دەڵێت، لە بەرنامەی داهاتوویدا هونەرمەندێکی گیلەک یان ئازەری بانگهێشت دەکرێت. لەم هاتوچۆیە مەبەستدارەدا “حسێن سەفایی‌مەنش” بانگهێشتی ناوەندی دەنگوڕەنگی ئیسفەهان دەکرێت. لێرەدا پیلانێک دەردەکەوێت، ناوەندەکانی سنە و مەهاباد دەبن بە ناوەندی ناسنامەی کوردی، پارێزگاکانی تر دەبن بە پەراوێز- ناوەندی ئیلام و لوڕستان لە ئاستی فۆلکلۆردا دەمێننەوە، -فۆلکلۆرێک کە بە نازناوی (محلی)ەوە پاشکۆی ناسنامەی ئێرانییە- و ناوەندی کرماشان “بە لای دەمێکەوە” ئەگەر ناوێ لە کوردستان ببات. ناوەندی سنە و مەهاباد لە پەراوێزی ڕەوتی سەرەکیی بەرنامەکاندا بە شێوەی تەسک و کۆنزێرڤاتیڤ(بەپارێزەوە) لەسەر وێژە و کەلتووری کوردی دەدوێن و ڕواڵەتێکی ئەکادێمیکیشی پێ دەدەن. ئەمە تەنیا بۆ بیانووبڕینە و شاگەشکەبوونی کەسانێک کە بەڕێوەی دەبەن و لە کۆتاییدا دەبن بە پشتیوانی دەنگوڕەنگی ناوەندەکەیان.

 ناوەندی مەهاباد ئەرکێکی تری لەسەر شانە. ئەویش بەرین کردنەوەی کەلێنی کۆمەڵایەتیی نێوان کرمانجیی خواروو و سەروویە.  ئەم خاڵە لە پارێزگای ورمێدا ڕاوێژی بەڕێوەبەرایەتیی سەربازی- ئەمنییەتییە.  هەر پارێزگایەکی کوردستان بەپێی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەی و تایبەتمەندییەکانییەوە پیلانی تایبەتی بۆ دادەڕێژرێت.

٢- بێ ناوەڕۆک کردن لەوێوە دێت کە هێزی ڕووبەڕووبوونەوەی ناسنامەی کوردی لە بەرەنگاربوونەوەی ناسنامەی داگیرکەردا دابەزێنێت. ئاستی بیرکردنەوەی تاکی کورد لە ژیانی سروشتیدا بهێڵێتەوە. لە بەرانبەردا شارە عەجەمەکان وەکوو کانگای ژیانی سەردەمییانە دەناسێنێت. کەسایەتیی کورد بە جلی کوردییەوە کاراکتێرێکی خێڵەکی و خاڵی لە هزر و دەمارگرژی بۆ نامووس و گیانفیدای ئینقلاب و لە ڕاستیدا کۆمیک پێناسە دەکرێ. بەپێچەوانەوە، ئەکتەرێک کە نوێنەرایەتیی کەلتووری زاڵ دەکات، کاراکتێرێکی مۆدێرن، بە جلی فەرمی و ئاخاوتن بە زمانێک کە شەرعییەتی لە وشە و ڕێزمانی فارسییەوە وەردەگرێت، کاراکتێرە خێڵەکییەکە دەداتە بەر توانج و گاڵتەوە. بەردەنگی کورد پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتییە خێڵەکییەکەدا دەگرێت و ڕستەکانیان لە وتووێژی ڕۆژانەدا دەبێتە زاراوە. واتە نۆڕمێک لە خێڵەکی بوون لە کۆمەڵگادا پەرە پێدەدرێت.

ئەو سیستەمە بەوەشەوە ناوەستێت و کاراکتێرە لۆمپەنەکە بۆ ئەنجومەنی شارەوانی و نوێنەرایەتیی مەجلیس دەپاڵێوێ. هەر چەند ڕێگەشیان پێ نادا. کۆمەڵگای پەروەردەنەکراوی کورد کە ئەم بابەتەی لێک نەداوەتەوە، تا ڕادەیەک قووڵاییی کۆمەڵایەتی بۆ ئەو کاراکتێرە دابین دەکات و داگیرکەر دیسانەوە دەست ‌بەسەر ئەو سامانە کۆمەڵایەتییەدا دەگرێت. لێرەدا دەردەکەوێ کە کاراکتێرێک وەکوو “غوڵام” لە گرووپی ” خەمڕەوێن”دا چۆن دەبێ بە سووژە و دەبێتە ئەندامی شۆرای شار و شانۆکاری کۆنگرەی جاشەکان و پاڵێوراوی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و لە ئاکامدا دەبێتە تریبۆنی “ئیتلاعات”(فەرشادان) بۆ هەڵبژاردنی مەجلیس.

ڕەوتی سەرەکیی بەرنامەکان وەک خۆی دەچێتە پێش و بەردەوام هەوڵ دەدات کەسایەتیی لۆمپەن ڕابکێشێت و پیشەسازیی خۆی ببووژێنێتەوە. ناسنامەی کوردی لە دەنگوڕەنگی سنە و مەهاباددا دەبێتە ژیانی لادێ و لە کرماشان و ئیلام و لوڕستاندا دەبێتە ژیانی کۆچەری. جمگەکانی ناسنامەی کوردی دەبێتە خواردەمەنی و کانیاو و جلوبەرگ و گۆرانیی فۆلکلۆر. بەرنامەی “ڕێگا” چریکەی شەو” بەزمی لادێ” و لەوانە…. میناکی ئەو پیلانەن. چوارچێوەی ناسنامەی کوردی دەشێوێنن و دەیکەنە پەراوێزی ناسنامەی ئێرانی. ئەکتەر کوردە لۆمپەنەکان لە پارێزگا کوردەکانەوە لە درامای “نون خێ”دا کۆ دەکرێنەوە. سیاسەتی پیشەسازیی کەلتووریی عەجەم بەوەوە ناوەستێت و بە دەست‌وپەیوەندەکانیان لە باشووری کوردستاندا، لە فیستیڤاڵی دهۆکدا خەڵاتی تایبەت دەدرێتە سەعید ئاقاخانی، دەرهێنەری نون خێ.

 بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییە کە ناسنامەخوازی لە ئیلام و کرماشاندا ژیاوەتەوە، دەنگوڕەنگی ئیلام بەچڕی لەسەر ڕاگرتنی ناسنامەی ئەو مەڵبەندە لەئاستی خێڵەکی و فۆلکلۆر و لادێییدا کار دەکات. هاوکات گوتاری ئێرانی بە زەق کردنەوەی ڕەهەندی شێعەبوونییەوە ڕێچکەی سەرەکیی ئەو ناوەندەیە. پرسیار ئەوەیە بۆ دەنگوڕەنگی کرماشان ڕێچکەی فۆلکلۆریشی نییە؟ وڵام ئەوەیە کە ناوەندی کرماشان سیاسەتی (پهلوی) بۆ بە فارس ناساندنی کرماشان درێژە پێ دەدات. دواهاتی نەخوازراوی ناوەندی کرماشان، بۆ میناک، بەرهەمەکانی مامۆستا حەسەن زیرەک بوون کە لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیدا پێشی پێ گیراوە.

سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لێرەدا تەواوکەری سیاسەتی پەهلەوییە.

٣- داماڵینی ڕەهەندی سیاسی لە ژیانی کوردیدا- بە سەرنجدان بەوەی کە کورد لە نەتەوەکانی تری ژێردەستی ئێراندا سیاسیتر بووە-  لایەنێکی ئاشکرای ناوەندەکانی دەنگوڕەنگ لە کوردستاندایە. ژیانی سروشتی، سیاسەت هەڵناگرێ و بۆیە کرۆکی واتای ناسنامەی کوردی لای داگیرکەر ژیانی سروشتییە. ئەگەر هەندێ ئەکادێمیسیەن دەهێنرێنە ناو بەرنامەکان، بەرهەمی سیستەمی پەروەردەی داگیرکەرن و مەترسییان بۆ گوتاری سەردەست نییە. زۆرتر لەوەش  قسەکردنیان بە زمانێکی کوردیی ناتەواو کە ڕێزمان و وشە و وێژە زۆرتر فارسین تا کوردی، خزمەت بە ناسنامەی داگیرکەر دەکەن. ئەو کەسانەی کە بە سۆز و حیماسەوە لەسەر ئەدەبی کوردی دەدوێن، ئامیاری ئەوە هەن کە نەچنە خانەی سیاسەتی کوردستانییەوە. هەر کام لەم تاقمانە بە شێوەی خۆیان ناسیاسی و دژەسیاسین. ئەمە واتا سووژەیەکی خەساو لە هەمبەر ئاپاراتووسی داگیرکەردا کە لە ڕاستیدا کاری ئەو دەکات، نەک خزمەت بە ناسنامە و لەپێناو بەرژەوەندیی نەتەوەی خۆیدا.

لەسەر یەک ئەم خاڵانە پێمان دەڵێن کە داگیرکەر لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کوردستان خوێندنەوەی بەردەوامی هەیە و بۆ هەر چین و توێژێک بەرنامەی تایبەتی دادەڕێژێت. بۆ جەماوری ئاسایی جۆرێک لە بەرنامەی بێ بنەما کە دەورگێڕەکانیان نەخوێندەوار – بە واتای تێنەگەیشتوو لە دۆخەکە- و خۆبەکەمزان و دڵخۆش بە بەرژەوەندیی ئاست نزمن.

ئەو کاراکتێرنەی دەچنە خزمەت پیلانی داگیرکەرەوە؛ لێرەدا گرنگە پۆلێنبەندییەک لەبەرچاو بگرین.

١- دەستەی هونەرمەندان وێڕای تایبەتمەندییەکانی سەرەوە، بێ ئەوەی خۆیان بزانن و ئاگامەند بن، هەندێ کەسایەتیی ئاستخوار دەبن بە نوێنەری چینی هونەرمەندان و گەنج‌ و لاوی کورد دەیانکەنە سەرچەشن. ئەمانە خەساریان لە تاقمی جاشی چەکدار زۆرترە. پاش دەرخستنیان لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا، دەکرێنە تریبۆنی ڕووکەشی حیماسەی کوردی و بۆ بۆنە نەتەوەیی‌یەکان بانگهێشت دەکرێن. بە هۆی کەسایەتیی نزمەوە، حەز لە دەرکەوتن بە هەر شێوەیەک دەکەن. دەبن بە داوەری شەڕەسەگ، دەبن بە تریبۆنی نوێنەری مەهاباد و لە کۆتاییدا دەچنە کۆڕی جاشەکانەوە. شانۆ و ئەدەب و مۆسیقا زۆر لەم کاراکتێرانە بەخۆوە دەبینێت. دەستەیەکی کەم لە دەروونەوە خۆیان بە جاش دەزانن و بە ڕواڵەتێکی کوردییەوە کاری بۆ دەکەن. تاقمی هەرەزۆریان لە خەساری خۆیان لەسەر ناسنامەی کوردی بێ ئاگان.

٢- ئەکادێمیسیەنی بوارە جۆراوجۆرەکان جگە لەوانەی ئاگامەندانە زانستی مرۆڤیی خۆیان دەخەنە خزمەت داگیرکەرەوە، هەر وەک تاقمی پێشوو لە خەساری خۆیان بۆ سەر ناسنامەی کوردی بێ ئاگان. زەین و هەڵسوکەوتی ئەم تاقمە بە ئێرانچێتی گۆش کراوە و هیچ کێشە و دژایەتییەک لەنێوان کوردبوون و ئێرانی‌‌بووندا نابینن. دەنگوڕەنگی فەرمی لە پارێزگا کوردییەکاندا پڕە لەم کاراکتێرە.

٣- ئەو خوێندەوارانەی کە ئاگامەندانە پەرە بە گوتاری ئێرانچێتی لە کوردستان دەدەن لە دوو تاقمی پێشوو مەترسیدارترن. ئەمانە دەزانن چی دەکەن، بەڵام لەژێرەوە و ناڕاستەوخۆ هەوڵ دەدەن گوتاری نەتەوەخوازیی کوردستان بشێوێنن و بە لاڕێیدا بەرن. جاش‌قەڵەم، جاشی گوتاری داگیرکەر، ناووناتۆرەیەکە لەم تاقمە دەدرێت. ئەمانە خۆیان بە چەپ (سۆسیالیست) دەزانن، بەڵام پڕۆژەکانی نوێنەرایەتیی ڕێبەری ئێران و ناوەندە ئەمنییەکان جێبەجێ دەکەن. ئەم کارە گریمانەیەک زەق دەکاتەوە کە لە ڕاستیدا ڕاوێژکارانی پیشەسازیی کەلتووریی داگیرکەر بۆ کوردستانن.


پۆلێنبەندیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کارگێڕیی پیلانی داگیرکەر

ئەوەی تا ئێستە ئاماژەی پێ کرا لە کاناڵ و تۆڕە جۆراوجۆرەکانی سەر بە داگیرکەردا ڕەنگ دەداتەوە. کارکردی ئەو کاناڵانە تەواوکەری ئەو ئەرکەیە کە میدیای فەرمیی داگیرکەر بەجێی دێنێ. بۆ وێنە جاش‌قەڵەمەکان پەیج و کاناڵی خۆیان هەیە. ئەرکی شارەزایانی بواری میدیایە کە بەم چەند ڕستەیە نەوەستن و بەردەوام لە پۆلێنبەندییەکەی خوارەوە ورد ببنەوە و کارگێڕانی داگیرکەر لەقاو بدەن.

کۆمەڵگای کوردستان ڕووبەڕووی چەند جۆر پەیجی کۆمەڵایەتیی کارگێڕیی داگیرکەر بووەتەوە کە بریتین لە:

١- پەیج و کەناڵی فەرمی کە وێرژێنی دەنگوڕنگی حکومەتی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن. بۆ میناک، هەر شارێک کاناڵ و سایتی تایبەت بە خۆی بە نازناوی “ڕووداو”ەوە هەیە. هەر لایەنێکی مافیایی ناو حکومەتی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نوێنەری خۆیان هەیە کە وێڕای سیاسەتی گشتیی حکومەت، بۆچوون و بانگەشەی ئەو لایەنەش بڵاو دەکەنەوە. ڕێفۆرمیستەکان، باڵە جیاوازەکانی سپا، ناوەندە ئەمنییەکان و….لە پازێلێکی گشتیدا یەک‌ دەگرنەوە کە لە دەورگێڕانیشیان لە میدیادا ڕەنگ دەداتەوە.

٢- پەیجی بێ خاوەن؛ ئەم پەیجانە سیاسەتەکانی ڕژیم بە پێی هەر پارێزگایەک بەڕێوە دەبەن. چەند میناک مەبەستەکەم ڕوون دەکاتەوە. لە پارێزگای ورمێ هەندێ کاناڵ بە ناوی کوردەوە پەرە بە گرژی و ئاڵۆزیی نێوان کورد و تورک دەدەن. بە وردبوونەوە لێیان دەردەکەوێ کە هیچ ڕەگەیەکی نەتەوەیی تێدا نییە، زمانەکەی فارسییە- چەند سترانی کوردی و هەندێ دروشم و هێما کە بە بەستێنەکە ناکەوێ- و دژایەتیی تورکان ڕێچکەکەیەتی. وێرژێنی تورکییەکانیش هەر ئەم پێکهاتە و کارکردەیان هەیە، واتا دژایەتیی کورد دەکەن. ئەم کاناڵانە ڕاستەوخۆ پیلانی ناوەندە سەربازی- ئەمنییەکانی پارێزگای ورمێن. وێڕای ورمێ، لە ناوچەکانی تردا هەندێ پەیج و کاناڵ هەیە کە بە کردەوە ئاستی ناسنامەی کوردی دادەبەزێنێت و وەکوو ژیانێکی سروشتی دەینوێنێتەوە. (سێ ستراتێژیی پێشتر وتراو) ڕاستە هەندێ تاکەکەسی کوردی‌نەزان و تێنەگەیشتوو حەز لە دەرکەوتن دەکەن و پەیج و کاناڵ دەکەنەوە، بەڵام تێچووی درێژخایەنی هەندێکیان لە ئاستی تاکەکەس دەچێتە سەرێ و دیارە بە پڕۆژە کار دەکات.

٣- کاناڵ و کۆمەڵێک پەیج کە بەڕواڵەت دژایەتیی ئێران دەکەن، بەڵام ئەوەندە بێ بنەما و بێ ئەخلاق و بێ پڕەنسیپن کە بەپێچەوانە شەرعییەت لە ڕەوتی نەتەوەیی دەستێننەوە و شەرعییەت بە حکومەتی ئێران دەدەن.

٤- ئەو کاناڵ و پەیجانەی لە خزمەتی ئێرانی کەلتووری(ایران فرهنگی)دان. پیشەسازیی کەلتووریی ئێران لە خزمەت سەپاندنی ئێرانی کەلتووریدایە. کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان، تاجیکستان، ئەفغانستان و … جوگرافییای ئێرانی فەرهەنگین. ئەو مەیدانەی ئێران بە دڵی خۆی تەڕاتێنی تێدا دەکات، ناسنامە و جوگرافییای کوردستانە. ڕەوتە پێش‌مۆدێرنەکان وەکوو تەریقەت، ئیسلامی سیاسی، ڕەوتە چەپە دژەنەتەوەیی‌یەکان، ناوچەگەری، ژیانەوەی ناسنامەی خێڵەکی و سازکردنی پێناسەی خێڵەکیی ساختە. هەندێ لە پیلانەکانی دژ بە ڕەوتی نەتەوەخواز- ڕزگاریخوازی کوردستان کە لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا لە هونەرەوە تا سیاسەت خەریکە بەڕێوە دەچێت. مۆسقا و ئەدەب و کەسایەتی و هێما نەتەوەیی‌یەکان پێناسەیەکی ئێرانییان پێ دەدرێت. ئەو کاناڵانەی کە لە بەستێنی ئێرانی فەرهەنگیدان، زۆربەیان بێ ئاگا و هەندێکیان ئاگامەندانە کار دەکەن.

ڕێکارەکانی ئەم پیلانگەلە کە میدیای فەرمی و کاناڵ و پەیجەکانی سەر بە ئێران کاری پێ دەکەن، بریتین لە؛

٭ شێواندنی زمانی کوردی؛

٭٭ شێواندنی پێناسەی هونەر و ئەدەبی کوردی و بە محەللی ناساندنی لە ئاست هونەر و ئەدەبی فارسیدا؛

٭٭٭ پەراوێزخستنی هزر و زەقکردنەوەی سۆز و دەمارگرژی؛

٭٭٭٭ بەناوەند ناساندنی ناسنامەی عەجەمی؛

تەنیا ڕێگەچارە بەرواوەژوو کردنی ئەو میکانیزمەیە، واتا:

٭ داکۆکی لەسەر زمانی کوردی بە هەموو شێوەزار و زاراوەکانییەوە و، پاراستنی سەربەخۆییی ڕێزمانی کوردی لەبەرانبەر زمانی دراوسێکاندا؛

٭٭ پەرەدان بە ڕامان و بیرکردنەوە لە پرس و کێشە مۆدێرنەکانی کۆمەڵگا؛

٭٭٭ پێناسەکردنی هونەر و ئەدەب و کەلتووری کوردستانی وەکوو نەتەوەیەکی سەربەخۆ؛

ئەم پلانە باوەڕبەخۆبوون لە تاک و جەماوەری کورددا دەبووژێنێتەوە و، بنەمای ناسنامەی سەربەخۆی کوردی دادەمەزێنێت.


ئاکام

لەم لێکدانەوەیەدا بەو دەرهاویشتە دەگەین کە ئاپاراتووسی عەجەم لەهەمبەر ناسنامەی کوردستانیدا دوو هەڵوێست دەگرێت. یەکەم، لە هەر هەل و دەرفەتێکدا هەوڵ دەدات ناسنامەی کوردی بتوێنێتەوە. دووهەم، ئەگەر نەتوانێ بیسڕێتەوە، چوارچێوەکەی دەشێوێنێ، کاکڵ و ناوەرۆکەکەی بەتاڵ دەکاتەوه، بە سروشتی و ناسیاسی دەکات و لە ڕێگەی دامودەزگا ئیدیۆلۆژیکەکانییەوە و بە نێونجیی سووژەی داهێزراوی کوردەوە، دەرخواردی کۆمەڵگای کوردستانی دەدات. پێویستە لایەنە سیاسی و ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کوردستان، چوارپارچە بەگشتی و ڕۆژهەڵات بەتایبەتی، وریای سیاسەتە کەلتوورییەکانی ئێران بن. بۆ ئەوەی خاڵی سیاسەتی کەلتووری وێڕای سیاسەتە ناوەندخوازەکانی دیکە حکومەتی ئیسلامیی ئێران بە حکومەتی پەهلەوی دەبەستێتەوە. کوردستان ڕووبەڕووی پێکهاتەیەک لە دەسەڵاتە و ڕەنگە ڕەنگ بگۆڕێ، بەڵام هەڵوێستەی داگیرکاری و چەوسانەوەی لەهەمبەر کوردستان هەردەم چەندڕەهەندیتر و قووڵتر و نەرمەبڕانەتر دەبێتەوە. بەڵام لەپشت ئەم سیاسەتەوە هێزی توندوتیژیی ڕووتیش ئامادەیە.

داگرتنی بابەت