ئارامتر بخوێنەوە

ون بوون لە دێڕە نامۆکاندا، گەڕان لە دووی شوناس

(پلانداڕێژیی دەرسی و سڕینەوەی ئەوی تر)

 

مامەند عەلیار


لە جیهانی ئەوڕۆدا هیچ دیاردەیەک هێندەی پەروەردە، کاریگەریی لەسەر بەرەی ئینسان نییە. هەر بەو بۆنەیەوە قوتابخانە وەک ماڵی دووەم بۆ هەموو قوتابییەک ناو دەبرێ. جا چ ئەو قوتابییە بەو ماڵە ڕازی بێ و دڵی لێی بکرێتەوە و گەشەی تێدا بکا و چ بۆی ببێتە چواردیوارییەک کە هەموو خەون و خولیاکانی تێیدا هەڵبوەرن. بە هەر بارێکدا لێکی دەینەوە دوازدەساڵ لە گرینگترین ساتەکانی تەمەنی منداڵان و مێرمنداڵان تا سەردەمی لاوی لە قوتابخانە تێپەڕدەبێ. سیستەمە دەسەڵاتدارەکان، گرینگی ئەو خولەی ژیانی مرۆڤەکانیان زانیوە و بە پێی چوارچێوە و دونیابینییەک کە هەیانە، بەردەوام حەولیان داوە لە داڕشتنی پلان و بەرنامە دەرسییەکاندا دەستی باڵایان هەبێ. بە تایبەت لەو وڵاتانەی بە شێوەیەکی ئایدۆلۆژیک بەڕێوە دەچن، سیستەم حەولی ئەوەیە ئایدۆلۆژیای خۆی بکاتە بەردی بناخەی سیستەمی پەروەردە. نووسەران و ڕۆشنبیرانی ئەو وڵاتانەش بە سەر دوو تاقمدا دابەش دەبن. تاقمێک کە سەر بە نەتەوەی باڵادەست و هاوبیری دەسەڵاتن و تاقمێکیش کە سەر بە نەتەوەی باڵادەستن و ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتیان مەبەست نییە، بەڵام بابەتێک لە دەسەڵاتیان نزیک دەکاتەوە. یان باشتر وایە بگوترێ خاڵێکی هاوبەشیان لەگەڵ دەسەڵاتی زاڵ هەیە، ئەویش دژایەتیی نەتەوە ژێردەستەکان و دان نەنان بە مافە کولتووری و زمانی و ئینسانی و مێژووییەکانی ئەو نەتەوانەیە. لەو نووسینەدا حەول دەدرێ باسێکی کورت لەسەر شێوەی پڵانڕێژیی دەرسی لە قوتابخانەکانی ئێراندا بکرێ و بە نموونە باسی دوو کتێبی دەرسی بخرێتە ڕوو. سەرەتای باسەکە بە وتەیەک لە نووسەرێکی ئێرانی دەست پێ دەکەم.

“ئەحمەد نەقیب زادە” لە کتێبی “کاریگەریی کولتووری نەتەوەیی بەسەر سیاسەتی دەروەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا” هێندێک هۆکار بۆ وێنا کردنی دیمەنێکی گشتی لە کولتووری نەتەوەیەک دەستنیشان دەکا. بەر لەوەی باسی ئەو هۆکارانە بکەم، باسی ئەوە دێنمە گۆڕێ کە هەمان سەرچاوە بۆتە بەشێک لە کەرەسەی شیکاریی کتێبێکی وەک “دیپڵۆماسیی کولتووری” و بە گشتی دەتوانین وەک بەشێکی هەرە گرینگ لە ڕوانینی دەسەڵات بۆ سەر ناوچە غەیرە فارسەکان بیناسێنین. نەقیب زادە پێی وایە چەند هۆکاری وەک بەستێنی کۆمەڵایەتی، بەستێنی مێژوویی، زەمینە کۆمەڵایەتییەکان، لێک گرێدراویی مێژوویی و کولتووریی کۆمەڵگایەک لە گەڵ شوناسی ئەو کۆمەڵگایە،(نقیب زادە:١٣٨١) لە ناساندن و وێنا کردنی کولتووری کۆمەڵگادا ڕۆڵی کاریگەر و حاشاهەڵنەگریان هەیە. بابەتی یەکەم واتە باسی بەستێنی جوغڕافیایی، وەکی نەقیب زادە باس دەکا لەسەردەمی “مۆنتسکیۆ”وە خراوەتە بەر باس، بەڵام بەر لەویش “ئیبنی خەلدوون” لەسەر کاریگەریی ئیقلیم و جوغڕافیا باسی کردووە و لە کۆمەڵناسیدا بە تەسەلی لەسەر ئەو بابەتە دواوە کە چۆن کاریگەریی ئیقلیمە جوداکان لەسەر کەسایەتی و شێوەی ئاکاری مرۆڤەکان شوێن دادەنێ. بەڵام ئەوەی نەقیب زادە لە ڕووحولقەوانینی هەڵگوێزتووە ئەوەیە کە کەشوهەوا و بارودۆخی سروشتی، کاریگەریی لەسەر یاسا و نیزامە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان هەیە. بە ڕای ئەو، کەشوهەوای گەرم یان سارد بە شێوەیەکی قووڵ کاردەکاتە سەر خوو و خدە و باری دەروونیی گەلان و بەو شێوەیە هەر ئەو هۆکارە ڕێبازی داهاتووی ئەوان بۆ ژیان دەستنیشان دەکا.

ئەوەی کە بەستێنی جواغڕافیایی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەموو ئەو بابەتانە هەیە، گومانی تێدا نییە. بەڵام هیچ کام لە نووسەرانی سەر بە نەتەوەی سەردەست ئاماژە بە لایەنێکی دیکەی ئەو بابەتە ناکەن، ئەویش پەروەردەیەکە کە لە بەستێنە جیاوازە جواغڕافیایییەکاندا بەڕێوە دەچێ.

بۆ وەی خوێنەر لە کاکڵی مەبەست دوور نەخەوەمەوە، لێرە بەدوا باس لەوە دەکەم کە هەر کام لە خاڵە بەرباسەکانی توێژەرانی بواری کۆمەڵناسیی سیاسی کە دەخرێنە ڕوو، بە دوو ئاراستەدا دەیانخەمە بەر باس و لێدوان. یەکەم بە ئاراستەی توێژەر و نووسەری نەتەوەی سەردەست و ئاماژە بەوە دەکەم کە ئەو بۆچوونە لە جیهانی ئێستادا و لە بواری کۆمەڵناسیی سیاسیدا، چەندە ڕێتێچوویە و دووەم لە ئاراستەی نووسەری سەر بە نەتەوەی ژێر دەست، هەر ئەو بابەتە شی دەکەمەوە و ئاکامەکان پێک دەگرم. لە کۆتاییدا دۆخی مرۆڤی سەر بە نەتەوەی ژێر دەست و جۆری پەروەردەیان لە کەشی واقیعی ئێستا و بە پێی چەند نموونە لە کتێبەکانی قوتابخانەکانی ئێران دەخەمە بەر باس.

وەک لە خاڵی یەکەمدا ئاماژەی پێ کرا، بەستێنی جوغڕافیایی لەسەر سازبوون و خۆ گرتنی زۆر یەک لە خوو و خدەکانی مرۆڤ، جۆری ئاکار، شێوەی بیناسازی، شێوەی جلوبەرگ، شێوەی خواردن و بە گشتی ئەوەی بە ستایلی ژیان ناسراوە کاریگەریی دەبێ.

پرسیار لەو بەشەدا ئەوەیە کە توێژەری سەر بە نەتەوەی سەردەست ئەگەر ئاماژە بەو جیاوازییە دەکا، ئایا هەر ئەو جیاوازییانە لە جواغڕافیای وڵاتەکەی خۆیدا دەبینێتەوە؟ زۆربەی ئەو وڵامانەی بەو پرسیارە دراونەتەوە بە باری ئەرێدایە. ئەو چەشنە نووسینانە ئاماژە بە جۆراوجۆریی هەرێمە جوغڕافیایییەکان لەباری کەشوهەوا و … دەکەن و ئەوە وەک دیمەنێکی پۆزەتیڤ بۆ وڵاتێکی بۆ وێنە وەک ئێران دەزانن. وڵاتێک کە هەموو جوانییە سروشتییەکان و تەنانەت نێوە جیاوازەکانی کەشوهەوا و ژیانی سەر بەو کەشوهەوایەی هەیە و لەو بوارەدا دەوڵەمەنەد و سەنگین و زەنگینە.

ئەو قسەیە ڕاستە و شکی تێدا نییە. بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئاماژە بەوە ناکرێ کە؛ یەکەم خەڵکی ئەو ئیقلیمە جودایانەی ئەوان باسی دەکەن هەر کام بە پێی خوو و خدە و شێوازی ژیان و داب و ڕەسم و کەلەپووری لەمێژینەیان، خاوەنی شوناسێکی تایبەتن کە ئەو شوناسە بەشی هەرەزۆری لەگەڵ شوناسی نەتەوەی باڵا دەست یەک ناگرێتەوە و ئەو جێگایانەش کە نزیکایەتییەک دەبیندرێ، ئەگەریش بە تەواوی بەرساختی دەسەڵات و پلانە کولتوورییەکانی نەبێ، ئەوە دەکرێ وەک کەلەپووری هاوبەشی گەلانی لێک نزیک چاوی لێ بکرێ. لە دۆخێکی وادا پەروەردە چۆن بەڕێوە دەچێ.

بە پشکنین و تاوتوێ کردنی هەموو سەرچاوە دەرسییەکانی قوتابخانەکانی ئێران، کە بۆ دانیشتووانی  ئیقلیمە جیاوازەکان نووسراون، کۆی مادە دەرسییەکان یەک شتن. ئێمە باسی دەرسەکانی سەر بە زانستە سروشتییەکان ناکەین هەرچەند ئەویش جێگای ئاوڕ لێدانەوەیە. بەڵام لەو نووسینەدا ئاماژە بە بەشی کولتووری و جوغڕافیایی دەکەین.

جودا لەوەی ئەو ئیقلیمانە هەر کام یان بەشێکی زۆریان زمانی تایبەت بە خۆیان هەیە، وەک پارێزگا کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەلووچستان، ئەهواز، تورکەمەن سەحرا و ئازەربایجان، هەر کامیش لەوانە خاوەن کەلەپووری تایبەتی خۆیانن و ئەگەر بڕگەی مێژووی هاوبەش و داب و ڕەسمی لێک نزیکیشیان هەیە ئەوە لە لایەکی دیکەوە مێژووی سەربەخۆ و ئەفسانە و ئوستوورە و میراتێکی کولتووریی دەوڵمەندیان هەیە و ناکرێ وەک پاشکۆی مێژوو و کولتووری سەردەست لێی بڕواندرێ. لە کەلەپووری مووسیقایییەوە بگرە تا جۆری جلوبەرگ و خواردن و داب و ڕەسمەکانی دیکە و … لەو ساڵانەی دواییدا بۆ ئەوەی ڕێگا بەو ڕەخنەیە بگیرێ، لە کۆی کتێبە دەرسییەکاندا، یەک دوو کەسایەتیی کورد و تورک ناسێندراون. ئەویش لەو دەرسانەدا کە قوتابی بە دڵخواز دەتوانێ بیانخوێنێ یان نەیانخوێنێ. بەڵام لە هیچ کام لە کتێبەکاندا بە درێژاییی ١٢ ساڵ خوێندنی قوتابخانە، هیچ قوتابییەکی کورد سیمای کولتوور و شوناس و ئەدەبیات و زمانی خۆی نابینێتەوە.

ئەوان هەموو سەر بە شوناسێکی کولتوورین کە سەردەست بۆی هەڵبژاردوون و بەردەوام جەختی لەسەر دەکرێتەوە. قوتابیی کورد هەر لەسەرەتای چوونە قوتابخانە و تەنانەت بەر لەویش، لە دەورەی ئامادەیی بۆ قوتابخانەشدا، لە شێعر و چیرۆکی فارسییەوە تا ئەو یارییانەی بۆ جیهانی کولتووری ئیـمە نامۆن، فێر دەکرێ و فێر دەبێ. واتە ماددە دەرسییەکان لە ئیقلیمە جوداکان، شتێک بە قوتابی دەڵێن. “ئێوە ئەوەن کە ئێمە دەیڵێین”.

ئەو ڕستەیە ئاماژەیەکە لە کتێبی “رۆژهەڵاتناسی”ی نووسەر و فیلسووفی ناودار “ئیدوارد سەعید”دا. ئەو نووسەرە ئەو بابەتەی بە شێوەیەکی دیکە لە باسی ڕوانینی ئینگلیزییەکان بۆ میسرییەکان، بەکار هێناوە. ئەو تاقە ڕستەیە ڕووحی هەموو ئەو کاولکاری و پڕۆژە نهێنی و ئاشکرایانەی تێدا کورت کراوەتەوە کە هێزە کۆلۆنیالیستییەکان دەیانهەویست و دەیانهەوێ بەسەر نەتەوە ژێردەستەکانی بێنن. بەتاڵ کردنەوەی نەتەوەی ژێردەست لە شوناس و ڕابردووی و خۆی و پڕکردنی لە ئەوی دییەک کە یان بە زۆر و بە پێی مەنتیقی زاڵەتیی دەسەڵات و یان لە دونیای ئەوڕۆدا بە دەکار کردنی شێوەی دەسەڵاتی نەرم و لە ڕێی هەموو ئەو دەرفەتانەوە کە بەجیهانیبوون بۆی ڕەخساندوون، ئەو پڕۆژەیە بە ئاکام دەگەیەنێ. ئەگەرچی لێرەدا پێویستە ئاماژە بە پەرچەکرداری نەتەوە ژێردەستە خاوەن پلانەکانیش بکرێ کە مل بۆ دۆخێکی وا ڕاناکێشن و پەسیڤ و خەسیو نامێننەوە. مەبەست لێرەدا جەخت لەسەر گەڵاڵەیەکی دیاریکراوە کە سەردەست خەریکی پەرە پێدان و بەڕیوەبردنێتی. جا جیاوازیی نییە ئەو گەڵاڵەیە بە ئاکامی دڵخوازی ئەوان دەگا یان نا. ئەگەر بگەڕێمەوە سەر باسەکەی ئیدوارد سەعید و وتەکانی “بالفۆر” بخەمە بەرچاو باشتر لە ئاکامی باسەکە نزیک دەبینەوە.  

“ئارتۆر جیمز بالفۆر” لە مەجلیسی عەوامی بریتانیا، بە وتارێک لە ژێر سەردێڕی “ئەو بابەتانەی لەمەڕ میسرەوە دەبێ ببپەرژێمە سەریان” دەڵێ: “ئینگلیستان میسر دەناسێ. میسر هەر ڕاست ئەو شتەیە ئینگلستان دەیناسێ. ئینگلستان دەزانێ میسر ناتوانێ خۆی بەڕێوەبەرێ. ئینگلستان ئەو ڕاستییە بە داگیرکردنی میسر دەسەلمێنێ. بۆ میسرییەکان میسر وڵاتێکە کە ئینگلیستان بەسەریدا زاڵ بووە و حوکمی بەسەردا دەکا. کەواتە زاڵ بوونی ئێمە و داگیر کرانی میسر، بەردی بناخەی ژیار و شارستانییەتی میسرە لە سەردەمی نوێدا. میسر پێویستی بەوەیە بێتە ژێر ڕکێفی بریتانیاوە و زۆریش پاپای ئەو شتەیە… دەسەڵاتی ئەوانەی لە ڕەگەزی سەرترن یان لە نەتەوەی سەرترن هەر دەبێ وەک ڕەگەز و نەتەوەی سەرتر بپارێزرێ و …(سعید: ٦٣:١٣٩٤)

ئەو ڕوانینە لە سەراپای کتێبە دەرسییەکانی قوتابخانەکانی ئێراندا دەبینین. قوتابیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێویستی بەوەیە زمانی فارسی فێر بێ و پێی لەسەرەتاوە وا ڕادێ و فێر دەکرێ کە گرینگ نییە تۆ زمانت چییە گرینگ ئەوەیە لە “ئەلف و بێ”وە دەبێ وەک من بدوێی و بیر بکەیەوە. بە پێی ناوەرۆکی کتێبە دەرسییەکان دەردەکەوێ منداڵانی غەیرە فارس پێویستیان بە ناسینی ناودارانی فارسە و نیازیان بە ناسینی ناوچە جیاوازەکانی ئێرانی گەورەیە، کەچی لە ناو ئەوانەدا ناوی ئەو و شوناسی نەتەوەیی ئەو سڕدراوەتەوە.

بە نموونە دەتوانین ئاماژە بە دوو کتێبی یەک پلەی خوێندن بکەین. دوو کتێبی “جوغڕافیای ئێران” و “استان شناسی آذربایجان غربی” کە بە هەڵکەوت هەردووکیان هی پۆلی دەهومی قوتابخانەکانی ئێرانە. لە کۆی کتێبی جوغڕافیای ئێراندا، تەنانەت جارێک ئاماژە بە ناوی گەلی کورد نەکراوە، ناوچەیەک بە ناوی کوردستان و شێوەی ژیان و بارودۆخی جوغڕافیایی ئەو ناوچانە وەبەرچاو نایە و بە گشتی لە ژێر ناوێکی گشتی وەک ڕۆژئاوای ئێران و ناوچەی زاگرۆس، باسی “جوغڕافیای سروشتی” کراوە. لە ژێر ناوی شێوەکانی بەڕێچوون و لە “جوغڕافیای ئابووری”دا باسی ئەو بەروبووم و میوە و داهاتانە کراوە کە لە ڕۆژئاوای ئێران و زاگرۆس بەرهەم دێن. لە باسی “جوغڕافیای ئینسانی”دا هیچ ئاماژەیەک بە کورد و تەنانەت نەتەوەکانی دیکەش نەکراوە. کەچی یەکێک لە باسە گرینگەکانی بەشی جوغڕافیای ئینسانی، دەبێ باسی زمان و کولتوور و داب و ڕەسم و … بێ. لەو کتێبەدا قوتابی، ئێرانێک دەناسێ کە ئەوان دەیانهەوێ. نەک ئەو وڵاتەی کە بە ڕاستی هەیە و هەم جوغڕافیای ئینسانی و هەم جوغرافیای سروشتی و هەم ئابووریی هەر کام لە ناوچەکانی، تایبەتمەندیی خۆیان پێوە دیارە.

بۆ وێنە لە وانەی حەوتی ئەو کتێبەدا، لە ژێر ناوی “تایبەتمەندییەکانی جەماوەر (حەشیمەت) لە ئێراندا، تەنیا وڵامی ئەو پرسیارانە دراوەتەوە کە ئایا حەشیمەتی هەموو ناوچەکانی ئێران بە قەت یەکە؟ کام ناوچە حەشیمەتی زیاترە؟ ئایا شوێنی وا هەیە کەسی لێ نەژی؟ (احمدی و دیگران: ٧٠:١٤٠٠)

لەو بەشەدا کام قوتابیی کورد و غەیرە فارس، تایبەتمەندیی ناوچە و کولتوور و زمان و هتدی خۆی دەبینێتەوە. کام سیما لە خۆی دەناسێ؟ سیمایەکی گشتی کە نووسەری نەتەوەی سەردەست بۆی داڕشتووە.

هەر لە پۆلی دەهومدا کتێبێکی دیکە داڕشتراوە و قوتابیان دەبێ بیخوێننن بە ناوی “پارێزگا ناسیی ئازربایجانی ڕۆژئاوا”. لە ڕاستیدا ئەو کتێبە تەنیا دەرفەتێکە کە قوتابیانی هەرکام لە گەلانی ئێران بتوانن وێنەی نەتەوە و دیاردەکانی شوناسی نەتەوەی خۆیان ببیننەوە. چون کتێبی هەر پارێزگایەکیش لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە جیاوازە، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ قوتابییانی بۆ نموونە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، پارێزگایەک بناسن کە لە چەند نەتەوە و مەزهەب و ئایین و زمان پێک هاتووە و بە جودا هەر کام لەوانە و داب و ڕەسمەکانیان و شوێنە گەشتیاری و تایبەتمەندییە سروشتییەکانیان بناسن.

لێرەدا نووسەرانی نەتەوەی سەردەست و سەر بە دەسەڵات بە شێوەیەکی دیکە چالاک بوون. سڕینەوەی شوناسی ڕاستینی کولتووری و زمانیی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و بە تورک کردنی سەراپای ئەو پارێزگایە لە ڕێگای ئەو زانیارییانەوە کە لەو کتێبەدا هاتووە.

کتێبی پارێزگا ناسیی بەر باس، لەو بەشانە پێکهاتووە:

ئەلف: جوغڕافیای سروشتیی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا

ب: جوغڕافیای ئینسانیی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا

ج:تایبەتمەندییە کولتوورییەکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا

د:مێژینە و ناودارانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا

ه: توانایییەکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا

و: گەشەی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا پاش سەرکەوتنی شکۆمەندی شۆڕشی ئیسلامی!

ئێستا باسی چەند بەش لەو کتێبە بە کورتی دەخەمە ڕوو؛

لە بەشی جوغرافیای ئینسانیدا نووسراوە ١٧ شارستان و ٤٠ بەخش و ٤٢ شار و ١١٣ دێهستان و ٣٠٣١ ئاوایی هەیە و ناوەندەکەی ورمێیە. ئیتر هیچ ئاماژەیەک بە زمان و ئایین و مەزهەب نەکراوە و تەنیا ناوی شارەکان هاتووە.(٢٧-٣٢) لەبەشی شێوازەکانی ژیاندا باسی ژیانی کۆچەری و عێلاتی کراوە. باسی ئەوە کراوە کە نزیکەی چوار لەسەدی حەشیمەتی پارێزگا عەشیرەن و گەرمێن و کوێستان دەکەن. لە خشتەیەکدا ناوی هێناون و هیچ ئاماژەیەک بە زمان و کولتووریان نەکراوە. کە دەڕوانییە خشتەکە بەو شێوەیە ناوەکان ڕیز کراون: عێلی جەلالی، عێلی میلان، عێلی هەرکی، عێلی مامەش، عێلی مەنگوڕ، عێلی زەرزا، عێلی پیران، عێلی شکاک، عێلی پنیانشین، عێلی سادات و عێلی زەعفەرانلوو.

لە وانەی هەشتی ئەو کتێبەدا کە باسی تایبەتمەندییە جیاوازەکانی حەشیمەتە، خشتەیەک خراوەتە بەر دەست. واتە ئەو تایبەتمەندییانە بە پێی نووسینی کتێبەکە بریتین لە: ژماری دانیشتووان، تێک پەستراوی دانیشتووان، ئاوێتەیی دانیشتووان، ڕەگەزی دانیشتووان، گەشەی دانیشتووان لە باری ژمارەوە، تایبەتمەندییە ئیتنیکییەکان، دانیشتووانی چالاک و خاوەن کار، (٤٩-٥٤). دواتر هەر کام لەو بەشانە دەبنە سەردێڕی باسێک و کتێبەکە شی دەکاتەوە. بۆ وێنە لە باسی ژمارەی دانیشتوواندا ئەو زانیارییانە بە دەستەوە دەدا؛ بە پێی سەرژمێریی ساڵی ١٣٩٠، پارێزگاکە سێ میلیۆن کەسی حشیمەت هەیە و ئەو حەشیمەتە ١/٤ حەشیمەتی ئێرانە. بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی ئێران لە باری دانیشتووانە پلەی هەشتەمی هەیە. ٧/٦٢ لە سەدی ئەو خەڵکە لە شار دەژین و ٣/٣٧ی دانیشتووی دێهاتن و شارە پڕ حەشیمەتەکانی ئەوانەن: ورمێ، خۆی، میاندوا و بۆکان. هەر بەو شێوەیە باسی خاڵەکانی دیکەش دەکا کە پێشتر باسم کردن و ئیتر ئاسەوارێک لە باسی ئیتنیکی لە گۆڕێدا نییە کە لە خشتەکەدا ئاماژەی پێ کراوە تەنیا لە یەک ڕستەدا نووسراوە دانیشتووانی پارێزگا تورک و کوردن. کەچی  دەبوو وەک سەردێڕ دابندرێ و باسی لێ بکرێ و وەک چۆن ژمارەی دار و ئاژەڵ و داهاتی مادی و جۆرەکانی میوە و …ی بە وردی باس کردووە، باسی ئەوە کرابا شارە کوردەکان و ناوچە کوردەکانی پارێزگا کامانەن. لە باکووری پارێزگا ناوچە کوردەکان کامانەن. چەند لە سەدی ناوەندی پارێزگا کوردن و بە گشتی لە کۆی ئەو حەشیمەتە چەندی کوردە و چەندی لەنەتەوەکانی دیکەیە. چەندی سونییە و چەندی شیعەیە و لایەنگرانی ئایینەکانی دیکە کامانەن.

لە باسی کولتووری گشتی و ڕەشۆکیی ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا، کە وانەی نۆی بۆ تەرخان کراوە، تەنیا لە یەک ڕستەدا نووسراوە، ئازەربایجان جۆراوجۆریی نەتەوەیی و کولتووریی تێدا دەبیندرێ و هیچی دیکە. لە پاش ئەو ناوی ئەو داب و ڕەسم و کەلەپوورانە کراوە لەو پارێزگایەدا هەن و هەر کام لەوانەشی بۆ قوتابی شی کردووەتەوە. هیچ قوتابییەکی غەیرە تورک زمان ناتوانێ سیمای کولتوور و نەتەوەی خۆی لەو بەشەشدا ببینێتەوە.

جێژنەکان: چهارشنبە سووری (بایرام پاپی)، شال سالاماق، عرفە ئاخشامی، چیلە گئجەسی و وێڕای ئەوانە هێندێک جەژنی دینی وەک جەژنی قوربان و ڕەمەزان هاتوون کە فڕیان بەسەر نەتەوەیەکی تایبەتەوە نییە. (قسمتی و دیگران: ٥٨) لە بەشی بیر و بڕواکانی خەڵکی ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا تاقە یەک پەندی پێشینیانی کوردی لە پاش چەند پەندی پێشینیانی تورکی بە ڕێنووسێکی فارسی نووس نووسراوە و ئاو بێنە و دەستان بشۆ.

لە بەشی ڕێوڕەسمی شینگێڕیدا ئاماژە بە شینگێڕیی شیعەکان کراوە و باسی داب و ڕەسمی هیچ نەتەوەیەکی دیکەی تێدا نییە.

بەشی ئەدەبیاتی زارەکی ئەو باسانەی لە خۆ دەگرێ: مووسیقی فۆلکلۆریک ئازەربایجان بەو بەشانەوە؛ عاشیقلار، مووسیقای تازیەباری، لای لای، یئل ئیل، ماهنی  و “بایاتی”یەکان کە بریتین لە شیعری دووبەیتیی ئازەری. ئیتر ئەو گەنجینە دەوڵەمەنەدەی ئەدەبیاتی زارەکیی کوردی ئەو پارێزگایە کە لە دوو توێی کتێبەکانی وەک “فەرهەنگی زارەکیی موکریان” لە نووسینی سەلاح پایانیانی لە زیاتر لە پازدە بەرگ و بیست هەزار لاپەڕەدا، گەنجی سەربەمۆر لە نووسینی ئەحمەد بەحری لە شەش بەرگ و زیاتر لە شەش هەزار لاپەڕەدا، چیرۆکە فۆلکلۆرییە کوردییەکان لە کتێبەکانی وەک شەوچرا و چۆڵەچرا و دەیان کتێبی دیکە، نە باسی کراوە و نە قوتابیی کورد دەبێ لە شتی وا ئاگادار بێ. لە بەشی مووسیقاشدا نە بەیت و حەیران و مەقام و نە گۆرانی و ئاوازە کوردییەکان باسیان نییە. بە گشتی لەو بەشەدا قوتابیی کورد هیچ لە هیچ نەزانێ لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتە.

لەبەشی ناودارانی زانستی و ئەدەبی و هونەریی ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا باسی ئەو کەسانە کراوە: قازی سیراجەدین ئورمەوی، حیسامەددین ئورمەوی ئەسڵ، سەفیەدین ئورمەوی، ئایەتوڵلا سەید ئەبولقاسم خۆیی، نیمتاج سەڵماسی، یەعقووب ئاژەند، میرزا عەبباس عەلی ئەفشار، شهید مێهدی باکری، شەهید مێهدی ئەمینی، شەهید حەمیدی باکری. لەو نیوەدا ناوی “موحمەد هەوراز” وەک یەکەم ئێرانی سەر بە هەرێمی پاڵەوان پەروەری ئازەربایجان ناوی هاتووە. جودا لەو کە باسی کورد بوونی هەر نەکراوە، ناوی تاجەددینی شنۆیی و مەلا عەوڵای بێتووشی و موحمەدی قازی بە کورتی کراوە و بۆ هیچ کامیشیان هەڵبەت باسی کورد بوون و زمانی نەتەوەیی لە گۆڕێدا نییە.

ئەوە نموونەیەک لەو کتێبانەیە کە تەنیا لە یەکێک لە پلەکانی خوێندندا دەیخوێنن. کتێبێک کە شوێنەواری شوناسی نەتەوەییی پێوە نییە و “ئیدوارد سەعید” گوتەنی ئەوە شتێکە ئەوان پێیان باشە تۆ بیزانی نەک ئەو شتەی دەبێ بیزانی. 

باسی خاڵەکانی دیکە لە نووسینێکی پشوو درێژتردا پێشکەش دەکرێ و ئەوە هەر سەرە قەڵەمێکە لەو پەروەردە سەقەت و دژە کوردەی لە ئێران بەڕێوە دەچێ. لایەنی بەڕێوەبەرایەتیی دەزگاکانی پەروەردە و کەسانی دەستنیشان کراو بۆ ئەو ئەرکەش دیسان باسێکی جودا دەخوازێ و تەنیا ئەوەندە ئاماژە بەسە کە لە باسی کۆلۆنیالیسمی نوێ و بەراوردی لەگەڵ کلۆنیالیسمی کلاسیکدا، جەخت لەسەر ئەوە دەکرێ لە دۆخی نوێدا دەسەڵات حەول دەدا لە ڕێگای کەسانی سەر بەنەتەوەی ژێردەست و گۆش کراوی پەروەردە و ئایدۆلۆژیای خۆیەوە، پڕۆژەی سڕینەوەی شوناسی ژێردەست و سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەڕێوە بەرێ.

                                           



سەرچاوەکان

  • نقیب زادە احمد (١٣٨١) تاثیر فرهنگ ملی بر سیاست خارجی جمهوری اسلامی ایران، تهران: انتشارات وزارت امور خارجە
  • صالحی امیری، سید رضا (١٣٨٩) دیپلماسی فرهنگی، تهران: ققنوس
  • سعید، ادوارد (١٣٩٤) شرقشناسی، ترجمە لطفعلی خنجی، تهران: امیر کبیر
  • احمدی، دلارام و دیگران (١٣٩٥) جغرافیای ایران، پایە دهم کلیە رشتەها، تهران: سازمان پژوهش و برانامەریزی درسی
  • قسمتی، باقر و دیگران (١٣٩٩) استان شناسی آذربایجان غربی، پایە دهم، تهران: سازمان پژوهش و برانامەریزی درسی

داگرتنی بابەت