ئارامتر بخوێنەوە

شێواندنی مێژوو، هونەری بەردەوامی پارسەکان

عەلی فەتحی*


هیچکام لە میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەقەرا ئێرانییەکان هەوڵی دروستکردنی پێناسە و مێژوویان بۆ خۆیان نەداوە. هەڵبەت کاتێک دەڵێم ئێرانییەکان، مەبەستم تەنیا فارسەکانە. میللەتانی دەوروبەرمان هەرکامیان بە چاک یا خراپ خاوەن مێژوویەک هەن و بەلامانەوە ئاشنان. فارسەکان هەر بەوەندە نەوەستاون کە مێژوویەکی دەستکرد بەرهەم بێنن، بەڵکوو بەردەوام تێکۆشاون ئەو مێژووە قەڵبە، دەرخواردی گەلانی جیهان بدەن و بەوەندەش نەوێستاون و بەردەوام هەوڵیان داوە چ بە زەختکردن یا پارە بێ، خەڵک ناچار بە قبوڵ و پەسندکردنی بکەن. ئەوان سەرەڕای ئەوەی دەزانن کە بڕێکی زۆر بەڵگە و کتێب لەگۆڕێدا هەن و ڕاستییەکان لەواندا پارێزراون، بەو حاڵەش چاوەڕوانی ئەوەن خەڵک پتر باوەڕ بە نووسراوە دەستکردەکانی ئەوان بکا، نەک بە سەرچاوە مێژوویییەکان. ڕەنگە سەیر نەبێ ئەگەر بڵێم تا ڕادەیەکیش لەو قەبڵاندنەدا سەرکەوتوون، چونکە لەسەر دوو توێژ بۆ ئەو مەبەستەیان کاردەکەن. یەکەم، ڕاهێنان و پەروەردەی مناڵانی نێو خاکی ئێران، کە ئەگەر بە ڕەگەز فارسن بەخۆشی و ئەگەریش غەیرە فارسن بە زۆری وەریدەگرن. توێژی دووهەمیش، خەڵکی وڵاتانی جیهانن. هەڵبەت بۆ ئەو مەبەستە پارە خەرج دەکەن و بە ڕێگای میدیای گشتی و شێوازی جۆراوجۆری دیپلۆماسییەوە مەبەستەکەیان دەپێکن.

فارسەکان لە نووسراوە دەستکردەکانیاندا هەر خۆیان گەورەترین درۆ بە مێژوو دەڵێن. لەهەر کوێ بابەتێکی نووسراوی ئەوان دەخوێنییەوە، دەڵێن ئێمەی ئێرانی خاوەن فەرهەنگ و شارستانیەتێکی بە شکۆ لە مێژوودا بووینە. دیارە سەرەتا پێم خۆشە سەبارەت بەو ناوە دەستکردە، واتە “ئێران” چەند دێرێک ڕوونکردنەوە بدەم. ساڵانێکی زۆرە سەرقاڵی وەرگێڕانی بابەتە مێژوویییە یۆنانییەکان بۆ سەر زمانی کوردیم، تا ئێستا نە لە “مێژووی هێرۆدۆت[i]“دا و نە لە ” ئاناباس[ii] “ی گزنفۆن و ” جۆغرافیا[iii] “ی ستراڤۆن و ” شەڕەکانی پێلۆپۆنیسۆس”ی تووکیدیدیس و “کتیسیاس[iv]“ی کتیسیاسدا تەنانەت بۆ یەک جاریش ناوی ئێران یا هاوشێوەی ئەو ناوە لەلایەن نووسەرانی ئەو کتێبانەوە دەکارنەکراوە. کە باس لە بابەتێکی پێوەندیدار لەو بارەیەوە هاتبێتە گۆڕێ، دوو وێژە هەن، یەکیان ” پارس، پارسەکان” و ئەوەیتریان”بەربەرەکان”. هەڵبەت لەو شوێنانەی بابەتەکە زۆرتر لەڕووی گەلناسی و جۆغرافیایییەوە بێ، ئەوە ئەو نووسەرە یۆنانییانە دەڵێن پارسەکان، ئەگەریش باسی شەڕ و داگیرکاری بێ، وەکوو “بەربەر” ناویان دێنن.

“هێرۆدۆت خەڵکی ئالیکارناسۆ، بۆیە ئەو لێکۆڵینەوەیەی خستووەتەڕوو، بۆوەی بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار بەرهەمی مرۆڤەکان، دوای شەڕه سرنجڕاکێشەکانی نێوان یۆنانییەکان و بەربەرەکان لەبیر نەچنەوه، بەتایبەت، نابێ هۆیەکانی پێکدادانی ئەو دوو لایەنە فەرامۆش بکرێن.”

سەبارەت بە فەرهەنگ و شارستانییەتی ڕابردوویان، دەکرێ بڵێم بەجۆرێک لاساییکردنەوەی یۆنانییەکانە، ئەگەر نەڵێم ڕکەبەرایەتییە. بەو جیاوازییەی ئەگەر یۆنانییەکان دەڵێن خاوەن فڵان بابەتی بەنرخ بووینە، لەجێوە شوێنەوار و میراتێکی مێژوویی وەکوو بەڵگە پیشان دەدەن، کە یا لای خۆیان پارێزراوە، یا لە یەکێک لە مووزەکانی جیهانیدا داندراوە. بۆ وێنە، کاتێک دەڵێن “ئاکرۆپۆلیس”مان هەیە، کە شەشسەد ساڵ بەر لە لەدایکبوونی مەسیح بنیاتنراوە، ئەوە بە بەرچاوی هەموو خەڵکی جیهاندا بە بەڵگە و مێژوو دیارە کە بە فەرمان و دەستی کێ و لە کام سەردەمدا دروست کراوە و ساڵانە بە هەزاران گەشتیار سەردانی دەکەن و مێژووەکەشی بووەتە بەشێک لە وانەکانی خوێندن، هەم لە بەشی مێژوو و هەم لە بەشی مێعماریدا.

توکیدیدیس دەڵێ:

” بەرلە هاتنەسەرکاری تیسێئاس ئەو شارە ئاواییەکی ئەوتۆ بەوەج نەبوو جیا لە ئاکرۆپۆلیس و ئەو گەڕەکەی لە داوێنی باشووریی شاخەکە دروست کرابوو. “

ئێرانییەکان، یا باشترە بڵێم پارسەکان، تەنانەت ئەوانیش بەردەوام ناوی “ئاکرۆپۆلیس” دێنن و ئیعترافی پێ دەکەن، چونکە لە سەردەمی خەشایارشای هیخامەنیشیدا بە مەبەستی داگیرکردن و جێبەجێکردنی خۆزیا و وەسیەتی داریووشی گەورە، جارێک هێرشیان کردووەتە سەر شاری ئاتێن و تووشی شکست هاتوون. لێ، سەبارەت بە پاسارگاد و گۆڕی کوروشی یەکەم، دەبێ بڵێم “پاسارگاد”ەکەیان ئەبەدا هونەری خۆیان نییە و وەستا و مێعماریان لە شوێنی دیکەوە هێناوە و دەستکردی ئەوانە. لە سەر خشتەنووسە دۆزراوەکانی پاسارگاد، وێژەی “بەردتراش” بە زاراوەی میدیایی دۆزراوەتەوە و وێدەچێ زۆربەی بەردتراشەکان میدیایی بووبن. ئەوە پێمان دەڵێ کە میدییەکان زۆر پێشتر لە پارسەکان شارەزایییان لەو کارەدا هەبووە، بەتایبەت کە بیناکانی بارەگای پاشایەتییان لە شاری شووش و هێگمەتانە دروست کردووە. هەر بە هۆی زانیاریی سەر ئەو کۆمەڵە خشتەنووسراوانەوە، دەردەکەوێ بەشی زۆری کرێکارەکان کە بۆ دروستکردنی بیناکانی پاسارگاد هاتوونەتە ئەو شوێنە خەڵکانی بیانی بوونە. بۆ وێنە، لەسەر یەک لە خشتەنووسراوەکان، قەیاسی پارەی هەقدەستی سەرعەمەلەیەکی دارتاشی میسری نووسراوە و لە سەر یەکی دیکەش هەقدەستی کرێکارە میسری و سوورییەکان بەرچاودەکەوێ. دەرکەوتووە کرێکاری خیتی کە لە باشووری خۆرئاوای تورکیەی ئێستا ژیاون، لەگەڵ یۆنانییەکانی ئاسیای بچووک کە ئەمڕۆ بە یۆنانییە پۆندییەکان ناوبانگیان هەیە بەشداربوونە و هەروەها زێڕینگەری خەڵکی کارییەش ناوی تۆمارکراوە.

هەر ئەو بینایە لە سەردەمی ئەسکەندەر ئاوری تێبەردراوە و وێران کراوە و دیارنەبووە کە چەندە گەورە بووە. ئەوەی لەو دواییانەدا ڕوون بووەتەوە، ئەوەیە کە لە سەردەمی پەهلەویدا، بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی پاسارگاد، زۆر شوێنیان بەشێوەی نهێنی پێوە زیادکردووە بۆوەی وەها بنوێنن ئەو پاسارگادە یەک لە عەجایباتی سەرسوڕهێنەری سەردەمی خۆی بووە.

لەمەر قەبری کوروشیش، بەڕاستی با بزانین ستراڤۆن لە کتێبی “جۆغرافیا”دا چۆن باسی دەکا:

“ئەسکەندەر پاشان گەیشتە پاسارگاد، واتە بارەگا و قەسری کۆنی پاشاکان. لێرە چاوی بە گۆڕی کوروش کەوت،  بورجێکی بچووک بوو لەنێو دارستانێکی چڕدا. ئارامگەیەک خاوەن بناغەیەکی پتەو و لەسەر ئەویش مەزارگە و درگایەکی بەرتەنگ. ئاریستۆڤوولۆس لێی وەژوورکەوت و بەفەرمانی ئەلێکساندرۆس گۆڕەکەی ڕازاندەوە. لەوێ تەختی خەوێکی دیت کە شێوەی مێزی دەدا و بەزێڕ و جەواهیرات ڕازابۆوە. ناوبراو لە یەکەم وەژوورکەوتنیدا چاوی بەو شتانە کەوتبوو. جاری دووهەم کە دووبارە سەردانی ئەوێی کردبوو، تەواوی کەلوپەلی مەزارگەکە دزرابوون و تەنیا قەرەوێڵە و تابووتەکە لە شوێنی خۆیان مابوون، ئەوانیش بە شکاوی. دزەکان تەرمی مردووەکەیان ڕاگواستبوو و دەرکەوت کاری چەتەکانە، نەک ساتراپی ناوچەکە، چونکە دزەکان تەنیا ئەو کەرستانەیان جێهێشتبوو کە بردنیان دژواربوو. ئەو ڕووداوانە لەحاڵێکدا قەومابوون کە کۆمەڵێک لە مۆغەکان پاسەوانیی ئەو شوێنەیان پێ ئەسپێردرابوو و بژیوی ڕۆژانەیان مەڕێک و مووچەی مانگانەشیان ئەسپێک بووه”.

بەپێی نووسینەکەی ستراڤۆن بۆمان دەردەکەوێ، نە جەنازەیەکی نێژراو لەو شوێنە هەیە و نەکوروشێک کە ئەمڕۆ فارسەکان تەنیا بە مەبەستی نەتەوەسازیی بەدرۆ، ئەوەیش نەک بە نێوی نەتەوەی پارس، بەڵکوو بەحیسابی نەتەوەیەکی نەبوو بەناوی ئێران، دەچنە شوێنەکە و سوجدە بۆ بینا بەردینەکە دەبەن.

یۆنانییەکان بەوپەڕی متمانە بەخۆبوونەوە باس لە پێگەیشتوویی خۆیان لە سەردەمی باستاندا دەکەن. چونکە لە زانستەکانی فەلسەفە، مێژوو، جۆغرافیا، پزیشکی و هتددا بەڕاستی خاوەن چەندین قوتابخانەی جۆراوجۆر بوونە و ئەژمارێکی زۆر لە کتێبەکانی نووسراوی ئەو سەردەم ڕزگارییان هاتووە. بە خوێندنەوەی سەرچاوە مێژوویییەکان گەلێک زانیاریی بەنرخمان لەو بارەوە دەست دەکەوێ. نووسەرانی ئەو سەردەم کە خۆیان بە قوتابییانی مەکتەبە جیاوازەکان زانیوە، یەک بە دوای ئەوەیتردا خزمەتی زانستیان کردووە. کتێبخانەی ئەسکەندەرییەی میسر یەک لەو شوێنانە بووە کە یۆنانییەکان گەشەیان پێ داوە و لەجیات سووتاندن و وێران کردنی، خزمەتیان پێ کردووە. کالیماخۆس لە سەردەمی پتۆلێمێئۆسی فیلادێلفیدا ژیاوە و بەرپرسی کتێبخانەی ئەسکەندەرییە بووە. زۆر بابەتی پەخشان و شێعری نووسیوە و تەنانەت ڕەخنەی لێ گیراوه کە درێژەدادڕی دەکا. سەبک و شێوازی شێعریی ناوبراو دواتر لەلایەن ڕۆمییەکانەوە گرینگیی پێ دراوە و بە سەبکی کالیماخۆسی ناوی دەرکردووە. لەبەر ئەوەی لە زۆر بواردا شارەزا و زانا بووە، ژمارەیەکی زۆر قوتابی ڕوویان تێ کردووە. لەنێو ئەوانەدا ئاریستۆفانیسی بیزاندی، ئێراتۆستێنیس و ئاپۆلۆنیۆسی ڕۆدۆسی. کالیماخۆس پتر خۆی بە لێکدانەوەی شێعرەکانی ئۆمیرۆس سەرقاڵ کردووە. یا ئێراتۆستێنیس، کە ناسراوترین جۆغرافیزانی یۆنانییە. ناوبراو خەڵکی کیرینێئۆس، لە 276 – 196ی پێش زایین ژیاوە. قوتابی لیسانیا و کالیماخۆس بووە. دوای کالیماخۆس، ئیدارەی کتێبخانەی شاری ئەسکەندەرییەی پێ ئەسپێردراوە. زۆر کتێبی سەبارەت بە جۆغرافیا نووسیوە، بەتایبەت کتێبی ”جۆغرافیا ” لە سێ بەرگدا. ژمارەیەک کتیبیشی لەمەر ماتماتیک، فەلسەفە و ئەستێرەناسی نووسی. ئەو هەروەها مەودای بازنەیی دەوری بیچمی زەویی حیساب کرد. ناوبراو گەلێک بەرهەمی فەلسەفی، ماتماتیک، ئەستێرەناسی و ساڵژمێری و شێعر و بابەتی تری لەدوای خۆی جێهێشت.

هێرۆدۆت لەمەر تایبەتمەندییەکانی پارسەکان لە زۆر شوێن زۆر ڕاشکاوانە باسیان دەکا. هەر لەبەر ئەو جۆرە نووسینانەش، پارسەکان زۆر کەیفیان بە ناوبراو نایە. هەڵبەت لەو شوێنانەی تاریفیان دەکا، هێرۆدۆت بەلایانەوە دەبێتە “باوکی مێژوو”، بەڵام هەرکە بەچاکی نێوی نەهێنان، خێرا لە باوکایەتیی مێژوو دەیشۆرنە و دەڵێن بابەتەکانی داستان و ئەفسانەن. خۆیان هەرچەند میللەتێکی ڕەشوڕووت بوونە، بەڵام کاتێک دەسەڵاتیان دەست کەوتووە، هەم لە خەزێنەی فەرهەنگی گەلانی تر کەڵکیان وەرگرتووە و هەم بە چاوی سووک سەیری ئەو گەلانەیان کردووە کە لە ژێر چەپۆکیاندا بوونە. ئەوەتا هێرۆدۆتی ئەفسانەسەرای باوکی مێژووش بە قەولی ئەوان، لە کتێبی یەکەم، بەندی ١٣١دا بە ڕاشکاوی پێمان دەڵێ: “پارسەکان بەچاوی سووک سەیری گەلانی دوور لە خۆیان دەکەن”.

خۆ ئەگەر هێرۆدۆت گوتبێتی پارسەکان لەسەر سفرەی گەلانی دیکە دەژین و ئەو قسەیە بەدڵی فارسەکان نەبێ، ئەوەتا ستراڤۆن ئەویش لە بەرهەمەکەی خۆی بەناوی “جۆغرافیا”، لە کتێبی ١١ و بەشی ١٣دا دەڵێ:

“هەڵبەت میدیاکان ئەو نەریتانەیان خوڵقاندووە، چونکە بەرلە پارسەکان ئەوانە فەرمانڕەوای ئاسیا بوونە و پارسەکان دواتر بوونەتە جێگرەوەی میدیاکان. بۆ وێنە ئەوەی ئەمڕۆ بەجلوبەرگی پارسی ناسراوە، ئەویش میدیایی بووە. هەروەها هۆگربوون بە کەوانداری، سوارکاری، شێوازی هەڵسوکەوت لەگەڵ پاشاکان، جۆری جلوبەرگیان، ڕێزگرتن لە پاشا وەکوو خوا کە نەریتی پارسەکانە، گشتیان لە میدییەکان وەرگیراون. ئەوانە شتگەلی ڕاستەقینەن و لە جلوبەرگیاندا دەردەکەوێ: مەندیل، کڵاو، ئارەقچنی لبادی کە فارسەکان لە سەریان دەکەن و عەبای کورتی قۆڵدرێژ، پانتۆڵی تەنگ، کۆمەڵە بەرگێکن کە بۆ شوێنی سارد و باکووریی وڵات وەک وڵاتی میدیا کەڵکیان لێ وەرگیراوە. سەبارەت بە ناوچەکانی باشوور، ئەو چەشنە جلوبەرگە کەمتر گونجاون. پارسەکان پتر لە نیزیک دەریای ئێریتره دەژین، باشوورتر لەوان ڤاڤیلی و سووسییەکان نیشتەجێن. دوای ڕوخانی فەرمانڕەوایی میدییەکان، پارسەکان چەند هەرێمێکی میدیاکانیشیان خستەسەر خاکی خۆیان. دابونەریتی شکستخواردووەکان  بەلای سەرکەوتووەکان  ئەوەندە خاوەن شکۆ و گەورەیی شاهانه بوون کە پارسەکان ئامادەبوون جلوبەرگی ژنانەی میدیایی لەبەرخۆیان بکەن، نەک وەک خۆیان ڕووت و ڕەجاڵ بخولێنەوە. ئیتر فێربوون جەستەی خۆیان بە جلوبەرگ داپۆشن” .(جۆغرافیای ستراڤۆن ١١ بەندی ١٣)

هێرۆدۆتیش لە کتێبی یەکەم، بەندی ١٣٦دا چەند خوو و خدەیەکی دیکەی پارسەکانیش ئاشکرا دەکا کە هی خۆیان نییە . ئەو دەڵێ:

“پارسەکان ڕاحەتتر و هاسانتر لە گەلانی تر، عادات و ڕەفتاری بێگانەکان وەردەگرن. شێوەی پۆشینی جلوبەرگی میدییەکانیان لە هی خۆیان پێ باشترە و ڕەچاویان کردووە. لە شەڕەکاندا زرێی میسری دەپۆشن. وەختێک شێوەکانی جۆراوجۆری خۆشگوزەرانیی گەلانی تر دەبینن، خێرا ڕووی تێ دەکەن. پارسەکان مناڵبازی و نێربازی لە یۆنانییەکانەوە فێربوون و خاوەن سیستەمی فرە ژنی و مەعشوقەی زۆرن”.(مێژووی هێرۆدۆت بەندی ١٣٦)

سەیر لەوەدایە کە یۆنانییەکان خاوەن ئەو گشتە زانستە لە بواری جۆراوجۆر بوونە، بەڵام پارسەکان چوون خراپترین و قیزەوەنترین نەریتی ئەوانیان ڕەچاوکردووە، ئەویش مناڵبازی و نێربازی و فرەژنی و مەعشووقەداری!

دوای ئەو خووگرتنە، تا ئەو جێگایە زێدەڕۆیییان کردووە کە کتیسیاس، ئەویش بە ئاشکرا باسیان دەکا و ناویان دێنێ:

لە کتێبی کتیسیاسدا، لە دوو شوێن، واتە لە بەندەکانی ٩٣ و ٩٤دا هاتووە:

“پارسەکان بە ئازادی و دەست ئاوەڵاییەوە لەگەڵ کەسانی مەحرەمی خۆیان واتە دایکەکانیان سەرجێیی دەکەن، لەو بارەوە شارەزان و ناترسن”(کتیسیاس،بەندی ٩٣)

 “پارسەکان لەگەڵ دایکەکانیان سەرجێی و تێکەڵاوی جینسی دەکەن.”(کتیسیاس،بەندی ٩٤)

دیارە میللەتی بێ فەرهەنگ، وەکوو زێروو بە جەستەی گەلانی دیکەوە دەنوسێت و لە خەزێنە و سامانی ئەوان دەخوات. ئەو هەموو هاتوهاوارە دەکەن و بەلایانەوە شانازییە کە ئیمپراتۆری هیخامەنیشی چی بەسەر گەلانی دیکە هێناوە، لەحاڵێکدا هەر ئەو ئیمپراتۆرییە لە سەرتاسەری خاکی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا نەیتوانیوە پزیشکێک پەروەردە بکا و هەمیشە ناچاربووە پزیشکانی یۆنانی بە زۆرە ملی و بە زەبری چەک و پارە ڕابگرێ.

 “لە نێوەڕاستی دیوەخانی پاشادا وێستا، داریوش سەبارەت بە حەکیمایەتیی ئەو لێی پرسی. دیمۆکیدیس گەرەکی نەبوو خۆی ئاشکرا بکات، لەوە دەترسا جارێکی تر چاوی بە وڵاتەکەی نەکەوێتەوە. داریوش تێگەیی کە دیمۆکیدیس درۆ دەکا، فەرمانی بەو کەسانەدا کە ناوبراویان هێنابووه لای ئەو، کە خێرا قەمچی و کۆمەڵێک بزمار بێنن. دیمۆکیدیس ترسی ڕێنیشت و خۆی ئاشکرا کرد.(کتیسیاس، بەندی ١٣١)

“دیمۆکیدیس پاش ئەوەی لە شاری شوش موداوای داریوشی کرد، خانوویەکی گەورەی بۆ سازکرا و هاوسفرەی پاشا بوو و پێکەوە زیافەتیان دەکرد. ئیزنی پێ درابوو کە چی دڵی دەخوازێ بیکا، تەنیا یەک شت نەبێ، ئەویش بۆی نەبوو بگەڕێتەوە وڵاتی یۆنان”.(کتیسیاس بەندی ١٣٢)

تەنانەت ڕاگرتنی “کتیسیاس”یش لە بارەگای هیخامەنیشییەکان لەلایەن ئەردەشیر پاشاوە بۆ ماوەی ١٧ ساڵ وەکوو پزیشک خۆی بەڵگەیەکی ترە. کتیسیاس مێژوونووس و پزیشک بوو و زانیارییە مێژوویییەکانی خۆی لە کۆمەڵە کتێبێکدا نووسی کە لە ١٧ جڵد پێکهاتبوو و بەناوی “پێرسیکا” ناوبانگی دەرکرد.

پارسەکانی دوێنێ و ئێرانییەکانی ئەمڕۆ زۆر زوو خۆیان ناسیوە و بە تواناکانی خۆیان زانیوە و خێرا ستراتێژییەکی ئەوتۆیان داڕشتووە کە هەزاران ساڵە بۆ ئەوان خێری داوەتەوە. وەسیەتێکی مێژوویییان بەجێ گەیاندووە کە بە درێژایی مێژووەکەیان پێی بوونەتە ماڵ. وەسیەتەکە هی یەک لە گەورەکانی خۆیان بووە و تەنانەت کوروشەکەشیان ڕەچاوی کردووە و مایەی بۆ داناوە. هێرۆدۆتی یۆنانی زۆر جوان لە کتێبی مێژووی شەڕی پارسەکاندا ئیشارە بەو وەسیەتە دەکا. ناوبراو لە کتێبی نۆهەم و بەندی ١٢٢دا دەڵێ: “ئارتایئیکتیس، ئەو کەسەی لە خاچ درا، باپیرێکی هەبوو بەناوی ئارتێمڤاریس. ئەو کابرایە بەر لە کوژرانی، ئامۆژگارییەکی پارسەکانی کردبوو. ئەو ئامۆژگارییە دواتر بەهۆی پارسەکانەوە گەیشتبووە دەست کوروش و بەو چەشنە بوو: ”لەبەر ئەوەی خواوەند دیاریی پێشەوایی بە تۆ و پارسەکان بەخشی، لەبەر ئەوەی تۆ فەرمانڕەوایی ئاستیاگت ڕووخاند، لەبەر ئەوەی ئێمە لەسەر خاکێکی کەم و بێ بەهرە دەژین، باشترە لێرە بڕۆین و بچینە سەر خاکێکی بە پیت. گەلێک وڵاتی دراوسێی دوور و نێزیکی ئێمە هەن، با خاکی یەکێک لەوانە داگیربکەین و ببینە مایەی حوڕمەتی پتر لەلایەن مرۆڤی زۆرترەوە. ئەوەش دیاردەیەکی سروشتییە کە کەسانی تر ڕێبەریی خەڵکانی تر بکەن. من پێم وایە ئەوکاتە دەرفەتی گونجاوتر لە ئێستامان دەست دەکەوێ ئەگەر پاشایەتی بەسەر گەلانی تر و تەواوی ئاسیادا بکەین”. کوروش گوێی لەو ئامۆژگاری و پێشنیارە گرت و هیچ دژایەتییەکی لەگەڵدا نەکرد، بەڵکوو داوای لە پارسەکان کرد وەبەرچاوی بگرن و جێبەجێ بکەن”.

کوروش ئەو کاتە بە پارسەکانی گووت: ”پارسەکان! پێویستە ئەوە بزانن کە خاکی نەرم مرۆڤی نەرم بەرهەم دێنێ، دەغڵ و دانی زۆر و پیاوی جوامێر و شەڕکەر لەو خاکە نەرمەی ئێمە بەرهەم نایە، بۆیە هەمیشە مەترسیی ئەوەتان لەسەرە کە گوێرایەڵ و سەرشۆڕ بن، نەک خاوەن هێز و دەسەڵات”.(مێژووی شەڕەکانی پارس ٩، بەندی ١٢٢) پارسەکان لەو گوتەیەی کوروش تێگەیشتن و بەلایانەوە ماقوڵترین ئامۆژگاریی ناوبراو بوو. لەو سەردەمەوە بە باشیان زانی فەرمانڕەوایی بەسەر گەلانی وڵاتانی هەژاردا بکەن، نەک دەشتە پانوپۆڕەکانی خۆیان داچێنن، بەڵام لەولاوە کۆیلەی نەتەوەی تر بن.

ڕاست لێرەدا و دوای ئەو وەسیەتە، ئاکامی داگیرکاریی ئەو نەتەوەیە دەبینین کە چۆن بوونەتە مایەی ماڵوێرانیی گەلانی دیکە و سەیرەکەی لەوەشدایە کە شانازی بەو داگیرکاری و سووتمان و زەڕەی خۆیان دەکەن و بە گەشەی فەرهەنگ و شارستانییەتی دەزانن. ئەرێ بەڕاست، لە کوێی دنیادا کوشتن و سووتاندن و وێران کردن و داگیرکاری، بووەتە ئیفتیخار و شانازی و پێشکەوتووییی فەرهەنگی؟ بۆ وەرگرتنەوەی وڵامێک، پێم وایە هەر دەبێ لە ئێرانییەکان خۆیان بپرسین. پارسەکان تا ئەو جێیە ڕووهەڵماڵاوییان نواندووە کە پێشکەوتنی زانست و پەروەردەی یۆنانییەکانیان پێ سووکە و دەسەڵاتداریەتیی هیخامەنیشییان پێ لە فەرمانڕەوایی میدییەکانیش بەلاوە گرینگترە. هەر لەو بارەوە با بزانین هێرۆدۆت لە کتێبی یەکەم و دواپاراگرافی بەندی ٩٥ و بەندی ٩٦دا سەبارەت بە میدییەکان چۆن دەدوێ:

“ئاسوورییەکان(ئاشووری) بۆ ماوەی پێنسەد ساڵ دەسەڵاتداری ئاسیای ژوروو بوون. میدییەکان یەکەم نەتەوە بوون کە دژی ئاسوورییەکان ڕاپەڕین. ئەوان بۆ ڕزگاری و سەربەستیی خۆیان شەڕی ئاسوورییەکانیان کرد و جوامێری و بوێرییان نواند و سەربەستییان وەدەست هێنا. دواتر گەلانی تریش چەشنی میدییەکان هەمان ڕێگایان گرتەبەر و خۆیان ڕزگارکرد”. (هێرۆدۆت کتێبی یەکەم بەندی ٩٥)

“دوای ئەو ئاڵوگۆڕانە، گشت گەلانی ئاسیای بچووک بوونە خاوەن سەربەخۆییی خۆیان، بەڵام دواتر دووبارە چەشنی کۆیلە و یەخسیر کەوتنەوە ژێردەستی تاکە کەسێک (کوروش – وەرگێڕ). ڕەوتی ڕووداوەکان بەو شێوەیە بوو: لەنێو میدییەکاندا مرۆڤێکی وشیار و زیرک بە ناوی دییۆکیس (دیاکۆ)، کوڕی فەرائۆرت هاتە مەیدان. ناوبراو ئەو کاتە قازی بوو”.(هێرۆدۆت کتێبی یەکەم بەندی ٩٦)

ئەخلاق بەلای پارسەکانەوە هیچکات نرخی نەبووە. ئەگەر لە ژیانی ڕۆژانەیاندا گرینگییان پێ نەداوە، لە حوکمڕانی و دەسەڵاتداریشدا هەر بەوجۆرە جوڵاونەوە کە تەنیا لە خۆیان وەشاوەتەوە. سوێند بەلایانەوە مانای نەبووە و بەڵێن واتە بەرژەوەندیی کاتی. ئەو سیاسەتەی تا بە ئیمرۆش بەڕێوەی دەبەن. دەهۆ و هەڵفریواندن و سوێند و بەڵێن ژێرپێنان بە زیرەکی دەزانن و ناجوامێرانە کوشتنی دژبەرەکانیان بە قارەمانەتی دادنێن.

 لە مێژووی مۆدێڕندا زۆر نموونەمان هەیە باسی بکەین، بەڵام با سەیرێکی مێژووی کۆن بکەین و بزانین پارسەکانی هیخامەنیشی خاوەن چۆن مۆراڵێک(ڕەوشتێک) بوونە.

گزنفۆن لە کتێبی ئاناباسدا باس لە خەیانەتێک دەکا کە پارسەکان چۆن بە درۆ فەرماندە یۆنانییەکانیان بانگهێشتی زیافەتێک کردووە و چییان بەسەر هێناون: “یۆنانییەکان شەرتەکانیان قبوڵ کرد. هەردوو لایان سوێندیان خوارد، تیسافێرن و ژنبرای پاشا دەستی ڕاستی خۆیان بۆ لای سەرکردەکانی یۆنانی ڕاداشت و پێکەوە تەوقەیان کرد. دوای ئەو ڕووداوه، تیسافێرن گوتی: ”ئێستا دەچمەوە لای پاشا، هەر کە کارەکانم جێبەجێ کرد، دەگەڕێمەوە لاتان، بۆ ئەوەی بتانگەڕێنمەوە یۆنان و منیش خۆم بچمەوە سەر حوکمڕانیی ساتراپییەکەم.” سەرکردەکان: پرۆکسێنۆسی ڤیئۆتی، مێنۆنی تێسالی، ئایاسی ئارکادی، کلێئارخۆسی لاکۆنی و سوقڕاتی؛ ئاخایی بوون. ئەوانە چوونە خێمەی تیسافێرن، باقیی سەرکردە و فەرماندەرەکانی دیکە لە دەرەوەی خێمە چاوەڕوان مانەوە. دوای تاوێک، تەواوی سەرکردەکانی نێو خێمە دەستبەسەر کران. بە هەمان دەستوور گشت ئەو کەسانەی لە دەرەوە وەستابوون، گیران و سەریان لێ درا. دوای ئەو ڕووداوە، هێزەکانی بەربەر ڕوویان لە بیابان کرد و هەر یۆنانییەکی لەسەر ڕێگا دەستیان کەوت، نیزامی و نانیزامی، له جێوە کوشتیان”.

لێرە ئاماژەیەک بە خەشایارشاکەشیان دەکەین کە زۆری شانازی پێوە دەکەن. له مێژووی هێرۆدۆتدا لەسەر خەشایارشا هاتووە: “کاتێک کسێرکیس (خەشایار) لە قسەکانی بووەوە، بەنێو کوژراوەکاندا دەربازبوو و بیستبووی لێئۆنیداس پاشا و سەرکردەی لاکێدێمۆنییەکان لەنێویاندا. دەستووری دا سەری ببڕن و بە نووکی کۆڵەکەیەکی وەکەن. بەو کردەوەیە و لە زۆر بەڵگەی تردا دەرکەوتووە کە کسێرکیس  لەنێو گشت دوژمنەکانیدا، پتر لە هەر کەسێکی تر، ڕقی له لێئۆنیداس بووه. ئەگەر ئاوا نەبوایە، هیچکات پاشا ئەو بێ ئەخلاقییەی لەگەڵ جەنازەی مردوو نەدەکرد، ئەوجۆرەی بیستبووم پارسەکان تەواوێک قەدری پیاوی شەڕکەری بوێر دەگرن. لەهەرحاڵدا ئەوەی کسێرکیس داوای کرد، بەجێیان گەیاند”.(هێرۆدۆت، ١٠٢١)

یا هەر ئەو کوروشەی بەردەوام باسی دەکەن کە ئینسانێکی بە ئەخلاق بووە و ڕێزی ئینسانەکانی گرتووە، تەنانەت شووهەڵدەکێشن و دەڵێن: “مافی مرۆڤی نوسیوە”، بزانین چۆن بووە. هێرۆدۆت دەڵێ: “تۆمیریس وەختێک خەبەری پێ گەیی کە چ بەسەر لەشکر و کوڕەکەی هاتووە، ڕاسپاردەی ناردە لای کوروش و پێی گوت: ” کوروشی خوێنخۆر! سەبارەت بەو ڕووداوە، شانازی بە سەرکەوتن مەکە، چونکە شەڕابت بەکارهێنا، ئەوەی تەنگەکانت پێ ئەستوور کردووە. ئێوە بە خواردنەوەی شەڕاب هزر و فام لە لەشتاندا دادەبەزێ و چی ناحەزە بەسەر زارتاندا دێ. بە حیللە و بە یارمەتیی ئەو دەرمانە، کوڕی منتان لە داو خست، نەک بە شەڕێکی بەرامبەر و جوامێرانە لە مەیداندا. ئێستاش باشتر وایە کە گوێ لە ئامۆژگارییەکانی بەنرخی من بگری. هەرچەند یەک لە سێی لەشکرەکەمت لەنێو بردووه، داوادەکەم کوڕەکەم بنێرەوە لام و لە وڵاتەکەم دەرکەوە، بەبێ ئەوەی تووشی ڕووداوی ناخۆش بێی. ئەگەر بەقسەم نەکەی، سوێند بە خۆر، خوای ماساغێتییەکان دەخۆم و بەڵێن بە گەورەی ئایینی میللەتەکم دەدەم کە خوێنت دەرخوارد بدەم، هەرچەند دەزانم تینوێتیت قەت ناشکێ ”. (مێژووی هێرۆدۆت، بەندی ٢١٢)

هێرۆدۆت لە درێژەدا دەڵێت: “کوروش پەیامەکەی بەهێند وەرنەگرت. سپارغاپیس، کوڕی خاتوو تۆمیریس، ئەویش وەهۆش هاتەوە و لێی حاڵی بوو کە تووشی چ چارەنووسێک هاتووە. داوای لە کوروش کرد کە دەستبەندەکانی بکەنەوە. وەختێک دەستەکانی ئازاد بوون، لەجێوە خۆی کوشت”.(مێژووی هێرۆدۆت، بەندی ٢١٣) “سپارغاپیس بەو چەشنە مرد. خاتوو تۆمیریس لەبەر ئەوەی کوروش داواکانی بەجێ نەگەیاند، تەواوی لەشکرەکەی بۆ شەڕ کۆکردەوه و بەرەو گۆڕەپانی شەڕچوو”. (مێژووی هێرۆدۆت، بەندی ٢١٤)

هێرۆدۆت لەسەر کوژرانی کوروش ئاوا دەگێرێتەوە: “من لەو باوەڕەدام کە لەنێو گشت ئەو شەڕانەی لەنێوان بەربەرەکاندا قەوماون، ئەوەیان لە هەموویان تووندتر بووە. دەگێڕنەوە کە لە سەرەتای شەڕدا دوو لایەن ڕوبەڕوی یەکتر وێستان و دەستیان بە تیرهاوێژی کرد، پاشان لەبەر ئەوەی کە تیرەکانیان تەواو بوو، ئامبازی یەکتر بوون و شەڕی تاکەکەسی قەوما. شەڕی ئەو جارەیان بە نێزە و شمشێر بوو. ئەو جەنگە ماوەیەکی زۆری خایاند و هیچکەس حازر بە پاشەکشه نەبوو. لەکۆتاییدا ماساغێتییەکان سەرکەوتن. بەشی هەرەزۆری لەشکری پارس لەو مەیدانەدا تێداچوو و کوروش خۆیشی پاش بیست و نۆ ساڵ پاشایەتی کوژرا. تۆمیریس داوای مەشکێکی پڕ لە خوێنی مرۆڤی کرد و خێرا بۆیان هێنا و ئەوجار داوای کرد تەرمی کوروشی بۆ بدۆزنەوە. کاتێک جەنازەی کوروش دیترایەوە، تۆمیریس سەری مەشکی خوێنی بە زاری ناوبراوەوە کرد و کەلاکەکەی ئازاردا و پاشان گوتی: ” تۆ منت وێران کرد، هەرچەند زیندووم و براوەی شەڕ. تۆ کوڕەکەی منت بە حیللە کوشت، ئێستاش لەبەر ئەوەی هەڕەشەم لێ کردبووی، ئیتر دەبێ تێروپڕ خوێنت دەرخوارد بدەم ”.(مێژووی هێرۆدۆت، بەندی ٢١٤)

دوای ڕووخانی ئیمپراتۆری میدیا و هاتنەسەرکاری هیخامەنیشییەکان، دۆخی ناوچەکەش بەتەواوی ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات و شەڕ و وێرانکاری دەستی پێ کرد. پارسەکان بەو هەستی پاوانخوازییەی هەیانە و تا ئێستاش بەردەوامە، هەر جارێ پەلاماری شوێنێکیان داوە و تووشی نەهامەتییان کردووە. یۆنانییەکان، ڕەنگە ئەوانیش هەستێکی مەزنیخوازی لە زەینیاندا هەبووبێ، بەڵام لانیکەم پێشکەوتن و ئاوەدانیشیان پێشکەش کردووە. هەر لە “مێژووی شەڕی پارسەکان”دا هێرۆدۆت بەو چەشنە باسی شاری ئەسکەندەرییەی میسر دەکا کە ئەودەم بە یارمەتیی زانایانی میسری و یۆنانی، بووەتە گەورەترین و ناسراوترین ناوەندی زانستی.

” ئەو شوێنە ئێستا بووەتە بەشێک لە شاری ئەلێکساندریا  و لە سەرەوەی لەنگەرگەی گەمییەکان جێی گرتووە و بەسەر ئەوێدا دەڕوانێ. ناوچەکانی دراوسێی ئەو کۆنە ئاواییە کە سەردەمێک ئاوەدان بووە، دراوە بە خێڵ و عەشیرەکانی دەوروبەر، بۆوەی پێش بە هاتنی خەڵکی بێگانە بگرن. کاتێک ئەلێکساندرۆس گرینگی و ئیمکاناتی ئەو دەڤەرەی بەرچاوکەوت، بڕیاری دا لەوێ بەندەرێک دروست بکەن و بە دیوار و حەساری مەحکەم دەوری بگرن. لەکاتی نەخشەکێشانی شار و بەندەرەکە، زانیارییەکی فرە تۆمارکراوە. ڕووداوێک کە بووە مایەی خۆش شانسیی شارەکه، ئەوە بوو کە کاتێک مێعمارەکان سەرقاڵی کێشانی نەخشەی شار بە گێچ بوون، گێچیان لێ بڕا، ڕاست لەکاتی تەواوبوونی گێچ، ئەسکەندەر بۆ بەسەرکردنەوەی پێشوەچوونی کارەکان هاتووەتە ئەوێ. خێرا ئاردی جۆی پێ داون و مێعمارەکان نەخشەی کوچە و کۆڵانەکانیان پێ کێشاوە. خەڵکەکە خۆیان ئەو ڕووداوەیان وەکوو خۆش ئیقباڵی لێکداوەتەوە.

یا سەبارەت بە شاری سمیرنی (ئەزمیر) کە یۆنانییەکان لە سەردەمی خۆیاندا ئاوەدانیان کردووەتەوە و گەشەی سەندووە و دواتر لە سەردەمی ئەتاتورکدا تەواوی مەسیحییەکانی نیشتەجێی ئەو شارە، بەتایبەت یۆنانییەکان کۆمەڵکوژ دەکرێن، چۆن شارێک بووە. ئاخر تورکی داگیرکەریش چەشنی پارسەکان هێرش و داگیرکاری و خوێنڕشتنیان بەلاوە شانازییە و بە کوشتن و وێرانی و داگیرکاریی خۆیان دەڵێن مێژووی بە شکۆی شارستانییەت، با بزانین ستراڤۆن لە کتێبی “جۆغرافیا”دا چۆن باسی سمیرنی دەکا:

“لە درێژەدا چاومان بە کەنداوێکی تر دەکەوێ کە لە کەنارئاوی ئەو، سمیرنی کۆن  بە مەودای بیست ستادیۆ دوور لە سمیرنی تازە دروست کرابوو. لیدییەکان بۆ ماوەی چوارسەد ساڵ حوکمڕانیی شاری سمیرنییان کرد. ئەوان شارەکەیان بەسەر چەند شارۆچکەی بچووکدا دابەش کردبوو.  پاشان ئەندیغۆنۆس و دوای ئەویش لیسیماخۆس شارەکەیان دووبارە دروست کردەوە.  ئەمڕۆ جوانتر لە شارەکانی دیکەیە. بەشێکی شار بەرەو چیا، خاوەن شوورەیە، بەڵام بەشی زۆرتری لە دەشتایی هەڵکەوتووە و بەرەو بەندەر و میترۆئۆ و وەرزشگە ڕاکشاوە. نەخشەی باشی بۆ داڕێژراوە و شەقامەکانی گەلێک بەرفراوانن. جادە و کۆڵانەکان بەردڕێژکراون. شار خاوەن کۆمەڵێک هەیوانی چوارگۆشەی دووبانەکییە. کتێبخانەی هەیە و بینای ئۆمیرۆسیش دروست کراوە”.(جوغرافیای ستراڤون بەندی ٣٧)

ئارغۆسییەکان شاری تارسۆسیان دروست کردووە، ئێستا لە پارێزگای مێرسینی تورکیا هەڵکەوتووە. لە سەردەمی ڕۆمییەکاندا ئەو شارەش نوێنگەی فەیلەسوف و گەورە زانایان بووە. ستراڤۆن لە باسی ئەوێشدا بەو جۆرە دەدوێ: “دانیشتووانی شاری تارسۆ گەلێک تامەزرۆی فێربوون و گەشەی زانستن، نەتەنیا لە بواری فەلسەفەدا، بەڵکوو لە گشت بوارێکی دیکەی زانستی لە خەڵکی ئاتێن و ئەسکەندەرییە پێشکەوتووترن.  جیاوازیی ئەو شارە لەوەدایە کە هەموو ئەو کەسانەی هۆگری زانست و فێربوون و خوێندنن خەڵکی خودی شارەکەن. خەڵکی بێگانە خوازیاری هاتن و مانەوە لێرە نین. دیارە ئەوانەی کە لێرە دەخوێنن، هەربەوەندە ڕازی نابن و بە مەبەستی تەواوکردن و خوێندنی باڵا ڕوو لە دەرەوە دەکەن. کاتێک پێگەیشتن و خوێندنیان تەواو کرد، ژمارەیەکی کەمیان دەمێننەوە و زۆربەیان دەگەڕێنەوە تارسۆ. سەبارەت بە شارەکانی دیکەی جیا لە ئەسکەندەرییە کە ناوەندی زانست و عیلمن و ناوم هێناون، ئەو بۆچوونە بە پێچەوانەیە. زۆربەی خوێندکاران لە شارەکانی دیکە کە خۆشترن دەمێننەوە و ناگەڕێنەوە مەوتەنی خۆیان. بۆ شاری تارسۆ وا نییە. بەدەگمەن کەسێکی خەڵکی ئەوێ بەرچاودەکەوێ لە دەرەوە بژی، مەگەر ناچاربووبێ. لە ئەسکەندەرییە هەردوو حاڵەت هەیە. لەلایەکەوە خەڵکانی دەرەوە بە مەبەستی خوێندن و فێربوون ڕوو لەو شارە دەکەن و لەولاشەوە دانیشتووانی ئەسکەندەرییە بەرەو ناوەندەکانی تری فێربوون دەچن و ژمارەشیان کەم نین. لەوەش گەڕێین کە شاری تارسۆ خۆی چەندین قوتابخانەی فەلسەفیی جۆراوجۆری هەیە. لەسەر یەک نەک شارێکی خاوەن خەڵکی تێکۆشەر و ڕووناکبیرە، بەڵکوو باژێڕێکی بەوەج و شایانی ناسناوی شاری دایکە ”پێتەخت/میترۆپۆلی”.(جغرافیای ستراڤون بەندی ١٣)

هەر لە درێژەی باسی شاری تارسۆ ستراڤون دەڵێت :”فیلۆسۆفی ڕەواقی (ستۆویکی) ئەندی پاترۆس، بەناوەکانی ئارخێدیمۆس و نێستۆر لە شاری تارسۆ لە دایک بوونە. فیلۆسۆفی دیکەش هەبوونە کە ئەوانیش بە ناوی ئاتینۆدۆرۆس ناسراو بوونە…..”.(جوغرافیای ستراڤون بەندی ١٤)

ئەگەر درێژدادڕیم نەکردبێ، بۆیە وەها بەوردی باسی جیاوازیی فەرهەنگیی ئەو دوو نەتەوەیە، واتە پارسەکانی کۆن و ئێرانییەکانی ئەمڕۆم کردووە، چونکە پارسەکان بە درێژاییی مێژوو کوردەکانیان پێ دز و چەتە بووە. لەحاڵێکدا هەر ئەو کوردانە کە شەڕیان دژی لەشکری یۆنانی کردووە، نووسەرە یۆنانییەکان بە دز و چەتە ناویان ناهێنن. کەسانێکی وەکوو هێرۆدۆت یا گزنفۆن چی زانیاریی دەستیان کەوتبێ، بە ئەمانەتەوە نووسیویانەتەوە و بۆ جیلەکانی دوایی جێیان هێشتووە، بەڵام ئێرانییەکانی ئەمڕۆ چی زانیاریی تۆمارکراوی نووسەرە بیانییەکانە، خێرا خۆیان گەیاندووەتێ و بە قازانجی خۆیان و بە زەرەری خەڵکانی دراوسێ و بەتایبەتی کوردەکان گۆڕیویانە.

بۆ وێنە هەر لە ئاناباسی گزنفۆندا، وەک پێشتریش باسم کردووە، لە هیچ شوێنێکی ئەو کتێبەدا ناو و وشەی “ئێران و ئێرانی” نەهاتووە و هەمیشە لە چەند وێژەیەکی چەشنی یۆنانییەکان، بەربەرەکان، کاردووخەکان و پارسەکان کەڵک وەرگیراوە، بەڵام لە وەرگێڕدراوە فارسییەکاندا، هەموویان گۆڕیون و نووسیویانە یۆنانی و ئێرانییەکان. هەڵبەت هەتا شەڕ و دیدار و سەفەر و ڕووداوەکان لە خاکی پارسەکاندا قەوماون، ئەوە “یۆنانی و ئێرانی” دەکارکراوە، (لە وەرگێڕدراو بە فارسی) هەرکە ئەو شەڕ و ڕووداوانە هاتوونەتە سەر خاکی کاردووخەکان یا کوردەکان، ئەوە وێژەی ” یۆنانی و بەربەرەکان” هاتووەتەوە جێی خۆی. لە وەرگێڕدراوەکانی دیکەشدا، وەکوو مێژووی هێرۆدۆت یا تووکیدیدیس و کتیسیاسیشدا هەر بە هەمان شێوە دەستکارییان کردوون.


* عەلی فەتحی، نووسەر و وەرگێر، ساڵی ١٩٦٠ی زایینی لە شاری شنۆ لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لەشنۆ عەلی فەتحی، نووسەر و وەرگێر، ساڵی ١٩٦٠ی زایینی لە شاری شنۆ لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە شنۆ تەواوکردووە. ساڵی ١٩٨٦ بورسی خوێندنی لە وڵاتی یۆنان وەرگرتووە و لە زانکۆی پۆلیتێکنیکی شاری ئاتێن ماستێری لە ڕشتەی مێعماری و شارسازی وەرگرتووە، کاک عەلی وەرگێڕی یۆنانی بە کوردییە و هەتا ئێستا بەشێک لە مێژوو و وێژەی یۆنانی کردووە بە کوردی و لە وەرگێڕاوەکانی دەکرێت، ئاماژە بە ئاناباس، مێژووی شەڕەکانی پارس و جۆغرافیای ستراڤۆن بکەین. 



پەراوێزەکان

[i] . مێژووی شەڕی پارسەکان، ناسراو بە مێژووی هێرۆدۆت، نووسەر هێرۆدۆت، وەرگێڕ عەلی فەتحی – چاپی دەزگای موکریانی لە هەولێر، ساڵی ٢٠١٣ –  چاپەمەنیی مانگ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵی ٢٠١٩

[ii] ـ  ئاناباس، نووسەر گزنفۆن، وەرگێڕ عەلی فەتحی – چاپی دەزگای موکریانی لە هەولێر، ساڵی ٢٠١٣ –  چاپەمەنیی مانگ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵی ٢٠١٩

[iii] . جوغڕافیا، نووسەر ستراڤۆن، وەرگێڕ عەلی فەتحی – چاپی دەزگای موکریانی لە هەولێر، ساڵی ٢٠١٣ –  چاپەمەنیی مانگ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵی ٢٠١٩

[iv] . – کتیسیاس، نووسەر کتیسیاس، وەرگێڕ عەلی فەتحی – چاپەمەنیی مانگ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵی ٢٠١٩

داگرتنی بابەت