ئارامتر بخوێنەوە
گوتاری سیاسی، ئاپاراتووسەکانی خۆی دەبینێتەوە
سەرۆ شەمزینی
1ـ باسی سەرەکیی ئەم نووسراوەیە له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه داده‌مه‌زرێ که هه‌ر حیزب و بزووتنەوەیەکی سیاسی له چه‌ندین به‌شی سه‌ره‌کی پێک دێ. ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م پێکهاته‌ی حیزب و بزووتنەوە به کامپیۆتێرێک بشوبهێنین، ده‌توانین بڵێین به‌شێکی ئه‌م پێکهاته‌یه له حوکمی نه‌رم‌ئامێری ئه‌و کامپیۆتێره‌دایه و ئه‌وه‌ی تریان له حوکمی سه‌خت‌ئامیره‌که‌یه‌تی. نه‌رم‌ئامێری حیزبێکی سیاسی بریتییه له‌و کۆمه‌ڵه به‌رنامه سیاسییانه‌ی وا ئه‌م حیزبه ده‌یانکاته ئامانجی خۆی و خه‌ڵکانێک له‌ژێر چه‌تری خه‌بات بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجانه کۆ ده‌کاته‌وه و سه‌خت‌ئامێره‌که‌شی بریتییه له‌و ئیمکاناته ماددی و هێزه ئینسانییانه‌ی حیزب له‌به‌ر ده‌ستیدایه. به‌ڵام جیاوازییه‌کیش له‌نێوان سیستمێکی له چه‌شنی کامپیۆتێر و پێکهاته‌ی حیزب له‌گۆڕێدایه. جیاوازییه‌که ئه‌وه‌یه که پڕۆگرامی کامپیۆتێر بۆ به‌ڕێوه‌چوون، پێویستیی به شیکردنه‌وه و فێرکاری و ناساندن و قه‌ناعه‌ت پێ هێنانی زیاتر نییه. به‌پێچه‌وانه له حیزب و ته‌شکیلاتی سیاسی‌دا دوای ئه‌وه‌ی ستراتێژی و پێڕه‌و و به‌رنامه‌یه‌کی دروست و واقیعبینانه ڕه‌چاو ده‌کرێ، ئه‌و ستراتێژی و به‌رنامه‌یه بۆ وه‌رگیرانی زیاتر و سه‌قامگیر بوونی له‌ناو زه‌ینی ئه‌ندامان و خه‌ڵکی تریش پێویستی به شیکردنه‌وه و گه‌شه‌پێدان و ڕمێن پێدانه. ستراتێژیی سه‌ره‌کیی حیزبێک له‌وانه‌یه له چوارچێوه‌ی ڕسته‌یه‌کدا کورت بێته‌وه. به‌ڵام ئه‌و ڕسته کورته پێویستیی به پشتێنه‌یه‌کی پشتیوانی تیۆریک هه‌یه. ئه‌و پشتێنه پشتیوانه که له شیکردنه‌وه و تیۆریی فه‌لسه‌فی و کۆمه‌ڵناسانه و سیاسی و باسی مێژوویی و هتد پێک هاتووه، هه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌یه که له‌ژێر سه‌ردێڕی “گوتار” (discourse)دا پێناسه ده‌کرێ. که‌وایه ئه‌و ئیمکانه له‌گۆڕێدایه حیزب یان بزووتنەوەیەکی سیاسی ستراتێژییه‌کی گشتیی دروستی بۆ خه‌بات ڕه‌چاو کردبێ و، ته‌شکیلات و هێزی ئینسانیشی له‌به‌ر ده‌ستدا بێ، به‌ڵام له‌باری گوتاره‌وه هه‌ژار بێ. له بارودۆخێکی ئه‌وتۆدا ده‌ڵێین ئه‌م حیزب یان بزووتنەوەیە تووشی بۆشا‌ییی گوتار بووه.
بۆشا‌ییی گوتار هێندێک نیشانه‌ی هه‌یه که ئه‌گه‌ر ئه‌و نیشانانه له حیزبێکی سیاسی‌دا به‌دی کران، ده‌توانین به دڵنیایی‌یه‌وه به‌م ئاکامه بگه‌ین که ئه‌م حیزبه تووشی نه‌خۆشیی بۆشا‌ییی گوتار بووه.
1ـ1 یه‌کێک له‌و نیشانانه ئه‌مه‌یه که به‌ره‌به‌ره ستراتێژیی دروست و مێژووی پاکی ئه‌و حیزبه له لایه‌ن گرووپ و ده‌سته و ته‌شکیلاتی تره‌وه ده‌دزرێ و به‌ساحه‌ب ده‌کرێ. هۆی ئه‌م دیارده‌یه ئه‌وه‌یه که هه‌روه‌ک له‌پێشدا ئاماژه‌مان پێ‌کرد، ستراتێژی، پێویستیی به پشتێنه‌یه‌کی پشتیوان هه‌یه. ئه‌و پشتێنه‌یه له جینسی گوتاره. کاتێک بۆشا‌ییی گوتار له‌گۆڕێدا بوو، حیزب و ڕێکخراوی سیاسی ناتوانێ دروشمه ڕه‌واکه‌ی و مێژووه پڕشنگداره‌که‌ی به‌ساحه‌ب بکا و، هه‌ر بۆیه ده‌سته و تاقم و حیزبی تر ئه‌م بۆشایی‌یه له‌ناو حیزبه سه‌ره‌کییه‌کەدا ده‌قۆزنه‌وه و، هه‌وڵ ده‌ده‌ن ستراتێژی و مێژووه‌که به‌ساحه‌ب بکه‌ن. ئه‌و دۆخه به‌ره‌و ئه‌م ئه‌نجامه ده‌ڕوا که حیزبه سه‌ره‌کییه‌که به‌ره‌به‌ره جێگه و پێگه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که و ڕێژه‌ی ئه‌ندامان و ئیمکاناتی ماددی له کیس بدا و، به‌م شێوه‌یه ڕێژه‌ی شه‌رعییه‌تییه‌که‌شی که پێوه‌ندییه‌کی قایمی له‌گه‌ڵ کارامه‌ییی ئه‌و حیزبه هه‌یه، داببه‌زێ.
1ـ2 نیشانه‌یه‌کی تری بۆشا‌ییی گوتار له‌ناو حیزب و ته‌شکیلاتێکی سیاسی‌دا ئه‌وه‌یه که هه‌ندێک جار وشه و ده‌سته‌واژه و گوته‌ی وا له‌ناو ئه‌ده‌بیاتی ئه‌م حیزبەدا ده‌بیسترێ که له حیزب و تاقمه‌کانی تره‌وه وه‌رگیراون و هی خودی ئه‌و حیزبه نین و، له‌گه‌ڵ بۆچوونی گشتی و سیاسه‌ته‌کانی ئه‌م حیزبه ناته‌بان؛ یان ئه‌گه‌ر ناته‌باش نه‌بن، به‌لانیکه‌مه‌وه نیشانه‌ی کاریگه‌رییه‌تیی ئه‌و حیزب و ته‌شکیلاته‌ی تر له‌سه‌ر حیزبی به‌رباسن.
پێویسته لێره‌دا که‌وانه‌یه‌ک بکه‌ینه‌وه و ئاماژه به خاڵێکی شیاوی سه‌رنج بکه‌ین. خۆ بواردن له وه‌رگرتنی وشه و ده‌سته‌واژه و به‌ڵگه و گوته‌ی جۆراوجۆر له گوتاره‌کانی تر، به هیچ شێوه‌یه‌ک نیشانه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و به‌هێزبوونی گوتار نییه؛ به‌پێچه‌وانه ئه‌و حیزب و ڕێکخراوانه‌ی خاوه‌نی گوتارێکی به‌گوڕ و له‌گه‌ڕن، توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه له‌گه‌ڵ گوتاره فیکری و سیاسییه‌کانی ڕۆژ پێوه‌ندییان هه‌بێ و، ئه‌وه‌نده‌ی به قازانج و له ئاڕاسته‌ی گوتاری گشتیی خۆیاندایه، له‌م گوتارانه وه‌ربگرن و له‌ناو گوتاری خۆیاندا بیتوێننه‌وه. نابێ “داخراوبوونی گوتار”مان لەگەڵ “سەربەخۆییی گوتار” لێ تێک بچێ.
1ـ3 که‌وایه سێیه‌مین نیشانه‌ی بۆشا‌ییی گوتار ئه‌وه‌یه که له‌ناو حیزبێکدا ئه‌م توانایه بۆ پێوه‌ندی سازکردن و دانوستانی گوتاربوونی نه‌بێ. دیاره خراپترین حاڵه‌ت ئه‌وه‌یه ڕێکخراوێک توانای ڕاکێشان و وه‌رگرتنی بژیوی ته‌ندروستیی پێویست بۆ ناو گوتاره‌که‌ی خۆی نه‌بێ، که‌چی به‌هۆی سستی و نائاگاداری، خۆراکی ناته‌ندروست و ناله‌بار دزه بکاته ناو گوتاره‌که‌یه‌وه.
1ـ4 چواره‌مین نیشانه‌ی بۆشا‌ییی گوتار نه‌نووسرانه‌وه و کۆ نه‌کرانه‌وه‌ی تێروته‌سه‌ل و ته‌فسیلی مێژووی ئه‌و حیزب و ڕێکخراوه‌یه و هه‌روه‌ها مێژووی ئه‌و زه‌مینه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه به‌ربڵاوترانه‌یه که حیزب له‌ناویاندا خۆی گرتووە. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر باسه‌که‌مان له‌سه‌ر حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران چڕ بکه‌ینه‌وه، جگه له مێژووی قۆناغ به قۆناغی حیزب، مێژووی ئێران به‌رله شۆڕشی 57 و دوای شۆڕش له هه‌موو قۆناغه‌کاندا و هه‌روه‌ها مێژووی ناوچه و جیهان، ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌ندی به خه‌باتی ئه‌م حیزبه‌وه هه‌یه، ڕاسته‌وخۆ له‌ناو ئه‌و گوتاره سیاسییه‌ی حیزب کاری پێ ده‌کا، جێگای ده‌بێته‌وه. هه‌روه‌وها جگه له مێژووی مه‌کتووب و نووسراو که به شێوه‌یه‌کی ڕێکوپێک له لایه‌ن نووسه‌رانێکی شاره‌زا به مێژوو‌و و شاره‌زا به شێوازی لێکۆڵێنه‌وی مێژوویی ده‌نووسرێ، به‌شێکی زۆر گرینگ که به‌تایبه‌ت بۆ حیزب گرینگایه‌تی هه‌یه، میژووی زاره‌کییه. ئه‌م به‌شه له مێژوو له زمانی ئه‌و کادر و پێشمه‌رگه و فه‌رمانده‌رانه‌وه ده‌گێڕدرێته‌وه و دواتر ده‌نووسرێته‌وه که ڕاسته‌وخۆ له ڕووداو و عه‌مه‌لیاته‌کاندا به‌شدار بوون. به‌م شێوه‌یه ده‌بینین گوتاری سیاسیی حیزب جگه له به‌شێکی گرینگی تیۆریک که له‌وانه‌یه هه‌ندێک له پسپۆڕان و خوێنده‌واران له قووڵایی‌یه‌که‌ی بگه‌ن، به‌شێکی زۆر نزیکتر له زمانی خه‌ڵکی ئاساییش له‌خۆی ده‌گرێ.
- پرسی گوتار و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌که‌ی و هه‌ژارییه‌که‌ی به‌گشتی له هه‌موو قۆناغه‌کانی خه‌باتێکی حیزب و بزووتنەوەیەکی سیاسی‌دا گرینگه؛ به چه‌شنێک که ده‌توانین چۆنیه‌تیی گووران و گۆڕانی حیزب له چۆنیه‌تیی گۆڕانکاریی گوتاری ئه‌م حیزبه‌دا به‌دی بکه‌ین. به گوته‌یه‌کی تر ده‌کرێ بڵێین گۆڕانکاریی گوتاری حیزب، ئاوێنه‌ی باڵانوێنی گۆڕانکاریی سیاسه‌تی حیزبه. به‌ڵام وا هه‌یه بابه‌تی گوتار له هه‌ندێک بڕگه‌ی مێژووییی حیزبێکی سیاسی‌دا زۆر گرینگتر بێته‌وه. بۆ شیکردنه‌وه‌ی ئه‌م باسه پێشه‌کییه‌کی کورت دێنینه به‌رباس.
2-1 له ده‌یه‌ی چل و په‌نجا و شێستی هه‌تاویدا که له کوردستان و باقی شوێنه‌کانی تری جیهاندا، خه‌باتی چه‌کداری ڕمێنی هه‌بوو، به‌شێکی زۆر له هێز و توانای حیزبه‌کان به ڕاده‌ی هه‌ڵسووڕانی چریکیی ئه‌م حیزبانه‌وه ده‌ناسرا. هه‌رچه‌نده‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی که تێیاندا حیزبێک توانای به‌ڕێوه‌بردنی شه‌ڕی چریکی هه‌بوو، به‌ربڵاوتر بایه و هه‌رچه‌نده‌ی عه‌مه‌لیاته‌کان له‌باری نۆرمی شه‌ڕی چریکی و پارتیزانییه‌وه لێزانانه‌تر بان و، هه‌رچه‌نده‌ی ژماره‌ی عه‌مه‌لیاته‌کان زۆرتر بان، هێز و توانای ئه‌م حیزبه زۆرتر وه‌دیار ده‌که‌و‌ت.
2ـ2 ده‌زانین شه‌ڕی چریکی له‌م وڵاتانه‌دا بره‌وی ده‌بێ که که‌شوهه‌وای سیاسی‌یان داخراوه و ڕێژیمه‌کانیان دیکتاتۆر و تۆتالیتێرن و، هیچ ده‌ره‌تانێکی تر جگه له بزووتنه‌وه‌ی چه‌کداری بۆ ئازادیخوازانی ئه‌م وڵاته بۆ وه‌دی هێنانی گۆڕانکاریی دێموکڕات و پێشکه‌وتوو له‌گۆڕێدا نییه. به‌ڵام له‌و وڵاتانه‌ی که‌شوهه‌وای سیاسی‌یان کراوه‌یه و حیزبه سیاسییه‌کانیان ده‌توانن به‌شێوه‌یه‌کی ئازاد هه‌ڵسووڕانی سیاسی‌یان هه‌بێ، ئه‌وه‌ی ڕاده‌ی توانای حیزبێک ده‌رده‌خا، کۆی ئه‌و ئاکسیۆنه سیاسییانه‌یه (نه‌ک ئاکسیۆنی چه‌کداری) که ئه‌و حیزبه له گۆڕه‌پانی سیاسه‌تی وڵاتی گۆریندا و له ته‌عامول له‌گه‌ڵ حیزب و تاقمه‌کانی تر و خه‌ڵک و ده‌وڵه‌تی زاڵدا به‌ڕێوه‌ی ده‌با.
دیاره ته‌نانه‌ت حیزبێکی وا که خه‌باتی چه‌کدارانه‌ش بکا، له کاری سیاسی ناته‌کێته‌وه، به‌ڵام مه‌سه‌له ئه‌وه‌یه له هه‌ندێک برگه‌ی مێژوویی‌دا سیمای زاڵی ئه‌و حیزبه زیاتر به خه‌باته چه‌کدارانه‌که‌یه‌وه ده‌ناسرێته‌وه و ئاکسیۆنه سیاسییه‌کانی باڵیان به‌سه‌ر داده‌کێشرێ.
ئێمه پێمان وایه حیزبی دێموکڕات له سه‌رده‌می ڕێبه‌ڕایه‌تیی دکتۆر قاسمڵوودا ـ دوای شۆڕشی 57 ـ به پێک هێنانی هاوسه‌نگی و ته‌عادولێک له‌نێوان خه‌باتی سیاسی و خه‌باتی چه‌کدارانه‌دا توانیبووی ببێ به گرینگ‌ترین حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێ ئه‌وه به‌شی دیارتر و ئاشکراتری مه‌سه‌له‌که‌یه. به‌شی شاراوه‌تری باسه‌که ئه‌مه‌یه که له‌و سه‌رده‌مدا، گوتاری سیاسیی حیزبیش گوتارێکی زۆر به‌هێز بوو؛ به چه‌شنێک که ئێمه ده‌توانین شوێن‌پێی گوتاری سیاسیی حیزب له زۆر جه‌ریان و حیزبی سیاسیی ئه‌و سه‌رده‌م ببینینه‌وه.
2ـ3 ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه که له سه‌رده‌مێکی ئه‌وتۆدا که ڕمێنی خه‌باتی چه‌کداری بەبێ ئەوەی لەناو چووبێ، لە جاران کەمتر بووبێ و هه‌روه‌ها ده‌ره‌تانی ئاکسیۆنی سیاسیش (به‌تایبه‌ت له‌ناو وڵات‌دا) نه‌بێ، حیزب و بزووتنەوەیەکی سیاسی له چ کارتێک ده‌توانێ که‌ڵک وه‌ربگرێ؟ دیاره وڵامێکی گونجاو بۆ ئه‌م پرسیاره ئه‌وه‌یه که کاتێک له ناوخۆ ده‌ره‌تانی به‌ڕێوه‌بردنی کرده و ئاکسیۆنی سیاسیمان نابێ، ده‌توانین هه‌ڵسووڕانی سیاسیمان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته‌وه بگره هه‌تا ئوڕووپا و ئەمریکا، له‌ناو ده‌وڵه‌تانی حاکم و پاڕله‌مانه‌کان و نوێنه‌ره‌کانیان و حیزب و تاقمه سیاسییه‌کانیان پته‌وتر و په‌ره‌گرتووتر بکه‌ین. ئه‌م بۆچوونه ناڕاست نییه و ئه‌م شێوه خه‌باته پێویسته، به‌ڵام نابێ له‌بیرمان بچێ که مه‌یدانی سه‌ره‌کیی سیاسه‌ت کردنی ئێمه، کوردستان و ئێرانه. به بڕوای ئێمه له بارودۆخێکی ئه‌وتۆدا که هه‌لومه‌رجی عه‌ینی و زه‌ینیی خه‌باتی چه‌کدارانه کەمتر دەبێ و ده‌ره‌تانی هه‌ڵسووڕانی ئازادیی سیاسیش له‌گۆڕێدا نابێ و، تێکۆشانی ئازاد و ڕەسمی هه‌تا وه‌دیهاتنی دۆخێکی ئازادیی سیاسی هه‌ڵده‌په‌سێردرێ، گرینگ‌ترین کارتی حیزب و بزووتنەوە و زامنی به‌رده‌وام بوونی نفووز و شه‌رعییه‌تی بزووتنەوە، ئه‌و گوتاره سیاسییه‌یه که بزووتنەوە به‌رهه‌می دێنێ و بڵاوی ده‌کاته‌وه و، ده‌ستڕۆیشتوویی و کارامه‌ییی خۆی هه‌م له‌ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و هه‌م له‌ناو ڕیکخراو و حیزبه سیاسییه‌کانی تردا به‌م گوتاره به‌هێز و ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه ده‌سه‌لمێنێ.
3ــ له هه‌رکام له‌و قۆناغانه‌ی باسمان کردن، ته‌شکیلات و پێکهاته‌ی حیزب ده‌بێ به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌و قۆناغه ڕێک بخرێ. دیاره ئه‌و ته‌شکیلاته‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای پێداویستییه‌کانی تایبه‌ت به شێوه خه‌باتێکی چه‌کدارانه ڕێک خراوه، بۆ کاتی له‌ڕمێن که‌وتنی خه‌باتی چه‌کدارانه و‌ڵام ناداته‌وه و ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌م پێکهاته‌یه له‌و بارودۆخه‌دا هه‌ر درێژه‌ی هه‌بێ، گومان له‌وه‌دا نییه ئه‌م حیزب و ڕێکخراوه‌یه به شێوه‌ی جۆراوجۆر تووشی قه‌یران ده‌بێ. به بڕوای ئێمه ئه‌و به‌شه ته‌شکیلاتییه‌ی حیزب که له بارودۆخی سێیه‌می خه‌بات – واته له قۆناغی کەمتربوونەوەی ڕمێنی خه‌باتی چه‌کداری و نه‌بوونی ده‌ره‌تانی هه‌ڵسووڕانی ئازادی سیاسی‌دا – ده‌ورێکی زۆر کاریگه‌ر ده‌گێڕێ، به‌شێکە که بەرهەم هێنانی گوتاری لەئەستۆیە. هەموو بەشەکانی وەک فێرکاری و ته‌بلیغات دەبن بە پاژێکی چکۆڵەتر لەناو ئەم بەشەدا. دیاره مه‌به‌ستمان له ته‌بلیغات، هه‌ر به ته‌نیا له نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌ی چه‌ند پلاکارد و دروشمێکی ساده‌دا کورت نابێته‌وه، به‌ڵکوو مه‌به‌ستمان بڵاوکردنه‌وه‌ی گوتارێکی به‌هێز و چه‌ند ڕەهەندی ئه‌وتۆیه که خۆراکی فیکری توێژه جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگا دابین بکا. ڕۆژنامه و کتێب و ڕادیۆ و که‌ناڵی ئاسمانی له‌م ناوه‌دا گرینگایه‌تییه‌کی یه‌کجار زۆریان هه‌یه؛ به‌ڵام له‌بیرمان نه‌چێ ئه‌م میدیایانه زیاتر ئه‌رکی بڵاوکردنه‌وه‌ی گوتار به‌ڕێوه ده‌به‌ن نه‌ک به‌رهه‌مهێنانی گوتار. دیاره بڵاو کردنه‌وه‌ی گوتار دوای به‌رهه‌م هێنانیه‌تی. که‌وایه دامه‌زراندنی ناوه‌ندگەلی جیددی و هه‌ڵسووڕی ئه‌وتۆ که خاوەنی فۆنکسیۆنێکی لەم چەشنە بن، ئه‌رکێکی مێژوویی و پێویسته. ئه‌م ناوه‌ندانه ده‌بێ وه‌ها ڕێک بخرێن که بتوانن به‌ره‌به‌ره خۆراکی فیکری له هه‌موو ئاسته‌کاندا و هه‌روه‌ها بۆ توێژه جۆراوجۆره‌کانی خه‌ڵک دابین بکەن. ئه‌م ناوه‌ندانه ده‌توانن له‌م زه‌مینانه‌ی خواره‌وه‌دا کاری لێکۆڵینه‌وه بکەن:
ــ ئه‌ندیشه‌ی سیاسی به‌گشتی له ئاراسته چه‌په‌کانه‌وه بگره هه‌تا ئاڕاسته ڕاسته‌کان.
ــ بنه‌ما تیۆریکه‌کانی مافی دیاریکردنی چارەنووس لە فۆڕمە جیاوازەکانیدا تەنانەت تا ئاستی سەربەخۆیی. بۆ وێنە فیدڕاڵیزم و هه‌روه‌ها مێژووی فێدرالیزم له‌و وڵاتانه‌ی ئه‌و سیستمه تێیاندا به‌ڕێوه چووه و، هه‌روه‌ها مێژووی ئه‌و وڵاتانه‌ی سیسته‌می ناوه‌ندخواز و دژه فێدراڵیان تێدا به‌ڕێوه چووه، وێرای بنه‌ما تیۆریکه‌کانی ئه‌و شێوه سیستمه.
ــ مێژووی کورد به‌گشتی له هه‌موو پارچه‌کاندا و مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، به شێوه‌یه‌کی ته‌فسیلی و تێروته‌سه‌ل و به‌تایبه‌تی مێژووی حیزبی دێمۆکڕات
ــ لێکۆڵینه‌وه و شیکردنه‌وه‌ی ئه‌ندێشه‌کانی ڕێبه‌رانی هه‌ڵکه‌وته‌ی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ــ مێژووی هاوچه‌رخی ئێران به‌تایبه‌تی و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی
ــ لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردناسانە به‌گشتی که پێوه‌ندی به زمان و فه‌رهه‌نگ و زانیارییه‌کانی پێوه‌ندیدار به کورد و کوردستانه‌وه هه‌یه
هەموو ئەو باسانەی لە دووتوێی ئەم نووسینەدا خرانە ڕوو، لەسەر پێش‌گریمانەیەک دامەزراون. پێش‌گریمانەکە ئەمەیە: گوتاری دەوڵەمەند ئاپاراتووسی خۆی دەبینێتەوە؛ وەک چۆن ڕووبارێکی خوڕێن بەگوێرەی هەڵکەوتی جوغڕافی و بەرزی و نزمی و ڕاستی و ناڕاستیی بندینەکەی بەرەبەرە بەستێنی خۆی دەبینێتەوە و تەختی دەکا، گوتاری سیاسیش هەر بەم چەشنە دوای ئەوەی بەرهەم هات، وردەوردە دەراوەکانی بڵاو بوونەوەی خۆی لەناو کۆمەڵگادا دەدۆزێتەوە.
ئەم بۆچوونە بە بارێکی دیکەشدا وەڕاست دەگەڕێ. ئەوە هەر ئێمە نین کە گوتاری خۆمان بەرهەم دێنین و بڵاوی دەکەینەوە. داگیرکەرانیش گوتاری خۆیان بەرهەم دێنن. ئەگەر چۆنیەتی و چەندێتیی گوتاری ئێمە لە ئاستی پێویستدا نەبێ، گوتاری ئەوان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیک و نابەرهەست بەسەر گوتاری ئێمەدا زاڵ دەبێ. ئەو دەم کۆمەڵانی خەڵک دەبن بە سوپایەکی ئامادە و تەیار نەک لە خزمەتی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆماندا، بەڵکوو لە خزمەتی داگیرکەراندا. شەڕی سەرەکیی ئێمە شەڕی گوتارە و پێداویستیی سەرەکیی خەبات بەرهەمهێنانی گوتارێکی تەسەلی مۆدێڕن و نیشتمانییە.
داگرتنی بابەت



