ئارامتر بخوێنەوە

وتووێژ لەگەڵ

جەعفەر شێخولئیسلامی


«جەعفەر شێخولئیسلامی» پڕۆفسۆری زمانناسی و گوتارناسی لە زانکۆی کارلتۆن[١]، شاری ئۆتاوا[2] لە وڵاتی کەنەدایە. هەر لە سەرەتای مێرمنداڵییەوە، لەگەڵ شێعر و ئەدەب و شانۆی کوردی تێکەڵاو بووە. دوای تەواوکردنی پۆلی ١٢ لە مەهاباد، یەکەمجار لە تەورێز، پاشان لە تاران، لە بواری ئەلەکترۆنیکەوە، درێژەی بە خوێندن داوە. لە تەمەنی ٢٦ساڵیدا ئێرانی بەجێ هێشتووە، چووە بۆ وڵاتی تورکیا و، پاشان بۆ کەنەدا (نۆڤامبری ١٩٨٩). لەو وڵاتە، قۆناخەکانی خوێندنی لە چەندین ئاستدا تێپەڕ کردووە: دوو ساڵ کۆلێجی گشتی لە بواری کتێبخانە و زانیاری، چوار ساڵ بەکەلۆریا (کارشناسی) لە بواری زمانناسیی گشتی و مامۆستایەتیی وانەگوتنەوەی ئینگلیسی، دوو ساڵ ماجستێر (کارشناسیی ئەرشەد) لە بواری زمانناسیی جێبەجێکارانەدا و، شەش ساڵ دوکتۆرا لە بواری گوتارناسی و پێوەندییەگشتییەکاندا. زۆرتر لە هەموو بوارێکی دیکە، شێخولئیسلامی لە بواری زمانناسیی کۆمەڵایەتی[3] و شیکاریی ڕەخنەگرانەی گوتاردا[4] لێکۆڵینەوەی کردووە، بەرهەمی چاپ کردووە و، لە چەندین زانکۆی ئەمریکا، ئورووپا و کوردستانوانەی پێشکەش کردووە.  شێخولئیسلامی، جگە لە کاری سەرەکیی خۆی لە زانکۆی کارلتۆن، وەکوو پرۆفسۆری میوان[5] لە زانکۆی تۆرنتۆ[6] و زانکۆکانی باشووری کوردستان بەردەوامە. بێجگە لە گوتنەوەی وانە لە بوارەکانی زمانناسیی کۆمەڵایەتی، شیکردنەوەی وێژمان، زمانناسیی جێبەجێکارانەدا[7]، شێخولئیسلامی لە چەندین زانکۆی ئەمریکا، کەنەدا، ئورووپا و کوردستان سەرپەرەشتیاریی خــــوێندکارەکانی ئاستی ماجستێر و دوکتۆرای کردووە. هەڵسەنگێنەر و داوەری تێزی خوێندکاران لە زانکۆکانی کەنەدا، ئەمریکا، هەرێمی کوردستان، ئوستڕالیا، ئینگلستان و پاکستان بووە. خاوەنی چەند کتێبە بە زمانەکانی ئینگلیسی و کوردی و، جگە لە دەیان وتار و وتووێژ بە کوردی، بە ئینگلیسی زۆرتر لە ٣٠ وتاری لە کتێب و گۆڤارە زانستییەکانی جیهانیدا بڵاو کردووەتەوە. لە زیاتر لە ٧٠ کۆنفڕانسی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا وتاری پێشکەش کردووە.  نزیکەی ٢٠ لەم پێشکەشکارییانە سەروتاری کۆنفڕانس و بانگێشتن-گوتاری بوون[8]. ناوبراو ئەندامی دەستەی ئیدیتکاران و نووسەرانی چەند گۆڤار و لێژنەی زانستییە، لەوانە گۆڤاری لێکۆڵینەوە کوردییەکان (ئورووپا)، گۆڤاری زمانناسییی جێبەجێکارانەی کەنەدا و، گۆڤاری موتالەعەکانی کوردی-ئەنستیتۆی کوردیی پاریس. دوایین بەرهەمی شێخولئیسلامی، کە بە هاوکاریی نزیکەی ٣٠ زمانناسی دیکە لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندایە، بریتییە لە «دەستەکتێبی زمانناسیی کوردیی ئاکسفۆڕد»[9] کە ساڵی ٢٠٢٣ لە لایەن وەشانخانەی ئاکسفۆردەوە چاپ دەکرێت. ئەمە بەهێزترین و جێمتمانەترین سەرچاوەی ئەکادیمی بە زمانی ئینگلیسی و لە بواری زمانناسیی کوردیدادەبێت.بۆ زانیاریی زیاتر، هەڵبەت بە ئینگلیسی، بڕواننە ماڵپەڕی بەڕێزیان لە زانکۆکەیان:

 جەنابت زمانناسێکی کە بۆ زمانی کوردی تیۆرییەکی تایبەت بە خۆت هەیە، ناوت ناوە گەورەزمانی کوردی، ئەم تیۆرییە بنەماکەی بۆ چی دەگەڕێتەوە و، بۆچی گەورەزمانی کوردی؟

گەورەزمان، من وەکوو وەرگێڕانی زاراوەیەکی ئینگلیزی بەکارم هێناوە، واتە (macro-language). گەورەزمان بریتییە لە دەستەیەک شێوەزاری نزیک یان دوور لە یەکتر، کە لە لایەنی ناسنامە و هەویەتییەوە خۆیان بە یەک دەزانن، هەرچەند ئاخێوانی ئەم شێوەزارانە ڕەنگە لە هەموو بوار و کاتێکدا لە یەکتر تێنەگەن.

جیاوازیی «زمان» و «گەورەزمان» دەربارەی زمانی کوردیدا چییە؟ جەنابت دەچی بۆ فێرگەیەک لە ئەمریکا و دەپرسیت: ئایا کۆرس یان وانەی ئاڵمانیتان هەیە؟ ئەوان وا تێدەگەن کە تۆ مەبەستت ئەو زمانە ستانداردە ئاڵمانییەیە کە لە ئاڵمان فێرگەکان، میدیاکان و دەزگا حکومییەکان لە نووسیندا کەلکی لێوەردەگرن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەتا ئەمڕۆش، لە ئاڵمان شێوەزاری وا هەن، وەکوو ئاڵمانیی سەروو و ئاڵمانیی خواروو، بەزەحمەت لێکتر دەگەن. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئاخێوانی ئەم دوو شێوەزارە دەتوانن کەلک لە شێوە ستانداردەکەی ئاڵمانی وەربگرن و تێبگەن. بەڵام، ئاخێوانی شێوەزارە کوردییەکان ئەم زمانە یان شێوەزارە نێوبژیکەرەیان نییە کە ببێت بە پردێک لەنێوان شێوەزارە جیاوازەکاندا. بۆیە، کاتێک یەکێک دەچێتە یانەیەکی کەنەدا و داوای وەرگێڕ دەکات، لێی دەپرسن: زمانی یەکەمت چییە، یان وەرگێڕی کام زمان دەخوازیت؟ دەڵێ: کوردی.  بەرپرسەکە یان یاریدەدەرەکەی دەپرسێت: کامە کوردی؟ واتە، ئەوان دەزانن کە چەند شێوەزاری کوردی هەیە و جیاوازیی ئەوتۆشیان هەیە کە ڕەنگە لەیەکتر گەیشتن چەتوون بکەن. دەزانن کە کوردەکان یەک زمانی تاقانەی «سەربەخۆ»یان نییە، وەکوو ئاڵمانی، بەڵکوو زۆرتر لە یەک شێوەزاری «سەربەخۆ» (یان ستاندارد)یان هەیە (بۆ باسی زمانی سەربەخۆ و بەستراوە، بڕوانە زمانناسیی کۆمەڵایەتی: سەرەتایەک سەبارەت بە زمان و کۆمەڵ. نووسینی پیتر تڕادگیل، وەرگێڕانی حەسەن قازی، لاپەڕەی ١١، ٢٠٢١).

 ئەم تیۆرییە دابەشکارییەکی زمانناسانەیەیان ڕێکارێکە بۆ ئەوەی خزمەتێک بەزمانی کوردی بکات ؟

بەڵێ، هەم زمانناسانە، هەم کۆمەڵناسانە و کولتوورناسانەیە.ئەمە بە چ واتایەک؟ بەو واتایەی کە بەڕاستی تا ئیستاش ئێمە ناتوانین بڵێین هەموو شێوەزارە کوردییەکان ڕۆژێک لەڕۆژان یەک زمان بوونە و پاشان لێک جیا بوونەتەوە و ئەو جیاوازییەیان تێدا پێکهاتووە (بۆ ئەم باسانە، بڕواننە ئەم سەرچاوانە)[١٠].

 ئەگەر ئێمە تەنیا بە پێوانەی زمانناسی خالیس و تۆخ لێکیان بدەینەوە (بۆ نموونە پشت ببەستین بە مێتۆدەکانی زمانناسیی مێژووییانەیان زمانناسیی پێکگرانە)، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم شێوەزارە کوردییانە لە زۆر لایەنەوە جیاوازیی بەرچاویان هەیە: وشە، وشەسازی (مۆرفۆلۆژی)، دەنگناسی (فۆنەتیک)، ڕێزمان (سینتەکس) و تەنانەت ئیدیۆم و ڕاوێژەوە. بۆمان دەردەکەوێت کە، جیاوازی لەنێوان کرمانجی و سۆرانیدا کەمترە لەچاو جیاوازیی نێوان کورمانجی و هەورامی و هتد. فیلۆلۆژیستە کۆنەکان، وەکوو ئۆسکار مان، یان مەکێنزی، ڕاشکاوانە ساغ بوونەوە کە گۆرانی/هەورامی و زازاکی زۆر لە یەک نزیکن، بەڵام، زۆر دوورن لەو شێوەزارانەی کە بەدڵنیایی‌یەوە دەتوانین بڵێین کوردین: کورمانجی، سۆرانی، کەلهوڕی (تکایە سەرنج بدەن: ئەم ناوانە ئاڵۆزن، بەڵام لێرە بۆ ئاسانکاری من ئاوا ناویان دێنم، دەنا باش دەزانم کە لە دابەشکردنی زمانی لە شوێنێکی وەکوو باشووری کوردستان، سۆرانی بە شێوەزاری ناوچەی سۆران، واتە ڕەواندوز، حەریر، شەقڵاوا، هەولێر و کۆیە دەگوترێت). د. حەسەنپوور کاتی خۆی زۆر بە جیددی دژی ئەم بۆچوونە ڕاوەستا (بڕوانە پەڕاوێز بۆ سەرچاوەکە)، بە دوو هۆ: ١. بەڵگەکانی ئۆسکار مان و مەکێنزی بۆ جیاکردنەوەی هەورامی و زازاکی لە چەند بەڵگەی دەنگی تێناپەڕن. ٢. خوێندنەوەکانی ئەو بەڕێزانە بۆچوون و ناسنامەی ئاخێوانی شێوەزارەکانیان لەبەرچاو نەگرتووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە زمان، هەرچەند لایەنی بیۆلۆژی و هۆشەکی هەیە، لە ئەساسدا دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە.  لە ڕاستیدا، زمان ئەوەندە کۆمەڵایەتییە، کە بە گوتەی مایکڵ هاڵیدەی، لە سۆنگەی زمانەوە ئێمە بووین بە ئەم بوونەوەرە کۆمەڵییەی کە ئێستا هەین، دەنا لە لایەنی بیۆلۆژی و دی.ئێن.ئێی‌یەوە لە زۆر حەیوانی بێزمانی وەکوو مەیموون (زمان بە واتا ئاڵۆزەکەی زمانی ئینسان) یەکجار نزیکین. لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییانە، باسی ئەمە دەکەن کە مەنتقی و لۆژیکییە ئێمە چەند شتمان لەبەرچاو بێت، کاتێ باسی دابەشکاری لەنێو زمانی کوردیدا دەکەین: ١. زمان تەنیا دیاردەیەکی بیۆلۆژی و هۆشەکی نییە؛ کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسیشە؛ ٢. جیاوازییەکانی گۆرانی/هەورامی لەگەڵ کورمانجیی ژوروو و نێوەڕاست و خواروو ئەوەندە زۆر و ئاشکرا نین کە هەر وا بە ئاسانی حوکم بدەین ئەمانە زمانی جیاوازن؛ ٣. بە پێچەوانەی هەندێک بۆچوونی پێشتر، بەڵگەی ئەوەندەمان بەدەستەوە نییە کە هەورامی و زازاکی بخەینە یەک دەستەوە و، ئەمانەش بە تەواوی لە شێوەزارە کوردییەکانی دیکە جیا بکەینەوە؛ ٤. کەوابوو، پێویستە ناسنامەی ئاخێوانی ئەم شێوەزارانەش لەبەرچاو بگرین و بزانین ئەوان چی بە خۆیان و بە شێوەقسەکردنەکەیان دەڵێن؛ ٥. یەک پێوانە، بۆ نموونە پێوانەی زمانناسیی تۆخ، یان لەیەکتێگەیشتنی دوولایەنە، یان وشەئاماری (لێکسیکۆستەتێستێکس)، بە تەنیا ناتوانن بە شێوەیەکی بڕواپێکراو و ئەکادیمییانە شێوەزارە کوردییەکان دابەش بکەن. ٦. لێکۆڵینەوە لە دابەشکاریی زمانی کوردی بۆچوونێکی هەمەلایەنەی پێویستە، چونکە زمان دیاردەیەکی هەمەلایەنەیە.

 پێمخۆشە دەربارەی تیۆریی گەورەزمانی کوردی  باسێکیتر بێنمە ئاراوە، ئەویش بابەتی گەشەکردنە. ئێمە وەکوومرۆڤێک کە ناچارین زمانێک فێر بین، لانیکەم لە دوو سەدەیڕابردوودا ئەوەش دەرکەوتووە کە ئێمە ناچارین لەڕووی ئابووریشەوە گەشە بکەین، ئایا هەبوونی زمانێک یان بە بەربڵاویی زمانی کوردییان تیۆرییەک کە دێت ئەو زمانە بۆ هەموو ئاخێوەرەکانی ئەو مافە قائیل دەبێت کە بە کەیفی خۆیانیان بەپێی زاراوەی خۆیان زمانەکە بەکاربهێنن، مەسەلەی گەشەکردن ناخاتە مەترسییەوە؟

زۆربەی دانیشتووانی دنیا زۆرتر لە زمانێک دەزانن، واتە، لانیکەم دووزمانەن. دووزمانەبوون دەکرێت چەند جۆر بێت. دووزمانەی لێکدراو (compoundbilingual) بە خەزێنەی زمانیی ئەو منداڵانە دەگوترێ کە بۆ نموونە لە سوێد و لەنێو بنەماڵەیەکی کورددا لەدایک دەبن. ئەو منداڵانە، هاوکات، بە دوو زمانی کوردی و سوێدی گۆش دەدرێن، لە دنیای دەوروبەریان تێدەگەن و وردەوردە خۆیان دەردەبڕن. ئەمانە دەکرێت دوو زمانی یەکەم یان دایکییان هەبێت. چەشنێکی تری دووزمانە بوون “دووزمانەی ڕێکخراو»ە (coordinate bilingual)کە دەکرێ بە خەزێنەی زمانیی کەسێک بگوترێت کە لە مێرمنداڵیدا، نەک لە منداڵیدا، تووشی زمانی دووهەم دەبێت. ئەم مێرمنداڵە لەوانەیە زمانی یەکەمی هەر لە ماڵ و گەڕەکدا قسە بکات، بەڵام زمانی دووهەمی لە فێرگە فێر بێت. دایکوباوکی ئەم منداڵانە لە وڵاتێکی وەکوو سوێد دەبن بە دووزمانەی بەستراوە (subordinate bilingual). ئەمانە بە زمانی یەکەم بیر دەکەنەوە و فکرەکەیان لەم زمانەدا دادەڕێژن، دوایە دەیگوێزنەوە بۆ زمانی دووهەم. واتە، ئەو شتەی کە بە زمانی دووهەم دەریدەبڕن یان دەیخوێننەوە و هەوڵدەدەن تێیبگەن لە هێڵەگی زمانی یەکەمی دەدەن.

ئەم سێ دەستەیە لەوانەیە لە هەندێک بواراندا جیاواز بن. بۆ نموونە، دەستەی یەکەم لەوانەیە هەم لە لایەنی هەستیارییەوە و هەم لە لایەنی عەقڵییەوە بتوانێت بە هەردوو زمان کارا بێت. بەڵام، دەستەی سێهەم، لە کاتێکدا کە دەتوانێ هەستیاری و لۆژیک لە زمانی یەکەمدا جێبەجێ بکات، لەوانەیە بە زمانی دووهەم نەتوانێت هەستی خۆی دەرببڕێت کەچی زۆر کاریگەر بێت لە جێبەجێکردنی فکری لۆژیکی و کاروباری زانستی، چونکە هەست و ئیحساس تێکەڵ نین. سەرەڕای ئەم جیاوازییانەش، هەرسێک دەستە دەتوانن بە باشی فێری دوو زمان بن، ماوەتەوە سەر ئەمە کە چەندە دەرەتانیان بۆ دەڕەخسێت و، خۆشیان تا چ ڕادەیەک و لە کام بواراندا پێویستیان بەو زمانانەیە.

نوێترین لێکۆڵینەوەکان لەم بوارەدا پێمان دەڵێن کە فرەزمانی، واتە زانینی چەند زمان، یان پەروەردە بە چەند زمان یان شێوەزار، نە تەنیا خراپ نییە، بەڵکوو زۆر باشیشە لە چەند لایەنەوە، وەکوو هۆشەکی، سڵامەتی، ڕووحی و دەروونی، زمان فێربوون، پێکەوەژیان و تەباییی کۆمەڵایەتی و ئابووری.

لەباری هۆشەکییەوە، ئەو منداڵانەی زۆرتر لە یەکزمان دەزانن، لەبەریان ساناترە کە هاوکات زۆرتر لە یەک کار یان چالاکی بەڕێوەببەن. چاولێکردنی هەڵسوکەوتی مێشک، لە تاقیگە، نیشانی داوە کە هەندێک بەشی مێشک چالاکتر دەبن لە کاتی کەلکوەرگرتن لە دوو یان چەند زمان. لە لایەنی سڵامەتییەوە، لێکۆڵینەوەکان نیشانیان داوە کە ئەو کەسانەی دوو یان چەند زمان دەزانن، لەوانەیە نزیکەی پێنج ساڵ درەنگتر تووشی نەخۆشیی ئالزایمر (Alzheimer) یان فەرامۆشی/دمێنشا (Dementia) بن، ئەگەر بڕیارە ببن. لە لایەنی ڕووحی و دەروونییەوە، ئاشکرایە کە خەڵک حەز دەکات بە زمانێک قسە بکات کە باشتر لە هەموو زمانێکی دیکە دەیزانێت و لە هەمان کاتیشدا بە چاوی سووک چاوی لێناکرێت. لەبریی ئەمە، هەموو منداڵێک حەز دەکات کە کاتێ دوو زمان دەزانێت، کۆمەڵ ڕێزی ئەمە بگرێت و بە چاوێکی پەسندەرانە لێی بڕوانێت. لە کۆمەڵێکی وەهادا، زانینی دوو یان چەند زمان دەتوانێت تەئسیری ئەرێنی لەسەر منداڵ یان مێرمنداڵ دابنێت. لەو حاڵەتەدا، ئەمانە نە تەنیا شەرم ناکەن کە زمانی خۆیان دەزانن، بەڵکوو شایی‌یان بەخۆیان دەبێت کە زۆرتر لە یەک زمان دەزانن. 

با نموونەیەکی ئەکادیمیتان بۆ بێنمەوە کە نیشان دەدات زانینی زمانی خۆت و ئەوانی دیکەش چ پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ڕووح، دەروون و کەسایەتیی مرۆڤەوە هەیە، کە ئەم لایەنانەش دەتوانن پێوەندیی چڕوپڕیان لەگەڵ بابەتی پێشکەوتن لە جڤاتێکدا هەبێت. لە کەنەدا، بە هۆی ئەوە کە خەڵکە خۆجێییەکان ئازارێکی یەکجار لەڕادەبەدەریان لە دەست ئیستعمارەوە چێشتووە و ئەم ئازارە بۆ چەند سەدە درێژەی هەبووە، زۆربەی خەڵکە خۆجێییەکە تووشی ڕووخانی کەسایەتی و ئازاری ڕووحی بوون، کە ئەمەش خۆی نواندووە لە ئالوودەبوونیاندا بە مادە هۆشبەرەکان و ئەلکۆڵ هەتا ڕادەی خۆکوشتن. تا ئێستا چەند لێکۆڵینەوە، کە لەلایەن توێژەرانی سپییەوە (ناخۆجێییەوە) ڕاپەڕێندراون، نیشانیان داوە کە ڕادەی خۆکوشتن تا ڕادەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە لەو جڤات و ناوچانەدا کە تێیاندا زمان و کولتووری خۆجێیی بووژاونەتەوە و، خەڵکەکە جارێکی دیکە، لە پاڵ ئینگلیسی یان فەڕانسەوی، فێری زمانەکەی خۆیان بوونەتەوە. 

لەمەش بەولاتر، بە سەدان لێکۆڵینەوە، تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ نموونە زانکۆی ڕازی لە کرماشان، نیشانیان داوە کە ئەو منداڵانەی زمانی زگماکیی خۆیان دەزانن، فارسیش فێر دەبن، لە فێربوونی زمانی سێهەمدا، وەکوو ئینگلیسی، سەرکەوتووترن لە چاو ئەو منداڵانەی کە لە زمانی یەکەمی خۆیان بێبەش کراون، بە زۆری فێری فارسییەکی نامۆ کراون و دوایە ناچار کراون کە ئینگلیسیش فێر بن. واتە، منداڵێکی کە زمانی زگماکیی خۆی باش فێر دەبێت، دەتوانێت نەک زمانێکی دووهەمی دیکە، بەڵکوو چەند زمانی دیکەش فێر بێت و باشیش فێریان بێت.

ئەوەشمان بۆ دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی زمانی خەڵکی دیکە دەزانن، دەتوانن باشتر لە هەڵسوکەوت و دابونەریتی ئەوان تێبگەن. بۆیە، خەڵکانی دووزمان و چەند زمان لە ئاست جیاوازیی فەرهەنگی و زمانی نەرمترن و لێبووردەیی و تەحەمولیان زۆرترە لە چاو ئەو خەڵکەی کە تەنیا یەک زمان دەزانن و، خۆیان لە ئاخێوانی زمانی دیکە بە زۆرتر دەزانن. ئەم خۆبەزۆرتر زانینە دەتوانێت لە کردەوە شۆڤینی و مەترسیدارەکانی دیکەدا خۆ بنوێنێت، کارتێکەریی مەعنەوی و ماددی هەبێت و، نابەرانبەریی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرهەم بێنێتەوە و بەمجۆرە بەرهەڵستی پێشکەوتن بێت.

لە لایەنی ئابووریشەوە، بۆمان دەرکەوتووە کە دووزمانە یان چەندزمانە بوون دەتوانێت بەسوود بێت. چەند ساڵێکە لقێک لە زمانناسیی جێبەجێکارانەدا کەوتووەتە گەڕ کە لە پێوەندییەکانی نێوان زمان و ئابووری دەکۆڵێتەوە (بۆ نموونە بڕواننە کتێب و وتارەکانی ئابووریناس و زمانناسی سویسی فغانسوا گغێن/فرانسوا گرێن،François Grin).  لە کەنەدا، زۆر ئاشکرایە ئەو کەسانەی کە زمانەکانی ئینگلیسی و فەڕانسەویی دەزانن، لەسەر یەک، داهاتیان زۆرترە لەو کەسانەی کە تەنیا فەڕانسەوی یان ئینگلیسی دەزانن، چونکە لە وڵاتێکی کە دوو زمان تێیدا ڕەسمییە،  شانسی کار پەیداکردن بە گشتی و شانسی کاری باشتر پەیدا کردن بۆ دووزمانەکان زۆرترە. لە زۆربەی فێرگەکانی کەنەدا، بێجگە لەو دوو زمانە، کۆرس هەن بۆ فێربوونی زمانی دیکە، چونکە بۆمان دەرکەوتووە کە زانینی چەند زمان لە زۆر بواراندا نەک هەر بە قازانجی ڕاگرتنی زمانەکانە، کە زمانی خەڵکە نوێنیشتەجێبووەکانن، بەڵکوو بۆ کاروکاسبی و بازاڕکردنی نێونەتەوایەتی، کاروباری لەشکری، کاروباری دیپلۆماسی و زۆر لایەنی دیکە بەسوودن. بە کورتی، ڕاگرتن و فێربوون و فێرکردنی زمانەکان، ئەوەندی هەبێت و بگونجێت، یارمەتیی پێشکەوتنی وڵات لە هەموو بارێکەوە دەدات.

 کەوایە ئێوە زاراوە بە دەرفەتێک دەبینن لەنێو زمانی کوردیدا بەتایبەتی؟

بەبێ شک. بۆ؟ هەبوونی زاراوە، بنزار، شێوەزار و هتد ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. من چ بە شانسیان بزانم و چ بە گرفت،  ئەو شێوەزارانە هەن. ئەگەر بە گرفتیان بزانم، دەبێ چبکەم؟ بیانتوێنمەوە؟ بە چ پاساوێک، جگە لە پاساوی کۆنی ئەو ئایدیۆلۆژییەی کە زۆرتر لە سەد ساڵە زمانی کوردی، بە هەموو شێوەزارەکانییەوە خستووەتە ژێر مەترسییەوە، واتە، ئەو ئایدیۆلۆژیایە کە دەڵێ: نەتەوەیەک دەبێ یەک زمان، یەک خاک، یەک کیانی سیاسیی هەبێت. واتە، من کە دژی شۆڤینیزمی زمانیی ئاتاتورکەکان و ڕەزاخانەکان بوومە و هەم، لەبەر ئەوە بووە کە جیاوازیی زمانی بە ڕاستییەک، مافێک و دەرفەتێک دەزانم، نەک گرفت. ئەگەر ئەمە بە گرفت بزانم، ئەوە هەمان ئایدیۆلۆژیی داپڵۆسێنەری دەوڵەت-نەتەوە‌ی مۆدێرن بەرهـــەم دەهێنمەوە. لە زۆر شوێنی تر وردتر باسی ئەم بابەتەم کردووە.

 چ گەڵاڵەیەک هەیە بۆی؟ بۆ فێرکاری، بۆ مەسەلەی ئابووریی، بۆ دەسەڵاتدارێتی و بۆ هەمووی ئەمانە؟

بۆ هەمووی ئەمانە جوابێک هەیە و، ئەویش بریتییە لە خوێندن بە چەندزمان و خوێندن و فێربوونی زۆر زمانی دیکەش. خوێندن بە چەندزمان لە زۆربەی دنیا کەوتووەتە بەر سەرنجی پەروەردەکاران و کەسانی ئەکادیمی و، زۆربەی هەرە زۆریشیان پشتیوانی لێدەکەن، بەتایبەت لە ئورووپا و کەنەدا. من ڕۆژانە تێکەڵاوی ئەم باسانەم، چ لە کۆنفڕانسەکاندا، چ لە وانەکانمدا و چ لە بڵاوکراوەکانمدا، یان ئەو بڵاوکراوە نوێیانەی دەیانخوێنمەوە. بۆ نموونە، کۆنفڕاسێک هەیە بە ناوی پلانڕۆنان و سیاسەتی زمانی، کە هەموو ساڵ لە کەنەدا بەڕێوە دەچێت. زۆربەی ساڵان تێیدا بەشدار بووم و بە دەیان وتار لەسەر ئەم باسانە، بە نوێترین شێوازەکانی لێکۆڵینەوەوە، پێشکەش دەکرێن (https://www.facebook.com/ lpp nference /?modal = admin _todo_tour)

بەڕێوەبردنی خوێندنی چەندزمانە گەڵاڵەی جیاوازی گەرەکە، بەلە بەرچاوگرتنی ژینگە جیاوازەکان: چەند زمان یان شێوەزاریان هەیە، خەڵکەکە حەز دەکەن بە کام شێوەزار یان زمان بخوێنن (لێرەدا ئێمە باسی قسەکردن بە زمان و دیالەکت ناکەین؛ ئەمە سەرەتاییترین مافی مرۆڤەکانە کە بە هەر شێوەزارێکی گەرەکیان بێت، دەتوانن قسە بکەن)، دەرەتان و دەرفەتەکان لەو جڤاتەدا چۆنن، کام گەڵاڵە، بە ڕای خەڵکەکە و پسپۆڕەکان—هەردوویان، دەتوانێت باشترین قازانجی هەبێت بۆ هەموو یان زۆربەی ئەو لایەنانەی بە لای خەڵکەکەوە گرینگن. ئەم گەڵاڵانە دەبێت لە ناوچەکان دابڕێژرێن، خۆش و گۆش بکرێن، بەڕێوە بچن و نێوەبەنێوەش هەڵسەنگێندرێن و، بە پێی ئاکامی هەڵسەنگاندنەکان تیفتیفە بدرێنەوە.  زەحمەتە گەڵاڵەیەکی سەرکەوتووت هەبێت بەبێ بەشداریی خەڵک و بەبێ چاوەدێریی بەردەوام بەسەر بەڕێوەبردن و ئاکامەکانییەوە. لەوانەیە، لە جڤاتێکی وەکوو مەهاباد، خوێندنی سێ-زمانە، وەکوو هیندوستان، زۆر گونجاو بێت: کوردیی ناوەندی، فارسی، ئینگلیسی. بەڵام، لە نەغەدە، لەوانەیە ئەمە ببێت بە چوار زمان: کوردیی-ناوەندی، تورکیی ئازەری، فارسی، ئینگلیسی. بەڵام، هەر لەو شارەدا، ئیدارەی پەروەردەی ناوچەکە دەبێ توانایی و لێهاتوویی ئەمەی هەبێت کە بڵێت: خەڵکی فڵان گەڕەک هەموو یان زۆربەی کوردن، کەوابوو، خوێندنی سێ زمانە بناغەی سەرەکییە: کوردیی-ناوەندی، فارسی، ئینگلیسی، بەڵام وانەی تورکیی-ئازەریش لەو فێرگەیەدا دەبێت. لە ناوچە ئازەرییەکانیشدا، هەر بەم جۆرە.  لە ورمێ، ڕەنگە گەڵاڵەکە ئاوای لێبێت: کوردیی باکووری، تورکیی ئازەری، و فارسی، هەرکام هەتا ئاست و پلەی جیاواز زمانی پێخوێندن دەبن. لە پاڵ ئەمانەش، وانەکانی زمانی ئینگلیسی، ئەرمەنی و هی دیکە دەتوانن بگوترێنەوە. ئەم گەڵاڵانە ئاڵۆز دەنوێنن. وایە. بەڵام، دوو خاڵی سەرەکی لەبیرمان نەچێت: یەک، ئەم سیستمە پەروەردەیی‌یانە بەڕێوە چوون و دەچن، بۆ وێنە هەر لەم شارەدا کە من لێی دەژیم (ئۆتاوا، کەنەدا). دوو، بۆ منداڵ زۆر ئاسایی‌یە کە چەند زمان فێربێت یان بە چەند زمان بخوێنێت.  ئەمانە لە کەنەدا، سویس، هندوستان و زۆر شوێنی دنیا تاقیکراونەتەوە و سەرکەتوو بوون.

 با بچینە سەر باسی دەسەڵاتی ئێرانی! ئێرانییەکان بەرانبەر بە زمانی کوردی، هیچکات ئیقراریان بەزمانی کوردی نەکردووە، وەک خۆیشتان ئاماژەتان پێکرد، زۆر جار کە باسی مافی زمانی دەکرێت بۆ کوردەکان،  دەسەڵاتی ئێرانی خێرا دەڵێ: ئەگەر ئێوە داوای مافی زمانی بکەن، ڕەنگە نەتوانن گەشە بکەن، بەڵام شتێکی جالبیش لەنێو ئەو باسانەدا هەیە، یەکیان ئەوەی کە لانیکەم لەسەرەتای چلەکانی ئێرانییەوە تاکوو ئیستا ڕاگەیاندنی ئێرانی بەزمانی کوردی هەیە، دوای ئەوەش هەر ئەو دەسەڵاتی ئێرانییە لە ساڵی٢٠٠٨دایەکێک لەزاراوەکانی زمانی کوردی بەفەرمی وەکوو میراتی مێژوویی ناسیوە، لە کاتێکدا تا ئیستا زمانی کوردی بەفەرمی لە لایەن حکومەتەوە نەناسێندراوە، ئێوە ئەو دووفاقییەیان ئەو سیاسەتەی ڕێژیم و ڕووناکبیرانی دەسەڵاتی ئێرانی چۆن دەبینن؟ چۆنی لێکدەدەنەوە ؟

وایە، لەکی وەکوو زمانی میرات، نەک زمانی ڕەسمی، لە ئێران دانی پێدانراوە. خۆ ئەگەر ئەوە لە پاڵ بە ڕەسمی ناسینی زمانی کوردی بە گشتی کرابایە، شتێکی گوماناوی نەدەبوو. ئایا بەمجۆرە گەرەکیانە کە بڵێن، لەکی کوردی نییە؟ وا وێدەچێت.ئەوەندی من بزانم، زۆربەی لەکەکان خۆیان بە کورد دەزانن وشێوەزارەکەشیان بە بەشێک لە گەورەزمانی کوردی دەزانن. هەڵبەت، تاوەکوو ئێستا نەمدیتووە کە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی، وەکوو ڕاپرسی لە ناوچەکە، لەم بارەوە کرابێت. لە لایەنی پێکهاتەی زمانیشەوە، شارەزایانی زمانی کوردی (لێرە کە دەڵێم ‹زمانی کوردی› مەبەستم هەموو شێوەزارە کوردییەکانە) لەکی بە کوردی دەزانن. با چەند نموونەتان بۆ بێنمەوە. من و چوار لێکۆڵەری دیکە، کە هەموویان پرۆفسۆری زانکۆ و شارەزای زمانی کوردین، کتێبێکمان بە دەستەوەیە کە بڕیارە ساڵی ٢٠٢٣ چاپخانەی جیهانیی ئاکسفۆڕد چاپی بکات. بەشێک لە کتێبەکە لە ٦ بەش پێکهاتووە و، هەر بەشە بە کورتی و پوختی باسی پێکهاتەی زمانیی شێوەزارە کوردییەکان دەکات، کە یەکێک لە ئەمانە لەکی‌یە. واتە، ئێمە لەکی بە بەشێک لە گەورەزمانی کوردی دەزانین. ئێتنۆلۆگ کە یەکێک لە سەرچاوە هەرە بەناوودەنگەکانی دنیایە لەسەر هەموو زمانەکان، لەکی لەژێر زمانی کوردی ڕیز دەکات.[١١] پڕۆفسۆر ئێرک ئەننبی، کە هاوکاری خۆشمە لە زانکۆکەمان، بە چاولێکردن لە فۆنۆلۆژیی پێکهاتە زمانییەکانی دیکە، نیشان دەدات کە بەتایبەتی لەکیی پێشکێو (پیش کوە) لە لایەنی زمانی و ژێنێتیکەوە سەر بە زمانی کوردییە، هەرچەند کە لەوانەیە هەندێک لە ئاخێوانی ئەو شێوەزارە لە لایەنی ئێتنیکییەوە خۆیان بە لۆر بزانن. سمایل کەماندار فەتاح، کە نووسەری یەکێک لە سەرچاوە هەرەگرنگەکانی زمانناسی سەبارەت بە شێوەزارەکانی کوردیی باشوورییە، بە فەڕانسەوی، پێی وایە کە چونکە لەکی تایبەتمەندیی ئەرگـــەتیڤی (Ergativity) هەیە[12]،  ناکرێت لەژێر کوردیی باشووری، لە پاڵ کەلهوڕی و هتد، ڕیزبەندی بکرێت، بەڵکوو دەبێت وەکوو یەکێکی دیکە لە لکە سەرەکییەکانی زمانی کوردی دابندرێ، وەکوو: کوردیی باکووری، کوردیی نێوەڕاست، کوردیی باشووری و، لەکی (ئیسماعیل کەماندار-فەتاح گۆرانی/هەورامی و زازا، جۆرێکی تر ڕیزبەندی دەکات).[١٣]

بە گشتی، زمان دیاردەیەکی نەتەنیا هۆشەکی، بەڵکوو کۆمەڵایەتیشە؛ نەتەنیا سەرەکیترین ئامرازی پێوەندیگرتنە، بەڵکوو خەزێنەی کولتوور، کەرەسەی ناسنامە نواندن و دروستکردن و، لێنزی خوێندنەوەی دنیای دەوروبەرمان و ژیانە. لەبەر ئەمە، هەر هەڵسوکەوتێک کە سەبارەت بە هەر زمانێک دەگیرێت، لایەنی کۆمەڵایەتی، ئابووریی و سیاسی هەیە.  من لەو بابەتەی دانپێدانانی لەک وەکوو زمانی میراتم نەکۆڵیوەتەوە، بەڵام بەلامەوە زۆریش ئاسایی و ڕەوایە کە بپرسین: کێ ئەم کارەی کردووە و لەسەر داواکاریی کێ؟ ئایا ئەم هەنگاوە بە نیاز و تەمای باش و ئەرێنی هەڵگیراوە یان بە نیازی نەرێنی؟ لە هەموویان گرینگتر، پێویستە بپرسین: کێ لەم کارە سوودمەند دەبێت و کێ زەرەرمەند دەبێت؟

 لەسەر بەکارهێنانی میدیا بە زمانی کوردی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانییەوە نەزەرتان چییە؟ بۆ وێنە دەسەڵاتی سیاسیی ئێران شەبەکەی سەحەری هەیە، ٢٤ کاتژمێر بە زمانی کوردی بەرنامەی هەیە، ئەوە چۆن دەبینن؟ ئەمە لە کاتێکدایە لەمڕۆژانەدا بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی ئێران لە مەجلیسی ئێراندا وتوویەتی خوێندن بە زمانی دایکی لە ئێران مەترسیی ئەمنییەتی لەسەرە، ئەوە چۆن لێک دەدەنەوە؟ ئایا لەڕووی زمانناسییەوە مەنتقییەیانباسێکی سیاسییە؟

با لە کۆتاییی پرسیارەکەتەوە دەست پێبکەم: باشی بۆچوویت: حوکمێکی وەها، هەڵوێستێکی وەها، فڕی بەسەر زمانناسییەوە نییە؛ هەڵوێست و تەمایەکی سیاسییە. چۆنە کە کوردی، لە سەرەتاکانی حەفتاکانەوە (پەنجاکانی شەمسییەوە) لە میدیای ئێراندا کەلکی لێوەدەگیرێت؟ لەم پێوەندییەدا، د. ئەمیر حەسەنپوور، لە کتێبە زۆر گرینگەکەیدا و لە شوێنی دیکەش، ئەمەی بە دروستی گوتووە: ١. بۆ مەبەستی پڕۆپاگەندە و بەرپەرچدانەوەی میدیای کوردیزمانی وڵاتانی دراوسێ، میدیای ئێرانیش کەلکی لە زمانی کوردی وەرگرتووە و وەردەگرێت. ٢. لە هەمان کاتیشدا، چالاکانی کولتووری و خەڵکی ئاساییش، ئەوەندەی بۆیان بلوێت، کەلک لەو کاناڵانە وەردەگرن بۆ بووژاندنەوەی زمان و کولتوورەکەیان.

لەگەڵ ئەمەشدا، ڕەوایە کە بپرسین: بۆچی لە پەروەردەدا کوردی ڕێگای پێنادرێت؟ ئەو میدیایەی ئێمە باسی دەکەین، ئەوەندە بڵاو نابێتەوە کە بچێتە ناو زۆربەی ماڵەکانی ڕۆژهەڵاتەوە. لە لایەکی ترەوە، ئەگەریش بڵاو ببێتەوە، بۆ دەرەوەی ئێرانە و بۆ گەورەساڵانە. من ئاگادار نیم کە منداڵی کوردزمانی ناوخۆی ڕۆژهەڵات بینەری ئەو کاناڵە بن. بەڵام، کە باسی خوێندن بە زمانی زگماکی دەکەین، ئێمە ڕاستەوخۆ باسی منداڵی کوردیزمان دەکەین. زمانێک کە لە فێرگە فێری منداڵان بکرێت و، لەوەش گرینگتر، پێی بخوێندرێت، نافەوتێت و پەیتاپەیتا بەرەو پێشڤەچوون و پێگەیشتن دەڕوات. من گەرەکم نییە بڵێم کە کەلک وەرگرتن لە زمانێکی وەکوو کوردی لە میدیادا، یان لە کارگێڕیدا، گرینگ نییە؛ گرینگە. بەڵام، هیچکام لە دەزگا و بوارە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕادەی فێرگە و پەروەردە لە ژیانی زمانێکدا کاریگەر نین. ئەمە بەتایبەت لە دنیای شارگەرا و خوێندەواردا زۆر ڕاستە. لە جیهانێکدا کە لێهاتووییی خوێندنەوە و نووسین کلیلی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە مەعریفییەکان، کۆمەڵایەتییەکان، ئابوورییەکان و سیاسییەکانە، تەنیا ئەو زمانانە دەمێننەوە کە نە تەنیا لە فێرگەکاندا فێردەکرێن، بەڵکوو زمانی فێرکارین. بەدرێژاییی مۆدێرنیتە، پەروەردە کاریگەرترین دەزگا و کەرەسە بووە بۆ پەڕاوێزخستن و تواندنەوەی زمانە بەکەمینەکراوەکان. ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگی ئێرانی/فارسی ئەمە باش دەزانێت و زۆرتر لە سەد ساڵە ئەم سیاسەتە زمانییە بەڕێوە دەبات.

بەداخەوە، ئەم سیاسەتە، واتە ڕێگانەدان بە زمانی بەکەمینەکراوەکان لە پەروەردەی ئێراندا، تەنیا باڵادەست مانەوەی زمانی فارسی بۆ گرینگە، نەک هەست و نەستی میلۆنان  منداڵ کە بە زمانگەلی وەکوو ئازەری، کوردی، بەلووچی، تورکەمەنی، عەرەبی و هتد دەدوێن. دوو لایەنی نەرێنیی ئەم سیاسەتە باس دەکەم.

پرۆفسۆر ســــــەعید پەیڤەندی، مامۆستایەکی زانکۆ لە فەڕانسە، کە خۆی بە ئێرانیش دەزانێت، بە ئامار و بەڵگە نیشانی داوە کە پەروەردە لەو پارێزگایانەی فارسیزمان نین، زۆر جیاوازە لە پەروەردە لەو پارێزگایانەی کە فارسیزمانن. لە چاو پارێزگاکانی ناوەندی/فارسیزمان، منداڵانی ئەو پارێزگا پەڕاوێزخراوانە کەمتر لە فێرگە دەمێننەوە، کەمتر پۆلی ١٢ تەواو دەکەن و، دوایەش کەمتر دەچنە زانکۆ یان پلەکانی باڵای خوێندن. پەیڤەندی پێی وایە کە هۆی سەرەکی ئەمەیە کە لەو پارێزگایانەدا زمانی پەروەردە جیاوازە لە زمانی زگماکیی فێرخوازەکان.  ئەمەش شتێکی نوێ نییە. لە شەستەکاندا، لە ئینگلستان، کۆمەڵناسێک بە ناوی بەزیل برنستین (Basil Bernestein)[14] بۆی دەرکەوت کە ئەگەر منداڵ لە شوێنێکەوە بێت کە زمانەکەی لەگەڵ زمانی فێرگە جیاواز بێت، بۆی هەیە لە خوێندندا سەرکەوتوو نەبێت، لەبەر ئەوە کە ئەو زمانەی ئەو دەیزانێت، واتە «کۆدی بەربەست» (Restricted code)، جیاوازە لە «کۆدی ڕازاوە» (Elaborated code) کە زمانی فێرگە و مامۆستاکانە (زمان و ڕاوێژی چینی مامناوەندی یان باڵا). لە هەشتاکاندا، لێکۆڵەر و ڕاهێنەری بەناوبانگ، جیم کامنز (Jim Cummins)[15]، پرۆفسۆری زانکۆی تۆرۆنتۆ، دوای دەیان ساڵ لێکۆڵینەوە لە پەروەردەی منداڵانی پەنابەر لە کەنەدا، هەر بەم ئاکامە گەیشت.

«کۆڤێد»، لەگەڵ هەموو ناخۆشییەکانی، قازانجێکی زۆر سەیری هەبوو کە هەندێک لە ڕاستییەکانی داسەپاندنی پەروەردە بە یەکزمانی لە ئێران زۆرتر، بۆ خەڵکی ئاسایی، ئاشکرا کرد. وەکوو دەزانن، بۆ ماوەیەک فێرگەکان لە ئێران داخران و پەروەردە لەسەر ئینترنەت بوون. لەو ماوەیەدا، هەندێک ڤیدیۆ بڵاو بوونەوە کە نیشان دەدەن چۆن دایکوبابە کوردەکان یان ئازەرییەکان لەگەڵ منداڵەکانیان خەریکی ڕاپەڕاندنی تەکلیف و چالاکییەکانی فێرگەن. هەندێک جار ڤیدیۆ تۆمار دەکەن بۆ ئەوەی کە بۆ مامۆستاکانیان بنێرن، بۆ نموونە تاقیکاریی زانستی دەکەن یان تێکستێکی فارسی دەخوێننەوە و دەبێ ئەمە بنێرن بۆ مامۆستاکانیان.  من چەند لەم ڤیدیۆیانەم کۆ کردووەتەوە و دوایە لەسەر ماڵپەڕێکی فەیسبووک بڵاوم کردوونەتەوە: زمان و زمانناسیی کوردی (Kurdish Language and Linguistics).  لەو ڤیدیۆیانەدا، بە ئاشکرا دەبینی بۆ وێنە منداڵی ئازەربایجانی هەیە کە دەپاڕێتەوە لەبەر دایکی و دەڵێ: دایە تۆ ئەگەر لێم گەڕێی من تورکییەکەی دەڵێم، ناتوانم بە فارسی بیڵێم. دایکەکە فشاری بۆ دێنێ و دەڵێ: نا،ڕۆڵە، دەبێ بە فارسی بیڵێی. ڤیدیۆی منداڵی کوردیش هەیە کە نیشان دەدات چەند بە ئاسانی وانەکەی بە کوردی شیدەکاتەوە، بەڵام بە فارسی ناتوانێت. تۆ هەست بە ئازاری ئەم منداڵانە دەکەیت، کاتێ دایکوباوکەکە داوایان لێدەکەن کە بە فارسی چالاکییەکەیان بکەن. قسەی د. حەسەنپوور، برنستین، کامنز و من ئەمەیە: ڕێگا بدەن کە منداڵ بەو زمانەی دەیزانێت بخوێنێت، خۆی دەرببڕێت، دنیا و دەوروبەری بخوێنێتەوە و، زانیارییەکانی دەرببڕێت. کە ئەمەی کرد، بە زمانی خۆی، دەتوانێت بە دەیان زمانی دیکە، لەوانەش فارسی، هەمان کار بکات.

 جەنابت باوەڕت بەوەیە کە زاراوەکانی زمانی کوردی لە ئاستێکدان کە ستانداردن، بۆ وێنە سۆرانی، یان کوردیی نێوەڕاست، ستانداردە لە ئاستێکداو، کرمانجیی سەرووش هەر بەهەمان شێوە. ئێستا لێرەدا دوو پرسیار دێتە گۆڕێ: ئەم ستانداردسازییە چۆنڕوویداوە و، دەمهەوێ بیبەستمەوە بە تیۆرییەکەی جەنابت، ئایا ئەم ستانداردسازییە وەک خەسارێک سەیری ناکرێت لە تیۆریی گەورەزمانی کوردیدا؟

زمانی ستاندار دواتە زمانی نووسراو، زمانی فێرگە، زمانی کارگێڕی و زمانی میدیا. زمانی ستاندارد، زمانێکە کە نووسراو بێت نەک تەنیا قسەی پێبکرێت.  لە ڕاستیدا، خەڵکی ئاسایی زۆر زەحمەتە کە لە هەموو بوارەکاندا (وەکوو شەقام، بازاڕ، بنەماڵە، گەڕەک، مزگەوت، کەنیسە، سێنەگاک، تێمپڵ وهتد) بە زمانی ستاندارد قسە بکات. خەڵک بەو زمانە قسە دەکات کە دەوروبەری لێی تێبگەن. ئەمە بۆ عەرەبیش ڕاستە و بۆ ئینگلیسیش ڕاستە. زمانی لالەزاری تاران لەگەڵ زمانی کتێبە دەرسییەکانی ئێران یەک شت نین. زمانی ستاندارد ئایدیۆلۆژییەکە و ساز کراوە. ئەو زمانە، زمانێکە تا ڕادەیەکی زۆر نەتوانی بیناسییەوە سەر بە چ گرووپێکی ئێتنیکییە و، بڕیار وایە کە زمانێک بێت لە لایەنی ئێتنکی و ناوچەیی‌یەوە بێ لایەن بێت. لە سەردەمی مۆدێرندا، بڕیار بوو کە ئەو زمانە ببێتە زمانی حاڵی دەوڵەتێکی یەکگرتوو.

ئیستا بۆ وێنە لەلای خۆمان تەوەهومێک هەیە، خراپ تێگەیشتنێک هەیە، کە پێی وایە ئینگلیزی هەر ئەوەیە کە تۆ لە کتێبدا دەیبینی. من ئەوە زۆرتر لە سی ساڵە بەو زمانە دەخوێنم، دەخوێنمەوە، دەنووسم و مامۆستایەتی پێدەکەم. پێت دەڵێم کە، ئاوا نییە. دەتوانم هەر لەو شارەی خۆم، پێتەختی کەنەدا، کەسێک کە پێی وایە ئینگلیسی زۆر باش دەزانێت، بیبەم بۆ شوێنێک و دە ساعەتیش لەوێ لەگەڵ خەڵکەکە قسە بکات، بەڵام تێنەگات چ دەڵێن. دیسان دەڵێم: زمانی ستاندارد کۆدێکی قەراردادییە و لەگەڵ زمانی قسەکردن جیاوازە.

بێجگە لە ئەمە، زمانی ستاندارد (نەک ئیستاندارد) قۆناغێک نییە کە تۆ ستانداردی بکەی و پێی بگەی و «ئاوێ بێنە و دەستان بشۆ». پڕۆسەی ستانداردکردن، بە ئینگلیزیشەوە و بە فەڕانسەویشەوە و بە ئاڵمانیشەوە، نەگۆڕ نییە؛ قەت ڕاناوەستێ و هەمیشە درێژەی هەیە. بۆ وێنە، تۆ دەتوانی بەس بیر لەوە بکەیەوە چۆن ئەکادیمیی فەڕانسە شەو و ڕۆژ وشە دادەتاشێ، وشەی تازە بۆ تێکنۆلۆژی، بۆ ڕووداوی تازە، بۆ پڕۆسەکانی»کۆڤێد» و، هەوڵ دەدات دایسەپێنێت بەسەر فێرگەکان، دەزگا کارگێڕییەکان و میدیاکاندا. یەکێک لە لێکۆڵەرانی زمانی ستاندارد قسەیەکی جوانی هەیە، کە دەڵێ: تەنیا زمانێکی مردوو دەتوانێ زمانێکی تەواو ستاندارد بێت. واتە، مادام زمانەکە زیندووە، ناتوانێ تەواو ستاندارد بێ؛ ژیان دەگۆڕێ، چاوەڕوانییەکانمان لە زمان دەگۆڕێ، کەوابوو، پڕۆسەکە هەر درێژەی هەیە.

بۆ چـــــارڵز فرگسن (Charles A. Ferguson) کە لە ستانداردکردنی زمانە دەوڵەت-نەتەوەکان ورد بۆوە، ستانداردکردن واتە «دروستکردن، بڵاوکردنەوە و باوکردنی شێوەزارێکی یەکدەست و ئەوپەڕدیالەکتی»کە لە کۆمەڵگەیەکدا پەسند بکرێت و جێگای خۆی بکاتەوە. ئاینر هۆگن ی نۆروێژی-ئەمریکایی (Einar Haugen)، لە ١٩٥٠اکاندا، چوار قۆناخ یان ئاستی بۆ پڕۆسەی ستانداردبوون دیاری کرد:

  هەڵبژاردن: لەم ئاستەدا، لەنێو چەند شێوەزاری سەر بە یەک زمان یان گەورەزمان، شێوەزارێک تاق دەکرێتەوە، وەکوو بژاردەی یەکەم بۆ زمانی ستاندارد یان زمانی ستانداردی نەتەوایەتی. ڕەنگە ئەو هەڵبژاردنە هۆی ئایینی، ئابووریی، مێژوویی، ئەدەبی، یان سیاسی، یان تێکەڵاوێک لە ئەمانەی هەبێت. بۆ نموونە، شێوەزاری سلێمانی بوو بە بناغەی ستانداردی کوردیی نێوەڕاست، لەلایەکەوە چونکە کۆنترین نووسینەکان بە کوردیی نێوەڕاست لەو ناوچەوە سەریان هەڵدابوو، هەروەها لەبەر ئەوەش کە سلێمانی لە سەرەتای شەڕی یەکەمی جیهانییەوە بوو بە ناوەندی کوردایەتی لە ناوچەکە، حکومەتی شێخ مەحموودی لێدامەزرا و، یەکەم ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بەو شێوەزارە هەر لەو شارە دەرچوون. دوایە ئەم شێوەزارە ئەدەبییەی کوردیی نێوەڕاست بە شێوەزار و بنزارەکانی دیکە، بەتایبەت موکریانی و گەرمیانی، موتوربە کرا. لەم ساڵانەی دواییدا، شێوەزاری ناوچەی هەولێر و ئەردەڵانیش دەوری گرینگیان لە دەوڵەمەندکردنی کوردیی نێوەڕاستدا بینیوە، بەتایبەت لەبەر گرینگایەتیی شارەکانی سنە و هەولێر لە ژیانی سیاسی، فەرهەنگی و ئابووریی کوردستاندا.

لە کاتێکدا، لە زۆر دەوڵەت- نەتەوەی مۆدێرندا، شێوەزاری ستاندارد لە لایەن حکومەتەوە، یان لانیکەم، سیستەمی پەروەردەوە، هەڵدەبژێردراوە و داسەپێندراوە، بۆ کوردەکان، یان بە گشتی بۆ نەتەوە بێدەوڵەتەکان، بەم شێوەیە نەبووە و نییە. لە خوارەوە، جیاوازییەکانی پلانڕۆنانی زمانی لەنێوان دەوڵەت-نەتەوەکان و نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا دیاری دەکەم.

 کۆدکردن: لەم ئاستەدا تەماکان لەسەر سێ بابەت دەگیرێن و کاریان بۆ دەکرێت: کۆدکردن و یەکدەستکردنی ڕێزمان (ساغبوونەوە لەسەر قانوون و ڕێساکانی گرامێر و ڕێزمانی شێوەزاری ستاندارد)، دەوڵەمەندکردنی خەزێنەی وشە (وشەوەرگرتن، وشەسازکردن و داتاشین و، تەنانەت پەتیگەری) و دیاریکردنی سیستەمی نووسین (تەماگرتن لەسەر ئەلفوبێ و ڕێنووس).

 دەکارکردن و بەڕێوەبردن: لەم ئاستەدا، شێوەزارە یەکدەستکراوەکە دەکاردەکرێت، بۆ نموونە کتێبی پێ چاپ دەکرێت، ڕۆژنامە و دەنگوباسی پێ دەنووسرێت، بەسەر فێرگەکاندا دەسەپێت و وانەکتێبی پێدەنووسرێت و، دەبێتە زمانی کارگێڕی و دامودەزگا حکومی و ناحکومییەکان.

 مۆدێرنیزەکردن و ڕازاندنەوە: لەم ئاستەدا، بە پێی پێداویستیی کات و شوێن و ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان کە پێویستییان بە زمانە، وشەی تێکنیکی و زاراوەی پێویست ئامادە دەکرێن و دەناسرێن (وەکوو لەم دوایی‌یانەدا، بە دەیان وشە هەر دەبارەی کۆڤید لە هەرێمی کوردستان ساز کران: دەمامک بۆ ماسک، بەرکەوتن بۆ ‹تماس›، و هتد). شتێکی دیکەی پێویست بۆ زمانی نووسین و مۆدێرن بریتییە لە دەستەکتێبی ڕێنوماییی نووسین و ستایل بۆ ئەوە کە زۆربەی ئەو کەسانەی بەو زمانە دەنووسن وەکوو یەک بنووسن بۆ ئەوە کە خوێندنەوە و تێگەیشتن لە تێکستەکان و گوتارەکان ئاسانتر بکەنەوە.

شارەزایانی زمانناسیی کۆمەڵایەتی پێیان وایە و وابووە کە هۆگن دەبوایە خاڵێکی دیکەش زیاد بکات، کە ئەویش بریتییە لە ‹قەبووڵکردن› (Acceptability). واتە، بۆ ئەوە کە زمانێکی نووسراوەی ئەدەبی و ستاندارد لە کۆمەڵگەیەکدا جێگای خۆی بکاتەوە، پەسەند بکرێت و کێشەی گەورەی ئابووریی، کۆمەڵایەتی و سیاسی نەخوڵقێنێت، پێویستە لە لایەن زۆربەی هەرەزۆری ئەو کۆمەڵگەیەوە پەسەند بکرێت. بە پێچەوانەی ئەوانەی کە گەرەکیانە چاو لە سیاسەت و پلانڕۆنانی زمانی وەکوو پڕۆسەیەکی میکانیکی و ئەندازیاری بکەن، ئێمەی پسپۆڕانی زمانناسیی کۆمەڵایەتی لەسەر ئەم بڕوایەین کە پلانڕۆنانی کاریگەر و بەسوود بۆ زمان، واتە پلانێک کە بەرژەوەندی و پێشکەوتنی هەمەلایەنەی کۆمەڵگەی بەگشتی لەبەرچاو بێت، دەبێت ئەم خاڵانەی لەبەرچاو بێت: تێگەیشتن لە فاکتۆرە کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی، ئابووریی و مێژوویی‌یەکان کە بەشێوەیەک لکاون بە زمانەوە؛ ئاگادار بوون لە بۆچوون و ڕای خەڵک سەبارەت بە شێوەزارەکان، جۆراوجۆریی زمانی و پێوەندیی زمانەکان لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ بابەتی وەکوو پێشکەوتن، خوێندەواری و ناسنامە؛ ئاگاداربوون سەبارەت بە ڕەوتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەیەکدا؛ هەبوونی زانیاری لەسەر ئەمە کە ئایا جۆراوجۆریی زمانی وەکوو گرفت، یان دەرفەت و سەرچاوە، یان ماف دەبیندرێت. بەبێ ئاگاداربوون لەم بابەتانە لە کۆمەڵگەیەکدا، پلانڕۆنانی زمانی ناتوانێت لە درێژخایەندا سەرکەوتوو بێت، تەنانەت ئەگەر لە کورتخایەندا ئاکامی ئەرێنی وەدی بێنێت، بۆ وێنە یارمەتیدەر بێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەیەک.

ئەم خاڵەی کۆتایی دەربارەی پلانڕۆنانی زمانیی دەوڵەت-نەتەوەکان و زمانە بەکەمینەکراوەکانیشدا لە جێگای خۆیەتی و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت. بەڵام، چوار خاڵی پێشوو، لەناو نەتەوە-بێدەوڵەتەکاندا بەو شێوە سیستەمەتیکە ڕوو نادەن. هۆیەکەشی ئاشکرایە: ئەمانە، بۆ نموونە کوردەکان، ئەو حکومەت یان دامودەزگایەیان نەبووە کە بەسەر ئەو چالاکییانە ڕابگات، سیاسەتی زمانی دابڕێژێت و دایانسەپێنێت یان بە ڕەزامەندی جێبەجێیان بکات.  لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی لەم چەشنە زۆر بوون و کاری زۆر باشیش کراوە.

لە کۆتاییی ئەم وڵامەدا، با چەند جیاوازی لەنێوان پلانڕۆنانی زمانی لەنێوان دەوڵەت-نەتەوەکان و خەڵکە بێدەوڵەتەکاندا (بەتایبەتی ئێستا) دیاری بکەین:

 پلانڕۆنانی ئەو دوو جۆرە ژینگەیە لە سەردەمی جیاوازدا سەریان هەڵداوە:

  1. a. دەوڵەت-نەتەوەکان: لەو کاتەدا، ئامانج و دروشم ئەمە بوو: یەک حکومەت، یەک نەتەوە، یەک نەتەوە. ئەمە ئایدیۆلۆژییەکی ئورووپایی بوو بە پێشقەراوڵیی فەڕانسە. ناوەندگەرا بوو: ناوەندکولتوور، ناوەندئابووریی، ناوەندسیاسەت، ناوەندپەروەردە، ناوەندزمان و هتد؛ هەموو شت لە پێناو دامەزراندن و سەقامگیرکردنی نەتەوە-دەوڵەتێکی جیاواز لە ئەوانی دیکە بوو. وشیاریی ئێتنیکی و زمانی، مافی مرۆڤ و زمانی یان هەر نەبوو یان زۆر کەم بوو.
  2. b. بەکەمینەکراوەکان/بێدەوڵەتەکان: لە سەردەمێکدان کە وردبوونەوەکان لەسەر ناسنامە، مافی ئۆتۆنۆمی، سیستەمی فێدرالیتە یان شووڕایین؛ ئەگەر حەزیش بکەن، ئەو هێزەیان نییە کە ناوەندگەرایی داسەپێنن؛ سیاسەتی دانپێدانانی کولتوورە جیاوازەکان باوە لەباتی تواندنەوەی جیاوازییەکان لە یەک کولتوور و زماندا؛ وشیاریی هەرچی زۆرتری ئێتنیکی، ئالووێرە ئابوورییە نیولیبڕالییەکان و، ڕەوتە جیهانییەکانی پێوەندیگرتن (سەتەلایت، ئینترنەت، سۆسیال میدیا و هتد) لە ئارادان.

 ئەکتەرەکانی بەشداربووی پڕۆسەکە لەم دوو سەردەمەدا جیاوازن:

  1. a. دەولەت-نەتەوەکان: حکومەتی ناوەندی و دامودەزگاکانی بکەری سەرەکین، چ لە لایەنی بیرکردنەوە و پلانڕۆنانەوە و، چ لە لایەنی بەڕێوەبردن و داسەپاندنەوە. خەڵک، بەتایبەت بەکەمینەکراوەکان دەورێکی ئەوتۆ ناگێڕن. بۆ نموونە، پەروەردە لە ناوەندەوەیە، پلانی زمانی لە لایەن دەزگا حکومییەکان و ئەکادیمییەکانی زمانەوە بەڕێوە دەچن.
  2. b. بەکەمینەکراوەکان: ئەوانەی چەشنێک ئۆتۆنۆمییان هەیە، وەکوو کورد لە باشووری کوردستان یان فەڕانسەیی‌یەکانی کەنەدا لە پارێزگای کوبەک، دەتوانن هەندێک لەم کارانە بکەن. بەڵام، تەنانەت ئەوانیش بۆ ئەوە کە سەرکەوتوو بن لە ڕاگەیشتن بە زمانەکانیان، دەبێ داوای بەشداری لە خەڵک بکەن، لە دایکوباوک و بازاڕییەوە بگرە هەتا قوتابی و مامۆستا و فێرگەکان و هتد. لە وڵاتی باسک لە سپانیا ئەم کارە بە شێوەیەکی باش کراوە. واتە، ئەکادیمیای باسک و وەزارەتی پەروەردە لەو هەرێمە لە ماوەی ٦٠ ساڵی ڕابردوودا کارێکی ئەوتۆی کردووە کە لە زمانێکی لە حاڵی لەناوچووندا ئێستا زمانی ستانداردی باسک (یووسکێرا) بووە بە زمانی نەتەنیا فێرگەکان و کارگێڕی و میدیا، بەڵکوو بە زمانی شەقام و ناو ماڵەکان. ئەمە بەبێ بەشداریی چالاکانەی خەڵکەکە نەدەکرا.

 میکانیزمی پڕۆسەکە جیاوازە:

  1. a. دەوڵەت-نەتەوە: زانیارییەکان لە کاناڵێکەوە، لە سەرەوە، دەنێردران بۆ خوارەوە، بۆ نموونە لە لایەن دەزگا حکومییەکانەوە، یان ڕۆژنامەکانەوە. دەسەڵاتەکەش لە سەرەوە بۆ خوارەوە بەڕێوەدەبردرا.
  2. b. بەکەمینەکراوەکان: زانیارییەکان لە سەدان کاناڵەوە، لە هەموو لایەکەوە، بۆ هەموو لایەک دەنێردرێن؛ تەنیا لە سەرەوە بۆ خوارەوە نییە، بەڵکوو لە خوارەوەش بەرەو سەرەوە بەردەوامە. فوکۆ گوتەنی: دەسەڵات لە هەموو شوێنێکە.

 ئیکۆلۆژیی زمانی، واتە پێوەندیی زمانەکان جیاوازە:   

  1. a. دەوڵەت-نەتەوە: یەکزمانی و تاکزمانی بەڕاست دەزانرا (ئێستاش دەزانرێ، لە شوێنی وەکوو ئێران و تورکیا) لە پێناو چێکردنی دەوڵەت-نەتەوەیەکی یەکڕەنگ و یەکدەنگدا.
  2. b. بەکەمینەکراوەکان: فـــــــرەزمانی و جۆراوجۆریی زمانی نۆڕمە و بە سروشتی دادەندرێ. لە ڕاستیدا، ئەگەر بەکەمینەکراوەکان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانەی سەروو، ئەمەیان لەبەرچاو نەبێت و، تەنیا لە دروستکردنی یەک زمانی ستاندارد ورد ببنەوە، هەموو زمان و شێوەزارەکانیان لەدەست دەدەن، ستانداردەکەشی لەگەڵ بکەوێت. کورد گوتەنی، ئەگەر وشیار نەبن، بۆ دەسرۆکەیەک یەک قەیسەری ئاگر تێبەردەدەن.

درێژەی هەیە.


پەراوێز

  1. Carleton University= دانشگاه کارلتون
  2. Ottawa= اُتاوا
  3. sociolinguistics= زبانشناسی اجتماعی
  4. Discourse analysis=تجزیه تحلیل کلام
  5. Visiting Professor
  6. Toronto=تورنتو
  7. Applied linguistics= زبانشناسی کاربردی
  8. Keynote, Plenary talk, Invited paper
  9. Oxford Handbook of Kurdish Linguistics, Edited by Jaffer Sheyholislami, Geoffrey Haig, Haidar Khezri, Salih Akin, and Ergin Opengin. Oxford University Press.
  10. Hassanpour, Amir. 1998. The identity of Hewrami speakers: Reflections on the theory and ideology of comparative philology. In: Soltani, Anwar. ed. Anthology of Gorani Kurdish Poetry. London: Soane Trust for Kurdistan. 35-49. 2) Haig, Geoffrey and Öpengin, Ergin. 2014. Introduction to Special Issue: Kurdish: A critical research overview. Kurdish Studies 2:2, 99-122; 3) Matras, Yaron. 2019. Revisiting Kurdish dialect geography: Findings from the Manchester Database. In: Gündoğdu, Songül, Öpengin, Ergin, Haig, Geoffrey, Anonby, Erik. ed. Current issues in Kurdish linguistics. Bamberg: University of Bamberg Press. 225-242.
  11. https://www.ethnologue.com/language/lki
  12. ئەرگەتیڤ پێکهاتەیەکی ڕێزمانییە کە لە هەندێک لە زمانەکاندا هەیە، وەکوو باسک و ئینێکتیتوت. لە شێوەزارە کوردییەکاندا هەیە بەڵام نەک بەو تۆخییە. کرداری ئەرگەتیڤ دەتوانێت هەم تێپەڕ بێت و هەم تێنەپەڕ، واتە، بکەری کرداری تێنەپەڕ وەکوو بەرکاری کرداری تێپەڕە. بۆ زانیاری زۆرتر دەتوانن بڕواننە ئەم سەرچاوە فارسییە، لە لە لایەن زمانناسێکی کوردەوە نووسراوە: ارگتیو در زبان کردی: کرمانجی (بادینی)، سورانی و هورامی. ١٣٨٩. تالیف: فاطمە دانش پژوە. نشر داستان. ئەم وتارەش بە تایبەتی باسی ئەرگەتیڤی لە لەکی دا دەکات:
  13. https://www.lalibrairie.com/livres/auteurs/ismail-kamandar-fattah,0-146319.html
  14. https://jis.ut.ac.ir/article_52667_4d27a7e27c30657ed1ca05ea598ef359.pdf?lang=en
  15. https://en.wikipedia.org/wiki/Basil_Bernstein

https://en.wikipedia.org/wiki/Jim_Cummins_(professor)

داگرتنی بابەت