ئارامتر بخوێنەوە

“ئەنوەر سوڵتانی”

مروارییەک له دەریای لێکۆڵینەوەی مێژوو و وێژەی کوردیدا

د. کامران ئەمین ئاوە


حەیدەربابا! تاکاتێ غیرەتت ماوە نامری،

هەتا هەڵۆ هەڵدەفڕێ  و لە لووتکەت لەنگەر دەگرێ،

بەردی سێڵاو ڕاماڵیو، سەری لەسەرت دەسوێ،

سەرهەڵێنە و بڕوانە، هیممەتی من ببینە!

شۆڕ بەوە  و لێم ڕامێنە، باڵای کورتم ببینە!

(شەهریار)


لە ڕاستیدا نووسین لەسەر کەسایەتییەکی وەکوو کاک ئەنوەر سوڵتانی نەک کارێکی هاسان نییە، بەڵکوو دژوارە و بوێرییەکی تایبەتیشی دەوێ. به کام وشه و لە کام ڕستەدا دەکرێ کەسایەتی و تایبەتمەندییەکانی کاک ئەنوەر، ئاکار و ڕەفتاری، لەخۆبوردوویی، فیداکاری، جوامێری، پاکی و بێگەردی، هەستی دادپەروەری و یەکسانیخوازیی ئەو وێنا بکرێ؟ بە کام وشە و کامە نووسین، پله‌ی بەرزی دڵسۆزی، بەرپرسایەتی و خۆشەویستیی بۆ گەل و نیشتمان و، ماندوویی نەناسینی لە بە دواداچوون بۆ مێژوو و ئەدەبیاتی کوردستان و هەرچی و هەرکەسێک پێوەندیی به زێد و نیشتمانه داگیرکراوەکه‌یەوە هەیە؛ هەروەها ڕێژەی لەژمارنەهاتووی بەرهەمەکانی که وێرای کار و ژیانی دژواری دەرەوەی وڵات پێشکەشی کۆمەڵگای کوردەواریی کردوە، گەڵاڵه‌ بکرێ و نیشان بدرێ؟

له لایەکی دیکەشەوە  ئەدی به کام وشە و ڕسته دەتوانین نەک تاکی کۆمەڵگا، بەڵکوو حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستان به باشوور و ڕۆژهەڵاتەوە سەبارەت بە قەدرنەزانین و کەمتەرخەمییان لە ئاست ئەو چەشنە کەساییەتییانه که تەواوی ژیانی خۆیان بۆ خزمەت به مێژوو و ئەدەبیاتی کورد، زیندووکردنەوەی بەرهەمی له‌بیرکراو یان کارلەسەرنەکراوی وێژەیی و مێژوویی، یان ڕوونکردنەوەی گۆشه نەبینراوەکانی مێژووی کورد و بردنەسەرەوەی ئاستی ئاگاییی نەتەوەیی تەرخان کردووە، سەرکۆنە بکەین؟ ئایا ئێمە  هەر دەبێ چاوەڕێ بین کەسایەتییەکانمان لە دەست بدەین جا پاشان ڕێزیان لێ بگرین و باسی خزمەت و کارەکانیان بکەین، یان پێویسته و دەبێ تا کاتێک زیندوون و به هەناسەی گەرم و بەتینیان له ڕێگای گەشەسەندن و دەوڵەمەندکردنی سامانی زانستی و کولتووری و بیری نەتەواویەتیماندا نەخش دەگێڕن، ڕێزیان لێ بگرین، زۆرتریان بناسێنین، یارمەتیی چاپ و بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانیان بدەین و وەکوو تاکێکی پێزانی کورد ئەرکی خۆمان لەبەرانبەر ئەو هەموو خزمەت و فیداکارییانه‌ی ئەواندا بەجێ بێنین و سەری کڕنۆش لەبەرانبەریان دانوێنین؟

نازانم بۆچی کەسانێک کە لە باری ڕووحی و مەعنەوییەوە لێمان نزیکن، بوونیان گەرمی و خۆشی  دەدا به ژیانمان، به کار و ئاکار و بەرهەمەکانیان ڕێی ژیان و خۆشەویستی به وڵات و نیشتمانمان نیشان دەدەن،  هەتا لە ژیاندان نایانبینین؟ بۆ هەست به‌و هەموو تین و گەرما و خێر و بەرەکەتەیان ناکەین؟ بۆچی بۆ ساتێکیش بێ، بیرلەوە ناکەینەوە کە هەتا هەن و لە نێومانن، دەبێ قەدرزانیی خۆمانیان پێ نیشان بدەین تا وانەیەک بین بۆ وەچەی داهاتوو که فێر بن ڕێز لە کەسایەتییه ئەدەبییەکانیان، مێژوونووسەکانیان، زاناکانیان و توێژەرانی بواری جۆراوجۆری کۆمەڵ و نەتەوە و نیشتمانیان بگرن. یەکێک لەم کەسایەتییه بەنرخانە کە کەمتر ئاوڕ لە خزمەتەکانی دراوەتەوە کاک ئەنوەری سوڵتانییە. لێرەدا ئاوڕێکی کورت لە کەسایەتی‌، ژیان و بەرهەمەکانی کەسێک دەدەینەوە کە پتر لە چوار دەیەیە بێ هیچ چاوەڕوانییەک  بە نووسین و توێژینەوە، خزمەتی مێژوو و ئەدەبیاتی نەتەوەکەی و ڕەوتی گەشەسەندنی بیرو هزری نەتەوەیی و بیر و باوەڕی دادپەروەرانە، مرۆڤدۆستانە و ئازادیخوازی لە نێو نەتەوە و نیشتمانی خۆی واته کورد و کوردستان دەکا.

 
ئەو جۆرەی من کاک ئەنوەرم ناسی!

پاش نیوەڕۆی ڕۆژی جومعه‌یەک، باوک و دایکم به دەنگێکی نزم باسی یەکێکیان دەکرد که ماوەیەکە لە بەندیخانه ڕزگار کراوە و به هۆی سیاسی بوونییەوە، گەلێک ئەشکەنجه کراوە. ئەو قسانه بۆ منی میرمنداڵی ١٠ یان ١١ ساڵان شتێکی تازە بوو. بێ ئەوەی سەرنجی ئەوان بەرەو خۆم ڕاکێشم خەریکی کایەی خۆم بووم و هاوکاتیش گوێم به قسەکانیان دەدا، چاوەڕێ بووم لە نێو قسەکانیاندا بزانم ئەوە کێیه لەبەر دژایەتیکردنی شای ئێران ئاوایان بەسەر هێناوە؟ بۆ دەبێ کەسێک دژی شا بێ؟! بۆچی دەبێ کەسێک که ئاوا باوکم خۆشی دەوێ، ئەشکەنجه بکرێ و ئازاری بدەن؟ و زۆر بۆی دیکە … هەروا که گوێ قوڵاخ بووم، ناوی کاک ئەنوەری وەفام بیست. کاک عومەر برا گەورەی کاک ئەنوەرم به هۆی هەبوونی دووکانه گەورەکەی، که پڕ لە کەرەسەی تەلەڤیزیۆن و … بوو، دەناسی و دەمزانی ” وەفا”ی پێ‌دەڵێن، بەڵام کاک ئەنوەرم نەدەناسی. هەتا سەردەمی شۆڕش و پاش شۆڕشیش هەر به “وەفا”م دەناسی و نەمدەزانی که “وەفا” نازناوی شێعریی کاک عومەرە و، ناوبانگی بنەماڵەیان “سوڵتانی”یه و ئەمە، پێوەندیی به خودی کاک ئەنوەرەوە نییه.

پاش شۆڕشی ٥٧ که ئیتر تەمەنم گەیشتبووە ١٥ ساڵ، کاک ئەنوەرم دوور و نزیک زۆرتر دەدیت، هەم مامۆستای مێژووی من لە ساڵی دووی دەبیرستان بوو و هەم به هۆی چالاکیی سیاسی و تەنانەت بوونی بە بەربژێری “ڕێکخراوەی چریکە فیدایییەکانی گەلی ئێران” بۆ مەجلیسی خیبرەگان و یەکەم هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای میللیی ئێران”(لە دوای هاتنەکاری ڕێژیمی ئاخوندەکان) و هتد  ناوی وەکوو بەشێک لە کەسایەتییه سیاسییەکانی بۆکان زۆرتر بەدەرەوە بوو. له لایەکی دیکەشەوە کاک ئەنوەر دۆست و خۆشەویستی باوکم بوو و، هەتا زیندوو بوو شانازیی پێوە دەکرد و هەمیشە به ڕێزەوە باسی کاک ئەنوەری دەکرد.

بەڵام دۆستایەتیی ڕاسته‌وخۆ و ناراستەوخۆی من لەگەڵ مامۆستای کاتی تازەلاویم دەگەڕێتەوە بۆ دەستپێکی سەدەی نوێ، به تایبەتی پاش ئەوەی سایتی “ڕۆژهەڵات – بۆکان” هاتە نێو دونیای مەجازییەوە.

 پاش بڵابوونەوەی فەرهەنگۆکێکی پزیشکیی فارسی – کوردی و کوردی – فارسیی من له سەر سایتی بۆکان، کاک ئەنوەر به ناردنی ئیمەیلێک دەستخۆشیی لێ کردم و داوای لێ‌کردم له‌م بوارەدا و به تایبەتی له نووسینی بابەتی پزیشکی به کوردی بەردەوام بم و زۆرتر بنووسم. ئیتر لەو کاتەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ، پێوەندییەکی بەردەواممان پێکەوە هەیە و من هەرجار چ لەکاتی چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ و چ لەکاتی پێوەندیی تەلەفوونی و هتد وەکوو قوتابییەکی کۆن، بەڵام سەرڕووتاو و ڕدێن‌سپی هەمیشه و بەردەوام شتی لێ فێر دەبم و به ناردنی بابەتەکانی خۆم، زەحمەتی پێداچوونەوەی دەدەمێ، له پێشنیارەکانی گەلێک کەڵک وەردەگرم.

کاک ئەنوەر مرۆفێکی نەرم و ئارامه، تەنانەت لەگەڵ نەیارانیشی گەلێک به ڕێز و به ئینسافه. وێرای ئەو هەموو ڕەنج و زەحمت و لێکۆڵینەوانەی که لە بواری جوراوجۆری پێوەندیدار به کورد و کوردستان کێشاویەتی، لەخۆی ڕازی نییه و،  قەت وشەیەکم بۆ زۆرنرخاندنی خۆی و کەم به حیساب هێنانی کەسێکی دیکە لێ نەبیستووە. کاک ئەنوەر وێرای ئەوەی لە کۆتایییەکانی دەیەی ٧٠ی تەمەنیدایە، بەڵام هەر وەکوو گەنجێک پڕکار و پڕ له وزەیە. زۆرجار پێم وایه کاتی ڕۆژ و شەوی کاک ئەنوەر پتر له ٢٤ کاتژمێرە، دەنا ئەم هەموو کار و بەرهەمەی خۆی، ئیش و کار بۆ بژیوی ڕۆژانه و پێداچوونەوە و ئەنجامی کاری ئەم و ئەو لەم ماوەیەدا بۆ جێبەجێ نابێت!! کاک ئەنوەر لەم پێوەندییەدا  بۆ خۆی له کورتەی ژیاننامە‌یدا دەنووسێ:

ئێستا چه‌ند ساڵه‌ ڕۆژانه‌ ١٦ سه‌عات ده‌خوێنمه‌وه‌ و ده‌نووسم، بەشێکی زۆریشی بۆ وڵات و گه‌له‌که‌م. ئه‌گه‌ر ڕه‌نجم کێشاوه‌، ئه‌رکم بووه‌ و منه‌تم له‌سه‌ر که‌س نییه‌، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مم که‌م بووه‌، له‌وه‌ زیاترم پێ نه‌کراوه‌، خۆم خۆم باشتر ده‌ناسم، به‌‌هره‌ و توانام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه،‌ هه‌رگیز خۆم هه‌ڵنه‌کێشاوه‌ و درۆم به‌ خه‌ڵک نه‌گوتووه‌.”

دەیان کتێبی نووسراو و وەرگێڕدراو و، سەدان بابەتی سەرنجڕاکێشی سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتی، بەرهەمی ساڵانی ژیانی تاراوگه‌یەتی. تەنیا سێ کتێبی شیکردنەوەی دیوانی سەید کامیلی ئیمامی(ئاوات) و “بۆکان لە مێژوودا” (کۆمەڵەی ٤٨١ی وتار)، هەروەها کۆمەڵه بابەتی “کا چوو ما دانی” پتر له ٤٠٠٠ لاپەڕە لە خۆ دەگرن.

داخەکەم، لە باشووری کوردستان وێڕای لەسەرکاربوونی دەوڵەتی هەرێم و هەبوونی دەیان دەزگای چاپی حکوومی و ناحکوومی، ئیمکانی چاپی ئەم کارە به نرخانە نییه‌ و بەردەوام هەن ئەوانەی به جۆرێک لەم پێوەندییەدا دڵی کاک ئەنوەر دەشکێنن. مخابن، به هۆی بڤە بوونی بەرهەمەکانی له زێدی خۆشی، لەوەناچێ هەتا لەسەرکار مانەوەی دەوڵەتی کۆنەپەرستی ئیسلامیی ئێران، ئەگەری چاپی بەرهەمەکانی لە ئێران بۆ بڕەخسێ. ئەمڕۆکه، لەو شوێنەی دەبێ لە پێناوی گەشەسەندن و بەرزکردنەوەی ئاگایی نەتەوەیی، کولتوری و سیاسی سەرنج و بایەخ به کاری ئاوا پڕ زەحمەت بدرێ، لەبەر نەبوونی سەرمایه و پشتیوانیی حکوومی و، نەبوونی بەرپرسایەتیی نەتەوەیی، کەس خۆی لەکاری وەها نادات، بەڵام وەرگێڕان و چاپی کتێبی جۆراوجۆر و بێکەڵک له فارسییەوە بۆ کوردی، تەواوی باشوری کوردستانی داگرتووە. کاک ئەنوەر وێڕای ئەم بارودۆخەش، ڕۆژ و شەو بەردەوام و بێ‌وچان وێڕای وەئەستۆگرتنی پێداچوونەوە و کار لەسەر بەرهەمی زۆر کەسی دیکە، درێژە به کار و تێکۆشانی خۆی دەدات.

گەورەترین خەمی کاک ئەنوەر، وەزعی کوردستان و ئەو بارودۆخەیە که تێیدایە و، ئەم خەمه لە وتەکان، وتارەکان و لێکدانەوەکانیدا ڕەنگدانەوە و کاردانەوەی هەیە. له بەشێک لە ژیاننامەکەی خۆیدا دەڵێ:

“ئێستا له‌ کۆتایی سه‌فه‌ره‌که‌مدا حه‌سره‌ت و داخم سه‌ربه‌خۆ نه‌بوونی کوردستانه‌ و دڵنیگەرانی دواڕۆژی کوردم به‌ ده‌ست حوکمی داگیرکه‌ران و به‌تایبه‌ت تورکیاوه‌، که‌ خه‌ریکه‌ هاوپشتیی مێژوویی کورد و ئازه‌ربایجانی تێک ده‌دات و به‌ گژ یه‌کیاندا ده‌کات. به‌ گیان و دڵ پشتگیریی حکوومه‌تی هه‌ریمی کوردستان له‌ باشووری وڵات ده‌که‌م و هیوادارم شتێکی بۆ کورد لێ به‌رهه‌م بێت… من، وه‌ک ملیۆنها کورد و چه‌وساوه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه‌، له‌ بێعه‌داڵه‌تی و نابه‌رابه‌ریدا ژیام و وا له‌ هه‌مان بارودۆخیشدا سه‌رده‌نێمه‌وه‌. به‌ڵام ئاواتی دادپەروەی و به‌رانبه‌ری و ماف، ئه‌مرۆش وه‌ک دوێنێ هه‌یه‌، و هیوایه‌ سبه‌ی ڕۆژ بێته‌ دی. به ‌دواڕۆژی مرۆڤ و له‌ناوچوونی بێداد و جیاوازیی چینایه‌تی گه‌لێک هومیده‌وارم. به‌ هیوام گه‌له‌که‌م هه‌ورازی به‌رده‌می ببڕێت و سه‌ربه‌خۆ بێت، به‌ڵام هیچ گومانم له‌وه‌دا نییه‌ که‌ سه‌ربه‌خۆیی به‌ ته‌نیا ناتوانێ و‌ڵامده‌ری هه‌موو شت بێت ئه‌گه‌ر دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵدا نه‌بێت، هیوایه‌ ڕێبه‌رانی کورد له‌ باشوور ئه‌و ڕاستییه‌ جیهانییه‌ بناسن و ئیجازه‌ نه‌ده‌ن ژێرپێیان کڵۆڵ بێت و هه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که‌ ئه‌وانیان گه‌یاندۆته‌ پله‌ و پایه‌، پشتیان تێ بکه‌ن یا له‌ به‌رانبه‌ریاندا بوه‌ستن، کارێکی ئه‌وتۆ کاخی ئاواته‌کانمان ده‌ڕووخێنێت.

  خه‌می ئه‌وه‌شمه‌ کورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات هیچ دامه‌زراوێکی سه‌ربه‌خۆی نییه. کورد‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌ مزگه‌وت ده‌چنه‌ ژێر باڵی عه‌ره‌ب و تورک و له‌ دیسکۆدا به‌ مۆسیقای فارسی هه‌ڵده‌په‌ڕن! په‌نابه‌ری کورد سه‌رلێ‌شێواو و بێ به‌رنامه‌یه‌، موخالفه‌ و خه‌راپه‌کارییان زۆره‌… کورد پێویستی به‌ ناوه‌ندێک هه‌یه‌ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی بۆ ڕێک بخات، کورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێ پشت و په‌نایه‌، له‌شێکی بێ سه‌ره‌ و ده‌بێ کارێک بۆ ئه‌وه‌ بکرێت. 

 ئیتر با مه‌وعیزه‌ نه‌که‌م، به‌ کورتی خه‌می دواڕۆژی کورد ده‌خۆم و ده‌زانم هەر بەو‌ خه‌مه‌وه‌ سه‌ر ده‌نێمه‌وه‌، به‌ڵام چ که‌ردەن؟ سه‌ری کورد سڵامه‌ت! ئەو دوو فەردەی خوارەوە بەشێکن لە شێعرێکی خۆم:

 

بەڵام کاکە، سەری کووپە سڵامەت

ئەگەر هات و شکابێ ئیستیکانێک

گەلە و هەوڵ و خەبات و ئیستیقامەت

لە ڕێگە لابدا گەر ڕێ نەزانێک!”


کورته ژیاننامه‌ی کاک ئەنوەر

کاک ئەنوەر له کورته ژیاننامەکەی خۆی کە لە سایتی بۆکاندا بڵاو بووەتەوە، هەروەها لە زەنجیرە بابەتەکانی خۆی که سەرجەمی له ژێر سەردێری “بۆکان لە مێژوودا” چاپ کراون، به باس کردنی ژیان و تێکۆشانی خۆی، ئەرکی جەماعەتی دیکەی لەم پێوەندییەدا سووک کردووە. بەڵام ئەگەر بمانەوێ به کورتی باسی کاک ئەنوەر بکەین، دەکرێ ژیانی بەم جۆرە پۆلێن بکەین:

١.‌ ژیانی بنەماڵه:

  • لە دووی خاکەلێوەی١٣٢٣ واته ٢٢ی مارسی ١٩٤٤ ساڵێک پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان له بۆکان لە دایک بووە.
  • ناوی له ناسنامەکەیدا”محەممەد ئەنوەر سوڵتانی بۆکانی”‌یه.
  • ناوی باوکی میرزا عەبدوڵڵا و دایکی ئامینە خانمی محەممەدیان بووە. کاک ئەنوەر سەبارەت به بنەماڵەکەی دەنووسێ:

باوکم، میرزا عه‌بدوڵڵای خه‌یات، کوڕی حاجی ئه‌حمه‌د- پیاوێکی هێدی و بێده‌نگ به‌ڵام دژ به‌ ئاغا و ده‌ره‌به‌گ! ئه‌وه چاره‌نووسێکی سه‌یره‌، میرزا عه‌بدوڵڵا، به‌رگدرووی تایبه‌تی هه‌ر ئه‌و ئاغاواته‌ بوو که‌ ئاوا خۆشی ده‌ویستن! دایکیشم، ئامینه خانمی محەممه‌دیان- گه‌رچی له‌ ماڵه‌ بابێکی ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، به‌ڵام هه‌ست و بۆچوونێکی هاوچه‌شنی هه‌بوو، واهه‌یه‌ شوێنی باوکم و کاکمی له‌سه‌ر بووبێت. کاکم – عومه‌ری سوڵتانی(وه‌فا) شاعیرێکی داهێنه‌ر و که‌سایه‌تییەکی چه‌پی دژی ده‌ره‌به‌گ بوو، بۆکانیش به‌ دووسێ شت ده‌ناسرا، حه‌وزه‌گه‌وره‌ و حه‌سه‌ن زیره‌ک و ئاغاواتی زاڵمی زۆردار، ناڵه‌شکێنه‌ شیان له‌گه‌ڵ!”

  • خاوەنی ٢ خوشک: دادە حەلیمه و ڕووناک و برایەک واته کاک عومەر بوو. به داخەوە هەر سێکیان کۆچی دوایییان کردوە.
  • ژیانی هاوبەشی لەگەڵ خاتوون نەسرینی بورنا له ساڵی ١٩٩٠ پێکهێناوە و بەرهەمی ژیانیان کوڕ و کچێکی خۆشەویست و جێی ڕێز به ناو ئاڵان و جوان -ە.

٢.‌ دەرس خوێندن:

  • خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی تا پولی ١٠ لە بۆکان،
  • دەستپێکی خوێندن له دانشسەرای سەرەتایی ورمێ لە ساڵی ١٣٣٩/١٩٦٠،
  • ساڵی ١٣٤٧[١٩٦٨] بە بەر دەرس گوتنەوە چۆته زانکۆی ئه‌ده‌بیی زانستگه‌ی تاران و لیسانسی مێژووی وه‌رگرتوە.

٣.‌ کارکردن:

  • له ساڵی ١٣٤١/١٩٦٢ مامۆستای قوتابخانه‌ له گوندی “باغڵووجه”‌، پاشانیش گوندی سه‌را و بوغده‌که‌ندی بووە.
  • هاوینی ساڵی ١٣٤٤/١٩٦٥ شاربه‌ده‌ر کرا و به‌ فه‌رمانی خانم “فەروخڕوو پارسا” جێگری وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی ئێران، بۆ ماوه‌ی 8 ساڵ له‌ کوردستان دوور خراوەتەوە‌، دوو ساڵ له‌ ئه‌راک و ٦ ساڵ له‌ “شه‌هری ڕه‌ی”ی نزیک تاران کاری مامۆستایی کردوە.
  • له ساڵی ١٣٥٣/١٩٧٤ هەتا ١٣٥٧ی هەتاوی، پاش ئازادبوونی له زیندان و مه‌حکووم بوون له‌ دادگای نیزامی، نه‌یانده‌هێشت بچێته‌وه‌ سه‌ر کاری مامۆستایی. چه‌ند مانگێک له‌ بۆکان له‌ دووکانی کاک عومەری برای کاری کردووە، پاشان نەمر کاک جه‌لیلی گادانی کارێکی له‌ شیرکەتی “انبارهای عمومی ایران” لقی ته‌ورێز بۆ دەبینێته‌وه‌ و له‌وێ دەبێته مودیری ئیداریی بەشی ئازەربایجانی کۆمپانیاکە وەک کۆنتەراتچیی گومرکی ئێران.
  • لە ساڵی ١٣٥٨ بۆماوەیەکی کورت مامۆستای مێژوو لە دەبیرستانی گیانبەختکردوو “کەماڵ حەمیدی” بوو.
  • پاش کۆچکردن بۆ بریتانیا له ساڵی ١٩٨٦ ماوەیەک دووکانداریی کردووە و پاشان بووەته وەرگێڕی فەرمیی کوردی و فارسی به ئینگلیزی.

 

٤.‌کار و چالاکیی سیاسیی:

  • هاوینی ساڵی ١٣٤٤ له‌گه‌ڵ زۆرێک مامۆستای کوردی بۆکان و مه‌هاباد و سه‌رده‌شت و بانه‌ و سه‌قز له پێوەندی لەگەڵ شۆڕشی ئەیلوول له باشووری کوردستان و سەرهەڵدانی هەستی نەتەوایەتی له نێو لاوان و ڕووناکبیرانی کورد لە ئێران “به‌ فه‌رمانی خانم “فەروخڕوو پارسا” جێگری وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی ئێران، له‌ کوردستان شاربه‌ده‌ر کرا و بۆ ماوه‌ی 8 ساڵ له‌ وڵات دوور خرا‌وەتەوە.
  • ‌گیرانی له پاییزی ساڵی ١٣٥٢/١٩٧٢ له تاران، ئازادکرانی له‌ کۆتایی ساڵی ١٣٥٣/١٩٧٤. ئه‌و ماوه‌یه له‌ زیندانی “کومیته‌‌ی ضد خرابکاری”،”قزل‌قەڵا”‌، “ئێڤین” و “قه‌سر” له تاران بووە.
  • پەیوەست‌بوونی به ڕێکخراوەی چریکە فیدایییەکانی گەلی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧
  • پاش سەرکەوتنی شۆڕش لە ئێران بوو به ئەندامی “کۆمیتەی ئینقلاب” لە بۆکان

 کاندیدی مه‌جلیسی خیبره‌گان (ده‌وری یه‌که‌م) له‌ ئوستانی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا له به‌هاری ساڵی ١٣٥٨، و مه‌جلیس یا پەرلەمانی ئێران له‌ بۆکان ١٣٥٨/١٣٥٩( ئەم هەڵبژاردنە له دوو قۆناخ، یەکەم لە ڕەشەمەی ١٣٥٨ و قۆناخی دووهەم له بانەمەڕی ١٣٥٩ بەرێوە چوو.)

  • ئەندامی دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد له ساڵی ١٣٥٨
  • به‌رپرسی ڕێکخراوەی فیدائیانی زۆرینه دەفتەری بۆکان – بەهار و هاوێنی ساڵی ١٣٥٩
  • به‌رپرسی ڕێکخراوەی فیدائیانی زۆرینه لقی کوردستان بۆ ماوەیەکی کەم لە ساڵی ١٣٥٩
  • گیرانی به هەڵکەوت له تاران و ئازادبوونی پاش ١٠ ڕۆژ له ساڵی ١٣٦٠
  • هاتنەدەر لە ڕێکخراوەی فیدائیانی زۆرینه له ساڵی ١٣٦٠
  • پاش هێرشی سپای پاسدارن بۆ سەر ڕێکخراوەکانی حیزبی توودەی ئێران و فیدائیانی زۆرینە بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێک وه‌ک میوان لای ئەندامانی فیدائیانی زۆرینه و تووده‌ و کۆنگره‌ی چوار له‌ لای حاجی ئۆمه‌ران و لۆلانی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٣٦٢ ماوەتەوە.
  • له ساڵی ١٣٦٤ / ١٩٨٦ بۆ بریتانیا کۆچی کردووە و بەردەوام به توێژینەوە، نووسین وەرگێڕانی بابەتی پێوەندیدار به کورد، هەروەها بەشداری له کۆڕ و کۆمەڵ و بەرنامەی تەلەڤیزیۆنیی کاناڵە کوردییەکاندا درێژەی به کار و چالاکیی سیاسی، کولتوری و کۆمەڵایەتیی خۆی داوە.

٥.‌ بەشێک لە بەرهەمەکانی کاک ئەنوەر:

 

ئه‌و کتێبانه‌ی چاپ کراون :

  • ٢٠٢١ – “بۆکان لە مێژوودا- کۆمەڵەی ٤٨١ وتار سەبارەت بە مێژووی بۆکان”، سێ بەرگ، ئەنوەر سوڵتانی، ڕۆشنگەری، ئاڵمان؛
  • ٢٠١٦ – “مقامات پیران طالبان از محمود تا عبدالرحمن (فارسی و کوردی)”، تصنیف استاد ملا صبغة اللە ڕودباری سنندجی، ترجمە کردی از فارسی انور سلطانی؛ مقدمە تحلیلی، تنظیم، بررسی مجدد و شرح عرفانی دکتر محمدعلی سلطانی؛ آکادیمیای کردی، هەولێر؛
  • ٢٠١٤- “کتاب المعارف”، شەرحی شێخ عەبدولرەحمانی تاڵەبانی لەسەر سەرەتای مەسنەویی مەولەویی ڕۆمی؛ وەرگێڕان لە فارسییەوە بۆ سەر کوردی، شەرحی عیرفانی لە لایەن دوکتۆر محەممەد عەلی سوڵتانییەوە، چاپی ئەکادێمیای کوردی، هەولێر؛
  • ٢٠١٤- “جذبە عشق”، کۆمەڵەی شیعرەکانی شێخ عەبدولڕەحمانی تاڵەبانی، وەرگێڕان لە فارسی و تورکییەوە بۆ سەر کوردی، شەرحی عیرفانی لە لایەن دوکتۆر محەممەد عەلی سوڵتانییەوە، چاپی ئەکادێمیای کوردی، هەولێر؛
  • ٢٠١٠- “کوردستان ئەی خۆشەویستم!”، بیرەوەرییەکانی بەهیەخانم فەرەجوڵڵا زەکی مەریوانی، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، چاپی بنکەی ئاراس، هەولێر؛
  • ٢٠٠٩- “ژیان و بەسەرهاتی نەمر سەیفولقوزاتی قازی”، بە هاوکاریی کاک حەسەنی قازی، بنکەی ژین، سلێمانی؛
  • ٢٠٠٨ – “مێژووی ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدیللای شەمزینی (١٨٨٠)” نووسینی میرزا عەلی ئەفشاری ئورومی؛ دەستنووسێکی پارێزراو لە کتێبخانەی سواسی لەندەن؛ ساغکردنەوە بە هاوکاری کاک سەلاحەددینی ئاشتی و دوکتۆر محەممەد عەلی سوڵتانی، چاپی بنکەی ژین، سلێمانی؛
  • ٢٠٠٦ – “ژیان و به‌سه‌رهاتی ئه‌بولقاسم لاهووتی کرماشانی، شاعیری شۆڕشگێڕی کورد، بنکه‌ی ژین، سلێمانی؛
  • ٢٠٠٦ – هۆز و تیره‌ و تایفه‌ی کورد له‌ کوردستانی ئه‌رده‌ڵان – ده‌ستنووسێکی فارسی، نووسینی میرزا شوکروڵڵا سه‌نه‌نده‌جی (فخرالکتاب)، به‌ وه‌رگێڕانی کوردییه‌وه‌، بنکه‌ی ژین، سلێمانی؛
  • ٢٠٠٦ – “سڵاو له‌ حه‌یده‌ربابا” – وه‌رگێڕاوی کوردی، شیعری محه‌مه‌د حوسین شه‌هریار شاعیری ئازه‌ربایجانی لە تورکییەوە، به‌ هاوکاریی کاک حه‌سه‌نی ئه‌یوب زاده‌، کتێب فرۆشیی ئه‌رزان، سوید؛
  • ٢٠٠٦ – “مینۆرسکی و کورد” – کۆمه‌ڵه‌ی شه‌ش وتاری ڤلادیمیر مینۆرسکی، وه‌رگێڕان له‌ ئینگلیزیه‌وه‌ ، چاپی موکریانی، هه‌ولێر؛
  • ٢٠٠٦ –”ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ به‌ڵگه‌نامه‌کانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا دا” – وه‌رگێڕانی 130 به‌ڵگه‌نامه‌ له‌ ئینگلیزیه‌وه‌ ، بنکه‌ی ژین، سلێمانی؛
  • ٢٠٠٥ –”درایڤر و کورد” – کۆمه‌ڵه‌ی پێنج وتاری ج. ڕ. درایڤر، وه‌رگێڕان له‌ ئینگلیزیه‌وه‌ ، بنکه‌ی ژین، سلێمانی؛
  • ٢٠٠٥ – “مه‌که‌نزی و کورد” – کۆمه‌ڵه‌ی چوار وتاری د. ن. مه‌که‌نزی له‌ سه‌ر کورد، وه‌رگێڕان له‌ ئینگلیزییه‌وه‌، وه‌ک به‌شێک له‌ یه‌که‌م ژماره‌ی “گۆڤاری کوردناسی”، چاپی ئاڵمانیا؛
  • ٢٠٠٥ – “دوو ذه‌یلی شه‌ره‌فنامه‌” – دوو ده‌ستنووسی فارسی و تورکیی شه‌ره‌فنامه‌ی به‌دلیسی، بنکه‌ی ژین، سلێمانی؛
  • ٢٠٠٣ – “تێوری فه‌رمیی لێخوڕینی ترۆمبیل”، وه‌رگێڕان له‌ ئینگلیزییه‌وه‌، به‌ هاوکاریی سێ که‌سی تر، ئێدیتۆر کاک ڕێبوار موختار، چاپی ئاژانسی ستاندارد کردنی شۆفیری، بریتانیا؛
  • ١٩٩٨ – “که‌شکۆڵه‌ شیعرێکی کوردیی گۆرانی” – کۆمه‌ڵه‌ی شیعری 41 شاعیری هەو‌رامی، (ده‌ستنووس)، تره‌ستی سۆن بۆ کوردستان، له‌نده‌ن؛
  • ١٩٩٧ – “مێژووی ئه‌رده‌ڵان” – ده‌ستنووس، ده‌قی فارسی به‌ هاوکاریی نه‌سرین بورنا، له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانی کوردی، چاپه‌مه‌نی نه‌ورۆز، سوید؛
  • ١٩٩٧ – “35 ده‌ستنووسی شه‌ره‌فنامه‌ له‌ کتێبخانه‌کانی جیهان”، کتێب فرۆشیی ئه‌رزان، سوید؛
  • ١٩٩٧ – “هێلکه‌ی دۆڕاو، لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک له‌ ژیانی ئه‌بولقاسم لاهووتی کرماشانی”، پاشکۆی ژماره‌ی یه‌که‌می ڕۆژنامه‌ی په‌یام، له‌نده‌ن؛
  • ١٩٩٦ – 21 ده‌ستنووسی کوردی (یا فارسی سه‌باره‌ت به‌ کورد) له‌ کتێبخانه‌کانی بریتانیا، کتێبفرۆشیی ئه‌رزان، سوید؛
  • ١٩٩٦– “ئەلف وبێی کوردی به‌پیتی لاتینی”، کۆمه‌ڵه‌ی سێ وتاری مینۆرسکی و ئێدمۆندز، وه‌رگێڕان له‌ ئینگلیزییه‌وه، کتێبفرۆشیی ئه‌رزان، سوید.



 کتێبی دووزمانه‌ی منداڵان

  • ٢٠٠٥ – ٢٠١٧ وه‌رگێڕانی ٣١ کتێبی منداڵان له‌ ئینگلیزییه‌وه‌ بۆ سەر کوردی و فارسی، که‌ هاوڕێ له‌گه‌ڵ ده‌قی ئینگلیزییاندا چاپ کراون، چاپی بنکه‌ی “مانترا لینگوا”، له‌نده‌ن. هه‌روه‌ها وه‌رگێڕان و تۆمارکردنی پێنج سی-دی کوردی و فارسی بۆ هه‌مان بنکه،‌ ئێستا گەلێک کتێبی کوردی و فارسیی منداڵان بە تەرجەمەی کاک ئەنوەر لە لەندەن چاپ کراون و کوردییەکانیان بە دەنگی خۆی و فارسییەکان بە دەنگی هاوسەری، خاتوون نەسرین بورنا تۆمار کراون.

 
وتار

  • چاپی زیاتر له‌ هه‌زار وتار (ته‌رجه‌مه‌ یا نووسین) له‌ چاپه‌مه‌نییه‌ کوردییه‌کانی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان یا ده‌ره‌وه‌ی وڵات سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستنووس، ئه‌ده‌ب و مێژووی کورد.


ڕانانی کتێب
 

  • ١٩٩٦– ٢٠٠٧ ڕانانی کتێب بۆ ده‌نگی کوردیی ڕادیۆ ئه‌مریکا، ڕۆژ تی ڤی، تیشک تی ڤی و چه‌ند ڕۆژنامه‌ و گۆڤاری کوردیی ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

 


بەرهەمی چاپ نه‌کراو

  • شیکردنەوەی دیوانی سەید کامیل ئیمامی (ئاوات)
  • “کا چوو، ما دانی!” چەند وتار
  • بەشێک لە وەرگێردراوەکان له ئینگلیزییەوە
  • “ژیان و شیعره‌ فارسییه‌کانی شاعیری میللی سه‌یفولقوزاتی قازی”

لێکدانەوەی ژیانی پڕبەرهەمی کاک ئەنوەر پێویستیی به کار و توێژینەوەی شارەزاکانی بواری جۆراوجۆری مێژوو و ئەدەبی کوردی هەیە و ئەوەی لێرەدا باس کرا تەنیا بەشێکی کەم لە ژیانی پڕبەرهەمی ئەو دەگرێتەوە.

ئێمەی کورد دەبێ سەرنج بدەینە ئەم خاڵه گرینگه که سەرەڕای هەبوونی بیروڕای جیاواز و بەستراوەیی بە ڕێکخراوەی سیاسیی جۆراوجۆر و هتد، هەموومان بۆ گەیشتن به مافی  دیاریکردنی چارەنووسی گەلەکەمان تێدەکۆشین و لەم سۆنگەیەوە پێویسته ڕێز لەوانە بگرین کە له پێناوی بەرژەوەندیی کورد، ژیانی خۆیان بێ هیچ چاوەڕوانییەک بۆ خزمەتی نەتەوەکەیان تەرخان کردووە. کاک ئەنوەر یەکێکە لە “مروارییەکانی نێو دەریای توێژینەوەی مێژوو و وێژەی کوردی” و، شوێنەواری له مێژووی کورددا بۆ هەمیشه دەمێنێتەوە. لەم ڕێگایەدا بێگومان بێ پشتیوانی و هاوپشتیی هاوسەری بەڕێزی، خاتوو “نەسرین بورنا” نەیدەتوانی ئاوا پڕبەرهەم و چالاک بێ. سپاس بۆ دادە نەسرین و ڕێز و پێزانین بۆ مامۆستای خۆشەویستم کاک ئەنوەری سوڵتانی.



سەرچاوەکان

  • ئەنوەر سوڵتانی، ژیاننامەیەکی کورت، بەشی نووسەرانی سایتی “بۆکان – ڕۆژهەڵات”
    ١١/١١/٢٠٠٧ پێداچوونەوەی ١٧/١٠/٢٠١٧

http://bokan.de 

  • ئەنوەر سوڵتانی، بۆکان لە مێژوودا – کۆمەڵەی ٤١٦ وتار، بەرگی ٢، بەشی بیرەوەرییەکان ٢٠٢١
  • محەمەد حسێن شەهریار، سڵاو لە حەیدەربابا، وەرگێرانی لە ئازەربایجانییەوە: حەسەن ئەیووب‌زادە، ئەنوەر سوڵتانی، ساڵی چاپ ٢٠٠٦، چاپی یەکەم “کتابی ئەرزان” سوێد

داگرتنی بابەت