ئارامتر بخوێنەوە
ئەو کەسەی قسە ناکات، نییە: بەسەرهاتی پەنابەرە بریندارەکانی کورد*
فەرهاد جەهانمیهەن، سیسیلیا پەرسۆن، هۆمەر شێخمووس،
خوێندنەوە: د.هاشم ئەحمەد زادە
پەنابەری و ژیانی ئاوارەیی و هەندەران بووەتە چارەنووسی سەدان هەزار کورد لە چوار گۆشەی گۆی زەویدا. لیکۆڵینەوە لە بارەی دیاردەی پەنابەری و ئاوارەیی، یەک لە بوارە سەرنجڕاکیشەکانی زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆیییەکانی ئەم سەردەمەیە. هەر ئەوەی کە بەشێک لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (United Nations) تەرخانی پرسی پەنابەران کراوە، کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، (UNHCR) نیشاندەری گرنگی و بەربڵاویی ئەم پرسە لە سەرانسەری جیهاندایە. ڕەنگە پرسی ئاوارەیی و دەربەدەری لە دێرزمانەوە بەشێکی جیانەکراوە بووبێت لە مێژووی کۆمەڵگە مرۆیییەکان. لە سەردەمی مۆدێڕندا و لە ئاکامی هاتنەکایەی ناسنامە مۆدێڕنە جۆراجۆرە ئێتنیکی، نەتەوەیی، ئایینی و سیاسییەکاندا، ئەم پرسە ڕەهەندی نوێتر و بەرفراوانتری بەخۆیەوە بینیوە. زۆر “خود” بۆ سەلماندنی خۆی “ئەوی” دیکە لە شوێن و وارگەی خۆی دەردەکات. ئێستا باس لە هەبوونی ٧٠ میلیۆن پەنابەر لە سەر گۆی زەویدا دەکرێت. وڵاتانی جیهانی سێهەم لە ئافریقا و ئاسیا و باشووری ئامریکا لەم بارەیەوە پشکی شێریان بەرکەوتووە. لەم نێوەشدا نەتەوەی کورد لە سەرتاسەری سەدەی بیستەم بەملاوەوە، یەک لە نەتەوە ئامادەکانی گۆڕەپانی ئاوارەیی بووە و لە چەند دەیەی ڕابردوودا ناوی کورد بە بەردەوامی لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوە پەنابەرییەکاندا دەرکەوتووە و هەندێ جار بووەتە ئایکۆنی بێدەرەتانی و تراژێدیای مرۆڤی لەسەر ئاستی جیهانیدا. کۆڕەوە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ لە باشووری کوردستان و تەرمە بچکۆلانەکەی ئالانی کورد کە لە ٢٠١٥ لە کەنارەکانی دەریای ئیژەدا دۆزرایەوە و دڵی سەرجەم مرۆڤایەتیی ئێشاند، دوو نموونەی بچووکن لە تراژێدیای مرۆڤی کورد لە کۆتا دەیەی سەدەی بیستەم و دووهەم دەیەی سەدەی بیست و یەکەمدا.
پرسی کۆچبەران و پەنابەرانی کورد یەک لەو بوارانەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا سەرنجی کۆمەڵێک لە لێکۆڵەرەوانی کورد و بیانیی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و چەندان لێکۆڵینەوەی بەکەڵکی ئاکادێمیکی لێ کەوتووەتەوە. بەڵام چاوخشاندنێک بە دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەم بارەیەدا زۆر دڵخۆشکەر نییە و هەتا پێدانی جێگە و پێگەی شیاو بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم پرسە گرنگ و بەربڵاوەدا، پێویستە هەنگاوی زیاتر و زۆرتر هەڵێندرێتەوە. کتێبە تازەکەی کۆمەڵێک لێکۆڵەرەوەی کورد و بیانی لە وڵاتی سوێد هەنگاوێکی شایانی باسکردنە لەم پێوەندییەدا.
کتێبی “ئەو کەسەی قسە ناکات، نییە: بەسەرهاتی پەنابەرە بریندارەکانی کورد”، کە لەلایەن فەرهاد جەهانمیهەن، سیسیلیا پەرسۆن و هۆمەر شێخمووسەوە بەرهەم هاتووە، هەنگاوێکی پیرۆزە لە ڕێڕەوەی کەم پێوراوی لێکۆڵینەوە لەسەر پرسی پەنابەری کورد. ئەم کتێبە بە تەرکیز لەسەر بەشێکی تایبەتیی پێکهاتەی پەنابەرانی کورد لە سوێد، بواری لێکۆڵینەوەکەی زۆر سنووردار کردووە و بەم کارەی یارمەتییەکی بەرچاوی کردووە بە بەخشینی ڕووناکی بە پرسی پەنابەری بەگشتی و پرسی پەنابەری کورد بەتایبەتی و لەمانەش تایبەتیتر، پرسی پەنابەرانی برینداربووی کورد لە شەڕی ڕزگاریدا.
هاوکات و دوابەدوای دامەزرانی دەوڵەت نەتەوە مۆدێڕنەکانی ئێران، عیراق، تورکیا و سوریا لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، پرسی کورد ڕەهەندێکی لە هەمیشە زیاتری سیاسیی بەخۆیەوە گرت و خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافە دێمۆکراتیکە نەتەوەییەکان، بوو بە بەشێکی جیانەکراوە لە ژیانی مرۆڤی کورد. لە چوار دەیەی ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاوی پەنابەرانی کورد بریتی بووە لەو کەسانەی لە ڕیزی بزووتنەوە نەتەوەیییە کوردییەکاندا بەشداری شەڕی ڕزگاری بوونە و لە ئاکامی شەڕدا بریندار بوونە و دواتر ژمارەیەکی زۆر کەمیان هەلومەرجی ژیان لە هەندەرانیان بۆ ڕەخساوە. بەشیک لەم خەباتکارە کوردانە، ڕێیان کەوتووەتە وڵاتی سوێد کە ژمارەیەکی بەرچاو پەنابەری کوردی لێیە کە لە نێویاندا هەندێکیان برینداربووی شەڕی دژی ئەو دەسەڵاتدارانەن کە بەسەر کوردستاندا زاڵن. بەم جۆرە ئەم کتێبە پەردە لەسەر ژیانی پەنابەری و ئاوارەییی کەسانێک هەڵدەداتەوە کە ڕۆژگارێک لەوپەڕی باوەڕ و هێز و غرورەوە چەکی ڕزگارییان کردووەتە شان و دواتر لە شەڕی نابەرابەردا بریندار بوونە و بە هەزاران چەرمەسەری خۆیان گەیاندووەتە وڵاتی سوێد. ئەمانە کێن و چۆن ژیان بەسەر دەبەن و رووبەڕووی چ جۆرە گرفتێک دەبنەوە و کۆسپەکانی سەر ڕێگای ژیانی ڕۆژانەیان کامانەن؟ بێ هیچ گومانێک ژیان و بەسەرهاتی ئەم جۆرە کەسانە دەکرێت ببێت بە هەوێنی سەدان لێکۆلینەوە و هەزاران بەرهەمی هونەری و ئەدەبی. ئەم کتێبە هەنگاوێکی شیاو بۆ بوارێکی پێویست و گرنگە لە بەسەرهاتی کۆمەڵێک مرۆڤ کە ڕاستەوخۆ گرێدراوی چارەنووسی نەتەوەی کوردە لە هەموو بەشەکانی کوردستان.
با ئاوڕیک لە ناوەڕۆکی ئەم کتێبە و باسوخواستەکانی بدەینەوە.
هەر لە یەکەم وتاری ئەم کتێبەوە، گێڕانەوەی تاکەکەسیی فەرهاد و بەرهەمهاتنی ئەم کتێبە، تێدەگەین کە فەرهاد جیهانمیهەن، هەڵگری بیرۆکەی سەرەکیی پشت ئەم کتێبەیە. فەرهاد ئەزموونی تاکەکەسیی خۆی لە سەردەمی مناڵییەوە دەگێڕێتەوە و باسی ئەوە دەکات کە چۆن دوو برای پێشمەرگە بوونە و بەشدارییان لە شەڕی چەکداریدا کردووە و هەر ئەم ڕاستییەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ئەو دواجار لەگەڵ بنەماڵەکەی وڵاتی ئێران بەجێ بهێڵن و ڕێگەی دژواری پەنابەری بگرنە بەر و لە دوا مەنزڵی هەڵاتهەڵاتی گەڕان بە شوێن پەناگەیەکدا لە سوێد بگیرسێنەوە. دواتر فەرهاد کە سەردانی ماڵی براکانی دەکات و شەوانە لای ئەوان دەمێنێتەوە، هەست بە کارتێکەریی شەڕ لەسەر براکانی دەکات و شاهیدی ڕاچەنین و خەونی ناخۆشی شەوانەی ئەوان دەبێت. ئەمە لای فەرهاد دەبێتە پرسیار و ساڵانێک دواتر، پرسی تراوما و کارتێکەریی شەڕ لەسەر بەشدارانی شەڕی چەکداری، دەبێت بە یەک لە پرسیارە سەرەکییەکانی لێکۆڵینەوەکانی. ئەم کتێبە بە شێوەیەک بەدواداچوونی فەرهادە بۆ گەڕان بەشوێن ئەو پێشمەرگە و گریلایانەی بەشداری شەڕ بوونە و لە ڕەوتی شەڕەکاندا بریندار کراون و ئێستا لە وڵاتی سوێد دەژین. فەرهاد بە هاوکاریی پڕۆفیسۆرێکی سوێدی، پیریۆ لێهدێنپێرێ، کۆمەڵێک پرسیار گەڵاڵە دەکات و لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠١١دا لەگەڵ بیست و شەش پیشمەرگە و گریلا کە سەر بە زۆربەی پارتە کوردییەکانن، دیدار و گفتوگۆ دەکات و ئەنجام دەبێتە بەشێکی سەرەکیی پڕۆژەی ئەم کتێبە. لە کۆتا لاپەڕەی کتێەکەدا لیستی نۆ پارتیی سیاسیی کورد ڕیز کراوە کە ئەو بیست و شەش کەسەی چاوپێکەتنیان لەگەڵ کراوە سەر بەو پارتییانەن. پارتییە سیاسییەکان بریتین لە پارتیی دێمۆکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتیی کۆمۆنیستی عیراق، حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە)، حیزبی کۆمەڵەی کوردستان[1]، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و پارتیی کرێکارانی کوردستان.
شێوازی گفتوگۆکان بەو جۆرەیە کە وەڵامی پرسیارەکان هەندێ جار ڕاستەوخۆ گواستراونەوە و هەندێ جاریش ناڕاستەوخۆ و لە لایەن کەسی پرسیارکەرەوە دەگێڕدرێنەوە. زۆر جاران و لە زۆر شوێنی کتێبەکەدا چەند دێڕ شیعری شاعیرێکی کورد، بۆ نموونە بێکەس، شاکەلی و دەشتی، دەبنە ڕازێنەرەوەی دەقە گفتوگۆیییەکان. ئەمە لەڕاستیدا شتێکە زیاتر لە چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆ کە خوێنەر بانگهێشتی پرسیار و وەڵامی دیاریکراو بکات. بەڵکوو پرسیارەکان لەسەر بنەمایەکی دیاریکراو و بۆ گەیشتن بە ئەنجامی دیاریکراو و دۆزینەوەی وەڵام بۆ پرسگەلی دیاریکراو گەڵاڵە کراون. ئەمەش لە لێکۆڵینەوەدا شتێکی ئاسایییە و توێژەر دەخوازێت بە دەستنیشانکردنی خاڵی دیاریکراو، ئامانجی دۆزینەوەی وەڵامگەلی دیاریکراو بپێکێت.
هەر وەک ناوی کتێبەکە دەری دەخات، پرسی زمان پرسێکی جەوهەرییە لە ژیانی زەحمەت و پڕ لە ئاڵنگاریی بریندارانی شەڕی پێشمەرگایەتیدا. لەبەر زۆر هۆکاری جەستەیی و دەروونی، ڕاهاتن بۆ پەنابەرێکی بریندار لەگەڵ کۆمەڵگەی تازەدا لە زۆر بارەوە زۆر زەحمەتترە لە ڕاهاتنی پەنابەرێک کە بەشداری ڕاستەوخۆی شەڕ نەبووە و نەکەوتووەتە ژێر کارتێکەریی ڕاستەوخۆی شەڕەوە. ئەمە بەو مانایەیە کە گرفتە گشتییەکانی ژیانی پەنابەری لای پەنابەرێک کە بەشداری شەڕ بووە زۆر زیاترن. زمان یەک لەو بوارانەیە. لەڕاستیدا زمان کلیلی چوونە نێو کۆمەڵگەی تازەیە. لە بەسەرهاتی ژیانی بەشدارانی ئەم چاپوپێکەوتنانەدا بەردەوام دروستبوونی ئەم دەربڕینە خۆی دەردەخات.
لە چاوپێکەوتنەکاندا لایەنی جێندەری، لەبەرچاو گیراوە و دوو لە بەشداربوانی لێکۆڵینەوەکە ژنن کە زۆر بەوردی باسی ئەزموونەکانی ژیانی پێشمەرگایەتیی خۆیان دەکەن. ئەمە بژاردەیەکی جوانە و دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە خوێنەر تەنیا دیوی پیاوانەی شەڕ نەبینێت و گێڕانەوەی ژنانەش ببێتە بنەمای بۆچوونەکانی لەسەر شەڕ و کارتێکەرییەکانی.
هەر وەک نووسەرانی کتێبەکە ئاماژەی پێ دەکەن، ناکرێت ئەم کتێبە لە باری ژانرییەوە بخەیە چوارچێوەی ژانرێکی دیاریکراوەوە. ئەمە کتێبێکی تەواو ئاکادێمیک نییە کە لە نووسینیدا هەموو پێوەرەکانی لێکۆڵینەوەیەکی وردی ئاکادێمیک ڕەچاو گیرابن. کتێبەکە لە باری ئاماژە بە سەرچاوەکانەوە هەڵگری هیچ کام لە پێوەرە ناسراوەکانی ئاماژەپێدان و سەرچاوەنووسی نییە. گەرچی لە کۆتاییی کتێبەکەدا لیستێکی پێنج لاپەڕەیی سەرچاوە ڕیز کراوە، هەڵبەت بە هەڵە و کەموکوڕیی بەرچاوەوە، بەڵام دیار نییە لە کوێی کتێبەکەدا کەڵک لەو سەرچاوانە وەرگیراوە و کامە لاپەڕەی کتێبەکان ئاماژەی ڕاستەوخۆیان پێ دراوە.
ئەوەی کە کتێبێک بەرهەمی زیاتر لە نووسەرێک بێت لە دونیای ئاکادێمیادا شتێکی نامۆ نییە و زۆر کتێبی لێکۆڵینەوەیی واژۆی زیاتر لە کەسێکیان بەسەرەوەیە. بەڵام لەم کتێبەدا زەحمەتە بزانی کام وتار هی کام نووسەرە. گەلۆ سەرتاپای کتێبەکە سێ قۆڵی نووسراوە؟ گەلۆ سێ نووسەرەکە کاری ئێدیتۆری/ڕێداکتۆرییان کردووە؟ خوێنەری کتێب لەم سەردەمەدا چاوەڕوانیی زۆر هاسانکاریی لە نووسەران هەیە و ناتوانێت لەوە تێ بگات چۆن کتێبێکی پێکهاتوو لە چەندین بەش و نزیکەی ٢٠٠ لاپەڕە، هەڵگری پێڕست نەبێت، ئیتر با هەر باسی ئیندێکس نەکەین.
لە هەمان کاتدا ئەم کتێبە بەرهەمێکی ئەدەبییش نییە کە تێیدا خوێنەر بتوانێت شوێنپێی ژیانی بریندارانێک هەڵبگرێت کە بەشێک لە لەشی خۆیان لە ڕەوتی خەباتدا لەدەست داوە و بەم جۆرە شێوازی ژیانیان بۆ هەمیشە گۆڕاوە. ئەم کتێبە شیعر و چیرۆک و ڕۆمان و بیرەوەری بە مانای دیاری ئەم ژانرانەش نییە. بەڵام بێ هیچ شک و گومانێک بابەتە باسکراوەکانی ئەم کتێبە، دەتوانن ببنە هەوێنی هەر دووک بواری لێکۆڵینەوە و ئەدەبی. توێژەران دەتوانن لە لایەنە جۆراجۆرەکانی باسکراو لەم کتێبەدا کەرەسەی پێویست بۆ هەڵسەنگاندنی شێوە ژیانی پەنابەرانی بریندار بەگشتی و پەنابەرانی کورد بەتایبەتی وەدەست بهێنن. ئەدیبان و هونەرمەندانیش دەتوانن سەدان سەرەداوی ئیلهام لەو بەسەرهاتانە وەربگرن و بیکەن بە هەوێنی ئافراندنی هونەری و ئەدەبی. لە دونیای ئاکادێمیی ئێستادا بوارێکی نێواندەقی هەیە کە بە بواری نووسینی زانستیی جەماوەری (popular scientific/ Populärvetenskaplig ) ناوزەد دەکرێت. لەم شێوازەی لێکۆڵینەوە و پیشکەشکردنەدا کە بە پلەی یەکەم بواری وتارنووسین دەگرێتەوە، توێژەران هەوڵ دەدەن بە زمانێکی تا ڕادەیەک ساکارتر بوارە زانستییە جیاوازەکان بۆ جەماوەر شی بکەنەوە. ئەم کتێبە، هەڵبەت ئەگەر لە درێژبوونەکەی بگوزەرێین، دەتوانێت نموونەیەکی باشی ئەم لقە لە تێکهەڵکێشانی زانست و خواستی جەماوەری بێت. بەم جۆرە خوێنەری نا ئاکادێمیکی سوێدی دەتوانێت بۆ ئاگاداری لە ڕەوشی ژیان و بەسەرهاتی پەنابەرانی کوردی بەشداربوو لە شەڕی ڕزگاریی وڵاتەکەیان ئاگادار بکرێتەوە.
لە ڕۆژگاری ئێمەدا چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب دیاردەیەکی سەرتاپا کاپیتالیستییە و شوێن و ناوەندی بڵاوکردنەوە دەتوانێت کارتێکەرییەکی زۆری لەسەر فرۆش و برەوپێدانی بابەت و بواری نووسینێک هەبێت. ئەوەی کە ناوەندێکی جێکەوتووی بەناوبانگ کتێبێک چاپ و بڵاو بکاتەوە، پرسێکی تەنیا سیاسی و ئایدۆلۆژی نییە، بەڵکو پرسێکی ئابوورییشە. هەڵبەت ئەم بوارانە دیواری چینیان لەنێواندا نییە و ئەم فاکتەرانە بە هاسانی و ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر یەکتر. ئەوەی کە شوێنی چاپی کتێبەکە پۆلۆنیایە (لەهیستان) دەرخەری ئەکتێکی کاپیتالیستییە بۆ هەرزان تەواوبوونی تێچووی ئابووریی کتێبەکە. بەداخەوە چۆنییەتی و ئاستی چاپی کتێبەکە لە خوارێیە و زۆربەی سەردێڕی بەشە سەرەکییەکانی کتێبەکە جۆرێک لە کاڵبوونەوە و ڕژانی جەوهەریان پێوە دیارە و ئەمەش جێگەی داخە کە ئەو هەموو زەحمەتە لە باری کڤالیتەی چاپەوە مافی خۆی پێ نەدرابێت. ئەمە پەردە لەسەر دەردێکی دیکە لادەدات و ئەویش پرسی چاپی کتێبە لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان کە لێرەدا ناکرێت باس بکرێت و نووسینی دیکەی پێویستە.
لە کۆتاییی ئەم نووسینەدا حەز دەکەم ئاماژەیەکی کورت بە ناوە سەرنجڕاکیشەکەی ئەم کتێبە بکەم، “ئەوەی قسە ناکات، نییە”. ساڵی ٢٠١٢ نووسەرێکی سوێدی، ستێن ئاندێرسۆن، کتێبێکی ٧١٢ لاپەڕەیی لەسەر ژیان و بەسەرهاتی فەیلەسۆفی بەناوبانگ لودویگ ویتگێنستەین (١٩٥١-١٨٨٩) نووسی و ناوی کتێبەکەی نا: فەیلەسۆفێک کە نەیدەویست قسە بکات. زمان وەک یەک لە تێما سەرەکییەکانی ویتگێنستەین بوو و هەڵبژاردنی ئەم ناوە لەلایەن نووسەری ژیاننامەی ئەم فەیلەسۆفەوە پڕە لە جوانی و خوازە و هێما. ویتگێنستەین بەوە بەناوبانگە کە بەرهەمی فەیلەسۆفانی پێش خۆی نەخوێندبووەوە و خۆی بە سەرەتای فەلسەفە دادەنا و بە کتێبێکی بچووکەوە، تراکتاتوس، کە ئەستەمە لە زۆر بەشی کتێبەکە بگەی، ناوبانگی بە هەموو جیهاندا بڵاو بووەوە. ئەگەر ناوی کتێبەکەی ئاندێرسۆن لەسەر ویتگێنستەین ناوێکی خوازەییە، ئەوە ناوی کتێبەکەی فەرهاد و سیسێلیا و شێخمووس، تیرێکە ڕێک هاویشتراوەتە بابەتێکی ڕاستەقینە و ئامانجەکەشی بەباشی پێکاوە. بۆ ئەوەی هەبی دەبێ بئاخەفی!
نووسەرانی ئەم کتێبە ئاوڕیان لە پرسێکی گرنگی پەنابەرانی کورد لە سوێد داوەتەوە. ئاوڕدانەوە لە پرس و بەسەرهاتی کەسانێک کە ڕۆژگارێک بە ئاواتی مەزنی ڕزگارییەوە بەشداریی شەڕی ئازادیخوازی بوونە و لەم ڕێبازەدا تووشی خەساری جەستەیی و هەر وەها دەروونی بوونە، ئەرکێکی زانستی و ئەخلاقییە. تێگەیشتن لە هەلومەرجی ژیان و بەسەرهاتی ئەم مرۆڤە فیداکارانە، بەردی بناخەی هەوڵدانە بۆ کەمکردنەوەی ئازارگەلێک کە ئەوان کێشاویانە و دەیکێشن. هەر بۆیە کاری ئەم نووسەرانە جێی پێزانین و دەستخۆشی لێ کردنە.
*ئەو کەسەی قسە ناکات، نییە: بەسەرهاتی پەنابەرە بریندارەکانی کورد، لوند: ئێکستروێم و گارای، ٢٠٢١. ١٩٨ لاپەڕە.
[1] لێرەدا دەگوترێت کە ڕێبەری ئەم ڕێکخراوەیە عومەر ئێلخانیزادەیە. بەڵام ناوی دروستی ڕێکخراوێک کە عومەر ئێلخانیزادە سەرۆکایەتیی دەکات لەڕاستیدا ئاوایە: کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان. وێدەچێت نووسەری کتێبەکە لێرەدا ناوی ئەم ڕێکخراوەیەی لەگەڵ ناوی “حیزبی کۆمەڵەی کوردستان” یان “کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران” کە لەلایەن عەبدوڵڵا موهتەدییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت لێ تێکەڵ بووبێت.
داگرتنی بابەت



