ئارامتر بخوێنەوە

کێن ئەوانەی لە درووشمی “کوردستان گۆڕستانی فاشیستان” دەترسن؟

سارۆ ئەردەڵان


یەکێک لەو درووشمانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر ئاستی جەماوەری و خوێندکارەکان دووپاتبوونەوەی بەشێوەیەکی مانادار کاریگەری لەسەر شۆڕشی ژینا داناوە درووشمی “کوردستان، کوردستان/گۆڕستانی فاشیستان” بووە. ئەم قۆناغە نوێیەی خەباتی ڕۆژهەڵات بووەتە هۆی ڕاسانێکی جەماوەری و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگای ئێرانیش داناوە. دەکرێ لە ڕێگەی شیکردنەوەی درووشمی خۆپیشاندەران و شێوەی خاوەنداریەتی‌کردن لە شەهیدەکان، لە ویستی خەڵک تێبگەین. بەڕوونی دیارە ناوەڕۆکی درووشمەکانی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خەڵکی ئێران جیاوازییەکی ماناداری هەیە. پێکهاتەی درووشمەکان نیشاندەری گرێدانێکی مێژوویی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد بە ئیستاوەیە. هەروەها سەرەڕای توندوتیژییەکی سەرەڕۆیانە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە نەتەوەی کورد بەکاری دێنێ، هەندێک لە درووشمەکانی خۆپیشاندەران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیگەرانیی خەڵکی ئێران و نوخبەی سیاسی ئەو وڵاتەی لێکەوتووەتەوە. بەڵام چی بووەتە هۆی ئەوەی تەنانەت دژبەرە ئێرانییەکانی ڕژیم بەم درووشمە سازکراوەی شۆڕشی ژینا نیگەران بن؟

لە نیگای یەکەمدا هەموو ئەو درووشمانەی خەڵکی ڕۆژهەڵات کە وشەی کوردستانی تێدایە دەبێتە جێی نیگەرانیی ئێرانییەکان. ئەوان بەردەوام هەوڵیان داوە باس لە ناوچە کوردنشینەکان بکەن، هەر بۆیە لە ویستی نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵات بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ دەترسن. کوردستانێک کە تەنیا ناوی پارێزگایەکی بچووکی ناو ئێران نییە، بەڵکوو ئاماژە بە ناوچەیەکی بەرینتر دەکا کە پێنج پارێزگا لە ژێر یەک ناودا کۆ دەکاتەوە. لێرەوە بە بەشی دووەمی درووشمەکە دەگەین کە ئەم کوردستانە وەک گۆڕستانی فاشیستان پێناسە دەکا. هەر ئەم بەشەیە کە ترسی خەڵکی ئێران دەکاتە تۆقان، چونکە قەرارە لەم کوردستانەدا فاشیستەکان لەناو ببردرێن و ئایدیۆلۆژیی فاشیزم لە گۆڕ بندرێ.
خەڵکی کوردستان ژیرانە لەوە تێگەیشتوون کە فاشیزم تەنیا جۆرێکی ڕێکخستن و حوکمڕانی نییە، بەڵکوو شێوازێکی دیاریکراوی بزووتنەویەکی جەماوەریی کۆنەپەرەستانەیە. لەم شێوە بیرکردنەوەدا فاشیزم تەنیا تایبەتمەندی حوکمڕانیی ڕژیمی پەهلەوی یا ئیسلامی نییە، بەڵکوو ڕێک ناسیۆنالیزمی ئێرانی لەگەڵ فاشیزم یەکسان دەگرێ. هەر بۆیە ئاماژەی ناڕاستەوخۆی ئەم درووشمە هەموو فاشیستەکان دەپێکێ. هەموو فاشیستەکان ئەو کەسانەن کە ئایدیۆلۆژیی ناسیۆنالیزمی ئێرانی وەک سوژەی ئێرانی سازی کردوون. خەڵکی ئێران لەم بەشەی درووشمەکە تۆقاون! لێرەدایە کە دەبێ تایبەتمەندییەکی هاوبەشی ئێرانییەکاندا بدۆزینەوە کە بۆ ماوەی یەک سەدەیە ئەوانی کردووە بە فاشیست.
بەشێوازی مێژوویی، فاشیزم وەک ئایدیۆلۆژییەک سەیر دەکرێ کە بەرەی ڕاست لە کاتی قەیرانی کۆمەڵایەتیدا بەشێوەیەکی توندوتیژ و تێکدەرانە دەیگرێتە بەر و دەتوانێ کۆمەڵانی خەڵک لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. بەڵام لەمەوبەدوا دەکرێ لە کتێبەکانی فەلسەفەی سیاسیدا نموونەیەکی فاشیستیی تاقانە بە مۆدێلەکانی فاشیزم زیاد و وەک فاشیزمی ئێرانی پێناسەی بکەین؛ فاشیزمی ئێرانی لەگەڵ جۆرەکانی دیکەدا جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە. لە ئەورووپا بەرەی دژە فاشیستی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا دەیتوانی هەندێک ئایدیۆلۆژی جیا وەکوو لیبراڵیزم، فێمینیزم، ئانارشیزم و تەنانەت بیرۆکەی مەحافزەکاری لەخۆ بگرێ. واتە لە بەرەیەکی فرەڕەنگی دژەفاشستیدا ئەو بیرۆکانەی کە لە زۆر ڕووەوە پێکەوە جیا بوون یەکیان دەگرت تا ئەو دوژمنە هاوبەشە لەناو ببەن کە بۆ لەناوبردنی دێموکراسی هەموو کەرتەکانی قۆرغ دەگرت.
جیاوازییەکەی فاشیزمی ئێرانی لەگەڵ نموونە پێشووەکانی لەوەدایە کە لایەنگرە ئێرانییەکانی بیرۆکە جیاکان لە لیبراڵیزم بگرەوە تا مارکسیزم، لە ئیسلامی سیاسییەوە بگرە تا سێکۆلاریزم، لە کۆماریخوازەکانەوە بگرە تا لایەنگرانی پاشایەتی، هەموویان لەسەر بنەمایەکی فاشیستی دژ بە ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی یەکیان گرتووە. بۆچی خاڵی هاوبەشی ئێرانییەکان فاشیستییە؟ چونکە هەم دژەدێموکراسییە و هەم توانیویەتی (و هەم دەشیهەوێ) بە قۆرغکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە مۆدێلکی کۆلۆنیالیستیدا مافی نەتەوەی کورد بۆ سەرەوەری سیاسی پێشل بکا.
بەمگوێرەیە، تایبەتمەندی سەرەکی فاشیزمی ئێرانی پێداگری لەسەر ئێرانێکی یەکپارچەیە. هەر بۆیە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا یەکێک لە درووشمە گرنگەکانی ئێرانییەکان درووشمی “می‌جنگیم، می‌میریم / ایران رو پس می‌گیریم” [شەڕ دەکەین، دەمڕین / ئێران وەردەگرینەوە] بووە و لە لە بەرانبەردا ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وڵامی داوەتەوە “ایران را بە نااهلان می‌سپاریم” [ئێران نادەین بە دەست نەشیاوەکانەوە]. واتە هەر دوو لا سەر پێداگریکردن لەسەر ئێران وەک یەکەیەکی لەمێژینە کۆکن، بەڵام شەڕەکە بۆ ئەوەیە حکومەتەکەی بە دەست کێوە بێ!
گەیشتن بە هاودەنگی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماریی ئیسلامی، وامان لێ دەکا تایبەتمەندی سەرەکی ئایدیۆلۆژیی ئێرانی کە فاشیزمە لەبیر بکەین یا هەوڵ بۆ کاڵکردنەوەی بدەین. لەم شێوازەدا زۆر باس لە هاوبەشییە فکرییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ڕژیم و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ناکرێ کە هەر دوو لا پێیانوایە ئەرکی لەمێژینە یا ئیلاهییان ئەوەیە کە ئێران بپارێزن. بۆ ئەم مەبەستە نە تەنیا حازرن لە مافی نەتەوە غەیرە فارسەکان چاوپۆشی بکەن، بەڵکوو بۆ پاکتاوکردنیان دەست بە هەر جۆرە توندوتیژییەک دەبەن. هەر بۆیە کاتێک ویستتان لە گوتارێکدا فاشیزیمی ئێرانی بناسنەوە سەیری ئەو شوێنانە بکەن کە پێداگری لەسەر یەکپارچەیی خاکی ئێران دەکرێ. تەنانەت ڕووخسارە لیبراڵەکەی بزووتنەوەی مەهسای ئێرانییەکان، واتە حامێد ئیسماعیلیوون، سەرەڕای ئەوەی باس لە ستەمی نەتەوەیی لە ئێران ناکا، بەڕاشکاویی دەڵێ کە پرسی سەرەکی هەمان پرسی ئێرانە.هەر بۆیە دەبێ زۆر بەوردییەوە شوێن‌پێی فاشیزمی ئێرانی بگرین؛ ڕابردووی ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەستی بە خوێنی کورد سوور بووە و داهاتوویەکیش کە ئیستا ئێرانییەکان وێنای دەکەن لەسەر بنەمای سڕینەوەی مافی سەروەریی نەتەوەی کورد ساز بووە.