ئارامتر بخوێنەوە

پێشنیارێک بۆ هەموو حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

حەسەن ماوەرانی


لە بار ودۆخی ئێستای ئێراندا، دوو مانگە خەباتێکی بێ وێنە دەستی پێ کردووە. ئەو خەباتە بە هەموو دیاردەکانییەوە پێشاندەری سەرهەڵدانی شۆڕشێکی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە دەکارێ سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی ئاڵوگۆڕێکی قووڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی بکا. ئاڵوگۆڕێک کە دەبێتە ڕۆنێسانسی ڕۆژهەڵات.

شۆڕشی  ژینا، لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و گڕێ ئاگرەکەی سەرانسەری ئێرانی گرتەوە. دروشمی  ژن، ژیان، ئازادی کە لەسەر گۆڕی شەهید ژینا(مهسا) ئەمینی  بوو بە هاواری خەڵک لە دژی دەسەڵاتی چەپەڵی ڕژێمی نگریسی کۆماری ئیسلامی، جیهانی لە خەو ڕاچڵەکاند. هەموو ژنان و لاوانی ناوچەی جوغرافیایی ئێران بە یەکدەنگ بەپیری ئەو دروشمەوە چوون. هەتا ئێستا، خەڵک بە خوێن داری ئازادی ئاودەدا.  لەو شۆڕشەدا بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەو ناوچەیەدا هەموو ئازادیخوازان بوونە پاڵپشتی یەکتر. کورد، فارس، بەلووچ، گیلەک، عەرەب و تورک، بۆ ڕووخاندنی  ئەو ڕژیمە مافیایی و تیرۆریستییە پاڵپشتی لە یەکتر دەکەن.

دیارە هەرکام لەو توێژ و کۆمەڵە جیاوازانە، مەیل و ویست وئارەزوویەکیان هەیە بۆ داڕشتنی  داهاتوو و جێگرەوەی ئەو ڕژێمە.  بەڵام هەموویان لەسەر یەک بنەما هاودەنگن کە لەو دروشمەدا بە ڕاشکاوی  دیارە. ئەویش ئازادی و دەسەڵاتدار کردنی یاسای مرۆڤە لە وڵاتێکی کە چل و سێ ساڵە ژن بە کۆیلەی چێژی سێکسیی پیاو دانراوە و لە هەر مافێک بێبەش کراوە و خەڵک بە مەڕ و ماڵات دادەنرێ کە بەپێی شەریعەتی ئاخوندەکان بە “سفیە” واتە بێعەقل دەژمێردرێن و پێویستیان بە شوان هەیە و بەوپەڕی بێبەزەییەوە،  نەتەوە غەیرە فارسەکان داپلۆسێندراون و  مەلای ڕیش پڕ لە ئەسپێش خۆیان بە  جێگری خوا و  حاکمی هەڵبژاردەی خوا داناوە. هەر بۆیەش پڕیشکی ئاگری شۆڕش لەسەر  گۆڕی شەهید ژینا هەموو ئێرانی  کردە ئاگر بۆ گەیشتن بەم ویست و ئارەزوویە کە داڕمانی کۆماری ئیسلامی و دابینکردنی ئازادی و سەروەریی یاسای مرۆڤە. 

 نەتەوەی کوردیش لەو بەشەی وڵاتەکەی واتە ڕۆژهەڵات، مافی خۆیەتی  کە چوارچێوەی ویست و ئارەزووەکانی  بۆ ڕۆژی پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە ئێستا ڕا گەڵاڵە بکا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شۆڕشە و پاراستنی یەکێتیی هەموو خەڵکەکانی ئێران، بیکاتە پڵاتفۆرمی هاوبەشی  کوردستان.

دیارە هەرکام لە حیزبە کوردستانییەکان پلان و بەرنامە و ئامانجی تایبەت بە خۆیانیان هەیە و ئەوەش مافی خۆیانە. بەڵام ئەوەش مافی خەڵکە کە بۆخۆیان لە هەلومەرجی  دێمۆکراتیکدا دەنگ بدەن بەو حیزب یان ئەوەی تر.  هەربۆیەش دۆزینەوەی بنەمایەکی هاوبەش پێویستە. ئەو بنەمایەش بە پێداگری لەسەر خەیاڵ داناڕێژرێ، بەڵکوو دەبی ڕاستەقینەی بارودۆخی ناوچە و جیهان لەبەرچاو بگیرێ. حیزبە چەپەکانی کوردستان کە هەرکامیان بە شێویەک  داوای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دامەزراندنی سۆسیالیزم دەکەن دەبێ ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرن کە ئازادی و سەروەریی یاسای مافی مرۆڤ، بەردی بناخەیە کە بۆ داهاتووی هەر کۆمەڵێک پێویستە.  بە ئاوڕدانەوەیەک لە یەکێتیی سۆڤیەت، چین، کووبا و سۆسیالیزمە شەقوشڕەکەی ئەنوەر خۆجە، دەردەکەوێ کە بەبێ بوونی ئازادی لە کۆمەڵگادا سۆسیالیزم بوونی نابێ و هەر دەسەلاتێکیش کە دابمەزرێندری، دەبێتە دەسەڵاتێکی تۆتالیتێر و خەڵک چەوسێنەر کە لە ئەوپەڕی باشبوونی، هەژاری دابەش دەکا. بەڵام چەپ لە وڵاتێکی ئازاددا دەتوانێ بۆ ئامانجی خۆی کار بکا و خەڵک بەرەو خۆی ڕاکێشێ.

 سەربەخۆییخوازەکانیش دەبێ ئەوەی لەبەرچاو بگرن کە  لە باری ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت کوردستانی دابەشکراودا، گەیشتن بەو ئامانجە هیچ دەرەتانێکی نییە، ئەگەرچی ئەوە مافی ڕەوای هەر نەتەوەیەکە. بەڵام بە داخەوە تەنانەت لە چوار پارچەکەی کوردستانیشدا ناتوانین بە هیچ شێوەیەک یەکگرتن پێک بێنین، چ بگا بەوەی کە بگەینە سەربەخۆیی. بەڵام لە وڵاتێکی ئازاددا سەربەخۆییخواز دەتوانێ  چالاکی بکا و بۆ وەدیهێنانی ئامانجی خۆی تێبکۆشێ.

بۆ ئایینییەکان و حیزبەکانی تریش هەر ئەو دەروازەیە کراوەتەوە کە ئازادییە. واتە با  لێرەدا خەڵک سەرپشک بن.

 بەڵام ئێستا  ئەرکی سەرەکی، ڕاماڵینی مافیای دەسەڵاتداری ئینسان کوژ و  وەدەست هێنانی ئازادییە. ئەویش نە کورد بە تەنێ دەتوانێ بەو ئازادییە بگا نە گەلانی دیکەی ئێران. گەیشتن بەو مەبەستە تەنیا پاراستنی یەکێتیی شۆڕشی ناوخۆ و پشتیوانیی پتەوی یەکگرتووی دەرەوەیە.

پێشنیاری ڕوون:

یەکەم:

 دەستەیەکی نوینەرایەتیی حیزبە کوردستانییەکان لە دەرەوە پێک بێ کە تاقە وێژەری کورد بۆ وتووێژ لە ئاستی دیپلۆماتیکدا چ لە گەڵ وڵاتانی دیکە و چ لەگەڵ مێدیاکان و ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانیدا.

دووهەم:

 پڵاتفۆرمێکی کوردستانی بۆ  ئێرانی داهاتوو لەسەر بنەمای دامەزراندنی کۆمارێکی فیدراڵی چێ بکرێ لەسەر بنەمای یاسای گشتیی مافی مرۆڤ.

سێهەم:

هەر لە ئێستا ڕا هەم داوای بکرێ و هەم کاری بۆ بکرێ کە یاسایەکی  بنەڕەتی لە لایەن مافناسانی گەلانی جیاوازی ئێران بە چاوەدێریی مافناسە بەرچاوە نێونەتەوەییەکان دابڕێژدرێ و لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا، بە ڕێفراندۆمێکی گشتی دەنگی لەسەر بدرێ.

چوارەم:

 بە لەبەرچاوگرتنی تێکۆشانی مەیدانی لە ناوەوەی وڵات، پلاتفۆرمێکی ئەوتۆ لە ناوخۆی ئێراندا سەرکەوتوو دەبێ . هەرچەشنە دەسەڵاتێکی ناوەندیخواز لە داهاتووی ئێراندا دەبێتەوە دیکتاتۆڕی و ملهوری.