ئارامتر بخوێنەوە
خەڵکی کورد و هاوسەنگی ڕاگرتن و هاوکێشەی ناوخۆ
کەمتر کەسێک هەیە لە کوردستان یان بە کردەوە کار وچالاکیی سیاسیی نەکردبێ و یان ژیانی بە هۆی کردەی سیاسیی دەوەروبەری نەکەوتبێتە ژێر کاریگەریی قورسەوە. هەر لە شۆڕشی گەلانی ئێرانی ساڵی پەنجاوحەوتەوە تا ئێستا، کە شۆڕشێکی تازە لە شەقامەکانی کوردستان بەڕێوە دەچێ.
هەر بەو هۆیە جودا لە ڕيژەیەکی کەمی کۆمەڵگا، بەشی هەراوی ئەو وڵاتە، سیاسی دەڕوانن و سیاسی بیر دەکەنەوە و تەنانەت سیاسەتی نەیارانیش شی دەکەنەوەو تاوتوێی دەکەن.
بەڵام بە داخەوە کورد بە گشتی لە یەک شت دا گرفتی هەیە. ئەویش ناسین و ڕاگرتنی پارسەنگ و هاوکێشەیە.
لە شۆڕشی نوێدا، کورد پێشەنگایەتیی کردووە و مۆرکی خۆی لێداوە و جووڵەیەکی خستووەتە شەقامی ئێرانەوە و …
تا ئێرە هەموو هەنگاوەکان ئەرێنی و بەجێن، بەڵام ڕاگرتنی پارسەنگ و ناسینی هاوکێشە پێت دەڵێ بزانە لە دۆخی ئێستادا، نەتەوەکانی دیکەی ئێرانی بەشی خۆیان لە شەقام دەگرن. بەشی خۆیان سیستەم و کارامەیی سیستەم لە کار دەخەن، بەشی خۆیان تێچوە دەدەن کە دواتر بە ڕێزەوە لە میراتی شۆڕشەکەیان بڕوانن.
جودا لەوە هاوکێشەی سیاسی لە ئێران چارەسەرەکەی چۆنە. لە کوێوە دەست پێ دەکا و چۆن هەمەگیر دەبێ. هەر سیاسەت ناسێک ئەوە دەزانێ کە گۆڕانکارییەکان لە وڵاتێکی وەک ئێران لە ناوەندەوە تێدەپەڕێ و دواتر دەگاتە ناوچەکانی دی. بۆ ئێمەی کورد کە تەنانەت هاوخەباتەکانمان لە ناوچەکانی دیکەی ئێران تا ماوەیەک لەوە پێش بەچاویلکەی دڕدۆنگی تێیان دەڕوانین، دەبێ ئەوقسەیە هەڵوێستەی زیاتری لەسەر بکرێ. کە دۆخی باشوور و زەمینەی هێرش بۆ سەر پێشمەرگە و زۆر بابەتی پێوەندیدار بەوێشەوە لەبەرچاو دەگری، ئەوەندی دیکە تایبەت بوونی دۆخی کوردستان دەردەکەوێ وبەو ئاکامە دەگەین؛ ڕێگای شۆڕشێکی بنەڕەتی ئەگەر لە کوردستانەوە دەستی پێکردووە، بە کوردستان کۆتایی نایە و دەبێ لە تارانەوە هێق بکاتەوە بۆ هەموو ئێران. دەنا کورد بەتەنیا دەبێتە دەستەچیلەی ئاورێک کە کەس یارمەتیی کووژانەوەی نادا.
هەڵوێستەکان دژی ئەو قسانە دوو تاقم دەبن. تاقمێک کە پێیان وایە کورد دەبێ بە تەنیا هەموو شتێک بخاتە ئەستۆی و نەتەوەکانی دی هەموو بسڕێتەوە. چ وڵامم بۆ ئەو هاوڕێیانە نییە، بەڵام تاقمی دووەم خەڵکی سەرشەقامن کە خوێنیان داوە. پرسیاریان ئەوەیە یانی ئەوی کردمان بوو بە هیچ؟ نا نەبووە بە هیچ. سامانێکی زەنگینتان پێشانی گەلانی ئێران و جیهان داوە. کۆمەڵگای کراوەی کوردتان بە جیهان ناساندووە. هەوێنی شۆڕشی فکری و سیاسیی نوێ ئێوە بوون. تاقە یەک حەسانەوە و پشوویەکتان پێویستە. با نەتەوەکانی دیش شەقام بناسن. ترسیان لێی بشکێ. سیستەم بە خۆیانەوە سەرقاڵ کەن. تێچووی بە ڕادەی داخوازییان بدەن. تا ئەوکات، کە درەنگیش نییە، ئێوە ئەی شەقامی کوردی! جووڵەتان هەر هەیە، بەڵام خۆ لە مەترسی دوور دەخەنەوە. ڕێبەرانی پێشوو کوتبوویان ئەو سیستەمە بە ئێمە شەکەت و ئازار چەشتوو و لاواز دەبێ، بەڵام بەتەنیا بە ئێمە ناڕووخێ.
ئێستا بەو هێزەی لەشەقامی کوردستاندا دەبیندرێ، گەلی کورد دەتوانێ تەنانەت دوژمن لە خاکی کوردستان وەدەر بنێ. دام و دەزگاکان بگرێ و زۆر شتی تریش، بەڵام بێ سەرکەوتنی شۆڕش لە تاران ئەو دەستکەوتە ناپارێزرێ. ئەوانەی پێێان وایە دەی جودا لەوان با سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیەنن، ڕەنگە کەمتر تێچووی ماڵوێرانکەری ئەو کردەیان هەر بەزەیندا هاتبێ.
شەقامی بوێر و زامدار و پێشەنگی کورد هاوسەنگی ڕاگرە!


