ئارامتر بخوێنەوە
گێتتۆکانی نازی و ئاماژەی سەر دیوارەکانی کوردستان
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، شەقامی کوردستان بێ پشوو لەسەر هەست و جووڵە بووە. لە سۆما و برادۆستەوە تا ئیلام، خەڵکی کورد، یەکدەنگ ویستە ڕەواکانی ئینسانی ئازادی سەردەمی نوێیان دووپات کردووەتەوە. حەولێکی بێوچان بۆ وەدیهێنانی ئازادی و مافی نەتەوەیی دراوە. حەول بۆ وەدیهێنانی دروشمێک کە لە فیلمی “دیکتاتۆڕی مەزن”دا وەک دیالۆگی هەرماوی ئەو فیلمەدا ڕەنگی داوەتەوە؛ “دێموکڕاسی” بۆ وەدیهێنانی دونیایەکی جوانتر و ڕیشەکێش کردنی هەرچەشنە دیکتاتۆرییەک.
ئەو دەنگەی شەقامی کوردستان هاوڕایی و هاودەنگییەکیشە لەگەڵ کۆی نەتەوەکانی دیکەی ئێران، کە دەنگیان هەڵبڕیوە و ئەگەرچی تا ئێستا وەک کوردستان بەپانەوە لە شەقام خۆیان نەدیوەتەوە، بەڵام جووڵەیەکی بنەڕەتییان تێ کەوتووە.
لەو کورتە یادداشتەدا مەبەست ئەوەیە هەم ڕۆڵی کورد لەو بوولەرزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی خستوویەتە ئێرانەوە وەبیر بێنینەوە هەم لە لایەکی دیکەوە ئەو ڕاستییە لەبیر نەکەین، کە ویستی کوردستان لەم شۆڕشەدا گرێدراوی خەون و خولیای سەد ساڵەیەتی. خەونێک بۆ ڕزگاری و وەدەستهێنانی مافی بەرانبەر و چوونەدەر لە ژێر نیری یەخسیری.
کورد لەو دۆخە نوێیەدا بە ئامادەبوونی لەسەر شەقام و سوور بوونی لەسەر ڕۆڵی ژن و دژوەستانی لە بەرانبەر داگیرکەردا، ئەو ڕاستییەی سەلماند؛ خاوەن گوتارێکی دەوڵەمەند و نوێیە و دالەکانی گوتاری نوێی شۆڕشی کوردستان دزەیان کردووەتە زەین و زمانی ئەو ناوەند نشینانەی تا ماوەیەک لەمەوبەر لە ئاستێکی باڵاترەوە دەدوان و ڕێوشوێنیان دیاری دەکرد.
ئەو وەرچەرخان و ئاڵوگۆڕە، هەڵبەت نابێ ببێتە هۆی جێگۆڕکێ لە پێگەی دواندا. بەڵکوو پێویستە ببێتە بنەمایەک بۆ دیالۆگ و بردنە پێشی بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە هەموو ئێراندا و ئەوجار دەنگی شۆڕشی کورد لە ناو نەتەوەکانی دیکە بە دەنگێکی ڕەسەنی پاراوی بیری نوێ و ئینسانی نوێ بناسرێ و دووپات بکرێتەوە. ئەوەی تا ئێستاش زۆر و کەم لە نەتەوەکانی دیکە دەبیسترێ ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ و ئەو قسەی “هوومی بەها بەها”مان وەبیر دەخاتەوە کە ڕەوتی لاسایی و وەدواکەوتن، ئەگەر لە لایەن سەردەست و بندەست بەرئاوەژوو بۆوە نیشانەی سەرکەوتنی بن دەستە و لەو کاتە بەو لاوە، کۆی هاوکێشەکە تێکدەچێ و واتاکانی سەردەست و بندەست جێگای خۆیان بە “لایەنە بەشدارەکان”ی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نوێ دەدەن.
لەو دۆخەدا ئەگەر ئاکاری سیستەم بخوێنینەوە هێندەی دیکە دەستمان بۆ شیکردنەوەی کێشەکان ئاوەڵاتر دەبێ.
تا بەر لەو شۆڕشە نوێیەی کوردستان و خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران، سیستەم، کوردی لە هاوکێشە سیاسییەکاندا بە هێند نەدەگرت و بە چەند جووڵەی کەمخایەن کۆی باسەکانی دەسڕییەوە و لە ئاکامدا کوردی جوداخوازی، ناڕازی، پێوەندیدار بە دەرەوەی، وەک پەکەیجێکی ناشیرین بۆ نەتەوەکانی دیکە دەنواند و ڕاگەیەنەکانیش ئەو ڕۆڵ و گێڕانەوەیەیان وەردەگرت و دووپاتیان دەکردەوە. ئەوەی ئێستا دەیبینین شتێکی دیکەمان پێ دەڵێ. سەرەڕای حەولی لەڕادەبەدەری سیستەم بۆ جووڵاندنی حیزبەکانی کوردستان و بانگەشەی ئەوەی ئەو حیزبانە هۆکاری شێوانی کوردستانن و دواتر مووشەکبارانی بنکەو بارەگاکانی حیزبە کوردستانییەکان، تا ئێستاش زۆربەی هەرە زۆری شێکار و باسکارە غەیرە کوردەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەن کورد پێشەنگی شۆڕشی نوێیە و ئەو کارانەی سیستەمیش بە پلانی پووچەڵ و ناکارامە دەزانن. واتە هەنگاوێک لەو لای پێشبینییەکانی ڕێژیمەوە بە لەقاودانی ئەو پلان و پیلانانە، ئەوجار پشتی حیزبە کوردستانییەکان دەگرن و ستایشی خوێندنەوەی سیاسیی دروستی ئەو حیزبانە دەکەن.
ئەوەی کە بیروڕای لایەنەکانی دیکە تا کەی وا دەبێ و گۆڕانی بەسەردا دێ یان نا؟ باسێکی دیکەیە و ئێمە حەول دەدەین لەسەر ئەوەی ئێستا ڕوو دەدا بدوێین و لە پێشبینی و پێشگۆیی خۆ بپارێزین.
بەڵام ئەو ڕەوتەی باس کرا تا ئێستا وای کردووە پاش هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانە “دیکتاتۆڕی مەزن” خەریکی جووڵەیەکی ڕەگەزپەرستانە و فاشیستی بێ.
ئەگەر فیلمی گۆرین وەبیر بێنینەوە، لە زۆر دیمەنیدا چەکدارانی دیکتاتۆڕی مەزن پاش شێواندن و تێکدانی ماڵ و حاڵی جوولەکەکان، لەسەر جام و دیوارەکانیشیان دەنووسن “جوو”. بۆوەی لە بیریان بێ دواتر بگەڕێنەوە و هەرکات پێویست بوو ئازاریان دەن. لە لایەکی دیکەشەوە کایەیەکی دەروونییش لەگەڵ قوربانی دەکەن. بەوشێوەیە بۆوەی قوربانی تەنانەت ئەوکاتەی ئەوانیش لەوێ نین، هەست بە بوونی ئەوان و تاوانبار بوونی خۆی بکا.
بە کۆکردنەوەشیان لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی تایبەت و ناونانی “گێتتۆ” و “جووئاوا” ، هەست بە سووکایەتی کردنیان تێدا بەهێز دەکردن.
لە شۆڕشی نوێدا، سیستەمی کۆماری ئیسلامی زۆربەی کایەکانی ئاڵمانی نازی دووپات کردووەتەوە. تەنیا باس لە وێنەیەک لە “شاری مهاباد” دەکەم و باقی وێنە و کردەکان دەبێ شیکاران و نووسەرانی دیکە و دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان لەسەریان بکۆڵنەوە و بە تەسەلی باسیان بکەن.
ئەگەرچی کوردستان نیشتمانی خەڵکی کوردە و کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون نییە، بەڵام سیستەم چل و سێ ساڵە ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکانی نواندووەتەوە، کە ئەو هەرێمە وڵاتی خەڵکانی دواکەوتەی کولتووری و سیاسی و ئابووری و بە گشتی “کوردئاوا”یە و هەر بۆیە تەنانەت بەڕێوەبەرییە ئاست نزمەکانیشی لە ناوەندەکانی دوور لە کوردستانەوە بۆ ناردووە. ئێستاش بۆ سەرکوتیان تەنانەت هێزە “جاش” و “پاسدار”ەکانی بە کیفایەت نەزانیوە و هێزەکانی غەیرە ئێرانی وەک “فاتمیون” و “نەخسا”ی ڕژاندووەتە کوردستانەوە.
ئەو هێزانە لە هێرش بۆسەر ماڵ و حاڵی خەڵکی ئاسایی کورد، دەست لە هیچ دڕندەییەک ناپارێزن. شکۆ و ئارامی ماڵەکان دەشکێنن و کەل و پەلیان لەناو دەبەن و لە کۆتایی دا لەسەر دیوارەکان شوێن پەنجەی فاشیسم بەجێ ديڵن و دەنووسن “دیسان دەگەڕێینەوە”. ئەوە بۆ ئاگاداریی خەڵکی ناوخۆ و جیهانی دەرەوەیە. با هەمووان ئاگادار بن کە فاشیسم خۆی خزاندووەتە ماڵی خەڵکی کوردەوە. مۆرکی شەڕی دژە جوولەکەی ئەورووپای سەدەی بیستەم بەکار دێنن و دیوارەکانی خەڵکی بە پەڵەی بیری ڕەشیان ناحەز دەکەن.


