ئارامتر بخوێنەوە
ساتەوەختی گۆڕانی ئێران: کوردستان لە هێڵی پێشەوە
ئاڵان حەسەنییان
وەرگێڕان: ژینۆ ڕۆژبەیان
ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ ڕۆڵێک لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا دەگێڕێت؟ و بۆچی ئەم ئاخێزانە گۆڕانکار دەبن بۆ ئێران؟ پێکهاتن، داواکاری و ئاراستەی ئەم ناڕەزایەتییەتییانە پێشانی دەدەن کە چۆن پەیوەندی نوێ و ڕوون لە گۆڕانی نێوان کورد و کۆمەڵگەی ئێرانییەکان بە گشتی فۆڕمی بە جووڵانەوەی خۆپیشاندانەکان دەدات و دەتوانێت بە شێوازێک بەرەنگاریی کۆماری ئیسلامی ببێتەوە کە تا ئێستا ڕووی نەداوە.
دەوڵەت و کۆمەڵگا لە ئێران
ئەگەر ساڵی ١٩٢٥، کە کاتی دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی ئێران بوو، وەک خاڵی دەستپێک دابنێین، دەکرێت بڵێین گرێبەستی کۆمەڵایەتیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا لە ئێران بە ئێفلیجی و لەکارکەوتوویی لەدایک بوو. کۆمەڵگای ئێران هاوشیوەی کۆمەڵگاکانی دیکەی باقی دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە هیچکات دێمۆکراسی و ئازادی ڕاستەقینەی ئەزموون نەکردووە. مۆدێرنیتە لەژێر دەسەڵاتی حاکمیەت بەسەریاندا سەپاوە، و شێوەیەکی لە سەرەوە بۆ خوارەوەی ناسیۆنالیزم بە کۆمەڵگا فرە-کەلتوری و فرە-ئایینیەکەیاندا سەپاوە. وەک بەرپەرچدانەوەیەک بۆ ئەم دۆخە، خەبات بۆ دێمۆکراسی، و گۆڕانی کۆمەڵایەتی-سیاسی بە بەردەوامی لەلایەن کۆمەڵگا و خەڵک لە ئێراندا دەبێتە ڕۆژەڤ.
ئێران وڵاتێکە کە خاوەن ئاخێز و شۆڕشی شکست خواردووی زۆرە، بۆ نموونە شۆڕشی دەستووری، شۆڕشی ١٩٧٩ و جووڵانەوەی سەوز. هەمووی ئەمانە دەکرێن لە ژێر ناوی (شکست خواردوو) جێگە بگرن، چونکە هیچیان نەیانتوانی خواستی خەڵک بۆ وەدیهێنانی دێمۆکراسی و حکومەتی یاسای بەدی بێنن کە بە زۆری لە ئەنجامی سەرکوتی دەوڵەت و لە پەراوێزخستنی هێزە پێشڕەوەکان بووە. هەرچەندە ئەمانە ئەزموونێکی بەنرخی خۆڕاگریان داوە بە گەلانی ئێران.
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین ئارەزوویەکە کە یەک سەدەیە بەردەوامە و خەباتێکە بۆ گۆڕان و پێشکەوتنی ئێران. پێداچوونەوەیەک بەم ئاخێزەی ئێستا پێمان دەڵێ کە هێشتا زۆر زووە ئەم خۆپیشاندانانە بە سەرانسەری ناو ببەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەرفراوانن. خەڵک لە شار و پارێزگا گەورەکان وەک تاران، شیراز، ڕەشت، کرماشان، سەقز، ئەهواز، زاهێدان، زابۆل، سنە و زۆر شوێنی دیکە نزیکەی سێ هەفتەیە بەشداری خۆپیشاندانەکان دەکەن.
کاتالیزەر (کارلێکار)ی شۆڕشگێڕانە
بە پێی وتەی دێنیز و. ک. کۆنگ و پ.س. لیم هەموو ئاخێز و شۆڕشێک کارلێکاری هەیە. بۆ نموونە ئەو فرۆشیارەی سەر شەقامەکەی تونس، محمد بوئەزیزی، لە ١٠ دێسامبری ٢٠١٠ بوو بە کاتالیزەری شۆڕشی تونس و بەهاری عەرەبی. کوشتنی بێبەزەییانەی ژینا ئەمینی، کچێکی ٢٢ ساڵەی کورد، لە لایەن هێزە ئەمنییە ئێرانییەکان لە ١٦ سێپتامبری ٢٠٢٢ و دواتر خۆپیشاندانی کوردەکان بوو بە کاتالیزەری ئاخێزی ئێستای کوردستان و ئێران.
ژینا کاتێک لەگەڵ بنەماڵەکەی سەردانی تارانیان کردبوو لە لایەن پۆلیسی ڕەوشتەوە بە بیانووی ئەوەی سەرپۆشەکەی بە ناڕێکی دانابوو وەستێنرا. دواتر دەستبەسەر کرا و بردرایە ناوەندی چاکسازیی ئیسلامیی حکومی و لە کۆتاییدا لە نەخۆشخانە خەوێنرا، بە هۆکاری ئەوەی لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا لە لایەن پۆلیسەوە سەری بە قورسی بریندار کرابوو. ژینا چوونە ناو کۆما و چەند کاژێر دواتر بڵاو کرایەوە کە گیانی لەدەست داوە.
ڕۆژێک پاش کوژرانی ژینا، سەرەڕای هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەسەر بنەماڵەی ژینا و کۆمەڵگاکەی، هەزاران کەس لە ساتەوەختی ناشتنی تەرمەکەی لە شاری سەقز کۆ بوونەوە. لەسەر کێڵی گۆڕەکەی ژینا نووسراوە: (ژینا گیان، تۆ نامری! ناوت دەبێت بە ڕەمز!) و هە زۆر زوو ناوی ژینا بوو بە هێما.
تێکەڵاوییەک لە پەژاری، تووڕەیی و ئارەزووی گۆڕان ڕێوڕەسمی ناشتنی ئەوی کرد بە نمایشی خۆڕاگری. شینگێڕەکان سروودی شۆڕشگێڕانەی کوردییان دەخوێندەوە و دروشمی دژی ڕژیمیان دەگوتەوە بۆ نموونە (مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر). ژنانی سەقز بە نیشانەی ناڕەزایەتی دژی کوشتنی ژینا و وەستانەوە دژی سیاسەتی ڕەگەزی سەرپۆشەکانیان لابرد. خۆپیشاندەران لە سەقز وێنەی ئایەتوڵلا عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانیان دڕاند.
دواتر خۆپیشاندانەکانی دژە حکومەت گەیشتە دیواندەرە، شارێکی نزیکی سەقز. ڕۆژی دواتر خەڵک لە سنە، پایتەختی پارێزگاری کوردستان و لە پارێزگا کوردییەکانی دیکە وەک کرماشان و لۆڕستان و ئیلام بەشداریی خۆپیشاندانەکانیان کرد. دوو مانگرتنی گشتی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوون، یەکیان ڕۆژی ١٩ سێپتامبر و یەکی دیکەشیان ڕۆژی ١ ئۆکتۆبر کە هەر دووکیان لە لایەن هەر پێنج پارێزگا کوردییەکانی ئێرانەوە پاڵپشتیان لێکرا.
خۆپیشاندانەکان بە خێرایی گەیشتە زیاتر لە ٣٠ پارێزگا کە ڕووبەڕووی وڵامێکی بێبەزەییانەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بوونەوە و لانیکەم ٧٥ کەس کوژران و هەزارانی دیکەش بریندار و دەستبەسەر کران. سەرۆک کۆماری ئێران هەڕەشەی کرد کە ئەگەر خۆپیشاندەران دەست لە خۆپیشاندان هەڵنەگرن بە شێوەی (یەکلاییکەرەوە) ڕووبەڕوویان دەبنەوە.
ئاخێزی گۆڕانکار
هێشتا دیار نییە کە ئەم خۆپیشاندانانە بەرەو کوێ دەچن یان ڕێژیم چەندە لە سەرکوت کردنییان سەرکەوتوو دەبێت. هەرچەندە هەرچییەک لە داهاتوو ڕوو بدات ئەم ئاخێزە بوو بە ڕووداوێکی دیار کە پەیوەندیی دەوڵەت-کۆمەڵگای لە ئێران دووبارە پێناسە دەکاتەوە و (کۆماری ئیسلامی تا ناوکی دەهەژێنێت). پەیوەندی نێوان ناوەندی فارسی ئێران و پەراوێزە نافارسەکان نموونەیەکە لەم گۆڕانکارییانە.
ناسیۆنالیزم و فرە ڕەنگی لە ئێران
ئێران وڵاتێکی فرە ڕەنگە کە پێکدێت لە فارسەکان، ئازەرییەکان، کوردەکان، بەلوچەکان، عەرەبەکان، تورکمانەکان و هتد. خەڵکی ئەو وڵاتە بە خەڵکی ناوەند و خەڵکی پەراوێز پۆلێنبەندی دەکرێن. تاقە بنەمای ئەم دابەشکارییە هەڵکەوتەی جوگرافی نییە بەڵکوو پێگەی سیاسی و مافی بڕیاردان، دەستڕاگەیشتن بە سەروەت و سامانەکانیش بنەمایەکی بەهێزی ئەم دابەشکارییەیە.
هەر وەک شارەزایانێک وەک موستەفا وەزیری و ڕەزا ئیبراهیمی پێشانی دەدەن، ناسیۆنالیزمی ئێرانی دابەشکەر و لە ناودەرخەرە. بۆیە سەبارەت بە شوناس، ئێران لە بنەڕەتەوە کۆمەڵگایەکی پارچە کراوە. هەستی خۆماڵی (ئێمە) و (ئەوی دی) زۆر بەهێزە. بەڵام دەوڵەت هەوڵی داوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی توندوتیژی و گوشارەوە ئەمە بشارێتەوە. برزوو ئیسماعیلی باس لەوە دەکات کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە گەوهەریدا زریقە و بریقەی باڵادەستی فارسەکانە. بە پێچەوانەوی ناسیۆنالیزمی تورکی کە بە شانازییەوە باس لە ڕەسەنایەتی تورکی و باڵادەستی دەکات، ناسیۆنالیزمی ئێرانی فێڵبازە. ئەوەیش تایبەتبوونی فارس کە زاڵبوونی خۆی لە ڕێگەی توندوتیژی سیاسی و ئایدیۆلۆژی بەدەست هێناوە دادەپۆشێت.
لە ئەنجامدا، هەڤگرتنی ناوخۆیی لە کۆمەڵگای ئێراندا بوونی نیە. ئەستەمە نموونەیەک ببینرێت کە چینی باڵادەست (فارس)ی کۆمەڵگای ئێرانی لەگەڵ خەباتی نەتەوە و کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکانی ئێران هەڤگرتن و هاوسۆزییان هەبێت.
ئەم ڕێکخستنە هەرچەندە لە بنەڕەتدا ناجێگیرە بەڵام تا ئێستا بۆ دەوڵەت چۆتە سەر: کۆمەڵەکان و گروپە نەتەوەییەکانی ئێران بە شێوازێکی دوور لە یەک خەبات بۆ ئازادی دەکەن. ئەمە بەڵگەیەکی ئاشکرایە لەسەر نەبوونی ڕۆحێکی هاوبەش و یەکگرتووی نەتەوەیی لە نێوان کۆمەڵە نەتەوەییەکانی ئێران.
شێوازێکی نوێ لە هەڤگرتن؟
لەم بەستێنەدا ئەم خۆپیشاندانانە ئاماژە بە هەڵدانەوەی پەڕێکی نوێ ، هەم لە بەشداریکردنی خەڵک لە ناوەند و پەراوێزی ئێران و هەم پەیوەندی نێوان ئەو ناوچانە، دەدەن.
ناوچەی ناوەندی ئێران بە تارانیشەوە لە دوای بزووتنەوەی سەوز کە لە ٢٠٠٩ تێکشکا خۆپیشاندانی چڕی دژی دەسەڵاتی ڕژیمی نەبووە – بەتایبەت بە بەراوەرد لەگەڵ ناوچە پەراوێزەکان وەک کوردستان، خوزستان، سیستان و بەلوچێستان.
ئەمە یەکەم جارە لە مێژووی ڕژیمی ئیسلامیدا کە کۆمەڵانی ناوەندی هەم هەڤگرتنیان لەگەڵ ناوچە پەراوێزەکان هەیە و هەم ڕێبەرایەتی ناوچە پەراوێزەکانیان قبوڵ کردووە. هەروا کە ئاماژەی پێکرا لە سەرەوە، خۆپیشاندانەکان لە ناوچە کوردستانیەکانەوە دەستی پێکرد و لە بەشەکانی دیکەی ئێراندا بڵاو بوونەوە. خۆپیشاندەران لە سەرانسەری ئێران دروشمی هاوبەشیان هەیە بۆ نموونە (ژن، ژیان، ئازادی) کە دروشمێکی جوڵانەوەی کوردە بۆ یەکسانی ڕەگەزی و بووە بە دروشمێکی هاوبەش کە هەموو خۆپیشاندانەکانی ئێران بە یەکتر دەبەستێتەوە.
لە ڕوانینێکی کوردانەوە ئەوەی ئێمە لە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەیبینین دانپێدانانێکە بە توانای کورد لە گۆڕانی دێمۆکراتیکدا. لە ڕوانینێکی بیردۆزییانە شارێکی مێترۆپۆل وەک تاران لەوانەیە چاوەڕوان بکرایە کە ببێتە ناوەڕاستی شۆڕش و پارێزگاکان و پەراوێزەکان شوێنکەوتووی جوڵانەوەی تاران بن. بەڵام ئەمجارەیان تاران شوێنکەوتووی کوردستانە. سەدەی ٢١ پڕە لە ئەزموونی چالاکی مەدەنی لە سەرانسەری کوردستان کە مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندانی سەر شەقام بە شێوەی بەربڵاو لە لایەن هێزە بەرهەڵستکارەکان بەکار دێن بەرانبەر بە سیاسەتە جیاوازیکارەکانی تاران بە نسبەت کورد. هەرچەندە ئازاری کورد وەک ئازاری خەڵکی خوزستان و سیستان و بەلوچستان لە لایەن زۆرینەی خەڵکی ئێرانەوە پشت گوێ خراوە و هیچ هەڤگرتنێکیشیان لەگەڵ نەکراوە – تا ئێستا.
بۆ ئەوەی تێبگەین کە ئەمە بۆچی گۆڕان دروست دەکات گرنگە تێبگەین کە بۆچی پێشتر ئەوە ڕووی نەداوە. دەوڵەتی ئێرانی بە نکۆڵی کردن لە بوونی کوردەکان (ئەویدیکە)یەکی شاراوەی دروستکردووە. خەبات و تێکۆشانیان بۆ مافە بنەڕەتییەکان و دێمۆکراسی نە تەنیا وەلا خراوە بەڵکو ناوی خەیانەتیشی لێنراوە. ئەم وەلا خستنە، نکۆڵی کردنە و بە تاوانکردنە واتای ئەوەیە غەیرە کوردەکان ئاگاداری هەوڵ و خۆڕاگری کوردەکان لە بەرانبەر دەسەڵات و سەرکوتی ئێران نین. کوردستان بە ڕاستی تەنها ناوچەی ناو ئێرانە کە گشتپرسی کۆماری ئیسلامی لە مارسی ١٩٧٩، ڕیک پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، بایکۆت کرد. لە دوای شۆڕشی گەلان کاتێک ڕژیمی ئیسلامی لە سەرکوت و بێدەنگ کردنی بەهەلستکارەکانی سەرکەوتوو بوو، خۆڕاگری و جێگیر بوونی گروپە بەهەڵستکارەکان لە ناوچە جیا جیاکانی ئێران ئەو ناوچەیەی بۆ هێزەکان کرد بە (قەڵای شۆڕش).
ڕووداوەکانی ئەم دواییەی تاران، مازەندەران، سیستان و بەلوچەستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران پێمان دەڵین کە ئەم خۆپیشاندانانە کە بە مەبەستی هەڤگرتن لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی کوردستان دەستییان پێکرد، جوڵانەوەیەکی بەرفراوانە بۆ گۆڕینی ڕژیم. کارێکی دیکەش کە لە لایەن چینێکی سەرکوتکراوی کۆمەڵگا زەقە ئەمەیە: لابردنی سەرپۆشی زۆرەملی لە لایەن ژنان کە چەقی هێمای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامییە. خۆپیشاندەران تەنها دژی یاساکانی پۆشین و (پۆلیسی ڕەوشت) نین بەڵکو هێماکانی سەرکوتکردن دەکەنە ئامانج کە بەشێکن لە خەبات دژ بە پێشێلکردنی سیستەماتیکی مافی مرۆڤ، چەندین دەیە پاڵپشتی تیرۆر و سەرکوتکردنی ناوخۆ و وەلا خستنی کۆمەڵی غەیرە فارسەکان و غەیرە شیعەکان. ئەم ئاخێزە شۆڕشێکە دژی ڕەگەزپەرستی، ستەمی جێندەری و لەناو دەرخستنێک کە حکومەت بڵاوەی کردووەتەوە.
بەربەستەکانی گۆڕان
خۆپیشاندانەکان سەرەڕای کاریگەری بێوێنەیان ڕووبەڕووی چەندین بەرەنگاری جددی دەبنەوە. خۆپیشاندانەکان هێشتا پرش و بڵاون و ڕژیم هێشتا توانای سەرکوتکردنی هەیە ئەگەر دۆخەکە لە یەک شار یان ناوچە ئاڵۆزتر بێت. ئەو چینانەی یەکلاییکەرن وەک بازاڕییەکان (بازرگانەکان و دوکانداران)، کرێکارەکانی پیشەسازییە گەورەکانی ئێران ە کارمەندانی حکومی هێشتا بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەشدارییان نەکردووە.
لە ئەنجامدا، کەمینە نەتەوەییەکان و ژنان و قوتابیانی زانکۆ بۆ بەردەوامی خۆپیشاندانەکان شانیان داوەتە ژێر ئاستەنگی سەرکوتەکان. لە شنۆ (ئۆشنەڤیە) خۆپیشاندەرانی کورد توانییان یەک شەو بە تەواوی دەست بەسەر شارەکە بگرن. بەرپرسانی خۆجێیی و هێزە ئەمنییەکان بنەماڵەکانیان لە شارە کوردنشینەکان گواستۆتەوە یان بردوویانن بۆ پادگانەکانی ئەرتش. هەرچەندە کوردەکان لەوە دەترسن کە هەڤگرتن و یەکگرتوویی نەمێنێت کاتێک کە کوردەکان داوای مافی یەکسانی شارۆمەندی و مافی شوناسی نەتەوەیی جیای خۆیان بکەن.
ترس لە توندوتیژی چڕ و ناپێشبینی کراوی حکومەت لە کوردستان و ناوچە سەرکوتکراوەکانی دیکەی ئێران زۆرە. لە ٢٨ سێپتامبر سوپای بەدناوی پاسداران هێرشێکی زۆر و چڕی کردە سەر بنکەکان و قوتابخانەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی مەدەنییەکانی حیزبە بەرهەلستکارەکانی لە کوردستانی عێراق، کۆمەڵە، حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و پارتی ئازادی کوردستان. لە ئەنجامدا زەرەرێکی زۆری ماددی و چەندین کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە کە لەوانەش ژن و منداڵیان تێدا بوو. کۆمەڵگای کوردی ئەم هێرشانە وەک ترس و نائۆمێدی ئەیبینن. لە سیستان و بەلوچستان کە هێزە ئەمنییەکان چەندین دەیەیە خەڵکی بەلوچی سەرکوت کردووە کۆمەڵەی خۆجێیی هەوڵی بەرگری لە خۆیان داوە. ئاژانسی هەواڵگری تەسنیم کە سەر بە ڕژیمە هەواڵی مردنی عەلی موسەوی، فەرماندەی پاراستنی سوپای پاسدارانی لە سیستان و بەلوچستان ڕاگەیاند. لە ئەنجامی سەرکوتکردنی ڕژیم دەیان خەلکی سیڤیل کوژران و بریندار بوون.
دەرسەکانی ئەم خۆپیشاندانانە
سێ هەفتە لە خۆپیشاندانە بەردەوامەکان پێمان دەڵێ تەنانەت لە کۆمەڵگایەک وەک ئێران کە زۆر کەرت کەرت کراوە، ئاخێزی دژە ڕژیمی یەکگرتوو ئەگەری هەیە هەرچەندە ئەو هەستە کە بەشێک لە شوناسی نەتەوەیی فەرمی بن یان نیە یان زۆر لاوازە. سەبارەت بەم بابەتە خەباتی ڕەگەزی دینامێکێکی یەکگرتوویی گرنگە. بە هۆی پەراوێزخستووییەک کە کوردەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە و مێژووی خەباتیان پێشمەرجی سەرکەوتنی گۆڕانی بنەڕەتی لە ئێران دانپێدانانە بە کێشەکانی کورد. ئەم ڕاستییەکە کە خۆپیشاندەرانی کورد پێشەنگی ئەم جوڵانەوە بوون نیشانەیەکی گرنگە کە هەڤگرتن لە نێوان ئەم هێڵانە لە پێشکەوتندایە. بۆ بەرەو پێشچوونی هەوڵی ڕاگرتنی خەباتی دژ بە ڕژیمی ئیسلامی ئێران پێویستە ڕێز لە داخوازییەکانی گەلانی جیاواز بگیرێت نە وەک یەکپارچەیی بە زۆر ڕابگیرێن.
داگرتنی بابەت



