ئارامتر بخوێنەوە

وتووێژ لەگەڵ عەلی عەبدلیزادە

پرۆفیسۆری هاوکار لە زانستی سیاسی، زانکۆی دالارنا، سوید

وادێتە بەرچاو بزووتنەوەی ژینا داواکارییە سەرەتاییەکانی خۆی تێپەڕاندووە و زۆر بەربڵاوتر بووە. داواکارییە ئەتنیکی و چینایەتییەکان لەگەڵ داواکاریی فێمێنیستی جومگەبەندی کراون. ئایا دەکرێ بەشێوەی تیۆریک زیاتر ئەم تایبەتمەندییە شی بکەینەوە؟

كاتێك كه‌ بزووتنه‌وه‌ی ژینا ده‌خه‌ینه‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن، گرینكه‌‌ ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ئەم بزووتنەوەیە، بزووتنەوەیەکی فرەلایەن و فرەڕەهەندە، بەو مانایە کە داواکاری و خواستەکانی ئیلهامی لە چەندین بزووتنەوەی جیاواز، وەک بزووتنەوەی کولتووری، کۆمەڵایەتی، نەتەوایەتی، چینایه‌تی و، هاوکات بزووتنەوەی فێمینیستی، وەرگرتووە و لێكی گرێداون. ئەم تایبەتمەندییە گشتگیره‌ی بزووتنه‌وه‌ی ژینا، یەکێکە لەو فاکتەرانەی کە بۆتە هه‌وێنی ڕاکێشان و ورووژاندنی بەشێکی بەرچاو لە چین و توێژە جیاوازه‌كانی کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران.

پرسیار لێرەدا‌ ئەوەیە کە چۆن دەتوانین پەرەسەندن و لێکگرێدانی داواکارییە نەتەوەیی و چینایەتییەکان، لەگەڵ داواکارییە فێمێنیستییەکان لە ڕووی تیۆرییەوە، باشتر شی بكه‌ینه‌وه‌ و چاكتر لێیان تێبگه‌ین. یەکێک لەو چوارچێوە تیۆرییانه‌ی کە دەتوانێ بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم دیاردەیە یارمەتیدەر بێ، بریتییە لە ئینتەرسێکشناڵیتی(intersectionality)، کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە فۆرمە جیاوازەکانی ستەم و چه‌وساندنه‌وه‌ بەیەکەوە گرێدراون و ناتوانرێت بە جیا لێیان تێبگەین.

ئەگەر ئەو چوارچێوە تێۆرییە بۆ شیکردنەوەی باشتری بزووتنەوەی ژینا بەکار بهێنین، دەبینین کە برووتنه‌وه‌ی ژینا، سه‌ره‌تا بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسەكانی په‌یوه‌ست به‌ توندوتیژیی جێندەری له‌ كوردستان و دواتریش له‌ ئیران سه‌ری هه‌ڵدا؛ به‌ڵام له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی بزووتنه‌وه‌كه‌، ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و زوڵمه‌ی‌ ژنانی كورد و ئیرانی، به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه‌، ته‌نیا له‌ بازنەی توندوتیژیی ڕه‌گه‌زیدا خول ناخواتەوە، به‌ڵكوو له‌لایه‌ن فاكته‌ره‌كانی وه‌ک نه‌ته‌وه‌ و چینایه‌تیشه‌وه‌ له‌ قاڵب ده‌درێ. بۆ نموونه‌ ژنانی نه‌ته‌وه‌ په‌راوێزخراوه‌كان و چینی كه‌م‌داهات بۆ دەستڕاگه‌یشتن به‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی خوێندن، دامه‌زراندن و چاودێریی ته‌ندروستی، ڕووبه‌ڕووی زوڵم و به‌ربه‌ستی زیاتر ده‌بنه‌وه‌. تیۆری ئینته‌رسێكشناڵیتی پێشنیار ده‌كاف‌ ئه‌م سته‌ئە فرەلایەنانە به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدراون و ناتوانین به‌ جیا لێیان تێبگه‌ین. له كه‌یسی‌ بزووتنه‌وه‌ی ژینادا، یه‌كتربڕینی زایەند، نه‌ته‌وه‌ و چین، بۆته‌ تایبه‌تمەندییه‌كی سه‌ره‌كی و بزووتنه‌وه‌كه‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ ژنان ڕووبه‌ڕووی فۆرمی جیاوازی سته‌مكاری ده‌بنه‌وه‌ و هەوڵ ده‌دا له‌ بەرانبه‌ریاندا ڕاوه‌ستێ.

جگه‌ له‌وه‌ش، تێكه‌ڵكردن و لێک‌گرێدانی داواكارییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ نه‌ته‌وه‌ و چین له‌ بزووتنه‌وه‌ی ژینادا، ده‌توانرێ وه‌ک هه‌نگاوێكی ستراتیژیش سه‌یر بكرێ. بزووتنه‌وه‌ی ژینا به‌ دروستكردنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیكه‌، وه‌ک بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری، خۆێندكاری و ژینگه‌پارێزی، توانیویه‌تی بنكه‌یه‌كی فراوانتری پشتیوانی كۆ بكاته‌وه‌. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، بزووتنه‌وه‌ی ژینا تاڕادەیەکی زۆر، لە به‌یه‌كه‌وه‌‌گرێدان و بەرجەستەکردنەوەی جۆره ‌جیاوازه‌كانی چه‌وساندنه‌وه‌ و دروستكردنی هاوپه‌یمانیی نێوان بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیكەی کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران سەرکەتوو بووە.

 ئێوە لەگەڵ ئەم بەڵگاندنانە هاوڕان کەگۆڕانی جیلەکان لە ئێران هۆکاری سەرەکی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکانە؟ یا لە بنەڕەتدا خەبات بۆ ئازادی و مافەکانی مرۆڤ کە لە ئێران مێژوویەکی زیاتر لە سەد ساڵەی هەیە، هاندەری سەرەکی بزووتنەوەکانی ئێستاشن؟

بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین کە بـــزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە وەڵامی چەندین هۆکاری جۆراوجۆردا سەرهەڵدەدەن، چ دەرەکی و چ ناوخۆیی. ئەم هۆکارانە بە شێوازی جیاواز بۆ هاندان و دروستکردنی زەخت بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی کاریگەرن.

هەرچەند لە وەڵامی پرسیارێکدا دەرفەتی ئەوە نییە بە وردی باس لە هەموو هۆکارەکان بکرێت، بەڵام لێرەدا پێم خۆشە ئاماژە بەچەند دانەیان بکەم. ئاڵوگۆڕی جیلەکان لە ئێران، دەکرێ وەک یەکێک لە چەند هۆکاری ناوخۆیی سەیر بکرێ، کە ڕۆڵی لە سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکاندا هەبووە. ئەمەش بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەیە کە ڕێژەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ئێران و کوردستان، لە خوار تەمەنی 30 ساڵەوەن و زۆربەیان ئاستی خوێندەوارییان بەرزە. بەڵام چەندین هۆکاری دیکەش بۆ ئەم دیاردەیە هەن. نموونەی فاکتەرێکی دیکە، ناسەقامگیریی ئابووری و سیاسیی ئێرانە کە بووەتە هۆی ناڕازیبوونی زۆرێک لە خەڵکی ئێران و کوردستان. گەندەڵی، نەبوونی ئازادیی سیاسی، بێکاری و قەیرانی ئابووری و چەندین هۆکاری کۆمەڵایەتیی دیکە، بوونە هۆی هەستکردن بە ناڕەزایەتی و بێزاریی جەماوەری، بەتایبەتی لەناو توێژی لاودا، ئەمەش لە ئاکامدا بۆتە هۆی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی هەنووکە.

کۆمەڵێک گۆڕانکاریی کولتووری و کۆمەڵایەتی لە ئێراندا هاتوونە ئاراوە، لە ناویاندا دەکرێ ئاماژە بە چوونەسەری ئاستی خوێندەواری و زیادبوونی بەشداریی ژنان لە کۆمەڵگەدا، بەشێکی دیکە لە فاکتەرە ناوخۆییەکانن. ئەم گۆڕانکارییانە دەوریان لە بەشداریی زیاتری خەڵک، بەتایبەتی ژنان، لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان و لە خەبات دژی هەڵاواردن، کۆنەپەرستی و نادادپەروەریی کۆمەڵاتیدا هەبووە.

هاوکات ڕووداوە ژینگەییەکان، وەک کارەساتی سروشتی یان گۆڕانی کەشوهەوا، دەتوانن ببنە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان. کاتێک مرۆڤەکان ئاکامی ئەو ڕووداوانە هەست پێدەکەن، ئەوە دەتوانێ بۆ ڕێکخستن و داوای گۆڕانکاری بە مەبەستی پاراستنی ژینگە بۆ نەوەکانی داهاتوو، ئیلهامبەخش بێ. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاکوو ئێستا چەندین ڕێکخراوی چالاکی بواری ژینگەپارێزی سەریان هەڵداوە و سەرەڕای زەختێکی زۆر لەلایەن رێژیمەوە، لە تێکۆشان بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان نەوەستاون.

جیا لەوانەش، چەندین هۆکاری دەرەکی هەن کە دەتوانن ببنە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی نوێ لە وڵاتێکدا. یەکێک لە و فاکتەرانە گەشەسەندنی تەکنەلۆژیایە. سۆشیاڵ‌میدیا و ئامرازە دیجیتاڵییەکانی تر، ڕێکخستن و بڵاوکردنەوەی زانیاریی لەمەڕ بیرۆکە و کەمپەینەکانیان بۆ خەڵک هاسانتر دەکەن. لە ئێران ڕێژەیەکی بەرزی بەکارهێنەری ئینتەرنێتی هەیە و سۆشیاڵ‌میدیاش بووەتە سەکۆیەکی گرینگ بۆ ڕێکخستن و بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر نادادپەروەرییە کۆمەڵایەتییەکان و پرسە سیاسییەکان. ئەمەش وایکردووە ڕێژیم کۆنتڕۆڵکردن و سانسۆرکردنی سۆشیاڵ‌مێدیا چڕتر بکات، بەڵام تێیدا سەرکەوتوو نەبووه. وەک لە چەند مانگی ڕابردوودا بینیمان، سۆشیاڵ‌میدیا و ئامرازە دیجیتاڵییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە بزووتنەوەی ژینادا هەبوو.

فاکتەرێکی دەرەکیی دیکە دەتوانێ ڕووداوە جیهانییەکان بێ، بۆ نموونە شەڕ، پەتا یان قەیرانی ئابووری. بێجگە لەوەش، فاکتەرە سیاسی و ئابوورییەکانی وڵاتانی دەوروبەریش دەتوانن کاریگەرییان لەسەر سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەبێ. کاتێک مرۆڤەکان دەبینن وڵاتانی دیکە چۆن گەشە دەکەن، یان بۆ گۆڕانکاری خەبات دەکەن، ئەوە دەتوانێ ئیلهامیان بداتێ تا خۆیان  بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوشێوەکان ڕێک بخەن.

بە شێوەیەکی گشتی، دەکرێ بڵێین گۆڕانی جیلەکان لە ئێران یەکێک لە فاکتەرە گرینکەکانی سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکانە، بەڵام هەلومەرجی سیاسی، ئابووری و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، لەگەڵ گۆڕانکارییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان، هۆکارگەلێکی ترن کە لە چۆنیەتیی خۆڕێکخستن و خەباتی خەڵک لە کوردستان و ئێراندا، کاریگەرییان هەبووە و هەیە.

 ئەگەر لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە سەیری بزووتنەوەی ژینا بکەین، ئایا دەکرێ پشتگیری لەم بۆچوونە بکەین کە بەشێک لە سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەگەڵ بەها لیبراڵییەکان هاوئاهەنگە؟

بەها لیبراڵەکان، وەک ئازادیی تاک، مافی مرۆڤ و یەکسانی، کاکڵەی زۆرێک لە بزووتنەوە فێمینیستەکان لە سەرانسەری جیهان و هێزێکی بزوێنەر لە پێشخستنی ماف و یەکسانیی ژنان بوونە. بۆیە گومان لەوەدانیە کە بەشێک لە سەرکەوتنی بزووتنەوەی ژینا، بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ و ئیلهام وەرگرتن لە بەها لیبراڵەکان دەگەڕێتەوە. بەڵام لێرەدا گرینگە ئاماژە بەوە بکەین کە بزووتنەوەی ژینا لەژێر کاریگەریی هەلومەرجی تایبەتی کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسیی کوردستان و ئێراندا سەری هەڵداوە و گەشەی سەندووە. لەهەمان کاتدا ئەم بزووتنەوەیە بەرهەمی لانیکەم چوار دەیە خەبات و تيکۆشانی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەیە بۆ وەدەستهێنانی ئازادی، دێموکراسی و یەکسانی. بەشێوەیەکی گشتی، کاتێک بزووتنەوەی ژینا شی دەکەینەوە، پێویستە هەم دەور و کاریگەریی فاکتەرە دەرەکییەکان و هەروەها ناوخۆییەکان لەبەر چاو بگرین، چونکە هەردووکیان تەواوکەری یەکترن.

 هەندێک لەو باوەڕەدان کە چالاکییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەربەخۆ لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتن. لەبەرانبەردا، هێندێک بەڵگە دەهێننەوە کە حیزبەکان پەیوەندییەکی چڕوپڕیان لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی هەیە و زۆربەی داواکارییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەگەڵ ڕێبازی سیاسی حیزبەکان هاوئاهەنگە. ئێوە ئەم پەیوەندییە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

کۆمەڵگەی مەدەنی کۆمەڵەیەکی بەرفراوان لە ڕێکخراو و گرووپ و تاک دەگرێتە خۆ کە خەریکی پرسە کۆمەڵایەتییەکانن و بە شێوازی جۆراوجۆر, کار بۆ باشترکردن و بەرەوپيش‌بردنی کۆمەڵگە دەکەن. بۆیە هیچ سەیر نییە ئەگەر بەرژەوەندی و داواکارییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان زۆرجار لەگەڵ بەرنامە و ئەجێندای سیاسیی حیزبە سیاسییە کوردییەکان هاوتەریب و هاوئاهەنگ بن. بەڵام ئەمە نابێ ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی ڕيکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بباتە ژێر پرسیار.

لە هەمان کاتدا دەبێ ئاماژە بەوە بکرێ کە لە زۆر حاڵەتدا، زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، وەک ڕێکخراوەکانی لاوان، ژنان، خوێندکاران و تەنانەت سەندیکاکانی کرێکاریش، لەلایەن، یان باشترە بڵێین لەناو ڕێکخراو و حیزبە سیاسییەکانەوە سەریان هەڵداوە و بۆ باشترکردنی دۆخی ئەو گرووپ یان گروپانەی نوێنەرایەتیان کردوون، خەباتیان کردووە. ئەمە دیاردەیەک نییە کە تەنیا ڕێکخراوە کوردییەکان بگرێتەوە، بەڵکو لە زۆر وڵاتی خاوەن دێمۆکراسیشدا هەمان دیاردە بەرچاو دەکەوێ.

ئەزموونی وڵاتان نیشانی داوە کە تێوەگلانی زیاتری کۆمەڵگەی مەدەنی لە بڕیارە سیاسییەکان و پڕۆسە گشتییەکاندا، دەتوانێ ببێتە هۆی زیادبوونی شەفافییەت و کرانەوە و لێپرسینەوە لە دەوڵەت. هەروەها کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانێ بۆ نموونە لە ڕێگەی باشترکردنی پەروەردە و تەندروستی و ژینگەوە بەشدار بێ و ڕۆڵێکی بەرچاو لە گەشەکردن و باشتر بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا بگێڕێ.

لە هەمان کاتدا ئەزموونی وڵاتانی جیاواز دەریخستووە کە گرینگە دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ بپارێزن، بەو مانایە کە دەوڵەت هەوڵی سنووردارکردنی ئازادی و سەربەخۆیی کۆمەڵگەی مەدەنی نەدا. کۆمەڵگەیەکی مەدەنی چالاک و زیندوو، بۆ دێمۆکراسییەکی زیندوو گرینگە و دەتوانێ پارسەنگێکی گرینگ بێ بۆ پێشگیری لە چڕبوونەوەی دەسەڵات لەناو دەوڵەت یان دامەزراوەکانی تردا. هەربۆیە هەر وەکوو وڵاتانی خاوەن دێمۆکراسی، گرینگە کە حیزبە کوردییەکان لە ئێستاوە هاندەر بن بۆ ئەوەی لە کوردستان کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی سەربەخۆ و کارا هەبێ و هاوکات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو کۆمەڵگە مەدەنییە، لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و سەربەخۆیی داڕێژن.

 لە ڕوانگەی ئێوەوە کام فاکتەر بۆ ڕووخانی ڕێژیم پێویستن؟  و ئایا ئیستا ئەو فاکتەرانە لە گۆڕێدان؟

بێگومان پێشبینیکردنی داهاتوو ئەستەمە، بەڵام ئاوڕدانەوەیەک لە مێژوو و چارەنووسی دەسەڵاتە جۆراوجۆرە نادێمۆکراتیکەکان، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە درەنگ یان زوو، ئەم جۆرە دەسەڵاتانە دەڕووخێن. بەڵام گرینگە مانەوەی ڕژێمە جۆراوجۆرەکان بە دیدێکی نـــاچــــاری (deterministic) نەبینین، بەو مانایە کە هەموو شتێک بە چارەنووس یان هێزێکی ئیلاهی بەسراوەتەوە، بەڵکوو گۆڕینی ڕێژێم لە هەر وڵاتيکدا پێویستی بە خەبات و تێکۆشان و هاوکات بوونی هەلومەرجێکی گۆنجاو هەیە.

بێگومان لەچوارچێوەی چاوپێکەوتنێکی کورتدا دەرفەتی ئەوە نییە بە وردی هەموو ئەو فاکتەر و لایەنانە شی بکرێنەوە، کە بۆ گۆڕین یان ڕووخانی ڕێژیمێک پێوستن. بەڵام ئەگەر بە کورتی ئاوڕێک لە بارودۆخی ئێران بدەینەوە، دەبینین کە چەند فاکتەر یان باشترە بڵێین، نیشانەی پێویست تا ڕادەیەکی زۆر هەن و دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ لابردنی ڕێژیم لە دەسەڵات. وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، ئێران خاوەنی دانیشتووانێکی گەنج و خوێندەوارە، کە لەگەڵ گەشەسەندنی چینێکی مامناوەند، داوای ئازادیی سیاسی و دەرفەتی ئابووریی زیاتر دەکەن، ئەوانە فاکتەری پێویستن بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم. جگە لەوەش ئێران گەشەی ئابووریی کەمە و هەڵاوسانی بەرز و بێکاریی زۆرە، ئەمانەش دەبنە هۆی تەنگژەی کۆمەڵایەتی و ناسەقامگیریی سیاسی، کە لە کۆتاییدا دەتوانن فاکتەری سەرهەرڵدانی بزوونتەوەیەکی کۆمەڵایەتی بن.

پێجگە لەم فاکتەرە کۆمەڵاتی و ئاوبوورییانە، بێگومان کۆمەڵێک فاکتەری کولتووری هەەن کە بوونیان پێویستە، بۆ نموونە کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی بەهێز و کاریگەر، سه‌رمایه‌ی ‏كۆمه‌ڵا‌یه‌تی(social capital)، و هاوچه‌شنیی كۆمه‌ڵا‌یه‌تی، ئه‌تنیكی و كولتووری. لە ئێراندا ئەم فاکتەرە کولتوورییانە بە شێوەیکی گشتی بەرچاو ناکەون. ئێران وڵاتيکی فرە نەتەوە، فرە کولتوور و فرە ئایینە، ئەمانەش دەبنە هۆی ئەستەمبوونی پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو دژی ڕێژیم. لە هەمان کاتدا، متمانەی کۆمەڵایەتی کە بەشێکە لە سه‌رمایه‌ی ‏كۆمه‌ڵا‌یه‌تی، لە ئاستێکی نزمدایە و ئەمەش لەمپەرێکە بۆ رێکخستنی کۆمەڵگە دژی دەسەڵاتی حاکم لە ئێران. بە گوێرەی دوایین لێکۆڵینەوەی مەیدانیی کۆمەڵەی جیهانیی ڕاپرسیی بەهاکان، کەمتر لە ١٥ ٪ ی دانشتووانی ئێران، لەسەر ئەو باوەڕەن کە زۆربەی خەڵک دەتوانرێت متمانەیان پێ بکرێت. لە وڵاتێکی وەک سوئێد، کە من دانیشتووی ئەوێم، نزیک بە ٦٤ ٪  لەسەر ئەو باوەڕەن کە زۆربەی خەڵک دەتوانرێت متمانەیان پێ بکرێت.

بێگومان فاکتەرە سیاسییەکان، وەک بوونی نوخبە سیاسییەکان (political elites) کە داوای گۆڕانکاریی بنەڕەتی دەکەن، دەتوانێ ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێ. لە کاتێکدا لە ناو ڕێژیمدا لایەنی جیاواز هەن، ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەموویان پابەندن بە درێژەدان بە دەسەڵاتی ئیسلامی لە ناوخۆ و بەرفراوانکردنەوەی هەژموونی ڕێژیم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. بۆ نموونە ئەولەوییەتی بەناو ڕیفۆرمخوازەکان، پاراستنی کۆماری ئیسلامییە نەک چاکسازی یان گۆڕینی ڕێژیم. هاوکات ڕیفۆرمخوازەکان ، لە کۆکردنەوەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکان و بەرزڕاگرتنی هیوای ڕۆژئاوا بە چاکسازیی ناوخۆیی، ڕۆڵێکی بەسوود دەگێڕن بۆ ڕێژیم. بەواتایەکی تر، فاکتەرە سیاسییەکان، کە بۆ گۆڕینی ڕێژیم پێویستن، لە ئێستادا لە ئارادا نین. بەڵام لە بەرانبەردا، بوونی هێزەکانی سەربە نەتەوە جیاوازەکان لە ئێران کە خوازیاری گۆڕینی ڕێژیمن، فاکتەرێكی تری سیاسییە کە دەتوانێ دەورێکی بەرچاوی لە پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ و دەستەبەرکردنی دێموکراسی لە داهاتووی ئێراندا هەبێ.

بێگومان جیا لە فاکتەرە ناوخۆییەکان، چەندین فاکتەری دەرەکی هەن کە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر مانەوە یان نەمانەوەی ڕێژیم هەبێ، بۆ نموونە بەجیهانیبوون و بەستراوەیی دوولایەنە. لە زۆر کاتدا ئەم فاکتەرانە بە قازانجی گۆڕینی ڕێژیم لە ئێران تەواو نەبوون. ئەمەش بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەیە کە سیاسەتی ڕۆژئاوا بە ئامانجی گۆڕینی “ڕەفتار”ی دەرەکیی ڕێژیمی ئێران بووە، نەک بۆ گۆڕینی ڕێژیم یان گۆڕینی ڕەفتاری لە ناوخۆ. هاوکات، نەبوونی دێموکراسی لە وڵاتانی دراوسێ و لە ناوچەکەدا، بەشێوەیەکی گشتی لەمپەرن لەبەردەم ڕووخانی ڕێژیمدا لە ئێران.

بە کورتی، زۆر هۆکار یان مەرج هەن کە بۆ گۆڕانی ڕێژیم پێویستن. تا ئەو جێگایەی پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەیە، ژمارەیەک لەو پێشمەرجانە هەن، بەڵام لە ئێستادا کۆمەڵێک پێشمەرجی گرینگ بۆ گۆڕینی ڕژێم لە ئارادا نین. لە هەمان کاتدا گرینگە ئاماژە بەوە بکەین کە دواجار ئەوە فاکتەرە ناوخۆییەکانن کە ڕۆڵێکی گرینگ لە گۆڕینی ڕێژیم لە ئێراندا دەگێڕن.

 وەک ڕێگەچارەیەکی لۆژیکی، حیزبە کوردییەکان دەبێ بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چ مێکانیزمێک پەیڕەو بکەن؟

پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، گرینگە بپرسین کام ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی؟ ئەگەر مەبەست ئۆپۆزسیۆنێ فارس بێت، ئەوە لەڕاستیدا ئۆپۆزسیۆنێکی فارسی یەکگرتوو، دێموکراتیک، بەهێز و ورووژاو، بوونی نییە کە توانای کۆکردنەوەی هێزی لە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی تاران هەبێ. هاوکات هێزيکی وا نییە کە بە تەواوی مانا، دان بە مافە نەتەوایەتییەکانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا بنێ. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە حیزبە کوردییەکان هەوڵی خۆیان بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ کەسایەتی و گرووپە فارسییەکان نەدەن. بۆ ئەوەی حیزبە کوردییەکان لە پەیوەندی و لە درێژمەودادا لە گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان، یان باشتر بڵێین گرووپە فارسییەکان، سەرکەوتنی زیاتر وەدەست بێنن، پێش هەموو شتێک پێویستە ڕیزەکانی خۆیان زیاتر لە ڕابردوو پتەو و بە‌هێز بکەن. هاوکات  پێویستە بە ئاشکرا و بە ڕوونی، ئامانج و بەرژەوەندییە بەرزە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی کورد، بەگوێی لایەنی بەرانبەر بگەیێنن و پێداگرییان لەسەر بکەن.

لە هەمان کاتدا دەبێ ئاگاداری ئەوە بین کە پەیوەندیی باش و تەنانەت ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپە جۆراوجۆرەکانی فارس بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیک نابێتە هۆی گەرەنتی‌کردنی مافی نەتەوەیی گەلی کورد، لە ئێرانێکی داهاتووی دوای ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامیی تاراندا. مێژوو ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هەرکات حکوومەتی ناوەندی لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان داگیرکردووە بەهێز بوونە، ستـــەم و چــەوساندنەوەی کولتووری، ئایینی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە دژی گەلی کورد زیادی کردووە. بەهەمان شێوە، نەبوونی هاوپەیمانی یان ڕێککەوتنێک لەگەڵ گروپە فارسییەکان، لە ئێستادا بە مانای ئەوە نییە کە کورد لە داهاتووی ئێراندا ناتوانێ، یان دەرەتانی ئەوەی نابێ کە بە مافەکانی خۆی بگات. بەکورتی، پێویست ناکا حیزبە کوردییەکان لە ڕێککەوتن یان هاوپەیمانیی جۆراوجۆر لەگەڵ گرووپە فارسییەکان پەلە بکەن. خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەخوازێ کە ئێمە بە وریایی و بێ وازهێنان لە مافە ڕەواکانمان، دەست بکەین بە تاوتوێکردن لەگەڵ گرووپە شوێندانەرەکانی فارس.

لەهەمان کاتدا، پێویستە هێزە کوردستانییەکان هاوپەیمانی و خەباتی  خۆیان لەگەڵ نەتەوەکانی تری ئێران بەهێزتر بکەن. یەکدەنگی و پەیوەندیی بەهێزی نێوان نەتەوەکان، پێویستییەکی گرینگە بۆ دەستەبەرکردنی دێمۆکراسی و ئازادی لە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی.

 ئایا ڕەزا پەهلەوی ئەو ئاستە لە مەشروعییەتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە کە خەونی پاشایەتی هەبێ؟

بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوەیەکی زانستی و سەربەخۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، پێویستمان بە داتا و ئامار هەیە کە ڕادەی پشتیوانی لە ڕەزا پەهلەوی و مەشرووعییەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێراندا نیشان بدا. بەداخەوە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی جێی متمانە نییە کە بەشێوەیەکی سەربەخۆ و بە متمانەیەکی باشی میتۆدۆلۆژییەوە، لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بکات. سەرەڕای ئەمەش، ئەو ڕاپرسییانەی کە لەنێو خەڵکی ئێراندا کراون، نیشان دەدەن پشتیوانی بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران، لاوازە.

لە هەمان کاتدا ڕاپرسییە نێودەوڵەتییەکان نیشان دەدەن کە پشتیوانی لە دێمۆکراسی لە نێو خەڵکی ئێراندا لە ئاستێکی بەرزدایە. بۆ نموونە، ڵکۆڵینەوەی مەیدانیی کۆمەڵەی جیهانیی ڕاپرسیی بەهاکان  کە 3 ساڵ لەمەوبەر ئەنجام درا، دەریدەخا کە 97% ی بەشدربووان خوازیاری سیستەمێکی دێمۆکراتیکن بۆ ئێران. هەمان ڕاپرسی دەریدەخات کە زۆرینەی ڕەها بۆیان گرینگە لە وڵاتێکدا بژین کە بە شێوەیەکی دێمۆکراتیک بەڕێوە بچێت. جگە لەوەش، لە چەند مانگی ڕابردوودا بزووتنەوەی ژینا ئەوە نیشان دەدا کە لە نێوخۆی ئێران، پشتیوانی لە پەهلەوی لە ئاستێکی زۆر نزمدایە و خەڵک پێشوازی لە پەیام و ڕاسپاردەکانی ناکەن.

بـــەشێـــوەیــەکی گشتی، ئـــەنجامی ڕاپرسییە بەردەستەکان، بەو کەموکوڕییە میتۆدۆلۆژییانەی کە هەیانە، ئەوە نیشان دەدەن کە پشتیوانی لە پەهلەوی، لە ئاستێکی نزمدایە و بەهیچ شێوەیەک لەو ئاستەدا نییە کە شوێنکەوتووانی دەیانەوێت جەختی لەسەر بکەنەوە. خەڵک بەشێوەیەکی بەرچاو خوازیاری بوونی سیستەمێکی حکومڕانیی دێمۆکراتیکن.

 وەکوو پرسیاری کۆتایی،ڕەنگە یەکێک لە پرسیارە دژوارەکانی زانستی مرۆیی پێشبینی کردنی داهاتووبێ. ئەگەرچی قوتابخانە فیکرییەکان ناچاربوون وێنایەک بۆ داهاتوو بکێشنەوە. ئێوە داهاتووی ئەم بزووتنەوەیە و بەشێوەی گشتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بزووتنەوەی ژینا، هەروەک لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشتردا ئاماژەم پێدا، لە زۆر ڕووەوە جیاوازە لە سەرهەڵدانەکانی تر لە مێژووی کوردستان و ئێراندا. فرە ڕەهەندی و گشتگیریی بزووتنەوەی ژینا، وای کردووە کە بەشێکی بەرچاو لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران، خۆی تێدا ببیننەوە. ئەم بزووتنەوەیە توانیویەتی تا ئێستا لە زۆر ڕووەوە مێژوو تۆمار بکا. بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوەیە دەتوانێ بەئامانجەکانی بگات و چۆن دەتوانین داهاتووەکەی هەڵسەنگێنین؟ بێگومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئەستەمە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە چەندین هۆکار هەن کە دەتوانن ڕۆڵ لە سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵاتیدا بگێرن. لێرەدا پێم خۆشە، ئەگەر بە کورتیش بێ، ئاماژە بە چەند دانەیان بکەم.

یەکەم، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، پێویستی بە ئامانجێکی ڕوون و کۆنکرێت هەیە بۆ ئەوەی بتوانێ خەڵک لە دەوری دۆزێکی هاوبەش کۆبکاتەوە. ئامانجەکە  پێویستە بە واقیعی و شتێک بێت کە مرۆڤەکان بتوانن خۆیانی تێدا ببیننەوە. بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە بزووتنەوەی ژینا، دەبینین کە بە تێپەڕبوونی کات، ئامانج و پەیامەکەی بزووتنەوەکە ڕوونتر دەرکەوتووە، ئەویش بەشێوەیەکی گشتی گۆڕینی ڕێژیمە. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئاخۆ ئەم ئامانجە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی هێزی سەرکوتکەری ڕێژیم، کەتوارییە؟ بە بۆچوونی من، ئەوە چاوەڕوانییەکی زۆر کەتوارگەرانە نییە کە پێمان وابێ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، بەتەنیا بتوانێ ڕێژیمێکی دڕندەی وەک کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێ.

دووهەم، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، پێویستی بە ڕێکخراوێکی بەهێز و یەکگرتوو هەیە بۆ ئەوەی  بتوانێ چالاکی بکات و کاریگەریی هەبێ. بزووتنەوەی ژینا بەشێکی زۆری کوردستان و ئێرانی گرتۆتەوە و هەروەها توانیویەتی پەیوەندییەکی پتەوتر لە نێوان نەتەوەکانی ئێراندا دروست بکات. ئەمانە هەمووی دەستکەوتی بەنرخن و پێویستە بپارێزرێن. لە هەمان کاتدا پێویستە ئەوە بڵێین کە هیچ هێزێکی دیاریکراو لە ناوخۆی کوردستان، ڕێکخەری ئەم بزووتنەوە نییە. ئەمەش هەم لایەنی باشی هەیە و هەم لایەنی خراپ. بۆ نموونە، نەبوونی هێزێکی تایبەتی سەرانسەری، وای کردووە ڕێژیم نەتوانێ سەرانی ئەو بزووتنەوەیە دەستگیر بکات و بەو شێوەیە بزووتنەوەکە لەناو بەرێ. لە هەمان کاتدا، نەبوونی هێزێکی سەرانسەریی لە ناوخۆ کە ڕێبەرایەتی بزووتنەوەکە بکات، زۆر کات بۆتە هۆی قورستربوونی ئەرکی هاوئاهەنگی و ڕێکخستنی بزووتنەوەکە.

سێهەم، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، پێویستی بە پەیامێکی بەهێز و باوەڕپێکراو هەیە بۆ ئەوەی بتوانێ کاریگەریی هەبێ لەسەر مرۆڤەکان و بڕیاردەرەکان. واتە پەیامەکە ساکار بێ بۆ لێ‌تێگەیشتن و هەست‌پێکردنی و، پەیوەندیی بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەبێ. پەیامی بزووتنەوەی ژینا، لە ژێرناوی “ژن، ژیان، ئازادی”، توانیویەتی لە بەشێکی بەرچاو لە کوردستان و ئێران، ڕۆڵی هەبێ و خەڵک لە دەوری خۆی کۆ بکاتەو. جگە لەوەش، دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، توانیویەتی سنوورەکانی کوردستان و ئێران ببڕێ و لە دنیای دەروەش، دەنگدانەوە و کاریگەریی هەبێ. ئەمەش بێگومان بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ بەهێزی و ڕوونیی پەیامی بزووتنەوەی ژینا.

چوارەم، بۆ ئەوەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دروست بکا، پێویستی بە پشتیوانیی جەماوەری هەیە. ئەمەش بە پەیوەندییەکی ڕوون و ئاشکرا و دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ ڕێکخراو و بزووتنەوەکانی دیکە و بە بەکارهێنانی سۆشیاڵ‌میدیا و ئامرازەکانی دیکە مسۆگەر دەبێ. بزووتنەوەی ژینا، هەروەک لە وەڵامی پرسیارەکانی تردا ئاماژەم پێدا، توانیویەتی بەشێکی بەرچاوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لێک گرێ بدات و، هاوکات هاوپەیمانی و متمانە لەنێوان نەتەوەکانی ئێراندا بەهێزتر بکات. ئەمەش خۆی لە خۆیدا، دەستکەوتێکی بەرچاوی دیکەی بزووتنەوەکەیە کە بۆ بەردەوامی و گەیشتنی بزووتنەوەکە بە ئامانجەکانی، بەتایبەتی لە دێژخایەندا، گرینکە.

پێنجەم، بۆ ئەوەی بزووتنەوەیەک بتوانێ دەستی بە خەڵک ڕابگا و کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە هەبێ، پێویستی بە کەڵکوەرگرتن لە ئامراز و ستراتیژیی جیاواز هەیە. ئەمەش دەتوانێ بریتی بێ لە بەکارهێنانی سۆشیال میدیا، دروستکردنی کەمپەین، بەکارهێنانی جۆرە جیاوازەکانی نافەرمانیی مەدەنی، لۆبیکردنی سیاسی یان دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ ڕێکخراو و بزووتنەوەکانی دیکە. بزووتنەوەی ژینا توانیویەتی لە زۆرێک لەم بوارانەدا سەرکەوتوو بێ. بێگومان لێرەدا، دیاسپۆرا و هێزکانی سیاسیش، بۆ وەدەستهێنانی پشتوانیی دەرەکی و ناخۆیی لە بزووتنەوەی ژینا، کاریگەرییان هەبووە.

بێگومان ئەم چەندین هۆکارەی کە لەسەروە ئاماژەم پێدان، تەنیا چەند دانەیەکن کە دەتوانین بۆ شیکردنەوەی سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەکاریان بێنین. ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی و بە لەبەرچاوگرتنی ئەم فاکتەرانەی سەرەوە بزووتنەوەی ژینا هەڵسەنگێنین، ئەوە دەبینین کە لە زۆر بواردا سەرکەوتوو بووە؛ ئەگەرچی تائێستا بە ئامانجە گەورەکەی نەگەیشتووە. لە کۆتاییدا، گرینگە ئاماژە بەوە بکەین کە بزووتنەوەی ژینا لەڕاستیدا، سەرەتایەک یان دەستپێکێکی گرینگە بۆ بەردەوامیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە دێژخایەندا. ئەمەش بەو مانایە دێت کە دامرکانەوەی بزووتنەوەکە، ناکرێ وەک کۆتایی بزووتنەوەکە، یان کۆتایی بێزاریی خەڵک لە ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێران سەیر بکرێ. بزووتنەوەی ژینا، بناخەیەکی بە‌هێزی درووست کردووە بۆ سەرهەڵدان و گەشەسەندنی بزووتنەوەی هاوشێوە لە کوردستان و ئێران. ئەمەش دەستکەوتێکی مێژووییە کە ئەرکی هەموو تاکێکی کۆمەڵگە و لایەنە سیاسییەکانە کە تا گەیشتن بە ئامانج، پاڕێزگاریی لێ بکەن.

داگرتنی بابەت