هۆکارەکانی بە ئاکام نەگەیشتنی شۆڕشی ژینا و ئەرکی لایەنە سیاسییەکان
لە دوای شۆڕشی ژینا و دەسپێکی قۆناغێکی بەرینتر لە خەباتی گەلەکەمان دژی هەر چەشنە زێهنییەتێکی چەوسێنەر و کۆنەپەرەست کۆمەڵگەی کوردستان و پاشان ئێران کەوتە قۆناغێکی هەستیار و مێژوویی کە قۆناغێکی چارەنووسساز و کاریگەر بوو بەتایبەت چارەنووس و پرسی کورد لە ئێرانی داهاتوودا کە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ لە مێژوویی سیاسی کوردستان دەگمەن و لە ئێراندا بێ وێنە بووە.
بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی ژینا وەک بومەلەرزەیەک کۆشکی دەسەڵاتی تۆتالیتێر و ئێتنۆسەنتەری ئێرانی ولەرزە خست. هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ بڵێسەی ئەو شۆڕشە هەر ڕۆژ بە جۆرێک لە جۆرەکان دەگەشێتەوە. شۆڕشێک کە پشتی بە فەلسەفەی ڕزگاری بەستووە و لەسەر هەندێک چەمکی بنەڕەتیی وەک ئازادی و یەکسانی هاتە گۆڕێ و بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی شەقامەکانی تەواوی کوردستان و ئێرانی هەژاندەوە. شۆڕشێک کە ویستی ئاشتی و ئازادی و دژایەتیی ستەمکاری و هەڵاواردنی بۆ هەموو گەلانی ئێران، بە تایبەت نەتەوەی کورد، بۆ پێکهێنانی وڵاتێکی ئازاد و دێموکرات کە تێیدا مافی هەموو نەتەوەکان پارێزارو بێت. بەڵام بەداخەوە بە هۆی نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکی بەرهەست هیچ لایەنێکی پێوەندیدار بەم شۆڕشە نەیتوانی ئەو بەرە یەکگرتوویە ساز بکات کە بتوانێ ئەو شۆڕشە بە ئاکام بگەینێ. هەر بۆیە دوای ۷ مانگ خۆڕاگری و فیداکاری خەڵکی خۆنەویستی کوردستان و بەلووچستان، تاڕدەیەکیش خەڵکی ئێران، لە شەقامەکان کۆماری ئیسلامی بە سەرکوت و خەفەقانی خەڵکی مافخواز و مێلیتاریزەکردنی شارەکان توانی جارێکی تر شارەکان بهێنێتەوە ژێر ڕەکێفی خۆی. بە هۆی نەبوونی یەکیەتی فیکری و سیاسی نێوان لایەنەکانی ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەتواندرا ڕێکخستنی پێویست بۆ پشتیوانیی بزووتنەوەکە دابین بکرێت. لەم بارەوە، کوردستان تاکە شوێنێک بوو کە تێیدا ڕێکخراوەی سیاسی کاریگەریی لەسەر شەقام هەبوو. لە ئێران، بەپێچەوانەی کوردستان، ڕێکخراوەیەکی سیاسیی ئەوتۆ کە بتوانێ کاریگەری لەسەر شەقام دابنێ نەبوو. هەر ئەم نەبوونی ڕێکخراوەی سیاسییەیش لە ئێران یەکێک لە هۆکارەکانی پێکنەهاتنی بەرەیەکی یەکگرتووی سیاسی کە بتوانێ ئەڵتەرناتیڤێکی دیموکراتیکی یەکسانیخواز پێشکەش بکات.
یەکێکی تر لە هۆکارەکانی بەئاکام نەگەیشتنی بزووتنەوەکە، مەنشووری “جۆرج تاون”بوو کە وەک کۆسپێکی گەورە لە سەر پڕۆسەی ئەم شۆڕشە توانی زەبرێکی گەورە لەم شۆڕشە بوەشێنێ. ئەم مەنشوورە هیچ قازانجێکی بۆ گەلانی ئێران نەبوو تەنیا دروشمێک بوو بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و لەعابێک بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان بەناو دێموکراسی. بانگهێشتکردنی عەبدوڵڵا موهتەدیش تەنیا بەو هۆکارە بوو کە دوو بەرەکی نێوان کورد ساز بکەن و وای پێشان بدەن کە کۆڕی جۆرج تاون نوێنەرایەتیی هەموو نەتەوەکانی جوگرافیای سیاسیی ئێران دەکەن. بەڵام بە خوەشحاڵییەوە حیزبی دێموکرات وەک هەمیشە به بەشداری نەکردنی لە مەنشووری”جۆرج تاون”بەرگێکی زێڕینی لە مێژوویی سیاسی خۆیدا تۆمار کرد کە بۆ هەمیشە لە ئاسمانی خەباتی نەتەوەیی کورددا دەمێنێتەوە. ئەمڕۆکانە هەموومان شایەتی ئەوە هەین کە یەکە یەکە بەشداربووانی ئەو مەنشووره دەس لە کار دەکێشنەوە. دوێنی”حامیدی ئیسماعیلیون”و ئەمڕۆ “نازەنینی بونیادی” ئەویش تەنیا بە هۆی نادێموکراتیک بوونی خاڵە ناودێرکراوەکانی مەنشوورەکە هەر وەک نازەنین بونیادی ئاماژەی پێ کرد وەک هەمیشە بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی دێموکراتیک و سێکۆلار لە سەر بنەمای جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ دەمێنمەوە. هەروەها لە درێژەی وتەکانی دا ئاماژەی بەو خاڵەش کرد کە ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە بۆ گەیشتن بە دێموکراسی و سێکۆلاریزم یاریدەری خەڵکی ئێران بین.واتا قسەکانی دەرخەری ئەو ڕاستییە بوون کە مەنشووری “جۆرج تاون”تەنیا لەعابێک بوو بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و هەڵخڵەتاندنی خەڵک، جا بۆیە لە ئێستادا ئەرکە لە سەر هەموو لایەنە سیاسییەکان کە بەرەیەکی بەهێز دابمەزرێنن کە پێک هاتبێ لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و هەموو نەتەوەکانی ئێران، کە تەرکیزیان لە سەر دێموکراسی ڕاستەقینە بێ، نەک تەنیا دروشمێک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات. واتا تەرکیزی هەموو لایەنەکان دەبێ لە سەر بە گژداچوونەوەی هەر دوو دەسەڵاتی فاشیزمی ئایینی (کۆماری ئیسلامی) و قەومی (فارسی) بێت. ئەم دوو جۆرە فاشیزمەیش هەر کامیان کۆسپێکی گەورەن لە بەردەم شۆڕشی ئێران بۆ گەیشتن بە ئازادی و وڵاتێکی دێموکراتیک. گەرچی پەهلەوییەکان دەسەڵات نین، بەڵام پێم وایە ئەگەر بەرەیەک ساز نەبێت، ئەگەری زۆرە شۆڕشەکە بدزن و خۆی لێ بەخاوەن بکەن یان هەر نەبێت بەلاڕێیدا ببەن.هەر وەک ئەوەی لە شۆڕشی ژینادا بینیمان خەڵک هەموو ڕۆژێک بە گڕوتینەوە لە شەقامەکان دژی کۆماری ئیسلامی خەباتیان دەکرد لە کاتێکدا ڕەزا پەهلەوی لە میدیاکانا وتی: وکاڵەت بە من بدەن.هەر ئەم قسە هێز و وزەی خەڵکی ئێرانی لە شۆڕشەکە دوور خستەوە و سەرنجی بەلای دروشمە پووچ و بێ بنەماکانی ڕاکێشا و گڕوتینی ئەو شۆڕشەی کەمتر کردەوە و نەفەسێکی تازەی بە کۆماری ئیسلامی بەخشی.
بەڵام بە خوەشحاڵییەوە دەست لەکارکێشانەوەی یەکە یەکە بەشدار بووانی مەنشووری”جۆرج تاون”ڕووی ڕاستەقینەیانی دەرخست. جا بۆیە ئەگەر بمانهەوێ شۆڕشی ۵۷ دووپات نەبێتەوە، دەبێ هەر لە ئێستاوە خۆمانی بۆ ئامادە بکەین. بە پێکهێنانی بەرەیەکی بەرین و بەرفراوان بە دروشمی”بەڵێ بۆ دامەزراندنی ئێرانی دێموکراتیک”دەتوانین لەم قۆناغە هەستیارە مێژووییەدا چارەنووسی وڵاتەکەمان وەئەستۆ بگرین و ببینە ئاڵتێرناتیڤێکی بەهێز کە لەئاکامدا بتوانێ سرنجی وڵاتەنی دەرەوەش بەلای خۆیدا ڕابکێشێ. وەها بەرەیەک دەتوانێ ڕێگە خوەشکەرێک بێت بۆ چارەنووسی پرسی کورد و گەلانی ستەم لێکراو لە داهاتووی ئێراندا، چونکە ئەم بەرەیە دۆستایەتی کورد لە گەڵ گەلانی ئێران زیاتر دەکا و ئەو چەواشەکارییانەی ڕێژێمی کۆماری و ئیسلامی و پاشماوەکانی پەهلەوی دەردەخا کە بە دەیان ساڵە کورد وەک تیرۆریست لە قەڵەم دەدن.
ئەوەی لە شەقامەکانی ئێراندا دەردەکەوێ پێمان دەڵێ خواستی خەڵکی ئێران دامەزراندنی حکوومەتی پاشایەتی نییە؛ کە هەر وەک هەموومان شایەتی ئەو دروشمانە بووین کە دەیانگوت: مەرگ بۆ ستەمکار چە شا بێت و چە ڕێبەر جا بۆیە لە باوەڕەدام کە هیچ دروشمێکی پڕ و پووچ و بێ بنەمای پەهلەوییەکان ناتوانێ لە ویست و داواخوازییەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران کەم کاتەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەنووکەیی ئێران، ئەگەری زۆرە ئەم شۆڕشە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا بە ڕێژەیەکی زۆر بەرینتر لەمجارە دەست پێبکاتەوە و پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان پێکەوە لە هەوڵدا بن بۆ دامەزراندنی بەرەیەکی بەهێز لە دیسکۆرسی نەتەوەیی گەلانی ئێران کە وێژمانی هەموو خەڵکی ئێران لەخۆ بگرێت. تاکوو بتوانن ئەو چاوەڕوانییەی کە خەڵک لێمانی هەیە بە دی بێنین. لێرەدا پێویستە لە هەنگاوی یەکەمدا کورد بیر لەبەرەیەکی یەکگرتوو بکاتەوە کە لەسەر بنەمای وێژمانی نەتەوەیی دامەزرابێت. بەواتایەکی دیکە، پێویستە کورد لەسەر بنەمای مافە نەتەوەییەکانی پێناسە و بەرنامەی کاری بەرەکە ڕێک بخات. خاڵی دووهەم، دامەزراندنی هێزێکی نیزامی هاوبەش لە هەموو حیزبەکانە؛ واتا باڵێکی نیزامی کە تەنیا ئەرکی خەبات بۆ ئازادی کوردستان بێت. نەک تەنیا قەتیس و بەستراو بە حیزبێک یان ئایدۆلۆژیک بکرێتەوە. سێهەم، گەڕان بە شۆن هاوپەیمان و دۆست و یارگرتن لەسەر کێشەی پرسی نەتەوەکان لەئێرانە چونکە هەر وەک د.قاسملوو کە دەیگوت: کۆماری ئیسلامی بە تەنیا بۆ ئێمە ناڕووخێ. جگە لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کورد بە تەنیا ئەو فاکتەرانەی دەسەڵاتی بۆ یکلاییکردنەوەی سیستەمی سیاسیی داهاتووی ئێران نییە. جگە لەوەیش، هیچ کام لە فاکتەرەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی سیاسیشی لەم قۆناغەدا نییە. جا بۆیە لە دنیای سیاسەت دا دۆست و هاوپەیمانی زیاتر دەتوانێ دەسکەوت و ئامانجەکانمان بۆ دەستەبەر بکات. چوارەم، پێکهێنانی بازنەیەکی بەرین و گەورە لە هەموو کەسایەتییەکانی کوردستان واتا تەواوی کەسایەتییە سیاسی، هونەری، ئەدەبی، و…هتد. کە ئەرکدار بکرێن بۆ سازکردنی یەکگرتوویی و وێژمانی نەتەوەیی بە هەر چەکێکە پێیانە. کەسایەتییەکان لە تەواوی دنیادا فاکتەری سەرەکین بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی بەهێز بۆ گەیشتن بە ئامانجی دیاریکراو. هەر بۆیە لەسەر ئەو باوەڕم بە هێنانە بازنەی گۆڕپانی سیاسی لەم بەشەدا دەتوانن بیر وهزری نەتەوەیی و دیسکۆرسی نەتەوەیی پەرە پێ بدن و لە کۆتاییدا کۆمەڵگە بەرەو یەکبوون و یەکگرتوویی ببەن.
379
ئۆپێک پلاس و تێکۆشانی سەرمایەداری هەمبەر هەڵاوسان...
حافظه، تاریخ یا تروما؟
Scroll to top