ئارامتر بخوێنەوە

پرسی ژن، بەشداریی سیاسی و هەڵاواردنی ئەرێنی

تووبا ئەلیاسی

 پرسی بەشداریی ژن لە سیاسەت و بەڕێوەبەریی سیاسیدا، یەکێک لە بابەتە گرینگ و جددییەکانی نێو بزووتنەوەی مافویستی و یەکسانیخوازیی ژنان بووە و هەیە. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ژنان ساڵانێکی زۆر لەم مافە بێبەش کراون.

  وەک دەزانین لە هەموو کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا تا سەرەتاکانی ساڵەکانی  ١٩٠٠ ژنان لە مافی بەشداریی سیاسی بێبەش بوون، بەڵام لە ئاکامی خەباتێکی شێلگیرانە و  بەردەوام، توانییان لە بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی، ئامریکا،  ئوسترالیا و نیوزیلاند، ئەم مافە بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەبینین ژنی وڵاتێکی وەک کوەیت ئەم مافەیان لە ساڵی ٢٠٠٥ بەدەست هێنا. گەرچی هەبوونی ئەم ماف و دەرفەتەش تاکوو ئێستاش نەیتوانیوە ببێتە هۆکاری ئەوەی ژنانیش بە شێوەی پێویست لە داڕشتنی سیاسەت دونیادا و لە جێگا بڕیاردەرەکان ڕۆڵ و بوونیان هەبێت، بەڵام بە گشتی بەدەستهێنانی ئەم مافە هەنگاوێکی گرینگی بزووتنەوەی مافویستی ژنان بووە و هەیە.

ئەوەی لێرەدا مەبەستمە جەختی لەسەر بکەمەوە، ڕۆڵ و کاریگەریی بەشداریی ژنانە لە سیاسەت و بەڕێوەبەریی سیاسیدا. وەک دەزانین لەبەر ئەوەی، ژن بە درێژاییی مێژوو لە سیاسەت و بەشداری لە بەڕێوەبەریی سیاسی بێبەش بووە؛ ئەمەش وای کردووە کە تاک و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی نۆرم و کەلتۆرێکەوە کە بڕوایان بە توانا سیاسییەکانی ژنان نەبێت و وەک کاراکتەرێکی خاوەن توانای بڕیاری سیاسی چاو لە ژنان ناکرێت. ئەم شێوەیە لە بیرکردنەوە بە تەواوی بەسەر بیر و هزری کۆمەڵگادا زاڵە، هەربۆیە سەرەڕای هەبوونی ئەو ماف و دەرفەتە بۆ ژنان، هێشتاش بڕینی پلەکانی سیاسی و گەیشتن بە دەسەڵات لە جێگا بڕیاردەرەکاندا، بۆ ژن، کارێکی مەحاڵە.

هەر لە سەر بناغەی ئەم شێوەیە لە تێڕوانینی تاکی کۆمەڵگایە کە بەشێک لە وڵاتانی پێشکەوتووی دونیا، بڕوایان وایە بۆ ئەوەی ڕێژەی ژنان لە بەشداریی سیاسی و بەڕێوەبەریی سیاسیدا گەشەی پێ بدرێت، ئەبێت لە مێتۆد یان میکانیزمی هەڵاواردنی ئەرێنی کەڵک وەربگیرێت. هەر لەو پەیوەندییەدا وتەیەکی دروست و جوانیان هەیە کە ئێژن، هەندێک یاسا و تێڕوانینی نادادپەروەرانە هەیە، ناچاری لە ڕێگای یاسایەکی نادادپەروەرانەوە چاکی کەیتەوە، یان لە ناوی بەریت. دیسانیش یەکێکی دیکە لەو ئیستدلالانەی بۆ هەڵاواردنی ئەرێنی ئەیتێرنەوە ئەوەیە، کە دەڵێن: “هەبوونی ماف و دەرفەتی هاوسان کاتێک یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەشەی ژنان و بەشداریی سیاسیی ئەوان، کە بیر و تێڕوانینی هەموو کۆمەڵگاش بۆ توانای بەڕێوەبەریی سیاسیی ڕەگەزەکان بێ جیاوازی بێت، بەڵام چونکە کۆمەڵگا تا ئێستاشی لەگەڵ بێت تێڕوانینیان بۆ توانا سیاسییەکانی ژنان نەرێنییە، ئێمە تەنیا لە ڕێگای هەبوونی ماف و دەرفەتی یەکسانەوە ناتوانین بۆشاییی نەبوونی ژن لە بەشداریی سیاسیدا، کە بە درێژاییی مێژوو دروست بووە، لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەر بکەین. هەربۆیە پێویستە بە دوای میکانیزمێکی گونجاو و کاریگەردا بگەڕێین کە زووتر بتوانێت ئەم کەمایەسییەی نەبوونی ژن لە دەسەڵاتی سیاسیدا پڕ بکاتەوە. هەر لە سەر بناغەی ئەم شێوە لە تێڕوانینی بەشێک لە وڵاتانی پێشکەوتووی دونیا یان باشترە بێژم ڕۆژئاوایی و لەبەرچاوگرتنی هەڵاواردنی ئەرێنی بۆ بەشداریی سیاسیی ژنان لە جێگا بڕیاردەرەکاندا، دەبینین لەو وڵاتانەی ئەم مێتۆدەیان وەک چارەسەر بەکار بردووە، ئێستا ڕێژەی بەشداریی ژنان لە پارلەمان، حکوومەت، هەمیش لە زۆربەی جێگا بڕیاردەرەکان و هەروەها ئەو جێگایانەی کە بە درێژاییی مێژوو وەک کاری پیاوانە چاوی لێ کراوە بەرز بووەتەوە و ئێستا ژنان ڕۆڵێکی باش و کاریگەر و بەرچاویان هەیە.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە، بۆچی پێویستە ڕێژەی بەشداریی ژنان لە بەڕێوەبەریی سیاسیدا هێندە بە گرینگ بگیرێ و کاری جددیی بۆ بکرێت؟ بۆ وڵامی ئەم پرسیارە پیویستە ئەوە بێژم کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە دوو ڕەگەزی ژن و پیاو پێک هاتووە، هەروەها ئەم دوو مرۆڤە هەردووکیان خاوەنی توانا و پوتانسیەلی باش، کاریگەر و گرینگن کە ئەبێت لە بەڕێوەبەریی وڵاتدا وەک یەک بن یان لانی کەم بۆ بەشداری کردن و نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵگا لە بەڕێوەبەریی سیاسیدا دەرفەت و مافی وەک یەکیان هەبێت.

ئەگەر بێت و ڕێژەی بەشداریی ژنان لە ئاستێکی دڵخواز یان باشدا نەبێت، ئەوا هەم لە تواناکانیان کەڵک وەرناگیرێ، هەم لەبەر ئەوەی نوینەرایەتییان کەمە یان نییە، بەرژەوەندی و مافە تایبەتییەکانیان لەبەرچاو ناگیرێ، هەمیش ئاستی توانا و وشیاریی سیاسییان گەشە ناکات. لە هەمووی خراپتر کۆمەڵگا لە تواناکانی مرۆڤی ژن بێبەری دەبێت و ئەم مرۆڤە خاوەن بەهرەیە، پەڕاویز دەخرێت و بەهرەکانی لەناو دەچن و هیچ قازانجێکی بۆ کۆمەڵگا نابێت. پێویستە ئەوەش بێژم وڵاتانێک کە تا ئێستا، وەک وڵاتی پێشکەوتوو، دێموکرات و یەکسانیخواز ناسراون و بەشداریی ژن لە بەڕێوەبەریی سیاسی لە ئاستێکی باشدایە، دەبینین سیستەمی بەڕێوەبەریی وڵات بە هۆی ڕۆڵی گرینگی ژنانەوە، سیستەمێکی دادپەروەر و جێگای دڵخوازی زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵگاکەیانە.

هەر لە بەر ئەو هۆکارانەشە، بە پێویستم زانی تیشک بخەمە سەر بەشداری و ڕۆڵی ژن لە نێو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، کە نوێنەرایەتیی دواڕۆژی کۆمەڵگای کوردستان دەکەن.

حاشاهەڵنەگرە ڕۆڵی ژن تا ئێستا لە نێو ڕێبەرایەتیی ئەم حیزبانەدا و لە جێگا بڕیاردەرەکاندا نەک هەر دڵخواز و لە ئاستی چاوەڕوانییەکان، تێکۆشان و بەرخۆدانی ژناندا نییە، بەڵکوو خاڵێکی زۆر لاوازی حیزبەکانە و جێگای ڕخنەی جیدییە. ئەگەر ئەم کەمایەسییەمان تا ئێستاش کەمتر هەست پێ کردبێت، لە شۆڕشی ژینادا، کە لە ژێر دروشمی “ژن ژیان، ئازادی”دا پەرەی سەند، زیاتر و زیاتر بۆمان دەرکەوت کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پرسی بەشداریی ژنانیان نەک هەر بۆ گرینگ نەبووە، بەڵکوو بەشێوەیەک لە شێوەکان ژنان لە بەشداریکردنی پرسە گرنگەکاندا و هەروەها لە دەرکەوتنی دەنگ و ڕەنگیان، پەراویز خراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەموومان دەزانین، ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە سەرەتای خەباتی ڕزگاریخوازییەوە، ڕۆڵی گرینگی خۆی هەبووە و بە شێوەی جۆراوجۆر ئەرکی ڕزگاریی نیشتمانیان لە ئەستۆ بووە و هەیە، کەچی لە نێو حیزبەکاندا، ڕۆڵ و دەنگ و ڕەنگیان لە ئاستێکی زۆر لاوازدایە.

 ڕاستە کە زۆرینەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باوەڕی تەواویان بە مافی یەکسانی نێوان ژن و پیاو هەیە، بەڵام هەبوونی ئەم بڕوایە بەتەنیا ناتوانێت وڵامدەری بارودۆخی هەنووکەییی ژنی کورد بێت کە هێندە بە ڕاشکاوی لە بەڕێوبەریی سیاسیدا پەڕاویز خراون.

حیزبەکان و یەک لەوان حیزبی دیمۆکرات، هەمیشە بڕوای بە مافی یەکسانی نێوان ژن و پیاو هەبووە و هەیەتی و پێداگریی لەسەر دەکاتەوە. بەڵام بەداخەوە دەرفەت و مافی وەک یەک کاتێک ئاکامەکەی دروست دەردەچێ، کە تێڕوانینی ئەندامان و کۆمەڵگاکەش بۆ ئەم دوو ڕەگەزە و تواناکانیان  بێ جیاوازی بێت. مخابن دەبینین ئەم مێتۆدە کە حیزبەکان تا ئێستا بۆ چالاککردن و بەشدارکردنی ژنان لەبەرچاویان گرتووە، کاریگەر و وڵامدەر نەبووە؛ هەربۆیە پێویستە، بیر لە میکانیزم و میتۆدی نوێ بکرێتەوە بۆ هەرچی زیاتر چالاککردن و دەرکەوتنی ژنان و گەشەکردنیان لە بواری سیاسیدا بۆ بەئەستۆ گرتنی ئەرکی سیاسی، هەروەها لە بەڕێوەبەری و لە نێو ئۆرگانە بڕیاردەرەکاندا. بۆ ئەم مەبەستەش بە بڕوای من باشترین مێتۆد یان میکانیزم، هەڵاواردنی ئەرێنی و دیاریکردنی ڕێژەیەکی دیاریکراوە بۆ ژنان، لە هەموو ئۆرگان و جێگا بڕیاردەرەکاندا.

بە بڕوای من، هەر وەک چۆن، لە هەندێک بوارەوە چاو لە ئەزموونی سەرکەوتووی وڵاتانی پێشکەوتووی دونیا دەکەین، زۆر باش دەبێت لە پرسی چالاککردنی ژنانیشدا، لە بابەتی هەڵاواردنی ئەرێنی کەڵک وەرگرین. چونکە ئەم میتۆدە لەو وڵاتانەدا کە ئەزموون کراوە سەرکەوتنی بەرچاوی هەبووە. لە بەرانبەردا، مێتۆدی دەرفەتی وەک یەک بۆ ژن و پیاو تا ئێستاش نەک هەر سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکوو لە نێو حیزبی کوردستانیدا زۆر ناسەرکەوتوو و جێگای ڕخنەیە.

  بۆ ئەم مەبەستەش بەو واتایە نییە کە ئێمە عەتف و بەزەییمان بۆ ژنان هەبێت و وەک تەحقیر بە ژنان، چاو لە هەڵاواردنی ئەرێنی بکەین. چونکە لەم میکانیزمەشدا، لە نێو ژنانی بەتوانا و خاوەن بەهرە کە پوتانسیەلی بەڕێوەبەری و چالاکیی سیاسییان هەیە کەڵک وەردەگیرێ. ڕەنگە بڵێن جا ئەگەر ژنان توانایان هەیە با لە ڕێگای خۆ پاڵاوتن و دەنگ هێنانەوەوە، هەڵبژێردرێن یان کار و ئەرکیان پێ بسپێردرێت. لە سەرەوە، ئاماژەم پێ دا کە سەرەڕای هەبوونی تواناکان، چونکە کۆمەڵگا و پیاوان و هەتا خودی ژنانیش پەروەردەی بیرێکی پیاوسالارین، بڕواهێنان بە توانا سیاسییەکانی ژنان زۆر لاوازە و ژنان بۆ کارە گرینگ و چارەنووسسازەکان دەنگ ناهێننەوە، هەربۆیە پێویستیمان بە مێتۆدی نوێ هەیە تا بتوانین ئەم بۆشاییە گەورەیە پڕ کەینەوە یان کەمڕەنگی کەینەوە.

 بە کەڵکوەرگرتن و بەردەوامبوون لە میکانیزمی کۆن کە هەتا ئێستا ئاکامەکەی تەنیا پەڕاوێزخستن و گەشە نەکردنی تواناکانی ژنان بووە، حیزبی کوردی ناتوانێت وڵامدەری بارودۆخی ژنان بێت. ئەگەریش هەروا بەردەوام بێت، ژنان زیاتر بێ هیوا دەبن و لە حیزبەکان دوور دەکەونەوە، هەروەها حیزبی سیاسیی کورد، ناتوانێت ببێت بە حیزبێکی دڵخوازی کۆمەڵگا، ئەگەر بێت و بۆ خۆیان ئولگوویەکی باش و یەکسانیخواز و دادپەروەر نەبن.  بێجگە لەوەش نەبوونی ڕێژەیەیەکی بەرچاوی ژنان لە ناو ئەم حیزبانەدا، دەبێتە هۆکاری ئەوەی ئەم حیزبانە لە توانا و پوتانسیەلی ژنان (هەم لە باری  حزووری فیزیکییەوە هەمیش لە  باری مەعنەوی و فکرییەوە) کە بۆ قۆناخی ڕزگاری نیشتمانی زۆر گرینگە، بێبەش بن.

بە گۆڕینی میکانیزمی کۆن، حیزبەکان دەتوانن بۆ هەموو بەشە جۆاراوجۆرەکان بەش یان ڕێژەیەکی دیاریکراو بۆ ژنان لەبەرچاو بگرن و ئەمەش بکەن بە بەندێکی یاسایی تا ئەو کاتەی بارودۆخەکە بە تەواوی وڵامی داخوازییەکانی ژنان لە کۆمەڵگای کوردستان دەداتەوە. ڕەنگە ئەم کار و پلانە، وەک زۆر پرۆسەی دیکەی نوێ، لە سەرەتاوە پرۆسەیەکی بێ کێشە نەبێت و گرفتی تایبەت بە خۆی هەبێت، بەڵام بە پێی ئەزموونێک کە وڵاتانی دیکە لەم بوارەدا هەیانە، بە تێپەڕبوونی کات، بە دڵنیاییەوە ئەم مێتۆدە وڵامدەر دەبێ.

 لە بیرمان نەچێت، کە ئەم شێوەیە لە یاسای هاڵاواردن لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، تەنیا بۆ پرسی بەشداریی ژنان بەکار نابرێت، بەڵکوو بۆ زۆر کار و بابەتی دیکە کەڵکی لێ وەردەگرن، بۆ نموونە لەو کار و جێگایانەی بە درێژاییی مێژوو وەک کاری ژنانە چاویان لێ کراوە، وەک کارکردن لە باخچەی ساوایان، یان لە ڕشتەی پەرەستاریدا، کە زیاتر وەک کارێکی ژنانە چاوی لێ کراوە، لەم میکانیزمە بۆ زیاترکردنی ڕێژەی پیاوان کەڵک وەردەگیرێ.

 بێجگە لەوەش لە وڵاتانی پێشکەوتوودا ئێستاش سەرەڕای هەبوونی ماف و دەرفەتی یەکسان، بەردەوام لەم شێوە مێتۆدە کەڵک وەردەگیرێ بۆ ئەوەی لاسەنگی و نایەکسانییەک کە بە درێژاییی مێژوو بەسەر ژناندا سەپێندراوە، کەمڕەنگ و یەکسان و دادپەروەر بکرێتەوە.

 کەواتە ئێمەی کوردیش کە لە پێوەندی لەگەڵ بەشداری سیاسی ژنانادا، نادادپەروەری و بۆشاییی زۆر گەورە دەبینین، زۆر باش دەبێت هەر لە ئێستاوە لە نێو حیزبە سیاسییەکانماندا کە بۆ داهاتوو تەمرینی دەوڵەتداری، سیستەمێکی دادپەروە و دێمۆکرات دەکەن، بەم شێوەیە بۆ زیاتر چالاککردنی ژنان لە نێو ڕێبەری و جێگا بڕیاردەرەکاندا، لەم میکانیزم و مێتۆدە کەڵک وەرگرن؛ ئەوکاتەیە کە دەتوانین ئیدعای حیزبێکی دادپەروەر و یەکسانیخواز بکەین.

بەو هیوایە.