شۆڕشی ژینا و گەشەی سیاسی
سمکۆ ڕۆژهەڵات
شۆڕشی ژینا کە بەخێرایی ئێرانی و جیهانی بوویەوە، لە زۆر بوارەوە جێگای سەرنج و تێڕامانە کە لە ماوەی نزیک بە یەکساڵی ڕابردوودا لە لایەن شرۆڤەکارانەوە بە شێوەی فرە ڕەهەند تیشک خراوەتە سەری و تاوتوێ کراوە.
پارادایمی ئەو شۆڕشە ئەوەندە بەرفراوان و بەربڵاوە کە هەموو ڕەوت و رێکخراوێکی کوردستانی و ئێرانی بۆ لای خۆی راکێشا و هەر ڕەوتێکیش کە سەبارەت بەو سەرهەڵدانە کەمتەرخەم یا دژبەر بووبێت، هەم ئاستەنگی بۆ درووست بوو و هەم لە لایەن شەپۆلی کۆمەڵگاوە کەوتەوە پەراوێزەوە. شۆڕشی ژینا سەرهەڵدان و شۆڕشێک نییە کە تەنیا پێوەندی بەو بڕگە مێژوویییەوە ببێ و بەس، بەڵکوو پێشینە و پاشخانێکی مێژوویی، ڕۆشنبیری و سیاسیی درەوشاوەی لە پشتە کە ڕۆژ لە دوای رۆژ لە گەشەدایە. سەرهەڵدانی کۆماری کوردستان لە حەفتا و حەفت ساڵی ڕابردوودا و درێژەی خەباتی ڕۆشنبیری و سیاسی و چەکداری ئەو بزاڤە بێجگە لە کوردستان، تیشکدانەوە و کاریگەریی لەسەر هەموو ئێران هەبوو. دەستپێک و جوغڕافییای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا، یەکەم: کوردستانە. دووهەم : لە کوردستانیشدا شاری سەقزە کە یەکێ لە ستراتیژیکترین شارەکانی ناوچەی موکریانە. سێهەم: موکریان وەک فەلاتێکی جیاواز لە جوغڕافییای دوور و درێژی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا مێژووییەکی ڕەسەن و درەوشاوەی دژایەتیی ناوەندیی ئێرانی هەر لە سەردەمی سەفەوییەکانەوە هەتا ئیستا هەیە. بە جورئەتەوە دەتوانم بڵێم کە ئەگەر ژینای نەمر خەڵکی یەکێک لە شارە خوارووەکانی موکریان بوایە، ڕەنگە ئەو لێکەوتە و دەرئەنجامەی ئیستەی نەبوایە. لێرەدا مەبەست، کەم بایەخکردنی سەرهەڵدانی شارەکانی تر نییە، هەموو لایەک ئاگادارن کە دواتر لە شارەکانی تر وەکوو کامێران، جوانرۆ، ئاودانان، خوڕەماوا و ،،، حەماسەتی بێ وێنە خوڵقا. ئەگەر سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا بەرهەمی پێشینە و ڕابردووی سیاسی بێت لە کوردستاندا، ئەوا ئەو شۆڕشە بە پێچەوانە کاریگەریی لەسەر بەڕۆژ و ئاپدەیت کردنەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵات هەبوو. هەندێک لەو لێکەوتانە کە شۆڕشی ژینا ئاراستەی ئەحزابی کوردستانی کردەوە بریتین لە:
ــ پێکهێنانی ناوەند و بەرەی هاوبەش بۆ کاری سیاسی و ڕێکخستن.
ــ بە دەستەوەگرتن و ڕێکخستنی شەقام.
ــ بەرینترکردنەوەی جوغڕافییای چالاکییەکان بە تایبەت لە ناوچە باشوورییەکانی هەرێمی زاگرۆس و باقیی کوردەکانی ناوخۆی ئێران.
ــ نزیکبوونەوە لە ئەحزاب و رێکخراوە نەیار و ئەپوزسیۆنە ڕاستەقینەکانی غەیرە کورد.
لە مێژووی سەد ساڵەی ڕابردوودا هیچکات گەلی کورد و خەباتەکەی بە ئەندازەی شۆڕشی ژینا لە لای بیروڕای گشتیی ناوخۆی ئێراندا بە باشی و ڕێکوپێکی نەناسراوە. دەرکەوتنی سیمای کوردی لە میدیاکاندا ناوەرۆک و نیەتپاکیی بزاوتی کوردی دەرحەق بە خەڵکی کوردستان و ئێران نیشان دا. لە بەرانبەر ئەو دەرکەوتنەدا هەندێک ڕێکخکراوی چەپ و ئیسلامی کە نەیانزانی و نەیانتوانی لەگەڵ ئەو سەرهەڵدانەدا خۆیان رێک بخەن، تووشی ئاستەنگگەلی وەک لێکترازان، چەواشەبوون و دابڕانی جەماوەر(ریزش افراد) بوونەوە. تایبەتمەندییەکی مۆدێرن و سەردەمییانەی شۆڕشی ژینا، ژنتەوەر بوونییەتی. ئەگەر ئاورێکی کورت لە هەموو ڕاپەرین و شۆڕشەکانی ڕابردووی ئێران بدەینەوە، دەبینین کە هەم زاتی ڕاپەرین و شۆڕشەکان پیاوڕەهەندانە بووە و هەم ڕێژەی بەشداریی ژنان لە ئاستێکی لاوازدا بووە، هەربۆیە بە سەرکەوتنی ئەو شۆڕشانە دیسانەوە کەموکورتی و کەمایەسیی بەدواوە بووە. شۆڕشی وێژمان و دیسکۆرسی ژنی بەرز کردەوە، هەربۆیە ئەو شۆڕشە جیاوازییەکی بەرچاوی لە چاو شۆڕشەکانی دیکە هەیە. بە هاتنە گۆڕەپانی ژنان هەموو ڕەوت و رێکخراو و تەنانەت گرووپ و ئەنجومەنە خەڵکییەکان هەتا کەسایەتییە سەربەخۆ و سلیبریتییەکان پەیوەستی ئەو ڕاپەرینە بوون.
کاتێک پرسی ژن لە ئارادا بێ، هەموو لایەنە چەپ، ڕاست، سەراسەری و ناسیۆناڵیستەکان مەجبوورن بە جۆرێک کاردانەوەیان ببێ و هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن. مەولەویی عەبدولحەمید وەک ڕەوتێکی دینی هەتا ئیستەش لەگەڵ ئەو شۆڕشە کەوت و تەنانەت جۆرێک هەڵوێستی دەربڕیوە کە یار و نەیار پەسەندی قسەکانی دەکات. بزاوتی نەتەوەخوازیی نەتەوەکانی ئێران بە هەموو شێوازێک وڵامی ئەرێیان بەو شۆڕشە دایەوە. لە کوردستاندا، بەرەی ئیسلامی بە دوو ڕەوتی جیاوازی ئەهلی تەریق و ئەهلی بیدعه(حەسەن ئەمینی ) بە باشترین شێواز لەگەڵ جەماوەر ڕێک کەوتن و تەنانەت تێچووی زۆریان دا. ڕەوتی پاشاخوازی هەوڵی دا ڕێبەرایەتی و پێشەنگایەتیی شۆڕشی ژینا بگوازێتەوە و بیگرێتە دەست و قۆرخی بکا، بەڵام بە هۆی ڕەسەن بوونی شۆڕشی ژینا و ناڕەسەن و نامۆدێرن بوونی ڕەوتی پاشاخوازی، خەڵکی ڕێگای خۆیان لە ڕەوتی هەلپەرەست و دژە ژن جیا کردەوە و نەکەوتنە داوی ڕەوتی ئیکسپایرەوە. لە کوردستاندا ڕەوتی کۆمەڵە بە هۆی ڕێککەوتن لەگەڵ نامۆدێرنترین و چەواشەترین پاشماوەی پاشاخوازی بە دوای پیلانگێڕییەکی مەترسییدارەوەن کە هەتا ئیستەش بەردەوامە.
گەڵاڵەی ڕۆژهەڵاتی نوێ کە لە ساڵی 2002 لە لایەن کالین پاوڵەوە هاتە ئاراوە، پرسی ژنی وەک یەکێ لە تەوەرەکانی ئاڵوگۆڕ لەو ناوچەیەدا هێناوەتە ئاراوە. چارەسەریی پرسی ژن ئاڵوگۆڕ لە ژیئۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا پێک دێنێ و بە شێوازێکی نوێ داڕشتنەوەی سیاسی بۆ ئەو هەرێمە دەکات. دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین زۆر شپرزەیە. نرخی نەخوێندەواری، بێکاری، قاچاخ و لەشفرۆشی، کۆچبەری و ئیعتیادی ژنان لە ئاستێکی بەرزدایە. ئەگەر شۆڕشی ژینا بتوانێ وڵاتانی ناوچەکە بتەنێتەوە، بێگومان پڕۆسەی دیمۆکراتیزاسیۆن بوونی ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست خێراتر لە جاران و ڕەسەنتر دەچێتە پێشەوە. سروشتی سیاسی و فەرهەنگی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەراست تایبەتمەند و لێک هەڵپێکراوە. ئەو هاوبەشییە مێژوویی و فەرهەنگییانە هۆکارێکن بۆ لێک تێگەیشتن و کاری هاوبەش. شۆڕشی ژینا ئەگەر بە شێواز و میتۆدی سیاسی و فمینیستیانە خاوەندارێتی بکرێ، بێگوومان پەل دەهاوێژێ بۆ نێو گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و بنەما و ژێرخانی دیکتاتۆرەکان دەخاتە لەرزەوە. وەک چۆن وڵاتانی دیکتاتۆری ناوچەکە سەرەڕای دژایەتی و ناکۆکیی سیاسی یەکتری لە کاتی تەنگانەدا یەک دەگرن و یارمەتیدەری یەکتر دەبن، پێویستە ئەحزابی ئازادیخوازی ناوچەکە لەسەر تایبەتمەندییە مۆدێرن و هاوبەشەکان لێک تێگەیشتن و هاوپەیمانییان هەبێت. پاڕادایمی هزری شۆڕشی ژینا دەتوانێ لێک نزیک بوونەوە بۆ کاری هاوبەش لە ناوچەکەدا پێک بێنێ و لە هەمووی گرنگتر بەرایی بە ڕادیکاڵیزم و فیندەمینتاڵیزمی ئیسلامی بگرێ. چارەنووسی دیکتاتۆرەکان ڕوونە، ئەوەی لە دوای ڕووخانی کۆشکی زۆرداری گرنگە ئەوەیە کە چ هزر و بیرێکی دیکە دەبێتە جێگرەوە و ئاڵترناتیڤ. چەقی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا کوردستانە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو ژیئۆپۆلیتیکی ئەو بزاوتە پێویستە خاوەندارێتیی ڕاستەقینەی ئەو شۆڕشە بکات. خاوەندارێتی بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی بەردەوام و دەوڵەمەندکردن ئەو بنەما هزری و دیموکراتیکەی بناخەی گەورەترین دیکتاتۆریی جیهانی لە شەقامەکاندا خستە لەرزەوە. لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا حدکا بە تایبەتی هەوڵی داوە خاوەندارێتیی ئەو بزاوتە بکات. دەنگوڕەنگی ،حدکا و بە تایبەتی گۆڤاری تیشک بە شێوازی فرەڕەهەند ئاوڕی لەو بابەتە داوەتەوە و نەیهێشتووە پرسەکە فەرامۆش بکرێ. سەرەڕای ئەوەی هەندێک لایەن و میدیا هەوڵیان داوە شۆڕشەکە بە لاڕێدا بەرن و لە سەرچاوەکەی دووری بخەنەوە، بەڵام دیسانەوەش میدیای ئێرانی بەباشی ڕەچاوی ئەو شۆڕشەی کردووە و بەردەوام پرسەکەیان ورووژاندووە. شۆڕشی ژینا بۆ ئەوەی بەردەوام لە گەشەدا بێت، دەبێ بێجگە لە پرسی ژن، هەڵگری پرسگەلی نەتەوایەتی، دیمۆکراسی، ژینگەپارێزی و … بێت
شۆڕشی ژینا بێجگە لە تێچووە گیانی و ماڵییەکان، دەسکەوتی زۆری بۆ کورد هەبوو. بەرزبوونەوەی پلەوپێگەی کورد لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا و ناسینی پوتانسیلەکانی کوردستان بە سەرهەڵدانی شۆڕشی … گەییشتە لوتکە. دوو تایبەتمەندیی سەرەکی لە گەشەی سیاسیدا بریتییە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی خەڵک لە پڕۆسەی سیاسیدا و دیموکراتیک بوونی گەشەسەندنەکەیە و بەخۆشییەوە هەردوو تایبەتمەندییەکە لە شۆڕشی ژینا لە کوردستاندا وەدی هاتووە.
کۆباس:
بە نزیک بوونەوە لە ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی شۆڕشی … هەندێک باس و بابەت هاتووەتە ئاراوە کە جێی خۆیەتی لێرەدا ئاماژەی پێ بکرێ و پاشان ڕێگاچارە و میکانیزمی بۆ دیاری بکرێ.
رژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە ئیستەوە ترسی سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی …. ڕێ نیشتووە. بە پێی هەواڵەکان، ڕژیم هێزەکانی حەشدی شەعبی بە ناو خوێندکاراندا خزاندووەتە نێو زانکۆکانەوە. گەشتی ئیرشاد دیسانەوە هاتووەتەوە نێو شەقامەکان، بانگهێشتی چالاکانی مەدەنی و زەخت خستنە سەر بنەماڵەی شەهیدان پەرەی سەندووە. ڕژیم تا مانگی خەرمانان مۆڵەتی بە ئەحزابی ڕۆژهەڵات داوە یا چەک بکرێن و کەمپنشین ببن یا عێراق بەجێ بهێڵن. لە ئاکامی ملکەچ نەبوونی ئەحزابدا مووشەکبارانی بنکەکان دەست پێ دەکاتەوە و … تاد.
ئەحزابی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی حدکا وەک خاوەنداری سەرەکیی شۆڕشی ژینا پێویستە لێپرسراوانە، سیاسیانە و بوێرانە لەگەڵ ئەو بابەت و پێشهاتانەدا مامەڵە بکات، هەتا جێ پەنجەی لە هاوکێشەکاندا دیار بێت.