ئارامتر بخوێنەوە

ڕوانگەی دژەناسیۆنالیستیی مۆرای بوکچین: چۆن لە ئایدیۆلۆژیی نوێی پەکەکە تێبگەین؟

سارۆ ئەردەڵان


پێشەکی

ساڵی ٢٠٠٦ کاتێک مۆرای بوکچین کۆچی‌دوایی کرد، لە ڕیزی گریلاکاندا ڕێزی لێ گیرا و سەرکردایەتیی پەکەکە ڕایگەیاند ناوبراو نەمردووە، بەڵکوو لە ڕێگەی بەرهەمەکانی و چالاکیی کەسانی دیکەوە زیندوو دەمێنێتەوە. ئەگەرچی بوکچین ئەم شانسەی نەبوو لە زێدی خۆی لە ئامریکا یا لە هەناوی شارستانییەتی ڕۆژئاوادا بەم شێوە یادی بەرز ڕابگیرێ، بەڵام لە چیا بەرزەکانی قەندیلیش کەمێک نامۆ دەهاتە بەرچاو کە بیرۆکەی بوکچین ببێتە هەوێنی ئایدیۆلۆژییەکی شۆڕشگێڕانە بۆ خەباتی حیزبێک لە کوردستاندا. لەم دوایی‌یانەدا کتێبی ئێکۆلۆژیی ئازادیی بوکچین لە وەشانخانەی برای آزادی – روژآوا چاپ و بڵاو کرایەوە و وەرگێڕ ئاماژە بەوە دەکا کە بیرۆکەکانی بوکچین بوونەتە هۆی ئەوەی ئۆجالان، ڕێبەری مەعنەویی پەکەکە، واز لە فیکری مارکسیستی – لێنینیستی بهێنێ و، لە ڕێگەی نووسینەکانی ئۆجالانەوە تیۆریی ئێکۆلۆژیی کۆمەڵایەتیی بوکچین لە فێدراسیۆنی باکووری سوریا جێبەجێ بکرێ.

من لەم وتارەدا سەرەتا هەوڵ دەدەم کورتەیەک لە بیرۆکەکانی بوکچین بەدەستەوە بدەم و زیاتر دوو تەوەری ئێکۆلۆژیی کۆمەڵایەتی (Social Ecology) و شارەوانیی ئازادیخوازانە (Libertarian Municipalism) شی بکەمەوە. لە درێژەی وتارەکەدا بە گەڕانەوە بۆ نووسینەکانی بوکچین باس لەوە دەکەم کە بۆچی بیرۆکەی ئەو دژەناسیۆنالیستییە. مۆرای بوکچین (١٩٢١-٢٠٠٦) بیرمەندێکی ئەنارشیستی ئامریکایی‌یە و خاوەنی چەندین کتێبی گرنگ لە بواری فەلسەفەی سیاسییە، وەکوو ئانارشیزمی دوای قاتوقڕی (١٩٧١)، ئێکۆلۆژیی ئازادی (١٩٨٢) و شارنشینی بەبێ شارەکان (١٩٨٧). بوکچین لە دوای نووسینی گرنگترین کتێبەکانی خۆی و لە کۆتاییی تەمەنیدا لە بزووتنەوەی ئانارشیستی بێ‌هیوا ببوو، چونکە دەیدی ئەم بزووتنەوەیە ناسیاسی بووە و زیاتر وەکوو ستایلی ژیان دەرکەوتووە، هەربۆیە دیسانەوە ڕوو لە ئایدیولۆژییەکی سۆسیالیستیی ئازادیخوازانە دەکاتەوە. چونکە لە ئەدەبییاتی سیاسیی پەکەکەدا و بەتایبەت لە نووسینەکانی ئۆجالاندا کاریگەریی ڕاستەوخۆی بەرهەمە فیکرییە یەکەمەکانی بوکچین دەردەکەوێ، من لە هەمان بەستێندا ئاماژە بە بۆچوونەکانی بوکچین دەکەم.

گەشەی فیکری: لە مارکسیزمەوە بۆ ئەنارشیزم

بوکچین لە سەرەتاوە لەژێر کاریگەریی مارکسیزمدا بووە و، بۆ چارەسەرکردنی نادادپەروەرییەکانی سەرمایەداری باوەڕی بە خەباتی چینایەتی هەبووە و چینی کرێکاری وەک هێزی بزوێنەری گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە بینیوە. بوکچین لەگەڵ قووڵبوونەوە لە تیۆریی مارکسیستیدا و چاودێریکردنی سەرهەڵدانی ڕژێمە سەرەڕۆکان کە بانگەشەی سۆسیالیسزمیان دەکرد، هەندێک لایەنی مارکسیزمی نەریتی لەلای بووە جێی پرسیار. هەربۆیە ڕەخنەی زیاتری لە بیرۆکەی دەوڵەتی ناوەندی وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە سۆسیالیزم دەگرت. ئەو پێی وابوو چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەوڵەتدا دەتوانێت ببێتە هۆی هەمان ئەو پێکهاتە ستەمکارانەی کە مارکسیستەکان هەوڵی هەڵوەشاندنەوەیان دەدەن. بوکچین نیگەران بوو لەوەی کە دەوڵەتێکی بەهێزی ناوەندی دەتوانێ بەئاسانی بەرەو دەسەڵاتێکی خراپ بڕوا و ئامانجی ڕزگاریی ڕاستەقینە بۆ هەمووان تێک بدات.

بوکچین سەبارەت بە دەسەڵاتی ناوەندی و پێکهاتە هیرارشییەکان\پلەبەندییەکان (hierarchical structures) گومانی لەلا ساز بوو و ئەدەبییاتی ئەنارشیزمی سەرنجی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، بەتایبەتی بەرهەمەکانی پیتەر کرۆپۆتکین و ئیما گۆڵدمان کاریگەرییان لەسەر دانا. ئەنارشیزم بانگەشە بۆ کۆمەڵگەیەکی بێ‌دەوڵەت و ناهیرارشی\ناپلەبەندی دەکرد کە تاکەکان بتوانن ئازادانە بژین و بەبێ گوێدان بە دامەزراوەی ستەمکارانە خۆیان بەڕێوە ببەن. کاتێک بوکچین سەرنجی بۆ لای کێشە ژینگەیی‌یەکان\ئێکۆلۆژییەکان ڕاکێشڕا، بەتەواوی بەرەو ئەنارشیزم هەنگاوی هەڵێنا.


ئێکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی: پەیوەندیی نێوان پرسە کۆمەڵایەتی و ئێکۆلۆژییەکان

بوکچین لە بەرهەمە سەرەکییەکەیدا بە ناوی “ئێکۆلۆژیای ئازادی: سەرهەڵدان و هەڵوەشاندنەوەی پلەبەندی،” بەدواداچوون بۆ پەیوەندیی نێوان پرسە کۆمەڵایەتی و ئیکۆلۆژییەکان دەکات و شیکارییەکی گشتگیر لەبارەی گەشەسەندنی مێژوویی پلەبەندی و، کاریگەرییەکانی لەسەر هەردوو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و سروشت دەخاتە ڕوو. بە باوەڕی بوکچین کۆمەڵگا و سروشت لێک گرێدراون و، زاڵبوون بەسەر سروشت لە لایەن مرۆڤەوە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە پلەبەندییە کۆمەڵایەتییەکان و سیستەمی ستەمکارانەدا داکوتاوە. لەسەر ئەم بنەمایە، شێوازی ڕێکخستنی مرۆڤەکان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکەی لەگەڵ ژینگەدا هەیە. بە درێژاییی مێژوو کۆمەڵگاکان مەیلیان هەبووە سروشت وەک ئۆبژەیەک سەیر بکەن و بۆ بەرژەوەندیی نوخبەیەکی دەسەڵاتدار کۆنتڕۆڵ بکرێت. لە بەرانبەردا، ئەو کۆمەڵگایانەی پێکهاتەی یەکسانیخوازانەتریان هەیە، زۆرجار پەیوەندییەکی هاوئاهەنگتر لەگەڵ جیهانی سروشتیدا نیشان دەدەن.

لە ئێکۆلۆژیای ئازادیدا بوکچین شوێنپێی گەشەسەندنی کۆمەڵگا پلەبەندییەکان لە سەردەمی پێش مێژووەوە تا ئێستا دەگرێتەوە و باس لەوە دەکا کە چۆن کۆمەڵگا مرۆیی‌یە سەرەتایی‌یەکان لە پەیوەندییەکی تا ڕادەیەک یەکسانیخوازانەتر لەگەڵ سروشتدا ژیاون، بەڵام وردە وردە لەگەڵ سەرهەڵدانی کشتوکاڵ و چڕبوونەوەی دەسەڵات، سیستەمی پلەبەندی ساز بووە. لەگەڵ سەرهەڵدانی کشتوکاڵ، خەڵک لە شوێنێکدا نیشتەجێ بوون، ئەمەش بووە هۆی کەڵەکەبوونی سەرچاوەی زیادە و سەرهەڵدانی چینە کۆمەڵایەتییەکان. لەگەڵ زیاتر پلەبەندیکردنی کۆمەڵگاکان، ژینگەی سروشتی زیاتر وەک سەرچاوەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرا و بۆ بەرژەوەندیی نوخبەیەکی دەسەڵاتدار بەکار دەهات. هەربۆیە بوکچین ڕەخنە لەو بۆچوونە دەگرێ کە مرۆڤ لە ناوەندی گەردوون دادەنێت و پێی وایە مرۆڤ مافی ئەوەی هەیە بە سەر سروشتدا زاڵ ببێ و، کۆنترۆڵی بکات. لەم ڕووەوە، بانگەشە بۆ ئەخلاقێکی ئێکۆلۆژی دەکا کە بەهای سروشتی هەموو بوونەوەرە زیندووەکان تیایدا بپارێزێ.

لەگەڵ پەرەسەندنی شارنشینی و پیشەسازیی کۆمەڵگادا، مرۆڤەکان زیاتر لە سروشت نامۆ بوون. پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ جیهانی سروشتیدا بووە هۆی چەوساندنەوەی زیاتر. بوکچین لە ڕێگەی چەمکی تەکنەلۆژیای ئازادیخوازانەوە باس لەوە دەکا کە تەکنەلۆژیا توانای ئەوەی هەیە تاک و کۆمەڵگا ئازاد بکات. ئەو ڕەخنە لە تەکنەلۆژیا بەرفراوانەکانی کۆمەڵگای پیشەسازی دەگرێ کە لە خزمەتی دەسەڵاتی ناوەنددان و بەردەوام دەبنە هۆی تێکچوونی ئێکۆلۆژی. لە بەرانبەردا، ئەو داوای پەرەپێدانی ئەو تەکنەلۆژیایانە دەکا کە کۆمەڵگە خۆجێییەکان (local communities) بەهێز دەکەن، بۆ ئەوەی خۆبژێو بن و لە ڕووی ئێکۆلۆژییەوە بەردەوام بن. بۆ گەیشتن بەم دۆخە، دەبێ ڕێساکانی لامەرکەزییەت، دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ و یەکسانیی کۆمەڵایەتی پەیڕەو بکرێت؛ دەبێ مرۆڤەکان چالاکانە بەشداریی پرۆسەکانی بڕیاردان بن کە کاریگەرییان لەسەر ژیانیان و ژینگە هەیە. بوکچین پێی وایە بە هەڵوەشاندنەوەی پلەبەندییەکان و گرنگیدان بە ئەخلاقی ئێکۆلۆژی، کۆمەڵگا دەتوانێ پێکەوەژیانێکی هاوسەنگ لەگەڵ سروشتدا بەدەست بهێنێت.


شارەوانیی ئازادیخوازانە: دێمۆکراسیی جەماوەری

شارەوانیی ئازادیخوازانە ستراتیژییەکی سیاسییە کە بانگەشە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی لامەرکەزی بەپێی دێمۆکراسییەکی ڕاستەوخۆ و وشیاریی ئێکۆلۆژی دەکات. زاراوەی شارەوانی ئاماژە بۆ ئەم بیرۆکەیە دەکا کە کۆمەڵگەی خۆجێیی لە لایەن شارەوانییەوە نوێنەرایەتی بکرێ و هەر ئەوێ، شوێنێک بێ بۆ بڕیاردانی سیاسی. بنەما سەرەکییەکانی شارەوانیی ئازادیخواز بریتین لە: (١) دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ: بەشداریی سیاسیی هاووڵاتییان لە بڕیاردان بەبێ پێویستبوون بە نوێنەر؛ (٢) ئەنجومەنی کۆمەڵگە: مەکۆیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هاووڵاتییان لەگەڵ یەک بۆ بڕیاردانی سیاسی کە تیایدا گفتوگۆی بەکۆمەڵ ساز دەبێ؛ (٣) حوکمڕانیی ناپلەبەندی: ڕەتکردنەوەی دەوڵەتی ناوەندی و بانگەشە بۆ کۆمەڵگەیەک کە دەسەڵات تیایدا لامەرکەزی بێ و، بە شێوەیەکی یەکسان دابەش بکرێت؛ (٤) بەرپرسیارێتیی ئێکۆلۆژی: جەخت لەسەر گرنگیی وشیاری و بەرپرسیارێتیی ئێکۆلۆژی دەکاتەوە.

بوکچین بەتایبەت لە کتێبی لە شارنشینییەوە بۆ شارەکان: بەرەو سیاسەتێکی نوێی هاووڵاتیبوون، باس لەوە دەکا کاتێک کۆمەڵگاکان بەرەو شارنشینی بچن، بەشداریی سیاسی و بڕیاردان لە ئاستی خۆجێییدا دادەبەزێت. زۆرجار شارنشینەکان هەست بە دابڕان لە پرۆسە سیاسییەکان دەکەن کە کاریگەرییان لەسەر ژیانیان هەیە و، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەست بە بێ‌دەسەڵاتی و نامۆیی بکەن. بوکچین پێی وایە لە ڕێگەی بەهێزکردنی کۆمەڵگە خۆجێییەکان، هاووڵاتییان دەتوانن لە گەڕەک و شارەوانییەکان قسەی ڕاستەوخۆیان لە کاروباری کۆمەڵگەکەیاندا هەبێت. هاووڵاتییان دەتوانن لە ئەنجومەنەکاندا کۆ ببنەوە و بڕیار لەسەر بودجەی گەڕەکی خۆیان بدەن، پڕۆژە پێشنیار بدەن، باس لە پێشینییەکان بکەن و دەنگ لەسەر ئەوە بدەن کە پارەکە چۆن خەرج بکرێت.

بوکچین پێی وایە بۆ چارەسەریی هەندێک پرس و نیگەرانییەکان دەبێ لە کێشەی گەڕەکێکەوە واوەتر بڕۆین. بۆ نموونە کاتێک باس لە ژێرخانی ئابووری و سیستەمی خزمەتگوزاری و هاتوچۆ دەکرێ، پێویستە شارەوانییەکان سیستەمێکی کۆنفێدڕاڵ پێک بێنن تا بتوانن بەکۆمەڵ چارەسەری ئەم کێشە گەورانە بکەن و، هاوکات هێشتا سەربەخۆیی و دەسەڵاتی بڕیاردانی خۆجێیی خۆیان بپارێزن. بۆ نموونە کاتێک کێشەیەکی ژینگەیی ساز دەبێ، ئەنجومەنە خۆجێییەکان پێکەوە کۆ دەبنەوە و هەر شارەوانییەک هەوڵ دەدا بەپێی سیاسەتێکی ناوچەیی گشتگیر بەرەنگاری پیسبوونی ژینگەیی ببنەوە.

ڕوانگەی دژەناسیۆنالیستیی بوکچین

کاتێک بوکچین دەوڵەت بە سەرچاوەی لەناوچوونی سروشت و نامۆییی مرۆڤ دەزانێ و بانگەشەی حوکمڕانییەکی دژە دەوڵەت دەکا، جێگەی سەرسووڕمان نییە کە لەگەڵ ڕوانگەی ناسیۆنالیستی و دەوڵەت – نەتەوە مۆدێرنەکان کێشەی بنەڕەتی هەبێ. بوکچین لە دوایین کتێبیدا، شۆڕشی داهاتوو: ئەنجومەنە جەماوەرییەکان و بەڵێنی دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ، باس لەوە دەکا کە لە کۆمەڵگایەکی ئازاددا جێگەیەک بۆ دەوڵەت نەتەوەکان چ وەک نەتەوە و چ وەک دەوڵەت نییە. لە ڕوانگەی ئەودا، ناسیۆنالیزم جۆرێکە لە خێڵەکیبوون کە مرۆڤەکانی دابەش کردووە و، وەک سووتەمەنییەک شەڕی نێوان کۆمەڵگەکانی پێ خۆش کراوە. هەربۆیە سۆسیالیستەکان نابێ فریوی هەستی ناسیۆنالیستی بخۆن. ناسنامەی نەتەوایەتی نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتییە و دەبێ چارەسەر بکرێ تا کۆمەڵگا لەمە زیاتر شپرزە نەبێ.

بە باوەڕی بوکچین سەربەخۆییی سیاسیی گەلانی بەکۆلۆنیکراو نەبووەتە هۆی ئەوەیکە ئەوان ئازادییەکی بنەڕەتی بەدەست بهێنن. ئەگەرچی هەندێک وڵاتی سەربەخۆ بەشێوەی فەرمی ساز بوون، بەڵام هەروەک جاران لە لایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانی سەرمایەدارییەوە دەستیان تێوەر دەدرێ. لەوەش خراپتر، لە ناوەرۆکدا ناسیۆنالیزمی ستەملێکراوەکان بە ئەندازەی ناسیۆنالیزمی ستەمکارەکان دواکەوتوون. لە ڕوانگەی بوکچیندا، ئەو وڵاتانەی پێشتر کۆلۆنی بوون، بە ئوستوورەی سەروەریی نەتەوەیی (national sovereignty) کڵاویان لەسەر نراوە و، هەربۆیە ئەوانیش خۆیان بە وەدەستهێنانی خاک و پاکتاوکردنی قەومییەوە سەرقاڵ کردووە. ئەو پێی وایە خەڵکی ستەملێکراو مافی ئەوەیان بوو دژ بە ستەمکاری خەبات بکەن، بەڵام ناسیۆنالیزم ڕێگایەک بوو جگە لە کارەسات ئەنجامێکی دیکەی نەبوو. بوکچین ناسیۆنالیستەکان وەک کەسانێک سەیر دەکا کە باوەڕیان بە بیرۆکەیەکی کۆنی دواکەوتووانە (regressive atavism) هەیە کە ڕۆشنگەری زۆر لەمەوبەر هەوڵی دا بەسەریدا زاڵ ببێ. ناسیۆنالیستەکان خراپترین تایبەتمەندیی ئیمپراتۆرییەکانیان زیندوو کردەوە و بەشێوەیەکی ستەمکارانە هەوڵیان دا گەلانی ستەملێکراو لە ڕێگەی بزوێنەری کولتووری، ئایینی، قەومی و لەبێگانەتۆقان هان بدەن تا دیسانەوە بکەونە خزمەتی ئیمپریالیزمە ناوچەیی‌یەکانەوە.

جێی ئاماژەیە، بوکچین پێی وایە تەنیا لە هەناوی سەرمایەداریی پێشکەوتوودا ئیمکانی شۆڕشی سۆسیالیستی هەیە. تەنانەت ئەگەر لە وڵاتانی گەشەنەسەندوودا شۆڕشێک ساز ببێ، هێزی چەکداریی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی توندوتیژییەوە لەناوی دەبا. هەربۆیە دەبێ چەپەکان خۆیان بە سازکردنی شۆڕش لە باشووری جیهانیدا (the Global  South) سەرقاڵ بکەن و، دەبێ سۆسیالیستە ڕادیکاڵەکان لە وڵاتە پیشەسازییەکاندا بیر لە شۆڕش بکەنەوە. هەربۆیە بوکچین ڕەخنە لە چەپی جیهانی دەگرێ کە بۆچی خۆیان گیرۆدەی خەباتی دژەکۆلۆنیالیستی کردووە و، لەگەڵ سۆسیالیزم پێکەوەیان گرێ داون. ئەمە تەنیا بە قازانجی ئەو بزووتنەوانە بووە کە ئامانجی ئازادیی نەتەوەیی‌یان هەبووە و هیچ دەستکەوتێکی بۆ سۆسیالیزم نەبووە. ئەوەی ڕاستی بێ، چەپەکان یارمەتیی بەهێزبوونی دیکتاتۆرییەکانی جیهانی سێهەمیان داوە کە وەک ئامراز سەیری سۆسیالیزمیان کردووە و هێندەش هۆگری وەدیهاتنی ئامانجەکانی سۆسیالیزم نەبوون.

بوکچین بە تانە و تەشەرەوە لەگەڵ چەپی ئامریکاییدا دەدوێ، چونکە پێی وایە ئەوان لە جیاتی ئەوەی بیر لە شۆڕش لە ئامریکا بکەنەوە، خۆیان لە جیهانی سێیەمدا و لەژێر داوێنی کاسترۆ، هۆشی مین و مائۆدا شاردووەتەوە. بە باوەڕی ئەو، چەپی ئامریکایی لە ڕێگەی سازکردنی پڕۆژەیەک بۆ شۆڕش لە ناوخۆی ئامریکاوە دەتوانێ یارمەتیدەری جیهانی سێهەمیش بێت. ئەگەر شۆڕش لە وڵاتانی باکووری جیهانیدا (ناوەندە سەرەکییەکانی ئابووریی جیهانی) ڕووی بدایە، لە بەرژەوەندیی وڵاتانی باشووری جیهانیش دەبوو. بەم شێوەیە، بوکچین گرنگی بە سیاسەتی دژەسەرمایەداری لە وڵاتانی پێشکەوتووی پیشەسازی دەدا و خەمی وڵاتانی گەشەنەسەندووی نییە، چونکە پێی وایە هەر شۆڕشێک لەو شوێنانە یا مەحکوم بە شکەستە یا دیسان دەکەوێتە خزمەتی پڕۆژەیەکی ناسیۆنالیستییەوە کە خەڵک وەکوو جاران تیایدا دەچەوسێنەوە. بوکچین پێی وابوو تاکە هەڵوێستی ئەخلاقی ئەوەیە کە لە یەک کاتدا دژایەتیی ئیمپریالیزمی باکووری جیهانی و ناسیۆنالیزمی دژە ئیمپریالیستیی باشووری جیهانی بکرێ. هەربۆیە هەڵبژاردن لەنێوان ناسیۆنالیزمی دژە ئیمپریالیزم و شەڕانگێزیی ئیمپریالیستیدا هەڵبژاردنێکە لەنێوان خراپ و خراپتردا.

چەند تێبینیی کۆتایی

بە وتەی ژەنێت بیل، شەریکی ژیانی بوکچین کە ژیاننامەی ئەویشی نووسیوە، ئۆجالان لە زیندانەوە و لە ڕێگەی وەرگێڕانی تورکی هەندێک لە کتێبەکانی بوکچینەوە لەگەڵ ئەندێشەی ئەو ئاشنا بووە. هەروەها ئۆجالان شەش نامەی لەگەڵ بوکچین گۆڕیوەتەوە و خۆی وەک قوتابییەکی باشی ئەو پێناسە کردووە کە دەیهەوێ سیاسەتێک بەپێی بیرۆکەکانی بوکچین دابڕژێت. ئەگەرچی لەو ساڵانەدا بوکچین نەخۆش و بێ‌هیوا بوو و لە دۆخێکی دەروونیی خەمۆکیدا دەژیا، چونکە دەیبینی ئەو پڕۆژە سیاسییەی ئەو بەرنامەی بۆ داڕشتبوو، بە لەدایکنەبوویی مابووەوە. مەرگ دەرفەتی ئەوەی بە بوکچین نەدا ببینێ، چۆن حزبی پەکەکە لە کوردستانەوە و لە ئاکامدا، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە کۆنفێدڕالیزمی دێموکراتیک جێبەجێ دەکا.

بوکچین کە لە هەموو ژیانیدا، بە وتەی بیل دژەدەوڵەتێکی تۆخ بوو، بیرۆکەکانی بوونە هەوێن بۆ بەشێک لە نەتەوەیەک وەک گەورەترین نەتەوەی بێ‌دەوڵەتی جیهان. پێش لەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە کە لە ئایدیۆلۆژیی پەکەکەدا ساز بوو، ئەو حیزبە ئاراستەیەکی دژەکۆلۆنیالیستی بۆ سازکردنی دەوڵەتێکی ناوەندیی دژەسەرمایەدارانە لەسەر خاکی کوردستان هەبوو. بەڵام دوای ئەم گۆڕانکارییە چی تر نەدەکرا باس لە نەتەوە و دەوڵەت بکرێ کە خۆیان سەرچاوەی چەوساندنەوەی مرۆڤ و کاولکردنی سروشت بوون. ئایدیۆلۆژیی نوێی پەکەکە تەنانەت بوو بە مەترسییەک بۆ هەرێمێک کە لە باشووری کوردستان ساز ببوو. ئۆجالان ئەگەر پێشتر لە قەوارەی سەرۆکێکی دژەکۆلۆنیالستیدا دەردەکەوت، ئیستا ڕێک بەپێچەوانە دەبوایە پشتی لە ڕابردووی خۆی بکردایە. چونکە بە باوەڕی بوکچین خەباتە دژەکۆلۆنیالیستییەکان خراپەیەک بوون کە لە کۆتاییدا دەکەوتنە خزمەتی ناسیۆنالیزم و ئیمپرالیزمەوە.

بوکچین نەیدەویست ئەم حەقیقەتانە ببینێ کە شۆڕشە دژە کۆلۆنیالیستییەکانی سەدەی بیستەم، چەوساوەکانی (نەتەوە ژێردەستەکان، هەژاران و ژنەکان) هێنایە گۆڕەپانی خەباتی دژەستەمکارییەوە. ئەم بزووتنەوانە نەک هەر بەرەوڕووی هێژموونیی ئیمپریالیزم دەوەستانەوە، بەڵکوو دژ بە پلەبەندییە نەریتییەکانیش، وەکوو چەوسانەوەی جێندەری و چینایەتی، بوون. بزووتنەوەی ژێردەستەکان لە ڕێگەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی‌یەوە، هیوای ئازادییان لە هەناوی مرۆڤە چەوساوەکاندا چاند. بەڵام بوکچین چونکە ئەم هەوڵانە بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت لێک دەداتەوە، حەز ناکا باسیان بکا و، ڕێگەچارەیەک کە بۆیان پێشنیار دەکا ئەوەیە، بگەڕێنەوە بۆ شێوازی ژیانی کۆمۆنە سەرەتایی‌یەکان. ئۆجالان ئەمە بە دەرفەت دەزانێ و تەنانەت باس لەوە دەکا هەرێمی مێزۆپۆتامیا (چی تر ئاماژەدان بە کوردستان شیاو نییە) لانکەی ڕاستەقینەی کۆمۆنە سەرەتایی‌یەکانە و هەربۆیە دەڵێ ئەو کۆمەڵگایەی من تیایدا گەورە بووم، کولتووری چاخی بەردینی (نزیک شەش هەژار ساڵ لەمەوپێش) تێ نەپەڕاندووە و پێش نەکەوتووە!

سەرەڕای سازکردنی ئوستوورە بە نەتەوەی بندەست کە وڵاتەکەی لە دۆخی پێش لە شارستانییەتی سەرمایەداریدا ماوەتەوە، بیرۆکە دژەدەوڵەتەکانی بوکچین لە ڕێگەی ئەوەی کورد دەتوانێ لە ئاستی جیهانیدا پێشەنگی شۆڕشێکی دژەسەرمایەداری بێ، گڕوتینکی نوێی لەناو خەڵکی کورد و ڕۆژئاواییدا ساز کردووە. پرسیارێک کە کاتی خۆی بوکچین خۆی لێ دەبوارد، ئیستا دیسانەوە خۆی نیشان دەدا. ئەگەرچی بیرۆکەی مۆدێلی کۆمۆنە سەرەتایی‌یەکان ئاوێتەی شاراوانیی خۆبەڕێوەبەریی گەڕەکەکان لە شارە بچووکەکاندا کراوە و سیستەمێکی کۆنفێدراڵ ئەم شارەوانییانە بەڕێوە دەبا، لە کاتی سازبوونی هەڕەشەکان، لە نەخۆشییەوە بگرە هەتا شەڕەکان، چ دەسەڵاتێک نەزمی گشتی ڕێک دەخا؟ ئەگەر ئەم دەسەڵاتە حیزبێکە وەکوو پەکەکە کە باوەڕی بە دەسەڵات لە خوارەوە بۆ سەرەوەیە، ئایا هەر ئەمە بۆخۆی سیستەمێکی هیرارشی و پلەبەندی نییە؟

داگرتنی بابەت