پێشترێتیی دێموکڕاسی یان سۆسیالیزم؟
بیریار ژاوەرۆیی
ماوەیەک لەمەوبەر وتارێکی بەڕێز سارۆ ئەردەڵان لە ژێر ناوی “چل ساڵ پاش کورتەباس: بۆچی سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک هێشتا کارامەیە؟” لە پەرتووکی “لە ژێر ساباتی قاسملوو” بڵاو بووەوە. وێرای دەسخۆشی بۆ ورووژاندنەوەی ئەو باسە، لە ئاراستەی باس و ڕوونکردنەوەی زیاتر و هەروەها پێشنیاری خوێندنەوەی سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک و سۆسیال دێموکڕاسی لە ڕوانگەیەکی جیاواز لە سۆنگەی دژایەتیی سۆسیالیزم-کاپیتالیزم، لێرەدا بە کورتی تیشکێک دەخرێتە سەر ئەو وتارە و هەندێ پرسیار کە دەکرێ لەو بوارەدا بهێنرێنە ئاراوە، لەکاتێکدا کە ئەم بابەتانە، بیروڕای جیاوازیان لەسەرە و کراوەن بۆ باس کردن.
دیارە ئەو وتارە باسی ئەزموونی سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک لە وڵاتێکدا ناکات کە بە کردەوە دابەزێنراوە تاکوو بمانەوێت کارامە یان ناکارامەبوونی شی بکەینەوە. بۆیە سەردێڕی وتارەکە لە خۆیدا خوێنەر ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەکاتەوە کە ئاخۆ “سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک” لەلایەن حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە کاری پێ کراوە تاکوو باسی کارامە یان ناکارامە بوونی بکرێت؟ ئەگەر وایە، بێجگە لە بەرنامە و ئامانجێک بۆ داهاتوو، ئاخۆ لە کردەوەدا چەندە زاڵ بووە، گرنگایەتیی پێ دراوە و ڕەنگدانەوەی هەبووە؟ وەکوو ئایدۆلۆژیا فانکسیۆن/کردە سیاسییەکانی چی بوون، چەندە بووەتە هۆی وەجووڵەخستن و تۆکمەییی خەڵک و لایەنگرانی حیزب؟ بە بەراورد لەگەڵ ناسیۆنالیزم، ئەوەی مێژووی حیزبی دێموکڕات دەریدەخات، پێشاندەری زاڵبوونی سۆسیالیزم لەو حیزبەدا و کردەی سیاسیی ئەو لە نێو جەماوەردا نییە. لە کۆمەڵگادا ئەو حیزبە بێجگە ماوەگەلێکی کورت لەسەر دەسەڵات نەبووە تاکوو هەلی دابەزاندنی سۆسیالیزم، چ سۆسیالیزمی هەبوو و چ سۆسیالیزمی دیمۆکراتیکی هەبێت، بێجگە لە هەبوونی شۆراکان کە ئەوەش زیاتر پەیوەندیی بە دیمۆکراسییەوە هەبووە. بێ ڕەچاوکردنی جۆرەکەی، سۆسیالیزم زیاتر باسێک بووە لە ناو هەندێ لە سەرکردایەتیی حیزبی دیمۆکراتدا. تەنانەت باسی سۆسیالیزم چ لە سەردەمی چوون بەرەو سۆسیالیزمی هەبوو و چ لە سەردەمی چوون بەرەو سۆسیالیزمی دێموکڕاتیکدا، نەک هەر تۆکمەییی ناوخۆییی حیزبی بەدواوە نەبووە و بۆ جووڵەخستنی ئاپۆرەی خەڵکیش بەکار نەهێنراوە، بەڵکوو کێشە و دووبەرەکییشی لێ کەوتووەتەوە؛ واتە کردەی نەرێنییشی هەبووە. هەروەها بە هۆی کاریگەریی بیر و پێکهاتەی حیزبە سۆسیالیستەکان، حیزبی دێموکڕات بە کردەوە لە بواری دێموکڕاسییشدا تووشی کێشە بوو و نەتەنیا پێکهاتەی سێنتڕاڵیزەی هەبووە، بەڵکوو لە هەندێ قۆناخدا بە وێناکردنی خۆی وەک حیزبی “حاکم” لە کوردستاندا، ئازادیی حیزبیی بەرتەسک کردووە، بۆ وێنە بەشداری لە چەک کردنی سوپای ڕزگاری و هەروەها لە شەڕ و ناکۆکی نێوان حیزب و ڕێکخراوە سۆسیالیستییەکان کە یەکتریان بە شیاوی لەنێوبردن دەزانی. بۆیە دێموکڕاتیک بوونیشی چووە ژێر پرسیارەوە. کە ئەمەش بۆخۆی، بێ ڕەچاوکردنی کاریگەریی ناسیۆنالیزم، نموونەیەکی ترە لە دواهات یان کردەی نەرێنیی زاڵیەتیی سۆسیالیزم بە سەر دێموکڕاسی لە بیروهزردا، کە دواتر باس دەکرێت.
هەر لەو پەیوەندییەدا، هەروەک هەندێ جار لایەنگرانی سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک باسیان کردووە، ڕەنگە مەبەست کارامەبوونی لە قۆناخی خەبات و شۆڕشدا بێت و ئەوەی کە نابێ سنووری سۆسیالیزم وەکوو ئایدۆلۆژیای شۆڕش تێپەڕێ و سۆسیالیزم بۆ ئەو قۆناخە، ئەگەر بە ڕواڵەتیش بێت، گرنگترە لە ئایدۆلۆژییەکانی تر. لە پۆستی ناساندنی ئەو وتارەشدا لە فەیسبووک سارۆ ئەردەڵان بۆخۆیشی دەڵێ: “پێموابووە ئەو باسە بۆ خەباتی نەتەوەیی لە کوردستان گرنگە.” کەچی حیزبی دیمۆکرات ئەوەی وەک بەرنامەی داهاتوو واتە دوای سەرکەوتنی خەبات و کاتێک بە دەسەڵات دەگات دیاریی کردووە. لێرەدا ناکۆکییەک دێتە ئاراوە ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر سۆسیالیزم پێویستی سەردەمی خەبات و شۆڕشە بۆچی “حدکا” لە کردەوەدا وەک ئاماژە کرا سۆسیالیست نەبووە و زیاتر لە ٧٠ ساڵە کە لە قۆناخی خەباتدایە، بە کردەوە ناسیۆنالیست بووە و سۆسیالیزمی وەکوو “ئامانجی دواڕۆژ” حەواڵەی داهاتوو کردووە. ئەوەی خەڵکی وەجووڵە خستووە و بووەتە هۆی تۆکمەیی، کوردایەتی بووە؛ تەنانەت زۆربەی ئەندامانی بە هۆی هەستی نەتەوایەتی ڕوویان لەو حیزبە کردووە و نە وەک سۆسیالیست بەڵکوو وەک دێموکڕات خۆیان ناساندووە. کاتێک ئەو ئایدۆلۆژیایە ڕەنگدانەوەیەکی لە کردەوەدا نەبووە، دیار نییە بێ کردەوە چۆن کارامەبوونی دەسەلمێندرێت.
لەلایەکی ترەوە، ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئاخۆ ئەمە پێشاندەری کارامەییی سۆسیالیزمی دێموکڕاتیکە کە حدکا بە کردەوە “بەرەو سیاسەتێکی سۆسیال دیمۆکراتیانە هەنگاوی ناوە”؟ چۆن دەکرێ سۆسیال دێموکڕاسی ڕەد بکەینەوە بە هۆی پەیوەندی لەگەڵ سەرمایەداری کە دەبێ بڕوخێت (کورتەباس، ل. ٤٠-٤١)، و هاوکات لە کردەکانی کەڵک وەرگرین یان ئایدۆلۆژیاکەی خۆشمان، کردەی هاوشێوەی هەبێت. ئاخۆ نابێ بە ڕوانگەیەک سەیری ئەو ئایدۆلۆژییە نزیکانە بکرێ کە ڕێگایەکی پاساودار بۆ هاوکاری بهێڵرێتەوە؟ (هەربەو جۆرەی لە کۆنگرەی ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیستدا ڕووی داوە) لەکاتێکدا هەردووکی سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک و سۆسیال دێموکڕاسی وەک ئایدۆلۆژیا، سیستەمی هزرییان لە پشتە بەوجۆرەی لە ئەوروپا سەریان هەڵداوە و گەشەیان سەندووە و تەنانەت ڕیشەی هاوبەشیان هەیە، لە کورتەباسدا یەکیان وەک ڕێبازێکی سادە و ئەوی تریان وەک سیستەم و ئایدۆلۆژیایەکی گرنگ سەیر دەکرێت. وتارەکەی سارۆ ئەردەڵانیش وێرای ئەوەی کە بە پشت بەستن بە پەرتووکە زانستییەکان، سۆسیال دێموکڕاسی بە ئایدۆلۆژیا ناو دەبات، هەر ئەو ڕوانگەیە دووپات دەکاتەوە. دیارە د. قاسملوو بە پێی هەلومەرجی ئەو دەم هەڵوێستی سۆسیالیستیی هەبووە و زیاتر لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە دڵنیایی بدات کە بازنەی سۆسیالیزمی تێنەپەڕاندووە، بۆیە لە سۆنگەی دژایەتیی سۆسیالیزم-کاپیتالیزمەوە ئاماژە بە ڕێبازی ڕێفورمیستیی حیزبە سۆسیال دێموکڕاتەکان دەکات. بەڵام ئاخۆ دەکرێ لە ئێستاشدا هەر بەو سۆنگەیەوە لەسەر سۆسیال دێموکڕاسی باس بکرێت؟ لێرەدا بەپێچەوانەی دەقی کورتەباس کە بە دابەزاندنی بۆ ڕێبازێکی حیزبی خۆی دەرباز دەکات، وتارەکە ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبێتەوە کە چۆن دەکرێ سۆسیال دێموکڕاسی ئایدۆلۆژیایەکی کاریگەر بێت، بەڵام خاوەن سیستەمێکی هزری نەبێت و هاوکاتیش بە بەرتەسکردنەوەی بۆ ڕێباز و پالیسی حیزب یان دەوڵەتێک (هەڵبەت ئەمەش خۆی هەر بەرهەمی هزرییە) بمانەوێت لە کردەکانیشی کەڵک وەرگرین. هەروەها، ئەگەر سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک بەو جۆرەی لە “حدکا”دا هەبووە کە کردەیەکی ئەوتۆی نەبووە، نە بۆ ڕابردوو و ئێستای حیزب و نە لە پێناو ڕووخاندنی سەرمایەداری وەک لە “کورتەباس”دا هاتووە و تەنیا بۆ داهاتوو ڕەچاو کراوە، ئاخۆ ئەوە دانەبەزێنراوە بۆ ئاستی ڕێباز/پالیسی سادەی حیزبی بەوجۆرەی لە کورتەباسدا لەسەر سۆسیال دێموکڕاسی باس کراوە؟ هەرچۆنێک بێت، ئەم شێوە ڕوانینە بۆ ئەم سەردەمە نە تەنیا ڕێئالیستی نییە، بەڵکوو دیسانەوە لە دەلاقەی سۆسیالیزمی داخراوەوە سەیری پەیوەندییەکان دەکات و بە جۆرێ لە زاڵبوونی سۆسیالیزم بە سەر دێموکڕاسیدا سەرچاوە دەگرێت. کەواتە، وێڕای گرنگیی “کورتەباس” و هەوڵەکانی د. قاسملوو لە باری تیۆریکەوە بۆ گەڕاندنەوەی باسی دێموکڕاسی پاش زاڵیەتیی سۆسیالیزمی هەبوو لە ناو حیزبی دیمۆکراتدا و هەوڵی بۆ دێموکڕاتیک کردنی سۆسیالیزم و گۆڕان بەرەو سۆسیالیزمی دیمۆکراتیک وەکوو ئامانجی دواڕۆژ، واتە بۆ بەدیهێنانی سۆسیالیزمێک لە کوردستاندا کە دێموکڕاتیک بێت، بە هۆی بارودۆخی ئەودەم و ڕوانینی بە چاویلکەی ئابووری و سۆسیالیستییەوە، وا دەردەکەوێت کە ئەوەندەی پەرۆشی مانەوە لە چوارچێوەی سۆسیالیزم لە بەرانبەر کاپیتالیزمی هەبووە، سەرنجی پێشترێتیی لە نێوان سۆسیالیزم و دێموکڕاسی نەداوە تاکوو لەم ڕێگایەوە هەوڵ و پەیوەندییەکانی داهاتوو پاساویان هەبێت. بۆیە، هەر وەک لە وتاری چەند ساڵ پێشی نووسەردا لە ڕوانگەی گرنگایەتیی دێموکڕاسییەوە باس کراوە، بەپێی سەردەم و گۆڕانکارییە جیهانییەکان و هەروەها خودی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وەک حزبێکی دێموکڕات، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە لەو حیزبەدا دەبێ پێشترێتی بە دێموکڕاسی بدرێت یان بە سۆسیالیزم؟
دیارە لە سەرەتادا تا هێنانە ئارای باسی سۆسیالیزم وەکوو بەرنامەی دواڕۆژ و کاریگەری حیزبی توودە، دێموکڕاسی و بەدیهاتنی مافی نەتەوەیی لە حیزبی دێموکڕاتدا بنەمای سەرەکی بووە. بەپێی وتارەکانی لە ڕۆژنامەی کوردستاندا، قازی محەمەد زەینییەتێکی دێموکڕاتیکی هەبوو و دێموکڕاسی بۆی بنەما بوو. لە سەرەتاشدا وێڕای زاڵیەتی و کاریگەریی سۆڤییەت، چالاکانی کورد، حیزبی دێموکڕات پێک دێنن نەک حیزبی سۆسیالیست. بەڵام ئەگەر لەم قۆناخە تێپەڕین و باسی سەردەمی پاش هێنانە ئارای سۆسیالیزم لەم حیزبەدا بکەین، ئەدی ئەو پرسیارەی سەرەوە دێتە گۆڕێ. لەو پەیوەندییەدا ڕەنگە بگوترێت هەروەک دێموکڕاسی لیبراڵ و سۆسیالی هەیە، سۆسیالیزمیش دێموکڕاتیک و نادێموکڕاتیکی هەیە. بەڵام لێرەدا جیاوازییەکە ئەو پێشترێتییەیە کە لە یەکەمدا بە خودی دێموکڕاسی دەدرێت و بە هۆی ئازادییەوە ڕێگای گۆڕان کراوەتر و هاسانترە و دەکرێ لە ئازادیدا و بە هەبوونی سەروەریی یاسا بۆ مافەکانی تر تێبکۆشرێت. لەکاتێکدا کە لە دووەمدا پێشترێتییەکە بە سۆسیالیزمە کە ئەو ڕادە ئازادییەی تێدا بەدی ناکرێ و لە ناخدا هەڵگری لایەنی نادێموکڕاتیک و سەرووی یاسایە و بە کردەوەش وێڕای ئیدیعای دێموکڕاتیک بوون، ئەزموونی وڵاتە سۆسیالیستەکان ئەوەی سەلماندووە. بە واتایەکی تر ناکۆکییەک لە نێوان سۆسیالیزم و دێموکڕاسیدا پێکدێت کە بە هۆی زاڵیەتیی یەکەمەوە جێبەجێکردنی بنەماکانی دووەمی بەرتەسک دەکرێنەوە. بنەماکانی دێموکڕاسی واتە ئازادی، ئاشتی و دادپەروەری، لە وڵاتانی سۆسیالیستدا زیاتر تووشی قەیران بوون، بە جۆرێ کە سۆسیالیزم بۆ بێدەنگ کردنی پرسەکانی تر بەکار هێنرا. بۆ وێنە نە تەنیا دادپەروەری و بەرابەری بۆ لایەنی ئابووری و سەروەریی چینێکی تایبەت، بەڵکوو ئازادیی سیاسییش بۆ ئازادیی تاکە حیزب یان لایەنێک بەرتەسک کرانەوە.
لەو پەیوەندییەدا پێویستە ئاماژە بکرێت کە ڕاستە سەرمایەدارییش تووشی کێشە و قەیران بووە، بەڵام سۆسیالیزم زۆر زووتر تووشی قەیران بوو و هەروەها کە وڵاتانی سەرمایەداری بەرەو سەرنجدان بە هەندێ لایەنی سۆسیالیستی ڕۆشتوون، زۆرێک لە وڵاتانی سۆسیالیستیش بەرەو سەرمایەداری ڕاکێشراون. هەروەها، ناکرێ یەکلایەنە تەنیا سەیری گەندەڵیی کەرتی تایبەت بکرێت، بەڵکوو پێویستە سەرنجی گەندەڵی لە ناو و بە ناو دەوڵەت و خەڵکیشەوە بدرێت کە ڕەنگە لە ناو دەوڵەتدا زیاتر “بە پاساوی بەرژەوەندیی خەڵکەوە” گەندەڵی بکرێت. لە مێژە باس لەوە کراوە کە جیهان بەرەو هاوسەنگییەک لەو دوو ئایدۆلۆژیا سەرەکییە ڕۆشتووە و سەردەمی ئەوە نەماوە کە وەک دوو جەمسەری ڕەش و سپی سەیر کرێن کە دەبێ یەکیان ئەوی تر لە نێو ببات. هەروەک لە وتارەکەشدا ئاماژە بە هەندێ بیروڕا وەک ئەوەی کینۆرسی کراوە، بە بڕوای نووسەر قەیرانەکانی سەرمایەداری ڕەنگە ببنە هۆی ڕۆشتن بەرەو سۆسیال دیمۆکراسی کە پێشترێتیی دێموکڕاسییش ئەو ئازادییەی ڕەخساندووە، بەڵام نەک بەرەو ئەو سۆسیالیزمەی کە ڕووخاندنی سەرمایەداری ئامانجیەتی و لە کورتەباسدا پێداگریی لەسەر دەکرێت، ئەویش لە سەردەمی پاشەکشێ یان سەرنەکەوتنی سۆسیالیزمدا. بۆ وێنە لە فەڕەنسەدا کە د. قاسملوو وەک نموونە باسی دەکات، بینرا کە بەرەو سۆسیال دێموکڕاسی چوو نەک سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک. دیارە هەموو سیستەمەکان بریتی لە سیستەمی وڵاتانی سۆسیال دێموکڕات کێشەی تایبەتی خۆیان هەیە، هەروەها کە لە وڵاتانی سۆسیالیستیدا هەبووە و هەیە. ئەوەی گرنگە ئاستی کێشەکانە. لەم بوارەدا لە جێی پشت بەستن بە “ئەگەری” ڕەخنەگران، شێوازی بەراوردکارانە لەگەڵ یەکتر بەپێی پێوەرەکان لە بوارە جیاوازەکاندا زیاتر کارامەییی سیستەمەکان دەردەخات. بۆ وێنە نەتەنیا هەموو سیستەمە سۆسیالیستییەکان، بەڵکوو زۆرێک لە سیستەمەکانی تریش بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیشەوە، بە باوەڕی خۆیان، خۆیان بە دێموکڕاتیک دەزانن. بەڵام ئاخۆ بەپێی پێوەرەکانی دێموکڕاسی و دێموکڕاتیک بوون دەکرێ ئەوانە بە دێموکڕاتیک دانرێن؟ دیارە زۆریان ناکەونە ئەو بازنەیەوە. هەر لەو پەیوەندییەدا وڵاتانی سۆسیال دێموکڕات لانیکەم تاکوو ئێستا بە بەراورد لەگەڵ وڵاتە سۆسیالیستەکان لە بەدیهێنانی سەروەریی خەڵک، ئازادی و دادپەروەریدا سەرکەوتووتر بوون. ڕۆڵی دەوڵەت لە “چارەسەریی نایەکسانیی سیستەمیک” تایبەت بە سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک نییە، گەرچی ناکرێ ڕۆڵی خودی دەوڵەتیش لەو نایەکسانییەدا ڕەچاو نەکرێت. ڕەنگە قەبارەی دەوڵەت و ڕادەی دەستێوەردانی جیاواز بێت، بەڵام لە زۆربەی سیستەم و ئایدۆلۆژیاکان لەوانە سۆسیال دێموکڕاسییش ڕۆڵی دەوڵەت لە چارەسەریی نایەکسانی یان ڕێگای کۆنتڕۆڵ و چاوەدێری و وەڵامدەربوون ناسراوە. ئەوەی پێویستی سەرنجە ئەوەیە کە چ دەستێوەردانی ڕەهای دەوڵەت و پاوانکردنی هەموو شت لە دەستیدا، چ بەڕەڵاکردنی ڕەهای بازاڕ بۆ کۆمەڵگا کێشەسازن.
هەرچۆنێک بێت لێرەدا باسی بەرگری لە دێموکڕاسییە، نەک پێشترێتیی سەرمایەداری لە دووانەی سۆسیالیزم-کاپیتالیزمدا. حیزبی دێموکڕاتیش بێجگە لە هەندێ کاریگەریی بیری سۆسیالیستی بەتایبەت لە باری پێکهاتەی حیزبییەوە، بە کردەوە ئەوەندە سۆسیالیست بوونی زەق نەبووە و هەموو ئەو باسانەش لە کەشوهەوایەکی سیاسی-ئایدۆلۆژیکی جیاوازدا تەگبیر بۆ داهاتوو بووە کە دەکرێ پێداچوونەوەیان بە سەردا بکرێت. بۆیە لە ئاراستەی گۆڕانکاریی جیهانیی باسکراو لە سەرەوە کە سەردەمی ڕەش و سپی دیتن و سنووردارکردنی وێژەی خۆ لە ناو بەرەیەکدا باوی نەماوە، نووسەر بە باشتری دەزانێ لە جێی خۆ قەتیس کردنەوە لە بازنەی ئەو دژایەتییە تۆخەی ئایدۆلۆژیا سەرەکییەکانی سەردەمی شەڕی سارد، بەرەو ڕوانگەیەکی مامناوەند لەسەر بنەمای خودی دێموکڕاسی هەنگاو هەڵێنرێت. بۆ وێنە، ناکرێ حدکا لەگەڵ ئەو هەموو حیزبە سۆسیال دێموکڕاتانە کە بەشداری سەرەکیی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیستن لە ژێر چەترێک کۆ ببێتەوە و هاوکات بە زمانی چل ساڵ پێش لە سۆنگەی ڕێفۆرمیست بوون و خزمەت بە سەرمایەداری سەیریان بکات، ئەگەر هێشتا دەقی کورتەباس بنەما بێت کە سۆسیال دێموکڕاسی ڕەت دەکاتەوە و دەیەوێت بە تەواوی سیستەمی ئابووریی کاپیتالیستی بگۆڕێ بە سۆسیالیستی. بۆیە پێویستیی بە گۆڕانێک هەست پێ دەکرێت؛ یان بەدواداچوونی لۆژیکێکی جیاواز و ڕاڤەیەکی نوێ و ڕاهاتوو لەگەڵ سۆسیالیزمی دیمۆکراتیکی کۆنگرەی ئینتەرناسیۆناڵ سۆسیالیست یان چوون بەرەو سۆسیال دێموکڕاسی.
لە سۆسیالیزمی دێموکڕاتیکی کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیستدا کە لەڕاستیدا لە سۆسیال دێموکڕاسی نزیکە و زیاتر حیزبە سۆسیال دێموکڕاتەکان ڕێبەرایەتییان کردووە، بنەما دێموکڕاسییە. واتە سۆسیالیزم بە دێموکڕاسی سنووردار دەکرێتەوە، نەک پێچەوانەکەی. لە ڕوانگەی ئەم کۆنگرەیەوە سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک “بزووتنەوەیەکی نێونەتەوەییە بۆ ئازادی، دادپەروەری و تۆکمەییی کۆمەڵایەتی. ئامانجەکەی گەیشتن بە جیهانێکی پڕ لە ئاشتییە کە تێیدا ئەم بەها بنەڕەتییانە دەکرێ پەرەیان پێ بدرێت و هەر تاکێک دەتوانێ ژیانێکی واتاداری لەگەڵ گەشەی تەواوی کەسایەتی و بەهرەی خۆی و لەگەڵ گەرەنتیی مافەکانی مرۆڤ و مەدەنی لە چوارچێوەی کۆمەڵگایەکی دێموکڕاتیکدا هەبێت.”[1] لەلایەکی تریشەوە وێدەچێت “سۆسیال دێموکڕاسی” کە وەکوو فۆڕمێکی گەشەسەندووی سۆسیالیزمی دێموکڕاتیکیش ڕەچاو کراوە، لەناخدا هەڵگری ئەوە بێت کە ئەو هەنگاوەی بەرەڕوو هەڵێنرێت؛ ئایدۆلۆژیایەکی مامناوەند لەسەر بنەمای دێموکڕاسی کە لە باری ئابوورییشەوە گرنگیی بە لایەنی کۆمەڵایەتی/سۆسیال داوە و هاوسەنگیییەکی پێکهێناوە و وەکوو پاڵپشت بۆ سیستەمێکی سیاسیی جیاواز و دەوڵەتی خۆشبژیو بەتایبەت لە ئەوروپای ڕۆژئاوا دەرکەوتووە. هەرچەند ئەو ئایدۆلۆژیایە بە هۆی سروشتی مامناوەندی بوونی لە شەبەنگی نێوان چەپ و ڕاستدا، بە هەر دوو لاوە پەیوەند دراوە و وێڕای بوونی لە بەرەی چەپدا لە چوارچێوە و ئابووریی کاپیتالیستیدا یان کاپیتالیزمی دێموکڕاتیکدا ڕەچاو کراوە، دەکرێ بە ڕاڤە و تێبینییەکی جیاواز و لە ڕوانگەی پێشترێتی و گرنگایەتیی دێموکڕاسی بە سەر هەردووکی سەرمایەداری و سۆسیالیزمدا سەیر بکرێت نەک بە چاویلکەی سۆسیالیزم یان دژایەتیی سۆسیالیزم-کاپیتالیزمەوە کە زیاتر پەیوەندی لەگەڵ سەرمایەداری و ڕێفۆرمیستیی بوونەکەی دەبینێت.
بە گشتی، ڕەنگە ئەم تێڕوانینە، زیاتر بواری دێموکڕاسییەکی قووڵ و هەمەلایەنە بڕەخسێنێت. لە هەبوونی وەها ڕوانگەیەکدا، تەنانەت بە لە پێش گرتنی ڕێگای یەکەم و نەچوون بەرەو سۆسیال دێموکڕاسییش، پەیوەندیی سۆسیالیستە دێموکڕاتەکان لەگەڵ سۆسیال دێموکڕاتەکان پاساودار دەبێت و دێموکڕاسی وەک خاڵی هاوبەش، هەردوولا لە ژێر چەترێک کۆ دەکاتەوە. لەم ڕوانگەیەوە دێموکڕاسی (کە خۆیشی دەکرێ وەک ئایدۆلۆژیا سەیر بکرێت) پاشکۆ نییە بۆ ئایدۆلۆژیاکان و پرسەکان تەنیا لە سۆنگەی ئابوورییەوە نابینرێن. هەروەها وەکوو دێموکڕاسیی سۆسیالیستی یان سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک و کاپیتالیزمی دێموکڕاتیک، بە سەریاندا دابەش ناکرێت، بەڵکوو پێگەیەکی سەربەخۆ و بانتری هەیە.
[1] بڕواننە “راگەیاندنی بنەماکان”ی کۆنگرەی ١٨ی ئینتەرناسیونال سۆسیالیست لە ستکهۆڵم لە ١٩٨٩ دا:
509
ڕوانگەی دژەناسیۆنالیستیی مۆرای بوکچین: چۆن لە ئایدیۆلۆژیی نوێی پەکەکە تێبگەین؟...
آیا آزادی بدون عدالت میسر است؟
Scroll to top