ئارامتر بخوێنەوە

کوردکوژی (کۆردۆساید) و ژینگەکوژی (ئیکۆساید) لێکدانەبڕاون

کەماڵ سولەیمانی


لانیکەم لە دوو دەیەی ڕابردووڕا ژینگەپارێزی لە کوردستان بووە بە مەکۆی شۆڕشی نوێی کوردایەتی. زۆرێک لە ژینگەپارێزان لە باری جۆراوجۆری دیکەشەوە لە سەنگەری ڕۆژانەی پاراستنی مانەوەی کولتووری و زمانی کوردیشدا، گونجاوترین بەرگری و خەباتیان کردووە. ژینگەپارێزی لە کوردستان هیچ کاتێک تەنیا شەڕ لەگەڵ ئاگر و هێرشی نیۆلیبڕالیزم نەبووە. ژینگەی کوردستان لە هەر ڕوانگەیەکەوە چاوی لێ بکەیت ژینگەیەکی میلیتێریزەکراو بووە و جموجۆڵ لەو ژینگەیەدا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئاشکرا لەگەڵ سپای داگیرکەر بووە . ناوهێنانی سپای کۆماری ئیسلامی وەکوو سپای داگیرکەر تەنیا دروشمێک، ڕق دەربڕین یان هەوڵێک بۆ تووڕەکردن نییە. لە ئەدەبیاتی سیاسی کۆماری ئیسلامیشدا ئەو سپایە بۆ فەتحی کوردستان  و داوای ڕاگەیاندنی جەهاد دژ بە کوردستان و بەڕشتنی ڕۆژانەی خوێنی کورد لە ژینگەی کوردستاندا جێگیر بووە.

 لە دوای شۆڕشی ٥٧، خومەینی بە خوێندنەوەی ئایاتی سوورەی فەتح و هەژمار کردنی کورد وەکوو کوففار و دژبەرانی پێغمبەر، فەتحی کوردستان و هەڵسوکەوتی بێ بەزەیی دژ بە کوردی بە فەرمی ڕاگەیاند. لەو ڕۆژەڕا کوردستان کەوتەی دەرەوەی سنووری دینی دەوڵەتی ئێران. پێشتریش کورد لە دەرەوەی سنووری ئیتنیکی دەوڵەتی ئێران بوو، بەڵام حکومەتی شا پێی وابوو کە بە ئاسیمیلەکردن و نەهێشتنی نەتەوەیی کورد، ئەو سنوورە ئیتنیکییەش نامێنێت. یانی کورد وەک نەتەوە و ئیتنیکی جیاواز بوونی نامێنێت: بە ئاسیمیلەکرانی و بە ناردنی بۆ سەربازی و خوێندن لە قوتابخانە، کورد دەتوێتەوە  و سنوورە ئیتنیکی و نەتەوەیەکەشی دەبێت بە مێژوو. لە دوایین ساڵەکانی پێش شۆڕشی ٥٧ و هاتنە مەیدانی نەوەیەکی نوێی کورد، بە مەعریفەیەکی ئێرانی، ئەو هیوایەی بۆ دەسەڵاتی فارس ساز کردبوو کە هەر کوردێک کە تەغزیەی مەدرەسەی خواردبێت و فێری ”بابا آب داد” بووبێت لە ڕاستیدا ئێمانی بە ”خدا، شاە، میهن”یش هێناوە و کۆڵەکانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی وەکوو شتێکی سروشتی  و نەگۆڕ دەبینێت. ئەو نەوە نوێیەی کورد لە باری مەعریفییەوە بە ڕادەیەک ئێرانیزە ببوو یان ڕاستی ئێرانیبوونی خۆی جۆرێک دەروونی کردبوو کە ئیمکانی تێفکرینەوەی لە ئێرانیبوون، لەدەست دابوو.

بەڵام، دەسەڵاتدارانی نوێی دوای شۆرش (کۆماری ئیسلامی) زۆر زوو و بە شێوەیەکی غەریزی هەستیان بە جیاوازی کورد کرد. ئایدیۆلۆژیی مەرجەع-تەوەری ویلایەتی فەقیهی دەسەڵات و ئیسلامی کوردێنراوی کورد، بە ڕادەیەک  لە یەک جیاواز بوون کە مەلایانی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو-هەر وەکوو کوترا- بە شێوەیەکی غەریزی کوردییان هەم لە دەرەوەی سنووری ئێرانیگەریی و هەم لە دەرەوەی سنووری ئیسلامی خۆیان  دەدیت. چوونکە دەیاندیت کە مەلایەکی ناوداری کوردی وەکوو مامۆستا شێخ عیزەدین بە ئاسانی دژ بە ئیسلامی سیاسی  لە بەرەی مارکسیست و سیکۆلاری کورددایە. یان کە دەیان مەلای کوردستانیش، بوون بە بەشێک لە ئیدارەی سیکۆلاری  کورد لە دوای شۆرشی ٥٧. بۆیە، دیتنی کورد لە دەرەوەی سنووری فارسی-شیعە، بۆ مەلایەکی وەکوو خومەینی و هاوبیرانی زۆر ئاسان بوو.

لە ڕاستیدا خومەینی لە یەکەم ڕۆژەکان­ڕا کوردستانی وەکوو قەڵای خەیبەر یان مەککەی پێش فەتحی ئیسلام دەدیت. بۆیە  ڕاگەیاندنی جیهاد دژ بە کوردستان وەکوو کێشەیەکی دینی و ئیلاهیاتی دیاری نەدەکرد. بەڵکوو، زۆرتر وەکوو زەروورەتێکی سیاسی، ستراتیژیک و تەنانەت دینیش بۆ حاکمیەتی نوێ بوو. بۆیە، کۆماری ئیسلامی لە یەکەم ڕۆژەکان­ڕا پرۆژەی دینی-سیاسی داگیرکردن و فەتحی کوردستانی هەبوو. سەرمەستی تێکشکاندنی زۆربەی دژبەرەکانیان لە ڕێی توندوتیژی ڕووت، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەو باوەڕە گەیاندبوو کە دەکرێ لە ڕێگەی توندوتیژیی ڕووتەوە کوردستانیش فەتح بکەن و بە چۆکی دابێنن. لە ڕاستی ناوەندی فارسی-شیعەش یان بە ئاشکرا یان بە بێدەنگی لە پشت ئەو جەهادە ڕاوەستا بوو. ئێستاش دوای ٤٤ ساڵ ناوەندی سیکۆلاری تەفریس  ئەگەر کێشەی لەگەڵ گوتارە دینییەکەش هەبێت، هیچ کێشەیەکی لەگەڵ لۆژیکی زاڵ بەسەر جیهادەکەدا نییە.

 هەر بۆیە لە ٦٠کان­ڕا کۆماری ئیسلامی هەوڵیدا کە هەموو شاخ و دۆڵی و گوندێکی کوردستان بە پایەگا و بنکەکانی بتەنێتەوە و بە شێوەیە جموجۆڵ و سەربزێوی لە کوردستاندا نەهیڵێ و لە ئیستسلام (تەسلیمی ڕواڵەتی  هێزی ئیسلام بوون)  ڕا بەرەو مەفتوح القلوبیان (کراوەیی دەرونی بۆ وەرگرتنی گووتاری زاڵیان) بەرێت. یانی کورد لە تێکشکاویەکی نیزامی­ڕا بەرەو ئاسیمیلاسیۆنی زمانی، دینی و کولتووری ببات و بە جۆرێک لە ئایدیۆلۆژی تازەدا ناسێنەی کورد شوێنەون بکات. بۆیە هەوڵی ئەوە بوو کە بە زۆری جیهاد و بە هاویشتنی کورد بۆ نێو سنووری میلیتری و نیزامی،  وردە وردە کوردایەتی بە تەواوی لەناو ببات.

بەڵام زۆری پێ نەچوو کە هەندێک پاسداری وەکوو محەممەدی بروجێردی بە گوتە و شایەتیی کەسە نزیکەکان و لایەنگرە کوردەکانی، ئیعترافیان دەکرد کە پرۆژەی فەتحی کوردستان ناتەواوە و سەرکەوتوو نەبووە. لەبەر ئەوەی لایەنی نیزامی فەتحی کوردستان نەیتوانیوە  ڕووح و دڵی کورد فەتح بکات و ببێت بە “فەتحو القلوب” و کولتوور کۆڵونیاڵ فارسی-شیعی لەدڵ و دەروونی کورددا بکات بە کولتوور زاڵ. بەو مانایەی کە داگیرکردنی کوردستان نە ڕووحی شۆڕشی کوردی کوشتوو، نە توانی بە تەواوی کولتوورەکەی بگۆڕێ، و نە کوردیش مەعریفەی فاسی-شیعی داگیرکەرانی دەروونی کرد. بۆیە ئەگەرچی داگیرکەریی کوردستان لە باری جیهادی و نیزامییەوە سەرکەوتوو بوو، کۆڵۆنیالیزمی ئێرانی بەتایبەت، جۆری کۆماری ئیسلامییەکەی تا ڕادەیەکی زۆر تووشی تێکشکان هاتووە.

کۆماری ئیسلامی بە تایبەت لە کاتی سەرۆک کۆماریی ڕەفسەنجانی بەدواوە، زۆر ستراتیژیی جۆراوجۆری بۆ نەهێشتنی کورد و بێ داهاتوو کردنی کوردستان گرتووەتەبەر. لە وتاری جۆراوجۆردا باسی ئەو ستراتیژییانەم کردووە. بەڵام، ئەوەی لێرەدا گرنگە کە باسی بکرێت  نەبوونی پشتیوانی دەرکی و نەناساندی شۆرشی ژینگەپارێزی کوردە لە دەرەوەی کوردستان. شۆڕشێک کە لە باری گوتاری و ناوەڕۆکەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا یەکێک لە قووڵترین لایەنەکانی شۆڕشی کوردییە.

دوای ئیسلاحات و هاتنە سەرکاری ئەحمەدی­نەژاد، یەکێک لە گەورەترین دەرفەتەکانی خەباتی کوردی ڕۆژهەڵات لە بەرایی و بەرەی ژینگەپارێزیدا بووە. ژینگەپارێزی لە کوردستان، بە پێچەوانەی ژینگەپارێزی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، خەباتێکی لەوپەری خۆیدا پڕ لە مەترسی بووە. لە ڕاستیدا ژینگەپارێزی هەم بە مانای فیزیکی وشە و هەم بە مانای هێماییەکەی بە مانای خۆ هاویشتنی ژینگەپارێزان بۆ نێو ئاگرە. بۆیە شەریف باجوەر دەیگوت: ئەگەر خۆت خستە نێو ئاگر،  کەس ناتوانێت پێشت بگرت. لە ڕاستیدا، بەڕادەیەک خەباتی ژینگەپارێزی جیددی و پڕ مەترسی بووە کە تەنانەت کۆماری ئیسلامیش لە بەرامبەر ئەو خەباتەدا تاڕادەیەک دەستەوەستان ماوەتەوە. لەبەر ئەوەیکە لە لایەک تەنانەت کۆماری ئیسلامیش ناتوانێت بەتەواوی شەرعییەتی ژینگەپارێزی کورد بهێنێتە ژێر پرسیار و لە لایەکی دیکەشەوە ڕەوایی و ڕوونی ئەو خەباتە جۆرێکە کە لە کوردستان هەموو سنوورە تەمەنی، جێندەری، ناوچەیی و تەنانەت دینیەکانیشی تێپەڕاندووە. ئەگەر زانکۆیەک لە کوردستان هەبوایە کە تەنیا سەبارەت بە مژاری ژینگەپارێزی  لێکۆڵینەوەی کردبایە، نەیدەتوانی بەو کاریگەرییە، خەباتی ڕۆژانەی ژینگەپارێزان و ڕەوایی ژینگەپارێزی و مەترسی  ئیکۆساید (ژینگەکوژی) ئاوا بۆ خەڵکی  ڕۆژهەڵات ڕوون بکاتەوە.

بەڵام، سەرەڕای ڕادەی ئامادەیی کورد بۆ پشتیوانی لە ژینگەپارێزی، سەرەڕای ڕادەی ئامادەیی ژینگەپارێزان بۆ ڕووبەڕوونەوە لەگەڵ جددییەتی مەترسی ئیکۆکۆلۆنیالیزم لەسەر کوردستان، سەرەڕای گرنگیی پەیوەندیی داهاتوویی کوردستان و ژینگەکەی، ژینگەپارێزی کوردستان و مەترسییە ستراتیژەکان بۆ سەر کوردستان، لە ئاستی حیزبی و لە ئاستی دیاسپۆرادا، کەمترین کاری بۆ کراوە. کە دیارە ئەو هەڕەشەیە هەر بەو جددییەتە لەسەر ژینگەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانیش هەیە و ئیکۆسایدی کوردستان بەشێکە لە ستراتیژیی دەوڵەتی تورکیش لە هەر دوو بەشی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان.

لە دەرەوە ژینگەپارێزیی کوردستان بە نەناسراوی ماوەتەوە. جددییەتی هەڕەشە بۆ سەر ژینگەی کوردستان وەکوو ستراتیژیی دەوڵەتی ئێرانی (هەروەها دەوڵەتی تورکیش) بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیی کوردستان و بۆ بێ داهاتوو کردنی کورد، لە دەرەوەی کوردستان کەمترین گرنگی پێ نەدارەوە. حیزبە کوردییەکان، لەو بارەشەوە وەکوو هەموو بارێکی دیکەی سیاسەت و داهاتووی کورد، نە ئاگاداریی جددییەتی ئەو هەڕەشەیەن و نە ئەگەر ئاگاداریش بووبن لە چاوەڕوانیی بۆ دەستی چارەنووس،  شتێکی زۆرتریان کردووە.

بەداخەوە دیاسپۆرای کوردیش یەکێک لە بێ تواناترین دیاسپۆراکانە. نەوەی پێشتری دیاسپۆرای کورد کەمترین هەوڵی بۆ کاریگەری لەسەر بەستێنێکی سیاسی-کۆمەڵاتی ئەو وڵاتانەی کە ئێستا لێی دەژین، نەداوە. ئەم نەوەیە توانای بەکارهێنانی ئامرازی نوێ و لابی و ڕاگەیاندنی دەردی کورد بۆ غەیری کورد، بەتایبەت بۆ خۆرئاواییەکان، نەبووە. ئیمکانی سۆشیاڵ میدیاشی زۆرتر بۆ زیندوو ڕاگرتنی کۆنەشەڕی حیزبی بەکار هێناوە. توانایی نەبووە لانیکەم پەیوەندییەکی جیددی و ئۆرگانێک لە نێوان نەوەی نوێی کورد لە دیاسپۆرا و ناوخۆی  کوردستان ساز بکات. لە ڕاستیدا ئیکۆساید و ژینگەکوژی کوردستان بەشێکی دانەبڕاو لە سیاسەتی کوردۆساید و کوردکوژیین.

بەڵام چونکە بۆخۆمان نەمانتوانیوە بەباشی لەو ڕاستییە تێبگەین، ناشتوانین کەس لەو ڕاستییە  ئاگادار بکەینەوە. لەپێش هەموو شتێک نەمانتوانیوە منداڵەکانمان لە دایاسپۆرا لە ڕاستی لێکدانەبڕاوی ئیکۆسایدی (ژینگەکوژی)  کوردستان و کوردۆساید (کوردکوژی) تێبگەیەنین. بۆیە ئەوانەی لە سەفەکانی پێشەوەی دژ بە ئیکۆسایدی کوردستان لە ناوخۆدا خەبات دەکەن،  جگە لە خۆیان و لە خەڵکی ناوخۆ، کەس پشتیوانیان نییە و دەنگیان بە کەس ڕاناگات. تەواوی ئەوانەی لە دەرەوەش باس لە سەربەخۆیی و پرۆژەی جۆراوجۆر بۆ کوردستان دەکەن، هیچ ڤیژنێک و دووربینیەکیان لە خۆیان نەنواندووە کە تێکۆشانەکەیان شتێکی جیاوازی پێوە دیاربێت. تەنیا دروشم دان و قسەکردن لە سەر سۆشیاڵ میدیا بۆ ڕزگاریی نەتەوەیەک کافی نییە. ڕزگاری نەتەوەیی، پێویستی بە دووربینی، ستراتیژییە و هەوڵە بۆ دانان و بەڕێوەبردنی پرۆژەی بناغەیی و سازکردنی ژێربەنای ڕزگاری نەتەوەیی.