ساڵوەگەری بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و دۆخی حیزبی دێموکرات
ئارام کەیخوسرەوی
لە بەرە بەری ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژیناداین. شۆڕشێک کە کۆشکی کۆماری ئیسلامیی بە لەرزە خست و بۆ چەندین مانگ شەقامی کوردستان و ئێران و بەشێکی بەرچاو لە دونیای ڕۆژئاواشی بە خۆیەوە سەرقاڵ کرد. ئەگەرچی ئەم شۆڕشە تا ئێستا نەیتوانیوە کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێت، بەڵام لە واقیعدا کۆماری ئیسلامییش نەیتوانیوە بە تەواوی ئاسەواری ئەم شۆڕشە لە بیر و زەینی خەڵک بسڕیتەوە. بۆیە لە ساڵوەگەڕی شۆڕشەکەدا دەتوانین بڵێین هەر دوو لایەنی دژ بە یەک واتە کۆماری ئیسلامی و بزووتنەوەکە، نە توانیویانە یەکدی بسڕنەوە و نە توانیویانە ئەوی تر بە چۆکدا بێنن. شەڕێکی ڕۆژانە لە نێوان دەسەڵات و خەڵکی لە ئارادایە، خەڵک هەوڵ دەدات بە شێوازی خۆی و بە لەبەرچاوگرتنی دەرفەت، بزووتنەوەکە بباتە پێش و دەسەڵاتیش بە هەموو جۆرێک لە هەوڵدایە فەزاکە لە بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە و بە بڵاوکردنی ترس لە کۆمەڵگادا ئۆتۆریتەی خۆی بسەپێنێت. ئەوەی لەم ماوەیەدا زیاتر کۆمەڵگای کوردستان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، هەڕەشە و گۆڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
لەم وتارە کورتەدا بە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی حیزبی دێموکرات و بژافی سیاسیی ڕۆژهەڵات پاش شۆڕشی ساڵی ٥٧ و پۆلێنبەندیی ژیانی حیزبی دێموکرات پاش ساڵی ٥٧ ئاوڕێک لە دۆخی ئێستای ئەم حیزبە و بزاڤی سیاسیی ڕۆژهەڵات دەدەمەوە.
قۆناخی یەکەم: خەباتی چەکداری
پاش ٢٢ ساڵ حیزبی دێموکرات لە ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ٥٧ تێکۆشانی ئاشکرای خۆی ڕاگەیاند. ئەگەرچی لەم دەورەیەدا حیزبی دیموکرات هەوڵی دا کێشەی کورد لە ڕێگای وتووێژەوە چارەسەر بکات بەڵام بەدەر لەم هەوڵانە ئەم قۆناخە بە قۆناخی شەڕی چەکداری ناودێر دەکەم، چونکە لە هەست و نەستی کۆمەڵگای کوردستاندا ئەم دەورەیە وەک دەورەی شکۆ و هەیبەتی پێشمەرگەکانی کوردستان ناسراوە کە خاکەڕایانە لە سەنگەری بەرگری لە کورد و خەڵکی کورددا بوون. لەم قۆناخەدا حیزبی دیموکرات بە هەبوونی هێزێکی بەرچاوی پێشمەرگە لە سەرووی کوردستان تا ناوچەی داڵاهۆ توانیبووی گورزێکی کوشندە لە ڕژێم بدات. بە پێی ئامارەکان لە ساڵی ١٣٥٩ تا ساڵی ١٣٧٣، ٢٥٦٤٧ نەفەر لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە دەستی هێزی پێشمەرگە کوژراون و ٣٤٢١ نەفەریش بە دیل گیراون و بەداخەوە٢٤٩٩ پێشمەرگەش شەهید بوون. تەیموور مستەفایی لە کتێبی ٧٠وێستگەی مێژووییدا لەم بارەیەوە دەنووسێت: «ئەم ئامارە لە دامەزراندنی ڕادیۆ دەنگی کوردستانەوە دەست پێ دەکات و عەمەلیاتەکانی پێش ئەو ڕێکەوتە نەنووسراون. هەروەها ئەم ئامارە تەنیا ئەو کوژراوانەی دوژمن دەگرێتەوە کە تەرمیان کەتووەتە دەستی پێشمەرگە. هەر بۆیە ئاماری تەواوی زیانەکانی دوژمن لەو شەڕەدا دەکرێ چەند قات لەوەش زیاتر بێت.»
گرنگیی ئەم قۆناخە لەوەدایە کە لە بیر و زەینی کۆیی کۆمەڵگادا قارەمانێک دروست دەبێت، وێنا دەکرێت و دەچەسپێت؛ قارەمانێک بە جلوبەرگی خاکییەوە بە ناوی پێشمەرگە. زەینی کۆیی کورد هەر شتێک کە نیەسی واتە ڕزگاری، ئازادی و… لە بوونی ئەودا دەیبینیتەوە. ئەم وێنایە لە قارەمان، هاوکات دژە قارەمانیشی لەگەڵ دروست دەبێت، کە مرۆڤێکی چەپەڵ و دژە خەڵکییە، واتە جاش؛ مرۆڤێک کە زەینی کۆیی، ڕەنجەکانی، کێشەکانی و نەگەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکانی لە بوونی ئەودا دەخوێنێتەوە. ئەم وێنایە لە بزووتنەوەی ژینایشدا هەر بەردەوامە. لە لایەک خەڵک داوا لە قارەمانێک دەکات بە هانایانەوە بچێت و لە لایەکی دیکەوە دروشم دەدا «ئەی جاشی حەرامزادە ڕەنجی کوردت بە بادا. »
ئەم قۆناخە ئەگەرچی قۆناخێکی خوێناوییە و شەڕ و ئاوارەییی لەگەڵە بەڵام تەژییە لە حەماسەت، لە ئازایەتی. هەر بۆیە چیرۆکە تاڵ و شیرینەکانی، نەوە بە دوای نەوە باس کراوە و گوازراوەتەوە و وێنای قارەمان و دژە قارەمان کە یارمەتیدەری دوژمنانە باس کراوە و لە زەینی خەڵکدا ماوەتەوە. ئەم قۆناخە کە قۆناخی شەڕی چەکداری بوو دوای هەندێک ئاڵوگۆڕی سیاسی کۆتایی پێ دێت. تیرۆری دوو ڕێبەری بلیمەتی حیزبی دێموکرات واتە دکتۆر قاسملوو و دکتۆر شەرەفکەندی، ڕاپەڕینی باشووری کوردستان و دامەزرانی کیانێکی نیمچە سەربەخۆ لە باشووری وڵات دۆخێکی نوێی دروست کرد کە ڕێبەرایەتیی حیزبی دیموکراتی ناچار بە گرتنە بەری سیاسەتێکی تر کرد. ئەگەرچی ئەم سیاسەتە دواتر لە لایەن نەوەی لاوی حیزبی دێموکراتەوە درایە بەر ڕەخنەی جددی. بەڵام ئاکامی ئەم سیاسەتە بێ هیوایی لە کۆمەڵگای کوردستان بوو کە قارەمانەکەی کە هەڵگری ئازادی و ڕزگاری بوو، دوور خرابوویەوە و ئێستا دژە قارەمان بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بوو. بەڵام ئەم بێ هیواییە ڕێگر نەبووە لەوەی کۆمەڵگای کوردستان ڕێگای تر نەدۆزیتەوە.
قۆناخی دووهەم: نسکۆ و دابڕان
ئەم قۆناخە دەتوانم بڵێم خراپترین قۆناخی حیزبی دێموکراتە پاش شۆڕشی ساڵی 57. ئەم قۆناخە دوای شەهیدبوونی د.سەعید شەرەفکەندی هاتە ئاراوە و دیارترین تایبەتمەندیی ئەم بەشە هاتنە خوار لە قەندیل و نیشتەجێبوون لە کەمپ بوو. نیشتەجێ بوون لە کەمپ کە دکتۆر قاسملوو بە گۆڕی بزووتنەوە ناوی دەبرد. بەڵام ئەم جێگۆڕکێ لە قەندیلەوە بۆ کەمپ لەباری مەفهوومییەوە دەتوانین وەک جێگۆڕکێی «ئەکت» و «ڕەفتار» بیخوێننەوە. لەم قۆناخەدا ئەکت و ڕەفتار جێگۆرکێیان پێ دەکرێت و ڕەفتار بەسەر حیزبدا زاڵ دەبێت. لە نێوان ڕەفتار (behaviour) و عەمەل(action) جیاوازییەکی زۆر هەیە. ڕەفتار زۆرجار پێشبینی کراوە و ئۆلگوویەکی دیاری هەیە. ئەمەش هەم کۆنترۆڵکردنی ئاسانە و هەمیش سەرنجڕاکێش نییە؛ کە واتە هیچ مەترسییەکیشی نییە. بە پێچەوانەوە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی عەمەل ئەوەیە کە پێشبینی ناکرێت، واتا بەردەوام دەکرێت شتی نوێ بخوڵقێنێت، کە ئەمەش هۆکارێکە بۆ سەرنجڕاکێشبوونی و هەڵبەت مەترسیدار بوونیشی بۆ دوژمنان. کەوا بوو تایبەتمەندیی ئەکت بە پێچەوانەی ڕەفتار، خوڵقاندنی بەردەوامی شتی نوێیە. ئەم جێگۆڕکێیە جێبەجێ نەدەبوو مەگەر بە گوتارسازی یان بە زمانێکی ئاساییتر بڵێم بە چێکردنی هێندێک پاساو، پاساوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی باشووری وڵات؛ ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەڵگرانی ئەم پاساوە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتیان لە یاد بردبوو و بە ئاسایی ئینشعابیان دەکرد.
هەر لەم دەورەیەدایە کە حیزب تووشی ئینشعاب دەبێت و ئەوەش زیاتر خەسار بە حیزب و بزاڤی سیاسیی ڕۆژهەڵات دەگەیەنێ. حیزب لەم قۆناخەدا بە خەباتی نهێنی و هەروەها بە میدیا ئەوەش بە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی سەردەمی خەباتی چەکداری و لە ڕێگای پرۆگرامەکانی وەک «کاروانی شەهیدان»، هەوڵ دەدات دەنگی خۆی بگەیێنێتە کۆمەڵگا و بیرەوەریی سەردەمی قارەمانێتی باس بکات. لێکەوتەی ئەو دۆخە لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتدا هەڵتۆقینی ئەنجومەن و ناوەندە فەرهەنگییەکانە. نسکۆی حیزبەکان و بە دیاریکراوی حیزبی دێموکرات هۆکارێکە تا سیاسەت تار و لێڵ بکرێت بۆیە شار ناچار دەبێت سیاسەت لە دوو تۆی ئەدەبیاتدا حەشار بدات. ئەدەبیات دەبێتە سپەری سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بۆیە لەم دەورەیەدا گوتاری کوردایەتی سووژەیەک بەرهەم دەهێنیت کە سووژەیەکی سیاسییە بە دەمامکی ئەدەبیاتەوە. وەک ئەوەی کە پەیماننامەیەکی نەنووسراو واژۆ کرابێت کە ئەوەی دێتە نێو بازنەی کوردایەتییەوە دەبێت سەرەتا لە کۆڵانی ئەدەبیاتەوە تیپەڕێت. شوێن-فەزای ئەنجومەنەکان لە هەست و نەستی کۆمەڵگادا دەبێتە شوێن-فەزای کوردایەتی بە ڕەنگ و بۆی شیعر و ئەدەبیاتەوە. لە هەموو شارەکاندا ئەنجومەنگەلێک و بازنەیەکی هاوڕێیەتی چێ دەبێت تا ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە. ئەم فەزا نوێیە کۆمەڵگایەکی مەدەنیی بەهێز لە ڕۆژهەڵات دێنیتە ئاراوە کە ناڕاستەوخۆ خۆی بە درێژکراوی گوتاری نەتەوەییی شەستەکان دەزانێت.
ئەم دەورە سەرەڕای کێشە و گرفتەکانی لەگەڵ بووژانەوەی زمانی کوردی ڕووبەڕوویین. زمانی کوردی لەم قۆناخەدا هەم لەباری چۆنایەتی و هەمیش لەباری چەندایەتییەوە گەشەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی. ئێستا ئیتر دەتوانین بڵێین زمانی کوردی ئەگەرچی خاوەنی هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی نییە بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئۆتۆریتەی هەیە، واتە ئێستا نەزانینی زمانی کوردی بووەتە عەیبەیەکی گەورە، کە ئەمەش بە هەوڵ و تێکۆشانی ڕێکخراوە مەدەنی و فەرهەنگییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا.
بەڵام ئەم ڕێکخراوانە و گۆڤارە ئەدەبی و فەرهەنگییەکان لە قۆناخێکدا تووشی نسکۆ هاتن، واتە ئیتر نەیاندەتوانی بەو شێوازە کە پێشتر کاریگەرییان هەبوو کاریگەر بن؛ ئەوەش دەرهاویشتەی دوو پرسی گرنگ بوو، یەکەم پەرەگرتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە وەک ڕکابەرێکی سەرەکیی بۆ گۆڤارەکان و ئەنجومەنەکان هاتە ئاراوە. دووەم نەوەیەکی نوێ لە ڕۆژهەڵات بەرهەم هاتبوو کە وێڕای کوردی زانی، هۆگریی بە ئەدەبیات و شیعر نەبوو… داخوازییەکانی لە سەرەوەی ئەنجومەن و ڕێکخراوی فەرهەنگییەوە پێناسە دەکرد، واتە هەڵگری گوتارێکی ڕادیکاڵتر بوو کە لە کاری فەرهەنگی و ئەدەبیدا نامۆ بوو. ئەم نەوەیە، وردە وردە لە پرس و ڕووداوەکانی تایبەت بە بەشەکانی تری کوردستان خۆی دەرخست.
تایبەتمەندیی دیکەی ئەم قۆناخە هاتنە ڕۆژەڤی پرسی ڕێفۆرمخوازی بوو لە کوردستان. ڕیفۆرمخوازی لە بۆشاییی حیزبەکاندا کۆمەڵگای کوردستانیان کردبوو بە فەزای تەڕاتێنی خۆیان و بە پاساوی مەدەنییەت لە بەرامبەر چەک یا ڕادیکالیسم، هەوڵیان دەدا فەزای سیاسیی کوردستان و گوتاری نەتەوەیی قەتیس بکەنەوە سەر جێبەجێکردنی هەندێک ماددەی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی. ڕێفۆرمخوازی لە کوردستان بە نا گوتن بە سیاسەتی حیزبەکانەوە دەستی پێ کرد، واتە بۆ پێناسەکردنی خۆی سەرەتا حیزبەکان یان گوتاری نەتەوەییی حیزبەکانی وەک سیاسەتێکی دۆڕاو دەگرتە بەر ڕەخنە. هەر ئەمەش وای کردبوو کە ڕێگای زیاتریان بۆ بکرێتەوە، چونکە هەم دژی حیزبەکان بوون و هەمیش دەیانتوانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان وەک سیستەمێکی ڕەوا بناسێنن و لە هەمان کاتیشدا هیچکام لە هەڵگرانی ئەم فیکرە مەترسییەکی ئەوتۆیان بۆ گشتیەتی کۆماری ئیسلامی نەبوو و زۆر جاریش وەک جاش قەڵەم پێناسە دەکران.
لەم قۆناخەدا نەوەیەکی ڕادیکاڵ سەری هەڵدابوو، حیزبەکان بە هۆی گرژی و ناکۆکیی خۆیانەوە تووشی لێک دابڕان هاتبوون؛ ڕێفۆرمخوازی کە خۆی لە بەرانبەر حیزبەکاندا پێناسە دەکرد ڕێگای بۆ کرابووەوە و ئەنجومەنەکانیش وێڕای کێشە و گرفتەکانیان و ئەو گوشارانەی کە لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە لەسەریان بوو، کەم و کورت بەردەوام بوون. بەڵام ڕاسانی حیزبی دێموکرات ئەم دۆخە مەندەی شڵەقاند و هاوکێشەکانی گوڕی.
قۆناخی سێهەم: ڕاسان
ڕێفۆرمخوازی لە کوردستان هێزێکی ناڕەسەن بوو، واتە هەڵقوڵاوی کۆمەڵگای کوردستان نەبوو و بۆیە سەرەڕای پڕۆپاگەندەی جۆراوجۆر تووشی نسکۆ بوو و توایەوە. بە تایبەت کاتێک کە ڕاسانی خۆرهەڵات لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە ڕاگەیەنرا و لەگەڵ پێشوازیی بەرینی خەڵک ڕووبەڕوو و بوویەوە. لێرەدا ئیتر جیاوازیی ڕەسەن و ناڕەسەن زیاتر دەرکەوت کە کامە هێز و هزر لە کوردستاندا بنجی بەستووە و ڕەسەنە و کامە هێز و هزر، هزرێکی هاوردە و نامۆیە.
ڕاسان ئەکتێکی نوێ بوو کە دەیتوانی ئەو ڕادکالیزمە کە لە ژێر پێستی کۆمەڵگادا هەبوو بەرینتر بکات و خۆیشی لە پەرەگرتنی ئەو ڕادیکالیسمە نەتەوەییە ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو. هەر ماوەیەکی کورت دوای ڕاگەیاندنی ڕاسان وەک خەباتی لێک گرێ دراوی شار-شاخ لاوانی ڕۆژهەڵات بە کچ و کوڕەوە ڕوویان لە حیزبی دیموکرات کرد و فێرگەی سیاسی-نیزامیی حیزب یەکێک لە دەورە زێڕینەکانی خۆی تێپەڕ کرد. «هێزی شوێندانەر» ئەو کۆدەیە کە دەکرێت ڕاسان لەوچوارچیوەیەدا پێناسە بکەین. شوێندانەری بەو مانایە کە ئەوەندە ئاوێتەی کۆمەڵگا ببێت و داخوازییەکانی و ئەکتەکانی کاریگەر بن کە هیچ هێز و لایەنێکی نەیار نەتوانێت چاوپۆشیی لێ بکات و ببێت بە بکەرێکی سەرەکی لە پانتایی سیاسیی کوردستاندا. مستەفا هیجری لە وتووێژێکدا لەم بارەوە دەڵێت «کاتێک دەتوانین لە هاوکێشەکاندا ڕۆڵێکی بەرچاومان هەبێت کە ڕۆژهەڵات ببێت بە هێزێکی شوێندانەر، ئەو هێزە شوێندانەرە ڕاسانە.»
لە کۆنفڕانسی «داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشە و گرفتەکان» کە ساڵی ٩٥ لە هەوڵیر بەڕێوەچوو مستەفا هیجری لە وڵامی ئەو ڕوانگەیە کە گوایە کۆماری ئیسلامی واقیعە و دەبێت ئەو واقیعە قەبووڵ بکەین وتی «.. ئێمە وەک هێزێکی شۆڕشگێر کە ئامانجمان ڕزگاریی نەتەوەییە و لەو ڕێگایەدا دەیان و هەزارن شەهید و ئاوارە و دەربەدەرمان داوە، چۆن دەتوانین ئەو واقعیەتە بگۆڕین… ئێمەیش واقعیەتین، ئێمەیش کوردی ڕۆژهەڵات واقیعەتین…» دیارە ئەم بۆچوونانە و بەرگریی ڕێبەرایەتیی حیزبی دیموکرات و جۆرە ڕادیکالیزمێک کە لە قسە و کردەوەکانیان بوو، نیشاندەری دەستپێکی قۆناخێکی نوێ لە خەباتی حیزبی دێموکرات بوو کە نێوی ڕاسانی لەسەر نرا.
ڕاسان هەندێک چەمک و هێمای شۆڕشگێڕانەی سەرلەنوێ لە کوردستان نۆژن کردەوە، پێشمەرگە، شاخ، خەباتی پارتیزانی کە بۆ نەوەی نوێ نامۆ یان چەمکگەلێک بوون کە تەنیا لە بیرەوەریی باب و باپیرانەوە یان پرۆگرامەکانی کاروانی شەهیدانەوە-کە ئەویش ئیتر لەبەر زۆر دووپاتبوونەوەی خەریک بوو فەرامۆش دەکرا- دەیانناسی. ئەم چەمکانە، چەمکگەلێک بوون تایبەت بە ڕابردوو، بەڵام لە ڕاساندا ئێستاییان (اکنونیت) پێ درا. واتە ڕاسان توانی ئەم چەمکانە لە زیندانی ڕابردوو ڕزگار بکات و تێکەڵی ژیانی شاری و دۆخی نوێی ڕۆژهەڵات بکات. ڕاسان تێکەڵ بە هونەر و ئەدەبیات بوو تەنانەت قوناخێکی تر لە ئەدەبی بەرگریی لە ڕاساندا خۆی دەرخست.
هەندێ هێما و چەمک لە ڕاساندا دروست بوون کە فەزای شاریان بە گشتی بە دەستەوە گرت. هێمای وەک جامەدانە لە ساڵی ١٣٩٥ بەدواوە واتایەکی تری پێ درا و بەسەر هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گشتێندرا، چەمکی خاکی پۆش، وەک تاکێکی دەروەست و بەرپرسیار لە هەست و نەستی کۆمەڵگادا بنجی بەست. تەنانەت لە زۆر شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نێوی «ڕاسان» بۆ منداڵانی تازە لە دایک بوو هەڵبژێردرا. بۆنەکانی نەورۆز ڕەنگ و بۆیەکی تریان بە خۆوە گرت و بووبوون بە مەیدانێک بۆ نیشاندانی هێزی جەماوەریی ڕاسان و هزری نەتەوەیی. دیاردەی سەمای جامانەکان وەک هێمای کوڕان و کچانی شاخ لە نەورۆزدا بوو بە نەریتێکی ساڵانەی بۆنەکانی نەورۆز. تەنانەت لە یارمەتی بۆ خەڵکی بوومەلەرزە لێدراو و هەروەها لافاوی لوڕستان لەم هێماگەلە کەڵک وەردەگیرا وەک پەیامێک کە ئەوە هزری نەتەوەییە کە له کاتی کارەساتەکاندا بە هانای هاونیشتمانیانەوە دێت. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕبوون لە وێنە و کاری هونەریی تایبەت بەم هێمایانە. بۆیە لەم قۆناخەدا ئێمە لەگەڵ جۆرێک لە بەرخۆدان ڕووبەڕووین کە زیاتر ئەکتگەلێکی سادە و ڕۆژانەن و بە لەبەرچاوگرتنی سنوورداربوونی چالاکیی سیاسی چێ دەبن. بەڵام خاڵی گرنگی ئەوە بوو کە ئیتر خەباتی شار لە بنکە فەرهەنگییەکاندا قەتیس نەدەکرا و و توودەی کۆمەڵگا لە هەموو چین و توێژەکانەوە بەم ئەکتە ڕۆژانانەی خۆیان زیاتر ئاوێتەی خەباتی شاری دەبوون. گرنگیی ئەم پرسە لەوەدایە کە ئەم جۆرە لە خەباتی شار و هێماگەلێک کە بەکار دەبرێن، ئەوەندە گشتگیر دەبن کە تەنانەت ئەوانەش ڕاستەوخۆ ئاگاداری واتای ئەم هێمایانە نین بەکاریان دەبەن و بێ ئەوەی بزانن دێنە نێو بازنەی سیاسەتی بەرخۆدان.
ڕاسان پردێک بوو کە توانی تا ڕادەیەک کەلێنی نێوان ڕابردوو و ئێستای ڕۆژهەڵات پڕ بکاتەوە و شۆڕشگێڕی ئاوێتەی ژیانی شاری بکات. بە گشتی دوای ساڵی ٩٥ و ڕاگەیاندنی ڕاسانی خۆرهەڵات بووژانەوەیەک لە بزاڤی ڕۆژهەڵات دەبینن و ژێرخانی نەتەوەییی ئەم بزاڤە زیاتر لە جاران پتەو و نۆژن دەبێتەوە. بە جۆرێک کە هەڵگرانی هزری ڕێفۆرمخوازی بە تەواوی دەکەونە پەراوێز و چی دیکە ناتوانن وەک پێشوو چالاک بن. ئەم قوناخە کە دەتوانین وەک قوناخی ژین-کوردایەتی واتە ئاوێتە بوونی کوردایەتی بە ژیانی ئاسایی و ڕۆژانە و دەربازبوون لە بنکە فەرهەنگییەکان پێناسەی بکەین لە قۆناخی چوارەمدا و لە بزووتنەوەی ژن،ژیان، ئازادیدا زیاتر خۆی نیشان دەدات.
قۆناخی چوارەم: ژن، ژیان، ئازادی
دەستپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لێکەوتەکانی ئەم بزووتنەوەیە دەکرێت وەک قۆناخێکی تر لە ژیانی حیزبی دێموکرات پێناسە بکەین. حیزبێک کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا پاژێکی سەرەکی لە دروشم و ستراتیژیی خەباتی بۆ شار تەرخان کردبوو. لە قۆناخی سێهەمدا وەک ئەوەی باس کرا شار توانیبووی بە پێی دەرفەت و ئیمکانی خۆی چالاک بێ و زیاتر لە ساڵانی پێشوو شوێن-فەزای شار وەک پانتاییی خەبات بەدەستەوە بگرێت. شار ئەمەی زیاتر لە ڕێگای هێماکانەوە، ڕۆژانە دووپات دەکردەوە. واتە بەرخۆدانێکی ڕۆژانە کە ئاوێتەی ژیانی ئاساییی خەڵک ببوو. لە بزووتنەوەی ژینادا ئەم ئەکتگەلە و ئەم وزە پەنگ خواردووە ، لە پڕێکدا تەقییەوە و شەقام بوو بە بەرزە چڕی ئەم وزەیە. گرنگیی حیزبی دێموکرات لەم قۆناخەدا ئەوە بوو کە بەشێکی بەرچاو لە دروشمەکان ڕوو بە ئەم حیزبە هەبوو. «دروشمی قاسملوو، قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە.» یەک لەو دروشمانە بوو کە پاش دروشمی سەرەکیی بزووتنەوەکە واتە ژن، ژیان، ئازادی زیاترین جار وتراوە. لە ڕاستیدا ئەمەش هەم چاودێرانی سیاسی لە دەرەوەی حیزب و هەمیش کۆماری ئیسلامیی تووشی سەرسوڕمان کرد. کەواتە لەم قۆناخەدا حیزبی دێموکرات هەم خاوەنی هێزێکی پۆشتەی پێشمەرگە بوو کە دوای ڕاسانی خۆرهەڵات پەیوەست بە حیزب بووبوون و هەمیش بەشێکی بەرچاو لە شەقامی ڕۆژهەڵاتی لەگەڵ بوو. ئەوەی کە حیزبی دێموکرات لەم بزووتنەوەیەدا دەیتوانی چی بکات و چی نەکات مەبەستی ئەم وتارەی من نییە ڕەنگە لە دەرفەتێکی تردا بکرێت لەسەر ئەوەش باس بکەین. ئەوەی کە ئێستا گرنگە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئەگەر پێش شۆڕشی ژینا، گومانی هەبوو کە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و بە تایبەت حیزبی دێموکرات خاوەنی پێگە و نفووزی جەماورین، ئەوە لەم بزووتنەوەیەدا بەتەواوی بۆی ڕوون بووەوە کە حیزبی دێموکرات خاوەنی پێگەیەکی جەماوەریی بەهێزە لە ڕۆژهەڵات و دەتوانێت لە هەر دەرفەتێکی دیکەدا کێشەی جددی بۆ کۆماری ئیسلامی دروست بکات. ئەمەش وای کردووە کە کۆماری ئیسلامی هەر لە ئێستاوە کە بزووتنەوەکە تا ڕادەیەک کز بووە، دەستپێشخەر بێت بۆ تێکشکاندن و لاوازیی هەرچی زیاتری حیزبی دێموکرات. سیاسەتەکانی ئەم چەند مانگەیان لە پەیوەندی لەگەڵ چەککردنی حیزبەکان و دیسانیش دەست پێکردنەوەی تیرۆرەکان لە هەرێمی کوردستان، نیشانەگەلی جددیی ئەم دۆخە نوێیەن کە کۆماری ئیسلامی هەوڵێکی جددی دەدات بۆ لەناوبردن یان پاشەکشەکردن بە حیزبی دێموکرات.
وتەیەکی هێگل هەیە دەڵێت: «لە زەردەپەڕی کاتی ڕۆژئاوابووندایە کوندەپووی مینێرڤا باڵ دەگرێتەوە.» کوندەبووی مینترڤا هێمای زانینە. وتەکەی هێگل بە مانای ئەوەیە کە کاتێک قۆناخێک تەواو دەبێت دەتوانین بەتەواوی لێی تێ بگەین. ئێستا بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کۆتایی پێ نەهاتووە تا بە تەواوی بتوانین خوێندنەوەیەکی تەواومان بۆی هەبێت و بیناسین. بەڵام زۆر قۆناخی ترمان تێپەڕکردووە و ئێستا دەتوانین لێکیان بدەینەوە. کاتێک قۆناخی خەباتی چەکداری تێپەڕ بوو تازە توانیمان بە تەواوی بیناسین. کاتێک توانیمان کێشە و گرفتەکانی کەمپ نشینی و هەڵەی هاتنە خوار لە قەندیل بناسین کە ڕاسان دەستی پێ کرد. وەک چۆن کاتێک کاریگەریی ڕاسانمان بینی کە قۆناخی ژن، ژیان، ئازادی سەری هەڵدا. لە ئێستادا بە پێی ئەو دۆخە نوێیە کە هاتووەتە ئاراوە، بە خوێندنەوەی وردی مێژوو بۆمان دەردەکەوێت لە کوێ بڕیاری هەڵە دراوە و لە کوێ بڕیاری دروست دراوە. هەر ئەمەش ڕەنگە بتوانێت وەک نەخشەڕێگای داهاتووی حیزب، بەرچاومان زیاتر ڕوون بکاتەوە و لەم قۆناخە هەستیارەدا تووشی هەڵەمان نەکات.