پۆزسیۆن و ئۆپۆزیسیۆن (بەبیانووی قسەکانی س. سابیت)
دکتور کەماڵ سولەیمانی
کاسێتێکی سیما سابیت، پێشەشکاری پێشووی تەلەڤزیۆنی ایران انترناشنال ئاشکرا بووە، کە ئەگەر بەڕاستی دەنگەکە ئی ئەو بێت، دەیسەلمێنێت کە ئەو خاتوونە لەکاتی کارکردنی بۆ تەلەڤزیۆنی ایران انترناشنالیشدا، لایەنگریی کۆماری ئیسلامی بووە. لە کاسێتەکەدا، سابت دەڵێت کۆماری ئیسلامی ئێستا ”باشترین بژاردەیە بۆ ئێران.” دیارە لە ڕوانگەی شۆڤێنیزمی فارسەوە سابیت ڕاست دەکات. لەبەر ئەوەیکە ئەو ئێرانەی کە زۆرینەی فارس دەیهەوێ، وێدەچی مانەوەی بە مانی کۆماری ئیسلامییەوە بەسترابێتەوە. بۆ زۆرینەی فارس، ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لەڕاستیدا هەمان ڕووخانی ئێرانە.
ئەوەی کە لە ٤٤ ساڵی ڕابردوودا، هیچ ئالتەرناتڤێک بۆ کۆماری ئیسلامی ساز نەبووە، بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە کە کێشەی دژبەرانی فارسی کۆماری ئیسلامی و کۆماری ئیسلامی لەسەر ڕادەی سیکۆلار یا مەزهەبی بوونی سیستەمی ئێرانییە؛ نەک لە سەر بەهاکانی دیکەی وەکوو دێموکراسی، یەکسانی، ماف و ئازادی. بۆ نموونە، هیچ ڕێکخراوێکی فارس باوەڕی بەوە نییە کە لە ئێرانێکی دێموکراتیکدا، دەکرێ ڕۆژنامەیەک هەبێت کە باس لە مافی چارەی خۆنووسینی غەیریفارس بکات. کێشەی ئۆپۆزیسیونی فارس لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، تەنانەت لەسەر هێندێک چەمکی بەرتەسکی وەکوو مافی مرۆڤیش نەبووە و نییە. زۆرکەم هەبووە کە ئۆپۆزیسیۆنی فارس یان تەنانەت چالاکوانانی مافی مرۆڤی بە ئتنیک فارس، لایەنگریی لە مافی کەسێک بکەن کە کۆماری ئیسلامی، تۆمەتی تیرۆریست یان جوداییخوازی لەو کەسە دابێت. هەر بۆیەش، کوشتاری ڕۆژانەی کۆڵبەران یان ئیعدامی ٥٠% زندانیانی سیاسی زۆرتر لەبەر کوردبوونیان، جێگایەکی جیددی لە هەواڵدەری و گوتاری ئۆپۆزیسیۆنی فارسدا نەبووە، جا لەوە گەڕێین کە لایەنگرانی سەڵتەنەت لەسەرسۆشیال میدیا بۆ ئەو جۆرە کوشتارە بە ئاشکرا دەستخۆشی لە کۆماری ئیسلامی دەکەن.
لە زەینی ئۆپۆزیسیۆنی فارسدا هەر تراژدییەکی غەیریفارس، تەنیا کاتێک یان بە جۆرێک شایان باسە کە لایەنی ئیتنیکی و نەتەوەیی تراژیدییەکە ئیمکانی شاردنەوەی هەبێت. تراژدییەکی غەیریفارس شایەنی باسە کە لە کاتی ورووژاندنیدا نکوڵی لە زوڵمی نەتەوەیی و لە بوونی جیاوازی نەتەوەیی لە ئێران نەخاتە ڕوو. بۆیە، ئوپۆزیسیونی فارس یان بە ڕاشکاوی لایەنگریان لە ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی دژی غەیریفارس کردووە یان نکۆڵی لە کێشەی نەتەوەیی وەکوو هۆکاری زۆڵمی سیستەماتیک و سیستەمیک لە ئێران، یان هەر دووکیان پێکەوە، دەکەن. ئەوە خاڵێکە کە بە ڕوونی ئۆپۆزیسیۆنی فارس و غەیریفارسی ئێرانی لێک جیا دەکاتەوە.
زۆربەی زۆری سیاسەتی غەیریفارس بە سیاسەتی هێزی کوردییەوە، سیاسەتی ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە حکومەتە، نەک دژ بە حاکمیەت. هەر بۆیەش، زۆربەی ئۆپوزیسیونی غەیریفارس لەنێوان باس لە پەیوەندی کێشەکەی بە حکومەتی ئێستای ئێران و بە حاکمیەتی ئێرانیدا، تێ دەمێنێت. بە هۆی ئەو ناڕوونیی گوتارییەش، ئۆپۆزیسیۆنی فارس، گوتاری سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی غەیریفارس بە هەڕەشە بۆ حاکمیەتی ئێرانی دەزانێت و بە جوداییخوازتۆمەتباریان دەکات. دیارە، ئەو ڕەخنە و نیگەرانییەی ئۆپۆزیسیۆنی فارس لە غەیریفارس زۆریش بێجێ نییە. نەک لە بەر ئەوەی کە ئۆپۆزیسیۆنی غەیریفارس جوداییخوازە. نا، لەبەر ئەوەیکە بنەمای ئێرانیبوون دەگەڕێتەوە سەر باوەڕ بە یەک نەتەوەبوونی ئێران: پرسێک کە ئۆپۆزیسیۆنی غەیریفارس کێشەی بۆ ساز نەکردووە. بۆیەش، هێنانەگۆڕ یان ئاماژە بە کێشەی نەتەوەیی لە ئێران، بە نەخوازراویش بێت، بێوەفاییە بە ئێرانییەت و لادانە لە سنووری ڕەسمی و مێژوویی پێناسەی ئێرانییەت.
وەها گوتارێک کە لەڕاستیدا، ئۆپۆزیسیۆنی فارس و غەیریفارس لێک دادەبرێ، مانایەکی پارادۆکسیکاڵ بە بوونی ئۆپۆزیسیۆنی غەیریفارس دەدات و بە نەخوازراوی کێشە بۆ پێناسەی ئێرانییەت ساز دەکات کە هەر ئەو پێناسەیەش ئێرانی بوون و یان خائین بوونە. یان لە ڕاستیدا ئەو پێناسەیە، بنەمای ئەخلاقیی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بە هەوێنی فارسییە کە لە بنەڕەتدا گریمانەی بوونی نەتەوەی غەیریفارس لە ئێران ئینکار دەکات. بۆیە، ئۆپۆزیسیۆنی غەیریفارس کە خۆی بە ئێرانی دەناسێنێت بە نەخوازراوی و بەکردەوە لەگەڵ گوتاری ئێرانی و وەفا بە ئێرانییەت تووشی دەبێت. لە حاڵێکدا کە ئۆپۆزیسیۆنی غەیریفارس بە کردەوە تەنیا ئۆپۆزیسیۆنی حکومەتی مەوجودە، بەڵام ئاخێز و کۆدەقی غەیریفارسییەکەی ناچاری دەکات کە کێشەی نەتەوەیی-زمانی لە ئێران زەق بکاتەوە. بۆیە تووشی ناڕوونییەکی گوتاری دەبێت. بەڵام، بەتەواوی لەگەڵ پێناسەی ئێرانیشدا ناگونجێت: چونکە باس لە ستەمی نەتەوایەتی لە ژێر حکومەتی ئێستادا، بە شێوەیەکی نەخوازراو، کێشە بۆ سیستەمی سیاسیی حاکمییەتی ئێرانی، کەلەسەر بنەمای یەک نەتەوەی ئێران دامەزراوە، ساز دەکات و پێناسەی حاکمیەت لە ئێراندا دەباتە ژێر پرسیار.
ئەو کێشە سیاسی-گوتارییە، تەنیا کێشەی فارس نییە. کێشەی غەیریفارسیشە. لەبەر ئەوەیکە غەیریفارسیش نە توانا و نە بوێریی ئەوەی هەبووە کە بەڕاشکاوی سەرچاوەی کێشەکە لە خودی پێناسەی ئێرانییەتدا (کە هەوێنیکی یەک نەتەوەیی و تەواو فارسی هەیە) نیشان بدات. هەر بۆیە گوتاری غەیریفارس بە بەردەوامی گوتارێکی ئێکلێکتیک و تێکەڵاوە؛ نە ئەمەیە و نە ئەویتریانیشە. گوتاری سیاسی غەیریفارس، هەوڵی ئەوەیە کە وەکوو ئۆپۆزیسیۆنی فارس لە ئێران بدوێت. بەڵام، لە هەمان کاتیشدا دەڵێت گوتاری جیاوازی من، ئاکامی ستەمیی زمانی و ئیتنیکی حکومەتی ئێستای ئێرانە دژ بە منی جیاواز. دەشڵێت کە کێشەی کورد یان نەتەوەکانی دەگەڕێتەوە بۆ خەراپیی حکومەتی ئێستا، بۆ نەبوونی دێموکراسی، بو نەبوونی ئازادیی ڕادەبڕین و بۆ پێشلکرانی مافی مرۆڤ…
بە هۆی ترس لە باس کردن یان بە هۆی تێکەڵکردنی دوو چەمکی ئیتنۆس (ئیتنک بوون) و دێموس (خەڵک بوون)، ئۆپۆزیسیۆنی فارس و غەیریفارس تاوانی دیتنی ئەوەیان نییە کە ”دێمۆسی ئێرانی،” هەمان ئیتنۆسی فارسە. بۆیە، بوونی ئازادی و دێموکراسی و مافی مرۆڤیش ئەگەرچی زۆر کێشەی تاکی ئێرانی (بە پێناسەی خوازراوی فارس) چارەسەر دەکات؛ کێشەی سیستەم و پێکهاتەیی و چەند نەتەوەیی و چەند زمانی و نەبوونی سەروەریی غەیریفارس چارەسەر ناکات. بۆیە، گەر ئۆپۆزیسیۆنی غەیریفارس کێشەکەی لە کێشە لەگەڵ جۆری حکومەت ڕا بگوێزێتەوە بۆ کێشە لەگەڵ جۆری حاکمیەت، ئیتر ئەو جار چیدی ئۆپۆزیسیۆن نییە. بەڵکوو، دەبێت بە هێزی ڕزگاری نەتەوەیی کە ئەوە باسێکی جیاوازە.
ئەو پێناسە و تێگەیشتنە لە ئێرانییەت، بە شێوەیەکی گشتی ناتوانێ هیچ ئاڵترناتیڤێکی فارس بۆ حکومەت ساز بکات کە شۆڤنیست و ڕاسیست نەبێت. ئۆپۆزیسیۆنی فارس بۆ ئەوەی لە بازنەی شۆڤێنیزم و ڕاسیزم بچێتەدەر، پێویستە خۆی لە باوەڕ بە یەک زمان و یەک نەتەوەیی بوونی ئێران ڕزگار بکات. بۆیە ئۆپۆزیسیۆنی فارس تا ئەو کاتەی کە چەند دێمۆسی ئێران قبوڵ دەکات، شۆڤێنیستە. لە زەینی شوڤێنیزمی فارسیشدا، خەرابترین بژاردە بۆ ئێران ئەو سیستەمەیە کە هەڕەشە بێت بۆ هەژموونی موتڵەقی فارس. بۆ ئەوان هەر بژاردەیەک کە گەرەنتیی ئەوهەژموونییەی فارس بکات ( جا چ سەڵتەنەت بێت و چ کۆماری ئیسلامی) باشترە لە هەر شتێک کە کێشە بۆ پێناسەی ئێران وەکوو وڵاتێکی یەک نەتەوە و یەک زمان ساز دەکات. بە گشتی زۆربەی ئۆپۆزیسیونی فارس پێی وایە کە ئێران تەنیا تا ئەو کاتە بوونی هەیە کە ئەو وڵاتە لە ژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی فارسدایە؛ تا ئەو کاتە ئێران هەیە کە سیستەمی سیاسییەکەی، توانای داسەپاندنی گوتاری یەک زمانی و یەک نەتەوەیی ئێرانی هەیە. لەوە بەدەر هەر سیستەم و حاکمیەتێکی ئالترناتیڤ، بۆ ئەوان بە مانای نەمانی بەکردەوەی ئێرانە. ئەو سەفا و مەروەی بەردەوامی فارسیش لە نێوان کۆماری ئیسلامی و سەڵتەنەتدا، ئاکامی ئەو باوەڕەیە. ئێرانییەت بە پێناسەی یەک زمان و یەک نەتەوە و یەک دەوڵەوت، زۆرتر وەکوو دینە بۆ فارسی سیاسی، تا دەستکردێکی تەسادوفاتی مێژوویی. بۆیە ئەو غەیریفارسانەی کە دەیانوێت هێزێکی (نەک تاکی) دێموکرات لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی فارسدا ببیننەوە، خۆیان سەرقاڵی دۆزینەوەی دەرزی لەنێو کادا کردووە.