ئارامتر بخوێنەوە

لەگەڵ جەختی جیهانیی لەسەر ئیسڕائیل و فەلەستین، پرسی کوردستان لەبیر کراوە

نووسینگەی ئوسترالیایی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی

د. لوقمان ڕادپەی

وەرگێڕ: کەمال حەسەنپوور

پەرەگرتنی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیە بۆ سەر لایەنە کوردستانییەکان لە عێراق و سووریە، شانبەشانی بێدەنگیی واتاداری هەمان دەوڵەت و مێدیا جیهانییانە کە خێرا باسی ڕووداوەکانی شوێنی دیکە دەکەن، سەلمێنەری ترسناکی پەندی بانێک و دوو هەوان. کوا هاواری ناڕەزایەتی جیهانی؟

بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک، دنیا شاهیدی خەباتی ئەو نەتەوانە بووە کە بۆ سەربەخۆیی تێدەکۆشن. بەڵام، تیشکی سەرنجەکان وێدەچی بەردەوام خۆ لە ‌هێندێک گێڕانەوە دوور دەخاتەوە، کە وامان لێ دەکات بیر لە هۆکارەکانی ئەو جیاوازییانە بکەینەوە. سەرسوڕمانەکە قووڵتر دەبێتەوە کاتێک هێڵێکی هاوتەریب لە نێوان ئەم دۆخە و دۆخێکی دیکەی هاوشێوە لە هەمان ناوچەدا بکێشرێ. لە کاتێکدا سەرنجێکی زۆر دراوە بە فەلەستین، خەباتەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستان، واتە مەزنترین تاقمی نەتەوەیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، تا ڕادەیەکی زۆر لە تاریکیدا ماونەتەوە.

تەوەری داواکارییەکانی  هەر دوو کوردستان و فەلەستین، لەگەڵ گەلانی خۆیاندا لە دەوری مافی بنەڕەتیی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان دەخولێنەوە، ئەو بنەمایەی کە لە یاسای ناونەتەوەییدا جێگیر کراوە کە جەخت لە مافی سەرجەم گەلان دەکاتەوە بۆ ئەوەی بە ئازادی دۆخی سیاسی خۆیان دیاری بکەن و بەدوای گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری خۆیاندا بگەڕێن. لە کاتێکدا کە وێدەچێ ئەو پرینسیپە بە قسە هاوسەنگ بێ، ناتەباییەکی بەهێز لە سەرنجدان بە فەلەستین و کوردستاندا هەیە کە نە تەنیا لە بەدواداچوونی مێدیایی و بەیاننامەکانی ڕۆژنامەوانیدا، بەڵکو لە گۆڕەپانی زانستگاکانیشدا ئاشکرایە.

گەڕانێکی وردی سەرهێڵ، جیاوازیی سەرسوڕهێنەر لە دابینکردنی پشتگیریی دارایی بۆ توێژینەوە و سەرنجدان بە پرسی فەلەستین لە بەراورد لەگەڵ هی کوردستان ئاشکرا دەکات. لە ماوەی حەفتا ساڵی ڕابردوودا، قەبارەی لێکۆڵینەوە، شیکردنەوە و گفتوگۆکان لەسەر فەلەستین لە هەر خەباتێکی دیکە بۆ دیاریکردنی چارەنووس لە ئاستی جیهانیدا، بە تایبەتی دوای دامەزرانی ئیسڕائیل، زۆر زیاترە. ئەو ناهاوسەنگییە بە نموونە هێنانەوە لە ژمارەی بڕیارنامەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ کە ئاماژە بە پرسی فەلەستین دەکەن ئاشکراتر دەبێ. بە پێچەوانەیەکی  زەق، لەمەڕ پرسی کوردستان، تەنیا ىڕیارنامەی ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نیسانی (ئاپریل) ١٩٩١ پەسەند کراوە، کە تەنیا ئاماژە بە بەشێکی کوردستان، واتە باشووری کوردستان لە عێراق دەکات. ئەو نایەکسانییە ئاشکرایە لە سەرنجی نێوتەوەییدا کاتێک ڕوونتر دەبێتەوە کە لێکۆڵینەوە لە ژمارەی ئەو بڕیارنامانەی ئیسرائیل دەکەنە ئامانج کە لە ٢٠١۵ بەولاوە ڕێژەیان دەگاتە زیاتر لە ٢٠٠ بڕیارنامە. لە هەمان کاتدا، دۆخی دژواری کوردەکان لە ئێران، سووریە و تورکیە تا ڕادەیەکی زۆر لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەیی پاشگوێ خراوە. لە ٢٠٠۵ و دوای دەیان ساڵ سەرکوت لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە، یاسای بنەڕەتیی عێراق دانپێدانانێکی دەگمەنی بە کوردەکانی باشووری کوردستانی پێوە زیاد کرا کە بڕگەکانی خۆبەڕێوەبەریی و هەبوونی نوێنەر لە بەڕێوەبەرایەتی دەوڵەتی دەگرتنەوە. دەوڵەتانی نەتەوەپەرست، سەرکوتکەر و یەکگرتووی دیکە وەک ئێران، سووریە و تورکیە، سەرەڕای ئەرکدارییەکانیان بەرانبەر بە پەیماننامەکانی مافی مرۆڤەوە، درێژە بە خۆ بواردن لە دانپێدانان دەدەن.

کارەساتی هێندە مەزن لە کوردستان ڕوویانداوە کە نابێت بە کەم هەژمار بکرێن. ڕێژەی کوژراوەکان گەلێک لە هی کێشەی ئیسڕائیل-فەلەستین زیاترن. تەنیا لە یەک دۆخدا، ڕێژیمی عێراق بە کەڵک وەرگرتن لە گازی دەمار لە ١٦ی ئازاری (مارچ) ١٩٨٨، ۵٠٠٠ کوردی بێتاوانی مەدەنی لە باشووری کوردستان کۆمەڵکوژ کرد. پێشینەی ڕێژیمی ئێران کوشتنی نایاسایی سیستەماتیک و کەڵک وەرگرتنی زێدەڕۆیانە لە توندوتیژیی دژی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی ناڕێژەیی زۆر لە بەندکراوانی سیاسیی کورد بەرەوڕووی حوکمی سێدارە دەبنەوە. پێشێلکاریی مافەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری لە دژی کوردان گەلێک بەربڵاون، کە لەسەردەمی ڕێژیمی پەهلەویدا دەستیان پێکردووە.

لە تورکیە، نکۆڵی کردن لە شوناسی کوردی لە یاسای بنەڕەتی وڵاتدا مێژوویەکی کۆنی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ١٩٢٣. نەتەوەی کورد هەروەها بەرەوڕووی ژمارەیەک کارەسات بە دەستی دەوڵەتی تورک بۆتەوە کە دەکرێ وەک کۆمەڵکوژی بێنە ئەژمار. سەرکوت لە بوارە جۆراجۆرەکاندا ئاشکرایە. شارەوانانی کورد کە لە لایەن کۆمەڵگاکانیانەوە هەڵبژێردراون، لە گۆترە لەسەر کار لابراون و بە تۆمەتبار کردنی ئەوتۆ کە هاندەری سیاسییان لەپشتەوە بووە زیندانی کراون و لە جیاتان بە کاربەدەستی دەستنیشان کراو لە لایەن دەوڵەتەوە جێگایان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژتر لە مۆڵەتی یاسایی پڕ کراوەتەوە کە گومانیان لە بێلایەنیی پرۆسەکە دروست کردووە. لە باکووری کوردستان، پارلەمانتارانی کورد بەرەوڕووی سنووردانانێکی زێدەڕۆیانە و هەڵاواردنکارانە بۆ هاتنە ژوور بۆ ناو پارلەمان دەبنەوە کە لە ناو وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی ئاسایش و هاوکاریی ئورووپا (OSCE) نموونەی نییە، ئەوان بە کۆمەڵ پارێزبەندیان لێ زەوت دەکرێ و حوکمی زیندانی درێژمەودایان بەسەردا دەسەپێنرێ. لە سووریە، بەر لە شەڕە نێوخۆییە درێژخایەنەکە، کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە سەدان هەزار کەس، بەرەوڕووی بە عەرەبکردنی درێژخایەن و لێ ئەستاندنەوەی شارۆمەندیی بوونەوە. بێدەنگییە ئاشکراکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرانبەر بە ڕێژەی لە ئەژمار نەهاتوو و دیاری ئەمجۆرە ئاکارانە دەبێتە هۆی بەرز کردنەوەی پرسیاری ڕەخنەگرانە لەمەڕ ڕۆڵی پارێزگاریی لە مافەکانی مرۆڤ و پرینسیپە دێموکڕاتیکەکان.

ئەوەی پرسەکە ئاڵۆزتر دەکات، کردەوەکانی تورکیە تەنیا نێو سنوورەکانی خۆی نەگرتۆتەوە. ئەو سەروەریی عێراق و سووریەی پێشێل کردووە، بەشێکی ڕۆژئاوای داگیر کردووە، دەستدرێژیی کردۆتە سەر خانووبەرە، زەویوزار و سامانی خەڵک و لە ٢٠١٨ بەولاوە خەریکی گۆڕینی دێموگرافی ناوچەکەیە. بێجگە لەوە، تورکیە بەردەوام دەستدرێژیی دەکات و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دەدا کە بۆتە هۆی کوژرانی سەدان هاوڵاتی مەدەنی و هەروەها هێزە کوردییەکان لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان،  لە سووریە و عێراق. باشووری کوردستان لە بەرانبەر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆتەقێن و هاژەکی ڕێژیمی ئێرانیش پارێزراو نییە، کە بنکەکانی حیزبە کوردییە دژبەرەکانی دەکاتە ئامانج.

ئەو دەستدرێژییانە، کە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بنکۆڵ دەکەن، بوونە هۆی کەمترین نارەزایەتی ناونەتەوەیی. بە لەبەر چاوگرتنی نەبوونی وەڵامی یەکگرتووی نێونەتەوەیی، مرۆڤ ئەو پرسیارەی بەلاوە درووست دەبێت کە ئاخۆ ڕەوایی سەروەریی عێراق و سووریە لە هی وڵاتانی دیکە کەمترە؟ سکاڵاکان بەرانبەر بە کەڵک وەرگرتنی هێزەکانی تورکیە لە چەکی کیمیایی قەدەخەکراو دژی هێزە کوردستانییەکان بە بێدەنگییەکی نیگەرانکەر لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەڵام دراوەتەوە. مرۆڤ دەبێ پرسیار بکات ئاخۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا دەبێتە هۆی جۆرێک بێ سزایی بۆ پێشێل کردنی یاسای ناونەتەوەیی. هەر تاکە قوربانییەکی مەدەنی دەبوو ببێتە هۆی مانشێتی سەرەکی میدیای جیهانی، بەڵام ئەو جۆرە ڕووداوانە نابنە هۆی هیچ سەرنج و کاردانەوەیەک.

ئەو لاسەنگییەی سەرنجی نێونەتەوەیی کاتێک لەگەڵ دۆخی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین بەراورد دەکرێ، هێندەی دیکەش زەق دەبێتەوە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە: چ شتێک کێشەی ئیسڕائیل-فەلەستین جیا دەکاتەوە، کە دەبێتە هۆی گرینگیپێدانی جیهانیی، لە کاتێکدا دۆخی نالەباری کورد و دابەشبوونی کوردستان لە نێوان چوار دەوڵەتدا لە تەمومژێکی ڕێژەییدا ماوەتەوە؟ ئیسڕائیل بە سەپاندنی هەڵاواردنی ڕەگەزیی دژی فەلەستینییان تۆمەتبار کراوە. لە کاتێکدا ئەو ئیدیعایانە جێگای مشتومڕن، چ مۆرکێک دەبێ لە سیستەمەکانی تورکیە، سووریە، ئێران و عێراقی پێش ٢٠٠٣ بدرێ، کە مافەکانی کوردانیان لە کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەمەوە سەرکوت کردووە؟

ئەوە زۆر گرینگە لەبیرمان بێ کە هەموو گەلێک مافی خۆڕسکی دیاریکردنی چارەی خۆ نووسینی هەیە. میدیا و زانستوانان دەوری یەکلاکەرەوەیان لە داڕشتنی گێڕانەوە و تێڕوانینەکاندا هەیە؛ ئەوان بەبێ مەبەست کاریگەرییان هەیە لەسەر ئەوەی کە کام خەبات دانی پێدا بنرێ و کامانە پاشگوێ بخرێن و لە سێبەرەکاندا بمێننەوە. پرسی کوردستان یەکێک لە چەند نموونەی هاوشێوەیە، لەناویاندا ڕۆژئاوای پاپوا، بەلوچستان، رۆهینگییەکانی میانمار، ئۆیغورەکانی شینجیانگ (چین)، هەروەها ژمارەیەکی دیکە تاقمی کەمینەی ڕەسەن و ئایینی لە وڵاتانی هیندوستان، پاکستان، ئەندونێزیا و ئەمریکای باشوور. وەکوو کورد، هیچ  پێگەیەک بۆ ئەم گەلانە لە یاسای نێونەتەوەیی وەک بۆ وێنە دادگای دادی ناونەتەوەیی، بوونی نییە. ئەگەر یەکێتیی ئورووپا، نەتەوە یەکگرتووەکان، زانستوانان و میدیای جیهانیی پشتگریی لە مافی چارەی خۆنووسینی فەلەستین دەکەن، هیچ بەربەستێک بۆ هەڵوێستێکی هاوشێوە بۆ کوردان نییە.

ئەوە سەلمێنەری دەسەڵاتی میدیای جیهانی، زانایانی تەرخانکراو و ڕێکخراوە ناحکومییەکانە کە بە ئانقەست یان بە پێچەوانە، پرسی ئیسڕائیل-فەلەستینیان کردۆتە پێشەنگی هۆشیاریی نێونەتەوەیی و بەو شێوەیە لە ئەجێندای جیهانیدا هێشتۆیانەتەوە. بەڵام، لە کاتێکدا کە ئەو مێکانیزمە جیهانییانە تیشک لەسەر کێشەی گرینگیپێدراو دەکەنەوە، ئەوان زۆر جار ناکۆکییە زەقەکان کە کاریگەرییان لەسەر هەموو دنیا هەیە پاشگوێ دەخەن. ئەو ڕووداوە نابێ ئێمە لە بەرانبەر کێشەی ڕاستەقینە و زەقەکاندا کوێر بکات. سەرنجدان و پشتیوانییەکی هاوسەنگ و دادپەروەرانە لە سەرجەم خەباتەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووس، بۆ گەشەپێدانی پەرگاڵێکی دادپەروەرانە و گشتگیر فرە گرینگە.

د. لوقمان ڕادپەی، توێژەرێکی سەربەخۆی دانیشتووی سکۆتلەندە. لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، ئەو بە شێوەی فراوان و بەربڵاو لەسەر پێگە و دۆخی یاسایی پرسی کوردستان و جێبەجێ کردنی یاسای نێونەتەوەیی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد، نووسیوە.