ئارامتر بخوێنەوە

پێناسەر: سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم چییە؟

ماری فرانسیس ئۆدۆد، زانستگای سی کیوو ئۆسترالیا، ڕابین هێکێنبێرگ، زانستگای کورتین.

وەرگێڕ: ئاران ڕۆژهەڵات



 بەکۆلۆنیکردن جۆرێکە لە دەستدرێژیکردن: تێیدا تاقمێک لە خەڵک خاکێک داگیر دەکەن و فەرهەنگی خۆیان بەسەر خەڵکی خۆجێییدا دەسەپێنن.

 بەکۆلۆنیکردنی مۆدێڕن هەڵدەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دۆزینەوەکان لە سەدەی ١٥ی زایینیدا، کە تێیدا ئۆرووپایییەکان بیریان کردەوە کە  پەرە بە دەستڕۆیشتوویی و سامانی خۆیان بدەن. لە وەها پێڤاژۆیەکدا، نوێنەرانی ئەو وڵاتانە خاکیان داگیرکرد، خەڵکانی خۆجێییان پشتگوێ خست و سەروەریی خۆجێییان سڕییەوە.

 قانوون و دۆخی پۆلیسی بۆ سەندنەوەی خاوەنداریەتی و چەوساندنەوە، ئامرازی هەرە بەرچاو بوون. خەڵکی خۆجێیی وەک هۆڤانی پیشان دران، چەوسێنرانەوە و لەزۆر شوێندا کەمتر لە مرۆڤ وێنا کران. بەو جۆرەی ژان پۆل سارتر باس لە بەکۆلۆنیکردن دەکات:

[…] ئێوە بە داگیرکردنی وڵات دەست پێ دەکەن، دوایی خاک هەڵدەگرن بۆ خۆتان و خاوەنە پێشووەکان دەچەوسێننەوە و لە برسییەتیدا ڕایاندەگرن[…] دەیگەیەننە ئاستێک کە مافی کارکردن لە خۆجێییەکان وەردەگرنەوە.

 بەکۆڵۆنیکردن تەنیا ڕەهەندی فیزیکیی نییە. لەباری فەرهەنگی و دەروونناسیشەوە دیاریی دەکات کە کام تێگەیشتن باشترە. لێرەدا، بەکۆڵۆنیکردن تەنیا لەسەر یەکەم نەسڵی بەکۆڵۆنیکراو کاریگەریی نییە، بەڵکوو کاریگەریی درێژماوە دروست دەکات.

سڕینەوەی کۆڵۆنیالیزم بەدوای ئەوەدایە کە ئەم شتە بە هەوڵی ڕاستەوخۆ چارەسەر و پێچەوانە بکاتەوە و گوێ لە دەنگی خەڵکی نەتەوە یەکەمەکان بگرێت.


بەدوای سەربەخۆییدا

وشەی “سڕینەوەی کۆڵۆنیاڵیزم” یەکەمجار  لەلایەن “مۆریتز جوولیۆس بۆن”، ئابووریناسی ئاڵمانییەوە لە دەیەی ١٩٣٠دا و بۆ باسکردن لە کۆڵۆنییە پێشووکان کە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەرییان دەست خستبوو بەکار برا.

 بەشێکی زۆر لە خەبات بۆ سەربەخۆیی، چەکدارانە و خوێناوی بوون. بەتایبەتی شەڕی سەربەخۆییی ئەلجەزایر (١٩٥٤-١٩٦٢) لە دژی فەڕەنسییەکان زۆر توندوتیژ بوو. ئەوانی تر وتووێژی سیاسی و بەرگریی دەستنەکەرەوەیشیان لەخۆ دەگرت.

 ئەگەرچی چوونەدەرەوەی بریتانیا لە هیند لە ساڵی ١٩٤٧ دا بەزۆری وەک بەرگریی ناتوندوتیژانە لەژێر کاریگەریی ئەخلاقی ئاشتیخوازانەی گاندیدا باسی لێ دەکرێت، بەڵام شاڵاوەکە لەساڵی ١٨٥٧ دا دەستی پێ کرد و بەبێ خوێنڕشتن نەبوو.

 پرسی سەربەخۆیی زۆر کەم هەڵدەکەوێت کە ئاشتیخوازانە بێت.


یەکسانی

 سڕینەوەی کۆڵۆنیالیزم لە ئێستادا بۆ باسکردن لە گەڕاندنەوەی یەکسانی لەڕێگای ئازادیی فەرهەنگی، دەروونناسی و ئابوورییەوە بەکار دەبرێت.

 لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا کە کۆڵۆنیکەرەکانی تێدا ماون، هێشتا خەڵکی خۆجێیی دەستیان بە پێگە گرینگەکانی دەسەڵات ناگات و ناتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. ئەم نەتەوانە بە وڵاتانی “کۆڵۆنیالی نیشتەجێ”(settler colonial)” ناو دەبرێن؛ چەمکێک کە لە دەیەی ١٩٩٠ دا لەلایەن بیرمەند “پاتریک وۆڵفەوە” باو بوو، ئەو کاتەی وتی “دەستدرێژی پێکهاتەیە نەک ڕووداو”.

 وشەیەکی تر کە بۆ تێگەیشتن لە سڕینەوەی کۆڵۆنیاڵیزم بەکەڵکە، وشەی “نیۆکۆڵۆنیالیزم/کۆڵۆنیالیزمی نوێ”یە. ئەم وشەیە “کوامی نکرووما” یەکەم سەرکۆماری غانا، لە سەرەتاکانی دەیەی١٩٦٠ دا، بۆ هەڵگەڕانەوە بۆ بەردەوامیی دەسەڵاتی کۆڵۆنیکەرە پێشووەکان لەڕێگای ئامرازە ئابووری، سیاسی، پەروەردەیی و نافەرمییەکانی ترەوە داهێنرا.

 لەم وڵاتە کۆڵۆنیاڵە نیشتەجێ یان کۆڵۆنیالە نوێیانەدا، بەرگری لە مافی خەڵکانی خۆجێیی، بەزۆری تەنیا قسەیە. داواکاریی خەڵکانی خۆجێیی بۆ یەکدەنگی و ڕاستی لە فەرهەنگ، سیاسەت، قانوون و پەروەردەدا ڕەنگ دەداتەوە بەڵام بە کردەیی نابێت.

 سڕینەوەی ڕاستەقینەی کۆلۆنیاڵیزم بەدوای ئەوەدایە کە ئاریشە بۆ سەردەستبوونی سپی پێستەکان و مێژوو و ڕاستیی نەتەوەیی دروست بکات و بیگۆڕێت.

 نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٧ دا مافی خەڵکە خۆجێییەکانی لەئەستۆ گرت و ڕایگەیاند: خەڵکی خۆجێیی مافی دیاریکردنی چارەنووسیان هەیە. ئەوان بەهۆی ئەو مافەوە ئازادانە پێگەی سیاسیی خۆیان دیاری دەکەن و ئازادانە بەدوای پەرەسەندنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی خۆیاندا دەڕۆن.”

 نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بوارەدا چەندین مافی گرینگ لە پێڤاژۆی سڕینەوەی کۆڵۆنیاڵیزمدا ڕیزدەکات، کە ئەمانە لەخۆدەگرێت:

*  مافی خوسەری و خۆبەڕێوەبەری و لەناویدا مافی دابینکاری(ی مادی) بۆ ئەم ئەرکە خۆسەرییانە.

*  سەرپشکبوون لە جیاکردنەوەی زۆرەملێی منداڵان.

*  پاراستنی شوێنە کەونار و مێژووییەکان، گەڕاندنەوەی کەلوپەلە نەریتییەکان و جێماوە مرۆییەکان.

*  مافی پەروەردە بە زمانی خۆیان.

*  لە ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا دەبێت جیاوازییە فەرهەنگییەکان ڕەنگ بداتەوە.

* بە قانوونی ناسینی خاک، عەرد و سەرچاوە نەریتییەکان.


ڕێگاکانی پشتگرتنی سڕینەوەی کۆڵۆنیاڵیزم

 سڕینەوەی کۆلۆنیاڵیزم دەبێت ئاریشە بۆ هەردوو جۆری ڕاسیزمی بەئاگا و نائاگا دروست بکات. خەڵکی ناخۆجێیی لە کۆمەڵگا کۆڵۆنیاڵییە- نیشتەجێکاندا دەتوانن بەم پرسیارە دەست پێ بکەن:

– من لە کام وڵات و بەسەر شانی کام نەتەوەوە دەژیم؟

– ئەگەر خاکی من دزرابا، فەرهەنگ و سەروەریی من پشتگوێ خرابا، داوای کام مافگەلم دەکرد، یان پێویستم پێی دەبوو و چاوەڕوانیم دەکرد؟

– لە وڵاتدا دەبێت گوێ بۆ کێ بگرم و کار لەگەڵ کێدا بکەم؟

بۆ بەشداربوون لە سڕینەوەی کۆڵۆنیاڵیزمدا دەتوانن:

–  بایەخ بە زانیاری و زانایانی خۆجێیی بدرێ. لە ئۆسترالیادا، ئەمە دەتوانێت بەمانای گوێگرتن بۆ خەڵکی خۆجێیی بێت کاتێک باس لە چۆنیەتیی کوژاندنەوەی ئاگر دەکەن.

–  هاندان و پێداگری لەسەر فێرکردنی زانیاری لەسەر خەڵکی خۆجێیی و فەهەنگەکان لە قوتابخانەکاندا.

–  پاڵپشتیی هەوڵە قەرەبووکارانەکان، وەک ئەو بەرنامانەی کە زمانە خۆجێییەکان دەبووژێننەوە.

–  داواکردن لە دامەزراوەکان -لەناویاندا لەڕێگای پەروەردە، هونەر، ڕاگەیاندن و سیاسەتەوە- بۆ ئەوەی خەڵکی خۆجێیی لە ڕێکخراو و پێگەکانی ڕێبەرایەتیدا دابمەزرێنن.

–  لە شوێنی کارکردنتاندا سەرنج بدەن ڕەنگە خەڵکانێک بەرەوڕووی هەڵاواردن و دەمارگرژییەکی نائاگا ببنەوە، بۆیە بەدژی ئەو پێکهاتەیە دەنگ هەڵبڕن.

– لە کاروباری ڕێکخستندا بە هەنگاوی شانبەشان لەگەڵ خەڵکانی خۆجێییدا بۆ ئەو یەکسانییە شەڕ بکەن کە هەڵقوڵاوی تێبینییەکانی ئەوانە و دەنگی ئەوان لە پێشەوە و لە چەقی ڕووداوەکاندا دابنێن.

 ڕاسیزم بریندار دەکات، دەخنکێنێت و دەکوژێت، مەگەر ئەوەی ئاریشەی بۆ دروست بکەیت. پێکهاتە ڕاسیستییەکان قوربانی دەکەن بە پرس.

 دەبێت مل بدەین بۆ بیرهێنانەوەی ئەوانەی کوژراون. بەڵام دەبێت داوایش لە دامەزراوەکان بکەین چاکسازیی پێویست بۆ سڕینەوەی کۆڵۆنیاڵیزم بکەن. دەبێت پاڵپشتیی ئەو خەڵکانە بکەین کە لە ڕێکخراوەکاندا دژی ڕاسیزم قسە دەکەن. دەبێت پرسیار لەسەر ئەوە دابنێین کە بەکۆڵۆنیکردن چۆن فێری کردین لە چوارچێوەی دامەزراوەییی هزردا ڕاوەستین و دەستەوەستان تماشای خنکانەکان بکەین.



سەرچاوە:

  1. https://theconversation.com/explainer-what-is-decolonisation-131455