ساڵێک دوای دەسپێکی شۆڕشی ژینا
دەسکەوت و بەربەستەکان
ئارش ساڵح
ساڵێک دوای دەستپێکی شۆڕشی ژینا، تێچوویێکی زۆر لە لایەن ڕژێمەوە بەسەر کۆمەڵگای ئێران بە گشتی و کۆمەڵگای کوردستان بەتایبەتی سەپاوە. لە دوای ئەم یەک ساڵە یەکێک لەو بابەتانە کە گرینگە ئەوەیە کە بە ڕامان لە یەک ساڵی ڕابردوو هەوڵ بدەین بەراوردێکی گشتی لە دەسکەوت و لەمپەرەکانی بەردەم ئەم شۆڕشەمان هەبێت. هەوڵ دەدرێت ئەم وتارە بکرێت بە دوو بەشەوە و لە بەشی یەکەم باس لە دەەسکەوتەکان بکرێت و لە بەشی دووهەم بەربەست و لەمپەرەکانی سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە بخرێنە بەر باس. بەڵام سەرەتا و پیش ئەوەی بڕۆینە ناو ناوەرۆکی باسەکە پێویستە ئەوە بخرێتە بەر چاو کە دەسکەوتەکان و بەربەستەکان بۆ هەموو پێکهاتەیێک لە ناوخۆی ئێراندا بە یەک چەشن نایێنە پێش چاو. ئەوەی ئێستا گرینگە ئەوەیە کە ئێمە پێویستە لە گۆشەنیگای بەرژەوەندی و داخوازییەکانی کوردەوە ئەم باسە لێک بدەینەوە. گەیشتن بەم ئاگایییە، لە پلەی یەکەم پێویستی بەوە هەیە کە کورد بتوانێت عاملیەت و ئەیجەنسی وێنا بکات و هەروەها بەو زەینەوە چاو لە بابەتەکە بکات کە تەنیا زەمانێک چارەنووسی سیاسیی کورد و باقیی نەتەوەکانی ئێران لە چوارچێوەی وڵاتێکدا گرێدراوی یەک بێت کە مافی دیاریکردنی چارەنووس بە شێوەیێکی نەهادمەند و نەهادین بنەمای نەزمی سیاسیی ئەو ووڵاتە بێت.
بەشی یەکەم دەسکەوتەکان
ئاگاییی سیاسی: یەکەم دەسکەوتی شۆڕشی ژینا لە ڕاستیدا پێکهێنانی گۆڕانکاریی قووڵ لە ئاگاییی سیاسیی گەلی کورد و باقی گەلانی ئێران سەبارەت بە چارەنووسی خۆیان بوو. ئەگەرچی بە تایبەت لە شارە گەورەکاندا و لە ناو نەتەوەی فارسدا، بەشداری بەقەد کوردستان و نەتەوە پەڕاوێزخراوەکانی تر نەبوو، بەڵام بە گشتی ئاکامی شۆڕشی ژینا ئەوە بوو کە گەلانی ئێران بەو ئاکامە گەیشتن کە گۆڕانکاری لە دۆخی ئێستایان و بەدەستخستنی چارەنووسیان، پێویستی بە ئاگاییەکی ڕادیکاڵ هەیە. ئەم ئاگایییە ڕادیکاڵەش کە سەرەتاکانی لە ناو فەلەکی سیاسیی ئێراندا خەریکی هاتنە ئارایە، بریتییە لە گۆڕانکاریی قووڵ لە نەزمی سیاسیی هەبوو کە لە سنوورەکانی ڕووخانی ڕژێمیش تێدەپەڕێ. دەسپێکی ئەم ئاگایییە لە باسوخواستەکانی ئۆپۆزسیون سەبارەت بە داهاتووی پاش ڕووخانی ڕژێم زیاتر لە هەرکات ڕەنگ ئەداتەوە. ئەوەی کە کۆمەڵگای ئێران تووشی ئەو باسانە بووە کە ئاخۆ باسی سیستەمی داهاتوو و شێوازی ئیدارەی ئێرانێک بە هەموو کەلێنە کۆمەڵایەتییەکانیەوە پێویستە، هەرچۆن بێت خۆی گوزارشت لەو ڕاستییە ئەکات کە سەرەتاکانی ئەو ئاگایییە سیاسییە خەریکی بیچم گرتنە. مەرج نییە لە هەموو ئاستێکدا بە یەک ڕادە لە هەموو ڕەهەندەکانیدا پێش کەوتبێت و بە باشی ڕوون کرابێتەوە. پەیامی مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی ڕێبەریی حدکا، یەکێکە لە نموونەکانی پێشکەوتوو و ڕێک فۆرموولە کردنی ئەو ئاگایییە، بەڵام هاوکات هەر لە ناو حدکادا ئەم ئاگایییە لە لای هەموو کەس بە یەک ڕادە قووڵ نەبووەتەوە.
سیاسەت و شەقام: یەکێکی تر لە دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژینا گرینگی پەیدا کردنەوەی شەقام وەکوو پانتاییەک بۆ سیاسەتە. لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی توانیبووی شەقام لە پانتاییەک بۆ سیاسەتی ڕاستەقینە لە کار بخات و گرینگییەکەی لەبار بەرێت. ئەو ڕژێمە بە پەیڕەو کردنی سیاسەتی کرانەوەی کونتروڵکراو، بەشێکی زۆر لە ئیلیت و خەڵکی ئاساییی کۆمەڵگای خستبووە ئەو گومانەوە کە ئیمکانی سیاسەتوەرزی لە ڕێگەی پرۆسە فەرمییە پاڕلەمانتاریستییەکانەوە هەیە. شۆرشی ژینا بۆ ئیلیتی سیاسی و خەڵکی ئێران ڕوون بووەوە کە شەقام ئەسیلترین و گرینگترین شوێنگە و پێگەی سیاسەتە و لە ڕاستیدا پاڕلەمان و دامەزراوە فەرمییەکان بازنموود و نوێنەری ئەو پێگە سەرەکییە لە ڕێگەی دامەزراوەی نوێنەرایەتی و نیابەتیی سیاسین. مادامێک ئەو پرۆسانە و ئەو دامەزراوانە بە هەر هۆکارێک نەتوانن کاری تایبەتی خۆیان جێبەجێ بکەن، ئەوە گەڕانەوە بۆ شەقام زیندوو کردنەوەی سیاسەت و گەڕانەوەی ئەمری سیاسی بۆ خاوەنە سەرکییەکانی واتە خەڵکە.
لە کۆتایی ئەم بەشە پرسیارێکی زۆر گەورە و گرینگ خۆی دەنوێنێ و ئەویش ئەوەیە کە ئایا ئەم دەسکەوتانە ناگەڕێنەوە بۆ دواوە و لە درێژخایەندا ماندگارن؟ بۆ وێنە ئایا چەند ساڵی تر ڕژێم ناتوانێت لە ڕیگەی دووپاتکردنەوە سیاسەتی کرانەوەی کونتروڵکراو خەڵک سەرقاڵی یارییەکان هەڵبژاردنەکانی خۆی بکات؟ وڵام بۆ ئەو پرسیارە زۆر سادەیە و ئەویش ئەوەیە هەر پێشکەوتنێک لە واقیعدا ئیمکانی گەڕانەوە بۆ دواوەی هەیە. ئەگەر ئێمە وەکوو دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت وەکوو ئەحزابی کورد، نەتوانین بە نیشاندانی ئیرادەی بەرگری لە ڕێگەی کردەوەوە، گوتاری زاڵی خۆمان و هێژمۆنی گوتاری خۆمان بپارێزین، ئەوە بۆ ڕژێم زۆر سادەیە کە هەموو ئەم پێشکەوتنانە پێچەوانە بکاتەوە.
بەشی دووهەم لەمپەرەکان
ئاپۆرچۆنیتسمی سیاسی
یەکەم لەمپەر لە بەرانبەر گەشەی شۆڕشی ژینا لە ڕاستیدا ئەو دەستە سیاسییانە بوون کە شۆڕشی ژینایان وەکوو هەلێک دەدیت بۆ ئەوەی بتوانن ڕەواییی نێودەوڵەتی بۆ خۆیان بدۆزنەوە کە وەکوو نوێنەرانی گەلانی ئێران خۆیان دەرخەن. هەر بۆیە هەستان بە فورمولەکردنی ئەوەی کە ئێمە دەتوانین بە نووسینی هەندێک خاڵ لە چوارچێوەی مەنشوورێک خۆمان وەکوو یەکەیەکی نوێنەرایەتیکەر و ڕێبەریکەر دەربخەین و بەو چەشنە دەست بکەین بە وتووێژ لەگەڵ وڵاتان. ئامانجی سەرەکیی ئەوان ئەوە بوو کە ئەگەر لە ئاکامی ڕووخانی ڕژێم بۆشاییەک پێکهات، ئەوان وەکوو مەرجەع بناسرێن و لە ئەگەری نەڕووخان بتوانن بەو بیانوویە یارمەتیی ماڵی لە وڵاتان کۆ بکەنەوە. بەڵام لە ڕاستیدا حەرەکەتی فورسەتتەڵەبانەیان زەبرێکی گەورە بوو لە هەرجۆرە بیرۆکەیەکی یەکگرتن و یەکگرتوویی لە ناو ئوپوزسیوندا.
هەڵەشەیی
بابەتێکی تر هەڵەشەییی هەندێک ئیلیتی سیاسی و خەڵکی ئاسایی بۆ هوروژم بردن بۆ ئەو ئاکامەی کە ڕژێم لە کۆتایی خۆیدایە. لە ئەنجامی ئەو ئاکامگیرییە زۆر بە پەلەیە، هەندێک کەسایەتی و لایەن دەستیان کرد بە گرتنی هەندێک هەڵوێست و ئەنجامدانی هەندێک کار کە لە ئاکامدا، ئێعتێباری سیاسیی خۆیان بردە ژێر پرسدیار و لە نەهایەتدا بێ هیواییان پژاندە ناو کۆمەڵگا کە لەوانەیە شکستمان هێنابێت چونکە ئەو ئاکامە بە پەلانە دەست نەکەوتن.
نەبوونی ڕێبەرایەتیی مەیدانی
یەکێکی تر لە لەمپەرە گرینگەکان بوو کە دەتوانێت ڕۆڵیکی زۆری لە کێشەکان هەبووبێت. لە ڕاستیدا کوردستان بە هۆی تەشکیلاتەوە لەو کیشەیە بێبەری بوو بەڵام لە بە ئاکام گەیشتنی شۆرشێک، زیاتر لە پەڕاوێز خراوەکان، ئەوە ناوەند و شارە گەورەکانن کە گرینگن و ئەو خەسارە لە ناوەند زۆر ڕۆڵی نێگەتیڤی گێرا.
دانەبڕانی هێزە سەربازییەکانی ڕژێم
بابەتی تر ئەوە بوو کە هێزە سەربازییەکانی ڕژێم بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕژێم جیا نەبوونەوە و تووشی ڕیزش نەبوون. ئەگەرچی ڕوونە کە تواناییی سەرکوتی ئەو هێزانە کەم بووەتەوە بەڵام هێشتا تا گەیشتن بە ڕیزشی زۆر لە ناو ئەو هێزانە مەودا هەیە. زۆر گرینگە کە ئەو ڕیزشە زۆرە بێتە ئاراوە هەتا شۆرشێک بتوانێت سەرکەوێت.
لە ئاکام دا پێویستە بگوترێت لە ڕاستیدا دەسکەوت و لەمپەرەکان زۆر زیاتر لەم بابەتانەن کە لێرە ئاماژەیان پێ کراوە بەڵام ئەم چەند خاڵە لە ڕوانگەی نووسەرەوە گرینگترین خاڵەکانن کە دەکرێ لێرە باسیان لێوە بکرێن. هەروەها زۆر گرینگە ئەوە لە بەرچاو بگرێن کە نە ئەم دەسکەوتانە تاهەتایین و نە لەمپەرەکانیش هەرکات لەوێ دەبن. گرینگە کە ئێمە بتوانین دەسکەوتەکان بپارێزین و لەمپەرەکان لە ناو بەرین.