ئارامتر بخوێنەوە

دوژمنان چۆن هەوڵی سڕینەوەمان دەدەن؟

شەهرام سوبحانی




دیاردەی سڕینەوە و بنبڕکردنی نەتەوەکان، پڕۆسەیەکی زەمانی و درێژ خایەنە کە هەمیشە لە لایەن دەوڵەتانی زلهێزەوە بەسەر نەتەوەی بندەست و لاواز دا سەپێندراوە، ئەم دیاردەیە شتێکی نوێ نییە، بەڵکوو کردەوەیەکی نامرۆڤانەیە کە وەک بژاردەیەکی سەرەکی لە بەردەم داگیرکەران کەڵکی لێ وەرگیراوە، تاکوو نەتەوەی حاکم بتوانێ لە چوارچێوەی جوغرافیای دەسەڵاتداریی خۆیدا تەمەنی زیاتر بۆ دەسەڵاتەکەی مسۆگەر بکات.
جا بۆیە قوربانیی یەکەمی ئەم سیاسەتانە زیاتر میللەتانی بێ دەوڵەتن، چوونکە میللەتانی بێ دەوڵەت بە هۆی ئەوەیکە لە چوارچێوەی نەتەوەی حاکم دا ژیان دەکەن و هەر لەو چوار چێوەدا پێناسە دەکرێن، ناتوانن بە شێوەی پێویست بەرگری ئەوتۆ لە خۆیان بکەن. هەروەها گەیاندنی دەنگی خۆیان بە ڕێکخراوە مرۆڤییەکان کارێکی سەخت و دژوارە، مەگەر ئەوەیکە لە نێو خۆیاندا خاوەن ڕێکخراوێکی سیاسیی شوێنداربن کە بتوانێ دەنگی هەقخوازانە و مافخوازانەیان بە دنیا بگەیەنێ. بەڵام لە ڕاستیدا ئەویش بە تەنیا ناتوانێ وڵامدەری ئەو هەموو پێشێلکارییە نامرۆڤییە بێت. کە دەرهەق بە نەتەوەکەیان دەکرێ. لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بەوەش بکەم کە لەم پڕۆسەیەدا نە تەنیا میللەتانی بێ دەوڵەت بەڵکوو دەوڵەتە لاوازەکانیش لە تەوژمی ئەم ڕەشەبایە کە لق و پۆپی سەرەکیترین پێناسەکانی نەتەوە بوون دەکاتە ئامانج، پارێزراو نین. جا بۆیە نەتەوەی حاکم بە پیلانی جۆاروجۆر و سەپاندنی هێژەمۆنی خۆی لە هەوڵ دایە تاکوو نەتەوەی بندەست لە نێو خۆیدا بتوێنێتەوە و لە کۆتایی دا بنبڕی بکات.



گەلی کوردیش بە درێژایی مێژوو وەک هەموو نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی سەر گۆی زەوی( گەلی تامیل، گەلی بەلووچ، گەلی سیند، و….هتد.) هەموو کات بە هێرشی هەمە لایەنە، خۆی و نیشتمانە بریندارەکەی لە ژێر چەپۆکی دەوڵەتی سێبەردا بووە (تورکیە، ئێران، سووریە، عێراق) ئەم چوار دەوڵەتە فاشیستە کە خاکی کوردیان داگیر کردووە بە هەموو مێتۆدێک کوردیان تا لێواری نەمان پاڵ پێوە ناوە، ڕەنگە کورد و خاکەکەی لە بەرانبەر ئەم سیاسەتانە بێ کاریگەر نەبووبێ، بەڵام وەک شێرکۆ بێکەس وتەنی “ئەوەی هەرگیز پێیان ناکرێ سڕینەوەی ئازادییە لە ڕۆحمانا.” بە خۆشحاڵییەوە سەرەڕای ئەو هەموو کەند و کۆسپانەی کە لە بەردەم نەتەوەی کورد دا دروست کراوە، هیچکامیان نەیتوانی دوو وشەی “کورد و کوردستان”لە مێژوو دا بسڕێتەوە و هەتا ئێستاشی لە گەڵ بێت کورد بەو هەستە پیرۆزەوە کە هەموومان بە هەستی نیشتمانپەروەریی و ناسیۆنالیزم دەیناسین توانیویەتی لە بەرانبەر گەردەلوولی هەورە تاریکەکاندا خۆی و خاکەکەی بپارێزێت.
دوژمنانی کوردستان هەر وەک پێشەوا قازی محەممەد لە وەسییەت نامەکەی دا باسی دەکا، زاڵمن، زۆردان، بێ ڕۆحمن و تەنانەت ئەگەر هەنگوینیشتان بەنێ، دڵنیا بن ژەهریان تێکردووە، جا بۆیە دوژمنانی گەلی کورد هەر دوای دابەش بوونی ئێمپراتوری عوسمانییەکان و دروست بوونی دەوڵەت-نەتەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و پارچە پارچە کرانی خاکی کوردستان هەوڵیان دا لە نێو خۆیان دا بەرەیەکی هاوبەش پێک بێنن تاکوو کورد و خاکەکەی زیاتر بچەوسێننەوە و لەم پێناوەش دا هەر شتێک کە بۆنی پێناسەی کوردبوونی بدایە بنبڕیان دەکرد، تاکوو کورد لە چوارچێوەی نەتەوەی حاکم وەک گەلێکی بێ شوناس و بندەست بمێنێتەوە و ناچار بێ خۆی لە گەڵ ئەم سیاسەتانەی دوژمن ڕابێننێ. ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەی کە هەتا ئێستاشی لە گەڵ بێ بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد و خاکەکەی بەکاری دێنن بریتییە لە :



١.کۆچی زۆرە ملێ:

داگیرکەران بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی کوردەکان و ئاسیمیلە کردنیان لە نێو خۆیان دا لەم سیاسەتە کەڵک وەردەگرن تاکوو کورد زێدەکەی خۆی بە جێهێڵێ و پەنا بۆ ناوەندەکان ببا. داگیرکەرانی کوردستان بۆ ڕەخساندنی ئەم هەڵە بۆ ئەوەیکە کوردەکان خاک و زێدی خۆیان بەجێ بێڵن لە یەکەم هەنگاودا پێش لە گەشە سەندنی پارێزگا کوردنشینەکان دەگرن و له بواری ئابوورییەوە لە دژوارترین دۆخی مومکین دا دەیانهێڵنەوە تاکوو خەڵکی کوردستان بۆ بژیوی ژیان و دابینکردنی ژیانێکی ئاسوودە ڕوو لە ناوەندەکان بکات، هەر بۆیە ئەم دۆخە دژوارە ئابوورییە هەلی کۆچکردنی کوردەکانی بەرەو شارە فارسەکان و تەنانەت دەرەوەی وڵاتیش ڕەخساندووە کە هەر ساڵەی ڕێژەیەکی زۆرتر لە خەڵکی کوردستان بە هۆی دۆخی خراپی ژیان و نەبوونی ئەمنییەتی ماڵی و گیانی خاک و زێدی خۆیان بەجێ دێڵن و ڕوو لە شارە فارسەکان دەکەن کە لە ئاکامی ئەم کۆچەدا  ڕێژەی دانیشتووانی شارە کوردەکان کەم دەبنەوە و کۆچکردووەکانیش لە نێو شارەکانی خۆیان دا هەزم دەبن و دەتوێنەوە.




٢ــ لە نێوبردنی شارستانییەت و کولتوور:

هەر نەتەوەیەک، بە پێی هێندێک هێمای جیاواز لە نێو میللەتانی دیکە دا دەناسرێ. گەلی کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی ئەم جیهانە خاوەن مێژوو و شارستانییەتێکی کۆنە کە ئەمڕۆکانە بووەتە جێی شانازیی هەر تاکێکی کورد کە وەک پێناسەیەک بۆ کورد بوون دێتە ئەژمار، داگیرکەرانیش لە قۆناغی یەکەم دا هەوڵی شێواندنی ئەم هێما نەتەوەیانە دەدەن، تاکوو کورد هیچ شتێکی نەمێنێ بۆ ناسینەوە و نەتەوە بوون و، لەم پڕۆسەیە دا کۆماری ئیسلامی و داگیرکەران بە گشتی کەڵک لە “تێۆری فەڕانسەوی” وەردەگرن کە لەم تێۆرییەدا “کولتوور” بە فاکتەری سەرەکی بۆ پڕۆسەی نەتەوە سازی دەناسرێت، جا بۆیە تەرکیزی سەرەکی زیاتر لەسەر “کولتوورە” کولتووری کوردەواریش هەمیشە وەک هێمایەکی نەتەوەیی و دەوڵەمەند، ڕۆڵی بەرچاوی لەسەر نەتەوە سازی و یەکگرتووبوون گێڕاوە. وەکوو جێژنی نەتەوەیی کوردستان، واتا جێژنی “نەورۆز” کە هەر ساڵە لە لایەن کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستانەوە بە شکۆوە بەڕێوە دەچێ کە ئاکامی بەرزکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی و بردنە سەری ئاستی هۆشیاریی نەتەوەیی بووە کە ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی و داگیرکەرانی وەلەرزە خستووە کە هەموو ساڵێک بە هەڕەشە و گوشار خستنە سەر چالاکانی مەدەنی پێش لە بەڕێوەچوونی ئەم هێماگەلە دەگرن، تاکوو جیلی داهاتووی کورد له گەڵ داب و نەریت و میراتی باب و باپیرانیان ئاشنا نەبن و بێگانە بار بێن. تا پڕۆسەی سڕینەوەی جیلی نوێ لە نێو کۆمەڵگە دا بۆیان ئاسانتر بێتەوە. بەڵام بە خۆشحاڵییەوە هۆشیاریی نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵات گەیشتۆتە ئاستێک کە هیچ بەربەستێک ناتوانێ پێش بەم جیلە بگرێ. هەر وەک هەموو ساڵێک شاهیدی ئەوەین کە خەڵکی ڕۆژهەڵات و پارچەکانی تر بە گۆڕتر لە ساڵی پێشوو یادی ڕۆژە نەتەوەییەکانی کوردستان بەرز ڕادەگرن و بەو پەڕی هەست و سۆزەوە یادی ئەو ڕۆژانە دەکەنەوە.



٣ــ ئاسیمیلاسیۆن و تواندنەوە:

لە دنیای ئەمڕۆدا دڵنیام کە هەموومان بۆ جارێکیش بێ وشەی ئاسیمیلاسیۆنمان بیستووە، ئاسیمیلاسیۆن پڕۆسەیەکە کە لەوێدا کولتووری نەتەوەی ژێردەست یان کەمینە، لەلایەن کولتووری نەتەوەیەکی دیکەوە تووشی توانەوە دەبێت. واتا تواندنەوە لە نێو کولتووری خاوەن دەسەڵات، یان بە واتایەکی تر ئاسیمیلاسیۆن زیاتر لە وڵاتانی فرەنەتەوە و نادێموکراتیکدا بەرچاو دەکەوێ کە سادەترین پێناسە بۆ ئاسیمیلاسیۆن، هاوڕەنگکردن و هاوشێوەسازی و یەکسانکردنی نەتەوەکان لەژێر کولتوور و هێژەمۆنیی نەتەوەی حاکمدایە. ئەو دەوڵەتانەی کە خاکی نەتەوەکانی تریان داگیر کردووە لەم دیاردەیە کەڵک وەردەگرن، بەمەبەستی لەنێوبردنی کولتووری نەتەوەی ژێر دەست، تا نەتەوەی خۆیان بە نەتەوەی باڵادەست لە قەڵەم بدەن و نەتەوەکانی تریش وەک قەوم، هەر بۆیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کۆماری ئیسلامی وەک حکوومەتێکی ناوەندگەرا هەمیشە بۆ حوکمکردن بەسەر ئێرانی فرەنەتەوەدا کەڵک لەم پڕۆسە وەردەگرێ تا بتوانێ بە باشی هێژەمۆنیی خۆی بە سەریاندا بسەپێنێ. و لەم دیاردەیە بۆ یەکدەست کردن و یەک پارچەکردنی خاکی کوردستان و بە گشتیی ئێران کەڵک وەردەگرێ تاکوو کۆمەڵگە لە چوارچێوەی هێژەمۆنییەکانی خۆیدا پەرەبستێنێ. و لە کۆتاییدا هیچ مەترسییەکی ئەوتۆ بەرۆکی نیزامەکەی نەگرێتەوە.



٤ــ گۆڕینی دێموگرافیی کوردستان:

دوای دابەش بوونی خاکی کوردستان بەسەر چوار وڵات دا ئەم پڕۆسەیەش هەتا ئێستا هەر بەردەوام بەرۆکی کوردی بەر نەداوە، بەتایبەت لە شارە گرینگە و هەستیارەکانی کوردستان ئەم بەرنامەیە بەردەوام لە جێبەجێ کردن دایە، وەکوو کەرکووک، سنە، ورمێ، کرماشان، عەفرین. ئێستا لێرەدا پرسیارە بۆ لەم شارانە؟ چۆن داگیرکەرانی کوردستان باش دەزانن کە ئەگەر بێتوو ڕۆژێک کورد بتوانێ حکوومەتێکی دیفاکتۆ دابمەزرێنێ، ئەوا ئەم شارە ستراتێژیکانەن کە دەتوانن کوردستان بەرەو سەربەخۆیی بوون و یەکلاکردنەوەی چارەنووسیان ببا، جا بۆیە داگیرکردنی ئەم شارانە و نیشتەجێ کردنی فارس، تورک، عەرەب لەوێدا دەتوانێ بە گشتیی چارەنووسی کورد بە شێوەیەکی دیکە بگۆڕێ، یانێ تەنانەت ئەگەر خاوەنداریەتی وڵاتی خۆشت بەدەستەوە بێ، هێشتا هەر دیلی چۆن گرینگ ترین شارەکانت لە ژێر کۆنتڕۆڵی داگیرکەران دان، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە کەرکووک دەیبینین کە چۆن دەسەڵاتدارانی بەغدا وەک کارتی گوشا بۆ سەر هەرێم بەکاری دێنن. هەر وەک ئاماژەم پێ کرد ئەم سیاسەتە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە کە سەرەتای دەسپێکردنی هەر بە تەنیا بۆ ئێستا ناگەڕێتەوە بۆ نموونە: کاتێک چاو لە نەخشە کۆنەکانی کوردستان دەکەین بۆمان دەردەکەوێ کە خاکی کوردستان زۆر گەورەتر لە ئێستا بووە و تەنانەت چوار ڕێگای ئاوی جیاوازی هەبووە کە بەدرێژایی مێژوو کوردیان لەم ناوچە هەستیارانە ڕاوناوە و چارەنووسی ئێمەیان بە ئەمما و ئەگەر سپاردووە. نموونەیەکی دیکه جینایەتەکانی دەسەڵاتی پەهلەوییە کە یەکێک لە تاوانەکانی لە هەمبەر نەتەوەی کورد، گۆڕینی جوغرافیای دوو شاری گەورەی کوردستان واتە “کرماشان” و “ورمێ” بوو، بە نیشتەجێکردنی فارس و تورک لەم دوو شارەدا، هەوڵی دا کوردەکان و خاکەکەیان لاواز بکات کە لەلایەک گۆڕینی جوغرافیای کوردستان بوو و لەلایەک دوو بەرەکی سازکردن نێوان گەلانی ئێران کە بەداخەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ ئەم ناکۆکییانە هەر بەردەوامن.



٥ــ لە نێو بردنی ژینگەی کوردستان:

هەر وەک هەموومان دەزانین،  کوردستان خاوەن جوغرافیایەکی تایبەت بە خۆیەتی کە بووەتە هۆی درووست بوونی دەیان دارستانی جوان و سرنج ڕاکێش و هەروەها شوێنێکی گەشتیاری و داهاتێکی بەردەوام بۆ خەڵکی ئەو ناوچانەی کە خاوەن جوغرافیایەکی دارستانین، بەڵام ڕێژیم تەنانەت چاوی بەم سروشتەش هەڵنایە و هەموو ساڵێک بە پیلانی جۆراوجۆر لە هەوڵی گۆڕینی سروشت و جوغرافیای کوردستانە، تاکوو باشتر بتوانێ کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکات. چوونکە لای دەسەڵاتدارانی ڕێژیم سەروماڵی کوردەکان بۆ ئەوان حەڵاڵە و هەر کارێکی بیکەن لە چوارچێوەی بەرژەوەندی و پاراستنی دەسەڵاتی ناوەندی دایە. جا بۆیە هیچ بەربەستێک لەبەردەم ئەم جینایەتانەی ڕێژیم لە ئارادا نییە، تاکوو لەسەرەڕۆییەکانی ڕێژیم کەم بکاتەوە و پێشیان لێ بگرێ. هەر بۆیە لە نێو بردنی ژینگەی کوردستان لای دەسەڵاتدارانی ڕێژیم وەکوو نەریتێکی لێ هاتووە کە هەموو ساڵێک بە چەندین جار هێرش دەکەنە سەر ژینگەی کوردستان و جوانییەکانی کوردستان دەسووتێنن. تاکوو ئەگەر ڕۆژێک کورد بووە خاوەنی خاکی خۆی هیچ شتێکی نەمێنێ بۆ ئاوەدانکردنەوەی خاکەکەی، جا بۆیە لە هیچ ئاکارێکی دژە مرۆیی دەست ناپارێزن، تا هەبن بەردەوام ئەم جینایەتانە دەرحەق بە نەتەوەی کورد بەکار دێنن.



٦. ژینۆساید کردن:

دیاردەی ژینۆ سایدکردن ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە کە هەر کامیان لەسەر پرسی کورد بێ کاریگەر نەبووە و هەر ڕەهەندێکی بۆ خۆی گورزێکی قورسی له ئەم نەتەوە داوە، کە شوێنەوارەکانی هەر لە دوور ڕا دیارن، ڕەهەندەکانی ژینۆساید بریتییە لە: ژینۆسایدی فیزیکی، یان جەستەیی، ژینۆسایدی کولتووری، ژینۆسایدی ئابووری، لێرەدا بە کورتی پێناسەیەک له هەر ڕەهەندێکی باس دەکەم.



– ژینۆسایدی فیزیکی یان جەستەیی: بە واتای کوشتن و لەنێوبردنی تاکەکان، بەتایبەت کەسایەتییەکانی ئەو میللەتە کە ڕووناک کەرەوەی ڕێگان و بەرەو ئاسۆی ڕوونمان دەبەن. یان بە واتایەکی تر ئێعدام، زیندەبەچاڵ کردن، بێسەروشوێن کردن و…..هتد. ئەمانە دەچنە چوارچێوەی پێناسەی ژینۆسایدی جەستەییەوە.
-ژینۆ سایدی کولتووری: بە واتای قەدەغەکردنی زمانی دایکی  و پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی بۆنە نەتەوەیەکان دا، چەواشەکاری مێژوو و سڕینەوەی ئاسەوارە مێژووییەکان.
-ژینۆ سایدی ئابووری: بێکاریی، هەژاریی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان، نەڕەخساندنی هەڵی جۆارجۆر بۆ دابین کردنی کار و چالاکی بۆ لاوان و هتد.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی کوردستان بدەینەوە بۆمان دەردەکەوێ کە کورد بە درێژایی مێژوویی خۆی، هەموو شێوە مردنێکی ئەزموون کردووە، ژینۆسایدیش یەکێک لەو شێوە مردنانە بووە کە دوژمنانی کوردستان زۆر بە بێ ڕۆحمی لە بەرانبەر نەتەوەی کورد دا بەکاریان هێناوە. بۆ نموونە: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەورۆزی سنەی خوێناوی و کوشتاری بێبەزییانەی قاڕنی و قەڵاتان، لە باشووری کوردستان خاپوورکردنی هەزاران گوند و زیندە بە چاڵ کردنی ١٨٢هەزار کوردی بێ تاوان، شیمیابارانی هەڵەبجە و کوژرانی ٥٠٠٠کورد، لە ڕۆژ ئاوای کوردستان هێرشکردنە سەر شاری کۆبانی و عەفرین و ئاوارە بوونی سەدان هەزار کورد، لە باکووری کوردستان کوشتنی زیاتر لە ٧٠هەزار کورد و خاپوورکردنی سەدان هەزار گوند بە فەرمانی “ئاتا تۆرک” کە بە “ژینۆسایدی دێرسیم” ناسراوە. ئەڵبەت ئەمانە تەنیا بەشێکن لە پڕۆسەی ژینۆسایدی کورد چونکە کورد لەوەتەی هەیە بەردەوام بە هەموو شێوەیەک هێرشکراوتە سەری و سەرکوت کراوە.



٧. چەواشەکاری مێژووی ڕاستەقینەی کورد و بە تاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییەکان

مێژوو و ئاسەوارە مێژووییەکان دوای گەشەسەندنی هەستی نەتەوایەتی لە  تەواوی دنیادا بایەخێکی یەکجاری زۆری پەیدا کرد و ئەو وڵاتانەی کە خاوەن مێژوویەکی کۆن و ئاسەوارێکی مێژوویی دەگمەنن، شانازی بە بوونی خۆیان و خاکەکەیانەوە دەکەن کە هەڵکەوتووی ئەو مێژوو و ئاسەوارەن. هەر وەک هەموومان ئەزانین ڕابردووی هەر نەتەوەیەک پێ دەڵێن مێژوو! کە بووەتە ئاوێنەی ڕاستەقینەی ناسینی هەر نەتەوەیەک، کە بە دوای خودی ڕاستەقینەی دا دەگەڕێ. بۆیە ئەگەر میللەتێک مێژووی خۆی نەزانێ، یان بە جۆرێک چەواشەکاریی لە ڕابردووەکەی کرابێ، ئەو کات تووشی سەر لێشێواوی ئەبێ و لە ئاکامدا بێ هیوایی و نەمانی باوەڕبەخۆبوونی تێدا درووست دەبێ کە میللەتێک بەرەو نەمان و تێداچوون هیدایەت دەکات. بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتداریی دوژمنانی کوردستان، بۆمان دەردەکەوێ کە داگیرکەران بەردەوام لە هەوڵی چەواشەکاریی مێژووی ڕاستەقینەی کورد بوون و، لەم پێناوەش دا سەدان کتێب و ئاسەواری مێژوویان بە تاڵان بردووە و بۆ ئێمە مێژوویەکی پڕ لە چەواشەکاریی و دوور لە ڕاستییەکانییان نووسیوەتەوە تاکوو ئێمە لە خودی ڕاستەقینەی خۆمان بێخەبەر بین. و ئەم دیارەدیە زیاترین خەساری بە پرسی شوناسخوازیی کورد بەخشیوە، وەکوو ئەوە وایە کە لە وڵاتێک، بێ ناسنامە بی و کەس نەتناسێ کێیت! لێرەدا قسەیەکی ئایزێنهاوێرم بیر دێتەوە کە دەڵێ: “بۆ لە نێوبردنی میللەتێک هەوڵ بدە مێژووی ڕاستەقینەی بسڕیتەوە و بۆ خۆت مێژوویەکی پڕ لە چەواشەکاریی و دوور لە ڕاستیەکانی بۆ بنووسی”. ئەو کات ئەو میللەتە تووشی سەرلێشێواوی ئەوێت و وەک میللەتێکی زەلیل و لاواز چاو لە خۆی دەکات و له ئاکام دا گەورەترین سەرمایەی ژیانی کە هەر ئەو هەستی باوەڕ بەخۆبوونەیە لێی دەستێنی. ئەمڕۆ دەیبینین کە هەر تاکێکی کورد تووشی بووە، واتا ئێمە بەر لە داگیرکردنی خاکەکەمان خۆمانیش داگیرکراوین، جا بۆیە وەک چرچیل دەڵێ: ئەرکی خەڵکی جیهانی سێهەم ئازادکردنی وڵاتەکەیان نییە، بەڵکوو لە پێشدا ئازادکردنی خۆیانە. و هەر کاتێک ئێمە توانیمان خۆمان ڕزگار بکەین ئەو کاتیش زۆر بە ئاسانی دەتوانین وڵاتەکەیشمان ڕزگار بکەین.



٨ ــ قەدەغە کردنی خوێندن بە زمانی دایکی

گرینگترین فاکتەر بۆ پێناسەی هەر نەتەوەیەک زمانەکەیەتی، چۆن زمان دەبێتە کۆڵەکەی سەرەکی بۆ بەرەوپێشچوون و گەشەکردنی ئەو میللەتە و هەر وەک بیرمەندان دەڵێن گەلێک زیندووە کە زمانەکەی زیندوو بێت. جا بۆیە ڕێژیمە فاشیستە دژە گەلییەکەمان لە ڕێگای دامودەزگا پەروەردەییەکانیەوە، هەمیشە لە هەوڵ دا بووە پێش لە خوێندنی زمانی کوردی بە مناڵانی کورد بگرێ، تاکوو کورد لە گرینگترین شوناسی نەتەوەیی خۆی “زمان” دوور بکرێتەوە و مێشک و بیری لە گەڵ ئایدیۆلۆژی نەتەوەی حاکم دا بار بێت، تاکوو پڕۆسەی تواندنەوە و هەزم بوونیان بە باشی جێبەجێ بکرێت. هەر بۆیە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و داگیرکەران لە یەکەم قۆناغی ئەم سیاسەتەدا کەڵک لە “تیۆری ئاڵمانی” وەردەگرن کە لەم تیۆرییەدا “زمان”وەک فاکتەری سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەی نەتەوەسازی دەناسرێ، واتا لە یەکەم هەنگاودا زمان کە فاکتەری سەرەکییە بۆ درووستکردنی نەتەوە، دێت زمانی کوردی دەکاتە ئامانج؛ بە قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە خوێندنگاکان و زانکۆکان پێش لە گەشەسەندنی ئەم زمانە دەگرن ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ئەسڵی پازدەی یاسای بنەڕەتیی ئەم وڵاتەدا هاتووە کە هەموو نەتەوەیەک مافی ئەوەی هەیە لە تەنیشت زمانی فەرمیی وڵات بە زمانی خۆی بخوێنێ. بەڵام هیچکام لەم یاساگەلە نەچوونەتە پڕۆسەی جێبەجێ کردنەوە، جا بۆیە هەمیشە بە زاڵکردنی زمانی حاکم هەوڵی تواندنەوە و چەوسانەوەی نەتەوەی ژێردەستیان داوە. چونکە لایان ڕوونە کە ئەگەر زمانی کوردی لەنێو بەرن ئەوکات زۆر بە ئاسانی دەتوانن حاشا لە ئەدەبیات و مێژووشمان بکەن. و هەروەها ئەگەر میللەتێک زمانەکەی لەنێو ببردرێ ئەوکات هیچ فاکتەرێکی نامێنێ بۆ شوناسی نەتەوەیی خۆی و لەم حاڵەتەشدا دەکەوێتە قۆناغێکی پووچی کە هەست بە کەم بوون دەکا و ئەوکات خۆی وردە وردە تێکەڵی کولتووری حاکم دەبێ. وەک کاک ناسر ڕەزازی وتەنی: ئەگەر زمانی دایکی خۆت نەزانی فیلەسۆفیش بی هێشتا نەزانی، جا بۆیە با لە فێربوونی زمانی دایکی خۆمان غافڵ نەبین و هەوڵ بدەین بە گژ سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیم دا بچینەوە.
دیارە سیاسەتەکانی داگیرکەران بۆ سڕینەوەی کوردستان، زیاتر لەمانەن کە من لەم ٨خاڵە دا ئاماژەم پێکردن، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە ئێمە بە گژ ئەم سیاسەتە دژە گەلییانەدا بچینەوە و بتوانین وەک گەلێکی زیندوو و چالاک درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆمان بدەین. تاکوو بتوانین وەک هەموو گەلانی دنیا مافی چارەنووسی خۆمان بە دست بگرین. هەر بۆیە سەرەڕای ئەم هەموو کەند و کۆسپانەی کە بەرۆکی کوردی گرتووە، بە خۆشحاڵییەوە کاتێک چاو لە جیلی نوێ دەکەین دڵگەرم ترین بۆ بنیاتنانەوەی کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ، چوونکە ئەمڕۆکانە هەر کوردێک بۆ خۆی ڕۆڵی پێشمەرگەیەک دەگێڕی، یەکێک بە چەک، یەکێک بە کاری ڕێکخراوەیی، یەکێک بە چالاکیی مەدەنی و دڵسۆزی بۆ گەل و خاک، یەکێک بە ژینگە پارێزی و هتد. ئەمانە بۆ خۆی ئاستی وشیار بوونی نەتەوەیەک دەردەخەن کە لە ژێر تەوژمی دژوارترین ڕەشەباکان دا ماوەتەوە و ڕیشەکانی پتەوتر لە جاران گەشە دەکەن. کەوا بوو با پێکەوە هەموومان بە دروشمی “هەموومان بەرپرسیارین بۆ کوردستان، بێ جیاوازی”. هەوڵی بنیاتنانەوەی ئەو کوردستانە بدەین کە هەموو ڕۆژێک هەموومان خەونی پێوە دەبینین.