ئارامتر بخوێنەوە

٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣: هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل: سەرەتای گۆڕانکاریی قووڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟

مەیسەم مورادی

لەم نوویسنەدا کە لە دوو بەش پێک دێت، لە چەند ڕوانگەوە چاو لە شەڕی حەماس-ئیسڕائیل دەکەم. بەشی یەکەم باس لە پرسی ژیۆپۆلیتیکی غەززە دەکات و، هەروەها مەترسیی مانەوەی حەماس لە غەززە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی ئیسڕائیل-ئامریکا ڕوون دەکاتەوە. بەشی دووهەم سەرنج دەخاتە سەر خوێندنەوەی هەڵەی ئێران-حەماس لە هەڵگیرسانی ئەم شەڕەدا.



 گرنگیی پرسی ژیۆپۆلیتیکی کەرتی غەززە بۆ ئێران، ئیسڕائیل و ئامریکا:

کەرتی غەززە وەک ناوچەیەک بە دانیشتووانی زیاتر لە دوو ملیۆن کەسەوە، پێگەیەکی گرنگی بۆ ئێران لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئیسڕائیلدا دروست کردووە. لە چاویلکەی ئێرانییەکانەوە، غەززە واتای قووڵاییی ستراتیژیکی بۆ ئێران هەیە. غەززە وەک جوگرافیایێکی هاوسنووری ئیسڕائیل، بۆ ئێرانییەکان دەتوانێت ڕۆڵی ئێرانێکی بچووک لە سنووری ئیسڕائیل بۆ ئێرانییەکان بگێڕێت. مەبەست لە ئێرانێکی بچووک ئەوەیە، کە حەماس وەک هێزێکی پڕۆکسیی ئێران لە غەززە، جێبەجێکەری سیاسەتەکانی ئێرانە دژی ئیسڕائیل. لەم کاتەدا کە ئیسڕائیل دوای هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبری حەماس، ڕەوایی‌یەکی زۆری نێودەولەتی بەدەست هێناوە بۆ وەڵامدانەوەی حەماس لە غەززە، هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە چڕتر کردووەتەوە، هاوکات ئێرانییەکان ترسی ئەوەیان هەیە کە ئیسڕائیل بە پاڵپشتیی وڵاتانی ڕۆژاوایی و بەتایبەت ئامریکا، هەوڵی داماڵینی حەماس لە غەززە بدات. ئاستی گرنگیی مانەوەی حەماس لە غەززە بۆ ئێرانییەکان ئەوەندە لە سەرەوەیە، کە وەزیری دەرەوەی ئێران دوای سەردانی بۆ چەند وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ئاشکرا باسی لەوە کردبوو ئەگەر ئیسڕائیل هێرشەکانی ڕانەوەستێنێت، ئەگەری کردنەوەی بەرەی زیاتری شەڕ لە دژی ئەو وڵاتە و هاوپەیمانەکانی هەیە. ئەم ئاماژەیەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هێزە پڕۆکسییەکانی ئێڕان لە ناوچەکە دەگەڕێتەوە. بۆ ئێرانییەکان، حەماس لە غەززە، ڕۆڵی دڵ بۆ “محور مقاومت” دەگێڕێت و لەم ڕوانگەیەوە هێڵی سووری ئێرانییەکان هێرشی زەمینیی ئیسڕائیلە بۆ سەر حەماس لە غەززە. لەم ئاراستەیەدا ئەوان خۆیان ئامادەی هەر چەشنە بەریەککەوتنێک لەگەڵ “دوژمنانی” حەماسدا دەکەن. کەرتی غەززە لە ژێر دەسەڵاتی حەماسدا، وەک سەرەکیترین بەرەی بەرەنگاری لەگەڵ ئیسڕائیلدا بۆ ئێرانییەکان دێتە ئەژمار، هەربۆیە ئێرانییەکان پێیان وایە کەوتنی حەماس لە غەززە، واتای شکستێکی گەورەی قووڵاییی ستراتیژیکی ئێرانە، بۆیە لە ئەگەری هێرشی زەمینیی ئیسڕائیل بۆ غەززە، ئێرانییەکان بە هاوکاریی وڵاتگەلێکی دیکە هەوڵی ئەوە دەدەن کە غەززە بکەنە زەلکاوی ئیسڕائیلییەکان، وەک ئەوەی کە ئۆکڕاین بە یارمەتیی ڕۆژاوا بەسەر ڕووسیەیدا هێنا. نەمان و لاوازبوونی حەماس لە غەززە، واتە لە لێدان کەوتنی دڵی “محور مقاومت”، کە بێ‌گومان ئەم بابەتە وا دەکات ئێرانییەکان ناچار بن هەموو تێچوویێک بۆ مانەوەی حەماس لە غەززە قەبووڵ بکەن.

 ئیسڕائیلییەکان ساڵانێکی زۆرە دەیانەوێت کۆتایی بە حەماس لە غەززە بێنن، بەڵام هەرجارە و بەربەستگەلێکیان بۆ هاتووەتە پێش. یەکێک لەو بەربەستانە کە بەشێکی زۆری سیاسەتمەدارەکانی ئیسڕائیل ئاماژەیان پێ کردووە، تێچووی شەڕێکی لەو شێوەیەیە بۆ هێزەکانی ئیسڕائیل، کە ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی ناڕەزایەتییەکی زۆری خەڵکی ئیسڕائیل و بێ دەستکەوت بوونی شەڕێکی وەها بۆ ئیسڕائیل. بەڵام ئێستادا جیا لەو هێرشەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل، ڕەنگە فاکتەرگەلێکی دیکەی ناوخۆیی-دەرەکی هۆکار بێت کە ئیسڕائیل ئێستا زیاتر لە جاران بیەوێت هێرشی زەمینی بەرێتە سەر حەماس لە غەززە. ڕەنگە یەکێک لەو گریمانانە، پرسی کۆریدۆری (IMEC) هند_ڕۆژهەلاتی ناوەراست-ئەورووپا بێت. ئەم کۆریدۆرە لە وڵاتی هندستان دەست پێدەکات و دوای تێپەڕبوونی لە چەند وڵاتی عەرەبی، دەگاتە وڵاتی ئیسڕائیل و لەوێوە دەڕواتە ئەورووپا. پلانی جێبەجێکردنی ئەم کۆریدۆرە لە دوا کۆبوونەوەی G20  لە هندستان داڕێژرا. هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل دەکرێت ڕاستەوخۆ پێوەندی بدرێت بە پرسی ئاسایی‌ بوونەوەی پێوەندیی ئیسڕائیل -عەرەبستان و دواجار کۆریدۆری (IMEC).

حماس بەو هێرشەی کردی، لانیکەم توانی پرسی ئاسایی بوونەوەی پێوەندیی ئیسڕائیل -عەرەبستان بۆ ماوەیەکی کاتی و نادیار دوا بخات، دواکەوتنی پرسی پێوەندیی ئەو دوو وڵاتە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر جێبەجێ نەبوونی ئەو پرۆژە گرنگە ئابوورییە دەبێت کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ داوە. دواکەوتنی کاتی کردنەوەی ئەو کۆریدۆرە، ڕاستەوخۆ لە قازانجی وڵاتگەلێک وەک چین، ڕووسیە، ئێران، تورکیە و بگرە قەتەریش دەبێت. چین و ڕووسیە وەک دوو زلهێزی جیهانی پێیان وایە ئامریکا دەیەوێت بە سەرپەرشتی کردنی خۆی بۆ کردنەوەی ئەم کۆریدۆرە، گوشاری زیاتری ئابووری لەو وڵاتانە بکەوێت و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لەو وڵاتانە بێ‌منەت بکات. بۆیە لە ئێستەدا بە ڕوونی دیارە کە چین و ڕووسیە هەڵوێستی توند لە بەرانبەر ئیسڕائیلدا دەگرنە بەر و دەیانەوێت بە هەر شێوازێک بووە نەهێڵن حەماس لە غەززە بکەوێت. لە بەرانبەردا، ئامریکا بە هەموو هێزی خۆیەوە لەسەر ئەوە سوورە کە پاڵپشتی ئیسڕائیل بکات و سەردانەکانی وەزیری دەرەوەی ئامریکا بۆ وڵاتانی عەرەبی، دەتوانێت بۆ ئەو مەبەستە بووبێت، کە بەو وڵاتانە ڕابگەیێنێت کە نابێت خۆیان تێکەڵاوی ئەم شەڕە بکەن،  شەڕێک کە تاڕادەیێک زیاتر لە قەوارەی ئیسڕائیل و بەتایبەت حەماسیشە. بۆیە لە ڕوانگەی ئامریکاوە، دەبێت ڕێگری بکرێت لە تەشەنەسەندنی ئەم شەڕە و، ئیسڕائیل ڕێگەی بۆ ئاوەڵا بکرێت بۆ نەهێشتنی حەماس لە غەززە.

بوونی حەماس لە غەززە، دەتوانێت لە چەند ڕوانگەوە گرفت بۆ ئاسایش و تێچووی ئەم کۆریدۆرە دروست بکات. مانەوەی حەماس لە غەززە، واتە بەربەستی سەرەکی لە کردنەوەی ئەم کۆریدۆرەدا و، هاوکات زیاتر یارمەتیدانی حەماس لەلایەن وڵاتگەلێکی دیکەوە، کە وا دەکات حەماس لە داهاتوودا زیاتر لەم کاتەی ئێستا بەهێزتر بێت و هەمووکات مەترسی بێت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی ئیسڕائیل و لاواز نیشاندانی ئامریکا لە پاراستنی ئاسایشی هاوپەیمانەکانی خۆی، و ئەمە دەبێتە هۆی زیاتر نزیکبوونەوەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چین و دوورکەوتنەوە لە ئامریکا. بۆیە ئەمە ڕوونە کە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەییی ئامریکا- ئیسڕائیلەوە، دەبێت بابەتی حەماس لە غەززە کۆتایی پێ بێت و، متمانەی بەهێزبوونی ئامریکا لەپێش چین و ڕووسیە، بۆ وڵاتانی عەرەبیی ڕۆژهەڵانی ناوەڕاست بگەڕێتەوە. جیا لەم بابەتە، ئامریکا بەرەیەکی شەڕ بە چین دەدۆڕێت.

بەریەککەوتنەکانی ئامریکا و چین، بەریەککەوتنێکی چەند لایەنەن. گرنگترینیان پرسی ئابووری، سەربازی، تێکنۆلۆژی و هەروەها ژێۆپۆلیتیکییە. شەڕی حەماس- ئیسڕائیل ، چی تر وەک جاران بەریەککەوتنێکی دوو دوژمنی هاوسنوور نییە، بەڵکوو دوای ئەو گۆڕانکارییە قووڵانەی کە دوای هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکڕاین لە نەزمی نێونەتەوەییدا ڕووی دا، ئەم جارە بەریەککەوتنی ئەم دوو لایەنە، زیاتر لە ئاستی ناوچەییدا چاوی لێ دەکرێت. چین بۆ ئەوەی بتوانێت چۆک بە هێزی ئابووریی ڕۆژاوا و بەتایبەت ئامریکادا بنێت، ناچارە پڕۆژە گرنگە ئابوورییەکانی ئامریکا تووشی کێشە بکات. پڕۆژەی کۆریدۆری هند-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەورووپا، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی پاشەکشەپێکردنی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی لە هاوکاریکردن لەگەڵ چیندا. ئەمەش واتە چین ناچارە ڕێگری بکات لەوەی ئەم پڕۆژەیە سەر بگرێت. لە ئێستادا، چین و ڕووسیە لە ڕێگەی ئێرانەوە بەکەڵک وەرگرتن لە حەماس، دەیانەوێت ڕێگری لە شکستێکی گەورە لە داهاتوودا بکەن. واتە ئێران و حەماس ڕاستەوخۆ خۆیان خستووەتە دۆخێکەوە کە جیا لە ویستی خۆیان بۆ دژایەتیکردنی ئیسڕائیل، دەبێت جێبەجێکەری سیاسەتەکانی چین و ڕووسیەش بن. هاوکات ئامریکا دەیەوێت بە پاڵپشتیکردنی ئیسڕائیل، پێش بەو پلانەی چین-ڕووسیە بگرێت. لەم ڕوانگەوە  چین و ئامریکا خەریکی شەڕێکی ناڕاستەوخۆن لە پێش یەکتردا. بەرژەوەندیی چین و ڕووسیە لەوەدایە کە شەڕی حەماس- ئیسڕائیل ببێتە شەڕێکی هەمەلایەنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پشێوی و ئاژاوە لەو ناوچەیە پەرە بستێنێت، کە ئەمە لە زیانی ئامریکا و هاوکات عەڕەبستانیشە، بۆیە لەم کاتەدا ئامریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی چین و ڕووسیە، هیچ لە قازانجی خۆی نابینێت ئەم شەڕە تەشەنە بکات بۆ وڵاتانی دیکە و دەستی لایەنگەلێکی دیکەی تێدا بچێت.

کۆی ئەم خاڵانەی سەرەوە پێمان دەڵێت شەڕی حەماس- ئیسڕائیل، جیا لەوەی کە شەڕی ئەو دوولایەنە بێت، شەڕ و بەریەککەوتنی زلهێزە جیهانییەکانە.

 خوێندنەوەی هەڵەی ئێران-حەماس لە هەڵگیرسانی ئەم شەڕەدا:

لە ٧٨مین کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بنیامین نتانیاهوو وێنەیەکی بەرز کردەوە کە لەسەری نووسرابوو، “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ”. لەو وێنەیەدا جوگرافیایێک بەناوی “فەلەستین” بوونی نییە. هەروەها لە هەمان کاتدا نتانیاهوو باسی کۆریدۆری هند-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەورووپای کرد. دوای هێرشەکەی حەماس لە بەیانی ٧ی ئۆکتۆبردا، نتانیاهوو وتی کە “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین”. ئەم  “گۆڕانکاری”یەی نتانیاهوو باسی دەکات، بێ‌گومان پلانێکی لەناکاو نییە و، پێشتر کاری لەسەر کراوە. دوای سێ ڕۆژ لەو هێرشە، بەشێکی زۆری ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی دنیا بە شێوەیەکی گوماناوی چاویان لەو هێرشەی حەماس کردبوو. بی‌بی‌سیی جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو، کە وڵاتی میسر چەند ڕۆژ پێش ئەو هێرشە هۆشداریێکی بە دەزگای هەواڵگریی ئیسڕائیل داوە و، پێیانی ڕاگەیاندووە کە حەماس بەتەمای هێرشێکە بۆ سەر ئیسڕائیل، بەڵام دەزگای هەواڵگریی ئیسڕائیل ئەو هۆشدارییەی بە جیددی وەرنەگرتبوو.

تا ئێستا زۆر ڕوون نییە کە ئایا ئیسڕائیل ئاگاداری ئەو هێرشە بەو ڕەهەندانەوە بووە یان نا؟ بەڵام ئەوەی ڕوونە، ئیسڕائیل دوای هێرشەکەی حەماس، بەنیازە کۆتایی بە بابەتی حەماس و سەرئێشەکانی بێنێت. حەماس لەم هێرشەدا تووشی خوێندنەوەیەکی هەڵەی چەندلایەنە بوو. لەم ئاراستەیەدا دەکرێت ئاماژە بە یەک، سەرقاڵی ئامریکا لە شەڕی ڕووسیە و ئۆکڕاین بکرێت. دوو، یەکگرتووییی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتی کردنی ئیسڕائیل. سێ، ڕەواییی ئیسڕائیل بۆ هەرچەشنە هێرشێک و بەرپەرچدانەوەیەک بۆ سەر حەماس. چوار، ئەزموونی شەڕەکانی پێشووی حەماس و ئیسڕائیل.

حەماس پێی وابوو ئامریکا زیاتر سەرقاڵی شەڕی ڕووسیە و ئۆکڕاینە، بۆیە ڕاستەوخۆ پاڵپشتی ئیسڕائیل ناکات بۆ هێرش کردنە سەر حەماس، تەنانەت حەماس چاوەڕێی نەدەکرد کە وڵاتانی ڕۆژاوایی و بەشێ لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشت لە پرسی فەلەستین بکەن و، ڕێگە بە ئیسڕائیل بدەن هێرش بکاتە سەر غەززە. حەماس وایدەزانی وەکوو شەڕەکانی پێشوو، دەتوانێت گورزێک لە ئیسڕائیل بدات و دواجار ئیسڕائیل بە هێرشێکی یەک یان دوو ڕۆژە کۆتایی بە کێشەکە بێنێت و داوا بکات لایەنێکی سێهەم بێتە نێوانیان و شەڕەکە کۆتایی پێ بێنن. بەڵام هیچ کام لەم خوێندنەوانەی حەماس ڕاست دەرنەچوو، بەڵکوو هەم ئامریکا ڕاستەوخۆ پاڵشتیی خۆی بۆ ئیسڕائیل دەربڕی و هێزی دەریاییی خۆی جووڵە پێکرد بۆ ئەوەی لایەنگەلی دیکە خۆیان تێکەڵی ئەو شەڕە نەکەن، هەروەها وڵاتانی ڕۆژاوایی و بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەپێی بەرژەوەندیی نەتەوەییی خۆیان جووڵانەوە و، ڕەوایی‌یان دا بە ئیسڕائیل بۆ هەرچەشنە هەڵسوکەوتێکی ئەو وڵاتە لەپێش حەماس لە غەززەدا. دوای سێ ڕۆژ لە هێرشەکە، حەماس چاوەڕێی نەدەکرد نیازی ئیسڕائیل و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەو شێوە دژی حەماسە، هەربۆیە یەکسەر داوای ئەوەی کردبوو کە ئامادەی گفتوگۆ و ئاگربەستە، بەڵام ئەم ویستەی حەماس لەلایەن ئیسڕائیلەوە هیچ وەڵامێکی پێ نەدراوە.

ئیسڕائیل لەم دۆخەی ئێستادا بژاردەی زۆر لەپێش خۆیدا نابینێت، جگە لە “کۆتایی پێهێنان بە دۆخی هەنووکەیی و پێش ٧ی ئۆکتۆبری حەماس لە غەززە” . بەپێی هەڵسوکەوتی هەنووکەیی ئیسڕائیل، کە گەمارۆی ئاو، کارەبا (بەرق)، خۆراکی خستووەتە سەر غەززە و، هاوکات لە ئاسمانەوە بۆمبارانی ئەو شارە دەکات، پلانی ئیسڕائیل بە پاڵپشتیی ئامریکا، وا نیشان دەدات، کە تا ئەو شوێنەی بۆی دەکرێت، ڕێگری لە هاوردەکردن بۆ غەززە بکرێت، هاوکات حەماس بخاتە حاڵەتێکەوە کە ئەو لایەنە چەک بکات لە غەززە و دواجار هێزی زەمینیی خۆی بباتە ناو غەززەوە و، جوگرافیای غەززە پەیوەست بکاتە خاکی خۆیەوە. ئارگیۆمنتی من دەگەڕێتەوە بۆ ئەزموونە پێشووەکانی ئیسڕائیل لەپێش حەماس و غەززەدا. بەپێی دۆکترینی مووشە دایان، ئیسڕائیل دەبوو ئەوەندە هێرش بکاتە سەر گرووپە تێرۆریستییەکان، کە باش تێیان گەیێنێت کە “تێچووی خوێنی تاکی ئیسڕائیلی زۆر لەسەرێیە، بۆیە کەس ناوێرێت بیر لە زیان گەیاندن بە تاکی ئیسرایلی بکاتەوە”. کێشەی ئەم دۆکترینە لەئێستەدا ئەوەیە کە حەماس ئەوەندە بەهێز بووە کە ناکرێت وەک گرووپێکی لاواز لەگەڵیدا هەڵسوکەوت بکرێت، هەروا ئاستی دڕندەبوونی حەماس لەم هێرشەدا، بەشێکی زۆری سیاسەتمەدارەکانی ئیسڕائیلی گەیاندووەتە ئەو قەناعەتە، کە ئیسڕائیل دەبێت هێز بباتە ناو غەززەوە.

دیارە پرسی داماڵینی حەماس لە غەززە، بابەتێكی نوێ و ئاسان  بۆ ئیسڕائیلییەکان نییە، بەڵام ئەوان لە ئێستادا هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە. ئیسڕائیلییەکان زۆرکات بیریان لەوە کردبووە کە جوگرافیای غەززە بخەنە ژێر دەسەڵاتی فەتحەوە، بەڵام لەئێستادا وێناچێت ئەو بژاردەیە دوای گرتنی غەززە، زۆر بەهێز بێت، لەبەر ئەوەی ئیسڕائیل نایەوێت ڕاستەوخۆ خۆی ببێتە هۆکاری ئەوەی دەسەڵاتێکی بەرفراوانی فەلەستینی بوونی هەبێت، لەبەر ئەوەی ئەو دەسەڵاتە دەتوانێت لە داهاتوودا نیازی ئەوەی هەبێت کە دەوڵەتی فەلەستینی ڕابگەیێنێت. ئیسڕائیل بەهیچ شێوەیێک نایەوێت دەوڵەتێکی فەلەستینی هاوسنووری خۆی بوونی هەبێت. سیناریۆکان دوای ئەوەی کە ئیسڕائیل بچێتە ناو غەززەوە دەکرێت زۆر بێت، بەڵام ترسی ئیسڕائیل لەوەی کە غەززە لە حەماس وەربگرێت و بۆخۆشى ئیدارەی نەکات و لایەنێکی سێهەم ئەرکی بەڕێوەبردنی غەززە بەدەستەوە بگرێت، ئەوەیە کە ڕەنگە لە دۆخێکی لەو شێوەدا، گرووپێکی توندڕەوتر لە حەماس لە غەززە سەرهەڵبدات، کە دووبارە بە یارمەتیی وڵاتانی دیکە، کێشە بۆ ئاسایشی نەتەوەییی ئیسڕائیل و ئامریکا دروست بکات. بۆیە وێدەچێت ئیسڕائیل وەک چۆن لە سەرەوە باسم کرد، غەززە بە شێوەیەکی گشتی بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و کۆتایی بە پرسێک بە ناوی حەماس لە غەززە بێنێت.

پرسیاری سەرەکی لە دوای ئەوەی کە ئیسڕائیل بچێتە ناو غەززەوە، ئەوەیە کە ئایا لایەنگەلێکی دیکە، وەک چین، ڕووسیە، ئێران و پڕۆکسییەکانی خۆی لە ناوچەدا چاولێکەر دەبن کە غەززە بکەوێت و ئیسرایل بێ سەرئێشەی زۆر سەرکەوێت؟

من پێم وایە لە ئەگەری ئەوەی کە ئیسڕائیل بڕیاری چوونە ژوورەوە بۆ باکووری غەززە بدات، دەبێت چاوەڕوانی ئەوەی هەبێت کە بەرەی شەڕ لە چەند لای دیکەوە دەکرێتەوە و، وڵاتگەلێکی دیکە ناڕاستەوخۆ بەشداریی ئەو شەڕە دەکەن، بەڵام هاوکات ئیسڕائیل جیا لە ویستی ئامریکا بۆ نەهێشتنی حەماس لە غەززە، بینەری ئەوەیە کە هۆلۆکاستێکی دیکە، ئەم جارە لەناو وڵاتەکەی خۆیدا ڕووی داوە، تەنانەت ئێستاش کە ڕەواییی نێودەوڵەتیی زۆری هەیە، کۆتایی بە ژیانی ئەو دوژمنە دەرەکییەی خۆی نەهێنێت، دەیەوێت چی لێ بکات؟ ئایا ئیسڕائیل لە ترسی فراوانتربوونی بەرەی شەڕ، دووبارە ڕێگە دەدات بە حەماس خۆی بەهێزتر بکات و لە هەر کاتێکی گونجاودا هێرش بکاتەوە سەر ئیسڕائیل؟  یان پرسیارێکی دیکە ئەوەیە، ئەگەر حەماس لە غەززە بمێنێتەوە، نتانیاهوو چۆن دەیەوێت وەڵامدەری خەڵکەکەی بێت لەپێش ئەو کارەساتەی کە ڕووی داوە؟

بۆیە دەکرێ بگوترێت، کە ئامریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەییی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها ئیسڕائیل بۆ مانەوەی خۆی، لەئێستەدا تەنیا یەک بژاردەیان هەیە و، چاوەڕێ دەکرێت لە زووترین کاتدا و یەک جار بۆ هەمیشە کۆتایی بە خەونەکانی حەماس بهێنرێت، بەڵام هاوکاتیش دەزانێت کە تێچووی شەڕێکی لەو شێوەیە، یەکجار زۆرە بۆ ئیسڕائیل و، دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی قووڵ و بنەڕەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ڕەنگە لەبەر ئەم هۆکارە بووبێت کە بنیامین نتانیاهوو وتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین.