ئارامتر بخوێنەوە

“شکستی هەواڵگریی”: ساز کردنی پشتێندێکی تەناهی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان هاوپەیمانە بڕواپێکراوەکان

نووسینگەی ئوسترالیایی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی

د. لوقمان ڕادپەی

وەرگێڕ: کەمال حەسەنپوور

 

کوردستان لەوێیە: هاوبەشێکی جێگای متمانە، تاقیکراوە لە شەڕدا بۆ گەشە پێدانی تەناهی ڕاستەقینەی ناوچەیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. پابەندە نەگۆڕەکەی، خۆڕاگرییە سەلماوەکەی و مامەڵەی لێهاتووانە لەگەڵ پرسی تەناهی، لەگەڵ ڕێبەرییەکەی لە بەرەوڕوو بوونەوەی ئالنگارییەکان، کوردستان دەکاتە هاوبەشێکی فرە پێویست بۆ ئاشتی و تەناهی بەردەوام لە سەرانسەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

لە گۆڕەپانی هەردەم نائارامی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دوو ڕووداو لە ئارادان کە وێدەچی پەیوەندییان بەیەکەوە نەبێ: هێرشە پەیتاپەیتاکانی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان و سوریە و هێرشی ئێستای حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل، کە لانی کەم بەبێ دەنگی لە لایەن ئێران، قەتەر و تورکیە پشتگیریی دەکرێ. لە کاتێکدا کە ڕەنگبێ ئەو ڕووداوانە وا بێنە بەرچاو کە پەیوەندییان بەیەکەوە نەبێ، ئەوان نیشانەی پرسێکی بەربەرینترن، واتە هەڵوێستی جیاوازی زلهێزە خۆراواییەکان، بە تایبەتی ولایەتە یەکگرتووەکان، بریتانیا و یەکیەتی ئورووپا، لەمەڕ هەلسوکەوت لەگەڵ هاوپەیمانانیان لە ناوچەدا.

کورد و ئیسڕائیلییەکان، ولایەتە یەکگرتووەکان وەک هاوپەیمانێکی بەهێز سەیر دەکەن. بەڵام، لە کاتێکدا پشتگیریی لە ئەوەی دواتر بێ دوو دڵییە، ئەوەی پێشتریان زۆرجار کاتێک لە لایەن ئێران و تورکیەوە هێرشی دەکرێتە سەر، خۆی بە تەنیا دەبینێتەوە. ئەوە دەبێتە هۆی ئەو پرسیارە ئاخۆ ئەو جیاوازییە لەبەر دۆخی بێ دەوڵەتی کوردە، بە پێچەوانەی دەوڵەتبوونی دانپێدانراوی ئیسڕائیل کە بنەمای ئەو جیاوازییەی سیاسەتی دەرەوەی خۆراوایە.

ئاشتی و تەناهی لە سەرانسەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە یەکەوە گرێدراوە. کردەوەی سەربازیی و دەستدرێژیی سنووربەزێن کە تەناهی و سەقامگیریی بەشەکانی کوردستان بنکۆڵ بکات، دەبێتە هۆی دابەزینی چاوەڕوانییەکان کە بە گشتی  سەروەری لاواز دەکات. توندوتیژیی نایاسایی لە شوێنێک وەک پەتا بڵاو دەبێتەوە. ئەوە بەو شێوەیە کە ئاشتی و ئاسایشی ئیسڕائیل بە کردەوەی ئەوتۆ کە ڕەنگبێ لە دوورەوە ئەنجام بدرێن بنکۆڵ دەکرێ، بەڵام دەبنە هۆی هاندانی نموونەی هاوشێوە. تەناهی و ئاشتی هیچ پەیوەندییەکیان بە پێگەی یاسایی هاوپەیمانانی خۆراواوە نییە.

هێرشەکانی تورکیە لە هێندێک بەشی کوردستان، لە ناویاندا بۆ سەر زیاتر لە ١٤٥شوێنی ژێرخانی فرە گرینگی مەدەنی لە ڕۆژاوای کوردستان، بە گوێرەی ڕێککەوتننامەکانی ١٩٤٩ی ژێنێڤ و بڕگەی ژمارە ٨ی بڕیارنامەی ڕۆم، تاوانی جەنگن. ئەو تاوانانە هەروەها کوژرانی مناڵان، ژنان و کارمەندی ئاسایشی ناوخۆیی و هێزەکانی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان دەگرێتەوە. هێرش بۆ سەر شوێنی دابین کردنی ئاو و بنکەی پۆمپاژ، وزەخانەی کارەبا، دامەزراوەی وزە، سایلۆی دانەوێڵە، کارگەی پیشەسازیی، قوتابخانە و نەخۆشخانە بوونە هۆی سەپاندنی ئازاری لانی کەم دوو میلیۆن کەسی بێ تاوان. ئامانجی ئەو هێرشانە لە ناو بردنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری کوردان لە ڕۆژاوای کوردستانە، کە لە ٢٠١٢ بەولاوە وەک پەناگەیەک بۆ هەمووان بووە.

نەبوونی هیچ جۆرە کاردانەوەیەکی کاریگەری ولایەتە یەکگرتووەکان و خۆراوا بەربەستێکی پەیوەندیی ئاشتییانەی نێودەوڵەتییە و هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئاشتی، تەناهی و سەقامگیریی لە ناوچەدا. لە دنیایەک دا کە بە شێوەی پەرەئەستێن پێکەوە گرێدراوە، کێشەی ناوچەیەک دەتوانێ کاریگەریی بەرفراوانی بۆ سەرجەم کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هەبێ. بە لە بەرچاو گرتنی پێکەوە بەستراوەیی ئابووری و سیاسی نەتەوەکانی دیکە، وڵاتانی خۆراوا بەرژەوەندییان لە سەقامگیریی جیهانی دایە.

جێگای ئاماژەیە کە هەردوو کورد و ئیسڕائیلی بۆخۆیان تووشی شەڕانگیزیی بوون. کورد چاوەڕوانی ئەوە ناکات کە نەتەوەی دیکە شەڕی ئەو بکات، ئەمە بۆ ئیسڕائیلییانیش ڕاستە. بەڵام لە ولایەتە یەکگرتووەکان چاوەڕوان دەکرێ و ئەوە لە بەرژەوەندیی خۆی دایە پشتگیریی لە هاوپەیمانانی بۆ بەرگریی لە خۆیان لە بەرانبەر هێرشی چەکداری دا بکات. پێویستییەکی هاوبەش بە تەناهی، بنەمای هاریکاریی نێوان ئەو هاوپەیمانە باوەڕپێکراوانە دروست دەکات. ولایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێ دەورێکی کاریگەری لە دامەزراندنی وەها پەیوەندییەک لەگەڵ ئیسڕائیلییان و بنیاتنانی خۆبەڕێوەبەریی بەردەوامی کوردیی لە ڕۆژاوا و هەرێمی کوردستان لە باشووری کوردستان (لە عێراق) هەبێ. ئەو هاوکارییە لەناو بردنی تاقمە تێرۆریستییەکان بۆ ئەمریکیەکان، کوردەکان و ئیسڕائیلیەکان هاسانتر دەکات. ئەگەر چی کوردەکان لایەنێکی نادەوڵەتین، بە بەردەوامی پابەندبوونی نەگۆڕی خۆیان وەک هاوپەیمانی جێگیری وڵاتانی خۆراوایی سەلماندووە. بە پاشخانێکی سەرکەوتووانەی بەرەوڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان، لایەنە کوردستانییەکان پابەندبوونیان بەرانبەر بە سەقامگیریی ناوچەیی و جیهانی بە پتەوەی ماوەتەوە کە بە هاوکارییە هەوڵگرییەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانیی جیهانیی دژی تێرۆریزم و توندئاژۆیی پشتڕاست دەکرێتەوە.

لە کاتێکدا کە دۆخی بێ دەوڵەتیی کوردان ڕەنگبێ وەک بەربەستێک بۆ کردارەکانی دنیای خۆراوا سەیر بکرێ، ئەوە یەکلاکەرەوەیە کە هەتا کوردستان بە فەرمی دانی پێدا نەنرێ، ئاشتی بەردەوام شتێکی نادیار دەمێنێتەوە. نەبوونی کوردستانی سەربەخۆ بۆتە هۆی ناسەقامگیریی بەردەوامی ناوچەیی، چونکە دەبێتە هۆی ناڕەزایەتی و کێشە لە ناوچەکەدا. دانپێدانانی کوردستان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ نە تەنیا دەبێتە هۆی چارەسەر کردنی نادادپەروەریی درێژخایەن، بەڵکو هەروەها دەبێتە هاندەری سەقامگیریی ناوچەیی.

بە لەبەر چاوگرتنی ئەو ئالنگارییانە و پرسی ئیسڕائیل، واشینگتۆن دەرفەتی دروست کردنی پشتێندێکی تەناهی، لە ڕێگای ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی، لە نێوان کورد، ئیسڕائیلی و ئەمریکاییانی هەیە. ئەو پشتێندە تەناهییە نابێ تەنیا هاوکاریی سەربازیی بگرێتەوە بەڵکو هاوبەشکردنی هەواڵگریی، هەوڵی دیپلۆماتیک و خەباتی هاوبەش بۆ ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە. بە کورتی، دروست کردنی وەها پشتێندێکی تەناهی ئەگەری دابینکردنی وەڵامی ئەرێنی چالاک بۆ  ئەو “شکستە هەواڵگرییە” دەبێ کە بە هێرشی پەشۆکێنەر و لە پڕی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل ئاشکرا بووە.

بە دامەزراندنی هاوپەیمانییەکی پتەوی تەناهی، ولایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێ کەڵک لە دەستڕۆیشتوویی خۆی بۆ دڵنیا بوون لەوە وەرگرێ کە هاوپەیمانەکانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام پارێزراو و پشگیریی لێکراو بن. ئەوە نەتەنیا لە بەرژەوەندیی کوردان، ئیسڕائیلییان و ئەمریکاییان دایە، بەڵکو یارمەتیدەری ئامانجی بەرفراوانتری ئاشتی و تەناهی لە ناوچەکەیە. گرینگیدانی کوردان بە بایەخە هاوبەشەکان، هەڵوێستە نەگۆڕەکەیان دژی تێرۆریزم و ئەرکدارییان بەرانبەر بە پرینسیپە دێموکراتیکەکان، دەرخەری گرینگیی ئەوان بۆ تەناهییەکی بەربەرینتری ناوچەییە.

هەڵوێست و بۆچونە جیاوازەکانی زلهێزانی خۆراوایی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێ چارە سەر بکرێ تا ناوچەیەکی سەقامگیرتر و خاوەن تەناهیتر دروست بکرێ. ئەزموونە هاوبەش و پێداویستییە هاوبەشەکانی کوردەکان و ئیسرائیلییەکان و ئەمریکییەکان بناغەیەکی پتەو بۆ هاریکارییەک دابین دەکەن بۆ هاوبەشیکردنی هەواڵگریی، ئۆپەراسیۆنە هەرێمییە هاوبەشەکان و هەوڵە هاوکارییە شیاوەکانی تر. کاتی ئەوە هاتووە کە دەوڵەتانی خۆراوایی پێشترییەتی بە تەناهی هاوبەش و هاریکاریی یەکتر کردن بۆ ئافراندنی ناوچەیەکی خاوەن ئاشتی و تەناهی بدەن. دروست کردنی پشتێندێکی تەناهی لە نێوان هاوپەیمانانی بڕواپێکراو نە تەنیا داوایەکی ستراتێژیکە، بەڵکو  ئەرکێکی ئەخلاقیە بۆ برەودان بە ئاشتی و بەختەوەری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە خەریکە بە دیمەنێکی نوێ دەردەکەوێت.