ئارامتر بخوێنەوە

سەروەریی کۆلۆنیال و نێکرۆپۆلیتیک:
بەقوربانیکردنی پیرۆزی کوردانی کافر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

سارۆ ئەردەڵان – داود عوسمانزادە



پێشەکی

ئەو کاتانەی لە کۆتایی دەیەی شەست و سەرەتای حەفتاکاندا دەچووین بۆ قوتابخانە و بە بەردەم دیوارە دوور و درێژەکانی ئیدارە و ماڵە سازمانییەکاندا تێدەپەڕین، خوێندنەوەی درووشمی سەر دیوارەکان وەک خوویەکی هەمیشەیی لێ هاتبوو. جاروبار گاڵتەمان بە وشە سەیروسەمەرە فارسی و عەڕەبییەکان دەکرد و ئەگەر بشمانوێرابا لاسایی بێژەری کاناڵی یەکی ئێرانمان دەکردەوە و بە دەنگێکی بۆڕ و بە لەحنێکی نیوەحەماسی و گاڵتەوە درووشمەکانمان دەخوێندنەوە. بەڵام یەک لەو درووشمانە کە دوو وشەی بەرجەستە کرابوون هەم بەلامانەوە سەیر بوون و هەم لەبەر ئەوەی خومەینی، ڕێبەڕی پێشووی ڕژیم، وتبوونی زۆر بۆ گاڵتە نەدەبوون. خومەینی وتبووی: ئێمە لە کوردستان لەگەڵ کوفر شەڕ دەکەین، نەک لەگەڵ کورد. وشەی کورد و کوفر بە ڕەنگی جیاواز نووسرابوون و بۆ ئێمە پرسیار بوو که ئەی هەموو عەجەم و پاسدارەی کە دەمانبینی و لێیان دەترساین لە کوردستان لەگەڵ کێدا بە شەڕ دەهاتن؟ خۆ ئێمەی کورد خۆمان بە موسڵمان دەزانی و کەسیشمان نەدەناسی کافر بێ، ئەی ئەو ناوچاو گرژانە بۆ کوردیان دەکوشت؟ کاتێک ئەم پرسیارانەمان بەرەوڕووی گەورەترەکانمان دەکردەوە یا سەرێکیان دەلەقاند و جنێوێکیان حەواڵەی ڕژیم دەکرد یا بەتووڕەییەوە دەیانگووت ئێوە نابێ کارتان بەم شتانە بێ و کاتێک گەورە بوون خۆتان تێدەگەن!

ئێمە لە قوتابخانە ناچار دەکراین ئەو درووشمانە وەک تووتی دووپات بکەینەوە کە بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران نووسرابوون و زۆرجار پێش لە دەستپێکی وانەکان لە حەوشەی قوتابخانە و لە ڕێوڕەسمێکی سەربازیدا بە دەنگی بەرز بە ئێمەی منداڵیان دەوتەوە. ئێستا ئێمە گەورە بووین و کاتی ئەوە هاتووە خۆمان لە وردەکاریی ئەو پرسە ئاڵۆزە تێبگەین. هەر بۆیە ئێمە دەمانەوێ لە ڕێگەی ئەم توێژینەوەیەوە وڵامی پرسیارەکانی قۆناغی منداڵیمان بدەینەوە کە بۆچی کوردەکان وەک کافر دەستنیشان دەکران؟ هەروەها بیر لەو مێکانیزمانە بکەینەوە کە لەڕێگەی بەکافرکردنمانەوە بوونە هۆی کوشتن، ئاوارەیی و بێسەروشوێنبوونی سەدان هەزار کورد.

لەم وتارەدا پێمان وایە کە نووسینی درووشم لە لایەن هێزە ئینقلابییەکانی ناو ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لەسەر دیوارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناتوانرێ تەنیا وەک پڕۆپاگەندە بۆ ڕژیمێکی نوێ تەماشا بکرێت. بەڵکوو ئەم دیاردەیە ڕەگ و ڕیشەی خۆی لە چوارچێوەیەکی مێژوویی بەرفراوانتردا دەبینێتەوە و بەتایبەت، لە ماوەی نیوەی کۆتایی سەدەی بیستەمدا، بەکافرکردنی خەڵکی کورد لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر دەردەکەوێ. هەروەها لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیی ئیسلامی سیاسیدا، بە مەبەستی سەرکوت، نەتەوەی کورد دەکرێنە کافر و بە شێوەیەکی سیستماتیک دەخرێنە ناو ئەو گێڕانەوە تایبەتانەی کە ناسیۆنالیزمەکانی ئێرانی، تورکی و عەرەبی بانگەشەی سڕینەوەی کوردی تێدا دەکەن.

حکومەتەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران، ئاک پارتی لە تورکیا، ڕژێمی بەعس لە عێراق و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا (داعش) بە بەردەوامی کوردیان وەک کافر وێنا کردووە. لە ڕێگەی ئەم بەکافرکردنەوە هاوکات ویستوویانە دوو ئامانجی سەرەکی بپێکن: بەهێزکردنی هێژموونیی کۆلۆنیال بەسەر کوردستان و شەرعیەتدان بە ژینۆسایدی نەتەوەی کورد. جگە لەوانەش، دیاریکردنی ئەوەی کە کام کورد شیاوی ئەوەیە لە کۆلۆنیدا نیشتەجێ بێ، بەشێک لە ئەجێندای ڕۆژانەی ئەم ڕژێمانە لە کوردستان بووە. ئەوان هەوڵیان داوە لە ڕێگەی مەنشوورێکی پیرۆزیی ئایینییەوە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی کورد هەڵبوەشێننەوە. نێکرۆپۆلێتیکی (سیاسەتی مەرگ) ئەم ڕژیمانە لە ڕیتۆریکی ئیسلامیدا چڕ بووەتەوە و دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی کوشتنی بەکۆمەڵ و ئاوارەبوونی زۆرەملێیان خێراتر کردووە و زیانێکی زۆریان بەسەر سەدان هەزار کورددا سەپاندووە.

کوردستانی بەکۆلۆنیکراو و سیاسەتی مەرگ

کورد زۆرجار بە یەکێک لە گەورەترین نەتەوەکان دادەنرێ کە دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆیان نییە. کورد بە پلەی یەکەم لە ناوچەیەکدا نیشتەجێیە کە بە کوردستان ناسراوە و بەشێک لە چەند دەوڵەتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە، لەوانە تورکیا، ئێران، عێراق و سوریان و زۆرینەی دانیشتووەکانیان موسڵمانن. بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ لە ناوچەکەدا نەتەوەی کورد ڕووبەڕووی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بووەتەوە. بەداخەوە سیاسەتی دژەکورد بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زۆرەملێ، ئاسمیلەبوونی کولتووری، هەڵاواردن و لە هەندێک حاڵەتدا توندوتیژییەکان کۆمەڵکوژی و ژینۆسایدی کوردی بەدواوە بووە. زیاتر لە سەد ساڵە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی کورد هەوڵی بەدیهێنانی سەرەوەریی نەتەوەییان هەبووە و لە ڕێگەی داواکاری مافی چارەی خۆنووسین، پاراستنی کولتووری و دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی سیاسیی ویستوویانە کورد بەشێوەی ئازاد وەکوو نەتەوەکانی دیکە بژی.

بۆ شرۆڤەی دۆخی کوردستان و کورد لەم چەند دەیەی ڕابردوودا، زانایانی بواری لێکۆڵینەوەی کوردی هەوڵیانداوە کوردستان وەکوو کیانێکی بەکۆلۆنیکراو دەستنیشان بکەن. ئەنجامی توێژینەوەکان پەیوەندییەکی هۆکارانەی لە نێوان بەڕێوەبەریی کۆلۆنیالیستی دەوڵەتەکانی ئێران، تورکیا، عێراق و سوریا لەگەڵ زنجیرەیەک دڕندەیی نامرۆڤانەی وەکوو ژینۆساید، توندوتیژی بەربڵاو، سیاسەتی هەڵاواردن و ئینکاری سیستماتیکی مافەکانی نەتەوەی کورد نیشان داوە. قاسملوو باس لەوە دەکا کوردستان لە ڕووی جوگرافییەوە بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکراوە کە لە پەراوێزی ناوەندی ئابووری جیهانیدا هەڵکەوتووە و دەیخاتە ژێر قورسایی کۆلۆنیالیزمی ئیمپریالیزمەوە و هەر بـــۆیـــەش ئــــابــــوورییەکی سەربـــەخـــۆی نییە (قاسملوو ١٩٧٣).شیکاریی سەرنجڕاکێشی بێشیکچی بۆ کوردستان وەک کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتی (بێشیکچی ٢٠٠٤) کـــاریگـــەرییەکی بەرچاوی لـــەسەر کــۆمـــەڵێک لە توێژەران هەبووە کە تا دێت زیاتر بەرەو تیـــۆرییەکانی دژەکۆلۆنیالیستی و پــاش کـــۆلۆنیالیزم ڕادەکێشرێــــن (فان بـــروینسێن ٢٠٠٥؛ دورویز ٢٠٢٠).

تـــوێژەران بە پلەی یــەکەم سەرنجیان بۆ بەکارهێنانی چەمکی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی بۆ وێناکردنی دۆخی دژواری کۆلۆنیالیزمی کورد لە ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵات ڕاکێشراوە. ئەوان لە شێوازە جیاوازی کۆلۆنیالیزم وەکوو ڕەهەندی مێژوویی، سیاسی، کولتووری، ئابووری، ژینگەیی، زمانەوانی، و جێندەری قووڵ دەبنەوە تا کاریگەرییەکانیان لەسەر نکۆڵی، ئاسمیلەکردن و قەڵاچۆکردنی نەتەوەی کورد نیشان بدەن. زۆرجار ئەو لێکۆڵینەوە زانستییانەی کە لەسەر ئیسلامی سیاسی قووڵ دەبنەوە باس لەوە دەکەن کە بزووتنەوە ئیسلامییەکان و پارتە سیاسییەکانیان وەک هێزی دژە کۆلۆنیالیزم و ئۆپۆزسیۆن چالاکییان هەیە. بەڵام مەهمەت کورت جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاکەپە (پارتی داد و گەشەپێدان) ئایدۆلۆژیای ئیسلامیی وەک ئامرازێکی حکومەتداری بە مەبەستی پاراستن و شەرعیەتدان بە کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی لە باکووری کوردستان بەکار هێناوە (کورت ٢٠٢١). ئێمەش لەم وتارەدا، ئامانجمان ئەوەیە نیشانی بدەین کە بەئامرازکردنی ئیسلام بە مەبەستی سەرکوتکردن و ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر بە نەتەوەی کورد، بۆ دەرەوەی دەسەڵاتی ئیسلامییە تورکەکانیش درێژ دەبێتەوە. لەڕاستیدا بەڕوونی بەکارهێنانی ئیسلام لەناو حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دژ بە کورد دەردەکەوێ. جگە لەوەش، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، پرۆسەی بەکافرکردنی کورد، بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لەو گوتارەی کە ئەکتەرە توندڕەوە نادەوڵەتییەکانی وەک داعش و تەحریر ئەلشام بانگەشەی بۆ دەکەن. هەروەها ئێمە لەم توێژینەوەدا جەخت لەوە دەکەین کە بەکارهێنانی ڕیتۆریکی ئیسلامی بۆ پشتگیری لە کردەوەکانی ژینۆساید و کوشتنی کورد تەنیا لە کۆتلە و ڕژێمە سیاسییە ئیسلامییەکاندا قەتیس نامێنێتەوە. جێگای سەرنجە، ئایدۆلۆژیای بەعسیزم لە عێراق سەرەڕای بنەما سێکۆلار و سۆسیالیستییەکانی، پەنای بۆ گێڕانەوەیەکی ئیسلامی بردووە وەک ئامرازێک بۆ عەقڵانیکردنی دوژمنایەتییەکانیان بەرامبەر بە کۆمەڵگای کورد، زۆرجار بانگەوازی تۆمەتەکانی هاوئاهەنگی لەگەڵ زایۆنیزم دەکات.

لە ئایدۆلۆژیای کۆلۆنیالیزمی ڕژیمی ئیسلامی لە ئێران و پارتی داد و گەشەپێدان لە تورکیادا، دووانەی کوردی موسڵمان و کوردی کافر ساز دەکرێ. لەناو ئایدۆلۆژیای بەعسیدا، دووانەیەکی هاوشێوە بۆ خەڵک وێنا دەکرێ کە تێیدا لە نێوان کوردە زایۆنیستییە دژەئیسلامەکان و کوردە برا موسڵمانەکانماندا هێڵێکی جیاکاری ڕوون دەکێشرێتەوە. سازکردنی ئەم دووانە دژبەیەکانە دەبێتە بەشێکی جیانەکراوە لەو میکانیزمانەی کە وەکوو سیاسەتی مەرگ دەستنیشانی دەکەن کە دەتوانێ زیندوو و بێ و کێ دەبێ بمرێ. ئەم چوارچێوەیە ئامرازی داڕشتنی ئەو گێڕانەوەیە کە نەک هەر پاساو بۆ سەرکوتکردنی توندوتیژانە و کوشتنی بەکۆمەڵی تاکەکانی کورد کە بەشدارن لە بزووتنەوە ناسیۆنالیستی و ڕزگـــاریخوازەکـــانـــدا دەهێننەوە، بەڵکوو چالاکانە بەرەوپێشی دەبەن.

جگە لەوەش، حوکمڕانیی نەکرۆپۆلیتیک کاریگەری زیانبەخشی خۆی بۆ هاندانی کردەوەی ژینۆساید دژی خەڵکی ئاسایی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا درێژ دەکاتەوە کە هیچ داواکارییەکی سیاسی کۆمەڵایەتییان نەبووە. نموونەی بەرچاو بریتین لە کۆمەڵکوژیی قارنا و قەرەگوڵ لە ڕۆژهەڵات، کۆمەڵکوژیی ڕۆبۆسکی لە باکوور، ژینۆسایدی ئەنفال و بۆردومانی کیمیایی وێرانکەری هەڵەبجە لە باشووری کوردستان. هەروەها جێی ئاماژەیە کردەوە دڕەندەکانی ئەکتەرە توندئاژۆ نادەوڵەتییەکانی وەک داعش و تەحریر ئەلشام چیتر پێویستیان بە شەرعیەت وەرگرتن لە ئایینەوە نەبووە و بێ پێچ و پەنا هەڵوێستێکی ڕوونتریان گرتووە بەر. ئەوان بێ جیاوازی هەموو کورد بە کافر ناو دەبەن و لە ئاکامدا دڕندانە ژینۆسایدی شەنگال لە باشوور بەرانبەر کوردانی ئیزدی ئەنجام دەدەن و شاری عەفرین لە ڕۆژاوا داگیر دەکەن.

بەم شێوەیە، کوردستان بووەتە کۆلۆنییەکی هاوبەش بۆ هەر ئایدیۆلۆژییەک کە نوێنەرایەتی ناسیۆنالیزمی ئێرانی، تورکی و عەڕەبی دەکا. واتە بەکۆلۆنیبوونی کوردستان تەنیا لە فۆڕمی دەوڵەتییدا خۆی نابینێتەوە و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی وەکوو داعش بە هەمان مەبەست دەیانهەوێ دەست بەسەر کوردستاندا بگرن. ئەوان سنوورێک لە نێوان موسڵمان و کوردی کافردا ساز دەکەن کە مەشروعیەت بۆ کوشتنی هەر کوردێک ساز بکەن کە ویستی ڕزگاری و دەرچوون لە دۆخی کۆلۆنیالی هەیە. ئەم سنوورە تۆخە نەک هەر دەبێتە جێی باوەڕی خەڵکانی عەجەم، بەڵکوو لە لایەن ئەو کوردانەشەوە پەسەند دەکرێ کە لە چوارچێوەی دەزگای مەعریفی کۆلۆنیالیزمدا بیر دەکەنەوە. بە گوتەی ئاشیل مبێمبێ، ”کۆلۆنییەکان هاوشێوەی سنوورەکانن. ”دڕندەکان“ تێیاندا نیشتەجێن. کۆلۆنییەکان لە فۆڕمێکی دەوڵــەتیدا ڕێک نــاخرێن و جیهانێکی مرۆیی ساز ناکەن… بەم گوێرەیە، کۆلۆنییەکان ئەو شوێنەن کە دەتوانرێت کۆنتڕۆڵ و نەزمی دادوەری تێیدا ڕابگیرێن- ناوچەیەک کە ئەو توندوتیژییانەیان تێدا جێبەجێ دەکرێن کە لە دۆخی ئاوارتەدا دەوڵەتەکان بە مەبەستی خزمەت بە ”شارستانیەت“ بەکاریان دێنن.“ (مبێمبێ ٢٠٠٣، ٢٤)

لە ڕوانگەی مبێمبێوە، نێکرۆپۆلیتیک (سیاسەتی مەرگ) بریتییە لە چۆنیەتی بەکارهێنانی فۆڕمێک لە دەسەڵات بۆ کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی دانیشتووان لە ڕێگەی دەستکاریکردنی نرخی مردنەوە. بەم واتایە سەرەوەری بریتییە لە دەسەڵاتی داسەپاندنی ئەوەی کێ ئەگەری زیندوومانەوە و ژیانی هەیە. لێرەوە کوشتن یان ڕێگەدان بە ژیان سنووری سەروەری پێک دەهێنێت و دەوڵەت یان ئەکتەرە بەهێزەکانی دیکە نەک هەر ژیان بەڕێوە دەبەن و دەیپارێزن بەڵکوو دەسەڵاتیش بەکاردەهێنن بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کێ دەبێ بژی و کێ دەبێ بمرێت. میشێل فوکۆ لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەمکی بایۆدەسەڵاتەوە باس لەوە دەکات کە چۆن دەوڵەتەکان لە ڕێگەی دامەزراوە و تەکنیکە جیاوازەکانەوە کۆنترۆڵی دانیشتووان دەکەن. لە چوارچێوەی نەکرۆپۆلیتیکدا ئەم کۆنترۆڵە لە ڕێگەی توندوتیژی دەوڵەتەوە چڕتر دەبێتەوە و حکومەتەکان بێبەزییانە ژینۆساید، کۆمەڵکوژی و جۆرەکانی تری توندوتیژی بەکار دەبەن تا سیاسەتی کۆلۆنیاڵی خۆیان لە وڵاتی ژێردەستەدا جێبەجێ بکەن. ئەم کردەوە دڕندەییانە وەک ئامرازی کۆنتڕۆڵی سیاسی بەکار دێن و لەناو کۆلۆنیدا تۆوی ترس و ملکەچبوون دەچێنن. زۆرجار ڕژێمە سیاسییە نەکرۆپۆلیتیکییەکان توندوتیژی و مردن وەک نمایش کردنێکی گشتی بەکاردەهێنن. بە سازکردنی چاویلکەیەکی توندوتیژی بۆ دانیشتووانی کۆلۆنی هەم خەڵک دەترسێنن و هەم بێهەستیان دەکەن تا دڕندەیی و مردن لە لایان ئــاســایی بێتەوە (مبێمبێ ٢٠٠٣).

فەتوای خومەینی بۆ کۆمەڵکوژیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئەو گۆڕانکارییەی کە ڕووداوەکانی ساڵانی ١٩٧٨-١٣٧٩ هێنایە ئاراوە و بە ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی و دواتر دامەزرانی کۆماری ئیسلامی گەیشتە لووتکە، کاریگەرییەکی قووڵ و دوور مەودای لەسەر دیمەنی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەبوو. هەر لە سەرەتاوە پەیوەندیی نێوان ناسیۆنالیزمی کورد و خومەینیزم بەتایبەتی ئاستێکی دیاریکراو لە گرژی و ناتەبایی پێوە دیار بوو. جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان پرەنسیپی دیمۆکراتیک و ئاراستەی سێکۆلار کە ناسیۆنالیستە کوردەکان پاڵپشتییان دەکرد و پابەندبوون بە بناژۆخوازیی ئیسلامی کە شوێنکەوتوانی خومەینی لایەنگرانی بوون، لەئاردا بوو (شەمسەدینی ٢٠٠٧، ١٩٤). کوردەکان زیاتر لە ڕێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە (حدکا) داوای دانپێنان بە مافی نەتەوەیی خۆیان لە دەستووری بنچینەیی نوێی ئێراندا دەکرد. حدکا لە ڕێگەی درووشمی دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان دەیویست سەروەریی نەتەوەیی کورد لە ئێران بەڕەسمی بناسێنێت. بەڵام لە هەمان سەرەتاوە دەرکەوت کە لایەنی ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک نایهەوێ پەسەندی داواکاریی نەتەوەیی کورد بکا.

هەر بۆیە خومەینی بەتوندی دژ بەم حیزبە کە نوێنەرایەتی دەنگی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەکرد وەستایەوە وەک شەیتان وەسفی کردن و بە فەرمی ڕایگەیاند: ”ئەوان [حدکا] بەکرێگیراوی بیانییەکانن. ئەوان یان بەکرێگیراوی ئامریکان یان هی وڵاتێکی دیکە. ئەگەر ئێمە بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕانە مامەڵەیان لەگەڵ بکەین، ناتوانن بڵێن ئێوە ئازادی سەرکوت دەکەن. ئێمە ئازادیمان پێدان بەڵام ئەوان خراپ بەکاریان هێنا. ئەو ئازادییەی کە مانای ئەوە بێ دەتوانن کاری تێکدەرانە ئەنجام بدەن، ئێمە ئازادییەکی وایان پێ نابەخشین. حیزبی دیمۆکراتی کوردستان [حدکا] گرووپێکی گەندەڵکار و تێکدەرە. ناتوانین ئەو ئازادییەیان پێ بدەین کە هەرچی بیانەوێت بیکەن “ (IranKnowledge، ٢٠٠٩). کاتێک گرژییەکان لە ڕۆژهەڵات زیاتر تەشەنەی کرد و حکومەتی کاتی لە تاران نەیدەویست بە هیچ شێوەیەک دەنگی کورد ببیستێ، کوردەکان لە سەرەتای ساڵی ١٣٥٨ ڕێفڕاندۆمی کۆماری ئیسلامییان بایکۆت کرد. بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان لە پاوەوە تاکوو مەهاباد کەوتە بەر دەستی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە لە ناویاندا حدکا و کۆمەڵە دەوری سەرەکییان دەگێڕا. هەر بۆیە خومەینی لە ڕێکەوتی ٢٧ی گــەلاوێــژی ١٣٥٨ فتوای جەهادی دژ بە کورد دەرکرد.

ئەم فەتوایە ڕێگەی بە توندوتیژییەکی بەربڵاو هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە ڕۆژهەڵات خۆش کرد کە تاکوو ئیستا درێژەی هەیە. خومەینی لەم فتوایەدا و لە یەکەم فەرمانی خۆی وەکوو سەرۆکی هەموو هێزەکانی ڕژیم فتوای بەکارهێنانی هەموو چەک و تەقەمەنییەک لە ڕۆژهەڵات دەردەکا و فەرمان بە سەرۆکی ئەڕتش دەکا کە بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕانە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بە تۆپ و تانکەوە بەرەو پاوە بڕۆن (خومەینی 2018c). فەتواکە ڕۆژی ٢٨ گەلاوێژ کاتژمێر حەوتی بەیانی لە ڕادیۆ خوێندرایەوە و بووە هۆی هاندانی خەڵکی عەجەم کە وەک سپایی بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەڕێکەون.

ڕەحیم سەفەوی کە لەو کاتەدا سەرۆکی سپای پارێزگای کوردستان بووە لە کتێبێکی بیرەوەری سەبارەت بە شەڕی ئێران و عێراق باس لەوە دەکا کە ئیمام خومەینی پێی وتین ئێوە دەبێ لە نێوان خەڵکی کورد و دژەشۆڕش جیاوازی دابنێن، ئێوە لەگەڵ کوفر شەڕ دەکەن نەک لەگەڵ کورد (امام و دفاع مقدس: خاطراتی از رزمندگان و فرماندهان سپاه اسلام ١٣٧٧، ٣٤). ئەم ڕێنوێنییە کە تێیدا حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و هەموو ئەو چالاکە کوردانەی کە بۆ ئازادی و وەدیهێنانی ژیانێکی باشتر لە کوردستان تێدەکۆشان وەک کافر پێناسە دەکران و سەرەڕای ئەوەی ڕێگای دووبەرەکی لە کوردستان و سازبوونی هێزی ڕێکخراوی جاشی درووست کرد، بەڵکوو لەوەش گرنگتر مەشڕوعیەتی بۆ کوشتنی هەر دەنگێکی ناڕازی هێنایەوە. ئەم مەشڕوعیەتە ئایینییە هەزران پاسداری ڕاکێشی کوردستان کرد کە هیچیان نەک لە پرسی کورد نەدەزانی، بەڵکوو ئامادە بوون بێ بیرکردنەوە و تەنیا لە پێناوی قسەکەی خومەینیدا کوردستان کاول بکەن و لە کۆمەڵکوژی خەڵکی کــــورددا بــــــەشـــــدار بـــــــــن.

بۆ نموونە قوربانعەلی خەیبێلی (١٣٤٧-١٣٦٢)، خەڵکی گوندی تەخشی لە گورگان، وەک منداڵێکی بەسیجی دەچێتە سپا هەتا لە کوردستان دژ بە کوفر شەڕ بکات و لە ئاکامدا کاتێک لە تەمەنی شازدە ساڵیدا بە قەناسە و دژ بە کورد لە شاری مەڕیوان پڕ چەک کراوە دەکوژرێ. قوربانعەلی لە تەمەنی پازدە ساڵیدا و تەنیا چەند ڕۆژێک پێش لە کوژرانی، لە دوایین نامەیدا بۆ دایکی دەنووسێ کە ئەم نامەیەت لە چیاکانی کوردستانەوە بۆ مازەندەران بۆ ڕەوانە دەکەم و ئێمە لێرە لەگەڵ کورد شەڕ ناکەین بەڵکوو لەگەڵ کوفر شەڕ دەکەین. قوربانعەلی نامەکەی بەم ڕستانە کۆتایی پێ دێنێ: خودایە خودایە هەتا شۆڕشی مەهدی، خومەینی بپارێزی (خیبلی ٢٠١٩). قوربانعەلی یەکێک لەو هەزاران پاسدار و بەسیجییەن کە تاکوو ئیستا بۆ سەرکوت و کوشتنی کورد دێنە ڕۆژهەڵات بێ ئەوەی بیر لە ئەنجامی کردەوە دڕەندەکانی خۆیان بکەنەوە، چونکە خومەینی فەتوای ئیسلامی بۆ کوشتنی ئەو کوردانە دەرکردووە کە داوای مافی خۆیان دەکەن.

خومەینی سەرەڕای ئەوەی کوردی ئازادیخواز وەکوو کافر ناوەزە دەکا هەوڵ دەدا بە هەندێک چەمکی ئایینی دیکەش دیسان ئەوان بخاتە پاڵ شەیتان. لە ڕێکەوتی ٢ خەرمانانی ١٣٥٨، چەند ڕۆژ دوای فەرمان بۆ هێرش کردنە سەر پاوە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دانیشتنێکدا بە پشتبەستن بە ئایەتی: ئەی ئیمانداران گوێڕایەڵی خودا و پێغەمبەر و کاربەدەستانی خۆتان بن (نیسا، ٥٤) خەڵکی ڕاپەڕیوی کورد دەکاتە بەردەنگ کە بۆچی ملکەچی کاربەدەستانی خۆتان نەبوون؟ هەر لەوێدا دیسان بە پشت بەستن بە ئایەتێکی قورئان پاسدارەکان دەکاتە بەردەنگ کە دەبێ ڕەحم بە حیزبەکان لە کوردستان نەکەن و دەڵێ کە بەتوندترین شێوە لەگەڵ کافرەکان توندوتیژی بنوێنن و لەناو خۆتاندا دڵۆڤان بن (فەتح، ٢٩). ئەم کۆبوونەوەیە کە بە بۆنەی جێژنی مانگی ڕەمەزانەوە گیراوە دەبێتە بیانوویەک کە خومەینی مامۆستا ئایینییەکانی کوردستان بکاتە بەردەنگی خۆی و پێیان دەڵێ کە ئێوە دەبێ دژ بە خەیانتکارەکان هەڵوێستتان هەبێ. بە باوەڕی خومەینی ئیسلام لە ڕێگەی خوێنڕشتنەوە پەرەی سەندووە و سەقامگیر بووە. هەر بۆیە دەڵێ ئێمە هیچ ترسێکمان لە خوێنڕشتن نییە و بێباکین (خومەینی 2018b).

هەر کات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزە سەرکوتکەرەکان نەیاندەتوانی تەنانەت بە هەموو توندوتیژییەک کە بێبەزەییانە بەکاریان دەهێنا دەنگی ئازادیخوازی کورد بێدەنگ بکەن پەنایان بۆ فێڵێک دەبرد کە لە ڕێگەی فەتوایەکی خومەینییەوە دیاری دەکرد کێ لە کوردستان مافی ژیان و مردنی هەیە. لە نموونەیەکی گرنگدا خومەینی فەتوای بەکارهێنانی بۆمبی ناپاڵم لە کوردستان دەدا. لە سەرەتای زستانی ١٣٥٨ ئەبولحسەنی بەنیسەدر (سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئێران) تەلیفۆن بۆ دەفتەری خومەینی دەکا و دەڵێ کە ”لە گەردەنەیەکی کوردستان گوردانێکی نزیک بە سێسەد کەسیمان گیری کردووە و شەست و پێنجیان بریندار بوون. تەنیا دوو ڕێگەچارەمان لەبەر دەمە، یا ئەوەیکە بۆمبی ناپاڵم بەکار بهێنین کە لە ڕووی ڕێکڵامەوە لێکەوتەی نەرێنی بەدواوەیە، یا ئەوەیکە لە ژێر گەمارۆدا بمێننەوە و ئەگەری ئەوەی هەیە هەموو گوردانەکە لەناو بچن. ئیستا ئێمە دەبێ چ بکەین؟“ خومەینی بەکورتی یەکەم بژاردە پەسەند دەکا و وڵامیان دەداتەوە: ”دەبێ گــەمـارۆدراوەکان ڕزگار بکرێن، گرنگ نییە لێکەوتەیکانی چی بن “ (خومەینی 2018a).

سازکردنی هێزی پێشمەرگە موسڵمان

یەکێک لەو چەمکە گرنگانەی کە ناسیۆنالیزمی کوردی لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە توانیویەتی سازی بکا و بەشێوەی پراکتیک بیهێنێتە ناو گوتاری کوردایەتییەوە چەمکی پێشمەرگەیە. لە ماوەی هەشتا ساڵی ڕابردوودا هێزی پێشمەرگە بۆ سەرەوەریی نەتەوەیی لە بەرەی یەکەمی شەڕ لەگەڵ ناسیۆنالیزمی دوژمنانی کوردستاندا خەباتی کردووە. ڕێک لە دوای فەتواکانی خومەینی سەبارەت بە سەرکوتی بزووتنەوە ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵات و بەکافرکردنیان، دەزگا ئەمنییەکانی ڕژیم لە ڕێگەی سپای پاسدارانەوە هێزێکی خۆجێیی چەکدار درووست دەکەن کە لە فۆڕمدا ڕێک وەک هێزی پێشمەرگە وابێ. واتە جلوبەرگ، چەک و ناوی ئەم هێزە بەشێوەیەک هەڵدەبژێرن کە بۆ خەڵکی ئاسایی جیاکردنەوەیان لە هێزی پێشمەرگە زەحمەت بێ. لە هەمان کاتیشدا ئەم هێزە چەکدارە وەک چاوساخ بەکار دەهاتن تا پێش پاسدارە کەمئەزموون و دڕەندەکان بکەون.

ناوی ئەم هێزە چەکدارە سەرکوتکەرە نوێیە زۆر بەوردی هەڵدەبژێردرێ و وەک پێشمەرگەی موسڵمان ناوی لێ دەبرێ کە دەلالەتە شاراوەکەی ئەوەیە پێشمەرگەی لەو مانایەدا کە خەڵک دەیناسن موسڵمان نییە و کافرە. دووانەیەک کە خومەینی لە نێوان کورد سازی کرد و ئەنجامێکی خراپی درێژخایەنی بەدواوە هات. هێزی پێشمەرگە موسڵمان کە لە لایەن سپاوە ساز کرا تەنیا بە هەندێک فێرکاریی سەرەتایی بەرەو بەرەی پێشەوەی شەڕ لەگەڵ هێزی پێشمەرگە ڕەوانە کران. چونکە پاسدارەکان نەیاندەتوانی لە ڕۆژهەڵات بەرەوڕووی هێزی پێشمەرگە ببنەوە و شارەزایی ناوچەکە نەبوون، زمانیان نەدەزانی و نەیاندەتوانی ڕێگەوبانی گوندەکان و ناوچە شاخاوییەکان بدۆزنەوە. دووانەی پێشمەرگە\پێشمەرگە موسڵمان لە بەهاری ١٣٥٨ لە کرماشان ساز دەبێ و ناوە فەرمییەکەی بریتییە لە پێشمەرگە موسڵمانەکانی کورد. ئەم لقەی سپا لە هەمان سەرەتاوە بڵاوکراوەیەکیان بە ناوی “فریاد آزادی مسلمان کرد” دەر دەکرد و لە ژمارەی یەکەمدا فەلسەفەی بوونی خۆیان ڕوون دەکەنەوە:

ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانەکانی کورد بە مەبەستی سڕینەوەی ناوچەی کوردستان لە کوففار و مونافقینی دژەشۆڕش و بانگەشەی ئیسلام و سەلماندنی ڕاستییەتی کۆماری ئیسلامی و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئیسلامی و پێشێلنەبوونی خوێنی شەهیدان ڕادەگەیەنین (مـــوفیــــدی ٢٠١٩، ١٣١).

ئەم هێزە لەسەر هەمان پێناسەی بە کافرکردنی ئەو کوردانەی کە داوکارییەکی سیاسییان هەیە یا تەنانەت دەیانهەوێ وەک چالاکێک باس لە مافی نەتەوەیی خۆیان بکەن دامەزراوە. ئەگەرچی ئەندامانی ڕێکخراوی پێشمەرگەی موسڵمان لەڕووی جلوبەروگ و تەنانەت چەکی سازمانییەوە وەک هێزی پێشمەرگە ڕێکخرابوون، بەڵام بەخێرایی لەناو خەڵکدا وەک جاش ناویان دەرکرد. لە ٢١ پووشپەڕی ١٣٥٩ خومەینی لە کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخراوی پێشمەرگـــەی مــوسڵمانـــدا سپاسیان لێ دەکا و ئەوان وەکوو سەربازەکانی ئیسلام و لەشکەری پێغەمبەری ئیسلام وەسف دەکا (خومەینی ٢٠١٨) هەر بۆیە لە بڵاوکراوەی پێشمەرگەی موسڵماندا بەڕوونی باس لە جیهادی ئەوان دژ بە کوردە کافرەکان دەکەن: ”بۆ دەرهێنانی کوردستان لە چنگی کوففار کە پلانیان بۆی هەیە تەنیا دەبێ شەڕی چەکدارانەمان هەبێ. یەکەمین کاری شۆڕشگێڕانە کۆکردنەوە و ڕاهێنانی هەموو هێزە موسڵمانەکانە لە ناوچە بۆ جیهاد لەگەڵ کوففارە تا بتوانین پاش ڕزگاری خۆمان کوردستان بەڕێوە ببەین “ (موفیدی ٢٠١٩، ١٣٢).

هەر وەک دەبیندرێ فەتوای خومەینی بۆ بەکافرکردنی کورد دەستپێشخەر بوو بۆ سازکردنی گرووپێکی چەکدار و هێزی پێشمەرگەی موسڵمان وەک ئۆرگانێکی ڕەسمی سپای پاسدارانی ڕژیمی ئیسلامی لە سەرکوتی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەوری سەرەکی هەبووە. سازبوونی ئەم جۆرە گرووپانە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆلۆنیالیزمە کە بۆ ماننەوە و بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆی لە کۆلۆنیدا هەوڵ دەدا لە کەس و گرووپە خۆجێییەکانی نەتەوەی ژێردەست و ناوچەی کۆلۆنی کەسانێکی وەکوو بەکرێگیراو دابمەزرێنێ تا بتوانێ سیاسەتی مەرگ لە کۆلۆنیدا جێبەجێ بکا. لە نموونەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکخراوەی پێشمەرگە موسڵمان نەک هەر تاکوو ئیستا لە کوشتن و ئاوارەیی هەزران کورددا بەشداریی ڕاستەوخۆیان هەبووە بەڵکوو هەر لە خۆیان و تەنیا لە پارێزگای سنە هەزار کەسیان لێ کوژراوە. ئەم ڕاستییە تاڵانە دەبێ بەم خاڵە گرنگە زیاد بکەین کە ئەو ڕێکخراوەیە وەک لقی خۆجێیی سپای پاسداران ڕێگەی بۆ تاڵانکردنی سەرچاوەکانی کوردستان و تواندنەوەی کورد لە لایەن مافیای سپاوە خۆش کردووە. بە وتەی محەمەد موکری، باڵوێزی ئەو کاتی ئێران لە یەکیەتی سۆڤییەت کە خۆشی کورد بوو: ”کێشەی سەرەکی ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێران [ڕۆژهەڵاتی کوردستان] ئەوەیە چونکە لەو شوێنانە ئەڕتەش و سوپای لێ نەبووە دەوڵەت نەیدەتوانی بەرنامە کولتووری و ئابوورییەکانی خۆی جێبەجێ بکات “ (مکری ١٣٥٨، ١٢).

کۆمەڵکوژیی لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

دوابەدوای فەتوای خومەینی دەیان کۆمەڵکوژی و ئێعدامی بەکۆمەڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویان دا. لە شێوازی هەڵسووکەوتی پاسدار و بکوژەکانی ئەم کۆمەڵکوژییانە بۆمان دەردەکەوێ ئەوان باوەڕێکی تەواویان بە فەتواکەی خومەینی بۆ بەکافرکردنی کورد هەبووە. واتە ئەگەرچی زۆربەی پاسدارەکان گەنج بوون و هەموویان خۆیان وەک کەسانی پابەند بە ئیسلامی راستەقینە پێناسە دەکرد بەڵام تەنانەت لەو کاتانەیدا کە خەڵکی ئاسایی ڕۆژهەڵات ئەوانیان وەک موسڵمان چاو لێ دەکرد و داوایان لێ دەکردن لەبەر موسڵمانبوونیان نەیانکوژن زیاتر لە کاتەکانی دیکە بێبەزەییانە ڕەفتاریان دەکرد. کۆمەڵکوژییەکانی گوندەکانی قارنێ، قەڵاتان، ئیندرقاش، وسووکەند، سۆفیان، سارۆقامیش، بایزاوێ، قەرەگوڵ، سەوزێ، و ئێعدامە بەکۆمەڵەکانی خەڵک لە مەهاباد، نەغەدە، سەقز، سنە و هەورامان هەموو بە پاساوی شەڕ لەگەڵ کوفر و دەرکردنی مونافقەکان لــە کـــوردستان بوون. ئەم کۆمەڵکوژییانەی ساڵەکانی ١٣٥٨ و ١٣٥٩ بەشێوەیەکی بێبەزەییانە بە مــەبـــەستی بێدەنگکردنی خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام دران. شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن کە چۆن پاسدارەکان پاڕانەوەی مەلا و کەسایەتییە ئایینییەکانی لەبەر چاو نەدەگرت و تەنانەت هەر ئەوانیشیان دڕندانە دەکوشت.

لە کۆمەڵکوژیی قاڕنێدا کە لە یازدەی خەرمانانی ١٣٥٨ و پاش دوو هەفتە لە فەتواکەی خومەینی بووە هۆی کوشتنی زیاتر لە ٦٠ کەسی ئەو گوندە، دەبینین کە مەلای گوندەکە بەپێی نەریتێکی ئیسلامی کە زیاتر لە سەردەمی هێرشی مۆغۆلەکانەوە باو بووە، قورئان دەکاتە تکاکاری نێوان خەڵکی ئاسایی و پاسدارەکان، بە ئۆمێدی ئەوەی کە پاسدارە موسڵمانەکان لەبەر ئایەتی قورئان کە کوشتنی خەڵکی موسڵمان و باوەڕداری بە گوناهی گەورە مەزەندە کردووە، واز لە کوشتنیان بهێنن. بەڵام ڕەنگە ئەو مەلایانە و زۆرینەی خەڵکیش بەوردی لە ئەنجامە مەترسیدارەکانی فەتوای خـــومـەینی لە کافرکردنی خۆیان ئاگادار نەبن. لە زمانی شایەتحاڵەکانەوە باس لەم ڕووداوە کراوە:

مەلا مەحمود بێهتەرزادە پێشنوێژی گوندی قارنا بەرەو لای هێرشبەرەکان دەڕوا و بەپاڕانەوە داوایان لێ دەکا کە واز لەم کردەوە دڕندانە و نامرۆییانە بهێنن و کوشتی خەڵک بوەستێنن، بەڵام پاسدارەکان ئاوڕی لێ نادەنەوە. مەلا مەحمود بەرگەی ئەو کارەساتە ناگرێ و چەندین جار بەرەو لایان دەڕوا و قوڕئانێک بە دەستەوە دەگرێ و دەڵێ بە خاتری ئەم قوڕئانە ڕەحم بە خەڵکە موسڵمانە بکەن. یەکێک لە پاسدارەکان قوڕئانەکەی لە دەست دەردێنێ و بۆ سووچێک فڕێی دەدا. دواتر پاسدارەکان مەلامەحمود پەلکێشی دەرەوەی گوند دەکەن و بەشێوەیەکی زۆر خراپ شەهیدی دەکەن و سەری لە جەستەی جیا دەکەنەوە. جەنازەی بێسەری ئەم شەهیدە پاش چوار ڕۆژ لە دوای کارەساتەکە لە دەرەوەی گوند دەدۆزرێتەوە (حزب دموکرات کوردستان ایران ١٣٦٩، ٣).

دووپاتبوونەوەی ئەم هەڵسووکەوتە لە کۆمەڵکوژیی گوندی قەرەگوڵ نیشانی دەدا کە بکەرانی سیاسەتی مەرگی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی باوەڕیان بە کافربوونی کورد هەبووە، ئەگەرنا نەیاندەوانی لە کاتێکدا خۆیان بە موسڵمان دەزانی و تەنانەت داخوازیی ئەوەیان دەکرد کە دەیانهەوێ بەپێی شەریعەتی ئیسلام ڕەفتار بکەن نەیاندەتوانی بەم شێوە ڕەگەزپەرەستانە دەستیان بە خوێنی موسڵمانان سوور بکەن. یەکێک لە شایەتحاڵەکانی کۆمەڵکوژیی قەرەگوڵ خاتوو ئەفسەر سالک کارەساتی کوشتنی هەژدە پیاوی ئەم گوندە بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە:

مامۆستا مەلا عەلی فەرمووی ئێمە ئەو جەماعەتە دەچینە دەرکی مزگەوت و قورعانەکە بە دەستەوە دەگرم و بەرەوپیری نیروەکەی جمهوری ئیسلامی دەچین بەڵکم بەو قورعانە بمانبەخشن. ئەوان بە قانون دەڵێن ئێمە ئیسلامین و بە قورعان موسڵمانین و بەڵکم ئێمەش بەر بەخشینی ئەو قورعانە کەوین و هیچمان لێ نەکەن. وەڵڵا کە هاتن ڕووبەڕووی نێو ماڵان بوون و دەوری دێیەکەیان گرت مامۆستا مەلا عەلی کە بەرەوپیریان چوو لەگەڵ خاڵم کە هەرکیان مەلا بوون، ڕێک قورعانەکەیان لە دەست مامۆستا مەلا عەلی وەرگرت و قورعانەکەیان لەت کرد و هەڵیاندایە سەر بەفرەکە؛ کە قورعانەکەیان ئاوا لێ کرد ژن و منداڵ دەستیان کرد بە پاڕانەوە و بە شین و گریان. بەڵام ئەوان لە جوابی ئەوەیدا کە بڵێن گوناح نییە و هەر شتێکە، بۆ جوابگۆی عالەمەکە بەر بوونە سەر و گوێە ئەو حەڤدە هەژدە نەفەرەی کە لەو مزگەوتەدا بوون و بە قۆنداغە تفەنگ و بە پێلاقە و زۆر بە ڕەزاڵەت و بێڕەحمانە. لە دوای هەفتەیەک جەنازەکانیان داینەوە (هەنگاو ٢٠٢٣).

لە ڕەوایەتی خاتوو ئەفسەردا بەڕوونی دەردەکەوێ خەڵکی کورد بە تەمای هـــەڵسووکـــەوتێکی ئـــایینی و بەپێی شەرعی ئیسلام هیوادار بوون نەکەونە بەر شاڵاوی کوشتاری پاسدارەکان. لە کاتێکدا چیتر لە گوندەکە پیاوی تێدا نامێنێ و هەموویان کۆمەڵکوژ دەکرێن، خاتوو ئەفسەر بە هاوکاری کیژێک کە هەندێک لێخوڕینی تراکتۆر دەزانێ، جەنازەی باوک، برا و هاوسەرەکانیان دەگوازنەوە مزگەوتی گوندی قەرەگوڵ. لەبەر ئەوەی یەک هەفتە بە سەر کۆمەڵکوژییەکدا تێپەڕ بووە، جەنازەکان شێواون و لەبەر سەرما لار و گێڕ بوون. هەر بۆیە هەر ماڵێک چرایەک دێنێ بۆ مزگەوت و بە دەم شیوەن و گریانەوە هەر کەسە و لای شەهیدی خۆی دادەنیشێ.

ئەم گێڕانەوە دڵتەزێنانە بەشێک لە کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک دێنن. ئەگەرچی ئاستی توندوتیژی لە سەرەتای دەست بەکاربوونی ڕژیم و دەیەی شەستدا لەوپەڕی خۆیدا بوو. بەڵام دەبیندرێ کە بۆ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم دووپاتکردنەوەی ئەم جەنایەتانە لەهەمبەر خەڵکی کوردستان زۆر بەئاسانی دووپات دەبێتەوە.

هەندێک تێبینی کۆتایی

داسەپاندنی ئەوەی کێ لە کوردستان مافی ژیانی هەیە، مەرجەکانی کارکردن و ژیانی ڕۆژانە چین و ئەوەی کە کێ دەبێ بمرێ یا زێدی خۆی بەجێ بهێڵێ لە دەستی سەرەوەریی کۆلۆنیالی ڕژیمی ئێراندایە. لە چوارچێوەی سیاسەتی مەرگدا، دەوڵەت یان دەسەڵاتی حوکمڕان نەک هەر زیندووەکان بەڕێوە دەبات بەڵکوو دەسەڵاتیش بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی هەندێک گرووپی کۆمەڵایەتی یا سیاسی بخاتە ژێر توندوتیژی و مردنی سیستەماتیکەوە. لە چوارچێوەی سەروەریی کۆلۆنیالیزمدا، بە پراکتیزە کردنی سیاسەتی مەرگ چارەنووسی خەڵک لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەرەوە دیاری دەکرێ. دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی زۆرجار بۆ پاراستنی نەزمی کۆلۆنی، کۆنترۆڵ و سەرکوتکردنی بەرخۆدان لە نێوان نەتەوەی بندەستدا ئامرازی توندوتیژ بەکار دەهێنێت. ئەمەش دەتوانێت وەک کۆمەڵکوژی و ئاوارەیی و جۆرەکانی تری توندوتیژی دەربکەوێت کە لە ئەنجامدا مردن یان هەڕەشەی مردنی لێدەکەوێتەوە.

ئەوەی کوردستان وەکوو کۆلۆنییەک لە نێوان چوار دەوڵەت لە هەندێک کۆلۆنییەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، ڕۆڵی ئایین لە شەرعیەتپێدان بە سیاسەتەکانی مەرگی حکومەتەکانەوەیە کە بەتایبەت لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم بەدواوە بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی سەدان هەزار کورد لە چوار پارچەی کوردستان و چەند قات لەوە زیاتر مرۆڤی کورد ناچار بوون زێد و ماڵی خۆیان بەجێ بهێڵن، ئاوارە ببن، لە غوربەتدا بژین و یا لە ناسنامەی نەتەوەی سەردەستدا بتوێننەوە. ڕژیمە کۆلۆنیالیستەکانی کوردستان دەزانن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکارهێنانی بەمەبەستی ئیسلام دەتوانێ پاساوێکی ئایینی بۆ قەلاچۆکردنی کورد دەستەبەر بکا.

سەرچاوەکان

امام و دفاع مقدس: خاطراتی از رزمندگان و فرماندهان سپاه اسلام. ١٣٧٧. تهران: موسسه تنظیم و نشر آثار امام خمینی، موسسه چاپ و نشر عروج.

https://tinyurl.com/3c9uj6w9

حزب دموکرات کوردستان ایران. ١٣٦٩. بخشی از جنایات رژیم در کوردستان. کمیسیون امور اجتماعی حزب دموکرات کوردستان ایران.

خومەینی، ئیمام. 2018a. فرمان به ابو الحسن بنی صدر (شکستن محاصره گردان ارتش در کوردستان).

www.emam.com

https://tinyurl.com/mr376v9r

خومەینی، ئیمام. 2018. سخنرانی در جمع اقشار مختلف مردم (مخالفت اسلام با آزادی به شیوه غربی).

www.emam.com.

https://tinyurl.com/mvf9kczx.

خومەینی، ئیمام. 2018. پیام به نیروهای ارتشی و مردم (پایان دادن به غائله پاوه).

www.emam.com.

https://tinyurl.com/293hvr4n.

خومەینی، ئیمام. 2018. سخنرانی در جمع نمایندگان سازمان پیشمرگان مسلمان کورد (پیروزی اسلام).

www.emam.com.

https://tinyurl.com/yckbt8b3

خومەینی، ئیمان. 210٨. پیام بە اهالی کوردستان (غیرقانونی بودن حزب دمکرات).

www.emam.com

https://tinyurl.com/4ye69mcw

خیبلی، قربانعلی. 2019. نامه ای از کوه های کوردستان به طرف مازندران: با کورد نمی جنگیم با کفر می جنگیم.

http://navideshahed.com/fa/news/456414.

قاسملوو، عەبدولڕەحمان. ١٩٧٣. کوردستان و کورد. وەرگێڕانی عەبدوڵڵا حەسەنزادە.

کەریمی، عومەر کارەساتی کۆمەڵکوژی قارنێ و قەڵاتان لە زمانی عومەر .کەریمی، شایەتحاڵی جنایەتەکە

موفیدی، سەباح. 2019. ئایین و سیاسەت لە کوردستان: لە سیاسەتی مەعنەوییەوە بۆ سێکیولاریزم.‌زاراووکس

مکری، محمد. ١٣٥٨. سفیر ایران در شوروی ماجراهای پشت پرده کوردستان را فاش کرد. روزنامە اطلاعات بیست و هفتم شهریور.

https://tinyurl.com/3468pj46

Beşikçi, İsmail. 2004. International Colony Kurdistan. Parvana.

Duruiz, Deniz. 2020. “Tracing the Conceptual Genealogy of Kurdistan as International Colony.” Middle East Report 295.

Hengaw Organization for Human Rights [@Hengaw_English]. 2023. “‘Narrative of an Eyewitness to the Massacre in Kurdistan Following the Issuance of Ayatollah Khomeini’s Jihad Fatwa’ Mrs Afsar Salek” Https://T.Co/xQ0ekUg7pr.

IranKnowledge, dir. 2009. Ayatollah Khomeini on Kurdish Separatist Movements. https://www.youtube.com/watch?v=96so1BLVxWs.

– Kurt, Mehmet. 2021. “‘My Muslim Kurdish Brother’: Colonial Rule and Islamist Governmentality in the Kurdish Region of Turkey 1.” In The Kurds in Erdogan’s” New” Turkey, 128–44. Routledge.

Mbembe, Achille. 2003. “Necropolitics.” Public Culture 15 (1): 11–40.

Shamsaddini, Said. 2007. “Nationalism, Political Islam and the Kurdish Question in Iran in the Late Twentieth Century.” PhD Thesis, Royal Holloway, University of London.

داگرتنی بابەت