ئارامتر بخوێنەوە

شۆڕشی ژینا و بەرخۆدانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات

ئالان حەسەنیان

مامۆستای لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەاڵتی ناوەڕاست، زانکۆی ئێگزێتر، بریتانیا



پێشەکی

کورد لە چوارچێوەیەکی ژێۆپولیتیکی دژواردا نیشتەجێیە. چوار داگیرکەری کوردستان تورکیا، ئێران، عێراق و سووریە سوودی زۆریان لە یاسا و نەزمی جیهانیی نادادپەروەرانەی پاراستن و هێشتنەوەی دەوڵەت-نەتەوە و چەسپاندنی سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەرگرتووە. هاوکات ئەمانە بوونەتە خولقێنەر و سەرچاوەی تەنگەژە، ئالنگاری و پەراوێزخستنی بەردەوامی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا. لە هەمانکاتدا ئەم داگیرکەرانە هەوڵەکانیان چڕتر کردووەتەوە و ئامراز و میکانیزمی جۆراوجۆری ئاسمیلەکردن، وەکوو ڕێوشوێنی کولتووری و ئابووری و توندوتیژیان بەکارهێناوە بۆ لەناوبردنی کورد و ناسنامەکەی. جگە لەوەش، دەستڕاگەیشتنی ئەم دەوڵەتانە بە تەکنەلۆژیای سەربازیی پێشکەوتوو، بووەتە هۆی لاسەنگکردنی زیاتری هاوسەنگیی هێز لە بەرژوەندیی داگیرکەراندا و بوون بە هۆی دروست بوونی تەنگەژە و ئالنگاریی نوێ بۆ بزووتنەوەی کورد لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان. لە جیهانێکدا کە سیستەمی دەوڵەت–نەتەوە زاڵە، ئەم ئالنگارییانە مانەوەی کوردیان وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت خستووەتە مەترسییەکی گەورە، بۆیە کورد لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی دژواردایە. سەدەی ٢٠ و ٢١ جگە لە دۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناسەقامگیر و پێشبینی نەکراو هیچ شتێکی دیکەی پێشکەش بە کورد نەکردووە. ئەم هەلومەرجە سەلمێنەری ئەوەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنیی کورد ئەرکێکی گەلێک قورس و دژواری کەوتوەتە سەرشان بۆ سەرکەوتن بە سەر پرسی ئاسیمیلاسیون و سەرکوتکردنی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان و هەروەها دامەزراندنی گوتارێکی نەتەوەیی تۆکمە ، کە ‘ئێمە’ و ‘ئەوانی دیکە’ بە جــــوانــی دیـــــاریــــدەکـــــات.

دابینکردنی دەسکەوت لەم بوارانەدا پێویستی بە بوونی کۆمەڵگایەکی مەدەنیی داهێنەر و چالاک هەیە کە توانای کارکردنی هەبێت، تەنانەت لە چوارچێوەی خۆسەپێنترین و بەرتەسکترین سیستەمی دەسەڵاتداریدا، بۆ وێنە کۆماری ئیسلامیی ئێران. دەرکەوتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات توانیویەتی کولتوورێکی ناوازەی بەرەنگاربوونەوە لە بەرامبەر پراکتیک و بەهاکانی کۆماری ئیسلامیدا پەرە پێبدا. ئەگەرچی ململانێ کورد لەگەڵ دەوڵەتی ئێران و دژایەتی کردنی سیستەمی هەڵاواردن لەم وڵاتەدا دەگەڕیتەوە بۆ زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر، بەڵام لە سەرەتاکانی سەدەی ٢١دا، کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕۆژهەڵات بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە و چووەتە قۆناغێکی نوێی چالاکییەکانی خۆیەوە. سەرەڕای ئەوەی کە ئەم چالاکییانە لە ژێر سێبەری زەبر و زەنگ و داپڵۆسانی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانیدا کە پێکهاتووە لە؛ ناسیۆنالیزمی خۆسەپێن و توندئاژۆی فارسی و تیۆکراسیی ئیسلامی خۆی پێگەیاندووە، بزووتنەوەی چالاکیی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات سەلماندوویەتی کە بە شێوەیەکی داهێنەرانە گەشەی کردووە.

تێکۆشان و گەشەسەندنی کۆمەڵگای مەدەنی لە رۆژهەلات لە دوو دەیەی ڕابردوودا نموونەی زۆر ڕووداوی گرینگ دەخاتە بەردەست کە دەرخەری ئەوەیە کە ڕادەی چالاکیی مەدەنی و ئاستی هۆشیاریی نەتەوەیی کورد، سەرەڕای توندوتیژی و سیاسەتی سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامی گەشە و بەرو پێشچوونی مەزنی بەخۆیەوە بینیوە. گەشە سەندنی کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەدەی ٢١ دا دەریخستووە کە ئەم کۆمەڵگایە لەپەرەسەندنی بەردەوام و داهێنەرانە و سەردەمیانەدایە. هەروەها، بە لەبەرچاوگرتنی کاردانەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات لە کاتی ناڕەزایەتییە گشتییەکان بەرامبەر بە قەتڵی-دەوڵەتیی ژینا ئەمینی (١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) و لە ساڵی دواتردا ڕوویانداوە، تەژین لە نموونەگەلێک کە دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە ئەم کۆمەڵگایە خەبات دەکات بۆ وەدەستهینانی مافگەلی فرە ڕەهەند (intersectional) لە ناویاندا مافی نەتەوەیی، کولتووری، ژنان، منداڵان، کرێکاران و ژینگەیی، هتد.

کورد لە ڕۆژهەڵات هەرگیز حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی پەسەند نەکرد و هەر لە دوا ساتەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩وە بزووتنەوەی نەتەوەیی لە کوردستان دژایەتی خۆی بۆ دەسەڵات و بەهاکانی ئەم دەسەڵاتە بە شێوەی کردەیی دەربڕێ. لە دوای قەتڵی ژینا، ململانێی دەوڵەت-کورد لە رۆژهەڵات بە شێوەیەکی بەرفراوان پەرەی سەندووە و پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. ئەو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کە لە کاتی ناشتنی ژینا لە گۆڕستانی ئایچی لە سەقز (زێدی ژینا) و بە ئیلهام وەرگرتن لە دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’، کە بەهاکانی بزووتنەوەی کوردستانە، دەستی پێکرد دەرخەری ڕادیکاڵبوون و پێشەنگ بوونی بزووتنەوەی کوردستانە کە لە هەمان کاتدا ئیلهامدەریشە بۆ مرۆڤ و پێکهاتە سەرکوتکرا و پێشکەوتنخوازەکانی دیکە لە ئێران و لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بڵاوبوونەوەی خێرای ئەم دوورشمە لە ئێران و گۆشە و کەناری جیهان، وەکوو بەهاگەلێکی جیهانگیر دەرخەری ئەم ڕاستییەیە. نە ئەم بزاوت و سەرهەڵدانەی رۆژهەڵات و بەکارهێنانی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، لە لایەک و، نە کاردانەوە لە ڕادەبەدەر توندوتیژانەکانی ڕێژیم بەرامبەر بەم ڕابوونانە، لە لایەکی ترەوە، بە ڕێکەوت نەبوون و هەریەک لەمانە نوێنەرایەتی و دەرخەری پراکتیک و بـەها و دنیابینییەکی جیاوازن. یــەکــەمیان نـــوینەرایــــەتی خــەباتێکی سەد ساڵەی رزگاریخوازانەی کورد لە رۆژهەڵات دەکات، و دووهەمیان درێژەدەری ٤٤ ساڵ هەوڵی شکستخواردووی کۆماری ئیسلامییە بۆ لە ناوبردنی ناسنامەی کورد لە رۆژهەڵات و داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆی لەم پارچەی کوردستاندا. پەیوەندیی کورد و ڕێژیـمی کۆماری ئیسلامی لە ژێر تەوژمی ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی خۆێناوی لە ساتەوەختە مێژووییەکانی دوای شۆڕشی ١٩٧٩دا دامەزراوە و دریژەی پێدراوە.

لە کاتێکدا کە نزیکەی ٨٥ لەسەدی دانیشتوانی ئێران لە ٣١ی مارسی ١٩٧٩دا دەنگیان بە ڕیفراندۆمی کۆماری ئیسلامی دا، ڕۆژهەڵات بە کۆدەنگی ئەم ڕیفراندۆمەی بایکۆت کرد: ئەمە لەهەمانکاتدا ڕەتکردنەوەی تەواوی بەها و دنیابینی سیستەمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو لە ئێران بوو لە لایەن کوردەوە ، کە لە خۆیدا بەڵگەیەکی مێژووییە لە سەر ڕادیکاڵ بوونی خەباتی رزگاریخوازانەی کوردستان. ئەم بایکۆت کردنە هەنگاوێک بوو کە بووە هۆی ڕق و هەستی تۆڵەسەندنەوەی ڕێژیم و سەپاندنی سزای بەکۆمەڵی بەردەوام و بێ پسانەوە لە ڕۆژهەڵات. بەڵام ئاوڕدانەوەیەک لەو هەنگاوانە پێمان دەڵێ کە لە ڕوانگەی کوردەوە؛ کورد لە رۆژهەڵات بــەرپرسیارییەتی سیاسیی و ئیخلاقییان بــەرامبەر بــــە شکستی شــۆڕشی ١٩٧٩ و جێگــرتنی ٤٤ ساڵـــەی دەسەڵاتی دژە ئینسانی کۆماری ئیسلامی لـــــە ئێــــــرانـــــدا نییــــــە.

ڕاپەڕینەکانی دوای قەتڵی-دەوڵەتیی ژینا لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بوونە هۆی درووست بوونی چرکە ساتگەلێکی شۆڕشگێڕانە لە زۆر شوێنی ئێران، بەڵام دۆخی ڕۆژهەڵات لەو ساتەوە کە پرسەی ژینا لە گۆڕستانی ئایچی بەڕێوەچوو تا ئەمڕۆش شۆڕشگێڕانە و بەردەوام ماوەتەوە. لە سایەی ئەو کردەوە شۆڕشگێرانەی کورد لە کاتی ناشتنی ژینادا ، و هێرشەکان بۆ سەر رێکخراو و ڕەمــزەکــــانی دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ١٦ ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢دا و لە رۆژ و مانگەکانی دواییدا، وەرچەرخانێکی مێژوویی لە پەیوەندیی دەوڵەت-کۆمەڵگا لە ئێران دروست بوو، و لە هەمان ساتدا ئەم ڕابوونانە بوونە هۆی دارمانی دیواری ترس لە ڕێژیم. ئەم ساتەوەختە لە لایەن کۆمەڵگا و پێکهاتەکانی دیکەی ناوچە جیاجیاکانی ئێراندا گواسترایەوە، ناڕەزایەتییەکانیان بوون بە نیوە-سەرانسەری، لە کاتێکدا کە ناوچە و پارێزگاگەلێکی وەکوو سیستان و بەلوچستان، کوردستان و مازەندەران ڕۆڵی پێشەنگیان بینی.


بزووتنەوەی ژینا

بە سەرنجدان بە شۆڕشی ژینا وەک نموونە، ئەکتی بەرەنگاربوونەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆمان دەردەکەوێ کە یەکەم هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەی شۆڕشگێڕانە لە لایان بنەماڵەی ژیناوە؛ موژگان ئیفتخاری (دایک)، ئەمجەد ئەمینی (باوک) و ئەشکان ئەمینی (برا) دەستیان پێکرد. دوای ئەوەی لە لایان ‘پۆلیسی ئەخلاقئی’ تارانەوە بە باتون لە سەری ژینا دراو تووشی خوێن بەربوونی مێشک بوو و تەرمی نیوە مردووی ژینا بردرایە نەخۆشخانەی کەسرا لە (تاران)، سەرەڕای ئەوەی کە ئەشکانی برای ژینا لەلایەن ئەفسەرانی هەواڵگرییەوە زانیاریی درۆی پێدرا، بەمەبەستی بێ سەروشوێن کردنی تەرمی ژینا، ئەو بڕوای پێیان نەکرد و بۆ دزینەوە خۆشکەکەی بە تاکسی وەدوای ئەو ئامبۆڵانسەکەوت کە ژینای تیا بوو. ئەگەر ئەشکان ئەمەی نەکردبایە، تەرمی ژینا لە شوێنێک دەنێژرا کە کەس پێی نەدەزانی و وەک ئەو حەوت هەزار بەندییە سیاسییەی ڕێژیم لە هاوینی ١٩٨٩ ئێعدام و بێسەروشوێنی کردن، بێسەروشوێن دەبوو. جا بۆیە ئەم هەنگاوە ئازایانەی ئەشکانی برای ژینا لە خۆیدا گەورەترین و ژیرانەترین هەنگاو بوو بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانە دزیوەکەی ڕێژیم. هاوکات لەگەڵ کوژرانی ژینا، بنەماڵەکەی کەوتنە ژێر گوشارێکی زۆری هێزەکانی دەسەڵات بەمەبەستی بێدەنگ کردنیان و ناشتنی تەرمی ژینا بە خێرایی و بە نهێنی و بێ بەڕیوە بردنی هیچ ڕێوڕەسمێکی گشتی. بەڵام دایک و باوکی ژینا، سەرەڕای هەڕەشە و تۆقاندنێکی زۆر، شلگێرانە بەرەنگارییان کرد و ڕەتیانکردەوە فەرمانی دەسەڵاتداران جێبەجێ بکەن. تەرمی ژینا بە فڕۆکە لە تارانەوە هێنرا بۆ تەورێز، و لە تەورێزەوە بە ئامبولانس گواسترایەوە بۆ سەقز.

بە گوتەی دیاکۆ عەلەوی، شایەتحاڵ و بەشداربووی ناشتنی ژینا، ‘’کۆمەڵگای مەدەنی لە سەقز کۆمەڵگایەکی وریا و چالاکە. لە کاتی گەڕاندنەوەی تەرمی ژینا بۆ سەقز کۆمەڵێک چالاکی مەدەنی کە گومانیان لە پیلانەکانی دەزگای ئیتلاعات هەبوو بۆ ڕفاندن و ناشتنی ژینا بە نهێنی، چوونە سەرڕیگای سەقز-بۆکان و پێش گەیشتنی ئامبولانسەکە بە سەقز، وەدوایکەتن تا ئەرخەیان بن کە تەرمەکەی ژینا دێنێتە قەبرستانی ئایچی. تا کاتی گەیشتنی ئامبولانس بۆ سەقز ٧٠٠٠ تا ١٠٠٠٠ کەسی خەڵکی شارەکە لە گۆڕستانی ئایچی چاوەڕێی هاتنی تەرمی ژینا بوون. بەشدارییەکی وەها مەزنی جەماوەریی بۆ ناشتنی ژینا، بووە هۆی لە کیس چوونی کۆنتڕۆڵ لە لایەن دەسەڵاتەوە’’، و ژینا بە پێی ویستی دایک و باوک و کۆمەڵگا بنێژرێت. لە کاتی گەیشتنی تەرمی ژینا، گۆڕستانی ئایچی دەبێتە شوێنی تیکهەڵچوونی نێوان سوپای پاسداران و هێزەکانی هەواڵگریی ئەمنی وچەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە و خێزانی ژینا و بەشداربووانی ناشتنی ژینا لە لایەکی دیکەوە. بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعات و فەرمانداری سەقز (جەعفەر تەوانا) هەڕەشەیان لە باوکی ژینا کرد کە دەستبەجێ تەرمەکەی ژینا بدات بەوان یان پێش ڕووناک بوون بنێژێت. بەڵام باوکی ژینا دەڵێ، ‘’من ڕەتمکردەوە گوێ بدەمە فەرمانی ئەوان و، هەڕەشەم کرد ئەگەر بەردەوام بن لە پێداگریی لەسەر پیلانەکەیان، من کێشەکە بە میدیایی دەکەم. پاشان ئەوان پاشەکشەیان کرد و، ناشتنەکە لە دەوروبەری کاتژمێر ١٠:٠٠ -١٠:٣٠ پێشنیوەڕۆ ئەنجامدرا، وەک ئەوەی ئێمە ویستمان.’’ پێداگریی شێلگیرانەی بنەماڵەی ژینا و پشتیوانیی خەڵک، کردەوەیەکی بەرخۆدانی بەکۆمەڵ بوو، کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەبردە ژێر پرسیار. وەها بەرخۆدانێک شتێکی جێگەی پەسەند نەبوو بۆ ڕژێم، چونکە لە چوارچێوەی یاسای کۆماری ئیسلامیدا، بەبێ گوێدان بە هیچ شتێک، ئەوە دەسەڵاتە کە دوا قسە دەکات.

لە مانگەکانی سەرەتای ڕاپەڕینەکانی دوای قەتڵی-دەوڵەتیی ژینادا ٦٠٠ – ٧٠٠ خۆپیشاندەر لەلایەن سوپای پاسداران و بەسیج و هێزە میلیشیاکانی ڕژێمەوە کوژران، کە زیاتر لە ٢٥٠ کەسیان خەڵکی کوردستان بوون. لە کوردستان پرسە و چلەی خۆپیشاندەرانی شەهید، بوو بە گردبوونەوەیەکی سیاسی تایبەت، کە دایک و باوک و منداڵ و کەسوکاری شەهیدەکان وتاری سیاسییان پێشکەش کرد، و بوونی ڕێژیمیان لە کوردستان وەکوو داگیرکەر پێناسە کرد. لەم کاتانەدا ماتەمین گۆڕدرا بە تووڕەیی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی، و دایک و باوک و کەسوکاری شەهیدەکان شانازییان دەربڕی کە ئازیزەکەیان لە پێناو ئازادیی کوردستان و گەلی کورددا گیانیان بەخت کردووە. لەم ڕێوڕەسمانەدا ڕێژیمی ئێران بە ئاشکرا بە هێزی داگیرکەر لە کوردستان ناودەبرا و داوایان دەکرد کە پێویستە ئەم خاکە بەجێبهێڵێت. بۆ نموونە محەممەد مەولودی لە کاتی ناشتنی باوکیدا (غەفوور مەولودی) کە لە کاتی ڕاپەڕینەکانی بۆکاندا شەهید ببوو، لە وتەکاندا ئاماژەی دا کە، ‘’ڕێژیم لە تاران بە باتۆن مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران دەکات، بەڵام لە کوردستان بە گوولە و فیشەک. من پێتان دەڵێم بۆچی؛ چونکە کۆماری ئیسلامی لە تاران فاشیستە، بەڵام لە کوردستان داگیرکەرە’’ ، و ئەوەش چۆنیەتی مامەڵەی داگیرکەرە لەگەڵ داگیرکراو دا. ‘ژن، ژیان، ئازادی’، ‘نەسەروەتن تا سەرکەوتن’، ’کوردستان گورستانی فاشیستان’ و هتد، لەو دروشمانە بوون کە لە وتارە سیاسییەکانی کاتی ناشتن و بیرهێنانی شەهیدەکانی ئەم شۆڕشەدا دەوترێنەوە.

بارگرانیی شۆڕش

لە ماوە و دوای ڕابوونەکانی ١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ دا، کوردستان تا بەرزترین ئاست میلیتاریزە کرا، هاوشێوەی قۆناغی دوای شۆڕشی ١٩٧٩، کە شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵات (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و کۆمەڵە) دابوون؛ و ئەرتەش و سپای پاسداران بۆ جێبەجی کردنی جیهادی خوێناوی دژی ڕۆژهەڵات، هێرشیان کردە سەر کوردستان. هاوشێوەی سیستان و بەلوچستان کە ڕۆژی هەینی ٣٠ی سێپتەمبری ٢٠٢٢، (کە بە هەینی ڕەشی/خوێناوی زاهیدان ناسراوە) هێزەکانی ڕێژیم هەلیکۆپتەری شەڕکەریان دژی ناڕەزایەتییەکان بەکارهێنا کە نزیکەی ١٠٠ خۆپیشاندەری شاری زاهیدانیان شەهید کرد، ڕێژیم چەکی قورسی وەک کالیبەر-٥٠ی لە شارەکانی کوردستان وەک جوانڕۆ (لە ٢١ی نۆڤەمبری ٢٠٢٢ دا)، بە کار هێنا کە بەو هۆیەوە دەیان خۆپیشاندەر شەهید و بریندارکران. بوونی ڕەقێکی مێژوویی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بەس بوو کە بە بیانووی ئەم ڕاپەڕینانەوە شەقامەکانی ڕۆژهەڵات بکاتە گۆڕەپانی شەڕ.

کوردستان و سیستان و بەلوچستان لە ماوەی ئەم ساڵەی ڕابردوودا یەکێک لە دژوارترین دەورانی مێژوویی خۆیان تێپەڕاندووە. خەڵکی ئەم شوێنانە ئامانجی هێرشی ڕۆژانەی سوپای پاسداران و میلیشیاکانی دیکەی ڕێژیم بوون. هێرشکردنە سەر قوتابخانەی کچان بە مادە/چەکی شیمیایی، ڕفاندنی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی لە کوردستان، دوای سێپتەمبەری ٢٠٢٢ بە شێوەیەکی بەرچاوتر و بەرزتر ئەنجا م دەدرێ. تەنیا لە ماوەی دوو مانگی سەرەتای ڕاپەڕینەکاندا رۆژهەڵات ٥-٦ مانگرتنی بەرینی ئەنجامدا ( زیاتر لە ٢٥ ڕۆژ) کە هەموو دووکان و شوێنە گشتییەکان، بۆ ناڕەزایەتی دەربرین دژی بەکارهێنانی توندوتیژیی لەلایەن ڕژێمەوە و شەهید کردنی چەند سەدان خۆپیشاندەر. جێبەجێکردنی سیستەماتیکی سیاسەتی وێـــرانکردن و لـــەهــەژاریدا هێشتنەوەی کوردستان، وەک سزایەک بۆ ڕۆڵی پێشەنگانەی کورد لە شۆڕشی ژینادا لەبەرزترین ئاستدایە. پارێزگاکانی رۆژهەڵات لە میلیتاریزە کراوترین ناوچەکانن، کە هەموو لایەنەکانی ژیان لە چاویلکەی تەناهییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

ئەم بارودۆخە بووە هۆی زیاتر خراپبوونی بارودۆخی کوردستان. ئاگر کەوتنەوەی چەندین حەوتوویی دارستانەکان لە مانگی جوولای ٢٠٢٣ دا، بە دەستی سوپای پاسداران و سووتانی دیمەنە جوانەکانی دەوروبەری مەریوان و کرماشان، دەرخەری ویست و بڕیاری ڕێژیمە بۆ وێرانکردنی کوردستان و سزادانی بەکۆمەڵی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات بەهۆی کردەوە شۆرشگێرانەکەیەوە، لەهەمان کاتدا ڕێژیم دەیهەوێ کوردستان وەک مۆدێلێکی سزادان بەکاربێنێ بۆ ترساندنی خەڵکانی ناڕازی لە بەشەکانی دیکەی ئێراندا. ئەمە لە کاتێکدایە کە گرنگیدان و جەختی میدیای نێودەوڵەتی و میدیا و تەلەفزیۆنی ڕەوەندی فارس، بەردەوام لەسەر ناڕەزایەتییە پچڕپچڕەکانی پارێزگاکانی ناوەڕاستی ئیران و لە ناویاندا تاراندایە. میدیای ڕەوەندی فارس و کەناڵە تەلەفزیۆنییە ساتەلایتییەکان (بۆ نموونە ئێران ئینتەرناشناڵ) ڕووماڵی ناڕەزایەتی و خوێنڕشتنەکانی کوردستان و سیستان و بەلوچستان تەنیا بۆ لێپرسینەوە و دڵنیابوون لەوە بووە ئاخۆ سەرکردە سیاسییەکان و چالاکانی نەتەوە غەیرە فارسەکان جوداخوازن یان نا.

ئەگەر خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی ناڕەزایەتی لە شوێنەکانی دەرەوەی رۆژهەڵات بەردەوام و درێژخایەن بان، پۆتانسیەلی گەورەیان هەبوو کە لە ئەنجامدا گۆڕانی ڕژێمی لێ بکەوێتەوە. بەڵام سەرەڕای لەدەستدانی گیانی ژمارەیەکی زۆر مرۆڤ، خۆپیشاندانەکان لەناکاو دابەزینیان بەخۆوە بینی و خواست و داوای خەڵکی شارە گەورەکانی وەک تاران دابەزی بۆ ئاستی ‘ئازادکردنی سەرپۆشی زۆرە ملی’ و چالاکییەکانیش کەم بوونەوە بۆ هەنگاوگەلێکی وەکوو ‘دروشمدان لە پشتی پەنجەرەکانەوە لە کاتژمێرەکانی شەودا’ و ‘باوەشی بەخۆڕایی’ و دابەشکردنی نوقڵ و شیرینی’ ، لە کاتێکدا لە ناوچە پەراوێز خراوەکانی وەک کوردستان و سیستان و بەلوچستان بە سەدان کەس لەوماوەیەدا کوژران.

دوای دوو مانگی یەکەمی ڕاپەڕینەکان پۆلیس و سوپای پاسداران و میلیشیاکانی بەشداربوو لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکان هەموویان ماندوو بوون، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ناڕەزایەتییەکان لە ناکاو لە ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران لە کەفوکوڵ کەوتن. بۆ ئەمەش هۆکاری جیاواز هەیە. ڕاپەڕینەکانی ساڵی ٢٠٢٢ جیاوازییەکی گەورەی لە نێوان ڕوانگەی نەتەوە غەیرە فارسەکان و فارسەکان بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد، ئاستی ئامادەیی بۆ هەڵگرتنی ریسک و چالاکی ڕادیكاڵ بۆ گەیشتن بە گۆڕانکاری و توانای رێکخراوەیی بۆ چالاکیی ناڕەزایەتی بەکۆمەڵ هێنایە ئاراوە. دامرکانی لە ناکاوی ناڕەزایەتی لە پایتەخت و شارە فارسەکاندا دەری خست کە ویستی گۆڕانکاری، ئاستی ڕێکخراوی جەماوەری ناڕازی و خواستی چالاکیی ناڕەزایەتی بەکۆمەڵ لەم شوێنانە لاواز و لەخوارەوەن. جگە لە هێندێک لە زانکۆکانی تاران نەبێ، دژوارە بتوانێت نمونەی زۆر لە ناڕەزایەتی لە شەقامەکان بدۆزیتەوە بۆ ئەوەی کە توانبێتیان زیاتر لە هەزار کەس لە شارە فارسنیشینەکان کۆ بکەنەوە. لە کاتێکدا بەپێی سەرچاوە نافەرمییەکان زیاتر لە ٨٠٠٠٠ کەس بە گشتی خەڵکی سەقز و شارەکانی دیکەی رۆژهەڵات بەشدارییان لە چلەی ژینادا کردووە. ئەمە لە کاتیکدابووە کە ڕێژیم ڕێگا سەرەکییەکانی هاتووچوو بۆ سەقزی داخستبوو، بۆیە زۆرێک لە خەڵکی گوندەکانی دەوروبەر و بەشەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات، بە ڕێگای شاخ و داخدا خۆیان گەیاندە سەقز. ڕۆژھەڵات خاوەنی چەندین حیزبی سیاسیی چالاک وەکوو حدکا (١٩٤٥)،کۆمەڵە (١٩٧٩)، خەبات (١٩٨٠)، پەژاک (٢٠٠٤) ـــە، کە بەشێک لەو حیزبانە، بۆ نموونە حدکا، خاوەنی زیاتر لە حەوت دەیە ڕۆڵی دیارە لە پێشەنگایەتی و ڕێکخستنی جووڵانەی رزگاریخوازیی رۆژهەڵات. ئەم حیزبانە بە شێوەی جیاواز لە سەردەمی ڕاپەڕینەکانی ٢٠٢٢دا ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە. بۆ نموونە، مانگرتنی گشتیی ئەم دواییە کە لە هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵات، لەوانەش ئیلام، کرماشان، مەهاباد، سەقز و ورمێ لە ١٦ی سێپتەمبری ٢٠٢٣، لە یەکەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینادا ئەنجامدرا، دوای ڕاگەیاندنێکی هاوبەشی شەش لایەنی سیاسی ڕۆژهەڵات ڕوویدا. بەڵام پارێزگا فارسنشینەکانی ئێران خاوەنی وەها سەرچاوەیەکی ڕێکخراوه‌یی بۆ هاندان و ڕێکخستنی کۆمەڵگا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندانی بە کۆمەڵ نین و بەو هۆیەشەوه ئه زموونێکی جیاوازی خەباتی مەدەنی لەوێ بوونی هەیە. سەرەڕای ئاستی بەرزی گەشبینی، ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ داکشانی لە ناکاوی بەخۆوە بینی، هۆکاری ئەمەش دەگرێتەوە بۆ فاکتەرگەلێکی وەکوو دەستێوەردانی کەسانی وەک ڕەزا پەهلەوی، کوڕی محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی. زۆرێک لە گرووپە پێشکەوتنخوازەکانی ئێران تووڕە بوون لەو دەسەڵاتە زۆرەی کە لە کاتی ئەم ڕاپەڕینەدا درابوو بە ناوبراو، بەشیوەیەک کە بێباکانە بە ناوی گەلانی جیاواز کە لە جۆغرافیای ئێراندا دەژین قسەی دەکرد و خۆی بە نوێنەری ئەوان دەناساند.

بۆ پێشگرتن بە ئەگەری هەر ڕاپەڕینێک لە ڕۆژهەڵات لە یەکەم ساڵیادی قەتڵی-دەوڵەتیی ژینادا، ڕژێم هێزێکی سەربازی و سیخوڕیی زۆری لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە، لەوانەش قەزوێن، تەورێز و هەمەدان گواستەوە بۆ ڕۆژهەڵات، کە ئەمەش بوو بە هۆی زیاتر میلیتاریزە و بەئەمنی کردنی کوردستان. ڕێگای چوونە ژوورەوە بۆ گۆڕستانی ئایچی بەدانانی تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازیەوە داخراو و ناوچەکە وەکوو شوێنێکی ‘قەدەغە کراو’ ڕاگەیاندرا ، هەر بۆیە کاتێک گەنجێک بە ناوی فەردین جەعفەری خەڵکی سەقز نزیکی گۆرڕستانەکە بووەوە، لەلایەن سوپای پاسداران تەقەی لێکرا. لە یەکەم هەواڵەکاندا وا ئاماژە درا کە ئەو گەنجە شەهید بووە، بەڵام دواتر ڕاگەیەندرا کە ناوبراو بە سەختی بریندار بووە و لە نەخۆشخانە خەوێندراوە. چەند ڕۆژێک پێش یادەکردنەوەی شۆڕشی ژینا، سەفا عایلی، خاڵی ژینا، لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتەوە کە جل و بەرگی ئاساییان (لیناس شەخسی) لەبەردابوو ڕفێنراوە و تا ئێستا شوێن و جێی نادیارە. بەپێی هەواڵەکان لە ڕۆژی ساڵیادی قەتڵی ژینادا ماڵ و بنەماڵەی ئەمینی لە لایان ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە گەمارۆ دراوە، باوکی ژینا سەرەتا لە ماڵەوە دەستبەسەر کرابوو، دواتر ناوبراو دەستبەسەرکرا و گوازتراوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و هەڕەشەی لێکرا کە بۆیان نییە سەردانی مەزارگەی ژینا بکەن. هەروەها ڕێژیم بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هاتنی خەڵک بۆ ئەو گۆڕستانەی کە ژینای تێیدا نێژراوە، ئاوی بەنداوی چراغوەیسی بەرداوە تا لە ڕێگای دروست کردنی لافاواوەوە ڕێگا لاوەکییەکان بگرێ. بە وتەی کامەران مەتین ‘’بە ئیلهام وەرگرتن لە تاکتیکەکانی ئەمریکا لە ڤێتنام، دەوڵەتی ئێران بەنداوێکی کردۆتەوە بۆ ئەوەی بە دروستکردنی لافاو ڕێگایەکی لاوەکی کە دەچێتە ئەو گۆڕستانەی ژینا ئەمینی تێیدا نێژراوە بگرێ بۆ ئەوەی خەڵک نەتوانن بچن بۆ یادکردنەوەی ساڵیادی ئەو قەتڵە-دەولەتییە. بێجگە لەوە سەرەڕێژەی هێزی سەربازیی، چەکی قورس و زرێپۆش بۆ کوردستانە. وەک هەمیشە کۆماری ئیسلامی لە کوردستان وەک هێزێکی داگیرکەری کۆلۆنیالیست مامەڵە دەکات’’.



ئەنجام

وێنەی بەکارهێنانی بێ جیاوازیی و لە ڕادە بەدەری دڕندەیی و توندوتیژیی لە لایان ڕێژیمەوە بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان (مازەندەران و سیستان و بەلوچستان) لە شوێنەکانی دیکەی ئێراندا بەدیناکرێت. میلیتاریزەکردنی بەرفراوانی کوردستان، و دانانی خاڵی پشکنینی زۆر و سەپاندنی یاسای سەربازیی، جارێکی دیکە ئەوە دەخاتە ڕوو کە پەیوەندیی کورد و دەوڵەت لە ئێراندا جگە لە پەیوەندییەکی کۆلۆنیالیزەکراو-داگیرکەر هیچی تر نییە. لە ڕاستیدا کوردستان و سیستان و بەلوچستان هێشتا لە دوای ڕاپەڕینەکانن، کە ساڵێک لەمەوبەر (ئەیلوولی ٢٠٢٢) دەستی پێکردووە، بارگرانییەکی زۆری ئەم شۆڕشەیان هەڵگرتووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشەکانی دیکەی ئێران لە دوورەوە سەیری ڕووداوەکانی کوردستان و سیستان و بەلوچستان و دەستدرێژیەکانی ڕێژیم دەکەن. خەڵکی ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران، لە یەکەمین ساڵیادی شۆڕشدا لەبری ئەوەی هەندێک کردەوەی هاودەنگی پیشان بدەن، بە مەبەستی پشوو و ڕابواردن بەرەو باکووری ئێران وەڕێکەوتن. ئەم دۆخە ئەم پرسیارە دەوروژێنێ کە؛ ئایا باقی ئێران و بەتایبەتی فارسەکان بە ڕاستی ئامادەی دانی هیچ جۆرە باجێک بۆ گۆڕینی ڕژێم هەن، یان ڕەنگە دۆخی ئێستایان پێ باشتر بێ، چونکە بە بێ گوێدان بە ئەوەی کێ حوکمڕانیی ئێرانی کردووە، ئیمتیازە کولتووری و ئابووری و سیاسییەکانیان بە پارێزراوی و باشی ماوەتەوە، و ئەوە بۆ ئەوان لە هەموو شتێک گرنگتر بووە، نە بەها سیاسی و مرۆیەکانی ئەو دەسەڵاتەی حوکمڕانی وڵاتەکەیان دەکات.

لە ڕاستیدا ئەوەی دەتوانێ ڕزگارییەکی درێژخاین بۆ کورد لە رۆژهەڵات دابین بکات، تەنیا گۆڕینی ڕژێم لە ئێراندا نییە، بەڵکو وەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیییە. کورد لە ڕۆژهەڵات هەنگاوی ناوەتە سەردەمێکی نوێ، کە دەوێرێ بە ئاشکرا و بە دەنگی بەرز باسی مافەکانی خۆی بکات. سەبارەت بە دڕندەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، شاعیری ئەفسانەیی کورد شێرکۆ بێکەس ئەڵێ، “تاران بە دەم کەسەوە پێناکەنێ بە دەم مەرگەوە نەبێ ”، بەڵام لە هەمانکاتدا کوردانی ڕۆژهەڵاتیش هەرگیز چەپڵە و سەمایان بۆ تاران نەکردووە، بەڵکو بەرەنگاریان بوونەوە.



سەرچاوەکان

O’Shea, M. T., 2004. Trapped between the Map and Reality: Geography and Perceptions of Kurdistan. Routledge, London.

Eliassi, B., 2016. “Statelessness in a world of nation-states: the cases of Kurdish diasporas in Sweden and the UK”, Journal of Ethnic and Migration Studies, 42 (9); 1403-1419

Soleimani, K. and Mohammadpour, A., 2019. ‘Can non-Persians speak? The Sovereign’s Narration of “Iranian Identity”’, Ethnicities, 19 )5(; 925–47.

محمودی, ج.، ٢٠٢٢ژینا: شبح تاریخ پیرامون، https://shorturl.at/iCES9

Mohammadpour, A., 2023. “Decolonizing Voices From Rojhelat: Gender-Othering, Ethnic Erasure, and the Politics of Intersectionality in Iran”, Critical Sociology, https://doi.org/10.1177/08969205231176051

Hassaniyan, A., 2021. Kurdish Politics in Iran, Crossborder Interactions and Mobilisation since 1947. London, Cambridge University Press.

ایران انترناشنال، مستند ژینا، https://www.youtube.com/watch?v=zGC4qkU-AiE

هەمان سەرچاوە

هەمان سەرچاوە

Omrani, Z., 2023. BINKE (The Base) Documentary, https://www.youtube.com/watch?v=nHVHqxkOVPk&t=38s

Cabi, M., 2020. ”The roots and the consequences of the 1979 Iranian revolution: A Kurdish perspective, Middle Eastern Studies”, 56(3); 339-358

Hassaniyan, A., 2022. “Iran’s Protest and intercommunal interaction; a Kurdish perspective”, Cultural Project, https://cultureproject.org.uk/irans-protest-and-intercommunal-interaction-a-kurdish-perspective/

VOA Farsi, 2022. “جمعیت انبوهی که پیاده به مراسم چهلم مهسا امینی در سقز می‌روند”, https://www.youtube.com/watch?app=desktop&v=Expp8cLe8yg

Matin, K., 2023. https://www.facebook.com/620817446/videos/654850243087260/

همشهری آنلاین، ٢٠٢٣. تصاویر عجیب صف 5 کیلومتری ترافیک در آزاد راه قزوین – رشت، hamshahrionline.ir/x8Jr2

داگرتنی بابەت