ژن، ژیان، ئازادی : لە بەستێنەوە بۆ شۆڕش
دیلان هەردی
ئەندامی بەشی توێژینەوە ئەمریکییەکان لە زانکۆی رێنی فەڕانسە
کچێکی کورد بە ناوی ژینا، لە کوردستانەوە دەچێتە تاران. وەک هەر کچێکی دیکە بە هۆی گونجاو نەبوونی سەرپۆشەوە (بە پێی یاساکانی ئێران) لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێ. بەڵام بە پێچەوانەی هەموو ئەو کچانەی تا ئەو کاتە بە هەمان هۆکارەوە دەستگیر کرابوون، ژینا بە شێوەیەکی جیاوازتر لێی دەدرێ و دەبێتە هۆی گیان لە دەستدانی. بە دوای ئەوەدا خێرا لە کوردستان خەڵک لە دژی حکوومەتی ئێران ڕادەپەڕن و لە ئەنجامدا ئەو ڕاپەڕینە هەموو ئێران و جیهان دەگرێتەوە. ئەو ڕووداوە تەنیا گێڕانەوەیەکی سادە نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک پرسیاری لە خۆیدا هەڵگرتووە. بۆچی کچێکی کورد لە تاران بە شێوەی جیاوازتر توندوتیژی لەگەڵ دەکرێت؟ ئەگەر ژینا کورد نەبوایە، ئایا هەمان ڕاپەڕین ڕووی دەدا؟ هەڵبەت ئەو پرسیارانە پێشتر وڵامیان دراوەتەوە و بە پێویستی نازانم بچمە سەریان، بەڵام دەمهەوێ تەنیا ئەوە بڵێم کە ڕووداوێکی وەکوو کۆژرانی ژینا ئەمینی ئەگەر بەستێنێکی مێژوویی لە پشتەوە نەبێ، نابێتە هۆی ڕاپەڕینێکی گەورەی بەو شێوە، بەڵکوو تەنیا لەوانەیە لە ناڕەزایەتییەکی جەماوەریی کورتماوە زیاتر تێنەپەڕێ. خاڵی دووهەم ئەوەیە کە لە بەستێنی سیاسییەوە هەتا بە ئەنجام گەیشتنی شۆڕش، پڕۆسەیەک هەیە کە لە چەند قۆناخ پێکهاتووە و هەر قۆناخێک گرینگیی خۆی هەیە کە ناسینی هەر کام لەو قۆناخانە گرینگە. بە واتایەکی دیکە، شۆڕشە سیاسییەکان ڕووداوی لەناکاو نین، بەڵکوو خاڵی کۆتایی پڕۆسەیەکن کە هەڵقوڵاوی بەستێنی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورین و پێویستییان بە لێدانی چەخماخە هەیە. کە چەخماخە لێدرا، ڕاپەڕین ڕوو دەدات. دوای ئەوەش چەند قۆناخی دیکە دەبێ تێپەڕ بکرێن تا ڕاپەڕین تەنیا بە تووڕەبوونێکی کورتماوە کۆتایی پێ نەیەت و خۆی لە بزووتنەوەیەکی جەماوەریدا ڕێک بخات و بەرەو شۆڕشی کۆتایی هەنگاو بنێت. لەم وتارەدا ئەو قۆناخانە دەخرێنە بەر شی کردنەوە کە کۆمەڵگایەک لە بەستێنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە دەگوازنەوە بۆ ڕاپەڕین و خۆ ڕێکخستن و لە کۆتاییدا سەرکەوتنی شۆڕش. وڵامی پرسیاری ئەوەیکە، “ تا سەرکەوتنی شۆڕش كام قۆناخگەل دەبێ تێپەڕ بکرێن؟ “، لە چوار بەش پێک دێت کە لە هەر کامیان قۆناخێکی شۆڕش دەخرێتە بەر باس و هەر بەشێک لەگەڵ قۆناخێکی شۆڕشی ژینا بەراورد دەکرێ. لە بەشی یەکەمدا، بەستێنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لە چوارچێوەی پرسی پێکهاتەیی دەخرێتە بەر باس. بەشی دووهەم باسی قۆناخی تووڕەیی جەماوەر دەکات کە لە ئەنجامی پرسی پێکهاتەیی دێتە ئاراوە و ڕووداوێک دەبێتە هۆی تووڕە بوونی جەماوەر و دوو ئاراستە بە خۆوە دەگرێت. بەشی سێهەم کە هەمان قۆناخی چوارەمی پرۆسەکەیە، باسی چوارچێوەبەندیی ڕاپەڕین و بە بزووتنەوە کردنی ڕاپەڕین دەکات، واتە دابەش کرنی ئەرکەکان و ڕێکخستنی ڕاپەڕین. بەشی کۆتایی بە جەماوەریبوونی ڕاپەڕینە کە قۆناخی شۆڕش و ڕووبەڕوو بوونەوەی دەســەڵاتــــە تـــــا بـــە ئەنجام گەیشتنی شۆڕش.
دژایەتی پێکهاتەیی : نەتەوەیی، چینایەتی، ڕەگەزی، ئایینی
قۆناخی یەکەمی پڕۆسەی شۆڕش تایبەتە بە دژایەتی پێکهاتەیی. دۆخێکی بنەڕەتیی گرژییە لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگا یان وڵات کە بەرهەمی نایەکسانی، نادادپەروەری، ئایدیۆلۆژی یان نەتەوەییە. ئەوەش دەبێتە هۆی ناڕازی بوونی پێکهاتە یان چەند پێکهاتەیەک و خستنە ژێر پرسیاری دۆخی ئێستا. دژایەتی پێکهاتەیی، چەمکێکی کۆمەڵناسی و سیاسییە کە ورد دەبێتەوە سەر دژایەتی و ناکۆکی نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگایەک. ئەو دژایەتیە کاتێک خۆی دەردەخات کە پێکهاتەیەک یان چەند پێکهاتە دەخرێنە پەڕاوێزەوە و لە لایەن پێکهاتەی دیکەوە تووشی هەڵاواردن دەبن. ئەو دژایەتیە لەوانەیە نەتەوەیی بێ کە نەتەوە یان نەتەوەکانی ژێردەست لە وڵاتێکدا لە لایەن نەتەوەیەکی سەرەستەوە بەرەوڕووی نادادپەروەری و هەڵاورادن و سەرکوت دەبنەوە و دژایەتی پێکهاتەیی دروست دەبێ. لەوانەیە دژایەتی پێکهاتەیی دژایەتیەکی چینایەتی بێ کە چینێکی دەستڕۆیشتوو چینەکانی دیکە دەچەوسێنێتەوە و جیاوازیی چینایەتی لە ئاستێکی بەرزدا بەرهەم دێنێ. لێرەدا چینی دەستڕۆیشتوو لەگەڵ دەوڵەت هاودەستن. لە چوارچێوەی تیۆری مارکسیستیدا، زۆرجار دژایەتی پێکهاتەیی وەک بزوێنەری گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و تەنانەت شۆڕشیش سەیر دەکرێت. مارکسیستەکان دەڵێن، دژایەتی پێکهاتەیی نێوان چینی کرێکار و سەرمایەداری لە کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداریدا کە کرێکاران هێزی بەرهەمهێنەرن بەڵام سەرمایەدارەکان بەرهەمەکە دەچنن، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی ململانێی چینایەتی و دژایەتی پێکهاتەیی. لەوانەیە دژایەتی پێکهاتەیی ڕەگەزی بێ، واتە ڕەگەزێکی کۆمەڵگا وەکوو ژنان لە لایەن ڕەگەزی زاڵ کە پیاوانن لە دژایەتیدا بن و بە شێوەی کولتووریی بچەوسێنەوە. هەروەها لەوانەیە دژایەتی پێکهاتەیی ئایینێ بێ. واتە ئایینەکان لە دژایەتی یەکتردا بن، یان ئایینێک لە ڕێگای دەوڵەتەوە دژایەتی ئەوانی دیکە بکات. لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمووی ئەو دژایەتیە پێکهاتەییانە بە تایبەت لە کوردستان هەن. لە هەمووشیاندا دەوڵەت ڕۆڵی پشتگیریی لە پێکهاتەیک بە دژی ئەوانیتر دەگێڕێ. لە شۆڕشی ژینادا، دوو دژایەتی پێکهاتەیی ڕۆڵی سەرەکیان لە هێنانە ئارای ئەو شۆڕشەدا هەیە، یەکێکیان نەتەوەییە و یەکێکیان ڕەگەزی. پرسی نەتەوەیی کورد و پرسی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەستێنێکی مێژوویان هەیە. پرسی کورد جگە لە مێژووی کۆن و هاوچەرخ، لە ماوەی دروستبوونی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی لە سەدەی بیستەمدا، زیاتر بەرچاوە، کە ئەویش هەوڵی جیدی دەوڵەتەکانی زاڵ بەسەر ئێران بۆ سڕینەوە و تواندنەوەی نەتەوەی کورد لە ناو نەتەوەیەک بە ناوی ئێرانییە کە ئەویش نوێنەرایەتیی فارس دەکات، لە هەمان کاتدا، هەوڵی جیدی نەتەوەی کوردە بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆی. پرسی ژن جگە لە لایەنە کولتوورییەکەی لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالار، لەگەڵ دەوڵەتێکی ئایینیش لە ململانێ دایە. واتە ژنان جگە لە ڕێسا باوەکانی بنەماڵە، لە دەرەوەی ماڵەوەش لەگەڵ باتوومی دەوڵەت ڕووبەڕوو دەبنەوە. ئەم دژایەتیە پێکهاتەییانە دەتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر بە شاراوەیی بمێننەوە، بەڵام کاتێک قەیران یان کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسییەکان توندتر دەبنەوە، دەتوانن ببنە بزوێنەری گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و ڕاپەڕین و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و تەنانەت شۆڕشیشی لێ بکەوێتەوە. ژینا لەبەر ئەوەی ژن بوو، لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا، لەو کاتەوە کە دەزانرێ کوردە، لەوانەیە پۆلیسەکان زیاتر لە ژنانی فارس لەگەڵی بە توندوتیژی ڕەفتاریان کردبێ و سەریان کردبێتە ئامانج. هۆکارەکەشی ئەو دژایەتیە پێکهاتەییەیە کە ڕیشەی مێژوویی هەیە. واتە دژایەتی پێکهاتەی نەتەوەی سەردەست و نەتەوەی ژێردەست. وێڕای ئەوە، دژایەتی ڕەگەزیش دێتە نێو بابەتەکەوە، واتە ژنێک لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالاردا. ئەوجار دژایەتی ئایینی و ئایدیۆلۆژیش دێنە نێو بابەتەکەوە. ژنێکی نەتەوەی ژێردەست بە ڕەچاو نەکردنی سەرپۆشی ئایینی لە پێتەختی نەتەوەی سەردەست کە دەوڵەتێکی ئایینی بەڕێوەی دەبات. هەمووی ئەوانە بوونە هۆی کوژرانی ژینا. هەر ئەوەش وایکرد لە کورستانەوە ڕاپەرین دروست بێت. دژایەتی پێکهاتەیی لە دروشمەکانی ڕاپەڕیندا بە ڕوونی دیار بوون. نەتەوەی سەردەست لە ڕووی دروشمیشەوە کە بە ڕواڵەت لە دژی یەک دوژمنی هاوبەش بوون، نەیدەتوانی بکەوێتە دوای دروشمی کوردی وەکوو نەتەوەی ژێردەست، بۆیە هەوڵی دەدا دروشمەکان بە جۆرێکی دیکە بەرهەم بهێنێتەوە کە هەم پیاوسالاری و هەم سەردەستیی خۆی بە پتەوێ بهێڵێتەوە. دروشمی “ مرد، میهن، آبادی “ لە دژایەتی “ ژن، ژیان، آزادی “ خۆی دەرخەری هەبوونی ئەو دژایەتیە پێکهاتەییەیە، واتە “ مرد “ لە جیاتی “ ژن “، “ میهن “ لە جیاتی “ ژیان “ و “ آبادی “ لە جیاتی “ ئازادی “. تەنانەت دژایەتی پێکهاتەیی لە ناوی ژیناشدا بە ڕوونی دیار بوو. واتە “ مهسا “ لە دژایەتی “ ژینا “.
تووڕەیی : بابەتێک کە دەبێتە هۆی تووڕەیی پێکهاتەیەکی کۆمەڵگا
کاتێک دژایەتی پێکهاتەیی بەهێز دەبێ، ڕووداوێک بەسە بۆ ئەوەی ببێتە هۆی تووڕەبوونی جەماوەری پێکهاتەیەک. ئەگەر دژایەتی پێکهاتەیی بوونی نەبێ، هاتنە ئارای ڕووداوێکی وەکوو کوژرانی ژینا ئەمینی، ناڕەزایەتییەکی بەرین بەرهەم ناهێنێ. کاتێک دژایەتی پێکهاتەیی پێشترهەبووبێ، گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگا ڕووداوەکە وەکوو دەرئەنجامی ئەو دژایەتییە دەناسێنن و هەوڵ دەدەن هەموو کۆمەڵگا بەرەو بزووتنەوەیەکی جەماوەریی گەورە ئاراستە بکەن. لێرەدا دوو ئاراستە هەیە: یەکێکیان هەوڵدانە بۆ چارەسەری لە ڕێگەی سیستەمی سیاسییەوە کە پێی دەگوترێ “پێکهاتەی دەرفەتە سیاسییەکان”. دووهەمیشیان هەوڵدانە لە دەرەوەی سیستەمی سیاسی کە پێی دەگوترێ “سەرچاوەکانی تەیار کردنی جەماوەر”. ئاراستەی دووهەم لە نەبوون یان لاواز بوونی ئاراستەی یەکەم دێتە ئاراوە.
یەکەم) لە ڕێگەی سیستەمی سیاسیەوە یان “پێکهاتەی دەرفەتە سیاسییەکان” : چەمکی پێکهاتەی دەرفەتە سیاسییەکان چەمکێکی زانستییە کە بە مەبەستی تێگەیشتن لە دۆخی سەرهەڵدانی بزووتنەوەکان هاتۆتە ئاراوە. ئەو چەمکە هەوڵ دەدا شییکاری بۆ ئاستی پەیوەندیی نێوان بزووتنەوەکان و سیستەمی سیاسی وڵات بکات. پێکهاتەی دەرفەتە سیاسییەکان بریتییە لە هەموو پێکهێنەرەکانی ژینگەی سیاسی یان بەستێنی سیاسی کە کاریگەریی ئەرێنی یان نەرێنیان لەسەر بزووتنەوەیەکی جەماوەری هەیە. ئەم چەمکە سەرنج دەخاتە سەر ئەم بابەتانە: توانایی حکوومەت لە گەشەپێدانی سیاسەتە گشتییەکاندا، بەهێزیی یان لاوازیی سیستەمی سیاسی، شێوە و ئاستی کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان لە لایەن پۆلیسەوە، یەکدەستی و نایەکدەستیی دەسەڵاتداران، ڕادەی گوێگرتنی دەوڵەت لە دواکارییەکان. لێرەدا ڕادەی کراوەیی و داخراویی سیستەمی سیاسیی زۆر گرینگە بۆ ئەوەی بزووتنەوەیەک کاریگەریی لەسەر دەسەڵات دابنێ.
بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کراون، ڕادەی توندوتیژیی و هێمنانە بوونی ڕاپەڕین ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ڕادەی کراوەیی و داخراویی سیستەمی سیاسییەوە هەیە. لە سیستەمێکی کراوەدا کە بتوانرێ بە دواداچوون بۆ بابەتەکان بکرێ، خۆپێشاندانەکان کەمتر ڕۆڵ دەگێڕن. لێرەدا چوار فاکتەر هەن بۆ کراوە بوون و داخراو بوونی سیستەم: ژمارەی لایەنە سیاسییەکان لە سیستەمدا، سەربەخۆیی دەسەڵاتی یاسادانەر لە دەسەڵاتی جێبەجێکار، ڕادەی پەیوەندی نێوان بزووتنەوەکان و لایەنە سیاسییەکان، توانای بزووتنەوەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی و دۆزینەوەی هاوپەیمان. لە سیستەمێکی کراوەدا، بزووتنەوەکان دەتوانن سێ جۆر کاریگەریی لەسەر سیستەم دابنێن: یەکەمیان، “ کاریگەریی بنەڕەتی “ کە دەبێتە هۆی گۆڕینی ناوەرۆکی سیاسەتەکانی دەوڵەت بە پێی خواستی بزووتنەوەکە. دووهەمیان، “ کاریگەریی ڕێکاری “ کە دەبێتە هۆی بە فەرمی ناسینی بزووتنەوەکە و کرانەوەی دەرگا بۆ بەشداریی سیاسیی نوێنەرانی بزووتنەوەکە. سێهەمیان “ کاریگەریی پێکهاتەیی “، کە پێکهاتەی دەرفەتە سیاسییەکان خۆی بە پێی چالاکییەکانی بزووتنەوەکە دەگۆڕێ.
لە ڕووی زانستییەوە، ئەگەر ڕێژیمێکی سیاسی سێ تایبەتمەندی کە بریتین لە ڕێبەرێکی خاوەن دەسەڵاتی تەواو، گرووپێکی سیاسی یان حیزبێکی خاوەن دەسەڵاتێکی تەواو و ئایدیۆلۆژیی حکوومی پێکەوە تێیدا هەبن، ڕێژیمێکی تۆتالیتەرە. لە ڕێژیمێکی تۆتالیتەریش هەموو دەرگاکان داخراون. ئەگەر لە ڕوانگەی چەمکی پێکهاتەی دەرفەتە سیاسییەکانەوە سەیری شۆڕشی ژینا بکرێ بۆ ئەوەی دەرکەوێ تا چەند دەتوانرێ لە ڕێگەی دەرفەتە سیاسییەکانەوە کاریگەریی بخرێتە سەر دەسەڵات، دەردەکەوێ کە ئەوە کارێکی ئەستەمە، چونکە سیستەمی سیاسیی ئێران سیستەمێکی بە تەواوی داخراوە کە تێیدا ناڕەزایەتی و داواکارییەکان بە توندی سەرکوت دەکرێن. لەو سیستەمەدا دەسەڵاتداران ئەگەر هەرچەندی لە ناوخۆیان نایەکدەست بن، لە بەرامبەر هەر داواکارییەک بە تایبەت ئەگەر داواکاری و ناڕەزایەتییەکە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە بێ، یەکدەست دەبن. دەسەڵات لەبەرامبەر ناڕەزایەتییەکان بە تەواوی هێزەوە وەستاوە. لە ئێراندا حیزبی سیاسی کە لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای ڕێژیمدا نەجووڵێتەوە بوونی نییە. لایەنێک نییە کە لە ڕێگەی ئەوەوە کاریگەریی بخرێتە سەردەسەڵات. لە ئێران هیچ ڕێگەیەک بۆ گوێگرتن لە دەنگی ناڕازییان بوونی نییە. هەر بۆیەشە هەر کات ڕووادوێک ببێتە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵک، تووڕەیی جەماوەر لە ئاستێکی بەرز دایە و خۆپێشاندانی خوێناوی لێ دەکەوێتەوە. لە ڕووداوی کوژرانی ژینا ئەمینی، دەسەڵات لە جیاتی بەدوا داچوون بۆ داواکاریی خەڵک و دۆسیەی کوژرانەکە، کەوتە دژایەتی خەڵک و بەرگریی لە دامودەزگاکانی خۆی. ئەوەش وایکرد کە خەڵک خۆی لە دژی دەسەڵات تەیار بکات و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا لە دژی دەسەڵات یەک بگرن.
دووهەم ) “ سەرچاوەکانی خۆ تەیار کردن” لە دەرەوەی سیستــەمی سیاسی : لە کـــاتی ڕوودانی ڕووداوێک کە دەسەڵات لە پشتەوەیەتی، خەڵکی پێکهاتە پەڕاوێز خراوەکان هەوڵ دەدەن لە دەرەوەی دەسەڵات کۆمەڵگا لە دەوری خۆیان تەیار بکەن، بە تایبەت ئەگەر سیستەمەکە داخراو بێت. لێرەدا خۆ تەیار کردن لە دوو کۆمەڵگای نەریتی و مۆدێرندا جیاوازە. ئەگەر کۆمەڵگاکە نەریتی بێ، جەماوەری ناڕازی پێویستیان بە پشتیوانی و هاوکاریی خەڵکی ئاسایی، کەسانی ناودار، کەسانی ئایینی، سەرۆک هۆز و کەسانێکن کە بە شێوەی نەریتی دەتوانن هەستی خەڵک بجووڵێنن یان کاریگەریی بخەنە سەر جەماوەر. لەو جۆرە کۆمەڵگایەدا، کەسانی ئایینی و سەرۆک هۆزەکان ڕۆڵی سەرەکی لە ئاراستە کردن و هاندانی جەماوەردا دەگێڕن. لە بەرامبەریشدا، حکوومەت هەوڵ دەدا بۆ دامرکاندنەوەی خۆپێشاندانەکان، کەڵک لە هەمان ئەو کەسانە وەرگرێ. چونکە لە کۆمەڵگای نەریتیدا تاکەکان لە ژێر کاریگەریی هەستی ئایینی و بنەماڵەیی دان و لە ڕووی هزرییەوە گرێدراوی ئەو دوو بابەتەن. بە پێچەوانەوە، ئەگەر کۆمەڵگاکە کۆمەڵگایەکی مۆدێرن بێ، واتە زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگا خۆیان ئازادانە لە چوارچێوەی حیزبی سیاسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدا ڕێک خستبێ، یان خۆیان ڕێک نەخستبێ، بەڵام لە ژێر کاریگەریی هەستی ئایینی و هۆز و بنەماڵەدا نەبن، حیزب و ڕێکخراو و دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، واتە هەموو ئەو رێکخراوانەی بە مەبەستی مەدەنی، پیشەیی، ئابووری و ئایینی دامەزراون وەکوو سەندیکاکان، ڕۆڵی سەرەکیی لە تەیار کردنی کۆمەڵگادا دەگێڕن، بە تایبەت ئەگەر بابەتەکە نەتەوەیی بێ، هەموو چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا خۆیان لە تۆڕەکانی ڕیکخستنی بزووتنەوەکە دەبەستنەوە. لەو کۆمەڵگایەدا، کۆنتڕۆڵی بزووتنەوەیەکی جەماوەری کە هەموو چین و توێژەکانی لە خۆی گرێ دابێ، بۆ حکوومەت قورسە. هەر بۆیەش حکوومەتێکی تۆتالیتەر، نەک هەر ڕێگە بە دروستبوونی حیزب نادات، بەڵکوو تەنانەت هەستیارییەکی زۆری بەرامبەر بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەیە و هەوڵ دەدا، یان سنوورداریان بکات یان ڕێکخراوی هاوشێوە و هاوتەریبیان لە دژی دروست بکات. چونکە خاڵی لاوازی ڕێژیمێکی تۆتالیتەرلە ناوخۆدا تەنیا ڕێکخستنە، نەک هێزی تر، تەنانەت ئەگەر ڕێکخستنەکە گرووپێکی زۆر بچووکیش بێ.
بابەتێکی دیکەی جێی ئاماژە ئەوەیە کە، لە کاتی ئاساییدا، سنوورێک لە نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا بوونی هەیە کە ڕیگرە لە یەک گرتنیان، چونکە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە هۆی پیشەکانیانەوە سنوورێکی نادیار لە نێوان خۆیان دروست دەکەن، بۆ نموونە سنوورێکی نادیار لە نێوان کرێکاران و مامۆستایان و بازاڕییەکاندا هەیە. کرێکاران ناڕەزایەتیی و داواکاری مامۆستایانیان لە دەسەڵات بۆ گرینگ نییە و ناچنە پاڵیەوە، یان مامۆستایان داواکاریی بازاڕیانیان بۆ گرینگ نییە و بە هەمان شێوە بۆ چین و توێژەکانی دیکەش. لەبەر ئەوەی سنووری پیشەکانیان چوارچێوەی بۆ داناون کە سەرنجیان تەنیا لەسەر بەرژەوەندیی خۆیان بێ. کاتێک ئەو سنوورانە کەمڕەنگ بوونەوە و هەموویان هەستیان کرد کە کێشەی هاوبەشیان هەیە، نیشانەی سەرهەڵدانی شۆڕشە. تەنیا لە کاتی ڕاپەڕین و شۆڕشە کە ئەو سنوورانە نامێنن. دوای سەرکەوتن و بە ئەنجام گەیشتنی شۆڕش، ئەو سنوورانە دیسان دگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
کۆمەڵگای کوردستان و ئێران، نە کۆمەڵگایەکی تەواو نەریتییە کە تاکەکان بە تەواوی لە ژێر هەستی ئایینی و بنەماڵەیی دابن، نە کۆمەڵگایەکی تەواو مۆدێرنە کە حیزب و دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ڕۆڵی سەرەکییان لە ڕێکخستنی جەماوەردا هەبێ. لە بزووتنەوەی “ ژن، ژیان، ئازادی”دا، هەم تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای نەریتی، وەکوو مامۆستایانی ئایینی و کەسانی خۆشناو ڕۆڵیان لە هاندانی جەماوەردا هەیە، هەم تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای مۆدێرن وەکوو حیزبی سیاسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی. دەبینین کە لە کاتی ڕاپەڕیندا، سنووری نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دیار نامێنێت و لە منداڵانی قوتابخانەکان و کرێکار و مامۆستا و کەسانی ئایینی هەتا حیزبی سیاسی و ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، یەک دەنگ بەرز دەکەنەوە و هەست بە یەک کێشەی هاوبەش دەکەن و هەموویان لە دژایەتی کردنی دەسەڵاتدا بەشدارن. بەڵام لە هەموو ئێران ئەو بابەتە هێشتا ڕووی نەداوە. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە لە کوردستان شۆڕش لە ئارا دایە، بەڵام لە ئێران بە تایبەت لە ناوەند هێشتا ئەوە ڕووی نەداوە. هەڵبەت کوردستان پێشینەی شۆڕش و بزووتنەوەی نەتەوەیی و ڕێکخستنی سیاسی و هەبوونی کۆمەڵگای مەدەنی، بزوێنەر و یارمەتیدەری سەرەکیی ئەو شۆڕشەیە. دوای تێپەڕ بوون لە یەکێک یان هەردوو ئەو ئاراستانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، قۆناخی دواتر، قۆناخی چوارچێوەبەندی و دیاریکردنی چوارچێوەکانی شۆڕش و ڕاپەڕینە.
چوارچێوەبەندی: ڕێکخستن، دروست کردنی هاوپەیمانێتی، ستراتێژیی بەرەنگاربوونەوە
لەو قۆناخەدا، هەر بزووتنەوەیەک بۆ بەردەوامبوون پێویستی بە دیاری کردنی چوارچێوە و هێڵە گشتییەکانییەتی. چوارچێوەبەندی بە پڕۆسەیەک دەگوترێ کە ئەکتەر یان لایەنە سیاسییەکان ڕووداوێکی سیاسی هەڵدەسەنگێنن و داهاتووی سیاسیی لەسەر بنیات دەنێن. ئەو پڕۆسەیە بۆ تەیار کردن، ڕاکێشانی جەماوەر و هەروەها میدیاکان و ڕای گشتی پێویستە، ئەگینا ڕاپەڕین تەنیا لە تووڕەبوونێکی کاتیدا قەتیس دەمێنێتەوە و دادەمرکێتەوە. چوارچێوەبەندی نەک هەر دەبێتە هۆی تەیار کردنی جەماوەر لە ڕووی هزری و فیزیکییەوە، بەڵکوو دەبێتە هۆی پاشەکشە و لاوزیی هزریی لایەنی دژبەر. لە ئێران لە ماوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، هەر ڕاپەڕینێک ڕووی دابێت، لەبەر ئەوەی چوارچێوەبەندی دروستی بۆ نەکراوە، لەو قـــۆنــــاخەدا ڕاوەستـــاوە و بــــووەتــــە هــۆی پاشەکشە و دامــرکـــــانـــــەوەی ڕاپـــــــەڕیـــــن.
لە بەستێنی هەر بزووتنەوەیەکدا، چوارچێوەبەندی بە لێکدانەوە و جیهانبینیەکی تایبەتەوە ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت. چوارچێوەبەندی بریتییە لە هەڵسەنگاندن و پێناسەی کێشەکان، دەستنیشان کردنی بەرپرسیارەکان، پێشنیار کردنی ڕێگە چارەکان و هاندان و جووڵاندنی ئەندام و لایەنگر و جەماوەر و ئاراستە کردنی ڕای گشتی. چوارچێوەبەندی، بیر و باوەڕ و هزر و هەست و وزە و تواناییەکان پێکەوە دەخاتە چوارچێوەی کردەوەی بە کۆمەڵ بەرەوە هەنگاوی کۆتایی و دەبێتە هۆی ڕەوایی بەخشین بە کردەوەکە. چواچێوەبەندی سێ ئاستی سەرەکی لە خۆ دەگرێت :
یەکەم) چوارچێوەبەندیی هەڵسەنگێنەر : ئەو قۆناخە لە چوارچێوەبەندی بریتییە لە دۆزینەوەی کێشە و دەستنیشانکردنی هۆکار. بە زمانێکی دیکە، ئەو قۆناخە هەوڵ دەدا وڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە “ کێشە چییە و بۆچی هاتۆتە ئاراوە ؟” بە هۆی ئەوەی کە بزووتنەوەکان هەوڵ دەدەن گۆڕانکاری دروست بکەن و چارەسەر بۆ دۆخە ئاڵۆزەکان یان کێشەکان بدۆزنەوە، ئامانجی کار و چالاکیی سەرەکییان دۆزینەوەی هۆکار و هەروەها بەرپرسیار یان تاوانباری هۆکارەکەیە. بەو حاڵەش، ڕێککەوتنی سەرەتایی لە سەر سروشتی کێشەکە، بە شێوەی ئۆتۆماتیک نابێتە هۆی کۆدەنگیی لەسەر هۆکاری کێشەکە. بەڵکوو زۆر جار ناکۆکی و مشتومڕ لەسەر دەستنیشان کردنی هۆکارەکان لە نێوان لایەنەکان ڕوو دەدات. لە ئەنجامدا، بەشێکی زۆر لە وزە و چالاکیی بزووتنەوەکە لە ناکۆکیی نێوان لایەنەکاندا بە فیڕۆ دەڕوات. بۆ نموونە لە بزووتنەوەی “ ژن، ژیان، ئازادی “ دا، قۆناخی هەڵسەنگاندن دەتوانێ هەڵاواردنی سیستەماتیکی ڕەگەزی و نەتەوەییی وەکوو کێشە دەستنیشان بکات و ئیسلامی سیاسی و کۆڵۆنیاڵیزم وەکوو هۆکاری کێشەکە. هەر وەک بینرا چەندین لایەن لەسەر ئەوەی کە هەڵاواردن لە کوردستان کێشەیە، کۆک بوون، بەڵام کۆدەنگ نەبوون لەسەر ئەوەی کۆڵۆنیاڵیزم هۆکاری کێشەی هەڵاواردن بێ، بەڵکوو تەنیا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان بە هۆکار دەزانی. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە وزەی لایەنەکان لە دژایەتی یەکتردا سەرف بکرێت.
دووهەم) چوارچێوەبەندیی پێشبینیکەر: ئەو قۆناغە دووهەم هەنگاوی پێویستە لە چوارچێوەبەندیدا. ئەو قۆناخەیە کە پێشنیاری چارەسەریی بۆ ئەو کێشانە دەکات کە لە قۆناخی پێشوودا دەستنیشان کران، کە بریتییە لە ڕێگەچارە یان دەستنیشان کردنی پلانی ڕووبەڕوو بوونەوە و هەروەها ستراتێژییەکانی باش بەڕێوەچوونی ئەو پلانە. لەو قۆناخە دایە کە دەبێ وڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە کە “چی بکرێ ؟” هەروەها دەبێ ڕیگاچارە بۆ کێشەی نێوان لایەنەکانیش بدۆزرێتەوە تا کۆدەنگی دروست بێ. ئەو قۆناخەی چوارچێوەبەندیی گرێدراوی قۆناخی پێشوو یان چوارچێوەبەندیی هەڵسەنگێنەرە، واتە، دەستنیشان کردنی کێشەکان و هۆکارە تایبەتەکانیان سنووری ڕێگا چارەکان و ستراتێژییەکان دیاری دەکات. چوارچێوەبەندیی پێشبینیکەر لە پانتاییەکی فرەڕێکخراوەییدا دێتە ئاراوە کە بواری ئابووریی بزووتنەوەکە، دژبەران، ئامانجەکان، ڕاگەیەنەکان و بەردەنگەکان دەهێندرێنە بەر باس. گرینگیی چوارچێوەبەندیی پێشبینیکەر لەوە دایە کە زۆر جار ڕێکارێکی لۆژیکی و کاریگەر ڕەت دەکاتەوە، چونکە دەزانێ کە حکوومەت پێشتر پیلانی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو ڕێکارە داڕشتووە و خۆی بۆ ئامادە کردووە. بۆیە لایەنەکان لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبنەوە، بەڵام ئەو ڕێکارە ناگرنە بەر کە ڕێژیم پێشتر مەیدانی ڕووبەڕوو بوونەوەی بۆ ئامادە کردووە. هەندێک جار لایەنەکان هەر کامەیان لە چوارچێوەی ستراتێژیی خۆیدا ڕێکار و تاکتیکی ڕووبەڕوو بوونەوەی خۆی پێشنیار دەکات، کە زۆر جار دەبێتە هۆی دابەشبوونی بزووتنەوەکە بەسەر دوو جەمسەری سەرەکیدا.
لە چوارچێوەی بزووتنەوەی “ ژن، ژیان، ئازادی “دا ڕێکاری ڕێفۆڕمخوازانە بۆ لابردنی هەڵاواردن ئەستەم بوو، بۆیە بزووتنەوەکە ڕێگای ڕووبەڕوو بوونەوەی دەسەڵات بە شێوازی دیکەی گرتە بەر. هەروەها، ڵایەنە کوردییەکان دەیانزانی کە ڕێژیم پێشتر پیلانی هەبوو بۆ ڕاکێشانی هەندێک ناوچەی کوردستان بۆ نێو شەڕی چەکداریی ئامادە کردووە تا بتوانێ بزووتنەوەکە بە لاڕێدا ببات و ڕەوایی سەرکووتی بزووتنەوەکە لە ناوچە غەیرە کوردەکان بە بیانووی ڕووبەڕوو بوونەوە دژی جیاییخوازی وەربگرێ. هەر بۆیە لایەنە کوردییەکان بە کۆی دەنگ بژاردەی ڕووبەڕوو بوونەوەی چەکدارییان وەلا نا تا ئەو پیلانە سڕ بکەن. بەڵام لە لایەکی دیکەوە لە بابەت هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا، لایەنەکانی کوردستان، بەسەر دوو جەمسەردا دابەش ببوون.
سێهەم) چوارچێوەبەندیی پاڵنەرانە: لە دوایین قۆناخی چوارچێوەبەندیدا، بانگەواز بۆ کاری کردەیی یان بەرەنگار بوونەوەی بە کۆمەڵ دەکرێ، کە تاکەکان هان دەدا تەڤلی بزووتنەوەکە بن و بە شێوەی چالاکانە بەشدار بن. لەو قۆناخەدا هەوڵ دەدرێ ناڕەزایەتیی بگوازرێتەوە بۆ بەرەنگار بوونەوەی بە کۆمەڵ. یەکێك لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەو قۆناخە، بریتییە لە بەرهەمهێنانی چەمک و دەستەواژەی پاڵنەرانەی گونجاو. ئەو دەستەواژانە، دەبنە هۆی قەناعەت کردن بە تاکەکان تا تەڤلی کاری کردەیی بە کۆمەڵ بن و تێیدا بەردەوام بن. لێرەدا مەبەست لە چەمک و دەستەواژەی پاڵنەرانە، دروشم و ئەدەبیاتی حەماسی نییە، بەڵکوو دەستەواژە و چەمکگەلێکن کە چوارچێوەی گوتاری بزووتنەوەکە پێک دێنن. هەر چەندە دەکرێ وەکوو دروشمیش کەڵکیان لێ وەرگیرێت، وەکوو چەمکی یەکسانی، دادپەروەری، ئەرک، ڕزگاری، نەتەوە و هتد.
بە گشتی چوارچێوەبەندیی بزووتنەوەیەک پڕۆسەیەکی ستراتژیکە کە ڕێبەرانی بزووتنەوەکە هەوڵ دەدەن بە شێوەی ڕێکخستن و تەیار کردن و پشتیوانیی جەماوەریی واتا بە دۆزکە ببەخشن و ڕێگای گەیشتن بە ئامانج کورتتر بکەنەوە. قوناخی دوای چوارچێوەبەندی، قۆناخی شۆڕشە لە بەرەنگار بوونەوە تا بە ئەنجام گەیشتنی.
شۆڕش: لە بەرەنگاربوونەوە تا بە ئەنجام گەیشتن
چەمکی شۆڕش بە واتای گۆڕانکاریی بنەڕەتی و دابڕان لە نەزم و سیستەمی پێشوو، جگە لە سیاسەت بۆ بۆارەکانی دیکەش هەمان گرینگیی هەیە، وەکوو شۆڕشی کۆمەڵایەتی، کولتووری، فەلسەفی، زانستی و هتد. چەمکی شۆڕش (شۆڕشی سیاسی) لە زمانی کوردیدا هەم بە واتای ڕاپەڕین و بەرەنگار بوونەوە دێ هەم بە واتای کۆتایی ڕاپەڕین و بە ئەنجام گەیشتنی شۆڕش. ئەوەی ئێمە لێرە مەبەستمانە، شۆڕشی سیاسی و بە تایبەتی ڕاپەڕینە کە دوایین قۆناخی پڕۆسەیەکە کە لە بەستێنەوە دەست پێ دەکات و بە گۆڕینی حکوومەت و دامەزراندنی حکوومەتێکی سیاسیی نوێ کۆتایی پێ دێت.
لە ڕووی زانستییەوە، شۆڕش بە واتای گۆڕانی بنەڕەتی لە پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتێک ئەژمار دەکرێت. لە شۆڕشدا، بە پێچەوانەی کوودەتا، جەماوەر بەشدارن، واتە گۆڕانی سیستەمی سیاسی لە لایەن خەڵکەوە ئەنجام دەدرێ. بابەتێکی گرینگی دیکە ئەوەیە کە هەموو گۆڕانی سیستەمێک ئەگەر لە لایەن خەڵکیشەوە بێ نابێتە شۆڕش، ئەگەر ئەو گۆڕانە دابڕان لە دۆخی پێشوو نەبێ. بۆ نموونە گەڕانەوە بۆ سیستەمەکانی پێشوو لە ڕووی زانستییەوە بە شۆڕش ئەژمار ناکرێت. تەنیا ئەو کاتەش دەتوانرێ ناوی بندرێ شۆڕش کە بە ئەنجام گەیشتبێ و سیستەمی نوێ دامەزرابێ. ئەگەر شۆڕشی سیاسی هاوتەریب یان لە ئەنجامی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بێ، گەڕانەوە بۆ دواوە و بۆ سیستەمێکی کۆن ئەستەمە. بەڵام ئەگەر لە کۆمەڵگادا شۆڕشی کۆمەڵایەتی ڕووی نەدابێ و گۆڕان تەنیا لە سیستەمی سیاسیدا بووبێ، ئەگەری گەڕانەوە بۆ دواوە و بۆ سیستەمەکانی پێشووتر هەیە. بۆ نموونە ئەگەر کۆمەڵگا لە ڕووی پرسی ژن و پرسی ئازادییەکانی تاک هێشتا لە ناو سیستەمی باوکسالاری و کولتوور و داب و نەریتە کۆنەکاندا مابێتەوە، تەنانەت ئەگەر سیستەمی سیاسیش بگۆڕدرێ، ئەگەری ئەوە هەیە سیستەمێکی هاوشێوە جێگەی بگرێتەوە. هەر وەک ئەوەی لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی زایینی لە ئێران دوای ڕووخانی پاشایەتی و لە میسر دوای ڕووخانی حوسنی موبارەک و لە ئەفغانستان دوای بیست ساڵ لە ڕووخانی تاڵیبان ڕووی دا. بەڵام مێکانیزمگەلێک هەن کە دەتوانن ڕێ لەو گەڕانەوە بۆ دواوە بگرن. یەکێک لەوان کە گرینگترینیانە ئەوەیە کە کۆمەڵگای مەدەنی بە واتا ڕاستەقینەکەی دروست بووبێ. کاریگەرییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کە پێداویستیی دنیای مۆدێرنە، لە درێژماوەدا دەردەکەون. بەڵام بە مەرجێک کە حکوومەتەکان ڕێگر نەبن یان ئەوەی کۆمەڵگای بە ناو مەدەنی بە شێوەی هاوتەریب لە بەرژەوەندیی حکوومەت دروست نەکرێ، چونکە لەو حاڵەتەدا کۆمەڵگای مەدەنیی ڕاستەقینە دەخرێتە پەڕاوێزەوە و کۆمەڵگای مەدەنی نزیک لە دەوڵەت لە جیاتی بڵندگۆی خەڵک بێ، دەبێتە بڵندگۆی پڕوپاگەندە بۆ دەوڵەت کە نموونەکەی ئێستا لە ئێران و لە زۆرێک لە وڵاتانی نادێموکراتیک دەبیندرێ. بە پێی بەستێنی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و مێژوویی هەر وڵاتێک، شۆڕشەکان شێوەی جۆراوجۆریان هەیە. لە توندوتیژەوە تا مەدەنیانە، لە سەرکەوتووەوە تا ناسەرکەوتوو. ئەنجامەکانیشیان جیاوازە، لە دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکڕات تا سیستەمێکی نادێموکرات. چەمکی شۆڕش چەمکێکی زۆر بەرفراوانە و ئێمە لێرەدا نامانهەوێ شیکاری بۆ بکەین تەنیا بە کورتی وەکوو دوا قۆناخی پڕۆسەیەک هێنامانە بەر باس. لەو وتارەدا سەرنجەکە زیاتر لە سەر قۆناخەکانی گەیشتن بە شۆڕش بوو، نەک خودی شۆڕش.
ئەنجام
“ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی “کە بە “شۆڕشی ژینا”ش ناسراوە، لە بەستێنێکی سیاسیی تایبەت بە کوردستاندا واتای هەیە و وەک زۆر بزووتنەوە لە جیهاندا، ناتوانرێ بۆ شوێنێکی دیکە کۆپی بکرێ. بەرهەمی مێژووی نەتەوەی ژێر دەستە و بۆ نەتەوەی سەردەست وڵامدەر نییە. ژن و ژیان و ئازادی لە کوردستان هەرکامیان جۆرە پێناسەیەکیان هەیە کە تەنیا لە کوردستان واتا دەبەخشن و فەلسەفە و جیهانبینی تایبەت بە خۆیانیان هەیە کە تەنیا لە گۆشەنیگای ژێردەستییەوە دەکرێ لێیان تێبگەی. بە هۆی ئەو بەستێنەشەوەیە کە کولتووری شۆڕش و شێوەی شۆڕش لە کوردستان جیاوازە. هەر بۆیەشە ڕاپەڕین لە کوردستانەوە دەستی پێکرد. بە پێچەوانەی نەتەوەی سەردەست کە دەسەڵاتی سیاسی لە دەست دایە و لە کاتی وادا زۆر جار کەڵک لە ئامرازەکانی نێو دەسەڵات و سیستەمی سیاسی وەردەگرێ، لە کوردستان ئەو بژاردەیە داخراوە. بۆیە هەر لە سەرەتاوە جەماوەر لایەنی دووهەمیان هەڵبژارد، کە خۆ تەیار کردن و ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕاستەوخۆی دەسەڵات بوو. پێشینەی شۆڕش و کاری ڕێکخستن و کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان سەرمایەیەکی بەهێز بوو لە ڕێکخستنی ڕاپەڕین و لەسەر پێ ڕاگرتنی. ئیتر لێرە بە دواوە ڕاپەڕین فۆڕمی بزووتنەوەیەکی سەرانسەری بە خۆیەوە گرتووە کە تا ئێستاش بەردەوامە
سەرچاوەکان:
Alcaud David (dir.), Dictionnaire de sciences politiques, Paris : SIREY, 2ème édition, 2010, 520 pages.
Benford, Robert D, et David A. Snow. « Processus de cadrage et mouvements sociaux : présentation et bilan », Politix, vol. 99, no. 3, 2012, pp. 217-255.
Dyalan, Hardy, Régime politique iranien : entre autoritarisme et totalitarisme, Lille, 2019.
McAdam (D.), McCarthy (J. D.), Zald (M. N.), eds, Comparative Perspectives on Social Movements Opportunities, Mobilizing Structures, and Framing, Cambridge, Cambridge University Press, 1996 ; Morris (A. D.), Mueller (C. M.), eds, Frontiers in Social Movement Theory, New Haven, Yale University Press, 1992.
Olivier Fillieule, Lilian Mathieu et Cécile Péchu, Dictionnaire des mouvements sociaux, Presses de la Fondation nationale des sciences politiques, 2009
Sydney Tarrow, « Cycles of Collective Action : Between Moments of Madness and the Repertoire of Contention », dans Mark Traugott (ed.), Repertoires and Cycles of Collective Action, Durham (N. C.), Duke University Press, 1995, p. 89-116
177
Link to: جنبش محیط زیستی روژهلات تکرار متفاوت جنبش رهایی بخش کوردستان
Link to: جنبش محیط زیستی روژهلات تکرار متفاوت جنبش رهایی بخش کوردستان
جنبش محیط زیستی روژهلات تکرار متفاوت جنبش رهایی بخش کوردستان...
Link to: شەڕی دەروونی؛ دەوڵەت و کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
Link to: شەڕی دەروونی؛ دەوڵەت و کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
شەڕی دەروونی؛ دەوڵەت و کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان...
Scroll to top
Scroll to top
Scroll to top