شەڕی دەروونی؛ دەوڵەت و کورد
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئالان حەسەنیان
مامۆستای لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زانکۆی ئێگزێتر، بریتانیا
پوختە
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکات لەگەڵ دامەزران و هاتنە سەرکاری لە ساڵی ١٩٧٩ەوە تا ئەمڕۆ، شەڕێکی هەمەلایەنەی تژی لە توندوتیژی دژی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەڕێوە دەبات. ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدات تیشک بخاتە سەر هێندێک لایەن لەو ئەو ئالێنگاری و دژوارییانەی کە ئەم ڕێژیمە بۆ سەر ناسنامەی نەتەوەیی ، کولتوور و کۆمەڵگای کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دروست کردووە. لە کاتێکدا بەرخۆدانی چەکداری وەک تەنیا ئامرازی بەرگریکردن بۆ گەلی کورد و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات ماوەتەوە، ڕێژیم شەڕێکی فرەلایەنە لە دژیان بەڕێوە دەبات. ڕێژیم جگە لە بەکارهێنانی ڕێوشوێنی چڕوپڕی سەربازی، دامەزراوە کولتووری، پەروەردەیی، ئایینی و ئابوورییەکانی دەوڵەتی خستووەتە خزمەتی شەڕێکی ناهاوسەنگەوە دژی کوردی ڕۆژهەڵات. لە کاتێکدا بەکارهێنانی هێزی نیزامی و میلیتاریزەکردنی کوردستان لەلایەن ڕێژیمەوە شتگەلێکی تاڕادەیەک ناسراوە بۆ جیهانی دەرەوەی کوردستان، بەڵام ئەو شەڕە دەروونییە هەمەلایەنەتر کە بەسەر بزووتنەوە و شوناس و کولتووری کورددا سەپێنراوە، دەتوانرێت وەکوو هێرش و لێدانێکی بێدەنگ ئاماژەی پێ بکردرێت، کە لە دەرەوەی کوردستان تاڕادەیەکی زۆر بە نادیاری و نەبیستراو ماوەتەوە.
وشە سەرەکییەکان: ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، شەڕی دەروونی، سینەمای ئێران، جاش، میدیا، وەشاندن
پێشەکی
لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕاپەڕینە بەربڵاو و (نیمچە)سەرانسەرییەکانی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢دا، کە بە هۆی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگای کورد لە ڕۆژهەڵاتدا دژی کوشتنی دڕندانەی ژینا ئەمینی (کچە کوردێکی تەمەن ٢٢ ساڵە) کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لە ١٦ی سێپتەمبری ساڵی ٢٠٢٢دا ، نزیکەی ٦٠٠ خۆپیشاندەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی پۆلیس و سپای پاسداران کوژراون[ ١ ] . بەکارهێنانی بێسنووری توندوتیژی، لەوانەش تەقەی ڕاستەوخۆ لە خۆپیشاندەران، بەتایبەتی لە ناوچە و پارێزگاگەلێکی وەکوو کوردستان و سیستان و بەلووچستان کە جیاوازیی نەتەوەیی-ئاینییان لەگەڵ کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەیە، ڕووی داوە. ئەم ناوچە و پارێزگایانە مێژوویەکی قووڵیان لە بەرخۆدان دژی ڕێژیم کۆماری ئیسلامی و بەهاکانی هەیە [ ٢ ] . لە ئەنجامدا لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا، ئەم ناوچانە زۆرترین ژمارەی خۆپیشاندەریان هەبووە کە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران و پۆلیسی ئێرانەوە کوژراون. جگە لەوەش، حکومەت هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی درۆ و چەواشەکاری دەست پێ کردووە و ناڕەزایەتییەکان لەو ناوچانەدا بە “چالاکیی جوداییخوازی” ناوزەد دەکات، ئەمەش وەک پاساوێک بۆ تێکدانی یەکڕیزی و هاودەنگییەکی زۆر ساوایە کە لەنێوان هێندێك لە پێکهاتە نەتەوەیییەکانی ئێراندا هاتووەتە ئاراوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم ڕاپەڕینەدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بابەتی ئەم لێکۆڵینەوەیەیە، کەوتە بەر فۆڕمگەلێکی جیاوازی هێرش و سەرکوت، لەوانەش شەڕێکی فرەڕەهەندی دەروونی. لە کاتێکدا حکومەت هەوڵی ئەوەی دەدا بە کەمترین تێچووی ژیانی مرۆڤ کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان لە ناوچە فارسنشینەکانی ئێراندا بهێنێت، هەوڵی ئەو بۆ گۆڕینی ڕێرەوی ڕاپەڕینەکان لە کوردستان بۆ شەڕی تەواو مانا هەر لە حەفتەی دووەمی ناڕەزایەتییەکانەوە دەرکەوت. ڕێژیم بە شێوەیەکی سیستماتیک هەواڵ و ڤیدیۆی درۆ و چەواشەکارانەی سەبارەت بە پێشمەرگە لەنێو خۆپیشاندەراندا بڵاو کردەوە. سۆشیال میدیای تژی کردبوو بە گرتەی ڤیدیۆییی هێزەکانی سپای پاسداران بە جلوبەرگی پێشمەرگەوە، وایان نیشان دەدا کە پێشمەرگە لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتدا دەستدرێژی دەکاتە سەر خەڵک [ ٣ ] . ئەم تاکتیکانە بۆ پاسا و ڕەوایەتدان بوو بەو ئەجێندایەی ڕێژیم بۆ بەکارهێنانی هێزی هەمەلایەنە و دڕندانەی سەربازی بۆ شکست هێنان بەو ڕاپەڕینە لە ڕۆژهەڵات، لەژێر ناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییدا. بەڵام وەک لەم لێکۆڵینەوەیەدا زیاتر و بەوردی دەخرێتە بەرباس، ئەم تاکتیکانە تایبەت نەبوون بەو ڕاپەڕینەی کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دا دەستی پێ کردووە، بەڵکو تەنیا درێژەپێدەری تێکەڵەیەک لە ڕێوشوێنی سەربازی و شەڕی دەروونین کە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە سەرەتای دامەزراندنی ئەو ڕێژیمەوە لە ساڵی ١٩٧٩وە تا ئەمڕۆ دژی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکار هێنراوە.
گەلی کورد، نەتەوەیەک کە ژمارەی دانیشتووانی بە ٣٥ -٤٠ ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێت، بە پێچەوانەی خواستی خۆی لەنێوان دەوڵەتی نەتەوەی داگیری تورکیا، ئێران، عێراق و سوریادا دابەش بووە [ ٤ ] . دابەشبوونی گەلی کورد و کوردستان لە ساڵانی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا، بووەتە هۆی ئەوەی کورد بە یەکێک لە گەورەترین نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی جێهان لەقەڵەم بدرێت. کوردەکان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی دڕندانە و جیاکارییانەی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان داگیر کردووە. خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵگای کورد لە ڕۆژهەلات تا ڕادەیەکی زۆر لەلایەن خەڵکانی دەرەوەی کوردستان نەناسراوە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ میلیتاریزەکردنی بەرفراوانی کوردستان کە بەو مانایەیە کە زانیارییەکی کەم دەگاتە جیهانی دەرەوەی ئێران و کوردستان و تا ئێستا هیچ لێکۆلێنەوەیەکی ئەوتۆ لەسەر ئەم بوارانە ئەنجام نەدراوە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی بنیاتنانی دەوڵەت -نەتەوە لە ئێراندا لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، پەیوەستە بەو پڕۆسە مشتومڕاوییەی کە لەژێر ئاڵای مۆدێرنیزاسیۆن و یەکدەستکردنی کولتوور، ناسنامە، مێژوو و زمان و دابونەریتی فارس بۆ بەرزترین ئاستی باڵادەستی بەرز کرایەوە. دەوڵەتی ئێران لەژێر دەسەڵاتی پاوانخوازانەی ڕەزاشای پەهلەویدا، پڕۆسەی زمانکوژی و کولتوورکوژی دژی گەلانی غەیرەفارس لە ئێران دەستی پێ کرد. ناسنامەی فارسی–ئێرانی و زمان و کولتووری فارسی، لە ڕێگەی توندوتیژییەوە، بەسەر خەڵکانی نەتەوەی عەرەب، ئازەری، بەلووچ، گیلەکی، کورد، تورکمان و گەل و پێکهاتە غەیرەفارسەکانی دیکەی ئێراندا سەپێنراوە [ ٥ ] . ئێران لە سەرەتای سەدەی بیستەوە وەک تاقیگەیەتی لێ هات بۆ بەکارهێنانی سیاسەتە جیاوازەکانی ئاسمیلەکردنی پێکهاتە و نەتەوە غەیرەفارسەکان بۆ ناو شوناسێکی درۆیینی ئاریایی. دەوڵەتی ئێران کە بەتەواوی لەلایەن فارسەکانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە، بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاریی نەتەوەیی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی نەتەوە غەیرەفارسەکان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر بوونی خۆی سەیر و، مامەڵەی لەگەڵیاندا کردووە. جگە لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی و سەرکوت، دەسەڵات شەڕی دەروونی و “شەڕی نەرمی” بۆ خنکاندنی خواستەکان و ملکەچکردن و ناشیرینکردنی ئەو پێکهاتانە بەکار هێناوە. گەلی کورد لە سەپاندنی شوناسی نەتەوەییی دیاریکراو لەلایەن دەوڵەتەوە لە ئێران بێبەری نەبووە [ ٦ ] .
سەرەڕای ئەمەش، لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، دەسەڵاتدارانی ئێران، سیاسەتی جۆراوجۆریان بەکار هێناوە بۆ ئاسمیلەکردن و تەسلیم بوونی کورد بە ناسنامەی نەتەوەی زاڵ. گەلی کورد لە ئێران، هەروەکوو کورد لە تورکیا، عێراق و سوریا، بە هۆی سیاسەتەکانی دەوڵەت–نەتەوە و بۆ یەکدەستکردن و ئینکاری و لەناوبردنی شوناس و دابونەریت و زمانی کوردییەوە، زیانێکی بێئەندازەی بەرکەوتووە. بەدرێژاییی مێژووی نوێ، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەناهیترین ناوچە لە ئێراندا ئاماژەی پێ دەکرێت و ناسنامەی سیاسی و نەتەوەییی کورد لەلایەن دەسەڵاتەوە لە ئێران وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکپارچەییی عەرز لە وڵات سەیر دەکرێت. ئەم ڕوانگەیە لەلایەن ڕێژیمە جیاجیاکانی ئێرانەوە، وەکوو پاساو بۆ میلیتاریزەکردنی کوردستان، گرتن و گۆشەگیرکردن، لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد بەکار هێنراوە. میلیتاریزەکردنی سیستماتیکی کوردستان و بەتەناهیکردنی شوناس و دابونەریت و زمانی کوردی، لە سەردەمی دەسەڵاتی دوو پەهلەویدا (١٩٢٥-١٩٧٩) دەستی پێ کردووە و لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە درێژەی پێدراوە [ ٧ ] .
لە مەزنترین بەرخۆدانی کوردان لە ڕۆژهەڵات دژی بەفارسیکردنی ناسنامەیان لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا دەکرێ ئاماژە بدرێت بە ڕاپەڕینەکانی ئیسماعیل ئاغای شکاک /سمکۆ (١٩١٨-١٩٣٠) [ ٨ ] و، دواتر ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان بە ڕێبەریی قازی محەممەد، لە ساڵی ١٩٤٦دا، کە ناوەندەکەی شاری مەهاباد بوو. بەڵام کۆماری کوردستان دوای یازدە مانگ و لە دەرئەنجامی هێرشی دڕندانەی سپای ئێران بۆ سەر کوردستان و، لەسێدارەدانی قازی محەممەد و دەیان سەرکردەی دیکەی کورد کۆتایی پێ هات. سەرەڕای تەمەنی کورتی کۆمار، ئەم دامەزراوە کوردییە جێ پەنجەی لە پێکهاتنی شوناسی نەتەوەییی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا زۆر ڕەنگین بووە [ ٩ ] و بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە یادەوەری و گێڕانەوەی بەکۆمەڵی (collective memory and popular narrative) کورد بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی، هەروەکوو دەیڤید ڕۆمانۆ دەڵێت: “کۆمار لە ناخی کورددا ئیرادە و توانای خۆبەڕێوەبردنی بە زەقی و زیندوویی هێشتووەتەوە” [ ١٠ ] .
کورد لە ڕۆژهەڵات بەشداریی چالاکانەی لە شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دا هەبوو و، ڕووخانی ڕێژێمی پەهلەوی لەلایەن کوردەوە وەک دەرفەتێکی ئومێدبەخش و زێڕین بۆ دەستپێکی پەیوەندییەکی ئاشتییانە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و دابینکردنی سەربەخۆییی سیاسی و کولتووری بۆ کورد سەیر دەکرا. بەڵام بەداخەوە بۆ کوردەکان، لەلایەکەوە کاردانەوەی توندوتیژیی ڕێژیمی ئیسلامی بەرانبەر بە خواستەکانیان بۆ ئۆتۆنۆمی و لەلایەکی دیکەوە دژایەتیی کورد بەرانبەر بە دەسەڵات و بەهاکانی ڕێژیمی تازە دامەزراوی ئیسلامی، بوون بە هۆکاری پیکدادان و زیاتر میلیتاریزەکردن و بەتەناهیکردنی خاک و ژیان لە ڕۆژهەڵاتدا. بۆ وێنە لە کاتێکدا کوردەکان لە ئێران لە سەدا ١٢ بۆ ١٥ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێک دەهێنن [ ١١ ] ، لە دەیەکانی ڕابردوودا، بەپێی ڕاپۆرتە جیاوازەکانی “ڕاپۆرتدەری تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێراندا”، نزیکەی لە نیوە زیاتری زیندانییانی سیاسی و ئێعدامەکان لە ئێراندا پێک هاتووە لە چالاکانی سیاسی، کولتووری، ژینگەپارێزی و ئایینیی کورد. گۆشەگیری و لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد، میلیتاریزەکردنی بەرفراوانی کوردستان، بەئەنقەست گەشە پێنەکردنی کوردستان و تێکدانی ژینگەی مرۆیی و سروشتی و تاڵانکردنی سامانە سروشتییەکانی، لەو ڕێوشوێنانەن کە ڕێژیمی ئیسلامی لە شەڕی دژی کورد بەکاری هێناوە [ ١٢ ] . بەڵام لایەنێکی دیکەی شەڕی کۆماری ئیسلامی دژی کورد لە ڕۆژهەڵات هێرشێکی بێدەنگە بۆ بەئامانج گرتنی ناسنامەی نەتەوەیی و دابونەریتی کورد و تێکدانی یەکگرتووییی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا. لە کاتێکدا نموونەی یەکەم کە ئاماژەی پێکراوە، بە جۆرێک، بە بەرچاوی جیهانی دەوروبەردا ڕووی داوە، نموونەگەلی دووهەم کە دەتوانرێت وەک شەڕی دەروونی و نەرم ئاماژەیان پێ بکرێت، کە لە چوارچێوەیەکی جیاواز و شاراوە لە سەرنجی ڕەخنەگراندا بەڕێوە دەچێت.
لە کاتێکدا ململانێی ئێستای دەوڵەت و کورد لە ئێران مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم، سەرنجی ئەم لێکۆڵینەوەیە سنووردارە بە چوار دەیەی ڕابردوو و سەردەمی پەیوەندییەکانی کورد و دەوڵەت لە ئێرانی دوای سەردەمی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیدا. ئەم لێکۆڵینەوەیە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی هێرشە سەربازییەکانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئیران بۆ سەر ڕۆژهەڵات نییە کە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و وێرانکاری و زیانی ماددیی بەرفراوان، بەڵکو هەوڵ دەدات تیشک بخاتە سەر لایەنگەلێک کە لەم لێکۆڵینەوەیەدا وەکوو “لێدانی بێدەنگ” ئاماژەی پێ دەکرێت. هەروەک لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەکەم، ئەمە دەکرێ وەک شەڕێکی دەروونی و نەرم کە بەسەر کورددا سەپێنراوە و ئامانج لێی تێکدانی ناسنامە و یەکگرتووییی کۆمەڵایەتی و کولتووریی کوردە، هەوڵ بۆ ناوزڕاندن و لەناوبردنی ورە و مۆڕاڵی کورد لە ڕۆژهەڵات دەدات. بەو پێیە پاراستن، بەرەوپێشبردنی شوناس و دابونەریت و زمانی نەتەوەییی کورد سەرەکیترین ئەرکی بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد بووە، ڕێژیم هەوڵی داوە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی کولتووری جەماوەری (popular culture)، وەشاندن و بەرنامەی تەلەڤزێونی، سینەما و … هتد، ناسنامەی کوردی بچووک، ناشیرین و دواکەوتوو وێنا بکات. بۆ نموونە فیلمە ئێرانییەکان ساڵانێکی زۆرە هەوڵی ئەوە دەدەن کە وێنەیەکی ناشیرین و دێوەزمەئاسا (بەتایبەتی لە پیاوی کورد) پیشان بدەن و کورد وەک نەتەوەیەکی توندئاژۆ، دواکەوتوو و ناشارستانی بە نەتەوەکانی تری ئێران بناسێنێت. جگە لەوەش، لە ڕێگەی بەکرێگرتن و بەکارهینانی جاشەوە، ڕێژیم هەوڵی نانەوەی دووبەرەکی لەنێو کوردەکاندا داوە.
بەدرێژاییی مێژوو، ئامێرەکانی وەشاندن، چاپ و فۆڕمە نوێیەکانی تۆڕەکانی میدیایی (کۆمەڵایەتی)، ڕۆڵێکی گرنگیان لە بڵاوکردنەوەی زانست، زانیاری و کولتووری باودا هەبووە. بەڵام ئەم پلاتفۆڕمانە هەروەها لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەت – نەتەوەکانەوە (بۆ نموونە سیستەمی پەروەردە، سەربازی و دەزگا هەواڵگرییەکان) بە مەبەستی پڕوپاگەندە و بەهێزکردن و/یان سەپاندنی هەستی نەتەوایەتیی یەکدەست لەنێو دانیشتووانەکەیاندا بەکار هێنراوە. هەروەها ئەم میدیایانە ڕۆڵێکی گرنگیان لە ململانێ و کێبڕکێیە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا بینیوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان (non-state organisations) توانیویانە سوود لە شیوازی وەشاندن و میدیای نوێ وەربگرن لە بەرەوپێشبردنی دۆخ و ئامانجی خۆیاندا [ ١٣ ] . ڕێکخراوە پێشەنگەکانی بزووتنەوەی کوردی بەشێوەیەکی سیستماتیک ئەو میدیایانەیان بەکار هێناوە، پارتی کرێکارانی کوردستان(پکک) نموونەیەکی سەرکەوتوو بووە لەو بوارەدا. مێد-تیڤی (MED-TV)، یەکەم کەناڵی تەلەفزیۆنیی مانگی دەستکردی بە زمانی کوردی (و لەوانەیە یەکەم کەناڵی تەلەفزیۆنیی مانگی دەستکردی بەرچاو بێت کە گەلێکی بێدەوڵەت و چەوساوە بووبێت بە خاوەنی)، لە ساڵی ١٩٩٤ لە ئەوروپا دامەزراوە و لەلایەن کۆمیسیۆنی سەربەخۆی تەلەفزیۆنی بەریتانیاوە (Britain’s Independent Television Commission) مۆڵەتی وەشانی پێدراوە، ئامرازێکی بەهێز بوو لە پێشخستنی شوناسی نەتەوەیی و دابونەریتی کورددا، و تەحەدایەک بوو لە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان [ ١٤ ] . بە وتەی حەسەنپوور، ‘’ڕۆژانە مێد-تیڤی لەسەر نزیکەی دوو ملیۆن ماڵدا ئاڵای کورد بەرز دەکاتەوە. ئاشکرایە تورکیا لەگەڵ هەر سێلێکی مانگی دەستکرد وەک ئاڵایەکی کوردستان کە لەسەربانی هەموو بینایەک لە [باکووری کوردستان] هەڵکراوە، مامەڵە دەکات” [ ١٥ ] .
کۆماری ئیسلامی و لێدانی بێدەنگ (inaudible assault)
بەدرێژاییی میژووی ٤٤ ساڵەی کۆماری ئیسلامی، بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات زیندووترین و تواناترین هێزی دژبەر و بەرەنگاربووی ئەم ڕێژیمە بووە. لەبەرانبەردا، ڕێژیم بۆ لێدانی کورددا دەیان جۆر ڕێوشوێنی بەکار هێناوە. من لێرەدا دەستەواژەی “دەستدرێژی/لێدانی بێدەنگ (inaudible assault)”م بەکار هێناوە بۆ ئەوەی کە ئاماژە بەوە بکەم کە ڕێژیم شەڕێکی دەروونیی سیستماتیک و بێبەزەیییانە دژ بە کوردی ڕۆژهەڵات بەڕێوە دەبات بەبێ ئەوەی سەرنجی لێکۆلەرەوان و ڕەخنەگران بۆلای خۆی ڕابکێشیت. یەکەم دژواری لە ئەنجامدانی ئەم توێژینەوەیەدا پەیوەندی بە دۆزینەوەی داتای ڕەسەن و شیکاریی لاوەکییەوە هەیە، جا چ بە زمانی کوردی، فارسی، ئینگلیزی یان هەر زمانێکی دیکەی ئەورووپی بێت. هەروەک لە سەرەوەش ئاماژەم پێدا، ئەم کەماسییە پێوەندیی زۆری بە دژواریی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و کاری زانستی لەسەر کورد لە ڕۆژهەڵات هەیە.
سەرەڕای ئەم دژواری و بەربەستانەش، کۆمەڵێک سەرچاوەی بەسوود لەبەردەستدان. لەم ساڵانەی دواییدا ژوڕناڵی دوو زمانەی کوردی-فارسیی گۆڤاری تیشک بووەتە سەکۆیەکی فیکریی گرنگ بۆ لێکۆڵینەوەی ڕەخنەگرانە و زانستی لەسەر کۆمەڵێک بابەت و تەوەر وەکوو؛ ژینگە، میدیا، پەیوەندییەکانی کورد و دەوڵەت لە ڕوانگەی کۆلۆنیالیزمەوە، بەتەناهیکردنی کۆمەڵگای کوردی و، ئابووری سیاسیی کوردستان و … هتد. گۆڤاری تیشک گۆڤارێکی قازانجنەویستە (non-profit journal) کە لە لایەن کوردانی ڕۆژهەڵات، لە تاراوگە و کوردستانی باشوورەوە بەرهەم دەهێنرێت و بڵاو دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوشدا، زۆرێک لە بابەتەکان لەلایەن نووسەران بە ناوی خوازراوەوە لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات نووسراون. گۆڤارەکە هەنگاوێکی پڕ دەستکەوت بووە لە پڕکردنەوەی کەلێن و کەمیی بڵاوکراوە لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو سەرچاوانەی دیکە کە لەم لێکۆڵینەوەیەدا سوودیان لێ وەرگیراوە، بریتین لە بڵاڤۆک و بڵاوکراوەی ئۆنڵاین، ناوەڕۆکی سۆشیال میدیا (بۆ وێنە پۆستی فەیسبووک)، کورتە وتار و … هتد.
دەزگا و وەشاندنی دەوڵەتی لە ئێران ناسراو بە “ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران” (سازمان صدا و سیمای جمهوری اسلامی ایران) لەلایەن دەوڵەتەوە بەشێوەیەکی سیستماتیک بۆ هێرشکردنە سەر ناسنامە، کولتوور و زمانی نەتەوە غەیرەفارسەکان بەکار دەهێنرێت. بۆ وێنە، لە سەرەتای قۆناغی دوای شۆڕش، هاوکات لەگەڵ هێرشی سەربازی بۆ سەر کوردستان، ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕۆژنامە و بڵاوکراوە حکومەتییەکان هێرشێکی هەمەلایەنەی بۆ سەر گەلی کورد و بزووتنەوەکەیان لە ڕۆژهەڵات دەستی پێ کرد کە لە ئەنجامدا ناڕەزایەتی و ئیدانەکردنی کوردانی لێ کەوتەوە. سەرچاوەیەکی دیکەی داتا بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە، ئەو ماتریاڵانەن کە لەلایەن پلاتفۆڕم و میدیایەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە بەرهەم هێنراون و بڵاو کراونەتەوە کە پیوەندیان بە کورد (دابونەریت، ناسنامە و کۆمەڵگای کوردی)یەوە هەیە و دەرخەری ڕوانگەی دەوڵەت و نەتەوەی باڵادەستە لەسەر کورد. ئەمانە بریتین لە بەڵگەفیلم، دراما، زنجیرە تەلەفزیۆنی، فیلم و جۆرەکانی تری وەشاندن کە دەتوانرێت لە چوارچێوەی کولتووریی باودا ئاماژەی پێ بدرێت.
ئەم بەشە پێوەندی بە چەمکسازیی دەستدرێژی و لێدانی بێدەنگیی کۆماری ئیسلامی لە دژی کوردی ڕۆژهەڵات بە چاویلکەی شەڕی دەروونییەوە هەیە. بە سوودوەرگرتن لە بیرۆکەی چارترز (Charters) [ ١٦ ] دەکرێ بڵێین کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سیاسەتێکی بەردەوامی توندوتیژیی دەروونی دژی کوردی ڕۆژهەڵات پەیڕەو دەکات، بە ئامانجی هەڕەشەلێکردن، تۆقاندن، سووکایەتیکردن، داماڵین و داڕماندنی مۆڕاڵ و گۆشەگیرکردنی کۆمەڵگای کوردی. شەڕی دەروونی (Psychological warfare)، وەک چوارچێوەیەکی چەمکی و تیۆریک، ڕوونکردنەوەی جۆراوجۆر سەبارەت بەمە دەدات کە بۆچی و چۆن دەوڵەتان پشت بە بەکارهێنانی ڕێوشوێنی دەروونی دەبەستن لە شەڕ و بەربەرەکانێی خۆیان دژی دەوڵەتانی دیکە یان لە چوارچێوەی کێشە ناوخۆیییەکاندا. پۆڵ لاینبارگەر (Paul Linebarger)، زانایەکی پێشەنگ لە تیۆریزەکردنی شەڕی دەروونیدا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ‘’نە شەڕ و نە دەروونناسی بابەتێکی نوێ نییە [ ١٧ ] . هەر یەکەیان بەقەد مێژووی مرۆڤایەتی تەمەنیان هەیە’’. بەپێی ئەم ستراتیژییە، ‘’باشترین سەرکەوتن لە شەڕدا بە لەناوبردنی ئیرادەی دوژمنە بۆ بەرەنگاربوونەوە بەدەست دێت و، بە لەدەستدانی کەمترین توانای شەڕکردنی لایەنی هێرشبەر’’ [ ١٨ ] . شەڕی دەروونی بە شەڕێکی ناباو (unconventional war) پۆلێنبەندی دەکرێت، کە بەکارهێنانی زانستی دەروونناسی وەک سەرەکیترین ئامرازی ئەم شەڕە سەیر دەکرێت. ئەم جۆرە شەڕانە لە پڕۆسەیەکی توند و ئاڵۆز و بەردەوام پێک هاتووە، بۆ بێهێزکردنی دوژمن. ئەم جۆرە شەڕانە هەروەها بە شەڕی “دڵ و دەروون” یان “شەڕی بیر و ڕۆح” ناوزەد کراوە [ ١٩ ] .
لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە لە شەڕی دەروونی بوارێکی توێژینەوەی هاوچەرخە، مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لە نموونەی بێژماری ئەم جۆرە شەڕە، کە بە مەبەستی شکاندنی هێڵی دوژمن و سەرکەوتن لە شەڕەکاندا بەکار هێنراوە. ستراتیژیی سەربازیی زۆر کاریگەر کە پێکهاتەی دەروونیی سەرەکییان هەیە لەلایەن ئیمپراتۆرییە زلهێزەکانەوە وەک ڕۆمای کۆن و مەغۆلەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و ئیمپراتۆرییەتەکانی کۆلۆنیالیزمی ئەورووپیی سەدەی نۆزدەهەمەوە بە چڕوپڕی بەکار هێنراون. لە مێژووی هاوچەرخدا، لە کاتی جەنگی یەکەم و دووهەمی جیهانی و جەنگی ڤێتنامدا، شەڕی دەروونی بە چڕی لەلایەن بەشداربووانی ئەم شەڕانەوە بەکار هێنراون [ ٢٠ ] . بۆ نموونە، وەک لاینبارگەر ئاماژەی پێ دەدات “لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا، شەڕی دەروونی لە کەرەستەیەکی کەمبایەخەوە گۆزرایەوە بۆ ئامرازێکی سەربازیی گرنگ و کارتێکەر و، دواتر تەنانەت وەک ئەو چەکەی ئاماژەی پێدرا کە لە شەڕەکەدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا” [ ٢١ ] .
شەڕی دەروونیی مۆدێرن بەشێوەیەکی سیستەماتیک و پلانداڕێژراو زانستی دەروونناسیی مۆدێرن و تەکنەلۆژیا و میدیای جەماوەری و سۆشیال میدیای وەک شێوازی گرنگی جێبەجێکردن و بەئامانج گەیاندنی ئەم شەڕە بەکار هێناوە.
شەڕی دەروونی، بەپێچەوانەی شەڕی سەربازی، جۆرێکە لە هێزی نەرم کە لە زۆر حاڵەتدا توندوتیژی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و نادیار بۆ ترساندن و دروستکردنی دوودڵی و سەرلێشێواوی بەکار دەهێنێت. چالاکیی پلان بۆداڕێژراوی دەروونی وەک پڕوپاگەندە و چەواشەکردن و بێرێزی بە دابونەریت و هەست و ڕەفتاری بینەری ئامانجدار بەکار دەهێنرێن، یان بە ئامانجی گۆڕینی هەڵوێست و ڕەفتاری دوژمن. ئەم جۆرە شەڕە بۆ بەئامانج گرتنی عەقڵییەت و ڕەفتاری ئامانجەکەی هەوڵی بەدەستهێنانی سێ شتی هەیە: ئا) لاوازکردنی ئیرادەی نەیار بە دابەزاندنی ورەو و کەمکردنەوەی کارایی بە دروستکردنی گومان و ناتەبایی و ناڕەزایی؛ ب) خۆ بەدۆست وێناکردن لەلای ئامانجەکەی؛ و س) بەدەستهێنانی پشتگیریی کەسانی دوودڵ لە ڕیزی کۆمەڵگەی بەئامانجگیراودا. پڕوپاگەندە سەرەکیترین ئامرازی شەڕی دەروونییە و وەکوو ئامرازی “قەناعەت پێکردن بە ڕێگەی ناتوندوتیژ” وەسف دەکرێت [ ٢٢ ] . ئامانج لە پڕوپاگەندە گۆڕین و چەواشەکردنی هەڵسوکەوتی کۆمەڵگەیەکی بەئامانجکراوی دیاری کراوە. بەپێچەوانەی توندوتیژیی ڕاستەوخۆ کە دەرئەنجامە تێکدەرانەکانی لەبەرچاودان و ئامانجی گۆڕینی زۆرەملێی هەڵسوکەوتەکانە، پڕوپاگەندە ئامانجی هەمان شتە، بەڵام لە ڕێگەی باوەڕ پێهێنان و قایلکردنەوە.
پڕوپاگەندە پێک دێت لە بەکارهێنانی پلان بۆداڕێژراوی هەر جۆرە ئامراز و ڕێکارێک بۆ دانانی کاریگەری لەسەر دەروون و هەست و کردەی گرووپێکی دیاریکراو بۆ مەبەستێکی دیاریکراو، بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ بەڕێوەبردنی مرۆڤەکان لە ڕێگەی تێگەیشتن لە هەڵسوکەوت و گوفتار و کرداری گرووپی بەئامانج کراوەوە [ ٢٣ ] . پڕوپاگەندەی سیستماتیک، لەلایەن دەسەڵاتە ستەمکارەکانەوە بۆ شکۆمەندکردنی سەرکردەکانیان و ناشیرین نیشاندانی(بەدێوەزمەکردنی) دوژمنەکانیان بەکار دێن [ ٢٤ ] . بە وتەی جۆوێت و ئۆدۆنێل (Jowett and O’Donnell) ‘’شەرتی ناسین و دەستنیشانکردنی پەیامێک وەک پڕوپاگەندە ئەوەیە کە ئەم پەیامە ئامانجی شتێکی نەرێنی و ناشیرینە. ئەو وشانەی کە زۆرجار وەک هاوواتای پڕوپاگەندە بەکار دەهێنرێن، بریتین لە درۆ، چەواشەکاری و شێواندنی ڕاستییەکان، فێڵ، شەڕی دەروونی، مێشک شوردنەوە و … هتد’’ [ ٢٥ ] .
بەکارهێنانی پڕوپاگەندە بەشێکی دانەبڕاو بووە لە مێژووی مرۆڤایەتی و سەرچاوە فەلسەفی و تیۆرییەکانی دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن. لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەمدا، پێشکەوتن لە تەکنەلۆژیا، میدیا و تەکنەلۆژیاکانی تری پەیوەندیکردندا، کاریگەریی پڕوپاگەندەی زۆر زیاد کردووە. لە دوای ساڵی ١٩٤٥وە پڕوپاگەندە بوو بە چەکێکی سەرەکی لە ململانێی ئایدیۆلۆژیی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا. لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕی سارددا، چالاکییە تەبلیغییەکان لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بەردەوام بوون، بەڵام ئێستا تێکەڵەیەکی زۆر ئاڵۆزترن لە ئایدۆلۆژیا ی سیاسی و ئایینی و ئابووری [ ٢٦ ] . گەشەی ئینتەرنێت وای کردووە کە پلاتفۆڕمە نوێیەکانی سۆشیال میدیای وەک فەیسبووک، تویتەر، ئینستاگرام و یوتیوب و گووگڵ، بتوانن ببنە سەرچاوەیەکی بەرچاو و کۆنتڕۆڵنەکراوی بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاری لە سەرانسەری جیهاندا [ ٢٧ ] . هەروەها تەلەفزیۆن بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ گەیاندنی پەیامی مەبەستدار بەکار هێنراوە. ئەم ئامرازە میدیایییانە لەلایەن ڕێژیمە خۆسەپێنەکانەوە بۆ بەهێزکردنی شەرعییەتی خۆیان، بۆ بانگەشە و بڵاوکردنەوەی گوتاری خۆیان و بڵاوکردنەوەی زانیاریی درۆ بەکار دەهێنرێن.
ئەمڕۆ بەکارهێنانی بەربڵاوی ئینتەرنێت بووەتە هۆی ئەوەی پەیوەندیی زۆر فراوانتر و بەربڵاوتر لە پێشوو ڕوو بدات، بەڵام لە هەمان کاتدا، بووە بە ئامرازی زیادبوونی بەرچاوی بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندە، چەواشەکاری و هەواڵی درۆ (fake news) [ ٢٨ ] . لەلایەکی دیکەوە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیاش ڕۆڵێکی سەرەکی لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان، دروستکردن پەیوەندییەکان و بڵاوکردنەوەی زانیاریدا دەگێڕن. کۆماری ئیسلامیی ئیران لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردانی ڕۆژهەڵاتدا، شەڕی دەروونی و نەرم، و پڕوپاگەندە بەکار دەهێنێت. بۆ ئەم مەبەستەش میدیا ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە. ئەم بەشەی خوارەوە تیشک دەخاتە سەر سینەما و فیلم و جۆرەکانی تری وەشاندنی کولتووری جەماوەری لە ئێراندا کە لەم لێکۆڵینەوەیەدا وەک ئامرازی گرینگی شەڕی دەروونی لە دژی ناسنامە و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا ئاماژەیان پێ دەکرێت. لە ڕێگەی دروستکردنی هەزاران پەیج و ئەکاونتی ئینتەرنێتی و فەیسبووک و ئینستاگڕام و چاودێریکردنی هەموو پلاتفۆڕمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و چەواشەکارانە و پڕوپاگەندەوە، دەوڵەتی ئێران شەڕێکی دەروونی و نەرمی بەردەوام و چڕوپڕی دژ بە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات بەڕێوە دەبات [ ٢٩ ] .
میدیای ئێران وەک ناوەندی پڕوپاگەندە
لە هەر شوێنێک ئامرازی پەیوەندیکردن هەبێت، ئەو ئامرازە پۆتانسییەلی هەیە کە بۆ پڕوپاگەندە بەکار بێت. هەڵمەتە پڕوپاگەندەیییە هاوچەرخەکان هەموو ئەو ئامرازە سەردەمییانە بەکار دەهێنن کە لەبەردەستدان: فەیسبووک و تویتەر و پلاتفۆڕمەکانی تری سۆشیال میدیا بوونەتە ئامرازی گرنگی پەیوەندیکردن بۆ گرووپە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە سەرانسەری جیهاندا. بێگومان دەستڕاگەیشتن بە ئامرازە میدیایییەکان ئامرازێکی دەسەڵاتە کە دەتوانرێت لە خزمەتی شەڕی دەروونیدا وەگەڕ بخرێت [ ٣٠ ] . بزووتنەوە، زمان، کولتوور و ناسنامەی کورد ئامانجی سەرەکیی هێرشی میدیایی لە تورکیا، عێراق، سوریا و هەروەها ئێران بووە. نەبوونی میدیایەکی نیشتمانی بۆ بەرەوپێشبردن و بەرگریکردن لە کورد، وای کردووە ئەم میللەتە ببێتە ئامانجێکی ئاسان و بەردەوامی شەڕی دەروونی و پڕوپاگەندەییی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان [ ٣١ ] .
میدیا لە ئێراندا، وەک ئامێرێکی ئایدیۆلۆژی لەبەردەستی دەسەڵاتدا، خزمەت بە بەرهەمهێنان و سەپاندنی دەسەڵات و بەهاکانی پێکهاتەی باڵادەست دەکات. ئەم پلاتفۆڕمانە بە گەیاندنی پەیامی خوازراو، پێگەی “سووژەکە/ قوربانی” دیاری دەکەن. لە چوارچێوەی دەسەڵاتی پاوانخواز و ئاوتۆریتەی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، میدیا وەک ئامرازەکانی دیکە خزمەت بە پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی بەهاکان و هەژموونی کولتووریی پێکهاتەی باڵادەست و چەسپاندنی ئاسمیلەکردن دەکات [ ٣٢ ] . خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەدات کە؛ میدیا ئامرازێکی گرنگی دەسەڵاتە، کە ئەگەر لە دەستی دوژمندا بێت، دەبێتە ئامرازێکی مەترسیدار، چونکە کاریگەرییەکەی دەتوانێ هاوشێوەی چەکی بایۆلۆژی لە مەیدانی شەڕدا بێت [ ٣٣ ] .
بە هەمان شێوە هەموو چالاکییە کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتوورییەکانی دیکەی ئێران و سینەما ناتوانرێت بەشێوەیەکی جیاواز و دوور لە ئایدۆلۆژیای دەسەڵات لێک بدرێتەوە. ڕێژیم سەرەڕای کۆنەپەرست بوون، گرنگییەکی زۆری بە ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و سیاسیی سینەما داوە. خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی و یەکەمین ڕێبەری باڵای ئەو ڕێژیمە ڕایگەیاند کە پێویستە سینەما وەک ئامرازێک بۆ “پەروەردەکردنی خەڵک بەکار بهێنرێت [ ٣٤ ] و هەموو هونەرێک، دەبێ بۆ خزمەتی ئیسلام بەکار بهێنریت”. جا بەم هۆکارەوە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، ئەم دەسەڵاتە ڕوانینێکی تایبەتیی بەرانبەر بە سینەمای ئێرانی هەبوو و گرنگییەکی زۆری پێدا. ئەوەی ڕاستی بێ، فیلمەکان وەک ئامرازێک بۆ پڕوپاگەندەی دەوڵەت بەکار هاتوون و، ئامانجیان بەدیهێنانی کۆمەڵێک مەبەستی سیاسی و ئایدیۆلۆژییە؛ بەرپرسانی ئێران، لەناویاندا وەزیری ئیتلاعاتی پێشووی دەوڵەت، مەحموود عەلەوی، نایشارنەوە کە ‘’ئامانج لە بەکارهێنانی میدیای کاتبەسەر، “پەروەردەکردنی خەڵک” و “پاراستنی کۆمەڵگایە لە سیخوڕی” [دەستێوەردانی کولتووری]’’ [ ٣٥ ] . لێکۆڵینەوە لە سینەمای ئێران ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەمە ئامرازێکە بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی ئایدیۆلۆژی و پڕوپاگەندەیی، نەک تەنیا سەرچاوەی کاتی خۆش بەسەربردن [ ٣٦ ] . لەبەر ئەم هۆکارە زۆرێک لە فیلمە و دڕاما تەلەفزیۆنییەکانلە ژانێری [ ٣٧ ] ئەمنییەتی و سیاسیدا لەلایەن ژمارەیەکی کەم لە بەرهەمهێنەران و دەرهێنەرانەوە بە سپۆنسەری و تێوەگلانی سپای پاسدارانەوە بەرهەم هێنراون [ ٣٨ ] .
ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران تاکە دابینکەری فەرمیی وەشاندنی هەواڵ و فیلم لە ئێراندا و بە چەندین زمانی فارسی، کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی کار دەکات. ئەم ڕێکخراوەیە و لقەکانی سەربەخۆ نین، بەڵکو بەتەواوی لەلایەن دەسەڵاتەوە کونتڕۆڵ کراون. ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە وەک میدیایەکی بەهێز بۆ بە دەرخوارددانی مێژووی چەواشەکراو و هەواڵی ناڕاست بەکار هێنراوە [ ٣٩ ] . دژایەتیی جەماوەری ئێران بەرانبەر بەم ڕێکخراوەیە گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و بەشێک لە ئێرانییەکان وەک ڕیکخراوی “شەرمەزاریی خەڵک” سەیری دەکەن [ ٤٠ ] . بەپێی زانیارییەکان، لە دەیەی ڕابردوودا ئەم ڕێکخراوەیە دانپێدانانی زۆرەملێی لە لانیکەم ٣٥٥ کەس بڵاو کردووەتەوە و، وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزاییەتییەکان و ترساندنی چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بەکار هاتووە [ ٤١ ] .
ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامرازەکانی پەیوەندیی جەماوەری وەک ئۆرگانێکی سەرکوتکردنی دەوڵەت، بەکار دەهێنێت. ئەم ڕێکخراوەیە “وەک ناوەندێکی میدیایی کار دەکات کە تۆڕێکی فراوانی ڕێکخراوە ئەمنییەکان، هەواڵگری، سەربازی و دادوەرییەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە”. هاوکاریی نزیکی ئەم ڕێکخراوەیە لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران بووەتە هۆی بەشداریکردنی لە شەڕی نەرم دژی نەیارانی ڕێژیم. ڕاپۆرتێک کە لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ (FIDH) و ڕێکخراوی دادپەروەری بۆ ئێران (JFI) ئامادە و بڵاو کراوەتەوە، ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ‘’ئامرازێک بۆ بێدەنگکردن، شەرمەزارکردن، وەکوو دێوەزمە نیشاندان، سووکایەتیکردن، ترساندن، سزادان و تەنانەت ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوان، هاوکاریی پۆلیس و هەواڵگری و، وەکوو چەکی سەربازیی دەوڵەت ناوزەد دەکات’’ [ ٤٢ ] .
هاوکات لەگەڵ دژبەرانی دیکەی سیاسەتەکانی ڕێژیم، پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییە غەیرەفارس و غەیرەشیعەکان لە ئێراندا، قوربانیی سەرەکیی دانپێدانانی زۆرەملێ و تۆمەتە چەواشەکارییەکانی ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. چالاکانی ئەم پێکهاتانە بەزۆری بە جوداییخواز، توندڕەو و تیرۆریست ناوزەد دەکرێن. بۆ نموونە کورد بە دڕندە، دواکەوتوو، کۆمۆنیست و تیرۆریست ناوزەد دەکرێ؛ عەرەب وەک تیرۆریست، تەوەزل و توندوتیژیکەر و ئیسلامیی توندڕەو وێنا دەکرێ؛ و ئازەرییەکان بە هەمان شێوە وەک گەمژە، خۆپەرست و شۆڤێنیست نیشان دەدرێن [ ٤٣ ] . چالاکانی سیاسیی کورد، ژینگەپارێزان و ئەندامانی ئاساییی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان لە قوربانییەکانی ئەم ڕێکخراوەیەن. دۆسیەی زانیار و لۆقمان مورادی دوو ئامۆزای کورد کە لە مانگی ئاوگۆستی ساڵی ٢٠٠٩دا دەستبەسەر کرابوون و ڕامین حسێن پەناهی (چالاکی سیاسیی کورد) کە لە ٨ی سێپتەمبەری ٢٠١٨ لەسێدارە دراون، دوو نموونە لە دەیان نموونەن بۆ کەڵک وەرگرتن لە دانپێدانانی زۆرەملێ بە بەشداریی ڕۆژنامەنووسانی ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەشاندنی ئەمە لەلایەن هەمان ڕێکخراوەوە. دوا ئامانجی ئەم دانپێدانانە زۆرەملێیانە و نیشاندانیان لەلایەن ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ، پەیوەستە بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی چەواشەکاری، ناوزڕاندن و زیانگەیاندن بە ناوبانگی قوربانییان و هەوڵدان بۆ داماڵینی ورەی کۆمەڵگەی مەدەنی بە نیشاندانی کەسایەتییە دیارەکانی ئەو کۆمەڵگایە کە لەژێر لێپرسینەوەدا شکاون و، ئامادەن دان بە شتەکاندا بنێن [ ٤٤ ] .
لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، ڕێژیم کۆمەڵێک کەناڵی تەلەفزیۆنیی مانگی دەستکردیان بۆ بینەرانی فارس و غەیرەفارس دامەزراندووە، لەوانەش بۆ بینەرانی کورد و عەرەبزمان. ئەلعالەم، تەلەفزیۆنی سەحەر و تەلەفزیۆنی پرێس-تیڤی (Press-TV) چەند نموونەیەکن لەو تەلەفزیۆنانە. بۆ نموونە بینەری سەرەکیی تەلەفزیۆنی سەحەر، کوردانی باشوورن. هەروەها پلاتفۆڕمی میدیای ئۆنلاین لەوانە کوردپرێس، دیارونادیار، بۆڵتننیوز، کوردستانی ئێمروز، ئاکمانیوز، کوردتودەی و چەندانی تر لەلایەن سپای پاسداران و ئیتلاعاتی سپاوە دامەزراون و پشتیوانی کراون، بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و هەواڵی هەڵبەستراو بە ئامانجی لێدان و ناوزڕاندنی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات. ئەم ماڵپەڕانە دوو زمانەن و، ناوەرۆکێکی گشتگیریان لەسەر پرسە پەیوەندیدارەکانی کوردستان هەیە. هەوڵێکی چەواشەکارانە لەبابەت دامەزراندنی ئەم جۆرە پلاتفۆڕمە میدیایییانە بە زمانی کوردی ئەویە کە کۆماری ئیسلامی لای هێندێک کەسان تێگەیشتنێکی وای دروست کردووە کە ئەم جۆرە میدیا و ناوەندانە پەرە بە زمان و دابونەریتی کوردی دەدەن. بەڵام راستییەکەی، ئەم هەوڵانە بۆ زیاتر بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە و ناوزڕاندنی کوردە بە زمانی خۆیان. ڕێژیم لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئەم شەڕە نەرم و دەروونییەوە هەوڵ دەدات بەهاکانی کۆمەڵگەی بە ئامانجکراو دیاری بکات؛ هەر بەها و گوتارێکی دیکە کە ڕێژیم دوژمنایەتیی لەگەڵدا بکات و بە هیی خۆی نەزانیت، دەکەوێتە بەر هێرش و سووکایەتیکردنەوە. بەکارهێنانی دەسەڵاتی ڕەها و تاکڕەوانەی ڕێژێم لە ڕێگەی میدیاوە بە مەبەستی دامەزراندن و سەپاندنی هەژموونیی خۆی ئەنجام دەدرێت و، جۆرێکە لە توندوتیژیی سپی کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی نەرمەوە ئەنجام دەدرێت [ ٤٥ ] .
کورد لە سینەمای ئێراندا
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، بۆ هێرشکردنە سەر کورد کەڵکی لە سینەما و تەلەفزیۆن وەرگرتووە. سینەمای سپۆنسەرکراوی دەسەڵاتی ئێران بابەتێکی باشە بۆ سەرنج و تێگەیشتن لەو شەڕە دەروونییە کە کۆماری ئیسلامی دژی کورد لە ڕۆژهەڵات بەڕێوەی دەبات [ ٤٦ ] . لە سینەمای ئێراندا، کورد وەک کۆمەڵگەیەکی توندڕەو، دواکەوتوو، عەشایەر و تاوانکار دەردەکەوێت، تاوانبار بە سەربڕینی کەسانی بێگانە و کوشتن و خواردنی گۆشتی پاسدار. ڕێژیم بەردەوام هەوڵی داوە لە ڕێگای دروستکردن و نیشاندانی وێنەگەلێکی وەها نامرۆڤانە، کورد بە گەلانی ئێران دیکەی ئێران بناسێنێت. دابونەریت، جلوبەرگ و زمانی کوردی هەمووی لە فیلم و بەرنامە تەلەفزیۆنییە باوەکان و ڕۆژنامەکاندا گاڵتەیان پێ دەکرێت. فیلمە ئێرانییەکان کارەکتەرە کوردەکان لە کاتێکدا جلوبەرگی کوردییان لەبەردایە و هەڵسوکەوت و جووڵانی نامۆیان هەیە، بە شیوەیەکی ناشیرین و دێوانەئاسا نیشان دەدەن. وەک لە لێکۆڵینەوەکانی ئەردەلاندا، لەسەر سینەمای ئێران ئاماژەیان پێ دراوە، ئەم فیلمانە مەبەستیان ئەویە کە نیشان بدەن تەنیا کوردی ئاسمیلەبووی بەفارسیکراو دەتوانرێت شایستە و جێگای پەسەندی ئەو سیستمە بێت [ ٤٧ ] . بەڵام ئەم جۆرە سووکایەتیکردن و هەوڵی بەدێوەزمەکردنی کورد و، بڵاوکردنەوەی وێنەی چەواشەکارانە دەربارەی کوردستان و ڕووداوەکانی، شتێکی نوێ نییە. ڕووداو و هەوڵگەلێکی هاوشێوەی هێرشی میدیاییی ڕێژیم بۆ سەر کوردان لە ڕۆژهەڵات کە لەلایەن مێدیا جۆراوجۆرەکانی ڕێژیمەوە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەنجام دران کە بوونە هۆی تووڕەییی گشتی لە شارەکانی کوردستان [ ٤٨ ] . بۆ نموونە گۆڤاری “تهران مصور”، کە گۆڤارێکی مانگانەی فارسیزمان بوو، لەو سەردەمەدا تیشکی دەخستە سەر ئەو هێرشانەی دەکرانە سەر کوردستان و، دەڵێت: “ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆڵێکی وێرانکەر دەگێڕن و، ڕاستیی ڕووداوەکانی کوردستان چەواشە دەکەن” [ ٤٩ ] . بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردستان ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانی سینەمای ئێران بووە. بە بڕوای کۆمەڵێک لێکۆڵەری ڕۆژهەڵات، سینەمای ئێران ئامانجی ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوەیە بێبنەما و ناشەرعی نیشان بدات، کە خەباتکار و ڕێکخراوەکانی تەنیا بە فەرمانی ڕۆژئاوا و زلهێزەکانی دیکەی ناوچەکە هەنگاو هەڵدێنن. لە دوای ساڵی ١٩٧٩وە بە دەیان فیلم و بەناو بەڵگەفیلمی ڕێژیم تیشکیان خستووەتە سەر ڕووداو و پێکدادانەکانی کوردستان. زۆرێک لەو فیلمانە دەکەونە ژانری “دفاعی مقدس”ەوە، کە تیشکیان خستووەتە سەر شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵانی ١٩٨٠-١٩٨٨ دا.
ئەم فیلمانە هەوڵێکن بۆ شەرعییەتدان و پاساوهێنانەوە بۆ دڕندەییی ڕێژیم لە کوردستاندا، شکۆمەند و پیرۆز وێناکردنی کەسایەتی و سەرکردە سەربازی و میلیشیاکانی ڕێژیم بۆ وێنە؛ مستەفا چەمڕان، سەیادی شیرازی، محەممەد بوروجێردی، سادقی خەڵخاڵی و ناساندنی بزووتنەوەی کورد بە توندوتیژی و گەندەڵی. لەناو ئەم فیلمانەدا دەکرێ ئاماژە بە چەند نموونەیەکی وەکوو “زندان دولتو، کانی مانگا، حماسە درە شلر، چ، اشک سرما، شور شیرین، حکایت یک عشق، ایستادە در غبار، کویسنجق و روزهای ابدی” بکرێت. ئەمانە چەند نموونە لەو فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنییانەن کە لەلایەن دامەزراوەکانی سەر بە سپای پاسدارانەوە بۆ ناشیرین وێناکردنی بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد لە ڕۆژهەڵات لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئێستا بەرهەم هێنراون و بڵاو کراونەتەوە. لەو فیلمانەدا کە لە دەیەی هەشتاکان بەرهەم هێنراون، بەشێوەیەکی سەرەکی پێشمەرگە و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات ئامانجی هێرشەکان بوون. “کانی مانگا و حماسە درە شلر”، کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە سینەماکانی ئێران بڵاو کرانەوە، وێنەیەکی چەواشەکارانەیان لە تێکۆشەرانی کوردستان بڵاو کردەوە؛ کە لەوێدا کوردە شۆڕشگێڕەکان تەنانەت بەرانبەر بە گەلەکەی خۆیان وەک دڕندە، بێعەقڵ، گەندەڵیی ئەخلاقی، بێڕەحم و تێکدەر وێنا دەکران.
هەروەها فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنییە نوێیەکانێش درێژەدەری ئەو هێرشانەن، بەڵام ئەمانە هێندێک بڕگەی پەیوەست بە کولتووری جەماوەریشیان ئاوێتە کردووە و هێندێکیان ئەکتەر و/ یان بەرهەمهێنەرانی کورد تێیاندا بەشدارن [ ٥٠ ] . فیلمگەلێکی وەک “شور شیرین و حکایت عاشقی” کە لەم دوایییانەدا بەرهەم هێنراون و بڵاو کراونەتەوە، شۆخی و پێکەنین و، هەندێک جاریش بڕگەی ڕۆمانسییان ئاوێتە کراوە و کەمتر بەشێوەی ڕاستەوخۆ گرنگی بە شەڕ و ململانێ دەدەن، هەربۆیە بینەران و ڕەخنەگران بە شتی لاوەکییەوە سەرقاڵ دەکەن و لە سەرنجدانی ورد بە فاکتەری پڕوپاگەندەیی ئەم فیلمانە بەلاڕێیاندا دەبەن. زۆرێک لەو فیلمانە پیاوانی کورد بە ناپاک و نابەرپرس بەرانبەر بە کۆمەڵگا، بنەماڵە و هاوژینەکەیان وێنا دەکەن و لەوێدا ژنێکی کورد ئاشقی پاسدارێک دەبێت و پشت لە هاوسەرە کوردەکەی و بزووتنەوەی کوردستان دەکات و دەست دەکات بە هاوکاریکردنی سپای پاسداران لە کوردستاندا. فیلمی “حکایت یک عشق”یش لە بەرهەمهێنانی رمضانزدادە (٢٠١٥)، ئەو تایبەتمەندییانە لەخۆ دەگرێت. خاڵی هاوبەشی هەموو ئەم فیلمانە ئەوەیە کە ئەرتەشی ئێران و سپای پاسداران وەک فریادڕەسی کۆمەڵگەی کوردی وێنا دەکەن و کورد لە دەست دڕندەییی پێشمەرگە ڕزگار دەکەن و کوردستان لە مین پاک دەکەنەوە، لە هەمان کاتدا، کورد وا پەروەردە دەکەن کە گرنگی بە خۆشەویستی و پێکەوەژیان بدات. بە بڕوای ئەردەلان، پەیامی بچووککەرەوەی پەیوەندیی سۆزداریی ژنێکی کورد و پاسدارێکی فارس و ناپاکی و هەڵسوکەوتی نابەرپرسانەی پیاوێکی کورد بەرانبەر بە بنەماڵەکەی، بۆ هاندانی بینەری ئێرانی و، هەروەها ئەو کوردانەیە کە ئەمانە ئامانجی ئەم جۆرە فیلمانەن کە ئەو باوەڕیان لا دروست بکات کە “ڕێژیم بەبێ بەکارهێنانی چەک سەرکەوتوو بووە لە شکستهێنان بە کورد و بزووتنەوەکەیان و، سەرکەوتوو بووە لە دروستکردنی کوردی ئاسمیلەکراو کە بەتەواوی دڵسۆز و خەمخۆری کۆماری ئیسلامییە’’ [ ٥١ ] . لە ساڵی ٢٠١٥ بە دواوە ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی کورتەفیلم و بەڵگەفیلم شەڕی سینەماییی خۆی چروپڕ کردووەتەوە. لێرەدا، دەتوانین ئاماژە بدەین بە زنجیرە تەلەفزیۆنییەکەی “نون خ”، و فیلمە بەناو دۆکیۆمێنتارییەکانی “کویسنجق و لبە دوم تیغ”، و… هتد [ ٥٢ ] . “نون خ” ئەڵقەیەکی کۆمیدیایییە کە لەلایەن زۆرێک لە زانایان، ڕۆژنامەنووسان و ڕەخنەگرانی کوردەوە وەک یەکێکی دیکە لە هەڵمەتەکانی شەڕی دەروونیی ڕێژیم لە کوردستان و هەوڵێک بۆ بچووککردنی دابونەریت و ناسنامەی کوردی ئاماژەی پێ دەکرێت. ژمارەیەک لە ئەکتەرەکانی فیلمی “نون خ” کوردن، کە ڕەخنەگران ئەمە بە هەوڵی ڕێژیم دەزانن و بۆ سەلماندنی ئەوەی کە سەرکەوتوو بووە لە ئاسمیلەکردنی کورد لەگەڵ بەها و ڕوانگەکانیدا (value system) . “نون خ” ئیدانە و ناڕەزاییی چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکانی مەدەنی لە کوردستانی لێ کەوتەوە. ئەمە و زنجیرە فیلمە هاوشێوەکانی کاردانەوەی ڕێژیمە بەرانبەر بە هەڵکشانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی ئاستی نەتەوایەتیی کورد لە ڕۆژهەڵات و گرنگیدانی کوردان بە بەها و دابونەریت و ناسنامەی خۆیان. ئەم جۆرە پەرەسەندنەی هەست و خەباتی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵات لەلایەن ڕێژیمەوە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر هەژموونی کولتووری و سیاسیی فارسەکان لە ئێراندا سەیر دەکرێت. ڕای ڕەخنەگران سەبارەت بەم جۆرە بەرنامانە ئەوەیە کە ‘’کاتێک کۆلۆنیالیزمی ئێرانی ڕووبەڕووی هەڵکشانی ناسیۆنالیزمی کوردی دەبێتەوە، پێش ئەوەی ئەم ڕابوونە بگاتە ئامانج و لوتکە، ئەو هەڵ دەدات کە بە هێرشێکی تەواو میدیایی بیخنکێنێت و پێش بەم پەرەسەندنە بگرێت’’ [ ٥٣ ] . مەبەستی ڕێژیم لە بەرهەمهێنان و سپۆنسەرکردنی کولتووری جەماوەری، ئاسمیلەکردنی کوردە، بۆ نموونە ئەمە هەوڵدانێکە بۆ لەناوبردنی یەکگرتووییی کۆمەڵایەتی و کولتووریی کوردان و بۆ ئەوەی کە کوردەکان بێنە سەر ئەو باوەڕەی کە شوناسەکەیان بەشێکی بچووکە لە شوناسی فارسەکان. لەگەل ئەوەشدا، گرنگە ئاماژە بدەین کە ئەم جۆرە هەڵسوکەوتەی ڕێژێم سنووردار نییە بە کوردەوە. بەڵکو کۆماری ئیسلامی هەمان ڕێبازی سووکایەتیکردنی دژی نەتەوە غەیرەفارسەکانی دیکەی گرتووەتە بەر. بۆ نموونە زنجیرە تەلەفزیۆنییەکەی “فلیلە” بۆ بینەرێکی ئازەریزمان هەمان مەبەستی هەیە وەک ئەوەی کە “نون خ” بۆ کورد هەیەتی. “فلیلە”ش بە هەمان شێوە هێرشکردنە سەر دابونەریت و ناسنامەی ئازەرییەکانە و، ئەمەش بوو بە هۆی ئیدانەکردنی ئازەرییەکان و ڕاگرتنی وەشانی ئەم فیلمە لەلایەن ڕێژیمەوە. ناڕەزایەتیی هاوشێوە لە پارێزگای گیلان وەک کاردانەوە بەرانبەر بە زنجیرەیەکی دیکە بەناوی واریش ڕووی دا [ ٥٤ ] .
لقی ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای کوردستان (دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان)، بۆ یادی ٤٢ ساڵەی شۆڕشی ١٩٧٩، بەڵگەفیلمی “لبە دوم تیغ”ی بڵاو کردەوە. ئەمە وەکوو هەوڵێکی دیکەی ڕێژیم بوو بۆ شێواندن و چەواشەکردنی مێژووی بزووتنەوەی کوردستان و ناشیرین وێناکردنی ڕۆڵی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە سەردەمی شۆڕشی ١٩٧٩ دا، کە لەوێدا مۆرکی خایین بوون و، خزمەتکردنی بەرژەوەندی و ئەجێندای دەسەڵاتە دەرەکییەکان لێ بدات. لبە دوم تیغ لکاندنی ناشیانەی کۆمەڵێک ڕەخنەی کەسایەتییە سیاسی و مەدەنییە کوردەکان دەخاتە ڕوو کە لە میدیا جیاجیاکاندا باسیان لە خۆیان و سەرکردە سیاسی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە کردووە، بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕاستەوخۆ بڵاو کراونەتەوە. ئەم وتە و ڕەخنانە بە جۆرێک مۆنتاژ کراون کە خزمەت بە کارنامەی چەواشەکارانەی ڕێژیم بکەن. ئەم جۆرە بە قەول بەڵگەفیلم و سڕیالە تەلەفزیۆنیانە، بە بڕوای ناسری، ‘’ئامانجیان گێڕانەوەی ئەو ڕووداوانەی کوردستانە لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە، بە مەبەستی ناشیرین کردن و ناوزڕاندنی بزووتنەوەی کوردستان و وێناکردنیان بە توندوتیژی’’ [ ٥٥ ] . ڕاستییەکەی، ئەم بەرهەمانە تەنیا مەبەستیان خزمەت بە ماشێنێکی پڕوپاگەندەی بەرفراوانە کە ئەرکی ئەو تەنیا سووکایەتیکردن بە گەلی کوردە، نەک هەوڵێکی وریاکەرەوە و ئاگادارکردنەوە و دڵخۆشکەر. “لبە دوم تیغ” وەک زۆرێک لە بەرنامەکانی دیکەی “دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان”، بووە هۆی تووڕەییی چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد. بەهۆی خراپیی کوالێتیی بەرنامەکان و ناپەسەندبوونی “دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان”، بەشێوەیەکی باو لە کوردستان بەو ڕێکخراوەیە دەوترێت “جاش تیڤی” [ ٥٦ ] . هەرچەندە ڕژیم هەوڵ دەدات هەموو ئامرازەکانی فێڵکردن بەکار بهێنێت بۆ بەرزکردنەوەی ژمارەی بینەری بەرنامەکانی “دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان” کە بینەرێکی کەمیان هەیە. بۆ نموونە، کەناڵە تەلەفزیۆنییەکە پێش بڵاوبوونەوەی “لبە دوم تیغ” کورتەنامەی بۆ دانیشتووانی پارێزگاکە دەنارد و هانی دەدان لە کاتی وەشانی بەرنامەکەدا سەیری کاناڵەکە بکەن. [ ٥٧ ]
شەڕی داماڵین و تێکشکانی ورە
لە کاتێکدا ئامانجی سەرەکیی شەڕ دژی کورد لە ئێران، تورکیا، عێراق و سوریادا، ژێردەستەکردن و لەناوبردنی شوناس، زمان و دابونەریتی کوردە، ئەو ئامراز و ڕێکارانەی کە ئەم دەوڵەتە داگیرکەرانە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دژە کوردانەیان بەکاریان هێناوە، جیاواز بوون. بۆ نموونە کۆماری تورکیا هەر لە کاتی دامەزراندنییەوە لە ساڵی ١٩٢٣، حاشای لە بوونی نەتەوەی کورد کردووە و، چەندین کۆمەڵکوژی وەک کۆمەڵکوژیی دێرسیمی لە ساڵانی ١٩٣٦-١٩٣٧ ئەنجام داوە. هەڵمەتەکانی جینۆسایدیی دەوڵەتی عێراق، ناسراو بە ئەنفال لە ماوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی ٢٠٠٠٠ هەزار کورد. ئەم جۆرە بەکۆمەڵ کوشتنەی کورد لە تورکیا و عێراقدا، بووەتە هۆی ئەوەی جیهانی دەرەوە (سەرەڕای نەبوونی کاردانەوە و یارمەتییان بۆ کوردان) زیاتر ئاشنا بووبێت بە هەلومەرجیان. بەڵام لە ئێران، بەتایبەتی لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا، سەرەڕای ئازارەکانی کورد لە دەرئەنجامی سیاسەتی داپڵۆسێنەری دەوڵەتەوە، ئازار و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی لە ڕۆژهەڵات تاڕادەیەکی زۆر بۆ جیهانی دەرەوەی ئێران و کوردستان نەناسراوە و پشتگوێ خراوە. ئەم پشتگوێخستنە بەرهەمی ستراتیژیی دەوڵەتە لە شەڕی خۆی دژی کورد. لە ئێراندا ئامرازەکانی لەناوبردنی گەلی کورد، زمان و دابونەریتی فرەجۆرن. لە کاتێکدا، میلیتاریزەکردنی چڕوپڕی کوردستان و بەتەناهیکردنی هەموو لایەنەکانی ژیان، کولتوور و کۆمەڵگا لەم ناوچەیەدا بەرهەمی سیاسەتی دژە کوردە لە ئێران، ڕێژیم بەپشتبەستن بە شەڕی نەرم و دەروونی و کەمی لە ژمارە، بەڵام بە بەردەوام لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسی، ئایینی و مەدەنیی کورد، ئەو ڕاستییەی گووتەکەی ئاندرسۆن (Anderson,) مان وەبیر دێنێتەوە کە ئەوەی دەگوزەرێت جینۆسایدێکی سارد یان هێواشە [ ٥٨ ] . ئێران توانیویەتی زیرەکانە ئەو جۆرە جێنۆسایدە لە کۆمەڵگەی جیهانی بشارێتەوە و هەلومەرجەکە چەواشە بکات، تا ئەو ڕادەیە کە تەنانەت بەشێک لە کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستان پێیان وایە لە هەڵسەنگاندن لەگەڵ داگیرکەرانی دیکەی کوردستاندا دەوڵەتی ئێران لەبەرانبەر کوردان لەو وڵاتەدا سیاسەتێکی ئاشتییانەتر پەیڕەو دەکات. ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە بووەتە هۆی کەم بوون و هێندێک جار نەبوونی هاودەنگی و هاسۆزیی خەڵک و بزووتنەوە کوردییەکان لە بەشە جیاجیاکانی دیکەی کوردستان لەگەڵ کورد لە ڕۆژهەڵات.
هەروەک کڵەو(Clow) ئاماژەی پێ دەدات، ئامانجی سەرەکیی شەڕی دەروونی و بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندە، بێهێزکردن و داڕمانی ورەی لایەنی ئامانجە، هەروەها ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم جۆرە شەڕە پڕۆسەیەکی وێرانکەر، ئاڵۆز و بەردەوامە، کە دەتوانرێت بە شەڕی بەئامانج کردن و لێدانی “بیر و دەروون” ناو ببرێت [ ٥٩ ] . بەدرێژاییی مێژووی خەباتی کورد، داگیرکەران سەرچاوەیەکی بێنەهایەت زۆری ماددی و مرۆیییان بۆ بەڕێوەبردنی ئەم شەڕە تەرخان کردووە. لە کاتێکدا، لەناوبردن و ئاسمیلەکردنی کورد سەرەکیترین مەبەستی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان لە بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە شەڕانە بووە، لێدان لە یەکگرتوویی و داڕمانی ورەی تاک و کۆمەڵگای کوردی تا ئاستی وازهێنان لە بزووتنەوەی کوردستان یەکێکی تر لە ئارمانجەکانی ئەم جۆرە شەڕانەیە. لێدان لە ورەی کۆمەڵگای کوردی، ئامانجێکی سەرەکیی شەڕی دەروونیی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵات بووە، بۆ بە ئامانج گەیاندنی ئەم مەبەستەش، ڕێژیم لە بڵاوکردنەوەی درۆ، پڕوپاگەندە و زانیاریی ناڕاست و گێڕانەوەی چەواشەکارانە سەبارەت بە بزووتنەوە، پارتە سیاسییەکان و سەرکردەکانی کوردستان بە چڕوپڕی کەڵکی وەرگرتووە. چاندنی تۆوی دووبەرەکی لەناو بزووتنەوەی کوردستان و بەتایبەتی دروستکردنی دووبەرەکی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگای کوردیدا ئامانجێکی سەرەکییە بۆ بڵاوکردنەوەی گێڕانەوەی چەواشەکارانە سەبارەت بە بزووتنەوەی کوردستان. ڕێژیم بەڵگەفیلمی چەواشەکارانە و پڕ لە درۆ و تۆمەت لەسەر ڕووداو و ساتەوەختە گرنگەکانی بزووتنەوەی کوردستان وەک ئەو ڕووداوانەی کە لە حەوتوو و مانگەکانی دوای شۆڕشی ١٩٧٩ و پێکدادانەکانی ئەم دوایییەی کەمپەینی ڕاسان (وەک لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەدرێت) بەرهەم هێناوە و بڵاویان دەکاتەوە ، بە مەبەستی لێدان لە هەستی کورد و چاندنی تۆی نائومێدی لەناو بزووتنەوەکەدا [ ٦٠ ] .
بەڵام نووسراوە و سەرچاوە سنووردارەکانی سەبارەت بە ململانێی دەوڵەت و کورد لە ئێراندا، ئاماژە بە بوونی ڕوانگەیەکی دیکەش دەکات. بەپێی ئەم سەرچاوانە، سیاسەتی سەرکوتکارانەی کۆماری ئێسلامی لە ڕۆژهەڵاتدا بەرهەم و درێژەی ڕێڕەوێکی مێژوویییە کە ڕەگ و ڕیشەی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا هەیە و، لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەوە لە ئێران، بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد بەردەوام لەلایەن ناوەندەوە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی ئەو وڵاتە سەیر کراوە. نوخبە دەسەڵاتدارە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران بە بەردەوامی بە دڵەڕاوکێ و ترسەوە لە بەرزبوونەوەی بێپسانەوەی ئاستی ڕامیاری و نەتەوەییی کوردیان لە ڕۆژهەڵات ڕوانیوە. بە بڕوای ئەکبەرزادە و هاوکارانی “تا چەند کورد – یان هەڵکشانی وریاییی نەتەوەییی کورد – مەترسی دروست دەکات لەسەر یەکپارچەییی ئێران، بابەتێکی کراوەیە بۆ مشتومڕ. ڕەنگە مرۆڤ وا گریمانە بکات کە ڕووداوە مێژوویییەکان لە تێڕوانینی تاراندا بوونەتە هۆی ئەوە کە ناوەند بە چاوی ترسەوە سەیری کورد بکات و، لە ئاکامدا ئەمەش وەک پاسا بۆ بەتەناهیکردنی خواستی کوردان بەکار بهێنێت’’ [ ٦١ ] .
ئەو هێرش و لێدانە بێدەنگ و شاراوەیەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کورد و بەرپەرچدانەوەی کوردی ڕۆژهەڵات بەرانبەر بەمە، بووەتە هۆی گەشەسەندنی بەرچاوی وریایی و گرنگیدانی کوردان بە ناسنامەی کوردیی خۆیان و نامۆبوون و دوورکەوتنەوەیان لە ناسنامەی ئێرانی. بە وتەی ئەکبەرزادە و هاوکارانی، ئەم پێشهاتانە “لە کۆتاییدا ئاسایشی کۆماری ئیسلامی تێک دەدەن” [ ٦٢ ] . بەهۆی سروشتی میلیتاریزەبوونی ڕۆژهەڵات، ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە ناوچەکەدا، بۆ وردتر ئاماژەکردن بە کاریگەرییەکانی شەڕی دەروونیی ڕێژیم ئەرکەکە لەڕادەبەدەر قورسە. بەڵام سەرەڕای ئەو باجە بێئەندازەیەی کورد لە ڕووی گیانلەدەستدانی مرۆڤەکان، مەینەتی و سەرکوتکردنییەوە بەسەری هاتووە، ئەو ڕۆڵە ئایدیۆلۆژی، ڕێکخراوەیی و سیاسییەی کوردستان لە سەردەمی ڕاپەڕینی ئەم دوایییەی ئێراندا بینیویەتی، پشتیوانی لەو گریمانە و ئارگیومێنتانە دەکات کە هێرشی دڕندانە و هەمەلایەنەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و هەوڵەکانی بۆ ئاسمیلەکردن و دێوەزمە وێناکردنی گەلی کورد تا ئاستێکی بەرز شکستی هێناوە [ ٦٣ ] . بە وتەی ئەکبەرزادە و هاوکارانی، “ڕاستییەکەی، هیچ ئاماژەیەک بە بوونی هاوسۆزی و هاودڵی لەنێوان کوردانی ئێران و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا نییە. لە ڕووی مێژوویییەوە، نەبوونی هاوسوزییەکی وەها، لە گرنگترین فاکتەرەکانی بزووتنەوە دژبەرییەکەی کوردستان بووە، جا بۆیە ئەمە سەرچاوەیەکی گرنگی نیگەرانیی حکومەتی ناوەندی بووە لە ئێراندا’’ [ ٦٤ ] .
چالاکیی ئۆنلاین و سایبرئەکتیڤیزمی کوردی
لە کۆتایییەکانی دەیەی ڕابردوودا، ڕادەی چالاکیی ئۆنلاین و بەکارهێنانی پلاتفۆڕمە جیاوازەکانی سۆشیال میدیا بۆ مەبەستی سیاسی لەنێو کورداندا بەشێوەیەکی ڕیزبەندی و خێرا هەڵکشاوە. سۆشیال میدیا و ئامرازەکانی تری پەیوەندیی ئۆنلاین و دیجیتاڵی، دەرفەتی زۆریان بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات و پارچەکانی دیکەی کوردستان بۆ خزمەت بە بزووتنەوەکەیان ڕەخساندووە. بۆ وێنە ئەم ئامرازانە لەلایەن کوردەکانەوە بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی زمانی کوردی، پەرەپێدانی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان کەڵکیان لێ وەرگیراوە. ئەمانە شێوازگەلێکن کە کورد لە جیهانی شەڕی ناهاوسەنگدا بۆ خزمەت و بەرەوپێشبردنی دۆخی خۆیان بەکاری دەهێنن. لە سایەی دەرکەوتنی زۆرێک لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا و ئامرازە دیجیتاڵییەکانی تری پەیوەندیی نێوان لایەنە دژبەرەکانی جووڵانەوەی کوردستان، تاکەکان و کۆمەڵگا بەرەوپێشچوونیان بەخۆیەوە بینیوە. چالاکیی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی (online and cyber activism) بەشێوەیەکی سەرەکی لەنێو ڕەوەندی کوردانی ڕۆژهەڵاتی لە تاراوگە بۆ وێنە ئەوانەی نیشتەجێی ئەورووپا و ئەمریکای باکوورن، بۆ ئیدانەکردن و لەقاودانی سیاسەتە ستەمکارەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بەکار دەهێنرێت. لە ساڵانی ٢٠١٥-٢٠٢٣ دا کۆمەڵێک هەڵمەتی هاشتاگی بەرفراوان کراوە بۆ ئیدانەکردنی لەسێدارەدان، گۆشەگیرکردنی چالاکانی سیاسی، ژینگەپارێزی و مەدەنی لەلایەن ڕێژیمەوە، لەنێویاندا کۆشتنی ژینا ئەمینی. دامەزراندنی گۆڤار و ڕۆژنامەی دوو زمانەی (فارسی و کوردی)ی ئۆنلاین، بەشێکی دیکەی گرنگی چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکانە لە ڕۆژهەڵات و لە سەردەمی دیجیتاڵیدا.
ئەم ڕەوتی گەشەسەندنە لە کۆتایییەکانی دەیەی نەوەدەوە دەستی پێ کردووە و سەرەڕای بەتەناهیبوونی چڕوپڕی هەمەلایەنەی بوارە جیاوازەکانی ژیان، ئەم پڕۆسەیە هەتاکوو ئێستاش بەردەوامە. بەڵام لە هەمان کاتدا دەزگاکانی دەوڵەت و لە ناویاندا سپای پاسداران بە چڕوپڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست سەبارەت بە کوردستان بەکار دێنن، بە ئامانجی ئەنجامدانی شێوە جیاوازەکانی شەڕی دەروونی، لە ناویاندا پەلاماردانی دابونەریت و ناسنامەی کورد. ئەمەش لە کاتێکدا ڕووی داوە کە پارتە سیاسییە کوردییەکان، دوای نزیکەی دوو دەیە لە دابەزینی ئاستی چالاکییەکان (١٩٩٦-٢٠١٥)، دەستیان کردەوە بە وەرزێکی نوێ لە بەربەرەکانێ دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتدا [ ٦٥ ] . بۆ وێنە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەکیترین ڕێکخراوی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، پاش ڕاگەیاندنی هەڵمەتی “ڕاسانی ڕۆژهەڵات” ڕۆحێکی نوێی خستە ناو جەستەی خەباتی سیاسی و فەرهەنگیی کورد لە ئێران. ڕێژیم تووشی ئاستەنگیی سیاسی و ئابووریی بەرچاو بووە و، دڵەراوکێی هەیە لە سەرهەڵدانی هەر ئۆپۆزسیۆنێکی سیستماتیک و جەماوەری، وەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان کە لە سەردەمی دوای ١٩٧٩وە ئالێنگاریی گەورەی بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان دروست کردووە. بە وتەی بەهاری، بزووتنەوەی کورد “ڕەنگە لە داهاتوودا ببێتە دەروازەی دێموکراسی و هێمای ئازادی. بەم شێوەیە وای لە حاکمەکانی تاران کردووە کە هێزێکی زۆر بۆ دژایەتیی پێگەی سیاسیی کورد تەرخان بکەن” [ ٦٦ ] .
کوردانی تاراوگە وەک ڕەوەندێکی بێدەوڵەت-نەتەوە [ ٦٧ ] ، کەڵکیان لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی مۆدێرن وەک چاپ و وەشاندن، ئینتەرنێت و جۆرەکانی تری تەکنۆلۆژیای پەیوەندیی دیجیتاڵی وەرگرتووە بۆ بەرەوپێشبردنی جیهانبینییەکی تایبەت بە کورد [ ٦٨ ] . سۆشیال میدیا و پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکانی دیکە، کۆمەڵگەی مەجازییان بۆ دابین کردووە کە کورد بەشێوەیەکی چالاکانە بۆ چڕکردنەوەی خەباتی سیاسیی خۆی بەکاری بێنێت. بەکارهێنانی سۆشیال میدیا و سایبر ئەکتیڤیزم لەلایەن ڕێکخراو و کەسانی سیاسیی کورد لە تاراوگە لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ئامرازەکانی پەیوەندییە جەماوەرییە دیجیتاڵییەکان بە چەندین شێوە بۆ بەرهەمهێنانی زانیاری، هەڵمەتەکانی هۆشیاری و گفتوگۆی نێوان ئایدولۆژی و ڕوانگە جیاوازەکاندا بەکار دەهێنرێن. بۆ وێنە گۆڤاری تیشک، کە لە ئێستادا لەنێو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا جێگە و پێگەی خۆی هەیە، تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی بۆ بەرهەمهێنان، چاپکردن و بڵاوکردنەوەی جۆرە جیاوازەکانی زانیاری بەکار دەهێنێت، بۆ نموونە بۆ بەرهەمهێنانی پۆدکاستی پەیوەست بە کوردستان و بزووتنەوەی کوردی و، بەڕێوەبردنی سیمینار و جڤاکی بەردەوامی ئۆنلاین کە پسپۆڕان و سیاسەتمەداران تێیدا بەشدار دەبن. سەرەڕای دەسەڵاتی دیکتاتۆرییانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، دەکرێ لە ناوخۆی ئێراندا کەسانی تامەزرۆ بە تێچوویەکی ئابووریی زۆر کەمەوە دەستیان بەم زانیارییانە ڕابگات کە تیشک بەرهەمیان دێنێت و بڵاویان دەکاتەوە. لەسەر ئاستی ڕۆژانە، پلاتفۆڕمە جیاوازەکانی سۆشیال میدیا لەوانەش فەیسبووک و تویتەر بۆ بەڕێوەبردنی هەڵمەتە سیاسییەکان لە چوارچێوەی سایبر ئەکتیڤیزم و بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر بزووتنەوەکە لە ناوخۆ و تاراوگە بەکار دەهێنرێن. هەروەها، ئەم جۆرە فۆڕمانەی ڕاگەیاندن سەکۆیەکن بۆ ململانێی نێوان گوتار، ئایدۆلۆژیا و ڕوانگە سیاسییە جیاوازەکان.
وەک پێشهاتێکی ئەم دوایییانە، دوای ڕاپەڕینەکانی ساڵی ٢٠٢٢ی ئێران، سایبر ئەکتیڤیزمی کوردی چڕتر بووەتەوە (بەتایبەت لە تویتەر)، کە ئەکادیمیسیەن و چالاکانی سیاسیی کوردی دژبەری خۆیان بۆ گوتار و ڕوانگە نادێمۆکراتیکەکان (بۆ نموونە ئەو گوتارانەی کە لەلایەن گرووپی سەڵتەنەتتەڵەبە ئێرانییەکانەوە هاتوونەتە ئاراوە) بۆ ئێرانی دوای گۆڕینی ڕێژیم، لە هەمان کاتدا، زانیاری دەربارەی ڕووداوەکانی ناو ئێران و کوردستان بە زمانە جیاجیاکان، لەوانەش ئینگلیزی، بۆ کۆمەڵگەی جیهانی بڵاو دەکرێتەوە. لایەنێکی تری چالاکیی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی، بەکارهێنانی لایڤستریمی سۆشیال میدیایە بۆ ئاسانکاریی گفتوگۆی گشتی لەنێوان (کۆنە) ئەندامانی پارتە سیاسییە کوردییەکانی لە ناویاندا حیزبی دێمۆکڕات، کۆمەڵە، پژاک و خەبات، بۆ باسکردنی ڕوانگە و بۆچوونی خۆیان. ئەم گفتوگۆیانە هەندێک جار ڕا و ڕوانگەی ڕەخنەگرانەیە لە ئەدای سەرکردایەتیی بزووتنەوەی کوردی و پەیوەندییەکانی نێوان ڕێکخراوەکان، کە هەندێک جار پێکدادانی چەکداری و جۆرەکانی دیکەی ناتەباییی لە نێو و دەرەوەی ڕێکخراوەکانی لێ کەوتووەتەوە. بەتایبەتی شەڕی براکوژیی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، بابەتی مشتومڕی چڕوپڕی ئۆنلاین و لایڤستریمی فەیسبووک بووە، کە تێیدا ڕۆڵ و ئەرکی سەرکردایەتیی حیزبە سیاسییە کوردییەکان بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە دێتە بەرباس. بەڵام هەرگیز بزووتنەوەی کورد و ئامانجە گشتییەکانی لە ڕێگەی ئەو جۆرە وتووێژە ئۆنلاینانەوە نەخراوەتە ژێر پرسیارەوە؛ ڕەخنەکان سنووردارن بە لایەنە سیاسییەکان و ڕۆڵی سەرکردایەتییەکانیان. سەرەڕای ئەوەش، بەڵگەفیلمی “لبە دوم تیغ”، هەروەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ درا، ئاشکرای دەکات کە ڕێژیم لە نزیکەوە و بەوردی چاودێریی چالاکیی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنیی کوردان دەکات. لە کاتێکدا، “لبە دوم تیغ” چەواشەکاریی مێژوویییە، بەڵام ڕێژیم سوودی لە گفتوگۆی ئۆنلاینی چالاکانی کورد وەرگرتووە بۆ ئەوەی هەوڵی ئەوە بدات کە حیزبەکانیان وەک دۆڕاو وێنا بکات و پێیان بڵێت هەر بزووتنەوەیەک دژایەتیی ئەو دەسەڵاتە بکات، ئەوە مەحکومە بە شکان و دۆڕان.
جگە لەوەش، سەرەڕای سنوورداربوونی سەرچاوەی ئابووریی کوردان، بەکارهێنانی تەلەفزیۆنی مانگی دەستکرد و تەکنەلۆژیا و ئامرازەکانی وەشان بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر دۆز و ناسنامەی کورد بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێوازە جۆراوجۆرەکانی پڕوپاگەندەی کۆماری ئیسلامییەوە، لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمەوە ئەم ڕەوتە گەشەی سەندووە. بۆ وێنە، زۆرێک لە پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، ئێستا کەناڵی تەلەفزیۆنیی تایبەت بەخۆیان هەیە، وەکو کورد-کاناڵی حیزبی دێموکرات، تەلەفزیۆنی ستێرکی پەژاک و تەلەفزیۆنی کۆمەڵەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە نووسینگە سەرەکییەکانیان لە پایتەختە ئەورووپایییەکانە. جگە لەوەش سینەمای کوردی پلاتفۆڕمێکی دیکە بووە، کە وەک ئامرازی گرنگ بۆ ناساندنی لایەنە جیاوازەکانی ژیان و سیاسەت لە کوردستاندا بەشێوەیەکی ڕیزبەندی گەشەی کردووە [ ٦٩ ] . ڕۆڵی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی فیلمی کوردی لەم ساڵانەی دواییدا چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی کوردستان جێگەی سەرنجە. بە وتەی سونجەم کۆچەر، “دواتر و هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکان بۆ یەکخستنی بەرهەمی کولتووری کوردی لە ڕەوەنددا، ڕۆشنبیرانی کورد هەوڵیان داوە کە سینەمای کوردی وەک چوارچێوەیەکی گرنگ بۆ پێناسەکردنی کورد بەکار بهێنن’’ [ ٧٠ ] . لەنێو چالاکییە سینەمایییەکانی دیکەی ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، دەکرێت ئاماژە بدرێت بە فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن کە لە ساڵی ٢٠٠١ەوە وەک مۆدێلێکی دیکەی سەرکەوتووی چالاکیی ڕەوەندی تاراوگەی کوردی لە شارەکانی ئەورووپا و ئەمریکا و ئوستڕالیا هەنگاوی هەڵ هێناوە.
جاش: ئامرازێکی دیکەی شەڕی دەروونی
هاوتەریب لەگەڵ ئەو شەڕە دەروونییەی سەرەوە کە لە ڕێگەی وەشان، سینەما و تەلەفزیۆنەوە ئەنجام دەدرێت، ڕێژیم جاش لە شەڕی سەربازی دژی بزووتنەوەی کوردستان بەکار دێنێت بۆ سیخوڕیکردن لەسەر چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە ڕۆژهەڵات [ ٧١ ] . جاش، “هاوکار و ئامرازە خۆجێییەکانی دەسەڵاتی داگیرکەر لە سەردەمی ململانێی کورد و ڕێژیم لە ئێراندا و هێزێکی کاریگەربوون بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەند دوای داگیرکرانی کوردستان’’ [ ٧٢١ ] . جاش وەکوو ئامرازی داگیر نەک تەنیا لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بەڵکو لەلایەن ڕێژیمەکانی دیکەی داگیرکەری کوردستانەوە بەکار هێنراون. بۆ نموونە لە کوردستانی عێراق جاش ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە جێبەجێ کردنی هەڵمەتی جینۆسایدی ئەنفالی سەدام حوسێن کە لە ئەنجامدا زیاتر لە ٢٠٠٠٠٠ کوردی بێتاوان لە کۆتاییی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا گیانیان لەدەستدا. جاش، یان قۆروچی لە کوردستانی تورکیا، ئەرکێکی وێرانکەری هاوشێوەیان هەبووە، کە بەتەواوی لە کوردە هاوکارەکانی داگیرکەرانی کوردستان پێک هاتووە و بەشێوەیەکی سەرەکی خەڵکی گوندەکانن.
لە ئێران، جاشەکان لەلایەن ڕێژیمەوە بە پێشمەرگەی موسۆلمان ناو دەبرێن و کەڵک لە شارەزاییی خۆجێییان وەرگیراوە لە شەڕ دژی بزووتنەوەی کورد و، پرش و بڵاوکردنەوەی وزەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد. ئەم سیاسەتە بۆ یەکەم جار لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ڕێگەی سپۆنسەرکردن و پڕچەککردنی عەشیرەتەکان و کۆنە فیۆدالە خاوەن زەوییەکانەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی دەسەڵاتی پارتە سیاسییە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵات جێبەجێ کرا. لە ڕوانگەی سەربازییەوە، جاش لەنێوان ساڵانی ١٩٨٣ تا ١٩٨٦دا خزمەتێکی گرنگی بە ڕێژیم کرد لە داگیرکردنی کوردستاندا؛ بەڵام ئەم هێزە هەرگیز سەرکەوتوو نەبوو لە شەرعییەتدان بە بوونی سەربازیی ڕێژیم لە کوردستان و لەنێو خەڵکدا [ ٧٣ ] . دیاردەی جاشایەتی بووەتە هۆی دواکەوتنی پڕۆسەی ڕزگاریی کورد و کوردستان، زۆرێک لە جاشەکان بەشدارییان لە تێکدان و جینۆسایدی ناسنامەی کورد و، ڕاستەوخۆش پارێزگارییان لە هەژموونی و بەهێزکردن و سەروەریی داگیرکەر لە کوردستان کردووە. چالاکێک بە نازناوی ن. ح پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئایا “بەبێ ئەو چەکدارە کوردانەی کە لەژێر ڕێنماییی کەسانێکی وەکوو خەڵخاڵی و چەمڕان و بێرۆجەردیدا کاریان دەکرد، هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی سپای پاسداران لە هەشتاکاندا ئەوەندە بەئاسانی و بەخێرایی سەرکەوتوو دەبوون، ئایا پاسدارانی ئیمام زەمان ئەیانتوانی ئەوەندە بەئاسانی خاکی کوردستان داگیر بکەن؟ وە ئایا ڕێژیم ئەیتوانی ئەوەندە بەئاسانی بنکە و بارەگا سەربازییەکانی خۆی لە کوردستانا دابمەزرێنێت؟” [ ٧٤ ]
جگە لەلایەنی سەربازی، کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە بۆ خواستی شەڕی دەروونی کەڵکیان لێ وەربگرێت بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی کولتووری بێمتمانەیی و کردنی بەشێک لە کوردەکان بە خزمەتکاری خۆی. بەو پێیەی جاشایەتی بۆ هەندێک بووەتە سەرچاوەی داهات، جاشەکان بە قووڵی وابەستە دەبن بە دوژمنی گەلەکەیانەوە و بژێوی ژیانی ئەوان و خێزانەکانیان بەندە بە چەوساندنەوەی هاونیشتمانە کوردەکانیانەوە. بە بڕوای خەلیقی، “دروستکردن و دابینکردنی بودجە و پڕچەککردنی جاش و تێکەڵکردنیان بە سپای پاسدارانەوە، کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی زۆری بۆ کوردستان لێ کەوتووەتەوە” [ ٧٥ ] . بوونی جاش درزێکی قووڵی لە کۆمەڵگای کوردیدا دروست کردووە، جاش و بنەماڵەکانیان سووکایەتییان پێ کراوە و، دابڕاون لە کۆمەڵگەی کوردی. بەو پێیەی زۆرێک لە جاشەکان لە کۆمەڵگا عەشیرەیییەکان وەرگیراون، ئەم سیاسەتەی ڕێژیم بووەتە هۆی دووبارە بەخێڵەکیکردنی کۆمەڵگا لە کوردستاندا [ ٧٦ ] . پەرەپێدان و خزاندنی جاشایەتی بۆ ناو زۆربەی بەشەکانی ژیان و کۆمەڵگای کوردی بەو مانایەیە کە ئەو دیاردەیە سنووردار نییە بە چالاکیی چەکدارییەوە، بەڵکو ئەمە شۆڕ دەبێتەوە بۆ نێو ئەکادیمیستەکان، بیرۆکراتەکان، کارمەندانی خۆجێیی ڕاگەیاندن وەک سینەماکاران و … هتد. چاندنی تۆوی دووبەرەکی و بێمتمانەیی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا یەکێکی تر لە ئامانجەکانی ڕێژیمە لە برەوپێدانی جاشایەتی. ئەم ڕەوتە لە دوای کەمبوونەوەی بەرخۆدانی چەکداریی کورد و چەسپاندنی کۆنتڕۆڵی سەربازی و ئیداریی ڕێژیم بەسەر کوردستاندا لە کۆتاییی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ڕادەی تێگەیشتنی ڕێژیم لە کاریگەریی شەڕی دەروونی و نەرم، بەشێوەیەکی بەردەوام لە هەڵکشاندایە. دامەزراندنی کۆنەجاشەکان لە پۆست و پلەی ئیداری و مەدەنی، ڕۆژنامەگەری و پۆستە ئەکادیمییەکان، دەرخەری لایەنێکی دیکەی سیاسەتی گشتیی ڕێژیمە بۆ بەردەوامبوونی لە سەپاندنی هەژموونی دەسەڵاتی خۆی لە کوردستاندا لە ڕێگەی جاشەکانەوە [ ٧٧ ] . بوونی زۆری جاش لە ئیدارەی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکاندا و، کۆنتڕۆڵکردنی بەربڵاوی ئەوان بەسەر ئەنجومەنی شارەوانییەکاندا، ژوورەکانی بازرگانی و ڕێکخراوە پیشەیییەکانی دیکە لە پارێزگا، شار و گوندەکانی کوردستاندا نەک تەنیا کاریگەریی سیاسیی ئەوان نیشان دەدات، تەنانەت دەرخەری بەرزبوونەوەی بەختی ئابوورییان لە ناو و دەروەوەی کۆمەڵگاکەیانە. لە درێژەی پەیوەندیی بەکرێگیراوانەی جاش لەگەڵ دەوڵەتدا، ئەو دەسەڵاتی دەرەوەی دادوەری ڕەهای پێدراوە بۆ دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لەناو کۆمەڵکای کوردیدا [ ٧٨ ] .
قەوارە و سیستمی جاشایەتی بەپێی خواست و پێداویستییەکانی ڕێژیمەوە چەندین جار گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە کە لە هێندێک حاڵەتدا ڕێژیم ئەوان بەبێ کەڵک دەبینێت و ئیمتیازە ئابووری و سیاسییەکانیان لێ وەردەگرێتەوە، بۆیەش ئەمە دەبێتە هۆی تووڕەبوون و جۆرێک زەلیلکردنیان، کە هیندێک جار ناڕەزایەتیی جاشەکانی لێ کەوتووەتەوە. کەمبوونەوەی ڕادەی بەرخۆدانی چەکداریی پارتە سیاسییە کوردییەکان لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە نەبووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سیستمی جاشایەتی لەلایەن ڕێژیمەوە، بەڵکو ڕێکخستنەوەی جاشەکان پێداچوونەوەی پێدا کراوە و بەکارهێنانیان بە شێوازی جیاواز، جگە لە چوارچێوەی سەربازی و هەواڵگری خراوەتە بەر تاقیکردنەوە [ ٧٩ ] . سەرەڕای ئەوەش، دڕندانەترین و کاریگەرترین جاشەکان لەناو هێزە ئەمنییەکاندا هێڵراونەتەوە. بۆ نموونە ژمارەیەکیان و ئاستیان لە دەزگای ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمدا بەرز کراوەتەوە و ئازادیی ڕەهایان لە ئازاردانی کۆمەڵگا لە ڕۆژهەڵات پێدراوە. ڕەفتاری دڕندانە و تاوانکارانەی هێندێک جاش بووەتە هۆی دروستبوونی کەشی ترس و دڵەڕاوکێ لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا.
هێندێک جاش بەتایبەتی دیاری کراون و بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگای کوردی و بۆ دروستکردنی ترس و دڵەراوکێ بەکار دەهێنرێن. نموونەی زۆر هەیە کە ژنانی چالاکی سیاسیی کورد، بەتایبەت ئەوانەی وەک پێشمەرگە نەچوونەتە ناو ڕیزی پارتە سیاسییەکانەوە، بوونەتە قوربانیی دڕندەییی جاشەکان. زۆرێک لەو ژنانە وەکوو سزا لەگەڵ جاش، یان سەرکردە ئایینی و کۆنەپەرەستی عەشیرەتەکان هاوسەرگیریی زۆرەملێیان پێ کراوە. بە وتەی کوردستانی “ئەم جۆرە سزایانە بوونە هۆی سەرکوتکردنی ژنانی چالاکی سیاسیی کورد و ترساندنی زۆر کەسی دیکە بۆ ئەوەی کە نەچن بەقەرەی سیاسەتدا” [ ٨٠ ] . هەوڵەکانی سپای پاسداران و جاش بۆ ترساندنی کۆمەڵگا بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان گەیشتووەتە لووتکە. ئەمەش بریتی بووە لە ئازاردانی سێکسی و چەندین حاڵەتی دەستدرێژیی سێکسی و دزیکردن لە گوندنشینەکان و زۆرکردن لە خەڵکی ناوچەکان بۆ کاری زۆرەملێ. هەر کاتێک دانیشتووانی ناوچە گوندنشینەکان هەوڵیان دابێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی جاشەکان، ئەوە ئەوان ڕووبەڕووی سزای توند بوونەتەوە و، هەراسانکردن و زیندانیکردنی زیاتریان بەسەردا سەپاوە. بەشێکی زۆر لە گوندنشینان بۆ دەربازبوون لەو هەلومەرجە گوندەکانیان بەجێ هێشتووە و ئاوارە بوون، تەنانەت هەوڵی دووبارە نیشتەجێبوونیان لە شارە کوردییەکان یان لە ناوچەکانی دیکە وەک ناوەڕاستی ئێران داوە. ئەم ئاستە بەرزەی ئاوارەبوونی دانیشتووانی ناوچە گوندنشینەکانی کوردستان، کاریگەریی زۆری لەسەر دیمۆگرافی، یەکگرتووییی کۆمەڵایەتی و، بەرهەمهێنانی خۆراک و کشتوکاڵ و شتی دیکە هەبووە، هەروەها ئەمە بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و گەشەنەکردنی ئابووری لە کوردستاندا [ ٨١ ] .
“هیوا تاب” نموونەی جاشێکی ئاساییی خەڵکی شاری مەریوانە، کە دوای دەیان ساڵ هاوکاری لەگەڵ سپای پاسداران پۆستێکی بەرزی پێ درا و وەک بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆییی سپای پاسداران لە مەریوان دەستنیشان کرا. تاب لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا وەک جاش پەیوەندی بە سپای پاسدارانەوە کرد. هاوکارییەکانی ئەو بە سیخوڕیکردن لەسەر کۆمەڵگەی مەدەنی و لە شوێنی نیشتەجێبوونەکەی دەستی پێ کرد، تا ئەو کاتەی کە پلەی لەناو ئەم ڕێکخراوە ترسێنەرەدا بۆ ئاستێکی باڵا بەرز کرایەوە. تاب دەسەڵاتی ڕێکخراوەییی خۆی بۆ دامەزراندنی باندێکی تایبەت بەخۆی بەکار هێنا [ ٨٢ ] . بۆ ماوەی دە ساڵ لە ساڵانی ٢٠٠٠وە ، باندەکەی تاب خۆیان بەسەر مەریوان و ناوچەکانی دەوروبەریدا سەپاند و کاری تاوانکاریی بەرفراوانیان ئەنجام دا، لەوانەش کوشتن و هەراسانکردنی خەڵکی ناوچەکە. پەسەندکردنی ئەم دۆخە لەلایەن ڕێژیم و سپای پاسدارانەوە بۆ چەندین ساڵ دەرخەر و ڕوونکەرەوەی هەڵوێستی دوژمنکارانەی ڕێژیمە بەرانبەر بە کوردستان؛ چیرۆکی تاب نموونەیەکە لە بەکارهێنانی جاش لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ تێکدانی کوردستان و بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەراوکێ لەناو دانیشتووانیدا. سەرەڕای ئەوەش، تاب و ئەندامانی باندەکەی لە دوای بەجێگەیاندنی ئامانجەکانی ڕێژیم، هاوشێوەی زۆرێک لە جاشەکانی دیکە، لە کۆتاییدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمەوە دەستگیر کران و بەپەلە دادگایی و، سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرا و لەسێدارە دران. باندەکەی تاب، هەرەک قوربانیی تاوانەکان، خۆیان بوونە قوربانیی سیاسەتە دڕندانەکەی ڕێژیم بەرانبەر بە کورد. هەم پاڵپشتی بێدەنگیی ڕێژیم لە تاب و باندەکەی ئەو، هەم دواتریش بوون بە دژبەریان، تاکتیک گەلێک بوون لە هەڵمەتی شەڕی سایکۆلۆجیی ڕێژیم لە دژی کورد: سەرەتا بە بەکارهێنانی تاب، ڕێژم هەوڵی ترساندن و سەرکوتکردنی گەلی کوردی دا، دواتر خۆی وەک پارێزەری یاسا و ڕێساگەلێک دەرخست کە دەبێت کوردەکان لە ئێران ملکەچی بن [ ٨٣ ] .
لە کاتێکدا، ئامانجی سەربازیی دروستکردنی یەکەکانی جاش ئاشکرایە، بەڵام لایەنە کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوورییەکانی بەکارهێنانیان تاڕادەیەکی کەم لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە. وەک لە لێکۆڵینەوەکانی پێشوودا ئاماژەمان پێداوە، دروستکردن و پەرەپێدانی نەریتی جاشایەتی، خزمەتێکی زۆری بە ستراتیژیەتی بەکۆلونیزەکردنی کوردستان لە ڕیگەی “پرش و بڵاوکردن و دەسەڵات کردن” (divide and rule) کردووە. هەموو کات ئامانجی ئەم سیاسەتانە چاندنی تۆوی دژبەیەک بوون و بێمتمانەیی و دووبارە بەخێڵەکیکردنی کۆمەڵگەی کوردی بووە، کە کێشەگەلێکی بێئەندازەی بۆ بزووتنەوەی کورد و پڕۆسەی مۆدێرنیزاسیۆنی کوردستان دروست کردووە [ ٨٤ ] . پەرەپێدانی نەریتی جاشایەتی بەشێوەیەکی کاریگەر خزمەتێکی زۆری بە ئامانجەکانی ڕێژیم بۆ داگیرکردنی کوردستان لە ڕووی سەربازییەوە کردووە؛ بەڵام جاشەکان سەرکەوتوو نەبوون لە شەرعییەتدان بە بوونی سیاسی و سەربازیی ڕێژیم لە کوردستاندا. هەروەک وەلی جەختی لەسەر کردووەتەوە، جێگیرکردنی ئەم هێزە خێڵەکییە نیمچە سەربازییە وەک بەشێک لە سیاسەتی دژە ناسیۆنالیزمی کوردیی ڕێژیم، بەشێوەیەکی زیاتر شەرعییەتی ڕێژیمی بردووەتە ژێر پرسیارەوە [ ٨٥ ] .
ئەنجام
ئەم توێژینەوەیە لێکۆڵینەوەی لەو شەڕە دەروونییە فرەلایەنە کردووە کە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دژی کورد لە ڕۆژهەڵات ئەنجام دراوە، کە کۆمەڵێک ئامراز و تەکنیکی بەرفراوان لەخۆ دەگرێت. لە ڕوانگەی ڕۆژهەڵاتی ناڤینییەوە دەتوانین بڵێین، زیادبوونی دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆژیاکانی پەیوەندیکردن لەلایەن حکومەتە ئاوتۆکراتەکانەوە، خزمەتێکی زۆری بە شەڕی دەروونیی دەوڵەت دژی کۆمەڵگا کردووە و، کۆمەڵگەی مەدەنیی لە وڵاتانی ئەم ناوچەیە لە دۆخێکی شڕدا هێشتووەتەوە. کۆماری ئیسلامی و ڕێژیمە پاوانخوازەکانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتوون کە پشت بە تەکنەلۆژیای چاودێری و پەیوەندیی مۆدێرن، وەک ئینتەرنێت و وەشان ببەستن، کە ڕێگە بەو ڕێژیمانە دەدەن سیاسەتی پاوانخوازیی خۆیان بسەپێنن، ترس و دوودڵی و دڵەڕاوکێ لەناو دڵی هاوڵاتییانی خۆیاندا دروست بکەن. نەبوونی توێژینەوەی ئەکادیمیی پێشوو لەسەر ئەم بابەتە ئەوە دەردەخات کە ئەمانە تاڕادەیەکی زۆر دوور لە چاوی ڕەخنەگران ئەنجام دراون. جگە لە فرەییی ئامرازەکان و شێوازەکانی شەڕی دەروونیی کۆمەڵایەتی، بە میلیتاریزەکردنی کوردستان و ڕاگرتنی کوردستان لە گۆشەگیری و گەشەنەسەندندا لەلایەن ڕێژیمەوە، کاریگەریی زۆریان لە زیاتر چەوسانەوەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات هەبوو. پەیوەندیی ناهاوسەنگی هێز، کە تایبەتمەندییەکی پەیوەندیی دەوڵەت و کوردە لە ئێران و، هەوڵ بۆ چووکە وێناکردن و چەواشەکردنی ناسنامەی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە و ئاماژەپێدانیان وەک لقێک لە گەلی ئاریایی، کوردەکانی بۆ تێپەڕاندنی ئەو شەڕە تەواو دەروونی و نەرمەی بەسەریدا سەپێنراوە، لە دۆخێکی سەختدا هێشتووەتەوە.
بەڵام کورد و بزووتنەوە سیاسییەکەی لە ڕۆژهەڵات ڕووبەڕووی پرسی مێژووییی دیکەش بوونەتەوە. پرش و بڵاویی ڕێکخراوەیی و ئایدۆلۆژیای سیاسی، کە ڕەنگدانەوەیەکی ڕوونی لەنێو چالاکیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتدا هەیە، لایەنێکی گەورەی بەربەست و ئالێنگارییە لەبەردەم خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا، کە دەکرێت وەکوو بەربەستی خۆدروستکراو سەیری بکرێت [ ٨٦ ] .
گردبوونەوەی پێکهاتەکانی دیاسپۆڕا بە فارس و غەیرەفارسەوە، بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایییانەی ئێران، فۆڕمێکی ناسیۆنالیزمی ئێرانی هێنایە ئاراوە کە تا پێش ئێستا بە ڕوونی خۆی دەرنەدەخست [ ٨٧ ] . بەو پێیەی ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران لە باری شوێنەوە لە جوگرافییایەکی پرشوبڵاودا ڕوویان دا، کە تاڕادەیەکی زۆر بەشێوەیەکی یەکسان لە گرووپە ئێتنۆ-ئاینییە جیاوازەکان پێک هاتبوون، ئەم جۆرە ململانێیە لە ناوخۆی ئێران ڕووی نەدا. بەڵام لە دەرەوەی ئێران، بۆ نموونە لە سەرانسەری شارەکانی ئەورووپا و ئەمریکای باکوور، پێکهاتە فارسی و غەیرەفارسییەکان زۆر جاران لە هەمان کات و لە هەمان شوێندا ناڕەزایەتییان دەربڕی. گرووپی سەڵتەنەتتەڵەبەکان و مەشرووتەخوازەکان بەشێوەیەکی ڕوون هێرشیان کردە سەر کورد و پارتە سیاسییە کوردییەکان و بە تێکدەری یەکپارچەییی خاکی ئێران تۆمەتباریان کردن. چەند نموونەیەک هەیە کە خۆپیشاندەرانی کورد لەلایەن گرووپە سەڵتەنەتتەڵەب و ئۆڵتڕا ناسیۆنالیستە ئێرانییەکانەوە بەر هێرش کەوتوون و بریندار کراون، چونکە خۆپیشاندەرانی کورد ئاڵای کوردستانیان پێ بووە. هەروەها نموونەی فارسەکانی تاراوگەنشینی بەڕواڵەت دژە کۆماری ئیسلامی هەن کە لە شارە گەورە فارسنشینەکانی وەک تاران و ئیسفەهان داوا لە ئێرانییەکان دەکەن کە بەشداری کردنیان لە ناڕەزایەتییەکان ڕابگرن و وریا بن لە گۆڕینی ڕێژیم، لەبەر ئەوەی ئەم گرووپە فارسە تاراوگەنشینە لەسەر ئەو بڕوایەن کە هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە سیستەمی دەسەڵاتداری لە ئێراندا تەنیا سوودی بۆ نەتەوە غەیرەفارسەکان دەبێت، و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی جوغڕافییای ئێران. ئەکبەر گەنجی کە پێشتر ئەندامی سپای پاسداران بووە و ئێستاش خۆی بە دژبەری کۆماری ئیسلامی دەناسێنێت و بە خواستی خۆی ژیانی تاراوگەی هەڵبژاردوە ، لە مانگی نۆڤەمبری ساڵی ٢٠٢٢ دا لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕ و میدیاکان و بەتایبەتی لەسەر فەیسبووکدا بڵاو ببووەوە، بەشیوەیەکی توند هێرشی کردە سەر کوردەکان، لەو گرتە ڤیدیۆیەدا هۆشداری بە خەڵکی ناوچە فارسنشینەکانی ئێران دا بۆ بەشداریکردنیان لەو ناڕەزایەتییانەی کە ئەو وەک “ئەجێندایەکی کوردی” ئاماژەی پێدان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە “پەرەسەندنی ئەم ناڕەزایەتییانە یەکپارچەییی خاکی ئێران دەخاتە مەترسییەوە و، دەرئەنجامی ئەم ڕاپەڕینانە لە بەرژەوەندیی خەڵک لە ناوچە سنوورییەکانی وەک کوردستان، خوزستان و سیستان و بەلووچستانە” [ ٨٨ ] . ئەمە و لێدوانی هاوشێوە نوخبەی فارسەکان، دەرخەری بوونی بێمتمانەیییەکی زۆرە لەنێوان فارسەکان و نەتەوە غەیرەفارسەکان لە ئێراندا.
هێرشێکی سیستماتیکی بۆ سەر کورد لە ئێران، بە کەڵکوەرگرتن لە ڕێوشوێن و ئامرازگەلێکی فرەڕەهەند لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا ئێستا بە چڕوپڕی بەڕێوە دەچێت کە بووە هۆی پەراوێزخستنی بەردەوامی کورد و داوا دیموکراسییانەکەیان بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆیان. هەر هەوڵێک بۆ دیموکراسی لە ئێراندا کە ماف و داوا ڕەواکانی پێکهاتە مەزهەبی، نەتەوەیی، غەیرەفارس و غەیرەشیعەکان پشتگوێ بخات، وێناچێت بۆ ماوەیەکی زۆر دەوام بێنێت و تەنیا دەبیتە هۆی دروستبوونی شۆڕشێکی شکستخواردووی دیکە وەک شۆڕشی گەلانی ئێران لە سالی ١٩٧٩دا کە ڕاستییەکەی نەیتوانی ببێتە هۆی وەدەستهێنانی خواستە جەماوەرییەکان بۆ گۆڕانکاریی دیموکراسییانە لە ئێراندا.
سەرچاوەکان
1.Loqman Radpey, “Jina Amini: The woman whose death sparked protests in Eastern Kurdistan”, The National, October 5, 2022.
2.Rasmus C. Elling, Minorities in Iran: Nationalism and Ethnicity after Khomeini (London: Palgrave MacMillan, 2013).
3.Allan Hassaniyan, “Iran: Popular uprising or ‘armed revolt’?”, LSE Middle East Centre Blog, October 27, 2022.
Christopher King, Kurdistan: The Largest ‘Nation’ in the World Without its Own Independent State, Munich: GRIN Verlag, 2013.
4.Alam Saleh, Ethnic Identity and the State in Iran, New York: Palgrave Macmillan, 2013; Elling, Minorities in Iran.
6.ڕزگار بەهاری، ‘کورد، میدیا، ڕاگەیاندن’’، گۆڤارێکی شیکارانەی کۆمەڵایەتی سیاسییە، ژمارە 55 ساڵی بیست و دووەم، بەهاری , 2720 ل. 294
7.Kamal Soleimani, and Ahmad Mohammadpour, “Life and Labor on the Internal Colonial Edge: Political economy of kolberi in Rojhelat”, British Journal of Sociology 71, no. 4 (2020): 741–760; Allan Hassaniyan, “Environmentalism in Iranian Kurdistan: Causes and conditions for its securitisation”, Conflict, Security & Development 20, no. 3 (2020): 355–378.
8.Kamal Soleimani, “The Kurdish Image in Statist Historiography: The Case of Simko”, Middle Eastern Studies 53, no. 6 (2017): 949-965.
9.Farida Koohi-Kamali, “The Development of Nationalism in Iranian Kurdistan”, in The Kurds: A Contemporary Overview, ed. G. Kreyenbroek, P. Gregory, S. Sperl, London, Routledge, 2010; Abbas Vali, Kurds and the State in Iran: The Making of Kurdish Identity, London: I.B. Tauris, 2011; Marouf Cabi, “The Duality of ‘Official’ and ‘Local’ in Modern Iran: Historical and Intellectual Foundations”, Middle Eastern Studies, 2021.
10.David Romano, The Kurdish Nationalist Movement: Opportunity, Mobilization, and Identity (Cambridge: Cambridge University Press, 2006), p. 245.
11.Allan Hassaniyan, Kurdish Politics in Iran: Crossborder interactions and mobilisation since 1947 (Cambridge: Cambridge University Press, 2021).
12.Article 19, “The Organised Suppression of Kurdish Journalists in Iran”, August 16, 2015; Allan Hassaniyan, “The Gains and Risks of Kurdish Civic Activism in Iran”, MERIP, no. 295 (2020).
13.Jafar Sheyholislami, Kurdish Identity, Discourse and New Media (New York: Palgrave Macmillan, 2011); Kirstian N. Smith, “Social Media and Political Campaigns”, TRACE: Tennessee Research and Creative Exchange, May 2011.
14Amir Hassanpour, “Satellite Footprints as National Borders: Med-tv and the extraterritoriality of state sovereignty”, Journal of Muslim Minority Affairs 18, no. 1 (1998): 53–72; Christian Sinclair and Kevin Smets, “Media Freedoms and Covert Diplomacy: Turkey challenges Europe over Kurdish broadcasts”, Global Media and Communication 10, no. 3 (2014): 319–331, 324.
15.Hassanpour, “Satellite footprints”: 66.
16.David A. Charters, “Intelligence and Psychological Warfare Operations in Northern Ireland”, The RUSI Journal 122, no. 3 (1977): 22–27.
17.Paul A. Linebarger, Psychological Warfare (Washington: Indiana University, 1948): 25.
18.Harold D. Lasswell, “Political and Psychological Warfare”, in Daniel Lerner ed., Propaganda in War and Crisis (New York: G. W. Stewart, 1951): 261.
19.Ryan Clow, “Psychological Operations: The need to understand the psychological plane of warfare”, Canadian Military Journal Issue 9, no. 1 (2009): 21–29.
20.Linebarger, Psychological Warfare; Frank R. Barnet, Political Warfare and Psychological Operations: Rethinking the US approach (Washington, D.C.: National Defense University Press, 1989).
21.Linebarger, Psychological Warfare, 62.
22.Linebarger, Psychological Warfare; Vladislav Saran “Media Manipulation and Psychological War in Ukraine and the Republic of Moldova”, Centre for European Studies 8, no. 4 (2016): 738–752.
23.Linebarger, Psychological Warfare, 25.
24.Alex Schmid, “Terrorism as Psychological Warfare”, Democracy and Security 1, no. 2 (2005): 137–146; Garth Jowett and Victoria O’Donnell, Propaganda and Persuasion (London: Sage Publications, 2015); Stefan Buchen, “Iranian Propaganda Cinema: Reversed symbolism”, Qantara, 2012.
25.Jowett and O’Donnell, Propaganda and Persuasion, 2.
26.Jowett and O’Donnell, Propaganda and Persuasion, 231.
27.Edward Kaufman, “A Broadcasting Strategy to Win Media Wars”, Washington Quarterly 25, no. 2 (2002): 115–127; Jowett and O’Donnell, Propaganda and Persuasion, 54–58.
28.Jowett and O’Donnell, Propaganda and Persuasion.
حشمەت خوسرەوی, ‘’میدیا و دەسڵات: میدیایی جموری ئسلامی، چەکێگ کۆلۆنیاڵیستی دژ وە ڕووژهەڵات کوردسان،’’ گۆڤارێکی شیکارانەی کۆمەڵایەتی ـ سیاسییە ، ژمارە 58 ساڵی بیست و دووەم زستانی 2720 ؛ ماردین ڕەحیم نژاد، ‘’کورد لە میدیای کۆلۆنیالیزمدا،’’ گۆڤارێکی شیکارانەی کۆمەڵایەتی ـ سیاسییە، ژمارە 58 ساڵی بیست و دووەم زستانی 2720، ل. 261.
Kenneth Payne, “The Media as an Instrument of War”, The US Army War College Quarterly: Parameters 35, no. 1 (2005): 81–93.
ڕزگار بەهاری, ‘’کورد، میدیا، ڕاگەیاندن’’؛ برایم فەڕشی، ‘’ مێدیا، ‘’ گۆڤارێکی شیکارانەی کۆمەڵایەتی ـ سیاسییە ژمارە 58 ساڵی بیست و دووەم زستانی 2720.
هیوا ڕۆژهه ڵات، ‘’ زوال ابدیت؛ نقد و بررسی سریال روزهای ابدی،’’ گۆڤارێکی شیکارانەی کۆمەڵایەتی ـ سیاسییە ژمارە 58 ساڵی بیست و دووەم زستانی 2720 .
حشمەت خوسرەوی, ‘’میدیا و دەسڵات’’, ل، 30.
Saeed Zeydabadi-Nejad, The Politics of Iranian Cinema: Film and Society in the Islamic Republic (New York: Routledge, 2010), 6.
Center for Human Rights in Iran, “Iran’s Intelligence Establishment is Spreading Propaganda through Films and TV”, March 31, 2021.
کاوه قبادی، ‘’اھریمنی جلوە دادن مردان کُرد در سینمای ولایی،’’ رادیو زمانە ، October 2, 2019
Zeydabadi-Nejad, The Politics of Iranian Cinema; Narges Bajoghli, “The Outcasts: The start of ‘new entertainment’ in pro-regime filmmaking in the Islamic Republic of Iran”, Middle East Critique 26, no.1 (2017): 61–77; Najmeh Bozorgmehr, “Lights, Camera, Revolution: Iran’s military makes films”, Financial Times, February 13, 2020.
سارۆ ئەردەڵان، ‘’سینەما و کۆلۆنیالیزم: پیشاندانەوەی کورد لە سینەمای ئێراندا،’’ گۆڤارێکی شیکارانەی کۆمەڵایەتی ـ سیاسییە، ژمارە 58 ساڵی بیست و دووەم ،زستانی 2720
Kristin Dross, “Iran’s Propaganda Purveyors”, CBS News, July 27, 2007.
40.Azadeh Moaveni, “State Television Becomes a Focus for Iranian Anger”, Time, June 22, 2009.
42.Jon Gambrell, “Report: Iran TV airs 355 coerced confessions over decade”, AP News, June 25, 2020.
International Federation of Human Rights and Justice for Iran, Orwellian State: Islamic Republic of Iran’s state media as a weapon of mass suppression (Paris: International Federation of Human Rights, 2020), 14.
Alam Saleh, Ethnic Identity and the State in Iran (New York: Palgrave Macmillan, 2013), 127; International Federation of Human Rights and Justice for Iran, Orwellian State.
International Federation of Human Rights and Justice for Iran, Orwellian State, 29–30.
هیـــوا ڕۆژهـــەڵات، ‘’ زوال ابدیت’’، 161.
هێرش ناسری’’ , ڕەنگدانەوەی کورد لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی “نون خ”دا’’, ‘’ گۆڤارێکی شیکارانەی کۆمەڵایەتی ـ سیاسییە، ژمارە 58 ساڵی بیست و دووەم، زستانی 2720 ، 235.
سارۆ ئەردەڵان ‘’سینەما و کۆلۆنیالیزم: پیشاندانەوەی کورد لە سینەمای ئێراندا،’’ گۆڤارێکی شیکارانەی کۆمەڵایەتی ـ سیاسییە، ژمارە 58 ساڵی بیست و دووەم، زستانی 2720 .
ڕزگار بەهاری, ‘’کورد، میدیا، ڕاگەیاندن’’
Tehran Musavvar 22 (1979), 22. Nashriyah: Digital Iranian history archive, University
ناسری’’ , ڕەنگدانەوەی کورد’’، 235.
ئەردەڵان ‘’سینەما و کۆلۆنیالیزم’’، 130.
ناسری’’ , ڕەنگدانەوەی کورد’’؛ ڕۆژهەڵات، ‘’ زوال ابدیت’’.
ڕەحیم نژاد، ‘’کورد لە میدیای کۆلۆنیالیزمدا’’. 264,
بەهاری, ‘’کورد، میدیا، ڕاگەیاندن’’، 294.
ناسری’’ , ڕەنگدانەوەی کورد’’، 235.
ڕامان ڕۆژهەڵات، ‘’کرد ُ شبکه مصداق بارز صنعت فرهنگ حکومت اشغالگر بر علیه کوردستان و سوژههای وابسته کورد به اشغالگر،’’ گۆڤارێکی شیکارانەی کۆمەڵایەتی ـ سیاسییە، ژمارە 58 ساڵی بیست و دووەم، زستانی 2720, 350.
Rezgar Behari, “A Reflection on the Television Series Lebey- dovom-e tigh”, Facebook, February 4, 2021.
Kjell Anderson, “Colonialism and Cold Genocide: The case of West Papua”, Genocide Studies and Prevention: An International Journal 9, no. 2 (2015): 9–25.
Clow, “Psychological Operations”, 15.
Gareth Stansfield and Allan Hassaniyan, “Kurdish Insurgency in Rojhelat: From Rasan to the Oslo negotiations”, Middle Eastern Studies 58, no. 1 (2021): 153–166.
Shahram Akbarzadeh, Zahid Shahab Ahmed, Costas Laoutides and William Gourlay, “The Kurds in Iran: Balancing national and ethnic identity in a securitised environment”, Third World Quarterly 40, no. 6 (2019): 1145–1162; Walter Posch, “Fellow Aryans and Muslim Brothers: Iranian narratives on the Kurds”, in Gareth Stansfield and Mohammed Shareef eds., The Kurdish Question Revisited (London: Hurst, 2017): 331–352.
62.Akbarzadeh et al., “The Kurds in Iran”, 1148.
Allan Hassaniyan, “Iran’s Transformative Moment: Kurdistan on the frontline”, Kurdish Peace Institute, October 3, 2022.
Akbarzadeh et al., “The Kurds in Iran”, 1158.
65, Stansfield and Hassaniyan, “Kurdish Insurgency in Rojhelat”.
Behari, “A Reflection”.
Barzoo Eliassi, Narrative of Statelessness and Political Otherness: Kurdish and Palestinian Experiences (Cham: Palgrave Macmillan, 2021).
Jiyar Hossein Aghapouri, “Towards Pluralistic and Grassroots National Identity: A study of national identity representation by the Kurdish diaspora on social media”, National Identities 22, no. 2 (2020): 173–192.
Posch, “Fellow Aryans”, 345.
Suncem Koçer, “Kurdish Cinema as a Transnational Discourse Genre: Cinematic visibility, cultural resilience, and political agency”, International Journal of Middle East Studies 46, no. 3 (2014): 473–488.
ڕۆژهەڵات، ‘’ زوال ابدیت’’، 165.
Abbas Vali, “Reflection on Kurdish Society and Politics in Rojhelat: A review”, in Michael M. Gunter ed., Kurdish Issues: Essays in Honor of Robert W. Olson (Costa Mesa: Mazda Publishers, 2016): 283–314, 298.
Abbas Vali, “Sekot-e Rojhelat”, Pecritique no. 6 (2018): 300.
N.H., Jash Namey Hiwa Tab (Hawler; Kurdipedi, 2010), 11 .
Hossain Khlikgi, Jan u Jiyan. (Stockholm: Rabûn, 1999), 13.
Martin van Bruinessen, “Kurdish Society, Ethnicity, Nationalism and Refugee Problems”, in The Kurds: a Contemporary Overview (London: Routledge, 1992): 26–52.
Allan Hassaniyan, Kurdish Politics in Iran: Crossborder Interactions and Mobilisation Since 1947 (Cambridge: Cambridge University Press, 2021), 147.
Vali, “Reflection on Kurdish Society”, 300–301.
Ibid., 299.
Zhiwan Kurdistani, “Reflection on Women’s Marginalisation in Kurdish Society”, Tishk, 22, no. 57 (2020): 216.
N.H., Jash Namey Hiwa Tab.
Parvane Maasumi, “The Victims of Kurdistan Serial Killings”, Rojhelat.info, October 21, 2013,
N.H., Jash Namey Hiwa Tab, 6–11.
Hassaniyan, “Kurdish Politics in Iran”, 147.
Vali, “Sekot-e Rojhelat”.
Stansfield and Hassaniyan, “Kurdish Insurgency in Rojhelat”.
Barzoo Eliassi, “Privilege, Difference and Inequality in the World of Unequal Nation-States”, Culture Project, July 11, 2022.
Allan Hassaniyan, “Iran’s Protest and Intercommunal Interaction: A Kurdish perspective”, Culture Project, November 17, 2022.
216
Link to: ژن، ژیان، ئازادی : لە بەستێنەوە بۆ شۆڕش
Link to: ژن، ژیان، ئازادی : لە بەستێنەوە بۆ شۆڕش
ژن، ژیان، ئازادی : لە بەستێنەوە بۆ شۆڕش
Link to: کاخ سراسر آینە
Link to: کاخ سراسر آینە
کاخ سراسر آینە
Scroll to top
Scroll to top
Scroll to top