ئارامتر بخوێنەوە

شۆڕشی ژینا، هەنگاوێک بەرەو پێشەوە

ئاکام ڕۆژهەڵات




ڕەخنە گرتن لە چەشنێک گەشبینییەوە سەرچاوە دەگرێت، کاتێک لەمەڕ کەموو کوڕییەکانی کۆمەڵگای خۆتان بێدەنگی هەڵدەبژێرن، دوواڕۆژی ئەو کۆمەڵگا زۆر تاریک وێنا دەکەن و تەنیا کاتێک ڕاشکاوانە و ڕووڕاستانە باسی لێوە دەکەن، باوەڕی خۆتان بەو کۆمەڵگا و داهاتووەکەی پیشان ئەدەن.

“شینوا ئاکبە”



کچێکی سەقزی بە ناوی ژینا ئەمینی لە تاران بەهۆکاری ئەوەی کە سەرکردەکانی ڕێژیم “ ‌بدحجابی”یان ناو ناوە دەسبەسەر ئەکرێت و دەبرێ بۆ شوێنێک بە ناوی گەشتی ئێڕشاد بۆ لێ پرسینەوە و بەڵێنی لێ سەندن بۆ دووپات نەبوونەوەی بەناو “بدحجابی”. بە پێی ئەو بەڵگانەی کە لە دوایی دا دەر ئەکەوێ، دیارە سەری ناوبراو لە لایەن مەئمورانی گەشتی ئیڕشادەوە لەو ڕۆژەدا زەبرێکی زۆر توندی لێ کەوتووە و هەر ئەم زەبرەیش ئەبێتە هۆی خوێنڕێژیی لە سەری و پاشان ژینا ئەچێتە کۆما. ڕۆژی بیست و پێنجی مانگی خەرمانان گیانی لە دەس ئەدات و ڕۆژی بیست و شەشەم بە ئامادە بوونی هەزاران کەس لە گۆرستانی ئایچی سەقز بە خاک دەسپێردرێ. ڕێژیم هەر دانی بەوەدا نەنا کە هۆی مردنی ژینا ئەو لێدان و زەبرە بووە کە لە سەری دراوە و زۆر بە بێ شەرمانە پاساویشی بـــــۆ ئـــــــــــەو ڕووداوە دەهێنــــــــاوە.

بابەتی هۆکاری کوژرانی ژینا و کەسانی بکەری ئەم جینایەتە مەبەستی ئەم نووسینە نییە و دێڕەکانی پاشتر دەپڕژێتە سەر ڕووداوەکانی پــــاش شـــــەهید بوونی ئەم کچە کوردە.

دوای ئەم ڕووداوە، شۆڕشێکی گشتی لە ئێراندا لەبەرانبەر ڕێژیم دەستی پێ کرد. زۆربەی شارەکانی ئێران بەتایبەت کوردستان بە ڕژانە سەر شەقامەکان و بە مانگرتن، ناڕەزایەتی خۆیان له هەمبەر ئەم دڕندەییەی دەسەڵاتی تاران دەر بڕی. هەر لە ڕۆژی بە خاک سپاردنی ژینا لە ئایچی سەقزەوە، ئەو شۆڕشە دەستی پێ کرد و بە پێی ئامارەکان بۆ ماوەی حەوت مانگ بە شێوازێکی بەرچاو لە هەندێ شارو بە تایبەت شارەکانی کوردستان بەردەوام بوو، لە هەمانکاتدا بە پێی وتەی شارەزایانی بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەم شۆڕشەی کە بە هۆی کوژرانی ژیناوە چەخماخەکەی لێدرا، تا هەنووکەیش درێژەی هەیە.

لە ماوەی دەسەڵاتدارییەتی کۆماری ئیسلامیدا ئەم ڕاپەڕینە مەزنترین و بەربڵاوترین شۆڕشی شەقام بووە دژی دەسەڵاتی تاران، بەڵام بە پێی ناوچە و شارەکان گڕوتینی ڕاپەڕینەکەش جیاواز بوو و بە پێی ئامارەکان دانیشتوانی زاگرۆس و خەڵکی بەلووچستان ڕێژەی بەشدارییان لە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی وڵاتی ئێران زۆر بەربڵاوتر بوو. لەم ناوچانەشدا ڕێژەی بەشدار بوون وەک یەک نەبووە و بە پێی شار و ناوچەکان ڕێژەی بەشداری خەڵک لەم ڕاپەڕینەدا جیاواز بووە.

وەک ئاماژەی پێدرا بۆ نەتەوەی کوردیش ئەم ڕاپەڕینە بەربڵاوترین ڕاپەڕینی شەقام بووە لە هەمبەر کۆماری ئیسلامی و زیاترین هەستی یەکگرتوویی لە ناو خەڵکی کورددا دروست کرد. لەم پەیوەندییەدا بابەتێک کە سەرنج ڕاکێشە، ئەو ڕاستییەیە کە کوردەکان بۆ هێنانە ئارای داخوازییەکانیان کەڵکیان لەم خرۆشانەی خەڵک و ناڕەزایەتییەکان بەرانبەر ڕێژیمی ئێران وەرگرت و زۆر خێرا لە بەشێک لە کوردستاندا دروشمی شەقامەکان باسیان لە مافەکانی نەتەوەیەکی کۆلۆنی کراو دەکرد. وەکوو دروشمەکانی؛ “داگیرکەری ئێرانی تۆ قاتڵی ژینامانی، کوردستان،کوردستان گۆڕستانی فاشیستان، هەتا کوردێک بمێنێ کوردستانیش دەمێنێ، بەڵام نەتەوەخوازی و ڕزگار بوون لە کۆلۆنالیسم لە سەرجەم شەقامەکانی کوردستاندا وەک یەک ڕەنگی نەداوە و لە زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان و لوڕستان، داخوازی نەتەوەیی بە بەراورد لە گەل دوو پارێزگای سنە و ئورمیە کەمتر بەرچاو بوو یان وەک کوردێک کە مافی پێشێل کراوە، چاویان لــــەم شـــــۆڕشـــــە نـــــەکـــــــرد.

پرسیارێک کە لێرەدا دێتە ئاراوە ئەوەیە کە ئەگەر شۆڕشی ژینا وەکوو خاڵێکی لێکگرێدەر چاو لێ بکەین، کە بوو بە هۆی یەکگرتوویی زیاتری نەتەوەی کورد، بۆ لە ناوچەی کرماشان و ئیلام و لوڕستان، ئەو شۆڕشە لە بەراود لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی کوردستان کەمتر جەماوەریی بوو و بە چ هۆکارێک ڕەنگدانەوەی خواستی نەتەوەیی لەم ناوچانە لاواز بوو؟ یان بە واتایەکی دروستتر، هۆکاری کەمتر خۆ نواندنی پرسی نەتەوەیی و ڕزگاریی لە دەسەڵاتی داگیرکەر لەم ناوچانە چی بوو؟

بۆ ئەوەی وڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، یەکەم چاوێک لە شێوازی شۆڕشەکە ئەکەین و بە هێنانەوە و ئاماژە پێ کردن بە ئامارەکان، دەری دەخەین کە ئەم ناوچانە لەچاو پارێزگاکانی سنە و ئورمیە، کەمتر بەشدارییان لەم شۆڕشەدا کرد. بەدوای ئەوەشدا لێکۆڵینەوەمان لەسەر هۆکاری ئەم مەسەلە ئەبێت.

ئێستا چاوێک لە ئامارەکان بکەین. پاشان دێینەوە سەر باسەکە.

بە پێی ئامار و بەو شوێنانەی ئاماژەمان پێ کرد، لە پارێزگای کرماشان ٢٥ کەس شەهید بوون. لە پارێزگای سنە ٥٩ کەس، لە پارێزگای ئورمییە ۵۵ کەس، لە پارێزگای ئیلام ٣ کەس و لە خوڕەماوا ١ کەس لە ڕێی ئازادیدا شەهیدبوون.

بە دەرخستنی ئامارەکان و بە چاوخشاندن بەسەر ڕۆژ ژمێرەکانی ماوەی شۆڕشدا و ئەو گرتەڤیدیویانەی لە شۆڕشەکە ماونەتەوە، ڕوون ئەبێتەوە کە لە پارێزگای سنە و ئورمیە ڕێژەی خۆ پیشاندان و لە هەمان کات دا هەڵدانی ئاڵای کوردستان لە خۆپیشاندانەکانی سەر شەقام و هێنانە ئارای خواستی ڕزگاریی نەتەوەیی، لە پارێزگاکانی ئاماژە پێ کراو دا بە بەراورد لەگەڵ سێ پارێزگای کرماشان و ئیلام و لۆڕستان بەرچاوتر بووە. خاڵی لێکگرێدەری ئەم پێنج پارێزگایە، کورد بوونە. خاڵی جیاوازیشیان ئایینزای دانیشتووانی ئەم پارێزگایانەیە. بەڵام بە چ هۆکارێک کورد بە گشتی وەک یەک نەتەوەی ژێر دەس نەهاتە سەر شەقامەکان و بە یەک دەنگ خوازیاری ڕزگاری لە کۆلۆنالیسم نەبوو؟

ئێمەی کورد دەتوانین بە دوو شێواز خوێندنەوە لەسەر ڕووداوی ژینا بکەین. یەکەم ئەوەی کە کوشتنی ژینا دەریخست نەتەوەی کورد ڕێکخراوترین و دژبەرترین نەتەوەی چوارچێوەی ئێرانن لە هەمبەر کۆماری ئیسلامیدا، و هەر کات دەرفەتێک هەبێت زیاترین کەڵکی لێ وەردەگرن بۆ لە نێو بردنی دەسەڵاتی تاران و هێنانەدی ئاواتە نەتەوەییەکانیان.

دووهەم؛ ڕێکخستنی زیاتر و پەرەگرتنی هەستی نەتەوەیی و ڕزگار بوون لە دەسەڵاتی کۆلۆنالیستی تاران تا هەنووکەیش ڕەگی لە بەشێکی گەوڕەی کوردستانا دانەکوتاوە و ئێمە بۆ زاڵ بوون بە سەر داگیرکاریدا، پێویستمان بە گوتاری نەتەوەیی هەیە لە سەرجەم پارێزگا کوردستانییەکان.

ئەگەر لە دەلاقەی یەکەمەوە چاو لەم ڕووداوە بکەین، دەتوانین بڵێین هەرچەند ئەوە ڕاستییەکەی حاشا لێ نەکراوە کە خەڵکی کورد دژبەرترین نەتەوەی دژی دەسەڵاتی تارانن، بەڵام جیاوازیی بەشداربوون و هاتنە ئارای خواستی نەتەوەیی لە کوردستاندا دەکرێ بە هێڵێکی ئایینزایی دیاری بکەین، بەو واتایە کە ئامادە نەبوونی زۆربەی ناوچە شیعە نشینەکانی کوردستان لەگەڵ ئەم شۆڕشە بە درووشم و گوتاری نەتەوایەتی کوردییەوە، ئاماژەیە بەو ڕاستیە کە جیاوازیی ئایینزایی بەرچاوترین هۆکاری جیاوازی ئەم ناوچانەیە لەگەڵ یەکتردا.

بەڵام ڕوانگەی دووهەم و هەوڵدان بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە دەتوانێ بەشێکی مەزن بێت لە هەنگاوەکانی گەیشتن بە ڕزگاریی نەتەوایەتی.



لە باری مێژووییەوە

بەر لەوەی بێینەوە سەر پرسیاری سەرەکی بابەتەکە ئاماژە کردن بە چەند خاڵ لێرەدا پێویستە. دیارە گیان لە دەستدانی ژینا، شۆڕشێکی مەزنی لە کوردستانا دروست کرد، بەچەشنێک کە هاوکات لە گەڵ سەرجەم وڵاتی بەناو ئێران زۆربەی وڵاتانی دنیاشی گرتەوە و دروشمەکانی ئەم ڕاپەڕینە لە زۆر وڵاتی دنیادا و لەسەر شەقامەکان بۆ پشتیوانی لە داخوازییەکانی نەتەوەکانی ئێران دووپات کرانەوە. فرەن ئەو شۆڕشانەی لە کوردستان لەهەڤبەر دەسەڵاتی ناوەندی سەریان هەڵداوە و هەرکامەیان خاوەن دەستکەوت و کەموکوڕیی تایبەت بە خۆیانن. ئەگەر زۆر بە کورتی چاو له سێ شۆڕشی دیارتر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین کە لە ماوەی نزیک بەسەد ساڵی ڕابردوودا ڕوویان داوە:

ئەلف: شۆڕشی سمکۆی مەزن

ب: کۆماری کوردستان

ج: خەباتی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران

یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانیان ئەوەیە کە هەر سێ سەرهەڵدانە مەزنەکە سەرەڕای هەوڵی ڕێبەرایەتی ئەم بزوتنەوانە نەیتوانیوە لە ناوچەی سوننەنشینی کوردستان دەرباز بن، بەو جیاوازیەوە کە قۆناغ لە دوای قۆناغ شۆڕشەکە زیاتر پەرەی گرتووە و پانتایەکی بەربڵاوتری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرتوەتەوە بەڵام نەێتوانیوە وەک جەماوەر و خەڵکی ئاسایی ئەم ناوچاوانە تا هەنووکەیش تەڤلی گوتاری نەتەوەیی بکات.

ئەم کەمایەسیە هەرچەند هێچکات لە بەرچاوی هزری سەرکردایەتی کورددا ون نەبووە بەڵام هۆکاریش بووە بۆ لاوازیی و بێ هێزیی بزووتنەوەیی کورد لــــە هــــەمبـــەر دەسەڵاتی تاراندا.

لێرەدا پرسیارێک کە دێتە ئاراوە ئەوەیە کە بزووتنەوەی کوردستانییەکان کە هیچ کات بانگەشەی ئاینییان نەکردووە و باسی ئایین و ئایینزایان وەک کێشەیەکی کەسیی پێناسە کردووە، بە چ هۆکارێک لە ناوچە زۆرینە شیعەکاندا نەیانتوانیوە هەستی یەک چارەنووس و یەک نەتەوە بوون زەق بکەنەوە؟

لە سەرەتادا، ئاماژە بەم باسە گرینگە کە لە پاش بەدەسەڵات گەیشتنی ڕێژیمی سەفەوی لە ئێران، چەندین پارێزگا کە هەر لە سەرەتای ئیسلامەوە، سوننی بوون، بوونە شیعە و ئاڵ و گۆڕێکی ئایینی بەسەر کۆمەڵگا کەدا هات. زۆر بەکورتی ئەوەش بڵێین کە هانری کوربەن، بیرمەندێکی فەڕانسی، پێی وایە ئایینزای شیعە، ئایینزایەکی ئێرانییە و خەڵکی ئەم وڵاتە باوەڕ و چوارچێوەی ئیسلامیان بە شێوازێک کە خۆیان پێیان خۆشە گۆڕیوە و لە ڕاستی دا ئیسلامیان ئێرانیزە کردووە. ئەم ئاڵوگۆڕە خۆی وەکوو ئایینزای شیعە لە ئێران دا دەر خستووە. بە باوڕی نووسەری ئەم وتارە، کوربەن هەموو ناوچەکان و نەتەوەکانی ئێرانی نەخوێندوەتەوە و ئەمەشی لە بەر چاو نەگرتووە کە حکوومەتی سەفەوی بە زۆری شمشێر، خەڵکی کردووە بە شیعە، بۆیە تووشی ئەم هەڵەیە بووە و هەر بۆ نموونە بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان، لە شاری تەبرێز لە ڕۆژێکی جومعە دا سی هەزار کەس ئەکوژێ بۆ ئەوەی نابنە شیعە. ئەم وتەیەی کوربەن ئەکرێت لە شوێنێکی دیکە بە وردی باس بکرێت، لێرەدا بە پێویستمان زانی باسی بکەین بۆ ئەوەی بڵێین بەستێنی فکری بۆ دروست بوونی مەزهەبی شیعە لە کوردستانیشدا بووە و هۆکاری سەرەکی ئەم دروست بوونە، هەم فکـــــری بــــــووە و هـــــەم سیـــــاسی.

دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە لەسەر دوو بنەمای شیعە بوون و نەتەوەی فارس دامەزراوە و تا هەنووکەش بە پەرە پێدانی ئەم دوو ڕەوتە لە هەوڵی درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتەکەی دایە، کەلێنی لە نێوان نەتەوەی کورددا دروست کردووە و پێشی بە دروست بوونی هەستی یەک نەتەوە بوون یان یەک چارەنووس بوون لە نـــاو نـــــەتەوەی کــــورددا گرتووە.

لە بواری ئاینییەوە، جگە لە زوڵم و زۆرێک کە لە کورد کراوە، نەک هەر بۆ کورد، بەڵکوو بۆ هەموو نەتەوەیەکی دیکە، ئەگەری گۆڕانی دین هەیە و شتێکی ئاساییە هەرچەند لە درێژماوە ڕوو ئەدات و بۆ ماوەی کاتی، ئەمرێکی نەکردەیە. لە بواری نەتەوەییشەوە هەوڵ ئەدات کورد وەک پاشکۆ یان برا چکۆلەی فارس پێناسە بکات. دەسەڵاتی تاران ئەمەش وەک پلانی ستراتێژیکی خۆی چاو لێ ئەکات و هەوڵی بەرگرتن بە یەکگرتوویی کورد ئەدات. بە بۆنەی ئەم جیاوازییە ئایینییەوە جۆرێک سەر لێشێواوی لە ناوچەکانی کوردستاندا دروست بووە. کورد شیعەیە یان سوننییە؟ کوردە یان ئێرانییە؟

دەی بەم کێشانـــەوە کــە دەسەڵات سەپاندوویە بە سەر کورددا، ئایا هۆکاری یەکگرتوویی کورد، زمــــانــــە یـــــان نـــــاوچـەیە یان دینە؟

ئەوەی داگیرکەر هەوڵی نانەوەی دووبەرەکی و بەرگرتن بە هاتنە ئارای گوتاری نەتەوەیی لە ناو گەلی کورددا ئەدات، ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە و لەڕاستی دا بەشێکە لە چییــەتی دەســــەڵاتی داگیـــــرکـــەر.

لە پاش بەتاڵان بردنی شۆڕشی پەنجاوحەوت لەلایەن مەلاکانەوە، گەلی کورد بەکەڵک وەرگرتن لە هەموو ئامرازەکانی خەبات هەوڵی وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی داوە. پاش سڕکردنی خەباتی چەکداری لە دەیەی حەفتای هەتاویدا چەند ڕاپەڕینی جەماوەریی لە کوردستان ڕوویداوە کە لێرەدا تەنیا ئاماژە بە دوو نموونەی دەکەین.

 ڕاپەڕینی پاش کوژرانی لاوێکی مەهابادی بەناوی شوانە سەید قادری

 مانگرتنی جەماوەریی بۆ مەحکووم کردنی تێرۆری نێودەوڵەتیی دوکتور عەبدولرحمان قاسملوو لە ساڵیادی ئەم تیرۆرەدا.

سەرنج دان بەم دوو دژ کردەوە لەهەڤبەر دەسەڵاتی تاران، دەری دەخەن شەقامی کوردی هەنگاو بە هەنگاو پانتایی بەجەماوەریتر کردنی هەستی نەتەوەیی بەربڵاوتر کردووە. بەو واتایەی کە مانگرتنەکانی ساڵیادی تێرۆری دوکتور عەبدورەحمان قاسملو بە بەراورد لەگەڵ خرۆشانی پاش کوژرانی شوانەی سەید قادری، بەربڵاوتر بووە، بەڵام دیسانیش شار و ناوچە شیعەنشینەکانی کوردستانی وەک پێویست نەگرتوەتەوە، کەوابوو کێشەکە لەسەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێ کوردەوە هەبووە و تا پێش سەرهەڵدانی پاش کوژرانی ژینــــاش بــــەچارەسەر نەکراوی مابوەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئەگەر سەرنجی ئەندامان و پێکهاتەی ڕێبەرایەتی حیزبەکانی کوردستان بدەین هەرچەند جیاوازایی لە ڕادەی بەشدار بوونی کوردەکانی ئەم ناوچانەدا لە ناو لایەنەکاندا بەدی ئەکرێت، بەڵام بە گشتی ڕێژەی بەشداریی کوردانی ئەم ناوچانە لە ناو لایەنە کوردیەکاندا ڕێژەیـــــەکی یـــــەکجار کــــەمــــــە، بە بـــــەراورد لـــــە گەڵ حــــەشیمەتەکەیان.

هەروەها ڕاگەیاندنی کوردی و سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕوونی دەریدەخەن کە ڕێژەی کەڵک وەرگرتن لە زاراواکانی ئەو ناوچانە ڕێژە یەکی یەکجار کەم و لاوازە و ژمارەی ئەو کتێب وبابەتانەیش کە بە زاراوەکانی ناوچەکانی لۆڕستان و ئیلام و کرماشان بڵاو دەبێتەوە بە بەراورد لەگەڵ ڕێژەی دانیشتووانیان ڕێژەیەکی یەکجار کەمە.

ئەگەر بۆ نموونە لە ناو لایەنە کوردیەکاندا، ئاماژە بە حیزبی دێموکڕات وەک کۆنترین حیزبی ڕۆژهەڵات کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە دروشمی ڕزگاریی نەتەوەیی وەک دیارترین داخوازیی ئەم حیزبە خۆی نواندووە لەم بوارەدا بکەین، بۆمان دەردەکەوێ هەرچەند سەرەکیترین خاڵ بۆ ئەم حیزبە کورد بوون بووە و لانیکەم لە پەیڕەو و پڕۆگرامەکەی دا کوردی بێ جیاوازیی چاو لێکردووە، بەڵام نەیتوانیووە وەک پێویست بەسەر ئەم قەیرانەدا زاڵ بێت.

نەتەوەی کوردیش وەک زۆربەی گەلانی دیکە پڕە لە زاراوەی جیاواز و ئایینی جیاواز، بیری جیاواز و … بەڵام ئایا حیزبی دێموکڕات وەک ئاڵاهەڵگری داخوازییە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان، توانیویەتی ئەم جیاوازییانە و یەک لەوان و بە تایبەت جیاوازییە مەزهەبییەکانی کورد، بە جۆرێک ئاراستە بکات کە دەسەڵات نەتوانێ وەکوو ئامرازێک دژ بە بزووتنەوەی کورد بە کاری بهێنیت؟ ئایا توانیویەتی ئەو جۆرەی لە ناوچە سوننییەکانی ڕۆژهەڵات پەرە بگرێ، هەر بەو چەشنەیش لە ناوچە شیعەکان دا پەرە بستێنێ و خەڵک و شەقامەکەی بەرەو داخوازییە نەتەوەییەکان هان بدا؟

بە دڵنیاییەوە وڵامی ئەم پرسیارە، نا یە و هەر بۆیە سەرهەڵدانی پاش کوژرانی ژینا هەرچەند هەنگاوێکی بەرەو پێشی دیکە بوو لەم ڕێڕەوەدا، بەڵام وەک باسمان کرد هەنگاوی پێویست نەبوو و سەر لە نوێ کەمایەسی شۆڕشەکەمان لەو بوارەدا بە زەقی خۆی نواندەوە، هەر بۆیە پێویستی بە خۆدا چوونەوە و داڕشتنی پلانی کورت ماوە و درێژماوە بۆ هەنگاوەکانی دیکەی شۆڕشی ژینا وەک پێویستییەکی حاشا هەڵنەگر لەم بوارەدا ئەرکی سەرشانی لایەنە سیــــاسی و جـــەماوەرییەکانی کـــــوردستــــانــــــە.

بۆ ڕزگاری لە کۆلۆنالیسم و بەرزبوونەوەی زیاتری هێزی کورد بۆ هەرچەشنە دانووستانێک لە داهاتوو دا، پاش کۆماری ئیسلامی جا لەڕێڕەوی پێکهێنانی وڵاتی سەربەخۆی کورداندا بێ یا خود مانەوە لە وڵاتێک بەناوی ئێڕاندا و بە هاتنە دی مافەکانمان، ئەگەر نەتوانین ئەم یەکگرتووییە لە گشت ناوچەکاندا پەرە پێ بدەین، ناتوانین وەک پێویست بە مافەکانمان بگەین و جیاواز لەوەی کە دەسەڵاتی تاران پلانی چییە یان لە داهاتوودا چی دەبێ، ئەبێ ئێمە وەک نەتەوەی کورد هەوڵ بۆ بە هێز بوونی گوتاری نەتەوەی لە سەرجەم پانتایی زاگرۆسدا بدەین و لە هەمان کاتدا کەڵک لە جیاوازییەکانمان لە ڕێڕەوی بەهێزتر کردنی گوتاری نەتەوەییدا بگرین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا قورساییمان وەک شایانی نەتەوەکەمانە بێ و چەند قاتی هەنووکە بێت.

داگرتنی بابەت