ئارامتر بخوێنەوە

کاریگەری پاکتاویی(جێنوسایدی)زمانی
و کاریگەرییان لەسەر دانە فەرهەنگییەکانی
زمانی کوردی (دەڤەری خانەقین بە نموونە)

عومەر عادل عەبدوڵڵا



ناونیشانی توێژینەوەکە:

لەم توێژینەوەدا باسی کاریگەری پاکتاوی زمانی لەسەر زمانی کوردی و دانە فەرهەنگیەکانی زمانی کوردی لە ناوچەی خانەقین دەکەین

ئامانجی توێژینەوەکە:

ئامانجان لەم توێژینەوەیە، دەرخستنی کایگەرییە خراپ و نێگەتیڤەکانی جینوسایدی زمانی لەسەر دانە فەرهەنگییەکانی زمانی کوردیە لە ناوچەی خانەقین.

هۆکاری توێژینەوەکە:

هۆکاری ئەنجامدانی ئەم توێژینەوە هەوڵێکە بۆ هۆشیارکردنەوە ئاخێوەرانی زمانی کوردی لە دەڤەری خانەقین و خستنەڕووی مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی لەو دەڤەرەدا.

توێژینەوەکانی تر:

لە بواری توێژینەوەی زمانی کوردیدا، چەند توێژینەوەیەک لە مەڕ پاکتاویی زمانییەوە ئەنجامدراوە، هەریەک لەو توێژینەوانە، بە بابەتێک یان لایەنێکی تر زمانەوە پەیوەستی کردووە. ئێمەش لێرەدا بۆ خواست و مەبەستی خۆمان بەکارمانهێناوە.



پێشەکی:

زمانی کوردی چەندین شێوەزار لە خۆ دەگرێت، کە بەسەر زارەکانی زمانی کوردی دابەشبوون، ئەم دابەشبوونە بەهۆی کۆمەڵێک هەلومەرجی شوێنکەوتە و کۆمەڵایەتییەوە هاتۆتە کایەوە. هەندێک لەوە شێوەزارانە، بەهۆی نزیکییان لە ناوچە سنوورێیەکانی زمانەکانی ترەوە، ڕووبەڕووی جۆرێک لە مەترسی توانەوە دەبنەوە. دیارە زمانی کوردی لە ناوچە جێناکۆکەکان بە گشتی و دەڤەری خانەقین بە تایبەتی ڕووبەڕووی جۆرێک کزکردن و سەرکەوتکردن بۆتەوە، لێرەدا ئاستی هۆشیاری ئاخێوەر و هەستی نەتەوایەتی ڕۆڵیکی بەرچاوی هەیە لە پاراستنی زمانی کوردی، ئەگەر ئاخێوەرانی هەست بە مەترسی بکەن.

یەکێک لەو هۆکارانە کە شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانی تاک تووشی قەیران دەکات نەمان و لە نێو چوونی زمانەکەیەتی. زۆرن ئەو نەتەوانەی کە سەرەڕای مانەوەیان، بەڵام به هۆی لەنێوچوونی زمانەکەیان، بەو نەتەوەیە هەژمار دەکرێن کە بە زمانەکەی دەدوێن. بۆ ئەوەی نەتەوەی کوردیش لە داهاتوودا بەشێک لە نەتەوانە نەبێت، پێویسته هەوڵەکانمان بۆ توێژینەوە و لێکۆلینەوە لــــەســــەر زمــــانی کــــــوردی چـــڕ بکەینەوە.

نەمانی زمان و لەناوچوونی، یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دۆسیەی نەتەوەیی و نیشتمانی تاک دەخاتە بەردەم پرسیار و گومانەوە، چونکە لە ڕابردوو زمانە گەلێک لەناووچوون، بەڵام وەکو نەتەوە ماوەنەتەوە، کەچی بەهۆی نەمانی زمانەکەیانەوە، بەو نەتەوە هەژمار دەکرێن کە بە زمانەکەی دەدوێن. بۆ ئەوەی ئێمەش بەشێک نەبین لەو نەتەوانە لە داهاتوودا، پێویستە مشوورێکی زمانەکەمان بخۆین لە ڕێگەی توێژینەوە و لێکوڵینەوەکانەوە.



زاراوە و دەستەواژەی پاکتاوی زمانی:

جینۆساید، زاراوەیەکی دیار و بینراوی نێو کۆمەڵگەی کوردییە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەزموونە تاڵ وخراپانەی کە کۆمەڵگەیە کوردی لەگەڵ ئەم زاراوەیەیدا هەیبووە. لە بەرانبەر ئەم زاراوەیە لە زمانی کوردییدا: چەند زاراوەیەک داتاشراوە، کە بەشێوەیەکەی گشتی هەمان مەبەست دەپێکن، وەک: پاکتاوکردن، کۆمەڵکوژی، ڕەشەکوژی، گەلەکوژی، هتد، ڕەگی “زاراوەی جێنۆساید(Genocide) لە دوو بڕگە پێکهاتووە، یەکەمیان(Genos)ی یۆنانی بە مانای ڕەگەز و ئەوتریان (CIDE)ی یۆنانی یان(ceadere) لاتینی مانای کوشتن دەگەیەنێت و بەسەر یەکەوە مانای کوشتنی ڕەگەزی مرۆڤ دەبەخشێت و لە مەفهوومدا مەبەست کوشتنی بە کۆمەڵ یان قڕکردن یان کۆکوژییە”(هەژار عەزیز سوورمێ،٢٠٠٦:٢٠).جێنۆسایدی زمانی لە ڕووی زاراوەوە، لە زمانی ئینگلیزیدا پێدەوترێت(linguicide)، ئێمەش بە پێ تایبەتمەندی زمانی کوردی دەتوانین زاراوەی (زمانکوژی) یان بە دەستەواژەکانی(پاکتاوی زمانی) یان( قڕکردنی زمانی) ناوی ببەین.

زمان، هەمان تایبەتمەندی بوونەوەرێکی زیندووی هەیە، لە دایک دەبێت و دەمرێت و لە ناو دەچێت، بەڵام چارەنووسی لەناوچوون و مانەوەی تاڕادەیەک بە دەستی مرۆڤ دایە، چونکە بەکارهێنانی دەبێتە هۆی زیندوو ڕاگرتنی زمانەکە و بە پێچەوانەوە بەکارنەهێنان و پشتگوێخستنی لەلایەن ئاخێوەرانەوە دەبێتە هۆی پووکانەوە و مردنی ئەو زمانە. هەر بۆیە لە پێناسەی مردنی زماندا وتراوە:”مردنی زمان یان لە ناوچوونی زمان بەو زمانە دەوترێت کە دوا کەسی ئاخێوەری ئەو زمانە دەمرێت و کەسی دی دوای خۆی نییە قسەی پێ بکا.”( سوداد ڕەسول،٣٨: ٢٠١٤) بە گشتی کۆمەڵێک هەلومەرج و فاکتۆر لەسەر مردنی زمانێک کاریگەرن. لێرە دەمانەوێت یەک لەو هەلومەرجانە بخەینەڕوو کە ئەویش پاکتاوی زمانییە. پاکتاوی زمانیی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە سڕینەوە و لە ناوبردنی نەتەوەکان. وهەروەها یەکێک لەو ڕێگایانەیە کە دەسەڵات و نەتەوە زاڵەکان بەکاری دەهێنن، بۆ کەمکردنەوە مۆرکی نەتەوایەتی هەر نەتەوەیەک. چونکە زمان وەک گرنگترین کۆڵەکەی شوناسی هەرنەتەوەیەک دادەنرێت. وێرای ئەمە هەرتاکێک بە کۆمەڵێک تایبەتمەندییەوە دەناسرێتەوە کە یەک لەوان زمانه.

ئەگەر خودی جێنۆساید “تاوانەکانی دژی مـــرۆڤــــایـــەتی بێت”(د.سالار باسیرە،٢٠١٣:٦) بێگومان جێنۆسایدی زمانی بەشێکە لەو تاوانکارییە و دەتوانین وەکو تاوانێکی کلتووری و نەتەوەیی هەڵیسەنگێنین, یان ڕوونتر بڵێین: ئەگەر جێنۆساید لەناوبردن و کوشتنی بە کۆمەڵ بێت ، ئەوە جێنۆسایدی زمانی، لەناوبردنی دانە فەرهەنگییەکانی زمانە, ئەمەیان زەقترین بەڵگەیە، بۆ ئەوەی قەدەغەکردن و چەوساندنەوەی زمان، بە جێنۆسایدی زمانی ناوزدە بکەین. بەڵگەیەکەی ترمان ئەوەیە کە جێنۆساید مانای” زیان گەیاندن بە لەش و شێواندنی بیری کۆمەڵە”(د. مارف عومەر گوڵ، ٢٠١٠:٢٦) دیارە مرۆڤ بە زمان بیر دەکاتەوە، واتا بیرکردنەوەکانمان دەرهاویشتەی زمانن، لە ئانوساتی پەککەوتنی بیرکردنەوەنماندا، ئەو ڕاستەوخۆ زمان پەککی دەکەوێت، واتا بیرکردنەوە و نووسین کۆڵەکەی زینـــدوو ڕاگــــرتنی زمــــانـــــــە.

مەرج نییە، هەموو کات جینۆساید لە ئاستە مرۆییەکاندا خۆی بنوێنێت، وەک: کۆمەڵکوژی وکیمیا بارانکردن و ئەنفالکردن و هتد، بەڵکو هەندێکجار جێنوساید لە ئاستی کلتووری و کۆمەڵایەتییدا ڕوودەدات و پاکتاوکەران هەوڵی سڕینەوەی مێژوو و شارستانیەت دەدەن. ئەگەر لە ڕووی خەساری نەتەوەییەوە لێکیبدەینەوە، ئەو پاکتاوە کلتوورییەکان، لە پاکتاوە مرۆییەکان ترسناکترن. چونکە لە پاکتاوی مرۆییدا ڕەنگە چەند هەزار کەسێک لە پاکتاو بکرێن، بەڵام دوای ئەو کەسانی تر لە دایک دەبن و ڕێژەکە تاڕادەیەک دێتە باری ئاسایی خۆی، بەڵآم لە پاکتاوە کلتوورییەکان، بناغەی نەتەوەیەک وەک دروشمە نەتەوەییەکان، خاک، وێژه، زمان و داب و نەریت و بۆنە نەتەوەییەکان کە کۆڵەکەی نەتەوەن لە ژێر مەترسی دان. ئەگەر ئەمانە لە ناوبچن، ڕاستەوخۆ خۆدی نەتەوەکەش لەناودەچێت. ئەم جۆرە لە جینۆساید، جینۆسایدی کلتوورییە کە ” قەدەغەکردنی زمانی زگماک و شێواندنی مێژوو و کلتووری کۆمەڵە مرۆڤێك، یان سڕینەوە شارستانیەت و مێژوو دەگرێتەوە ”( گەیلان عەباس، جەبار ئەحمەد، ٢٠٢١:٨)

مەرج نییە، پاکتاوی زمانی بەشێوەیەکی پلانداڕێژراو ئەنجام بدرێت، بەڵکو هەندێکجار بەشێوەیەکەی خۆڕسک و هەڕەمەکی بەرێوە دەچێت، بۆ نموونە” هەندێ جار ململانێی نێوان زمانەکان جا بە هۆکاری سیاسی بێت یان ئاینی یان هەر هۆکارێکیتر دەبێتە مایەی لە ناوچوونی زمانێک ئەمە زیاتر لە ململانێ سیاسی و ئاینییەکاندا ڕوودەدات چونکە هێزی دەسەڵاتدار و براوە لەو ململانێیانەدا بە هەموو شێوازێک هەوڵی سڕینەوەی زمانانی بن دەستی خۆی دەدات ئەمە بۆ خۆی دەچێتە قاڵبی جێنۆسایدی زمانەوە”(د.دارا حەمید محەمەد، ٢٠١٧:٣) کەواتە ڕامیاری و ئایین دوو ڕێڕەوی ڕێگەخۆشکەرن بۆ سەرهەڵدانی یاخود ئەنجامدانی ئەم جۆرە پاکتاوە. بۆ نموونە لە سیاسەتدا، زمانی نەتەوەی دەسەڵاتدار دەبێت بە زمانی فەرمی وڵات و زمانەکانی تر پەراوێز دەخرێن. سەبارەت بە ئاینیش بە هەمان شێوە. هەندێکجاریش ئەم پاکتاوە به ئەنقەست ئەنجام دەدرێت، لە ڕێگەی بڕیارێکی سیاسییەوە خوێندن بەو زمانە قەدەغە دەکرێت، ئەمەش بۆ خۆی کاریگەری نەرێنی لەسەر زمانەکە بەجێدەهێڵێت. هاوکات لە گەڵ ئەوەی کە زمانێک دەبێت به زمانی فەرمی وڵاتێک، زمانەکانی تر پشتگوێ و پەراوێز دەخرێن.



یەکە فەرهەنگییەکانی زمان:

فەرهەنگ، تۆمارگە و کۆکەرەوەی وشەکانه. چونکە وشەکان لو خۆ دەگرێت و بە پێی پێویست لە پرۆسەیەکی ئاوەزمەندانەوە بە کاریان دەهێنێت. بێگومان ئەمەش پرۆسەیەکی خۆرسک نییە، بەڵکو وەک ئـــەندامانی جـــەستە بــــە شێوەیەکی رێک و پێک و بـــە دیسپلین بــەڕێوە دەچێت”فەرهەنگ لە زمانی کوردیدا بەو پەرتووکە دەگوترێت، کە ئەرکی گەنجکردن وشە و زاراوەکانی هەیە، لەباتی فەرهەنگیش دەتوانین وشەدان یان وشەنامە بەکاربهێنین”(عـــومــــەر عادل عەبدوڵڵا، ٢٠٢٣:٨٢) بەڵام کەسانێکیش جیاوازی دادەنێن لە نێوان فەرهەنگ و وشەنامەدا. بە بۆچوونی ئەوان وشەنامە تەنیا کۆکەرەوەی وشەکانە و زیاتر بۆ فەرهەنگی یەک زمانی و دوو زمانی بەکاردەچێت، بەڵام فەرهەنگ لەگەڵ ئەوەی کە وشەکان کۆدەکاتەوە، زانیاری و لێکدانەوەی وشەکانیشی تێدایه. کەواتە“وشەی فەرهەنگ، بۆ ئاماژەدان بە کتێبێک کە زۆرترین ژمارەی وشە زمانەکەی لەخۆگرتووە، لەگەڵ ڕوونکردنەوە و لێکدانەوەی ماناکانی، بە مەرجێک کە کەرەستەکان بە ڕیزبەندییەکی تایبەت ڕێکبخرێن.”(سمـــــاح غفال،٢٠١٢:٦)

یان “فەرهەنگی زمان تێکڕای وشەی زمانێک(نوسراو و نەنوسراو و گوتراو و نەگوتراو ماو و لەناوچوو و زاڵ و ژێردەستە و ستت و چالاک) لە خۆدەگرێت، لەبەر ئەوەی جیهانی وشە فراوانە گەنجینەیەکی گەورەی زمانەکە پێکدەهێنێت، هەتا وشەکانی گەشە و نەشونما بکەن، ئەوا فەرهەنگەکەشی دەکات و زمانەکەش فەوتان و لەناوچوون دەپارێزێت”(عوسمان کەریم عەبدولڕەحیم، ساڵ…:٣)بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەگەر فەرهەنگ بۆ زمانەکەمان دانەڕێژین، ئەوە ئەگەری پووکانەوە و لەناوچوونی لە ئارا دایە.

“ یەکەی فەرهەنگی، ئەو یەکە سەرەکییەیە، کە لیستەکانی وشە پێکدەهێنن”(احمد موختار عمر،١٩٩٨:٢٤) هەر وشەیەک لە نێوان فەرهەنگدا وەکو یەکەیەکی فەرهەنگی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ڕۆڵی کارای هەیە لە ڕۆنانی گەورترە لە نێو زماندا. ئەوەش ئاشکرایە، زۆر بوونی یەکە فەرهەنگییەکان لە زماندا دەبێت هۆی فراوانبوونی پانتایی فەرهەنگی زمانەکەمان و “بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زمان، پێویستمان بە دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگەکەی خۆی هەیە، ئەویش بەهۆی بوونی پەیوەندیەکی بەتین گرنگ لە نێوان فەرهەنگ و زمان. بە کۆی دانەکانی فەرهەنگ دەوترێ زمان، بەڵام ناتوانین بە کۆی دانەکانی زمان بڵێن فەرهەنگ چونکە زمان فراوانترە لە فەرهەنگ.”(ڕۆژان نووری عبداللە، ٢٠٠٧:١٠)بەمشێوەیە دانە فەرهەنگییەکانی زمان، وەکو بەشێک نەبڕاوە لە زمان سەیر دەکرێت.

یەکە فەرهەنگییەکان بەو کەرەستە زمانییانە دەوترێن، کە چوونەتەوە نێو فەرهەنگی زمانەوە و جێی خۆیان کردۆتەوە و مرۆڤ بە پێی پێویست لەسەروبەندی ئاخاوتندا بەکارییان دێنێت. هەروەها ئەم کەرەستە هەنگاوی سەرەتایین بۆ ئەوەی کەرەستەی ئاڵۆزتری لێ دروست بکرێت، ئەمەش بە پێی پێویست و خواستی کۆمەڵ بۆ ڕۆنانی ئەو وشەیە وەک ڕێگەیە بۆ ناسینەوەی ئەو شتەی یان ئەو واتایەی کە وشەکەی بۆ دروست دەکرێت. هەر بە یارمەتی دانە فەرهەنگە سادەکان، دەتوانین لە زمانی کوردیدا چەندین دانەی فەرهەنگی لێکدراو و دارێژراو دروست بکەین، بۆ نموونە وشەی (گوڵ) وەکو دانەیەکەی فەرهەنگی سادە دەتوانین چەندین دانەی فەرهەنگی تری لێ دابرێژین، بۆ نموونە وەک:( گوڵان، گوڵەباخ، گوڵاڵە،…)



پڕۆسەی جێنۆسایدی زمانی لە دەڤەری خانەقیندا:

ئەگەرچی نەتەوەی کورد ڕووبەڕووی هەموو جۆرە جێنۆسایدێکی جەستەیی بۆتەوە و بە شێوازی جۆراوجۆر ئەشکەنجە و ئازار دراوە، لەگەڵ ئەمەشدا، ڕووبەڕووی جێنۆسایدی کلتووری و ڕۆشنبیری بۆتەوە, که گرنگترینی، جینۆسایدی زمانییە.

دەڤەری خانەقین، وەکو بەشێک لە ناوچە جێناکۆکەکان، هەمیشە بەر شاڵاوی هێزە داگیرکەرەکان کەوتووە. بەڵام پاش ڕزگارکردنی ئەو ناوچانە، شوێنەواری ئەو داگیرکارییە هەر بە نێو چاوی ئەو دەڤەرەدا ماوەتەوە، بە تایبەتی لە ئاستی زماندا. لەبەرئەوەی کە ئەو ناوچانە بەردەوام لە ژێر هەڕشە و ڕاگواستن و بە عەرەب کردندان، زمانی کوردی لەو دەڤەردا دەچەوسێندرێتە و لاوازکراوە. ئەم هێرش و چەوساندنەوەیە گەیشتۆتەوە ئاستێک کە دەتوانین وەک پاکتاویی زمانی پێناسەی بکەین. لەخوارە گرنگترین هۆکارەکانی لاوازبوون و توانەوەی زمانی کوردی لە ناوچەی خــــانــــەقیــــن باس دەکـــەین:



 لاوازبوونی خوێندنی کوردی لە دەڤەرەکە:

لە ناوچە دابڕاوەکاندا، باوکان و دایکان زۆر کات منداڵەکانیان دەخنە بەر خوێندنی عەرەبیی، بە بیانووی ئەوەی لە داهاتوودا سوودی بۆ نەوەکانیان هەیە و زیاتر هەلی کار و هەلی دامەزراندن دەستدەکەوێت، بێگومان ئەمەش زیانێکی گەورە لە زمانی کوردی دەدات، چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو نەوە لە داهاتوودا لە ڕووی زانستییەوە ئاشنای زمانەکەیان نەبن و سۆز و هەڵوێستێکی نەتەوەیی بەرانبەر بە زمانەکەیان نەنوێنن.

هەروەها”بۆ پاراستنی زمان و زارەکان لە فەوتان کۆمەڵێک ڕێگە هەن، یەکێک لەو ڕێگەیانە خوێندنێتی بەشێوەیەکەی ڕێک و پێک لە سیستەمی پەروەردەی ئەو وڵاتەدا”(سوداد ڕەسول،٢٠٢١:١١٠) ئەگەرنەوەکانی داهاتوو کوردی بخوێنن، دەتوانین پێش بە فەوتانی زمانی کوردی بگرین، پێچەوانەی ئەوە گرفت و قەیرانی زۆری لێدەکەوێتەوە. بە پێی ئامارێکی کەناڵی ڕووداو لە ڕێکەوتی (12- 09- 2022) ئاماژەی بەوە کردووە؛”خوێندن بە زمانی کوردی لە سنووری خانەقین ساڵ لەدوای ساڵ کەمتر دەبێت و خوێندنی عەرەبی جێگەی دەگرێتەوە. ساڵی رابردوو 252 قوتابی خراونەتە بەر خوێندنی کوردی لە بەرامبەردا 3570 قوتابیی کورد چوونەتە قوبخانە عەرەبییەکان”ئەمەش پاساوێکە بۆ حکومەتی عێراق بۆ ئەوە زۆرێک لە قوتابخانە کوردییەکان لەو شارە دابخات



 لاوازبوونی پێگەی ڕامیاری و نەتەوەیی کورد لە دەڤەرەکە:

ڕامیاری و جووڵانەوە سیاسییەکان کاریگەریی زۆریان هەیە لەسەر بە هێزبوون لاوازی زمانێک. وەک چۆن منداڵێک لە پشت تواناکانی باوکی یان دایکی چەند چالاکی ئەنجام ەدات، زمانیش لە پشت هێزی ڕامیارییەوە دەتوانێت باڵای خۆی بەرز بکاتەوە و بوونی خۆی بسەلمێنێت.

زمان لە ئاست پرسی نەتەوەییدا،” دەبێتە پێناسەی نەتەوە و بە بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی دادەنرێ، تەنانەت پیرۆزی و خۆشەویستی و شیرینی زمان دەگاتە ڕادەیەک کە تاکەکانی نەتەوە لە پێناویدا دەبنە قوربانی و شۆڕش لە پێناویدا دەگێرن.زمانی کوردیش نموونەی زەقی ئەم دیاردەیە.”(د.قەیس کاکل،٢٠٠٧:٧).

لە دەڤەری خانەقیندا، بە تایبەتی دوای ڕووداوەکانی شانزەی ئۆکتوبەر و لاوازبوونی پێگەی ڕامیاری کورد، زیاتر هەوڵی پەکخستن و توانەوە زمانی کوردی لەو ناوچەیە دراوە، چونکە لەو ماوەیەدا، هێزێکی ڕامیاری نەبوو، بەرگری لە زمانی کوردی بکات و بەری ئەو لێشاوە و ئەو ستەمە بگرێت، کە بەرانبەر بە زمانی کوردی دەکرێت.



 بەردەوامی پرۆسەی بەعەرەبکردن لە دەڤەرەکە:

لەسەردەمی حکومڕانی بەعسەوە، تارمایی تەعریب هەمیشە باڵی بەسەر ناوچە دابڕاوەکاندا کێشاوە. ئەمەش کاریگەری نەرێنی لە سەر زمانی کوردییەوە هەبووە و وایکردووە کە زمانی عەرەبی بە سەر زمانی کوردیدا زاڵ ببێت. دیارە قۆناغەکانی بە عەرەبکردنی کوردستان بە چوار قۆناغدا تێپەڕیوە، کە ئەمانەی خوارەوەن:

“قۆناغی یەکەم(١٩٢٥-١٩٥٨) سەردەمی پاشایەتی

قۆناغی دووەم(١٩٥٨-١٩٧٤) سەردەمی کۆماری

قۆناغی سێیەم(١٩٧٤-١٩٩٠) سەردەمی بەعس

قۆناغی چوارەم(١٩٩٠-تا ئێستا) دوای ڕاپەڕین”

(غەفوور مەخمووری،٢٠١٠:٢٦)

لە هەموو قۆناغەکاندا، زمانی کوردی پشکی خراپی بەرکەوتووە، بەڵام لە هەندێک قۆناغیش بوژانەوە و تازەبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.



 خواستی ئاخێوەران دەڤەرەکە، بۆ زیاتر ئاوڕدانەوە لە زمانی عەرەبی:

بە بیانووی ئەوەی کە زمانی عەرەبی باڵادەستترین زمانە لە عێراقدا و لە سەرتاسەری وڵاتدا کاری پێدەکرێت، وایکردووە، ئاخێوەرانی ئەو ناوچانە، زمانی کوردی پشتگوێبخەن واتە ئەوان زمانێک زیاتر بە کاردەهێنن کە لە گەڵ بەرژوەندییەکان یەکدەگرێتەوە.



 بەکارهێنانی زمانی عەرەبی لە توڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یەکێکە لەو جێگەیانەی کە بە ڕێژەیەکەی زۆر زمانی تێدا بەکاردێت، لە هەمان کاتدا، یەکێکە لەو شوێنانەیە، کە ستەم بەرانبەربە زمان دەکات. چونکە ئاخێوەران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەندێکجار بەشێوەیەکەی نارێک زمان بەکاردەهێنن، واتا لە ڕووی ڕێنوس و دەنگسازییەوە، بەرانبەر بە زمانەکەیان کەمتەرخەمن.

لە دەڤەری خانەقیندا، هەندێکجار ئاخێوەرانی زمانی کوردی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بە زمانی عەرەبی دەنووسن و شتەکانیان بڵآو دەکەنەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەکارهێنرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان زیاتر زمانی عەرەبی بناسن و ئەوەش کاریگەرییەکی ڕوونی هەیە بە سەر زمانی کوریدا.



کاریگەری پاکتاوی زمانی لـەسەر دانە فـەرهەنگییەکــانی شێـوەزاری کەلهوڕیی خانەقینیی:

ئەو شێوەزار و زمانانەی کە دەکەونە ناوچە سنوورییەکانەوە لەگەڵ زمانەکانی تر دەتوانن لەسەر یەکدی کاریگەریی دابنێن، ئەم کاریگەرییەش پەیوەندیی بە زاڵبوون و هێژموونی زمانێک بەسەر زمانیکی ترەوە هەیە. ئەگەر سیاسەت، دەسەڵات لە پشت زمانێکەوە بێت، دەتوانێت زمانەکەی تر بخاتە ژێرکاریگەریی خۆی و پاشماوەی نەرێنی لەسەر زمانەکە بەجێبهێڵێت.

ناوچەی خانەقین، زۆربەی دانیشتووانی بە شێوەزاری کەلهوڕی قسە دەکەن، دیارە”زاری کەلهوڕی، هەر تیرەی کەلهوڕی قسەی نادەکەن، بەڵکو گشت ئەو هۆزە کوردانە قسەی پێدەکەن کە لە نێوان کرماشان شارەباندا، بە ڕێگای کرماشان-خانەقی، تا سنووری وەچەزاری فەیلی و لەکستان دەژێن، جگە لە خێلی سنجاوی.”(نیعمەت عەلی سایە،٢٠٠٤:٥)جا ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ناوچەی خانەقین، ئەوە دەبینین, هەموو خێڵەکانی ئەو ناوچەیە، وەکو (کەلهوڕ و باجەڵان و سوورەمەیلی و ئەرکەوازی و هتد)

بەو شێوەزارە قسە دەکەن، بێگومان شێوەزاریش بە پێی ناوچە دەگۆڕێت. ئەگەرسەرنجمان دابێت، ئەوە شێوەزارە کەلهوڕییەی کە لە ناوچەی خانەقین قسەی پێدەکرێت، جیاوازی هەیە، لەگەڵ ئەو شێوەزاری کەلهوڕییەی کە لە ناوچەکانی کرماشاندا قسەی پێدەکرێت.

“خانەقین وەکو ناوەندی ناوچەی گەرمەسێر، یەکێک لەو شارانەیە کە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێگەیەکی دیاری هەبووە و بەهۆی هەڵکەوتەی ژئۆپۆلیتیکی ئەو شارە، جێگەی ململانێی هێزە هەرێمیەکان بووە”( ئەدهەم رمضان، ئاریان ڕەئوف،٢٠١٧:٣٥٢) لە ڕووی شوێنکەوتەوە، ئاخێوەرانی ئەم شێوەزارە دەکەونە ناوچە جێناکۆکەکانی کوردستانی باشوورەوە، کە هەمیشە پشکی پڕۆسەی بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی بەرکەوتووە، ئەم بە عەرەبکردن و ڕاگواستنە بەشێوەیەکی فەرمی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی بەعس. بەشێوەیەکی گشتی”هەموو گوندەکانی خانەقین بەر ڕاگواستن و بەعەرەبکردن کەوتوون”(ئەمین قادر مینە، ٢٠١٢:٢٧١) بێگومان ئەمەش کاریگەری کردۆتە سەر نەتەوەی کورد و زمانی کوردیی، لە زمانیشدا لایەنی فەرهەنگسازی شێوەزاری خانەقینی دانە فەرهەنگییەکانی وەلانراوە و هەندێک لە دانە فەرهەنگییەکانی زمانی عەرەبی شوێنی گرتۆتەوە. هەرچەندە کەسانێک هەن، وا دادەنێن ئەم دانە فەرهەنگییانە لەگەڵ دانە فەرهەنگییەکانی تر بوونەتە بە هاوواتایی لە زمانی کوردیدا، ئەم تاڕادەیەک قبوڵکراوە، چونکە یەکێک لە ڕێگاکانی دروستبوونی هاوواتایی وشە وەرگرتنە لە زمانانی تر,واتا:”خواستن و وەرگرتنی وشە لە زمانانی تر دیاردەیەکی ئاسایی زمانییە یەکێکە لە سەرچاوە گرنگ و بنەڕەتیانەی کە دەبێتە هۆی فاکتەری سەرهەڵدان و دروستبوونی دیاردەی سینۆنیم لە نێو زماندا.دیارە خواستنی وشە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر دەرئەنجامی کارتێکردن و لێکنزیکبوونەوەیانەیە لە یەکتر ئەمەش دەگرێتەوە بۆ هۆکاری کۆمەڵایەتی, ڕۆشنبیری، سیاسی، گەشتوگوزاری، ئابووری، بەجیهانیبوون و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و هتد”(ڕۆستەم محەمەد ئەحمەد، ٢٠١٦:٥٠) بەڵام گەر ئەمە بوو بە دیاردە، ئەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر زمانەکە دەبێت و هۆکارێکە بۆ ئەوەی وشە ڕەسەنەکانی زمانەکە پشتگوێبخرێت. ئەم دیاردە لە ناوچەی خانەقیندا بەدی دەگرێت, لە ئاخێوەران دانە فەرهەنگییەکانی زمانی کوردییان پشتگوێخستووە و باڵییان بۆ دانە فەرهەنگییەکانی زمانی عەرەبی کردۆتەوە، ئەم دیاردە لەلای هەندێک ئاخێوەر ئەوەندە تۆخبۆتەوە، لە دەربڕینی هەندێک ڕستەدا تەواو سیمای زمانی عەرەبی تێدا بەدی دەکـــەیت، بـــــۆ نمــــــوونــــــە:

وەســـەر جسرگــــە عـــــەبــــر کـــــرد.

ئەگەر لەم ڕستەیە بڕوانین، ئەوە وشەکانی(جسر و عەبر) هەردووکی لە ژێر کاریگەری فەرهەنگی زمانی عەرەبییدا بەکارهێنراون. ڕاستە وشە وەرگرتن یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی زمانی زیندوو، چونکە لە وشە وەرگرتندا، ئەو وشەی لە زمانێکەوە بۆ زمانی تر دەگوازێتەوە، دەخرێتە ژێر یاسا ڕێزمانییە، واتا’ ڕێگایەکە لە زمانی بێگانەوە لە ئەنجامی نەبوونی وشەی بەرانبەر بۆ ناونانی یا دانانی بەرانبەر بە دیاردەیەک کە لە زمانی کوردییدا بوونی نەبێت پەنا دەبرێتە بۆ وشەی ناکوردی لە زمانی ترەوە، بەڵام پێویستە بخرێتە ژێر بەر گونجانی دەنگسازییەوە’(رەفيق شوانی،٢٠١١:١٢١) بەڵام ئەوە بەلای ئاخێوەرانی ناوچەی خانەقینەوە بەدی دەکرێت، خواستنی وشەکەیە وەکو خۆی یان بە ناتەواوی بخرێتە ژێر دەنگسازیی زمانەکەوە، بۆ نموونە: ئەگەر ئێمە وشەی (جبل) لە زمانی عەرەبییەوە بگوازینەوە بۆ زمانەکەمان، ئەوە دەڵێن(جەوەڵ)، یان وشەی (معرض) بۆ (مەعرزە)، بەڵام ئاخێوەرانی ناوچەی خانەقین وشە وەکو خۆی لە زمانی عەرەبییەوە وەردەگرن، یان کەمتر گۆڕانکاری دەنگی تێدا دەکەن.

لە دەڤەری خانەقیندا، بەهۆی ئەوە نزیکی سنوورەکەیەوە لە ناوچە عەرەبنیشانەکانی خوارووی ئێراق، لە دەمە دەمەی ئاخاوتندا، چەندین وشە ناڕەسەنی کوردی بەدی دەکرێت، کە لە زمانی عەرەبییەوە وەرگیراون و تەواو سیمای زمانەکەیان تەنیوە. دیارە ئەمەش ئەگەر بەشێوەیەکەی پلاندارێژراو بێت یان خۆڕسکی کاریگەری نەرێنی لەسەر وشەسازی زمانەکەوە بەجێدەهێڵیت.



ئەنجام:

پڕۆسەی جێنۆسایدی زمان، لە ئێستادا لەسەر زمانی کوردی بە گشتی و لە ناوچەی خانەقیندا بە چڕی پەیڕەو دەکرێت

لە ئەنجامی ئەم توێژینەوەدا، گەیشتن بەوە کە زمانی کوردی لە دەڤەری خانەقینیدا لە ژێر مەترسییەکی گەورەدایە، چونکە ئاخێوەرانی ئەو زمانە، زیاتر لاربوونەوە و سۆزیان بۆ زمانی عەرەبی هەیە تا زمانی کوردی.



سەرچاوە کوردییەکان:

١.غەفوور مەخمووری،٢٠١٠، بە عەرەبکردنی کوردستان، چاپی سێیەم،هەولێر.

٢.قەیس کاک تۆفیق،٢٠٠٧،ئاسایشی نەتەوەیی و پلانی زمان،چاپی یەکەم، دەزگای ئاراس، هەولێر

٣.عوسمان کەریم عەبدولڕەحیم،ساڵ…،نامەی ماستەر، زانکۆی سلێمانی.

٤.ئەدهەم رمضان، ئاریان ڕەئوف عەزیز،٢٠١٧، گرنگی پێگەی سیاسی ستراتیژی خانەقی بۆ هەرێمی کوردستان، گۆڤاری زانکۆی گەرمیان.

٥.سوداد ڕەسول،٢٠١٤، مردنی زمان، گۆڤاری زمانناسی ژمارە(١٥)،هەولێر.

٦.هەژار عەزیز سورمێ،٢٠٠٦، کورد و جێنۆساید و ئیبادەکردن:هەڵوێستی نێودەوڵەتی،چاپی دووەم، هەولێر.

٧.د.سالای باسیرە،٢٠١٣، جێنۆساید لە یاساکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەنێودەوڵەتی کردنی،سلێمانی.

٨.گەیلان عەباس، جەبار ئەحمەد،٢٠٢١، ئەنفال و جێنۆسایدی گەلی کورد.

٩.د.مارف عومەر گوڵ،٢٠١٠، جێنۆسایدی گەلی کورد، بڵاوکراوەی ئاراس، چاپی پێنجەم، هەوڵیر

١٠.د.دارا حەمید محەمەد،٢٠١٧،جێنۆسایدی زمان(زمانی کوردی بە نموونە)، گۆڤاری زانکۆی گەرمیان.

١١.د.رەفیق شوانی،٢٠١١، وشەسازی زمانی کوردی، چاپی یەکەم، دەزگای موکریانی، هەولێر.

١٢.نیعمەت عەلی سایە،٢٠٠٤ڕێزمانی کوردی زاری کەلهوڕی، چاپخانەی شڤان،سلێمانی.

١٣.ئەمین قادر مینە، ٢٠١٢ئەمنی ستراتیجی عێراق و سێکوچکەی بەعسيان، بڵاوکراوەی دەزگای ئەکادیمی (ی ن ک)سلێمانی

١٤.عومەر عادل عەبدوڵڵا، ٢٠٢٣هەژاری فەرهەنگی ئاوەزی ئاخێوەران لە بەرهەمهێنانی وشە و زاراوەی نوێیدا، گۆڤاری دیوان ژمارە(٢٠).

١٥.ڕۆژان نووری عبداللە،٢٠٠٧، فەرهەنگی زمان و زاراوەسازی کوردی،چاپخانەی چوارچرا، سلێمانی.

١٦.سوداد ڕەسول،٢٠٢١، خوێندن بە زمانی هەورامی، گۆڤاری ڕامان٢٨٨.

١٧.ڕۆستەم محەمەد ئەحمەد،٢٠١٦، سینۆنیم لە زمانی کوردی ناوچەی گەرمیاندا، نامەی ماستەر زانکۆی سلێمانی.



سەرچاوە عەرەبییەکان

١.احمد موختار عمر،٢٠٠٩، صناعة المعجم الحدیث، علم الكتاب، القاهرة.

٢.سماح غفال،٢٠١٢،التعريف المعجم الوسيط،رسالة ماستر، جامعة العربي بن المهدي

داگرتنی بابەت