سروشت بێزارە لە بۆشایی
بزووتنەوەی ژینا، پرسی نەتەوەیی و ڕەخنەی ئیمانێنت
محەممەد محەممەد مورادی
ساڵێک بەسەر بزووتنەوەی ژینادا تێپەڕی و ئەمڕۆ ئێمە لە خاڵێکداین کە پێویستە ئەم یەکساڵە بەچاوی ڕەخنەییەوە هەڵسەنگێنین بۆ ئەوەی بتوانین پلان بۆ داهاتوو دانێین؛ بەڵام ئەم وتارە بەنیازی ئەم هەڵسەنگاندنە نییە، بەڵكوو پێشفەڕزەکەی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی، عەقڵانییەتی مێژووییی خۆی لەدەست داوە و ئەمساڵ بێ، پێنج ساڵی تر یاخود دە ساڵی تر، ئەبێ بڕوات و بە دڵنیاییەوە شەڕە گەورە و چارەنووسسازەکەی کورد لەدوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامییەوە دەست پێ دەکات. ئەم وتارە هەوڵی ئەوە دەدات ئەو ساتەی کە کۆماری ئیسلامی دەڕووخێت وێنا بکات و ئەوەی کە کورد ئەتوانێ چیی دەست بکەوێت و چۆن؟
“سروشت بێزارە لە بۆشایی”! ئەمە وتەیەکی ئەرەستووە کە ئەمڕۆ ڕەنگی داوەتەوە ناو زانست و فەلسەفە و هونەر. ڕەنگدانەوەی لە زانستدا بەم شێوەیەیە کە سروشت بەردەوام لەحاڵی پرکردنەوەی بۆشاییدایە بۆ نموونە زەوییەکی بۆش زۆر زوو گیای لێ سەوز دەبێت، لە فەلسەفەدا وەهایە کە مرۆڤ بێزارە لە نادڵنیایی و لە پرس و پرسیاری بێ جواب و بەردەوام لە هەوڵی دۆزینەوەی جوابی پرسیارەکاندایە؛ لە هونەریشدا بووە بە شێوازێک لە کاری هونەری کە ئەبێ هەموو پانتاییی بەرهەمی هونەری پڕ بکرێتەوە. لەم وتارەدا کارمان بە ڕەنگدانەوەی ئەم وتەیەی ئەرەستووە لە زانست و فەلسەفەدا، لە زانستدا چونکە بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بۆشاییەکی هێز دەخوڵقێت کە هەمووان هەوڵ ئەدەن پڕی بکەنەوە و لە فەلسەفەدا بۆ ئەوەی ئەم وتارە هەوڵیکی بچووک بێت پشتبەستوو بە ڕەخنەی ئیمانێنت (نقد درونماندگار) بۆ وڵامی ئەو پرسیارە کۆنەی کە بۆچی کــــورد نــاتوانێ یەکگرتوو بێت؟
رۆحی زەمانە، ناسیونالیزمی مەیلەو فاشیزمە. ترامپیزم، برێگزیت، لۆمپێنیزم، ئیتاڵئێگزیت، نیونازیزم و زۆری تر کە هەموو ئەمانە تەنها لە مێترۆپۆل و جیهانی یەکەمدا لەگەڕدان جگە لە شەڕێ ئۆکڕاین و …. حکومەتی داهاتووی ئێران بێگومان حکومەتێکی ڕاستی توندڕەو ئەبێت کە تەنها زمانی هێز حاڵی ئەبێت و ئەمەش جگە لەو کێشە و ناکۆکییە ڕیشەیییەی کوردە کە لەگەڵ تــــورکی دراوسێــــدا هـــــەیەتی.
ئەگەر بێت و لە دوای کۆماری ئیسلامی، بەبێ ڕاپەڕاندنی پرسی نەتەوەیی، لەڕە دێموکراسییەکی چەپوچیڕیش بێتە سەر کار، ئەوا ئیتر هەرجۆرە خەباتێکی کورد بۆ پرسی نەتەوەیی زۆر بەئاسانی ئەخرێتە ژێر تایتڵی تێرۆریزم و بە هەموو شێوەیەک و بە پاڵپشتیی زلهێزەکان سەرکوت ئەکرێت. بۆیە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئەتوانێ دوایین دەرفەتی کورد بێت لە ڕۆژهەڵات، بۆئەوەی پرسی نەتەوەیی، بە فێدرالیزم یاخود سەربەخۆیی بباتە قۆناغێکی ترەوە.
وای دانێین بە هەوڵ و خەباتی خەڵک یان هێرشی دەرەکی یاخود بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانەوە ئێران دەشێوێت. ئەزموون نیشانی داوە لە وەها دۆخێکدا حکوومەتە ناوەندییەکان یەکەم کاریان ئەوەیە کوردستان چۆڵ دەکەن، ئەمەش لەو ڕووەوەیە کە کوردستان هێزی چەکداری ئامادەی هەیە و خەڵکانێکی زۆریش لە ناوخۆ لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئەتوانن بەو هێزانە زیاد بن. نموونەکەشی شۆڕشی گەلانی ئێران و ئەم دواییەش سەرەتای بەهاری عەرەبی لە سووریادا. ئەمە ئەو بۆشاییە ئەرەستوویییەیە کــــە ئـــــەکــــەوێتە بەردەستی کورد.
دیسان با وای دانێین کورد بەبێ شەڕ یاخود بە خۆڕاگرییەکی کەمی هێزی حکوومەتی ناوەندی یان ئەوپەڕەکەی بە سەختی، کوردستان دەگرێتەوە. لە گرتنەوەی ڕۆژهەڵاتەوە تاکوو بەهێزبوونەوە و سەقامگرتنی حکوومەتی ناوەندی، کاتێکی ئێجگار کەم و چارەنووسسازمان لەبەردەستدایە. ئەو بڕگە هەستیارە کاتییە، ڕێک ئەو خاڵەیە کە وەک هێگڵ دەڵێ خـــــاڵی لەدایکبوونی مێژووە.
ئەم بڕگە کاتییە لەڕادەبەدەر گرنگە؛ چونکە دوا دەرفەتی ڕۆژهەڵاتە بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی. لەم بڕگە کاتییەدا لەناو ئێراندا یان بە جیابوونەوە هەر شتێکمان چەسپاند و گەرەنتیی نێونەتەوەییمان بۆ وەرگرت ئەتوانین بڵێین ئیتر ئەوە دەسکەوتی تاهەتاییی ڕۆژهەڵات ئەبێت. با نموونەیەک بێنمەوە: لە ٢٠٠٣وە دەیان جار لەنێوان هەولێر و بەغدا کێشە و ناکۆکی هاتووەتە پێش بەڵام بەغدا وێڕای ئەوەی ئەیتوانی بە هێرشی ئاسمانی هەرێم تەسلیمی خۆی بکات، نەیکردووە چونکە مەشرووعییەت و گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو ڕەوشەی هەرێم هەیە. دیارە لە هەرێم ئەم گەرەنتییە یەکەم بە جینوساید (ئەنفال و کیمیاباران) بەدەست هات کە هیوادارم ئەو شتانە هیچ کات لە کوردستان و لە هیچ کوێی ئەم جیهانە دووپات نەبێتەوە و دوو هەم بە دوو فاکتەری ئابووری و ئــــەمنییەت بـــــەدەست هــات.
دوو فاکتەری ئابووری و ئەمنییەت ئەگەر کاری بۆ بکرێت و پلانیان بۆ دابنرێت ئەتوانن داهاتووی کوردستان لە ئێران و دەرەوەی ئێراندا گەرەنتی بکەن. ئەمنییەت و گەشەی ئابووری (لانیکەم تا پێش هاتنی داعش) وای کرد کورد لە عێراق ببێت بە هاوڵاتیی پلە یەک. هەتا ئێستەش هاوڵاتیی کورد بەبێ ڤیزە و کەفالەت ئەچێ بۆ بەشەکانی تری عێراق بەڵام ئەوان بۆ هاتن بۆ کوردستان پێویستیان بە کەفالەتە. هەرچەند لە هەرێم ئەم شتە بەهۆی هەبوونی نەوتەوە کرا بەڵام لە ڕۆژهەڵاتیش بە مەرجێک پلانی بۆ دانرێت ئەتوانرێت جێبەجێ بکرێت. پێشمەرگە ئەتوانێ بە جوانی ئەمنییەت دەستەبەر بکات بەڵام گەشەی ئابووری و ئاوەدانی ئەویش لە بڕگەیەکی کاتیی کەمی بۆشاییی هێزدا کارێکی ئیجگار گرنگ و هەستیارە کە ئەبێ زۆر لەوە پێشەوە پلانی بۆ دانرابێت.
پێـــم بــاشە تا ئێرە کۆبەندییەک بکەین:
گۆڕانکاری بەڕێگاوەیە و دەرفەتێکی زێڕین لە چەشنی بڕگەیەکی کاتیی بۆشایی هێز ئەکەوێتە بەردەست کورد کە ئەتوانێ تاکوو بەهێزبوونەوەی حکوومەتی ناوەندی وەها ئەزموونێکی دێموکراتیک و دەوڵەمەند لە کوردستانێکی ئاوەدان بەدەستەوە بدات کە بتوانێ گەرەنتییەکی نێــــودەوڵـــەتیــی بــــۆ وەرگــــــرێت.
بەڵام ئەمە تەواوەتییەکی یەکپارچەی لە کورد پێویستە، تەواوەتییەکی کۆنکرێت کە کورد خۆی و دنیای دەرەوە بتوانێ بڵێ ئەمە کوردە ئەمەش نوێنەرەکانیەتی. بەداخەوە ئێستە کە ئەڵێین کورد، ئەم کوردە لە ئنتزاعیترین حاڵەتی خۆیدایە! کورد کێیە؟ دێموکراتە؟ کۆمەڵەیە؟ پەژاکە؟ پاکە؟ خەباتە؟ کورد کێیە؟ هەموو ئەم هێزانە کوردن بەڵام هیچیان هەموو کورد نین. ئەی کە ئەڵێین کورد مەگەر ئەم کوردە بە کۆنکرێتی دەلالەت لە کۆی هەموو ئەمانە ناکات؟ مەگەر لای ئەوی تری کورد هیچ جیاوازە تۆ کۆمەڵەی یان پەژاک؟ مەگەر بێتوو شەڕ ڕوو بدات هەموومان بە یەک دار ڕاو نانێن؟
فرەچەشنی و فرەحیزبی بەدڵنیاییەوە دیاردەیەکی باش و پێشکەوتوو و دێموکراتیکە بەڵام ئایا عەقڵانییەتێک لەمەدا بەدی دەکرێت کە لەم بارودۆخەی ئێستەدا کە کوردستان داگیر کراوە و ئێمە ئەساسەن جوگرافیایەکمان بەدەستەوە نییە، کۆی هێز و پوتەنشێڵی موبارزاتی کورد لەنێوان زیاتر لە دە حیزبی گەورە و بچووکدا دابەش بووە کە سەرەڕای ئەوەی لە پێڕەو و پڕۆگرامی هەموو ئەم حیزبانەدا سێ جیاوازیی جەوهەری و چارەهەڵنەگر بۆ کار و پڕۆژەی هاوبەش بەدی ناکرێت، بەڵام لە کردەوە و سیاسەتدا پڕۆژەکانیان نەک هاوتەریب نییە بەڵکوو یەکبڕ و هەریەکەو ڕووی لـــــە لایــــــەکی جیاوازە.
هەر هەموو ئەو لایەن و گرووپە ئینسانییانەی سەر بە ڕۆژهەڵاتن و ناویان حیزبە بە گەورە و بچووک و کۆن و تازەوە، لەسەر پرسە سەرەکییەکان بریتی لە پرسی ژنان، ئازادیی ڕادەربڕین، پرسی نەتەوەیی و جیایی دین لە سیاسەت لەگەڵ یەک کۆکن، ئەی کەوایە هۆکاری هەبوونی ئەم هەموو حیزبە هاوشێوەیە کە هەوڵ ئەدەن هەرچۆنێک بووبێت بڵێن ئێمە جیاوازین چییە؟
سەرەکیترین هۆکاری جیاکەرەوەی ئەم حیزبانە نەک پرس و پرەنسیپە سەرەکییەکان بەڵکوو فۆڕم و شێوازی ئابووریی ئیحتمالییە بۆ حوکمڕانی لە داهاتووی ئیحتمالی لە کوردستاندا. سۆسیالیزمی دێموکراتیک، سۆسیال دێموکراسی، حکوومەتی کرێکاری و کۆدار ئەو چوار چەمکە سەرەکییەن کە هۆکاری جیاوازیی حیزبەکانی کوردستانن کە هیچکام لەم چەمکانە پێیان لەسەر عەرزی واقیع نییە و هەموویان لە وەهمدا دەژین کە دواتر دێمەوە سەر باسی ئەم چەمکانە کە بۆچی پێیان لەسەر عەرز نییە بەڵام ئێستە ئەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ ئەو پرسیارە کۆنە بێ وڵامە کە بۆچی کورد ناتوانێت وەکوو تەواوەتییەکی تەواوبوو، گشتییەتێکی یــــەکگـرتــــــوو، نـــــەتـــــەوە بێت؟
چەمکی دەوڵەت-نەتەوە چەمکێکی مۆدێڕنە و جگە لە نەتەوەی هۆڵەند و بریتانیا، کۆی هەموو دەوڵەت-نەتەوە مۆدێڕنەکانی دنیا لەدوای شۆڕشی مەزنی فەڕەنساوە (١٧٨٩) بەدی هاتوون. بە شکڵگرتنی چینە کۆمەڵایەتییەکان و گەشەکردنی بەرەبەرەی سەرمایەداری و بازرگانی لە هەناوی فێئۆدالیزمدا چیتر ئەو سیستەمە کۆتوبەند بوو لە ملی ئابووری و ژیانی خەڵکدا، کابرای بازرگان بۆ ئەوی کاڵاکانی بگەیەنێتە شوێنی مەبەست، ئەبوو لە چەند شوێنی جیاواز باج بدات بە چەندین دەسەڵاتی خۆجێیی و ئەمەش جگە لە کڵێسە بوو. خەڵک هەستیان بە پێویستیی هەبوونی بازاڕێکی تاقانە، زمانێکی تاقانە و دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێز و سوپا بۆ پاراستنی ئەمنیەتی خـــــەڵک و بـــــازرگانی کردبووە.
بەڵام کۆمەڵگا ئاسیاییەکان بەم پڕۆسەیەدا تێنەپەڕیون. مشتوومڕێکی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی ئەساسەن لە ئاسیادا فێئۆدالیزم ئەزموون نەکراوە و بەڵکوو شێوەیەکی تایبەت لە بەرهەمهێنان هەبووە ناسراو بــــە شێوە بـــەرهەمهێنانی ئاسیایی.
هێگل فەلسەفەی مێژووی خۆی بە «جیهانی ڕۆژهەڵات»ەوە دەست پێ دەکات، کە مەبەستی ئەو لە جیهانی ڕۆژهەڵات، چین و هێند و پاشایەتیی دێرینی ئێرانە. ئەم بەشە بە شارستانییەتی وەستاو [stationary] دەزانێ، واتە کۆمەڵگاگەلێک کە گەیشتوونەتە پنتێکی دیاریکراو لە کامڵبوون و لەوەدوا جووڵەیان نەکردووە. هێگل ئەم جیهانە «بەدەر لە مێژووی جیهان» وەسف دەکات و کەمترین بایەخیان پێ دەدات و لای وایە لە ڕەوتی گەشە و پێشکەوتنی جیهاندا پشکێکی ئەوتۆیان بەر نەکەوتووە و، لەبەرانبەریشدا لەو ڕەوتەدا هیچ دەورێک ناگێڕن. دواتر مارکس و ئێنگێلس گەیشتنە ئەو قەناعەتە کە لە ئاسیا و باکووری ئەفریقا، شێوەیەکی بەرهەمهێنان لە ئارادا بووە، جیاواز لە فیۆدالیزم و ناویان نا شێوەبەرهەمهێنانی ئاسیایی. بەپێی تیۆریی مارکس و ئێنگێلس، سێ تایبەتمەندیی بەرچاوی ئەم کۆمەڵگایانە بـــــریتی بـــــوون لـــــــــە:
بەهۆی تایبەتمەندیی سروشتی و پرسی ئاو و ئاویاریی ئەم ناوچانەوە پێش ئەوەی کۆمەڵگا چینایەتی ببێتەوە و دابەش بێت بەسەر چینەکاندا، دەوڵەتی بەهێزی موتەمەرکز و ناوەندی شکڵی گرتووە.
خاوەندارێتیی تایبەت وەکوو کۆمەڵگا ئەورووپییەکان بوونی نەبووە و خودی دەوڵەتی ناوەندی خاوەنی هەموو زەویو زار بوو و خودی ئەم دەوڵەتە ڕێگر بوو لە گەشەکردنی چینە کۆمەڵایەتییەکان و دەوڵەت خۆی ببوو بە جێگرەوەی چینی حوکمڕان.
سەقامگیرییەکی نەگۆر لە گوندەکاندا بوونی هەبووە، ئەگەر حکوومەتی ناوەندی لە درێژەی هەزاران ساڵدا سەدان جار دەستاودەست کرابێت، شەڕی ناوخۆ بووبێت، وڵاتانی دراوسێ هێرشیان هێنابێت، گوندەکان کە پێکهاتەی سەرەکیی ئینسانی و ئابووریی ئەم وڵاتانە بوون هیچ گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکیان بەخۆیانەوە نەدیوە.
ئەوەتا گوندەکانی ئەم ناوچانە لە چینەوە بگرە تا ڕووسیا و سەرانسەر ئیمپڕاتۆرییەتی ئێران و عوسمانی تا چەند دەیە پێش ئێستە ڕێک وەکوو هەزاران ساڵ پێشتر ژیان و بەرهەمهێنانیان دەکرد. هەربۆیە ئەم کۆمەڵگایانە، چ وەکوو تاک یاخود بەشێوەی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ دێمۆکراسی و پێویستیی دەوڵەتی مۆدێڕن نامۆ بوون.
دیارە ئێستا ئیتر موناسباتی کاڵایی و سەرمایەداری باڵی کێشاوە بەسەر هەموو جیهاندا و ئەم شێوە بەرهەمهێنانی ئاسیاییە کۆتاییی هاتووە، بەڵام گرنگییەکەی لەوەدایە کە بۆ ناسینی واقیعی مادی و تەنانەت سایکۆلۆژیکی ئەم کۆمەڵگایانە، پێویستە بزانین بە چ ڕەوگەیەکدا تێپەڕیون و بوونەتە سەرمایەداری. ئەم بەشە لە جیهان بووەتە سەرمایەداری، بەڵام ئەوەی کە بە فیۆدالیزمدا تێنەپەڕیوە و ڕاستەوخۆ لە بەرهەمهێنانی ئاسیاییەوە پێی ناوەتە ناو سەرمایەداری بووەتە هۆی ئەوە کە سەرمایەدارییەکی تایبەت و جیاواز ئەزموون بکەن.
چین خەریکە ئەبێت بە گەورەترین ئابووریی جیهان، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە دێمۆکراسیی بورژوایی نەهادینە بکاتەوە و دیسپۆتیزم یان ئیستبداد لە ڕەگ و خوێنیاندایە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (CPJ) چین گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەوانانە، هەر لەم ڕاپۆرتەدا پلەی دووهەم هی تورکیایە، پلەی سێهەم سعوودییە و میسر و پاشان ئێران و ڤییەتنام و ئیریترەیە. تەنانەت یەکێتیی سۆڤیەت کە گەورەترین شۆڕشی سۆسیالیستیی جیهانی بەخۆیەوە بینی دواجار ستالینیزم و دیاردەی گولاک و قەتڵوعامی خەڵکی لێ کەوتەوە و هەتا ئێستاش نەیتوانیوە ئیستبدادی شەرقی تێپەڕێنێت. هەروا کە ئەبینن ئەم کێشەیە گەورەتر لەوەیە بەس بۆ کوردستان و ئینسانی کورد دابەزێندرێت، بەڵام خودی ئەم تیۆرییە دەتوانێ کێشەی تێنەگەیشتنی کورد لە گرنگیی چەمکی کورد و هەڵسوکەوت وەکوو ئەندامی نەتەوەیەک و پابەندبوون بە شوناسی نەتەوەیی پێش شوناسی حیزبی روون بکاتەوە.
کوردستان بەشێک بووە لە ئێرانێک کە هەتا ئێستاش دێمۆکراسیی بورژوایی بەخۆیەوە نەدیوه. لەڕاستیدا ئێران و عوسمانی باشترین نموونەن بۆ تێگەیشتن لە تیۆریی بەرهەمهێنانی ئاسیایی. ئەم دوو ئیمپراتۆرییەتە ڕاستەوخۆ لە بەرهەمهێنانی ئاسایییەوە لەژێر کاریگەریی گوتاری ڕۆژاوادا و بە خواست و هێزی ئەوان هەوڵیان دا بۆ بونیادنانی دەوڵەت–نەتەوەی مۆدێڕن، بەڵام بەبێ ئەوەی چینە کۆمەڵایەتییەکان شکڵیان گرتبێت و بە هەمان پڕۆسەی مێژوویی ڕۆژاوادا تێپەڕیبێتن و لە سەرەوە و لەغیابی دێمۆکراسی و لەڕێگەی زەبروزەنگ و سڕینەوەی نەتەوەکانی دیکەوە. ڕوون و ئاشکرایە کە کێشەی کورد هەر لە ئەساسدا، لە لایەکەوە بەرهەمی ڕاستەوخۆی شێوەبەرهەمهێنانی ئاسیاییە و لەلایەکی تریشەوە دەستێوەردانی ئیمپریالیزم بۆ بەسەرمایەداریکردنی ئەم وڵاتانە لە سەرەوە.
گومان لەوەدا نییە ئەگەر بەدەوڵەتبوونی ئێران و تورکیا و دەوڵەتانی تری ناوچەکە لە بەرژەوەندیی سەرمایەی جیهانیدا نەبووایە، هەتا ئێستاش هەر میرنشینی و ئیمپراتۆرییەت لەم ناوچانەدا بەردەوام بوو. ئەم وڵاتانە بە خواست و زەبری ئیمپریالیزم و لەپێناو بەرژەوەندیی ئەواندا بوون بە دەوڵەتنەتەوە بەڵام کورد نا. جێی ئاماژەیە ئەگەر تەنانەت سەرەتای وشیاریی نەتەوەیی کورد بە کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستان دانین، وشیاریی نەتەوەیی کورد وەکوو خواست بۆ دەوڵەتی مۆدێڕن ماوەیەکی زۆر کورت دوای فارسەکان ڕووی داوە.
ئەگەر تەنانەت لەوەشدا کورد خۆی بە تاوانبار نەزانین کە بۆچی پاش جەنگی یەکەمی جیهانی و سەردەمی هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆرییەکان نەبووە خاوەن دەوڵەت، سەردەمێک کە زۆربەی ئەو وڵاتانەی ئەمڕۆ بە شێوەی دەوڵەت نەتەوە ئێمە لەسەر نەخشەی ئەورووپا دەیانبینین، بریتی لە ئەرمەنییەکان، گورجییەکان، لیتوانییەکان و خەڵکانی دیکەی کەنارەی باڵتیک، بزووتنەوەی یەهوودییەکان، بزووتنەوەی مەکدوونییەکان و ئاڵبانییەکان لە ناوچەکانی باڵکان، ڕوتنیـیەکان و کۆڕۆواتەکان لە ئیمپڕاتۆریای هابزبورگ، بزووتنەوەی باسک، کاتالان، وەڵش و تەنانەت یەکەم هێماکانی ناسیۆنالیزمی عەرەب لە ئیمپڕاتۆریای عوسمانیدا، زۆربەیان تا ساڵی ١٩١٤ تەنها لە فۆڕمی بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستیدا بوون کە لەڕێگای ناسیۆنالیزمی زمانییەوە هەوڵیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەوڵەت یان لانیکەم چەسپاندنی فەرمیەتی دەوڵەتێک بۆ ئەو زمانە بوو. هێشتا لام وایە بەشێوەی ئیمانێنت (درونماندگار) هۆکار و ڕێگا چارەی ئەوەی پاش سەدەیەک کورد نەک نەیتوانیوە لە هیچ پارچەیەکدا ببێتە دەوڵەت بەڵکوو ئەساسەن ئینسانی کورد هەمان ئینسانی سەردەمی میرنیشینییە هەر لەناو سایکۆلۆژیای خودی کورددایە.
ڕەوشی ئەمڕۆی حیزبایەتی، درێژەی هەمان سەردەمی میرنشینییە؛ ئەو سەردەمە میرنشینی ئەردەڵان، بابان، سۆران، بۆتان و هتدمان هەبوو ئەمڕۆ حیزبی دێموکرات، کۆمەڵە، کۆمۆنیست، پژاک، پاک و هتدمان هەیە. ئەمڕۆ شوناسی حیزبی و بەرژەوەندیی حیزبی لەپێش شوناس و بـــەرژەوەندیی نەتەوەییەوەیە.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەم حیزبانە هەن و هەریەکەو کەم تا زۆر پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆیان هەیە و لە ئەساسدا ئێمەش وەکوو خەڵکی ئاسایی هەمانە و نیمانە هەر ئەم حیزبانەن. لێرەدایە کە ئەگەڕێینەوە بۆ دیاردەی فرەچەشنی و فرەحیزبی کە ئەساسەن من بەباشی ئەزانم بەڵام بە مەرجێک ئەڵقەیەکی پێوەندیدەر لەنێوانیاندا هەبێت و هەموو پێکەوە گشتییەتێک پێک بهێنن کە کورد خۆی و دنیای دەرەوە بڵێ ئەمەیە کورد.
وەک لەسەرەوە وتم سۆسیالیزمی دێموکراتیک، سۆسیال دێموکراسی، حکوومەتی کرێکاری و کۆدار ئەو چوار چەمکە سەرەکییەن کە هۆکاری جیاوازیی حیزبەکانی کوردستانن بەڵام با بزانین بۆچی هیچکام لەم چەمکانە پێیان لەسەر عەرزی واقیع نییە و هەموویان لە وەهمدا دەژین.
ئەگەر بمەوێ هەر لە سەرەتادا کۆتایی بەم بەڵگاندنە بێنم و لە کۆتاییەوە دەست پێ بکەم پێویستە هەموولایەک بزانن ئەگەر ئەم حیزبانە قایل بە دێموکراسی بن دواجار ئەگەر کورد لە ئێران دەستکەوتێکی هەبێت، چ بە شێوەی فێدڕاڵی چ بە شێوەی سەربەخۆیی، بە بێ هیچ چەندوچوونێک ئەبێ هەموویان بچنە ناو پەرلەمانەوە و دەوڵەتی ئێتلافی پێک بێنن. واتە ئەمڕۆ فڵانە حیزب خۆی بە هەر شتێک پێناسە ئەکات دواجار ئەبێ لەناو گشتییەتێکدا ڕۆڵ بگێڕێت. پرسیارە گەورەکە ئەوەیە ئەی مادام ئێمە ئەبێ دواجار هەر ئەو گشتییەتە پێک بهێنین ئەمڕۆ بۆ پێکی نەهێنین؟ کە ئەگەر ئەمە نەکەین ئەساسەن ئیحتماڵی ئەوەی کورد دەسکەتێکی هەبێت لە تەمومژدایە.
ئێستە بۆ ئەوەی بیانوویەک بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو، تەواوەتییەکی تەواوبوو، گشتییەتێکی یەکپارچە نەمێنێت بڕێک تەزادەکان و ناکۆکییەکانی نێوان ئەو چوار چەمکە لێک دەدەمەوە.
کـۆمـەڵەی کۆمۆنیست حکوومەتی کرێکاری:
لەسەر ئەم بابەتە ساڵی ٢٠٢٠ وتارێکی تێر وتەسەلم لە دوو بەشدا نووسیوە کە لە ماڵپەڕی قەڵەمدا بەردەستە، بەڵام لێرەدا بەکورتی ئەگەر ئەمڕۆ تاکە حیزبێک لە کوردستاندا هەبووایە، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کوردستانیان لەوپەڕی ئاشتی و ئارامیدا تەسلیمی بکردایە، هێشتا نەیدەتوانی حکوومەتی کرێکاری دامەزرێنێت. یەکەم لەبەر ئەوەی سۆسیالیزم لە یەک وڵاتدا ئەزموون کراوە و لاشم وانییە کۆمەڵەی کۆمۆنیست بەنیازی ئەمە بێت، پاشان لە ئاستی جیهانیدا سەرمایەداری پاشەکشێی تەواوی بە بەرەی کار کردووە و لە سەرانسەری مێترۆپۆلدا شتێک بەناوی بزووتنەوەی کرێکاری نەماوە. سەرمایەداریی جیهانی بەرهەمهێنانی دابەش کردووە، بەشێ تێکنۆلۆژیکی بەرهەمهێنان کە کەمترین هێزی کاری پێویستە لە مێترۆپۆلدا هێشتۆتەوە و ئەو بەشەی زیاترین پێویستیی بە هێزی کار هەیە، بردووەتە ئەو شوێنانەی کەمترین ڕێکخستن و نەریتی کرێکاریی لێیە وەکوو چین و هیند. سەرمایەداری ئەمڕۆ ئیمکانی مانگرتنیشی لە بەرەی کار گرتووە واتە وای کردووە کە تەنانەت کاڵایەکی سادەی مەسرەفی لە چەند وڵاتی جیاوازدا بەرهەم دێت بە شێوەیەک کە مانگرتن لە وڵاتێکدا ناتوانێت کۆی بەرهەمهێنانی ئەو کاڵایە بوەستێنێت یاخود ئەساسەن ئەتوانێت کۆی هێڵی بەرهەمهێنانی کاڵایەک سواری کەشتی یان تەیارە بکات و لەمسەری دنیاوە بیبات بۆ ئەوسەری دنیا. ئەمەش جگە لە فەراهەمبوونی ئیمکانی ڕۆبۆتیزاسیۆنی کۆی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤایەتییە. بەداخەوە لە ئێستادا بەرەی کار لە ئێران و هەموو جیهاندا لە لاوازترین ڕەوشی خۆیدایە و ئاسۆی سۆسیالیسم هیچ ڕوون نییە. کەواتە کۆمەڵەی کۆمۆنیست دواجار هەر ئەبێ بچێتە پەڕلەمان. بەڵام وەکوو خۆم لەسەر ئەو باوەڕەم کە لایەنێکی کۆمۆنیست و پێشڕەو لە ئۆکسیجن زەروورترە بۆ داهاتووی ڕۆژھەڵات و ئەتوانێ دەوری سوپاپ ئیتمینانێک بگێڕێت کە ڕۆژهەڵاتیش بە دەردی باشوور نەچێت و ئەرکی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵەی کۆمۆنیست ئەوەیە کە جەخت و تەئکید بکاتەوە لەسەر خاڵە پێشکەوتووەکانی هێزەکانی تر و زۆر چالاکانە بەشداریی پێکهێنانی گشتییەتێکی یەکپارچەی ئۆپۆزسیۆنی کوردستان بکات.
حیـــزبی دێمــوکرات – کـــۆمەڵەی شۆڕشگێڕ. کـۆمەڵەی زەحمەتکێشان
ســۆسیــالیزمی دێمــۆکـــراتیک – سۆسیال دێموکراسی
سۆسیالیــزمی دێمـــۆکراتیک و بە گشتی نامیلکەی کورتەباس لەلایەن بەڕێز قاسملووەوە لە کۆنگرەی شەشی دێمۆکراتدا پێشکەش و پەسند کرا و بوو بە “بەشێکی گرنگ لە ڕێبازی” ئەو حیزبە، بەڵام حیزبی دێمۆکرات هەرگیز پڕاوپڕ بەشێوەی عەینی و مێژوویی ئەو چەمکەی پێ هەزم و قبووڵ نەکرا. تەنانەت لە ئەساسنامەی “کۆنگرەی شانزە”ی دێموکراتیشدا ئاماژە بە سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک دراوە، بەڵام تەنها لە دوو پاراگرافدا و زۆر زوو تێپەڕ و هــــاکـــــەزایی.
سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک و سۆسیال دێموکراسی هەردووکیان یەک بەرنامە و پێڕەوپڕۆگرامی یەکسانیان لێ دەکەوێتەوە. هەرچەند بەپێی ئەزموونی عەینی و مێژوویی، حیزبە سۆسیال دێمۆکڕاتەکانی ئەورووپا و باس و مشتوومڕێک کە لەم دواییەدا لەسەر ئەم دوو چەمکە ساز بووە، باس لەوە دەکرێت سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک چەند پلە لە سۆسیال دێموکراسی چەپتر و ڕادیکاڵترە. واتە سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک دواجار وەکوو بەرنامەی درێژخایەن باوەڕی بە عبوور و تێپەڕین لە سەرمایەداری هەیە، بەڵام سۆسیــــال دێمــــوکراسی نا.
ئەوەی پەیوەندیی بە باسەکەی ئێمەوە بێت ئەوەیە کە لەوانەیە بە ڕواڵەت سۆسیالیزمی دێمۆکراتیکی دێمۆکرات (تەنانەت ئەگەر پێیشی پابەند بن!) بڕێک ڕادیکاڵتر بێت لە سۆسیال دێموکراسیی کۆمەڵەکان، بەڵام مێژوو نیشانی داوین که ئەم بەرنامانە ناتوانن سەرمایەداری تێپەڕێنن و هیچکام لەم سێ حیزبەش وەها ئێدعایەکیان نەکردووە.
پژاک -کۆدار:
کۆدار یان کۆنفێدڕاڵیزمی دێمۆکراتیک سیستەمێکی گشتگیرە کە پێویستی بە بۆشاییەکی ڕەهایە تاکوو تێیدا دامەزرێت. ئەگەر قەزاوەت لەسەر نەتیجەکەی نەکەین وەکوو نموونە ئەتوانین ڕۆژاوا ببینین کە هیچ حیزبێکی تری لێ نەبوو و پەیەدە بە ئاسانی دەستی باڵای هەبوو و توانی یاخود خەریکە هەوڵ دەدات بۆ دامەزراندنی ئەو سیستەمە بەڵام لە جوگرافیایەکی وەکوو ڕۆژهەڵاتدا کە حیزبەکانی تر بە حەفتا و پەنجا ساڵ مێژوو و هەزاران شەهید و نەریتێکی دوورودرێژەوە بوونیان هەیە ئەم شێوە لە پێشکەشکردنی سیستەم ئەتوانێ ناکۆکی و شەڕی ماڵوێرانکەری بەدواوە بێت.
ئەڵبەت بە خۆشحاڵییەوە پژاک لەم دواییانەدا کۆمەڵێ سیگناڵی باش و پۆزەتیڤی نیشان داوە کە ئیرادەی مەیلەو یەکگرتوویی و کار و پڕۆژەی هاوبەشە. وەکوو خۆم ئاواتەخوازم پژاک ڕۆڵی ئەکتیڤ و ئەرێنی لەناو گشتییەتی کوردستاندا بگێڕێت.
پژاک هەڵگری چەندین خاڵی زۆر پێشکەوتنخوازانە لەبواری ژینگە، پرسی ژنان و کۆمەڵگەی کۆڵکەزێڕێنەیە کە ئەتوانن لەناو گشتییەتی کوردستاندا زۆر بەسوود بن. پژاک ئەگەر قایل بە دێمۆکراسی بێت و خۆی لەناو گشتییەتی کوردستاندا ببینێت دواجار ئەبێ هەر بچێتە ناو پەرلەمان.
سەبارەت بە هەر چوار چەمک و شێوازەکە هەمووان ئەبێ بزانن، وای دانێین هەر ئێستا کورد کۆنتڕۆڵی ڕۆژھەڵات بگرێتە دەست و بە زۆرینەی دەنگی هەموو حیزبەکان سۆسیال دێمۆکراسیی پاڕلمانی پەسەند بکەن، بێگومان ئاستی چەپ و ڕادیکاڵبوونی سۆسیال دێمۆکراسییەکە نەک بە حەز و مەرامی ئەم لایەنانە بەڵکوو ئیمکانات و واقعییەتە مادی و ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵاتە کە ئەم بابەتە دەستنیشان ئەکات. واتە ڕێژەی داهات و تێچووەکانی دەوڵەتی ئێحتماڵیی کوردستانە ئەڵێ چەندە ماڵیات لە خەڵک بستێنن. بۆنموونە هەبوونی نەوت لە نۆروێژدا ڕێگەی داوە بە سۆسیال دێمۆکراسیی نۆروێژ تەنانەت زۆر ڕادیکاڵتر بێت لە سۆسیال دێمۆکراسیی وڵاتانی دیکەی باکووری ئەورووپا.
داخوازیی پێکهێنانی بەرەیەکی یەگرتوو لەلایەن خەڵک و ڕۆشنبیرانەوە شتێکی تازە نییە و لەمەدا تێگەیشتنی خەڵک زۆر پێشکەوتووترە لە حیزبەکان. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای ئەم وتارە چرکەساتی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و بۆشایی هێز ئێمە وەکوو کورد پێویستمان بە کۆی پۆتەنشێلی موبارزاتیی کوردستانە، لە پێشمەرگەیەکی هەژدەساڵی بە ورەی پاکەوە بگرە تاکوو پیرێکی بەئەزموونی شەڕی چریکیی کۆمەڵە و دێموکرات، لە لێهاتووییی دیپلۆماتیکی عەبدوڵڵا موهتەدییەوە تاکوو دیسیپلینی حیزبی دێموکرات و لێهاتوویی و پشتی جەبهەی پەژاک.
ئەم حیزبانە لەگەڵ ئەوەی وەک وتم هیچکامیان سێ جیاوازیی جەوهەری و چارەهەڵنەگریان پێکەوە نییە بەڵام بوون و مەوجوودییەتێکی جیاوازی مێژووییان هەیە و بڕێک خۆشبینانەیە کە بمانەوێ هەموویان پێکەوە لەیەک فۆڕمدا کۆ ببنەوە بەڵام پێشنیارم بۆ نوخبە سیاسییەکان ئەوەیە بیر لە ئەڵقەیەکی پێوەندیدەر بکەنەوە کە هەموویان پێکەوە گرێ بدات.
ڕەنگە وەکوو مێتۆد ئەوەی بیسمارک (یەکگرتنی نەرێنی) لە ئەڵمانیای سەدەی نۆزدەدا کردی بۆ کورد کارساز بێت. ئەویش بەم شێوەیە کە با پێکەوە کۆببینەوە و یەک بگرین نەک لەبەر ئەوەی وەکوو یەکین بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە سبەی ڕۆژ هەموومان بەدارێک ڕاو دەنێن.
من وەکوو خۆم لام وایە ئەگەر حیزبەکان جەسارەتی دوو هەنگاو بۆ پێشەوەیان هەبێت و لەم قۆناغەدا پەرلەمانی کوردستانی فێدڕال لە تەبعید ڕابگەیەنن، ئەتوانێ خاڵێکی دەستپێکی زۆر باش بێت کە تەنانەت تەکلیفی خەڵکی ئێرانیش بەرانبەر بە کوردستان ڕۆشن ئەبێتەوە. ئەگەر ئەمەش نەکەن حەتمەن ئەبێ لە زووترین کاتدا مەجلیسی موئەسسانی کوردستان، پێکهاتوو لە هەموو حیزبەکان بەبێ جیاوازی و کەسایەتییە سەربەخۆکان و ڕۆشنبیران، دابمەزرێنن.
ئەمە حاڵەتە ئارمانییەکەیەتی بەڵام بەداخەەوە ئەگەر هەر ئەمڕۆ لەو پێناوەدا هەنگاوی جددی و ڕاستەقینە هەڵنەگیرێت، نەک کورد هیچی دەست ناکەوێت بەڵکوو لەو بڕگە هەستیارە کاتییەدا کوردستان ئەبێتەوە بە گۆڕەپانی شەڕ و ناکۆکیی حیزبەکان و دوور نییە گۆمی خوێن دروست بێت. ئەگەر ئەم تەزادە مێژووییانەی نێوان حیزبەکان پێش ئەوەی بچنەوە سەر خاکی کوردستان بە ئەڵقەیەک پێکەوە گرێ نەدرێن، لە کێبڕکێ و ناکۆکیی نێوانیاندا ئەو دەرفەتە زێڕینە بەفیڕۆ ئەچێت.
بەو پێناسە باوە پۆزیتیڤیستییە لە نەتەوە، کورد نەتەوەیە بەڵام ئەمە کارکردی سیاسی و مێژووییی بۆ کورد نییە. کورد کاتێک ئەتوانێ بەشێوەی بیلفیعل یان دیفاکتۆ نەتەوە بێت کە وشیاریی نەتەوەیی بگاتە ئەو ڕادەیەی هەموو کورد بەپێی ئەو وشیارییە بجووڵێتەوە نەک بەپێی شوناسی حیزبی. کورد ئەگەر نەتوانێ بەهەموو تەزادەکانەوە گشتییەتێکی یەکپارچە پێک بێنێت، نابێ چاوەڕێی ئەوە بکات ئەوی تر پێی بڵێ نەتەوە چونکە نەتەوە نییە. تەنانەت مەسەلەی دیپلۆماسی کە بۆ داهاتووی کوردستان چارەنووسسازە هەر بە پێکهاتنی ئەو گشتییەتە یەکپارچەیە ئەکرێت.