وتووێژ لەگەڵ پێدرام باڵداری
بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی سەڵتەنەتخوازەکان و کەسانی وەک شەهریار ئاهی، لە سەرەتای پێکهاتنی هاوپەیمانییەکان لە شۆڕشی ژینادا بە ڕاشکاوی باسیان لەوە دەکرد کە ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ تاکەکاندا هەڵسوکەوت بکەین نەک لەگەڵ ڕێکخراوە و حیزبەکاندا. پێتان وایە هۆی گرتنەبەری ئەم شێوەیە لە کرداری سیاسی چییە؟ دەکرێ شیکردنەوەی ئێوە لەم بارەوە بزانین؟
بەگشتی بۆچوونی پاشاخوازەکان لە دوو هێمای لادەست و هاوکات ئەتوانم هەڵسەنگێنم.
لە بواری مەلملانێی ئەو لایەنە بۆ گۆڕانکاری لەنێوان سیستەمی دەوڵەتی ئێران هاوبەشییەکی نزیکیان هەیە لەگەڵ ئێسلاحتەلەبەکانی «غیر حکومتی». کێشەی هەردوو لایەن شێوازی ئەدمینسترەیتیڤە (Administrative) لەگەڵ سیستەمی خامنەیی واتە ئەیانهەوێت ئەم ئەدمینسترەیشنە لا ببەن، بەڵام سیستەمی ناوەندی بپارێزن بەگشت دامودەزگاکانییەوە. بۆ ئەو گۆڕانکارییە بەپێویستی ئەزانن کە لەناو ئۆتۆبوسێکدا بە شێوازێکی سەرۆک عەشیرەیی و پەیمان وەرگرتن «بیعت گرفتن» کار بکەن. بۆ ئەو شێوازە لە سیاسەتکردنە پێویستیان بە تاکێکە کە ئێستا ڕەزا پەهلەوییە و جاران میرحوسێنی مووسەوی بوو. ئەم شێوازە تاقیکراوە لە بزووتنەوەیی سەوزیش لە ڕێگەی پەیمان وەرگرتن «بیعت گرفتن» لە گشت کەسایەتییە سیاسییەکانی ناوخۆی ئێران تا ڕادەیەک بەڕێوەیان برد کە ئۆپۆزیسیونی دەرەوەیشیان هاوردە ناو ئەو فــــۆرمــــە لە هـــــەڵسوکەوتە.
بۆ دەستەبەرکردنی ئەو شێوازە لە پەیمان وەرگرتن «بیعت گرفتن» ئەبێت پیرۆزییەکی تایبەت بۆ ئەو کەسە (ڕەزا پەهلەوی) ساز بکەن، واتە وەک خومەینی کەسایەتییەکی دەرەوەی حیزبی پێی ببەخشن، بەڵام بە چرای کوژاوە (چراغ خاموش) خۆیان وەک حیزبێکی سیاسی هەموو وتار و هەڵسوکەوتەکان و بارودۆخەکە بەڕێوە ببەن و بە گشت خەڵکی بیسەلمێنن کە تەنیا ڕێگەی ڕزگاری ئەوەیە. بۆ ئەو کارە نایانهەوێت هیچ بیروڕای سیاسی لە چوارچێوەی حیزب و بە ناسنامەیەکی حیزبی لە پاڵدەستی ئەمان و پەهلەویدا بوونی هەبێت. واتە ڕەزا پەهلەوی ڤێرژنی کراواتی و دەرەکیی “مووسەوی”یە کە پشتی بە ڕاگەیاندن و پارەی سەعوودی گەرمە، هاوکات بە چالاکیی میدیایی لە ساڵانی ڕابردوودا و لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی بنەماڵەی پەهلەوی، نەخشێکی ڕزگاریدەریان بۆ ساز بکەن. بۆ کەسانێکی وەک شەهریار ئاهی وا بوو کە ئەگەر پڕۆژەی «بازگشت بە دوران طلایی امام» ئاکامی نەبوو، لەسەر کێشەی خەڵک لەگەڵ کۆماری ئیسلامییە، بەڵام «بازگشت بە دوران طلایی خاندان ایرانساز پهلوی» کێشەکانی ئەوی تری نییە و هاوکات کە ئەتوانن لەسەر وتاری ئێرانیزمی فارس–ئاریایی و بە شیعەناوەندی کار بکەن و تاکگەلێک بە دەوری پەهلەویدا کۆ بکەنەوە کە بۆ سازکردنی ئەو وێنە گشتگیرە بۆ پەهلەوی کەڵکی لێ وەرگرن.
ئەم دوو بەشە وا لێرەدا باسی لە ئارادان، خۆیان هاوکات ئاکام و درێژەدانی پڕۆژەیەکن کە لە ناوەڕۆکیدا پارێزگاری لە چەند خاڵ دەکات کە بریتین لە؛ ١. سودۆ ئـەمپریالیزمی ئێرانی. ٢. کۆلۆنیالیزمی ئێرانی. ٣. فارسیمەزنی. ٤. سەروەریی نەتەوەیی–ئابووری–سیاسی–کۆمەڵایەتی–ئێپیتمۆلۆژیک و ئانتۆلۆژیکی فارس بکات. هاوتەراز لەگەڵ ئەوە بە لایەنە سیاسییەکانی تر بیسەلمێنن کە بەقەوڵی خۆیان «ئــــەقـــــوامیش» پاڵپشتی شازادەن.
واتە هاوکات دڵیان خۆشە کە کوودەتایەک لەناو ئۆپۆزیسیۆندا ساز بکەن کە بە پاڵپشتیی سوپای پاسداران و ئەرتشی ئێران لەناو ئێرانیشدا ببن بە خاوەنی دەسەڵات. ئەو گشتە مەلملانێیە بۆ هاوپەمانی لەگەڵ سوپای پاسداران و ئاخووندەکان بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پڕۆژە بووە کە خەیاڵ ئەوانیش ڕاحەت بێت، مەبەست تەنیا خامنەیی و لایەنی ئەوە و حکوومەتی قووڵی ئەوان هـــەر بــــەردەوام ئـــــەمێنێت.
ئەمەش بۆ ئەوەیە کە هەر بەو شێوازەی چەندپات تاقیکراوەی ئێرانیزمی شیعەناوەند (واتە بە ناوەندبوونی شیعە) کە خۆی پڕوژەیەکی ناساخ و سەقەت و ناسەرکەوتووە، ئەیانهەوێت ڕەزا پەهلەوی بەرز بکەنەوە لە ئاستی مەهدیی “ساحب الزمان” و فەخری کائینات و … بۆ ئەوەش پێویستیان بە تاکگەلێک هەیە کە وەک پلەکان یان پەینجە (نردبان) بن بۆ بەرزکردنەوەی پەهلەوی و هاوکات وەک سەرۆکی خۆیان چ بە کردەوە و چ بە ڕاشکاو لەگەڵیدا پەیمان ببەستن (بیعت بدن) و ناوی بەرزتر بکەن. هەر بە هیچ فۆرمێک ئەم ڕەوتە لە دەرەوەی چوارچێوەی عەشیرەیی و ئیلیاتییەوە نییە. ئەمە فۆرمێکە بۆ چوارچێوەی ڕەعیەتیزمی فارسناوەندی شیعەناوەند (لە بواری مەعرفی، چۆن مەبەست لێرە هەموو شیعەیەک یان فارسێک نییە، بەڵکوو بەرساختێکی مێژۆیی و ئپیستمۆلۆژیکە کە سوننییش ئەتوانێت هەر بەو شێوەیە بیر بکاتەوە و زۆریش هەن کە وانە) ڕەوتێکی ناسراوە کە هەم لە سیستەمی ڕێکخراوە ئایینییەکانی شیعە باوە و هەم لە بواری مێژوویی گــــرێــــدراوە بە ئێـــــرانیزمــــەوە.
لەم چوارچێوەدا بەدڵنیایییەوە ئەوان قەد ناهێڵێن هیچ حیزبێکی ناسنامەدار بە چوارچێوە و پڕۆژەیەکی سیاسیی دیاریکراو و ڕوون بەشدار بێت. بەڵام هەر تاکێک بە ڕێگەیەکی ئاسایییەوە دەتوانن ئەو کەڵکە وا ئەیانهەوێت لێی وەربگرن، چۆن لە پێناو ڕاگەیاندنی ئەوانەوە دەتوانن بە شێوازێکی باش بە بەرژەوەندیی خۆیان قازانجی لێ وەربگرن. واتە هەر تاکێک ناچار ئەبێت لە زەویی ڕاگەیاندنی (میدیایی) و وتاری و سیاسیی ئەواندا کایە بکات.
کاتێک بتوانن بێژن ئەوەها سەرۆکی «تەجزیەتەڵەبەکان»مان ڕام کرد و کێشەی کوردمان خەفاند و بەیعەتیشمان لێیان وەر گرت، دەتوانن وابێژیی ئەوە بکەن کە ئەو کارە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش نەیتوانی بیکات. ئەیانهەوێت وا بنوێنن کە بەتایبەت کوردیش چــاوڕەوانی شازادەیە کە بگەڕێتەوە.
کورد بۆ هەر حاکمیەتێکی ئێرانی هەر وەک چین و ڕووسیە بۆ سیاسەتی ئەمریکایە، هیچ کاتێک دۆست نین بەڵام کێشەی سیاسەتن، تەجزیەتەڵەبی و کێشەی سەروەری بەسەر نەتەوەی کورد بۆ ئەوان لە هەموو ماف و بەگشتی لە دێموکراسییش سەرەکیتر و گرنگترە. ئەمە نەک تەنیا لە سیاسەتی هاوچەرخ، بەڵکوو بە قووڵاییی مێژوویش بەشێک لە سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستان بووە. بۆ ئەوەیە کە بەگشتی بە هیچ شێوازێک کورد نابێت لە زەویی ئەواندا کایە بکات.
لە کاتی بزووتنەوەی ژینادا شێوازێکی پۆپۆلیستی لە دروشمی لایەنە ئێرانییەکاندا دەبیندرا کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد دەبێ هەموومان پێکەوە و یەکدەنگ بین تا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن، ئەوکات دەکرێ باس لە جیاوازییەکان و ڕژێمی داهاتووی ئێران بکەین. ئێوە پێتان وایە ئەم مێکانیزمە بۆ ڕووخانی ڕژێم گونجاوە؟
بە لای منەوە پەیوەندی بە شێوازی بەڕێوەبردنی وتارەکەیانەوە هەیە، هیچ کەس ناتوانێت گەنم بکێڵێت و چاوڕەوان بێت نۆک بەرهەم بێت. بەڵام بەگشتی بەرەیەک قسەی وا دەکات کە ئەیهەوێت داخوازییەکانی لایەنەکانی تر سەرکوت بکات، وەگەرنە ئەگەر مەبەست دامەزراندنی چوارچێوەیەکی فرەڕەهەند و دژ بە ناوەندمەزنی کە ئامانجی پێکهێنانی دەوڵەتێکی دێموکراتیک بێت بۆ کۆتاییهێنانی سیستەمی سودۆ ئەمپریال و کۆلۆنیالی ئێرانی کە مافە سەرەکییەکانی گشت نەتەوەکانی چوارچێوەی ئەو وڵاتە دەستەبەر بکات، پێویستی بەو وتارە نییە. ئەوان ئەیانهەوێت بەو شێوازە وتارە سیاسەتی ئێرانی بەگشتی درێژخایەن بێت و تەنیا کەسایەتییەکەی بگۆڕدرێت. ئەم فۆرمە شێوازێکی هەڵەیە، بەڕاستی سەدان ڕەحمەت لە میرحوسێنی مووسەوی کە بە ڕوونی دیاریکراو بوو چ سیستەمێکی ئەوێت. ئەمانە بەگشتی نیشانەی قەیرانی ڕەوایی (مشروعیت) و سەقەتبوونی وتارێکە کە هەر بە شێوازی خومەینیزم «خمینیسم» ئـــەیــانهەوێت بە خڵک سیاسەت بکەن.
ئایا دەکرێ بزووتنەوەی ژینا وەکوو بزووتنەوەیەکی فێمینیستی سەیر بکەین؟ ئەگەر وەڵامەکە ئەرێ بێت، ئایا بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد و بەردەوامیی خەباتی نەتەوەکەمان لە پێناو ئازادیدا کە ژنانیش دەورێکی بەرچاویان تێیدا هەبووە، ناخرێتە پەراوێزەوە؟
نا، تەنیا فێمینیستی نییە. بزووتنەوەییەکی ئینێرسکشناڵە، هاوکات کە کێشەی ژنان و ڕەگەزەکانی پراوێز خراوە، بزووتنەوەی نەتەوە پەراوێزخراوەکانیش هەیە، هاوکات بزووتنەوەی جیلی لاوانیش هەیە و هاوکات بزووتنەوەیەکی چینایەتییە و ئەوە خۆی بەتەنیا دەرفەتێکی گەورەیە بۆ کورد کە پێشەنگی ئەم شۆڕشە بووە. بۆ ئەوەیە کە ئەو دەرفەت سووتانە لەلایەن بڕێک سیاسەتوانی کورد ئەتوانێت خەسارێکی گەورەمان بۆ ساز بکات. ئاستی گەمە سیاسییەکە زۆر لە بانەوە و بەو پێوەری ئەتوانێت زۆر بە قازانجی کورد بێت یان بەگشتی خەسارێکی گەورەمان بۆ ساز بکات. ئەگەر چاو لە مێژۆی ٥٠٠ ساڵی ڕابردووی کورد بکەین دەبینین کە بە ڕوونی چ دەرفەت سووتانێکی گەورە لە قۆناغە جیاوازەکاندا بـــۆ نـــەتـــــەوەی کــــورد ڕووی داوە.
بە ڕای من بزووتنەی نەتەوەی کورد لە بواری ئانتۆلۆژیک و دیاردەناسی و نیشانەناسی بەگشتی خەباتێکی ئینتێرسکشناڵە. تاکوو بزووتنەوەی کوردی نەتوانێت تەنانەت کێشەکانی کورد بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە بە بەفەرمی پێناسە بکات و لە هەڵسوکەوتی حیزبیدا بە ڕاشکاوی باسی لێ نەکات و بە شێوازێکی گشتیگیر بەڕێوە نەچێت، ناتوانێت لە کۆمەڵگەی هەنووکەی کــــوردستــــان ســەرکەوتوو بێت.
بزووتنەوی نەتەوی کورد بەر لە هەموو شتێک شۆڕشێکی مەعرفییە بۆ دەستەبەرکردنی کێشە سەرەکییەکانی ناوخۆی خودی خۆی هەم لە بواری کۆمەڵایەتییەوە، هەم سیاسی و بارودۆخی حیزبییەوە و هەمیش ڕووخاندنی کۆلۆنیالیزمی داگیرکەری ئیرانییە.
ئەمە گەورەترین دەرفەتە بۆ حیزبەکان کە خۆیان بەڕۆژ بکەنەوە، ئەو ڕەوایییە وا جاران نەبوو یان دژوار بوو بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی، ئێستا لە بەردەستە. حیزبی نەتەوەیی ناتوانێت بەفەرمی نوێنەرایەتیی کۆمەڵگە بکات تاکوو کاتێک ئەو گۆڕانە گەورە وا کۆمەڵگە داوای ئەکات، لەناو حیزب دەست پێ بکات و بەسەر دەوڵەتی داگیرکەریشدا بیسەپێنێت. ئەمە باسێکی زۆر دوورودرێژە کە لە دەرفەتێکی باش دەبێت باسی بکرێت.
چاوەڕوان دەکرا حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا پێکەوە مەنشوورێکیان هەبایە، پێتان وایە تایبەتمەندییەکانی ئەم مەنشوورە دەکرێت چی بن؟
ئەبێت لە سەرەتا دیاری بکەین نەتەوە چییە و کێ خۆی بە نەتەوە ئەزانێت و لەسەر چ بنەمایەک، ئەوە بەشێکە لە یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ؟ بە ڕوونی ئەوە چ کارتێکەرییەکی هەیە بۆ ژیانی ئاساییی خەڵک، چۆن ئەوە ئەتوانێت نەتەوە بندەستەکان لە پەراوێزخران ڕزگار بکات؟ شتێکی وا چ خاڵگەلێکی تایبەتی هەیە و چۆن دەتوانێت ئاشتییەکی بەردەوام گارانتی بکات لەنێوان خەڵکان و نـــەتــــەوەکان و تــــەنــــانەت لەگەڵ وڵاتانی تریشدا.
لانی کەم گشت حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش لەسەر دە (١٠) خاڵ بتوانن ڕێک بکەوەن، ئەمەش خۆی ئەتوانێت هەنگاوێکی زۆر گەورە بێت. هەر کورد بزانێت خەونی حیزب لە ڕووخانی حکوومەتدا لە نێوان خۆیاندا چییە؟ پژاک و حیزبی دێموکرات پڕۆژەی هاوبەشیان چییە بــــــۆ ڕۆژهەڵات وەک حیزبـــە سەرەکییەکان و هـــــەروەها ئەو حیـــــزبـــــەکــــانی تــــــریش.
زۆر گرینگە کە ئێمە بزانین کورد کاری هاوبەش دەتوانێت بەڕێوە ببات، زۆر خەسارە کاتێک لە مێژوودا بە ڕوونی دەبیندرێت کە کورد لە چەندبەرەکی و شێوازی عەشیرەتیدا چ خەسارێکی لە خۆی داوە و نەیتوانیوە لە دەرفەتە مێژوویییەکانی قازانجی نەتەوەیی وەرگرێت، تەنانەت سەلاحەدینی ئەیووبی چوو وڵاتی بۆ میسر و دەمشق خاوێن کردەوە نەک ناوماڵی خۆی، هەرچەند وا ئەزانم ئەویش لە ترسی چەندبەرەکی و ناکۆکیی ناوماڵی کورددا ئەوە ڕووی داوە.
ورەی خەڵک زۆر بە بوونی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان بەرز بوو بەڵام لەم شۆڕشەدا خەسارێکی زۆر گەورە دریا لەو ناوەندە و دەبێت پارادایم شیفتێکی بنەڕەتیمان هەبێت لە ناوماڵی کورددا. تەنانەت ناوەندی هاوکاری لە ڕوانگەی منەوە تووشی قەیرانێکی گەورە بووە. دەبێت لەسەر داهاتووی حیزبی و شێوازی کـــاری هـاوبەش کارێکی نوێ بکرێت.
هەندێک پێیان وایە داواکارییەکانی بزووتنەوەکە لە هەندێک شوێنی وەک کوردستاندا جیاواز لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بووە و ڕەنگ و بۆنی نەتەوەیی/ئەتنیکی بەخۆوە گرتووە، کە واتە ناکرێ لە یەکەیەک وەکوو خەڵکی ئێران قسە بکەین. ئێوە چۆن ئەم باسە شرۆڤە دەکەن؟
ڕێک وایە، هەر شوێنێک تایبەتمەندییەکانی جیاوازی خۆی هەیە. بۆ نموونە؛ نە بەگشتی، کێشەی کورد و بەلووچ زۆر نەزیکایەتیی شێوازییان هەیە، بەڵام شیراز و سنە تەنیا لە بابەتی کێشەی خەڵک لەسەر ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان نەزیکایەتیی شێوازییان هەیە، ئەویش هەر جیاوازیی ڕا و بۆچوونی زۆرە. کورد بەو ئاکامە گەیشتووە کە تەنیا بە دەوڵەتێکی کوردستانی دەتوانێت ڕێگەی هەناسەکێشان بۆ خۆی بکاتەوە. کورد ئەزموونی باشوور و ڕۆژاوای کوردستانی لە بەرچاوە، ئەزانێت خەڵکی لوڕ لەوانەیە بە ئێران ڕازی بن، بەڵام کورد ئەو قۆناغەی تێپەڕ کردووە. ئەگەر یەکگرتوویییەکی نێوان گەلان لە جوگرافیای ئێستای ئێران بوونی هەبێت، لانی کەم دەبێت بنەمایەکی کۆنفدراڵی هەبێت، هەر نەتەوەیەک بە ئێرانیبوون ڕازییە بتوانێت بە شوێن بەرژەوەندیی خۆیدا بڕۆات. بەڵام چارەسەرکردنی کێشەکانی نەتەوە جیاوازەکان ناتوانێت کۆپیی یەکتر بن.
من وا نازانم ئەم دڵنیابوونە لە یەکتر بەتایبەت لە نێوان بەرەی تورکی ئازەربایجان و کورد کارێکی سانا و ئاسانە، ئەبێت ڕێگەیەکی ئاشتیخوازانە بۆ کێشەکان بدۆزینەوە کە هەردوو لایەن بزانن مافەکانیان دیاری کراوە. بەڵام کێشەی کورد و تورکیش زۆر جیاوازن و پێویستی بە باسی ژئۆپۆلیتیک و لێکۆڵینەوە لەسەر پڕۆسەگەلی ئاڵۆزی سەرکەوتوو هەیە کە ئاشتی لە نێوان دەوڵەتەکانی نەیاری لە مێژوودا دەستەبەر کردووە. من پسپۆڕی ئەو بوارە نیم.
ئایا سەرکوت دەتوانێ بزووتنەوەی ژینا لەناو بەرێ؟ ئێوە داهاتووی ئەم بزووتنەوەیە چۆن دەبینن؟
نا، قەد ناتوانێت. من وا ئەزانم ئەمە هەر فۆرمێکی بەردەوام ئەمێنێت، بەڵام کۆماری ئیسلامی بە هۆنەرمەندییەکی زۆر ڕێکوپێک توانیویەتی بە لاڕیدا ببات و تێکی بدات. بەدڵنیایییەوە ئەبێت گشت جووڵانەوەی میدیایی و سیاسییەکانی کۆمار وەکوو دەرس و وانەیەک لەسەری کار بکرێت و کاری بۆ بکەن کە لە سیستەمەکانی دوژمەن و هەڵەکانی خۆمان فێر بین. من وا ئەزانم کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵەیەکی سەرەکی ئەکات و خەڵک بەگشتی ناچار ئەکات بێنە سەر شەقام. بەڵام بەباشی توانیویەتی هێما و ڕەمزەکانی ئەم شۆڕشە پەلامار بدات، تا ڕادەیەک کە ئۆپۆزیسیونی خۆی ساز بکات و دەوڵەتی قووڵی هەبێت لە نێوان میدیاکانی «دژ» بە خۆی و لە نێوان ئێسلاحتەڵەبی پێشوو و مەشرووتەخواز و …، ئەبێت لە دەرفەت بەفیڕۆدانەکانمان زۆر دەرس وەرگرین، چونکە کورد لە هەموو لایەنێکەوە لەژێر هێژموونیی داگیرکەرە و ئەبێت هەنگاوەکانی زۆر ژیرانە هەڵگرێت.
184
مصاحبە با دیاکو سنە
وتووێژ لەگەڵ هەورامان ڕۆژهەڵات
Scroll to top