وتووێژ لەگەڵ هەورامان ڕۆژهەڵات
بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی سەڵتەنەتخوازەکان و کەسانی وەک شەهریار ئاهی، لە سەرەتای پێکهاتنی هاوپەیمانییەکان لە شۆڕشی ژینادا بە ڕاشکاوی باسیان لەوە دەکرد کە ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ تاکەکاندا هەڵسوکەوت بکەین نەک لەگەڵ ڕێکخراوە و حیزبەکاندا. پێتان وایە هۆی گرتنەبەری ئەم شێوەیە لە کرداری سیاسی چییە؟ دەکرێ شیکردنەوەی ئێوە لەم بارەوە بزانین؟
وڵامی ئەم پرسیارە دەکرێ لە دوو لایەنی گشتی (جیهانی) و کوردستانی (تایبەت)یەوە شرۆڤە بکرێت. پێکهاتە، وڵات و ڕێکخراوە تۆتالیتەرەکان بۆ دەسەڵاتدارەتی و مسۆگەرکردنی مانەوەیان هەوڵ بۆ ئەتۆمیزەکردنی ئەو کۆمەڵگا، لایەن و نەتەوانە دەدەن کە خراونەتە ژێر دەسەڵاتیانەوە. ئەتۆمیزەکردن مێکانیزمێکە بۆ داماڵینی هێز لە سەرچاوەکانی هێز و بێهێزکردنی ئەکتەرەکان بە مەبەستی ڕکێفکردنیان بۆ ئەوەی کە هەموو سەرچاوەکان پاش داماڵران لە هێز، تووشی لەخۆ نامۆیی (alienation) بن و هێزی خۆیان بۆ سەرچاوەیەکی وەهمی، لێرەدا تۆتالیتەر، بگوازنەوە. ئەم مێکانیزمە لە ڕێگای دانپێدانانی سەرچاوە ڕاستەقینەکانی هێز، بە هێزی سەرچاوە وەهمییەکانەوە دەبێتە هۆی جێگۆڕکێی سەرچاوەکان و هێز لە سەرچاوەی ســەرەکیی خــــۆی جیـــــادەکــــــاتـــەوە.
لە کـوردستاندا دەکرێ جیاوازیی توتالیتاریسم و کارکردەکانی لە ڕێگای چەمکی توتالیتاریسمی داگیرکەرانەوە شرۆڤە و ڕەخنەکاری بکەین. لە توتالیتاریسمی داگیرکارانەدا هۆ و هەوێنی توتالیتاریسم، داگیرکارییە. واتە داگیرکاریی وەکوو فورمێکی جیاوازی ڕۆژهەڵاتناوینیی زاڵ لە کوردستاندا پێی ناکرێ درێژە بە ژیان و دەسەڵاتی بدا، بێجگە لەوەیکە ببێتە سیستەمێکی توتالیتەر. لە توتالیتاریسمی داگیرکارانەدا دەزگای ساختاری-گوتاریی ئێرانی دەبێتە سەرچاوەی ڕەهای هێز و بوون کە نەتەوەکان و پێکهاتەی نێو نەتەوەکان لە ڕێگای دانپێدانان و ملکەچییان بۆی، پێ دەنێنە گۆڕەپانی بوون و مێژووەوە، واتە لە ڕوانگەی ئێرانییەکانەوە، ئێرانیبوون سەرچاوەی بوونی نەتەوەکانی تر و بوونێک جگە لە ئێران و ئێرانی بوون، بوونی نییە. کرداری نییە لە ڕوانگەی فرۆیدەوە گوزارشت لە بوونێکی قووڵتر دەکات کە بوونی دەسەڵاتدار تێدەکۆشێت لە ڕێگای هێزی ترس-ئەخلاقەوە سەرکوتی بکات. سەرکوتێک کە لە ساتەوەختە (Moment) هەستیار و ڕکێفهەڵنەگرەکاندا خۆی دەردەخا و ئاگایی و بوونی دەسەڵاتداری سەرکوتکار تووشیاری پرسیار و هێرشێکی ڕووخێنەر دەکاتەوە. بۆیە دەزگای ساختاری-گوتاری-سانسۆر(دابڕاندنی مێژوویی) هەوڵی شیتاڵکردنی بوونی نکۆڵیکراو دەدات، هەتاکوو پێش بە سەقامگیریی شوناسێک و ناسینەوەی بەرژەوەندی و ئەویتری بوونی نکۆڵیکراو بگرێت و سەرچاوەبوونی خۆی برەو پێ بدا.
داگیرکراو-نکۆڵیکراویش بە دانپێدانانی ملکەچانە سەرچاوەبوونی خۆی دەهاوێتە سەر داگیرکار و بەردەوامیی مسۆگەر دەکا. هاوکێشەیەک کە هیچکات لە کوردستاندا بنەجێ نەبووە و ڕێسای خۆسەپاندن-خۆڕاگریی داگیرکەر و کوردستان بووەتە هۆی خەوشهەڵگرتنی شوناسی داگیرکەر و سەقامگیرتر بوونی شوناسی کوردستان. لەم ڕوانگەیەوە نەتەوەی کورد بۆ گەیشتن بە سەروەریی سیاسی هەوڵی بۆ خولقاندنی ئامرازێک داوە بە نێوی حێزب و لە بڕگە جیاجیاکانی مێژووشدا ئەم ئامرازەی وەکوو جێگرەوەی دەوڵەت پاراستووە و داگیرکەریش بە ئاوەزی ئەم دیاردەیە (حێزب) لە گوێن دیاردە و قۆناغێک کە نەتەوەی کورد تێیدا هەست بە هەبوونی تۆکمە و شوناسمەندی خۆی دەکات، تێدەکۆشێ بە ساختار و حێزبتارێنی لە مرۆڤ-نەتەوەی کورد هەوڵەکانی ئەتۆمیزەکردنی کوردستان سەربخا و ئامرازەکانی شوناسی و پێکهاتەیی کـــورد زەوت بکــــا و لــــە باریان ببا.
ئێرانییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، ئەوانەی کە لە پرسیارەکەدا ئاماژەیان پێ کراوە، وەکوو بەشێک لە پێکهاتەی گوتاری-ساختاری دەسەڵاتی ئێرانی لەو سەردەمانەی کە مرۆڤ-نەتەوە داگیرکراوەکان ئاخێزی دەربازبوون دەکەن، چرکەساتگەلی ترۆماتیکی پێشویان دێتەوە پێش چاو و بیرەوەریی ترۆماتیک هێرش دەکاتە سەر هەموو بنەما بەناو ئەخلاقی و فەلسەفییەکانیان و ژیانی داگیرکارانەی خۆیان لە مەترسیدا دەبینن، بۆیە تێدەکۆشن ئاخێزگەکانی ئەو ترۆمایە بۆ سەر پەیکەر و گوتاری ئێرانی، واتا حێزبەکان و گەورەترین بیرەوەریی کوردستان واتە کۆماری کوردستان سڕ بکەن و لە باری ببەن و بەم شێوازە بوونی داگیرکەر لە ڕێگای دانپێدانانی داگیرکراودا مسۆگەر بکەنەوە.
لە کاتی بزووتنەوەی ژینادا شێوازێکی پۆپۆلیستی لە دروشمی لایەنە ئێرانییەکاندا دەبیندرا کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد دەبێ هەموومان پێکەوە و یەکدەنگ بین تا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن، ئەوکات دەکرێ باس لە جیاوازییەکان و ڕژێمی داهاتووی ئێران بکەین. ئێوە پێتان وایە ئەم مێکانیزمە بۆ ڕووخانی ڕژێم گونجاوە؟
بـــزووتنــــەوەی ژینــــا بزووتنەوەیەک بوو کە لە کــــانتێکستە جیاوازەکاندا دەبێ خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بکرێت. ئەو بزووتنەوەیە بۆ هیزە ڕاپەڕیوەکان واتایەکی بوو جیا لە واتای ئێرانییەکان. هێزە داگیرکراوە ڕاپەڕیوەکان ئەم بزووتنەوەیەیان وەکوو بزووتنەوەی ڕزگاریی پێناسە دەکردەوە و لەم سۆنگەیەوە بەشدارییان دەکرد، بەڵام ئێرانییەکان بە مەبەستی گەیشتن بە پشکێکی زیاتر لە دەسەڵات و فۆرمێکی تری بەڕێوەبەریی کە بەردەوامیی ئێران مسۆگەر بکات تەڤلی ئەم ڕاپەڕینە بوون. لێرەدا ئێرانییەکان بە ئاوەزی ئەم جیاوازییە تێدەکۆشن دەمامکی گۆڕینی ڕێژیم وەکوو دەمامکی ئایدۆلۆژییەک کەڵک بگرن هەتاکوو بە هاتنەئارای دەستەواژەی گۆڕانی ڕێژیم (Regime change) هەم شۆڕش داگیر بکەن و هەم بە هەڵپەساردنی داواکاریی داگیرکراوان، گۆڕانێکی ڕووکەشی بهێننە ئاراوە و پاش بنەجێی کردنەوەی جمگەکانی دەسەڵات و ڕەوایی خۆیان دەنگ و خواستی داگیر کراوان کپ بکەن. هەرچەشنە گۆڕانێکی هاوشێوە کە تێیدا دەنگ و جیاوازییەکانی داگیر کراوان تووشی دۆخی هەڵپەسێران بکا، دەبێتە هۆی داگیرکردنی شۆڕش و کپ کردنی دەنگی ئاخێزگە و دینامیزمەکانی شۆڕش، بۆیە لێرەدا دەبێ خواستی داگیرکراوان لە گۆڕانی ڕێژیمەوە بۆ ڕزگاریی یان گەیشتن بە مافە سیاسییەکان جێگۆڕکێ بکات، هەتاکوو ئەم ئامانجە ڕێگە لە هەر چەشنە هەڵپەسێــــــردرانی خواستی- مافیی داگیرکراوان بگرێ و شــــۆڕشی ژینـا لــــە داگیــــــــرکـــاریی بپارێزرێ و گـۆڕانکـارییەکان هەوێنی ڕزگاری بن.
ئایا دەکرێ بزووتنەوەی ژینا وەکوو بزووتنەوەیەکی فێمینیستی سەیر بکەین؟ ئەگەر وەڵامەکە ئەرێ بێت، ئایا بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد و بەردەوامیی خەباتی نەتەوەکەمان لە پێناو ئازادیدا کە ژنانیش دەورێکی بەرچاویان تێیدا هەبووە، ناخرێتە پەراوێزەوە؟
دەسەڵاتی ئێرانی بە پێی فەلسەفەی بوونی، واتە داگیرکاریی، کۆمەڵێک دژوازی و خاڵی پارادۆکسیکاڵی تێدان کە دەبنە هۆی چەند ڕەهەندیبوونی کێشە، ململانێ و ڕاپەڕینەکان. ئەگەر داگیرکاریی وەکوو یەکینەی بنەمایی و فەلسەفەی بوونی دەسەڵاتی ئێرانی وەکوو گوزارەیەکی بوونناسانە وەربگرین، سەردەمە جیاوازەکانی شوناسی ساختار-گوتاری ئێرانی بووەتە هۆی سازدانی کۆمەڵێک کێشەی جیاواز کە هەوێنی بندەستەسازیی پێکهاتە چین و ڕەگەزە جیاوازەکانن. لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا وێڕای نەتەوە، ئایین، ڕەگەز، پێکهاتە، چین و بندەستە بێچینەکان تووشی دۆخی بێبەشی و بێدەنگی هاتن. لەم دۆخەدا ناکرێ خوێندنەوەی تاک ڕەهەندیمان بۆ بزووتنەوەکان و لێرەشدا بزووتنەوەی ژینا هەبێ. هەوێنی یەکەمی ئەم بزووتنەوەیە لە کوردستاندا داگیرکراویی مێژوویی بوو کە خوازراو یا نەخوازراو مرۆڤی کوردستانیی بۆ ڕاپەڕێن هان دەدا و ژنی کوردیش کە تووشی ژێردەستەیی دووقات بوو، وێڕای هەوڵدان بۆ دەربازبوون لە ژێردەستەیی زایەندی-نەریتی، بۆ ڕزگاریی نەتەوەییش تێدەکۆشی. بۆیە بزووتنەوەی ژینا دەکرێ وەکوو بزووتنەوە و ڕابوونی داگیرکراوە بندەستەکان سەیر بکرێ و خوێندنەوەی چەند ڕەهەندی بە پێ بوونی چەند ڕەهەندیی ژێردەستەیی بۆ گەڵاڵە بکرێ.
چاوەڕوان دەکرا حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا پێکەوە مەنشوورێکیان هەبایە، پێتان وایە تایبەتمەندییەکانی ئەم مەنشوورە دەکرێت چی بن؟
نەتەوە داگیرکراوەکان هەر لە سەرەتای بیچمگرتنی دەسەڵاتی داگیرکەری ئێرانەوە بە شێوازگەلێکی جیاواز بەرپەرچی داگیرکارییان داوەتەوە بە هەندێ هۆکاری وەکوو پەرەنەسەندنی وشیاریی نەتەوەیی، ڕیشەکوتانی نەریت یان ئایین لە نێو خەڵکی نەتەوەکاندا، بەشداری لە پرۆسەی ئابووریی دەسەڵاتی ئێرانی، دڵنیایی لە پارێزراوبوونی شوناسی یان هەندێ جار هاودەستی لەگەڵ دەسەڵاتی ئێرانی بۆ سەرکوت، واتە بەقەڵغانکرانی هەندێ لە نەتەوەکان لە بەرانبەر و بۆ هێرشی نەتەوەکانی تر، نەتەوەکان دەرفەت و دەرەتانی کار و پلانی هاوبەشیان بەفێڕۆ داوە. خوێندنەوەی نەخشەی بزووتنەوەی ژینا لە ڕەهەندە جیاوازەکانییەوە، شەهیدان، برینداران، بەندکراوان، وڵاتەکان (هەرێمەکان) و … دەریدەخات کە زۆرترین ڕابوون لە نەتەوەکاندا ڕووی داوە و نەتەوەکان تا ڕادەیەکی زۆر ئەویدی و بەرژەوەندیی خۆیان ناسیوە و توانیویانە پێناسەیەکی تا ڕادەیەک ڕۆشنیان لە خۆیان هەبێ، بۆیە لە بەر ڕۆشنایی ئەم ڕووداوە نوێیانەدا دەکرێ مەنشوورێکی چەند ڕەهەندی بۆ کاری هاوبەشی نەتەوەکان پێشنیار بکرێ. ڕەهەندە جیاجیاکانی گوتاری–ساختارییەکانی مــــەنشووری نـــەتــــەوەکـــان؛
ئـ) پێکهێنـــانی بـــەرەیــــەکی هــــاوبـــەشی ستـراتێـــژیک بــــۆ دیاریکردنی گرینگترین پلان و بــــەرنـــــامـــــە هاوبەشەکان.
ب) دیاریکردنی لێژنەیێکی هاوبەش بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان.
پ) دیاریکردنی لێژنەیێکی هاوبەش بۆ پێوەندی لەگەڵ وڵاتان و ڕێکخراوە کاریگەرە جیهانییەکان.
ت) داهێنانی گوتارێکی نەتەوەیی بۆ بـــەرپـــەرچـــدانەوەی گوتاری داگیرکارانەی دەسەڵاتی ئێرانی.
ج) داواکردنی یـــەکسانیی دەســـەڵات
چ) داواکــــردنی مــافی سەروەریی سیـــــاسی بۆ نـــەتـــەوەکــــــان
ح) داواکــــردنی چــــەسپاندنی یاسای دانپێدانانی یاسایی بە تاوانەکان و قەرەبووکردنەوەی ئابووریی ئەو تاوانانە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانییەوە لە یەکەمین ڕۆژەکانی دامەزراندنییەوە.
هەندێک پێیان وایە داواکارییەکانی بزووتنەوەکە لە هەندێک شوێنی وەک کوردستاندا جیاواز لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بووە و ڕەنگ و بۆنی نەتەوەیی/ئەتنیکی بەخۆوە گرتووە، کە واتە ناکرێ لە یەکەیەک وەکوو خەڵکی ئێران قسە بکەین. ئێوە چۆن ئەم باسە شرۆڤە دەکەن؟
وەک لە پرسیاری پێشتر ئاماژەم پێدا بزووتنەوەی ژینا ڕاپــەڕینی داگیرکراو-بندەست بوو دژ بە داگیرکەر-سەردەست، بۆیە ئەم بزووتنەوەیە بۆ ئێرانییەکان و ئەوانی تر پێناسەی جیاوازی هەبوو و ناوبردنی لە ژێر ناوێکی یەکانگیر بۆ ئێرانی و نائێرانییەکان دەبێ بە بەشێک لە پرۆسەی توندوتیژیی تێگەکان کە تێیدا بە واتایەکی نیچەیی، ئەمری نایەکدەست بە زەبری تێگەی دەسەڵاتدار، یەکدەست دەکرێتەوە و لایەنی دەسەڵاتدار کە داهێنەری چەمکە لە دەسەڵاتی خۆیدا، لایەنەکانی تر سەرکوت و بێدەنگ دەکات.
ئایا سەرکوت دەتوانێ بزووتنەوەی ژینا لەناو بەرێ؟ ئێوە داهاتووی ئەم بزووتنەوەیە چۆن دەبینن؟
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە قەیرانی لێهاتوویی و ڕەواییەوە کەوتووەتە نێو قەیرانێکی قووڵتر بە نێوی قەیرانی حاکمییەت کە تێیدا بوونی ئێرانی کەوتووەتە مەترسییەوە و لێرەدا سەرکوت و حکوومەتی ترس ئەو ئامرازەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتدارییەتی پێ دەکات، ئەم ئامرازە بۆ ماوەیەک دەتوانێ هێزی ڕاپەڕێو تا ڕادەیێک پاشەکشە پێ بکا، بەڵام وەرچەرخانێک کە بزووتنەوەی ژینا لە زەینی داگیرکراو-بندەستدا بۆ ڕزگاریی ئافراندوویەتی پاشڤەچوونی بۆ نییە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ ئەکتەرەکان و ئاخێزگەکانی ئەم بزووتنەوەیە بۆ پێش لە شەهیدکرانی ژینا بباتەوە. سەرکوتی خوێناویی بزووتنەوە دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی تووڕەیی و پاشکەوتی نـــاڕەزایــــەتی و مــــەزنتربوونەوەی خەزێنەی دینامیزمەکانی ڕاپەڕین کە ڕاپەڕینی داهاتوو لە باری چەندایەتی و چۆنایەتییەوە بەرینتر و گەشەسەندووتر دەکات. لێرەدا داهاتوو بە واتای کۆتاییهاتن بە بزووتنەوەی ئێستا (بزووتنەوەی ژینا) نییە، بەڵکوو بە واتای هەوێن و هەناوێکە کە دەبێتە هۆی بەدیهاتنی دیاردەیەکی تر کە لە ئێستا مەزنتر و بەربڵاوترە کە لێی دەرباز دەبێ و تێپەڕی دەکات. ئەگەرچی ئەم وتەیە نابێ دێتەرمێنیستی سەیر بکرێ و وا لێکبدرێتەوە کە لە هەر حاڵێکدا گۆڕان ڕوو دەدا و ئێمە دەبێ تەنیا چاوەڕوان بین، بەپێچەوانە ئەم دۆخە، قەیرانە چەند ڕەهەندییەکانی دەسەڵات، دەبێ ئەکتەرە جیاجیاکانی کوردستان و نەتەوەکانی تر بۆ خۆ ڕێکخستنیان هان بـــــدا هەتــــاکوو قـــــــەیرانـــــەکانی دەســــەڵات بکەن بـــە دەرفـــــــەتێک بـــۆ تێپــــەڕانـــــدنی ئـــــەم ســـاتــــەوەختــــە مێـــــژووییە.
168
وتووێژ لەگەڵ پێدرام باڵداری
مصاحبە با دیاکو مرادی
Scroll to top