ئارامتر بخوێنەوە

پیاوان؛ هاوڕێیانی خەبات

نووسەر: بێل هووکس
و. موورەشین کوردستانی
هیوا تاسە


ئەم تێکستەی کە دەکەوێتە بەردەستتان وەرگێڕانی فەسڵێکە لە کتێبی “تیۆری فێمێنیستی؛ لە پەراوێزەوە بۆ ناوەند” لە نووسینی فێمێنیستی بەناوبانگ، بێل هووکێ. ئەگەرچی بێل هووکس فێمێنیست و چالاکێکی بواری مافی ژنان بوو، بەڵام نووسراوەکانی زۆر بەکەمی لە لایەن فێمێنیستە فارسەکانەوە گرینگی پێدراوە. دیارە هۆکاری ئەمەش بۆ شیکاریی ئینترسکشناڵی ئەو بۆ فێمێنیسم و بەتایبەتی فێمێنیسمی ڕەش دەگەڕێتەوە کە لای فێمێنیستە فارسەکان بەگشتی پەسەن نییە. نووسەر لە کتێب و بابەتەکانی لە سێ کوچکەی نەژاد، سەرمایەداری و ڕەگەز دەکۆڵێتەوە و بە وردی ئەو ستەم و چەوساندنەوانەی کە ژنان و تەنانەت پیاوانی نەتەوەی ژێردەست تووشی دەبن، شی دەکاتەوە. دژایەتیی ئایدیای فێمێنیستە ڕادیکاڵەکان کە لە دروشمی “پیاوان هەموو دوژمنن” ڕەنگی داوەتەوە دەبێتە کاکڵی سەرەکی ئەم بەشە لە کتێبەکەی هووکس. جێگای ئاماژەیە لەو دەقەدا نژادی ڕەش و سپی کە بناغەی تیۆری ئەو کتێبەی لەسەر دامەزراوە بە ڕەش پێست یا سپی پێست وەرنەگێڕدراوە و هۆیەکەشی ئەوەیە کە سپی بوون یا ڕەش بوون لەو بەستێنە کۆمەڵایەتییەدا تەنیا بە ڕەنگی پێست داناشکێت، بەڵکو حاڵەتێک لە سەروەریی و ژێردەستبوونی کۆمەڵایەتی نوێنەرایەتی دەکات. هەروەها وەرگێڕان، لە هەمان کاتدا کە ئاگاداری جیاوازییەکانی نەژاد لەگەڵ نەتەوە هەیە، هەوڵی داوە تا ئەو شوێنەی دەکرێ خوێنەری کورد لەگەڵ لێکدانەوەکانی ئەو کتێبە سەبارەت بە ژێردەستەیی و سەروەریی کۆمەڵایەتی هەست بە نزیکی بکا.

فێمێنیزم وەکوو بزووتنەوەیەک بۆ کۆتایی هێنان بە سەرکوتی ڕەگەزی، دەرفەتی بەرانبەر بە ژنان، پیاوان، کوڕان و کچان دەدات کە لە خەباتی شۆڕشگێڕانەدا بەشدار بن. تا ئێستا بزووتنەوەی فێمێنیستی هاوچەرخ، بە زۆرینە بە هەوڵی ژنان پێک هاتووە و پیاوان بە کەمی تێیدا بەشدار بوونە. ئەم بەشدارینەکردنە تەنیا دەرەنجامی دژایەتیی فێمێنیزم نییە. فێمێنیستە لیبراڵەکان بە هاوتاکردنی ئازادیی ژنان لەگەڵ یەکسانیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ پیاوان، دۆخێکیان بەرهەم هێناوە کە تێیدا بزووتنەوەی فێمێنیستی وەکوو بەرهەمی کاری ژنان، نە پیاوان، دیاری کراوە. تەنانەت کاتێک کە هێرشیان دەکردە سەر دابەشکردنی ڕەگەزیی کار کە بریتییە لە ئەو سێکسیزمە دامەزراوەییە کە کە کاری بێ مووچە و بێ بایەخ و ڕەش بە ژنان دەسپێرێت، خەریک بوون ئەرکی بنیاتنانی شۆڕشێکی فێمێنیستیش بە ژنان بسپێرن. ژنانی لیبراڵ بانگەوازیان لە هەموو ژنان دەکرد کە پەیوەستی بزووتنەوەکە بن، بەڵام ئەوان تەکەزییان لەو بابەتە نەدەکردەوە کە پیاوان دەبێت بەرپرسیارەتی خەباتێکی چالاک بۆ کۆتایی هێنان بە سەرکوتی ڕەگەزی بگرنە ئەستۆ. ئەوان ئاوا هەڵسەنگاندنیان دەکرد کە پیاوان هەموویان دەسەڵاتدار، دژە ژن، سەرکوتکەر و دوژمنن و ژنانیش ستەملێکراو و قوربانیین. ئەم جۆرە لە ئاخاوتن لە ڕێگای هێنانەکایەی فۆرمێکی پێچەوانە لە ململانێی ڕەگەزی، ئایدیۆلۆژیای سێکسیسزمی بەهێزتر کرد. بەو مانایە کە بەهێزکردنی ژنان دەبێت لە سەر حیسابی پیاوان بێت و ئـــەوان تێچووەکەی بدەن.

وەکوو هەموو پرسەکانی دیکە پێ چەقاندن لە سەر بزووتنەوەیەکی فێمێنیستی «تەنیا ژنانە» و هەڵوێستی توندی دژە پیاوانە، ڕەنگدانەوەی نەژاد و پاشخانی چینایەتی بەشداربووانی پیشان دەدا. ژنانی سپی پێستی بورژوا بەتایبەت فێمێنیستە ڕادیکاڵەکان ئێرەییان بە پیاوە سپی پێستە دەسەڵاتدارەکان دەبرد کە ئەوانیان لە هەبوونی پشکی یەکسان لە ئیمتیازاتی چینایەتیدا بێبەش کردبوو. دەتوانین بڵێین فێمێنیستم پێگەیەکی گشتی بۆ دەربڕینی تووڕەییی ئەوان دابین کردبوو. هەروەها فێمێنیزم پلاتفۆرمێکی سیاسی پێکهێنابوو کە ئەوان بۆ ڕاکێشانی سەرنج بۆ نابەرابەرییە کۆمەڵایەتییەکان و داوای گۆڕانکاری و بانگەشەی چاکسازی، بەکاریان دەهێنا. ئەوان پێیان خۆش نەبوو کە تیشک بخەنەسەر ئەو ڕاستییەی کە هەموو پیاوان پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی یەکسانیان نییە و هەروەها شەڕ لەگەڵ پیاوسالاری، هەبوونی ئیمتیازاتی چینایەتی و نەژادی چارەسەر ناکات و هەموو پیاوان وەکوو یەک، سوود لە سەرکوتی جێندەری نابەن. ئەوان نەیاندەویست دان بەوەدا بنێن کە ژنانی سپی بورژوا ئەگەرچی کە مومکینە ببنە قوربانی سێکسیزم، بەڵام بە نیسبەت لەگەڵ پیاوانی فەقیر، نەخوێندەوار و غەیری سپی، دەسەڵات و ئیمتیازی زۆرتریان هەیە و کەمتر دەچەوسێنەوە و سەرکوت دەکرێن. زۆرێک لە ژنانی لیبراڵی سپی پێست بە چارەنووسی گرووپە سەرکوتکراوەکانی پیاوان گرنگییان نەدەدا. ئەوان بە هۆکاری ڕەچاوکردنی ڕەگەز و پێگەی چینایەتی، ئەزموونی ژیانی ئەو پیاوانەیان بە شیاوی لێوردبوونەوە نەدەزانی. ئەوان هاوکات کە ئەو پیاوانەیان وەلا دەنا، سەرنجیشان لە پشتگیری ئەو پیاوانە بە لاڕێدا دەبرد. بانگەشەگەلێک وەکوو ئەوەی «هەموو پیاوان دوژمنن» و «هەموو پیاوان دژە ژنن»، هەموو پیاوان لە یەک گرووپدا پۆلێنبەندی دەکات و بەم شێوازە نیشان دەدات کە ئەوان وەکوو یەک، لە تەواوی ئیمتیازە پیــاوانـــەکـــان سوود دەبەن.

Manifesto Redstockings لە یەکەم لێدوانگەلێک بوو کە هەوڵی دا هەڵوێستی دژە پیاوانە بکاتە ناوەڕۆکی گوتاری فێمێنیستی؛ لە بـــەنـــدی سێیەمی بەیانییەکەدا هاتووە:

“ئێمە پیاوان وەکوو هۆکاری ستەم و چەوساندنەوە دەناسێنین. باڵادەستیی پیاو کۆنترین و بنەڕەتیترین فۆرمی ستەمە. جۆرەکانی تری چەوساندنەوە (ڕەگەزپەرستی، سەرمایەداری، ئیمپریالیزم و…هتد) درێژکراوەی باڵادەستیی پیاوانن: پیاوان زاڵن بەسەر ژناندا، چەند پیاوێک هەموو ئەوانی دیکەیان کۆنترۆڵ کردووە. هەموو دەسەڵاتەکان بە درێژایی مێژوو لە لایەن پیاوانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و بۆ لای ئەوان ڕاکێشراون. پیاوان هەموو دامەزراوە سیاسی و ئابووری و کولتوورییەکانیان کۆنتڕۆڵ کردووە و ئەم کۆنتڕۆڵەیان بە هێزی فیزیکی ڕاگرتووە. ئەوان دەسەڵاتی خۆیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ژنان لە پێگەیەکی کەمتردا بهێڵنەوە. هەموو پیاوان سوودی ئابووری، سێکسی و دەروونی لە باڵادەستیی پیاوەوە وەردەگرن. هەموو پیاوان ستەمیان لە ژنان کردووە. “

هەستگەلی دژە پیاوانە زۆرێک لە ژنانی هەژار و چینی کرێکاری بەتایبەتی ژنانی غەیری سپی پێست، لە بەرانبەر بزووتنەوەی ژنان نامۆ کردووە. ئەزموونی ژیانی ئەو ژنانە بە خۆیانی سەلماندووە کە لەگەڵ پیاوانی هاونەتەوە یان گرووپی چینایەتیی خۆیان نزیکایەتی و خاڵی هاوبەشی زۆرتریان هەیە. ئەوان مەینەت و ئازاری ژنان و پیاوانی کۆمەڵگای خۆیان دەزانن و لەگەڵی هاوسۆزییان هەیە و هەروەها خەباتکردن بۆ ژیانێکی باشتریان لەگەڵیان ئەزموون کردووە. ئەم بابەتە لانیکەم سەبارەت بە ژنانی ڕەش پێست ڕاستە. بە درێژایی مێژوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژنانی ڕەش پێست بەرپرسیارێتییەکی بەرانبەریان بۆ خەبات دژی سەرکوتی ڕاسیستی وەئەستۆ گرتووە. سەرەڕای- خەبات دژی سێکسیسزم- ژنانی ڕەش پێست لە خەبات دژی ڕاسیسم بەشدارییان کردووە و زۆرجاریش پێش هەوڵی هاوچەرخی ڕەشەکان بۆ ڕزگاری، ئەو پیاوانە ئەم بەشدارییەیان دان پێدا ناوە. پەیوەندییەکی تایبەت ئەو کەسانەی کە بە کۆمەڵ بۆ ڕزگاری خەبات دەکەن پێکەوە دەبەستێتەوە. ژن و پیاوی ڕەش پێست بەم جۆرە پەیوەندییە؛ یەکگرتوو بوون. ئەوان ئەزموونی هاودەنگی سیاسییان دەرک پێکردووە. ئەوە ئەزموونی بەرخۆدانی هاوبەش بوو کە بوو بە هۆکار، کە ژنانی ڕەش پێست، هەڵوێستی دژە پیاوانەی هەندێک لە چالاکانی فێمێنیست ڕەت بکەنەوە. ئەمە بەو مانەیە نایەت کە ژنانی ڕەش پێست نەیاندەویست دان بە سێکسیزم لە لایەن پیاوانی هاونەتەوەی خۆیانەوە بنێن. بەڵکوو بەو مانایەیە کە ئێمە پێمان وانییە کە هێرش کردنە سەر پیاوانی ڕەش پێست یان هەڵسوکەوت کردن وەکوو ئەوان، بەرەنگاریی لەگەڵ سێکسیزم و دژە ژن بوونە. ژنانی سپی پێستی بورژوا ناتوانن ئەو پەیوەندییانەی کە لە نێوان ژنان و پیاوانی هاونەتەوە، لە خەباتی ڕزگاریخوازیدا چەمکسازی بکەن و لە ڕووی سیاسییەوە ئەزموونی ئەرێنییان لە کارکردن لەگەڵ پیاوان نەبووە. حوکمڕانی پیاوسالارانەی پیاوانی سپی پێست، بەگشتی بەشداریی سیاسیی ژنانی بێ بەها کردووە. سەرەڕای بڵاوبوونەوەی سێکسیزم لە کۆمەڵگا ڕەش پێستەکاندا، ئەو ڕۆڵەی کە ژنانی ڕەش پێست لە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکاندا دەیگێڕن، چ سەرەتایی بێت یان لاوەکی، لەلایەن هەموانەوە گرنگ و بەنرخ وەرگیراوە. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کلۆدیا تایت، ژنە نووسەری ڕەش پێست، مایا ئەنجێلۆ هەستی خۆی بۆ ئەو ڕۆڵە جیاوازەی کە ژنانی ڕەش پێست و سپی پێست لە کۆمەڵگاکانیان دەیگێڕن، ڕوون دەکاتەوە:

“ژنانی ڕەش پێست و ژنانی سپی پێست لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا لە پێگەیەکی جیاوازدان. لە کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکانی ڕەش پێستەکان، هەموو کات ژنانی ڕەش پێست بەشداری بەرچاویان بووە. لە کلیسادا هەموو کات خوشکە هادسۆن، خوشکە تۆماس و خوشکە وترینگی کلیساکەیان زیندوو ڕاگرتووە. لە کۆبوونەوە ئاسایییەکاندا هەمیشە لۆتی چێشت لێدەنێت و، ماری بەتەمایە ئاهەنگێکی جوان بەڕێوە ببات. هەروەها لە کۆمەڵگاکەماندا ژنانی ڕەش پێست منداڵان پەروەردە دەکەن. ژنانی سپی پێست لە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانیاندا لە پێگەیەکی جیاوازدان. پیاوە سپی پێستەکان کە لە ڕاستیدا باوک، هاوسەر، برا، کوڕ، برازا و مامی خۆیانن، بە ژنانی سپی پێست ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەڵێن: “لە ڕاستیدا پێویستم بە تۆ نییە بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانم. لە هەندێک شوێنی تایبەتدا پێویستم بە تۆ هەیە. جێگەهایەک کە دەبێت تێیدا بهێڵرێیتەوە لەوانە ژووری نووستن، لە مەتبەخ و منداڵ گەورەکردن و…”. ژنانی ڕەش پێست هــەرگیـــز ئـــەمەیان پێ نەگوتراوە.”

بە بێ یارمەتی ماددی ژنانی ڕەش، چ وەکوو بەشداربوو و یان وەکوو بەڕێوەبەر، زۆرێک لەو دامەزراوانەی کە لە ژێر دەستی پیاوانن، بوونی نامێنێت. لە هەموو کۆمەڵە سپییەکاندا ئاوا نییە.

زۆرێک لە ژنانی ڕەش پێست لە بزووتنەوە فێمێنیستەکاندا بەشدارییان نەدەکرد، چونکە هەستیان دەکرد هەڵوێستێکی دژە پیاوانە بنەمایەکی دروست نییە بۆ بەشداریکردن. ئەوان قەناعەتیان وابوو کە دەربڕینی ئەو هەستە پڕ لە قینانە و ئەو دژایەتییەی کە پێشتر لە نێوان ژن و پیاودا بوونی هەبووە، سێکسیسزم چڕتر دەکاتەوە. لە مێژساڵ بوو ژنانی و هەندێک لە پیاوانی ڕەش پێست بۆ سەرکەوتن بە سەر ئەو گرژی و ناکۆکییانەی لە نێوان ژنان و پیاوانی ڕەش پێست کە لە ڕێگای ڕەگەزپەرستی ناوەکییەوە ساز دەبێت، خەباتیان کردبوو. ئەمە لە کاتێکدا کە باوک–پیاوسالاری سپی–پێی وایە کە گرووپێک بووەتە هۆکاری سەرکوتی گرووپێکی دیکە. ژنانی ڕەش پێست بە پیاوانی ڕەش پێستیان دەگوت: «ئێمە دوژمنی یەکتر نین»، «دەبێت بەرەنگاری ئەو کۆمەڵایەتیکردنە ببینەوە کە فێرمان دەکات ڕقمان لە خۆمان و یەکتر بێت.» دانپێدانان بەو پێکەوەبوونەی ژنان و پیاوانی ڕەش پێست بەشێک لە خەباتی دژە ڕەگەزپەرستی بوو. ئەگەر ژنانی لیبراڵی سپی پێست جەختیان بکردایەتە سەر پێویستی پێکەوەبوونی ژن و پیاو بۆ خەبات دژی بە کۆمەڵایەتی کردنی سێکسیتی، کە فێرمان دەکات ڕقمان لە یەکتر بێت و لە یەکتر بترسین، ئەوە دەکرا بەشێک لە بزووتنەوەی فێمێنیستی بێت. لە جیاتی ئەوە ئەوان هەڵیان بژارد کە جەخت بکەنە سەر ڕق و کینە بەتایبەت ڕقی ژنان بەرانبەر بە پیاوان و پێشیان وابوو ئەوە نەگۆڕە. هەر بۆیە هیچ هاودەنگییەکی بەردەوامی سیاسی نەیتوانی لە نێوان ژنان و پیاوان بوونی هەبێت. ژنانی ڕەنگین پێست لە پاشخانە نەتەوەیییە جیاوازەکان، هەروەها ئەو ژنانەی کە لە بزووتنەوەی هاوڕەگەزخوازەکاندا چالاک بوون، نەک هەر پەرەسەندنی هاودەنگیی نێوان ژنان و پیاوانیان لە خەباتی ڕزگاریدا ئەزموون کرد، بەڵکوو بەها و گرینگی ئەو هاودەنگییەیان بە فەرمی ناساند. ئەوان ئامادە نەبوون ئەم پەیوەندییە بە هاوپەیمانیی خۆیان لەگەڵ ژنانی سپی پێستی دژە پیاو و بورژوا، بێ بەها بکەن. هاندانی پەیوەندیی سیاسیی نێوان ژنان و پیاوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بنەڕەتی بەرانبەر سێکسیزم، سەرنجی خەڵکی بۆ تواناییە شاراوەکانی فێمێنیزم کە ئاڵوگۆڕ بەدیدێنێ، ڕادەکێشا. هەڵوێستی دژە پیاو، بۆچوونێکی کۆنەپەرستانە بوو کە وایکرد فێمێنیزم وەک بزووتنەوەیەک دەربکەوێت کە ژنانی سپی پێست بتوانن دەستبەسەر دەسەڵاتی پیاوی سپی پێستدا بگرن. بەو مانایە کە دەسەڵاتی باڵادەستیی نێرینەی سپی پێست بە دەسەڵاتی باڵادەستیی مێیینەی سپی پێست بگۆڕێت.

لەناو ڕێکخراوە فێمێنیستەکاندا، پرسی جیابوونەوەی ژنان لە سەرەتادا لە هەڵوێستی دژە پیاو جیا بوو؛ تەنیا لەگەڵ پێشکەوتنی بزووتنەوەکەدا بوو کە ئەو دوو بۆچوونە تێکەڵ بوون. زۆر گرووپی بە تەواوی ژنانە پێک هاتن بەو هۆکارەی پێیان وابوو کە ڕێکخستنی بە تەواوی ژنانە دەتوانێت پرۆسەی ئاگایی بەخشی ژنان خێراتر بکات و بەستێنی هاودەنگیی لە نێوان ژناندا پەرە پێ بدات و بەگشتی بزووتنەوەکە بەرەو پێش ببات. وا بیردەکرایەوە کە گرووپە تێکەڵاوەکان بە هۆکاری هەوڵی پیاوان بۆ خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەبنە بەربەست. گرووپە جوداخوازەکان وەکوو ستراتیژێکی پێویست بینران نە وەکوو ڕێگایەک بۆ هێرش کردنە سەر پیاوان. لە دواییدا ئامانجی ئەو گرووپانە یەکگــرتــن بـــوو بــــە شێوازێکی یەکسان.

کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ڕێکخستنی بەتەنیا ژنانە ئەو کاتە کەم بووەوە کە فێمێنیستە توندڕەوەکان وەک تی گرەیس ئاتکینسن جیاکردنەوەی سێکسییان وەکوو ئامانجی کۆتایی بزووتنەوەی فێمێنیستی هێنایە ئاراوە.

ئەو جیاکردنەوە چەقبەستووانە لەو باوەڕەوە سەرچاوە دەگرێت کە باڵادەستیی پیاوانە بەشێکی دانەبڕاوی کولتووری ئێمەیە و ژنان تەنیا دوو بژاردەیان هەیە یان دەبێت قبووڵی بکەن یان خۆیانی لێ دەربهاوێژن بۆ سازکردنی وردە کولتووری دیکە. ئەو بۆچوونە پێویستی خەباتێکی شۆڕشگێڕانە پشتگوێ دەخات و هیچ مەترسییەک لە سەر بارودۆخی هەنووکەیی ساز ناکات. باربارا لیۆن لە وتاری «جیابوونەوە بۆ یەکگرتن» جەخت دەکاتە سەر ئەو بابەتەی کە لایەنگرانی باڵادەستیی پیاوانە زۆرتر حەز بەوە دەکەن کە بزووتنەوەی فێمێنیستی جیاییخواز و نابەرانبەر بمێنێتەوە. باربارا هەوڵی ئانتۆنیا بریکۆ وەکوو بەڕێوەبەری ئۆرکێسترا بە نموونە دەهێنێتەوە، ئەوەی کە پشتیوانی لێ نەکرا کە ئۆرکێستارییەکی تەواو ژنانەی بکاتە ئۆرکێسترایەکی تێکەڵ لە ژن و پیاوی:

“هەوڵەکانی ئانتۆنیا بریکۆ بە مەرجێک قبووڵکراو دەبوون کە ئەو خۆی بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ژنان میوزیکژەنی لێهاتوون تەرخان کردبا. ئەو لە دۆزینەوەی سەد ژن کە بتوانن ئامێرەکان بژەنن یان خود پەیدا کردنی پشتیوانیی ماڵی بۆ گرووپەکە هیچ کێشەیەکی نەبوو. بەڵام دۆزینەوەی پشتیوانی بۆ ژنان و پیاوان کە پێکەوە بەشداری ئۆرکێستراکە بکەن، سەلمێنرا کە کارێکی مەحاڵە. ئەوە ڕوون بووەوە کە تێکۆشان بۆ پێکەوەبوون و تێکەڵاوبوون مەترسیگەلێک زیاتر بۆ باڵادەستیی پیاوانە ساز دەکات، هەر بەو پێیە بەدەست هێنانیشی ئەستەمترە. “

بزووتنەوەی ژنان لە ئێستادا لە بارودۆخێکی هاوشێوەدایە. ئێمە دەتوانین جیاکردنەوە وەکوو ئاسانترین شێوە بگرینەبەر، بەڵام ئەوە بە مانای لە دەستدانی تەواوی ئەو ئامانجانەیە کە بزووتنەوەکە بۆ بەدیهێنانی شکڵی گرت. جیاکردنەوەی چەقبەستووانە ڕێگایەک بووە بۆ وەستانــدنی هێــــز و تــــوانــای فێمێنیزم.

لە ڕەوتی بزووتنەوەی فێمێنیستی هاوچەرخدا، جیاخوازیی چەقبەستووانە بووەتە هۆکار کە زۆرێک لە ژنان دەستبەرداری خەباتی فێمێنیستی بن و لەگەڵ ئەوەشدا وەکوو مۆدێلێکی قبووڵکراو بۆ ڕێکخستنی فێمێنیستی هێشتا ماوەتەوە، بۆ نموونە گرووپگەلی ژنانی سەربەخۆ لە ناو بزووتنەوەی ئاشتیدا. وەکوو سیاسەتێک ئەم ڕەوتە بۆ بە پەراوێزکەوتنی خەباتی ژنان یارمەتیدەر بووە. هەوڵ دراوە بزووتنەوەکە وەکوو ڕێگاچارەیەکی کەسیی بۆ پرسگەلێکی کەسیی لە قەڵەم بدرێت. بەتایبەتی کێشە لەگەڵ پیاوان نموونەیەکی باشی ئەم هەوڵانەن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بزووتنەوەی فێمێنیستی بزووتنەوەیەکی سیاسییە کە ئامانجی گۆڕینی کۆمەڵگایە بەگشتی. بۆ گەڕانەوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر فێمێنیزم وەک خەباتی شۆڕشگێڕانە، چیتر ژنان ناتوانن ڕێگە بدەن فێمێنیزم گۆڕەپانێکی دیکە بێت بۆ دەربڕینی بەردەوامی دژایەتی نێوان ڕەگەزەکان. کاتی ئەوە هاتووە کە ئەو ژنانەی کە لە بزووتنەوەی فێمێنیستی چالاکن ستراتیژیهایەکی نوێ بۆ وەخۆگرتنی پیاوان لە خەبات دژ بە سێکسیسم پەرە پێ بدەن.

هەموو پیاوان بە جۆرێک لە جۆرەکان پشتگیریی سەرکوتی ڕەگەزی و سێکسیزم دەکەن و بەردەوامی پێ دەدەن. چالاکوانانی فێمێنیست دەبێت ئەوە بزانن کە لە ئاگایی سەبارەت بەو ڕاستییە ئەوەندە نوقم نەبن کە ئەو خاڵە گرینگی پێنەدراوە لە بیر بکەن، کە پیاوانیش دەتوانن بە بێ چەوساندنەوە و سەرکوتی ژنان، ژیانێکی پڕبایەخ و ماناداریان هەبێت. وەکوو ژنان، پیاوانیش لە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتیدا بە شێوازێکی پاسیڤ ئایدۆلۆژیای سێکسیستیان قبووڵ کردووە. پیاوان پێویست ناکات بۆ قبووڵکردنی سێکسێزم، خۆیان سەرکۆنە بکەن، بەڵکوو دەبێت بۆ نەهێشتنی بەرپرسیارەتی لە ئەستۆ بگرن. بێگومان کاتێک کە باسی گرینگیی قوربانی بوونی پیاوان لە لایەن سێکسێزمەوە دەکرێت، چالاکانی فێمێنیست کە جیاییخوازییان وەکوو ئامانجی فێمێنیزم پێناسە دەکرد، تووڕە دەکات. ئەوان بەو ئایدیاوە نووساون کە پێی وایە «هەموو پیاوان دوژمنن». پیاوان ئەگەرچی لە لایەن سێکسیزمەوە ناچەوسێنەوە و سەرکوت ناکرێن، بەڵام لە دەرەنجامەکەی ئازار دەبینن. ئەم ڕەنج و ئازارە نابێت پشتگوێ بخرێت. لە حاڵێکدا ئەمە بە هیچ شێوازێک لە گرینگیی دەستدرێژیی پیاوانە و سەرکوتی ژنان کەم ناکاتەوە یان خود بە مانای نەبینینی بەرپرسیارەتیی پیاوان لە بەرانبەر چەوساندنەوە نییە، بەڵکوو ڕەنج و ئازاری پیاوان دەتوانێت ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ ئەوەی کە سەرنج بۆ گۆڕانکاری ڕابکێشرێت. دان پێدانانی ئەو ڵێکەوتە ئازاربەخشانەی سێکسیزم لە ژیانی پیاواندا وای کرد کە هەندێک لە پیاوان گرووپی هۆشیارکردنەوە بۆ لێکۆڵینەوە لەم بابەتە دابمەزرێنن. پۆڵ هۆرناسێک لە وتارەکەیدا بەناوی «گرووپی بەرزکردنەوەی ئاگاییی دژە سێکسیستی بۆ پیاوان» ئامانجی ئەم کۆبوونەوانە ڕوون دەکاتەوە:

“پیاوان هۆکاری جیاوازیان بۆ وەدووکەوتنی ئەو گرووپانە ئاماژە پێکردووە، کە پەیوندیی بنەڕەتییان بە بزووتنەوەی ژنانەوە بووە. زۆربەیان ئەو ئازارانە ئەزموون دەکەن کە لە دەرەنجامی ڕۆڵی پیاوانە تووشی بوونە و لێشی ناڕازین. هەندێکیان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ فێمێنیستە ڕادیکاڵەکان لە فەزای گشتی یان تایبەتدا چەندین جار ڕەخنەیان لێ گیراوە کە سێکسیستن. هەندێکیان لە دەرەنجامی پێبەندبوونیان بە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و بە ڕەسمی ناسینی ئەو بابەتە کە هەڵاواردنی ڕەگەزی و پیاوسالاری، توخمی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی قبووڵنەکراوەن پەیوەستی گرووپەکە بوونە و پێیان وایە پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە. “

پیاوانی نێو ئەو گرووپانە کە هۆرناسێک باسی دەکات دان بەوەدا دەنێن کە سوود لە پیاو- باوکسالاری وەردەگرن و ئازاریش دەبینن. گرووپەکانی پیاوان وەک گرووپەکانی پشتیوانیی ژنان، مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە زۆر جەخت لەسەر گۆڕانکاریی تاکەکەسی بکەنەوە تا شیکاری و خەباتی سیاسی.

ئایدۆلۆژیای جوداخوازی هانی ژنان دەدات کە کاریگەرییە نەرێنییەکانی سێکسیزم لەسەر کەسایەتیی پیاو پشتگوێ بخەن. جەخت لەسەر جەمسەرگیری نێوان ڕەگەزەکان دەکاتەوە. بەگوتەی جۆی جەستیس، جوداخوازان پێیان وایە «دوو ڕوانگەی بنەڕەتی »هەیە سەبارەت بە پرسی قوربانییانی سێکسیزم: « ڕوانگەیەک هەیە کە پێی وایە پیاوان ژن دەچەوسێننەوە و، ئەو بۆچوونە هەیە کە هەموو مرۆڤین و بەهۆی ڕۆڵی ڕەگەزیی چەقبەستووەوە ئازار دەبینین». زۆرێک لە جیاخوازان هەست دەکەن کە بۆچوونی دووهەم نیشانەی هاواهەنگییەکە و نوێنەرایەتی ئەو ئایدیایە دەکات کە ژنان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕاستییەی کە پیاوان دوژمنی سەرەکیی ئەوانن، خۆیان دەبوێرن–جیاییخوازەکان پێداگری لەسەر بنگەهی بوونی ڕوانگەی یەکەم دەکەنەوە. هەردوو ڕوانگەکە بە وردی باسی ئەو دۆخە ئەستەمە دەکات کە ئێمە تێیداین. پیاوان بەڕاستی ژن دەچەوسێننەوە. مرۆڤەکانیش بە گشتی بە هۆی ڕۆڵی چەقبەستووی ڕەگەزییەوە زەرەمەند دەبن. ئەم واقعییەتانە پێکەوە بوونیان هەیە. دانپێدانان بەو ڕاستییەی کە پیاوان لە ڕۆڵی چەقبەستووی ڕەگەزی زەرەمەند دەبن، بیانوویەک نییە بۆ سەرکوتی ژنان لە لایەن پیاوانەوە. چالاکوانانی فێمێنیست دەبێ دان بەوەدا بنێن کە ئەو ئازار و ڕەنجە بوونی هەیە. ئەوە بەرپرسیارەتیی پیاوان لەمەڕ پشتگیری و بەردەوامیی دەسەڵاتی خۆیان لە ژێرناوی پیاوسالاری ناسڕێتەوە.

ژنانی چالاک لە بزووتنەوەی فێمێنیستی نەیانویستووە بە هیچ شێوەیەک سەرنجیان لە سەر ئازاری پیاوان چڕبکەنەوە لە ترسی ئەوەی کە سەرنجی سەر ئێمتیازاتی پیاوانە کەم نەبێتەوە. ڕیتۆریکی فێمێنیستە جیاخوازەکان تەکەزییان لەوە دەکردەوە کە هەموو پیاوان بە یەکسانی لە ئیمتیازاتی پیاوبوون سوودمەند دەبن و هەموو پیاوان سوودی ئەرێنی لە سێکسیزم وەردەگرن. ئەمە لە حاڵێکدایە پیاوانی فەقیر و کرێکار کە بە ئایدۆلۆژیای سێکسیزمەوە پەروەردە کراون و قەناعەتیان پێهێنراوە کە هێز و ئێمتیازاتێک هەن کە تەنیا بە هۆی ئەوەی کە ئەوان پیاون دەتوانن بەدەستی بێنن، تێدەگەن کە لە ژیانیاندا هیچ سوودێک یا خود سوودێکی کەمیان بە هۆکاری پیاوبوونەوە بەردەکەوێ. زۆرتر لە هەموو گرووپێکی پیاوان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ئەوە پیاوانی دەست تەنگن کە بەردەوام کەڵکەڵەی ئەوەیانە کە چەمکی پیاوەتی نەیتوانیوە هیچ ڕەنگدانەوەیەکی لە ژیانی ئەواندا هەبێ .ئەوان بەو ئازارەوە دەتلێنەوە کە ئەو ئیمتیاز و دەسەڵاتەیان نییە کە کۆمەڵگا پێیانی گوتبوو پیاوێکی ڕاستەقینە دەبێ بیبێت. ئەو کە لە خۆی نامۆ، بێزار و تووڕەیە لەوانەیە هێرش بکاتە سەر ژنان یا خود ژنانێک بچەوسێنێتەوە، بەڵام سوودێک لە پشتیوانی و بەردەوامکردنی ئایدۆلۆژیای سێکسیستی ناچنێتەوە. کاتێک ئەو پیاوە ژن دەکوژێت یان دەستدرێژی دەکاتە سەری، ئیمتیازاتی خۆی بەکارناهێنێت یان پاداشتی ئەرێنی وەچنگ ناخا. ڕەنگە تەنیا لە بەکارهێنانی فۆرمێک لە دەسەڵات کە بۆ ئەو ڕێگە پێدراوە، هەست بە خۆشحاڵی بکات. پێکهاتەی دەسەڵاتی پیاوانەی چینی سەردەست، کە پەرە بە ئازاری ڕەگەزیی ژنان لە لایەن پیاوانی بندەست دەدات، سوودی ڕاستەقینە لە کردەوەکانی خۆی دەبات. تا ئەوکاتەی کە ئەو پیاوانە بە جێگای هێرش بۆ سەر سەرمایەداری و سێکسیزم، ژنان دەکەنە ئامانجی هێرشەکانیان، یارمەتیی سەقامگیری ئەو سیستەمە دەدەن کە کەم یا زۆر سوودی لێ وەردەگرن. ئەو پیاوانە سەرکوتکەر و دوژمنی ژنانن. هەروەها دوژمنی خۆیانن و دەشچەوسێننەوە. ئازاردانی ژنان لە لایەن ئەو پیاوانەوە ڕەوا نییە. ئەگەرچی ئەو پیاوانە بەو شێوەیە پەروەردە کراون کە ئاوا هەڵسوکەوت بکەن، بەڵام بزاڤگەلێکی کۆمەڵایەتی هەن کە بۆ خۆچاککردنەوە و ڕزگاربوون لەو دۆخە، یارمەتییان دەدەن. بە لەبەرچاونەگرتنی ئەو بزاڤە کۆمەڵایەتییانە وەکوو – دەرفەتی گۆڕان- ئەوان هەڵدەبژێرن کە سەرکوت بکەن و سەرکوتیش بکرێن. ئەگەر بزاڤی فێمێنیستی دۆخی ئەستەمی ئەو پیاوانە لە بەرچاو نەگرێ و ئازارەکانیان پشتگوێ بخات یان وەک دوژمنێکی تری نێرینە لە قەڵەمیان بدات، ئێمەش لە ئاکامدا بە شێوەیەکی پاسیڤ تەسلیمی کردەوەکانیان دەبین. ئەو پرۆسەیە کە تێیدا پیاوان هاوکات هەم سەرکوتکەر و هەم سەرکوتکراویشن بەتایبەت لە نێو کۆمەڵی ڕەشەکاندا، کە زۆرینەیان پیاوانی دەست تــەنگ و کـــرێکـــارن، یەکجار بەرچاوە.

لە وتارەکەیدا «تێبینیگەلێک بۆ هێشتا وتارێکی دیکە لەسەر فێمێنیزمی ڕەش، یان ئایا دوژمنی ڕاستەقینە تکایە هەڵدەستێت؟ »چالاکوانی فێمێنیستی ڕەش باربارا سمیس ئەوە دەخاتەڕوو کە ژنانی ڕەش پێست ئامادە نین لە کۆمەڵگە ڕەش پێستەکاندا ڕووبـــەڕووی ستــــەمی ڕەگەزی ببنەوە:

“بە ناوبردن لە ستەمی ڕەگەزی وەک کێشەیەک، وا دەردەکەوێت کە ئێمە دەبێت ئەو گرووپەی کە تا ئێستا وامان زانیوە هاوپەیمانمانن- پیاوە ڕەش پێستەکان- وەکوو مەترسی پێناسە بکەین. پێدەچێت ئەمە یەکێک لە بەربەستە سەرەکییەکان بۆ دەستپێکردنی شیکردنەوەی پەیوەندییە ڕەگەزییەکان یا سیاسەتە ڕەگەزییەکانی ژیانمان بێت. دەستەواژەی “پیاوەکان دوژمن نین” فێمێنیزم و واقیعی پیاوسالاری لە یەک کاتدا ڕەتدەکاتەوە و هەروەها چاوپۆشی لە هەندێک واقعی سەرەکی دەکات. ئەگەر نەتوانین ئەوە قبووڵ بکەین کە هەندێک لە پیاوان بەتایبەت پیاوانی سپی پێست و بە شێوازێکیش هەندێ لە ڕەش پێستەکان دوژمنی ئێمەن،هیچ کات ناتوانین لە هۆکاری ئەوە تێبگەین کە بۆچی هەموو ڕۆژێک لێمان دەدرێت، بۆچی بەپێچەوانەی خواست و ئێرادەی خۆمانەوە عەقیم دەکرێین، بۆچی لە لایەن دراوسێکەمانەوە دەسدرێژی دەکرێتە سەرمان، بۆچی لە تەمەنی دوازدە ساڵیدا دووگیانین و بۆچی ئێمە دەبێ زۆرتر لەوەی کە دەتوانین لە ماڵەوە بمێنینەوە و ئاگاداری منداڵان بین؟.دانپێنان بە سێکسیزمی پیاوانی ڕەش پێست بە مانای ئەوە نییە کە دەبێ ڕقمان لە پیاوان بێت یان بەو مانایە نییە کە دەبێ لە ژیانی خۆمان بیانسڕینەوە، بەڵکوو جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە ئێمە دەبێ بۆ بنەمایەکی جیاواز لە پەیوەندی لە گەڵیان خەبات بکەین. “

ژنان لە کۆمەڵگا ڕەش پێستەکاندا ئامادە نەبوون بە ڕوونی باسی سەرکوتی ڕەگەزی بکەن، بەڵام هەمیشە زانیویانە کە بوونی هەیە. ئێمە هەروەها کۆمەڵایەتی کراوین بۆ ئەوەی کە ئایدۆلۆژیای سێکسیستی قەبووڵ بکەین و زۆرێک لە ژنانی ڕەش پێست هەست دەکەن کە دەسدرێژی پیاوانی ڕەش پێست بۆ سەر ژنان ڕەنگدانەوەی پیاوسالارییەکی ناهۆمێدانەیە. بەم جۆرە لە بیرکردنەوە، ئازاری ئەو پیاوانە وەکوو شتێک قابلی دەرک و تـــەنـــانــــەت ڕەوا دێتە پێش چـــاو.

زۆربەی ژنانی ڕەشپێشت پێێان وایە کە باسکردنی ئاشکرای ئەوەی کە ئەو پیاوانە دوژمنی ئەوانن یا خود ئەوەی کە ئەوان وەکوو سەرکوتکەر بناسێنن یارمەتییەک بە گۆڕینی دۆخەکە نادات. ئەوان دەترسن کە ئەم کارە ببێ بە هۆی قوربانی کردنی زیاتر. دانپێدانان بەو ڕاستییانە، خۆی لە خۆیدا ئاڵوگۆڕێکی بۆ گرووپە بندەستەکان بەدینەهێناوە‌. بە عەکسەوە لە بەرژەوەندیی گرووپە سەردەستەکاندا بووە. ناونانی گشتیی سێکسیزم نەبووەتە هۆی ئەو توندوتیژییە دامەزراوەییەی کە تایبەتمەندیی خەباتی مافە مەدەنییەکانی ڕەش پێستەکان بووە. ژنانی ڕەشپێست نەچوونەتە ناو بزووتنەوەی فێمێنیستەوە نەک لەبەر ئەوەی ناتوانن ڕووبەڕووی واقعی سەرکوتی سێکسیستی ببنەوە؛ ئەوان ڕۆژانە لەگەڵ ئەو سەرکوتە ڕووبەڕوو دەبنەوە. ئەوان پەیوەندی بە بزووتنەوەی فێمێنیستییەوە ناکەن، چونکە لە تیۆری و پراکتیکی فێمێنیستدا، بەتایبەت ئەو نووسینانەی کە خراونەتە بەردەستی جەماوەر، پۆتانسییەلێک بۆ چـــارەســـەری کێشەکــــە نـــــابینــن.

تا ئێستا گوتاری فێمێنیستی کە پیاوانی وەکي دوژمن ناساندووە کاریگەری ئەرێنی کەمی هەبووە. ئەگەر چالاکوانانی فێمێنیست سەرنجیان خستبایێتە سەر پەیوەندیی نێوان پیاوانی چینی سەردەست و زۆرینەی ڕەهای پیاوانی بندەست، کە کۆمەڵایەتی کراون بۆ بەردەوامکردن و پاراستنی سێکسیزم و ستەمی سێکسیستی تەنانەت لە کاتێکدا هیچ سوودێکی دووپاتکردنەوەی ژیانیان لێ ناچنن، ڕەنگ بوو ئەم پیاوانە ئاوڕێکیان داباوە لە کاریگەرییەکانی سێکسیزم لە ژیانیاندا. زۆرجار چالاکوانانی فێمێنیست بە شێوازێک باس لە دەستدرێژیی پیاوان بۆ سەر ژنان دەکەن وەک ئەوەی ڕکابەری بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات بێت نەک ئیفلاسی ئەخلاقی، شێتی و لە ئێنسانییەت کەوتن. بۆ نموونە باربارا سمیس لە نووسراوەیەکیدا پیاوانی سپی وەکوو سەرەکیترین گرووپی سەرکوتکەر لە كۆمەڵگای ئەمریکادا پێناسە کردووە و باس لە سروشتی ئەوان بۆ زاڵبوون بەسەر ئەوانی تردا دەکات.لە کۆتایی ئەو وتارەیدا کە ئیدعایەکی وای تێدا کراوە دەڵێت: ” تەنیا سەرمایەدارە دەوڵەمەند و بەهێزەکان نین کە بەرهەڵستی ژیان دەبنەوە و لە ناوی دەبەن. دەستدرێژیکەرەکان، بکۆژەکان، لات و لوتەکان و ئەو مرۆڤە چەقبەستووانەش بە هەمان شێوە دەسەڵاتی توند و بە هۆی ئەو ئێمتیازە پیاوانەی کە بۆ سپییەکان هەیە تیژ بەکار دێنن. پێشگریمانەی ئەو ئێدعایە ئەوەیە کە ئەنجامدانی تاوانی توندوتیژی دژ بە ژنان یان خۆڕانانی(ژست) یا خود سەلماندنی ئەو دەسەڵاتانەیە. ئایدۆلۆژیای رەگەزی مێشکی پیاوان وەها دەشواتەوە تا باوەڕ بەوە بکەن کە ئازار و توندوتیژی دژ بە ژنان سوودی هەیە، لە کاتێکدا سوودێکی تێدا نییە. لە گەڵ ئەوەی کە هێشتا چالاکانی فێمێنیست ئەو لۆژیکە بە کار دێنن، ئێمە دەبێ بەردەوام ئەو کردەوانە وەکوو دەربڕینی پەیوەندیی چەوتی دەسەڵات، نەبوونی کۆنترۆڵ بەسەر کردەوەکان، بێ دەسەڵاتییەکی سۆزدارانە، ناعەقڵانییەکی لە ڕادەبەدەر و شێتییەکی ئاشکرا بهێنینە بەر باس. فێربوونی پەسیڤی ئایدۆلۆژیی ڕەگەزی لە لایەن پیاوانەوە وایان لێدەکات کە ئەو هەڵسوکەوتە نەشیاوانە بە شێوەیەکی ئەرێنی لێک بدەنەوە. تا ئەو کاتەی کە پیاوان مێشکیان بشۆردرێتەوە کە ئازاردانی ژنان و وەرگرتنی–ئیمتیاز و دەسەڵات، هاوتا بگرن، ناتوانن زیان و خەسارێک کە دەرهەق بە خۆیان یا خود دەرهەق بە ئەوانی تر دەیکەن هەست پێبکەن و پاڵنەرێکیش بۆ گۆڕان بە دی ناکەن.ئەو کەسانەی کە بە شۆڕشی فێمێنیستی وەفادارن دەبێ ئەو ڕێگایانە نیشان بدەن کە پیاوان دەتوانن سێکسیزم لە مێشکیان بسڕنەوە. ژنان لە بزووتنەوەی فێمێنیستی هاوچەرخدا هان نەدران کە ئەو بەرپرسیارەتییەی پیاوان بە گوێیان هەڵێنن.هەندێ لە گوتارە فێمێنیستییەکان، ئەو ژنانەی کە لە گەڵ پیاوان پەیوەندییان هەبوو دەخستە پەراوێزەوە.زۆرێک لە ژنانی لیبراڵ دەیان گوت « ژنان ماوەییەکی دوور و درێژە کەسانی دیکەیان پەروەردە کردووە و یارمەتی داوە و ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئاگامان لە خۆمان بێت”.

ژنانێک کە بۆ چەندین سەدە، بە هاودەستی لەگەڵ سێکسیزمدا یارمەتی پیاوانیان داوە و پشتگیریان کردووە ، کاتێک باس لە پرسی « رزگاری» دەکرا لەناکاو هاندران کە پشتگیریی خۆیان بکشێننەوە. پێداگری لە سەر گرنگیدان بە تاکگەرایی و سەرەکییەتی خود کە لەلایەن ژنانی لیبراڵەوە بە « ئازادیخوازی» دادەنرا، چەمکێکی نموونەیی و ڕادیکاڵ نەبوو و ڕێگە چارەی تاکەکەسی بۆ ژنان پێشنیار دەکرد.ئەم ئایدیایە هەمان ئایدیای سەربەخۆیی بوو کە دەوڵەتی پیاوسالاری ئێمپریالیستی بەردەوامی پێدا و تێیدا سەربەخۆیی لە گەڵ نارسیسیزم، بەرانبەر دادەنێت. بەم شێوەیە ژنانی چالاک لە بزووتنەوەی فێمێنیستیدا هێرشیان نەدەکردە سەر ئایدۆلۆژیای سەردەست و تەنیا خەریکی پێچەوانە کردنی بوون. ئەوان ئاڵترناتیوێکی کردەییان بۆ دۆخی هەنووکەیی نەخستبووەڕوو. لە ڕاستیدا ئەو قسەیەی«پیاوان دوژمنن» لە بنەڕەتدا پێچەوانە کردنەوەی ئایدیای باڵادەستیی پیاوانە بوو کە پێی وابوو«ژنان دوژمنن»، هەمان چیرۆکی سواوی ئادەم و هەوا.

بە ئاوڕدانەوەیێک لە ڕابردوو بۆمان دەردەکەوێت جەخت کردن لەسەر ئەو بیرۆکەیە کە «پیاوان وەک دوژمن»، ئێمە لە پتەوکردنی پەیوەندی نێوان ژنان و پیاوان و هەروەها ڕێگاگەلێک کە پێکەوە بتوانن بۆ سڕینەوەی سێکسیزم خەبات بکەن، بە لاڕێ دا دەبات.

ژنانی بورژوای چالاک لە بزووتنەوەی فێمێنیستیەکان ، چەمکی سروشتی جەمسەرگیری نێوان دوو ڕەگەزیان ،بۆ ئەوەیکە سەرنجی هەموان بۆ مافی یەکسان ڕابکێشن بە سەقەتی بە کار‌هێنا و تەقەلایێکی زۆریان کرد کە پیاوان وەک دوژمن و ژنانیش وەک قوربانی وێنا بکەن. ئەوان گروپێک لە ژنان بوون کە هەرکات لە چینی باڵادەست دا مافی یەکسانیان هەبووایێت، دەیانتوانی هەموو پەیوەندەکانیان لەگەڵ پیاوان وەلانێن. لە ئاکامدا ئەو ژنانە زۆرتر کەڵکەڵەی بەدەست هێنانی پشکی یەکسانیان لە چینی باڵادەست هەبوو تا لە ناوبردنی سێکسیزم و چەوساندنەوەی ڕەگەزی. پێداگرییان لەسەر جیابوون لە پیاوان ئەو گومانەی بەهێزکرد کە ژنان -بە بێ پیاوان- پێویستیان بە دەرفەتی یەکسانە.

زۆرێک لە ژنان بە هۆی گرێدراوی ئابووری ئەو ئازادییەیان نییە کە لە پیاوان جیا ببنەوە. ئەو ئایدیا جیاخوازییە کە پێی وایە ژنان دەتوانن بە کشانەوە لە پیاوان لەهەمبەر سێکسیزم خۆڕاگری بکەن، ڕوانگەی چینی بورژوایە. کەتی مەک کەندلز لە گوتاری «هەندێک بیرۆکە سەبارەت بە ڕاسیزم، چینایەتی و جیاخوازی» تیشک دەخاتە سەر ئەو بابەتە کە جیاخوازی لە چەندین ڕەهەندەوە بیرۆکەیەکی هەڵەیە چوون لە ڕاستیدا لەو ئابوورییە ســەرمـــایەدارییەی ئێستادا کەس جیا نییە.

” لە ڕوانگەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ئەوە باسێکی بەتەواوی جیاوازە. هەرچەندی دەوڵەمەندتر بی، کەمتر وا هەیە مەجبوور بی دان بەو شتانەدا نێی کە پێیان وابەستەی. پارە دەتوانێ مەودایەکی زۆرت بۆ بخوڵقێنێ ئەگەر بە تێروتەسەلی لەبەر دەستت بێ، تەنانەت دەکرێت قەت چاوت بە پیاوان نەکەوێت. ئەوە شتێکی نایاب و سەرنجڕاکێشە کە خۆت هەڵیبژێری چاوت بە کێ بکەوێت. بەڵام با ڕاستی بڵێین سەرەڕای پێخۆشبوون یا پێناخۆشبوون، ژیانی ڕۆژانەی زۆربەی ژنان بەریەککەوتنی ڕوودەڕوویە لەگەڵ پیاوان. بە بۆچوونی من ڕەخنەگرتن لەو ژنانەی کە لەگەڵ پیاوان پەیوەندییان هەیە نە تەنیا زیانبەخشە، بەڵکوو جەخت دەکاتە سەر، سەرکۆنەکردنی قوربانی. ئەمە بەتایبەتی کاتێک گرینگە کە دانانی ئەو ستانداردانە لە ئەستۆی ژنانی سپی پێست و چینی مامناوەند و باڵادەست بن(هەروەها کە ئەزموونی من ئاوای نیشان داوە) و ئەوانەی کە ئەو ستانداردانە بە کـــاردەهێنن ســـەر بــەو گرووپانە نەبن “.

لە بەرچاو نەگرتنی پێداویستییە تایبەتەکانی ژیان کە ژنان مەجبوور دەکات لەگەڵ پیاوان لە پەیوەندیدا بن، هەروەها رێزنەگرتن لە خواستی ژنان بۆ ڕاگرتنی پەیوەندیی لەگەڵ پیاوان ململانێیەکی ناپێویستی بۆ ئەو ژنانە درووست دەکرد کە ڕەنگە زۆر حەزیان لە فێمێنزم بووبێت، بەڵام هەستیان دەکرد ناتوانن لە ئاستی ئەو ستانداردە سیاسییانە بن.

نووسراوە فێمێنیستییەکان ئەگەرچی لە سەر قەیرانی پەیوەندیی نێوان ژنان و پیاوان دواون، ئەوەندەی پێویستە ئاماژەیان بەوە نەکردووە کە ژنان چۆن دەتوانن لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی ڕۆژانەیان لەگەڵ پیاوان بەشداری خەباتی فێمێنیستی بن. ئەگەر فێمێنیزم بیهەوێ باس لەو ڕێگایانە بکات کە پەیوەندیی تایبەت و گشتی ڕۆژانەی نێوان ژنان و پیاوان[کە زۆر جار بە حوکمی ئەوەی کە سێکسیزم زۆر گشتگیرە، پەیوەندییەکی نەرێنییە] دەکرێ بگۆڕدرێت، دەتوانێت لە ڕووی سیاسییەوە ژنانێکی زۆر بکاتە بەردەنگی خۆی. ژنانێک کە پەیوەندیی ڕۆژانەیان لەگەڵ پیاوان هەیە پێویستیان بە ستراتژیهایێکی بەکەڵک هەیە کە ئەو تواناییەیان پێ بدات کە بزووتنەوەی فێمێنیستی لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی خۆیان تێکەڵ بکەن. بزووتنەوەی فێمێنیستیی هاوچەرخ بە گرینگی نەدان بە پرسە گرینگ و چارەنووسسازەکان خۆی خستووەتە پەراوێزی کۆمەڵگاوە. زۆرێک لە ژن و پیاوان پێیان وایە فێمێنیزم «لە دەرەوە » ڕوودەدات، یان ڕوویداوە. میدیا پێیان دەڵێت کە ژنی «ئازاد» دەگمەنە و پێش لە هەموو شتێک لە دەرەوە کار دەکات. ڕێکلامگەلێک لە چەشنی ئەوانەی کە ژنێکی شاغڵی سپی پێست لە حاڵی گۆڕینی لیباسی کار بە لیباسی تەنک نیشان دەدا، هاوکات خوێندنی ئەو گۆرانییە کە « من دەتوانم گۆشت بکڕم و چێشتت بۆ ساز بکەم و ناهێڵم لە بیرت بچێتەوە کە تۆ پیاوی». ئەو ژنانە جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە کار کردن لە دەرەوە نابێتە بەربەست بۆ ئەو ڕۆڵە ئۆبژە سێکسییە کە کۆمەڵگای باڵادەستی پیـــاوســـالار، بـۆ ژنــانی دیاری کردووە.

زۆربەی ئەو پیاوانە کە ئێدعای پشتگیریی ئازادیی ژنان دەکەن پێیان وایە سوود لە نەبوونی ئەو ڕۆڵە جنسییەتییە چەقبەستووانە وەردەگرن. ئەو ڕۆڵەی کە زۆربە حەزیان لێیە بیگۆڕن ڕۆڵی ئابوورییە. ئەو ڕێکلامانەی وەکوو ئەوەی کە لە سەرەوە باس کرا پیاوان دڵنیا دەکەن کە ژنان دەتوانن نانپەیداکەر بن، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێگا بدەن بە پیاوان کە بەسەریاندا زاڵ بن. وتاری کاڕۆڵ هانیش لە ژێر ناوی «ئازادیی پیاوان»، لە هەوڵی ئەو پیاوانە بۆ خراپ بە کار هێنانی کێشەی ژنان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەکۆڵێتەوە، بەتایبەت ئەو کێشانەی کە پەیوەندییان لەگەڵ کار و ئابووری هەیە:

“هەوڵی پیاوان بۆ خۆدزینەوە لە کارکردن و کارپێکردنی ژنان بە بیانووی پاڵپشتیی لەوان، کێشەیەکی گەورەی دیکەیە. پیاوان حەزیان لە کار، لە ڕاکە ڕاکە و رەئیسەکانیان نییە. لە ڕاستیدا هەموو ئەو بۆڵە بۆڵانە سەبارەت بە « نموونەی سەرکەوتوویی» و «ئۆبژەی سەرکەوتوویی»- ژنان- هەر بۆ ئەوەیە. لە ڕاستیدا ژنانیش حەز بەوانە ناکەن. بەتایبەت لەبەر ئەوەی کە چل لە سەد لە پیاوان کەمتر پارە وەردەگرن، بە گشتی کارەکانیان زۆرتر وەڕەزیان دەکا و بە دەگمەنیش ڕێگەیان پێ دەدرێ کە -نموونەی- سەرکەوتوو بن. بەڵام کارکردن بۆ ژنان زۆرجار تەنیا ڕێگا بۆ بەدەست هێنانی هەندێک یەکسانی و دەسەڵات لە بنەماڵە و هەروەها ئاستێک لە سەربەخۆیی لە پەیوەندی لەگەڵ پیاوان دایە. پیاوێک دەتوانێت لە کارەکەی دەست بکێشێتەوە، بەڵام هێشتا لە نێو ماڵدا هەر کوێخا بێت. هەروەها پیاو بەتاڵی زۆرتری هەیە و ئەوەی ئەو دەیکا لە بەراورد بەوەی ژنەکەی یا خۆ خۆشەویستەکەی دەیکات شتێکی ئەوتۆ نییە. لە زۆر نموونەدا، ژنەکە سەرەڕای کاری هاوسەرداری و کاری دەرەوەی خۆی بەو حاڵەشەوە زۆرتر لە پشکی خۆی لە کارووباری ماڵدا بەشداری دەکات. پیاوی ئاوا بە جێگای هەوڵ بۆ خۆشترکردنی کارەکەی و کۆتایی هێنان بەو ڕاکە ڕاکە و خەڵاس بوون لە دەستی رەئیسەکانی، ژنەکەی دەنێرێتە سەر کار و ئەوە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ پیاوێک کە ژنەکەی بۆ کاری خراپ بە کاردەهێنێت نییە. هەموو ئەوانە لە ژێر نـــاوی شکــــانــــدنی ڕۆڵی جینسیی چەقبەستوو یا قـــۆڕیاتی لەو چەشنەیە. “

وەها ” بزووتنەویەکی ئازادیی پیاوان” تەنیا دەتوانێ لە دژکردەوە بە ئازادیی ژنان پێک بێت تا بزووتنەوەی فێمێنیستی خزمەت بە بەرژەوەندیی هەلپەرەستانەی پیاوان بکات. ئەو پیاوانە خۆیان وەک قوربانی سێکسیزم پێناسە دەکەن کە لە هەوڵی ڕزگاریی پیاوان دان و، ئەو ڕۆڵە چەقبەستووە جنسییانە وەک سەرچاوەی سەرەکی قوربانی بوونی خۆیان پێناسەدەکەن و ئەگەرچی دەیانهەویست چەمکی پیاوەتی بگۆڕن، لێ زۆر کەڵکەڵەی ئازار و چەوسانەوەی ژنـــانیـــان نییە. نــــارسیسیــــزم و بــەزەیی بەخۆداهاتن لە تایبەتمەندییەکانی گرووپگەلی ئازادیی پیاوانە.

هانیش گوتارەکەی بــەو ئێـــدعــایە کۆتایی پێ دێنێت:

“ژنان نایانهەوێ خۆیان لاواز و پاسیڤ دەرخەن. ئێمە هەر ئەوەندەی پیاوانی ساختەچیی لاواز و پاسیڤمان ناوێت، ئەوەندەش پیاوانی بەناو سووپێرمەن و پڕ لە ئازایەتیشمان ناوێت. ئەو شتەی کە ژنان لە پیاوانیان دەوێت ڕاستگۆییە. ژنان دەیانەوێ پیاوان بوێرانە ڕاستگۆ بن و لە بەدواداچوون بۆ کارە ئێنسانییەکانیان بە مشوور و کۆڵنەدەر بن. حەزێکی زۆریان بێت و سۆزدار بن و ژنان ئەوانەشیان بۆ خۆشیان دەوێت. کاتی ئەوە هاتووە پیاوان بوێرانە ڕادیکاڵ بن. ئەوەندە ئازا بن کە بە بنچی چەوسێنەرانەی خۆیاندا بچنەوە و دان بەوەدا بنێن کە هۆکاری بەختەوەرنەبوونیان ژنان یا ڕۆڵە جێنسییەکان یان کۆمەڵگا نین، بەڵکوو سەرمایەداری و سەرمایەدارەکانن. کاتی ئەوە هاتووە پیاوان ئەوەندە بوێر بن دانی پێدا بنێن و دژی چـــەوسێنـــەرە سەرەکییـــــەکـــان شەر بکەن. “

پیاوانێک کە ئەوەندە بوێرن، کە سەبارەت بە سێکسیسم و سەرکوتی ڕەگەزی ڕاستگۆن و بەرپرسیارەتی خۆیان بۆ دژایەتی سێکسیسزم وەئەستۆ دەگرن، زۆرجار بە تەنیا دەمێننەوە و دەکەونە پەراوێزەوە. بیرۆکەکانیان لە لایەن پیاوان و ژنانی دژە فێمێنیستەوە بە هێند وەرناگیرێ، هەروەها لە لایەن چالاکانی فێمێنیستەوە پشتگوێ دەخرێن. مۆریس کۆنرڵی لە گۆڤاری ناوچەیی سانتە کرووزدا ئاوا باس لە هەوڵی خۆی بۆ پشتگیری لە فێمێنیسم لە فەزای گشتیدا دەکات:

” لە قسە کردن لەگەڵ چەن پیاودا بابەتی ئازادیی ژنان هاتە بەر باس.هەندێک پێکەنین، لاتاو، بۆڵە بۆڵ و ئیدانە کردنی بە دوادا هات. گرووپێک لە پیاوان هەن کە لە سەر ئەوە ساق بوونەوە کە ئێستا ئامادەی شەڕن و دەبێ ڕیزەکانی خۆیان لە هەمبەر هێرشی ئەو ژنە بە لاڕێداچووانە تۆکمە کەن. وەک هەمیشە کەسێک بۆچوونی منی پرسی کە دیارە من سەتاسەد لەگەڵ ئازادیی ژنانم. وڵامەکەی من بۆیان سەرسووڕهێنەر بوو، بە جۆرێک لە منیان دەڕوانی وەك بڵێی شاخم دەرهێنابێ. ئەوان لە بەر خۆیانەوە دەڵێن« داخودا ئەوە ئێتر چ پیاوێکە؟» من پیاوێکی ڕەشم کە لەوە تێگەییشتووم، کە ژنان دوژمنی من نین. ئەگە من پیاوێکی سپی پێستی دەسەڵاتدار بام، مرۆڤ دەیتوانی لە هۆکاری بەرگریکردن لە دۆخی هەنووکەیی تێبگات. تەنانەت ئەگر واش با، بەرگری لە دوکتورینێکی داڕماو لە رووی ئەخلاقییەوە کە چەوسێنەر و سەرکوتکەرە پاساوی بۆ ناهێنرێتەوە. “

کۆنرڵی جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە پشتیوانی لە فمێنیزم لە فەزای گشتیدا چەندە ئەستەم بوو و کاتی دەخایەند:

” بۆ ئەوەندەی پێچوو؟ چون لە لێکەوتەی نەرێنی پشتگیری لە ئازادیی ژنان دەترسام. لە مێشکی خۆمدا چاوەڕوانی ئەوەم لە خۆشکان و براکانم دەکرد.«تۆ چ جۆرە پیاوێکی؟» «بۆ پانتۆڵ لە بەر ناکەی؟» «ئەو دەعبا سپییە چیە لەبەرت دایە؟» و هەرئاوا ئەو پرسیارانە بە دوای یەکتردا دەهات. هەر ئەو جۆرەی کە چاوەڕوان بووم دڵنیا بووم کە بەرەوڕووی ئەو هێرشانە دەبمەوە، بەڵام ئیدی ئەو کاتە ئەوەندە باوەڕم بە خۆم بوو، کە بەرانبەر ئەو سووکایەتییە لە فەزای گشتیدا ببمەوە. گەورە بوون ژانی هەیە و ئەو ڕاستییە دەقاودەق لە ژیانی مندا ڕوویدا.

ئەو پیاوانەی کە چالاکانە دژی سێکسیزم خەبات دەکەن لە بزووتنەوەی فێمێنیستیدا جێگە و پێگەی خۆیان هەیە. ئەوان هەواڵانی ئێمەن. فێمێنیستەکان دانیان ناوە بە تێکۆشانی ئەو پیاوانەی کە بەرپرسیارەتییان لەمەڕ سەرکوتی ڕەگەزی وەئەوستۆ گرتووە، بۆ نموونە ئەو پیاوانەی کە کار لەگەڵ ئازاردەران دەکەن. لایەنگرانی ئازادیی ژنان، کە بەهایێک بۆ ئەو بەشدارییە دانانێن، دەبێ بە خۆیاندا بچنەوە و دووبارە سەبارەت بە ئەو پرۆسەیەی کە خەباتێکی شۆڕشگێرانە تێیدا سەردەکەوێ بێر بکەنەوە. هەندێ لە پیاوان بە هۆکاری ئەو ئازارانەی کە لە پەیوەندی لەگەڵ ژنان چێشتوویانە تێکەڵی بزووتنەوەی فێمێنیستی دەبن. زۆر جاریش ژنانی هاوڕێیان پشتگیرییان لە باڵادەستیی پیاوان دەخەنە ژێر پرسیارەوە. جۆن سنۆدگراس لە کتێبی « بۆ پیاوان دژی سێکسیسم: کتێبێک بۆ خوێندنەوە» ئاماژە دەکات:

“لە حاڵێکدا لایەنگەلێک لە نێو ئازادیی ژناندا بوو کە بە دڵی پیاوان بوو، بەڵام بۆچوونی من لە بۆچوونی گشتیی پیاوان جیاواز نەبوو. منیان لە بزووتنەوەکە ترساند و بە تووڕەیی و گاڵتەوە وڵامیان دامەوە. من پێم وابوو سەرمایەداری ژنان و پیاوانی دەچەوساندەوە، نەک ئەوەی پیاوان ژنان بچەوسێننەوە. من پێم وابوو کە «پیاوانیش دەچەوسێنەوە»، لەوانە پیاوانی کرێکار کە پێویستیان بە ئازادی بوو. من نە دەمدەتوانی هێرارشی نابەرابەری نێوان ژنان و پیاوان هەست پێبکەم، نە پەیوەندی ئەوە لەگەڵ زاڵبوونی پیاوانە تێبگەم. ئێستا کە بیر دەکەمەوە هۆکاری کوێری من لە ئاستی پیا سالاری، ئەو دەسەڵاتە پیاوانە بوو. وەکوو پیاوێک ئازادیی ژنانم یا وەپشتگوێ دەخست یا سەرکوتم دەکرد.ئاشنایەتی تەواوی من لەگەڵ بزووتنەوەی ژنان لە پەیوەندی تاکەکەسیمەوە سەرچاوەی گرتووە. کە پەیوەندیی ئێمە قووڵتر بوویەوە ڕەخنەی زۆرم بە هۆی سێکسیست بوونەوە لێ دەگیرا. سەرەتا بە نکۆڵی و تووڕەیی وەکوو تایبەتمەندییەکی پیاوانە بەرەنگاری دەبوومەوە. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات لە دروستی ئەو تۆمەتانە وردبوومەوە تا ئەو ئاستەی کە بە سێکسیزمی[ شاراوە] لە ئەنجامی نکۆڵی کردنەکانم گەییشتم”.

سنۆدگراس لە گرووپەکانی بردنە سەرەوەی ئاگایی بەشداری کرد و ئەو کتێبەشی لە ساڵی ١٩٧٧ نووسی .بەرەو کۆتایی هەفتاکان حەزی پیاوان بۆ بەشداری لە گرووپە دژە سێکسیستییەکان بەرەو کەمبوونەوە چوو. ئەگەرچی پیاوان زۆرتر لە هەمیشە لە ئایدیای یەکسانیی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان پشتگیرییان دەکرد، بەڵام ئەوان وەکوو ژنان ئەو پشتگیرییەیان هاوتای کۆتایی هێنان بە سەرکوتی سێکستی و هاوتای بزووتنەوەیەکی فێمێنیستی کە ئاڵوگۆڕی بنەرەتی بە سەر کۆمەڵگادا دێنێ، نەدەبینی. پیاوانێک کە داکۆکی لە فێمێنیزم وەک بزووتنەویەک بۆ کۆتایی هێنان بە سەرکوتی ڕەگەزی دەکەن، دەبێت زۆرتر دەنگیان دژی سێکسیزم و ستەمی ڕەگەزی لە فەزای گشتیدا هەڵببڕن. تا ئەو کاتەی پیاوان بەرپرسیارێتی یەکسان لە خەباتکردن بۆ لەناوچوونی سێکسیزم وەئەستۆ نەگرن، بزووتنەوەی فێمێنیستی ڕەنگدانەوەی ئەو دژایەتییە سێکسیستییانە دەبێت کە ئێمە بە هیواین بنىڕیان بکەین.

ئایدۆلۆژی جیاخوازانەی فێمێنیستی، ئێمە هان دەدات کە بڕوا بهێنین کە ژنان بە تەنیا دەتوانن شۆڕشی فێمێنیستی بەدی بێنن، بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە ناتوانین.بەو پێیەی کە پیاوان هۆکاری سەرەکی مانەوە و پشتگیری لە سێکسیزم و سەرکوتی ڕەگەزین، تەنیا بە بەرپرسیارەتی بۆ ئاڵوگۆڕ بە سەر ئاگاییی خۆیان و کۆمەڵگایە کە دەتوانێت سێکسیزم بنەبڕ بکات. دوای سەدان ساڵ خەبات دژی ڕاسیسم، زۆرتر لە هەموو کاتێکی دیکە خەڵکانی غەیری سپی پێست سەرنجی هەمووان بەرەو ڕۆڵی سەرەکی سپییەکان لە خەباتی دژی راسیسم ڕادەکێشن. هەمان شت بۆ خەبات بۆ بنەبڕکردنی سێکسیزم و ڕۆڵی سەرەکیی پیاوان ڕاستە. ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەوان لێهاتووترن بۆ رێبەریی بزووتنەوەی فێمێنیستی، بەڵکوو بەو مانایەیە کە دەبێ لە خەباتدا ڕۆڵی یەکسان بگێڕن. بەتایبەت پیاوان دەتوانن لە بواری ڕووبەڕووکردنەوە، ڕووبەڕووبوونەوە، دژایەتیکردن و گۆڕینی سێکسیزمی پیاوانی دەورووبەریان دەورێکی بەڕچاو بگێڕن. کاتێک کە پیاوان حەزی خۆیان بۆ بەرپرسیارەتییەکی یەکسان لە خەباتی فێمێنیستیدا دەردەبڕن و بە جوانی ئەرکی خۆیان بەڕێوەدەبەن، ژنان دەبێ کاری شۆڕشگێڕانەیان دانپێدابنێن و وەکوو هاوڕێیانی خەبات لە قەڵەمیان بدەن.

داگرتنی بابەت