ئارامتر بخوێنەوە

وا مەزانە دیکتاتۆڕەکان کۆتاییان هاتووە*

بە کەم گرتنی خۆڕاگرتنی دیکتاتۆڕییەکانی ئەمرۆ

لوکەن ئەحمەد وەی
و: کەماڵ حەسەنپوور



دوو هەزار و بیست و دوو ساڵێکی باش بۆ ڕێژیمە دیکتاتۆڕییە سەرەکییەکانی دنیا نەبوو. لە نۆڤەمبەر، سەرکۆماری چین، شی جینپینگ، بەرەوڕووی مەزنترین خۆپیشاندانەکان پاش سەرهەڵدانی گۆڕەپانی تیانانمەن لە ١٩٨٩ بۆوە. خۆپیشاندەرانی ورووژاو بە هۆی سیاسەتی “هیچ کۆڤید”ی بەیژینگ، لە سەرانسەری وڵات، داواکاریی ئاشکرای سیاسییان بەرز کردنەوە، داوای دەستلەکار کێشانەوەی شی و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی تاکە کەسییان کرد. ئەو ناڕەزایەتییانە کاتێک سەریان هەڵدا کە ئابووریی چین نزمترین ئاستی گەشەی لە ١٩٧٦ بەولاوەی ئەزموون دەکرد. دەوڵەت بە دەستهەڵگرتنی لەناکاو لە پرۆگرامی هیچ-کۆڤید، سیاسەتی برەو پێدراو لە لایەن شی و ئیزندان بە تەشەنە کردنی خێرای ڤایرۆسەکە لەناو جەماوەردا، وڵامی ناڕەزایەتییەکانی دایەوە. ورەسووڕانەکە و مردنی نزیکەی یەک میلیۆن کەس کە بەدوایدا قەوما، هێندەی دیکەش متمانەی خەڵکی بە رێژیم بنکۆڵ کرد.

ئێران بەرەوڕووی ئالنگاریی مەزنتریش بۆوە. لە سێپتەمبەر، مردنی ژنێکی لاو بە نێوی مەهسا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکرانی لە لایەن پۆلیسەوە، بە هۆی دانەپۆشینی خۆی بە شێوەی شیاو، بووە هۆی چەند مانگ ناڕەزایەتیی سەرانسەری کە دڵی ناسنامەی شۆڕشگێڕانەی ڕێژیمی بە ئامانج گرتبوو. هەزاران خۆپیشاندەر لە زیاتر لە ١٠٠ شار داوای مردنی ڕێبەری پیری وڵات، عەلی خامنەیی و کۆتاییهاتنی خودی کۆماری ئیسلامییان کرد. لە کۆتاییی ساڵدا، چالاکانی دژبەر مانگرتنێکی گشتیی سێ ڕۆژەیان ڕێکخست کە تەقریبەن وڵاتی داخست، چالاکییەک کە بیرهێنەرەوەی چالاکییەکانی پێش ڕووخانی دەسەڵاتی شا لە ١٩٧٩ بوو. ئەگەرچی خۆپیشاندانەکان لەو کاتەوە دامرکاونەوە، بەڵام ڕێژەیەکی بەرچاو لە ژنانی ئێرانی هێشتا خۆ لە ڕەچــاوکرـــدنی حیجاب دەبــوێرن.

سەرکۆماری ڕووسیە، ڤلادیمیر پوتین، ڕەنگبێ خراپترین ساڵی تێپەڕ کردبێ. داگیرکارییەکەی لە ئوکراین تەنیا کارەسات بووە. سوپای ڕووسیە ناچار بوو دەست لە هەوڵەکانی بۆ داگیرکردنی کییەڤ هەڵگرێ و لەو ناوچانەی پێشووتر لە خۆرهەڵات و باشووری ئوکراین داگیری کردبوون، پاشەکشە بکات. شەڕەکەی بووەتە هۆی سەپاندنی گەمارۆی بێ وێنە لە لایەن خۆراواوە و بووەتە هۆی کوژران و بریندار بوونی نزیکەی ٢٠٠ هەزار ڕووسیەیی، کە گەلێک زیاتر لە کوژراو و بریندارانی داگیرکاریی دە ساڵە لە ئەفغانستان لە هەشتاکانی زایینییە و ڕاکردنی سەدان هەزار هاووڵاتی بۆ دەرەوە. دەسەڵاتی ژیۆپۆلیتیکی ڕووسیە تووشی داڕمانی بەرچاو بووە. تەقریبەن لە شەوێکدا، ئورووپا کۆتایی بە بەستراوەییی خۆی بە وزەی ڕووسیە هێنا و مۆسکۆ ناچار بووە دەست لە هەوڵەکانی بۆ کاریگەری دانان لەسەر وڵاتانی دراوسێ لە قەفقاز و ئاسیای نێوەڕاست هەڵگرێ.

پاش زیاتر لە یەک دەیە کە لەویدا، بە گوتەی ڕۆژنامەوان ئان ئەپڵباوم “پیاو خراپەکان” براوە بوون، ئێستا وێدەچێ دنیا لە دیکتاتۆڕیی هەڵگەرابێتەوە. سێ کەس لە مەزنترین پیاوخراپەکان، وێدەچی بەرەوڕووی ئالنگاریی بێ وێنە دژی دەسەڵاتیان ببنەوە کە بۆ یەکەم جار لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، سەرکەوتنێک بە دێموکڕاسی لە کێبڕکێ لەگەڵ سەرەڕۆییدا دەبەخشێ. بەڵام هەڕەشەکان دژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ لەوە کەمترن کە ئێمە هیواخوازیانین: ئەو سێ دیکتاتۆڕییانە، بە تایبەتی سەرچاوەی خۆڕاگریی شاراوەیان هەن کە ڕیشەی قووڵیان لە ڕابردووی شۆڕشگێڕانەیاندا داکوتاوە. بنەچەکەی شۆڕشگێڕانە و لە دۆخی ڕووسیەدا، میراتەکانی بەجێماو لە شۆڕشی بولشەڤیکی ١٩١٧، یارمەتیی هەر سێ دەوڵەتی کردووە لە کاتی لاوازیی ئابووری، کارەساتی سیاسی و داڕمانی ئاستی خۆشەویستی لە ناو جەماوەردا، خۆیان بپارێزن و وێدەچێ درێژە بە بەهێز کردنیان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بدەن. هەر ستراتێژییەکی کاریگەر بۆ بەربەرەکانی لەگەڵیان پێویستی بە تێگەیشتن لە سروشتی ڕاستەقینەیان و سەرچاوەی تاقانەی خۆڕاگرییان هەیە.



هەرچی دوژمن زۆرتر، یەکگرتوویی زیاتر

بەتەمەنترین دیکتاتۆڕییەکانی ئەمڕۆ ئاکامی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بوون، کە بە پێچەوانەی دەست بەسەرداگرتنی نەریتیی دەسەڵات، کاتێک دەقەومێن کە چالاکان بە پشتبەستن بە سەرهەڵدانی جەماوەری، کۆنتڕۆڵ بە دەستەوە دەگرن و هەوڵ دەدەن بە شێوەیەک دەوڵەت داڕێژنەوە کە شێوەی ژیانی خەڵک لە بنەڕەت ڕا بگۆڕن، وەک بە نەهێشتنی خاوەندراێتیی تاکەکەسی یان سەپاندنی دەسەڵاتی ئایینی. ئەگەرچی شۆڕشی ئەوتۆ لە ڕادەبەدەر دەگمەن بوون، (تەنیا ٢٠ دانە لە ١٩٠٠ بەولاوە)، دیکتاتۆڕییە شۆڕشگێڕەکان کە ئاکامی ئەو شۆڕشانە بوون، کاریگەرییەکی گەلێک بەرچاویان لەسەر سیاسەتی جیهانیی هەبووە: شەڕی سارد، شەڕی ڤییەتنام، تێرۆریزمی ئیسلامی و سەرهەڵدانی چین، هەموویان ئاکامی دیکتاتۆڕییە شۆڕشگێڕەکان بوون. ئەمڕۆ، دەوڵەتانی ئەوتۆ و جێگرەوەکانیان، لیستەیەک پێک دێنن کە تەنیا چین، ئێران و ڕووسیە ناگرێتەوە، بەڵکوو ئەفغانستان، کووبا، ئێریترە، ڕۆئــانـــدا و ڤییەتنــام، بوونە مەزنترین ئالنگاری بۆ پـــەرگاڵی لیبڕاڵی جیهانی بە ڕێبەریی وڵاتە یەکگرتووەکان.

ئەو ڕێژیمانە گەلێک لە جۆرە ناشۆڕشگێڕەکانیان خۆڕاگرترن. ئەو خۆڕاگرییە ئاکامی شێوەی تایبەتی چەسپاندنی دەسەڵاتەکەیانە. بە پێچەوانەی زۆر دیکتاتۆڕ، کە کاتێک دەسەڵات بەدەستەوە دەگرن هەوڵ دەدەن خۆشەویستیی جەماوەرییان بەربەرینتر بکەنەوە و ڕەواییی ناونەتەوەیی وەدەست بێنن، ڕێبەرانی ڕێژیمە شۆڕشگێرەکان، بەشێکی بەرچاوی دانیشتووانیان تەریک دەخەنەوە و دوژمنایەتیی دراوسێیانیان و زلهێزانی دنیا دەکەن. بۆلشەڤیکەکان لە هەوڵی هەناردە کردنی شۆڕشی کۆمۆنیستی بۆ باقیی ئورووپا و ئاسیا دا بوون و هەوڵیان دا بورژوا، وەک چینێکی کۆمەڵگا لەناو بەرن، ئاریستۆکراتیان تیرۆر کردن، مڵک و ماڵیان داگیر کردن و زەویوزارەکانیان دان بە خزمەتکارەکانی پێشوویان. لە ١٩١٧، نزیکەی ٥٠ خوێندکاری چینی باڵادەست لە هێزە سەربازییەکاندا قۆڵبەست کران، بردیاننە بەرهەمگایەک و فڕێیاندانە ناو کوورەی تواندنەوەی کانزا. بە هەمان شێوە، مائۆ زێدۆنگ، لە کاتی خەباتی بۆ دەسەڵات لە چین، ئەو لێدوانە بەناوبانگەی هەبوو، “شۆڕش میوانداریی ژەمی شەو نییە،” و هانی جووتیارانی دەدا تا بێڕێزی بە چینی خاوەن زەوی بکەن و لەناویان بەرن. لە ئێران، ڕێبەری باڵا ئایەتوڵڵا خومەینی، یاسای سەختی جلوبەرگی ژنانی سەپاند، پشتگیریی لە داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا کرد، هەزاران کەسی لە دژبەرەکانی ئیعدام کردن و داوای شۆڕشی ئیسلامی لە سەرانسەری کەنداوی فارسی کرد.

لە یەکەم چاوخشاندندا ئەو جۆرە ئاکارانە نائەقڵانی دێنە بەرچاو. هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی دەستڕۆیشتووەکان نزیکەی هەمیشە دەبێتە هۆی ناکۆکیی خاوەن توندوتیژی کە دەتوانێ ببێتە هۆی لەناو چوونی رێژیمە شۆڕشگێڕە ساواکان. لە چین و ڕووسیە، ئەو جۆرە هێرشانە یارمەتیدەری دەستپێکی شەڕی ناوخۆی کوشندە بوون؛ لە ئێران و ڤییەتنام، بوونە هۆی شەڕی خوێناویی دەرەکی. لە هێندێک وڵات، وەک کامبۆجی ژێر دەسەڵاتی خێمێری سوور لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی زایینی، قەیرانی ئەوتۆ بوونە هۆی لەناوچوونی ڕێژیمی شۆڕشگێڕ. بەڵام ئەوەی ئەو ڕێژیمانەی لەناو نەبرد، بووە هۆی بەهێزتر بوونیان. ئەوانی توانای مانەوەیان هەبوو، ململانێی دڕندانە بۆ دەسەڵات ئەوانی بە شێوەیەکی ناوازە خۆڕاگر کرد. هەڕەشەی نەهێشتنی بەردەوام، بووە هۆی یەکگرتوویی ئێلیتەکەیان. بێجگە لەوە، کێشەی پڕ توندوتیژیی ناوەندی جێگرەوەی دەسەڵاتیان لەناو بردن، لەناویاندا حیـــزبــــە سیاسییەکانی دیکە و کڵێساکان، کە بـــوونە هۆی ئۆپۆزیسیۆنی لاواز بــــۆ مــاوەیـــەکی دوورودرێــــژ.

ئەو قەیرانە سەرەتاییەکان هەروەها ڕێژیمەکانیان ناچار کرد هێزی ئەمنییەتیی نوێ و بەهێز دامەزرێنن، وەک سوپای پاسدارانی شۆڕش لە ئێران و چەکا لە ڕووسیە (کە دواتر ناوی نرا KGB)، کە هەموو بەرهەڵستکارییەکیان سەرکوت کرد و چونکە دەوڵەتە شۆڕشگێڕەکان لەجیات کەڵکوەرگرتن لە هێزی سەربازیی بەجێماو لە ڕێژیمی پێشوو، هێزی سەربازیی خۆیان دروست کرد، توانیان هێزە سەربازییەکان پڕ کەن لە سیخوڕی سەر بە ڕێژیم و ئەفسەرانێک، کە کاری سەربازان و ئەفسەرانی دیکەیان بۆ بەڕیوە بردنی کوودەتا گەلێک دژوار کرد. لە کۆتاییدا، چونکە شەڕی ناوخۆ زۆر جار ژێرخانی ئابووریی پێشووی لێک هەڵتەکاند، دەرفەتیان بۆ دەوڵەتانی سەرەڕۆ ڕەخساند تا جومگە ژینەکییەکانی ئابووری بگرنە دەست، کە ئەوەش ڕێگای بە دیکتاتۆڕەکان دا گەشەی ئابووریی جێبەجێ بکەن، بێ ئەوەی ببنە قوربانیی هێزە بە هێزە سەربەخۆکان کە لە وڵاتانی دیکە برەویان بە دێمــــوکـــــراسی داوە.



ڕێگای دوورودرێژی چین بەرەو ئاسایش

لە ڕوانگەیەکەوە، ڕیشەکانی خۆڕاگریی چین ڕوون و ئاشکرا دێنە بەرچاو. چین زلهێزێکی سەربازی و ئابووریی جیهانە بە داهاتێکی سەرانە کە ٤٣ هێندەی داهاتی سەرانەی ئەو وڵاتەیە لە ساڵی ١٩٧٨. لە ماوەی جیلێکدا، ستانداردەکانی ژیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بوونەوە و بواری بۆ بنەماڵەکان ڕەخساندووە دەستیان بە کەلوپەلی ئەوتۆ ڕا بگات کە چەند دەیە لەوەپێش خەونیشیان پێوە نەدەدی. تەنانەت بە هەڵەکانی کۆڤید-١٩ و دابەزینی ئاستی گەشە کردنیش، زۆرێک لە شارۆمەندانی چین، هۆی ئاشکرایان بۆ پشتگیری لە دەوڵەتی تاک-حیزبی هەن.

لەگەڵ ئەوەشدا، دەسکەوتە ئابوورییە سەرسوڕهێنەرەکان بە تەواوی هۆی بەردەوامیی ڕێژیم شی ناکەنەوە. لە لایەکەوە، کاراییی فرە بەرچاوی ئابووریی چین تەنیا لەبەر ئەوە مومکین بوو کە حیزبی کۆمۆنیستی چین پێشتر توانیبووی وڵات یەک بخات. لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە، چین دەوڵەتێکی لاواز و پەرتەوازەی هەبوو کە زۆر وەک ئەفغانستانی ئێستا دەچوو. دەوڵەتی ناوەندی بە دژواری دەسەڵاتی بەسەر هەموو وڵاتەوە هەبوو و بەشێکی بەرچاو لە وڵات، لە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی شەڕکەری ناکۆک لەگەڵ یەکتر، دەسەڵاتە ئیمپریالیستییەکان، تاقمی تاوانکار و کۆمەڵگەی نهێنیدا بوو. چین، بەر لەوەی ببێتە زلهێزێکی ئابووری و سەربازی، ناچار بوو لەپێشدا دەوڵەتێکی مـــودێڕن و یەکگرتوو دروست بکات.

لە لایەکی دیکەوە، ئەو جۆرە گەشەکردنە ئابوورییە سەرسوڕهێنەرەی لە چین ڕووی داوە، دەتوانێ بۆ دیکتاتۆرانێک کە هەوڵ دەدەن دەسەڵاتی سەرەرۆیانەی خۆیان چڕ بکەنەوە، وەک شمشێری جووت لێوار بێ. گەشەی ئابووریی خێرا، پشتگیری لە دەوڵەت بەهێز دەکات بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانێ تۆوی دێموکڕاسی بچێنێ. زۆر جار گەشەی ئابووری بە هاسان کردنی سەرهەڵدانی هێزی سەربەخۆی بازرگانی، کۆمەڵایەتی و سیاسی، هەڕەشە لە دیکتاتۆڕان دەکەن کە کاری ڕێبەران بۆ قۆرخ کردنی کۆنتڕۆڵ، دژوارتر دەکەن. ئەمڕۆ، بە گشتی هیچ دیکتاتۆڕییەک لە وڵاتانی دەوڵەمەند و گەشەسەندوودا نییە. بێجگە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەبێ کە داهاتەکەیان لە سامانە سروشتییەکانەوە سەرچاو دەگرێ، کە دەبنە هۆی سامانی زەبەلاح بێ ئەوەی ببێتە هۆی ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پەیوەندیدار بە گەشەی ئابوورییەوە. بێجگە لە سێ وڵات، ئەو ٥٤ وڵاتەی کە بانکی جیهانیی وەک وڵاتانی خاوەن “داهاتی زۆر” پۆلێنیان دەکات لە ٢٠٢٢ لە لایەن فریدام هاوس وەک “ئازاد” دێنە ئەژمار. (ئەو سێ وڵاتە، مەجارستان بــــە ڕێـژیمێکی کێبەرکێکاری سەرەڕۆ و وڵاتە بچووکەکانی برونەئی و سەنگاپورن).

ئەو نموونەیە بە مانای سەرهێشەیە بۆ ڕێبەرانی حیزبی کۆمۆنیستی چین. بە قوتار کردنی ملیۆنان کەس لە هەژاری و ئافراندنی چینی مامناوەندی زەبەلاح و ڕێبەرانی بازرگانیی دەسترۆیشتوو، گەشەی ئابووری لە چین ئەگەری ئەوەی هەیە ناوەندی دەسەڵاتی جێگرەوە دروست بکات کە بڕەو بە داوای بە هێز بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسی بدا. بە ڕاستی، گەشەی ئابووری بووە هۆی گواستنەوە بەرەو دێموکراسی لە کۆریای باشوور و تایوانی درواسێی چین لە هەشتاکان و نەوەدەکانی زایینی. چاودێران پێشبینیی ئەوەیان دەکرد کە پەرە ئەستاندنی ئابووریی چین هەروەها ببێتە هۆی دێموکراسی.

بەڵام، بنەچەکەی شۆڕشی پڕ لە توندوتیژیی کۆمەڵایەتی، ڕێژیمی چین ئیزنی پێ داوە بەسەر مێژووی دەوڵەتی شکستخورادوو و هەروەها ئاسەوارە نەخوازراوەکانی ئاڵوگۆڕی ئابووریدا سەرکەوێ. خەباتی دوورودرێژ و پڕ لە توندوتیژیی حیزبی کۆمۆنیستی چین بۆ دەسەڵات لە نێوان ساڵەکانی ١٩٢٧ تا ١٩٤٩ دەوڵەتێکی یەکگرتووی بەرهەم هێنا کە بۆ گەشەی خێرا پێویست بوو؛ بەڵام هەروەها خۆی لەوە دڵنیا کرد کە گەشەی ئابووری نەبێتە هۆی کۆمەڵگایەکی مەدەنیی بەهێز. کاتێک مائۆ بوو بە ڕێبەری حیزبی کۆمۆنیستی چین، ناوبراو بۆ تێکەڵکردنی خەبات بۆ دەسەڵات، لەگەڵ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیی کۆمەڵایەتی بەو مانایە بوو کە لە کاتی شەڕی ناوخۆیی و دروست پێش کۆتایی هاتنەکەی، حیزب بەرنامەی بەربەرینی چاکسازیی زەویی جێبەجێ کرد کە ئێلیتی ڕیشە داکوتاو و تاقمە هەرێمییەکانی لەناو بردن کە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دەوڵەتی چینیان لاواز کردبوو. ئەو ڕێکارانە و ماڵوێرانییەکانی شەڕ، ئیزنی بە حیزبی کۆمۆنیست دا دزە بکاتە ناو هێندێک بەشی کۆمەڵگا کە پێشتر لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕاستەخۆی دەوڵەتدا نەبوون. ئەگەرچی چین بە دەست مائۆ بۆ ماوەی چەند دەیە پاش ١٩٤٩، بە نێو وەرسووڕانێکی پەشۆکێنەردا تێپەڕی، وەسەریەک خستنەوە و بەهێز کردنی دەوڵەتی چین لە ماوەی خەباتی شۆڕشگێرانەدا بەستێنێکی وەهای بۆ چین دروست کرد تا ببێتە هۆی سەرهەڵدانی دەسەڵاتی جیهانیی ئابووریی چین لە سەرەتای نەوەدەکانی زایینیدا.

بێجگە لەوە، گواستنەوەی چین بەرەو کۆمۆنیزم جێگرەوەکانی حیزبی دەسەڵاتداری لەناو بردن و بووە ڕێخۆشکەری دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ. ئێستا حیزب خۆی لە هەموو کون و کەلێنەکانی کۆمەڵگای چین دەخزێنێ، لە ناویاندا بازرگانیی ناوخۆیی و دەرەکی. خۆ تێهەڵقوتاندنەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەتی کاری ڕێکخستنی هێزە سەربەخۆکانی گەلێک دژوار کردووە. ئەوە تا ڕادەیەک بۆتە هۆی شکستی گەشەی ئابووری لە بەهێزتر کردنی هێزە دێموکڕاتیکەکان وەک چۆن لە کۆریای باشوور و تایواندا ئەو شتە ڕووی دا. سەرەڕای سامانەکەی، چین یەکێک لە لاوازترین کۆمەڵگا مەدەنییەکانی دنیای هەیە. بۆیە، لەو کاتە دەگمەنانەی ناڕەزایەتی ڕوویان داوە، وەک لە گۆڕەپانی تیانانمەن لە ١٩٨٩ و ناڕەزایەتییەکانی دژی سیفر-کۆڤید لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٢، ئەو هەوڵانە لەبەر نەبوونی ڕیکخستن و هاوئاهەنگی تووشی گیروگرفت بوون. ئەگەرچی هیچ دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ نەبەز نییە، ڕەنگبێ چین یەکێک لە دڕێژمەوداترین دیکتاتۆڕییەکانی دنیا بمێنێتەوە و لەبەرانبەر ناڕەزایەتیی جەماوەریی و قەیرانی ئابووریدا خۆ ڕاگرێ.



خۆڕاگری و قەیران

دوای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە ١٩٧٩، ڕێبەرە شۆڕشگێڕەکانی ئێران شەڕیان لەگەڵ دنیا دەست پێ کرد. ئەوان دەستبەجێ دەسەڵاتی مەلایانیان سەپاند و لە دژایەتییان بەرانبەر بە سەرهەڵدانە چەپییەکانی دژی مەلایان، وڵاتیان تا لێواری شەڕی ناوخۆ برد. ئەو ناسەقامگیرییە ڕێبەری عێراق، سەددام حسێنی هان دا داگیرکاری بکات و ئەوە بووە هۆی جەنگێکی دڕندانە لە نێوان ئێران و عێراق کە هەشت ساڵی خایاند. لە هەمان کاتدا، دەوڵەت هەم وڵاتە یەکگرتووەکان و هەروەها یەکیەتیی سۆڤیەتی وەک شەیتان دەناساند و بوو بە یارمەتیدەری سەرەکیی تێرۆریزم لە ناوچە. ئەو خەباتانە لە کۆتاییدا بوونە هۆی بەهێز بوونی ڕێژیم. لە سەرووی هەموویانەوە، شەڕ دژی عێراق و بەرهەڵستکارانی چەپ، سوپای پاسدارانی خومەینی، کە لە ١٩٧٩ دامەزرابوو، لە تاقمێکی پڕش و بڵاوی شەڕکەری شەقامی نەحاملاو و بێ چەکوچۆڵ، کردە یەکێک لە بەهێزترین هێزە ئەمنییەتییەکانی جیهان بە ١٥٠ هەزار ئەندامەوە کە لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوەیان پێ کراوە. ئەو ناکۆکییانە هەروەها بوونە هۆی بەهێز بوونی بەسیج، هێزێکی میلیشیا کە لە ١٩٧٩ دامەزرا تا دژی دوژمنانی دەرەکی و ناوخۆیی پارێزگاری لە وڵات بکات. ئەندامانی هێزە ئەمنییەتییەکان زۆرتر لە بنەماڵەکانی هەژار و گەلێک ئایینیی گوندەکان هەڵدەبژێردرێن. وەک پەڕگیری لە هەر ئایینێکدا، زۆر لەوانە لەو بڕوایەدان پرسەکەیان شایانی هەر جۆرە قوـــربـــانیدان و توندوتیژییەکە.

ئایدیۆلۆژیی شۆڕشگێڕانە تەنیا چەسپێک نییە کە ڕێژیمی ئێران لێک دەبەستێ. هەر وەک زۆر شرۆڤەکاری دیکە ئاماژەیان پێ کردووە، سوپای پاسداران گەندەڵە و بەرژەوەندیی ئابووریی زەبەلاحی لە مانەوەی کۆماری ئیسلامیدا هەیە. بەڵام بەرژەوەندیی ئابووری زۆر جار بەس نین. لە زۆر دەسەڵاتی سەرەڕۆی دیکەدا، ئەندامانی هێزە ئەمنییەتییەکان کە بەرژەوەندییان لە پاراستنی ڕێژیمی دەسەڵاتداردا هەیە، سەرەڕای ئەوەش، کاتێک ڕێژیم دەکەوێتە ژێر گوشار، بەرەیان گۆڕیوە تا نەکەونە لایەنی دۆڕاو. لە کاتی شۆڕشی بەهاری عەڕەبی لە ٢٠١١، بۆ وێنە، سوپای میسر پشتیان لە سەرۆک کۆمار حوسنی موبارەک کرد، کە بووە هۆی ڕووخانی دەسەڵاتەکەی. هێزە ئەمنییەتییەکانی سربستان بە هەمان شێوە لە ساڵی ٢٠٠٠ پشتی سەرۆک کۆمار سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچیان بەردا، کاتێک خۆپیشاندانی جەماوەریی داوای ڕووخانیان کرد. بە پێچەوانە، کاتێک ڕێژیمی مـــەلایـــــان لــــە ئێران تووشی ئــالنگاریی گــەلێک مەزن بۆتەوە، سوپای پاسداران و دامودەزگاکانی دەوڵــــەتی لــە پشتی ڕاوەستاون.

لە چەند دەیەی ڕابردوودا دۆخەکە بۆ ڕێبەرانی ئێران گەلێک دژوار بووە. ڕێژیم بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی پەیتاپەیتای سەرانسەری بۆتەوە. لە ٢٠٠٩، پاش ئەوەی ئاشکرا بوو سەرۆک کۆماری ئەوکات، مەحمود ئەحمەدینژاد کە توندئاژۆ بوو، وێدەچوو لە کێبڕکێ لەگەڵ ڕێفۆرمخواز میر حوسەین موسەوی، ئاکامی دەنگدانی سەرکۆماریی دزیبێ، سەدان هەزار ئێرانی ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییەکان بۆ ماوەی چەند مانگ درێژەیان هەبوو. پاشان، لە ٢٠١٠، گەمارۆی قورس و پەرەئەستێنی ناونەتەوەیی بوونە هۆی هەڵاوسانی نرخەکان و تەشەنە کردنی هەژاری. هەلومەرجی ئەوتۆ بووەتە هۆی شەپۆلی پەیتا پەیتای ناڕەزایەتی لە سەرانسەری وڵات. لە کۆتاییەکانی ٢٠١٩، خۆپیشاندەران خامنەییان ڕەت کردەوە و ئاگریان لە ژمارەیەک بنکەی دەوڵەتی، بێنزینخانە و بنکەی هێزە ئەمنییەتییەکان بەردا. و خۆپیشاندانە مەزنەکانی پاییزی ٢٠٢٢ نوێنگەی ناڕەزایەتییەکی بەربڵاوتر دژی ڕێژیم بوون، لە ناویاندا ناڕەزایەتی لە ئابووری، تووڕەیی لە سیاسەتە ئیسلامییەکان و کەڵک وەرگرتن لە توندوتیژیی لە لایەن ڕێژیمەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەت وڵامی هەرکام لەو هەڕەشە جەماوەرییانەی بە هەمان دڕندەیی و لاساری داوەتەوە. لە ٢٠٠٩، دەوڵەت وڵامی ناڕەزایەتییەکانی بە زیندانی کردن و ئیعدامی بەرهەڵستکاران و بەڕێوە بردنی تاقمێک شانۆی دادگایی کردنی بەرپرسە باڵاکانی چالاکانی بەرهەڵستکار دایەوە. لە ٢٠١٩، پۆلیس تەقەی لە خۆپیشاندەرانی سەرشەقامەکان کرد و کوشتنی. لە ٢٠٢٢، بەسیج و سوپای پاسداران جارێکی دیکە وەک بەرگریکاری سەرەکی دەر کەوتن و خۆپیشاندەر و هەرزەکاریان کوشتن، قـــوتـــابخانــــەکانیـــان داگیر کـــــردن و هەزاران کەسیان دەستبەسەر کردن.

نموونەی ئێران پیشاندەری گرینگیی یەکلاکەرەوەی یەکگرتووییی ڕێبەریی ڕێژیم بۆ مانەوەی سیستەمی سەرەڕۆیە. بە درێژایی مێژوو، مەزنترین هەڕەشە دژی دیکتاتۆڕان لە ناڕەزایەتیی جەماوەرییەوە نەبووە بەڵکوو لە هاوپەیمانە سیاسییەکانی و ژێردەستەکانی لە هێزە سەربازییەکانییەوە بووە. بە پێچەوانەی چالاکانی ئۆپۆزیسیۆن، ئەوانی لەناو دەسەڵاتدان توانایی ناچارکەر و کۆنتڕۆڵی دامەزراوە سەرەکییەکانیان بە دەستە کە بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات پێویستن. بە لەبەرچاو گرتنی لاسەنگیی هێز لەنێوان زۆربەی دەوڵەتان و ناڕازییان، بێت و کاربەدەستی پلە باڵای ناو دەوڵەت پشت لە حکوومەت نەکەن، نزیکەی هیچ ئەگەرێکی سەرکەوتن نییە. لە ڕاستیدا، ئۆپۆزیسیۆنی سەرکەوتوو لە سیستەمە سەرەڕۆکاندا زۆر جار بە ڕێبەریی سیاسەتوانانێکەوە بوون کە پشتیان لە ڕێژیم کردووە. لە ژمارەیەک وڵات، لە ناویاندا لە ڕومانی لە ١٩٨٩، کێنیا لە ٢٠٢٢، گورجستان لە ٢٠٠٣، ئوکراین لە ٢٠٠٤ و قرقیزستان لە ٢٠٠٥، دیکتاتۆڕەکان بەشێک لەبەر ئەوە ڕووخان کە هاوپەیمانانیان پشتیان لە حیزبی دەسەڵاتدار کرد تا تێکەڵی ئۆپۆزیسیۆن بن. بۆ وێنە، دیکتاتۆڕییەتی زامبیا لە ١٩٩١ کاتێک تووشی هەرەس بوو کە ناڕەزایەتیی جەماوەری و هەرەسهێنانی ئابووری، بوونە هۆی واز هێنانی لایەنگرە سەرەکەییەکانی دەوڵەت لە ڕێژیم. وەک یەکێک لە پشتکردووان لە ڕێژیم شیی کردەوە، “تەنیا مێشی نەزان … وەدوای تەرمی مردوو دەکەون بۆ ناو گۆڕ.”

بەڵام، ئێلیتی دەسەڵاتداری ئێران لە کاتی قەیرانی بەربڵاوی ئابووری لەو شێوەیە و گوشاری دیکە، وەفادار ماونەوە. تەنانەت رێفۆرمخوازان، سیاسەتوانانی ناوخۆی ڕێژیم کە هەڵوێستی نەرمتریان لەمەڕ هێندێک پرسی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەبووە، لە بەرانبەر جیا بوونەوە لە ڕێژیم خۆڕاگرییان کردووە. سەردەمێک، دژبەرانی دەسەڵاتی ئایینی بە هیواوە دەیانڕوانییە کەسایەتیی وەک محەممەد خاتەمی، کە لە ١٩٩٧ تا ٢٠٠٥ سەرۆک کۆمار بوو و مووسەوی لە ٢٠٠٩، بەڵام ئەو ڕێبەرانە خۆیان لە دابڕانی یەکجاری لە سیستەمی تیۆکراتیک بواردووە. بەڕاستی، یەک حەوتوو دوای دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان لە ٢٠٠٩، مووسەوی داوای وەستاندنی خۆپیشاندانەکانی کرد و داوای وەفاداری بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامیی کرد. ئەو جۆرە وەفادارییە بەرانبەر بە دەسەڵاتی مەلایان یارمەتیدەری نەهێشتنی رێکخستن و ڕێبەرییەک بووە کە بۆ کانالیزە کردنی ناڕەزایەتیی بەربڵاوی جەماوەری بەرەو دروستکردنی ئالنگاریی جددیتر بۆ ڕێژیم پێویستە. لەبەر ئەو هۆیە، ناڕەزایەتییەکانی ئەو دواییانە تا ڕادەیەکی زۆر بێ ڕێبەر بوون. هەر چەند خۆپیشاندانی بەردەوام، ناڕەزایەتیی جەماوەری و قەیرانی ئابووری، بەڕاستی ڕێژیم لەرزۆک دەکەن، بەڵام وێنانچی بێ درز لە ترۆپکی دەسەڵاتدا، دەوڵەت بڕووخێ.



میراتی نهێنیی پوتین

بە پێچەوانەی چینی کۆمۆنیست و ئێرانی ئیسلامی، پوتینی ڕووسیە دەسەڵاتداری ڕێژیمێکی شۆڕشگێر نییە. یەکیەتیی سۆڤیەت زۆر دەمێکە هەرەسی هێناوە و پوتین لە جیات خەباتی توندوتیژانە بە هەڵبژاردن دەسەڵاتی گرتە دەست. بەڵام دیکتاتۆڕییەتی پوتین تا ئاستێکی یەکجار زۆر سوودی لە میراتی شۆڕشی بۆلشەڤیکیی ١٩١٧ وەرگرت. یەکەم، دەورانی دوور و درێژی سەرەڕۆیی سۆڤیەت بە شێوەیەکی کاریگەر پێشی بە بەهێز بوونی کۆمەڵگای مەدەنی گرت. ئەو دەوڵەتەی دوای شۆڕش سەری هەڵدا هەموو شێوازە باوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی لەناو برد یان دزەی کردە ناوی، لە ناویاندا حیزبە بەرهەڵستکارەکان، سەندیکا کرێکارییەکان، کڵێساکان و ڕێکخراوەکانی دیکە کە لە دەروەی دەوڵەت بوون و لەوانە بوو ببنە بناغەیەک بۆ دێموکڕاسی. ئەگەرچی هێزی ئابووری و کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ لە کۆتاییەکانی هەشاتان و سەرەتای نەوەدەکانی زایینیدا سەریان هەڵدا، بەڵام ئەوان تا ڕادەیەکی زۆر لاواز مانەوە. بەشێکی لەبەر ئەو هۆیە کە زۆربەی کەرتە پڕداهاتەکانی ئابووری لەبەرانبەر دەستێوەردانی دەوڵەتدا لاواز بوون. لە ئاکامدا، ئۆپۆزیسیۆنی ڕووسیە ڕێکخستنی سیاسی و سەرچاوەی داهاتی نەبووە.

دووهەم، کۆنتڕۆلی پوتین بەسەر ڕووسیەوە بە پشتگیریی کاریگەر و بەربڵاوی هەواڵگریی گەشەی کردووە کە دەکرێ شوێنپێی بگەڕێتەوە بۆ ئەو پۆلیسە سیاسییە کە لە ١٩١٧ دامەزرا. ئەو بوو بە یەکێک لە بەهێزترین هێزە ئەمنییەتییەکانی جیهان، کە بریکاری لە هەموو یەکەی نیشتەجێبوون و هەموو کۆمپانیاکاندا هەبوو. ئەگەر چی سەرکۆماری یەکیەتیی سۆڤیەت، میخاییل گۆرباچۆف، حیزبی کۆمۆنیستی دەسەڵاتداری هەڵوەشاندەوە، بەڵام ک. گ. ب، شوێنێک کە پوتین پێشەی خۆی لەوێ دەست پێ کرد، تا ڕادەیەکی زۆر وەک خۆی مایەوە. ک.گ.ب. بە فەرمی لە نەوەدەکانی زایینیدا لێک هەڵوەشا و بەسەر چەند ئاژانسدا دابەش بوو، بەڵام ئەرکە سەرەکییەکان و کارمەندەکانی لە ئاژانسێکدا ڕاگیران کە بوو بە ف.س.ب. (هێزی ئاسایشی فیدڕاڵ). ئەمڕۆ، ف.س.ب. مەکۆی سەرەکیی پاراستنی دیکتاتۆڕییەتی پوتینە. گەلێک مەزنتر لە ڕێکخراوی هاوشێوە لە زۆر وڵاتانە و بە ملیۆنان سیخوڕی هەن. ف.س.ب دزەی کردۆتە بەشێکی بەرچاو لە میدیا، ناوەندی بازرگانییەکان و کۆمەڵگای مەدەنیی ڕووسیە. بە گوێرەی نووسەر کێڤین ریلە، لە توێژینەوەیەکی نوێ لە بارەی هەواڵگریی ڕووسیەدا، ئێستا ئەو وڵاتە ڕێژەی سیخوڕەکانی لە بەراورد لەگەڵ ڕێژەی دانیشتووانی، لە هی سەردەمی یەکیەتیی سۆڤیەت زیاترە. ف.س.ب. رێبەرە سەرەکییەکانی دژی ڕێژیمی کردوونە ئامانج، وەک بوریس نەمتزۆف، کە بە شێوەیەکی بێشەرمانە لە ٢٠١٥ لە مۆسکۆ کوژرا و لەو دواییانەدا ڤلادیمیر کارا-مورزا و ئالێکسی ناڤاڵنی، کە هەردووکیان ئێستا لە بەندیخانەن. ئێستا لە ڕووسیە ئۆپۆزیسیۆنی خاوەن ڕێکخستن گەلێک لاوازە. هێزە سەربەخۆکان، کە لە ئاکامی حەفتا ساڵ دەسەڵاتداریی سەرەڕۆیانەی سۆڤیەت لاواز ببوون، ناتوانن لەگەڵ دامودەزگا ئەمنییەتییە زەبــەلاحـــەکــەی پوتین کێبڕکێ بکەن.

میراتی شۆڕشگێڕانەی ڕووسیە بە هەمان شیوە لەبەر لاواز بوونی ئەگەری سەرهەڵدانی سەربازی، تەنانەت لە گەرمەی هەڵمەتی کارەساتباری جەنگ لەگەڵ ئوکراین، یارمەتیدەری پوتین بووە. شکست لە مەیدانی جەنگ، بە تایبەتی کاتێک بتوانی تاوانەکەی بخەیە ئەستۆی بڕیارە خراپەکانی ڕێبەری وڵات، زۆر جار بوونە هۆی ڕوودانی کودەتا. بە ڕاستی، ئابڕووچوونەکەی ڕووسیە لە یەکەم مانگەکانی جەنگدا بووە هۆی ئەوە کە زۆر کەس بڵێن لەوانەیە دەسەڵاتی پوتین لە لایەن هێزە چەکدارەکانیەوە بڕوخێنرێ. بەڵام هەر وەکوو زانستوانی سیاسی “ئادام کەیسی” ئاماژەی پێ کردووە، ڕێژیمی پوتین میراتگری شێوە کاری دزە کردن لەناو هێزە چەکدارەکان لە لایەن ئەفسەرانی دژە سیخوڕییە. ئەوە دیاردەیەکی دژواری زۆربەی ڕێژیمە سەرەڕۆکانە، کە هێزی سەربازیی پێشوو بە میرات دەبەن، لەجیات دروستکردنی یەکی نوێ. بەڵام یەکیەتیی سۆڤیەت بەربەستێکی ئەوتۆی نەبوو و میراتی شۆڕشگێرانە ئەو تواناییەی بە پوتین بەخشیوە کە بەرهەڵستکاریی سەربازیی چاوەڕوانکراو دەستنیشان بکات، بۆیە ئەوە کاری دروست کردنی ئالنگاریی بۆ ناوبراو لە ناو هێزە چەکدارەکاندا دژوارتر کردووە.



هیچ شۆڕشێک تاهەتایە نییە

بێگومان، تەنانەت بەهێزترین دیکتاتۆڕییە شۆڕشگێڕەکان تا هەتایە نامێننەوە و چین، ئێران و ڕووسیە لە شکان نەهاتوو نین. ڕێژیمەکانی تاران و مۆسکۆ لە هی بەیژینگ لەرزۆکترن. تا ئێستا، ڕێژیمی تاران، سەرەڕای قەیرانی ئابووری و نائارامیی جەماوەری، یەکگرتوو ماوەتەوە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە تا هەتایە دەتوانێ بەو شێوە بمێنێتەوە. بێت و دۆخی ئابووری خراپتر بێ و ناڕەزایەتییەکان پەرە بستێنن، ڕەنگبێ لە کۆتاییدا درز بکەوێتە ناو ڕێژیم. وێدەچێ لە ماوەی مامناوەنددا بە هۆی مردنی جیلی ڕەسەن و کۆنەپەرستی شۆڕشگێڕان کە لە ماوەی خەبات بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات تەمەنیان چووەتە سەر، ئەگەری دابەشبوون زیاتر بێ. وەکوو لە یەکیەتیی سۆڤیەت لە حەفتاکان و هەشتاکانی زایینی، ئەو کاربەدەستە لاوترانەی جێگایان دەگرنەوە، لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە لاوازتر بن و لەبەر ئەو هۆیە ئەگەری جیابوونەوەیان لە ڕێژیم لە کاتی قەیراندا بەهێزترە. بێجگە لەوە، خامنەیی کە نەخۆشە و تەمەنی ٨٤ ساڵە، هیچ جێگرەوەیەکی دیاری نەکردووە. ئەگەری هەیە، ئەگەر چی بەهۆی بە‌هێز بوونی توندئاژۆیەکان بەدوور دەزانرێ، کە مردنی ناوبراو ببێتە کاتالیزۆری دابەشبوون لەناو ڕێژیمدا.

لەرزۆکیی دەوڵەتی ڕووسیە لەوە ڕا دێ کە هەموو دەسەڵاتی ڕێژیم بە دەست کەسێکەوەیە. ئەمڕۆ، پوتین تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕێگای دامەزراوە و ئەکتەری دیکەوە دەسەڵاتی ڕەهای خۆی بەڕێوە دەبا. ڕێژیمەکەی لەسەر ئەو جۆرە ئایدیۆلۆژییە بنیات نەنراوە کە ئێرانی شۆڕشگێڕ پاڵنەری دڵسۆزی و قوربانیدانی بەهێز بووە، حیزبێکی دەسەڵاتداری وەک چینیشی نییە کە بتوانێ سەرچاوەی مانەوە پاش تاکە ڕێبەرێک بێ. بؤیە هەموو شتێک بە پوتینەوە بەستراوەتەوە، ئەگەری مردنی ناوبراو یان بێتوانایی دەتوانێ ڕێژیمەکەی تووشی پشێوی بکات. هیچ کەس نازانێ کێ جێگرەوەی دەبێ. ئەو جۆرە نادڵنیاییە تایبەتمەندیی ڕێژیمە تاکگەراکانە. لە هەمان کاتدا، بە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگیی هێز لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگادا، وێناچی ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆ ببێتە هۆی گۆڕان بەرەو دێموکڕاسی، لانی کەم لە کورتخایەندا.

ڕێــژیمی چین لــــە هــــاوشانە ئێرانی و ڕووسیەییەکانی بەهێزترە. دیارە ئابووریی چین لە دۆخێکی گەلێک باشتر لە هی ئێرانە. و ئەگەرچی دەسەڵاتی شی لە ئەوانی پێش خۆی کەمتر سنووردارە، دەسەڵاتەکەی گەلێک کەمتر لە هی پوتین تاکەکەسییە. ڕێژیمی شی بناخەی لەناو بیرۆکراسییەکی بە دامەزراوە کراوی شێوە حیزبیدایە کە هێچ شتێکی هاوشێوە لە ڕووسیە بوونی نییە. بێگومان، چین بێ گیروگرفت نییە. بێجگە لە گەشەی کەمی ئابووری و سیاسەتە نەشیاوەکانی پەیوەندیدار بە کۆڤیدەوە، گەندەڵیی بەربڵاو لەو ساڵانەی دواییدا بووەتە هۆی ئەوە کە چاودێران بڵین حیزبی کۆمۆنیستی چین خەریکە “بتوێتەوە” “لەرزۆکە” و “لە دۆخی کۆتایی هەرەسهێنان”دایە. کەمپەینی چڕی شی دژی گەندەڵی لە دە ساڵی ڕابردوودا، وێدەچێ خراپەکاریی دەوڵەتی کەم کردبێتەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لەناوی نەبردووە. هەرچۆنێک بێ، بیرۆکراسیی بەهێزی رێژیم، دەسەڵاتە لە ڕادەبەدەر سەرەڕۆیانەکەی و لاوازیی کۆمەڵگای مەدەنی، وێدەچێ ڕێژیم لە ئابڕووچوونی گەندەڵیی دەوڵەتی و قەیرانی دیکە بپارێزێ.

بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دەوڵەتانی شۆڕشگێر کارێکی ئاڵۆزە. ستراتێژییە توندڕەوانەکانی دژبەرانی ڕێژیم لە ڕۆژاوا، زۆر جار دەبنە هۆی بەهێز بوونی یەکگرتووییی ناخۆییی ڕێژیم و دابین کردنی بیانوو تا تاوانەکان باوێنە ئەستۆی لایەنی دیکەوە. بەڕاستی، گەمارۆی دەیان ساڵە دژی کووبا بێگومان بوونە هۆی یەکگرتووییی ناو ڕێژیم و دانی ڕەوایی بە ڕێژیمێک کە لە ١٩٥٩ لە لایەن فیدل کاسترۆوە دامەزرا. بێجگە لەوە، بەرەوڕووبوونەوەی ئاشکرا لەگەڵ وڵاتێکی بە‌هێز لە ڕوانگەی ئابووری و سیاسییەوە، وەکوو چین، بۆ داکۆکیکردن نابێ.

لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆژاوا دەستەوەستان نییە. ئەگەرچی لە سەرەتای ٢٠١٠ی زایینییەوە هەر دێت و گەمارۆی ئابووریی دژوارتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێن، ئەوان نەبوونە هۆی تێکڕووخانی ڕێژیم، بەڵام بوونە هۆی لاوازتر بوونی بە هۆی قەیرانی ئابووری کە بوونە هۆی ناڕەزایەتیی جەماوەری و دووپات بوونەوەی خۆپیشاندان لەو دە ساڵەی دواییدا. لە ڕووسیە، تا ئێستا سەپاندنی گەمارۆی بێ وێنە نەبوونە هۆی ناسەقامگیربوونی ڕێژیمی پوتین، بەڵام ئەوان ناوبراویان لە ڕوانگەی ناونەتەوەییەوە پەراوێز خستووە، گەشەی ڕووسیەیان کەمتر کردووە و وێدەچی توانایی ئەو وڵاتەیان لە جەنگ دژی ئوکراین کەمتر کردبێتەوە.

ئاکارەکانی پوتین لە ئوکراین بە باشی مەترسییەکانی بەرەوڕوو نەبوونەوە لەگەڵ ئەو هێزانە ئاشکرا دەکات کە ئالنگاری بۆ نەریتە لیبڕاڵییەکانی دنیا دروست دەکەن. حەزی خۆ بواردن لە ململانێ لە لایەن ئاڵمان و زلهێزە ڕۆژاواییەکانی دیکەوە وای کرد کە لە بەرانبەر بەرژەوەندییە ژیۆپۆلتیکییەکانی ڕووسیە و هەوڵەکانی لەو بوارەوە، تەنانەت دوای داگیر کردنی نایاسایی شێوە دوورگەی کریمە و لکاندنی بە ڕووسیەوە بێدەنگ بن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەوڵانە نەبوونە هۆی پێشگرتن بە خولیا ناوچەییەکانی ڕووسیە و وەڵامە شلوێیەکەی ڕۆژاوا بێگومان پاڵنەری پوتین بوون تا لە ٢٠٢٢ بیهەوێ باقیی ئوکراین داگیر بکات. ئەمڕۆ، هەموو وڵاتە ئورووپاییەکان، بێجگە لە چەند دانە، دان بە پێویستیی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لـــەگـــەڵ ئالنگاریی ڕووسیەدا دەنێن.

دیکتاتۆڕییە شۆڕشگێڕەکان و جێگرەوەکانیان ئەمڕۆ چارەسەرنەکراوترین ئالنگارییەکان دژی پەرگالی ناونەتەوەیین. بڕیاری پوتین بۆ داگیر کردنی ئوکراین، سەرەڕای پەیوەندیی نزیکی ڕووسیە بە ئورووپاوە ئاشکرای کرد کە پەیوندیی ئابووری و بەرژەوەندیی ماددیی هاوبەش بۆ پاراستنی پەرگالی لیبڕاڵیی دنیا بەس نین. دێموکراسییەکان دەبێ لەجیاتان یەک بگرن و بایەخی پارێزگاری لە دێموکراسی بچەسپێنن؛ یارمەتی سەربازیی پێشکەشی ئەو دێموکڕاسییانە بکەن کە لە ژێر هێرشدان و هەروەها یارمەتیی سیاسی و ماددی پێشکەشی ئەو لایەنانە بکەن کە دژی سەرەڕۆیین. ئەگەرچی ئەو هەوڵانە نابنە هۆی ڕووخانی دیکتاتۆڕییە شۆڕشگێڕەکان لە کورتخایەندا، بەڵام بەرهەڵستکارییەکی چالاکانەتر و هاوئاهەنگتر دژی سەرەڕۆیی، خۆراوا بۆ پێشگرتن و ڕەنگبێ بەچۆکدا هێنانی ئەوان لە درێژخایەندا تەیار بکات.

*https://www.foreignaffairs.com/china/putin-xi-khamenei-dictators-way

داگرتنی بابەت