ئێران وەکوو نەتەوەیەکی خەیاڵی*؛
ئاوڕێک لە کتێبی وەلانراوی«مستەفا وەزیری، مورتەتێک لە مەزهەبی ئێرانناسیدا»
هەڵبژاردە و وەرگێڕان: ئایدین تورکمە
و: ڕێبوار ڕۆژهەڵات
پێشەکی
مستەفا وەزیری لە ساڵی 1993، نزیکەی 30 ساڵ لەمەوبەر کتێبێکی لەژێر ناوی “ ئێران وەکوو نەتەوەیەکی خەیاڵی” بڵاو کردووەتەوە. کەچی ئەم کتێبە لە فەزای فارسیزماناندا زۆری سەرنج نەدراوەتێ و لە بەستێنی لێکۆڵینەوەی ئێرانیدا وەپشت گوێیان دراوە. ئەم لەبەرچاونەگرتنە زۆریش سەیر نییە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بەڵگاندنی دژەباو و نوێ، وەزیری دەربارەی ئێران و ڕەوتی زاڵی فکری – ئەوەی بە ناوی لێکۆڵینەوەی ئێرانی (Iranian Studies) دەیناسین، لەسەر ناسیۆنالیزم هەروا سوور و پێداگرە. وەزیری لە کتێبەکەیدا هەوڵی داوە، مێژووی ناسیۆنالیستی و نەتەوەیی بەرێتە ژێر پرسیار. ناوبراو مێژووی نەتەوەییی ئێرانی بە داهێنانێکی زۆر نوێ داناوە. بە گوتەی ناوبراو لە دووسەد ساڵی ڕابردوودا، مێژوونووسان و زانایانی دیکەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، ڕابردوویان لەسەر بنەمای ئاراستە و دابەشکاریی بەرە و نەوە، کاتی و ئیدئۆلۆژیکیی خۆیان و بێسەرنجدان بە سروشتی لێشاوی دەوڵەتی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم گێڕاوەتەوە. لە ڕوانگەی وەزیرییەوە، ناسنامەی نەتەوەیی، وەهمێکی مێژوویییە. ناوبراو بەم شێوەیە ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن هەڵسەنگاندنی ئەورووپایییەکان لە نەتەوە و ناسیۆنالیزم، مێژوونووسیی لەگەڵ تیۆریی ڕەگەزی ئاوێتە کردووە. کتێبەکە شکڵگرتنی چەمکی ناسنامەی نەتەوەیی هەڵدەشێلێ و، وای بەڵگه بۆ دێنێتەوە کە هەڵاتنی ڕۆژهەڵاتناسی، بیرۆکەی ڕەگەزی ئاریایی و پۆلێنبەندی و دەستەبەندیی زمانی (وەکوو زمانی هیند و ئەورووپایی یان زمانە ئێرانییەکان) چۆناوچۆن لێکگرێدراو و، لەپێناو وەدیهێنان و بەهێزکردنی مێژوونووسییەکی دەستەبژێرانەی ئامانجدار و ناڕاست بوون.
لە بەستێنێکی وەهادایە کە لە ڕوانگەی وەزیرییەوە، کەڵک لە دۆزینەوەی فیلۆلۆژیک و شوێنەوارناسانە لەبابەت ئوستوورەی ڕەگەزی ئاریایی بە مەبەستی گەڵاڵە و پەرەپێدانی لێکدانەوەی تایبەت دەربارەی ئێران وەرگیراوە. ڕۆژهەڵاتناسان ناوی ئێرانیان نەک هەر بۆ مانابەخشین بەسەر خەڵکێکدا بەشێوەی ساختە و درۆیین بۆ هاوواتای خێزانە زمانییەکان، یەک شارستانییەت و یەک کلتوور دەکار کردووە و ئەمەش بۆیە کرا، چونکە هەم لە سەردەمی کەون و هەم لە سەردەمی ئیسلامیدا، ئێران وەکوو کیان و مەوجوودییەتێکی یەکدەست و یەکپارچە لەبنیڕا هەر نەبووە. کەڵک لە فیلۆلۆژی و شوێنەوارناسی وەرگیرا تاکوو کۆمەڵێک ناو بە دەستکردەکانی بەشەر لە سەردەمی کۆندا بلکێنن و، تەنانەت ئەدەبییاتیش بە نەریتێکی نەتەوەیییەوە گرێ بدەن. وەزیری لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ڕۆژهەڵاتناسان بەم شێوەیە هەوڵیان دا ناسنامەیەکی نەتەوەیی کە لە بنەڕەتدا هەر نەبووە، بەسەر کۆمەڵیک خەڵکدا ببڕن کە مێژینە و ڕابردوویەکی یەکجار دووریان هەیە. کتێبی مستەفا وەزیری، کۆمەڵێک ڕوانگەی ڕەخنەگرانە و نائاسایی لەخۆ دەگرێ، بەڵام لەم نووسراوەیەدا هەوڵ دەدەم تەنیا بەشێکیان بێنمە بەرچاوان. لە دەقێکی دیکەدا بەشێک لە کەڵکەڵە تیۆری و سیاسییەکانی خۆشم بە شێوەی ڕاستەوخۆتر لە بابەت کتێبی وەزیرییەوە دێنمە گۆڕێ و، بەشێک لە ناکۆکییەکان بۆ وێنە دەربارەی چەمکی هەرێمی نەتەوەیی، ڕۆڵی لێکدانەوەی چینایەتی و …. ش دێنمە بەرباس، بەڵام ئەوەی لێرەدا جەختی لەسەر دەکەینەوە، تەنیا داهێنان و شکاندنی نەریتە دەوڵەمەند و زەنگینـــەکــــانی کتێبی وەزیــرییـــە.
ڕۆژهەڵاتناسی، فیلۆلۆژی، پرسی زمانی نەتەوەیی
هەر لە دەستپێکی کتێبەکەدا و لە بابەت ڕەتکردنەوەی ئەو هەڵوێستە ناسیۆنالیستییانەی دەربارەی چەمک و ڕاستییەکانی ئێران بە میرات بەجێ ماون، وا باس دەکرێ زنجیرەی پاشایەتی لە کۆمەڵێک شوێنی جۆراوجۆری ئەو ناوچەیەی پێی دەگوترێ ئێران، دەسەڵاتیان هەبووە و، هەر بە دووی ئەوەشەوە بوون تا سنووری ژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵی خۆیان بە هەر شێوەیەکی بۆیان هەڵدەسووڕێ، بەربڵاو بکەنەوە. لەبنیڕا وێنەیەک لە وڵاتی ئاریایی یان ئێران لەوان سەردەماندا هەر نەبووە کە بیهەوێ بنەمایەک بۆ بەربڵاوکردنەوەی ناوچەی دەسەڵات لە گۆڕێدا بێ. تەنیا لە سەدەی نۆزدەیەم و بە گشتی لە سەدەی بیستەمدایە کە ئێران وەکوو یەکەیەکی سیاسی شکڵ دەگرێ. وەزیری لەسەر ئەم بنەمایە بەڵگە دێنێتەوە کە نابێ چەمکی ئێران بۆ تێگەیشتنی واقعییەتە سیاسییەکان بۆ ڕابردوویەکی زۆر دوور دەکار بکرێ، لەبەر ئەوەی کارێکی ئاوا شێواندنی کاتە و، لە ڕووی شێوازناسیشەوە ڕاست و دروست نییە. یەکێک لەو بەڵگاندنە ناوەندییانەی وەزیری ئەمەیە کە چەمکی یەکسان و هاوشێوەی ئێران، خەڵک، کلتوور و نەریتی ئێرانی لەنێو دەستەبژێر و خوێندەواری ئێرانیدا هەر نەبووە، بەڵکوو ئەم چەمکانە لە ئەدەبییاتی ئەورووپایی وەرگیراون و، لەپێناو سەپاندنی شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی و، پەرەپێدانی “شوردنەوەی مێشکی نیشتمانپەروەرانە” دەکار کراون. هەربۆیە پێویستە پڕۆسەی لکاندن و خرانە پاڵی ئەدەبییاتی فارسی بە نەریتێکی نەتەوەیی، پاشان پۆلێنبەندیی بۆچوونی ئێرانی لەبابەت مێژوو لێک بدەینەوە و دە هەڵمەتانی بگرین .
بەڵگاندنی وەزیری ئەمەیە لە پڕۆسەی خوڵقان و سەپاندنی ئەم بۆچوونە نەتەوەیییەی مێژوو، کلتوور و نەریتە کە ئێرانیبوون لە ڕووی فیلۆلۆژییەوە بە مانای گرێدانەوە بە خێزانە زمانی ئێرانی لێک درایەوە و ڕێی بۆ خۆش کرا. ئەمەش لەبەر وشە و چەمکی ئێران بوو کە لە نەریتی گیلەکییەکان یان کورداندا هەر نەبوو. لە ئاکامدا دەستەبەندی و کۆمەڵێک ناو وەکوو “خێزانی زمانە ئێرانییەکان” بە جۆرێک بەرهەمی زانستی و لە ئاکامدا زۆر دوایی ناو نران و کۆمەڵیک ئیدعای لەم جۆرە کە چەشنێک وشیاری و ئاگاییی ئێرانی لەنێو ئاخێوەرانی زمانە ئێرانییەکاندا هەبووە، هەڵە و ناڕاستن. وەزیری باس لەوە دەکات کە ناسیۆنالیزمی زمانتەوەر لەبەر ئەمە سەری هەڵدا کە دەستەبژێری شارەزا و بەتایبەتی دەوڵەت، بەرژەوەندییان لە یەکدەست کردنی سەپاندنی حەشیمەتەکان لە چوارچێوەی یەک نەتەوەدا دیت.
لەبەر ئەوەی تێگەیشتن لە چەمکی ئێران و زمانە ئێرانییەکان و مێژووی ئێرانی بە پێی قسەی وەزیری لە ڕوانگە و کرداری ڕۆژهەڵاتناسانەوە سەرچاوەی گرتووە و، لەبەر ئەوەی ئەم ڕۆژهەڵاتناسانە زۆربەیان لە بەریتانیا، فەڕانسە یان ئەڵمانیا بوون، لە ئاکامی ئەم ناسیۆنالیزمە ئەورووپایییە بووە، ئێران وەکوو یەک نەتەوە داڕێژراوە. دەکرێ بڵێین دەستەبژێر و مێژوونووسانی ئێرانیش ئەم شێوازەیان وەرگرتووە و شۆڕ بوونەوە ناوی و، ئەوەش دەکرێ شێوەیەکی ئەورووپاتەوەری لە مێژوونووسیی ئێرانیدا بێ. وەزیری سەرنج دەخاتە سەر ئەوە کە بیرۆکەی شوناس و ناسنامەی ئێرانی لە ئەورووپا تەنیا بە سەرهەڵدانی دەوڵەتە نەتەوەیییەکان لە سەدەی هەژدە بە گشتی و، سەدەی نۆزدە ڕێی بۆ خۆش کرا. بۆ پشتڕاستکردنەوەی نەبوونی ناسنامەی نەتەوەیی لە ڕابردوودا وەزیری ئاماژە بەوە دەکات تا بەر لە ساڵی ١٥٠٠ی زایینی، ٧٧ لەسەدی سەرجەم کتێبە بڵاوکراوەکان بە زمانی لاتین بوون، نەک بەو زمانە نەتەوەیییانەی کە لە سەدەکانی دواییدا پەیدا بوون. لەوان سەردەماندا، زمانە ناوچەیییەکان هێشتا نەببوونە زمانی نەتەوەیی، چونکە دەوڵەتی نەتەوەیی هێشتا پێک نەهاتبوو. لە نموونەیەکی دیکە، لە سەردەمی شۆڕشی ١٧٨٩ی فەڕانسەدا، ٥٠ لەسەدی خەڵکی فەڕانسە لەبنیڕا بە زمانی فەڕەنسی قسەیان نەدەکرد و هەر ١٢ تا ١٣ لەسەدی حەشیمەتەکە بە زمانی “ستاندارد” قسەیان دەکرد. لە باکوور و باشووری فەڕانسە کەس بە زمانی فەڕەنسی قسەی نەدەکرد. لە ساڵی ١٨٦٠ هەر ٢.٥ لەسەدی دانیشتووانی ئیتالیای ئێستا بە ئیتالیایی قسەیان دەکرد.
لەدایکبوونی زمانی هیند و ئەورووپایی و مۆدێلی ئاریایی: فتیشیزمی زمانی، ئایدیالیزمی ئەڵمانی و ناسیۆنالیزمی ئەورووپایی
پێوەندییەک لەنێوان ئیدیالیزمی ئەڵمانی و ناسیۆنالیزمی ئەورووپاییدا هەبووە. لە ئاخروئۆخری سەدەی هەژدەدا، کۆمەڵێک کەس وەکوو هێردێر، فیختە و شێلگێل هەر کامەیان بە جۆرێک جەختیان لەسەر زمانی ئەڵمانی کردەوە. هەروەکوو وەزیری باس دەکات، هێردێر زمانی وەکوو کۆڵەکە و هەڵگری ئەندیشەی نەتەوە دانا. فیختە زمانی ئەڵمانی وەکوو سەرچاوەی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی لە قەڵەم دا. شێلگێلیش زمانی ئەڵمانی بە کۆڵەکەی یەکێتیی نەتەوەیی ناوزەد کرد. دەکرێ ئەم قسانە وەکوو پشتڕاستکردنەوەی بابەتی بەرباس لەسەر فیتیشزمی زمانی ئیدەئالیستەکانی ئەڵمانی دابنێین. بە پێی قسەی وەزیری، پۆلێنبەندیی زمانی هیند و ئەورووپایی، شکڵ گرتنی گریمانەی ڕەگەزی ئاریایی لێ کەوتووەتەوە. لە ڕوانگەی مێژوویییەوە، کاتێک ئەورووپا خەریک بوو خۆی لە کۆمەڵگاکانی دیکە بەتایبەتی ئەفریقا دوور دەخستەوە، وای بە پێویست زانی کە سەرچاوەیەک جیا لە ئەفریقا و بە دیاریکراوی میسر وەکوو سەرچاوەی شوێندانان لەسەر شارستانییەتی ئەورووپایی بدۆزێتەوە. هەڵبەت ئەم گۆڕانە هێندێک شتی بەدوودا هات. ئەگەر تا سەدەی هەژدە ئەوە زمانی عیبری بوو کە بە زمانی دایک و دەستپێک لە قەڵەم دەدرا، ئیدی لەمەودوا دەستەبژێر و ئیلیتەکان قۆڵیان لێ هەڵماڵی تاکوو زمانەکان و لەمەودوا ڕەگەزەکانی دیکە زەق بکەنەوە. بۆ وێنە سێر ویلیام جۆنز لە ساڵی ١٧٨٦ ئیدعای ئەوەی کرد کە زمانی سانسکریت، پێوەندیی ڕێزمانی و وشەیی ئاشکرای لەگەڵ زمانە یۆنانییەکان و لاتین هەیە. ئەم داگەڕانە بۆ زمانێکی دی، چڕبوونەوەی جوغڕافییایی لە ئەفریقا و میسرەوە بۆ ئاسیا و هیند برد. لەم پڕۆسەیەدا بوو کە مۆدێلی ئاریایی بە ناڕاست داتاشرا.
بە پێی قسەی وەزیری، هیند بوو بە کابە و ڕووگەی توێژەران و لێکۆڵەرانی ئەورووپاییی سەدەی نۆزدە. شوپنهاوەر بە خۆی دەگوت ڕۆڵەی هیند و نیچەش خۆی بە زەردەشتەوە هەڵداوەسی. هێگێل پێی وابوو سەرچاوەی ئەقڵ و ئاوەز، هیندە. جێڕاڵد ڕەنداڵ لە ساڵی ١٨٨٩دا گوتی، سپیپێستەکان شارستانییەتیان بەرەوپێش بردووە. لەم بەینەدا، هێندێک ناکۆکیش سەریان هەڵدا. بۆ وێنە، جووەکانی ئەورووپا ئەگەرچی پێستیان سپی بوو، کەچی زمانی عیبری – سامییەکەیان لەگەڵ پۆلی زمانی هیند و ئەورووپایی لێک نەبان بوون. لە پۆلێنبەندیی زمانەکاندا، کەڵک لە گێڕانەوەی نوح و کوڕەکانی بەو شێوەیە وەرگیراوە کە لە سەفەری پەیدابووندا هاتووەتە گۆڕێ. نوح سێ کوڕی هەبوو: هەم(حام)، شێم(سام) و جفێت(یافس). پیکارد دەڵێ هەم و شوێنکەوتووانی نیشتەجێی میسر و ئەفریقا بوون، شێم و سامیان لە زەوییەکانی شام و سووری / عەرەبی و، جفێت یان ئاریایییەکانیش لە هەرێم و سەرزەوییەکانی باکووری بوون. سەرەڕای ئەمەش، بەر لەم پۆلێنبەندییەی پیکارد، مێژوونووسی ئەڵمانی، ئاگۆست لودویگ فێن ئیشلتسێر هەر لە ڕێوە و، لە ساڵی ١٧٨١دا، ناوی لە خێزانی زمانی سامی نابوو. بە پێی کتێبی پیرۆز، کوڕانی شێمی ئارام، ئاشوور و عێبر بە ڕێز و بە دووی یەکدا بە نوێنەری زمانەکان و خەڵکی ئارامی، ئاشووری و عێبری لە قەڵەم دران. جفێت یان یافس بە شێوەی نەریتی پێیان دەگوت باوکی ئەورووپا. لە بەستێنێکی وەهادا بوو لە دەیەی ١٨٢٠ شوێنکەوتووانی گریمانەی نوێی ئاریایی بە ئاشکرا ئەو باسەیان هێنایە گۆڕێ، ئەو کەسانەی بە زمانە هیند و ئەورووپایییەکان قسە دەکەن، لە تۆرەمە و ڕەچەڵەکی ڕەگەزی ئاریایین. وەزیری بەم شێوەیە ڕوونی دەکاتەوە کە تۆماس یانگ لە ساڵی ١٨١٦ بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم ڕوانگەیە، لێکدانەوەی فیلۆلۆژیی هیند و ئەورووپایی پێ باوەڕپێکراوتر لە فیلۆلۆژیی هیند و ژێرمەنیش بوو و، لە دەیەی ١٨٤٠یش کاڕڵ مولێر حاشای لە هەر جۆرە پێوەندییەکی نێوان زمانەکانی یۆنانی و میسڕی، سامی یان غەیرە ئەورووپایی کرد. لە ئاکامدا، کاریگەریی میسرییەکان لەسەر یونان، وەپشت گوێیان درا و، تەنانەت خودی شارستانییەتی میسر خرایە سەر بەشێک لە کۆچبەرانی ئاریایییەوە.
وەزیری ڕوونی دەکاتەوە کە بەشێک لە زانایانی ئەڵمانیزمان، بیرۆکەی یەک زمانی ئاریایی دەستپێکیان پەروەراند کە زمانەکانی سانسکریت، لاتین، یونانی، ئەڵمانی، فارسی، ئەرمەنی، سڵتیک و ئێسلۆوانیایی هەموویان بە بەشێک لەو زمانە لە قەڵەم دەدران. هێردێر لەو جەنگەیدا بیری لەوە دەکردەوە، ژێرمەنەکان و پێرژنەکان (Persians) دەبێ لە ڕووی ڕەگەزی و ئێتنیکییەوە پێوەندییان پێکەوە هەبێت. هەربۆیە وشەی “ئاریایی” کە شێلگێل دایهێنابوو و لە هەر دوو زمانی سانسکریت و ئاڵمانیدا بە واتای شەڕافەت بوو، بوو بە بنەمایەک بۆ لێکدانەوەی ڕەگەزی دەربارەی زمان. لە ئاکامی ئەم هەوڵانەدا، لە دەیەی ١٨٥٠ خێزانی زمانی هیند و ئەورووپایی و ڕەگەز بە واتای ئاریایی ئیتر لە پلەی فەکتی زانستیدا دامەزرابوون، چونکە فیلۆلۆژی لەوان سەردەماندا وەکوو دیسیپلینێکی زانکۆییی جێی باوەڕ پەرەی گرتبوو.
توێژەرانی ئەورووپایی بۆ بەهێزبوون و جێگیرکردنی ڕوانگەی ڕەگەزپەرەستانە ئاراوقارایان لێ هەڵگیرابوو. کارێ ئارتور دو گوبینو کە لە ڕێبەر و چاوساغەکانی لایەنگری ڕوانگەی نایەکسانیی بیۆلۆژیکی بوو، بوو بە یەکێک لە کتێبە پیرۆزەکانی ڕەگەزپەرەستی. وەزیری لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لەو سەردەمەدا، بۆ یەکەم جار نەخشەی جیهان بنەمای ڕەگەزی بەخۆیەوە گرت، بە شێوەیەک هەر بەشێکی بچووکی واتا ئەورووپا و نیوەی ڕۆژئاوای ئاسیا لە ڕەگەزی ئاریایی بوون. بەپێچەوانەی ئەم گریمانانە، ئەمڕۆکە دەزانین کۆمەڵیک بەڵگە بۆ ڕەتکردنەوەی بنەما ڕەگەزییە جیاوازەکانی حەشیمەتەکان لەبەردەستانن. بۆ وێنە هەموومان دەزانین بە گوێرەی بەشیک لە لێکۆڵینەوەکان، ڕیشە و بنەچەی هەموویان تاڕادەیەک ئەو ٥٠٠٠ زمانەی هەن، دەگەڕێتەوە سەر یەک خێزانە زمان (لە ئەفریقادا). بە پێی تاقیکردنەوە ژێنێتیکییەکان، وا دەرکەوتووە کە وێکچوونی زمانی وەکوو پێویست، بە مانای وێکچوونی ژێنێتیکی نییە.
تا ئێرە وەزیری نیشانی دا، ڕەگەزی ئاریایی لەسەر کۆڵەکە و بنەمای دەستەبەندییەکی زمانی ڕۆ نراوە و، وەکوو چەمک واتای دراوەتێ. ناوبراو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بەم شێوەیە، جۆرێکی نوێی مێژوونووسیی نیشتمانی لەسەر بنەمای ڕەگەز/زمان وردەوردە جێگیر کرا و، وەکوو شێوازێکی مێژوونووسیی سیکۆلار، لە بەرانبەر مێژوونووسیی مەزهەبیدا قوت بووەوە. سەرەڕای ئەمەش، شێوازناسیی ئەم مێژوونووسییانە، لەبنەڕەتدا هەر یەک شت بوون. تەنیا شتێک کە گۆڕابوو، خاڵی تەرکیز و جەختکردنەوە بوو: ئێستا لەجیاتی سروشتی جوولەکە مەسیحی، تەرکیز لەسەر بوونی خانەدانی، ناسیۆنالیستی و شۆڤێنیستی بوو. دوگمە شۆڤێنیستییەکان جێی دوگمە مەزهەبییەکانیان گرتبووەوە. لە سەدەی نۆزدەدا، ئاگایی و وشیاریی مێژوونووسانە بە شێوەی نەتەوەیی داڕێژرا و لە ئاکامدا، بوو بە حوکمڕانی. یەکێک لە تایبەتییەکانی شێوازێکی مێژوونووسیی لەم شێوەیە لە ڕوانگەی وەزیرییەوە، گوێنەدان بە کات و گۆڕانکاریی مێژوویی بووە و هەیە. لەم شێوازەی مێژوونووسیدا، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانەی پێوەندییان بە ڕووداوەکانی ڕابردووەوە هەیە، ناسیۆنالیستەکان دەستیان تێوەرداوە و بابەتی نوێیان تێ خزاندووە کە تەنانەت دژوازیی لەگەڵ بابەتی شوێنەوارناسانە هەیە. سەرەڕای ئەمانە، هەروەکوو ئێرنێست ڕێنان باسی کردووە، بیرۆکەی ئێتنیک، بۆچوونێکی نوێیە کە لە سەردەمی کەوندا نەبووە. لە ئاکامدا، لە ڕوانگەی وەزیرییەوە، مێژوونووسیی ناسیۆنالیستی و نەتەوەیی بە جۆرێک لە دەرەوەی بازنەی کات و دەستەبەندیی بەزۆریی قۆناغەکانی مێژوویی ڕاوستاوە کە لە لایەن دەستەبژێر و خوێندەوارانەوە شکڵی گرتووە و پەرەی پێ دراوە. ئەوەی ڕاستی بێ، زانایانی ئەورووپایی هەوڵیان دا پشت بە گریمانەی ئاریایی ببەستن کە لە زانستی فیلۆلۆژیک کەتووەتەوە، شارستانییەتەکان بە واتای ئاریایی (کە نیشتەجێی ناوچەکانی ناوەندی ئاسیا و مەدیتەرانە بوون) لە هەموو کاریگەرییەکانی دەرەوە و بەتایبەتی هەرچەشنە پێوەندییەک لەگەڵ ناوچە غەیرە سپییەکان هەڵبڕن و جوێیان بکەنەوە. گریمانەی ئاریایی لەپێشدا بۆ لێک هەڵبڕان و جوێ کردنەوەی سپییە ئاریایییەکان لە سپییە سامییەکان داتاشرابوو، پاشان بۆ گرێدان لەگەڵ ناوچەی جوغڕافییایی دانرا تا ببێتە بنەمایەک بۆ چەمک بەخشین بە واتای زانستیی جیاوازییە نەتەوەیییەکان. وەزیری ئەوەش وەبیر دێنێتەوە کە پاریس و لەندەن، ناوەندی هەرەگەورەی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستیی ئەوان سەردەمان، ناوەندی سەرەکیی لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتناسانە بوون. ڕەگ و ڕیشەی شکڵ گرتنی لێکۆڵینەوەکانی ناوچەیی لەوانە بەناوی لێکۆڵینەوەکانی ئێرانی (Iranian Studies) دەناسین و دەبێ لە بەستێنێکی مێژووییی لەم شێوەیەدا، لێی بڕوانین و بە شێوەی ڕەخنەگرانە هەڵیسەنگێنین.
وەزیری نیشان دەدات کە لە نەوە و بەرەکانی دواییی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتناسانەدا، شاهیدی ڕەوتێکین کە بەتایبەتی پێوەندی بە پرسی ئێران و شوناس و ناسنامەی ئێرانییەوە هەیە. بە پێی قسەی ناوبراو، لە نەوەکانی دواتری ئەم شێوە لێکۆڵینەوانەدا، کۆمەڵێک پۆلێنبەندی و دەستەبەندی دەربارەی زمانەکان کراوە کە لە قسان ئێرانین و لە ئاکامدا، زمانە ئاوێستایییەکان، مادی، پێڕشنی کۆن، پێڕشنی ناوەند، سوغدی و پارتی هەموویان بە تێکڕایی لە بەشی زمانە ئێرانییەکاندا دەستەبەندی و پێناسە کراون. لە ڕێی تێکنیک و شێوازەکانی زانستی فیلۆلۆژییەوە هەوڵ درا شارستانییەتەکان لەسەر بنەمای ئەم دەستەبەندییە داتاشراوە زمانییانە لێک جوێ بکەنەوە. لە ئاکامی لێک جیاکردنەوەی دەرهەست و دەستکرد لەنێوانیاندا، شارستانییەتی ئاریایی و سامی پەیدا بوون. لە بەستێنێکی وەهادایە کە لە ڕوانگەی وەزیرییەوە هەموو ڕۆژهەڵاتناسەکان لە ئەورووپادا کارەکەیان وەکوو فیلۆلۆژیست دەست پێکرد کە لەمەودوا سەیروسەمەرە نابێت. تێبینیی زمانناسانە لەو سەردەمدا بەسەر وێژمان و دیسکۆرسی ڕۆژهەڵاتناسیدا زاڵ بوو. هەربۆیە دەبێ بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە لە فیلۆلۆژی بڕوانین، چونکە بنەمای ڕۆژهەڵاتناسی بەگشتی و، ئێـــراننــــاسی بـــــەتـــــایبـــەتییە.
لە پێرشیاوە تا ئێران؛ گێڕانەوەی هێڵی و ئاسۆییی مێژوو لە لایەن ڕۆژهەڵاتناسانی ئەورووپایییەوە
سیلوێستێر دوساسی یەکێک لەو سیمایانەیە کە وەزیری جەختی لەسەر دەکاتەوە. ناوبراو یەکەم ئەورووپایی بووە کە لە ساڵی ١٧٩٠ پەردەی لەسەر وشەی ئێران هەڵدایەوە. یەکێک لە بەرهەمەکانی کە لە ساڵی ١٧٩٣دا بڵاو بووەوە، ڕاستییەکەی هێڵی پێشەوەی لێکۆڵینەوە فیلۆلۆژیکییەکان و هاوکات جەختکردنەوە لەسەر چوارچێوەی نەتەوەیی بۆ ئێران بوو. ئەوەی ڕاستی بێ، لەگەڵ دۆساسی و لێکۆڵینەوەکەی دەربارەی کەتیبەی ساسانییانە کە وشەی ئێران لە کۆتایییەکانی سەدەی هەژدەدا دەبێتە بابەتی لێکۆڵینەوەی زانستییانە. بە قسەی وەزیری وردەوردە پاش سەدەی نۆزدەیە کە وشەی ئێران وەکوو بەرانبەرێک هەڵبەت بە شێوەی نادروست بۆ پێرشیا دەکار دەکرێت. تەنیا پاش هاتنی بیرۆکەی ئێران بۆ ئاڵقە فکرییەکانی ئەورووپا بەم شێوەیە ئەم بۆچوونە دێتە گۆڕێ کە ئێران ناوی سەرزەمینێک بووە کە لە سەردەمانی کەونەوە تاکوو ئەمڕۆ هەبووە. سەرەڕای ئەمە، لە ڕوانگەی وەزیرییەوە، سەپاندنی ناوێک وەک پێرشیا یان ئێران بەسەر سەرزەمینی جوغڕافییاییی بەربڵاو کە لە ڕووی زمانی و کلتوورییەوە جۆراوجۆرە، بەلاڕێدابردن و لەخۆوە هەڵبەستنی مێژوویییە. بۆ وێنە ناکرێ بە هەموو خەڵکانی پێرشیا بڵێین فارس. هەروەکوو پێترۆ دێلاوالێی دنیاگەڕ لە سەفەرەکەیدا و لە سەرەتاکانی سەدەی حەڤدەدا، باسی ئەوە دەکات کە دانیشتووانی پێرشیا زۆر جۆراوجۆر و، ڕاستییەکەی کۆمەڵێک خەڵکی دەرەکیی سەر بە نەتەوەی جۆراوجۆرن. بە قسەی ناوبراو، پێرشنی ڕاستەقینە کە بە شێوەی هەمیشەیی لەم سەرزەمینە نیشتەجێن، تەنیا لە سێ یان چوار شاری وەکوو ئیسفەهاندا دەژین. لە ئاکامدا، وشەی پێرشیا بە قسەی وەزیری لێکدانەوە و تەعبیرێکی ڕوون نییە و ناتوانێ وەسفی حەشیمەتی زۆر و ئێتنیکی جۆراوجۆری نیشتەجێی ئەم سەرزەمینە بکات.
لەسەر ئەم بنەمایە وەزیری بەڵگە دێنێتەوە و ئەم بیرۆکەیە کە خەڵکانی پێش ئێران یان ئێرانی پێش ئیسلام یان ئێرانی ئیسلامی دەکرێ بە شێوەی بەردەوام وەکوو خەڵکانێک بە ناسنامەی تایبەت بە خۆیان و یەکگرتوو لە ناوچە جۆراوجۆرە جوغڕافییایییەکاندا ببینرێن، بیرۆکەیەکی هەڵبەستراوە و لەئاکامدا، قەبوڵکراو نییە. بە قسەی وەزیری، دەکارکردنی یەکدەستیی وشەی پێرشن بۆ زمانی فارسی لە لایەن ڕۆژهەڵاتناسانەوە بنەمایەکی ڕاستەقینەی نییە و، تەنیا پشتی بە وێنایەکی خەیاڵیی نەپساوەی مێژوویی بەستووە کە بەم شێوەیە دەینوێنێتەوە کە خەڵکی ئێران و زمانی فارسی لە سەردەمانی کەونەوە بەتایبەتی لە سەردەمانی ساسانییەوە هەبوون. هەر لەسەر ئەم ڕوانینە خەیاڵییەیە کە جۆرێک زەمانبەندی و قۆناغبەندی بۆ زمانی فارسی دادەهێنرێت. هەر لەسەر ئەم بنەمایە و بەم شێوەیە نیشان دەدرێتەوە کە بەڕواڵەت لەگەڵ ڕەوتێکی هێڵی و بەردەوام لە سەردەمی هەخامەنشییەوە تاکوو ئەمڕۆ بەرەوڕووین و لانیکەم سێ قۆناغی دیار تێیدا دەناسرێتەوە: سەردەمی هەخامەنشی کە لەگەڵ زمانی پێرشنی کۆن (Old Persian) بەردەوام و نەپساوە لەقەڵەم دەدرێت، سەردەمی ساسانییان سەردەمی زاڵبوونی زمانی پێرشنی ناوەڕاستە و لە ئاکامدا، زمانی فارسیی ئەم سەردەمە. لەسەر بنەمای ئەم قۆناغبەندییە مێژوویی و پۆلێنبەندییە زمانییەدا، سەرەڕای ئەوەی دەزانین زمانی فارسیی ئەمڕۆ لە ڕووی پێکهاتە و ڕێزمانەوە جیاوازتر لە زمانە کەونەکان بووە، چەشنێک بەردەوامیی مێژوویی وەکوو پێش گریمانە لەبەرچاو دەگیرێ و ڕێ لەوە دەگرێ کە فارسیی ئەمڕۆکە بە پێگەیشتووییی زمانە ناوچەیییەکانی دیکە بزانین (نەک بەردەوامیی شتێک بە ناوی فارسیی ناوەڕاست و کەون). قسەکەران و ئاخێوەرانی فارسیی ئەمڕۆکە ناتوانن لە بارودۆخێکی گریمانەییدا لەگەڵ کوروشی کەبیر یان ئەردەشیری بابەکان قسە بکەن، چونکە لێک حاڵی نابن. لێرەدایە دەتوانین ئەو پرسیارە بێنینە گۆڕێ کە چما ئەو زمانانەی ئەوەندە لێک دوور و جیاوازن، بە یەک خێزانە زمانیان بزانین؟ ئایا بە گشتی ئەم جۆرە کۆنستراکتە مێژوویییانە، لە پێناو بەرژەوەندیی چینایەتیی تایبەتدا کار ناکەن؟
وەزیری لە درێژەدا باس لەوە دەکات لە سەرەتاکانی دەیەی ١٨٠٠ سێڕ جان مەڵکوم وەرگێڕانی دوساسێی کەتیبەکانی ساسانی (نەخشی ڕۆستەم، پێرسپۆلیس و کرمەشان) لەبەر دەستی مەلا فیرووز دەنێ تا بەوردی چاوی پێدا بخشێنێ. فیرووز وشەی ئەنیران (Aniran) بە واتای خەڵکانی بێ ئیمان مانا دەکاتەوە. بە قسەی مەڵکوم، فیرووز لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە Eer وشەیەکی پاڵەوی بوو کە مانای باوەڕمەند و ئیمانداری دەدا و ناوە کۆکراوەی Eeran بووە. ئەم لێکدانەوە مەزهەبییە لە ئێران و ئەنیران لە شێعرەکانی شانامەشدا هەیە. بۆ وێنە لە نوسخەیەکدا کە دوپرون لە هیندەوە لەگەڵ خۆی هێنابووی و، مەبەست لە وشەی ئێرانیش، شوێنکەوتووانی یاسای زەردەشتییەکان بووە و لە ئاکامدا، ئەنیرانیش هەر بۆ ئەو کەسانە بووە کە باوەڕێکی ئەوتۆیان نەبووە. هەر لەسەر ئەم بنەمایە وشەی ئێران هیچ واتا و بارێکی جوغڕافییایی نەبووە، چ دەگا بەوەی دەلالەتێکی نەتەوەیی هەبێ. لە ئیمپراتۆریی ساسانییاندا هەر لەگەڵ زەردەشتییەکان و غەیرە زەردەشتییەکان بەرەوڕووین و، ئەم لێکدانەوانە هیچ دەلالەتێکیان لەسەر جوغڕافییا یان ئێتنیک و زمان نەبووە. ئەوەش نیشانەی کاریگەریی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی زانست لە شکڵدانی مێژوویە. بۆ وێنە لێرەدا دەبینین کە دەستەواژەی Malcan Malca Iran ve Aniran بە شێوەی جۆراوجۆر وەرگێڕدراوە و لێک دراوەتەوە. لە نوسخەیەی شانامەی ئاماژەپێکراودا، ئەم دەستەواژەیە بە “شای شایانی باوەڕمەندانی زەردەشتی و بێ بڕوایان بەم دینە” وەرگێڕدراوە. لە لێکدانەوەیەکی دیکەدا، ئەبورەیحانی بیروونیش لە ساڵی ١٠٤٨ وشەی ئەنیرانی لێرەدا بە واتای ڕۆژی سێیەمی مانگ لە ڕێوڕەسمی زەردەشتیدا مانا کردووتەوە. دوساسی بۆخۆشی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەنیران بە مانای بێگانە و غەوارەیە و بە چەشنێک بەرانبەری بەربەرها لە یۆنانی و عەجەمەکان لە عەرەبیدا بووە. وەزیری وەبیرمان دێنێتەوە کە ئیمپراتۆریی ساسانی لە بەرانبەر ئیمپراتۆریی مەسیحیی ڕۆمدا بوو و لە دوو ڕووانەوە هەستی بە ترس دەکرد. یەکیان ترسی بڵاوبوونەوەی مەسیحییەت و ئەوی دیکەیان، ترسی بڵاوبوونەوەی مەزهەبەکانی مانەوی و مەزدەکی کە هەموویان پلەوپایەی بەرزەوەجاخی(ئەریستۆکراسی)ی مەزهەبییان لە مەترسی داویشت. هەربۆیە دەکرێ بڵێین چما ساسانییان بوون بە بەرگریکار و داکۆکیکاری وشکی دینی زەردەشت. لەسەر ئەم بنەمایە، دەبـــەریـــەکــدابوونی ساسانییان و ڕۆمەکان، دەبەریەکدابوون و ڕووبەڕووبوونەوەی دوو بوونەوەری جوغڕافییایی بە مانای مۆدێرنی وشە نەبووە، بەڵکوو ڕووبەڕووبوونەوەی دوو مەزهەب لە بەرانبەر یەکتردا بووە.
نموونەکانی دیکەش لە کتێبی وەزیریدا هەن کە گێڕانەوەی ناسیۆنالیستیی زاڵ تووشی ئالێنگاری دەکات. بۆ وێنە ڕوانگەیەکی باو هەیە کە دەڵێ توران دوژمنی ئێران بووە. تەنانەت لە سەدەکانی نۆزدە و بیستدا، توران بە حەشیمەتی تورکی دانیشتووی ئاسیای ناوەندی لێک دەدرایەوە. هەر لەسەر ئەم بنەمایە وێدەچێ توران سەر بە جیهانی ئێرانی نەبووبێ. سەرەڕای ئەمەش، شاهیدی باش بەدەستەوەن کە لە سەردەمی فێردەوسی و تەنانەت لە پێشووشدا، توران وڵاتێکی خۆشناو بووە و، ناوچەی بەلووچستانیشی لەخۆ گرتووە. لە سەردەمی ساسانییاندا، توران بەشێک بووە لە دەسەڵاتدارێتیی سیستان. لەبەر ئەوەی زمانی بەلووچی و بنزاراوەکانی پێوەندیداری وەکوو بەشێکی خێزانی زمانی ئێرانی دەستەبەندی کراون، لە ئاکامدا، توران وەکوو بەشی ناوەندیی بەلووچستان ناتوانێ لە دەرەوەی دنیای ئێرانیدا بێ. لەبەر ئەوەی توران لە سەردەمی فێردەوسی و خانەدانی غەزنویدا، هەر خەلیفەی بەغدایان بە ڕەسمی ناسیوە و ڕەنگە فێردەوسی، تورانی وەکوو دوژمنێکی ئیستعارە دەکار کردبێ تا بە جۆرێک قەدرزانی پشتیوانیی سوڵتان مەحموود لە نووسینی شانامەدا بێ.
نموونەیەکی دیکە پێوەندی بە لێکدانەوەی تەبەرستانەوە هەیە. لە ڕوانگەی زاڵدا، تەبەرستان هەمیشە بەشێکی ئێران بووە. کەوابوو، ئەگەر ئەنیران بۆ دوژمنانی ئێران بەکار بێنین، تەبەرستانیش دەبێ بەشێکی ئەنیران بێ نەک ئێران. لەبەر ئەوەی لە مێژووی تەبەرستانی، نووسراوی ئێبنی ئیسفەندیاردا هاتووە کە تەبەرستان هەر نەبێ تا سەردەمی ئیسلامی هەمیشە پادشایییەکی سەربەخۆ و جوداواز بووە و قەت لە یەکێتیی پاشماوەی ئیمپراتۆرییەکاندا نەبووە. ئەم ڕەوتە تا سەردەمی ئیلخانی لە سەدەی سێزدەدا درێژەی هەبوو. هەروەکوو دیار و بەرچاوە، ئەم بەڵگە مێژوویییانە ناکۆکییان لەگەڵ ئیدعای ڕۆژهەڵاتناسان و ناسیۆنالیستەکان هەیە کە ئێرانیان بە شێوەیەکی ئاشکرا و لە دەرەوە لە بەرانبەر ئەنیراندا داناوە.
نواندنەوەی بەردەوامیی نەتەوەیی لە ڕێگەی زمانەوە: تێپەڕبوون لە پێرشنی کۆن بۆ پێرشنی نێوەڕاست و، لە کۆتاییدا بۆ زمانی فارسیی مۆدێرن
وەزیری باس لەوە دەکات کە ناولێنانی هەموو خێزانە زمانی هێند و ئەورووپایی بە ناوی ئاریایی کارێکی لەخۆوە و بێ بنەما بووە، هەروەها ئەم گریمانەیە کە سانسکریت کۆنترین زمانی هیند و ئەورووپایی بووە، ڕەت کراوەتەوە. دەزانین لە ئاوێستادا، هیچ ئاماژەیەک بە خەڵکانی ماد (the Medes) و خەڵکانی پارس (the Persians) یش نەکراوە. لە ئاکامدا، لکاندنی ناوی ئاریایی یان ئاوێستایی بۆ حەشیمەتەکانی مادی – پارسی دانیشتووی ڕۆژاوا کەلێنی تێ دەکەوێ. لە بابەت ئەم ئیدعایەشەوە کە هەخامەنشییەکان بە زمانی پێرشنی کەون قسەیان کردووە، لە ڕوانگەی وەزیرییەوە دەبێ بڵێێن ئەم زمانە ئەلفوبێی تایبەت بەخۆی نەبووە و لە بەرانبەردا کەڵکی لە ئەلفوبێی زمانی ئارامی (زمانێکە پێی دەگوترێ سامی) وەرگرتووە. هەروەکوو ڕۆمەن گریشمەن باسی لەوە کردووە کە لە ٣٠٠٠٠ لەوحەی دۆزراوە لە پێرسپۆلیسدا، هیچ کامیان بە زمانی پێرشنی کەون نەبوون. بەشێکیان بە زمانی ئارامی و ئەوانی دیش زۆربەیان بە زمانی عیلامی بوون. ئەمە دەبێ لەگەڵ زانستێکی دیکەی مێژووییی پێک بگیرێن کە نیشانی داوە کوروش شای ئێران نەبووە، بەڵکوو شای ئینشان بووە. ئەوەی ڕاستی بێ، ناوەکانی کوروش و کەمبوجیەش پێکهاتەیەکی زمانی عیلامین. سەرەڕای ئەمە، بەڵگە مێژوویییەکان نیشان دەدەن ئەکەدییان، ئاشووریان، کلدانییان و میسرییەکان کاریگەریی زۆریان بەسەر هونەر و کشتوکاڵی “ئێران”ەوە هەبووە، بە چەشنێک کە بەشێکی مادەکانیان بە ئارامی، عیلامی، تورانی یان سامی لەقەڵەم داوە. ئەم جۆراوجۆری و تێکچنراوەیییانە بەباشی ئەوەمان پێ نیشان دەدەن کە ڕوانگەی ناسیۆنالیستی و هەرەوەها ئەو بۆچوونانەی لەسەر بنەمای ڕەگەزی ئاریایین، هەڵەن. هەروەها گێراردۆ نیولی نیشانی داوە نابێ ئاریا بە مانای ئێران و پارسی دابنرێت. لە ڕووی مێژوویییەوە هەڵەیە هەخامەنشییان بە دەستپێکی ئاڕمانە نەتەوەیییەکانی ئێرانی دابنێین. ئەوانەی لەسەر ئەو باوەڕەن، بە قسەی وەزیری کاریگەرییان لە گێڕانەوەیەکی ساختە و ناڕاست وەرگرتووە کە دەربارەی کەتیبەیەکی پێوەندیدار بە سەردەمی پاشایەتیی گودەزری دووهەم داتاشراوە، لەبەر ئەوەی ئەم ناوە، واتا شای شایان لە سەردەمی پارتییەکاندا نەبووە.
ڕەچەڵەکناسیی ئێرانشار؛ فارس، عەجەم و ناوەکانی دیکە
لە بابەت ساسانییانیشەوە وەزیری لە بەشی دووهەمی کتێبەکەیدا باس لەوە دەکات ئەو ئێرانشارییەی ساسانییەکان بەکاریان هێناوە (و کەسانی دیکەش بە ناوی دیکە وەکوو ئێران زەوین، ئێران، فارس یان عەجەم ئاماژەیان پێ کردووە) ناوی سەرزەوین بووە و وەکوو چەمکی سیاسی یان ئێتنیکی دەکار نەکراوە. هەروەکوو دێهخۆدا گوتوویەتی Irah وشەیەکی ساسانی بووە و، بەمانای شوێنێکی نزیک دەریایە. دوایی ئەم وشەیە گۆڕا بۆ عێراق (Aragh or Iraq). سەرەڕای ئەمە، سێر جان شاردین لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەکرێ وشەی Erec یان Arac لە سەفەری پەیدابوونیشدا بدۆزرێتەوە. لەسەر بنەمای گێڕانەوەی شاردین، ناوی عێراق بەر لە سەردەمی ساسانییاندا هەبووە. هێندێک سەرچاوەی دیکەش، بابل بە ناوی کەونی عێراق دادەنێن. هێندێک لە سەرچاوە ئیسلامییەکانیش گوتوویانە بابل لە سەردەمی ئیرەجدا، کرا بە عێراق و بەشێکی دیکەش دەڵێن گۆڕاوە بۆ فارس یان ئیرانشار. هەروەها دیاری کراوە بەشێکی جوغڕافیزانانی ئیسلامیی سەدەکانی نێوەڕاست کە سەر بە نەریتی عێراقی بوون، عێراق هەر بە ئێرانشار دادەنێن.
هەر لەسەر ئەم ڕێڕەوە، وەزیری باسی ئوستوورەیەکی دیکە دەکات و لەسەر ئەو باوەڕەیە، جیهانی نێوان سێ کوڕی فەرەیدوون واتا سێلم، توور و ئیرەج دابەش کراوە. ڕۆژاوا درا بە سێلم، توران یان ڕۆژهەڵات درا بە توور و بەشی نێوەڕاستیش وەبەر ئیرەج کەوت. ئەم بەشەی نێوەڕاستیش لە ڕووی ناوی ئیرەجەوە، پێی گوتراوە ئێران یان ئێرانشار. ڕاستییەکەی، پیتی “ن” جێی پیتی “ج”ێی گرتووەتەوە و وشەی Iraj بووە بە Iran. شاریش کە بە مانای زەوی بووە، خراوەتە سەر کۆتایییەکەی و، ئێرانشاریش شکڵی گرتووە. لەگەڵ ئەوانەشدا، لێکدانەوەکان زۆر دژبەیەکن. بۆ وێنە، فەرهەنگی وشەی بورهانی قاتع کە ساڵی ١٦٥١ی زایینی ئامادە کراوە، دەرکەوتنی ناوی ئێران دەبەستێتەوە بە سیامەکی کوڕی کیومەرس و، بەشێکی دیکەش بەستوویانەتەوە بە هوشەنگ، شای پیشدادیان. بەشێکی سەرچاوە دیارەکانی دیکەش ناوی کەونی ئێرانیان بە Khunirath یان Hunira داناوە. ئەوەی یەکەمیان دەکرێ لە ئاوێستا، شانامەی ئەبو مەنسووری و هێندێک سەرچاوەی دیکەدا و، دووهەمیش لە سەرچاوەکانی وەکوو “مجمل التواریخ”ی هەمزەی ئیسفەهانیدا بدۆزینەوە. لەو نەخشەیەدا کە ئەبووڕەیحانی بیروونی لە کتێبی “التفهیم”دا کێشاویەتییەوە و لەوێدا هەیە، فارس هەر دەلالەت لە سەرزەوین دەکات. نووسەری نەناسراوی کتێبی مێژووی سیستان کە لەنێوان سەدەکانی یازدە و چاردەدا نووسراوە، ئاماژە بە ئیرانشار و عێراقی عەرەب لە بەشی ڕۆژاوای ئێراندا دەکات و، خوراسانی بە ناوچەیەکی جیاواز و وڵاتێک لە بەشی ڕۆژهەڵاتی لەقەڵەم داوە. لە هیچ کام لەو بەرهەمانەی باس کران، قەت ناوی سەرزەوین و شوناسی دانیشتووانەکەی بە یەک لەقەڵەم نەدراون. ئەمە هەر لە شانامەی فێردەوسیدا ڕوو دەدات. لە ئاکامدا، لە ڕوانگەی وەزیرییەوە، شوناسی خەڵک لەوان سەردەماندا، بنەمایەکی سەرزەوینی یان دەسەڵاتدارێتی نەبووە یان بە واتایەکی دیکە، کەس لەو سەردەمانەدا، پێی نەگوتراوە ئێرانشاری یان ئێرانی.
وەزیری کۆمەڵێک گێڕانەوەی دیکەی شەنوکەو کردووە. بۆ وێنە باس لەوە دەکات ناسر خوسرەو لە سەدەی یازدە، سەعدی لە سەدەی سێزدە و حافز لە سەدەی چاردەی زایینیدا، وشەی عەجەمیان دەکار کردووە، نەک ئێران. عەلی ئەکبەری خەتاییش لە سەدەی شازدەدا ئاماژەی بە سێ بەش کردووە: عەرەبستان، ڕۆم و عەجەم. لەسەر ئەم بنەمایە، ئێرانی ئێستا ڕاستییەکەی، هەمان عەجەم بووە. لە ئاکامدا، خەڵک سەرزەوینەکەیان و خۆیان بە ڕیز ناو ناوە عەجەم و عەجەمی. نووسراوەی کەسانێکی وەکوو پێترۆ دلاوالە و پێدرۆ تیشیرا لە سەرەتاکانی دەیەی ١٦٠٠یشدا ئۆباڵ بۆ ئەم گێڕانەوەیە دەکێشن. تەنانەت لە نامەکانی سوڵتان عوسمانی بۆ پاشایانی سەفەویشدا، ناوی عەجەم زۆر بەکار هاتووە. میرخوند (Mirkhond)یش وەکوو مستەوفی مێژوونووسی سەدەی پازدە لە بەشێکی کارەکەیدا، کە باسی تورکانی سەلجوقی کردووە، لە سێ جێیان ئاماژەی بە ئێران کردووە، بەڵام هەر وەکوو ناوی سەرزەوین و بەبێ هیچ دەڵاڵەتێکی سیاسی و لە پەنا ناوی سەرزەوینەکانی دیکەی وەکوو عێراق و خوراسان بەکاری هێناوە. لە مێژووی سەردەمی سامانیشدا، هیچ باسێک لە ناوی ئێران لە گۆڕێدا نییە. شەرحێکی دیکەش لە مێژووی سەلجوقی کە نووسینی ئیبن بیبییە، هەر ئاماژە بە هێندێک ناوچە وەکوو کرمان، فارس، خوراسان و عێراق دەکات نەک ئێران. یەکەمین ئاماژەی ئاشکرا بۆ ئێران و دەوروبەرەکەی دەکرێ لە کاری سادقی ئیسفەهانی، جوغڕافیزانی سەدەی حەڤدەدا بدۆزینەوە. سەرەڕای ئەمە، لانیکەم لە سەردەمی زاڵبوونی عەرەبان تا هاتنی سەفەوییان، سەرزەوینی ئێران بەشێک بووە لە ناوچەی خەلافەتی ئومەوی و عەباسییەکان و، دوایی بە شێوەی پچڕپچڕ لەژێر کۆنتڕۆڵی خانەدانە جیاوازەکاندا بووە. ئەم پچڕپچڕبوون و پرشوبڵاوییە لەو ڕووەوە گرینگە کە پێمان دەڵێ ناوی ئێران لەو سەردەمانەدا، هۆکارێکی یەکلاییکەرەوەی ڕەوایی و مەشرووعییەتی ئەم خانەدانانە نەبووە. بە دیویکی دیکەدا، ئامانجی هیچ کام لەم خانەدانانە داگیرکردنی ئێران و دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی نەبووە، بەڵکوو بە دووی ئەوەوە بوون، زەویوزارێکی زۆرتر لە ڕێی جۆراوجۆرەوە داگیر بکەن. وەزیری دەگاتە ئەو ئەنجامە کە نە حەشیمەتێکی یەکدەست نیشتەجێی ئێران بوونە و، نە ئەم خانەدانانە ئیدئۆلۆژییەکی ناسیۆنالیستییان بۆ پێشگرتن لە پرشوبڵاوی و دابڕدابڕ کردنی جوغڕافییایی پەرە پێداوە. وەزیری باس لەوەش دەکات، تەنانەت تا سەردەمانی قاجاریش ناتوانین سکەیەک بدۆزینەوە کە ناوی ئێرانی لەسەر هەڵکەندرابێ.
لە نێوان هێرشی عەرەبەکان تان هاتنی سەفەوییەکان، بانووی ئێران قەت لەژێر کۆنتڕۆڵی یەک خانەداندا نەبووە. هەر یەک حاڵەتی ئاوارتە(ئیستسنا) هەیە و، ئەویش سەردەمی ئیلخانییەکانە. واتا لانیکەم ٨٠٠ ساڵ ئەوەی هەبووە، پرشوبڵاوی و پاشایەتی و خانەدانەکانی ناوچەیی بووە، نەک دەسەڵاتێکی ناوەندگەرای تاقانە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە بوونی ئێران وەکوو بوونێکی جوغڕافییاییی ناوەندی، زیاتر ڕووداوێکی بە هەڵکەوت و حاڵەتێکی دەگمەن بووە کە لە ئێپیزۆدی سنوورداردا ئاشکرا بووە و، بە هیچ شێوەیەک ڕەوتی زاڵ نەبووە. هەروەکوو وەزیری باس لەوە دەکات کە مارکۆ پۆلۆ، بۆ وێنە لە ئاخروئۆخری سەدەی سێزدەی زایینیدا، باسی هەشت پاشایەتی لە پێرشیادا کردووە کە هەر کامەیان ناوێکی جیاوازیان هەبووە. تەنانەت لە سەردەمی سەفەوییەکانیشدا، ناوی ئێران بە شێوەیەکی زۆر سنووردار دەکار کراوە و لە هەمان دەکارکردنی کەم و دەگمەنیشدا، زیاتر ئاماژە بە ناوی سەرزەوین بووە تا دەوڵەت. بۆ نموونە لە بەشێکی نامەکانی سوڵتانەکانی عوسمانیدا بۆ شا ئاق قیونلو یان سەفەوی لە تەعبیرگەلی وەکوو شای عەجەم یان شای سەرزەوینی عەجەم کەڵک وەرگیراوە. تەنیا لە کۆتایییەکانی سەردەمی سەفەوی واتا لە سەردەمی شا سوڵتان حوسێندایە، بەرەبەرە کەڵک لە ناوی مەمالیک یان ویلایەتی مەحرووسەی ئێران وەرگیراوە، ڕەوتێک کە بۆ زەندییە و قاجارییە دەگوازرێتەوە. لە سەردەمی سەفەوییەکانیشدا، دەسەڵاتدارەکان زیاتر بە دووی پێکهێنانی یەکێتی بە دەوری مەزهەبی شیعەوە بوون تا وشیارییەکی ئێرانی نەتەوەیی لەنێو حەشیمەتی سەرزەوینێکدا کە لە ڕووی کلتوورییەوە یەکدەست نەبوون. لەو سەروبەندەدا، نەتەوەش بە مانای باوەڕداران بە دینێکی تاقانە و لێرەدا ئیسلامی شیعە بووە و، هیچ پێوەندی بە دەلالەتی مۆدێرنی نەتەوەوە نەبووە. دەکرێ بەڵگاندنەکەمان بەم شێوەیە بێ کە لەو سەردەمدا، ئێران وەکوو ناوچەی دەسەڵاتی سیاسی هێشتا نەبووە و، ئیسلامی شیعە دەلالەتی سیاسی هەبووە.
کۆلۆنیالیزم، ڕەگەزپەرەستی و بەرهەمهێنانی زانست: لەدایکبوونی بەرەبەرەی ئێران لە ڕێی وەرگێڕان و ئەدەبییاتەوە
لە بەشی پێنجەمی کتێبەکەدا، وەزیری دیسان سیلەی چاوێکی لە سیاسەتی وەرگێڕانە. بە قسەی ناوبراو، وەکوو یەک دانانی فارس و عەجەم لەگەڵ ئێران شێوازێکی بەلاڕێدابراو بووە و هەیە. بۆ وێنە وەرگێڕانی “ملوک الفارس” (کە لە دەقە عەرەبییەکاندا هەیە) بۆ پادشایەتییەکانی پێرشن یان پادشایەتییەکانی ئێران هەڵەیە. وەزیری باس لەوە دەکات ئەم کارە بە هەمان ڕادە هەڵەیە کە دەستەواژەی “ملوک الروم” بگەڕێنینەوە بۆ پادشایەتییەکانی ئیتالیا. بابەتی ئەم بەشەی کتێبەکە، باسی مێژوونووسیی نەتەوەیی و داهێنانی شوناسی نەتەوەییی ئێرانییە. بە قسەی وەزیری هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی بەردەوامیی نێوان ڕووداوەکانی سەردەمی پێش ئیسلامی و سەردەمی مۆدێرن لە سەدەی نۆزدە و بە کتێبی پێرشیای سێر جان مەڵکوم لە ساڵی ١٨١٥دا دەست پێکرد. پاش چەندین دەیە لە ساڵی ١٨٨٣شدا، جیمز دارمستتر دەستکەوتی فیلۆلۆژیستە ڕۆژهەڵاتناسەکانی لە کتێبی دوو بەرگیی خۆیدا کۆ کردەوە. بەرگی یەکەمی کتێبی دارمستتر باسی مێژووی ڕێزمانی زمانە پێرشنییەکان لە سەردەمی هەخامەنشییانەوە تاکوو ئێستا دەکات. ئەم ڕەوتە بە بەرهەمی ئێدوارد گرێنویڵ بڕاون لەژێر ناوی مێژووی ئەدەبیی پێرشیا (١٩٠٢-١٩٢٤) درێژەی کێشا. بڕاون کە زمانی بە کۆڵەکەی شوناسی نەتەوەیی دادەنا، دەرکەوتنی زمانی فارسی بە نیشانەی زیندووبوونی نەتەوەییی ئێرانخوازی لەقەڵەم دەدا. ڕاستییەکەی ناوبراو، ڕوانگە فیلۆلۆژیکییەکانی دارمستتری پەسەند کرد و، هاوکات ڕێگای نوێی بۆ گریمانەی مێژوونووسانەی خۆی دەربارەی ئێران کردەوە. ئەم گریمانەیە کە زمانی پێرشنی ئەمڕۆکە، واتا فارسی، ڕۆڵەی بە میرات بەجێماوی زمانێکە، کوروش و داریوش قسەیان پێ کردووە. ئەرکی بڕاون ڕاستییەکی، ڕاکێشان و یەکدەست کردنی ئەو شتانە بوو کە پێشتر هاتبوونە گۆڕێ. لەم ڕووەوە بە قسەی وەزیری بڕاون، دووپاتکرانەوەی باوەڕی نەسەلمێنراوی پێشوو بوو لە بابەت ئەوەی کە ئێران لە ئارین یان ئاریای نێو ئاوێستا کەوتووەتەوە.
بە قسەی وەزیری، کتێبی مەڵکوم پشتی بە لێکدانەوە ئەفسانەیییەکان دەربارەی پیشدادییان، کیانیان، ئەشکانییان و ساسانییان بەست بوو. لە ڕوانگەی وەزیرییەوە ئەم پرسیارە دێتە گۆڕێ، چما مەڵکوم زمانەکەی بۆ نووسینی مێژووی نەتەوەییی ئێران تەرخان کرد. وڵامی ئەم پرسیارە دەتوانین لە ڕکابەریی ئیمپڕیاڵی ئینگلیس و فەڕانسە و نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکانی ئینگلیس لە بابەت دزەکردنی فەڕانسە بۆ هەرێمی هینددا بدۆزینەوە. هەر لەم بەستێنەدا بوو ئەرکی ناسینی ناوچەکانی ڕۆژاوای هیند بە مەڵکوم ئەسپێردرا بوو. لە ئاکامی نووسینی مێژووی نەتەوەییی ئێران لانیکەم بۆ ئەم گێڕانەوەیە، تا ڕادەیەکی زۆر بەرهەمی پڕۆسە کۆلۆنیالیستییەکان بووە. هەربۆیە لە ڕوانگەی منەوە، بەرهەمهێنانی کەشی نەتەوەیی و کۆلۆنیالیزم لێک جوێ نەکراونەوە و ناکرێن. پاشان وەزیری باسی بەرهەمێکی دیکە دەکات کە نزیکەی سەدەیەک پاش کاری مەڵکوم بڵاو کرایەوە. بەرهەمێکی دوو بەرگیی سێر پێرسی سایکس، بە ناوی “مێژووی پێرشیا لە ١٩١٥”دا. سیمایەکی گرینگی دیکە جۆرج ڕاولینسۆنە. ڕاولینسۆن ڕەگەزپەرەست بوو، لە ڕێی پەرەپێدانی بیرۆکەی بەردەوامیی نەتەوەیی و ڕەگەزی ئاریایی، شارستانییەتی ئێرانی زەق کردەوە. ناوبراو لە کتێبەکەیدا، لە ساڵی ١٨٧١ پێنج پاشایەتیی مەزنی کەون واتا ئاشوور، بابا، کلد، مێدیا، پێرشیا لێک دەداتەوە و تاوتوێیان دەکات. لە کتێبەکەی دواییدا، لە ساڵی ١٨٧٣ تیشک دەخاتە سەر پارتییەکان و لە کتێبێکی دیکە لە ساڵی ١٨٧٦دا، باسی ئێمپڕاتۆریی ساسانییەکان دەکات. ئەم کتێبە دوایی بە کەموکووڕییەوە دەکرێ بە فارسیش. ڕاولینسۆن بەئاشکرا باسی زیندووبوونەوەی ئێتنیکی ئێرانی و هاتنەسەرکاری ئیمپڕاتۆریی ساسانی لە ساڵی ٢٢٦ی زانینی دەکات. ئاماژە بە “زیندووبوونەوە”ی ئێتنیکی ئێرانی لێرەدا بە مانای بەردەوامیی فەڕزیی نێوان هەخامەنشییان و ئەشکانییان و ساسانییانە، ئێستا دەزانین نە پارتییەکان و نە ساسانییەکان هیچ بیرەوەرییەکیان لە هەخامەنشییەکان لە زەیندا نەبووە. نیولی نیشانی داوە پارتییەکانیش ناوی ئێمپڕاتۆریی ئاریایییەکانیان بۆخۆیان بەکار نەهێناوە. هیچ بەڵگەیەک بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم بیرۆکەیە لە گۆڕێدا نییە کە پارتییەکان لە بابەت شتێک بە ناوی قەومی ئاریایییەوە ئاگادار بن. ئیحسان یارشاتریش باسی لەوە کردووە کە پارتییەکان هیچ بیرەوەرییەکیان لە هەخامەنشییەکان نەبووە، چونکە نووسەری خودای نامەگ هیچ زانیارییەکی لە سەردەمی پێش ئەسکەندەر نییە. وەزیری لە بابەت بیرۆکەی پارتییەکان بەڵگەی ئەوە دێنێتەوە و دەڵێ قەبوڵ ناکرێت، لەبەرئەوەی کەڵکیان لە نــــاوی شاهەنشای ئێران یان ئاریان وەرگرتووە.
وەزیری پاشان ئاماژە بە ڕۆڵی کاترمیر (E.M. Quatremere) دەکات. ئەوەی ڕاستی بێ، وەرگێڕانی بەناوبانگی ناوبراو بە ناوی (Histoire des Mongols de la Perse) لە ساڵی ١٨٣٦ لە “جامع التواریخ رشیدالدین” (١٢٤٧-١٣١٨) وەرگیرابوو و بە دوو زمانی فارسی و فەڕەنسی و بە قەبارەی ڕەحلی و زۆر بەجوانی بۆ ئەم مەبەستە بڵاو کرابووەوە کە تایبەتمەندیی نەتەوەیی زەق بکاتەوە. جەخت کردنەوەی کاترمیر لەسەر پێویستیی تێگەیشتنی فەرمانڕەواییی مەغول (هیچ سنوورێکی نەتەوەییی دیاریکراوی نەبوو) لە ناوچەی حوکمڕانیی نەتەوەیی بوو، بەڵام ڕاستییەکەی، پێشێلکردنی ئامانجی ڕەشیدەددین بوو و، بە هیچ شێوەیەک نەیدەویست مێژووی نەتەوەیی بنووسێتەوە. لەو سەروبەندەدا، Journal Asiatique بڵاوکراوەیەک بۆ گەڵاڵە و پەرەپێدانی بیرۆکەی ناسیۆنالیستیی ڕۆژهەڵاتناسانی ئەورووپایی بوو. ڕاستییەکەی، ئەم بڵاوکراوەیە ببوو بە کتێبی پیرۆزی لێکۆڵینەوەکانی پێوەندیدار بە ڕۆژهەڵات. ژول مۆڵ (Jules Mohl) بۆ نموونە لە پەنا بڵاوکردنەوەی بابەت لەم بڵاوکراوەیەدا، لەنێوان ساڵانی ١٨٣٧ تا ١٨٧٨ دەستی بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵەیەکی حەوت بەرگی لە شانامەی فیردەوسی بە وەرگێڕانی فەڕەنسی و پاشکۆکانی کرد. ئەم ناساندنەی شانامە، یارمەتیی ئاڵقەی لێکۆڵینەوەکانی زانکۆیی ئەورووپایی دا، تاکوو ئوستوورەناسیی ئەفسانەیی بە مێژووی نەتەوەیییەوە گرێ بدرێت. دوگوبینۆش کە پێشتر باسی کرا، لە زۆر جێی کتێبەکەی وەزیریدا هەیە. ئەمەگناسیی دوگوبینۆ بۆ ڕەگەزپەرەستی و ئاریاییبوون، وزەیەکی باشی بۆ نووسینی کتێبی پیرۆزی ڕەگەزپەرەستی بە ناویIntroduction a l’Essai sur l’ inegalite des races humaines لە ساڵی ١٨٤٥ دا بە ناوبراو. لە ڕوانگەی دوگوبینۆوە، دەرکەوتنی ئیمپراتۆریی پێرشیا بە مانای بزووتنەوەی ژمارەیەکی سنوورداری پیاوانی ئاریایی لەنێو ڕەگەزی دیکە واتا سامییەکاندا بوو کە نەتەوەیەکیان خوڵقاند. هەروەها گۆبینۆ لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ڕووخانی ئیمپڕاتۆریی ئاریایی و بە دیاریکراوی پێرشیا، ئاکامی تێکەڵاویی پێرشنەکان لەگەڵ خەڵکانی پەست و زەبوون و خۆجێیی سامی بووە.
ڕەچەڵەکناسیی زمانی دەری: فارسی لەبری ئێران؟
دەربارەی گرێدانی سەپاندنی جوغڕافییا و زمانی فارسییەوە، وەزیری باسی ئەوە دەکات، ئەگەرچی لە قسان ئاریایی کەون لە ناوچەی ڕۆژاوای بانووی ئێران نیشتەجێ بوون، بەڵام زمانی فارسی کە زمانێکی زۆر نوێترە، لە سەردەمی ئیسلامی و لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی بانووی ئێران پشکوت، واتا لە ماوەرائوننەهر و خوراسان، نەک لە پارس یان بەینوننەهرەین. بابەتێکی دیکە ئەوەیە کە فارسی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ئێران نەبوو، بەڵکوو قسەکەران و ئاخێوەرانی زمانی فارسی لە ئاسیای ناوەندی، هیند و لە سەدەی دواییدا، لە سەرزەوییەکانی عوسمانیش نیشتەجێ بوون. سەرەڕای ئەمە، بەشێکی ڕۆژهەڵاتناسان وەکوو بڕاون بە بەردەوامی هەوڵیان دەدا تا زمانی فارسی بە جوغڕافییایەکی نەتەوەیی گرێ بدەنەوە کە لەبنیڕا هەر نەبووە. بۆ بڕاون، زمانی فارسی هەمان نزیکایەتی لەگەڵ ئێران هەبوو کە زمانی ئاڵمانی لە زەینی کۆمەڵێک سیمای وەکوو هێردێر و فیختەدا هەیبوو، واتا بنەمای یەکێتی و جوداوازیی نەتەوەیی بوو. بە پێی ڕوانگەیەکی لەم شێوەیە، زمانەکانی دیکە و زاراوە “بێ بنەما و ناڕەسەنەکان” دەبوو مل بۆ باڵادەستیی ئەم زمانە نەتەوەیییە ڕابکێشن. هەربۆیە لە ڕوانگەی وەزیرییەوە، بڕاون ناوی کتێبەکەی نا، مێژووی ئەدەبیی پێرشیا، نەک مێژووی ئەدەبییاتی پێرشن. (ئێستاش ڕوون نەبووەتەوە، بۆچی دەبێ پێرشن بە هاوواتای فارسی دابنێین!)
دارمستتر، بڕاون و دەستەیەکی دیکە باسیان لەوە کردووە کە ڕاستییەکەی زمانی فارسی درێژەی پێرشنی نێوەڕاست بووە و بۆخۆشی درێژەی پێرشنی کەونە. لە ڕوانگەی وەزیرییەوە، ئەم ئیدعایە هەرچەند لەخۆوەیە، بەڵام بە شێوەیەکی فیلۆلۆژیک داڕێژراوە و کەم و زۆر هەروەکوو چوارچێوەیەک بۆ هەڵشێلانی ڕیشەکانی فارسی وەرگیراوە. کەسانێکی وەکوو فڕای، بێلی و لازارد بە پێی بنەمای وێناکردنێکی وەها باس لەوە دەکات کە ناوچەی فارس – واتا ئەو شوێنەی هەم هەخامەنشییەکان(پێرشنی کەون) و هەم ساسانییەکان(پێرشنی نێوەڕاست) ڕیشە و بنەچەیان تێیدا هەبوو – دەبێ بە سەرچاوەی زمانی فارسی دابنرێت. لە پێرستی ئێبنی نەدیم-دا – بۆخۆی پشت بە ئیبنی موقەففەع دەبەستێ–باس لەوە دەکات کە لە ئاخروئۆخری سەردەمی ساسانیدا پێنج زمان و حەوت شێوە خەت هەبووە. ئەم پێنج زمانە بریتین بوون لە پاڵەوی(یان فەهلەوی)، دەری، پارسی، سوریانی و خوزی. لە ڕوانگەی لازاردەوە، قسەکەرانی ئەم زمانانە، بە ڕیز لە فەهلا(مادی کەون)، خەڵکی ناوەند، مەوبدەکان و زانایان، خەڵکانی سواد و خەڵکی خوزستان نیشتەجێ بوونە. وەزیری ئەوەشمان وەبیر دێنێتەوە کە سەرەڕای ئەمانە، دەبێ ئەوەش بپرسین کە زمانانی دیکە واتا کوردی، لۆڕی، گیلەکی و زمانەکانی دیکەی ناوچە چییان بەسەر هاتووە؟ بە قسەی پەرویزی کەلانتەری ئەو زمانانە لەبەر ئەوەی پێیان نەنووسراوە، گرینگیی خۆیان لەدەست داوە. قسەی لەم شێوەیە لە ڕوانگەی وەزیرییەوە هەروا فەڕزی و بنەمایەکی مێژوویییان نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ناوەندی ساسانییەکان زیاتر لە سێ سەدە لە ناوچە کوردنشینەکاندا بووە. لە ئاکامدا، زەحمەتە ئەم ئیدعایە قەبوڵ بکەین کە زمانی خۆجێیی کوردی و کلتوور و نەریتی کوردی بە گشتی لە لایەن دەرباری ساسانییەکانەوە وەپشت گوێیان درابێ. وەزیری هەروەها جەخت دەکاتەوە سەرەڕای ئەو پێنج زمانەی ئیبنی موقەففەع و ئیبنی نەدیم ئاماژەیان پێ کردوون، کۆمەڵێک زمانی دیکەش کاریان پێ کراوە و دەبێ لە لێکدانەوەی مێژووییدا ناویان بێنین: خارەزمی، سوغدی و زمانە ڕۆژهەڵاتییەکانی دیکە. لەم ڕووەوە وەزیری بەڵگەی ئەوە دێنێتەوە کە وەرگرتنی ناوی پێرشنی نێوەڕاست وەکوو ناوی زمانەکانی سەردەمی ساسانی، هەرچەند زانیارییەکی ئەوتۆمان لە ناوی دروستی ئەم زمانانە لەو سەردەمدا نییە، ئەوەمان پێ دەسەلمێنێ، ئەو مێژوونووسییەی ئێستا چەندەی کەموکووڕی هەیە.
وەزیری هەروەها باس لەوە دەکات کە زانایان لەم بارەوە کۆدەنگ نین کە زمانی فارسیی مۆدێرن چۆناوچۆن پێکهاتەی ڕێزمانی و شێوازی ئێستای وەرگرتووە و، وڵامی ئەم پرسیارەشیان نەداوەتەوە، کە چۆناوچۆن فارسی هەروەکوو زمانی خانەدانی ڕۆژاوای ساسانی لە ڕۆژهەڵاتی ترین سنووری بانووی ئێران پەیدا بوو و پشکوت. یەکەمین شێعرەکانی فارسی بە شێوەی قەسیدە بە ئەلفوبێی عەرەبی و بێئەملاوئەولا لە مەڕو و لە ساڵی ٨٠٩ی زایینی هۆنراوەتەوە، واتا لە سەردەمی خەلافەتی مەئمووندا. فڕایش پشتی بە مێژووی سیستان بەستووە و دەڵێ یەکەم کەس کە بە فارسی شێعری هۆندووەتەوە، محەممەد بێن وەسیف لە ساڵی ٨٦٧ بووە. دەستەیەکی دیکەش، دەرییان بە بنەمای پەرەئەستاندنی فارسی داناوە. لازارد بۆ نموونە باس لەوە دەکات کە دەری زمانی ژیانی ڕۆژانە لە سەردەمی ساسانییەکاندا بووە، تەنانەت ئەگەر ئۆباڵ بۆ ئەم گێڕانەوەیەش بکێشین، وەزیری ئەم پرسیارە بە هێند وەردەگرێت کە چۆناوچۆن دەری وەکوو زمانێکی هاوردە بۆ ڕۆژاوای ئێران توانی بەسەر زمانەکانی ئێستای ماوەرائوننەهردا زاڵ بێت و خۆشی وەکوو زمانێکی زاڵ بە ناوی فارسی بسەلمێنێت؟ وەزیری پشت بە لێکدانەوە مێژوویییەکان دەبەستێ و، لەسەر ئەو باوەڕەیە، دەری هەر لە سەردەمی ئیسلامی و لە ئاسیای ناوەندی و لە پەنا زمانەکانی دیکەدا پەیدا بووە. لەم ڕووەوە، فارسی یان دەری بەرهەمی پێکهاتەی زمانە نایەکدەستەکان و ناوێکچووەکان لەسەر بنەمای زاراوەیەکی تایبەتە. بە قسەی وەزیری سەرەڕای ئەوەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا، هێندێک دەق لە فارسیدا، دەربارەی شوناسی ئێرانی بڵاو بوونەتەوە، بەڵام هیچیان نەیانتوانیوە بە شێوەی جیا باسی شکڵ گرتنی زمان بە شێوەیەکی جیاواز لە بەرانبەر شکڵ گرتنی دەوڵەتی نەتەوەییی مۆدێرن بکەن. ئەم بۆشایییە، بەستێنێکی زیاتری بۆ بەرانبەردانانی فارسی لەگەڵ ئێران ڕەخساندووە.
وەزیری لە درێژەدا باسی کەڵک وەرگرتنی ناسیۆنالیستەکان لە شانامەی فێردەوسی دەکات کە چۆناوچۆن کۆمەڵێک خوێندنەوە و لێکدانەوەی تایبەت لە شانامەی فێردەوسی توانیویەتی ئەم ڕوانگەیە سروشتی نیشان بدات کە ئێران و فارسی هاوواتای یەکترین. وەزیری لەسەر ئەو باوەڕەیە، کۆمەڵیک هەوڵ وەکوو شانامەی فیردەوسی لە جۆری خۆیدا یەکەم نەبووە، بە گشتی ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندییەکانی بەرزەوەجاخی(ئەریستۆکراتی)ی دەسەڵاتداران لەوان سەردەماندا بووە. بۆ وێنە ئەم بۆچوونە زاڵە لە بابەت شێعرەکانی شانامەی فیردەوسی لە گۆڕێیە کە ناوبراو بێزاربوونی خۆی لە عەرەبەکان و تورکەکان(تورانییەکان)یش زەق کردووەتەوە و لەجیاتییان هەر پەسنی ئێرانییەکانی کردووە و بە شان و باڵایانیدا هەڵگوتوون. بەم حاڵەوە، ئەم لێکدانەوەیە لەگەڵ ئەم ڕاستییەدا پێک ناکۆکە کە سەرەتا فیردەوسی مسوڵمان و شوێنکەوتووی پێغەمبەری ئیسلام بووە و پشتیوانە سەرەکییەکەشی واتا سوڵتان مەحموود، بۆخۆی تورک بووە. هەروەها دەبێ ئەوەشمان لەبەرچاو بێ کە فێردەوسی لەو کەسانە بووە کە بە ئەسکەندەری کەبیری هەڵگوتووە و هەخامەنشییەکان (کە ئیمپڕاتۆرییەکی ئێرانی لەقەڵەم دەدرێت)یشی تێک شکاندووە و، ئەسکەندەری بە داگیرکەرێکی مەشڕووع داناوە. کۆمەڵێک شاعیری دیکە وەکوو نیزامی، جامی و ئەمیرخوسرەو ڕەوایی و مەشرووعییەتی ئەسکەندەریان پەسەند کردووە. نیزامی لە ئەسکەندەرنامەدا، ئەسکەندەری بە پەرەستەندەی خودا و لەنێوبردنی ئایینی پووچی پێرشنە کافرەکان داناوە.
وەزیری باس لەوە دەکات کە فیردەوسی قەت وشەگەلی وەکوو میللەت (Millat)، قەوم، وەتەن و ئوممەت کە هەموویان عــەرەبین، بــۆ ئاماژەدان بە نەتەوە (Nation)ی دەکار نەکردووە. لەجیاتییان هەر کەڵکی لە وشەی کشوەر و میهەن وەرگرتووە. وشەی میهەنیش بە گشتی سێ جار لە شانامەدا ناوی هاتووە و لە دوو جێیان بە واتای ماڵ و لە شوێنێکی دیکەش بە مانای خێزانێکی گەورە بەکار هاتووە. وشەی کشوەر بە شێوەیەکی بەربڵاوتر لە شانامەدا بەکار هاتووە، بەڵام لە زۆربەی کاتەکاندا بە مانای ناوچە یان گەڕەک بووە و هیچ پێوەندییەکی بە کشوەر بە مانا مۆدێرنەکەیەوە نییە. سەرەڕای ئەوە، شانامەی فیردەوسی لەو سەروبەندەدا، تەنیا لە بازنە ئەدەبییەکان و لەنێو دەسەڵاتداراندا گرینگ بووە. وەزیری بەڵگەی ئەوە دێنێتەوە کە ئەو مانا سیاسی و ناسیۆنالیستییانەی خراونە پاڵ شانامەوە، دەبێ بە بەرهەمی ئاگایی و وشیاریی سەدەی بیستەم دابنرێت. ئەوەی ڕاستی بێ، سەردەمی فیردەوسی، ئێرانچییەتی یان زیندووبوونەوەی دەسەڵاتێکی کەونی گریمانەکراو، چ لە لایەن سامانییەکان و غەزنەوییەکان لە ڕۆژهەڵات و، چ لە لایەن بوئییان لە ڕۆژاواوە، لە بنیڕا کەڵکەڵەی زەینییان نەبووە. لەوان سەردەماندا، هێنانە گۆڕی ناوچەی دەسەڵاتداریی سیستەمی سیاسی پێویستیی حوکمڕانی بەسەر ناوچەیەکی جوغڕافییاییی دیاریکراو یان حەشیمەتێکی دیار و یەکدەست نەبووە و تەنیا کەڵکەڵەی زەینییان، پەرەپێدانی سەرزەوینەکە بووە، بە هەر شێوەیەکی بۆیان ڕەخساوە. لە ڕوانگەی وەزیرییەوە، ئەوە گەورەکردنەوەی زیادە و موبالەغەیە کە پێمان وابێ فیردەوسی و خانەدانەکانی ئەو سەردەمە کە دەسەڵاتیان بەسەر بەشێکی ئێرانی ئێستاکەدا هەبووە، بە دووی شەرمەزارکردنی ئیسلامەوە بوون بۆ گەڕانەوەی بیر و بڕوای زەردەشتی و، لە ئاکامدا، پەرەپێدانی ئێرانچییەتی بوون. لە ڕوانگەی وەزیرییەوە، هەر بۆچوونێک دەربارەی شانامە کە لەوان سەردەماندا بە شێوەیەکی بەرین و بەربڵاو لەنێو خەڵکدا خوێندرابێتەوە و ئاوڕی وەسەر درابێتەوە، زۆر جێی پرسیارە.
نواندنەوەی مێژووی خانەدانی وەکوو مێژووی نـــەتــەوەیی: پێویستیی جیاوازیدانان لەنێو فارسی، ئێران و خانەدانەکاندا
وەزیری بەشی شەشی کتێبەکە بە باسێک دەربارەی ڕۆڵی ڤلادێمیر مینیۆرسکی دەست پێ دەکات کە زیاتر لە ٢٠٠ وتاری لەمەڕ ئێران نووسیوە. گرینگایەتیی مینیۆرسکی بۆ وەزیری لێرەدایە کە ناوبراو خانەدانی لاوەکی و بچووک وەکوو دەیلەمییەکانی وەکوو بەشێکی مێژووی نەتەوەییی ئێران وێنا کردووەتەوە. تا پێش مینیۆرسکی (١٩٣١) کەس دەیلەمییەکانی لە بەستێنێکی نەتەوەییدا پێناسە نەکردبوو. مینیۆرسکی زیاریان و بوئییەکانیشی بە فەرمانڕەواییی ئێرانی داناوە. لە ڕوانگەی ناوبراوەوە، زیارییەکان (١٠٤٢-٩٢٨) یەکەمین خانەدانی ئێرانی لە ڕۆژاوا بووە، هەروەکوو چۆن سامانییەکان لە ڕۆژهەڵات یەکەمین بوون. وەزیری لەسەر ئەو باوەڕەیە ئەم ئیدعایەی مینیۆرسکی کە دەیلەمییەکان لە سەردەمی ئیسلامیدا بوون بە ئێرانی، بنەمای مێژوویییان نییە. مینیۆرسکی لەم بارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەک نادات کە تایبەتمەندیی ئێرانی بوون لە سەردەمی ئیسلامیدا دەبێ چ بووبێ. هەروەها دەبێ ئەوەشمان لەبەرچاو بێت، چما خانەدانێکی ئێرانی بە قسەی مینیۆرسکی، واتا بوئییەکان پشتیوانانی سەرەکیی زمانی عەرەبی بوونە، لە حاڵێکدا، شیراز لە سەردەمی بوئییەکاندا گەورەترین شاعیرانی عەرەبیان بە دنیا ناساندووە. لە بەرانبەردا، غەزنەوییەکان لە ڕۆژهەڵات تورکانی کۆچبەر کە بە ڕواڵەت ئێرانی نەبوون، پشتیوانانی سەرەکیی زمانی فارسی بوونە. وەزیری لەم بارەوە باسی ئەوەش دەکات یەکێک لە کەتیبەکانی بیرەوەری لە پێرسپۆلیس(A’zad ud-dawla commemorative inscription) بە زمانی عەرەبییە. ناوبراو ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە ڕۆژهەڵاتناسان و ناسیۆنالیستەکان باسی ئەوە دەکەن کە بوئییەکان ناوی ناو شانامە (king of kings) یان بۆخۆیان هەڵبژارد بوو. سەرەڕای ئەمەش، تەنانەت ئەگەر شای شایان بە ناوێکی ساسانی بزانین، دیار نییە بۆچی دەبێ بە ئێرانی دابنێین؟ بە قسەی وەزیری، بە پێی ئەم گریمانەیە ساسانییەکان مسۆگەری ئێرانچییەتی لە بەرانبەر تایبەتمەندییەکانی سامی و تایبەتمەندییەکانی دیکەی غەیرە ئێرانی بوونە. ئەم ئاماژەدانە تایبەتە بۆ شانامە بووەتە هۆی ئەوەی زۆربەی ڕۆژهەڵاتناسەکان بە شێوەیەکی نادروست دەست بە گشتاندن و یەکدەست کردنی بێجێ بکەن. بە قسەی وەزیری، لە سەردەمی بوئییەکان نەک پێش ئەوان، حەشیمەتێکی یەکدەست بە نـــاوی ئێرانی نــــــەبـــــووە.
لە کارە سەرنجڕاکێشەکانی دیکەی وەزیری، جەختکردنەوەی ناوبراو لەسەر پێویستیی بەرەوپێشچوونی لێکۆڵینەوە مێژوویییەکان لە ئاستە جۆراوجۆرەکاندایە. بۆ وێنە ناوبراو باسی ئەوە دەکات کە دەبێ مێژووی زمانێک لە مێژووی جوغڕافییای فیزیکیی شوێنێک جیا بکرێتەوە کە ئەو زمانە تێیدا دەرکەوتووە. دەبێ ئەم دووانەش لە مێژووی سیاسیی هاوشێوە لەگەڵ خانەدانێک جوێ بکرێنەوە، بۆ وێنە نابێ مێژووی فارسی، مێژووی ئێران و مێژووی سەفارییەکان بە یەک دابنرێت و لەخۆوە لە گێڕانەوەیەکی تاقانەدا بیانگونجێنین. بۆ وێنە تیۆدۆر نلدکە ئەوەشی نیشان داوە کە سەفارییەکان پادشایەتییەکی سیستانی بووە. بە قسەی وەزیری زۆر گرینگە ئاگادار بین کە دوو خانەدانی ڕکابەری ئێرانی واتا دەیلەمییان و سەفارییان لە بنەڕەتدا ئیدئۆلۆژی و ستراتیژییەکی جیاوازیان هەبووە، بۆ وێنە یاقووبی لەیسی سەفاری بە دووی ئەوەوە بوو تەبەرستان داگیر بکات کە بە دەست شیعەکانەوە بوو. بۆیە لە یەک دەستەدانانی ئەم دوو خانەدانە و بە ئێرانیدانانیان لە ڕووی مێژوویییەوە ناتەبا و دژوازە. نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت کە سکەکانی سەفاریان ئەوەمان نیشان دەدەن کە ئەوان بە قسەی خەلیفەیان دەکرد. لەم ڕووەوە سەفاریان لەپێشدا موسڵمان بوون، نەک نوێنەری بوونەورێکی نەتەوەیی. وەزیری تەنانەت لەسەر ئەو باوەڕەشە زۆربەی خانەدانەکان لەو سەردەمانەدا، وەکوو سەفاریان پێشتر بوونەوەری نیزامی بوون تا ئەوەی ڕێکخراوەکانی دەوڵەتیی پلە و پایەدار بن.
وەزیری لە لاوە جەخت لەسەر بە هەڵکەوت بوونی مێژوو دەکاتەوە. بۆ وێنە لە باسی سامانییەکاندا ئەوەمان وەبیر دێنێتەوە کە ئەگەر خوراسان و ماوەڕائوننەهر لە سەردەمی مۆدێرندا هەروەکوو بوونێکی سیاسیی جیاواز پەیدا بووبان، ئەوسا زۆربەی ئەو شتانەی پێیان دەگوترا ئێرانی، پێیان دەگوترا خوراسانی. هەورەها مستەوفی باسی ئەوەشی کردووە لە سەردەمی ئیلخانییەکاندا خوراسان پادشایەتییەکی سەربەخۆ و جیاواز لە ئێران بووە. لە بابەت سەفەوییەکانیش باسی ئەوە کراوە ئەگەرچی قزڵباشەکان لەو سەروبەندەدا زمانیان تورکی بووە و ئەگەرچی ئەو زانا دینییانەی لە عەرەبیای ڕۆژهەڵاتی و سوریا هاتبوونە نێو دەربارەوە، هەموویان زمانیان عەرەبی بوو، زۆربەی ڕۆژهەڵاتناسەکان پێیان خۆشە سەفەوییەکان وەکوو بوونێکی سیاسی نەتەوەیی و ئێرانی نیشان بدەن. ئەمە سەرباری ئەو گێڕانەوانەیە کە نیشان دەدات سوڵتەی تورکەکان بەسەر ئەم سەرزەمینە لانیکەم تا ساڵی 1925 ماوەتەوە، واتا کاتێک ڕەزاخان (و هێزەکانی دیکە) قاجاریان شکست دا.
وەزیری لە درێژەدا باسی ئارتور کریستییەنسنیش دەکات. کریستییەنسن کە لەسەر زنجیرەی ساسانی کاری کردووە و کتێبەکەشی هەر لەم بارەوە لە ساڵی 1936 بڵاو کراوەتەوە، بە خوێندنەوەی فیلۆلۆژیک لە ڕۆڵی ڕۆستەم و سایتەکانی دیکەی پێش ئیسلامەوە، چەمکی ئاریایی دەکار کردووە تا نەتەوەی خەیاڵیی ئاریا یان ئێران لە سەردەمی هەخامەنشییەکان وەکوو پێشەکییەک بۆ دامەزراندنی ساسانییەکان لە بەستێنێکی نەتەوەییدا بخوڵقێنێت. بە قسەی وەزیری هیچ ڕەخنەیەک لە کاری کریستییەن نەگیرا و لە ئاکامدا، هەروەکوو کتێبێکی پیرۆزی دیکەی ئێرانناسی مامەڵەی لەگەڵ کرا. لە کەموکووڕییەکانی کاری کریستییەنسن دەکرێ ئاماژە بکرێت بە وەرگرتنی بێئەملاوئەولای گریمانەی ئاریایی و گوێنەدانی لە بابەت مێژوونووسیی خانەدانی هەروەکوو جێگرەوەیەک بۆ چەمکدانانی نەتەوەیی ساسانیان. لە ڕوانگەی وەزیرییەوە گرفتی کاری کریستییەنسن وەکوو ئەوانی دیکە لەم ڕاستییەوە سەرچاوەی گرتووە کە ناوبراو ناوی ئێران بە شتێکی ڕوون و ئاشکرا لە قەڵەم دەدات. هەربۆیە لە سەرچاوە عەرەبییەکاندا، فارسی وەکوو ناوێکی خانەدانی بەکار هاتووە، کریستییەنسن زۆر بەئاسانی فارسی بە ئێرانی وەرگێڕاوە.
لە بواری هونەر و مێعماریشدا، سیمایەکی نێوبەدەرەوە لەم پێناوەدا کە دەبێ قسەی لەسەر بکرێت، ئارتور پۆپە. ئەویش بە قسەی وەزیری وەکوو ڕۆژهەڵاتناسانی دیکە، ڕابردووی دوور لەگەڵ سەردەمی مۆدێرن لێک گرێ دەدات تاکوو بەردەوامیی هونەری پێرشن لە بەستێن و کۆنتێکستی نەتەوەیی دەستەبەر بکات. ناوی بەرهەمە شەش بەرگییەکەی بەجوانی ئەوەمان پێ نیشان دەدات: پێواوتنی هونەری پێرشن لە سەردەمی پێش مێژووەوە تاکوو ئێستا (1938-1939). وەزیری لە ڕەتکردنەوەی ڕوانگەی پۆپدا نیشانی داوە کە هیچ شتێکی تایبەت بە پێرشن لە سەردەمی پێش مێژوو یان لە سەردەمەکانی دواییدا نەبووە. چەمکدانانی نەتەوەییی هونەری چەند شێوە و فرەلایەن لە سەرانسەری بانووی ئێراندا پۆپی ناچار کرد تا کتێبێکی دیکەش بەم شێوەیە بۆ پەرەپێدانی ئەم ڕوانینە ناسیۆنالیستی و نەتەوەیییە بنووسێ: شاکارەکانی هونەری پێرشن (1945) و مێعماریی پێرشن: زاڵبوونی شێوە و ڕەنگ (1965). کەموکووڕیی سەرەکیی کارەکانی پۆپ لە ڕوانگەی وەزیرییەوە، بە پێرشن ناوبردنی هونەری فرەلایەن و ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی نزیکە. ئەلموستەدیش یەکێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتناسانی بەناوبانگ و بە چەشنێک میراتگری ڕاولینسۆن و قوتابخانەی مێژوونووسیی ئاریایییە. کتێبی ئەلموستەد بە ناوی مێژووی ئیمپراتۆریی پێرشیا لە ساڵی 1948دا بڵاو بووەوە. ناوبراو لەم کتێبەدا جەختی لەسەر ئاریایی بوونی پێرشنەکان کردووەتەوە و کۆمەڵێک چەمکی وەکوو ئێران و ئێرانی بە پێش گریمانە و ئاشکرا دانا و لە هێندێک شوێنان بۆ هاوواتای پێرژا، پێرژێنز و ئاریایییەکان بەکاری هێنا.
ئێرانییەکان و گێڕانەوەی نەتەوەیی لەبابەت مێژووەوە
وەزیری لە بەشی حەوتەمدا بەتایبەتی تیشک دەخاتە سەر نووسەران و مێژوونووسانی ئێرانی. لە ڕوانگەی ناوبراوەوە، چوارچێوەی مێژوونووسیی زانایانی ئێرانی لە سەدەی بیستەم لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای شێوازناسیی ئەورووپایییە و بە گشتی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی دەق و لاگیریی ڕەگەزی و نەتەوەیی بووە. بە بۆچوونی وەزیری، ئەم شێوازە مێژوونووسییە ڕوانگەی جیهانیی بۆ مێژوو لەنێو بردووە. تەنانەت قوتابخانەکانی هێگلی، مارکسی و ڤێبریش بە بۆچوونی وەزیری سەرەڕای جەخت کردنەوەیان لەسەر جیهانیبوون نەیانتوانیوە بەتەواوی لەژێر کاریگەریی ئەم دۆخە کۆلۆنیالیستییە ئەورووپایییە قوتار بن. لە سەردەمی قاجار و بەتایبەتی لە سەدەی نۆزدەدا کە هێشتا مێژوونووسی وەڕمێن نەکەوتبوو و ڕووداونووسین لە گۆڕێدا بوو، ئەدەبییاتێکی بەربڵاو لە بواری مێژوودا هەبوو کە مێژوونووسانی عەباسییەکان، تورکانی مەغۆلی و سەفەوییەکان بەرهەمیان هێنابوو. خاڵێکی گرینگ ئەوەیە، هیچ کام لەم مێژووانە بە شێوەی تایبەتی باسی ئێرانیان وەکوو نەتەوەیەکی جیاواز نەکردووە. بە قسەی وەزیری تەنیا لە ئاخروئۆخری سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستدایە کۆمەڵێک سیما وەکوو میرزا مەڵکوم خان، دێهخودا، زەکائولمولک(فرووغی) و حەسەن پیرنیا (مشیرودەولە) شێوازناسیی ڕۆژاوایی واتا گێڕانەوەی نەتەوەیی لە مێژوویان هێنایە نێو مێژوونووسییەوە. کۆمەڵێک ڕۆژنامە وەکوو سورئیسڕافیلیش کاریگەریی گرینگیان لەسەر پەرەپێدانی ئەم شێوازە ناسیۆنالیستییەی مێژوونووسی دانا. وەزیری ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە دێهخودا لە بنەڕەتدا ئامادەکردنی وشەنامەی پاش بینینی وشەنامە فەڕانسەوی و ڕووسییەکان و … دەست پێکرد کە ڕۆڵی هێما نەتەوەیییەکانیان دەگێڕا. ئەوەی ڕاستی بێ، ڕۆژنامەی قانوونی مەڵکوم خانیش لەسەر بنەمای ئەم بیرۆکەیە دامەزرابوو کە پەرەپێدانی ستانداردە یاسایی و مەدەنییەکان، چوارچێوەیەکیان بۆ ناسیۆنالیزم و شارۆمەندی لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا ئامادە کردبوو. بە بۆچوونی وەزیری، مەڵکوم و هاوفکرەکانی ڕۆڵێکی سەرەکییان لە ئاراستەپێدان بە شۆڕشی مەشرووتە و برەودان بە ئەندیشە و بیرۆکەکانی سیکۆلاریزم هەبوو و ئەوەش بوو بە کۆڵەکەیەک بۆ دەرکەوتنی بیرۆکەکانی نەتەوەیی لە ئێراندا.
زکائولمولک(فروغی) لە ساڵی 1901 کتێبێکی دەرسیی مێژووی بە مەبەستی وانەوتنەوە لە قوتابخانەی تازە دامەزراوی زانستی سیاسی بە ناوی مێژووی ئێران ئامادە کرد. ئەم کتێبە بە قسەی وەزیری یەکێک لە کارە یەکەمەکانی بواری مێژووی نەتەوەیی لە چوارچێوەیەکی ئێرانیدا بوو. کارێکی دیکەی فرووغی ئەوە بوو، لێکدانەوە و شیکردنەوەی ڕۆژاوایی دەربارەی خانەدانەکانی پێش ئیسلامی (هەخامەنشی، سلوکی، پارتییەکان و ساسانییەکان) و هەروەها وەسفی ڕۆژهەڵاتیی نەریتی لە بابەت خانەدانەکانی پێش ئیسلامی (پیشدادییەکان، کیانییەکان و ساسانییەکان)ی لەم کتێبەدا باس کردبوو. ئامانجەکەشی ئەمە بوو کە ئەم خانەدانانە بە خانەدانەکانی ئیسلامیی بانووی ئێرانەوە گرێ بدات (بیرۆکەی بەردەوامی). کتێبی فرووغی لە ساڵی 1917 دووبارە بڵاو کرایەوە و ئەم نوسخەیەش وێنەی کۆمەڵێک شای تێدا بوو. سیمایەکی کاریگەری دیکە، حەسەنی پیرنیا بوو و نووسینی کارە سێ بەرگییەکەی دەربارەی ئێرانی کەونی لە ساڵی 1925 دەست پێکرد. کاری پیرنیاش لەسەر بنەمای شێوازی ناسیۆنالیستی بوو و بۆخۆشی بە دیاریکراوی لە ئیماندارانی بیرۆکەی ئاریایی لەقەڵەم دەدرا. وەزیری ئاماژە بەوەش دەکات کە پیرنیا ئوستوورەناسی و مێژووی تاقیکراوەی لێک جوێ نەدەکردەوە. بۆ وێنە، پیرنیا بە پێچەوانەی سەرچاوە نەریتییەکان کە ئەسکەندەری مەقدوونیی بە حاکم و فەرمانڕەوای مەشرووعی ڕۆژاوا دانابوو، ئەسکەندەری بە ژنباز، دڵڕەق و دوژمنی قەستەسەری ئێران لەقەڵەم دابوو. وەزیری لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەم بۆچوونەی پیرنیا لەبەر ئەوە بووە کە هەخامەنشییەکانی بە ئێرانی و ئەسکەندەری مەقدوونی بە بێگانە دانابوو.
وەزیری باسی ئەوەش دەکات کە وەرگێڕان و وەرگرتنی نووسراوە مێژوویییەکانی ئەورووپایی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لە زمانی فارسیدا هۆکاری سەرەکیی ڕەواییەتدان بە شێوازی ناسیۆنالیستی بووە. ئەو نووسەرانەی ناویان هات، هەوڵیان دا لە ڕێگەی ناساندنی کتێبی لێکۆڵینەوەکانی ئەورووپایی، لایەنە جۆراوجۆرەکانی مێژوونووسیی ناسیۆنالیستی بە بەردەنگانی خۆیان بناسێنن. کەسرەوی لەم ڕێیەدا ڕۆڵێکی گرینگی گێڕاوە، چونکە بە قسەی وەزیری، ئەوە نووسراوەکانی ناوبراو بوو بۆ یەکەم جار چیرۆکی حیماسیی بزووتنەوەی مەشرووتەی هێنایە نێو ماڵەکان، کووچە و کۆڵان و بازاڕەوە. خاڵی بەرچاوی شێوازی کەسرەوی ئەمە بوو کە لە بنەڕەتدا هیچ سەرچاوە و کتێبناسییەک لە گۆڕێدا نەبوو. پاش کەسرەوی، عیسا سەدیق و سەعید نەفیسی لە سیما شوێندانەرەکانی نەریتی میژوونووسیی ناسیۆنالیستین. نەفیسی لە ساڵانی 1956 و 1965 دوو بەرگی مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێرانی بڵاو کردەوە و لەوێدا خانەدانی قاجاری لە بەستێن و کۆنتێکستی نەتەوەیی دانابوو. سازدانی ئەو شێوازەی مێژوو لە لایەن نەفیسییەوە لەسەر بنەمای ئەو وتارانە بوو کە ناوبراو لەسەر داوای ئەرتەش نووسیبووی. تەنانەت سیمایەکی زانستگایی وەکوو عیسا سەدیقیش لە ڕوانگەی وەزیرییەوە نەیتوانیوە خۆی لە داوی شێوازی ناسیۆنالیستی قوتار بکات. ناوبراو لە کۆمەڵەی بەرهەمەکانیدا، هەمیشە پەسنی شارستانییەتی نەتەوەییی ئێرانی کردووە و باسی پشکی شارستانییەتی ئێرانی لە کلتووری جیهانی و تەنانەت ڕێنێسانسی کردووە. گرینگترین کاری ناوبراو کە ناوی مێژووی کلتووریی ئێرانە، یەکەم جار لە ساڵی 1957 بڵاو بوویەوە و تا ساڵی 1975 حەوت جار چاپ کرایەوە. سەدیق لە ڕێی سەرچاوە زانستگایییەکانی ڕۆژاواوە، ڕوانگەی دژە عەرەبی و خۆشەویستیی خۆی بۆ ئێرانی پەرە پێدا و بەم شێوەیە، زمانێکی ناسیۆنالیستیی بەهێزی بنیات نا. جێی سەرسووڕمان نییە کە بوتەکانی سەدیق، هێندێک سیمای ئەورووپایی وەکوو بڕاون، پۆپ و گریشمەن بوون کە پێشتر باسمان کردن. پاشان وەزیری باسی زەڕین کووب و دەور و ڕۆڵی هاوشێوەی ناوبراو لە پەرەپێدانی شێوازی نەتەوەییی مێژوونووسیدا کردووە. ناوبراو لە درێژەدا ئاماژە بە زەبیحوڵڵای سەفا و ئیحسانی یارشاتریش وەکوو دوو سیما دەکا کە لەوان سەردەماندا زیندووی ناسیۆنالیزمی کلتووری بوون و بە گشتی شێوازەکانیان بە دووپاتەبوونەوەی شێوازناسیی ڕۆژهەڵاتناسانە / ناسیۆنالیستی دادەنێت.
وەزیری لە زمان ئێدوارد سەعیدەوە دەڵێ، هەموو ناوە جوغڕافییایییەکان هەر ناون، سازکراوی بەشەرن و مێژوویەکیان هەیە. لە ڕێی لێکدانەوەی سیاسییەوەیە کە ئەم ناوانە گرینگیی تایبەتیان دەبێ. وەزیری لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەکارکردنی زمانی نابەجێ لە وشەی ئێران بە مەبەستی سازکردنی نەریت و مێژووی نەتەوەیی، بووە بە پێش گریمانەی زاڵی زانایانی مێژووی ئێران، ڕەوتێک کە دەبێ مشتومڕی زیاتر لەسەر بکرێت.
* http://dialecticalspace.com/iran-as-imagined-nation/